هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ساڵی نوێی خوێندن (٢٠٢٢-٢٠٢٣) لە عێراق دەستی پێ کرد و و زیاتر لە ١٢ میلۆن قوتابی قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی، ھەروەھا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار قوتابی قۆناغی سەرەتایی روویان لە ناوەندەکانی خوێندن کرد.  وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن (٢٠٢٢-٢٠٢٣)، زیاتر لە ١٢ میلۆن قوتابی قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی، ھەروەھا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار قوتابی قۆناغی سەرەتایی روویان لە ناوەندەکانی خوێندن کردووە. وەزارەتی پەروەردە داوایشی لە کۆمەڵگای عێراق و سەرجەم دامەزراوەکان، ھەروەھا دایک و باوکانی قوتابییان کرد کە رۆڵی نیشتمانیی خۆیان بگێڕن و ھاوکاربن لەگەڵ وەزارەتی پەروەدە لە رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی و رێکخستنی دەوامی قوتابییان لە قوتابخانە و پاراستنی پێگەی مامۆستایان. پێشتر وەزیری پەروەدەی عێراق، عەلی دلێمی رایگەیاندبوو کە رۆژی چوارشەممە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ساڵی نوێی خوێندن دەست پێ دەکات. عەلی دلێمی ھەروەھا داوای لە بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان و سەرجەم دەستەکانی پەروەردە و فێرکردن کردبوو، کەرنەڤاڵێکی پەروەردەیی ساز بکەن کە تیایدا پێشوازی لە قوتابییان بکەن.

