هاوڵاتى سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی مادلین ئۆڵبرایت، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا کردووە و دەڵێت، "جێگەیەکی تایبەتی لە مێژووی کوردستاندا هەیە و رۆڵێکی گرنگی لە کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆی ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی رابردوو هەبووە". رۆژی چوارشەممە، 23-03-2022 مادلین ئۆڵبرایت، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ، لە تەمەنی 84 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. مادلین ئۆڵبرایت لە ساڵانی 1997 تاوەکو 2001 کە نێوەندگیریی رێککەوتنی پارتی  و یەکێتی لە واشنتن کرد. لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 1998 ئۆلبرایت، نێوەندگیریی مام جەلال، سکرتێری گشتی ئەوکاتی یەکێتی و سەرۆک مەسعود بارزانی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆ و رێککەوتنێکی لێکەوتەوە کە بە رێککەوتنی واشنتن ناسرا و قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی ئەو دوو حزبە دوای رێککەوتنەکە هاتەکایەوە.  لەکاتی رێککەوتنەکە، مادلین ئۆڵبراین هۆشداریی دایە حکومەتی ئەوکاتی عێراق کە هیچ دەستێوەردانێک نەکات کە کێشە بۆ رێککەوتنەکە دروست بکات.

عەمار عەزیز  حكومەتی هەرێم جگە لەمووچەیان پاداشتێكی بۆ ئەو پزیشك و پەرستار و كارمەندانەی دابین كردووە كە لەنەخۆشخانەكانی كۆرۆنا دەوام دەكەن، بەڵام تائێستا پێییان نەدراوە . عەبدولستار ئەحمەد، كارمەندی تەندروستی لە بەشی تاقیگەی پشكنینی كۆرۆنا كەهەر 2019 و سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تا ئێستا لەسەر كارەكەی بەردەوامە بە بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە لە 2019 سەرۆكی حكومەت پاداشتێكی تایبەت بۆ ئەو پزیشك و پەرستار و كارمەندانە دابین كرد كە لەنەخۆشخانەكانی كۆرۆنا دەوام دەكەن، لە مانگی نیسانی 2019 ئەو بڕە پارەیەیان وەرگرت، وتیشی:» مانگانە 500 هەزار دینار بوو، بەڵام بەداخەوە لە 2021 كەمكرایەوە بۆ 300 هەزار دینار « عەبدولستار ئەحمەد ووتیشی «  پاداشتەكانی مانگی 11 و 12 ساڵی 2020بە ئێمە نەدراوە و خوڕاوە، دواتر لە 2021 پاداشتەكەی من و تەواوی كارمەندان كەمكرایەوە ، هی من 200 هەزار یان بڕی ، سەرەتا 500 هەزار دینارم وەردەگرت ئێستا بووە بە 300 هەزار دینار ، چەند جارێك پرسیارمان كردوە كوا پارەی ئەو دوو مانگە بە ئێمە دەڵێن پارە نیە» «جارێك سەرۆكی حكومەت سێ ملیار دینار و جارێكی تر 905 ملیۆن دینار بۆ ئەو كارمەندانە دابین كرا كە لەنەخۆشخانەكانی كۆرۆنا دەوام دەكەن ، پرسیاری ئەو پارەمان كرد دیسان ووتیان بۆ هەندێك شتی تر خەرجكراوە، ژمارەیەك خێرخواز و كەسایەتی و رێكخراوەكان پارەیان بۆ كارمەندانی نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا دابین دەكرد بەڵام بۆئێمە خەرج نەكراوە ، نازانین ئەو پارەیە بۆچ شوێنێك رویشتووە و چوون خەرجكراوە « عەبدولستار ئەحمەد وا دەڵێت .  سەباح عەلی ، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت « بەدواداچوونمان كردوە بۆ ئەو بابەتە دەڵێن پارە نەماوە بۆ ئەو كارمەندانە خەرجی بكەین كە بڕی پێویستی پارەكە بۆ ئەو كارمەندانە دابین كرابوو، بەڵام دیارنەماوە «

سازدانی: ئارا ئیبراهیم یەكێك لەو حەوت كەسەی چاودێری كارەكانی گۆڕان دەكەن بۆ گەیشتن بە كۆنفرانسی نیشتمانی دەڵێت:» پارتی رێككەوتنی حكومەتی بەرانبەر گۆڕان جێبەجێ نەكرد، ئەگەر ئەوان ئەو رێككەوتنەیان جێبەجێ بكردایە وەك خۆی ئێستا دۆخەكە وای لێ نەدەهات و دەشڵێت:» پێویستە گۆڕان بڕیار بدات». نزار مەحمود، یەكێك لەو حەوت كەسەی چاودێری كارەكانی گۆڕان دەكەن بۆ گەیشتن بە كۆنفرانسی نیشتمانی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى ئەوە دەخاتەروو كە» هیچ وەزارەتێك بە وەزارەتی دارایشەوە هیچ دەسەڵاتێكیان نییەو تەنها هەندێ كاروباری رۆژانە جێبەجێ دەكەن». هاوكات جەختی لەوەشكردەوە كە»بۆ دابینكردنی مووچە حكومەت تەنها 350 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت دەدات بە وەزارەتی دارایی، ئەوی دیكەی بەپێی رێكەوتنێك پارتی بەرێژەی لەسەدا 57 و یەكێتی بەرێژەی لەسەدا 43% داهاتەكان دەدەنەوە بەوەزارەتی دارایی و ئەوی دیكەی لای خۆیانە». هاوڵاتى: ئێوە وەك حەوت كەس دیاری كراون بۆ ئەوەی سەرپەرشتی گۆڕان بكەن تا دەگەنە كۆنفرانس، كە بڕیاربوو لەمانگی شوبات ئەنجام بدرێت؟ بۆچی نەكراوە؟ نزار مەحمود: وادەكەی بە فەرمی دیاری نەكرا، رەئییەك هەبوو كە لەمانگی شوباتدا كۆنفرانسی نیشتمانی ببەسترێت، بەڵام بریاری لەسەر نەدراوە، چونكە لە راستیدا ئەم پرسە پەیوەندی بە رێكارەكانییەوە هەیە تا كاتەكەی دیاری بكرێت. كاتەكەی لە ژووری یاسایی و هەڵبژاردنی گۆڕانەوە هەیە، ئەوانیش بەپێی تەواوبونی رێكارەكان وادەكەی دیاری دەكەن، راستە ئێمە پەلەمانە بەڵام هێشتا رێكارەكان تەواو نەبووە. هاوڵاتى: چیتان كردووە وەك حەوت كەسە بۆ ئەوەی گۆڕان لەم قۆناغە رزگاری ببێت و بگاتە كۆنفرانس؟ نزار مەحمود: جگە لە ئێمە لیژنەیەكی باڵای كۆنفرانسمان هەیە ئەوانەی كە راپۆرتەكانیان لایەو نزیكەی حەوت راپۆرت ئامادە دەكرێت، هەر راپۆرتێك لیژنەی فەرعی خۆی هەیەو ئیشیان لەسەر كردووە بۆ ئەوەی تەواو ببێت و ئێمەش جۆرێك لەهەماهەنگیمان هەیەو چاودێری كارەكەیان دەكەین. قۆناغەكە گۆڕانكاری دیكەی پێویستە، هەندێ لە راپۆرتەكان لەسەدا 80% تەواو بووە، بەڵام گۆڕانكاری دیكەی پێویستە و دەبێت بە شێوەیەكی دیكە مامەڵەی لەگەڵدا بكەیت، بەتایبەت وەزعێكی نوێ بۆ گۆڕان هاتۆتە پێشەوە كە هەم لە بۆچونەكان و هەڵوێستەكانەوە بێتە دی. هاوڵاتى: گۆڕان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كورسی بەدەست نەهێنا، بەڵام ئایا یەكسانە بە سفر؟ نزار مەحمود: ئێمە حزبێكی سیاسین بەرنامەیەكی هەیەو دەڵێت دەنگ بدەن بەم بەرنامەیە بۆ ئەوەی بۆتان بكەم، بەشێكی خەڵك لەوانەیە قەناعەتت پێ بكاو بەشێكی پێت نەكات، ئێمە لەسەر هەندێ هەڵەی رۆژانە كە كردوومانە و ئەوانەی دەنگدەرمان بوون قەناعەتیان بەو وەزعە نەبووەو دەنگیان پێ نەداین، ئەمە ناكاتە ئەوەی كە  واز لە عەمەلییەی سیاسی بهێنین، حزبی سیاسی دایمە دەبێت كار بكات و لەهەوڵدا بێت. هاوڵاتى: ئایا بزوتنەوەی گۆڕان دەبێتەوە بەو بزوتنەوەیەی پێشتر؟ نزار مەحمود: ئێمە هەر ئەو بزوتنەوەیەی پێشترین، مرۆڤیش هەڵەو كەموكوری هەیە، ئێستا كە زانی كەموكوری هەیە پێداچونەوە بە خۆیدا دەكات. هاوڵاتى: پێتانوایە بەشداری كردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا بە زەرەر بەسەر گۆڕاندا شكایەوە؟ نزار مەحمود: ئێمە كە بەشداری حكومەتمان كردووە بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بووەو دەنگیان پێدا بە دەرچەیەكی باشمان دەزانی كە ناكرێت هەر ئۆپۆزسیۆن بین و داوای چاكسازی بكەین، با خۆمان بچین و كار بكەین بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لەناو حكومەتدا، هەر چۆنێك بێت ئەم میللەتە رزگار بكەین ئەگەر چاكسازییەكی كەمیش بكەین هەر باشە، بەڵام دیار بوو جەماوەرەكەی ئێمە ئەوەیان پێ قبوڵ نەكرا. هاوڵاتى: پێتانوایە پارتی لە ئاست ئەو بەڵێنەدا نەبوو كە رێككەوتنتان لەگەڵدا كردووەو بەندەكانی جێبەجێ نەكردووە؟ نزار مەحمود: بە تەئكید ئێمە رێككەوتنمان لەگەڵ پارتیدا هەبووە، جا ئەگەر ئەوان ئەو رێككەوتنەیان جێبەجێ بكردایە وەك خۆی ئێستا دۆخەكە وای لێ نەدەهات. كاتێك كە بەشداریمان لە حكومەتدا كرد بۆ ئەوەبوو كە چاكسازی بكرێت كاتێك بەرنامەكەی خۆیان هێنا پارتی هیچی لەوەی ئێمە كەمتر نەبوو بۆ چاكسازی، ئێمە بینیمان ئەوان ئاوا چاكسازیان بوێت و یەكێتی داوای دەكرد، وتمان بە هەموولایەك چاكسازی دەكەین، بەڵام هیچی جێبەجێ نەكرا. ئێستا دۆخەكە خراپترە لەو كاتەی كە ئێمە بەشداریمان لە حكومەتدا كردووە كە ئەوكات دوو ئیدارەیی كاڵ بوبویەوە، بەڵام ئێستا دوو ئیدارەیی تۆخ بووتەوەو دەستگرتن بەسەر داهاتەكاندا زەقترە هەموومان دەزانین كە كێڵگەكانی نەوت و گاز هەر بە ئیجار لە حكومەت وەرگیراوە،  تەنها بڕی 350 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت دەدرێتە وەزارەتی دارایی و ئەوی دیكەی دیار نییە، نەوتی خاو بە 40 دۆلار بوو هەر ئەو برە دراوەتە وەزارەتی دارایی و ئێستاش كە لەسەرو سەد دۆلارەوەیە هەر ئەو بڕە دراوەتە وەزارەتی دارایی. هاوڵاتى: ئەوەندەی ئاگادار بین نیگەرانییەكەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی پەیوەندی بەوەوە هەیە یان پرسی داهاتی ناوخۆ بووە؟ نزار مەحمود: ئەو نیگەران بووە لە داهاتە ناوخۆییەكان و ئەو گرفتانەی كە لە بانكەكان هەبووە بەتایبەت ئەوەی لە سلێمانی هەیە، دیارە عیلاقەی بە بانكەكان هەبووەو ئیجرائاتەكانی وەزیری دارایی جێبەجێ نەكرا، حكومەت كەمتەرخەم بووە تێیدا. هاوڵاتى: دۆخێك دروست بووە خەڵك لە نۆرەی وەرگرتنی مووچەدا گیان لەدەست دەدات، سویلە لە بانكەكاندا نییە، گۆڕان وەزارەتی دارایی و ئاوەدانكردنەوەو بازرگانی و كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لایە كە هەمووی پەیوەندی راستەوخۆی بە خەڵكەوە هەیە چوار وەزارەتی ئابووریانەن، ئایا دەسەڵاتیان نییە؟ نزار مەحمود: هەریەك لەوەزارەتەكان گرنگن، باسی وەزارەتی دارایی دەكەم كاتێك ئەو وەزارەتە گرنگی هەیە و هەندێ بڕیار بدات كە هەموو داهاتەكان بێتەوە نێو خەزێنەی وەزارەتی دارایی، وەك رەئی خۆم دەیڵێم هیچ وەزارەتێكی ئەم حكومەتی هەرێمە بەوەزارەتی دارایشەوە هیچ دەسەڵاتێكیان نییە، تەنها هەندێ كاروبار بەشێوەی رۆتینی جێبەجێ دەكەن، داهاتی نەوت لەسەدا 50ی نایاتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی، داهاتەكانی ناوخۆ بەرێككەوتنی پارتی و یەكێتی كە داهاتەكان 57 بە 43 تەسلیمی وەزارەتی دارایی بكەنەوەو ئەوی تری ببەن بۆ خۆیان، هیچ مانایەك بۆ هیچ وەزارەتێك نییە بەتایبەت وەزارەتی دارایی. ئەو داهاتەی كە بۆیان دیاری كراوە بۆ دابین كردنی مووچە، 350 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوتە، ئەوی دیكەی پارتی لەسەدا 57ی دابین دەكات و یەكێتی لەسەدا 43ی داهاتەكانی گومرگ و باج و رسوماتەكان دەداتەوە بە وەزارەتی دارایی و ئەوی دیكەی بۆ خۆیانە، گۆڕان زەرەرمەندی یەكەم بووە، بەدەرەجەی یەكەم گۆڕان زەرەرمەندەو چونكە بزوتنەوەی خەڵك و دەنگدەرەو دەیەوێت كار بكات و هیچ مانایەك بۆ مانەوەی گۆڕان لە حكومەتدا نەماوە. هاوڵاتى: بۆچی گۆڕان بریار نادات لەم پرسە بێتە دەرەوە؟ نزار مەحمود: پێویستە گۆڕان بریاری یەكلاكەرەوە بدات، گۆڕان تووشی حاڵەتێك هاتووەو دوای دەستلەكاركێشانەوەی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەراندن ئێستا گۆڕان مەشغولی كاروبارەكانی ناوخۆی خۆیەتی ئەگینا گۆڕان پێویستی بەوەیە بریار بدات. بە دوو سێ رێگا كار لەسەر ئەم پرسە دەكات بۆ بەرێوەچوونی كارەكان، گۆڕان بە سیستم ئیش دەكات، گۆڕان رێكخەری گشتی و مەكتەب سیاسییەكەی نەماوە حزبێكی دیكە بوایە ئێستا نەیدەزانی چی دەكات.

هاوڵاتى هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هۆشداری دەدەن کە نابێت جیهان پشت لە شەڕی دژی داعش بکات، بە پێچەوانەوە، گرووپە پەڕگیرەکە بەهێز دەبێتەوە.  فەرماندەی ناوەندیی هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، نابێت ئەو وڵاتانەی لە کاتی تێکشکاندنی خەلافەتی داعش یارمەتییان دابیندەکرد، ئێستا پشت لە ناوچەکە بکەن. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "نەبوونی پلانێکی نێودەوڵەتیی روون، گشتگیر و درێژخایەن دەبێتە هۆی زیادبوونی زیانی گیانی و ماددی و رێگە بە داعش دەدات رێکخستنی خۆی بەهێزبکاتەوە." لە ئاداری 2019ـەوە، داعش هیچ پێگەیەکی جێگیری لە عێراق و سووریا بەدەستەوە نەماوە و پەنای بردووەتە بەر شەڕی پارتیزانی و خۆی لە حەشارگە دوورەدەستەکاندا گیرکردووە. هەسەدە دەڵێت، ئەو هێرشە گەورەیەی کانوونی دووەم کرایە سەر زیندانی غوێران لە حەسەکە، بەڵگەیەک بوو، کە داعش دەیەوێت توانا سەربازییەکانی فراوان بکات.  هەسەدە هەروەها رەخنەی لەو وڵاتانەش گرت کە تاوەکو ئێستا هاووڵاتییەکانیان لە کەمپ و زیندانەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەردا نەبردوونەتەوە، کە لە چەکدارانی پێشووی داعش و کەسوکارەکانیان پێکدێت.   بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چەندین جار دووپاتیکردووەتەوە کە توانای ئەوەی لە بەردەستدا نییە ئەو هەزاران گومانلێکراو و تۆمەتبارانە لە ژێر چاودێریی خۆیدا بهێڵێتەوە، چ جای ئەوەی بگاتە دادگاییکردنیان. 

هاوڵاتى  سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی سەدری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: " لەگەڵ پارتی  و هاوپەیمانی سەروەریی سوننەکان هاوپەیمانی "رزگاریی نیشتمان" راگەیاند وكاندیدیمان بۆ سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاریكرد. ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی ئاداری 2022، حەسەن عەزاری، سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی سەدری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی  و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانی سەروەریی، رایگەیاند: "محەممەد جەعفەر سەدر، كاندیدی هاوپەیمانی رزگاریی نیشتمان ـە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و رێبەر ئەحمەدیش كاندیدی هاوپەیمانێتییەکەیە بۆ سەرۆک کۆمار. سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی سەدری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وتیشی، "ئێمە لە هاوپەیمانی رزگاریی نیشتمان زۆرترین ژمارەی کورسییمان هەیە و دەرگەمان بەڕووی هەموو هێزە نیشتمانییەکان کراوەیە بۆ گفتوگۆ". ئەمەش لەكاتێكدایە پەرلەمانی عێراق 26ی ئەم مانگەی بۆ دانیشتنی تایبەت بە دیاریكردنی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق راگەیاندووە.    

