هاوڵاتی پارتێکی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند؛ تەنها رێگە بۆ دانانی سنورێک بۆ دیکتاتۆرییەت و گۆڕانکاریی لە کردەوەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕینی دەسەڵاتی تارانە. حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تویتەر، پەیامێکی لەبارەی پێشهاتە سیاسییەکانەوە لە ئێران بڵاو کردوەتەوە و نوسیویەتی: لە رابردودا کۆمەڵی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئیدانەی سیاسەتەکانی رژێمی ئێرانیان دەکرد و هەر لەو چوارچێوەیەشدا، بە ئامانجی گۆڕانکاریی لە سیاسەتەکانی تاران، سزایان بەسەردا سەپاند. حدکا دەڵێت:بەهۆی سزاکانەوە گۆڕانکاریی لە ئێران رویداوە، بەڵام هەڵوێستی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە خراپتر بوە چونکە سیاسەتەکانی ئێران لەم ساڵانەی دواییدا ئەماژەی رونن بۆ ئەو گۆڕانکارییە خراپانە. ئەو پارتە جەختی کردوەتەوە لەوەی، ئێستا تەنها رێگا بۆ دیاریکردنی سنورێک بۆ کردەوە دیکتاتۆرییەکانی ئێران و رەفتارەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕینى رژێمی وڵاتەکەیە. پەیامەکەی حدکا لە کاتێکدایە سوپای پاسدارانی ئێران 28ی مانگی رابردو بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو پارتە و پارتەلانی دیکەی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان کە بەهۆیەوە زیاتر لە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 60 کەسیش برینداربون.

هاوڵاتی ناوەندێکی مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکات لانیکەم 32 مێردمنداڵ  لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران کوژراون و نەتەوەیەکگرتوەکانیش ئیدانەی کوشتنی 23 مێردمنداڵ لەو وڵاتە دەکات. دەستەی پارێزگاری لە مافەکانی مێردمنداڵان لە نەتەوە یەکگرتوەکان (سی ئاڕ سی) ئیدانەی کوشتنی ٢٣مێردمنداڵ لە خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکات، کە لەنێویاندا منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵان هەیە . (سی ئاڕ سی) ئاماژەی بە خراپی مامەڵەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر بە خۆپیشاندەران کرد و رایگەیاندوە ئەوەی هێزە ئەمنییەکان دەیکەن پێشێلکردنی تەواوەتی مافەکانی منداڵانە و داواش لە بەرپرسانی باڵای تاران دەکات بەپەلە دەست لە کوشتنی منداڵ هەڵبگرن. نەتەوەیەکگرتوەکان ئاماژەی بەوە کردوە بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست ئەوان کەوتوە سەرجەم ئەو 23 مێردمنداڵە لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کوژراون و زۆرینەشیان بە دەستڕێژی گولـلە کراونەتە ئامانج و هەندێکی دیکەیان بەهۆی لێدانی زۆرەوە گیانیان لەدەستداوە. لە لایەکی دیکەوە ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ جەختی لەوە کردوەتەوە کە 32 منداڵ و مێردمنداڵ لە خۆپیشاندانەکانی یەک مانگی رابردوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون.