هاوڵاتی هه‌ردوو رۆژنامه‌نووس سه‌رتیپ وه‌یسى و ئیبراهیم عه‌لی سه‌رنووسه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌رى نووسین له‌ده‌زگای میدیایی بوار له‌لایه‌ن هێزێکى دژه‌تیرۆرى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستانه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ى کۆیه‌ ده‌ستگیرکران، سه‌رۆکی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ رایگه‌یاند: نه‌ده‌بوو دژه‌ تیرۆر ئه‌و دوو رۆژنامه‌نوسه‌ ده‌ستگیر بکات و به‌یاساى خراپ به‌کارهێنانى مۆبایل ده‌ستگیربکرێن، سه‌نته‌ری میترۆش ده‌ڵێت: لاپتۆپ و مۆبایله‌کانیان ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌. رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی رابردوو 9/10/2022 له‌نزیک بازگه‌ی ئاشتی له‌کۆیه‌، هه‌ردوو رۆژنامه‌نووس، سه‌رتیپ وه‌یسى و ئیبراهیم عه‌لی سه‌رنووسه‌رو به‌ڕێوه‌به‌رى نووسین له‌ده‌زگای میدیایی بوار، له‌لایه‌ن هێزێکی دژه‌تیرۆری سه‌ر به‌یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ده‌ستگیرکران‌. هه‌وراز ئه‌حمه‌د رۆژنامه‌نووس له‌ده‌زگاى میدیایی بوار به‌هاوڵاتی راگه‌یاند: «هێزه‌که‌ پێش هیچ ئاگادارکردنه‌وه‌یه‌کی پێشوه‌خته‌، رۆژنامه‌نووسه‌کانی بواریان له‌سه‌ر رێگایه‌کی سه‌ره‌کی ده‌ستگیرکردوون و دواتر بردوونیان بۆ ده‌زگای دژه‌تیرۆر له‌سلێمانی و شه‌وێک له‌زیندانی تاکه‌که‌سی زیندانیکراون، دواتر به‌هۆی فشارو کاردانه‌وه‌کانی ده‌ستگیرکردنی ئه‌و دوو رۆژنامه‌نووسه‌، له‌نیوه‌ڕۆی رۆژی دووشه‌ممه‌، هه‌ردوو رۆژنامه‌نووسه‌که‌ی بوار له‌لایه‌ن دژه‌تیرۆره‌وه‌، راده‌ستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی کراون‌«. به‌پێی یاسای ژماره‌ 35ی ساڵى 2007ى رۆژنامه‌وانی له‌ هه‌رێمی کوردستان رۆژنامه‌نووس نابێت له‌سه‌ر کاری رۆژنامه‌وانی ده‌ستگیربکرێت‌و ئه‌گه‌ر سکاڵاشی له‌سه‌ربێت، ته‌نیا به‌غه‌رامه‌کردن سزا ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌و دوو رۆژنامه‌نووسه‌ وه‌ک مونا یاقو، سه‌رۆکی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌کانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی کوردستان له‌میانی سه‌ردانی بۆ سلێمانی له‌ڕۆژی 11-10-2022 ئاشکرایکرد به‌یاسای خراپ به‌کارهێنانی مۆبایل ده‌ستگیرکراون. مونا یاقو له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت:» سه‌ردانی هه‌ریه‌ک له‌ سه‌رتیپ وەیسی و ئیبراهیم عه‌لی، رۆژنامه‌نووسانی ده‌زگای میدیایی بوارم کردو سه‌لامه‌تن و ره‌تیانکرده‌وه‌ هیچ توندوتیژییه‌کیان به‌رامبه‌ر کرابێت». وتیشی: «ئه‌و دوو رۆژنامه‌نووسه‌ دوو سکاڵایان له‌سه‌ره‌و به‌پێی مادده‌ی 15ی خراپ به‌رکارهێنانی ئامێره‌کانی په‌یوه‌ندیکردن سکاڵایان له‌سه‌ر تۆمارکراوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین به‌پێی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێت». هاوکات کاروان ئه‌نوه‌ر سکرتێری لقی سلێمانی سه‌ندیکای رۆژنامه‌نوسانی کوردستان به‌هاوڵاتی راگه‌یاند:» هه‌ردوو رۆژنامه‌نوسه‌که‌ له‌سه‌ر سکاڵای یاسایی ده‌ستگیرکراون که‌ به‌پێی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری نه‌ده‌بوو ده‌ستگیربکرێن و فه‌رمانی گرتنیشیان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌، به‌داخه‌وه‌ بابه‌تی بڵاوکردنه‌وه‌ نابێت به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بکرێت». له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ به‌دریه‌ ئیسماعیل بڕیارده‌ری لیژنه‌ی مافی مرۆڤ له‌په‌رله‌مانی کوردستان به‌هاوڵاتی وت:»هه‌ندێک ده‌نگۆ بڵاوبووه‌وه‌ که‌ گوایه‌ ته‌ندروستی ده‌ستگیرکراوه‌کان ناجێگیره‌، به‌ڵام من سه‌ردانم کردوون و ته‌ندروستییان جێگیره‌و هیچ شوێنه‌وارێکى ئه‌شکه‌نجه‌ به‌ڕوخساریانه‌وه‌ نییه‌، به‌و رێکاره‌ په‌یڕه‌ویه‌ی خۆمان به‌رده‌وام ده‌بین و ده‌کرێت به‌که‌فاله‌ت ئازادبکرێن». هاوکات دیاری محه‌مه‌د به‌ڕێوەبه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داکۆکی له‌مافی رۆژنامه‌نوسان ده‌ڵێت:» هه‌ردوو رۆژنامه‌نوس  سه‌رتیپ وه‌یسى و ئیبراهیم عه‌لی وتیان هیچ سکاڵایه‌کیان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌و له‌کاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ هه‌ولێر ده‌ستگیرکراون، له‌کاتێکدا ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی مافی مرۆڤه‌ و نابێت که‌سێکی مه‌ده‌نی به‌وشێوه‌یه‌ ده‌ستگیربکرێت». دیارى محه‌مه‌د به‌هاوڵاتى راگه‌یاند: «داواده‌که‌ین به‌زووترین کات په‌ڕاوی لێکۆڵینه‌وه‌یان بۆ بکرێته‌وه‌و به‌که‌فاله‌ت ئازاد بکرێن، هاوکات کونسوڵخانه‌ی وڵاتان و نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانماک له‌عێراق له‌سه‌ر که‌یسه‌که‌ ئاگادارکردووه‌ته‌وه‌«. وتیشى: «هه‌شت کاتژمێر لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ کراوه‌و پێشیان نه‌وتوون له‌سه‌ر چی ده‌ستگیرکراون، له‌کاتێکدا ئه‌و هێزه‌ی که‌ سکاڵاکه‌ى هه‌یه‌ ده‌ستگیریکردوون که‌ نابێت ئه‌وه‌ رووبدات». به‌وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری میترۆ له‌کاتی ده‌ستگیرکردنی ئه‌و دوو رۆژنامه‌نوسه‌ ده‌ست به‌سه‌ر دوو لاپتۆپ و مۆبایله‌کانیاندا گیراوه‌و تائێستاش رێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ پارێزه‌ر بگرن تائه‌وکاته‌ی دادوه‌ر ده‌یانبینێت. به‌وته‌ی یه‌کێک له‌ڕۆژنامه‌نوسانی ده‌زگای میدیایی بوار که‌چاوی به‌دوو رۆژنامه‌نوسه‌که‌ که‌وتووه‌، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو ناوی بهێنرێت، «له‌کاتی رفاندنیان هه‌ردوو رۆژنامه‌نوسه‌که‌ له‌لایه‌ن هێزه‌که‌ی دژه‌ تیرۆره‌وه‌ لێیان دراوه‌و له‌ئاسایشی سلێمانیش له‌دۆخێکی خراپدان».  

