هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە 4ی حوزەیرانی 2024، وەزارتی ناوخۆی عێراق لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، "لە رۆژانی 26 و 27 و 30 ئایاری 2024، روداوی تێكدەرانەو هەڵدانی بۆمبی دروستكراوی ناوخۆیی, لە بەغداد كراوەتە سەر خواردنگەی KFC و جیلی هاوس لیزو پەیمانگای كامبیرج لەناوچەی فەلەستین و, خواردنگەی KFC و كۆمپانیای كەتەرپیلەر لەناوچەی كەڕادە لە جادریە, لەلایەن كەسانێكەوە، کە 7 ئۆتۆمبیل و ماتۆڕیان پێبووە". دەشڵێت، هەندێک تۆمەتبارەکان سەربە دەزگایەكی ئەمنین، بەمادەی 4 تیرۆر فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە. لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، دەستبەجێ تیمێكی كاری هەواڵگری و هونەری پێكهێنرا, بە ئامانجی بەدواداچونی بابەتەكەو گەیشتن بە تاوانكاران و دەرچوان لە یاسا. ئەوەشخراوەتەڕوو، لە پرۆسەیەكی تایبەتدا ژمارەیەك تۆمەتبارەکان دەستگیركران لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا دانیان ناوە, لەگەڵ كۆمەڵێك تۆمەتباری هەڵهاتوو بەكاری تێكدەرانە, بەشداریان لەو كارە كردووە. لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا دەڵێت، بەداخەوە هەندێك لە تۆمەتباران سەربە دەزگایەكی ئەمنین و ئەنجامدانی ئەو كارەیان بە پاساوی زیان گەیاندن بە بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا ئەنجامداوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئایاری 2024، بانکی ناوەندی عێراق بڕی 23 ملیۆن و 320 ھەزار دۆلاری بەشێوەی کاش خستە بازاڕەوە، بەمەش بەھای دۆلاری ئەمریکی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و بەھای 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی ھەرێم گەیشتە 146 ھەزار دینار. دواتر بۆ 145 هەزار و 700 دینار دابەزی، لەکاتێکدا لەماوەی رابردوودا، بەھاکەی لە خوار 145 ھەزار دیناردا جێگیر ببوو ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، لە خشتەی خستنەڕووی دوێنێی بانکی ناوەندیی عێراقدا، بڕی دۆلاری کاش کەمتر لە 5 ملیۆن دۆلار بوو، ئەمڕۆ بانکەکە بڕەکەی بۆ زیاتر لە 23 ملیۆن دۆلار بەرزکردەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق خشتەی خستنەڕووی دۆلاری بڵاوکردەوە و بە گوێرەی خشتەکە کۆی گشتی خستنەڕووی دۆلار 278 ملیۆن و 833 ھەزار و 388 دۆلار بووە. لەو بڕە 255 ملیۆن و 513 ھەزار و 388 دۆلاری بەشێوەی حەواڵاتی بازرگانیی بووە و 23 ملیۆن و 320 ھەزار دۆلاری بەشێوەی کاش بووە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە 4ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی پاراستنی دارستان و ئاگرکوژێنەوەی کالیفۆرنیا رایگەیاند، گەورەترین ئاگری ئەمساڵ لە دارستەنەکانی کالیفۆرنیا کەوتەوە کە، ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لەلایەن ناوەندی ئاگرکوژێنەوە، بە گەورەترین ئاگری ساڵ دادەنرێ و تاوەکوو ئێستا 57 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە دارستانەکان سووتاوە. ئاگرکەوتنەوەکە ماوەی چوار ڕۆژە بەردەوامە سەراتایی دروستبوونی لە پارچە زەوییەکەوە بووە کە تاقیگەی نەتەوەیی لۆرێنس لیڤەرمۆر کاری تاقیکردنەوە و توێژینەوە زانستییەکانی تێدا دەکات و لە کاتی توێژینەوەیەکی تاقیگەکە ئاگرکەوتنەوەکە ڕوویداوە و تەشەنەی کردووە. وەزارەتی پاراستن ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئاگرەکە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە ڕوویداوە و لە شەممەوە تاوەکوو ئێستا تیمەکانیان توانیویانە %75ی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام بەهۆی فراوانی ڕووبەری ئاگرەکە و مەترسییەکانییەوە هەزاران کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە. کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی کالیفۆرنیاش لای خۆیانەوە دەڵێن، ئەو ئاگرکەوتنەوەیە لەمساڵدا گەورەترین ئاگرە کە هاوکات لەگەڵ دەستپێکی وەرزی گەرما لە دارستانەکانی ویلایەتەکە دەکەوێتەوە و تاوەکوو ئێستاش دوو ئەندامی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە برینداربوون. هەر بە گوێرەی هەواڵەکان، بەشێکی زۆر لە داری ناوچە شاخاوییەکانی نزیک کەنداوی سان فرانسیسکۆ بە تەواوی سووتاون کە بەهۆی سەختی شوێنەکان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەستیان پێی نەگەیشتووە.
