هاوڵاتی سکرتێری گشتی ناتۆرایگەیاند:" هاوپەیمانێتیی ناتۆ نایەوێت ببێتە بەشێک لە کێشەکە و سەرباز و فڕۆکەی سەربازی نانێرێت بۆ پاڵپشتیی کیێڤ". سکرتێری گشتیی ناتۆ لە پۆڵەنداوە لەبارەی جەنگی روسیا و ئۆکراینا قسەی کرد، وتی، "پووتین ئاشتی لە ئەوروپا تێکداوە." سکرتێرەکەی ناتۆ جەختیکردەوە کە "بەرگری لە هەموو بستەخاکێکی" سەر بە ناتۆ دەکەن. لەبارەی ناردنی سەرباز بۆ ئۆکراینا و پاڵپشتیی وڵاتەکە، ستۆڵتنبێرگ وتی، "هێرشی رووسیا بەتەواوی قبووڵنەکراوە و لەلایەن بێلاڕووسەوە پاڵپشتی دەکرێت." ئەمڕۆ شەش رۆژە هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا دەستیپێکردووە. رووسیا هێزێکی زۆری بەرەو کیێڤ جووڵاندووە و بەیانیی ئەمڕۆ لە دەروازەکانی شاری خێرسۆن خاڵی سەربازییان دانا. هاوکات بە مووشەک نێوەڕاستی خارکیڤیان کردە ئامانج.
هاوڵاتی جێگری سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان رایگهیاند: "ههرێمی كوردستان پارێزگاری له مافه دهستورییهكانی خۆی و قهواره دهستورییهكهی دهكات و ئهم بڕیارهی دادگای فیدڕاڵی نادهستورییه و ههرێمی كوردستان بهردهوام دهبێت له پیادهكردنی مافه دهستورییهكانی خۆی". هێمن ههورامی، جێگری سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان ئهمڕۆ لهمیانی كۆبونهوهیهكدا لهگهڵ ئۆلیڤیێ دیكوتینێ، كونسوڵی گشتیی كۆماری فڕهنسا رایگهیاند، "ههرێمی كوردستان پارێزگاری له مافه دهستورییهكانی خۆی و قهواره دهستورییهكهی دهكات و ئهم بڕیارهی دادگای فیدڕاڵی نادهستورییه و ههرێمی كوردستان بهردهوام دهبێت له پیادهكردنی مافه دهستورییهكانی خۆی".
هاوڵاتی بهلهمێكی كۆچبهران له دوورگهیهكی وڵاتی یۆنان نوقم بوو، به وتهی سهرۆكی دهزگای لوتكه بۆ ئاوارهو پهنابهران تهرمی حهوت كهسی تیادا دۆزراوهتهوه. ئاری جهلال، سهرۆكی دهزگای لوتكه بۆ ئاوارهو پهنابهران له راگهیهندراوێكدا رایگهیاند: لە دورگەی میتیلینی وڵاتی یۆنان بەلەمێكی کۆچبەران نوقم بووە، كە تەرمی حهوت كەس تیادا دۆزراوەتەوە كەلە ناویاندا منداڵ ھەیە. ئهوهشی وتووه: "بە نوێنەرایەتی دەزگای لوتكە بە دواداچوون بۆ ناسنامەی ئەو تەرمانە دەكرێت".
هاوڵاتی سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازى له جەنەراڵ کیس فلپس، بەرپرسى باڵاى سەربازى و بەرپرسى نووسینگەى هاریکاریى ئەمنیى ئەمریکى لە عێراق كرد. له كۆبوونهوهيهكدا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "دوايين پێشهاته ئهمنييهكانى عێراق و بهرهنگاربوونهوهى ههڕهشه و مهترسييهكانى داعش تاوتوێكران و جهخت له گرنگيى هاريكارى و ههماههنگيى نێوان پێشمهرگه و سوپاى عێراق كرايهوه، بهتايبهتيش لهو ناوچانهى بۆشاييى ئهمنییان تێدايه." له تهوهرێكى ديكهى كۆبوونهوهكهدا باس له دوايين ههنگاوهكانى پرۆسهى چاكسازى له وهزارهتى پێشمهرگهدا کراوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ههردوولا هاوڕابوون لهسهر گرنگيى يهكخستنهوهى پێشمهرگه و بهردهواميى پشتگيريى ئهمريكايان بۆ پرۆسهكه و بۆ پێشكهشكردنى مهشق و راهێنان به پێشمهرگه به پێويستزانى. وەفدەكه سوپاسى رۆڵی نێچيرڤان بارزانييان له پرۆسهى چاكسازى و يهكخستنهوهى پێشمهرگهدا كردووە. وەفدەكه ئهمريكييهکە دووپاتیکردووەتەوە كه، بهرهنگاربوونهوه و تێكشكاندنى داعش بۆ ئهمريكا "كارى لهپێشينهيه" و لهو پێناوهشدا له نزيكهوه له كاركردن لهگهڵ هاوبهشهكانى له عێراق و ههرێمى كوردستان و ناوچهكه بهردهوام دهبێت. هاوکات "خۆشحاڵيى خۆيشيان به هاوكاريى پێشمهرگه و سوپاى عێراق دهربڕى." "پهيوهندييهكانى ههولێر و بهغدا، مهترسى و ههڕهشهكانى داعش له سووريا و دۆخى كهمپى ئهل هۆل له سووريا، دوايين پێشهاتهكانى دۆخى شهڕ له ئۆكرانيا و چهند پرسێكى ديكهى جێى بايهخى هاوبهش" لە کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندە ئەمریکییەکەدا باسکراون.
