شەوی ڕابردوو لەڕوداوێکى تەقەکردندا، شەش ئەندامی خێزانێک لە گوندی گرێزەی سەیدسادق بە گولـلە کوژران، بەپێى زانیاریە سەرەتاییەکان بە کڵاشینکۆف کوژراون و کوڕێکى ئەو خێزانە کارەکەى ئەنجامداوەو دواتر خۆشى کوشتووە. ڕووداوەکە لەنێوان کاژێر 11:30 بۆ 12:00ی شەوی پێنجشەممە، 20-3-2025، روویداوە، ئەوانەی لە رووداوەکەدا کوژراون، دایک و باوک، دوو برا و دوو خوشک بوون. دواى ئەوەى تەرمەکانیان برانە پزیشکی دادی سلێمانی و دواتر لە زێدی خۆیان بە خاک ەسپێردران. خزمێکی ئەو خێزانە دەڵێت "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، لەنێو خێزانەکەدا بووەتە شەڕ و ئەو کوشتارەی لێ کەوتووەتەوە، ئەوەی تائێستا دەیزانین ئەوەیە". بەپێی گوتەی کەسوکاری خێزانەکە، کوڕێکی ئەو ماڵە کە لە ئەورووپا ژیاوە، دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، دەبێتە کێشەیان و خێزانەکەی دەکوژێت، پاشان خۆیشی دەکوژێت، رووداوەکە لەکاتێکدا روویداوە، کە باوکی خێزانەکە "نەخۆش بووە و نەشتەرگەریی دڵی بۆ کراوە و لە ماڵەوە لەسەر جێگە بووە." لەبارەی ڕووداوی "کۆمەڵکوژییەکەی" گوندی گرێزەی سەیدسادق، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت بکوژەکە لەنێو ئەندامانی خێزانەکەدایە، کێشەیەکی بچووکی لەگەڵ باوکی هەبووە و دواتر ئەم رووداوە روویداوە. سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، وتى "بکوژەکە باری دەروونی تەواو نەبووە، لە رووداوەکە دەگوترا کە دەستی کەسانی دیکەی دەرەوەی خێزانەکە هەبێت، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەکان تەنیا پەیوەندیدار بووە بە خێزانەکەوە." سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، کە "کامێراکانی چاودێریی ناوچەکە هەموو شتێکی تێدا تۆمار کراوە و تیمەکانی لێکۆڵینەوە دەستیان بەسەردا گرتووە." لەبارەی تێوەگلانی کەسانی دیکە لە رووداوەکە، سەرکەوت ئەحمەد باسی لەوەکرد کە "هیچ کەسێک تاوەکو ئێستا بەهۆی رووداوەکە دەستگیرنەکراوە، لێکۆڵینەوە بەردەوامە و هەر کەس پەیوەندیدار بێت بەم بابەتە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت." هەرچەندە هیچ بەڵگەیەک نییە کە بکوژەکە نەخۆشیی دەروونی هەبووبێت و گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: "پێویستە بەڵگەنامەی پزیشکی هەبن تاوەکو وەکو نەخۆشی دەروونی ئەو کەسە بناسێنرێت، بەڵام نەوەک بەڵگە بەڵکو هیچ شاهێدێکیش نییە کە ئەم کەسانە سەردانی پزیشکی دەروونی کردبێت." "ئەو چەکەی تاوانەکەی پێکراوە، لە جۆری کڵاشینکۆڤ بووە، پۆلیس دەستی بەسەرداگرتووە، لەسەر شێوازی تەقەکردنەوە تەرمەکان رەوانەی دادپزیشکی کراون تاوەکو بزانرێت، کەسەکە چۆن تەقەی کردووە، دواتر چۆن خۆی کوشتووە." سەرکەوت ئەحمەد وای گوت. بەشیر سالار ئەندامی ئەو خێزانەیە و چەند رۆژێکە لە ئەورووپا گەڕاوەتەوە، بە گوتەی پۆلیسی سلێمانی "ئەو کەسەیە کە تاوانەکەی ئەنجام داوە." سەرکەوت ئەحمەد دەڵێت: "حاڵەتەکانی کۆمەڵکوژی لەم ساڵ دا یەکەمجارە لە سنووری پارێزگاکەمان تۆمار دەکرێت، بەڵام رووداوەکانی دیکەی کوشتن تۆمار کراون." ئەو خێزانە 9 ئەندام بوون، سێ کەس ماونەتەوە کە دوو برا و خوشکێکن. ئەو شایەتحاڵانەی کە سەرەتا چوونەتە شوێنی رووداوەکە دەڵێن "هەر شەش کەسەکە لە ژوورێکدا بوون، بەگوێرەی تەرمەکان دەردەکەوت کە منداڵەکان لە دەورووبەری دایکیان خۆیان شاردووەتەوە بۆ ئەوەی نەیانکوژێت." "سەرۆکی خێزانەکە (باوکیان) سێ رۆژە نەشتەرگەریی دڵی بۆ کرابوو لە نەخۆشخانە هێنرابووە دەرەوە و لە کاتی رووداوەکە هەر لەسەر جێگەکەی خۆی کوشتوویەتی."
دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل بۆردومانەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە چڕکردەوە، وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ئەمڕۆ چوارشەممە ژمارەی کوژراوانی نوێی بڵاوکردەوە و تێیدا دەرکەوتووە لە ماوەی 48 کاتژمێردا 970 کەس کوژراون. بەمەش ژمارەی کوژراوانی شەڕی غەززە، تا پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، گەیشتوەتە ٤٨ هەزار و ٥٧٧ کەس. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین، تا پاشنیوەڕۆی چوارشەممە، ژمارەی مردووان بۆ ٤٩ هەزار و ٥٤٧ کەس بەرزبووەتەوە. هێزەکانی ئیسرائیل بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک بەردەوامن لە هەڵمەتەکانیان بۆ سەر کەرتی غەززە و لە ئەنجامدا دەیان کەس کوژراو و برینداری لێکەوتەوە لە هەڵمەتەکانیاندا کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەوە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززەیان کردە ئامانج. لە کاتێکدا کە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی سنوورداریان لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە دەستپێکردووە، ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی میحوەری ناوەڕاستی نەتزەریمیان کۆنترۆڵکردووە. لای خۆیەوە، خەلیل ئەلدەقران، وتەبێژی نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا بە ئەلعەرەبیە ئەلحەداسی ڕاگەیاند، ڕۆژی سێشەممە ژمارەی کوژراوان گەیشتە 440 کەس، لەگەڵ 680 بریندار، کە زۆرینەیان ژن و منداڵ و بەساڵاچوون، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو برینانەی گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکە لەڕادەبەدەر سەختن. هەروەها باسی لەوەش کرد، تا ئێستاش ژمارەیەکی زۆر بریندار و کوژراو لەژێر داروپەردووەکاندان، بەهۆی بارودۆخی دژوارەوە ڕزگارکردنیان یان هێنانەوەی تەرمەکان ئەستەمە. وێڕای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، دەرگای دانوستانی دانەخستووە و پێویستە قۆناغی دووەمی ئاگربەست دەستپێبکات. تاهیر نونو راوێژکاری سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس، جەختیکردووەتەوە لەوەی کە پێویست بە رێککەوتنی نوێ ناکات، لەکاتێکدا رێککەوتنی ئاگربەست واژۆکراوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە وڵاتانی نێوەندگیر و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئیسرائیل ناچاربکەن هێرشەکانی رابگرێت و پابەندی رێککەوتی ئاگربەست بێت و قۆناغی دووەم دەستپێبکات. ئەوەش لەکاتێکدایە کە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوەکردووەتەوە، دانوستانەکان تەنها لەژێر ئاگردا بەردەوامدەبن و وڵاتەکەی گوشاری زیاتر دەخاتە سەر حەماس و درێژە بە هێرشەکانی دەدات تا ئەوکاتەی هەڕەشەی حەماس لەناودەچێت.
بەرگریی شارستانی هەرێمی کوردستان ئاگاداری هاووڵاتیانی دەکاتەوە و داوایان لێ دەکات، بە هەموو شێوەیەک دیاردەی سوتاندنی تایە بەبۆنەی جەژنی نەورۆز قەدەغەیە، بەتایبەتی لە دەرەوەی شارەکان. سبەی ئێوارە پێنج شەممە، بەبۆنەی ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەورۆز، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان ئاگری نەورۆز دەکرێتەوەو چالاکى جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت. سەرکەوت کاڕەش، ووتەبێژی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بەڕێنماییەکانى جەژنى نەورۆز، دەڵێت: دیاردەی سوتاندنی تایە بەبۆنەی جەژنی نەورۆز قەدەغەیە، بەتایبەتی لە دەرەوەی شارەکان. هەروەها ئەوەش دەڵێت: هەرکەسێک ئەم کارە ئەنجام بدات، تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە، سووتاندنی تایە کارێکی ناشارستانییە و دەبێتە هۆی پیس بوونی ژینگە و کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر تەندروستی هاونیشتمانیان. لەلایەکى ترەوە نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، ڕایدەگەیەنێت سبەی ئێوارە هیچ چالاکییەکی تایبەت بە نەورۆز بەڕێوە ناچێت، تەنیا لەسەر قەڵای هەولێر ئاگر هەڵ دەکرێت. نەبەز عەبدولحەمید، وتیشی: هۆی بەڕێوەنەچوونی چالاکییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە زۆرینەی هاوڵاتییان بەڕووژون. لەلای خۆیەوە، دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی ئاکرێ، ئەوەى خستوەتەڕوو نەورۆزی ئەمساڵ لە ئاکرێ جیاواز دەبێت و تەواوی ئامادەکارییەکان کۆتاییان پێ هاتووە.