هاوڵاتی لەسەر کێشەی زەوی و زاری جوتیارانی پارێزگای کەرکوک و تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن چەند هاوڵاتیەک ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی کۆدەبێتەوە لەسەر سكاڵای چەند چالاكوان و كەسایەتییەك لە پارێزگای کەرکوک، دادگای فیدڕاڵی کۆدەبێتەوە، کە داوادەكەن بڕیارەكانی ژمارە 949 و 824ی مەجلیسی قیادەی سەورەی بەعس هەڵوەشێنرێنەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 4ی حوزەیرانی 2024، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تایبەت بە كێشەی زەوی وزاری جووتیارانی گوندەكانی سنوری سەرگەڕان و دووبز و پردێ و داقوق كۆدەبێتەوە. جێگای ئاماژەیە، بەپێی بڕیاری 949 دەستبەسەر زەوی 14 گونددا گیراوە و كۆی گشتی ڕوبەری ئەو زەوییانەش پێكهاتوون لە 44 هەزار دۆنم زەوی، هەروەها بەپێی بڕیاری 824، دەستبەسەر زەوی 9 گوندی سنوری داقوقدا گیراوە كە ڕوبەرەكەی پێكهاتووە لە 38 هەزار دۆنم. تائێستاش، دادگای فیدڕاڵ نۆ دانیشتنی سەبارەت بە كێشەی زەوییەكانی 14 گوندی سنوری سەرگەڕان و دووبز و پردێ و 9 گوندی سنوری داقوق ئەنجامداوە و دوایین دانیشتنیش لە ڕۆژی 24ی نیسانی ڕابردوو ئەنجامدرابوو.
هاوڵاتی بڕیارە ڕۆژی 28ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی 14مین خولی سەرۆكایەتیی كۆمار لە سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوەبچێت، 81 کەس خۆیان کاندید کردووە لەنێوانیشیاندا 8 کوردن. لەكۆی 287 كەس كە داوایان کە داوانپێشکەشکردووە نۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران، تەنها 81 كەسیان مەرجە سەرەتاییەكانیان هەبووە بۆ ناوتۆماركردنی كۆتایی، لەنێو ئەوانیشدا هەشت كەسیان كوردن. ئێوارەی رۆژی دووشەممە، تۆماركردنی كاندیدەكانی خولی 14ی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران كۆتاییهات، وەزیری ناوخۆی ئێران لەبارەی وردەكاری پرۆسەكەوە رایگەیاند، ماوەی 7 ڕۆژ بۆ هەڵسەنگاندنی شایستەیی وەرگرتن یان رەتكردنەوەی كاندیدەكان لەلایەن ئەنجوومەنی چاودێری و 14 ڕۆژیش بۆ بانگەشە تەرخاندەكرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە، کە بەپێی دەستووری ئێران، دەبێت كاندیدەكان كەسانی ئایینی، سیاسی، بە ڕەچەڵەك ئێرانی بن و خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتە بن، هەروەها كەسی متمانەپێكراو و باوەڕداربن بە بناغەكانی ئێران و ئایینی فەرمی وڵات.
