یاد قوربانی هێزە کوردیەکانی ڕۆژئاوا دۆناڵد ترەمپ بە «خیانەتکار» لە قەڵەمدەدەن دوای بڕیاردانی بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەباکوری سوریا، بەڵام کورد ئەمجار بەتەنها دەهۆڵی خیانەت لەزلهێزە جیهانیەکە ناکوتێت، بەڵکو زۆرێک لەوڵاتانی ڕۆژئاواو سیاسەتمەدارانی ناوخۆی ئەمریکاش دژی بڕیارە تاکلایەنەکەی سەرۆکی ئەمریکا وەستاونەتەوە. ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەئێستادا خاوەنی نزیکەی دوو هەزار هێزی چەکدارە لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی سوپای سوریای ئازادا (کەزۆرینەی لەشەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستی گەل پێکهاتوون) لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، واشتنۆن بەبڕیاری دۆناڵد ترەمپ لەماوەی ١٠٠ ڕۆژدا دەیەوێت سوریا جێبێڵێت و ئەمەش بۆشاییەکی سیاسی و سەربازی گەورە جێدێڵێت و ئەگەری بەهێزبوونەوەی داعش و لەشکرکێشی تورکیا دێنێتە ئاراوە. دوای بڕیارەکەی ترەمپ، دەنگی ناڕەزایی لەحزبەکەی خۆیەوە (حزبی کۆماریەکان) لەدژی بەرزبووەوە و داوای ڕوونکردنەوەیان لەسەرۆکەکەیان کرد، ترەمپ لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسی «داعشمان بەزاندووە، بۆیە دەکشێینەوە.» بەڵام دوای ٢٤ کاتژمێر هۆکاری کشانەوەی هێزەکانی بۆ «پاراستنی گیانی سەربازانی ئەمریکاو بەهەدەرچوونی پارەی ئەمریکا» گێڕایەوە. «سەگە هارەکە» لای ترەمپ هەڵناکات بڕیارە تاکلایەنەکانی دۆناڵد ترەمپ و هەڵوێست و وتە دژیەکەکانی هەندێک لەوەزیرەکانی کابینەکەی خۆیشی نائارامکردووە، (جیم ماتیس) وەزیری بەرگری ئەمریکا لەسەر ڕێکنەکەوتنی لەگەڵ میکانیزمی کارکردنی ئیدارەکەی ترەمپ دەستی لەکارکێشایەوە. ئەو کەچەندین دەیە خزمەتی سەربازی هەیەو لەجەنگی عێراقدا ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە، نازناوی «سەگە هارەکە»ی پێ بەخشراوە لەبەر چاونەترسی و شەڕئامازیی. بەڵام «سەگە هارەکە» بەرگەی کابینەکەی ترەمپی نەگرت و لەنامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا کە لەگەڵ بڕیاری کشانەوە لەسوریادا هات، جیم دەڵێت: «هێزی ئێمە وەک نەتەوەیەک ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بەهێزی هاوپەیمانێتی و دۆستایەتیەکانمانەوە. دەبێت ئێمە بێ دوودڵی و ڕاشکاوانە دژی ئەو وڵاتانە بوەستینەوە کە بەرژەوەندیە ستراتیجیەکانیان لەدژی ئێمەو هاوپەیمانەکانمانە». لەوتارێکی ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریکیداو لەشیکاری وتەی دەستلەکارکێشانەوەکەی جیمدا هاتوە «(جیم) دەیەوێت بڵێت کە من باوەڕم بەخیانەتکردن لەدۆستەکانم، وەک هێزەکانی سوریای دیموکرات، نییە بەبەرژەوەندی دوژمنەکانم وەک سوریاو ئێران و دەوڵەتی ئیسلامی. جیم ئەوپەڕی هەوڵیدا تاجیهان لە دەست ترەمپ بپارێزێت بەڵام شکستی هێنا هەربۆیە دەستی لەکارکێشایەوە.» کێی تر جگە لە «سەگە هارەکە» دژی بڕیارەکەی ترەمپە؟ یەکێک لەسیناتۆرەکانی ئەمریکا کەڕاستەوخۆ پاڵپشتی دەستلەکارکێشانەوەکەی وەزیری بەرگری کرد، (لیندزی گراهام)ی سیناتۆری کۆماریەکان بوو، ئەو لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕووی دەمی کردە ترەمپ «جەنابی سەرۆک، ئێمە وەک نەتەوەیەک لەمە باشترین، تکایە بەبڕیارەکەتدا بچۆرەوە بۆ کشانەوەی هێزەکانمان لەسوریا. گەر ئاوابین، لەداهاتووتا هیچ دۆستێکمان نامێنێت». لەتویتێکی تریشیدا هۆشداری دەداتە تورکیاو دەڵێت: «ئێمە تورکیا بەبەرپرسیار دادەنێین لەبەرانبەر هەر هەڵوێستێکدا بۆ لەناوبردنی هاوپەیمانە کوردەکانمان کە بەجەرگانە دژی داعش جەنگان لەگەڵمان. گەر ئەم کارە بکەن، بە ڕای من، ئێمە وەک ئەمریکا هەمان مامەڵەی محەمەد بین سەلمانی سعودیەیان لەگەڵ دەکەین». جگە لە جیم ماتیس، (برێت مەکگۆرک) نوێنەری تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەسوریاو عێراق ڕۆژی شەممە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لەپۆستەکەی ڕاگەیاند. ئەو لەنامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا بۆ (مایک پۆمپیۆ)ی وەزیری دەرەوە ڕایگەیاندوە زۆر بەتوندی دژی بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانیان لەسوریاو دەستبەرداربوونی هاوپەیمانانیانە لەسوریا. ئەو لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەوەڵامی ڕۆژنامەنوسێکدا دەڵێت کە داعش لەسوریا لەناونەچوون و پلانە تیرۆریستیەکانی کە لەئەوروپا ڕوویاندا پلانڕێژیی لەڕەققەی پایتەختی پێشووی داعش لەسوریاوە بۆ کرابوو کشانەوەی سوپا لەسوریا زیان بەئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەگەیەنێت. هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا چیە؟ یەکێک لەو وڵاتانەی لەسەرەتاوە دژ بەبڕیارەکەی ترەمپ وەستایەوە فەڕەنسا بوو کەدەستبەجێ چەند نوێنەرێکی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان بانگهێشتی کۆشکی ئیلیزێ کرد لەپاریس. تائێستا فەڕەنسا ڕایگەیاندوە کەهێزەکانی ناکشێنێتەوەو بەردەوامدەبێت لەجەنگ دژ بەداعش. وەزیری هێزە چەکدارەکانی فەڕەنسا (فلۆرێنس پارلی) لەتویتەر ڕایگەیاند: «داعش زیاد لە ٩٠% پێگەکانیان لەدەستداوە، بەڵام جارێ بنەبڕ نەکراون و ڕەگەکانیان دەرنەهێندراوە. کۆتا پێگەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکە دەبێت بە زەبری هێزی سەربازی لەناوببرێن». بەپێی چەند دەنگۆیەک، نوێنەرانی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا بەڵێنیان بەنوێنەرە کوردەکان داوە لەکۆشکی ئەلیزێ، کەپاریس پاڵپشتیی هێزە کوردیەکان بکات لەئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکادا، هاوکات لایەنە کوردیەکان وێڵن بەدوای لایەنێکدا هێڵی دژەفڕین ڕابگەیەنێت لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەئەگەری لەشکرکێشی سوپای تورکیاو هێزە میلیشیاکانی نزیک لەو وڵاتە. هەر لە درێژەی کاردانەوەکانیدا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا یەکشەممەی رابردوو نیگەرانی توندی خۆی ڕاگەیاند سەبارەت بە بڕیاری هاوتا ئەمەریکیەکەی دۆناڵد ترەمپ، بە کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا. هەروەها رایگەیاند کە هەموو کەس قەرزاری هەسەدەیە. ماکرۆن  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە چاد وتی «هەست بە پەژارەیەکی توند دەکەم لەسەر ئەو بڕیارەی لە سوریا گیراوەتەبەر». هەروەها وتی «ئەگەر هاوپەیمان بین، دەبێت شان بەشانی یەکتر شەڕ بکەین. ئەمە گڕنگترین شتە بۆ سەرۆکی وڵات یان فەرماندەی سوپا». ماکرۆن جەختی لە گرنگی کارەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات کردەوە کە کورد سەرپەرشتی دەکات و ناوچەیەکی بەرفراوانیان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەژێر چنگی داعش دەرهێناوە. وتیشی «داوا لە هەموو کەس دەکەم... ئەوە لەبیر نەکەن کە ئێمە قەرزاری ئەوانین». بەڕیتانیاش هاوشێوەی فەڕەنسا پێی وایە کاتی کشانەوە لەسوریا جارێ نەهاتوە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی هەردوو وڵات تەنها چەند سەد سەربازێکیان لەناوچەکە جێگیرەو پشتیان بەهێزەکانی سوپای ئەمریکا بەستوە لەڕووی لۆجستیەوە. بەپێچەوانەوە ڕوسیا دەستخۆشی لەبڕیارەکەی ئەمریکا دەکات، پێشتریش ڤلادیمیر پوتین ڕایگەیاندبوو کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لەسوریا نایاسایین چونکە لەگەڵ ئەسەددا ڕێکەوتنی لەسەر نەکراوە. ئەو لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لەتەلەفزیۆنە حکومیەکانی ڕوسیا پەخشکرا دەڵێت: «دۆناڵد بڕیارێکی ڕاستی دا، من هاوڕام لەگەڵی».  

سازدانی: ‌هاوڵاتی ساڵح موسلیم ھاوسەرۆکی کۆمیتەی دیپلۆماسیی پارتیی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) ڕادەگەیەنێت، لە ئێستادا ھیچ دانوستانێک لەنێوان ڕۆژئاوای کوردستان و رژێمی سوریا بوونی نییە و خۆیان دەپارێزن، بۆ ئەوەش بڕوایان بەگەلی ڕۆژئاوا ھەیە. بەھۆی بڕیارەکەی ئەمریکاوە کە ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە درا، سیستەمی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو سیستمەی کوردەکان لەدوای سەرھەڵدانی قەیرانی ناوخۆیی سوریاوە بنیاتیانناوە کەوتووەتە دوڕیانەوە، نازانێت چارەنوسی بەرەو کوێ ھەنگاو دەنێت. سەرکردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان سورن لەسەر بەردەوامیدان بە سیستەمەکەیان و بەرگریکردن لەخۆیان و دەڵێن ئەوان پێشتریش پشتیان بەخۆیان بەستووە بۆ پاراستنی خۆیان و کەمتر پشتیان بەلایەنە دەرەکییەکان بەتایبەتی وڵاتانی زلھێز بەستووە. ساڵح موسلیم یەکێک لەو سەرکردانەی ڕۆژئاوای کوردستان کەھەر لەسەرەتای ئەزموونی بنیاتنانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری ناوچە کوردییەکانەوە سەرکردەیەکی دیاری ئەو بەشەی کوردستان بووە لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ ھاوڵاتی لەبارەی بڕیارەکەی ئەمریکاوە دەڵێت «ئەوە بڕیاری ئەمریکا خۆیەتی، ئەوان بڕیاری خۆیان نەک لەبارەی ڕۆژئاوا بەڵکو لەسەر زۆر وڵاتی جیھان ھەیە، پاساوی ئەوان ئەوەیە کەگوایە داعش نەماوە، بەڵام ئەوە راست نییە، چونکە داعش شەڕی دژوار دەکات، بەوتەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات زیاتر لە چوار ھەزار چەکداری داعش لە ریفی دێرەزور ماون کەژمارەیەکی زۆرە». دوای چەند ڕۆژێکی کەم لەبڕیارەکەی ئەمریکا، چەکدارانی داعش لە ناوچەی ھەجینی پارێزگای دێرەزور ھێرشیان کردەسەر ھێزەکانی سوریای دیموکرات، بەڵام شەڕڤانان وەڵامیان دانەوەو ھێرشەکانیان تیکشکاند. یەپەگە پێکھێنەری سەرەکی ھێزەکانی سوریای دیموکراتە کەژمارەیان زیاتر لە ٦٠ ھەزار شەڕڤانە و لەسەدا ٣٠ی روبەری سوریایان بەدەستەوەیە، ئەمریکا پێشتر چەندین جار بەھاوپەیمانی سەرەکی لەشەڕی دژ بە داعشدا ناویبردووە. ساڵح موسلیم کە پێشتر ھاوسەرۆکی پەیەدە بووە کەحوکمڕانی سەرەکی ڕۆژئاوای کوردستانە وتی «داعش تەواو نەبووە، بڕیارەکەی ئەمریکاش لەبارەی سەرکەوتنیان بەسەر ئەو ڕێکخراوەو کۆتایی  پێھێنانیان ناڕاستە». بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ کشانەوەی ھێزەکانی لەسوریا ھاوکات بوو لەگەڵ جموجۆڵی سوپای تورکیاو کۆکردنەوەی ھێزێکی زۆر لەسەر سنوری سوریا بەمەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر باکوری سوریاو ڕۆژھەڵاتی روباری فورات کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ھێزەکانی سوریای دیموکراتدایە، دوای چەند ڕۆژێک لەبڕیارەکەش تورکیا بۆ ماوەیەکی کاتی ئۆپەراسیۆنەکەی دواخست. بەپێی میدیاکانی ئەمریکا، بڕیاری کشانەوەکە لەمیانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپدا دراوە، کەماوەیەکەمی کەم پێش بڕیارەکە ئەنجامیاندا بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی سوریا. ساڵح موسلیم پێیوایە، بڕیارەکەی ئەمریکا و ھەڕەشەکانی تورکیا پەیوەندییان بەیەکەوە ھەیە، ھەرچەندە باسی لەوەکرد کەنازانن چی لەنێوان ترەمپ و ئەردۆغاندا وتراوە لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا. ھەندێک بڕیارەکەی ئەمریکا بەخیانەت بەرانبەر کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دادەنێن، بەڵام بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا ھەڵوێستێکی پێچەوانەیان ھەیە، ئەگەرچی بەپێویستی دەزانن ئەمریکاو وڵاتانی دیکەی ئەندام لەھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوام بن لەکارەکانیان لەسوریاو پشتیوانییان بکەن لەشەڕی بەرەنگاربونەوەی داعشدا. ساڵح موسلیم باس لەوەدەکات ناتوانن ئەو ھەنگاوە بەخیانەت دابنێن، چونکە ھاتنی ھێزەکانی ئەمریکا لەبەرئەوان و بۆ پاراستنی ئەوان نەبووە، جگە لەوەش تەنھا ھاوکارییەک ھەبووە لەنێوانیانداو شتێکی ئیمزاکراو لەنێوانیاندا نەبووە، بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەو مانەوەیان. لەدوای بڕیارەکەی ئەمریکا کوردانی ڕۆژئاوا دۆستێکی سەرەکیان لەدەستدا کەواشنتۆن بوو، کە هەم ھێزەکانی پڕچەک دەکردن هەم وەکو گرەنتییەک وابوو بۆ ئەزمونە تازە گەشەسەندووەکەی کوردانی ڕۆژئاوا. بەڵام وادیارە ھێشتا وڵاتی تر هەبن کە دەیانەوێت بەردەوامی بدەن بەپاراستنی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە فەڕەنساو ئەڵمانیا بەپێچەوانەی ئەمریکاوە جەختیان لەپابەندبوون بەئەرکەکانیان کردووەتەوە بۆ شەڕکردن دژی داعش. تەنانەت دوای چەند ڕۆژێک لەبڕیارەکەی ئەمریکا، وەفدێکی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ سەرۆک کۆماری فەڕەنسا کۆبوونەوەو وەفدەکە داوایان لەپاریس کرد کاربکات بۆ ڕاگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین لەڕۆژئاوای کوردستان، تانەکەوێتە بەر مەترسی تورکیاو سوریا، ھاوشێوەی ئەو ناوچەیەی لەسەرەتای نەوەدەکانی سەردەی ڕابردوودا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەناوچە کوردنشینەکانی عێراق دروستیکرد بۆ پاراستنی کورد لەھێرشەکانی رژێمی سەدام حوسەین، کەدروستبوونی ھەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە. ساڵح موسلیم دەڵێت «ئێمە پشت بەھێزو ڕێکخستنی خۆمان دەبەستین، نەک ھیچ ھێزو کەسێکی دیکە کە لەجیاتی ئێمە شەڕ بکات». وتیشی «ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان لەبەردەم مەترسیدا نییە، تائێستا لەسەر زەوی شتێک نەبووە، کە مەترسی دروستبکات، ھەرچەندە ترسێک هەیە لەتورکیا، کە هەڕەشەی ھێرشکردن دەکات و بڕیاری شەڕکردنی داوە، مەترسییەکە لەو ڕووەوەیە، بەڵام ئێمە باوەڕمان بە ھێزی پاراستن و سیستەمی خۆمان هەیە، گەلی ئێمە گەلێکی بەرگریکارە، قبوڵناکات ھێرشی بکرێتە سەر». دوای بڕیارەکەی ئەمریکا، باس لە ئەگەری ئەنجامدانی دانوستان دەکرێت لەنێوان کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و رژێمی سوریا بەمەبەستی گەیشتن بەچارەسەر بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی شەڕڤاناندایە. بەتایبەت کەچەند مانگێک لەمەوبەر بەرپرسانی ڕۆژئاواو رژێمی سوریا چەند جارێک لەو بارەیەوە کۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتن بەھیچ ڕێککەوتنێک. ساڵح موسلیم باس لەوەدەکات، لەئێستادا ھیچ دانوستانێک لەگەڵ سوریا لەئارادا نییە، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات دەرگای دیالۆگی کردووەتەوە لەگەڵ لایەنەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەر، بەڵام لەسەر زەوی تا ئێستا ھیچ گفتوگۆیەک نەکراوە. وتیشی «ئێمە سیستەمی خۆپاراستنی خۆمان هەیە، داوا لەکەس ناکەین بمانپارێزێت، گەل و سیستەمی خۆمان هەیە و ئامادەین بیپارێزین، نە داوا لەئەمریکا دەکەین نە لەڕژێمی سوریا کە بمانپارێزن، ئێمە باوەڕمان بەگەلی خۆمان هەیە، کەھێزی ئێمەیە، کەس لەجیاتی ئێمە شەڕ ناکات و کەس نامانپارێزێت، ئێمە خۆمان خۆمان دەپارێزین».