هاوڵاتی لە شارۆچکەی خانەقین گردبوونەوەیەکی ناڕەزای دژی بڕیارێکی هێزەکانی ئۆپەراسێونی دیالە، بۆ دەرکردنی هێزە ئەمنیە کوردییەکانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. سەلام عەبدوڵا یەکێک لە بەڕێوبەرانی کۆبونەوەکە یاداشتێکی ئاڕاستەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد و تیایدا هاتووە: بڕیاری دەرکردنی هیزەکانی سەر بە حکومەتی هەرێم لە شارۆچکەکە تۆوی دووبەرەکی و فیتنە دەچێنێت و زیان بەهەمووان دەگەیەنێت. ئەمەس لە کاتێکدایە  لە ٢٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ فەرمانیک لەلایەن سوپاسالاری عێراق عەبدولئەمیر کامل عەبدولا، دەرکراوە کە تیادا بە ناوی  فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بڕیارێک دەرچووە تیایدا ئاماژە بەداخستنی بارەگای هێزە کوردییەکانی سەر بە حکومەتی هەرێم لە شارۆچکەی خانەقین دەکات.

هاوڵاتی ناو و وێنەی 30 کوژراوی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش ئاشکرای دەکەن لە ماوەی 24 رۆژدا ناوی 35 کوژراو تۆمار کراوە. تۆڕی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان ناو و و‌ێنەی 30 کەسی بڵاو کردوەتەوە کە راستەوخۆ بەهۆی گولـلەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە. هاوکات سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە لە ماوەی 25 رۆژ لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لانیکەم 60 کەس لەو بەشە لە کوردستان گیانیان لەدەستداوە بەڵام تەنها ناوی 35 کەس تۆمار کراوە. دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە (16/9/2022) ناڕەزایەتیی زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و لە کۆی 31 پارێزگای ئێران خۆپیشاندان لە 28 پارێزگای ئەو وڵاتە بەڕێوەچو و بە پێی ئامارەکانی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە نزیکەی 190 کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون.

عەمار عەزیز لەدوای نیوەرۆی ئەمڕۆ فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا شەش جار گوندی کورتکا لەسنوری ناحیەی دینارتە سەر بە قەزای ئاکرێ بوردومان دەکات حەسەن سەلیم، خەڵکی گوندی کورتکایە سەر بەناحیەی دینارتە لەسنوری قەزای ئاکرێ بە هاوڵاتی وت"دوای نیوەرۆی ئەمڕۆ فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا سنوری گوندی کورتکایان تا ئێستا شەش جار  بوردومانکردوە زیانی زۆر بە دار و ژینگەیی گوندەکە کەوتووە" هاوکات زیانی گەیاندوە بەچەند پەنجەرەیەکی ماڵان" حەسەن سەلیم ووتیشی"ئەمە یەکەم جارە فرۆکەی تورکیا لەیەک رۆژدا شەش جار سنوری گوندەکە بوردومان بکات، ئەمەش ترس و دڵەراوکێی لەناو خەڵکدا دروستکردوە"هاوکات خەڵکی گوندەکە ناتوانن سەرەدانی دەوروبەری ئەو شوێنەیە بکەن  ئەمە لەکاتێدایە باغی سماق لە نزیک شوێنی بوردومانەکەهەن بەڵام بەهۆی مەترسی بوردومان ناتوانن بچنە ناو باغەکانیان گوندی کورتکا زیاتر لە 50ماڵی تێدایە،ژمارەی خێزانەکان سەرووی110خێزانن، بەدووری12کێلومەتر دەکەوێتە سنوری ناحیەی دینارتە سەر بە قەزای ئاکرێ