هاوڵاتی بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەورووپا لە رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە دوورخستنەوەی نایاسایی کۆچبەران لەلایەن تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی یۆنان بۆ سنوورە دەریاییەکانی تورکیا ڕایگەیاند "حکوومەتی یۆنان یاساکان پێشێل دەکات و یەکێتیی ئەورووپایش رازی بووە بەمە". ئێندریو سترۆڵاین لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند ئەو تاوانانەی لە ڕاپۆرتی  نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کە باس لە دوورخستنەوەی نایاسایی کۆچبەران لەلایەن تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی یۆنان بۆ سنوورە دەریاییەکانی تورکیا دەکات ،لەمساڵدا ئەنجام دراون و تا ئێستاش بەردەوامە. وتیشی "حکوومەتی یۆنان یاساکان پێشێل دەکات و یەکێتیی ئەورووپایش رازی بووە بەمە. لە کاتێکدا هێشتا یۆنان بەردەوامە لە دوورخستنەوەی کۆچبەران بۆ سنوورەکانی تورکیا، "Frontex" هاوشێوەی رابردوو بەردەوامە لە چالاکییەکانی لە یۆنان. لە کاتێکدا کاری ئەو ئاژانسە پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانە، لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا هیچ کارێک ناکات. کۆمیسیۆنی ئەورووپایش کە پێویستە بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا دەست بە پرۆسەی دادوەریی بکات، ئەم بابەتە نادیدە دەگرێت". هەروەها سترۆڵاین ڕاشیگەیاند پێویستە دەرفەت بۆ هەموو ئەوانە بڕەخسێندرێت کە داوای مافی پەنابەری دەکەن، "پێویستە بەبێ پشتبەستن بە یاسا کەس نەگەڕێندرێتەوە".

هاوڵاتی پێگەیەکی ئابوریی ئێران ئاشکرای دەکات زیاتر لە 40 ملیۆن لە دانیشتوانی وڵاتەکە لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین و داهاتی زۆرینەی خێزانەکانیش ناگاتە 300 دۆلار. پێگەی (ئیقتیساد 24) لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ هەر خێزانێکی دانیشتوی وڵاتەکە بۆ ژیانێکی ئاسایی پێویستی بە 18 ملیۆن و 290 هەزار تمەنە کە لە ئێستادا دەکاتە نزیکەی 520 دۆلار و ئەگەر لەو داهاتە کەمتری هەبێت ئەوا ئەو خێزانانە لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین. پێگەکە رونی کردوەتەوە بە پێی ئەو بەراورد و لێکۆڵینەوە ئابورییانەی لە دۆخی ئێستا ئێران کراوە لە کۆی نزیکەی 85 ملیۆن کەس لە دانیشتوانی وڵاتەکە 77 ملیۆن کەس هاوکاریی ئابوریی وەردەگرن کە بە (یارانە) ناودەهێنرێت. هەروەها دەرکەوتوە داهاتی زیاتر لە 44 ملیۆن کەس لە چوارچێوەی خێزانەکانی ناو ئێراندا لە ژێر هێڵی هەژارییەوە و دەژین. پسپۆڕانی ئابوریی ئێران ئاماژەیان بەوە کردوە ئابوریی ئێستا هاوشێوەی ئەوە وایە کە نەخۆشێک تەنها 10%ی دڵی کار دەکات . بە پێی نوێترین راپۆرتی نێودەوڵەتیی زیاتر لە 60 ملیۆن دانیشتوی ئێران بەهۆی دۆخی خراپی ئابورییە بە هەژار ئەژمار دەکرێن.

هاوڵاتی بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور ٤١ ڕۆژنامەنوس کە دەیانیان ژنن لە زیندانەکانی ئێران دەستگیرکراون. ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور  ڕایانگەیاندووە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران بەکاردەهێنرێن وەک هۆکارێک بۆ دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان و سەرکوتکردنیان  هەر بۆیە  داوا دەکەن بە زوترین کات سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو ئازادبکرێن و کۆتایی بە سەرکوتی ئازادیی ڕادەربڕین بهێنرێت. لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە کە “نیلۆفەر حەمیدی، یەکەم ژنە ڕۆژنامەنووس کە کوشتنی ژینا ئەمینی ئاشکراکرد دەستگیرکراوە و بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ئێراندا ٤١ ڕۆژنامەنووس کە دەیانیان ژنن، زیندانی و دەستگیرکراون و دۆسییەکانیان لە دادگادایە”. هەروەها جەختیان لەوە کردۆتەوە کە لە ئێران  “دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، ئەوەش بە زیندانیکردنی ٤١ ڕۆژنامەنوس”. ئەمەش لەکاتێکدایە خۆپیشاندانەکانی ئێران پێی ناوەتە ٣٣ هەمین ڕۆژییەوە و تائێستا بەردەوامی هەیە و چەندین کەس تیایدا کوژراو بریندار کراون هەروەها ژمارەیەکی زۆر خۆپیشاندەر دەستگیرکراون .

هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی فورات نیوز ڤیدیۆیی ئەو گەریلایانەی بڵاوکردوەتەوە کە سوپای تورکیا بە چەکی کیمیای هێرشی کردونەتەسەر.  بە پێی ئەو بەڵگانەی فورات نیوز بڵاوی کردونەتەوە سوپای تورکیا وەک شێوازێکی نوێ نزیکەی ساڵێکە دەیان جۆری چەکی کیمایی دژی گەریلا بەکارهێناوە. چەکێکی کیمیاییە کە کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر مێشک دەکات و مرۆڤەکان توشی هەڵسوکەوتی نائاسایی و پێکەنین و لەدەستدان بیرەوەرییەکان دەکات و ئەو مرۆڤانە دوای ماوەیەکی کەم گیانیان لەدەست دەدەن. لەو تۆمارە ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێت سوپای تورکیا بە شێوازی جۆراوجۆر بە چەکی کیمیایی دژی گەریلا بەکار دەهێنن و لەو شوێنانەشی سەربازەکان ناتوانن لێی نزیک ببنەوە بە بۆری و بتڵ و چەند رێگەیەکی دیکە غازی کیمایی دژی گەریلاکان بەکاردەهێنن. غازەکانی تابون، سۆمان و سارین لە لایەم سوپای تورکیا دژی گەریلا بەکارهاتوە و بە پێی زانیارییەکان هەندێک لەو غازە کیمیاییانە نابێتە هۆی کوژرانی گەریکا بەڵام هاوسەنگیی دەرونی و جەستەییان تێک دەدات. سوپای تورکیا جگە لەو چەند جۆر غازە، غازی بیبەر و چەندجۆرێکی دیکەی غازی بۆندار و بێبۆن لە دژی گەریلا بکار دەهێنێت کە زۆر مەترسیدارن و لە جیهان قەدەغە کراون. فورات نیوز بڵاوی کردوەتەوە لە مانگی تشرینی یەکەمدا، یەکێتی پزیشکانی نێونەتەوەیی دژ بە جەنگی ئەتۆمی IPPNW  رایانگەیاند، بەڵگەیان دەستکەوتوە لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن تورکیاوەو داوایان کرد، لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ دەست پێبکرێت. یەکێک لە ئامانجەکانی هێرشە داگیرکارییەکان و هێرشە کیمیاییەکان بۆ سەر ناوچەی بەرخۆدانی وەرخەلی ئاڤاشینە.      

هاوڵاتی هەپەگە ناسنامەی ئەو گەریلایانە ئاشکرا دەکات کە لە سێ مانگی رابردودا بە چەکی کیمایی گیانیان لەدەستداوە و دەڵێت؛ لە شەش مانگدا سوپای تورکیا نزیکە دو هەزار و 500 جار هێرشی کیمایی ئەنجام داوە. ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بڵاوی کردەوە بەهۆی هێرشی سوپای تورکیا بە چەکی کیمیایی لە ناوچەکانی جودی لە هەرێمی کوردستان کە نزیکن لە سنورەکانی باکوری کوردستان 17 گەریلا گیانیان لەدەست داوە. لە ماوەی رابردودا هەپەگە ناسنامەی 27 گەریکلای خۆی ئاشکرا کردبو کە بە چەکی کیمایی سوپای تورکیا گیانیان لەدەست دابو. هەپەگە داوای لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردبو کە رێگریی لە تورکیا بکەن چەکی کیمیایی بەکار نەهێنێت. بە پێی ئامارێک کە پێشتر راگەیەنراوە، سوپای تورکیا لە شەش مانگی رابردودا دو هەزار و 467 جار چەکی کیمیایی لە دژی هەپەگە بەکارهێناوە.