کوردستان هیچ بڕه‌ نه‌وتێک راده‌ستى به‌غدا ناکات‌و عێراقیش ته‌نها به‌شێک له‌پشکی هه‌رێم ده‌نێرێت ئارا ئیبراهیم وه‌زاره‌تى دارایى عێراق سێ سیناریۆى بۆ تێپه‌ڕاندنى پرۆژه‌ى بودجه‌ى 2019، ڕاده‌ستى عادل عه‌بولمه‌هدى کردووه‌ و هه‌رێم مه‌یلی زیاتر بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هیچ بڕه‌ نه‌وتێک نه‌دات به‌ به‌غداو به‌شێک له‌بودجه‌ى هه‌رێمیش وه‌رگرێ. بودجه‌ى گشتى عێراق بڕه‌که‌ى 133 ترلیۆن دیناره‌و 28 ترلیۆن دینار کورتهێنانى هه‌یه‌و هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت به‌ 56 دۆلار خه‌مڵێندراوه‌. یه‌کێک له‌ سیناریۆکان ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان هیچ بڕه‌ نه‌وتێک راده‌ستى به‌غدا ناکات و حکومه‌تى عێراق موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و تۆڕى پاراستنى کۆمه‌ڵایه‌تى بۆ هه‌رێم بنێرێت. هاوشێوه‌ى ئه‌و 317 ملیار دیناره‌که‌ى که‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ ساڵی 2018 بۆ هه‌رێمى ده‌نارد. به‌رپرسانی حکومه‌تى هه‌رێم زیاتر مه‌یلیان له‌سه‌ر ئه‌م سیناریۆیه‌یه‌. یه‌کێکی تر له‌و سێ سیناریۆیه‌ى که‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى دارایی عێراقه‌وه‌ راده‌ستى عادل عه‌بدولمه‌هدى کراوه‌، تایبه‌ت به‌وه‌ى پشکى هه‌رێم له‌سه‌دا 12.67 ده‌بێت که‌ ده‌کاته‌ 9 ترلیۆن و 700 ملیار دینار، له‌به‌رانبه‌ردا هه‌رێم پابه‌ند ده‌کرێت به‌ راده‌ستکردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌. هه‌روه‌ها به‌پێی سیناریۆى سێیه‌م پشکى هه‌رێم له‌سه‌دا 12.67 ده‌بێت به‌ که‌مکردنه‌وه‌ى بودجه‌ى سیادی که‌ ده‌کاته‌ بڕى 11 ترلیۆن و 545 ملیار دینارو هه‌رێم پابه‌ند ده‌کرێت به‌ راده‌ستکردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌. ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى له‌په‌رله‌مانى عێراق به ‌هاوڵاتى وت «وه‌ک کورد سێ داواکارییان ئاراسته‌ى وه‌زیرى دارایى کردووه‌و هیچى جێبه‌جێ نه‌کردووه‌ که‌بریتی بوون له‌پشکى هه‌رێم له‌ له‌سه‌دا 12.67 بکرێته‌ له‌سه‌دا 13.9و پشکى پێشمه‌رگه‌ به‌ده‌ر له‌وه‌زاره‌تى به‌رگرى دیارى بکرێت، ئه‌و بڕگانه‌ى له‌ناو بودجه‌ى سیادین و سیادى نین ده‌ربکرێن، وتیشى»بێهیوابووین و تووشى شۆک بووین که‌ پرۆژه‌ى بودجه‌ به‌و شێوه‌یه‌ هاتۆته‌وه‌ په‌رله‌مان». بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى جه‌ختیکرده‌وه‌، هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌ نییه‌ نه‌وت راده‌ستى حکومه‌تى عێراق بکات، «هه‌رێمى کوردستان نه‌وت راده‌ستى به‌غدا ناکات و ته‌نها ده‌یه‌وێت عێراق موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پاراستنى چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تى بۆ بنێرێت که‌ ده‌گاته‌ 450 ملیار دینارى مانگانه‌«. موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى عێراق مانگانه‌ بڕى 5 ترلیۆن و 448 ملیار دینارى بۆ ته‌رخان کراوه‌ که‌ پێشتر ته‌نها 3 ترلیۆن و 700 ملیار دینار بووه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ پشکى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمیش زیادى کردووه‌. سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت حکومه‌تى به‌غدا پابه‌ندکراوه‌ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پاراستنى چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تى بۆ هه‌رێم بنێرێت ئه‌گه‌ر نه‌وتیش راده‌ست نه‌کات. ڤیان سه‌برى، له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «تا ئێستا وه‌ک پارتى و فراکسیۆنه‌ کوردیه‌کان داخوازى زیادکردنى پشکى هه‌رێمین که‌ بکرێته‌ له‌سه‌دا 13.9، به‌ڵام جارێ له‌لیژنه‌ى دارایى گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌کرێت». وتیشى «حکومه‌تى عێراق ئیلزام کراوه‌ که‌ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تى بنێرێت بۆ هه‌رێمى کوردستان، چونکه‌ ئێمه‌ به‌پشکى له‌سه‌دا 12.67 رازى نین». ڤیان سه‌برى باسى له‌وه‌شکرد، عادل عه‌بدولمه‌هدى سیناریۆى یه‌که‌مى په‌سه‌ند کردووه‌و ناردویه‌تى بۆ په‌رله‌مان که‌ پشکى کورد له‌سه‌دا 12.67 ئه‌وه‌ش کورد پێى رازى نییه‌. له‌چه‌ند ڕۆژى رابردوودا په‌رله‌مانى عێراق خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌مى بۆ پڕۆژه‌ى بودجه‌ ئه‌نجامدا و ده‌ستیکرد به‌ئه‌نجامدانى خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پڕۆژه‌ى بودجه‌ که‌ تا ئێستا واده‌ى په‌سه‌ندکردنى نادیاره‌. غالب محه‌مه‌د، ئه‌ندامى لیژنه‌ى نه‌وت و وزه‌ له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ ‌هاوڵاتى وت «پارتى پێى خۆشه‌ نه‌وت ته‌سلیم نه‌کات و موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و تۆڕى پاراستنى چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تیشى بۆ بێت که‌ 115 ملیار دیناره‌ له‌گه‌ڵ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و ئیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ن». وتیشى «ناردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تى په‌یوه‌ندى به‌ رێکه‌وتنى هه‌رێم و به‌غداوه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌نارده‌کردنى نه‌وتى که‌رکوک له ‌رێگه‌ى بۆری هه‌رێمه‌وه‌ بۆ به‌نده‌رى جه‌یهان، بانکى نێوده‌وڵه‌تیش فشار له‌عێراق ده‌کات که‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ک بده‌نه‌ هه‌رێم بۆ موچه‌ و به‌غداش به‌مه‌ رازى ده‌بێت». حکومه‌تى عێراق و هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ره‌تاى مانگى رابردووه‌وه‌ رێکه‌وتن بۆ هه‌نارده‌کردنى نه‌وتى که‌رکوک له‌ڕێگه‌ى بۆری نه‌وتى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ که‌ له‌ئێستادا رۆژانه‌ 50 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌کرێت و داهاته‌که‌ى ڕاده‌ستى کۆمپانیاى سۆمۆى عێراقى ده‌کرێت. غالب محه‌مه‌د وتیشى «پارتى به‌هۆى راده‌ستنه‌کردنى نه‌وته‌وه‌ پاشه‌که‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران لاده‌بات و ده‌رماڵه‌کان که‌مده‌کاته‌وه‌و ته‌سفیه‌ى قه‌رزه‌کانى ده‌کات و پرۆژه‌ى بودجه‌ش نانێرێته‌ په‌رله‌مانى کوردستان».  

دیمەن ئیسماعیل گروپێک لە کچانی گەرمیان دەستدەدەنە کاری فۆتۆگرافەری و وێنەی خێزانی و تایبەتی دەگرن و هەندێکیشیان وەکو دابینکردنی بژیوی ژیان سودیان لێ بینیووە، لەگەڵ ئەوەشدا وەکو ئارەزوویەک ئەو کچانە هەوڵی پەرەپیدانی تواناکانی خۆیان لەبواری فۆتۆگرافەریدا دەدەن. گروپەکە لە قەزای کەلار کە سەنتەری ئیدارەی گەرمیانە دروست بووە، لەم ساڵانەی دواییدا پیشەی فۆتۆگرافەری لەنێو کورانی شارەکەدا پەرەی سەند بەڵام دەرفەت نەبوو کچان بڕۆنە ئەم بوارەوە، هەتاوەکو چەند کچێک لە دەوری بیرۆکەیەک کۆبوونەوەو شەش مانگ لەمەوبەر گروپێکیان راگەیاند کە لە ١٥ کەس پێکدێن. گروپی فۆتۆگرافەری کچان لە 15 ئەندام پێک دێت، بەڵام ئەندامەکانی ستافەکە لەزیادبوندایە ماوەی 6 مانگە دامەزراوە، سەرەتای چالاکیەکان بەکردنەوەی پێشانگایەک دەستیپێکرد. ئاسیا حسێن، تەمەن 20 سال، سەرپەرشتیاری گروپەکەیە بە ‌هاوڵاتی وت «ماوەی ساڵێکە کاری فۆتۆگرافەری دەکەم، وەکو حەزو خولیا فێربوم، تاکە ئامانجیشم ناساندنی کچانە بە فۆتۆگرافەری». ئاسیا لەگەڵ ئەوەی خوێندکارە بەڵام توانیویەتی هاوسەنگی دروست بکات لەنێوان پیشەکەی و خویندکەیدا، وتی «سەرەرای بەردەوامبوونم لەخوێندنەکەم، کاری فۆتۆگرافەری دەکەم، هەر وێنەیەک جوان بێت بەلامەوە دەیچرکێنم و لەپەیجەکەم دایدەنێم». کارەکانی گروپەکە بەشێوەیەکی مەیدانیەو دەچنە شوێنی جۆراوجۆر بۆ وێنەگرتن. گرووپەکە تەنها لە کەلار چالاکی ئەنجامنادات بریارە لەمانگی داهاتودا چالاکیەک لەکفری ئەنجامبدەن. فاتمە جومعە، تەمەن 21 سال، یەکێکە لە ئەندامەکانی گروپەکە بە ‌هاوڵاتی وت  «تاوەکو ئێستا دوو چالاکیمان ئەنجام داوە لەژێر ناونیشانی پایزی تەمەن، مندال لە وێنەدا، مانگی داهاتووش چالاکی سییەم لە کفری ئەنجام دەدەین». وتیشی «کاری فۆتۆگرافی خولیایە، دەشتوانین بیکەین بە سەرچاوەی بژێوی ژیانمان.» ئاسیا حسێن لەگروپەکە وتی «ژمارەیەکی باشی فۆتۆگرافەر لەپارک و بازارو دوکانەکاندا وێنە دەگرن، بەڵام هەمیشە ئاسان نیە بۆ کچێکی گەرمیانی داوا لەکوڕێک بکات وێنەی بگرێت، بۆیە بوونی فۆتۆی کچ نەک باش، بەڵکو پێویستەو نەبوونیشی بۆشایی دروستدەکات». گروپەکە بەشێکە لە گروپیکی تری گەرمیان بە ناوی گرووپی گەشەی میدیا کە لە بواری میدیادا چالاکی ئەنجامدەدات، فۆتۆگرافەرەکان لەلایەن ئەو گروپەوە هاوکاریەکی سنورداری مادی و مەعنەوی دەکرێن لە پێشانگاو چالاکیەکاندا. ئامانج محەمەد، بەرێوەبەری گروپی گەشەی میدیا بە ‌هاوڵاتی وت «لەم کارەدا تەنیا ئامانجمان دەرخستنی تواناو بەهرەکانی کچانە، کەهیچیان کەمترنیە لەکوڕان، دەمانەوێت تواناکانیان بەکامێرای خۆیان دەربخەین». سارا حەکیم، تەمەن 22 ساڵ، ئەندامیکی گرووپەکەیەو خوێندکاری زانکۆیە توانیویەتی وەکو دابینکردنی پیداویستیەکانی بژێوی ژیانی سوودی لێ ببینێ. سارا بە ‌هاوڵاتی وت «کاری فۆتۆگرافی دەکەم بەشێوەی گروپ و تایبەتیش، بە تاک دەڕۆمە ئاهەنگ و بۆنەکان ئەوەش بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانم».

