هاوڵاتی سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو عێراق مه‌راسیمی چله‌ی ئیمام حسێن که‌سایه‌تى پیرۆزى شیعه‌کان ده‌گێڕێت و به‌هۆیه‌وه دامه‌زاروه فه‌رمییه‌کانی ده‌وڵه‌ت له‌پشووی فه‌رمیدا ده‌بن، به‌و هۆیه‌شه‌وه راگه‌یاندنی پێکهێنانی حکومه‌تی نوێی عێراق پێشده‌خرێت، له‌کاتێکدا سه‌رجه‌م کاندیده وه‌زاریه‌کان یه‌کلایی نه‌کراونه‌ته‌وه. ئه‌گه‌رچی رێکه‌وتی 3\11\2018 دوایین واده‌یه بۆ راده‌ستکردنی ناوی وه‌زیره‌کانی کابینه‌ی داهاتووی عێراق، به‌ڵام بڕیاره ئەمڕۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی راسپێردراو ناوی کاندیده‌کانی بۆ پڕکردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌کانی حکومه‌ته‌که‌ی راده‌ستی په‌رله‌مان بکات بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ریان. خالید ئه‌سه‌دی سه‌رکرده له‌هاوپه‌یمانی بونیادنانی شیعه‌کان کهنوری مالیکی و هادی عامری سه‌رکردایه‌تی ده‌که‌ن، جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که به‌هۆی مه‌راسیمی چله‌ی ئیمام حسێنه‌وه پێویسته به‌ر له‌کۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه یاخود سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو ناوی وه‌زیره‌کان پێشکه‌ش به‌په‌رله‌مان بکرێن. هه‌رچه‌نده له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا چه‌ند سیناریۆیه‌کی جیاواز له‌باره‌ی دابه‌شکردنی وه‌زاره‌ته‌کان بڵاوکرانه‌وه، به‌ڵام زوو نوسینگه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌و سیناریۆیانه‌ی ره‌تکرده‌وه. خالید ئه‌سه‌دیش دووپاتیده‌کاته‌وه «که‌تائێستا به‌شێوه‌ی کۆتایی ئه‌وه‌ی ئاشکرا نه‌کردووه که پێکهاته‌و نه‌خشه‌ی حکومه‌ته‌که‌ی چۆن ده‌بێت، ئێمه‌ش ئه‌و مافه‌ی پێده‌ده‌ین که ورده‌کارییه‌کان ئاشکرا نه‌کات، به‌ڵام پێویسته له‌کۆتا رۆژه‌کانی به‌ر له‌راگه‌یاندنی کابینه‌که‌ی کوتله سیاسییه‌کانی ناو په‌رله‌مان له‌سروشتی پێکهاته‌ی حکومه‌ته‌که‌ی ئاگادار بکاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌بێت هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و پێکهاته‌یه بکه‌ن». به‌وته‌ی به‌رپرسانی شیعه کابینه وه‌زارییه‌که‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی هاوشێوه‌ی کابینه‌که‌ی پێش خۆی له 22 وه‌زاره‌ت پێکدێت، که کوتله شیعییه‌کان 12 وه‌زاره‌ت و کوتله سوننیه‌کان شه‌ش وه‌زاره‌ت و کوتله کوردییه‌کان چوار وه‌زاره‌ت و وه‌زاره‌تێکیش بۆ که‌مایه‌تییه‌کان دیاریکراوه که به‌ئه‌گه‌ری زۆره‌وه پێکهاته‌ی مه‌سیحی ئه‌و وه‌زاره‌ته وه‌رده‌گرێت. ئه‌مه له‌کاتێکدایه که‌وا بڕیاره عادل عه‌بدولمه‌هدی هیچ گۆڕانکارییه‌ک له‌ژماره‌و جۆری وه‌زاره‌ته‌کان نه‌کات و هاوشێوه‌ی کابینه‌که‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، کابینه‌که‌ی عه‌بدولمه‌هدیش له 22 وه‌زاره‌ت پێکدێت، هاوڵاتییه‌ک له‌زاری چه‌ند که‌سایه‌تییه‌کی سیاسی ئاگاداره‌وه به‌وه‌ی زانیوه که دابه‌شکردنی وه‌زاره‌ته سیادییه‌کان له‌نێوان پێکهاته‌کان یه‌کلایی کراوه‌ته‌وه‌و وه‌زاره‌ته‌کانی تریش بڕیاره تا کۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه یه‌کلایی بکرێنه‌وه. له‌نێو وه‌زاره‌ته سیادییه‌کاندا، هه‌ریه‌ک له‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، ناوخۆ و نه‌وت بۆ شیعه، وه‌زاره‌تی دارایی بۆ کورد و وه‌زاره‌تی به‌رگری و پلاندانان بۆ سوننه‌کان دانراون، جیا له‌وه‌ی هه‌ریه‌ک له‌وه‌زاره‌ته‌کانی داد و کۆچ و کۆچبه‌ران بۆ کورد دیاریکراون و له‌و نێوه‌نده‌شدا هه‌ریه‌ک له‌یه‌کێتی و پارتی کاندیدیان بۆ سێ وه‌زاره‌ته‌که پێشکه‌ش کردووه، به‌جۆرێک وه‌زاره‌تی دارایی و کۆچ و کۆچبه‌ران بۆ پارتی و وه‌زاره‌تی دادیش بۆ یه‌کێتی. کاوه محه‌مه‌د په‌رله‌مانتاری گۆڕان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق که له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا به‌ئه‌ندامێتی وه‌فدێکی بزوتنه‌وه‌که له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی کۆبووه‌ته‌وه جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که عادل عه‌بدولمه‌هدی پێیڕاگه‌یاندون که له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی داهاتوودا کابینه‌که‌ی ئاماده ده‌کات و پێشکه‌شی په‌رله‌مانی ده‌کات چونکه وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێت «عادل عه‌بدولمه‌هدی نایه‌وێت گوشاری کاتی له‌سه‌ر بێت بۆیه پێشوه‌خت کابینه‌که‌ی ئاماده ده‌کات». ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد که عه‌بدولمه‌هدی وتوویه‌تى ئه‌گه‌ر بێت‌و له‌چه‌ند رۆژی داهاتوو له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه کوردییانه نه‌گاته رێککه‌وتن ئه‌وه وه‌زاره‌ته‌کانی کورد به‌به‌تاڵی ده‌هێڵێته‌وه یاخود به‌و شێوه‌یه‌ی خۆی به‌باشی ده‌زانێت یه‌کلایی ده‌کاته‌وه. له‌باره‌ی به‌شداریکردنی گۆڕانیشه‌وه کاوه محه‌مه‌د وتى «جارێ قسه له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌کراوه، ئێستا قسه‌مان له‌سه‌ر پێگه‌ی کورد‌و رۆڵی ئێمه‌یه له‌ناو حکومه‌تی عێراق، له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی ته‌رکیزمان له‌سه‌ر به‌رنامه‌که‌ی کرد‌و پێمانوت که بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌که‌ین که رۆڵی هه‌بێت له‌چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوان کورد و به‌غدا». هه‌ریه‌ک له‌خالید شوانی و سمکۆ ئەسعەد که راوێژکاری مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتییه کاندیدی ئه‌و حزبه‌ن بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی داد و ڤیان ده‌خیل، ئه‌ندامی خولی پێشووی په‌رله‌مانی عێراقیش کاندیدی پارتییه بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی کۆچ و کۆچبه‌ران، هه‌روه‌ها د.