هاوڵاتی دیپلۆماتێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند؛ واشنتۆن پشتیوانیی لە گۆڕینی رژێمی ئێران ناکات و وتەبێژی کۆشکی سپی ئاشکرای دەکات رێککەوتنی ئەتۆمیی کارا ناکرێتەوە. رۆبێرت مالی، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران رایگەیاند؛ واشنتۆن هیچ پشتیوانییەک بۆ گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران ناکات بەڵام چیتر هەوڵی رێککەوتن نادات لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە. مالی وتویەتی؛ ئەمریکا سورە لەسەر ئەوەی لە رێگەی دیپلۆماسییەوە رێگریی لە ئێران بکات کە دەستی بە چەکی ئەتۆمیی نەگات بەڵام کاری سەرەکیی ئێستای واشنتۆن کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی نییە، تەنها پشتیوانیی لە مافی هاوڵاتییانی ئێران دەکات دەکەین هاوشێوەی هەمو جیهان.  لە لایەکی دیکەوە کارین ژان پیەر، وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ لە ئێستادا واشنتۆن سەرنجی لەسەر هاوکاری و پشتگیریی خەڵکی ناڕەزایییە لە دژی دەسەڵاتی ئێران. لێدوانەکەی ژان پیەر لە کاتێکدایە ئەمریکا و ولاتانی بەشداربوی رێککەوتنی ئەتۆمیی نزیکەی یەک ساڵە لە چوارچێوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ڤیەننا سەرقاڵی کاراکردنی ئەو رێککەوتنەن کە ساڵی 2015 دوای 20 مانگ دانوستانی نێودەوڵەتیی هاتە ئاراوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا ساڵی 2018 کشانەوەی لە رێککەوتنەکە راگەیاند و ژمارەیەک سزای دژی ئێران سەپاند.

هاوڵاتی بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران،چوار زیندانیی دیکەی زیندانی ئێڤین کە بەهۆی جێگیر نەبوونی باری تەندروستییەوە بۆ نەخۆشخانە گواسترابوونەوە، گیانیان لەدەست دا. لەوبارەیەوە ناوەندی ڕاگەیاندنی دەزگای دادی ئێران بڵاوی کردەوە: پاش گیان لەدەست دانی 4 زیندانیی دیکە بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە کۆی ئەو زیندانییانەی بەهۆی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی زیندانی ئێڤین گیانیان لەدەست گەیشتە 8 کەس. هەر بەپێی ڕاپۆرتەکان هەر هەموو ئەو 8 کەسەی کە تا ئێستا گیانیان لەدەست داوە بە تاوانی، تاوانەکانی پێوەندییدار بە دزیەوە دەستگیر کرابوون.

هاوڵاتی لەڕاگەیەندراوێکدا ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی هاوپەیمانان ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشیان بەمەبەستی دەستگیر کردنی شانە نووستووەکانی داعش بەڕێوە برد.  روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ  ڕایگەیاند ھێزەکانی سووریای دیموکرات و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژە داعش لە رۆژھەڵاتی دێرەزوور ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەشیان بۆ دەستگیرکردنی چەکدارانی شانە نووستووەکانی داعش لەو ناوچەیە بەڕێوەبردووە. هەربەگوێرەی راپۆرتی ئەم رێکخراوە کە چاودێڕیی پێشهاتەکانی سووریا دەکات، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لە نێوان هاوپەیمانان و هێزە کوردییەکانی سووریا بۆ دەستگیرکردنی چەکدارانی ناوچەکانی ئەلحەواجی و ئەلساحەیل ئەنجام دراوە و لەم ئۆپەراسیۆنانەدا چەند ئەندامێکی داعش دەستگیر کراون. ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ هۆکاری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بە هەوڵی جددی داعش زانی بۆ ڕێکخستنی شانە نهێنییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەیرەزوور.