لە یەكەم كۆبوونەوەدا لەگەڵ ئەو لیژنەی كە ئەحمەد شەرع بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دروستیكردووە، مەزڵوم عەبدی باسی لە بێبەشكردنی پێكهاتەكان كردووە لە پرۆسەی نوسینەوەی دەستوری سوریادا. ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەگەڵ ئەو لیژنەیەدا كۆبووەوە، كە لەلایەن دەسەڵاتی نوێی سوریاوە لە دیمەشق دروستكراوە بۆ چاودێریكردنی رێككەوتنی نێوان ئیدارەی خۆسەرو دیمەشق. رۆژی 10ی ئەم مانگە، سەرۆكایەتیی سوریا رایگەیاند، ئەحمەد شەرع لەگەڵ مەزڵوم عەبدیدا رێككەوتنێكی ئیمزا كردووە بۆ تێكەڵكردنی هێزە سەربازیی و مەدەنییەكانی (هەسەدە)ی سەربە ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ دامەزراوەكانی دەوڵەتی نوێی سوریاو داننان بە مافەكانی گەلی كورد لەو وڵاتە. رێككەوتنەكە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی خۆرئاوا پێشوازیی لێكرا. لەبارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان مەزڵوم عەبدی و لیژنەكەی ئەحمەد شەرع، راگەیەندراوی (هەسەدە) باسلەوە دەكات (روهلات عفرین) ئەندامی فەرماندەیی گشتیی یەكینەكانی پاراستنی ژنان لەگەڵ (حسێن سەلامە) سەرۆكی لیژنەكەی حكومەتی دیمەشق و چەند ئەندامێكی تر لە هەردوولا، بەشداربوون لە كۆبوونەوەكەدا. "بیروڕا ئاڵوگۆڕكراوە سەبارەت بە میكانیزمی كاری ئەو لیژنانەی؛ كە بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئایندەوە بەشێوەی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا دەستبەكار ببن" راگەیەندراوەكە وا دەڵێ. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا قسەوباس كراوە لەبارەی راگەیاندنی دەستوریی سوریاو؛ جەخت كراوە لەسەر ئەوەی نابێت هیچ پێكهاتەیەكی سوریا بێبەش بكرێت لەوەی رۆڵ و بەشداریی هەبێت لە نەخشەی ئایندەی سوریاو نوسینەوەی دەستورەكەیدا. ئەحمەد شەرع و دەسەڵاتی نوێی سوریا بە رێبەرایەتی (تەحریر شام)، سەرباری رێككەوتنەكەیان لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، كوردو دروزو پێكهاتەكانی تری سوریایان لە پرۆسەی ئامادەكردنی دەستوری كاتیی سوریاو نوسینەوەی رەشنوسی دەستوریی هەمیشەیی بێبەش كردووە، ئەمەش لەناوخۆی سوریاو لەسەر ئاستی دەرەوەی نیگەرانیی سەبارەت بە ئایندەی سەقامگیریی لەو وڵاتە دروستكردووە. تەوەرێكی تری كۆبوونەوەی مەزڵوم عەبدی لەگەڵ لیژنەكەی ئەحمەد شەرع، باسكردن بووە لە پێویستی ئاگربەست لەسەرتاسەری خاكی سوریادا.
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایدەگەیەنێت، خشتەکانى بودجەى گشتیی ساڵی 2025، دامەزراندن و پلە وەزیفییەکان لەخۆناگرێت. حسێن موئنیس ئەندامی لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گوتووە، خشتەی بودجە هێشتا لەڕووی کاتەوە روون نییە کەى تەواودەکرێت. دەشڵێت، مادەکانی بودجە، زیادکردنیان بۆ پلە وەزیفییەکان راگرتووە، هەر بۆیە خشتەی بودجە پلە وەزیفییەکان لەخۆنەگرتووە. موئنیس ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، ئەزموونی بودجەی سێ ساڵیی ئەزموونێکی نوێ و باشە، بەڵام بەهۆی دواکەوتنەوە گرفتى بۆ دروستبووە، دەشڵێت ئەوان لەگەڵ پەسەندکردنی بودجەی سێ ساڵیی یان پێنج ساڵین، بەمەرجێک حکومەت پلانی بۆ ئەو ساڵانەى بەڕێوەبردنی وڵات هەبێت. بڕیاربوو بەمزووانە وەزارەتى دارایی عێراق خشتەکانى بوجەی گشتیی ساڵ2025 رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکات، بەڵام تائێستا نەنێردراوە.