  شاناز حەسەن وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند:" بە تۆمەتی کوشتنی هاوڵاتیەكی چەمچەماڵ، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک، دوو کوڕی، دوو برای و دوو ئامۆزای دەرچووە". دەشڵێت:"  هەموویان لە چەمچەماڵەوە بۆ شوێنێکی نادیار رۆیشتوون". سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە هاوڵاتی وت:" بە تۆمەتی کوشتنی هاوڵاتیەكی چەمچەماڵ، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک، دوو کوڕی، دوو برای و دوو ئامۆزای دەرچووە". شەوی رابردووو لە كاتژمێرەكانی نزیكی 10 دا هەواڵی كوشتنی كارمەندێكی ئاسایش بەناوی محەمەد عوسكان بلاوكرایەوە و هەر زوو كەسوكاری كوژراوەكە رایانگەیاند:" بە تۆمەتی کوشتن. سکاڵای یاساییان لەسەر عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک و شەش کەسی نزیکی تۆمارکردوە. سەرکەوت ئەحمەد وتی: "دادگا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سەرجەمیان دەرکردووە، بەڵام هەموویان لە چەمچەماڵەوە بۆ شوێنێکی نادیار رۆیشتوون".

  هاوڵاتى سه‌رۆكی روسیا بڕیاری دا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاری سزاكان له‌سه‌ری كه‌ به‌هۆی هێرشكردنه‌سه‌ر ئۆكرانیا له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و ڵاتانی ئه‌وروپا به‌سه‌ریدا سه‌پێندراوه‌، نه‌وت و غازی وڵاته‌كه‌ی ب دراوی رۆبڵ-ی نیشتمانی بفرۆشێت. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23ی ئازاری 2022، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی روسیا بڕیاری دا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاری سزاكان له‌سه‌ری كه‌ به‌هۆی هێرشكردنه‌سه‌ر ئۆكرانیا له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و ڵاتانی ئه‌وروپا به‌سه‌ریدا سه‌پێندراوه‌، نه‌وت و غازی وڵاته‌كه‌ی ب دراوی رۆبڵ-ی نیشتمانی بفرۆشێت. سه‌رۆكی روسیا راشیگەیاند:""ڕوسیا ته‌نها وه‌رگرتنی پاره‌ی ڕۆبڵ بۆ باركردنی غاز بۆ ئه‌وروپا قبوڵ ده‌كات، جه‌ختیش له‌سه‌ر پابه‌ندبونمان به‌ گرێبه‌سته‌كانی دابینكردنی غازی سروشتی بۆ ئه‌وروپا ده‌كه‌ینه‌وه‌". پوتن له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا وای وت. پوتن، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد:" گۆڕانكارییه‌كان ته‌نها كاریگه‌رییان له‌سه‌ر دراوی پاره‌دان ده‌بێت، حكومه‌ت و بانكی ناوه‌ندی مۆسكۆ هه‌فته‌یه‌كیان له‌ به‌رده‌مدایه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك له‌سه‌ر چۆنیه‌تی گۆڕینی دراوه‌ بیانیه‌كان بۆ دراوی ڕوسی.

شەنای فاتیح «براكەم وەك ئەو خەڵكە بەیانی زوو بۆ وەرگرتنی مووچەكەی چووە دەرەوە و تا نزیكەی پێش مووچە وەرگرتنیش منداڵەكانی قسەیان لەگەڵ كردووە، بەڵام لەناكاو هەواڵ هات كە رووداوێكی نەخوازراو روویداوە و لە پزیشكی داد تەرمەكەی  تەسلیمان كراوەتەوە»، برای یەكێك لەو خانەنشینانەی لە نۆرەی وەرگرتنی مووچەدا گیانی لەدەستدا وای وت. سێ هاونیشتیمانی لەكاتی وەرگرتنی مووچەی خانەنشیاندا گیانیان لەدەستدا، دووانیان لە سلێمانی بەهۆی پاڵەپەستۆو ئەوی دیكە لە قەزای سۆران جەڵدە لێیدا خانەوادەكانیان باسی رووداوەكە بۆ هاوڵاتى دەكەن. حكومەتی هەرێم مووچەی مانگی شوباتی بۆ ماوەی 45 رۆژ دواخست كە دەبوو لە 25 شوباتدا دابەشی بكات، بەڵام رۆژی 11ی ئازار مووچەی وەزارەتی تەندروستی وەك یەكەم وەزارەت راگەیاندو بەدوایدا وەزارەت و دەستەكانی دیكە، لەكۆتا رۆژی دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتدا كە رۆژی 20ی ئازار بوو خانەنشینان مانەوە لەبەردەم بانكەكاندا بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان. خانەنشینان ئەو توێژەن كە دەیان ساڵ خزمەتیان كردووە لە وەزارەتە جیاوازەكانی حكومەت و بەشێكیان وەك خانەنشینی مەدەنی و ئەوانی دیكە وەك خانەنشینی سەربازی مووچە وەردەگرن كە زۆرینەیان تەمەنیان لەسەرو 65 ساڵییەوەیە كە لەكۆی ملیۆنێك و 207 هەزارو 273 مووچەخۆر 240 هەزار كەسیان لە خانەنشینان پێكهاتوون. لەسلێمانی لەبەردەم بانكی تانجەرۆ خانەنشینان شەوەكەی چوونە بەردەم بانك و بەشێكیان تا بەرەبەیان مانەوەو وێنەو ڤیدیۆكانیان لە تۆرە كۆمەڵایەتیان بڵاوكرایەوە و كاردانەوەی ناوخۆی لێكەوتەوەو حكومەت بەبەرپرسیاری یەكەم تۆمەتبار دەكرێت كە دۆخەكەی بەو ئاقارە گەیاندووە. سیروان ئیسماعیل، برای (ئازاد ئیسماعیل) ی تەمەن 74 ساڵ، یەكێك لەو خانەنشینانەی كە لە شاری سلێمانی لە كاتی وەرگرتنی مووچەكەی گیانی لەدەستدا، لە لێدوانێكدا بە بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد كە براكەی وەك ئەو خەڵكە بەیانی زوو بۆ وەرگرتنی مووچەكەی چووە دەرەوە و تا نزیكەی پێش مووچە وەرگرتنیش منداڵەكانی قسەیان لەگەڵ كردووە، بەڵام لەناكاو هەواڵ هات كە رووداوێكی نەخوازراو روویداوە و كاتێك زانییان لە نەخۆشخانە بوو و لە پزیشكی داد تەرمەكەی  تەسلیمیان كراوەتەوە. هەروەها وتیشی:» براكەم هیچ بارودۆخێكی نائاسایی نەبووە و پێشترهەر خۆی دەچوو مووچەكەی وەردەگرت، بەڵام رەنگە شێوازی دابەشكردنی مووچەكە هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی كەسەكان تووشی ئەو بارودۆخە ببن و پێویستە چارەسەربكرێت و ئەو كەسەی كە دەچێت مووچەكەی وەربگرێت تووشی چەرمەسەری و هیلاكی نەبێت». سیروان ئیسماعیل ئەوەشی روونكردەوە كە سكاڵایان لەسەر كەس نییە چونكە رووداوەكە رووداوێكی شەخسی نیە و كێشەیان لەگەڵ كەسدا نییە، ئەو بابەتەیان داوەتە دەست خودا. هاوكات، مەلا مشیر، ئامۆزای (ئەحمەد عەزیز)ی تەمەن 72 ساڵ، ئەو خانەنشینەی كەلە شارۆچكەی سۆران لەكاتی وەرگرتنی مووچەكەیدا گیانی لەدەستدا، بەهاوڵاتى وت:»  كاك ئەحمەد پێشتر هیچ نەخۆشیەكی نەبووە، بەڵام لەنێو قەرەباڵغییەكەدا و بەو تەمەنەوە پاڵەپەستۆ هەبووە و تووشی ئەو بارودۆخە بووە و 10 خولەك پاش گەیاندنی بە  نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە». «تائێستا باس لەوە نەكراوە كە سكاڵا تۆماربكەین یان نا و داواشمان لە حكومەتی هەرێم كرد كە بارودۆخی خانەنشینان باشتربكات و ژمارەی كارتیان بۆ بكرێتەوە و مانگانە مووچەكەیان بچێتە سەر كارتی حساباتیان و ئیدی ئەو پاڵەپەستۆ و سەرەگرتن و ئەو هات ونەهاتەش نامێنێت»، مەلا موشیر ئامۆزای  ئەحمەد عەزیز وای وت. سەرۆكایەتی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان  لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ لێكۆڵینەوە لە راستی ئەو بابەتە و ئاشكراكردنی كەمتەرخەمییەكان بۆ بەدواداچوونی یاسایی و داوایان لە وەزیری دارایی كرد كە میكانیزمی گونجاو بۆ دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان. بەڕێوبەری پێشووی بانكی دیجلە و فورات دەڵێت: داوامان كرد مووچەی خانەنشینان بكرێت بەسیستەم، بەڵام حكومەتی هەرێم رەتیكردەوە. ئەمیر مەحمود، بەڕێوبەری پێشووی بانكی دیحلە و فورات لە سلێمانی، لە لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى باسی لەوەكرد كە لەگەڵ  چەند بانكێكدا پڕۆژەیەكیان پێشكەش بەوەزارەتی دارایی و ئابووری كردووە كە ئەوات شێخ بایز تاڵەبانی وەزیری دارایی بووە، بۆ ئەوەی مووچەی خانەنشینی بكرێت بە سیستەم و بۆ ئەوە مەبەستەش لەگەڵ بەڕێوبەری ئێستای بەشی یاسایی لە وەزارەتی دارایی دانیشتنیان ئەنجامداوە و پڕۆژەكەیان پێشكەشكرد. ئەمیر مەحمود وتیشی:» ئێمە سیستەممان هەیە و دەتوانین مووچەی خانەنشینیتان بۆ بكەین بە سیستەم و مانگانە بڕی پارەكە چەند بێت ئێمە بە ئامێری ئای تی ئێم مووچە دابەشدەكەین، كە مووچەخۆر هەوێكەی دەدرێت لە ئامێرەكە و لە هەوێكەی كارتی ئەلیكترۆنی بۆ دروستدەكرێت».                                                                                                 