هاوڵاتی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی رووسیا، ئیگۆر كۆناشێنكۆڤ زانیاریی له‌باره‌ی چالاكییه‌كانی سوپای رووسیا له‌میانی جه‌نگی له‌گه‌ڵ ئۆكراینا، بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگەیاند له‌رێگه‌ی چه‌كی ئێجگار هه‌ستیاری دوور مه‌وداوه‌ له‌ ده‌ریا و ئاسمانه‌وه‌ هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر سیستمه‌كانی ئیداره‌ی سه‌ربازیی و وزه‌ له‌ ئۆكراینا. ئیگۆر كۆناشێنكۆڤ له‌ باره‌ی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانی رووسیا له‌ ژماره‌یه‌ك شاری ئۆكراینا، رایگه‌یاند: "له‌ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا هێرشه‌كانی سوپای رووسیا له‌رێگه‌ی چه‌كی ئێجگار هه‌ستیاری دوور مه‌وداوه‌ له‌ ده‌ریا و ئاسمانه‌وه‌ بۆ سه‌ر سیستمه‌كانی ئیداره‌ی سه‌ربازیی و وزه‌ له‌ ئۆكراینا به‌رده‌وام بوو. سه‌رجه‌م پێگه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌كان كرانه‌ ئامانج". كۆناشێنكۆڤ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ هێرشه‌كانی سوپای ئۆكراینا له‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئاڕاسته‌كانی كوپیانسك، لیسیچانكس، میكۆڵایڤ و كریڤی تێكشكێندراون و له‌و پێكدادانانه‌دا زیاتر له‌ ٣٠٠ سه‌ربازی سوپای ئۆكراینا له‌ چالاكی خراون و ژماره‌یه‌كی زۆریش پێداویستیی سه‌ربازیی له‌ناوبراون. جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ له‌ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، دوو ناوه‌ندی به‌ڕێوه‌بردن، شه‌ش كۆگای سووته‌مه‌نی و ناوه‌ندێكی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پێداویستیی سه‌ربازیی له‌ میكۆڵایڤ له‌ناوبراون و نۆ فڕۆكه‌ی بێفڕكه‌وانیش خراونه‌ته‌ خواره‌وه‌. ئیگۆر كۆناشێنكۆ رایگه‌یاند: "تا ئه‌مڕۆ ٣٢٣ فڕۆكه‌، ١٦١ هێلیكۆپته‌ر، دوو هه‌زار و ٢٥٦ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان، ٣٨٠ سیستمی به‌رگریی ئاسمانیی، پێنج هه‌زار و ٨٥٥ تانك و زرێپۆش، ٨٧١ مووشه‌كهاوێژی فره‌لووله‌، سێ هه‌زار و ٤٨٤ تۆپ و هاوه‌ن، شه‌ش هه‌زار و ٦١٠ ئۆتۆمبیلی تایبه‌تی سه‌ربازیی سوپای ئۆكراینا له‌ناوبراون".

هاوڵاتی دوای دیارنەمانیی بڕی ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لەدەستەی گشتی باجی عێراق، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق داوادەکات ئەو پارە دزراوانە بگەڕێننەوە بۆ خاوەنی راستەقینەی خۆیان، هەروەها چەند پێشنیازێکیش دەداتە لایەنەکان کە چۆن ئەو پارەیە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان بەکاربهێنن. جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە تویتێکدا لەبارەی "دزین"ـی 3.7 تریلیۆن دیناری عێراقی، کە دەکاتە نزیکەی 2.5 ملیار دۆلار تویتێکی کرد و تێیدا نووسیویەتی: "عێراق دەتوانێت چی بە پارە دزراوەکانی بکات کە چەندین ملیار دۆلارە؟ بۆ قوتابخانە، نەخۆشخانە، وزە، ئاو و رێگە و هی دیکەش." پلاسخارت هەروەها داواکارییەک لە بەرپرسانی عێراق دەکات و دەڵێت: "ئەو پارانە بگەڕێننەوە بۆ خاوەنی راستەقینەی خۆیان." جێگای ئاماژەیە رۆژی 15ى تشرینى یەکەمى 2022، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "ئەو کاتەى وەزیرى دارایی بووە بەوەکالەت، لێکۆڵینەوەى لە دزرانى 3.7 ترلیۆن دینارى عێراقى (2.5 ملیار دۆلارى) پارەى باج کردووە لە بانکى رافیدەین و ئەنجامەکەى رادەستى لایەنە پەیوەندارەکان و لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کردووە."