یاد قوربانی ماوەیەکی کورت دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە بیرۆکەیەکی نوێ و سەیریان هەبوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران.  بەپێی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری پۆلیتیکۆی ئەمریکی، چەند بەپرسێکی ئەو ئەنجومەنە پێشنیاریان کردوووە کە دۆناڵد ترەمپ پەیامێکی ڤیدیۆیی لەگەڵ شازادە ڕەزا پەهلەڤی، کوڕی شای ئێرانی پێشوودا بڵاوبکاتەوە کەتیایدا پێکەوە پیرۆزبایی نەورۆز لەگەلی ئێران بکەن، ئەمە لەکاتێکدایە کەکوڕەکەی شای پێشووی ئێران لەواشنتۆن نیشتەجێیە. دوابەدوای ڕووخانی شای ئێرانی دۆستی ئەمریکا لەلایەن گەلی ئێرانەوە لەمیانەی شۆڕشی ئیسلامی ١٩٧٩دا خێزانی شا لەئەمریکا نیشتەجێبوون.  لەو کاتەدا پێشنیارەکە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە بەزۆرینەی دەنگ ڕەتکرایەوەو ترەەمپ بە تەنها پەیامی پیرۆزبایی نارد. ڕەنگە لەو کاتەدا (نەورۆزی ٢٠١٧) دەرکەوتنی ترەمپ لەگەڵ شازادە پەهلەڤیەکەدا بیرۆکەیەکی باش نەبووبێت چونکە خێزانی شا خێزانێکی زۆر خۆشەویست و ویستراو نەبوون لای گەلی ئێران، بەڵام لەئێستاداو دوای ئابڵۆقەی ئابوری قورس و بێ دەرەتانی گەلی ئێران، ئاگری خۆشەویستی بۆ شای ئێران و خێزانەکەی خەریکە دووبارە کڵپە دەکاتەوە و پاڵپشتی پەیدا دەکات.  بەپێی ڕاپۆرتەکەی پۆلیتیکۆ، پسپۆڕانی سیاسەتی ئێران پێیان وایە پاڵپشتی و خۆشەویستی بۆ ڕەزا پەهلەڤیی کوڕی شای پێشوو لەزیادبووندایە، کاتێک لەمیانەی ئەم قەیرانە ئابووریەدا کەهەندێک بۆ کۆتایی ڕژێمی ئیسلامی دادەنێن، پرسیاری ئەوە دەکرێت: کێ ڕابەرایەتی ئێرانی دواڕۆژ دەکات؟  لەم کاتە هەستیارەدا، ئەم هەفتەیە ڕەزا پەهلەڤی دەرکەوت و وتارێکی پێشکەشکرد لەپەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاساتی خۆرهەڵاتی نزیک. ئەو داوای پاڵپشتی و هاوکاری کرد بۆ گەلی ئێران کە هەوڵدەدەن ڕژێمێکی ئیسلامی بەدیموکراسیەتێکی سێکیولار بگۆڕن.  ئەو لەمیانەی وتارەکەیدا وتی: «وڵاتانی دیموکراتی ئەمرٶ، لەپێش هەموویان ئەمریکا، دەتوانن بڕیاربدەن لایەنداری کێ دەکەن.»  نزیکەی ٤٠ ساڵ دەبێت خێزانی پەهلەڤی لەئێران وەدەرنراون، بەڵام ئەوان لەئێستادا خەریکە دەگەڕێنەوە مەیدانی سیاسی. خۆپیشاندەرانی ئێران هەندێکیان وتافی لێبوردن دەکێشن بەرانبەر خێزانە مەلەکیەکە کە بۆ ٥٤ ساڵ حوکمداری ئێران بوون.  ڕژێمی ئێران و هاوپەیمانەکانیان وەک گەندەڵێکی بێ ئاست ناوی کوڕی شای پێشوو دەبەن کەهیچ پاڵپشتیەکی ئەوتۆی نیە لەئێرانداو تۆمەتباری دەکەن کەسعودیە و ئیسرائیل پاڵپشتی دارایی دەکەن، پەهلەڤی ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.  ڕەزا پەهلەڤی، کەئێستا تەمەنی ٥٨ ساڵانە بەکراوەیی داوا ناکات کە کورسی پادشایەتی لەئێران بۆ دابنرێتەوە. ئەو خۆی وەک «سەرکردەیەک و داکۆکیکەرێکی پرینسیپەکانی ئازادی، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکەم» ناودەبات و دەڵێت: «ئامادەم خزمەتی وڵاتەکەم بکەم». بەپێی ڕاپۆرتەکەی پۆلیتیکۆ، بزوتنەوەیەکی نوێ لەئێران درووستبووە کە بەتاسەوە بیری ڕۆژگاری فەرمانڕەوایی شا دەکەن و لەئێستادا دەیانەوێت ڕژێمی ئیسلامی بڕوخێت و لەجێگەی دەوڵەتێکی سێکیولاری دیموکرات بنیاتبنرێت. یەکێک لەو لایەنە تازە دامەزراوانە کە بەشێکە لەم بزوتنەوەیە ناوی «فەرەشگگارد» یاخود «ژیانەوەی ئێران»ە کە ئامانجیان بەوتەی خۆیان «ڕووخاندنی ڕژێمی ئیسلامی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکراتی سێکیولار کەمافی مرۆڤ بۆ ئێرانیەکان زامن بکات.» لەئێستادا ئەم گروپە ڕەزا پەهلەڤی وەک کەسایەتیەکی گرنگ لەم کاتەدا تەماشادەکەن، دەڵێن: «شازادە ڕەزا پەهلەڤی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەپێکەوەگرێدانی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگای ئێرانی. لەجێگرتنەوەی ئەم ڕژێمەی ئێستا بەدەوڵەتێکی دیموکرات و سێکیولار، سەرکردایەتی و هەژموونی ڕەزا پەهلەڤی دەکرێت سوودی لێوەربگیرێت و بەهۆیەوە گۆڕانێکی دەسەڵاتی ئاشتیانە ڕووبدات و وڵات یەکپارچە بمێنێتەوە». ئەمە هەموو لەکاتێکدایە کە لەهەندێک لەخۆپیشاندانەکانی ئێراندا بەئاشکرا دەبیسترێت خۆپیشاندەران ناوی شازادە پەهلەڤی دێنن و دەڵێن: «ئێمە داوای لێبووردن دەکەین، ئێران بێ شا قورسایی نیە»! دوابەدوای وتارەکەی ڕۆژی هەینی، لەوەڵامی ڕۆژنامەنوساندا کە ئایا گەر هەل هەبێت حەز دەکات ببێت بەسەرۆکی ئێرانی نوێ، ڕەزا پەهلەڤی وتی: «ئەو ڕۆژەی هەڵبژاردنی ئازادانە لەئێران ئەنجامدرا، ئەوا من هەست دەکەم ئامانجی ژیانی سیاسیم هاتۆتەدی. هەر بیریشم لەو ئەگەرە نەکردوەتەوە سەرۆکی ئێران بم، سەرنج و هەوڵم بۆ ئازادکردنی ئێرانە بەدەستی گەلی ئێران خۆیان».

یاد قوربانی رۆژئاوای کوردستان ساڵانێکە بووەتە گرێیەکی سیاسی بۆ  تورکیا و ئەمریکا کەهەردوو بەرژەوەندیەکانیان لەوێ دژی یەک وەستاوەتەوە. ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ دەستبەکاربوونیەوە پاڵپشتیەکی ڕاستەوخۆی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی کردوەو وەک هاوپەیمانێکی کارا لەجەنگ دژ بەداعشدا هەڵسوکەوتی لەگەڵ کردووە. بەپێچەوانەوە، تورکیا دەسەڵاتداری کوردەکان لەسوریاو بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات نیگەرانی کردوە و دەیەوێت هەژمونی کوردەکان لە سوریا لەناوبەرێت، هەر بۆ ئەم مەبەستە کۆتایی هەفتەی پێشوو ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە لە «چەند ڕۆژی داهاتوودا» هێرشی سەربازی بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی یەپەگە کۆنترۆڵ دەکاتەوە.  بەپێی سەرچاوەی میدیاکانی تورکیا ڕۆژی هەینی سوپای تورکیا چەند یەکەیەکی کۆماندۆی بردوەتە سەر سنوری وڵاتەکەی لەگەڵ باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاو هاوکات ئەردۆغان هۆشداری دا کە لەچەند ڕۆژی داهاتوودا سوپای وڵاتەکەی دەباتە ناو سوریاوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە لەهەمان ڕۆژدا ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ پەیوەندیەکی تەلەفۆنیان لەسەر ئەم لەشکرکێشیە هەبووە، بە پێی زانیاریەکانی ڕۆژنامەی (واڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکی چەند سەرچاوەیەک لەکۆشکی سپییەوە کەئاگاداری پەیوەندیە تەلەفونیەکە بوون ڕایانگەیاندوە کە سەرۆکی ئەمریکا داوای لەئەردۆغان کردوە هەڕەشەی هێرشەکانی ڕابگرێت و هەردوولا لەکۆتاییدا ڕێکەوتوون کە «هەماهەنگی باشتر لەنێوانیاندا هەبێت لە سوریا». لەئێستا نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئەمریکی و تیمێکی ٢٠ کەسیی پسپۆڕی مەدەنی لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کاردەکەن لەگەڵ هێزە کوردیەکاندا کەئێستا بەبەشێک لە (هێزەکانی سوریای دیموکرات) ناودەبرێن کار لەسەر بنیاتنانەوەی شارە کاولبوەکانی شەڕی داعش و دروستکردنەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن. لەچەندین لێدوانیشدا دۆناڵد ترەمپ کوردەکانی ڕۆژئاوای بەهاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکا لەشەڕی داعشدا ناوبردووە. هەر ئەمەیە کەتورکیای بێزارکردوەو وایکردوە ئەمریکا بە دووفاق و بێ بەڵێن ناوببات، تورکەکان دەڵێن کەئەمریکا لەسەرەتاوە ڕایگەیاندوە بۆ «ماوەیەکی کاتی» پاڵپشتی هێزە کوردیەکان دەکات لەسوریا بۆ سوود لێوەرگرتن لێیان لەشەڕی داعشدا، بەڵام لەئێستادا هاوکارییان دەکات لەخۆقایمکردن و حوکمداریدا لەو ناوچانەی لەدەست داعش ڕزگاریان کردوون.  لەئێستادا، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆستی) ئەمریکی، ئەمریکیەکان ڕازیبوون کەچەند بازگەیەکی سنوریی دابنێن و چاودێری هەر کارو کردەوەیەک بکەن کە ئاسایشی تورکیا بخاتە مەترسیەوە، بەڵام ئەردۆغان ئەم هەوڵانەی ئەمریکا بە چەواشە لەقەڵەمدەدات و چوارشەممەی پێشوو ڕایگەیاند: «ئاشکرایە کە مەبەستی بازگە چاودێریەکانی ئەمریکا لە سوریا پاراستنی تورکیا نیە لە تیرۆرستان، بەڵکو پاراستنی تیرۆرستانە لە تورکیا.» ناوبردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل بەتیرۆریست لەلایەن ئەردۆغانەوە شتێکی نوێ نیەو ئەو کوردانی سوریا بەدرێژکراوەیەکی پارتی کرێکارانی کوردستان دەزانێت کە لەلایەن تورکیا و زۆرێک لەوڵاتانی ڕۆژئاواوە بەڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە قەڵەمدراون.  ئەم هەڕەشە توندانەی ئەردۆغان بۆ لەشکرکێشی بەرەو سوریاو بەرپاکردنی جەنگ دژ بەهێزە چەکدارە کوردەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەکاتێکدایە کە مانگی ئازاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی وڵاتەکەی بەڕێوەدەچن. ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (نیو یۆرک تایمز)ی ئەمریکی ئەوە دەخاتەڕوو کە زۆرێک لەلێکۆڵەرەوە سیاسیە ڕۆژئاواییەکان پێیانوایە ئەم هاش و هوش و هەڕەشە توندانەی ئەردۆغان بۆ جوڵاندنی هەستی نەتەوەیی دەنگدەرە نەتەوەییەکانی تورکیایە کەهێرشکردنە سەر کوردەکان بەدەستکەوت دەبینن. لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە: «پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) بەهۆی قەیرانی ئابوریی تورکیاوە ترسی لەدەستدانی هەندێک لەپارێزگاکانی هەیە، هەر بۆیە پەنادەبات بۆ جوڵاندنی هەستی نەتەوەیی دەنگدەرەکانی کە لەڕابردوودا سەرکەوتوو بووە». ئەم بۆچونە لەکاتێکدایە کە ئەمریکا ڕایگەیاندوە ڕازی نابێت هیچ لایەنێک تاکلایەنانە لەسوریادا لەشکرکێشی بکات، ئەمەش پێچەوانەی هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی ئەردۆغانە.  لەمیانەی جەنگی هەشت ساڵەی سوریادا، کوردەکان توانیویانە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی بۆخۆیان چنگ بخەن لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر سنوری تورکیا، ئەمەش ساڵانێکە وای لەتورکیا کردوە بەبەردەوامی هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ سەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بکات.  وتەبێژێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات، موستەفا باڵی، بەڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ڕاگەیاندووە کەهێزەکانیان بەرەنگاری دەکەن لەئەگەری هەر هێرشێکی سوپای تورکیادا بۆ سەریان و ئەمەش وادەکات شەڕ دژ بەداعش ڕابوەستێت. ئەو دەڵێت: «گەر هێرشمان بکەنە سەر، بەرپەرچیان دەدەینەوە، ئێمە لەبەردەم تورکەکاندا چۆکدانادەین. هیوادارین تورکەکان هەڕەشە و گوڕەشەکانیان بوەستێنن، بەڵام گەر لە نەزانیانەوە بڕیاربدەن ئەم هێرشە ئەنجامبدەن، ئەوا شەڕی هەجین دژ بە داعش ڕادەوەستێت». لە ئێستادا هێزەکانی سوریای دیموکرات بەهاوکاری هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە شەڕی داعش و پاککردنەوەی پاشماوەکانی داعش لەسوریا. لە کاتێکدا کە تورکیا هەڕەشەی هێرشکردنە سەریان و لەناوبردنیانی دەکرد، هێزە کوردیەکان خەریکی شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەی (هەجین)بوون و ڕایانگەیاند کە بەسەرکەوتوویی کۆنترۆڵی شارۆچکەکەیان کردووەتەوە کە بەکۆتا شارۆچکە دادەندرێت کە لەدەستی ڕێکخراوی داعشدابووە.  ئەمریکاو تورکیا بڕیاریانداوە بەهەماهەنگی کاربکەن لەسوریا تا بەرژەوەندیەکانی هەردوولا پارێزراوبێت، بەڵام گەر تاکلایەنانە تورکیا لەشکرکێشی بۆ سەر خاکی سوریا بکات بەرەو باکوری ڕۆژهەڵات کەهێزە سەربازیەکانی ئەمریکاش لەوێ نیشتەجێن ئەگەری ڕووبەڕووبونەوە هەیەو لەوانەیە گرێیەکەی ڕۆژئاوای کوردستان ببێتە گرێ کوێرە. 