موراد قەرەیلان دەڵێت، پەکەکە خاوەنی چەکی كاریگەرو پێشکەوتووە، کە توانای گەیشتن بە مەودای (800) کیلۆمەتر هەیە، جەختیشیکردەوە، هێشتا هەندێک لە سەرکردەکانی پارتەکەیان قەناعەتیان بە بیرۆکەی دانانی چەکە نەكردووەو پێویستیان بە رونکردنەوەی زیاترە. ئاژانسی هەواڵی" العهد" چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ موراد قەرەیلان، فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی گەلی پارتی كرێكاران ئەنجامداوە، تیایدا باسی لە روداوەکانی ئەم دواییەی دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان رابەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان کردووە. قەرەیلان لەو چاوپێكەوتنەدا رایگەیاندووە، خاوەنی چەکی پێشكەوتوین، هێزەکانمان لە باکور (باشوری تورکیا) چالاکیی سەربازی کاریگەر ئەنجام نادەن، بە هۆکاری تاکتیکی پەیوەست بە گۆڕانکاری لە ستراتیجی جەنگ. رەنگە لە هەر ساتێکدا بە شێوەیەکی کاریگەرتر دەست پێبکەینەوە. قەرەیلان دووپاتی کردەوە، لەم دواییانەدا کۆبونەوەیەکی گرنگمان سەبارەت بە شەڕو ستراتیجەکەی ئەنجامداوە، تورکیا هەموو جۆرە چەکێکی بەکارهێناوە، هەروەها هەندێک لە شێوازەکانیمان بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکردووە لەبەر هۆکاری پەیوەست بە نهێنییەکانی سەردەمی جەنگ. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتویەتی: لە نێو ئەو شێوازانەدا بەکارهێنانی رۆبۆتەکان بوو لە لایەن تورکیاوە لە دژی گەریلاكانمان لە تونێلەکاندا، بەڵام کاریگەرییان بە سەرکەوتویی پوچەڵکرایەوەو، ئێمە لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ شەڕ و ئاشتی و لەهەموو كاتێك بەهێزترین. رونیشیکردەوە، لە ساڵی (2018)ەوە، کاردەکەین بۆ دانانی سنورێك بۆ تەکنەلۆژیای دەوڵەتی تورکیاو، توانیومانە سوود لە زیرەکی دەستکرد وەربگرین بۆ پوچەڵكردنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەوپێیەی زۆربەیان ناتوانن بەسەر ئاسمانی ئێمەدا بفڕن، وتیشی، یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا درۆ دەکات، سەبارەت بە توانی هێزەکانمان و بوونیان لە باکوری وڵات. قەرەیلان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە بزوتنەوەیەکی سەرکردایەتیین، هەرچی سەرکردە بڵیێت جێبەجێی دەکەین، بەڵام نەک لەسەربنەمای شکستی لایەنێک و سەرکەوتنی لایەنێكی تر، بەڵکو بەپێی پرەنسیپی دوو هێز شەڕی یەکتر دەکەن بۆ ماوەی (41)ساڵ. داواشی لە بەرپرسانی تورکیا کرد واز لە قسەکردنی هەڕەمەكیانە بهێنن، ئەگەر ئاشتییان دەوێت، دەبێت هەلومەرجەکە دروست بکەن، بە پێچەوانەوە ئەوان بەبێ مەرج و بەبێ بەرامبەر چەکەکانيان دانانێین.
بەرپرسێکی بزووتنەوەی حـ.ـەماس ڕۆژی چوارشەممە دووپاتی کردەوە کە بزووتنەوەکە دەرگای دانوستانەکانی دانەخستووە، سەرەڕای هێرشە توندوتیژەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ڕۆژی سێشەممەوە، داوای لە ناوبژیوانان کرد دەوڵەتی ئیسرائیل ناچار بکەن ڕێککەوتنی ئاگربەست جێبەجێ بکات. سوپای ئیسرائیل داوا لە دانیشتوانی غەززە دەکات، باشور و باکوری شارەکە چۆڵ بکەن و وەک ناوچەی مەترسیداری شەڕ دایدەنێت، حەماسیش داوای گفتوگۆ و دانوستان و نێوەندگیریی دەکات. تاهیر نونو، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندوە، "حەماس دەرگای دانوستانەکانی نەداخستووە، هەروەها پێویست بە ڕێککەوتنی نوێ ناکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ڕێککەوتنێک لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە واژۆ کراوە". ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، "حەماس داوا لە ناوبژیوانان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، داگیرکەر ناچاربکەن دەستدرێژییەکانی ڕابگرن و ڕێککەوتنی ئاگربەست جێبەجێبکەن و قۆناغی دووەمیش دەستپێبکەن" لە ئاگربەستەکە کە لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو دەستیپێکردووە. لە دووەم ڕۆژی دەستپێکردنەوەی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، فڕۆکە جەنگییەکان بەردەوام بوون لە هەڵکوتانە سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی غەززە. ئەم هەڵمەتانە بووە هۆی کوژرانی ٤٣٩ هاوڵاتی مەدەنی فەلەستینی و برینداربوونی سەدان کەس. ئەفیخای درعای، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بانگەوازێکی بەپەلەی ئاڕاستەی دانیشتوانی غەززە کرد کە بەشی باکور و باشوری ناوچەکە چۆڵ بکەن و بەناوچەی شەڕ و روبەڕوبوونەوەی مەترسیدار لە قەڵەمی دەدات، ئەوەش دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر حەماس و غەززە. لەلایەکی دیکەوە، دەسەڵاتی پەخشی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە ڕایگەیاندووە، ناکۆکی لەناو سوپادا هەیە سەبارەت بە ئەگەری هێرشی لەناکاو بۆ سەر غەززە، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرکەسێک پێی وایە "هێرشکردنە سەر غەززە دەبێتە هۆی نەرم و نیانتری حەماس، لەخەیاڵدا دەژى". سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکدا لەبارەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر کەرتی غەززە رایگەیاند، ئەو هێرشەی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە تەنیا سەرەتایە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەتی وڵاتەکەی لە 7 بەرەوە لە جەنگدایە و براوەیشە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی: "لەمەودوا دانوستاندنەکان تەنیا لەژێر ئاگردا بەڕێوەدەچن" و بزووتنەوەی حەماسیشی تۆمەتبار کرد بە هۆکاری ئەو دۆخەی نوێیە، بەوەی دەستپێشخەرییەکانی نوێنەری سەرۆکی ئەمریکای بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست رەتکردوونەتەوە. نەتەنیاهوو رایگەیاند: "هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام دەبن تاکو هەموو ئامانجەکانی جەنگ بەدەستدەهێنین کە بریتین لە لەنێوبردنی حەماس تاوەکو چیدیکە نەبێتە هەڕەشە، لەگەڵ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان." سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئازادکردنەکانی رابردوو ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە گوشاری سەربازی پێویستە تاوەکو سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکرێن".