هاوڵاتی خاوەنی یانەی چێڵسی ئینگلیزی، دەیەوێت نێوەندگیری لەنێوان روسیا و ئۆکرانیا بکات. رۆمان ئەبرامۆڤیچ، دوای 20 ساڵ سەرۆکایەتی و خاوەندارێتی یانەی چێڵسی، دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی یانەکە بوو، و ئەرکی سەرپەرشتیکردنی یانەکە بە دەستەی خێرخوازی یانەکە سپارد، دوای ئەوەی دەستبەرداری پۆستەکەی بوو. ئەو پیاوە تەمەن 55 ساڵییە، ئێستا هەوڵدەدات رۆڵی هەبێت لە کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، لە رێگەی نێوەندگیرییکردن لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا. وتەبێژی ئەبرامۆڤیچ، لەو بارەیەوە، رایگەیاند "دەتوانم دووپاتی بکەمەوە کە لایەنی ئۆکراینی پەیوەندی بە رۆمان ئەبرامۆڤیچەوە کردووە بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات لە گەیشتن بە چارەسەرییەکی ئاشتیانە بۆ ئەو جەنگە". هەروەها دەشڵێت "ئەبرامۆڤیچ پێشوازی لەو داواکارییەی لایەنی ئۆکراینی کردووە و لەو رۆژەوە دەستی بە هەوڵەکانی کردووە". رۆمان ئەبرامۆڤیچ، یەکێکە لەو سەرمایەدار و ملیاردێرە رووسییانەی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ڤلادیمێر پووتینی سەرۆکی رووسیا هەیە، کە هەر بەو هۆکارەوە ئەو پیاوە لە لایەن بەریتانیاوە خۆشەویت نییە و ماوەیەکی زۆر رێگەی پێنادات بچێتە نێو خاکی بەریتانیا، سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی یانەی چێڵسی لەندەنییە، کە پاڵەوانی ئەوروپایە. ئەلیکساندەر رۆدنیانسکی، بەرهەمهێنەر و دەرهێنەری سینەمایی بەنێوبانگی ئۆکراینی، دەڵێت "رۆمان ئەبرامۆڤیچ تاکە کەسە پێشوازی لە داواکانی ئۆکراینا بۆ راگرتنی جەنگ کردبێت و بەرپرسانی حکومەتی ئۆکراینیش سوپاسی سەرۆکی چێڵسییان کردووە". ئەبرامۆڤیچ لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ قەیرانەکە و ئۆکراینییەکان پێیانوایە کە سەرەڕای ئەوەی تواناکانی رۆمان لەم بارەیەوە دیاریکراون، بەڵام ئۆکراینییەکان سوپاسگوزاری هەوڵەکانی ئەو پیاوەن، تەنانەت ڤۆلۆدیمیر زیلینیسکیی سەرۆکیش بە بایەخەوە سەیری هەوڵەکانی ئەبرامۆڤیچ دەکات.