بەرێوەبەری پێشووی بانكی دیجلەو فورات ئەوەشی خستەروو كە سەرەتا رازیبوون و دواتر پاشگەزبوونەوە و وتویانە خۆیان ئەو كارە جێبەجێدەكەن. «جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە كارێكی ئاسانە و لەو سیستەمەدا دەتوانیت مووچە بدرێت بە خانەنشین، هەروەها قەرزی پێبدرێت، بەڵام لە بانكی حكومیدا ناكرێت و لە بانكی ئەهلیدا دەكرێت، چونكە پێویستی بە سیستەمی ئەلیكترۆنییە و لە بانكە حكومییەكاندا سیستەمی ئەلیكترۆنی نییە»، ئەمیر مەحمود وا دەڵێت. جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان: وەزارەتی دارایی شكستی هێناوە هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:: ئێمە وەك  لیژنە هیچ بەدواداچوونێكمان بۆ گیانلەدەستدانی ئەو خانەنشینانە نەكردووە چونكە لە پشووی پەرلەماندا بووین و داواكاری گشتی كەیسەكەیان جوڵاندووە، بەڵام بابەتەكە دەرخەری ئەوەیە كە شێوازی دابەشكردنی مووچە بە تایبەت بۆ خانەنشینان كە بەو تەمەنە دێن سەرە دەگرن بۆ وەرگرتنی مووچە و شەو دەمێننەوە بەڕاستی مەعقول نییە بەو شێوەیە بێت و پێویستە وەزارەت پێداچوونەوە لە ئیدارەكردنی وەزارەتی داراییدا بكات». ئەو پەرلەمانتارەی پارتی پێشیوابوو كە «وەزارەتی دارایی شكستی هێناوە»، وتیشی:»                                            وەزارەتی دارایی بەرپرسە لە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و لە كۆی ملیۆنێك و ٢٠٧هەزار و ٢٧٣ مووچەخۆری هەرێمی كوردستان ٢٤٠هەزار كەس خانەنشینن و ئەو رووداوەش كە رووی دا هیچ مەعقول نییە». ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم لە پشكی گۆڕان بەهۆی پرسی داهاتەكانی ناوخۆوە نیگەرانە لە حكومەتی هەرێم و بەو هۆیەوە دەوام ناكات و چووەتەوە بۆ ماڵەوە. هێڤیدار وتی:» پێویستە وەزیر بێتەوە دەوام و جارێكی دیكە بابەتی هاوشێوە رووبدات وەزیر بەرپرسیارە  و   دوای تەواوبوونی ئەم پشووە وەزیر دەوام بكات و ئەگەر دەوام نەكات وەكو پەرلەمان و وەك لیژنەی دارایی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەوە بابەتە دەكەین، چونكە ئەركی وەزیر خزمەتكردنی خەڵكە». ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان: دەبوایە پاش گیانلەدەستدانی ئەو سێ هاونیشتیمانییە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەستی لەكاربكێشایەتەوە شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئەوەی دووپاتكردەوە كە كە دەستبەسەرداگرتنی داهاتی نەوت لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە و دەست تێوەردانیان لە داهاتی ناوخۆدا دابەشكردنی مووچەی بەو شێوەیە لێكردووە و بە سستی دابەشكردنی مووچە  ئەنجومەنی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران (سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی) بەرپرسیارن لێی.                                                                                                                 شێركۆ جەودەت باسی لەوەشكرد كە وەك لیژنەی دارایی هەموو رێكارێكیان گرتووەتە بەر، بەڵام لەلایەن حكومەتەوە رێگرییان لێدەكرێت، چونكە ناشەفافن وهیچ چاكسازییەك جێبەجێنەكراوە وپڕۆژەی چاكسازیش پەكخراوە. «گیان لەدەستدانی سێ كەس لە نۆرەی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینیدا كارەساتە   دەبوایە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەستیان لەكار بكێشایەتەو»، شێركۆ جەودەت وا دەڵێت.

هاوڵاتى ئێران دوو هاوڵاتیی زیندانیکراوی بەریتانیای لە وڵاتەکەی  لە بەرامبەر وەرگرتنەوەی قەرزەکانی رادەست لەندەن کردەوە و بەوەش نیو ملیار دۆلاری سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیی بەدەست هێنایەوە کە بڕیاربوو تانک و زرێپۆشی بەریتانیی پێبکڕێت. ئێران ئەزمونێکی دور و درێژی هەیە کە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجاکانی دژی رۆژئاوا و یان وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمریکا، بارمتە بەکار بهێنیت و لە ساڵی 1979 یەکەم هەنگاوی بارمتەگرتنی دژی ئەمریکا بەکارهێنا ئەویش بە گرتنی 66 دیپلۆماتکار و کارمەندی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران. ئێران بە بارمتەگرتنی ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ئەمریکا دوای 24 ملیار دۆلاری لە واشنتۆن کرد بەڵام دواتر ئاستی داواکارییەکەی لە چەند قۆناغیدا بۆ هەشت ملیار دۆلار کەم کردەوە. لە دوایین هەنگاویشدا ساڵی 2015 لە بەرامبەر رادەستکردنی ژمارەیەک هاوڵاتی ئەمریکی و بیانی بە ئەمریکا نزیکەی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری بە فڕۆکە لە واشنتۆن وەرگرتەوە کە بوە مایەی رەخنەی گەورە لەسەر سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا. ئێران بە بارمتە قەرزەکەی لەبەریتانیا وەردەگرێتەوە ئێران پێشتر دو هاوڵاتیی بە رەچەڵەک فارسی وڵاتەکی کە هاوڵاتیی بەریتانیا بون بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا تۆمەتبار کرد و سزای زیاتر لە شەش بۆ 12 ساڵی بۆیان بڕیبوەوە ، ئەوەش بە ئاڵۆزترین دۆسیەی نێودەوڵەتیی نێوان لەندەن و تاران لە شەش ساڵی رابردودا ناودەهێنرێت. لە ساڵی  2016 نازەنین زاغەری هەڵگری ناسنامەی ئێران و هاوڵاتیی بەریتانیا و نیشتەجێی لەندەن کە لەگەڵ ژمارەیەک میدیایی و خێرخوازیی بەریتانی و ئەمریکی کاری کردوە، بە تۆمەتی سیخوڕی لە ناوخۆی ئێران دەستگیر دەکرێت لە کاتێکدا هاوسەری زاغەری بە رەچەڵەک بەریتانیی بوە و ئەوەش وا دەکات هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی لە ئاستی نێودەوڵەتی و جیهانیدا بەردەوام بێت بەڵام ئێران بە بێ گوێدانە ئەو هەوڵانە بۆ ماوەی چوارساڵ لە ناو بەندیخانە و دو ساڵیش لە ماڵەوە  زاغەریی لە ژێر چادێریدا هێشتەوە. لە ساڵی ەوە2016 هەر بەرپرسێکی بەریتانیا سەردانی تارانی بکردایە و چاوی بە برپرسانی ئێران بکەوتایە، داوای ئازادکردنی نازەنین زاغەرییان دەکرد بەڵام سەرجەم ئەو داواکارییانە بە بێ ئەنجام دەبو. ساڵی 2017 ئەنوشە ئاشوری کە ئەندازیارێکی خانەنشینی خاوەنی ناسنامەی ئێرانی و هاوڵاتیی بەریتانیا بو، لە ئێران دەستگیر کرا و بە تۆمەتی کارکردن لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئیسرئیل (مۆساد) و بەکارهێنانی دارایی رێگە پێنەدراو بە 12 ساڵ زیندانیی سزا درا. ئەگەرچی زۆربەی بەرپرسانی بەریتانیا بڕوایان وابوە ئەو دو هاوڵاتییەی وڵاتەکەیان قوربانیی قەرزەکانی لەندەن بە تاران و ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان ئێران بەریتانیا بون بەڵام بەرپرسانی ئێران و وتەبێژی دەزگای دادی ئێران رەتی کردوەتەوە دۆسیەی ئەو دو کەسە هیچ پەیوەندییەکی بە ناکۆکییە سیاسییەکانەوە هەبێت و تەنها جەختیان لەوە کردوە ئەو دوو کەسە تۆمەتبار بوون بە سیخوڕی و دانیان ناوە بەوەی کە هاوکاریی دەزگا هەواڵگرییەکانی بەریتانیا و ئیسرائیلیان کردووە. یەک رۆژ پێش ئازاکردنی زاغەری و ئاشوری وەفدێکی بەریتانیا سەردانی تاران دەکات و لە (16/3/2022) ئەو دو کەسە ئازاد دەکرێن و لە رێگەی فڕۆکەخانەی وڵاتی عەممان-ەوە دوای چەند کاتژمێرک لە مانەوە دواجار (17/3/2022) دەگەڕێنەوە لەندەن. لیز تراس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رۆژێک دوای ئازادکردنی ئەو دو هاوڵاتییەی وڵاتەکەی رایگەیاند سەرجەم قەرزەکانی بەریتانیا کە 535 ملیۆن دۆلار بوە، رادەستی ئێران کراوە و هاوکات ئەمیر عەبدوڵاهییان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەو بەشە لە لێدوانەکەی تراس کە پەیوەندیی بە رادەستکردنەوەی قەرزەکەی وڵاتەکەی هەبوە رایگەیاند؛ بابەتی قەرزی لەندەن هیچ پەیوەندییەکی بە ئازادکردنی ئەو