هاوڵاتی، سەروەر محەمەد رێکخراوێک سەگە بەڕەڵاکانی دەوروبەری کامپی زانکۆی سلێمانی و بەشی ناوخۆیی کچان چارەسەر دەکات و دواتر دەیانخاتەوە سەر شەقامەکان. یان ئەگەر کەسێک بیەوێت بەخیویان بکات پێی دەدەن، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو سەگانە مانگی رابردوو کێشەیەکی گەورەیام دروست کرد لە نێو بەشە ناوخۆیی کچان زانکۆدا. رێکخراوی پاک رێکخراوێکی تایبەت بە ئاژەڵانە لە سلێمانی ده‌ستی کردوه‌ به‌ هه‌ڵمه‌تێکی "ئاژه‌ڵ دۆستی" بۆ ئه‌و سه‌گه‌ بەڕەڵاکانی به‌شه‌ ناوخۆیی کچانی زانکۆی سلێمانی، ئەوەش لە رێگەی ئه‌نجامدانی چاره‌سه‌رو کوتان و پاککردنه‌وه‌ و نەشتەرگەریکردنی ئەوانەیان کە پێوسیتیانە، پاش چاره‌سه‌رکردنیان هه‌ر سه‌گێک ژماره‌یه‌ک ده‌درێت له‌گوێچه‌که‌کانی و ده‌خرێته‌وه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان، ئەوەش بۆ ئەوەی لەکاتی پێویستدا رێکخراوەکە بیانناسێتەوە. د.بورهان سابیر، سه‌رۆکی ڕێکخراوی پاک بە هاوڵاتی وت " ئێمه‌ ئامانجمان هۆشیارکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌ له‌ بابه‌تێکی له‌م شێوه‌یه‌دا پێویستمان  به‌ یارمه‌تی ئه‌وان ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌م جۆره‌ ئاژه‌ڵانه‌ نه‌بنه‌ هۆکاری بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی و به‌و شێوه‌ دڕندانه‌ نه‌کوژرێن ". رێکخراوەکە لە چەند هەفتەی رابردوودا هه‌ڵمه‌تێکی له‌زانکۆی سلێمانی و به‌شه‌ناوخۆیی کچان راگەیاند و دەیان سەگی گرت له‌ دایکانه‌ و بێچوه‌کانیان  چاره‌سه‌ری پزیشکییان بۆ ئه‌نجام دان.   مانگی رابردوو ئەو سەگانە کێشەیەکی گەوریەنا دروست کرد بۆ بەشە ناوخۆییەکە، کە بەهۆیەوە سەرپەرشتیاری بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی لەکارەکەی دورخرایەوە دوای ئەوەی خوێندکارە کچەکانی بەشە ناوخۆییەکان خۆپیشاندانیان بۆ ئاو و کارەباو پیداویستیەکانیان کرد، دواتر سەرپەرشتیارەکە هەڕەشەی لێکردن کە سەگی زیاتریان بۆ دەبات و دەوروبەری بەشە ناوخۆییەکە پڕدەکات لە سەگ. لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبوویەوە تیایدا دەردەکەوێت دەمەقاڵێ لەنێوان خوێندکارە کچەکان و سەرپەرشتیاری بەشە ناوخۆییەکاندا دروستبووە، نەژاد حسێن دەڵێت "بەخوا ٥٠ سەگی تر دەهێنم و دەبێت ئەمناوە هەمووی بکەم بە سەگ". ئەوەش لەکاتێکدابوو کە بەھۆی نەبوونی خزمەتگوزاری لە بەشە ناوخۆی قلیاسانی کچانی زانکۆی سلێمانی خوێندکاران خۆپیشاندان ئەنجامدا و ئاماژەیان بەوە کرد، ھیچ خزمەتگوزاییەک لە بەشە ناوخۆییەکان نیە و ئەو سەگانەی لەو ناوچەیەدان و بەرەڵان پەلاماریان دەدەن شەوێکێش دوو خوێندکاری کچ سەگ پەلاماری داوبوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوون. هاوکات لە گرتە ڤیدیۆییەکی دیکەدا دەردەکەوت کە سەگێک پەلاماری کچە خوێندکارێک دەدات و راویدەنێت. هێڤی جه‌مال خوێندکاری زانکۆ یەکێکە لەوانەی کە سەگەکان پەلاماریان دابوو، بە هاوڵاتی وت"من یه‌کێکم له‌به‌رکه‌وتووانی ئه‌م واقعه‌، زیانی ده‌روونی و جه‌سته‌یم به‌رکه‌وتووه‌ . دوای تێپه‌ڕبوونی سێ ساڵی خوێندنمان تا ئێستا نه‌مانتوانیوه‌ به‌بێ ترس به‌ناو حه‌وشه‌ی داخلیه‌کانمان پیاسه‌ بکه‌ین". وتیشی "ئه‌م ئاژه‌ڵانه‌ ژیانی خوێندکارانی ئه‌م که‌مپه‌ی تا ڕاده‌یه‌ک قورس کردوه‌و خوێندکاران به‌ته‌واوی هه‌راسانن". تار ڕزگار کچە خویندکارێکی تری ئەو کامپەیە بە هاوڵاتی وت "یه‌کێکم له‌و کۆمه‌ڵه‌ خوێندکاره‌ی که‌قوربانی ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ به‌ره‌ڵایانه‌ی ناو که‌مپه‌که‌مانین  ناڕه‌حه‌ت و هه‌راسانکراوین، کاتێک داوای لابردنی سەگەکان ده‌که‌ین و خۆپیشاندان دەکەین، هه‌ڕه‌شه‌ی دورخستنه‌وه‌و ده‌رکردنمان لێده‌که‌ن له‌که‌مپه‌که‌مان" . وتیشی" ڕه‌وشی خوێندکارانی داخلی به‌ڕاده‌یه‌ک زۆر خراپه‌ و هیچ لایه‌نێکی په‌یوه‌ندیداریش ئاوڕ له‌بابه‌ته‌که‌ ناداته‌وه‌". پیشتر چەند سەگێک لە دەورەبەری ئەو کامپەدا بە فیشەک کوژرابوون و دەرمان خوارد کرابوون، بەڵام سەگەکان کۆتاییان پێ نەهاتووە. به‌پێی یاسای ژماره‌ 48ی ساڵی 1986ی عێراقی (یاسای لەناوبردنی سەگی بەڕەڵا) سه‌گ ده‌بێت بکوژرێت و له‌ناو ببرێت. بەڵام رێکخراوی پاک بۆ ریگریکردن لە کوشتنیان هەستاوە بە کۆکردنەوەیان و چارسەرکردنیان. هەر سەگ و ئاژەڵێکی بەرەڵاو نەخۆش ئەگەر بە دەست نەگیرێت رێکخراوەکە بۆ گرتنی پەنا دەبات بۆ چەکی بێهۆشکەر. لەرێکخراوەکەدا چەندین پزیشکی ڤێتەنەرری و خۆبەخش هەن کە سەگەکان چارسەردەکەن و ئەگەر کەسێک بیەوێت بەخیوی بکات پێی دەبەخشنەوە. د.لاڤین عەبدولوەهاب ، پزیشکی ڤێتێنه‌ری بە هاوڵاتی وت "هه‌ر که‌سێک ویستی ئاژه‌ڵێک به‌خێو بکات ده‌بێت ڕه‌چاوی چه‌ند  شتێک  بکات پێش ئه‌وه‌ی بیکڕێت یاخود له‌ که‌سێکی وه‌ربگرێت، ئه‌ویش ده‌بێت بزانین ئه‌م ئاژه‌ڵه‌ یاریکردن نیه‌ و دوای دوو مانگ بیزار ببن و به‌ره‌ڵای سه‌رشه‌قامه‌کانی بکه‌ن، به‌ڵکو به‌رپرسیارێتیه‌". هه‌روه‌ها وتی" پێش وه‌رگرتنی ئاژه‌ڵێک یاخود کڕینی ده‌بێت وای دابنێین که‌چه‌ند ساڵێک لامان ده‌مێنێته‌وه‌ بزانین که‌ ئایا ئه‌م ئاژه‌ڵه‌ پێویستی به‌خواردن و پاکردنه‌وه‌ و خزمه‌تکردن  و مه‌سره‌فکردنی  و سه‌ردانی کردنی پزیشکی ڤێتێنه‌رییه‌، له‌پاش ئه‌مانه‌ ده‌بێـت خۆمان  وه‌کو خاوه‌ن ئاژه‌ڵێک له‌ به‌رامبه‌ر به‌رپرسیارێتیه‌کدا ببینین ، ئاگامان له‌ ته‌ندروستیان بێت له‌ کاتی خۆیدا ، کوتانیان بۆ بکرێت و حه‌بی کرمیان بدرێتێ لەگەڵ به‌کارهێنانی ده‌رمانی دژه‌ مشه‌خۆری ده‌ره‌کی، ناشبێت له‌ ژوورێکدا بیانبه‌ستینه‌وه‌ چونکه‌ پێویستیان به‌ گه‌ڕان و سه‌رفرکردنی ئه‌و وزه‌یه‌ که‌تێیاندایه"‌ . د.لاڤین وتیشی "هه‌رجۆره‌ ئاژه‌ڵێک چ سه‌گ بێت یاخود پشیله‌ کاتێک خۆى نه‌خۆش نه‌بێت نه‌خۆشی لێوه‌ ناگوازرێته‌وه‌، به‌ڵام هۆکاری نه‌خۆشکه‌وتنی ئه‌م جۆره‌ ئاژه‌ڵه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خزمه‌ت نه‌کردن  و چاره‌سه‌ر نه‌کردنیان. ئاماژەی بەوەشکرد ئه‌و جۆره‌ لیکه‌ی  که‌له‌ ده‌می سه‌گدایه‌ زۆرجار به‌ "ڤایرۆسێکی خراپ" ناوده‌برێت وتی" به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ نیه‌ به‌ڵکو ئه‌و جۆره‌ لیکه‌ هه‌ڵگری جۆرێکه‌ له‌ به‌کتریا  که‌ ئه‌گه‌ر بێت و قه‌پیش له‌مرۆڤ بگرێت ئه‌وا نابێته‌ هۆی زه‌ره‌ر و زیان" . هاولاتی پەیوەندی کرد بە بەرپرسانی ڤیتەرنەری سلیمانی و زانکۆی سلیمانیەوە ئامادە نەبوون لەم بارەیەوە لیدوان بدەن. سەگی بەرەلا بە تەنها لە سلێمانیدا نیەو لە زۆربەی شارەکاندا هەن و هەندێک جار دەکوژرێن. مامه‌ند محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌ری ڤێته‌نه‌ری هه‌ولێر سەبارە بە کوشتنی سەگی بەرەلا بە هاوڵاتی وت "به‌پێی یاسای ژماره‌ 48ی ساڵی 1986ی عێراقی سه‌گ ده‌بێت بکوژرێت وله‌ناو ببرێت". وتیشی "به‌هۆی ئه‌وقه‌یرانه‌ داراییه‌ی هه‌یه‌ حکومه‌ت ناتوانێت جێگه‌یه‌کیان بۆ دابین بکات و به‌خێویان بکات و پارێزگارییان لێ بکات، به‌ڵام قایمقامی هه‌ولێر پێشوازی له‌ ڕێکخراوه‌کانى ئاژه‌ڵ دۆستان ده‌کات بۆ گرتنه‌ ئه‌ستۆی ئه‌رکی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ وه‌ ده‌ڵێت ڕه‌نگه‌ حکومه‌ت جێگه‌شیان پێ بدات بۆ به‌خێوکردن له‌ پاش پێشکه‌شکردنی پلان و پرۆژه‌ و گرتنه‌ ئه‌ستۆی ئه‌و ئه‌رکه"‌. بەخیوکردنی سەگ و گیاندار کە کوردستاندا بەشیک نیە لە ژیانی رۆژانەی خەڵکی، ئەوانی کە ئاژەڵی ماڵی بەخیودەکەن زۆر کەمن ئەگەر کارێکی پیوسیتیان پێی نەبی وەکو ۆەکو پاسەوانی. د.لاڤین وتی"کۆمه‌ڵگه‌ی خۆمان ڕقی له‌سه‌گه‌ و هیچ به‌ها و نرخێکی ئه‌وتۆی بۆ دانانێت، ته‌نها بۆ پاسه‌وانیکردن نه‌بێت به‌کاری ناهێنێت و خزمه‌تی ناکات، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌رچاوبونی ئه‌و سه‌گه‌ بێ لانه‌ و جێگایانه‌ی کۆڵان  و شه‌قامه‌کان، هه‌روه‌ها ئه‌و خووه‌ ته‌قلیدیه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ که‌ هه‌میشه‌ چاویان له‌ وڵاتانی ئه‌وروپیه‌ و به‌رهه‌م  و کاڵا و شتومه‌کی ئه‌وانیان له‌ پێشتره‌  وه‌ک له‌وڵاتی خۆمان" . هه‌روه‌ها ئاماژه‌شی به‌وه‌دا سه‌گی کوردی ئه‌گه‌ر بێت و که‌سێک یاخود لایه‌نێک  هه‌بێت گرنگی پێبدات  یاخود خزمه‌تی بکات "ئه‌وا زۆر زۆر له‌سه‌گه‌کانی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ باشتر و پاکتر و زیره‌کتر ده‌رده‌چێت". وتیشی" سه‌گی کوردی که‌پێی ده‌وترێت سه‌گی پاس (پارێزگاریکردن) یه‌کێکه‌ له‌و جۆره‌ سه‌گه‌ گرنگانه‌ی که‌ توانای له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر و باشیان هه‌یه‌ له‌ ڕووی توانای پارێزگاری کردن  و زۆر زوو ماڵی بونیان هه‌روه‌ها توانای بیستن  و فێربوون  و هه‌ستکردنیان زۆر زۆر به‌رزه‌ به‌ به‌راورد به‌ سه‌گێکی له‌جۆری (جێرمه‌ن شیپ یاخود هه‌سکی) که‌ دوو جۆری زیره‌ک و به‌توانان" .

سازدانى: ئارا ئیبراهیم به‌رپرسى پێشوى کۆمیته‌ى یه‌کێتى له‌یۆنان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات که‌ رۆژانه‌ هاوڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان به‌ خێزان و مناڵه‌وه‌ یان به‌شێوه‌ى تاکه‌که‌سى روو له‌و وڵاته‌ ده‌که‌ن تا بگه‌نه‌ ئه‌وروپاو ده‌شڵێت: زیاتر له‌ 14 ته‌رمى کورد له‌شارێکى یۆنان به‌خاکسپێردراون. 18ى کانونى یه‌که‌مى هه‌موو ساڵێک له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ وه‌ک رۆژى جیهانى کۆچبه‌ران داده‌نرێت. حسێن حه‌مه‌ ساڵح به‌رپرسى پێشوى کۆمیته‌ى یه‌کێتى له‌یۆنان کە چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌که‌ له‌و وڵاته‌ ژیان به‌سه‌رده‌بات و یه‌کێکه‌ له‌وانه‌ى که‌ له‌نزیکه‌وه‌ ئاگادارى ژیانى په‌نابه‌ران و هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌یه‌ که‌ رێگه‌ى هانده‌ران ده‌گرنه‌به‌ر  لەم چاوپێکەوتنەی ‌هاوڵاتی-دا باسی ورده‌کارى دیارده‌ى کۆچ و ئه‌و رووداوانه‌ ده‌کات که‌دێنه‌ سه‌ر رێگه‌ى په‌نابه‌ران. ‌هاوڵاتی: کۆچ له‌هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ بۆ ئه‌وروپا به‌تایبه‌ت له‌ڕێگه‌ى یۆنانه‌وه‌ بۆته‌ دیارده‌؟ حسێن حه‌مه‌ ساڵح: له‌دواى راپه‌ڕینه‌وه‌ پاش شه‌ڕى براکوژى به‌تایبه‌تى کۆچ له‌هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ په‌یدا بووه‌و تادێت رێژه‌که‌ى به‌ره‌و زیادبوون چووه‌و ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه‌، خه‌ڵک به‌شێوه‌ى تاکه‌ که‌سى یان به‌خێزانه‌وه‌ که‌تێیدایه‌ خاوه‌نى 8 بۆ 9 مناڵه‌ رووده‌کاته‌ تورکیاو سنوره‌کانى ئه‌و وڵاته‌ ده‌بڕن و ده‌گه‌نه‌ یۆنان، هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ى کۆچ ده‌که‌ن به‌حسابى خۆى بۆ گه‌یشتنه‌ به‌ژیانێکى شایسته‌ بۆ خۆیان و مناڵه‌کانیان، کۆچ بۆته‌ دیارده‌و ناتوانرێت بنه‌بڕ بکرێت یان رێگرى لێبکرێت، چونکه‌ به‌پێى جاڕنامه‌ى گه‌ردونى مافى مرۆڤ که‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ده‌ریکردووه‌ هه‌موو که‌سێک ئازاده‌ له‌کوێ و له‌ چ شوێنێک ژیان به‌سه‌رده‌بات و نیشته‌جێ ده‌بێت، ئه‌م مافه‌ رێکخراوى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان داویه‌تى بۆیه‌ ناتوانرێت  کۆتایى به‌دیارده‌ى کۆچ بهێندرێت. هاوڵاتی: چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌که‌ له‌وڵاتى یۆنانن ئایا ده‌کرێت په‌نابه‌ران متمانه‌ به‌قاچاغچیه‌کان بکه‌ن که‌ به‌شێوه‌ى نایاسایى ده‌یانگوازنه‌وه‌ بۆ گه‌شتن به‌ئه‌وروپا پاره‌ خه‌رج ده‌که‌ن. حسێن حه‌مه‌ ساڵح: قاچاغچیه‌کان و هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ى ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن هیچ کاتێک جێگه‌ى متمانه‌ نین، ئه‌وانه‌ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان و ده‌ستکه‌وتنى پاره‌دا ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن، بیرمان نه‌چێت بێجگه‌ له‌قاچاغچیه‌ کورده‌کان، قاچاغچى وڵاتانى دیکه‌ى لێیه‌و له‌گه‌ڵ په‌نابه‌رانى وڵاتانى جیاواز رێکه‌وتن ده‌که‌ن له‌تورکیاوه‌ بۆ یۆنان یا له‌تورکیاوه‌ بۆ ئیتاڵیاو ته‌نانه‌ت گه‌شتن به‌ئه‌وروپاش. هاوڵاتی: ئه‌وه‌نده‌ى زانیاریتان هه‌بێت و په‌نابه‌ران په‌یوه‌ندیتان پێوه‌ ده‌که‌ن ئایا قاچاغچییه‌کان مامه‌ڵه‌ى گونجاویان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن؟  