هاوڵاتی دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) چۆن خەمڵی؟ چاوگە و ڕەگوڕیشە فیکریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کەلتووریی و سەربازییەکانی ئەم دروشمە چین، ئەو ژنە کێ بوو ئەم درووشمەی لە باکوورەوە گواستەوە بۆ ناو زیندانی (ئەوین)ی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران؟. ئەم بابەتە دەقی ڕاپۆرتێکی (بی بی سی فارسیی)ـە،  بى بى سى لەم ڕاپۆرتەدا گەڕاوەتەوە بۆ چاوگە و ڕەگوڕیشە فیکریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کەلتووریی و سەربازییەکانی درووشمی (ژن، ژیان، ئازادیی) و خەمڵاندنی ئەم چەمک و بیرۆکەیە لە زەینی رابەرى زیندانیکراوى پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان، لەوێوە بۆ نێو دەستەکانی شەهید ساکینە جانسز، دواتر بۆ نێو ژنانی کۆمەڵی کوردەواریی و باڵکێشانی بۆ نێو ژنانی گەلانی تر. دەقی ڕاپۆرتەکەى بى بى سى؛ بەهار شەپۆلانی بوو، تەپۆڵکە بڵندەکانی ڕووباری فوورات سەوز دەچوونەوە، شەڕڤانانی کورد، زستانێکی تووشیان بڕی بوو، نزیکەی شەش مانگ بوو بۆ پاراستنی کۆبانێ، لە سنوورەکانی سووریا و تورکیا، ڕووبەڕووی داعش دەبوونەوە، چەند ڕۆژی پێش ئەوە توانیبوویان هێزەکانی داعش بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فووڕات پاشەکشێ پێ بکەن، لە گوندی شێخلەری کەناراوی ڕۆژئاوای فووڕات، جەژنێکی بچووکیان دەگێڕا. هاوکات ئەو ڕۆژە خۆرەتاوییە هەشتی مارسیش بوو، ڕۆژی جیهانیی  ژن، ئەو شەڕڤانە ژن و پیاوانەی ماندووێتیی جەنگ لە ڕووخساریان دەباری، پیرۆزبایی ڕۆژی ژنیان لێک دەکرد، شەڕڤانە ژنەکان نزیکەی سەد کەسێک دەبوون، لە کەناراوی فووڕات دەستیان لە دەستی یەکتری وەرنا بوو و هەڵدەپەڕین و درووشمی (ژن، ژیان، ئازادیی)ـیان دەوتەوە، بە چەشنێک ئەم درووشمەیان دەبێژا، تا لەودیو ڕووبارەکەوە چەکدارانی داعش زایەڵەیان بژنەفن. ئێستا پتر لە حەوت ساڵ لەو ڕۆژە تێپەڕیوە، ئەم درووشمە لە مەڕاسیمی ناشتنی (ژینا ئەمینیی) لە سەقز دەوترێتەوە، پاش چەند کاتژمێری کەم، لە شەقام و گۆڕەپانەکانی زانکۆکانی ئێران دەنگی دایەوە، درووشمێک، کە ئێستا بووە بە ناسنامەی بزووتنەوەیەکی نوێدەمی ئێران. لێ ڕیشەی ئەم درووشمە بۆ کوێ دەگەڕێتەوە؟ عەبدووڵا ئۆجالان، ڕابەری زیندانیی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پاییزی ١٩٧٨ بە یارمەتیی هەڤاڵانی ئەم حزبەى لە تورکیا دامەزراند.  لە وێنەی زۆرینەی پارتە چەپەکان، بەرخۆدان بۆ بەدیهێنانی مافی ژنان، بەشێک بووە لە نەخشەڕێی سیاسیی ئەم پارتە، لە ناوەڕاستی هەشتاکان و تەڤلیبوونی ئەم پارتە بۆ گۆڕەپانی سەربازیی ژنان شانەوشانی پیاوان، چەکدار بوون، خولی سەربازیی و ئایدۆلۆژیی بۆ ئەو ژنانەی لە کۆمەڵگەی چەقبەستوو و پیاوسالاریی کوردستان هەڵهاتبوون، ئەم پارتەی لای ئەوان خۆشەویست کرد. ئۆجالان پێی وابوو ژنان لە بن فەرمانڕەوایی سیستەمی باوکسالارانەی سەرمایەداریی و دەوڵەت- نەتەوەدان، ئەو ژنان بە "یەکەمین نەتەوەی کۆتکراوی دیرۆک"، دەزانێت و دەڵێت: "لە دڵی خۆمدا دەموت: ژن نیشتمانێکی داگیرکراوە و گەرەکە ئازاد بکرێت". جا تا ئەو سنوورە ڕۆشت، کە لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا داوای لە پیاوان کرد، ستەم دژی ژنان ببڕێننەوە و بە ماناوە گوتی: "پیاوێتیی لە خۆتاندا بکوژن.'' هاوکاتیی ئەمە ئەندامە ژنەکانی پەکەکە خەریکی تیۆریزەکردنی ڕامانە ژنتەوەرەکانی خۆیان بوون، کەسانێکی وەک  ساکینە جانسز (ساڵی ٢٠١٣ لە پاریس تیرۆر کرا) باسی بزووتنەوەیەکی ژنتەوەریان دەکرد، ئەمە فیمینیزمی ڕۆژئاوایی دەلەرزاند، چونکە ئەوەیان پێ ئیمپریالیست و بۆرژوازیی و نوخبەیی بوو، جانسز لە زیندان و ئۆجالان لە دەرێ، خەریکی ڕسکاندنی نموونەیەکی ژنانە بوون، جا ئەمە سرووشی لە دڵی مێژوو و کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتی ناوینەوە وەردەگرت و لە خوار بۆ سەرێ بوو، هەروەتر ڕوانگەیەکی باننەتەوەیی و دژەئیمپریالیست بوو. ئۆجالان لە کۆتایی نەوەتەکاندا بیرۆکەی (ئایدۆلۆژیای ژنی ئازاد)ـی خستە ڕوو. ئەو ئەم ئایدۆلۆژیایە لەم ڕستەیەدا کورت دەکاتەوە: تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت، یان دەڵێت: "ژن، ژیان، ئازادیی، واتە ژنی ئازاد، نیشتمانی ئازاد و پیاوی ئازادیش.'' مرۆڤێکی تەنیا لە زیندانی تاکەکەسیی ساڵێک پاش بڵاوکردنەوەی ئەم بیرۆکەیە، لە پڕۆسەیەکی ئاڵۆزی نێودەوڵەتییدا و ساڵی ١٩٩٩ ئۆجالان لە کینیا ڕفێنرا، لەو کاتەوە لە زیندانی دورگەی ئیمپڕالی زیندانییە، لێ لە ڕێی نامەکاریی و پارێزنامەکانییەوە کۆشا تا پتر ئایدۆلۆژیای ژنی ئازاد مشتوماڵ بدات. ئەنجامی ئەم هەوڵە ژنانی وەک ساکینە جانسز و مشتوماڵدانی فەلسەفەی (ژنۆلۆژیی) بوو، ئێستا زانستی ناسینی ژن لە چیاکان و زانکۆی قامیشلۆ و هەندێ ئەکادیمیای ژنانی ئەورووپا و ئەمریکای  لاتین دەخوێنرێت. ژنۆلۆژیی لە