هاوڵاتى ئەندامێکى تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، وەزارەتى دارایی عێراق ئەمڕۆ دەستیکرد بە وردبینیی لیستی مووچەی مانگی سێی هەرێمی کوردستان. دەڵێت، تیمێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق بە چڕی وردبینی بۆ لیستەکە دەکەن، دەیانەوێت لە نزیکترین کاتدا وردبینیەکە تەواوبکەن، دوای تەواوکردنی بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی وەزارەت بە وەکالەت پێداچوونەوەی بۆ دەکات و دواتر سەرەتای هەفتەی داهاتوو بۆ تەیف سامی، وەزیری دارایی دەنێرێت. ئێستا تەیف سامى لە جنێفى سویسرایە، ئەو بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی بازرگانی و گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان چووەتە ئەو وڵاتە هەفتەى داهاتوو دەگەڕێتەوە بۆ دوامى وەزارەت. ئەو ئەندامەی تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی، دەڵێت، ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەى دەرگاى وەزارەتى دارایی لیستى مووچەمان بردە وەزارەت و تیمی تەکنیکی وەزارەتى دارایی عێراقمان بینی، پێیان گوتووین لیستەکە کێشەی نەبێت بە ئەگەرێکی زۆر 25 یان 26 مانگ، کە دەکاتە هەفتەی داهاتوو، تەیف سامی تەمویلی مووچەی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی سێ دەکات، واتە سێشەممە و چوارشەممەى داهاتوو. دوێنێ، بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان راگەیاند، ئەگەر کێشە بۆ لیستى مووچە دروست نەکرێت و بەغداد بینێرێت، دەمانەوێت پێش جەژنى رەمەزان مووچە دابەش بکەین. لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە درابوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی رادەسپێرێت هەرچی زووە لیستی مووچەی مانگی ئادار ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی بۆ وەزارەتی دارایيی فیدراڵ بنێردرێت، بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی ئادار پێش پشووەکانی جەژنی رەمەزان. 12ـی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی شوباتی بڵاوکردەوە. رۆژی دواتر دەست بە دابەشکردنی مووچە کرا و یەکەم رۆژ مووچەی خانەنشینی شارستانی، خاوەن پێداویستی تایبەت، زیندانییانی سیاسی و بەرکەوتووانی کیمیایی دابەشکرا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسیی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پێشبینی باران و هەورەتریشقە دەکرێت. کەشناسی هەرێم ئاماژەی بەوەدا، پێشبینی دەکرێت کەشی ئەمڕۆ چوار شەممە، 19-3-2025، ئاسمان هەور و نیمچە هەور بێت، هەروەها لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵە پەستۆیەک بۆ سەر ناوچەکەمان، ئەگەری باران و هەورە تریشقە هەیە، لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان ئاستی دابارینی مامناوەند و لێزمە باران دەبێت. هەروەها پلەکانی گەرما بەگشتی 1 تا 3 پلەی سیلیزی لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ نزم دەبێتەوە. ڕاشیگەیاند، پیشبینی دەکرێت کەشی سبەینێ پێنجشەمە، 20-3-2025، ئاسمان هەوری تەواو و نیمچە هەور بێت لەگەڵ ئەگەری نمە بارانی پچر پچر لەسەر ناوچە شاخاوییە سنورییەکان و بەشێک لەناوچە شاخاوییە بەرزەکان، هەروەها لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان ئاستی دابارینی مامناوەند دەبێت. پلەکانی گەرماش بە نزیکەی 3 تا 5 پلەی سیلیزی نزم دەبێتەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر :22 پلەی سیلیزی سلێمانی : 20 پلەی سیلیزی دهۆک : 21 پلەی سیلیزی کەرکوک : 26 پلەی سیلیزی زاخۆ : 20 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 20 پلەی سیلیزی سۆران : 19 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 15 پلەی سیلیزی گەرمیان :26 پلەی سیلیزی
تەحسین حمێداوی، یاریدەدەری جیهادیی "سەرایای سەلام" باڵی سەربازی رەوتی سەدر رایگەیاند، رێنمایی لە موقتەدا سەدر، رابەری رەوتەكەوە بۆ سەرایا هاتووە، لەوانە هەڵنەگرتنی چەک لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و گەڕانەوە بۆ مەرجەعە ئاینی و داناكان، ئەگەر عێراق توشی دوژمنكاری دەرەکی بوو. حمێداوی، ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەشداوە، لە نێو ئەو رێنماییانەدا داوای وازهێنان لە لێدوانی تائیفی كردووە، چونکە لێکەوتەی ترسناکی دەبێت و زیان بە عێراق و گەلەکەی دەگەیەنێت. لە رێنماییەكانی سەدردا ئەوەش هاتووە، بەکارهێنان چەك و بەرزكردنەوەی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بە توندی قەدەغەیە، بەوپێیەی چارەنوسی نیشتمان و گەلەکەی لەلایەن تاک و گروپێکەوە دیاری ناکرێت. وتوشیەتی: ئەگەر عێراق تووشی دوژمنكاری بوو، پێویستە بگەڕێنەوە بۆحەوزەو مەرجەعەكان و داناکان، نەگەڕێنەوە بۆ لای گەندەڵکاران و ستەمکاران. رێنمایانەی سەدر لە کاتێکدایە، گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە سەریهەڵداوەتەوە، بەتایبەت دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی سەربازیی ئەمریکا لە دژی حوسییەکان لە یەمەن، هەروەها کۆتایی هێنان بە ئاگربەستی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و دەستپێکردنەوەی بۆردومانی قورسی کەرتی غەززە. میدیا رۆژئاواییەکان لەم دواییانەدا هۆشدارییان دا لە تەشەنەسەندنی ململانێکانی ناوچەکە بۆ عێراق، بەتایبەتی دوای هۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێران سەبارەت بە پشتیوانیکردنی لە حوسییەکان.