حسێن حه‌مه‌ ساڵح: قاچاغچییه‌کان ده‌کرێت کارى باشتر بکه‌ن و مامه‌ڵه‌ى باشیان له‌گه‌ڵ بکه‌ن، په‌نابه‌ران پێیان راگه‌یاندوون که‌قاچاغچییه‌کان ده‌یانبه‌نه‌ سه‌ر که‌نارى ده‌ریاکان و یه‌ختێکى سیاحى گه‌وره‌و باش پیشانى په‌نابه‌ران ده‌ده‌ن و به‌و شێوه‌یه‌ رێکده‌که‌ون، به‌ڵام قاچاغچییه‌کان به‌یه‌ختى ته‌خته‌ى کۆن که‌ 30 بۆ 40 ساڵه‌ دروستکراوه‌ یان به‌ به‌له‌مى چوپ که‌ له‌بنه‌مادا بۆ 6 بۆ 8 که‌س دروستکراوه‌و بۆ رێگه‌ى کورت مه‌ودایه‌، به‌ڵام قاچاغچییه‌کان ده‌چن 30 بۆ 40 نه‌فه‌رى تێده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر په‌نابه‌ره‌کان ئاماده‌ نه‌بن سوارى یه‌خته‌ ته‌خته‌کان ببن یان چوپه‌کان هه‌ڕه‌شه‌ى کوشتنیان لێده‌که‌ن و ناچاریان ده‌که‌ن سه‌ربکه‌ون. ئه‌مه‌ش کاره‌ساتى گه‌وره‌ى لێده‌که‌وێته‌وه‌و ژێر ئاو ده‌که‌ون و به‌شى زۆریان رزگاریان نابێت و ده‌خنکێن و قوربانى لێده‌که‌وێته‌وه‌. هاوڵاتی: ده‌توانین بڵێین قاچاقچییه‌کان فێڵ له‌په‌نابه‌ران ده‌که‌ن بۆ گواستنه‌وه‌یان و گه‌شتن به‌ ئه‌وروپا؟ حسێن حه‌مه‌ ساڵح: به‌ڵێ به‌شێکى زۆر له‌په‌نابه‌ران پێشه‌کى پاره‌یان لێوه‌رده‌گرن یان نیوه‌ى ئه‌و پاره‌یه‌ى له‌سه‌رى رێکه‌وتوون دواتر ناتوانن بیانگوازنه‌وه‌و به‌شێکى زۆر له‌پاره‌کان ده‌خورێت و چه‌نده‌ها خێزان  به‌و هۆیه‌وه‌ سه‌رگه‌ردان بوون. هاوڵاتی: به‌شێک له‌په‌نابه‌ران له‌ئاودا ده‌خنکێن، هه‌ندێکیشیان ته‌رمه‌کانیان نه‌هێندراونه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان، که‌یسى ئه‌وانه‌ چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت؟ حسێن حه‌مه‌ ساڵح: له‌ساڵانى رابردوو باخیره‌یه‌ک گڕى گرت  له‌ناوچه‌ى پاترا له‌گۆڕستانێکدا 14 ته‌رمى کورد له‌وێدا نێژراون و نه‌گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان، به‌ڵام له‌ئێستادا ئه‌و حاڵه‌ته‌ که‌مه‌و  هه‌ر که‌سێکیش بخنکێت له‌ئاوداو ته‌رمه‌که‌ى بدۆزرێته‌وه‌ به‌ دوو هه‌زار یۆرۆ ته‌رمه‌که‌ى ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان. حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق و خه‌ڵکانى تریش هاوکاری ئه‌و خێزانانه‌یان کردووه‌ که‌ که‌سێکیان یا چه‌ند که‌سێکیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن. یه‌کێک له‌هۆکارى زۆرى قوربانیه‌کانى کۆچبه‌ران به‌تایبه‌ت رێگاى ئاوى له‌تورکیا بۆ یۆنان یا یۆنان بۆ ئیتاڵیا به‌ رێگا یاساییه‌کان ناڕۆن که‌ له‌به‌رچاوبن، چونکه‌ ئیشه‌که‌یان به‌ڕێگاى قاچاغ و نایاساییه‌، بازرگانى به‌خه‌ڵکه‌وه‌یه‌ ده‌چنه‌ قوڵایى ئاوه‌وەو دوورن له‌بینینى رادار کۆنترۆڵ دیارنامێنن که‌توشى ئه‌و روداوى ژێر ئاوکه‌وتنە ده‌بن پۆلیسى ده‌ریاوانى ده‌گه‌ڕێن و هه‌ندێ جار فریاى به‌له‌مه‌کان ده‌که‌ون، هه‌ندێکیشیان که‌سیان لێ نادۆزرێته‌وه‌، چونکه‌ زۆربه‌ى روداوو قوربانییه‌کان له‌ده‌ریاى ئیجه‌دایه‌و ده‌ریایه‌کى قوڵ و بێ بنه‌. هه‌ندێک جاریش چه‌ته‌ى ده‌ریا هه‌یه‌ که‌ به‌له‌مى گه‌وره‌یان پێیه‌و خۆیان نزیک ده‌که‌نه‌وه‌ له‌یه‌خته‌کان تا ژێر ئاو بکه‌ون و ئه‌مه‌ش له‌زۆر وڵاتدا هه‌یه‌، دواتر ده‌چن هه‌موو ئه‌و که‌لوپه‌لانه‌ ده‌به‌ن که‌ په‌نابه‌ران پێیان بووه‌، ئیتر پاره‌ بێت یان ئاڵتون و هه‌ر شتێک که‌ لاى ئه‌وانه‌ به‌نرخ بێت، ئه‌مه‌ش کۆنترۆڵ ناکرێت چونکه‌ هیچ که‌سێک له‌ناو ئه‌و یه‌خته‌دا ده‌رناچێت تا سبه‌ى شاهیدى بدات له‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ روداوانه‌و که‌یسه‌کانیان به‌ ون و نادیارى ده‌مێنێته‌وه‌. هاوڵاتی: کۆچکردن به‌و ناڕه‌حه‌تیه‌ى باسى ده‌که‌ن به‌رده‌وامه‌، چ رێگایه‌ک هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ى زانیاریتان هه‌بێت بۆ گه‌شتن به‌ ئه‌وروپا؟ حسێن حه‌مه‌ ساڵح: هه‌موو رێگاکان قاچاغن له‌تورکیاوه‌ رێگاى نایاساییه‌ به‌به‌له‌م ده‌په‌ڕێته‌وه‌ بۆ دورگه‌کانى نزیک له‌تورکیا که‌ له‌بنه‌مادا دوورگه‌کان هى یۆنانن، رێگاکان یا به‌ڕێگه‌ى پیاده‌و ئوتومبێل له‌نێوان سنوره‌کانى تورکیا و بولغاریا و یۆنان ده‌گه‌نه‌ شارى ساڵۆنیک له‌یۆنان، هه‌موو رێگاکان نایاسایى و قاچاغن. په‌نابه‌ران که‌ده‌گه‌نه‌ وڵاتى یۆنان به‌ یه‌ک ده‌فته‌ر دۆلار واتا 10 هه‌زار دۆلار به‌شاحینه‌ ده‌گه‌یه‌نرێنه‌ ئیتاڵیا که‌جارى واهه‌یه‌ 45 کاتژمێر له‌ناو ئه‌و شاحینانه‌دا ده‌مێننه‌وه‌ که‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ رێگاى مه‌ترسیدارن. هاوڵاتی: ده‌یان که‌مپى په‌نابه‌ران له‌یۆناندا هه‌یه‌و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان هاوکارییان ده‌که‌ن، ئایا ئه‌وانه‌ ژیان و گوزه‌رانیان چۆنه‌ که‌کوردى باشورو رۆژئاواى تێدایه‌؟ حسێن حه‌مه‌ ساڵح: چه‌نده‌ها که‌مپ کراوه‌ته‌وه‌ له‌دواى رووداوه‌کانى شه‌ڕ له‌سوریا، که‌کوردێکى زۆرى رۆژئاواى کوردستان روویان له‌یۆنان کردووه‌ تا بگه‌نه‌ ئه‌وروپا، ئه‌وانه‌ به‌شێکى زۆریان خێزانن و مناڵیان له‌گه‌ڵدایه‌. هه‌موو دورگه‌کانى سنورى تورکیاو یۆنان که‌مپى تێدایە، دورگه‌ى کریتى که‌ گه‌وره‌ترین دورگه‌یه‌ په‌نابه‌ریان له‌وێ داناوه‌و به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى داواى مافى په‌نابه‌رێتیان له‌یۆنان کردووه‌، نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان مانگانه‌ بۆ که‌سى گه‌وره‌ 150 یۆرۆ بۆ مناڵیش 80 یۆرۆیان پێده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ شوێنى نیشته‌جێبون و په‌نجا رێکخراو ئیشى کۆچبه‌ران ده‌که‌ن و نه‌ته‌وه‌یه‌کگتووه‌کان سه‌رپه‌رشتى سه‌رجه‌م که‌مپه‌کانى په‌نابه‌ران ده‌کات. هاوڵاتی: ئایا حکومه‌تى هه‌رێم ده‌توانێت رێ له‌و که‌سانه‌ بگرێت کۆچ نه‌که‌ن؟ حسێن حه‌مه‌ ساڵح: ئه‌مه‌ تازه‌ بۆته‌ دیارده‌و مرۆڤ ئازاده‌ له‌هه‌ر کوێ بژیت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌هه‌رێمى کوردستان خۆشه‌ویستى بۆ خاک و نیشتمان نه‌ماوه‌، ئێستاش هۆکاره‌کان زیاتر که‌مته‌رخه‌میه‌که‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێم و عێراقیه‌وه‌‌یە. هه‌رێمى کوردستان له‌ڕووى سه‌روه‌تى کانزایى و کشتوکاڵى و خاک و ئاوو نه‌وته‌وه‌ ده‌بوو خۆشترین ژیانى تێدابوایه‌، وڵاتانى خه‌لیجى عه‌ره‌بى ته‌نها نه‌وتیان هه‌یه‌و خۆشترین ژیانیان بۆ خه‌ڵکه‌که‌یان دابینکردووه‌، به‌ڵام هه‌رێمى کوردستان به‌و هه‌موو سه‌روه‌ته‌ نیشتمانییه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ وابکات که‌ گه‌نجان و خێزانه‌کان بیر له‌کۆچکردن نه‌که‌نه‌وه‌و ژیان و گوزه‌رانى هاوڵاتیان باش بکه‌ن.

‌هاوڵاتی، سەروەر خەلیل دانیشتوانی کەمپی شه‌هید رۆسته‌م جودی لە مەخمور کەپێکدێن لەخێزانەکانی باکوری کوردستان لەبەردەم مەترسی نوێی داعشدان لەناوچەکە، گوماندەکەن جموجوڵەکانی ئەو رێکخراوەو ‌هێرشەکانی تورکیا بۆ سەریان پەیوەندیان بەیەکەوە هەبێت. بێوار ئه‌مین، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی که‌مپی شه‌هید رۆسته‌م جودی ئه‌و ده‌ڵێت «ئێستا خه‌ڵکی که‌مپ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌و ترسناکدایه‌، ئه‌ردۆغان رۆژانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌کات‌ و به‌ڕاستی خه‌ڵکی که‌مپه‌که‌ گومانی زۆریان هه‌یه‌و ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ که‌هێرشی تورکیا به‌رده‌وام بێت». هەروەها وتی «جگه‌ له‌وه‌ ئێمه‌ ده‌زانین که‌ ده‌وڵه‌تی تورک هه‌ماهه‌نگی زۆر گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ داعش هه‌یه‌ و ئێستاش له‌ڕۆژهه‌ڵاتی که‌مپه‌که‌و له‌چیای قه‌ره‌چوغ ژماره‌یه‌کی زۆری چه‌کداری داعش هه‌یه‌، له‌چه‌ند رۆژی رابردوو داعش له‌ناوچه‌ی مه‌خمور جموجۆڵی زیاتر بووه‌، ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌و دوو بابه‌ته‌ گرێدراون پێکه‌وه‌«. هەفتەی رابردوو چوار کەس لەبۆردومانی هێرشی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر شه‌هید ڕۆسته‌م جودی لە مەخمور گیانیان لەدەستدا کەهەموویان ژنن و یەکێکیشیان منداڵێکی کچە. که‌مپی شه‌هید رۆسته‌م جودی له‌ساڵی 1994 دروستکراوه‌و ئه‌و خێزانه‌ کوردانه‌ی باکووری کوردستان له‌خۆده‌گرێت که‌ له‌سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی په‌که‌که‌و تورکیا ئاواره‌ی باشووری کوردستان بوون و له‌ئێستادا ژماره‌ی دانیشتووانه‌که‌ی نزیکه‌ی ١٢ هەزار و ٥٠٠ کەسن. نزیکه‌ی 70%ی ئه‌وانەش ژن و منداڵن و ته‌واوی خێزانه‌کانی ناو که‌مپه‌که‌ش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقه‌وه‌ وه‌ک په‌نابه‌ر تۆمارکراون. به‌وته‌ی به‌رپرسانی که‌مپه‌که‌ له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی که‌مپی ناوبراوه‌وه‌ تاکو ساڵی 2014 رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان سه‌رپه‌رشتی که‌مپه‌که‌ی کردووه‌و له‌دوای رووداوه‌کانی داعشه‌وه‌ رێکخراوی ناوبراو ئۆفیسی خۆی له‌که‌مپه‌که‌ کشاندووه‌ته‌وه‌و ته‌نها له‌دوره‌وه‌ و له‌ڕێی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ چاودێری دۆخی که‌مپه‌که‌ ده‌کات. بێوار ئه‌مین، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی که‌مپی ناوبراو، به‌‌هاوڵاتی وت «ئێمه‌ له‌که‌مپی ناوبراو جۆرێک له‌سیسته‌می خۆسه‌ریی و شاره‌وانیمان هه‌یه‌و به‌یارمه‌تی خه‌ڵک خزمه‌تی که‌مپه‌که‌ ده‌که‌ین». دوای هێرشەکانی داعش لەهاوینی ٢٠١٤ بۆ سەر مەخمور، دانیشتوانی کەمپی شەهید رۆشتەم کەوتنە بەردەم بەترسی پەلاماردانی رێکخراوەکەو ناچاربوون ژن و منداڵه‌کانیان له‌شار ببه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌و کۆمه‌ڵێک گه‌نج هێزێکی پاراستنی جه‌وهه‌رییان دروستکرد. بێوار ئه‌مین وتی «ئێستاش هێزه‌ عێراقییه‌کان و هێزی پێشمه‌رگه‌ش له‌ناوچه‌که‌ هه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ 2014وه‌ تائه‌مڕۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی پاراستوه‌ هێزی گه‌ریلایه‌، ئێمه‌ که‌ تائێستا رووبه‌ڕووی کوشتارو هێرشی گه‌وره‌ نه‌بووینه‌ته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و هێزه‌وه‌یه‌«. ئه‌ندامه‌که‌ی کۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی که‌مپی شه‌هید رۆسته‌م جودی نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی که‌حکومه‌تی هه‌رێم و حکومه‌تی عێراق نه‌یانتوانیوه‌ رێگری له‌هێرشه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر که‌مپه‌که‌ بکه‌ن. لای خۆیه‌وه‌ رێبوار که‌ریم، ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ئه‌وان داوایان له‌حکومه‌تی عێراق کردووه‌ که‌گفتوگۆ له‌گه‌ڵ وڵاتانی تر بکات بۆ پاراستنی سه‌روه‌ری خاکی عێراق، ئه‌و ده‌ڵێت «ئێمه‌ له‌کوردستان و عێراق پێویستمان به‌وڵاتانی دراوسێیه‌و ئاسایشمان پێکه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌« رێبوار که‌ریم بە ‌هاوڵاتی وت «ئێمه‌ به‌فه‌رمی داوامان له‌حکومه‌تی عێراق کردووه‌ که‌ هه‌موو هه‌نگاوێک بنێت بۆ پاراستنی سه‌روه‌ری خاکی عێراق، جگه‌ له‌وه‌ش چه‌ند رێککه‌وتننامه‌یه‌کی دووقوڵی و په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ن له‌نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ بۆ رێزگرتن و له‌خاک و سه‌روه‌ری هه‌ر یه‌کێک له‌م ده‌وڵه‌تانه‌«. وتیشی» به‌ڵام ئه‌و رێککه‌وتننامانه‌ پێویستیان به‌جێبه‌جێکردن هه‌یه‌و ئێمه‌ له‌په‌رله‌مان ئامانجمانه‌ که‌ په‌یوه‌ندی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ په‌یوه‌ندییه‌کی دۆستانه‌ بێت». ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌مانگی 12ی ساڵی رابردوو فڕۆکه‌یەکی نه‌ناسراو هێرشی کرده‌ سه‌ر که‌مپه‌که‌و بەهۆیەوە ژماره‌یه‌ک هاوڵاتی کوژران و برینداربوون و هەروەها دوای ساڵێک و لە 13ی ئه‌م مانگه‌شدا فڕۆکه‌ تورکییه‌کان چه‌ند شوێنێکی که‌مپه‌که‌یان بۆردومان کرد چوار کەس کوژران کە ژن و منداڵن. دوای ئەو رووداوە هێزه‌ عێراقییه‌کان سه‌ردانی که‌مپه‌که‌یان کردووه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌ڕووداوه‌که‌ کردو رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانیش له‌ڕێی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ له‌هه‌واڵی خه‌ڵکه‌که‌یان پرسیوه‌و زانیارییان له‌سه‌ر دۆخه‌که‌ وه‌رگرتووه‌. بێوار وتی «بۆردومانکردنی شوێنی جیاجیا له‌که‌مپه‌که‌ له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌خوازن داعش هێرش بکاته‌ سه‌ر که‌مپه‌که‌و له‌و رێیه‌شه‌وه‌ ئاسانکاری بۆ جموجۆڵی داعش بکه‌ن، بۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌ به‌مه‌ترسی ده‌زانین، له‌مه‌خمور ترسێکی ئه‌منی له‌ڕووی داعشه‌وه‌ هه‌یه‌«. مه‌ترسییه‌کانی دانیشتوانی مەخمور له‌هێرشی داعش پێشینه‌ی هه‌یه‌و پێشتر له‌ساڵی رابردوودا داعش هێرشی کردووه‌ته‌ سه‌ر که‌مپی ناوبراو و دوو هاووڵاتی که‌مپه‌که‌ی کوشتوه‌.