هاوڵاتی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت نرخەکەی بۆ خوار 78 دۆلار دابەزی لە بازاڕەکانی جیهاندا ئەمڕۆ سێشەممە 4ی حوزریرانی 2024، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو و دابەزینیان بەخۆوە بینی و بۆ خوار 78 دۆلار دابەزی. لە بازاڕەکانی جیهاندا نرخی یهك بهرمیل نهوتی خاوی برێنت بۆ 77 دۆلار و 69 سهنت دابهزی، ئەەمش لە لهكاتێكدایە دوێنێ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە 81 دۆلار و شهش سهنت بوو، ئهمهش نزمترین ئاستی چوار مانگی رابردووه. جێگای ئاماژەیە، کە هاوكات نرخی یهك بهرمیل نهوتی خاوی ئهمریكی بۆ 73 دۆلار و 31 سهنت دابهزی، لهكاتێكدا دوێنێ به 76 دۆلار و 97 سهنت فرۆشرا. هاوكات لەگەڵ دەزینی نرخی نەوت له بازاڕهكانی جیهاندا یهك ئۆنسه زێڕ به دوو ههزار و 348 دۆلاره. نیگەرانی بازرگانانی نەوت لە خستنەڕووی زیاتری نەوت لەلایەن هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس لە چارەكی کۆتایی ئەمساڵ، بە هۆکاری سەرەکی دابەزینی نرخی نەوت هەژمار دەکرێت. لە ئەمریکا نرخی یەک گاڵۆن بەنزین 3.7 لیتر لە 5.8 دۆلارەوە بۆ 3.50 دۆلار دابەزی، لە لایەکی دیکەوە ئەگەری کەمبوونەوەی خواست لەسەر سووتەمەنیش، گوشاری بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە. هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس سەرەتای ئەم هەفتەیە بڕیاری دا لە مانگی 10 ئەمساڵەوە کەمکردنەوەی رۆژانە 2.2 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕەکان لەسەرخۆ، نەهێڵێت. ئەوەش لەلایەن بازرگانانەوە بە هێمای زیادبوونەوەی خستنەڕووی نەوت لێکدراوەتەوە. حکومەتی ئەمریکا، سبەینێ چوارشەممە 5ی حوزەیرانی 2024، ئامارەکانی پەیوەست بە خواست و قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی خۆی بڵاودەکاتەوە، پێشبینی دەکرێت داتاکان کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دابنێن.
هاوڵاتی رۆژی دووشەممە 3 حوزەیرانی 2024، لە دوایین رۆژی مۆڵەتی ناونووسینی پاڵێوراوانی سەرۆککۆماری ئێراندا 43 کەس ناویان نووسیوەو خۆیان پاڵاوتووە، بەم شێوەیە لە ماوەی 5 رۆژدا 80 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران ناونووس کردووە. ئەم هەڵبژاردنە بۆ جێگرتنەوەی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران بەڕێوە ئەچێت کە رۆژی 19ی ئایاری 2024، بە هۆی کەوتنە خوارەوەی کۆپتەرەوە گیانی لە دەستدا. بە پێی زانیارییەکان لەم رۆژەدا ژمارەیەک لە نوێنەرانی پێشتری پەرلەمانی ئێران و وەزیر و بەرپرسانی پێشتری ئێران خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری پاڵاوتووە. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 3ی حوزەیران، ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی حەسەن رووحانی سەرۆککۆماری پێشتری ئێران، خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری پاڵاوت. جەهانگیری لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری بۆ ساڵی 2017 بەشداری کردبوو، بەڵام لە بەرژەوەندی حەسەن رووحانیدا کشایەوە و پشتیوانی خۆی لە رووحانی دەربڕی. ساڵی 2021، خۆی پاڵاوتبوو، بەڵام لە لایەن ئەنجومەنی چاودێرییەوە شایستە بوونی رەت کرایەوە و نەچووە لیستی کۆتایی پاڵێوراوەکانەوە. هەروەها هەر لەم رۆژەدا محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری پاڵاوتووە. مستەفا پوور محەممەدی ، کە پێشتر وەزیری ناوخۆی ئێران بووە و یەکێک بووە لە ئەندامانی لە سەردەمی ئێعدامەکانی هاوینی 1987 بە لێژنەی مەرگ ناویان دەرکردبوو، خۆی بۆ سەرۆککۆماری پاڵاوتووە. ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری پێشتری ئێران کە بە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە گیانی لە دەستدا، سەرۆکی ئەو چوار کەسە بوو کە بە لێژنەی مەرگ دەناسران.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە 3ی حوزەیارنی 2024، بانکی ناوەندیی عێراق بەپێی نوسراوێک کە بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند، 197 کۆمپانیای قەدەغەکرد لە مامەڵەکردن بە دۆلار لەسەکۆی کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانیدا بەھۆی سپیکردنەوەی پارە و بەقاچاخبردنی دۆلار. دەشڵێت، چیتر رێگەیان پێنادرێت بچنە ناو سەکۆی ئەلیکترۆنی بانکەکەوە بۆ کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی. جێگای ئاماژەیە، بانکی ناوەندیی عێراق لە مانگی تشرینی دووەمی 2022، سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی دانا بۆ کڕین و فرۆشتنی دۆلار، بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی نرخی دۆلار و رێگریکردن لە سپیکردنی دۆلار و بەقاچاخبردنی بۆ دەرەوەی وڵات. لە هەمانکاتدا، بانکی ناوەندیی چەند رێنماییەکی بڵاوکردووەتەوە، کە چاودێری جوڵەی ئەژماری ئەو کۆمپانیایانە دەکات، کە دۆلار و دراوی بیانی لە بانکەکە دەکڕن و ھەر کۆمپانیایەک پابەندی ئەو رێنماییانە نەبێت کڕین و فرۆشتنی دۆلاری لێ قەدەغەدەکرێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە 3ی حوزەیرانی 2024، سەرۆک وەزیرانى عێراق لەدواى پەسەندکردنى خشتەکانى بودجە لەلایەن ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقەوە راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە تێیدا، دەستخۆشى لە ئەندامانى ئەنجوومەنى نوێنەران و هێزە سیاسییەکان کرد. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سوپاسى هەوڵى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و هێزە سیاسییەکان و لیژنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەران و لیژنەى دارایى دەکات بۆ پەسەندکردنى خشتەکانى بودجە. دەشڵێت، "پشتیوانى ئەنجوومەنى نوێنەران و هێزە سیاسییەکانى بەدەستهێناوە". جێگای ئاماژەیە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی 199 پەرلەنتار کۆبوونەوە و تێدا بڕیار لەسەر پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2024 درا.