کۆبانێ یەکەم جار (ژنۆلۆژیی)ـم لە کەناراوی فووڕات گوێ لێ بوو. دەمەوخۆرئاوا بوو، ڕووباری فووڕات ئارام شەپۆلانی بوو، قیڕەی بۆق قامیشەڵانی تەنی بوو، دەستەیەکی ژنان لە ژێر فەرماندەیی ژنێک، لە تەنیشتی کوڵبەی ئەو ماسیگرانەی کەس نازانێ بەختیان گاڵ دێنێ یان پەموو، تۆمارەیان لە ئاگرێک دابوو و چاییان هەڵدەقووڕاند، جگەرەیان بە جگەرە دادەگیرساند، لەم نێوەندەدا پیاوێکی ئیسپانیی هەبوو، ناوە ڕێکخستنییەکەی، شەڕڤان بوو، بۆ جەنگی داعش هاتبوو، لەمەڕ یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) پرسیاری لە دەلیلای ژنە فەرماندە دەکرد، دەیخواست بزانێت چۆن ئەم گشتە ژنە لە کۆمەڵگەیەکی ئاوا پیاوسالاردا توانیویانە بەم ڕەنگە خۆیان ڕێک بخەن و دژی داعش بجەنگێن.  دەلیلا، کە پێستی تاوەسووت و ئێسکنی لەبەر ئاگردا گرپەی دەهات، هەڵوەدا گفتوگۆکەی بۆ پێشێ دەبرد، دەیوت: لە خێزانێکی کرێکاری کوردی پەناهەندەی ئەستەنبووڵەوە هاتووە و لە لاوێتییدا ژیانی گەورەشار ئاگای هێناوەتەوە. پاش ناڕەزاییەکانی بەهاری عەرەبیی و بڵێسەی جەنگی ناوخۆیی لە سووریا، کوردانی ئەم وڵاتە ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئـاوایان گرتە دەست، لە بەهاری ٢٠١٣ یەکەمین یەکینەکانی پاراستنی ژنان شانەوشانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) خەمڵی، جا ئەمە ژنانی وەک ئەو دەلیلایەی لە ئەستەنبووڵەوە ڕووەو ئەو بەشەی سووریا ڕاکێشا، دەلیلا یەپەژە بە سوپای ژنان ناودێر دەکات و دەیوت: ئازادیی  ڕۆژهەڵاتی ناویین گرێدراوی ئازادیی ژنە. ئەو دەیوت: ژن ژیانە و درووشمی ژن، ژیان، ئازادیی، هێژای ئەم واتایەیە، دیار نییە ئاخافتنەکانی دەلیلا تا چ سنوورێک شەڕڤانە ئیسپانییەکەی دڵکاو کردووە؟ لێ درووشمەکەی ئەوان، هەزاران کیلۆمەتر دوورتر لەو کوڵبە ماسیگرییەی کەناراوی ڕووباری فووڕات و لە شەقامی شارەکانی جیهان و لە ڕێپێوانی پشتیوانیی کۆبانێ، دەزرینگایەوە، ئەم درووشمە لە ڕاپۆرت و بەڵگەفیلمی زۆر ڕۆژنامەواندا ڕەنگی دایەوە، تەنانەت پەلی بۆ ئەو فیلم و زنجیرانەش کوتا وا دەربارەی پرسی جەنگی داعش بوون. لە گرتەیەکی فیلمی کچانی ڕۆژ، کە گوڵشیفتە فەڕاهانی ڕۆڵی تێدا دەگێڕێ، بەهاری فەرماندەی ئێزدیی یەکینەی ژنانی (کچانی ڕۆژ)، پێش دەستپێکی هێرش بۆ سەر داعش، بۆ بەرزکردنەوەی ورەی هەڤاڵانی هاوار دەکات: بۆ ژن، بۆ ژین، بۆ ئازادیی. ئێستا ئەم درووشمە سنووری زۆری پێواوە و بە شەقامەکانی ئێران گەیشتووە، نازانرێت چەندێکی ئەو ژنە ناڕازییانەی ئەم درووشمە دەڵێنەوە، مێژووەکەی دەزانن، لێ بەرخۆدانی ژنان لە ئێران هێندەش بێ پێشینە نییە، تا ئەم چەمکەی لا نامۆ بێت. لەم ڕۆژانەدا عاتیفە نەبەویی زیندانیی سیاسیی، لە تویتێک نووسیبووی، بۆ یەکەم جار، درووشمی ژن، ژیان، ئازادییم، لە زیندانی ئەوین لە شیرینی عەلەمهولیی بیست، نووسیبووی و بە دیواری لاکەشی تەختەخەوەکەیدا هەڵی واسیبوو، شیرین لە مانگی ٤- ١٣٨٩ لەسێدارە درا، شیرین عەلەمهولیی لە ساڵی ١٣٨٩ بە تۆمەتی پەیوەندیی لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، هاوڕێ لەگەڵ فەرزاد کەمانگەر و فەرهاد وەکیلیی و عەلی حەیدەرییان و مەهدیی ئیسلامییان، لە زیندانی ئەوین لەسێدارە درا، لەو سەقزەی وا ژینا ئەمینیی لێیەوە چاوی بە ژیان هەڵهانی و ئەسپەردەی خاکەکەشی  کرا، ژنان پاش شۆڕشی ١٩٧٩ لە چێوەی شوورای ژناندا خۆیان ڕێکخست، ئەو شوورایانەی وا بە دەستی ناوەندی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران- کۆمەڵە، دامەزرا و سیستەمی تازەدامەزراوی دەلەرزاند. گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کاتی دەستبەسەرکردنی لەلایەن گەشتی ئیرشادەوە، دڵی زۆرێکی لە ئێرانیان هێشاند، دەستەیەک لە ژنان لە گۆڕستانی ئایچی سەقز، سەرپۆشەکانیان داماڵی و بە وتنەوەی درووشمی، ژن، ژیان، ئازادیی، دیسانەوە بنەما ئایدۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان وەلەرزە هانی. دەڵێی تووڕەیی ژنانی ئێران ئاگری ژێر پەنگرە و بە هەڵمەت سەرپاکی جوگرافیای پێواوە و لە خاڵەوخاڵی جیهان دەبیسترێ، لە کابووڵەوە تا سانتیاگۆی چیلیی، وەک بڵێن: "ئێمە ئیتر چاوەڕێی پیاوانی دەسەڵاتدار نین تا مافمان بسەننەوە"، وتنەوەی ئەم درووشمە لەپاڵ درووشمی (لە کوردستان تا تاران، خوێنینە هەموو ئێران) ڕاهێڵانی پردێک بوو بەسەر خەرەندە ئیتنیکییەکان، جا یەکەونەدوو هەمووان یەکگرتووتر لە جاران هاتنە مەیدانێ، بە شایەتیی کەسانی نێو ڕووداوەکان، لە شارەکاندا ژنان کلیلی ناڕەزاییەکانیان چەرخاندووە و پیاوان، بە تایبەت لاوان، پاڵپشتییان دەکەن. وێنەی ئەو ژنەی وا بە دەستەڕاستی سەرپۆشە گڕتێبەردراوەکەی هەڵکردووە و دوو پەنجەی دەستی چەپی بە نیشانەی سەرکەوتن هەڵبڕیوە، خۆبەخۆ دەلیلا و هەڤاڵە شەڕڤانەکانیم بیر دێنێتەوە، کە پێش حەوت ساڵ داعشیان بە چۆکدا هێنابوو و لە کەناراوی فووڕات، بێ ترس لە داعش و ئایدۆلۆژیا دژەژنەکەیان، هەڵدەپەڕین.  نوسینی: سۆران قوربانی لە بی بی سی فارسی وەرگێڕانى - سورێن ئیبراهیم