فوئاد حسێنیش بۆ پۆستى وه‌زیری دارایی. جوان ئیحسان سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کێتی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به هاوڵاتی وت «له‌و سێ وه‌زاره‌ته دوو وه‌زاره‌تیان به‌ر پارتی و وه‌زاره‌تێکیشی به‌ر یه‌کێتی ده‌که‌وێت، که وه‌زاره‌ته‌که‌ی یه‌کێتی وه‌زاره‌تی داده‌و ئێمه‌ش دوو کاندیدمان بۆ ئه‌و پۆسته پێشکه‌ش کردووه که یه‌کێکیان کاک خالید شوانی و ئه‌ویتریان کاک سمکۆی راوێژکاری مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتییه بۆ کاروباری یاسایی». به‌هۆی که‌می ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی به‌ر کورد ده‌که‌ون لایه‌نه کوردییه‌کانی تر له‌پۆسته وه‌زارییه‌کان بێبه‌ش ده‌بن و هیچ پۆستێکی وه‌زارییان به‌رناکه‌وێت، سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کێتی به‌دووری نازانێت ئه‌و حزبانه له‌پۆسته‌کانی تر پشکیان به‌ربکه‌وێت. سه‌لیم شوشکه‌یی په‌رله‌مانتاری کۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که «کورد 29 خاڵی هه‌یه‌و یه‌کێتی به‌به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سه‌رۆک کۆمار 15 خاڵی بردووه، پارتیش به‌هۆی پۆستی جێگری دووه‌می سه‌رۆکی په‌رله‌مانه‌وه 9 خاڵی بردووه، که‌چی ئێستا داوای زۆربه‌ی پۆسته‌کانی تریش ده‌که‌ن». ئه‌و ده‌ڵێت «به‌ڕای من ده‌بوو ئه‌و دوو لایه‌نه حیساب بۆ لایه‌نه‌کانی تری وه‌کو کۆمه‌ڵ و گۆڕان و یه‌کگرتوو بکه‌ن، چونکه ئه‌و 29 خاڵه بۆ هه‌موو لایه‌نه کوردییه‌کانه نه‌ک ته‌نها بۆ پارتی و یه‌کێتی». شوشکه‌یی ده‌ڵێت «ئێمه تاکو ئێستا نیه‌تی به‌شداریکردنمان له‌حکومه‌ت هه‌یه به‌ڵام له‌به‌ر که‌میی کورسییه‌کانمان وه‌زیرمان به‌رناکه‌وێت، ئاماده‌ین که حکومه‌تی عێراق هه‌ر پۆستێکی تر له‌خوار وه‌زیر به‌ئێمه بسپێرێت و بتوانین خزمه‌تی خه‌ڵکی عێراق و هه‌رێمی کوردستانی پێ بکه‌ین، ئه‌گه‌ر پۆستیشمان پێنه‌درێت ئێمه له‌به‌ر ئه‌و دۆخه‌ی عێراق تێیدایه‌و له‌به‌ر رێککه‌وتنی هه‌موو لایه‌نه‌کان له‌سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی ئێمه بڕیارمان داوه ده‌نگ به‌کابینه‌که‌ی بده‌ین». ده‌شڵێت «پێیانوتووین که ئێوه پۆستی سه‌رۆکی ده‌سته یاخود بریکاری وه‌زیرتان به‌رده‌که‌وێت به‌ڵام تاکو کابینه‌که رانهگهیەندرێت ده‌سته‌و بریکاری وه‌زیره‌کانمان پێ‌نادرێت، چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین تاکو ده‌نگ له‌سه‌ر کابینه‌که ده‌درێت و من پێموایه ئه‌وکات کۆمه‌ڵی ئیسلامیش ئیستیحقاقی خۆی وه‌رده‌گرێت چونکه ئێمه خاڵ و نیوێکمان هه‌یه، به‌و پێیه‌ش ده‌توانین هه‌م بریکاری وه‌زیریش بگرین». ئه‌گه‌رچی باس له‌وه‌ده‌کرێت که‌ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه که‌پارتی و یه‌کێتی له‌سه‌ره‌تادا بایکۆتی کابینه‌که‌ی عه‌بدولمه‌هدی بکه‌ن و ئه‌ویش وه‌زاره‌ته‌کانی کورد به‌چۆڵی بهێڵێته‌وه، به‌ڵام جوان ئه‌وه به‌دوور ده‌زانێت و دووپاتیده‌کاته‌وه که «ئێمه رامانگه‌یاندووه که پشتیوانی عادل عهبدولمههدین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌سێکه میسداقییهتێکی سیاسی هه‌یه و قبوڵکراوهو که‌سێکه ده‌توانێت ئه‌و ئه‌مانه‌ته بگرێته ده‌ست، بۆیه تهسەور ناکه‌م ئه‌و ئه‌گه‌ره رووبدات». هه‌رچه‌نده پێشتر وا چاوه‌ڕوان ده‌کرا که کابینه‌که‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی دوور بێت لهدابهشکاریی تائیفی به‌ڵام ئاماژه‌کان بۆ ئه‌وه ده‌چن که له‌دابه‌شکردنی وه‌زاره‌ته‌کان پشت به‌حزب و لایه‌نه سیاسیه‌کان به‌ستراوه و عه‌بدولمه‌هدیش نه‌یتوانیوه کۆتی ئه‌و دابه‌شکارییه بشکێنێت. له‌ئێستادا کێشه له‌سه‌ر پۆستی جێگری سه‌رۆک وه‌زیران هه‌یه و زۆرێک له‌لایه‌نه‌کان داوای ئه‌و پۆسته ده‌که‌ن، به‌ڵام محه‌مه‌د سهیهودی، په‌رله‌مانتاری شیعه له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پێیوایه که «عادل عه‌بدولمه‌هدی په‌نا بۆ ئه‌وه ده‌بات که یه‌کێک له‌وه‌زیره‌کان له‌هه‌مان کاتدا جێگری سه‌رۆک وه‌زیران بێت، ئه‌وه‌ش بۆ دوورکه‌وتنه‌وه لهئیحراجی». هاوپه‌یمانی میحوه‌ر که گه‌وره‌ترین قه‌واره‌ی په‌رله‌مانیی سوننه‌یه‌و خۆی به‌نوێنه‌رانی ته‌واوی پارێزگا سوننیه‌کان ده‌زانێت، جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که هاوپه‌یمانی میحوه‌ر شه‌ش وه‌زاره‌تی به‌رده‌که‌وێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئێمه کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تی به‌ڕێزو تهکنۆقراتمان بۆ ئه‌و پۆستانه ده‌ستنیشان کردووه، که به‌شێکی زۆریان روخساری نوێ و گه‌نجن. له‌یس دلێمی وته‌بێژی میحوه‌ر ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی بۆ هاوپه‌یمانێتیه‌که‌یان یه‌کلایی کراونه‌ته‌وه بریتین له‌وه‌زاره‌ته‌کانی به‌رگری و په‌روه‌رده‌و کشتوکاڵن، ده‌ڵێت «ژماره‌ی وهزراتهکانمان جێگیر بوون، به‌شێک له وه‌زاره‌ته‌کانیش یه‌کلایی بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه به‌شێک له‌وه‌زاره‌ته‌کان گۆڕانکارییان به‌سه‌ردا بێت و له‌نێوان میحوه‌ر و کورد یاخود لایه‌نه‌کانی تر ئاڵ‌وگۆڕیان پێوه بکرێت». ئه‌مه له‌کاتێکدایه نه‌وه‌ی نوێ به‌فه‌رمی خۆی وه‌ک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن راگه‌یاندووه‌و ره‌تیده‌کاته‌وه هیچ پۆستێکی حکومی له‌کابینه‌که‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌ربگرێت. سه‌رکه‌وت شهمسەدین، سه‌رۆکی فراکسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌په‌رله‌مانی عێراق جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که ئه‌وان «داوایان له‌لایه‌نه‌کانی تر کردووه که پێکه‌وه به‌ره‌یه‌کی به‌هێزی ئۆپۆزسیۆن له‌عێراقدا دروستبکه‌ین بۆ چاودێریکردنی حکومه‌ت و بردنه پێشه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی سیاسی و به‌هێزکردنی په‌رله‌مان له‌ڕووی چاودێریکردنی حکومه‌ته‌وه دوور له دابه‌شکاری نه‌ته‌وه‌یی و تائیفی». ده‌شڵێت «ئه‌وه هه‌ڵویستی ئێمه‌یه له‌سه‌ر حکومه‌ته‌که، ئیتر وه‌زاره‌ته‌کان چین و چی به‌کێ ئه‌درێت ئه‌وه به‌لای ئێمه‌وه گرنگ نییه‌و ئه‌و ورده‌کارییه په‌یوه‌ندی به‌و هێزانه‌وه هه‌یه که ده‌یانه‌وێت بچنه حکومه‌ته‌وه«. به‌وته‌ی سه‌رۆکی فراکسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ ئه‌وان توانیویانه تائێستا 20 – 30 په‌رله‌مانتار له‌ده‌وری خۆیان کۆکردووه‌ته‌وه بۆ بوون به ئۆپۆزسیۆن و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ش له‌ژماره‌یه‌ک کوتله‌و قه‌واره‌ی جیاوازن. فراکسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەران جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان پێیانوایە کە هێندەی گرنگی بە بەرنامەی کاری حکومەت دەدەن هێندە پۆستیان بەلاوە گرنگ نییە. ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنه‌که دەڵێت «پشکی کورد و پشکی پارتی پشت بەئیستیحقاقی هەڵبژاردن و ژمارەی خاڵەکان دەبەستێت، ئێمەش وەک هەندێک کەفائەتی خۆمان بۆ پۆستەکان دیاریکردووە» بەگرنگیشی دەزانێت کەهاوسەنگی هەبێت لەبەرنامەی حکومەتدا لەڕووی دۆسیە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکانەوە. وتیشی «دەکرێت ئێمە حکومەتێکی بەهێز لەعێراق دروستبکەین کەپێداویستییەکانی هاووڵاتیبوون لەعێراق و هەرێمی کوردستان دابین بکات و جۆرێک لەتەوافوق و هاوسەنگی و شەراکەتی راستەقینە لەنێوان هەموو پێکهاتەکان هەبێت». هاوکات جەماڵ کۆچەر، پەرلەمانتاری یەکگرتوو لەپەرلەمانی عێراق، جەخت لەوەدەکاتەوە کە ئەوان وەک یەکگرتوو هیچ پۆستێک نەخراوەتە بەردەستیان. نیگەرانە لەوەی شتێک نییە بەناوی گفتوگۆی کوردی لەگەڵ لایەنەکانی تر، بەوتەی ئەو «ئەوەی هەیە تەنها گفتوگۆی تاکلایەنەی لایەنە کوردییەکانەو ئەوەش بەکێشه دەزانێت».
هاوڵاتی پێکدادانه‌کانى پارتى کرێکارانى کوردستان و سوپاى تورکیا له‌باکورو ناوچه سنورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان چڕبووه‌ته‌وه و وته‌بێژى په‌که‌که ده‌ڵێت له‌ئێستادا هیچ ئه‌گه‌رێک نییه بۆ گفتوگۆ و ڕاگه‌یاندنى ئاگربه‌ستى تاکلایه‌نه، چونکه سوپاى تورکیا به هه‌موو هێزییه‌وه شه‌ڕى ڕاگه‌یاندووه‌و «پڕۆسه‌ى قڕکردنى کورد به‌ڕێوه‌ده‌بات». پێکدادانه‌کان له‌ساڵى 2015ه‌وه ده‌ستیان پێکردووه‌ته‌وه، دواى دوو ساڵ له‌ئارامى به‌هۆى پڕۆسه‌ى ئاشتیه‌وه که له‌نێوان تورکیا‌و عه‌بدوڵا ئۆجه‌لاندا به‌ڕێوه‌ده‌چوو، دواى وه‌ستانى گفتوگۆکان تورکیا ده‌ستیکرده‌وه به بۆردومانکردنى پێگه و باره‌گاکانى په‌که‌که و دۆخى سه‌ربازیشى له ناوچه‌کانى باکورى کوردستان ڕاگه‌یاندو سوپاشى ڕه‌وانه‌ى سنوره‌کانى هه‌رێمى کوردستان کرد. سه‌رحه‌د ڤارتۆ وته‌بێژى په‌که‌که له‌چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتی ڕایگه‌یاند، له باکور و باشورى کوردستان شه‌ڕی سه‌خت به‌رده‌وامه، تورکیا به‌رنامه‌ى داناوه بۆ قڕکردنى کورد، له‌باکور پارتى سیاسی کورد‌و کوردان له‌ناو ده‌به‌ن، ته‌نانه‌ت ده‌یانه‌وێت له‌م ڕێگه‌یه‌وه کاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانیه‌کانیش دروستبکه‌ن و ئه‌و سه‌رۆک شاره‌وانیانه‌ش له‌کورد بسه‌ننه‌وه که به‌ده‌ستیانه‌وه‌یه. هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌کانى تورکیا له‌چه‌ند مانگى داهاتوودا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆمارى تورکیا چه‌ند جارێک هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌یکردووه که‌ده‌یانه‌وێت له رێگه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌که‌وه ئه‌و قه‌یومانه به‌ته‌واوى بسه‌پێنن که له‌شوێنى شاره‌وانییه کورده‌کان له باکورى کوردستان دایانناوه. له‌دواى ده‌ستپێکردنى شه‌ڕه‌وه تورکیا ئۆپه‌راسیۆنى له‌دژى سیاسه‌تمه‌دارانى کورد و هه‌ده‌په ده‌ستپێکردووه‌و سهڕهاى ده‌ستگیرکردنى هه‌زاران که‌س، 102 سه‌رۆک شاره‌وانى کوردى له‌پۆسته‌کانیان دورخستووه‌ته‌وه و له‌جێگه‌ى ئه‌و قه‌یومییان له‌شوێنیان داناوه. سه‌رحه‌د ڤارتۆ ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، تورکیا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بوونى کورد قبوڵناکات و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش مامه‌ڵه ده‌کات، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له هه‌موو به‌ره‌یه‌که‌وه هێرشى ده‌ستپێکردووه‌و گه‌ریلاش به‌رگرى سه‌خت ده‌کات، هێرشى گه‌وره‌ى تورکیاش بۆ سه‌ر گه‌ریلایه و ئه‌مساڵ شه‌ڕێکى گه‌وره ڕوویدا که تا ئێستاش به‌رده‌وامه. هێرشه‌کانى تورکیا بۆ سه‌ر په‌که‌که له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه چڕتر بوونه‌ته‌وه، تورکیا هێزى وشکانى زیاترى ڕه‌وانه‌ى سنوره‌کانى هه‌رێمى کوردستان کرد به‌مه‌به‌ستى هێرشکردنه سه‌ر په‌که‌که و گه‌مارۆدانى قه‌ندیل پێگه‌ى سه‌ره‌کى په‌که‌که لهسێگۆشهى سنورى عێراق و تورکیا و ئێران، هاوکات فڕۆکه جه‌نگییه‌کانیش له ئاسمانه‌وه هێرشه‌کانیان بۆ سه‌ر قه‌ندیل چڕکردووه‌ته‌وه. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا تورکیا به قوڵایی 30 کیلۆمه‌تر خاکى هه‌رێمى کوردستانى به‌زاندووه‌و ژماره‌ى ئه‌و پێگه سهربازیانهشى زیادکردووه که له‌سه‌ر خاکى هه‌رێم دروستیکردوون. له‌به‌رانبه‌ر چڕکردنه‌وه‌ى هێرشه‌کانى تورکیا، په‌که‌که چه‌ند جارێک چالاکى له‌قوڵایی خاکى تورکیا ئه‌نجامداوه، که دواترینیان له 15ى ئه‌م مانگه‌دا بوو، کاتێک گه‌ریلاکانى په‌که‌که هێرشیان کرده سه‌ر بنکه‌یه‌کى سه‌ربازى تورکیا له ناوچه‌ى چه‌لێی جوله‌مێرگ، پێشتر و له هه‌فته‌ى ڕابردووش‌دا ژماره‌یه‌ک سه‌ربازى تورکیا له‌ئیزمیر لهچالاکییهکى په‌که‌که‌دا کوژران. وته‌بێژى په‌که‌که وتى «ئه‌گه‌ر شه‌ڕ به‌رده‌وام بێت و تورکیا به‌م شێوه‌یه بیه‌وێت هێرشه‌کانى فراوان بکات، گه‌ریلا مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه له هه‌موو شوێنێک له‌دژى تورکیا چالاکى بکات و ده‌توانین له هه‌موو کوردستان و تورکیا چالاکى بکه‌ین، هێزى تورکیا 40 ساڵه له خه‌بات به‌رده‌وامه و هیچ هێرشێک تێکى نه‌شکاندووه«. وتیشى «ئێمه 40 ساڵه شه‌ڕ ده‌که‌ین، گه‌ریلا له‌ده‌ریای سپی تا ده‌ریای ڕه‌ش بوونى هه‌یه، له هه‌موو شوێنێکى باکورى کوردستان بوونى هه‌یه، تا ئێستا گه‌ریلا هیچ سه‌نگه‌رێکى خۆى به‌رنه‌داوه، به‌ڵکو خه‌باتى گه‌وره‌تر بووه«. له‌گه‌ڵ چڕبوونه‌وه‌ى هێرشه‌کانى تورکیا بۆ سه‌ر په‌که‌که، تورکیا ئۆپه‌راسیۆنى ده‌ستگیرکردنى سیاسه‌تمه‌دار و به‌رپرسانى کوردى له باکورى کوردستان چڕکردووه‌ته‌وه، که ماوه‌ى نۆ ساڵه به‌رده‌وامه و به‌پێی میدیاکانى نزیک