هاوڵاتی د، نەرمین مەعروف رایگەیاند، بۆ ئەوەی چیتر کێشە بۆ مووچەخۆران دروستنەبێت وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمیش پەلەبکەن لە هەنگاوەکان بۆ بەبانکیکردنی مووچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ دوشەممە 3حوزەیرانی 2024، د ، نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پەلە بکرێت لە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هاوشێوەی موچە خۆرانی عێراق لە کاتی خۆیاندا مووچە وەربگرن. ئەم پەرلەمانتارە دەشڵێت، لەبەر ئەوەی بەپێی خشتەی بودجەی ساڵی 2024، بڕەکەی دیاریکراوە و بەپێی یاساش ناتوانرێت گۆڕانکاری تێدا بکرێت بۆیە ناتوانرێت هیچ فەرمانبەرێک یاخود خانەنشینێک بە پلە بەرزکردنەوە لەناو بودجەدا بۆ ئەمساڵ شوێنیان بکرێتەوە. ئەوەشی خستەڕوو، ئومێدێک هەیە ئەگەر بێت و تەواوی زانیانیاریەکانیان بگاتە وەزارەتی دارایی حوکمەتی فیدراڵ و وردبینیان بۆ بکرێت ئەو کات ئەگەرێک هەیە پێداچوونەوە بە موچەکانیان دابکرێت. وتیشی، بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵک و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تا بە مافە رەواکانی خۆیان دەگەن.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دوشەممە 3ی حوزەیرانی 2024، بە ئامادەبوونی 199 پەرلەمانتار ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبۆوە بۆ بڕیاردان لەسەر خشتەی بودجەی ساڵی 2024، لە کۆبوونەوەکەدا خشتەی بودجەی ئەمساڵ پەسەندکرا. لە خشتەی بودجەی ساڵی 2024ی عێراق، پشکی هەرێمی کوردستان 20 ترلیۆن و 950 ملیار دینارە. بە پێی چەند سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، 11 ترلیۆن دیناری بۆ مووچەی موچەخۆرانی هەرێم تەرخانکراوە، دوو ترلیۆن دیناریش گوازراوەتەوە بۆ خەرجی پارێزگاکان لای خۆشیە نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، مانگانە بەغداد مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دوشەممە 3 ی حوزەیرانی 2024، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەنجومەنی راژەی گشتی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، 24 دەرچووی پسپۆڕییەكانی پەرستاری زانكۆیی و یاریدەدەری سڕكار بە شێوەی گرێبەست بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین دادەمەزرێنێت". دەشڵێت، "ئەو دەرچواوانەی دەرچووی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی راپەرینن، دەتوانن لە ڕێگەی فۆڕمەوە داواکاری دامەزراندن پڕبکەنەوە". فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ئاماژەی بەوەشداوە، "دوا وادەی ناردنی فۆڕمی داواكاری لە 15 ئەم مانگە دەبێت".
هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هۆکاری نەناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات. د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند، "ئەمڕۆ دووشەممە 3ی ئایاری 2024 لەگەڵ دکتۆر خلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران سەردانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵمان کرد بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چەند پرسێکی دارایی پەیوەست بە پشک و شایستە داراییەکانی هەرێم". ئاماژەی بەوەشکرد، "تایبەت بە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان، پەیوەندی هەیە بە تەواونەبوونی وردبینی لە دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی و ئەو تێبینیانەی وەزارەتی دارایی هەیەتی لەسەر زانیاری و لیستی مووچەکانیان".
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە 3ی حوزەیرانی 2024 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی هەردوو پارکی ئالۆکا و سەرهەڵدانی لە شاری دهۆک دانا. رووبەری پارکی ئالۆکا یەک ملیۆن و 575 هەزار مەتر دووجا و پارکی سەرهەلدانیش 130 هەزار مەتر دووجایە و بە گوژمەی 131 ملیار و 898 ملیۆن و 515 هەزار دینار دروست دەکرێن. دروستکردنی ئەم دوو پرۆژەیە لەکاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان کێشەی مووچەی فەرمانبەران بەردەوامە و تائێستا مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە و حکومەت چاوەڕێی بەغدایە پارەیان بۆ بنێرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماری رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی لە ئەمساڵدا بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 3ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماری گشتیی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی لە هەولێڕ بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە بێت، لە ئەمساڵدا 407 رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە، لەو ژمارەیە 156 رووداویان سووتانی ماڵ بوون و 94 رووداویشیان سووتانی ئۆتۆمبێل بوون و زۆرترین ئاگریش لە مانگی چواردا کەوتووەتەوە کە 104 ئاگربوون. وەک لە ئامارەکەی بەرگریی شارستانی هەولێر هاتووە، ئەمساڵ 33 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە مارکێت، دوکان و پێشانگەکان روویانداوە و 31 رووداوی ئاگرکەوتنەوەش لە خاشاک و تایە روویانداوە.