هاوڵاتی بەپێی چەند بەڵگەنامەیەکی دەستەی باجی عێراق، وردەکاری دزینی زیاتر لە2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لەهەژماری دەستەکە لە بانکی ڕافیدەینی حکومی ئاشکرا دەکرێت.  بەپێی بەڵگەنامەکان لەلایەن پێنج کۆمپانیاوە بڕی 3 تریلیۆن و 700 ملیۆن دینار بەچەکی بانکی دەستەی گشتی باج ڕادەکێشرێت.  بەڵگەنامەکان ئەوە ئاشکرادەکەن کە ئەوەی جێگەی گومان نیە ئەوەیە ئەو پارانە دەستیان بەسەردا گیراوەو دزراون، بەبێ ئەوەی بگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.

ته‌ندروستیی توركیا ئاشكرای ده‌كات له‌ رۆژێكدا سێ ژن له‌شاری خارپێت له‌ باكوری كوردستان كوژراون و بكوژه‌كانیشیان كه‌سوكاری قوربانییه‌كان بوون. ئاژانسی هه‌واڵی مێزۆپۆتامیا بڵاوی كرده‌وه‌؛ له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێردا ته‌رمی سێ ژن له‌ شاری خارپێت (ئه‌لازیغ) ره‌وانه‌ی پزیشكی داد و بنكه‌ی ته‌ندروستیی كراون و له‌ سه‌رده‌واه‌كانیشدا ده‌ركه‌وتوه‌ بكوژی هه‌ر سێ ژنه‌كه‌ كه‌سوكاری خۆیان بوون. به‌ پێی زانیاریی ئاژانسه‌كه‌؛ یه‌كێك له‌ كوژراوه‌كان ناوی (واحیده‌ دوران)ی ته‌مه‌ن 51 ساڵ بوه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن برای خۆیه‌وه‌ كوژراوه‌ و یه‌كێكی دیكه‌ له‌ كوژراوانی ژن ناوی (حوسنیه‌ كه‌سكینباش)ی ته‌مه‌ن 29 ساڵ بوه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌ستگیرانه‌كه‌یه‌وه‌ كوژراوه‌ و ته‌رمه‌كه‌شی له‌ شوێنی كۆكردنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاكی شاره‌كه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌. هاوكات، پیاوێك له‌ گه‌ڕه‌كێكی شاری خارپێت به‌ چه‌ك هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌ ناوی یاسه‌مین و كچه‌كه‌ی بریندار ده‌كات و یاسه‌مین به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كانی له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیان له‌ده‌ست ده‌دات و پۆلیسیش رایگه‌یاندوه‌ هاوسه‌ری ئه‌و ژنه‌كوژراوه‌كه‌ هه‌ڵاتووه‌.  

دوای شه‌ش رۆژ مانه‌وه‌یان له‌زیندانه‌كانی ئاسایشی سلێمانی، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، به‌فه‌رمانی بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هه‌ردوو رِۆژنامه‌نوسی ده‌ستگیركراو (سه‌رتیپ وه‌یسی) و (ئیبراهیم عه‌لی) ئازادكران. له‌باره‌ی ده‌ستگیركردنه‌كه‌شیان رۆژنامه‌نوس ئیبراهیم عه‌لی بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن وتی: رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو له‌نزیك كۆیه‌ كاتێك ده‌گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراین و دراین به‌ئاسایشی سلێمانی. وتیشی: ماوه‌ی شه‌ش رۆژه‌ له‌ئاسایشی سلێمانین و ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن تیمی پارێزه‌رانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ به‌ كه‌فاله‌ت ئازاد كراین.

حکومەتی ئێران ئاشکرایکردوە لەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی 29 رۆژی رابردوود 32 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون. بە پێی هەواڵێکی پێگەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران؛ لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەو ولاتەدا ژمارەیەک لە ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کە لە پۆلیس و ئەندامانی سوپای پاسداران و بەسیج پێکهاتون، کوژراون و ژمارەیەکی بەچاویشیان برینداربون. بە وتەی بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆ زۆربەی ئەندامانی ئەو هێزە ئەمنییانە بە گولـلە کوژراون و نەیارانی چەکداری کۆماری ئیسلامی ئێران بە کوشتنی زۆرینەی ئەو هێزە ئەمنییانە تۆمەتبار کراون. رۆژنامەی (هەمشەهری) ئاشکرای کردوە تەنها لە دو هەفتەی یەکەمی خۆپیشاندانەکاندا 24 ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون. لە کۆی کوژراوانی هێزە ئەمنییەکان لانیکەم نۆ کەسیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون. لە ماوەی رابردودا پێچەوانەی خۆپیشاندانەکانی رابردو لە ئێران خۆپیشاندەران و گەنجان بەرەنگای پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان دەبنەوە و ئەوانیش بە چەک تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن. بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە تا ئێستا ناوی 210 کەس ئاشکرا کراون کە لەخۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون و سەرچاوەکانیش باس لەوە دەکەن ژمارەی کوژراون زۆر زیاترە لەوە کە بڵاوکراونەتەوە چونکە حکومەت رێگەنادات ئاماری فەرمیی لەسەر کوژراوانی خۆپیشاندانەکان بڵاوبکرێتەوە.

بەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەی لە خوێندنگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بڕیار دەدرێت وێنەکانی خومەینی و خامنەیی لە پۆلەکانی خوێندن لاببرێن. رۆژنامەی (میهەن) لە ئێران ئاشکرای کردوە لە چەند رۆژی رابردودا ژمارەیەک مامۆستا و بەڕێوبەری خوێندگەکانی وڵاتەکە بەهۆی لابردنی وێنەکانی روحەڵا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی و عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی، سزا دراون. حکومەت بە بەڕێوبەری خوێندگەکانی راگەیاندوە؛ بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکاندا، خوێندکاران وەک بێڕێزیی ئەو وێنانە لە پۆلەکان دانەگرن و دواتر نەیانسوتێن یان نەیان دڕێنن، سەرجەم وێنەکانی ئەو دو کەسایەتییەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پۆلەکاندا دادەگیرێن. بە پێی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە؛ لە بڕیارەکەی حکومەتدا جەخت لە وێنەکانی خامنەیی کراوەتەوە و ئاماژە بەوە کراوە ئەگەر مەترسییەک لەسەر وێنەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامی نەبێت ئەوا ئاساییە لە پۆلەکاندا بمێنێتەوە و دانەگیرێن. ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە دەیان تۆماری ڤیدیۆیی بڵاوکراوەتەوە کە خوێندکاران وێنەکانی خومەینی و خامنەیی لە کتێبەکانیاندا دەدڕێن و وێنە هەڵواسراوەکانی ئەو دو بەرپرسەش دادەگرن و دەیانسوتێنن.      

نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ریگه‌یاند: بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، تیمی پارێزه‌رانی تایبه‌تی خۆی راسپاردووه‌ له‌چوارچێوه‌ی یاسا به‌ركاره‌كان كار بۆ ئازادكردنی هه‌ردوو رۆژنامه‌نووس ئیبراهیم عه‌لی و سه‌رتیپ وه‌یسی بكه‌ن به‌ كه‌فاله‌ت تاوه‌كو ئه‌وكاته‌ی دۆسیه‌كه‌ رێڕه‌وی یاسایی خۆی وه‌رده‌گرێت و دادگا بڕیاری خۆی ده‌دات. ‎ھاوكات بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی رایگه‌یاندووه‌، سلێمانی شوێنێك نییه‌ بۆ زیندانیكردن و ئازاردانی رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ران، به‌ڵكو پایته‌ختی رۆشنبیری جێگه‌یه‌كه‌ بۆ رێزگرتن له‌ ره‌خنه‌ و ئازادییه‌كانی رۆژنامه‌نووسان و خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه‌ ئازا و بوێره‌كان.  

هاوڵاتی سكرتێری لقی سلێمانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان راگه‌یاند، به‌پێی ورده‌كاریه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌كان زانیومانه‌ كه‌ ده‌زگای دژه‌ تیرۆر به‌نیازه‌ سكاڵاكه‌ی خۆی له‌دژی ئه‌و دوو رۆژنامه‌نوسه‌ بكێشێته‌وه‌. كاروان ئه‌نوه‌ر سكرتێری لقی سلێمانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان راگه‌یاند: سه‌ردانی ھه‌ردوو رۆژنامه‌نووسی ده‌ستگیركراو سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی و ئیبراھیم عه‌لی له‌ده‌زگای میدایی بوارمان كرد كه‌ ماوه‌ی پێنج رۆژه‌ له‌ ئاسایشی سلێمانی ده‌ستگیر كراون. وتیشی: ناوبراوان له‌سه‌ر دوو كه‌یس ده‌ستگیر كراون یه‌كه‌میان ده‌زگای دژه‌تیرۆر سكاڵا كاره‌و دوه‌میان وه‌زیری دارایی ھه‌رێم. راشیگه‌یاند: به‌پێی ورده‌كاریه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ زانیومانه‌ كه‌ ده‌زگای دژه‌ تیرۆر به‌نیازه‌ سكاڵاكه‌ی خۆی بكێشێته‌وه‌، بۆ كه‌یسی دووه‌میش ره‌وانه‌ی پۆلیس و دادگای سلێمانی بكرێن. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: باری ته‌ندروستی ھه‌ردوو رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ جێگیره‌و باری ده‌روونیان ئاساییه‌و داواكارین له‌ نزیكترین ده‌رفه‌تدا ره‌وانه‌ی پۆلیس بكرێن و مادده‌كانیان له‌ یاسای خراپ به‌كارھێنانی ئامێره‌وه‌ بۆ بكرێت به‌ یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی .  