هاوڵاتی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند:" زیادبوونی نرخ لە بازاڕەکاندا بەهۆی زیادبوونی نرخی فرۆشتنی دۆلارەوە نییە". بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی عێراق روونکردنەوەی دا لەبارەی هۆکارەکانی زیادکردنی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی و باسی لەوە کردووە، دابەزاندنی بەهای دیناری عێراق داهاتی حکومەتی بە رێژەی 23٪ زیادکردووە، بەمەش پارەی دابینکردووە بۆ پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و دەرفەتی داوەتە حکومەت پێویستییەکانی هاووڵاتیان دابین بکات و بودجەی وڵات باش بکات و لە مەترسی دووری بخاتەوە، جگە لەمەش سندوقی نێودەوڵەتیی دراو پشتیوانی لە پرۆسەی دابەزینی بەهای دینار کردووە، کە دۆخی دارایی عێراق باشتر دەکات بەتایبەتی لە توانای کێبڕکێی کەرتی تایبەت لە بەرامبەر هاوردەکردنی کاڵای بیانی و بووژانەوەی وەبەرهێنانی بیانی. عەلی عەللاوی ئاماژەی بەوەدا زیادبوونی نرخ لە بازاڕەکاندا بەهۆی زیادبوونی نرخی فرۆشتنی دۆلار نەبووە، بەڵکو بەهۆی ئەوەیە نرخی خۆراک لەسەر ئاستی جیهاندا لە ساڵی 2020وە زیادبووە. بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش سوودی بۆ عێراق هەبووە لەوانە چوار ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی لە ساڵی 2021 لەسەر عێراق کەمکردووەتەوە.
هاوڵاتی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند:" لەکۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەماندا سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێردرێت و ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانیش دیاری دەکرێن". ئەمڕۆ دووشەممە 28ی شوبات 2022 محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەماندا سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێردرێت و ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانیش دەنگیان لەسەر دەدرێت. ئەوەشی خستوەتەڕ، لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا داوایان لە وەزارەتی دارایی کردووە، چارەسەرێک بۆ ئەو کاریگەرییە نەرێنیانە بدۆزێتەوە کە بەهۆی دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی هاتونەتە ئاراوە و چارەسەرەکەش لە دوو هەفتەدا رادەستی پەرلەمان بکرێت. ئەوەش لەکاتێدایە بڕیارە سبەی سێشەممە دادگای فیدڕاڵی عێراق کۆببێتەوە و بڕیار لەسەر یاسایی بوون یاخود نایاسایی بوونی دوبارە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە بدات.
هاوڵاتی سهرۆكى ههرێمى كوردستان ههرچوار سهرۆكايهتییەکە له سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان كۆبوونهوه. لە راگەیێندراوێکیشدا دەڵێن، "بڕيارى دادگای فيدراڵیی عێراق پێچهوانهى دهق و گيان و بنهما راستهقينهكانى سيستمى فيدراڵييه و پێشێلكردنێكى زهق و ئاشكراى ماف و دهسهڵاته دهستوورييهكانى ههرێمى كوردستانه." بەپێی راگەیێندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەکە، چوار سەرۆکایەتییەکە جەختدەکەنەوە کە بڕیارەکهى دادگای باڵاى فيدراڵیی عێراق "قبووڵكراو نييه و ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پيادهكردنى مافە دەستوورییەکانی." دەشڵێت "به هيچ شێوهيهك دهست له ماف و دهسهڵاته دهستوورييهكانى ههڵناگرێت و ههموو رێگهيهكى ياسايى و دهستوورى دهگرێتهبهر بۆ ئهوهى ماف و دهسهڵاته دهستوورييهكانى ههرێمى كوردستان بپارێزێت." چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان چەند خاڵێکیشیان لەبارەی بڕیارەکە خستووەتەڕوو: 1- بڕيارى دادگای باڵاى فيدراڵیی عێراق پێچهوانهى دهق و گيان و بنهما راستهقينهكانى سيستمى فيدراڵييه و پێشێلكردنێكى زهق و ئاشكراى ماف و دهسهڵاته دهستوورييهكانى ههرێمى كوردستانه. 