دو هاوڵاتییە بەریتانیەوە نەبوە و تەنها تاران وەک نیازپاکییەک بەرامبەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ لەندەن ئەو ئەوانی ئازاد کردوە. ئێران و بەریتانیا لە نەوتەوە تا تانک‌و زرێپۆش لە ساڵی 1960 و لەسەردەمی محەمەد رەزا پەهلەوی، دوایین پاشای ئێران پێشنیاری ئاڵوگۆڕی نەوتی ئێران لە بەرامبەر تانک و زرێپۆشی بەریتانیا بە لەندەن راگەیەنرا و لە رێگەی چەند بەرپرسێکی عەممان کار کراو بۆ ئاڵوگۆڕی نەوتی ئێران لە بەرامبەر چەک و کەرەستەی سەربازیی بەریتانیا. بڕیاربو ئێران بە رادەستکردنی 500 ملیۆن لیتر نەوت لە ماوەی 10 ساڵدا ژمارەیەک تانک و زرێپۆش لە بەریتانیا وەرگرێت. بە پێی گرێبەستێکی ساڵی 1972 لە نێوان ئێران و بەریتانیا دەبوایە لە ماوەی چەند ساڵێکدا هەزار و 500 تانکی جۆری چیفتن رادەستی ئێران بکارایە و لەندەن لەو سەردەمەدا بڕی یەک ملیار دۆلار لە ئێران وەردەگرێت. ئەگەرچی پێش روخانی محەمەد رەزا پەهلەوی ژمارەیەک تانکی پێشکەوتوی بەریتانیا رادەستی ئێران دەکرێت و بڕیار بوە ژمارەیەک تانکی (چیفتن 4030) کە بە (شێری ئێران) ناوهێنراوە رادەست بکرێن بەڵام لەندەن بەهۆی تێبینییەکانی لەسەر دەسەڵاتی نوێی وڵاتەکە، سەرجەم تانکەکان رادەست ناکات و گرێبەستەکە تاکلایەنە هەڵدەوەشێنێتەوە . دوای روخانی سیستمی پاشایەتی لە ساڵی 1979 واتە ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتی ئێرانی بەدەستەوە دەگرێت بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە، بەریتانیا بڕی 127 ملیۆن پاون قەرزای ئێران دەبێت و تارانیش لە دادگاکانی وڵاتی هۆڵەندا سکاڵا لە دژی بەریتانیا تۆمار دەکات. دواجار دادگاکانی هۆڵەندا ئەو قەرزەی بەریتانیا بە مەزەندەی ساڵی 2020 بە 530 ملیۆن دۆلار دەخەمڵینن و لەندەنیش حاشا لە رادەستکردنەوەی پارەکە ناکات بەڵام دوای نزیکەی 43 ساڵ دادگا و دادگاکاریی لە نێوان ئەو دو وڵاتەدا بەریتانیا ئامادە دەبێت پارەکە بۆ ئێران بگەڕێنیتەوە.    تانکی بەریتانی هۆکارێکی شکستی مەیدانیی جەنگ لەگەڵ عێراق لە راپۆرتەکانی تایبەت بە جەنگی ئێران و عێراقدا هاتوە؛ عێراق لە سەردەمی دەستبەکاربونی سەددام حسێن وەک سەرۆکی وڵاتەکەی خاوەنی هەزار و 220 تانک و زرێپۆش بوە لە کاتێکدا ئێران لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیدا 760 تانکی هەبوە و ئەوەش وا لە محەمەد رەزا پەهلەوی دەکات دوای 450 تانکی چیفتن لە بەریتانیا بکات. عێراق توانی ئەو بۆشاییەی ئێران لە بەرەی جەنگی وشکانیدا بقۆزێتەوە و هاوکات ببێتە مایەی شانازیی روسیا چونکە زۆرینەی تانک و زرێپۆشەکانی عێراق لە جۆری (تی 55 و تی 54)ی روسی بون. بە وتەی بەرپرسانی سەربازیی ئێران بەهۆی ئەوەی زۆربەی تانک و زرێپۆشەکانی ئەو وڵاتە لە سەردەمی جەنگی ئێران و عێراق لە جۆری چیفتنی بەریتانی بوە نەیانتوانیوە پێشڕەوییەکی ئەوتۆ لە گۆڕەپانی جەنگدا بکەن. ئەو تانکانە کێشەی گەورەیان بزوێنەری لاواز بوە چونکە شەش سیلەندەر بوە و پێویستی بە کاتێکی زۆر هەبوە بۆ ئەوەی بزوێنەرەکەی گەرم ببێت و توانای جوڵاند و رۆیشتنی تانکەکەی هەبێت بەڵام تەنها 30 خولەک دوای رۆیشتن دەکوژانەوە و تانکەکە توانای جوڵەی نەدەما. ئەو بەرپرسە سەربازییانە لە راپۆرتێکی وردا رونیان کردوەتەوە (شێری ئێران) لەگەڵ کەش و هەوای وڵاتەکە گونجاو نەبوە لە کاتێکدا بە تایبەت بۆ ئێران دروست کرابون. ئاماژە بەوەکراوە دەیان تانکی بریتانی بەهۆی کێشەی بزوێنەر و لاوازیی زنجیرەکەی لە بەرەکانی جەنگدا پەکیان کەوتوە و نەتوانراوە تەنانەت بجوڵێنرێن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سودیان لێوەرگیرێت بۆیە لە هەر ئۆپراسیۆنێکدا بەشدارییان پێکرابێت لە دژی سوپای عێراق پەکیان کەوتوە و سوپای ئێران لەگەڵ جێهێشتنی تانکەکان ناچار بوە بە پاشەکشێ. ئێران بە بارمتە پارەکانی لە ئەمریکا بەدەست دەهێنێتەوە ساڵی 1979 ئێران لە هەنگاوێکی لەناکاو و دور لە یاسا نێودەوڵەتییەکان 66 دیپلۆماتکار و کارمەندی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تارانی بە بارمتەگرت و دوای چەند مانگ 13 کەسیانی ئازد کرد بەڵام 52 کەسیانی دوای زیاتر لە 444 رۆژی دەستبەسەرکردن ئازادکران. لە 20 نۆڤەمبەری ساڵی 1979 دوای ئەوەی رێکخراوی رزگاریخوازیی فەلەستین نێوەندگیریی لە نێوان ئێران و ئەمریکا کرد 13 دیپلۆماتکاری ئەمریکا کە زۆربەیان و ژن و رەش پێست بون دوای ماوەیەک ئازاد کران و دواتر ئەوانی دیکەش هەر بە نێوەندگیریی رێکخراوە فەلەستینییەکە ئازاد کران. ئەوە یەکەم هەنگاوی ئێران بۆ بەکارهێنانی بارمتە بە مەبەستی گەیشتن بە پارە بو کە بە 24 ملیار دۆلار دخەمڵێنرا، ئێران لەو سەردەمەدا و لەبەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکاندا دوای 10 ملیار دۆلار پارەی بلۆککراوی لە ئەمریکا و 10 ملیار دۆلار داهاتی محەمەدڕەزا پەهلەوی لەو وڵاتە و چوار ملیار دۆلاری داهاتی دیکەی لە واشنتۆن کرد بەڵام داواکارییەکەی هەر زو رەت کرایەوە. دوای 10 رۆژ، ئێران ئاستی داواکارییەکەی بەرامبەر ئەمریکا بۆ 12 ملیار دۆلار دەگۆرێت و  لە پڕۆسەیەکی کاتی دوای 20 رۆژ لە چەند قۆناغدا ئاستی داواکارییەکەی بۆ کەمتر لە هەشت ملیار دۆلار دەگۆڕێت و ئەمریکاش مەرج بۆ ئێران دادەنێت کە لە بەرامبەر وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە سەرەڕای ئازادکردنی بارمتەکان دەبێت قەرزە نێودەوڵەتییە درێژخایەنەکانی لە بانکە نێودەوڵەتییەکان کە پێنج ملیار دۆلارە بە زوترین کات رادەست بکات. شارەزایانی ئابوریی پێیان وایە ئەگەرچی ئێران خۆی لە رادەستکردنەوەی بارمتەکانی ئەمریکا بە براوە پیشان دا بەڵام ئەو روداوە و داواکارییەکی ئەمریکا وای کرد واشنتۆن 300 ملیۆن دۆلار قازانج بکات چونکە پێشتر بڕیارنەبو ئێران قەرزە درێژخایەنەکان بە سودە بانکییەکەیەوە رادەست بکات ئەوەش وای کرد سودە بانکییەکە بچێتە گیرفانی ئەمریکا و هەر ئەوەش بوە هۆی ئەوە عەلی ئەکبەری هاشمی رەفسنجانی یەکێک لە دامەزرێنەران و سەرکردە دیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو ساڵەدا ئەمریکا وەک (شەیتانی گەورە) ناوبهێنێت. رێککەوتی (22/8/2014) لەگەڵ ئەوەی فشارەکانی سەر ئێران بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی ئەتۆمیی و پابەندبون بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان زیادی کرد، جیسۆن رەزاییان، بەڕێوبەری نوسینگەی رۆژنامەی( واشنتۆن پۆست) لە تاران دەستگیر کرا. رەزاییان بە تۆمەتی سیخوڕی و دوژمنایەتیی دەسەڵاتی سیاسیی ئێران رەوانەی زیندان (ئێوین) کرا و ئەوەش وای کرد وەک کارتێکی فشار لە دژی ئەمریکا بەکاری بهێنرێت و دواجار لە ساڵی (2015) و لەگەڵ واژۆکردنی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1) لە بەرامبەر یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار  و ئازادکردنی بەرپرسێکی ئێران لە ئەمریکا رادەستی ئەمریکا کرایەوە. سەرچاوە ئەمریکییەکان دوای ئازادکردنی رەزاییان دانیان بەوەدا نا کە ئێران دوای قەرزێکی ساڵی 1970ی کردوەتەوە کە تایبەت بوە بە گرێبەستێکی کڕینی چەک لە ئەمریکا و بڕەکەشی بە پارەی ئەو سەردەمە 400 ملیۆن دۆلار بوە بەڵام بە خەمڵاندنی ئەو بڕەپارەیە لە ماوەی 45 ساڵ بوەتە یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بۆیە تاران پێداگریی کردوە کە ئەو قەرزەی بە قازانجە یاساییەکی ئەو ماوەیەوە دەوێتەوە. ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بڕی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری بە پارەی کاش و بە فرۆکەیەکی تایبەت رەوانەی تاران کرد و ئەوەش وای کرد زیاترین رەخنە لە ئۆباما بیگرێت بەوەی کە ئامادەبوە باج بە ئێران بدات لە کاتێکدا ئەمریکا باچی بە هیچ وڵاتێکی زلهێزیش نەداوە.  