هاوڵاتی وەزیرەکەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە نوێترین پەیامیدا رایگەیاند، "بەشداریی لە حکومەتی نوێی عێراقدا ناکەین." رۆژی شەممە 15-10-2022، ساڵح محەممەد عێراقی، ناسراو بە وەزیری موقتەدا سەدر لە تویتێکدا لە هەژماری تویتەری تایبەتی خۆی هێرشی تووندی کردە سەر هێزەکانی پێکهێنەری حکومەتی نوێی عێراق و ناویبردن بە  "حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی میللیشیای تاقیکراوەیە". محەمەد عێراقی ڕاشیگەیاند : "هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی لە عێراق شکستیان هێناوە". و"پلانی مانەوەی گەندەڵ و گەندەڵکاران لە عێراق هەیە و رەوتی سەدر رێگە نادات داهاتی عێراق بچێتە بانکە گەندەڵەکان". ئەو وەزیرە وتیشی: "دووپاتیدەکەینەوەکە هیچ کەسێکی سەر بە ئێمە بەشداری حکومەت ناکات، چ ئەوانەی لە حکومەتەکانی رابردوو بوون یان حکومەتی ئێستا بەشدارن؛ یان ئەوانەی لە دەرەوەی حکومەتن یان ئەوانەی پێشتر؛ یان ئەوانەی لە ئێمە جیادەبنەوە چ لە نێوخۆی عێراق بێت یان دەرەوەی؛ یان هەر کەسێک لەسەر ئێمە هەژمار دەکرێ بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بە رەهایی هەر پاساوێک بۆ بەشدارییکردنیان رەتدەکەینەوە."  وەزیرەکەی موقتەدا سەدر داواشی کرد "عێراق نەبێتە یاری دەست ئەجێندای دەرەکی و چەک نەکەوێتە دەست کۆنترۆڵنەکراوەکان و پارەی خەڵکیش نەچێتە گیرفان و بانکی گەندەڵکارانەوە."  ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی پێنج شەمە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق کراو تیایدا لـەتیف رەشید هەڵبژێردرا وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق و محەمەد شیاع سودانیش ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ناونوسینی بۆ کۆلێژی سەربازی ڕاگەیاند لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کۆلێژی سەربازی رۆستەمیە خولی ئەفسەری بۆ دەرچووانی خوێندنی ئامادەیی لە لقەکانی (زانستی، وێژەیی، بازرگانی و پیشەسازی) دەکاتەوە. هەربۆیە  لە ئەمڕۆوە دەرچووانی ئامادەیی لە ساڵی خوێندنی (2020 – 2021) و ساڵی خوێندنی (2021 – 2022) کە خوازیارن لە کۆلیژی سەربازی بخوێنن، دەتوانن فۆڕمی بەشداریکردن لە خولەکەدا پڕبکەنەوە. هەروەها وەزارەتی پێشمەرگەش لەم بارەیەوە ڕایگەیاند رەزامەندی پێویست وەرگیراوە بۆ وەرگرتنی رێژەیەک لە هاووڵاتیانی کوردستان لە کۆلێژی سەربازی رۆستەمیە لە بەغدا. مەرجەکانی پێشکەشکردن بۆ کۆلێژی سەربازی رۆستەمیە: 1. پێشکەشکار عێراقی بێت و لەدایک و باوکێکی عێراقی لەدایک بووبێت. 2. تەمەنی لە (18) ساڵ کەمتر نەبێت و لە (22) ساڵ زیاتر نەبێت، ئەو کەسانەش کە ماوەی سێ ساڵە لە بەشی سەربازیدا خزمەت دەکەن و دەیانەوێت فۆڕمی خوێندن پڕبکەنەوە، نابێت تەمەنیان لە (24) ساڵ زیاتر بێت. 3. رەفتار و سیڤی باش بێت. 4. هەڵگری بڕوانامەی خوێندنی ئامادەیی بێت لە لقەکانی زانستی یان وێژەیی بۆ ساڵی خوێندنی (2020 - 2021/ 2021 - 2022)، هەروەها کۆنمرەی کەمتر نەبێت لە (70%). 5. داواکاری دەرچووی ئامادەیی لە لقە بازرگانی و پیشەسازییەکان بۆ بەشەکانی (ئۆتۆمبێل، کارەبا، ئەلیکترۆنی) بۆ ساڵی خوێندنی (2020 - 2021/ 2021 - 2022)، پێویستە کۆنمرەی کەمتر نەبێت لە (80%). 6. کوڕ و کچی شەهید مەرجی کۆنمرە نایانگرێتەوە.   7. لە چاوپێکەوتنی لیژنەی کێشەکان لە وەزارەتی بەرگری دەرچووبێت. 8. سەر بە هیچ حزب و بزوتنەوە و رەوت و لایەنێکی سیاسیی نەبێت. 9. هیچ پێشینەیەکی تاوانی (سەربازی، سیاسی، پەیوەندیدار بە شەرەف)ـەوە لە دادگای سەربازی نەبێت. 10. لە کۆلێژ و خولە سەربازییەکان نەکشابێتەوە و دەرنەکرابێت، هەروەها نابێت پێشتر لە سوپا رایکردبێت. 11. مەرجەکانی لەشجوانی و تەندروستی و سەلامەتی دەروونی هەبێت کە لەلایەن لیژنەی پزیشکی تایبەتمەندەوە بڕیاری لێدەدرێت. 12. باڵای لە 165 سانتیمەتر کەمتر نەبێت. ئاماژە بەوەشدرا، هەرکەسێک ئارەزومەندە دەتوانێت لەڕێگەی ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگری عێراق فۆرمەکە  بەشێوەی ئۆنلاین فۆڕم پڕ بکەنەوە.  

هاوڵاتی  لەدوای مەرگی ژینا ناوی پۆلیسی ئەخلاقی ئێران بەشێوەیەكی بەرچاو لەمیدیاكانی جیهاندا بڵاوبووەوە بەپێی هەندێك بەراوردكاری بودجەی ئەو دامەزراوەیەی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەندێك دامەزراوەی دیكەی وەك پەروەردەو هەندێك زانكۆی گەورەی وڵاتەكە زۆر زیاترە. ئەو بەشە لەپۆلیسی ئێران كە وەك (گەشتی ئێرشاد) ناو دەهێنرێت لانیكەمی بودجەكەی دوو هێندەی (زانكۆی شەریف)ە لەو وڵاتەكە كە بە یەكێك لە زانكۆ گرینگەكانی جیهان لە ئاستی زانستیدا ئەژمار دەكرێت. ئەگەرچی لە ئامارەكانی ئێراندا ریزبەندێكی تایبەت بە بودجەی ئەو بەشە لەپۆلیس جیا نەكراوەتەوە بەڵام بەپێی بەراوردەكان نزیكەی 40 ملیۆن دۆلار بۆ ئەو پۆلیسە تەرخان دەكرێت كە بەراورد