‌هاوڵاتی، سەروەر خەلیل سەدان خیزانی کوردی بێ پشت و پەنای پارێزگاری کەرکوک لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە رووبەڕووی هەڕەشەی نوێ دەبنەوە، ئەوەش دوای بریارە یەکلەدوای یەکەکانی بەرپرسانی ئیدارەی کەرکوک بە هێنانی عەرەب هاوشێوەی ساڵانی سەردەمی حوکمی سەدام حوسێن. ماوەی چەند هەفتەیەکە داوا لە سەدان خیزانی کوردو تورکمان دەکرێت زەویە کشتوکاڵیەکانیان جۆڵ بکەن بۆ خێزانی عەرەبی دووبارە هاوردە کراو. بەڵام بەلای ئەوانەوە جێگەی سەرسوڕمانە عەرەبە هاوردەکراوەکانیش تۆمارێکی تری موڵکداریی ئەو زەویانەیان هەیە کە لەسەردەمی سەدام حسێندایە. بەڵام عەرەبە هاوردەکانی سەردەمی سەدام لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە گەڕێنرانەوە ناوچەکانی خۆیان لە پارێزگاکانی تری عێراق و زەوی و زارەکانیش درانەوەوە بەو کوردو تورکمانانەی کە پیشتر لییان زەوت کرابوون. ئەوەش لە چوارچێوەی مادەی 140ی دەستوری هەمیشەیی عیراق کە تایبەتە بەناوچە جێناکۆکەکان بریارە بەسێ قۆناغ جێبەجێبکرێت. قۆناغەکانی مادەکە بریتین لە (ئاساییکردنەوە، سەرژمێریی، راپرسی لەسەر ئایندەی شارەکە)، بەڵام لە رابردوودا تەنها پرۆسەی قۆناغی ئاساییکردنەوە ئەنجامدراو دوو قۆناغەکەی تر راوەستێنران، بەڵام ئەو هەوڵانەی کە پاریزگاری کەرکوک لە ئیستادا دەیاندات گەڕاندەوەی قۆناغی یەکەمی مادەکەیە بۆ پێش پەسەندکردنی دەستووری عێراق لە ٢٠٠٥. به‌هۆی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ ته‌عریبکردنه‌وه‌ی ناوچه‌کانیان و لێسه‌ندنه‌وه‌ی زه‌وی و زاره‌کانیان ده‌درێت، رۆژی 4ی ئه‌م مانگه‌ جوتیارانی کورد و تورکمان له‌به‌رده‌م بینای پارێزگای که‌رکوک خۆپیشاندانێکی ناڕه‌زایه‌تییان ئه‌نجامدا، به‌ڵام خۆپیشاندانه‌که‌ ئه‌نجامێکی ئه‌وتۆی نه‌بوو و نه‌توانرا له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی پارێزگاکه‌ بگه‌نه‌ رێککه‌وتن. نه‌جات کوردێکی دانیشتووی قه‌زای داقوقی سه‌ر به‌ که‌رکوکه‌، به‌ هۆی بڕیاره‌کانی ئیداره‌ی که‌رکوکه‌وه‌ ترسی کە دەستدانی زەویە کشتوکانیەکانی هەیە لە بدرێت بە عەرەبی هاوردە، ئەوانەی کە دوای ساڵی ٢٠٠٣ گەڕینرانەوە شوێنی خۆیان لە پارێزگاکانی تری عێراق کە پێشتر سەدام لە کەرکوک نیشتەجێی کردبوون بۆ کەمکردنەوەی کورد لە شارەکە. ئەوەش لە چوارچیوەی سیاسەتی راگواستن و بە عەرەبکردنی شارەکە. نه‌جات وتی «رۆژانه‌ رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌و هێرشی عه‌ره‌بی هاورده‌ ده‌بینه‌وه‌، ئێمه‌ی جوتیارانی کوردی گونده‌کانی داقوق خه‌ڵکی ره‌سه‌نی ناوچه‌که‌و خاوه‌نی زه‌وییه‌ کشتوکاڵییه‌کانین، به‌ڵام ئێستا عه‌ره‌به‌کان ده‌ستیان ده‌ڕوات و ده‌یانه‌وێت زه‌وییه‌کانمان لێ بستێننه‌وه‌«. وتیشی «پارێزگارو به‌رپرسانی کشتوکاڵی له‌که‌رکوک و هێزه‌ ئه‌منییه‌کانیش پاڵپشتی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت زۆر جاریش به‌بڕیاری دادگاوه‌ هه‌ڵده‌کوتنه‌ سه‌رمان». له‌ساڵانی حه‌فتاو و هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوو رژێمی به‌عس گونده‌ کوردنشین و تورکماننشینه‌کانی سنووری که‌رکوکی خاپوورکرد و دانیشتووانه‌که‌ی ده‌ربه‌ده‌رکرد و ده‌ستی به‌سه‌ر زه‌وی و زاری هاوڵاتیانی کوردو تورکماندا گرت و دواتر به‌سه‌ر ئه‌و خێزانه‌ عه‌ره‌بانه‌دا دابه‌شی کرد که‌ له‌ناوچه‌کانی باشوورو ناوه‌ڕاستی عێراقه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی پڕۆسه‌ی ته‌عریبدا هاورده‌ی شاره‌که‌ی کردبوون. کاکه‌ ره‌ش سدیق، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک و به‌رپرسی ئۆفیسی که‌رکوکی لیژنه‌ی جێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140، ئه‌و جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ زۆرینه‌ی خێزانه‌ عه‌ره‌به‌ هاورده‌کانی پێشتر هاتبوونه‌ که‌رکوک قه‌ره‌بوویان وه‌رگرت و گه‌ڕانه‌وه‌ شوێنی خۆیان. کاکه‌ ره‌ش بە ‌هاوڵاتی وت «حزبه‌ کوردییه‌کان و لیستی برایه‌تی که‌رکوک هه‌وڵێکی ئه‌وتۆیان نه‌داوه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و پرسه‌، ئه‌و هه‌وڵانه‌شی  که‌ ده‌درێن له‌لایه‌ن ئۆفیسی که‌رکوکی لیژنه‌ی جێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140 به‌ئه‌نجام گه‌یه‌نراون». به‌ڵام ئازاد ره‌شید، به‌رپرسی کۆمیته‌ی یه‌کێتییه‌ له‌قه‌زای داقوق ده‌ڵێت «ئێمه‌ به‌رده‌وام له‌هه‌وڵداین، به‌ڵام ئه‌وان به‌شیعه‌و سوننه‌و تورکمانه‌وه‌ هاوڕان که‌ عه‌ره‌ب بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌که‌، ئه‌مه‌ شتێکه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی نییه‌و بابه‌تێکی هه‌رێمایه‌تییه‌«. وتیشی» من له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی لیوای پۆلیسی ئیتیحادی په‌یوه‌ندییه‌کی به‌هێزم هه‌یه‌، چه‌ندجار پێمانوتوون که‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ئاژاوه‌و پشێوی دروست ده‌که‌ن به‌ڵام ئه‌وان به‌ڵێنت پێده‌ده‌ن که‌ رێگه‌ به‌هاتنه‌وه‌ی عه‌ره‌ب ناده‌ن، به‌ڵام دواتر خۆیان ده‌یانبه‌ن، ئه‌وان به‌رنامه‌ی خۆیان جێبه‌جێده‌که‌ن و گوێ له‌که‌س ناگرن» ئه‌گه‌رچی ئامارێکی وردی له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ سه‌باره‌ت به‌ژماره‌ی ئه‌و خێزانه‌ عه‌ره‌بانه‌ی له‌دوای 16ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ که‌رکوک، به‌ڵام ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات که‌ «له‌گوندی یارمجه‌ 50 خێزان و له‌ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری قه‌زای دووبز 80 بۆ 90 خێزان به‌هاوکاری ئیداره‌ی پارێزگا و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ که‌رکوک» ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ کە 13ی ئەم مانگە ئیداره‌ی که‌رکوک نزیکه‌ی 100 خێزانی تری گه‌ڕانده‌وه‌ گونده‌کانی سنووری قه‌زای داقوق، ئەوەش ناڕەزایەتی لیکەوتەوەو جوتیارانی کورد و تورکمان سەرەتای ئەم مانگە له‌به‌رده‌م بینای پارێزگای که‌رکوک خۆپیشاندانێکی ناڕه‌زایه‌تییان ئه‌نجامدا. مه‌ردان رەحمان سه‌رۆکی لقی که‌رکوکی یه‌کێتی جوتیاران، جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ ئه‌وان دوای خۆپیشاندانه‌که‌یان له‌گه‌ڵ پارێزگاری که‌رکوک کۆبوونه‌ته‌وه‌و پێیان ڕاگه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌و کارانه‌ی که‌ ده‌یکات بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی عه‌ره‌بی هاورده‌ «قبوڵکراو نین و ئاژاوه‌و پشێوی کۆمه‌ڵایه‌تی لێده‌که‌وێته‌وه‌«. دوای نارەزایەتیەکان، ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق له‌ 9/12/2018 له‌به‌رژه‌وه‌ندی کوردو تورکمان بڕیاڕێکى ده‌رکردوه‌و ئاڕاسته‌ی سه‌رۆکایه‌تی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی که‌رکوکی کردووه‌و جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی بڕیاره‌کانی لیژنه‌ی مادده‌ی 140 کردووه‌ته‌وه‌ تایبه‌ت به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی عه‌ره‌بە هاورده‌کان. هه‌وڵه‌کان به‌وه‌ نه‌وه‌ستاون، لەچەند رۆژی رابردووشدا بڕیاردرا به‌دروستکردنی لیژنه‌یه‌کی هاوبه‌ش بۆ تاوتوێکردنی پرسی نوێکردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌ کشتوکاڵییه‌کانی عه‌ره‌بی هاورده‌کراو. ئه‌وه‌ش له‌ئه‌نجامی کۆبوونه‌وه‌یه‌ک هات که‌ ئه‌نجامدرا له‌ نێوان ئه‌میر کینانی راوێژکاری سه‌رۆک کۆمارو تۆرهان موفتی راوێژکاری سه‌رۆک وه‌زیران بۆ کاروباری پارێزگاکان و راکان جبوری پارێزگاری که‌رکوک و کاکه‌ڕه‌ش سدیق به‌رپرسی نوسینگه‌ی که‌رکوکی مادده‌ی 140 و محه‌مه‌د وه‌یس به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی له‌یلان. به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی له‌یلان، به‌ڕه‌گه‌ز تورکمانه‌و له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌سه‌ر سکاڵایه‌کی عه‌ره‌به‌ هاورده‌کان له‌لایه‌ن دادگای که‌رکوکه‌وه‌ ده‌ستگیرکرا و دواتر به‌که‌فاله‌ت ئازادکرا، ئه‌و جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ تائێستا چه‌ندین هه‌وڵدراوه‌ عه‌ره‌به‌ هاورده‌کان بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ سنووری ناحیه‌که‌ به‌ڵام ئه‌و رێگر بووه‌. محه‌مه‌د وەیس، به‌ هاوڵاتى وت «تائێستا چه‌ندین هه‌وڵدراون بۆ نوێکردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی کشتوکاڵیی عه‌ره‌به‌ هاورده‌کان به‌ڵام ئێمه‌ دژی ئه‌و هه‌وڵانه‌ وه‌ستاوینه‌ته‌وه‌ و رێگر بووین و ئێمه‌ش به‌یاسا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌تە ده‌که‌ین و ئه‌وانیش سکاڵامان له‌سه‌ر تۆمار ده‌که‌ن، به‌ڵام تائێستا ته‌نها دۆنمێک زه‌ویش نەدراوە بە عه‌ره‌بی هاورده‌«. ئەوەی کیشەکەی قوڵتر کردۆتەوە ئەوەیە کە خیزانە کورد و عه‌ره‌بەکانیش تۆماری موڵکداریی زه‌وییه‌ کشتوکاڵییه‌کانیان هه‌یه‌. لویس فه‌ندی، به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌به‌و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی ره‌شاده‌، له‌دوای 16ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ به‌وه‌کاله‌ت پۆستی قائیمقامی قه‌زای داقوقیش به‌ڕێوه‌ ده‌بات، بۆچونیشی وایه‌ که‌ ئه‌و خێزانانه‌ی تائێستا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ن و له‌دوای رووداوه‌کانی داعشه‌وه‌ له‌شوێنه‌کانی خۆیان ده‌رکراون و کێشه‌که‌ به‌ «سیاسی» ده‌زانێت. لویس بە ‌هاوڵاتی وت «له‌ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ کێشه‌ له‌نێوان ئه‌و خێزانه‌ عه‌ره‌بانه‌و هاووڵاتیانی کورد نییه‌، چونکه‌ پێشتر پێکه‌وه‌ ژیاون، به‌ڵام له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ کێشه‌ دروست ده‌بێت».   کورد ماده‌ى 140 وه‌کو نه‌خشه‌ڕێگا سه‌یرده‌کات بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى ئه‌و ناوچانه‌.  جه‌مال شکور، په‌رله‌مانتاری یه‌کێتی له‌په‌رله‌مانی به‌غدا به‌‌هاوڵاتی وت «به‌پێی ئه‌و مادده‌یە ئه‌و خێزانه‌ عه‌ره‌بانه‌ نابێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌و شوێنانه‌«. نیگه‌ڕانیشی ده‌ربڕی له‌ کاره‌کانى راکان سه‌عید پارێزگاری که‌رکوک به‌ وه‌کاله‌ت، وتى «ئه‌وه‌ی پارێزگاری که‌رکوک ده‌یکات کۆمه‌ڵێک کاری نایاسایی و ناده‌ستوورین، ئێمه‌ گه‌یاندوومانه‌ته‌ هه‌ر سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی عێراق و وه‌زاره‌ته‌کانی داد و کشتوکاڵ و هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان». وتیشی «به‌هۆیه‌شه‌وه‌ له‌هه‌فته‌ی رابردوودا پارێزگاری که‌رکوک بانگ کراوه‌و پێی راگه‌یه‌ندراوه‌ که‌ ئه‌و کارانه‌ رابگرێت ئه‌گه‌رنا سکاڵای یاسایی له‌دژی تۆمار ده‌که‌ین». راکان سه‌عید، پارێزگارى که‌رکوک به‌وه‌کاله‌ت کە دوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لە لایەن بەغداوە بە پارێزگار دانراوە، کۆتایی مانگی رابردوو بڕیارده‌دا به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى 81 خێزانى عه‌ره‌ب بۆ گوندى شه‌ناغه‌ له‌ قه‌زاى دوبز، ئه‌وه‌ش ناکۆکى له‌ نێوان خه‌ڵکى گونده‌که‌ ‌و ئه‌و خێزانه‌ عه‌ره‌به‌ هاوردانە دروستکرد. گونده‌کانى سنورى پاریزگای که‌رکوک له‌ ساڵانی حه‌فتاکانی سەدەی رابردوو به‌ر شاڵاوى راگواستن که‌وتن، حکومه‌تى عێراق به‌پێى بڕیاره‌کانى ئه‌نجومه‌نى باڵاى شۆڕش و لیژنه‌ى کاروبارى باکور زه‌وییه‌کانى به‌سه‌ر خێزانه‌ عه‌ره‌به‌کاندا دابه‌شکرد.