2- بڕيارهكهى دادگای فیدراڵیی عێراق به شێوهيهكى ناڕاستهوخۆ ههمواركردنێكى نادهستووريى دهستووره، چونكه بووهته هۆى لێسهندنهوهى دهسهڵاتێكى دهستووريى ههرێمهكان و بهخشينى به دهسهڵاتى فيدراڵى كه ئهمهش ناتهبايه لهگهڵ دهسهڵاتى دادگەى فيدراڵی و پاشگهزبوونهوهيه له سيستمى فيدراڵی. 3- دادگا له بڕيارهكهيدا پشتى به ياساكانى ساڵانى 1976 و 1985ـی عێراق بهستووه كه ياساى ناوهندين و لهگهڵ بنهماكانى دهستوورى ساڵى 2005ـى عێراقى تازهدا ناكۆكه كه سيستمى حوكمى له عێراق له ناوهندييهوه بۆ سيستمێكى فيدراڵى گۆڕيوه و بهڕوونى دهسهڵاتهكانى ههرێم و پارێزگاكان و دەسەڵاتی فيدراڵى دابەش کردووە. 4- ههرێمى كوردستان پێى وايه ئهم بڕياره جگه لهوهى بنكۆڵكردنى دهستوور و سيستمى فيدراڵييه، له ههمان كاتدا پێشى وايه مهرامى تايبهتى له پشته و بێلايهن نييه، بهتايبهتيش كه عێراق به دۆخێكى زۆر ههستيار و ئاڵۆزى سياسيدا تێدهپهڕێت و لايهنه سياسييهكان خهريكى گفتوگۆن بۆ لێكگهيشتن و دۆزينهوهى رێگهچارهيهك بۆ دهرچوون له چهقبهستوويى و بنبهستىی سياسى، ئهم بڕياره دۆخهكه ئاڵۆزتر دهكات. 5- دووپاتى دهكهينهوه گرێبهسته نهوتييهكانى ههرێمى كوردستان پاڵپشت به ياساى نهوت و گازى ههرێمى كوردستان و دهقى ماددهى (112)ـى دهستوورى عێراق ئهنجامدراون، ئهمهش له كاتێكدا دەسەڵاتە فیدراڵیيەکان دواى تێپهڕبوونى (17) ساڵ نهیانتوانی ئهركى ياسایی خۆيان جێبهجێ بکەن به دانانى ياسايهك بۆ نهوت گاز له عێراق، وێڕاى دهستپێشخهرييهكانى ههرێمى كوردستان له ساڵى 2007 و پاشگهزبوونهوهى حكومهتى ئهوكاتى فيدراڵ لهو رهشنووسه هاوبهشهى ياساى نهوت و گاز كه رێككهوتنى لهسهر كرابوو. 6- بە گرنگی دەزانین دادگاى باڵاى فيدراڵیی عێراق به ياسايهكى نوێ و بەپێی حوكمهكانى ماددەی (92)ى دەستوور پێک بێت و ئەرکهكانى بەپێی دەستوور جێبەجێ بکات، ههروهها ههموو ئهو دامهزراوه دهستوورييانهش بهپێى دهستوور ياسايان بۆ دهربچێت و پێكبێن كه زامنى بهرجهستهكردنى سيستمى فيدراڵين. لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لهم پێناوهدا سەرۆکایەتيی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسيیەکانی ناوخۆی ھەرێمى كوردستان و عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت بۆ گرتنەبەری ھەر رێکارێک بۆ پارێزگاریکردن لە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمى كوردستان. ھەروەھا پهرلهمانى كوردستان رێكارى یاسایی و دەستووريی پێويست دهگرێتهبهر و ئەنجوومەنی دادوەريی ھەرێمی کوردستان لە پێگە دەستوورییەکەی خۆیەوە بەردەوام دەبێت لەگەڵ ناوەندە دادوەرییەکانی عێراقدا بۆ داکۆکیکردن لەسەر دەستووریبوونی مافەکانی ھەرێمی کوردستان." حكومهتى ههرێمى كوردستانيش وهك ههميشه لهسهر بنهماى دهستوور "ئامادهى چارهسهركردنى كێشهكانه و بەردەوام دەبێت له گفتوگۆى بنياتنهرانه لهگهڵ حكومهتى فيدراڵى، دۆستانى عێراق و كۆمهڵگهى نێودهوڵهتيش پشتگيرى له چارهسهركردنى كێشهكان لهسهر بنهماى دهستوور دهكهن."
هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" دەیان هەزار پیشەوەر لە هەرێمی کوردستان هەن کە یەک هەزار دیناریش باج بە حکومەت نادەن". دەشڵێت: " 80٪ی داهات کە لە باج کۆکراوەتەوە هی کۆمپانیاکانە". رۆژی دووشەممە 28-02-2022، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارەی (97)ی خۆی بە سەرۆکایەتیی عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا کرد کە میوانداری دکتۆر کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان کرد. وەک لەکارنامەی دانیشتەنەکەدا ئاماژەی پێکرابوو، دکتۆر کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەی لەسەر باجەکان لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی خستەڕوو. بە وتەی دکتۆر کەمال وەرتی، بەوپێیەی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، "ئێمە یاسایەکی سەربەخۆمان نییە بۆ رێکخستنەوەی باج لە هەرێمی کوردستان، واتە بۆمان نییە لەخۆمانەوە هیچ باجێک بسەپێنین و یان لە نوێوە دایبنێین، بۆیە ئەوەیە ئەوەی هەیە هەمووی یاسا کۆنەکانی عێراقین، هەمووشی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پەنجاکان و شەستەکان و هەشتاکان، لەوانە یاسای خانووبەرە هی ساڵی 1962ـە، باجی زەوی بەتاڵ 1962ـە، باجی دەخل 1982". کەمال وەرتی، ئاماژە بەوە دەدات کە زۆربەی زۆری ئەو یاسایانە لە هەرێمی کوردستان "لە بەرژەوەندی هاونیشتمانیان پەرلەمانی کوردستان لە قۆناخە جیا جیاکاندا هەمواری کردوونەتەوە". بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەو یاسانە و ئەو چاکسازیانە کرد کە لەبواری باجدا کراون. کەمال وەرتی، باسی باجی کۆمپانیاکانی کرد و وتی: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی زۆر باج لەسەر کۆمپانیاکان دەسەپێنین، باجی کۆمپانیا 15٪ـە لە قازانج وەردەگیرێت، کە ئەوەش کەمترین رێژەیە لە عێراق بەراورد بە هەموو دونیا". کەمال وەرتی دەڵێت: "ئەگەر هاتوو کۆمپانیایەک راپۆرتی دارایی خۆی پێشکەشکرد و دەسەڵاتی دارایی راپۆرتەکەی رەتکردەوە، ئەوکاتە کێشەکە لێرە دەستپێدەکات. لەبەر ئەوەی هەرێمی کودستان سەرخان و ژێرخانی لە رووی داتاو زانیاری و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای زانیاری لە ئاستێکی پێشکەوتوو و تۆکمە رێکوپێکدا نەبووە، بە ئاسانی باجدەران خۆیان لە دانی باج دەدزنەوە و قازانجەکانیان ناخەنەڕوو. بۆیە بەپێی ماددە 26 لە یاسای باجی دەخل راستەوخۆ پەنا دەبردرێتە بەر خەمڵاندن، سیستەمی خەمڵاندنیش سەرکەوتوو نابێت، چونکە لەسەر بنەمای داتا و زانیاری نییە". بە وتەی کەمال وەرتی گەورەترین گرفتی ئەوان ئێستا لە سێکتەری باج کە دووچاری بوونەتەوە "بابەتی نەگەیشتنە بە داهاتی راستەقینەی باجدەر، چونکە لە هەر دامودەزگایەکی حکومی پرسیار دەکەی.. زانیاری لەسەر ئەو کۆمپانیایە نییە". بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بە سوپاسەوە ئێستا ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر هێڵە بۆ دانانی سیستەمێکی ئەلیکترۆنی پێشکەوتوو، بۆ ئەوەی بتوانین بەسەر ئەو ئاریشە و کێشانە زاڵ ببین و بەمەش لەمە بەدوا کار بە خەمڵاندن ناکرێت، راستەوخۆ لەسەر راپۆرتی دارایی کۆمپانیاکان دەڕۆین". کەمال وەرتی ئاماژە بەوەش دەدات کە لە ساڵانی رابردوو کۆمپانیاکان "فێڵییان" لە حکومەت کردووە و بە "کارەساتی زۆر گەورە" ناوی دەبێت و دەشڵێت: " کۆمپانیا هەبووە بە ترلیۆن دینار ئیشی کردووەو بە سەتان ملیار دینار قازانجی کردووە، کەچی گوتوویەتی 10 ساڵ لەسەر یەک زەرەرم کردووە". بە وتەی بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان "سەرووی 95٪ی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بودجەی ساڵانەیان کە پێشکەشکردووە، هەمووی وەهمی بووە". کەمال وەرتی ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان هەڵمەتێکی فراوانیان دەستپێکردووە "لەگەڵ ژمێرکارەکان و پارێزەران و بەڕێوەبەری کۆمپانیاکان لایەنە پەیوەندیدارەکان دانیشتووین، ئەو بەرنامەیەی حکومەتمان لە نزیکەوە پێ راگەیاندون، بە زووترین کات هەرکەسێک لەمە بەدوا فێڵ بکات.. رێکاری یاسایی تووندی لەبەرامبەر دەگیرێتە