بەدامەزراوەكانی دیكەی ئێران بودجەیەكی زەبەلاحە. ناوەندی ئاماری ئێران لەبودجەی ساڵی 2022 بڵاویكردووەتەوە كە بودجەی هێزەكانی پۆلیس بەگشتی 43 ترلیۆن و 237 ملیار تمەنە كە دەكاتە نزیكەی یەك ملیارو 600 هەزار دۆلار بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراوەتەوە؛ لەكۆی بودجەی پۆلیس نزیكەی 2.5٪ی بۆ پۆلیسی ئەخلاق تەرخان دەكرێت. بەرپرسانی پۆلیسی ئێران لە هەندێك لێدواندا ئاماژەیان بەوە كردووە كە لانیكەم یەك ترلیۆن و 80 ملیار تمەن كەدەكاتە نزیكەی 40 ملیۆن دۆلار بۆ بودجەی پۆلیسی ئەخلاقە. هەندێك لەسەرچاوەكانی ناوخۆی ئێران ئاماژەیان بەوە كردووە كە بودجەی پۆلیسی ئەخلاق تەنها 2٪ی كۆی بودجەی پۆلیسە لەساڵیكدا كە لەو حاڵەتەشدا بڕی (867) ملیار تمەن بۆ ئەو بەشە لەپۆلیس تەرخانكراوە كەئەوەش دوو هێندەی بودجەی دامەزراوەی فریاگوزاریی سەرتاسەری هەموو ئێرانە. ئەو 2٪ بودجەیەی پۆلیسی ئەخلاق هاوشانە لەگەڵ 50٪ی ئەو بودجەیەی كە لەچوارچێوەی ئاسایشی كۆمەڵایەتی لەبودجەی ساڵانەی ئێراندا دیاری دەكرێت و هاوكات دوو هێندە زیاترە لەبەشی ناوەندی پەروەردەو گەشەی هزری منداڵان و نەوجەوانان لەسەرتاسەری وڵاتەكە. هاوكات بودجەكەی دوو هێندە زیاترە لەو بودجەیەی كە بۆ زانكۆی شەریف لەئێران تەرخان دەكرێت لەكاتێكدا ئەو زانكۆیە یەكێكە لەزانكۆ ئاست باڵاكانی ئێران و جیهانیش لەڕووی زانستی و تەكنیكییەوە. پۆلیسی ئەخلاقی ئێران كەساڵی 2005 بەناوی (گەشتی ئیرشاد) دامەزراوە، ئاشكرای كردووە ساڵانە نزیكەی 15 هەزار كەسی دەستگیرو سزا داوەو لەو ژمارەیەش بەشێكیان تەنها ئاگاداركراونەتەوەو خولی پەروەردەیان بۆ كراوتەوە. ئەگەرچی ئەركی پۆلیسی ئەخلاقی ئێران بۆ سەرتاسەری ئێرانە، بەڵام سەرنجی زیاتری ئەو بەشەی پۆلیس لەسەر تاران و شارە گەورەكانی ئێرانە. بەوتەی بەرپرسانی پۆلیسی ئەخلاق تەنها لەیەك مانگی ساڵی 2006 لەناو شاری تاران هۆشداریی دراوە بە 63 هەزار و 693 كەس، كە بەوتەی ئەوان سەرپۆش و باڵاپۆشییان نەگونجاو بووە. ئەو بەشە لەپۆلیسی ئێران روونیكردووەتەوە كە بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی دراوە بەوان بۆیان هەیە هەر ئۆتۆمبێلێك بێزاریی بۆ خەڵك دروست بكات، رایگرن و ئەگەری شۆفێرانی ژن سەرپۆشیان نەگونجاو بێت ئۆتۆمبێلەكانیان لەگەراجی پۆلیسدا بەپێی ئەو سزایەی بۆیان دیاریی دەكرێت، رابگرن. پۆلیسی ئەخلاق لەتاران تەنها لەیەك مانگدا هەزار و 149 ئۆتۆمبێكی بەبیانوی ئەوەی شۆفێرو سەرنشینەكانیان جلوبەرگ و سەرپۆشەكانیان گونجاو نەبووە سزا داوە. ژینا ئەمینی ئەو كچە كوردەی خەڵكی سەقز كە لەكاتی سەردانی بۆ تاران بەبیانوی نەگونجاوبوونی جلوبەرگەكانی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاق دەستگیركراو داوتر گیانی لەدەستدا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زیاترین قسە لەسەر ئەو پۆلیسە لەناوخۆی ئێران و جیهاندا دروستببێت و تەنانەت كاردانەوەكانی مەرگی ژینا بەوەشەوە نەوەستاوەتەوە و كۆڵەكەكانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێرانی هێناوەتە لەرزە.

هاوڵاتی تەقینەوەی کانێکی خەڵوز لە باکوری تورکیا دەبێتە هۆی مردنی 30 کرێکارو بێسەروشوێنبونی15 کرێکاری دیکە کە چاوەڕێدەکرێت ئەوانیش گیانیان لەدەست دابێت. دوێنێ 14/10/2022،  ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ كانێكی خه‌ڵوز له‌ شاری بارتینی باكووری توركیا روویدا،و بووە هۆی مردنی 30کرێکار و بێسەروشوێنبونی 15 ی دیکە کە چاوەڕێ دەکرێت گیانیان لە دەستدابێت، بەپێی زانیارییەکان لەکاتی تەقینەوەکەدا 110 کەس لەناو کانە خەڵوزیەکەدا بوونە، 58 کەسیان رزگاریان بووە و 30 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەیان بە برینداری گەیەندراونەتە نەخۆشخانە. هەروەها لە ڕاگەیەندراوێکدا فاتیح دۆنمەز وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، دوای تەقینەوەکەی کانی خەڵوزی ئاماسرا سەر بە دامەزراوەی کانی خەڵوزی تورکیا، لە گەلەرییەکدا ئاگر کەوتووتەوە. لە ئێستادا تیمەکان لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئاگرەکە و ئەو گازی دوانە ئۆكسیدی كاربۆنەی دروست بووە. وتیشی، ''پێمان وایە ١٠-١١ کرێکارمان لەو ناوچەیەدان کە ئاگرەکەی تێدایە. ٤-٥ کرێکاریشمان لەو ناوچەیەدان کە داڕووخان تیایدا روویداوە''. هاوکات، نۆرتاش ئه‌رسه‌لان پارێزگاری بارتۆن به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند‌ووە، پێنج كه‌س له‌ قوڵایی ٣٥٠ مه‌تر گیریان خواردووه‌ و ٤٤ كه‌سیش له‌ شوێنێكی دیكه‌ گیریان خواردووه‌ كه‌ ٣٠٠ مه‌تر له‌ ژێر زه‌ویدان، تا ئێستاش هه‌شت كرێكار رزگاركراون. بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، تەقینەوەی ئەو کانە خەڵوزە بەهۆی گرفتی گازەوە بووە، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا لە راپۆرتێکدا هۆکاری تەقینەوەکە بخەنەڕوو.