هاوڵاتى موقتەدا سەدر رایگەیاند: "  ئەگەر رۆژی شەممەی داهاتوو بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن، ئەویش لەرێگەی جێگەکردنەوەی داواکارییەکان لە حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی و یەکخستنی ریزەکانمان هەقیان بۆ دەكەینەوە". ئەمڕۆ چوارشەممە موقتەدا سەدر لە هەژماری فەرمی خۆی لەتویتەر باسی لەوەشکردوە، دوای پەیامەکەی رۆژی دووشەممە کە ئاڕاستەی پەرلەمانتارە سەربەخۆکانی کردبوو، تائێستا وەڵامێکی یەکلاییەکەرەوەی وەرنەگرتووە کە ئایا بەشداری کۆبوونەوەکە دەبن یاخود نا، بەڵام سوپاسیان دەکات ئەگەر بەرژەوەندی نیشتیمان و خۆشەویستی عێراق بخەنە سەروی بەرژەوەندی تایبەتەوە. ئاماژەی بەوەشکردوە، بەڵێنی بە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان دەدات کە لەنزیکترین دەرفەتدا وەڵامی خواست و داواکارییەکانیان بداتەوە  ئەگەر رۆژی شەممەی داهاتوو بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن، ئەویش لەرێگەی جێگەکردنەوەی داواکارییەکان لە حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی و یەکخستنی ریزەکانیان هەقیان بۆ دەكەینەوە. پەیوەست بە ئامانجی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانیش سەدر ئەوەی خستوەتەڕو، دەیانەوێت پلانی "گەندەڵکاران" شکستپێبهێنن کە دەیانەوێت عێراق لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان بونیادبنێن، بەڵام رەوتی سەدر و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت "بەرژەوەندی وڵات و نیشتیمان باڵابن و سوپا، هێزە ئەمنیەکان، دادگا و حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی بخرێنە خزمەتی نیشتیمان دوور لە دەستوەردانی دەرەکی، بۆیە داوا دەکەین پەرلەمانتارە سەربەخۆکان هاودەنگی ئێمە بن لە گەیشتنە ئەنجامی ئەم کاروانە". رۆژی دووشەممەش موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر داوای لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکانی عێراق کرد، لە دانیشتی پەرلەماندا بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئامادەبن و و دەنگ بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بدەن، بە ئامانجی رزگارکردنی عێراق لەو دۆخە چەقبەستووییەی تێیکەوتووە.

  هاوڵاتى مەریوان وریا قانع، نوسەر و ڕۆشنبیری ناسراوی کورد رایگەیاند: "ئەوانەی ئەو هەواڵانە بڵاودەکەنەوە، درۆ لەناوەوە زمان و ڕەوشت وھەستەکانیان ئاراستدەکات. هەروەها ڕۆحیان بە کەسانێک و بە ھێزگەلێک فرۆشتوە لەخۆیان ناشیرینتر". ماوەی چەند رۆژێکە لەناو بەشێک لە پەیج و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە و باسی لەکردوە: "ژمارەیەک کەسایەتی، نوسەر و رۆشنبیر لەلایەن یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بە مووچەیەکی مانگانەی تاوەکو 2000 هەزار دۆلار بە ناونیشانی راوێژکار دامەزرێنراون، ئەویش بەئامانجی دژایەتی کیانی هەرێمی کوردستان". لەوەڵامی ئەو هەواڵەشدا مەریوان وریا قانع کە یەکێکە لەو کەسانەی ناوی لەهەواڵەکەدا هێنراوە، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک ناوەڕۆکی هەواڵەکەی رەتکردەوە و باسی لەوەکرد، "ئەم ھەواڵە لەو جۆرە ھەواڵانەن کە خاوەنەکانیان لە بەدئەخلاقیدا بێوێنەن. کەسانێکن بۆ ئەوە دروستکراون درۆ لەناوەوە زمان و ڕەوشت وھەستەکانیان، ئاراستەبکات. ڕۆحیان بە کەسانێک و بە ھێزگەلێک فرۆشتوە لەخۆیان ناشیرینتر." ئاماژەی بەوەشکردوە، "ماوەیەکە ھەندێک لەم میدیا کڕدراو و ئاراستەکراو و درۆزنانە، بە دەیان شێوازی جیاواز، ئەم جۆرە ھەواڵە بێبنەما و دروستکراوانە بڵاودەکەنەوە. سیاسەت و ئەخلاق کە شەرمیان تیانەما، ئەم جۆرە درۆیانە دەبنە بەشێک لەو زمانەی بەشە ھەرە ناشیرینەکەی کۆمەڵگا قسەی پێدەکات." دەقی نوسینەكە:. ھەندێک بەدڕەوشتیی ھەیە سنووری نییە ئەم ھەواڵەی خوارەوە لەو جۆرە ھەواڵانەن کە خاوەنەکانیان لە بەدئەخلاقیدا بێوێنەن. کەسانێکن بۆ ئەوە دروستکراون درۆ لەناوەوە زمان و ڕەوشت وھەستەکانیان، ئاراستەبکات. ڕۆحیان بە کەسانێک و بە ھێزگەلێک فرۆشتوە لەخۆیان ناشیرینتر. ماوەیەکە ھەندێک لەم میدیا کڕدراو و ئاراستەکراو و درۆزنانە، بە دەیان شێوازی جیاواز، ئەم جۆرە ھەواڵە بێبنەما و دروستکراوانە بڵاودەکەنەوە. سیاسەت و ئەخلاق کە شەرمیان تیانەما، ئەم جۆرە درۆیانە دەبنە بەشێک لەو زمانەی بەشە ھەرە ناشیرینەکەی کۆمەڵگا قسەی پێدەکات. ئەمە دەقی ئەو بەدڕەوشتییە گەورەیە کە سایتی خۆر xor بڵاویکردۆتەوە: ”سەرچاوەیەک لە دارایی یەکێتی لیستی ناوی چەند کەسێک ئاشکرا دەکات کە مانگانە پارە لەسەر میزانیەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وەردەگرن. بەپێی زانیاری سەرچاوەکە ئەو کەسانە ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری میدیای یەکێتین بۆ دژایەتی کیانی هەرێمی کوردستان، ئەو ئەنجومەنە لەلایەن ئێرانەوە فەرزکراوە بەسەر یەکێتیدا. 1- مەریوان وریا قانع 2000 دۆلاری مانگانە لە یەکێتی 2-ئاراس فەتاح 2000 دۆلاری مانگانە لە یەکێتی 3- مەسعود عەبدولخالق 1300 دۆلار 4-هێمن مامەند 1100 دۆلار 5- غالب محەمەد 1500 دۆلار 6- قادر نادر 1300 دۆلار 7- سۆران عومەر 2000 دۆلار “

  هاوڵاتى  بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بەریوەبچێت لەکاتێکدایە هێشتا کورد لەناوخۆدا یەکدەنگ نییە لەسەر ئەو پرسە هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٨. بەگوێرەی نەریتی سیاسی دوای ساڵی 2003 لەعێراق، پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، ژمارەیەک کوردیش خۆیان بۆ پۆستەکە کاندید کردووە، دیارترینیان رێبەر ئەحمەد، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرهەم ساڵح، کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن. پەرلەمانی عێراق ناوی 40 کاندیدی پەسەندکراوی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، رۆژی 26ی ئەم مانگە، کۆبونەوەی پەرلەمان تایبەت بەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام دەدرێت. بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق، پێویستە لانیکەم 220 پەرلەمانتار لەدانیشتنی پەرلەمانی عێراق تایبەت بەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئامادە بن بۆئەوەی دانیشتنەکە بەڕێوە بچێت. سیناریۆی ٢٠١٨ ئەوەی کەئێستا روودەدات هەمان ئەوەیە کە لەساڵی ٢٠١٨دا روویدا کاتێک پارتی و یەکێتی هەریەکە بەکاندیدی خۆیان چوونە پەرلەمان و ئەوەش گرێیەکی تری لە نیوانیان دروستکرد کە تائێستاش بەردەوامە. شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی: «دوێنێ سێشەممە رێبەر ئەحمەد، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتە بەغداو بڕیارە دەست بەگفتوگۆ بکات لەگەڵ لایەنەکان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو دانیشتنەکەی 26ی ئەم مانگەی ئەنجومەنی نوێنەران». ئەگەر هاوپەیمانیی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) بتوانن نیساب بۆ دانیشتنی رۆژی شەممە تەواو بكەن، كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار (رێبەر ئەحمەد) لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا، بەزۆرینەی سادە‌و بەدەنگی هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەكە پۆستی سەرۆك كۆمار دەباتەوە.  