بڕیارە ئەمرۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بكات و سێ بڕگە تاووتوێ دەكات. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆ چوارشەممەى ئەنجومەنى وەزیران باس لە سێ تەوەر دەکرێت. لە بڕگەی یەكەمدا، پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ درێژكردنەوەی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە داشكاندنی ڕێژەی (20%)ی سەرپێچیی هاتوچۆ بۆ ماوەی 6 مانگی دیكە (لە 2025/1/1 تا 2025/6/30) تاووتوێ دەكرێ. لە بڕگەی دووەمدا یەكلاییكردنەوەی كێشەی دامەزراوان لەسەر میلاكی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم بە هەمیشەیی و گرێبەست، كە لە ڕێكەوتی 2024/7/1 ـەوە مووچەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری بەهۆی جێگیرنەبوونی میلاكی مانگی تەمووز لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە بۆ نەبەستراوە، تاووتوێ دەكرێ. لە بڕگەی سێیەمدا بابەتی دەرچوانی ساڵی 2024 ی كۆلێژی پزیشكیی گشتیی زانكۆ حكومییەكان بە گوێرەی پێشنیارە هاتووەكان لە نووسراوی وەزارەتی تەندروستی بە ژمارە (30689) لە 2025/12/5 تاووتوێ دەكرێ.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایدەگەیەنێت، دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکۆنە دەکەین و داوا دەکەین دەستبەجێ ئازاد بکرێت، ئەوەى ڕویداوە بێهیواکردنى خەڵکى تورکیایە لەئاشتى و دیموکراسى. ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ و کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی خولی داهاتووی سەۆکایەتى تورکیا بەرەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە دەستبەسەرکرا، ئەوەش دواى رۆژێک لە هەڵوەشاندنەوەى بڕوانامەکەى لەلایەن زانکۆى ئیستەنبوڵەوە. هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایانگەیاند، دەستبەسەرکردنی ئەکرم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ ئیدانە دەکەین و پێویستە دەستبەجێ ئازاد بکرێت. تولای حاتیمئۆغڵولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە پۆستەکەیدا رایگەیاندووە، دەستبەسەرکردنى سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ کە گەورەترین پارێزگای ئەم وڵاتەیە، رووداوێکی شەرمەزارییە کە سەدان ساڵ لەبیرناکرێت. هاوکات ئەوەشدەخاتەڕوو دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو تۆڵەسەندنەوەیە لە شکستی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان. تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس راشیگەیاند، ئۆپراسیۆنی دەستبەسەراگرتنى سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئیستانبوڵ هێرشێکی روونە بۆ سەر دیموکراسی و ئیرادەی گەل. بەکرهان دەشڵێت، ئێمە وەک دەم پارتی، بەردەوام دەبین لە دژی هەموو جۆرە فشارێک لەسەر سیاسەتی دیموکراسیی و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە دەستبەسەرکراون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ئاسایش چووە سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و دەستگیری کرد. بڕیاری دەستگیرکردن بۆ زیاتر لە 100 کەسی دیکەش دەرچوو. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا موراد ئۆنگون، راوێژکاری میدیایی ئیمامئۆغڵو بە مەبەستی وەرگرتنی گوتە، دەستگیرکراوە. هاوکات گەڕان و پشکنین و هەڵکوتانە سەر زیاتر لە 100 ناونیشان بەردەوامە و بڕیاری دەستگیرکردن بۆ زیاتر لە 100 کەس دەرکراوە. دەستگیرکراوان دەگوازرێنەوە بارەگای ئاسایش و گوتەیان لێ وەردەگیرێت. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیای تورکیادا بڵاوکراونەتەوە، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر ژمارەیەک تەندەری پەیوەندیدار بە میدیایە و داواکاری گشتی لە راپۆرتەکەیدا باسی گەندەڵی و هاوبەشیی نێوان جەهەپە و پەکەکەی کردووە. هاوکات سازانی شارەکان یەکێک لەو بابەتانەیە کە داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بڕیاری لێکۆڵینەوە، پشکنین و دەستگیرکردنی لەسەر داوە. ئەمە لەکاتێکدایە سازانی شارەکان تاکتیکی تایبەت بە هەڵبژاردن بوو و یەکێک لەو رێککەوتنانە بوو کە جەهەپە لەگەڵ دەم پارتی لەسەری رێککەوتبوون و لە هەندێک شوێندا هاوئاهەنگییان لە نێوان دەنگدەرانیان دروستکردبوو. میدیای نزیک لە دەسەڵاتیش ئاماژە بە بوونی گەندەڵی دەکەن و رەتی دەکەنەوە پەیوەندیی بە سازانی شارەکانەوە هەبێت.