یاد قوربانی بەرپرسێکی باڵای مافی مرۆڤ لەڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان داوادەکات دەستبەجێ پشکنینی ڕاستەوخۆ بۆ ناوچەی چینجیانگی وڵاتی چین بکرێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت کەچەندین ڕاپۆرت بڵاوبونەتەوە لەسەر چەند کەمپێکی زۆرەملێ کەکراونەتەوەو کەمینە موسڵمانەکان (بەتایبەتی ئۆیغورەکان)ی ئەو وڵاتەی تیادا نیشتەجێکراون، بەپێی دەنگۆکان موسڵمانە ئۆیغورەکان دوو ملیۆن کەس دەبن لەکەمپەکانداو زۆریان لێدەکرێت کە بیروباوەڕەکانیان بگۆڕن.  ئۆیغورەکان کەمەنەتەوەیەکی چینن، ژمارەیان ١١ بۆ ١٥ ملیۆن کەس دەبێت لەو وڵاتەو ئاینیان ئیسلامی سوننەیە، زۆربەیان لەڕۆژئاوای چین نیشتەجێن. داواکاریەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان لەلایەن (میشێل باچلێت)، بەرپرسی باڵای مافەکانی مرۆڤ لەنەتەوەیەکگرتوەکان، دەرچوەو ئەمەش لەکاتێکدایە کەخراپ مامەڵەکردنی موسڵمانەکان لەو کەمپانە دەنگدانەوەیەکی جیهانی داوەتەوە. بەپێی دەنگۆکان بەرپرسانی چین هەڵمەتێکی «دووبارە پەروەردەکردنەوە»یان لەوڵاتەکەیاندا دەستپێکردوەو بەم مەبەستە کەمینە نەتەوەییە موسڵمانەکانیان لەچەند کەمپێک داناوە و بەپێی وتەی بەرپرسانی چین موسڵمانەکان لەسەر «یەکێتی نەتەوەیی چین» پەروەردە دەکرێنەوەو ئەم هەڵمەتەیان وەک «ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرو فیکری توندڕەوی» ناوبردوە، هاوکات ئەوانەی لەکەمپەکاندان بەزۆرەملێ دەبێت پروپاگەندەی کۆمۆنستیی کۆماری گەلی چین بخوێنن. تامانگی پێشووی ئەمساڵ حکومەتی چین بەفەرمی ڕەتیدەکردەوە ئەو کامپانە بوونیان هەبێت. بەڵام لەگەڵ بڵاوبونەوەی چەندین ڕاپۆرت و وەرگرتنی وتە لەو موسڵمانانەی کە لەکەمپەکان بوون، دەرکەوتوە کەکەمپەکان بوونیان هەیە و هەر لەو کەمپانە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لەئارادایە.  بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (ئیندیپێندەنت)ی بەریتانی، بڕیارەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ بەدواداچوون و دەستتێوەردان لەو دۆخەی لەکەمپەکان دەگوزەرێت هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کەژنێکی ئۆیغوریی موسڵمان ڕایگەیاند کە لەکەمپەکاندا ئەشکەنجە دراوەو دەستدرێژی کراوەتە سەر.  میهریگول تولسون، ژنە ئۆیغوریەکە، لەواشنتۆن بەڕۆژنامەنوسانی وت کە بۆ چوار ڕۆژ لەسەریەک بێ نوستن لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە، سەری تاشراوەو کارەبای لێدراوە دوای ئەوەی بۆ دووەم جار لەساڵی ٢٠١٧دا ڕاپێچی کەمپەکان کراوە. بەرپرسانی چین ئەم هەڵمەتەی دەستیانپێکردوە بەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو فیکری توندڕەوی دادەنێن، ئەوان سەرەڕای «دووبارە پەروەردەکردنەوە»ی موسڵمانان لەم کەمپانەدا، خەڵکی خۆیان دەنێرنە ماڵی ئۆیغوریەکانەوەو لەگەڵ خێزانەکاندا دەژین تابزانن هیچ کردەوەیەکی «دژە نەتەوەیی» و «ئیسلامی» ئەنجامدەدەن یاخود نا.  (شۆهرات زاکیر)، کەبەرپرسێکی باڵای حکومەتی چینە، بەئاژانسی هەواڵی (چینهوا)ی سەر بەحکومەتی چین دەڵێت «حکومەتی چین شەڕی تیرۆرو فیکری توندڕەوی دەکات بەپێی ڕێساکانی نەتەوەیەکگرتوەکان، ئەو فێرخوازانەی نێو کەمپەکانیش دوای ڕاهێنان دەتوانن بیبینن هەڵەکانیان چی بوەو زیانەکانی تیرۆرو فیکری توندڕەو چیە». بەڕێوەبەری (پڕۆژەی مافی مرۆڤی ئۆیغورەکان)، نوری تورکێل، بەڕۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی ڕاگەیاندوە کەئەمەی لە چین ڕوودەدات بەرانبەر بەنەتەوەکەی پاکتاوی کلتورییە، ئەو دەڵێت: «ئەوەی مێژووی خوێندبێتەوە دەزانێت کەکاتێک حکومەتێک یاخود سەرۆکێکی دیکتاتۆر فیکرێکی لەم جۆرە بەسەر نەتەوەیەکدا دەسەپێنێت بەچی کۆتاییدێت. ڕەنگە ئۆیغورەکان لەداهاتوودا کۆمەڵکوژ بکرێن، ئەوان لەئێستادا وەک لوویەکی شێرپەنجە دەڕواننە نەتەوەکەی ئێمەو دەیانەوێت نەمانهێڵن».

سه‌روه‌ر محه‌مه‌د به‌شێک لەکاندیده‌کانى ره‌وتى حیکمه‌ى  عه‌مار حه‌کیم له‌پارێزگاى سلێمانى ره‌خنه‌ى  ئه‌وه‌ له‌ ڕه‌وته‌که‌ ده‌گرن،  تائێستا پاره‌ى چاودێرى سه‌ر سندوقه‌کانى  رۆژى ده‌نگدانى هه‌ڵبژاردنه‌کانى 12ى ئایارى ئه‌مساڵى په‌رله‌مانى عێراقیان بۆ خه‌رجنه‌کراوه‌. ئه‌و کاندیدانه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ له‌سه‌ر ئه‌رکى خۆیان چاودێریان بۆ سه‌ر سندوقه‌کان دابینکردووه‌، به‌ڵام ره‌وتى حیکمه‌ پاره‌که‌یان بۆ خه‌رجنه‌کردوونه‌ته‌وه‌و  رایده‌گه‌یه‌نن دواى هه‌ڵبژاردنه‌کان پشتگوێخراون. ئه‌وکاندیانه‌ ئه‌وه‌ش ده‌ڵێن  کاتى هه‌ڵبژاردن پێیان وتوون، هه‌ر کاندیدێک ده‌توانێت، 30 چاودێر بۆ سه‌ر سندوقه‌کانى هه‌ڵبژاردن دابنێت و پاره‌که‌یان بۆ خه‌رجده‌کرێت، به‌ڵام له‌ ئێستا ئه‌و پاره‌یه‌ خه‌رجنه‌کراوه‌. رێگه‌پێدراوى ره‌وتى حیکمه‌ش له‌ پارێزگاى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و پاره‌یه‌ى له‌ به‌غداوه‌ له‌لایه‌ن ره‌وته‌که‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌ستى بۆ چاودێری سه‌ر سندوقه‌کان، خه‌رجیانکردووه‌. شۆڕش ئه‌حمه‌د، کاندیدى ره‌وتى حیکمه‌ له‌ کوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنى  په‌رله‌مانى عێراق له‌ 12ى ئایارى ئه‌مساڵ، که‌ له‌ئێستادا ده‌ستى له‌ کار کێشاوه‌ته‌وه‌، به‌ ‌هاوڵاتیوت «له‌ کۆی 38 چاودێر پاره‌ی 18 چاودێریان پێداوم ، ده‌بوو بۆ هه‌ر چاودێرێک 50 هه‌زار دینار بدرێت ، به‌ڵام 40 هه‌زار دیناریان پێدام ئه‌و 40 هه‌زاره‌شم له‌ناچاری وه‌رگرتوه‌« وتیشى « ئه‌وه‌ی سه‌ر  به‌ خۆیان بووبێت و نزیک بێت لێیانه‌وه‌ پاره‌یان وه‌رگرتوه‌ « ئه‌و کاندیده‌ ده‌ستله‌کارکێشاوه‌یه‌ وتیشى « قسه‌م له‌گه‌ڵ  ئه‌میندارى گشتى ره‌وتى حیکمه‌دا کردوه‌ بۆ ئه‌م گرفته‌، له‌وەڵامدا ده‌ڵێت ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌مان نیه‌ و نایده‌ین، به‌هۆى پێنه‌دانى ئه‌و پاره‌یه‌ش به‌ چاودێره‌کان من  تووشى لۆمه‌و گله‌یى بو‌مه‌ته‌وه‌ و ناوم زڕێنراوه‌« یه‌کێکى تر له‌ کاندیده‌کان دواى ئه‌وه‌ى لێدوانى بۆ ‌هاوڵاتیدا به‌ناوى خۆیه‌وه‌، دواتر په‌یوه‌ندی به‌ هاوڵاتیه‌وه‌ کرده‌وه‌و وتى که‌ ئه‌وه‌ رای سه‌رجه‌م کاندیده‌کانى ره‌وتى حیکمه‌یه‌ له‌ سلێمانى. هه‌روه‌ها وتى  «ئه‌وان ته‌نها بۆ کاتی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگه‌کان له‌گه‌ڵمان بوون و دواتر پشت گوێ خراین ، چه‌ند که‌سێکیان هه‌ڵبژارد له‌گه‌ڵیان بمێننه‌وه‌ و موچه‌یان بۆ بڕینه‌وه‌«  سه‌باره‌ت به‌چاودێرى سه‌ر سندوقه‌کانى رۆژى ده‌نگدان ، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ ره‌وتى حیکمه‌ پێیانوتووه‌ خۆیان پاره‌ی چاودێره‌کان دابین ده‌که‌ن و له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ پاره‌ دابین ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌و قسه‌یه‌ وا نه‌بوه‌. وتیشى « به‌هۆی پێنه‌دانی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌وه‌، خۆم له‌سه‌ر گیرفانی خۆم پاره‌م به‌چه‌ند چاودێرێک داوه‌«. سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ى چاودێره‌کانیش بۆ هه‌ر کاندیدێک وتى «کاندید هه‌یه‌ 500 چاودێری هه‌یه‌ و وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ کاندید هه‌یه‌ هیچ چاودێرێکی نیه‌«. ڕه‌وتی حیکمه‌، حزبێکی عێراقیه‌ و عه‌مار حه‌کیم که‌سایه‌تی دیاری شیعه‌کانی عێراق ڕابه‌رایه‌تی ده‌کات، ئه‌و ڕه‌وته‌ بۆ یه‌که‌مجار له‌هه‌رێمی کوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی عێراق  له‌ 12ى ئایارى ئه‌مساڵ له‌شاری سلێمانی به‌ 13 کاندیده‌وه‌ به‌شداری کرد و له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى کوردستان هیچ کورسییه‌کى به‌ده‌ستنه‌هێنا.  له‌ مانگى یه‌کى ئه‌مساڵ، بۆ یه‌که‌مجار نوسینگه‌ى تایبه‌تى خۆى له‌ شارى سلێمانى کرده‌وه‌،  د.سەڵاح ئەلعەرباوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی رەوتی حیکمە، ئه‌وکات رایگه‌یاند  «ئامانجمان لە کردنەوەی نووسینگە لە کوردستان خزمەتکردنی گەلی کوردستان و کەمکردنەوەی مەوداکان و پڕکردنەوەی بۆشاییەکانە لەنێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستاندا». جەختیشی کردەوە کە دەبێت پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئاسایی بکرێنەوە و کێشەکان چارەسەربکرێن. له‌باره‌ى گله‌یى و ره‌خنه‌کانى کاندیده‌ کورده‌کانى ره‌وتى حیکه‌ له‌باره‌ى خه‌رجنه‌کردنى پاره‌ی چاوێره‌کانى سه‌رسندوقه‌کانى ده‌نگدانى 12ى ئایارى ئه‌مساڵى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق، ئه‌مینداری گشتی ڕه‌وتی حکمه‌ ره‌تیده‌کاته‌وه‌ پاره‌که‌یان خه‌رجنه‌کردبێت. سه‌ید حه‌سه‌ن عه‌مار  ئه‌مینداری گشتی ڕه‌وتی حیکمه‌ له‌لێدوانێکى تایبه‌تدا به‌  ‌هاوڵاتیراگه‌یاند «ئێمه‌ پاره‌ی ته‌واوی ئه‌و چاودێرانه‌مان داوه‌ که‌ له‌ ڕێکخستنه‌کانماندا هه‌بوون که‌ده‌کاته‌ نزیکی 250 چاودێر، ئه‌و چاودێرانه‌ی تاوه‌کو ئێستا پاره‌یان وه‌رنه‌گرتوه‌ سه‌ر به‌کاندیده‌کانن و له‌سه‌ر حسابی خۆیان هێناویانه‌«. سه‌باره‌ت به‌وەی که‌ جیاوازییه‌کی زۆر کراوه‌ له‌نێوان کاندیده‌کان له‌ڕووی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی ته‌رخان ده‌کرێت بۆ بانگه‌شه‌کردنی کاندیده‌کان، وتى « به‌شێک له‌کاندیده‌کان ئه‌رکی هه‌ڵواسینی پۆسته‌ره‌کانیان خستۆته‌ ئه‌ستۆی خۆیان، ئێمه‌ش ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌مان له‌کۆمپانیای دابه‌شکاری پۆسته‌ره‌کانه‌وه‌ گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ کاندیده‌کان خۆیان». له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى هه‌ندێک له‌ کاندیده‌کان گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ ده‌ڵێن پیشه‌ی دووه‌ممان له‌ده‌ست داوه‌ و پشتیان لێکردوین، پێشمه‌رگه‌یه‌ک به‌هۆی به‌شداریکردنی له‌ڕیزه‌کانى ره‌وتى حیکمه‌ له‌ کاره‌که‌ى دووخراوه‌ته‌وه‌. ئه‌مینداری گشتی ڕه‌وتی حیکمه‌ وتى « ئێمه‌ پشتمان له‌کاندیده‌کانی خۆمان نه‌کردووه‌، پێشتر پێمان گوتون ئه‌گه‌ر هه‌رکه‌سێکتان سه‌ر به‌هه‌ر حزب و لایه‌نێکن به‌شدار مه‌بن له‌گه‌ڵماندا». زانا محه‌مه‌د زاهیر، رێگه‌ پێدراوى  ره‌وتى حیکمه‌ له‌کۆمسیۆنی سلێمانی به‌ ‌هاوڵاتیوت «به‌وه‌ تاوانبار کراوم ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی ده‌درێـت به‌چاودێرانی سه‌ر سندوقه‌کان لای من بێت و من نه‌یده‌م ، به‌ڵام ئه‌وه‌ راست نییه‌«. وتیشى « به‌ منیان وتووه‌ به‌پێی ڕێژه‌ی ئه‌و  سندوقانه‌ى له‌ سلێمانیدا هه‌ن  ئه‌وه‌نده‌ چاودێر دابنێن، منیش 503 چاودێرم داناوه‌ بۆ هه‌ر چاودێرێک بڕی 50 هه‌زاریان بۆ دابینکرا». سه‌باره‌ت به‌ که‌مى بڕى پاره‌ى چاودێره‌کان  وتیشى «ده‌بوو له‌ به‌غداوه‌ 23 ملیۆن دینار بنێردرێت ، به‌ڵام 12 ملیۆن و نیو نێردرا، له‌به‌رئه‌وه‌ پاره‌که‌ که‌ مبوو».