لەبەرامبەردا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و یەكێتی، توانای تەواوكردنی نیسابی یاسایی پەرلەمانیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار نییە، بەڵام رەنگە بتوانن بەپاڵپشتی ئێران (110) كورسی كۆبكەنەوە‌و نیسابی یاسایی دانیشتنەكە تێكبدەن، لەم حاڵەتەشدا بۆ جاری دووەم هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پەكی دەكەوێت‌و دۆخەكە دەگاتە بنبەست، دەرگا لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی نوێ لەعێراق دەكرێتەوە، واتە چانسی هەڵبژاردنەوەی بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆك كۆمار، بەبێ رێككەوتنی لایەنە ناكۆكەكانی شیعە ئەستەمە. هەردوو جەمسەرە ناكۆكەكەی شیعە دەڵێن، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردەو ئەوان دەستوەردان لەدیاریكردنی كاندیدەكەیدا ناكەن، بەڵام لەڕاستیدا هەردوو جەمسەرەكە، یەكلابوونەوەی پۆستی سەرۆك كۆماریان بەستووەتەوە بەچارەنوسی حكومەتی داهاتووەوە، بەبێ رێككەوتنی خۆیان لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران، رێگە بەتێپەڕینی كاندیدی سەرۆك كۆمار نادەن.  دابەشبوونی كورد (پارتی‌و یەكێتی) بەسەر جەمسەرە ناكۆكەكانی شیعەدا، هەرێمی كوردستانی خستووەتە ژێر فشارەوە، سەرەتای ئەم فشارانە خۆی لەبڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی عێراق نیشان دا كەپرۆسەی نەوتی هەرێمی كوردستانی بەنادەستوری ناوبرد، لەقۆناغی دووەمیشدا مووشەكە بالیستییەكانی ئێران بۆ سەر هەولێر، فشارەكان گەیشتنە لووتكە.  پارتی‌و یەكێتی بەیەكەوە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان دروستكردووە‌و هەردووكیان لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا بانگەشەی «یەكڕیزییان» بەرز كردووەتەوە، ئێستا بەهەردووكیانەوە، لەڕێگەی بەغدادەوە فشاریان لەسەر حكومەتەكەی خۆیان دروستكردووە.   لەدوای رووخاندنی رژێمی سەددام‌و دروستبوونی عێراقی نوێوە، یەكەمجارە كورد (پارتی‌و یەكێتی) بەم قورسییە دەچنە ناو كێشەكانی ناو ماڵی شیعەوە، ئەمە هەر لەسەرەتاوە ئێرانی لەپارتی تووڕە كرد‌و یەكێتیشی خستە ناو بەرەی دۆستەكانی تارانەوە.  لەدوای ئەم دابەشبوونە نوێیەی پارتی‌و یەكێتییەوە بەسەر بەرە ناكۆكەكانی شیعەدا، پەیوەندیی هەردوو حزب لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئاڵۆزی تێكەوتووە، قەیرانی دارایی‌و كێشەی مووچە لەسلێمانی سەریهەڵداوەتەوە. شەڕی ٤٠ کەس لەبەردەم نیسابدا دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، نیسابە یاساییەكەی دوو لەسەر سێیە، واتە بۆئەوەی كۆبوونەوەكە بەڕێوەبچێت، دەبێت لەكۆی (329) ئەندامی پەرلەمان، (220) ئەندامیان لەكاتی دەستپێكردنی دانیشتنەكەدا ئامادە بن. (40) كەس خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە، ئەم پۆستە بەپێی عورفێك كە لەدوای رووخاندنی رژێمی سەددامەوە لەعێراق پەیڕەو دەكرێت، پشكی كوردە، لەناو كوردیشدا ئەم پۆستە تاوەكو ئێستا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بردوویەتی، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە، پارتی دەیەوێت ئەمجارە پۆستی سەرۆك كۆمار وەرگرێت‌و لەبەرامبەردا وەزارەتێكی باڵا لەعێراق بۆ یەكێتی بەجێبهێڵێت (وەزارەتی دەرەوە). ناكۆكیی پارتی‌و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار‌و رێكنەكەوتنیان لەسەر كاندیدێكی هاوبەش، هەردوو حزبەكەی دابەشكردووە بەسەر بەرە ناكۆكەكانی شیعەدا، پارتی لەگەڵ موقتەدا سەدری براوەی یەكەمی هەڵبژاردندایە، یەكێتیش لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (مالیكی، عامری، فالح فەیاز، قەیس خەزعەلی، عەبادی، حەكیم)دایە‌و ئەم بەرەیە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی لێدەكرێت.  هەردوو بەرە ناكۆكەكە، واتە بەرەی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)‌و بەرەی (لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی+ یەكێتی+ هەندێك لە پەرلەمانتارانی سوننە) بەتەنیا خۆیان ناتوانن (220) ئەندام بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی رۆژی شەممە كۆبكەنەوە.  هاوپەیمانێتیی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) بەتێكڕا خاوەنی (171) كورسیی پەرلەمانە، لەبەرامبەردا  بەرەی (چوارچێوە+ یەكێتی+ هەندێك لەسوننەكان) بەتێكڕا ژمارەی كورسییەكانیان دەگاتە نزیكەی (105) كورسی.  پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەمدواییە چەند جارێك قسەیان كردووە لەبارەی ئەوەی دەیانەوێت هاوپەیمانێتییەك رابگەیەنن بەناوی (هاوپەیمانیی چەسپاوی نیشتمانی)‌و ئەم هاوپەیمانێتییە بەپێی قسەی ئەوان، خاوەنی نزیكەی (130) كورسییە، بەڵام ئەمە تائێستا تەنیا وەكو قسە ماوەتەوە‌و هاوپەیمانێتییەكە بەفەرمی رانەگەیەندراوە. سەدر كەهەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار وەكو تێكشكاندنی یەكەمین بەربەست لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێدا دەبینێت، دەیەوێت هەرچۆنێك بووە، نیسابی دانیشتنی رۆژی شەممە تەواو ببێت‌و سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، چونكە بەگوێرەی دەستور، دوای هەڵبژاردنی، سەرۆك كۆمار كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمان رادەسپێرێت بەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، سەدر براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە‌و لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان‌و سوننەكاندا، كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمان پێكدەهێنێت.  لەبەرامبەردا نەیارەكانی سەدر، واتە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆ ئەوەی كێشە بۆ نیسابی دانیشتنەكە دروست نەكەن، داوا دەكەن، هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیران لەناو پەرلەماندا دیاری بكرێت‌و پرسی بەشداریی ئەوان لەحكومەتی داهاتوو یەكلا بكرێتەوە. لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، هێشتا هیچ گرەنتییەكیان لە سەدر وەرنەگرتووە لەبارەی بەشداربوونیان لەحكومەت، بەبێ ئەم گەرەنتییە، هەوڵ دەدەن بۆ جاری دووەم دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پەكبخەن، چونكە پێیانوایە ئەگەر ئەمجارە دانیشتنەكە پەكبخەن، هیچ رێگاچارەیەك نامێنێتەوە، جگە لەوەی جارێكی تر پەنا بۆ سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ ببرێت (هەرچەندە ئەمڕۆ  نوری مالیكی لەتویتێكدا بژاردەی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی رەتكردەوە)، دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لەسوودی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، بەتایبەتیش ئەوان هەر لەبنەڕەتەوە لەئەنجامی هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو ناڕازی بوون، یاسای نوێی هەڵبژاردن غافڵگیری كردن‌و سەدر بەسەریاندا سەركەوت.  سەدر گرەو لەسەر سەربەخۆکان دەکات موقتەدا سەدر بۆئەوەی نیسابی كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تەواو بكات، پەنای بۆ پەرلەمانتارانی سەربەخۆ برد. لەتویتێكدا داوای لێكردن نەكەونە ژێر كاریگەریی فشارو كڕینەوە. ڕێبەری ڕەوتی سەدر دووشەممە لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر داوای لەپەرلەمانتارە سەربەخۆکانی پەرلەمانی عێراق کرد ئامادەبن لەدانیشتنی پەرلەماندا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو ڕێژەی سێیەکی پەرلەمان تەواو بکەن و دەنگ بەسەرۆکی نوێ بدەن، بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکە لەو دۆخەی کە لەئێستادا تێیکەوتووە.  