بەر. لەسەر فێڵکردنیش تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار کۆمپانیا سزادراون، بە سەتان کۆمپانیا دراونەتە دادگە". کەمال وەرتی هۆکاری زیادبوونی داهاتی باج بۆ گرتنەبەری رێکارەکان دەگەڕێنێتەوە نەک زیادکردنی باج و دەشڵێت: "رێژەی باج لە قازانج هەروەکو خۆیەتی کە 15٪ـە، بەڵام رێکار و میکانزمەکان تووندوتۆڵ و تۆکمەکراون، هەموو ئەو رێکارانەش وایانکردووە کە داهاتی باجی کۆمپانیاکان زیاد ببێت". کەمال وەرتی ئاماژە بەوەش دەدات، بەپێی یاسای ژمارە 113ی ساڵی 1982 باجی پیشەوەرانیش رێکخراوەو دەڵێت: " باجی پیشەوەرانیش لە هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی پیشەوەران رێکخراوەو، ئەوە نییە جیاوازی لەنێوان پیشەوەرێک و پیشەوەرێکی دیکەدا نەکرێت، بە سەتان پیشەوەر هەن یەک دنیاریش باج بە حکومەت نادەن، بۆ نموونە نانەواخانەیەک خۆی و خێزانی بێت، خاوەنی نانانەواخانەکە یەک سەرچاوەی داهاتی هەبێت و 4 منداڵیشی هەبێت، ساڵانە حکومەت بە 6 ملیۆن دینار قازانجەکەی دەخەمڵێنێت، بەڵام لێخۆشبوونی یاسایی کاسبارەکە خۆی 2 ملیۆن و نیوە، خێزانی 2 ملیۆن و نیو، بۆ هەر منداڵکێک 300 هەزار لێخۆشبوونی هەیە، کەواتە 6 ملیۆن و 200 هەزار دینار حکومەت لێی خۆش دەبێت، کەواتە حکومەت قەرزداریشی دەبێتەوە". کەمال وەرتی دەڵێت: "بە دەیان هەزار پیشەوەر لە هەرێمی کوردستان هەن کە یەک هەزار دیناریش باج بە حکومەت نادەن. سەرتاشخانەمان هەیە ساڵانە 8 هەزار دینار باجی بە حکومەت داوە، هەشە 2 ملیۆن دینار باجی داوە". سەبارەت بە داهاتی باج و جیاوازی ئەو داهاتەی لە باجدەران و باجی کۆمپانیاکان هەیە، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: " دهاتی 500 هەزار باجدەر لە سەرتاسەری کوردستان نەگەیشتووەتە 80 ملیار دینار، بەڵام داهاتی کۆمپانیاکان زیاتر لە 500 ملیار دینار بووە. واتە 80٪ی داهات ئەوەی لە باج کۆکراوەتەوە هی کۆمپانیاکانە".
هاوڵاتی وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند:" پێیوانییە ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا چەکی ئەتۆمی لە هێرشەکانی بۆسەر ئۆکرانیا بەکاربهێنێت". دەشڵێت: "چەکی ئەتۆمیی وڵاتەکەمان دەخەینە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە". وەزیری بەرگریی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکات، "دەبێت نیگەرانبین کە دەوڵەتێکی وەکو روسیا باوەڕی وایە کە یاساکان بۆ ئەوان نین"، دەشڵێت، دەبێت خۆیان ئامادەکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دێتەپێش. بە وتەی واڵاس، هێزەکانی روسیا لە ئۆکرانیا لەژێر گوشاردان و خۆیان رێکدەخەنەوە، "ئۆکرانیییەکان شەڕێکی زۆر سەخت دەکەن". وەزیرە بەریتانییەکە پێیوایە کە ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا "هەڵسەنگاندنی هەڵە"ی کردووە لەوەی باوەڕی بەخۆی هێناوە گەلی ئۆکراینا چاوەڕوانی ئەوە بووبن ئازادبن لەدەست حکومەتی وڵاتەکەیان. وەزیری بەرگریی بەریتانیا دەشڵێت، "دەبێت خۆمان ئامادەکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دێتەپێش کە لەوانەیە بۆردوومانی بێبەزەییانەی شارەکان، پێشڕەویی زیاتری سەربازی و کەوتنەوەی ژمارەیەکی زۆر قوربانیی لێبکەوێتەوە، ئەوەش ترسناکە".
هاوڵاتی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاند:" سکاڵا لەسەر ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس تۆماردەکەم". ئەمڕۆ دووشەممە 28ی شوباتی 2022 هۆشیار زێباری لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی دیجلە ڕایگەیاند، سکاڵا لەسەر قائانی تۆماردەکات بەهۆی ئەوەی هەندێک دیبلۆماتکاری ئێرانیی لەپشت کاندیدکردنیەوە بوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار. ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕاشیگەیاند:" بڕیارەکەی ئەمدواییە کە دژی ئەو بووە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بووە". بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق هۆشیار زێباری کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستەکە دورخرایەوە، ئەویش بەهۆی ئەو دۆسیە یاساییانەی دژی ناوبراو جوڵێندران.