هاوڵاتی ئێران رایگەیاند؛ بەهۆی ئەو سزایانەی لەندەن بەسەر بەرپرسانی وڵاتەکەدا سەپاندوەیەتی، باڵیۆزی بەریتانیا-ی لە تاران بانگهێشت کردوە و سزاکانی لەندەنیش بە بێ بەها ناودەبات. وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوی کردوتەوە؛ سایمۆن شێرکلیف، باڵیۆزی بەریتانیا لە تاران بانگهێشت کراوە و ئاگادار کراوەتەوە کە وڵاتەکەی لەسەر بنەمایەکی هەڵە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی سزا داوە بۆیە ئەو سزایانە بە بێ بەها لەقەڵەم دەدرێن. وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردوە؛ لە ماوەی سێ هەفتەدا ئەوە سێیەمجارە کە بە بیانوی دەستوەردانەکانی لەندەن لە کاروباری ناوخۆیی ئێران، باڵیۆزی بەریتانیا لە تاران بانگهێشت کراوە. لە کاتی دەستپێکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان ، تاران میدکانی بەریتانیا و میدیا فارسییەکانی ئەو وڵاتەی تۆمەتبارکردوە بۆ هاندانی خۆپیشاندەران و دواتر بەهۆی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەریتانیا، ئەو وڵاتە لە رێگەی شێرکلیف ناڕەزایەتیی خۆی گەیاندوەتە لەندەن. ئێران لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەوە ئەوە سێیەمجارە سایمۆن شێرکلیف، باڵیۆزی بەریتانیا لە تاران بانگهێشت کردوە . رۆژی دوشەممە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەیان سزا دا و ئاشکراشی کرد دەست بەسەر داراییەکانیاندا دەگیرێت.

هاوڵاتی رێکخراوێکی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند؛ لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان و مێرمنداڵ لەو وڵاتە دەستگیر کراون و داواش دەکات منداڵان لە بەرامبەر توندوتیژییەکاندا بپارێزرێن. سندوقی نێودەوڵەتیی منداڵان (یونیسێف) لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردوە بە پێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوتە دەست ئەو رێکخراوەیەی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان ژمارەیەکی زۆری منداڵان و مێرمنداڵ لە خۆپیشاندانەکانی 25 رۆژی رابردوی ئێران دەستگیر کراون و ژمارەیەکیشیان کوژراون. کاترین راسێڵ، بەڕێوبەتی یونیسێف لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ ئەوان لێدوانی ئەنتۆنی گۆتیرێس، سکرتێری نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران دوبارە دەکەنە کە خۆیان دوربگرن لە بەکارهێنان و دەستگیرکردنی منداڵان وەک کارتێکی فشار دژی خۆپیشاندانەکان. ئەو وتوشیەتی یونیسێف جەخت لەوە دەکاتەوە کە منداڵان و نەوجوانان دەبێت دوربن لە کێشە و گرژییە سیاسییەکان و پێویستە مافەکانیان لە چوارچێوەی دۆخێکی ئاشتییانەدا پارێزراو بێت. ئەمەش لەکاتێکدایە لە ماوەی رابردودا زیاتر لە نۆ منداڵ و مێرمنداڵ لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەست داوە کە تەمەنیان لە نێوان نۆ تا 16 ساڵ بوە و کە سێ کەسیان کچ بون.