لە چوارچێوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیدا، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان پەیامێکی بۆ گەلی ئێزیدی نارد، ئەمە دەقەکەیەتی: مێژووی گەلی ئێزدیمان مێژوویەکە کە بووەتە شایەتی کۆمەڵکوژی، ئاوارەیی، زوڵم و ئازاری گەورە. واتە بەو قۆناغ و تاقیکردنەوانەدا تێپەڕیوە. ئێزدیەتی یەکێکە لە باوەڕە هەرە کۆنەکان و کۆمەڵگا هەرە کۆنەکانی مێزۆپۆتامیا. بۆ پاراستنی کەلتوور، ناسنامە و بوونی خۆیان قوربانی گەورەیان داوە. تراژیدی و کۆمەڵکوژیی کە بەسەریاندا سەپێنراوە، نەک تەنها لە ویژدانی گەلەکەماندا، بەڵکو لە ویژدانی هاوبەشی مرۆڤایەتیشدا بە قووڵی جێگیر بووە. لە تەواوی مێژوودا ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، بە بەرگری کردن درێژەیان بە بوونی خۆیان داوە. لە سەدەی ڕابردوودا کۆمەڵکوژییەکان کە لە ئەنجامی هێرشەکانی خاوەن زهنییەتی دەوڵەتە نەتەوەییەکان ڕوویداوە لە ئاستی جینۆسایددا بوون. کۆمەڵکوژی شنگال لە ساڵی ٢٠١٤، بەردەوامی ئەو زهنییەتە بوو کە ئامانجی سڕینەوە و لەناوبردنی ئێزدییەکان بوو. بەڵام ئەمجارە گەلی ئێزدیمان بە زوویی گەیشتنە تێکۆشانی ئازادیی، خۆیان ڕێکخست و دەستیان بە بەرخۆدان کرد. بەم شێوەیە، بە بەرخۆدانێکی مێژوویی وەڵامی کۆمەڵکوژییەکانیان دایەوە. بەشداری ژنان لەم بەرخۆدانە زۆر بە واتایە. ئەوان کەوتوونەتە ئەو پڕۆسەیەی کە داهاتووی خۆیان بە دەستی خۆیان بونیاد دەنێن. داهاتووی گەلی ئێزدیمان بە هێز و ئیرادەی ئەوان لەسەر بنەمای کۆمەڵگای دیموکراتی کە پشت بە ئیرادەی دیموکراتی دەبەستێت شێوە دەگرێت و بەرجەستە دەبێت. پێویستە ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی وا پێکبهێنن کە بتوانن بە باوەڕی خۆیان بە شێوەیەکی ئازاد بژین. لەم قۆناغەدا کە ئێمە بیرمان دەکردەوە و پێی گەیشتین، دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتی بۆ پاراستنی هەبوونی مێژوویی و بەردەوامی پێدانی زۆر گرنگە. لەسەر بنەمای دیدگای کۆمەڵگای دیموکراتی، داهاتوویەکی یەکسان و ئازاد بۆ گەلان دەتوانرێت دروست بکرێت. پێویستە ئێزدییەکان لە خەباتی دیموکراتیزەبوون و دروستکردنی کۆمەڵگای دیموکراتی کە پشت بە ژیانێکی ئازاد و یەکسان دەبەستێت، ببنە هێزی چالاک و کارا. هیچ ڕوانگەیەک کە ئازادیی گەلی ئێزدیمان دان پێدا نەنێت و پشتگوێی بخات، نایاسایی و ناڕەوایە. پێویستە گەلی ئێزدیمان لە هەر شوێنێک هەبن بە خۆڕێکخستن داهاتووی خۆیان بخەنە ژێر پارێزگاری و ئاسایشی خۆیان مسۆگەر بکەن. تێکۆشان بۆ ژیانێکی ئازاد، یەکسان و دیموکراتی بەرپرسیارێتی هەموو گەلەکانمانە. بەم بۆنەیەوە، سڵاو لە تێکۆشانی گەلی ئێزدیمان دەکەم. دەمەوێت بڵێم؛ من لە هەموو بارودۆخێکدا پشتگیری لە تێکۆشانی ئەوان دەکەم. ئازادیی ئێزدییەکان و ئازادی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە یەکەوە بەستراونەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی وەڵامە بەرانبەر بە ٧٣ کۆمەڵکوژیی دژی ئێزدییەکان. ئەو پڕۆسەیەی کە دەستمان پێکردووە زۆرترین بوون و ئازادی بۆ ئێزدییەکان بەدیدێنێت. ئەم بانگەوازە ڕێنیسانسە و زۆرترین ڕێنیسانس دەبێت بۆ گەلی ئێزدیمان. ئەم پڕۆسەیە بە هەست و تێکۆشانی هاوبەش سەردەکەوێت. دووبارە سڵاوی بێ پایانی خۆم دەنێرم. ١٧/٣/ ٢٠٢٥ عەبدوڵا ئۆجالان