هاوڵاتی بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند:" حکومەتی خزمەتگوزار و تەوافق لەسەر بنەمای شەراکەت و ھاوبەشێتی راستەقینە دروست دەکرێت، نەک ئەوەی سیاسەتی پەراوێزخستن و سەپاندنی زۆرینە بکرێتە بنەما، کە لەم ھەلومەرجەدا ئەم جۆرە بیرکردنەوە و ھەنگاوانە دۆخی عێراق و ھەرێم بەرەو ئاڵۆزی دەبات". ئەمڕۆ یەکشەممە نوسینگەی راگەیاندنی بافڵ جەلال تاڵەبانی بڵاویکردەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیکرد لە ماتی لاسیلا، باڵیۆزی فینلاند لە عێراق، لە دیدارێکدا تاوتوێی دواین پەرەسەندنە سیاسی، ئابوری و ئەمنییەکان لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێم کرا. بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی فینلاند لە عێراق کۆبوەوە و رایگەیاند، حکومەتی خزمەتگوزار و تەوافق لەسەر بنەمای شەراکەت و ھاوبەشێتی راستەقینە دروست دەکرێت، نەک ئەوەی سیاسەتی پەراوێزخستن و سەپاندنی زۆرینە بکرێتە بنەما، کە لەم ھەلومەرجەدا ئەم جۆرە بیرکردنەوە و ھەنگاوانە دۆخی عێراق و ھەرێم بەرەو ئاڵۆزی دەبات. ئەوەش هاتوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی وێڕای ئاماژەدان بە پێشھاتە سیاسییەکان و ھەنگاوەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، ھەڵوەستەیکرد لەسەر سیاسەتی یەکێتی و رونیکردەوە کاتێک "دەڵێین حکومەتی خزمەتگوزار و تەوافق لەسەر بنەمای شەراکەت و ھاوبەشێتی راستەقینە، لەپێناو سەقامگیری سیاسی، ئابوری، ئەمنی و خوشگوزەرانی زیاترە لە وڵات، نەک ئەوەی سیاسەتی پەراوێزخستن و سەپاندنی زۆرینە بکرێتە بنەما، کە لەم ھەلومەرجەدا ئەم جۆرە بیرکردنەوە و ھەنگاوانە دۆخی عێراق و ھەرێم بەرەو ئاڵۆزی دەبات و بەربەست و رێگرییەکانیش زۆرتر دەبن لە بەردەم چاکسازی و خزمەتکردندا." ئاماژەی بەوەشکردوە، "وەک کوردیش بۆ کۆی پرسەکان لەگەڵ یەکڕیزی کوردستانین و نامانەوێت لە دەرەوەی بەرەی نیشتمانیی ھیچ ھەنگاوێک بنێین، بەڵام کاتێک لە دەرەوەی ئیرادەی نەتەوەیی و بەرژەوەندی گشتی رێککەوتن بکرێت، یەکێتیش خاوەنی ستراتیژی خۆی دەبێت و پەنا بۆ رێگا چارەی تر دەبات کە بەدڵنییایەوە ھەر ھەنگاوێکیش بنێین بەرژەوەندی گشتی تێدا دەپارێزرێت و پاراستنی مافی میللەتەکەمان لەسەرو ھەمو پۆست و ئیمتیازاتێکەوە دەبینین." نوسینگەی راگەیاندنی بافڵ جەلال دەڵێت، ھەر لە دیدارەکەدا بە گرنگییەوە باس لە رۆڵی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە جەنگی روبەڕوبونەوەی تیرۆر کرا و ھاریکار و ھاوکاری نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان بە فاکتەری ئارامی و ئاسایشی زیاتر لە قەڵەم درا.