هاوڵاتی سوپای پاسدارانی ئێران ژمارەی هێزەکانی خۆی لە سنورەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاد دەکات و سەرچاوەکانش باس لە ئامادەکاریی هێرشی وشکانیی پاسداران بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان دەکەن. پێگەی (ئەلعەرەبیە) لە زاری سەرچاوەیەکی ئەو پێگەیە رۆژی سێشەممە بڵاوی کردوەتەوە؛ سوپای پاسداران چەند یەکەیەکی تایبەتی رەوانەی سنورەکانی شاری بانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردوە بە ئامانجی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم. سەرچاوەکەی ئەلعەرەبیە رایگەیاندوە؛ یەکەی سابرین و ناوەندی فەرماندەیی بەیتولموقەدەس کە سەر بە سوپای پاسدارانن لە سنورەکانی بانە لەگەل هەرێمی کوردستان جێگیر کراون و ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی ئەو یەکەیە بە شۆفڵ و ئامێری تایبەت سەرقاڵی سەنگەر لێدانن کە بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەو ئامادەکارییە دەکەن. بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە لە کاتێکدا پێشتر سەرچاوەیەک لە سوپای پاسداران رایگەیاندبو ئۆپەراسیۆن و هێرشی وشکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان راگیراوە بەڵام بە مەرجی ئەوەی بنکە و بارەگاکانی پارتە نەیارەکانی ئێران لە هەرێم چۆڵ بکرێن.

هاوڵاتی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەزگای میدیاو زانیاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند فارس عیسا، سەرۆکى نوێنەرایەتی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا، لەسەر پرسى نەوت و هەناردەکردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بەنزین و نەوتى سپى له‌لایەن حکومەتى فیدراڵییەوە، باسى لەوەکرد کە بەپێی ڕێکەوتنى هەولێر و بەغدا، دەبێت تا ٢٠ ڕۆژى دیکە بەشە نەوتی هەرێم بگاتە هەرێمی کوردستان. فارس عیسا رایگەیاندوە:''لە چوارچێوەى ڕێکەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا، وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی پێیان راگەیاندین پشکى هەرێمی کوردستان تا سەرى مانگ، واتە تا ٢٠ ڕۆژى دیکە دابین دەکرێت و پڕۆسەکە لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، دەست بە هەناردەکردنى ئەو بڕە سووتەمەنییە دەکرێت، بە ئومێدی ئەوەی وەک ساڵانى پێشووی لێ نەیەتەوە کە لە کۆی ٢٥٧ ملیۆن لیتری ساڵانە، کەمتر لە ٦٥ ملیۆن لیتر بۆ هەرێم نێردرا.'' ڕاشیگەیاندووە :'' لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمی کوردستان، لە ڕێکەوتى ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٢، لەگەڵ هەر یەک لە د.ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیرى نەوت و د.حامد یونس ئەلزەوبەعی، بریکارى وەزارەت کۆبووینەوە، تاوەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ٢٥٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لیتر نەوتی سپی لە حکومەتی فیدراڵی بکڕێت و بۆ هەر خێزانێکی هەرێمی کوردستان ٢٠٠ لیتر دابین بکات.'' لە ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای میدیاو زانیاری باس لەوەشکراوە ، "پێشتر بە بەهاى بازرگانى نەوتى سپى دەدرایە هەرێمى کوردستان و بۆ هەر لیترێک ٤٠٠ دینار وەردەگیرا، بەڵام ئێستا داوا کراوە وەک هاووڵاتییانى دیکەى عێراق مامەڵە لەگەڵ ئەم بەهایە بکرێت و بۆ هەر لیترێک ١٥٠ دینار وەربگیرێت و لە کۆبوونەوەى هەردوو سەرۆکوەزیرانى هەرێم و بەغداش ئەمە پەسەند کراوە و جێبەجێکردنەکەشى وەستاوەتە سەر بەغدا، چونکە لە ساڵی ٢٠٢١دا لەسەر هەمان بڕ ڕێکەوتن کرابوو، کەچى حکومەتى فیدراڵی سەرەڕاى وەرگرتنى پارەکە، نەوتەکەشی نەنارد و تەنیا نێزیکەی ١٠ ملیۆن لیترى بۆ خەڵکى هەرێمی کوردستان نارد و ئێستا ٩ ملیار و ٢٦٨ ملیۆن دینارى هەرێمی کوردستان لایی وەزارەتی نەوتى فیدراڵە".  