هاوڵاتی وته‌بێژی ته‌ندروستی سلێمانی رایگه‌یاند: ئه‌و منداڵه‌ی ورچه‌كه‌ی چاڤیلاند په‌لاماری دا ته‌ندروستی جێگیره‌.  سامان شێخ له‌تیف وته‌بێژی ته‌ندروستی سلێمانی به‌ هاوڵاتی راگه‌یاند: ئه‌و منداڵه‌ی ورچه‌كه‌ی چاڤیلاند په‌لاماری دا له‌نه‌خۆشخانه‌ی شار نه‌شته‌رگه‌ری بۆ كراو له‌ئێستادا ته‌ندروستی جێگیره‌. وتیشی: ده‌بێت ئه‌مشه‌و ئه‌و منداڵه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا به‌گشتی ته‌ندروستی جێگیره‌و له‌ژێر چاودێرییدایه‌.  

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ  دووشه‌ممه‌ 2022/10/17 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ڕێوڕه‌سمی ده‌رچوونی خولی بیست و حه‌وتی زانكۆی دهۆكدا به‌شدار بوو و وتاریكی ده‌رباره‌ی خوێندن و په‌روه‌رده‌ ئاراسته‌ی ده‌رچووان و ئاماده‌بووان كرد. نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌ی ده‌رچووان و پێویستیی بازاڕی كار هاوسه‌نگ نین و ڕه‌نگه‌ هه‌مووان نه‌توانن زوو كار بدۆزنه‌وه‌، به‌ڵام نابێ ده‌رچووان بێهیوا ببن، به‌ڵكو ده‌بێ به‌رده‌وام تواناكانیان پێشبخه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێكیان بتوانن خۆبه‌خشانه‌ له‌ ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كار بكه‌ن تا باشتر خۆیان پێبگه‌یه‌نن و شانسی دۆزینه‌وه‌ی كاریان زیاتر بێت. هه‌روه‌ها به‌ بیری ده‌رچووانی هێنایه‌وه‌ هه‌رگیز وا بیر نه‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ ته‌واوكردنی زانكۆ ئیتر پێویستی و هه‌وڵدانیان بۆ فێربوون كۆتایی دێت، چونكه‌ فێربوون و فراوانكردنی ئاستی زانین و تێگه‌یشتن دنیانبینیی مرۆڤ، هه‌رگیز كۆتایی نایه‌ت و تاكو مرۆڤ زیاتر بزانێت، باشتر له‌وه‌ تێده‌گات كه‌ هێشتا زۆری ماوه‌ بزانێت. بۆیه‌ پێویسته‌ ده‌ر‌چووان به‌رده‌وام ئاستی فێربوون و زانین و شاره‌زایییان به‌رزتر بكه‌نه‌وه‌ و ببنه‌ چرایه‌ك بۆ ڕووناككردنه‌وه‌ی ده‌وروبه‌ریان. سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ پێشكه‌وتنی خێرای زانست وته‌كنه‌لۆژیا وای كردووه‌ ژیانیش زۆر خێرا پێشبكه‌وێت، ئه‌وه‌ش پێویست ده‌كات مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی سه‌رده‌م پێشكه‌وێت و خۆی نوێ بكاته‌وه‌. هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌وه‌ وه‌ك تاكه‌كه‌س ئه‌ركی ئێوه‌یه‌ و وه‌ك سیستمی په‌روه‌رده‌ و خوێندن و فێركردنیش ئه‌ركی لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانه‌. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌: ئه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ پێویستییه‌كی ژیانییه‌ و وه‌ك پێشتیرش گوتوومانه‌ كلیلی سه‌ركه‌وتن، سیستمێكی باشی په‌روه‌رده‌یه‌. چونكه‌ به‌ ته‌نیا سیستمێكی باشی په‌روه‌رده‌ ده‌توانێت ئێستا و داهاتوومان مسۆگه‌ر و گه‌شتر و باشتر بكات و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو بنیات بنێت و گوتی: زانین و زانست و فێربوون، هێزێكی له‌بننه‌هاتووه‌، ئه‌و هێزه‌ی كه‌ ئێستا و داهاتوومان ده‌پارێزێت. نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ وێڕای هه‌موو پێشكه‌وتنه‌كان هێشتا زۆر كار ماوه‌ له‌ كوردستان بكرێت و ده‌بێ له‌ زۆر باری جیادا بنیات بنێین، هه‌ر له‌ بنیاتنانی مرۆڤ و مرۆڤسازییه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ سوودوه‌رگرتن له‌ هه‌موو ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كانی وڵات. بایه‌خدانی زیاتریشی به‌ خوێندنی پیشه‌یی و كردنه‌وه‌ی ئاماده‌یی و په‌یمانگه‌ و كۆلێژی پیشه‌یی به‌ پێویست زانی. بۆ دروستكردنی هاوسه‌نگیی نێوان بازاڕی كار و بواره‌كانی خوێندنیش، دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ سێگۆشه‌ی (حكوومه‌ت ـ بازاڕ ـ زانكۆ) پێكه‌وه‌ هاریكار و هه‌ماهه‌نگ بن. هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌ پێویستیی سوودوه‌رگرتن له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندیی سروشتی و مرۆیی و پته‌وكردنی ژێرخانی كشتوكاڵی، گه‌شتیاری و پیشه‌سازی و بایه‌خدان به‌ كار و بزنسی ئۆنلاین كرده‌وه‌. سه‌رۆكی هه‌رێم جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هێز و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ده‌بێ وانه‌ و په‌ند له‌ هه‌ڵه‌كانی ڕابردوو وه‌ربگرن، حكوومه‌تی نوێی عێراقیش ده‌بێ دۆخی وڵات واقعیانه‌ و وه‌ك خۆی ببینێت و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، به‌تایبه‌تی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئه‌مه‌ی به‌ كلیلی ئارامی و سه‌قامگیریی عێراق له‌ قه‌ڵه‌م دا.  

هاوڵاتی بانكێك ئیفلاسبوونی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت و ئاماده‌ش نیه‌ پاره‌ش بۆ هیچ كه‌س و لایه‌نێك بگه‌رِێنێته‌وه‌. د.نه‌رمین مه‌عروف غه‌فور، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، بە هاولآتی راگه‌یاند: بابه‌تی‌ ئیفلاسبوونی‌ بانكی‌ (دیجله‌ و فورات)، كێشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ دروستكردووه‌ له‌و شارانه‌ی‌ كاری‌ لقی‌ هه‌بووه‌، ئه‌و بانكه‌ بانكێكی‌ ئیسلامییه‌ و هه‌شت لقی‌ هه‌بووه‌ له‌ عێراق، كه‌ دووانیان له‌ هه‌ولێر و سلێمانی‌ بووه‌. وتیشی‌ "ئه‌م بانكه‌ له‌ (2016)ه‌وه‌ تووشی‌ قه‌یرانی‌ نه‌ختینه‌ بووه‌ و نه‌توانیووه‌ كاره‌كانی‌ خۆی‌ باش به‌ڕێوه‌ ببات، بۆیه‌ خراوه‌ته‌ ژێر چاودێری‌ بانكی‌ ناوه‌ندییه‌وه‌، به‌ڵام سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ تووشی‌ بووه‌ به‌رده‌وام بووه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كان له‌ پێدانی‌ قه‌رز و وه‌رگرتنی‌ ئه‌سپارده‌ی‌ بانكی‌ تاوه‌كو مانگی‌ 12ی‌ ساڵی‌ رابردوو". د.نه‌رمین مه‌عروف، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شیدا "یه‌كێك له‌ مامه‌ڵه‌كارانی‌ سه‌ره‌كی‌ بانكی‌ (دیجله‌ و فورات)، زانكۆی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ مرۆییه‌ له‌ سلێمانی‌، ئه‌م زانكۆیه‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆری‌ وه‌ك داهاتی‌ زانكۆكه‌ی‌ ئه‌سپارده‌ی‌ ئه‌م بانكه‌ كردووه‌ و ماوه‌ی‌ 13 ساڵه‌ حسابی‌ بانكیان تێیدا هه‌یه‌‌". باسی‌ له‌وه‌شكرد "بانكی‌ (دیجله‌ و فورات) له‌ مانگی‌ یه‌كی‌ ئه‌مساڵ به‌ نووسراوێك هه‌موو مامه‌ڵه‌كانی‌ دانان و راكێشانی‌ پاره‌ی‌ له‌ هه‌موو لقه‌كانی‌ راگرتووه‌، بۆیه‌ له‌دوای‌ مانگی‌ یه‌كی‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ زانكۆی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ مرۆیی‌ له‌ سلێمانی‌، نه‌یتوانیووه‌ پاره‌ له‌ هه‌ژماری‌ بانكییه‌كه‌ی‌ رابكێشێت". ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌شی‌ خستۆته‌ڕوو "به‌هۆی‌ ئه‌و بابه‌ته‌وه‌ زانكۆی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ مرۆیی‌ تووشی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ بووه‌، له‌مانگی‌ یه‌كی‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ نه‌یتوانییوه‌ خه‌رجییه‌كانی‌ خۆی‌ دابین بكات، بۆیه‌ له‌مانگی‌ 8ی‌ ئه‌مساڵ ئه‌م زانكۆیه‌ به‌ نووسراوێك داوایان له‌من كردووه‌ وه‌ك په‌رله‌مانتار به‌دواداچوون بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌یان بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانن پاره‌كه‌یان له‌و بانكه‌ وه‌ربگرنه‌وه‌، له‌كاتێكدا له‌ ئێستادا بانكه‌كه‌ ئاماده‌ نیه‌ هیچ پاره‌یه‌ك بگێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌سپارده‌ بانكییه‌كانی‌". د.نه‌رمین مه‌عروف، هێمای‌ بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ "بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (17ی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ 2022)، نووسراوێكم ئاڕاسته‌ی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ په‌رله‌مان كرد، كه‌ خۆشمم ئه‌ندامم تێیدا، چونكه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ كۆمه‌ڵێ‌ خه‌ڵكی‌ زۆره‌وه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ عێراچ نه‌ك ته‌نها زانكۆیه‌ك، به‌دڵنیاییه‌وه‌ مافی‌ هه‌زاران مامه‌ڵه‌كاری‌ بانكه‌كه‌یه‌ كه‌ هه‌موو پاره‌كه‌یان بۆ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌". ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، جه‌ختیشی‌ كرده‌وه‌ "له‌به‌ر رۆشنایی‌ نووسراوه‌كه‌ی‌ من بۆ لیژنه‌ی‌ دارایی‌، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق نووسراوێكی‌ ئاڕاسته‌ی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ كردووه‌، بۆ رونكردنه‌وه‌ی‌ رێكاره‌كانی‌ چۆنیه‌تی‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و بانكانه‌ی‌ كه‌ ئیفلاسبوونی‌ خۆیان راگه‌یاندووه‌، به‌مه‌به‌ستی‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ ماف بۆ خاوه‌ن ئه‌سپارده‌ بانكییه‌كان". رونیشیكرده‌وه‌ "ئێمه‌ له‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ چاوه‌ڕێی‌ وه‌ڵامی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ ده‌كه‌ین، سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ كه‌ ئه‌مه‌ بابه‌تێكی‌ گرنگه‌ و په‌یوه‌ندی‌ هه‌یه‌ به‌ مافی‌ مامه‌ڵه‌كارانی‌ ئه‌و بانكه‌ و هه‌موو بانكه‌ هاوشێوه‌كانی‌، كه‌ ئیفلاسبوونی‌ خۆیان راگه‌یاندووه‌".