هاوڵاتی كۆمپانیای گازپرۆم-ی روسی رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە گواستنەوەی غاز بۆ ئەوروپا لە رێگای ئۆكرانیاوە و ھێرشی سەربازیی روسیا بۆسەر ئۆكرانیا، كاریگەریی نەكردووەتە لەسەر ھەناردەكردنی غاز لە رووسیاوە بۆ ئەورووپا. ئاژانسی ھەواڵیی "TASS"ی روسیی بڵاوی كردەوە، سێرگی كۆبریانۆڤ، وتەبێژی كۆمپانیای گازپرۆم، رایگەیاندووە "لە ٢٧ی ئەم مانگەوە، قەبارەی غازی گواستراو بۆ ئەورووپا، دەگەیەنین بە ١٠٧ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار مەتر سێجا لە رۆژێكدا". سێرگی كۆبریانۆڤ ئاماژەی بەوەشداوە، ھێرشی سەربازیی روسیا بۆسەرئۆكرانیا، كاریگەریی نەكردووەتە سەر ھەناردەكردنی غاز لە روسیاوە بۆ ئەوروپا و وتی: "ھەناردەكردنی غاز لە روسیاوە بۆ ئەوروپا، وەك ئەوەی ئێستا ھەیە، بەردەوام دەبێت". كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەورووپا، ئەمریكا، بەریتانیا و كەنەدا بەھۆی ھێرشی روسیا بۆسەر ئۆكرانیا رێككەوتن لەسەر دەركردنی بانكەكانی رووسیا لە كۆمەڵەی پەیوەندیی دارایی جیهانیی نێوان بانكەكان "SWIFT" كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا دەستەبەری گواستنەوەی پارە دەكات.
هاوڵاتی دوای ئەوەی پۆتن هێزە ئەتۆمیەكەی وڵاتەكەی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، سکرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند:" هۆشدارییەكە "نابەرپرسیارانە" و " مەترسیدار" ە. یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ دەڵێت، شێوازی قسەکردنی پوتن لەوبارەیەوە "مەترسیدارە. ئەم رەفتارەی نابەرپرسانەیە". سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژە بەوە دەکات، "بە دڵنیاییەوە، ئەگەر ئەم قسانە و ئەوەی لە ئۆکرانیا دەیکەن لە بەرپاکردنی جەنگ دژی دەوڵەتێکی سەروەر و سەربەخۆ و ئەنجامدانی داگیرکارییەکی تەواو لە ئۆکرانیا، پێکەوە گرێبدەیت؛ ئەوە دەردەکەوێت کە دۆخەکە چەند مەترسیدارە". سکرتێری گشتیی ناتۆ داوا لە ئەمریکا و ئەوروپا دەکات کە "بەڕاستی یەکبگرن" دژی دەستدرێژیی سەربازیی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا و "هەڕەشە زارەکییەکان"ی پووتین. ستۆڵتنبێرگ ئاماژە بەوە دەکات "ناتۆ جەنگی لەگەڵ روسیا ناوێت و رووبەڕووبوونەوە و پێکدادانمان ناوێت.. ئێمە هاوپەیمانێتییەکی بەرگریکارین، بەڵام دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی کە لێکتێگەیشتنی هەڵە و هەڵە تێگەیشتن لە تواناکانمان بۆ بەرگری و پاراستنی هاوپەیمانەکانمان رێگەپێدراو نییە".
هاوڵاتی وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" خەرجیەکانیان بە رێژەی 10٪ زیادیکردووە، لە بەرامبەردا داهاتی وەزارەتەکە بە رێژەی 54٪ زیادیکردووە". ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی شووباتی 2022، وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی رابردووی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە خەرجی وەزارەتەکە ساڵی رابردوو 60 ملیار و 543 ملیۆن و 205 هەزار و 997 دینار بووە، بەراورد بە ساڵی 2020، بە رێژەی 10٪ زیادی کردووە. هەروەها داهاتی وەزارەتەکە لە ساڵی 2021دا 154 ملیار و 485 ملیۆن و 557 هەزار و 576 دینار بووە، بەراورد بە ساڵی پێشتر 54٪ زیادی کردووە، داهاتی وەزارەتەکە لە ساڵی 2016دا، 62 ملیار و 864 ملیۆن و 504 هەزار و 913 دینارە، بەمەش داهاتی وەزارەتەکە لە ساڵی 2021 بەراورد بە ساڵی 2016 بە رێژەی 150٪ زیادی کردووە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی داد ساڵی رابردوو 72 هەزار و 863، مامەڵەی کرین و فرۆشتن (خانوو، زەوی) لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کراوە، کە بەراورد بە ساڵی 2020 بە رێژەی 28٪ زیادی کردووە. هەروەها زیاتر لە 20 هەزار کارتی زەوی کراوە بە سەندی تاپۆ (وێنەی تۆماری هەمیشەیی). مامەڵە رەفتارییەکان (التصرف علی الملک) لە ساڵی 2021دا 123 هەزار و 196 مامەڵە کراوە، کە بە رێژەی 44٪ زیادی کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی داهاتی فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان، هەر بۆیە لەم ساڵەدا داهاتیان زیاترە لە 146 ملیار دینار.