لە چوارچێوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیدا، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان پەیامێکی بۆ گەلی ئێزیدی نارد، ئەمە دەقەکەیەتی: مێژووی گەلی ئێزدیمان مێژوویەکە کە بووەتە شایەتی کۆمەڵکوژی، ئاوارەیی، زوڵم و ئازاری گەورە. واتە بەو قۆناغ و تاقیکردنەوانەدا تێپەڕیوە. ئێزدیەتی یەکێکە لە باوەڕە هەرە کۆنەکان و کۆمەڵگا هەرە کۆنەکانی مێزۆپۆتامیا. بۆ پاراستنی کەلتوور، ناسنامە و بوونی خۆیان قوربانی گەورەیان داوە. تراژیدی و کۆمەڵکوژیی کە بەسەریاندا سەپێنراوە، نەک تەنها لە ویژدانی گەلەکەماندا، بەڵکو لە ویژدانی هاوبەشی مرۆڤایەتیشدا بە قووڵی جێگیر بووە. لە تەواوی مێژوودا ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، بە بەرگری کردن درێژەیان بە بوونی خۆیان داوە. لە سەدەی ڕابردوودا کۆمەڵکوژییەکان کە لە ئەنجامی هێرشەکانی خاوەن زهنییەتی دەوڵەتە نەتەوەییەکان ڕوویداوە لە ئاستی جینۆسایددا بوون. کۆمەڵکوژی شنگال لە ساڵی ٢٠١٤، بەردەوامی ئەو زهنییەتە بوو کە ئامانجی سڕینەوە و لەناوبردنی ئێزدییەکان بوو. بەڵام ئەمجارە گەلی ئێزدیمان بە زوویی گەیشتنە تێکۆشانی ئازادیی، خۆیان ڕێکخست و دەستیان بە بەرخۆدان کرد. بەم شێوەیە، بە بەرخۆدانێکی مێژوویی وەڵامی کۆمەڵکوژییەکانیان دایەوە. بەشداری ژنان لەم بەرخۆدانە زۆر بە واتایە. ئەوان کەوتوونەتە ئەو پڕۆسەیەی کە داهاتووی خۆیان بە دەستی خۆیان بونیاد دەنێن. داهاتووی گەلی ئێزدیمان بە هێز و ئیرادەی ئەوان لەسەر بنەمای کۆمەڵگای دیموکراتی کە پشت بە ئیرادەی دیموکراتی دەبەستێت شێوە دەگرێت و بەرجەستە دەبێت. پێویستە ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی وا پێکبهێنن کە بتوانن بە باوەڕی خۆیان بە شێوەیەکی ئازاد بژین. لەم قۆناغەدا کە ئێمە بیرمان دەکردەوە و پێی گەیشتین، دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتی بۆ پاراستنی هەبوونی مێژوویی و بەردەوامی پێدانی زۆر گرنگە. لەسەر بنەمای دیدگای کۆمەڵگای دیموکراتی، داهاتوویەکی یەکسان و ئازاد بۆ گەلان دەتوانرێت دروست بکرێت. پێویستە ئێزدییەکان لە خەباتی دیموکراتیزەبوون و دروستکردنی کۆمەڵگای دیموکراتی کە پشت بە ژیانێکی ئازاد و یەکسان دەبەستێت، ببنە هێزی چالاک و کارا. هیچ ڕوانگەیەک کە ئازادیی گەلی ئێزدیمان دان پێدا نەنێت و پشتگوێی بخات، نایاسایی و ناڕەوایە. پێویستە گەلی ئێزدیمان لە هەر شوێنێک هەبن بە خۆڕێکخستن داهاتووی خۆیان بخەنە ژێر پارێزگاری و ئاسایشی خۆیان مسۆگەر بکەن. تێکۆشان بۆ ژیانێکی ئازاد، یەکسان و دیموکراتی بەرپرسیارێتی هەموو گەلەکانمانە. بەم بۆنەیەوە، سڵاو لە تێکۆشانی گەلی ئێزدیمان دەکەم. دەمەوێت بڵێم؛ من لە هەموو بارودۆخێکدا پشتگیری لە تێکۆشانی ئەوان دەکەم. ئازادیی ئێزدییەکان و ئازادی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە یەکەوە بەستراونەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی وەڵامە بەرانبەر بە ٧٣ کۆمەڵکوژیی دژی ئێزدییەکان. ئەو پڕۆسەیەی کە دەستمان پێکردووە زۆرترین بوون و ئازادی بۆ ئێزدییەکان بەدیدێنێت. ئەم بانگەوازە ڕێنیسانسە و زۆرترین ڕێنیسانس دەبێت بۆ گەلی ئێزدیمان. ئەم پڕۆسەیە بە هەست و تێکۆشانی هاوبەش سەردەکەوێت. دووبارە سڵاوی بێ پایانی خۆم دەنێرم. ١٧/٣/ ٢٠٢٥ عەبدوڵا ئۆجالان