هاوڵاتی حوکمەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە سەنتەرەکانی دڵ چارەسەری تەندرووستی، بۆ کەسوکاری شەهیدان، زیندانییانی سیاسی، تاقانەکانی جینۆساید و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، بێبەرامبەر ئەنجامدەدرێت. ماڵپه‌ری فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، به‌گوێره‌ی رێککەوتنی نێوان هەردوو وەزارەتی (کار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان) له‌گه‌ڵ (وەزارەتی تەندروستی)، پشکنین، نەشتەرگەری و چارەسەری تەندرووستی بێبه‌رامبه‌ر بۆ کەسوکاری شەهیدان، زیندانییانی سیاسی، تاقانەکانی جینۆساید و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەکرێت. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک لە سەنتەرەکانی دڵ  بێبەرامبەر چارەسەری تەندروستی بۆ چەند توێژێکی فراوانی کۆمەڵگە دەکرێت کە ئەوانیش کەسوکاری شەهیدان، زیندانییانی سیاسی، تاقانەکانی جینۆساید و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەگرێتەوە.

هاوڵاتی ئەنجومەنی شارەوانیی شاری پاریس لە فەڕەنسا لە کۆبونەوەی زۆژی سێشەممەی ئەنجومەکە رایگەیاند هاوڵاتیی فەخری دەبەخشرێتە ژینا ئەمینی. ئانا ئیداڵگۆ ، سەرۆکی شارەوانییەکانی پاریس رایگەیاند؛ لە لایەن هەموو هاوکارەکان و دانیشتوانی شاری پاریس ژینا ئەمینی کراوەتە هاوڵاتیی فەخریی شارەکە و لە رێگەیەشەوە پشتیوانییان بۆ هەمو ئەو ژنانەی لە ئێران بۆ مافەکانیان تێدەکەوش رادەگەیەنن. ئەمڕۆ لە ناو هۆڵی ئەنجومەنی شارەوانییەکانی پاریس خولەکێک بێدەنگیی بۆ ژینا ئەمینی راگەیەنرا و بە چەپڵەڕێزان هاوڵاتیبونی فەخریی شارەکە بۆ ژینا ئەمینی راگەیەنرا. پێشتر سەرۆکی شارەوانیی پاریس رایگەیاندبو یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە دەکرێت بە ناوی ژینا ئەمینی .

هاوڵاتی هاوپەیمانیى نەسر کە بەشێک بوو لە چوارچێوەى هاوئاهەنگى، نەچووەتە نێو هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت. حەیدەر عەبادى  سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر بەشداری کۆبونەوەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنى دەوڵەت ناکات وڕایدەگەیەنێت "بەڵگەنامەى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنی دەوڵەتم واژۆ نەکردووە، پێى رازى نەبووم."  ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی 24ى ئەیلوولى 2022، هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت لەنێوان زۆرینەی لایەنەکانی هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، پارتى، یەکێتى، هاوپەیمانیی سەروەرى، عەزم و بابلیون واژۆکرا.  هەر لەم بارەیەوە هاوپەیمانی نەسر کە خاوەنى دوو کورسی پەرلەمانى عێراقە،و یەکێکە لە پێکهاتە شیعەکانى نێو چوارچێوەى هاوئاهەنگى ڕایگەیاندووە کە ئێستا شتێک نەماوە بەناوى چوارچێوەى هاوئاهەنگىو بەشداری لە هاوپەیمانی بەڕێوبردنی دەوڵەت ناکات.

هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی ئێران کۆمەڵە و دیموکرات و پەژاک بە هاندانی خۆپیشاندان لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمەتبار دەکات و دەڵێت لە ژێر کاریگەریی ئیسرائیل و ئەمریکا دەیانەوەێت گورز لە کۆماری ئیسلامی ئێران بوەشێنن. ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم) رایگەیاندوە؛ پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی رابردودا ویستویانە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان ئاڕاستە بکەن و هەر بەو هۆیەشەوە ئاسایشی شاری سنە تێکچوە. وەحیدی ناوی کۆمەڵە و دیموکرات و پەژاکی هێناوە و وتویەتی: ئەوان و ئەمریکا و ئیسرائیل دڵخۆشن بە دروستبونی گرژیی لە ئێران و ناوچە کوردییەکان و ئامانجیان پارچەکردنی وڵاتەکەیە. هەر وەها ئەو پارتانەی تۆمەتبار کردوە بەوەی کە دەیانەوێت زیان بە سەرمایەگوزاریی و خزمەتگوزارییەکان بگەیەنن و بەڵێنیشی داوە بودجە و پڕۆژەی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ پارێزگای سنە تەرخان بکرێت. لێدوانەکانی ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتێکدایە جگە لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان لە کۆی 31 پارێزگا زیاتر لە 29 پارێزگای وڵاتەکە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو و لە تارانی پایتەختیش بە شێوەیەکی بەرفراوان خۆپیشاندانەکان بەردەوامە.

هاوڵاتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەزیری دارای بە وەکالەت لە ئەرکەکەی دوردەخەنەوە وئەنجامدانی ئه‌ركه‌كانی وه‌زیری دارایی له‌لایه‌ن وه‌زیری نه‌وتی عێراقه‌وه‌ به‌ نایاسایی وه‌سفدەکەن. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ، محه‌ممه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌ بریاری ژماره‌ ١٦ی ساڵی ٢٠٢٢، فه‌رمانی لادانی ئیحسان عه‌بدولجه‌بار، وه‌زیری نه‌وتی عێراقی له‌ پۆستی وه‌زیری دارایی عێراق به‌ وه‌كاله‌ت واژووكرد. هەروەها ئەنجومەنی وەزیران داوایان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە کەسێکی تر پۆستی وەزیری دارای پێبسپێردرێت. جێیباسە لە ناوەڕۆکی بڕیاره‌كه‌دا هاتووه‌، به‌پرسیاریه‌تی وه‌زیری دارایی بریتییه‌ له‌ چاودێریكردنی سه‌رجه‌م مامه‌ڵه‌ دارایی و ژمێریارییه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كانی ده‌وڵه‌ت، له‌ كاتێكدا، وه‌زیری نه‌وت خۆی به‌رپرسه‌ له‌ گرنگترین داهاتی وڵات كه‌ نه‌وته‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی بنه‌مای شه‌فافیه‌ت و بێلایه‌نه‌ییه‌ له‌ راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌ داراییه‌كاندا.

هاوڵاتی دوای نیوەرۆی ئەمڕۆ فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا بەرزاییەکانی چیای مەتین و سنوری گوندی سگێرێ و سەرگەلییان بۆردومانکرد، هاوکات لە سنوری گوندی زانا و کۆرتکا سەربەقەزای ئاکرێیان بوردومانکرد . خەڵکی قەزای ئامێدی بە هاوڵاتییان وت"لە ئێستادا بوردومانکردنی سنوری قەزای ئامێدی بووەتە بە رۆژانە، بەداخەوە دوای نیوەرۆی ئەمڕۆ فرۆکەی تورکیا وەکوو هەموو جار سنوری گوندی سەرگەلی وسگێرێ کە تەنها چەندکێلومەترێکی کەم دوورە لە سەنتەری قەزا بوردومانکردوە، زیانی گیانی دیار نیە بەڵام هەروەک لە وێنەکەدا دیارەزیانی زۆر بەر زەوی ناوچەکە کەوتووە" ئدریس یوسف، خەڵکی گوندی کورتکایە سەر بەناحیەی دینارتە لە سنوری قەزای ئاکرێ بە هاوڵاتی وت"دوای نیوەرۆی ئەمڕۆ فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا سنوری گوندی کورتکا و زانا بۆردومانکردوە، زیانی زۆر بە دار و ژینگەیی هەردوو گوندەکە کەوتووە"