  شەنای فاتح   دەروازەكانی شاری سلێمانی رەنگدانەوەی لایەنی مێژوویی و كەلتوری رۆشنبیری و فەرهەنگی شارەكەی پێوە دیارنیەو لەڕووی رێگای هاتووچۆ و كەمی سەوزایی و لایەنی خزمەتگوزاری و جوانكارییەوە كەموكورتی زۆری پێوە دیارە. رێباز جەلال ئەندازیاری تەلارسازی رێپێدراو لەو بارەیەوە بەهاوڵاتی راگەیاند: «دەروازەی شار خاڵی دەسپێكی چوونە ژوورەوەیە بۆ ناو هەر شارێك، كە پێویستە رەنگدانەوەی لایەنی رۆشنبیری و كلتوری و مێژوویی  شارەكەی  پێوەدیاربێت و لەمەوادی سەرەتای ناوچەكە دروستكرابێت و رەنگدانەوەی سروشتی ناوچەكە دەربخات». «پێویستە جۆرەكانی هاتوچۆ لەدەروازەكان دیاری بكرێت و هەر جۆرەیان رێگەی تایبەت بەخۆی بۆ تەرخان بكرێت وەك، رێگەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرو پاس و ئۆتۆمبێلی بچووك و رێگەی تایبەت بەحاڵەتی لەناكاو دروستبكرێت لەدەروازەكاندا بۆ ئەوەی رانەگیرێن و پێویستە هەر رێگەیەك پاركی تایبەتی هەبێت بۆ وەستانی هەر ئۆتۆمبێلێك لەكاتی لێپرسینەوە و هەموو بەشەكانی ئیداری و خزمەتگوزاری و ئەمنییان بۆ تەرخان بكرێت». وتیشی:»ئەگەر تێبینی دەروازەی شاری سلێمانی بكرێت، بەشێكی زۆری ئەو خاڵانەی تێدا بەدیناكرێت و لەمەوادی سەرەتای شار دروستنەكراوە، كەڕەنگدانەوەی سروشتی ناوچەكە بێت، بەڵكو بەمەوادێكی جەمەلۆن و ئاسنی نەویستراو  درووستكراوە كە لەڕووی فۆرم و  فكرەی دروستكردنییەوە تەواو خاڵییە». «هەروەها جۆرەكانی رێگەی هاتوچۆ جیانەكراوەتەوە، ئەمەش قەرەباڵغی و  ژاوەژاوێكی زۆر دروستدەكات و هاتوچۆ ئەستەنگ دەكات،  بەتایبەت لەكاتی بەیانیان و ئێواران و نكەموكوڕی لەدابینكردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی دەروازەو شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل زۆرە». سەبارەت بەكەمی سەوزایی و درەخت لەدەروازەكانی شاردا، كامەران حەمەساڵح، بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « بلواری دەروازەكانی شار لەئەستۆی ئێمەیەو پارەی بۆ تەرخاندەكرێت و لەڕێی كۆمپانیاوە كە شارەوانی لیژنەیەك دادەنێت و نوێنەری ئێمەشی تێدایە بۆ خزمەتكردنیان و ساڵانە پێویستمان بەگرتنی تەنكەرە لەڕێی كۆمپانیاوە لەمانگی ٦-٧-٨-٩ و ١٠داو رۆژانە پێویستمان بەچوار ملیۆن لیتر ئاوەو ئەو هەوڵانەش بەردەوامن و ئەمساڵ تا 4ی تشرینی یەكەم تەنكەرمان بۆ دابینكرابوو،وتیشی: سلێمانی زۆرترین رێژەی سەوزایی هەیە». هاوكات، زەردەشت رەفیق وتەبێژی شارەوانی سلێمانی لەلێدوانێكیدا بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد: «سەوزایی شاری سلێمانی نزیكە لەستاندارتی جیهانییەوەو لەسەر ئاستی هەموو عێراق بەپاكترین پارێزگاو جوانترین ژەنگە ناوبانگی دەركردووە،  ئەگەر باسی دەروازەی تاسڵوجە-سلێمانی بكەین دەروازەیەكە دیمەنێكی جوانی سەوزایی هەیە، بەڵام لەڕێگەی قەرەداغ لەبەرئەوەی ئەو شەقامە هێشتا ماوە تەواو ببێت و  دەبێت شەقامەكان سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی ژێرزەوی تەواوبكات، پاشان دەستدەكرێت بەدروستكردنی سەوزایی». لەشاری سلێمانی ٥٥١ باخچەو پارك و بلوار هەیە، هاوكات دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتی دروستكردنی پڕۆژەیەكی نیشتەجێبووندا رێنمایی ٣٠٪ هەبوونی رێژەی سەوزایی پێداون، بەڵام بەپێی زانیارییەكان هیچ یەكێك لەو پرۆژانە سەوزاییان نەگەیشتووەتە ئەو رێژەیەو سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستانیش دەڵێت: حكومەت و ئەو لایەنانەی كە پەیوەستن بەژینگەوە لەناو حكومەتدا كەمتەرخەمن و نەیانتوانیوە بەئەركەكانی خۆیان هەستن و لەماوەی رابردوودا وەزارەتی ژینگەیان بچووك كردەوە بۆ دەستەی ژینگە. ملكۆ بازیانی، سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «لەڕابردوودا دەروازەكانی سلێمانی سەوز پۆش بووە، بەڵام لەئێستادا بەهۆی زۆربوونی پێشانگا یان شوقەو ڤێلا لەچواردەوری سلێمانیدا دەتوانین بڵیین ئەو رووپۆشی سەوزاییە لەناوچووەونەماوە». وتیشی: «رێژەی سەوزایی لەشاری سلیمانیدا ستاندارتی نێودەوڵەتی تێپەڕاندووە كە ١٥% بۆ ٢٥% و سلێمانی رێژەكەی ئێستا چووەتە ١٨.٦٥%و بەهۆی هەڵمەتی دارچاندنەوە كە بەردەوام بەڕێوەدەچێت. لەچەندساڵی رابردوودا سەرباری ئەوەی كار بۆ سەوزكردن و روواندنی دار لەدەروازەكان نەكراوە، بەشێكی زۆری دارەكانی دەروازەی رێگای تاسڵوجە - سلێمانی سوتێنران و لەناوبران. ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن و گەشتوگوزار لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « لەم ماوەیەدا وەكو لیژنەكەمان لەگەڵ هەر چوار پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكە دانیشتین و یەكێك لەو خاڵانەی كەئاماژەمان پێكردووەو جەختمان لێكردووەتەوە مەسەلەی سەوزایی بووەو یەكێكە لەڕاسپاردەكان لەو بابەتانەی ئاماژەمان پێكردووە بۆ كۆبوونەوەیەك كە لەداهاتوودا بەئامادەبوونی وەزیری شارەوانی لەپەرلەمانی كوردستان لەسەر كۆی پرسی خزمەتگوزاری ئەنجامی بدەین، لەناویدا پرسی سەوزایی». هاوكات، بارزان حامید سەرۆكی لیژنەی شارەوانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند:»لەهەوڵی بەردەوامدا دەبین لەچاودێری و بەدواداچوون لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی باخچەكان تازیاتر سیمای شاری سلێمانی سەوزبكرێ و رێگە دەگرین لەوەی كەئەو شوێنانەی لەماستەرپلاندا بۆ سەوزایی و پارك دانراون نەكرێن بەهیچی تر. هەر رێباز جەلال ئەندازیاری تەلارسازی رێپێدراو سەبارەت بەشێوازی دیزاینی دەروازی شار لەلێدوانەكەیدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت: پێویستە دەروازەی شار لەشوێنێك دروستبكرێت كەتاڕادەیەك لەشارەوە دووربێت بۆ ئەوەی لەكاتی گەورەبوونی شاردا لەگەڵ شاردا تێكەڵ نەبێتەوە، واتە  گەشەسەندنی شار لەبەر چاوبگیرێت لەڕووی بەرزی و نزمی (تۆبۆگرافی) ناوچەكە شوێنێك هەڵبژێردرێت كەبتوانرێت بەئاسانی بۆ لایەنی ئەمنی و سەربازیی و جوڵەی هاتوچۆ كۆنتڕۆڵی دەروازەكە بكرێت». وتیشی: چارەسەر بۆ ئەم پرسە بریتییە لەوەی لایەنی پەیوەندیدار لەشارەوانی و پارێزگا و بەڕێوەبەرایتی هاتوچۆ و شوێنەوار لیژنەی ئەندازیاری پێكبهێنن بۆ درووستكردنی نەخشەی دەروازەكانی شار بەشێوازێكی ستاندارد بەبەكارهێنانی مەوادی سەرەتایی ناوچەكە، بەشێوازێك لایەنی مێژوویی و كەلتوری و رۆشنبیری و فەرهەنگی شارەكە دەربخات». لەدەروازەكانی شاری سلێمانی سەوزایی بەرەو كەمبوونەوە دەچێت و ساڵانە بەشێك لەدارەكان دەبڕدرێنەوەو تەنانەت بەشێكی ئەو دارانە لەساڵانی٧٠ و٨٠ كاندا هەبوون و لەم چەندساڵەی دواییدا یان بەبڕینەوە یان بەسووتان لەناوچوون، «كەتەنها دارەكانی هەردوو سایدی رێگای تاسڵوجە- سلێمانی ژمارەیان نزیكەی ٥٠هەزار دار بوو لەناوبران و كران بەپێشانگای ئۆتۆمبێل و جەمەلۆن، بەمەش دیمەنێكی ناشرینی بەدەروازی شار بەخشیوە، ئەوە جگە لەوەی دەروازەی سلێمانی لەڕێگای عەربەتەوە هیچ خزمەتگوزاریی و سیمای جوانكاری پێوە دیارینە

هاوڵاتی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: هەر مانگێك كورتهێنان لەداهاتی سلێمانی هەبێت لەداهاتی مانگی دواتر پڕدەكرێتەوە، مانگانە سلێمانی بەهۆی كورتهێنانەوە قەرزار دەبێت و قەرزەكەش لە پارەی خزمەتگوزاری و پرۆژەكان دەبڕدرێت و حكومەتی هەرێم یەك دینار كورتهێنانی سلێمانی پڕنەكردووەتەوە. زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی و سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: مانگانە وەزارەتی دارایی داوا لەبانكی منارە لەهەولێرو ئاشتی لەسلێمانی دەكات تەواوكاری مووچە بنێرن، بەڵام هۆكاری كەمكردنی داهات ئەوەیە كە پارەی دەرمان و بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی حكومەتی هەرێم لەزۆنی سەوز لەپارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەرینی لێ خەرج دەكرێت. وتیشی: ئێستا بەداخەوە ئەوەشیان زیاتر لەنیوە بۆ كەمكراوەتەوە، جگە لەوەی پارەی دیكە بۆ خەرجی سێ سەرۆكایەتیەكە دەڕوات، و هەر پرۆژەیەكیش جێبەجێ دەكرێت  پارەكەی لەداهاتی ناوخۆی سلێمانییە.

بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ماڵی مام له‌ به‌غدا پێشوازیكرد له‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی، راسپێردراو بۆ پێكھێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق. ‏‎له‌ دیدارێكدا گفتوگۆ كرا له‌باره‌ی به‌رنامه‌، ستراتیژی  حكومه‌تی نوێ و یه‌كخستنی ھه‌وڵه‌كان بۆ پێكھێنانی حكومه‌تێكی نیشتمانیی خزمه‌تگوزار له‌ ماوه‌ی یاسایی خۆیدا و هه‌نگاونان به‌ره‌و خزمه‌تكردنی زیاتری هاوڵاتییان. ‏‎له‌ دیداره‌كه‌دا بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی جارێكیتر پیرۆزبایی له‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی كردو وتی: پاراستنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی گه‌لی كورد ئه‌ركی حكومه‌تی نوێیه‌ و ده‌بێت به‌یه‌ك چاو سه‌یری گه‌لی كورد و هه‌موو گه‌لانی دیكه‌ی عێراق بكرێت، هیواشی خواست هه‌مووان به‌ یه‌ك تیم له‌پێناو به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكان كار بكه‌ن و كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكه‌ن. ‏‎له‌ درێژه‌ی دیداره‌كه‌دا بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌ دووباره‌نه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی حوكمڕانی كرد له‌ رابردوودا و وتی، هیوادارم حكومه‌تی نوێ به‌ دیدگایه‌كی نوێوه‌ به‌ره‌وه‌ حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروست هه‌نگاوبنێت، هه‌ڵه‌ و ئه‌زموونی رابردوو دووباره‌ نه‌كاته‌وه‌. كێشه‌ سیاسییه‌كانی تێكه‌ڵی حوكمڕانی نه‌كرێت و هاوڵاتییان نه‌بنه‌ قوربانی ململانێكان. پێكهێنانی حكومه‌تیش له‌م ساته‌ هه‌ستیاره‌دا به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌یه‌ و هه‌موومان له‌پێناو هه‌وڵه‌ نیشتمانییه‌كان پشتیوان ده‌بین. له‌ به‌رامبه‌ردا محه‌مه‌د شیاع سودانی، راسپێردراو بۆ پێكھێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق ستایشی بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی كرد بۆ سه‌رخستنی ئه‌م هه‌نگاوه‌ نیشتمانییه‌ و وتی، ئه‌مڕۆ هاتوومه‌ته‌ لای براو هاوڕێ و به‌شدارێكی سه‌ره‌كی له‌ حكومه‌تی نوێ و بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی و یه‌كێتی هاوبه‌شێكی راستگۆی ئێمه‌ن و پێكه‌وه‌ به‌ره‌و بونیادنانی داهاتوویه‌كی گه‌شتر هه‌نگاو ده‌نێین.