‌هاوڵاتی، لۆڤە محەمەد پۆلیسی دارستانی پارێزگای سلێمانی سەدان کەس دەستگیردەکات کە سەرپێچیان ئەنجامداوە بەرامبەر بە دارستان و ژینگەی پارێزگاکە، ئەمەش دوای ئەوەی لە سەرەتای پایزی ئەمساڵەوە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنیەوە داربڕین رووی لە زیادبوون کرد. ئەگەرچی حکومەت بڕینەوەی داری قەدەغەکردووە، بەڵام بەهۆی کەمی کارەباو سووتەمەنیەوە هەندێک لە هاوڵاتیان روویان لە برینەوەی دار کردوە، بۆ خۆگەرمکردنەوەی سەرماو سۆلەی زستان. بە پێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی دارستان و ژینگەی سلێمانی ٢٥٠ هاوڵاتی دەستگیرکراون بەهۆی سەرپێچی جۆراوجۆر هەر لە ڕووی ڕاوکردنی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان و زیادەڕەوییەکان و سوتاندنی دارستانەکان و دروستکردنی خەڵوز و داربڕینەوە، کە ٣٥ کەسیان بەهۆی داربڕینەوەی دارستانەکانەوە بووە و ڕۆژانە ئامارەکەش لە هەڵکشاندایە. عەمید هێمن کەمەرخان، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بۆ ‌هاوڵاتی وتی «٣٥ کەس بە تاوانی بڕینەوەی داری دارستانەکان دەستگیرکراون». بە پێی یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٠٨ و یاسای ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠١٢ سزای ئەو کەسانە دەدرێن کە سەرپێچی دەکەن، ئەگەر کەسێک دار ببڕێتەوە غەرامە دەکرێت بە بڕی لە ١٠٠ هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە ٢٠٠ ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، هەندێک جار زیندانیکردنیشی تێدایە. هێمن کەمەرخان وتیشی «لە پێنجوێنەوە هەتا چەمچەماڵ دار بڕاوەتەوە لەلایەن هاوڵاتیانەوە و ناتوانرێت ڕێژەکەی بزانرێت کە چەند دۆنم یان چەند داری دارستانەکان بڕاونەتەوە، چونکە ڕۆژانە ئەم کارە بەردەوامە».  لەگەڵ ئەوەی یاسا سزای ئەوانە دەدات کە دار دەبڕنەوە، بەلام ئەو گوندنشینانەی کە دوورن و ناوچەکەیان ساردە و نەوتیان بەسەردا دابەشنەکراوە بە پێی یاسای ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠١٢ دەتوانن سود لە داری دارستانەکان وەرگرن، بەتایبەت لە لق و پۆپی دارەکان و ئەو دارانەی کە وشکبوون. وتەبێژەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی وتی «ئەوەش لەژێر چاودێری کارمەندانی بەڕێوبەرایەتی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەبێت، خۆشبەختانە گوندنشینان بەشێوەیەکی یاسایی ئەمە دەکەن و زیان بە ژینگە و دارستانەکانی سلێمانی ناگەیەنن، ئەو کەسانەی کە دارەکان بە شێوەیەکی نایاسایی دەبڕنەوە بە مشاری کارەبایی و دارەکان لە بنەوە دەبڕنەوە ڕیژەیان کەمە و لە پەنجەی دەست تێناپەڕێت». سەبارەت بە هۆکاری بڕینەوەی داری دارستانەکان، کەمەرخان، وتی «ئەو دارانەی کە دەبڕێنەوە بۆ چەند مەبەستێک بەکار دەهێنرێت، یان بۆ خۆگەرم کردنەوە لە زستاندا، یان بەکارهێنانێتی وەک خەڵوز، یان بۆ دروستکردنی کەلوپەل لە دار، یان بۆ چێشتلێنان و هەندێکجاریش وەک سەرکێشی و سەرپێچی کەسەکان دار دەبڕنەوە». هەروەها وتی «جێگەی داخە کە هەر دارێک کە دەڕوێنرێت چەندین ساڵی پێدەچێت تاوەکو گەورە دەبێت، بەڵام کەسانێک لەپێناو بازرگانیکردن بە دارەکانەوە دێن و دەیبڕنەوە بۆ دروستکردنی خەڵوز، تاوەکو گیرفانی خۆیانی پێپڕبکەن».

‌هاوڵاتی قاره‌مان که‌مال جێگرى سه‌رۆکى ئه‌رکانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت، جێبه‌جێکردنى خاڵى په‌یوه‌ست به‌یه‌کگرتنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ له‌ پڕۆژه‌ چاکسازییه‌که‌ى وه‌زاره‌ته‌که‌دا ئاسان نییه‌ و هاوپه‌یمانانیش هاوکارییه‌کانیان نه‌به‌ستووه‌ته‌وه‌ به‌ جێبه‌جێکردنى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌وه‌ چونکه‌ «ئیراده‌ى چاکسازى هه‌یه‌«. ساڵى ڕابردوو وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌ هاوکارى هاوپه‌یمانان پڕۆژه‌یه‌کى 35 خاڵى بۆ ئه‌نجامدانى چاکسازى له‌ناو وه‌زاره‌ت و هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌دا ڕاگه‌یاند، به‌ڵام تا ئێستا پڕۆژه‌که‌ به‌ته‌واوى جێبه‌جێنه‌کراوه‌. لیوا قاره‌مان که‌مال جێگرى سه‌رۆکى ئه‌رکانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتی باس له‌وه‌ده‌کات، جێبه‌جێکردنى به‌شى زۆرى خاڵه‌کانى پڕۆژه‌ چاکسازییه‌که‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رکه‌ پێویستى به‌ بودجه‌ هه‌یه‌ و پێویسته‌ حکومه‌ت بودجه‌یان بۆ دابین بکات. لیوا قاره‌مان وتى «پێنج خاڵى یه‌که‌مى پڕۆژه‌ چاکسازییه‌که‌ ئاماده‌کراوه‌ و گه‌ڵاڵه‌کراوه‌، به‌ڵام ئه‌و خاڵانه‌ سه‌رجه‌میان پێویستیان به‌ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار هه‌یه‌، بۆ نمونه‌ به‌ ئه‌لیکترۆنیکردنى موچه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ وه‌زاره‌تى داراییه‌وه‌«. وتیشى «پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان هاوکامان بن بۆ جێبه‌جێکردنى پڕۆژه‌که‌، هه‌ندێکجار پێویستیمان به‌ بڕیارى سه‌رۆکى حکومه‌ته‌، خاڵه‌ته‌کانى پڕۆژه‌که‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌وه‌ که‌ڵاڵه‌ده‌کرێن و ده‌خرێنه‌ به‌رده‌م حکومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ى جێبه‌جێ بکرێن». لیوا قاره‌مان باسى له‌وه‌کرد، ئه‌و پێنج خاڵه‌ى گه‌ڵاڵه‌کراون بۆ ئه‌وه‌ى جێبه‌جێبکرێن، لیژنه‌یان بۆ دروستکراوه‌ و ئاماده‌کراون بۆ ئه‌وه‌ى جێبه‌جێبکرێن. بۆ جێبه‌جێکردنى پڕۆژه‌ چاکسازییه‌که‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ فه‌رمانگه‌یه‌کى نوێی له‌ناو وه‌زاره‌ته‌که‌ به‌ناوى فه‌رمانگه‌ى چاکسازى دروستکردووه‌ که‌ سه‌رقاڵى کارکردنن بۆ چۆنیه‌تى جێبه‌جێکردنى پڕۆژه‌که‌. یه‌کێک له‌ خاڵه‌کانى پڕۆژه‌ چاکسازییه‌که‌ تایبه‌ته‌ به‌ یه‌کگرتنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و دروستکردنى سوپایه‌کى مۆدێرن و یه‌کگرتوو، له‌کاتێکدا هێشتا هێزه‌کانى 70ى یه‌کێتى و 80ى پارتى یه‌کیان نه‌گرتووه‌ته‌وه‌. لیوا قاره‌مان باسى له‌وه‌کرد، به‌پێی پڕۆژه‌که‌ ده‌بێت هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ى له‌ده‌ره‌وه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ن بخرێنه‌وه‌ سه‌ر وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ «جێبه‌جێکردنى ئه‌م خاڵه‌ کارێکى ئاسان نییه‌، میکانیزمێکى باشى ده‌وێت، پێویستى به‌ کۆمه‌ڵێک پێداویستى و دابینکردنى بودجه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌م هێزانه‌، چونکه‌ سه‌رله‌نوێ ده‌بێت رێکبخرێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ ئاسانى جێبه‌جێ نابێت و واده‌ى بۆ دانراوه‌«. به‌پێی ئه‌و 35 خاڵه‌ى دانراوه‌، هه‌ندێ خاڵ هه‌یه‌ جێبه‌جێکردنى ئاسانه‌ و له‌ماوه‌ى ساڵێکدا جێبه‌جێ ده‌کرێن، هه‌ندێکى دیکه‌ هه‌یه‌ له‌ماوه‌ى زیاتر له‌ ساڵێکدا، هه‌ندێکى دیکه‌ى هه‌یه‌ پێنج ساڵى پێویسته‌. لیوا قاره‌مان رونیکرده‌وه‌، هه‌ندێ خاڵ هه‌یه‌ ره‌نگه‌ نه‌توانرێت جێبه‌جێبکرێت، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندیان بو دابینکردنى بودجه‌ هه‌یه‌، تا ئه‌وکاته‌ى بارودۆخى دارایی باش ده‌بێته‌وه‌ «ئومێده‌وارم ساڵى داهاتوو بارودۆخى دارایی باش بێت و بتوانرێت پڕۆژه‌ چاکسازییه‌که‌ به‌ باشى جێبه‌جێ بکرێت». تا ئێستا چه‌ند جارێک هه‌وڵدراوه‌ بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام ته‌نها 14 لیوا یه‌کیان گرتووه‌ته‌وه‌ و هێزه‌کانى سه‌ر به‌ پارتى و یه‌کێتى که‌ زۆرینه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ پێکده‌هێنن له‌ده‌ره‌وه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ماونه‌ته‌وه‌. لیوا قاره‌مان ده‌ڵێت «یه‌کگرتنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ پێویستی‌ به‌ ئیراده‌یه‌کى حزبی هه‌یه‌، هێزه‌کانى 70 و 80 رێنماییه‌کانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ جێبه‌جێ ده‌که‌ن، به‌تایبه‌تى له‌رووى ئیدارییه‌وه‌، به‌ڵام له‌رووه‌کانى دیکه‌ و په‌یوه‌ندى ڕاسته‌وخۆوه‌، ئه‌و هێزانه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌وه‌ نییه‌، ده‌بێت پارتى و یه‌کێتى هاوکارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و حکومه‌تى هه‌رێم بن بۆ یەکگرتنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌«. ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ که‌ ساڵانێکى زۆره‌ ئه‌زمونى کارکردنى هه‌یه‌ له‌ناو وه‌زاره‌ته‌که‌دا باسى له‌وه‌کرد، ناتوانێت هیچ واده‌یه‌ک دیارى بکات بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ى ته‌واوه‌تى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ پێویستى به‌ کۆمه‌ڵێک میکانیزم هه‌یه‌ و باسکردنه‌ له‌ دوو هێزى گه‌وره‌ نه‌ک دوو فه‌وج که‌ به‌ ئاسانى بتوانیت تێکه‌ڵى بکه‌یت و شوێنیان بۆ دیارى بکه‌یت. لیوا قاره‌مان وتى «ئێمه‌ له‌ وه‌زاره‌تیش باره‌گاکانمان که‌موکورتى هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و هێزانه‌ش شوێنه‌کانیان وه‌کو پێویست نییه‌، بۆ نمونه‌ باره‌گایه‌کى فەوج توانایه‌کى دیاریکراوى هه‌یه‌ بۆ له‌خۆ گرتنى پێشمه‌رگه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ بودجه‌ ده‌کرێت و یه‌کێکه‌ له‌ خاڵه‌ گرنگه‌کان که‌ به‌ربه‌سته‌ له‌به‌رده‌م پڕۆژه‌ چاکسازییه‌که‌ و یه‌کگرتنه‌وه‌ى هێزه‌کاندا و له‌داهاتوودا ئه‌گه‌ر بودجه‌ نه‌بێت پڕۆژه‌که‌ ده‌وه‌ستێت». له‌باره‌ى ژماره‌ى هێزه‌کانى 70 و 80 ه‌وه‌ لیوا قاره‌مان وتى که‌ ئه‌وان هیچ ژماره‌یەکیان له‌لا نییه‌، چونکه‌ ئه‌و هێزانه‌ بودجه‌ و هه‌موو شتێکى دیکه‌یان جیاوازه‌. هه‌روه‌ها وتى «ئێستا وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌ لیوا هاوبه‌شه‌کانى و هه‌موو دام و ده‌زگاکانییه‌وه‌، زیاتره‌ له‌ 42 بۆ 45 هه‌زار که‌سن، به‌ لیوا تایبه‌ته‌کانیشه‌وه‌ وه‌کو شه‌به‌ک و کاکه‌یی و ئێزیدییه‌کانیشه‌وه‌«. هێزه‌کانى هاوپه‌یمانان که‌ له‌شه‌ڕى دژى داعشدا هاوکاریی هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌یان کرد، ماوه‌ى زیاتر له‌ ساڵێکه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ کارده‌که‌ن بۆ جێبه‌جێکردنى پڕۆژه‌ چاکسازییه‌که‌. لیوا قاره‌مان که‌مال وتى «ئه‌وه‌ى ئێمه‌ که‌ گوێمان له‌ هاوپه‌یمانان بووه‌، هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ى پێشتر هاوکارى پێشمه‌رگه‌یان کردووه‌، بۆ خۆشیان چه‌ندین ساڵیان ویستووه‌ بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ى هێزه‌کانیان، ئه‌وان لایان روونه‌ یه‌کخستنه‌وه‌ى ئه‌و هێزانه ‌هه‌روا به‌ ئاسانى نابێت». له‌باره‌ى به‌رده‌وامى هاوکارییه‌کانى هاوپه‌یمانان بۆ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌، وتیشى «تا ئێستا هێزه‌کانى هاوپه‌یمانان هاوکاریکردنى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌یان نه‌به‌ستووه‌ته‌وه‌ به‌ یه‌کگرتنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌وه‌، چونکه‌ ئیراده‌که‌ هه‌یه‌ له‌ وه‌زاره‌ت و کاتى خۆى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم بڕیاریداو سه‌رۆکى حکومه‌ت و جێگره‌که‌ى کاریان له‌سه‌ر کردووه‌، له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه‌ مه‌شقکراوه‌ به‌ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و ڕۆژانه‌ له‌ ڕێگه‌ى راوێژکاره‌کانییه‌وه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ى چاکسازى له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ کارده‌که‌ن. هه‌روه‌ها وتى «ئیراده‌یه‌کى به‌هێز هه‌یه‌ بۆ چاکسازى هه‌م له‌ناو وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، هه‌م له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه‌ که‌ کارده‌که‌ن له‌گه‌ڵ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ بۆ جێبه‌جێکردنى پڕۆژه‌ 35 خاڵییه‌که‌«. ماوەی دوو ساڵە وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوکاری هاوپەیمانان سەرقاڵی جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی ٣٥ خاڵییە بۆ وەزارەتەکە و بەڕێوەبەرایەتییەکیشی بەناوی بەڕێوبەرایەتی چاکسازی لەناو وەزارەت بۆ دامەزراندووە. کارەکانى یەکگرتنەوەى وەزارەتى پێشمەرگە لەکاتێکدایە، تا ئێستا سەرجەم پۆستەکانى وەزارەتەکە و ئەو ١٤ لیوایەى یەکیانگرتووەتەوە، لە نێوان پارتى و یەکێتیدا دابەشکراون، لە زۆربەى ڕووداوەکانیشدا ئەو لیوا هاوبەشانە ڕووبەڕووى مەترسی هەڵوەشاندنەوە بوونەتەوە، بەتایبەتى لە ڕووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەرى ٢٠١٧دا، کاتێک پێشمەرگە لە ناوچە جێناکۆکەکان کشایەوە و سوپاى عێراق جارێکى تر ئەو ناوچانەى  کۆنتڕۆڵکردەوە.

هاوڵاتی كۆمپانیای دیلۆیت کە تایبەتە بە وردبینی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان، چوارەمین راپۆرتی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە بڕی هەناردەکراوی نەوتی هەریم لەرێگەی بۆرییەوە و لەماوەی سێ مانگی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ زیاتر بووە لە 28.٥ ملیۆن بەرمیی رۆژانە کۆی گشتی داهاتەکەشی بریتی بووە مانگانە نزیەکی ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بووە. سایتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ راپۆرتی چوارەمی وردبینی دیلۆیتی بلاوکردەوە کە تایبەتە بە داتا و زانیاریی نوێ دەربارەی هەناردەكردن، بەكاربردن و خەرجی و داهاتەكانی نەوت لە 1ی نیسانی 2018 تاوەکو 30ی حوزەیرانی 2018.