سەدر گومانی خۆی لەحكومەتی سازان ڕاگەیاند، وتی: “حکومەتەکانی سازان سوودیان بۆ عێراق و عێراقییەکان نەبوو، هۆکارەکەش سازان و دابەشکردنی کێکەکەیە لەنێو لایەنەكاندا، بۆیە لەخولی پێشوودا تاقیمانکردەوە کێکەکەیان لەگەڵدا دابەش نەکەین، بەڵام سوودی نەبوو”. ڕێبەری ڕەوتی سەدر پێیوایە دەبێت ئەو ڕێچكەیە جێبهێڵرێت و لەتونێلی سازان و تایەفەگەری دەربچین بەرەو دەشتی زۆرینەو نیشتمانی”.هەمووان گومانیان لەو پارتانە هەیە كە لەڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە تائێستا لەپرۆسەی سیاسیدا بەشدارن، بۆیە لەهەڵبژاردنی ڕابردوودا زۆر پەرلەمانتاری سەربەخۆ دەرکەوتن و زۆبەی پارتەكان بچووکبوونەوە، بەتایبەت پارتە شیعییەکان لەباشووری عێراق. سەدر پێیوایه‌ پێشتر  بەهۆی پارتەكانەوە نەیاندەتوانی ئەو كارە بكەن، “بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی چینێک لەپەرلەمانتارانی سەربەخۆ، دەتوانین حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێکبهێنین، بۆئەوەی بیسەلمێنین ئەو حکومەتە سەرکەوتوو دەبێت یاخود نا”. سەدر ئاماژەی بەوەش کردووە، پەیامەکەی لەلاوازی و بێ دەسەڵاتییانەوە نییە، بەڵکو تەنها لەبەر نیشتیمان و خۆشەویستیی نیشتیمانەوەیە. ئەوانەی پێیان دەوترێت پەرلەمانتاری سەربەخۆ، مەبەست لەوانەیە كە بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان كاندید كردووە‌ یان لەدەرەوەی هێزە نەریتییەكانن‌و لەم خولەی پەرلەماندا بەهۆی یاسای نوێی هەڵبژاردنەوە سەركەوتوون، ژمارەی ئەمانە بە تێكڕا (48) پەرلەمانتارە.   هەندێك سەرچاوەی نزیك لەپەرلەمانتارانی سەربەخۆ باس لەوە دەكەن، لەكۆی (48) پەرلەمانتار، زیاتر لە(30) پەرلەمانتاری سەربەخۆ یەكلابوونەتەوە بۆئەوەی بەشداریی كۆبوونەوەی شەممە بكەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو نیساب نەشكێنن، لەم (30) پەرلەمانتارە، (18) كەسیان پەرلەمانتاری (هاوپەیمانی لەپێناو خەڵك)ن كە هاوپەیمانێتیی نێوان بزووتنەوەی ئیمتیداد‌و جووڵانەوەی نەوەی نوێیە، ئەمانە تائێستا یەكلابوونەتەوە بەشداریی كۆبوونەوەكە بكەن، ئەمەش بەبەهانەی ئەوەی خۆیان كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە كەكاندیدەكە (رێبوار ئەوڕەحمان)ـە لە جووڵانەوەی نەوەی نوێ.  ئەگەر وەكو ئەوەی سەرچاوەكان باسی دەكەن، (30) پەرلەمانتاری سەربەخۆش لەگەڵ سەدر بڕۆن‌و بەشداریی دانیشتنی رۆژی شەممە بكەن، ئەوە بەتێكڕا ژمارەی كورسییەكانی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) لەگەڵ سەربەخۆكان دەبێت بە(200) كورسی، ئەمەش هێشتا (20) كورسی كەمی هەیە بۆ تەواوكردنی نیسابی دانیشتنەكە كە (220) كورسییە، واتە لەم حاڵەتەشدا هێشتا تەواوبوونی نیساب كێشەی تێدایە.  ئەمە لەكاتێكدایە لەبەرامبەردا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (بەرەی ئێران) بەهەمان شێوەی سەدر، كار لەسەر راكێشانی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ دەكەن بەلای خۆیاندا.  لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و یەكێتی‌و پەرلەمانتارانی سوننە، ئەگەر بتوانن بەتێكڕا (110) پەرلەمانتار كۆبكەنەوە، ئەوا دەتوانن دانیشتنی پەرلەمان رۆژی شەممە پەكبخەن، ئەمە پێی دەوترێت: (الثلث المعطل) واتە (یەك لەسەر سێی پەكخەر).  

هاوڵاتى مانگی رابردوو جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بڕیاریداوە لەبارەی مانەوەو كشانەوەیان لە حكومەتی هەرێمداو چاوەرێی هەندێ رێكاری تایبەت بە بزوتنەوەكەیانن و تا ئێستا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە. سەرچاوەیەكی باڵا لەناو بزوتنەوەی گۆڕان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا رۆژی 26ی شوباتی مانگی رابردوو زۆرینەی ئامادەبووانی جڤات دەنگیاندا بە كشانەوە لە حكومەتی هەرێمدا». هەروەها وتیشی:» دانگدان بۆ مانەوە یان كشانەوە لە حكومەت بە واژۆ بوو و نوسراو كراو ناوی ئەندامان نوسراو ئەوانەی لەگەڵ كشانەوەدابوون واژۆیان كردووە، كە كۆی ئەندامانی جڤات 45 كەسن، بەڵام 36 ئەندام ئامادەبوو، لەو 36 كەسە 24 ئەندامی جڤات لەگەڵ كشانەوەدابوون لە حكومەتی هەرێم و 12 كەسیان لەگەڵ مانەوەیدا بوون «. هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئەو كۆبونەوەیەی جڤاتی نیشتمانی»بەنهێنی» هێڵدراوەتەوە تا ئێستا و نەدراوە بە میدیاكان، چونكە گرفتی دروست كردووە و چاوەرێی هەندێ رێكارین یەكێك لەوانە نوسراوێك ئامادە بكەن بۆ حكومەتی هەرێم. یەكێكی دیكە لە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەی دووپاتكردەوە كە تیمی گۆڕان لە حكومەت ئامادەن بڕیاری جڤاتی نیشتمانی جێبەجێ بكەن. ئەو بەرپرسەی گۆڕان كە نەویست ناوی بهێندرێت ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئاوات شێخ جەناب ئامادە نییە بچێتەوە وەزارەتی دارایی داوای كردووە كەسی دیكە لە شوێنی دابنێن، وتیشی:» هەندێك كەسیش هەیە لەناو گۆڕان كە حەز دەكەن بمێنینەوە، بەڵام بریاری جڤاتی نیشتمانی دەبێت هەموو لایەك پێوەی پابەند بن».

هاوڵاتى وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی روسیا رایگەیاند: " ئێمە چەمکی ئاسایشی ناوخۆمان هەیە، ئەوەش بۆ هەمووانە. دەکرێت خوێندنەوە بۆ هەموو ئەو هۆکارانە بکرێت کە چەکی ئەتۆمیی بۆی بەکاردێت.. ئەگەر هەڕەشە لەسەر بوونی وڵاتەکەمان هەبێت، دەکرێت چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنرێت بەپێی چەمکەکانمان". دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا - کرێملین بە کەناڵی سی ئێن ئێن-ی راگەیاندووە، "ئێمە چەمکی ئاسایشی ناوخۆمان هەیە، ئەوەش بۆ هەمووانە. دەکرێت خوێندنەوە بۆ هەموو ئەو هۆکارانە بکرێت کە چەکی ئەتۆمیی بۆی بەکاردێت.. ئەگەر هەڕەشە لەسەر بوونی وڵاتەکەمان هەبێت، دەکرێت چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنرێت بەپێی چەمکەکانمان". دیمیتری پێسکۆڤ دەڵێت، سوپای وڵاتەکەی "تەنیا ئامانجی سەربازی و کەلوپەلی سەربازی لەسەر خاکی ئۆکراینا دەکاتە ئامانج، نەک سڤیل". رووسیا خاوەنی زۆرترین کڵاوەی چەکی ئەتۆمییە لە جیهاندا. لەبارەی لێدوانەکانی گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیاشەوە، کیربی دەڵێت، "بە ئەوپەڕی توانامانەوە و هەموو رۆژێک چاودێریی ئەوە دەکەین". ئەمرۆ دەبێتە 29 رۆژ كە سەرۆكی روسیا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بۆ سەر خاكی ئۆكرانیا دەستپێكردووە و  بەپێی ئامارەی نەتەوە یەكگرتووەكان زیاتر لە سێ ملیۆن و نیو لە هاووڵاتییانی ئۆکراینا ئاوارە بوون و 935 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و هەزار و 496 کەسیش برینداربوون.

هاوڵاتی  بانکی ناوەندی عیراق رایگەیاند:" بە رێژەی 21.13٪ بڕی دۆلاری فرۆشراوی بەرزکردووەتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئاداری 2022، بانکی ناوەندی عیراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیاید هاتووە، بڕی 335 ملیۆن و 478 هەزار و 795 دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە. ئاماژەی بەوەشداوە، بڕی دۆلاری فرۆشراو لەمڕۆدا بەراورد بە دۆلاری فرۆشراوی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو کە 194 ملیۆن و 394 هەزار دۆلار بووە بە رێژەی 21.13٪ زیادیکردووە. هەر بە گوێرەی راگەیەنراوەکەی بانکی ناوەندی، نرخی هەر دۆلارێکی بە 1460 دیناری عیراقی فرۆشتووە. بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەشداوە، لەو بڕە دۆلارەی بانکی ناوەندی خستوویەتییە بازاڕاوە، 177 ملیۆن و 288 هەزار و 795 دۆلاری رەوانەی بانکەکانی دەرەوە کراوە بەمەبەستی ئاڵوگۆڕکردنی دراو. دەشڵێت، 64 ملیۆن و 250 هەزار دۆلار بەشیوەی نەختینەیی لەناو خۆیی وڵاتدا مامەڵەی پێوەدەکرێت.