له‌په‌که‌که له‌ماوه‌ى هه‌فته‌ى ڕابردوودا 300 که‌س ده‌ستگیرکراون. سه‌رحه‌د ڤارتۆ جه‌ختده‌کاته‌وه، سه‌ره‌ڕاى فشاره‌کان، له‌ڕووى سیاسیشه‌وه جموجۆڵى دیموکراسی کورد له تورکیا گه‌وره‌تر بووه‌و پاشه‌کشه‌ى نه‌کردووه، گه‌لى کورد به‌رانبه‌ر هێرش و داگیرکه‌رى ڕاوه‌ستاوه، ره‌وشى تورکیا تێکچووه له ڕووى سیاسی و ئابورى و پهیوهندییهکانیى ده‌ره‌وه‌یه و ئه‌وه‌ش ئه‌نجامى تێکۆشانى گه‌ریلایه. له‌گه‌ڵ چڕبوونه‌وه‌ى شه‌ڕدا، سوپاى تورکیا به‌رده‌وام باس له‌وه ده‌کات گه هێزه‌کانیان پێشڕه‌ویان کردووه‌و ده‌ستیان به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ک ناوچه و پێگه‌دا گرتووه، که پێشتر به‌ده‌ست په‌که‌که‌وه بوون، به‌ڵام سه‌رحه‌د ڤارتۆ ده‌ڵێت «په‌که‌که شه‌ڕى گه‌ڕه‌ک و شوێنێکى دیاریکراو ناکات، په‌که‌که شه‌ڕی گه‌ریلایی ده‌کات، بۆ گه‌ریلاش پاراستنى پارچه و روبه‌رێک گرنگ نییه، به‌ڵکو له چوارچێوه‌یه‌کى گه‌وره‌تردا له‌دژى داگیرکه‌ر شه‌ڕده‌کات، گرتنى شوێنێک نه بۆ تورکیا سه‌رکه‌وتنه و نه بۆ گه‌ریلا شکسته، چونکه ئه‌وه مه‌نتیقى شه‌ڕی گه‌ریلا نییه«. په‌که‌که که‌ماوه‌ى نزیکه‌ى نیو سه‌ده‌یه شه‌ڕى چه‌کدارى له‌دژى تورکیا ڕاگه‌یاندووه، پێشتر چەند جارێک ئاگربه‌ستى تاکهلایهنهى ڕاگه‌یاندووه، به‌ڵام وه‌ک وته‌بێژى په‌که‌که ده‌ڵێت له ئێستادا هیچ ئه‌گه‌رێک نییه بۆ ڕاگه‌یاندنى ئاگربه‌ست، «چونکه ده‌وڵه‌تى تورک به هه‌موو هه‌وڵ و تێکۆشانى خۆى کورد‌و تێکۆشانى کوردى به ئامانج گرتووه، له‌به‌رانبه‌ریشدا گه‌ریلا به‌رده‌وامه له‌تێکۆشانى خۆى، ته‌نها رێگه‌ى چاره‌سه‌ریش ئه‌وه‌یه«. وتیشى «لهڕۆژهڤى ئێمه‌دا پرسی ئاگربه‌ست بوونى نییه‌و هیچ مه‌رج و شتێک له‌و باره‌یه‌وه له ئارادا نییه، له‌به‌رئه‌وه‌ى تورکیا به هه‌موو بوون و توانایه‌وه له دژى کورد وه‌ستاوه‌ته‌وه، ته‌نها گفتوگۆ که ئێستا له ئارادایه له‌سه‌ر به‌رده‌وامى و گه‌وره‌ترکردنى تێکۆشان، دوژمن به هه‌موو هێزى خۆیه‌وه هێرشى کردووه، ناکرێت ئێمه خه‌ریکى گفتوگۆ بین له‌سه‌ر ئاگربه‌ست». به‌رپرسانى تورکیا پێشتر چه‌ندین جار جه‌ختیان کردووه‌ته‌وه که ئامانجى هێرشه‌کانى ئه‌مجاره‌یان کۆنتڕۆڵکردنى قه‌ندیله، که به‌درێژایى مێژووى شه‌ڕو ململانێ خوێناوییه‌کانى په‌که‌که و تورکیا لهههشتاکانى سه‌ده‌ى رابردووه‌وه تائێستا، هه‌رگیز ئامانجێکى ئاسان نه‌بووه بۆ ئه‌نقه‌ره. له‌نێوان ساڵانى 1995 -1997 سوپاى توکیا سێ ئۆپه‌راسیۆنى گه‌وره‌ى بۆ کۆنتڕۆڵکردنى چیاى قه‌ندیل و وه‌ده‌رنانى په‌که‌که له‌و چیا سه‌خته ئه‌نجامدا، به‌ڵام سه‌رجه‌میان له‌لایه‌ن په‌که‌که‌وه تێکشکێنران. یه‌که‌م ئۆپراسیۆنیان به‌به‌شدارى زیاتر له 35 هه‌زار سه‌ربازى تورکیا له‌نێوان مانگى ئازار و ئایارى 1995 ئه‌نجامدرا، که هیچ ئه‌نجامێکى لێنه‌که‌وته‌وه. سوپاى تورکیا جارێکى تر‌و له‌نێوان ئایار و ته‌مموزى 1997 ئۆپه‌راسیۆنێکى دیکه‌ى سه‌ربازى بۆ سه‌ر قه‌ندیل ئه‌نجامدا، به‌به‌شداریى نزیکه‌ى 30 هه‌زار سه‌رباز، به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ ئه‌نجامێکى لێبکه‌وێته‌وه. له‌هه‌مان ساڵدا و له‌نێوان ئه‌یلول و تشرینى یه‌که‌مداو به‌به‌شداریى هه‌زاران سه‌رباز سوپاى تورکیا ده‌ستى به ئۆپه‌راسیۆنێکى سه‌ربازى کرد بۆ سه‌ر قه‌ندیل، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ئامانجه‌که‌ى خۆى نه‌پێکا.
سازدانى: ئارا ئیبراهیم بڕیارده‌رى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێم ئه‌وه ئاشکرا ده‌کات که راپۆرتى سکاڵاکان و سندوقى قردێله‌ى سور ئاماده کراوه‌و هێشتا ئه‌نجومه‌نى کۆمسیۆن بڕیارى له‌سه‌ر نه‌داوه، ده‌شڵێت:" سه‌د هه‌زار ده‌نگى ساخته‌ش بسوتێندرێت هێشتا که‌مه". ئیسماعیل خورماڵى، بڕیارده‌رى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ سایتى هاوڵاتى جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه که گۆڕانکارى له ده‌نگ و ژماره‌ى کورسى لایه‌نه‌کاندا رووده‌دات. هاوڵاتى: گه‌شتن به چى له‌سه‌ر 227 سندوقى قردێله‌ى سورى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان؟ ئیسماعیل خورماڵى: ئه‌و 227 سندوقه‌ى قردێله‌ى سور بووه، کراوه‌ته راپۆرت و هێشتا ئه‌نجومه‌نى کۆمسیاران بریارى له‌سه‌ر نه‌داوه، هه‌رکات ئه‌نجومه‌ن کۆببێته‌وه بڕیارى یهلاکردنهوهى ده‌دات. هاوڵاتى: ده‌نگ و ژماره‌ى کورسى لایه‌نه‌کان گۆڕانکارى به‌سه‌ردا دێت یان ته‌نها قسه‌یه؟ ئیسماعیل خورماڵى: ئه‌سڵ ئه‌وه‌یه ژماره‌ى ده‌نگ و کورسی لایه‌نه‌کان گۆڕانکارى به‌سه‌ردا بێت، ساخته‌کارى کراوه‌و سکاڵایه‌کى زۆر هه‌یه ده‌بێت ئه‌و سکاڵایانه ده‌رئه‌نجامێکى هه‌بێت، ئه‌گه‌ر سه‌د هه‌زار ده‌نگى ساخته‌ش له هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان بسوتێندرێت هێشتا که‌مه‌و وه‌ک ئه‌وه وایه هیچ نه‌کرابێت. هاوڵاتى: ده‌وترێت مامه‌ڵه‌ى کورسى له‌نێوان لایه‌نه‌کاندا هه‌یه که به کورسیه‌ک لایه‌نه نارازییه‌کان رازى بکه‌ن، ئه‌مه تا چه‌دن راستى تێدایه؟ ئیسماعیل خورماڵى: ئه‌وه‌ى ده‌وترێت که مامه‌ڵه‌ى کورسى له‌نێو کۆمسیۆن ده‌کرێت، ئه‌وه سودى ئیستغلال کردنى ئیشه‌کانى ئێمه ده‌کات، ئه‌و ده‌نگانه‌ى که هاتووه هه‌مووى راست نییه‌و ساخته‌کارى کراوه ته‌ره‌فى ساخته‌کار ده‌بێت هه‌ندێ له ده‌نگه‌کانى بگه‌رێته‌وه بچێت بۆ خه‌ڵکى تر، ئه‌گه‌ر ئه‌مه ناوبنرێت مامه‌ڵه‌ى کورسى ئه‌وه شتێکى تره، پێویسته ده‌نگى ساخته‌و ده‌نگى راستى جیابێت و دیار بێت. ئه‌و ئه‌نجامانه‌ى له‌به‌رده‌ستدان وه‌کو ژماره ئه‌نجامى حه‌قیقى نییه‌و ساخته‌کارى کراوه‌و ده‌بێت ئه‌و سندوقانه‌ى ساخته‌کارى کراوه‌و لایه‌نى ساخته‌کار سزا بدرێت و ناکرێت ده‌نگێکى خه‌ڵکێکى تر که ساخته‌ى نه‌کردووه بیسوتێنیت، چونکه سنوق هه‌یه لایه‌نێک ده‌نگى که‌مى هێناوه ساخته‌کارى کردووه بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگى لایه‌نه‌کانى دیکه بسوتێندرێت. هاوڵاتى: پێتوایه ده‌توانن سکاڵاکان رێره‌وى خۆى ببرێت و ده‌نگى لایه‌نه‌کان به حه‌قیقى رونببێته‌وه؟ ئیسماعیل خورماڵى: ژماره‌یه‌کى زۆر سکاڵامان هه‌یه، بهمهجراى خۆیدا بروات و گرفتى بۆ دروست نه‌کرێت، کۆمه‌ڵێک ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان گومانى زۆرى له‌سه‌ره، ئه‌گه‌ر سکاڵاکان شوێنى خۆى گرت ئه‌وه ئێمه رازى ده‌بین، ئه‌گه‌ر شوێنى خۆى نه‌گرێت ده‌نگى پێناده‌ین و هه‌ڵوێستى خۆمان ده‌رده‌برین. هاوڵاتى: ئاشکراکردنى ئه‌نجامه‌کان بووه به حیکایه‌تى مێشه‌که، که‌ى رایده‌گه‌یه‌نن که باس له سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو ده‌کرێت؟ ئیسماعیل خورماڵى: کات دیارى نه‌کراوه بۆ راگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌کان، هه‌ر کاتێک ئه‌نجومه‌نى کۆمسیاران بریارى له‌سه‌ر بدات و به فه‌رمى رایده‌گه‌یه‌نین. رۆژانه و به‌رده‌وام ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن ئه‌و فۆڕمانه‌ى لامانه داخڵ ده‌کرێن و تا کاتژمێر 12ى شه‌و کارى تێدا ده‌کرێت، هه‌رکات ئه‌نجامى سکاڵاکان یه‌کلاکرایه‌وه و سه‌رجه‌م داتا‌کان داخڵ کران کۆمسیۆن بریار ده‌دات چ کاتێک ئه‌نجامه‌کان به فه‌رمى رادهیهگهندرێت.
سازدانی: ئارا ئیبراهیم ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت حکومه‌تى هه‌رێم بۆ ساڵى ئاینده ئه‌گه‌ر رێکه‌وتن له‌نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق بکرێت و 10 ترلیۆن دینار بدرێته هه‌رێم به‌شى موچه‌ى ته‌واوى فه‌رمانبه‌ران ده‌کات به‌بێ پاشکه‌وت. ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید، لەم چاوپێکەوتنەی هاوڵاتی-دا ئاماژە بەوەشدەکات کەدەتوانرێت مووچەی پێشمەرگە بخرێتە سەر وەزارەتی بەرگری عێراق و کاتی خۆیشی هەوڵدراوە. وتیشی «له‌دوو سه‌رکرده‌ى یه‌کێتی بیستووه کاتى خۆى فوئاد مه‌عسوم قه‌ناعه‌تى بهمالکى کردووه که‌ئه‌وکات سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق بووه که 80 هه‌زار پێشمه‌رگه بۆ کورد بنوسێت، دواتر مام جه‌لال ته‌له‌فونى بۆ مالکى کردووه‌و ئه‌و ژماره‌یه‌ى پێ زیادکردووه بۆ 90 هه‌زار». هاوڵاتی: حکومه‌تى ئێستاى عێراق کاربه‌ڕێکه‌ره، ده‌توانێت پرۆژه‌ى بودجه ئامادەبکات و بینێرێته ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق؟ ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید: پڕۆژه یاساى بودجه به‌فه‌رمى نه‌گه‌یشتۆته په‌رله‌مان، ئه‌وه‌ى که گه‌یشتووه ده‌ستى من به‌شێوه‌ى نافه‌رمى نوسخه‌یه‌که له‌وه‌زاره‌تى داراییه‌وه نێردراوه بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق و دیاره کۆمه‌ڵێک گۆڕانکارى تێدا ده‌کرێت ئنجا ده‌بێته پڕۆژه‌یاسا. ئیشکالیه‌تێک هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م حکومه‌ته که کاربه‌ڕێکه‌ره بۆیه ناتوانێت بڕیارى ستراتیژى بدات، پرۆژه بودجه که‌سێک ئاماده‌ى ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى خۆى په‌یوه‌ست بێت پێوه‌ى له‌به‌رانبه‌ر په‌رله‌ماندا، دواى ئه‌وه‌ى حکومه‌تى نوێ پێکدێت، ئه‌و حکومه‌ته نوێیه ده‌توانێت بڵێت مولزه‌م نییم به‌و پرۆژه یاسایه‌وه بۆیه ناتوانین وه‌ک په‌رله‌مان لێپێچینه‌وه له‌سه‌ر که‌موکوڕییه‌کان له‌حکومه‌تى نوێ بکه‌ین ئه‌گه‌ر بێت و حکومه‌تى کاربه‌ڕێکه‌ر ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى بکات. حکومه‌ته‌که‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى دواى پێکهێنانى ده‌توانێت له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق موناقه‌شه‌ى پرۆژه‌ى بودجه بکه‌ن و ئه‌وان بینێرنه په‌رله‌مان، قه‌ناعه‌تم وایه دوا ده‌خرێت تا ئه‌وکاته‌ى حکومه‌تى نوێ پێکدێت. هاوڵاتی: ئه‌و نوسخه‌یه‌ى که لاى تۆ بووه‌و به‌شێکیت بڵاوکرده‌وه، پێتوایه ئه‌وه‌ى بۆ کورد دانراوه پشکێکى که‌مه‌و به‌شى پێداویستیه‌کانى ناکات؟ ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید: رێژه‌ى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان به له‌سه‌دا 12.67 ده‌کاته 8 ترلیۆن و 970 ملیار دینار‌و 467 ملیۆن دینار. ئه‌مه ئه‌گه‌ر هه‌ندێ گۆڕانکارى تێدابکرێت و پشکى هه‌رێم بگه‌یه‌ندرێته 10 ترلیۆن دینار، ئه‌وا موافق ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌رجه‌ى سندوقى قه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى که له 2017 گفتوگۆ له‌سه‌ر پرۆژه‌ى ساڵى 2018 ده‌کراو له‌گه‌ڵ سندوقى قه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى دانیشتین ئه‌وان ده‌یانوت هه‌رێمى کوردستان ئه‌گه‌ر پشکه‌که‌ى بکرێته 10 ترلیۆن دینار ئه‌وا به‌شى خه‌رجییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات، دیاره ئه‌وانیش ئه‌و ژماره‌یه‌یان له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه پێوتراوه. نامه‌یه‌کم ئاماده‌کردووه بینێرم بۆ دەزگای مه‌رکه‌زى ئامارى عێراق که له راپۆرتێک‌دا باسى دانیشتوانى عێراقى کردووه و ئه‌وه‌ى خستۆته‌ڕوو که‌ژماره‌ى دانیشتوانى هه‌رێمى کوردستان کهپارێزگاى ( سلێمانى، هه‌ولێر، دهۆک) ده‌کات له‌سه‌دا 15ى دانیشتوانى عێراق پێکده‌هێنن، ئه‌گه‌ر پشکى هه‌رێم له له‌سه‌دا 12.67 بکرێته له‌سه‌دا 15، ئه‌وا پشکى هه‌رێم ده‌گاته 10 ترلیۆن دینار. هاوڵاتی: لایه‌نه سیاسییه‌کان وه‌فد ده‌نێرن بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر پۆسته‌کانى به‌غدا، ئایا ناکرێت پێکه‌وه وه‌ک یه‌ک تیم گفتوگۆبکه‌ن له‌سه‌ر بابه‌ته نیشتمانیه‌کان؟ ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید: له‌ڕاستیدا هه‌ر ئه‌وه باشه به‌یه‌ک تیم بچینه به‌غداو گفتوگۆ و دانوستان بکه‌ین، به‌ڵام ئایا پارتى و یه‌کێتى ئاماده‌ن واز لهئیمتیازات بهێنن بۆ ئه‌وه‌ى بابه‌ته نیشتمانییه‌کان موناقه‌شه بکه‌ین. پارتى و یه‌کێتى به‌به‌رده‌وام وهفدى مه‌کته‌بى سیاسیان له‌به‌غدا بووه بۆ پۆستى سه‌رۆک کۆمار‌و جێگرى دووه‌مى سه‌رۆکى په‌رله‌مان و پارێزگارى که‌رکوک، وه‌فده‌کانى به‌غداش ده‌چنه هه‌ولێرو سلێمانى بۆ دابه‌شکردنى پۆسته‌کان. پارتى و یه‌کێتى ناتوانن له‌به‌غدا ته‌نها بابه‌ته نیشتمانییه‌کان موناقه‌شه بکه‌ن، بۆیه ئه‌و له‌ده‌ستدانى متمانه‌یه بۆته هۆى ئه‌وه‌ى که کورد نه‌توانێت به یه‌ک تیم دانوستان بکات. هاوڵاتی: پشکى پێشمه‌رگه له‌پرۆژه‌ى بودجه‌ى 2019دا 444 ملیار دیناره، ناتوانن زیادى بکه‌ن وه‌ک ئه‌وه‌ى بۆ حه‌شدى شه‌عبى دیاریکراوه؟ ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید: کاتى خۆى موناقهشهیهکى تهفسیلم له لیژنه‌ى دارایى له‌گه‌ڵ که‌سى دووه‌مى حه‌شدى شه‌عدى کرد که‌ئه‌وان 122 هه‌زار چه‌کداریان بۆ نوسرابوو، به‌حزورى ئه‌ندامه کورده‌کانى ناو لیژنه‌که، ئه‌و ئیقرارى کرد کورد سه‌د هه‌زار پێشمه‌رگه که‌مترى بۆ نه‌نوسرێت، به‌ڵام براده‌ره‌کانى پارتى رازى نه‌بوون، تا په‌رله‌مانتارێکیان که شاخه‌وان دهلۆیى بوو وتى قه‌ناعه‌تم به‌و ژماره‌یه هه‌یه. له دوو سه‌رکرده‌ى یه‌کێتیم بیستووه کاتى خۆى فوئاد مه‌عسوم قه‌ناعه‌تى بهمالکى کردووه که‌ئه‌وکات سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق بووه که 80 هه‌زار پێشمه‌رگه بۆ کورد بنوسێت، دواتر جه‌نابى مام جه‌لال ته‌له‌فونى بۆ مالکى کردووه‌و ئه‌و ژماره‌یه‌ى پێ زیاد کردووه بۆ 90 هه‌زار. هه‌روه‌ها عه‌بدوڵا عه‌لیاوه‌یى بۆى گێڕامه‌وه که‌په‌یوه‌ندى خۆشى هه‌یه له‌گه‌ڵ سیاسیینى عێراقى، ئه‌وکاته عه‌لیاوه‌یى پهرلهمانتاربووهو مالکیش سه‌رۆکى حکومه‌ت بووه‌و ئیستسمارى ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ى کردووه بۆ ئه‌وه‌ى پێشمه‌رگه قه‌ناعه‌تى پێکردووه که 90 هه‌زار بنوسرێت، دیاره پارتى رازى نه‌بووه له‌سه‌ر ئه‌و رێژه‌یه. ئه‌وه‌ى ده‌کرێت بیکه‌ین، حه‌شد چۆن کراوه‌ته یاسا‌و کارى پێده‌کرێت و موازنهى دیاره، ده‌بێت هێزه کوردییه‌کان بکه‌نه هێزو سوپایه‌کى نیشتمانى ته‌نها پارتى و یه‌کێتى تێدا نه‌بێت و به‌کارنه‌هێندرێن، ئه‌گه‌ر بتوانین سه‌د هه‌زار پێشمه‌رگه ته‌دریب و ئهسلیحهیان دیار بێت یاسایه‌کیان هه‌بێت ئه‌وکاته ده‌توانین موناقه‌شه له‌سه‌ر زیادکردنى بودجه‌ى پێشمه‌رگه بکه‌ین، به‌داخه‌وه حکومه‌تى هه‌رێم ژماره‌ى فعلى ناداته که‌س، هێزى نیشتمانى بونه‌ته هێزى حزبى، تا یاساى بۆ ده‌رنه‌که‌ین ناتوانین بودجه‌ى موەحهدى بۆ ده‌ربکه‌ین. هاوڵاتی: ئایا هه‌رێمى کوردستان ده‌توانێت ئه‌و نه‌وته‌ى لێى زیاد بێت بۆ خۆى بیفرۆشێت؟ ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید: له‌ناو یاساى بودجه‌دا برگه‌یه‌ک دیارى ده‌کرێت هه‌ر بره نه‌وتێک زیادى کرد ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌زێنه‌ى ئیتحادى. دیاره دادگاى فیدڕاڵى له‌کۆتایى ئه‌م مانگه‌دا بڕیار له‌سه‌ر پرسى نه‌وتى هه‌رێم ده‌دات، نه‌وتى هه‌رێم وه‌ک کلیل و قفڵێک دانراوه، ئه‌گه‌ر پارتى و یه‌کێتى به‌تایبه‌ت پارتى هه‌ماهه‌نگ بێت له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌که‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى و به‌شدار بێت، ئه‌وا ئه‌م کلیله به‌ئاراسته‌یه‌ک ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ماهه‌نگى حکومه‌تى عێراق نه‌بن هه‌ر به‌پێى ماده‌کانى 111 و 112 و 121 ده‌ستورى عێراق که ته‌فسیراتى زۆر هه‌ڵده‌گرێت ده‌توانرێت له‌به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێم یا زیانى هه‌رێم بریار بدرێت. هاوڵاتى: ئایا ئه‌گه‌ر 10 ترلیۆن دینار بدرێته هه‌رێم له بودجه‌ى عێراق ده‌توانرێت پاشکه‌وتى موچه له‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران لاببرێت له‌ساڵى 2019 دا؟ ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید: گه‌وره‌ترین گرفت له‌به‌رده‌ماندا ژماره‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمه‌و تا سه‌ر ئێسقان حکومه‌تى هه‌رێم ناشه‌فافه، نازانین نه‌وت به چه‌ند ده‌فرۆشێت و داهاته‌که‌ى چه‌نده‌و چه‌ند فه‌رمانبه‌رى هه‌یه‌و نازانین چه‌ندێک خه‌رجى هه‌یه. حکومه‌تى هه‌رێم ئاماده نییه شه‌فافیه‌ت بنوێنێت مادام ئاماده نیه‌و ئه‌و قسه‌یه‌ى ئێمه راسته که له‌رووى تهخمینیهوه ده‌یکه‌ین. حکومه‌تى هه‌رێم ئێستاش ده‌توانێت پاشکه‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران لاببات، بۆ ساڵى ئاینده ئه‌گه‌ر رێکه‌وتن له‌نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق بکرێت و 10 تریلۆن دینار بدرێته هه‌رێم به‌شى موچه‌ى ته‌واوى فه‌رمانبه‌ران ده‌کات به‌بێ پاشکه‌وت. هاوڵاتی: هه‌رێم پشکى له بودجه‌ى تهکمیلى ده‌بێت؟ ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید: ته‌بعه‌ن قه‌زییه‌ک هه‌یه لهقانونى ئیداره‌ى مالى لهفهقهرهى پێنج گۆرانکارى موازانهیه، له‌کاتى گۆڕانکارى له زروفى ئابوورى یا نرخى نه‌وت بگۆڕێت، نرخى نه‌وت له‌جیهاندا به ره‌شبینى یا گه‌شبینى یا به‌وریاییه‌وه دایده‌نێت، عێراق دایم نرخى نه‌وت به‌وریاییه‌وه داده‌نێت ئه‌م 56 دۆلاره بۆ نرخى نه‌وت تهحهفوزیه، دیاره نرخى نه‌وت زیاتر له 56 دۆلار، ئه‌و بره زیاده‌یه‌ى نه‌وت بۆ پرکردنه‌وه‌ى کورتهێنانى بودجه داده‌نرێت، ئه‌گه‌ر له‌وه‌زیاتر بێت ده‌چێته‌وه ئیحتیادى یه‌ده‌گى عێراق. هاوڵاتى: ساڵ به‌ساڵ بودجه‌ى سیادى زیاد ده‌کرێت ئه‌مه له‌قازانجى کورد نییه، چۆن ده‌توانن ده‌ستکارى بکه‌ن و که‌مى بکه‌نه‌وه؟ ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید: له 2005 بودجه‌ى سیادى 16 برگه بووه‌و پێنج تریلیۆن دینار بووه، له ساڵى 2018 بۆته 86 برگه‌و 41 ترلیۆن له پرۆژه بودجه‌ى 2019 46 تریلیۆنى بۆ دانراوه. ئه‌م زیادکردنه له‌به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمى کوردستان نییه، ده‌بێت سیاسیه‌کان له‌کاتى پێکهێنانى حکومه‌تى عێراق گفتوگۆى له‌سه‌ر بکرێت و رێکه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه بکه‌ن که جێگه‌ى ناکۆکى گه‌وره‌یه‌و تهوزیعى ئیرادات و نه‌فه‌قات بکه‌ن، گفتوگۆ له‌سه‌ر نه‌فه‌قاتى سیادى و حاکیمه بکرێته‌وه. ئێستا له‌پرۆژه بودجه‌ى 2019 وه‌زاره‌تى به‌رگرى حه‌وت ترلیۆن و 600 ملیار دینارى بۆ دانراوه، کورد له‌سه‌دا 2ى وه‌زاره‌تى به‌رگرى پێک ده‌هێنێت، له‌وه‌زاره‌تى خاریجى که‌مترین له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران کورد ئێستا دوو وه‌زیرى هه‌یه. په‌رله‌مان ناتوانێت سیاسه‌تى دارایى حکومه‌ت تێک بدات، سهلاحیاتى تهخفیز و موناقهلهى هه‌یه، به‌ڵام نابێت سیاسه‌تى مالى تێک بدات، چونکه ئه‌و کاته حکومه‌ت ده‌توانێت له‌دادگاى ئیتحادى سکاڵا له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران تۆمار بکات. هاوڵاتی: ئایا به‌شدارى حکومه‌ت ده‌که‌ن یان ده‌بنه ئۆپۆزسیۆن که خاوه‌نى دوو کورسى په‌رله‌مانین؟ ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید: له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى سیاسى کۆمه‌ڵ قسه‌م کردووه باسى به‌شدارى حکومه‌تم کردووه، یا ده‌بێت له‌گه‌ڵ هێزه گه‌وره‌کان پارتى و یه‌کێتى و شیعه‌و سونه یا له‌گه‌ڵ لایه‌نى تر یا به‌و دوو کورسیه‌ى خۆمان به‌شدارى بکه‌ین، بۆچونى ئه‌میرى کۆمه‌ڵ و ئه‌نجومه‌نى سیاسى ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر توانیمان به دوو کورسیه‌که‌وه ده‌چینه حکومه‌ت یان ده‌بینه ئۆپۆزسیۆن و به‌شدارى ناکه‌ین. بۆ به‌شدارى حکومه‌ت هاوپه‌یمانى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ هیچ هێزێکى سیاسى ناکه‌ین، بۆ پرسى هه‌نوکه‌یى له‌گه‌ڵ گۆران و نه‌وه‌ى نوێ و یه‌کگرتوو چالاکى ناو په‌رله‌مان له‌سه‌ر لیژنه‌کانى په‌رله‌مان گروپى کاتى بۆ ئیشێکى تایبه‌ت چۆن بگونجێت ئه‌وا کار ده‌که‌ین و وه‌کو فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ ده‌ستکراوه ده‌بین.
سه‌روه‌ر خه‌لیل کۆبوونه‌وه‌کانی یه‌کێتی بۆ کاراکردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک و دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ ئه‌و شاره به‌رده‌وامن و له‌سه‌ر ئاستی که‌رکوک و عێراقیش ژماره‌یه‌ک کۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی تر ئه‌نجامداوه. ئامانجى یه‌کێتى له هه‌وڵه‌کانى، کاراکردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک و دواتر یه‌کلایکردنه‌وه‌ى پۆسته‌کانى ئه‌و شاره‌یه به‌تایبه‌تى پۆستى پارێزگار، که یه‌کێتى به پشکى خۆى ده‌زانێت. یاسین عیزه‌دین، جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌کێتی له‌که‌رکوک، جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که له‌کۆبوونه‌وه‌ی شاندی یه‌کێتی له‌به‌غدا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان ئه‌وه‌یان بۆ ده‌رکه‌وتووه که تورکمان و عه‌ره‌ب هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌کتیڤکردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن و دابه‌شکردنی پۆسته باڵاکانی شاره‌که له‌نێوان پێکهاته‌کانی کورد و تورکمان و عه‌ره‌ب. به‌وته‌ی یاسین گفتوگۆکان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ن که پارێزگار بۆ کورد و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن بۆ تورکمان و جێگری پارێزگار بۆ عه‌ره‌ب بێت، ئه‌و ده‌ڵێت «هیچ کێشه‌یه‌ک له‌ڕووی دابه‌شکردنی ئه‌و سێ پۆسته‌وه نییه، به‌ڵام چاوهڕاونن هه‌موو لایه‌نه‌کان رێککه‌وتنی له‌سه‌ر بکه‌ن، چونکه تورکمانی شیعه‌و تورکمانی سوننه له‌ناو خۆیاندا کۆک نین، ماوه‌ته‌وه له‌م یه‌ک دوو رۆژه گفتوگۆ بکه‌ن، له‌وانه‌یه به‌م نزیکانه بگه‌نه چاره‌سه‌ر». دوێنێ سێشه‌ممه یه‌کێتی پێشنیارێکی خسته به‌رده‌م لایه‌نه تورکمانی و عه‌ره‌بییه‌کان بۆ دانانی جه‌مال مه‌ولود به‌سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن و دواتر دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ شاره‌که، به‌ڵام لایه‌نی تورکمانی ئه‌و پێشنیاره‌ى ڕه‌تکردووه‌ته‌وه. به‌رپرسه‌که‌ی یه‌کێتی باس له‌وه ده‌کات ته‌واوی لایه‌نه ناوخۆییه‌کانی که‌رکوک (جگه له‌پارتی) به‌شدارن له‌گفتوگۆکان، «ئێمه به‌رده‌وام داوامان له‌براده‌رانی پارتی کردووه بگه‌ڕێنه‌وه پۆسته‌کانیان و پشتگیریان ده‌که‌ین به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک، به‌ڵام نایانه‌وێت بێنه‌وه«. وتیشى «ئێمه له‌براده‌رانی پارتی بێ‌ئومێد بووین، چونکه نایانه‌وێت دۆخی که‌رکوک ئاسایی ببێته‌وه‌و رێگری له‌به‌رده‌م هه‌ژموونی ته‌عریب بکرێت، ئه‌گه‌ر پارێزگار که‌هاوکات سه‌رۆک لیژنه‌ی ئه‌منییه کورد نه‌بێت ئه‌وه رێگری له‌و ته‌عریبه ناکرێت». له‌دواى ڕووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌رى ساڵى ڕابردووه‌وه، ئه‌ندامانى پارتى له ئه‌نجومه‌ن و به‌رپرسه‌کانى ئه‌و حزبه نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه سنورى که‌رکوک و یه‌کێتیش به‌وه تۆمه‌تبارده‌که‌ن که ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ى «رێککه‌وتنى ژێر به‌ژێره‌وه«، پۆسته‌کانى که‌رکوک دابه‌شبکات. یاسین عیزه‌دین له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری شۆڕکردنه‌وه‌ی رێککه‌وتنه‌که بۆ پۆسته‌کانی تری شاره‌که ده‌ڵێت «ئه‌و پۆستانه نابنه کێشه، ئه‌گه‌ر رێککه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و سێ پۆسته سیادییه کرا، ئه‌وه رێککه‌وتن له‌سه‌ر پۆسته‌کانی تریش ده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ی که‌رکوک بگه‌ڕێته‌وه دۆخی پێش 2014». وتیشى «به‌پێی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی نراون، له‌وانه‌یه له‌م نزیکانه جێگیر بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گومانم هه‌یه‌و پێموایه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی و به‌تایبه‌تی تورکیا ده‌ستی تێوه‌ربده‌ن و ئه‌و رێککه‌وتنه هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه«. له‌ئێستادا تورکمانه‌کان داوای یه‌کلاکردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نیان کردووه وه‌ک سه‌ره‌تا، به‌ڵام یه‌کێتى ده‌ڵێت پێویسته پۆستی پارێزگار‌و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن و جێگری پارێزگار به‌یه‌ک پاکێج بێت ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و جیانه‌کرێته‌وه. ئازاد جه‌باری، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک له‌سه‌ر لیستی یه‌کێتی وتى «تورکمان و عه‌ره‌ب هه‌ر رۆژه‌و قسه‌یه‌ک ده‌که‌ن، رۆژێک ده‌ڵێن باشه‌و رۆژێکی تر نایه‌نه پێشه‌وه، ئه‌وانیش له‌شوێنی تره‌وه ئاڕاسته ده‌کرێن». هیواشى خواست، ئه‌ندامانی پارتی له‌ئه‌نجومه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه، «ئێمه ئیشمان به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه له‌سه‌ر لیستی پارتی، چونکه به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌وان ئێمه‌ی کورد ده‌بینه 26 ئه‌ندام و زۆرینه پێکده‌هێنین و ده‌توانین بڕیار بده‌ین». ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا له‌پێکهاته‌ی عه‌ره‌ب ره‌تیده‌کاته‌وه پێکهاته‌کان له‌ناوخۆیان رێککه‌وتبن، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌کاته‌وه که ناکۆکی نێوان پێکهاته‌کان زیاتر له‌سه‌ر پرسی دابه‌شکردنی ته‌واوی پۆسته‌کانی شاره‌که‌یه نه‌ک پۆستی پارێزگار‌و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن و جێگری پارێزگار. مه‌عن محه‌مه‌د به هاوڵاتی وت «ئێمه له‌گه‌ڵ پێشنیاره‌که‌ی یه‌کێتی هاوڕاین بۆ کاراکردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن و دانانی به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی دانیشتنه‌کانی ئه‌نجومه‌ن، به‌ڵام تائێستا ناکۆکی نێوان پێکهاته‌کان له‌سه‌ر چۆنێتی رێژه‌ی دابه‌شکردنی پۆسته‌کانه«. هه‌ریه‌ک له‌پێکهاته‌ی عه‌ره‌ب و تورکمان داوای رێژه‌ی 32% بۆ هه‌ر پێکهاته‌یه‌ک ده‌که‌ن و لایه‌نی کوردیش داوای 50%ی پۆسته‌کان بۆ خۆی ده‌کات. ئه‌ندامه عه‌ره‌به‌که‌ی ئه‌نجومه‌ن ده‌ڵێت «پێکهاته‌کان تائێستا رێک نه‌که‌وتووین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه له‌سه‌ر دابه‌شکردنی پۆسته باڵاکانی تر رێککه‌وتین ئه‌وه راسته‌وخۆ پۆستی پارێزگار و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی و جێگری پارێزگاریش یه‌کلایی ده‌بێته‌وه«. جیا له‌کورد و عه‌ره‌ب، لایه‌نی تورکمانی بۆچوونی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه و پێشنیاری هه‌ردوو لایه‌نی عه‌ره‌بی بۆ چۆنێتی کاراکردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن ره‌تده‌کاته‌وه، تورکمانه‌کان له‌جیاتی دانانی به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندام بۆ سه‌رۆکایه‌تیکردنی ئه‌نجومه‌ن داوای له‌کارلادانی رێبوار تاڵه‌بانی و هه‌ڵبژاردنی که‌سێکی تر بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن ده‌کات، که دواتر ئه‌و که‌سه به‌وه‌کاله‌ت ده‌بێته سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نه‌که. قاسم حه‌مزه به‌یاتی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌کوتله‌ی تورکمانی، جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که له‌ناو ئه‌نجومه‌ندا هیچ رێککه‌وتنێک نه‌کراوه له‌سه‌ر پۆستی پارێزگار و پۆسته‌کانی تر «له‌سه‌ر ئاستی ئه‌نجومه‌ن هیچ گفتوگۆیه‌ک له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌کراوه پۆستی پارێزگار بدرێته کورد، ئه‌گه‌ر لایه‌نێکی تر له‌به‌غدا ئه‌و کاره‌ی کردبێت ئه‌وه پێویسته ئه‌و لایه‌نه وه‌ڵام بداته‌وه، به‌ڵام پێموانییه گفتوگۆکان به‌و ئاسته بن». ئه‌و ده‌ڵێت «ئه‌گه‌ر له‌سه‌ره‌تای وازهێنانی حه‌سه‌ن تۆران و چوونی بۆ په‌رله‌مان کورده‌کان رێککه‌وتنی پێشووی نێوان پێکهاته‌کانیان جێبه‌جێ بکردایه و پۆستی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نیان بدایه‌ته‌وه تورکمان ئێستا دۆخه‌که ئاسانتر ده‌بوو». پارتی دیموکراتى کوردستان تا ئێستا نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ که‌رکوک و ده‌ڵێت ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک و گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکانی کورد بۆ کەرکوک بەشێکە لەداواکارییەکانی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق. عەدنان کەرکوکی وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک- گەرمیانی پارتی بەهاوڵاتی وت «ئێمە ئاگاداری هەوڵەکانی یەکێتین بۆ دانانی پارێزگاری کەرکوک و لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و لەسەر ئاستی کەرکوکیش قسە لەسەر ئەم بابەتە کراوە و چەند دانیشتنیکیش ئەنجامدراوە، ئێمە لەگەڵ یەکڕیزی و پێکهاتنی نێوان لایەنە کوردییەکانی کەرکوکین بۆ ئەوەی بتوانین رووبەڕووی ئەو شاڵاوە ببینەوە کە رووبەڕووی کەرکوک بووەتەوە». ئەو دەڵێت «ئێمە ئەگەر پارێزگارێک دابنێین ئەو پارێزگارە چ دەسەڵاتێکی دەبێت، ئێمە لەگەڵ کاراکردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاین زەو مەرجەی کارا بێت نەک تەنها بەڕوکەش بێت، داخوازی کورد لەکەرکوک تەنها پارێزگار نییە، بەڵکو داخوازی کورد ناسنامەی ئەو شارەیە، ئەوەی یەکێتی دەیکات بۆ رازیکردنی برادەرێکی خۆیانە». ئەو نەیشاردەوە کە حزبەکەی داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوکی کردووە، وتى «پارتی گرنگی بەپۆست نادات، بەڵام ئێمەش خەڵکی ئەم وڵاتەین، ئەوە ساڵەهای ساڵە ئەو پۆستە لای ئەو برادەرانەیە، ئێ دە کاکە با چوار ساڵێکیش بێتە لای ئێمە، لەگەڵ ئەوەشدا وتوومانە با رێککەوتن بکەین لەسەر پارێزگارێک بکەین بۆ کەرکوک، جا چ پارتی بێ یان یەکێتی یان بێ لایەن، ئێمەش مافی خۆمانە داوا بکەین».
ئارى هه‌رسین پهرلهمانتارو ئه‌ندامى پێشووى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى پارتى ڕایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ناو به‌رپرسانى بڕیارده‌رى پارتى و یه‌کێتیدا هه‌یه که‌حه‌ز به دوو ئیداره‌یی ده‌که‌ن، به‌ڵام به‌وته‌ى ئه‌و له‌ڕوویان نایات به‌ئاشکرا باسى بکه‌ن. باس له‌وه‌شده‌کات، وه‌کو پارتى ئه‌گه‌ر به‌پێی ژماره‌ى کورسی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌کێتى بکه‌ن، ده‌بێت خۆیان ئاماده کردبێت بۆ ئیمزاکردنى وه‌ره‌قه‌ى دوو ئیداره‌یی، چونکه جگه لهحوکمکردن پێکه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌کێتى هیچ ڕێگه‌یه‌کى دیکه نییه. ئارى هه‌رسین لەم چاوپێکەوتنەی هاوڵاتی-دا ئاماژه به‌وه‌شده‌کات، کێبڕکێی پارتى له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆک کۆمارى عێراق پرسێکى ته‌کتیکى بووه، چونکه ناکرێت پارتى که‌خاوه‌نى دەستپێشخەری ڕیفراندۆم بوو بچێت شه‌ڕ له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته بکات. هاوڵاتی: بۆچى دواى چه‌ند هه‌ڵبژاردن تائێستا پارتى و یه‌کێتى له‌زۆنى ژێر ده‌سه‌ڵاتى یه‌کتر نه‌یانتوانیوه ده‌نگێکى وا به‌ده‌ستبهێنن کههاوکێشهى سیاسی له‌و زۆنانه بگۆڕن؟ ئارى هه‌رسین: له‌به‌رئه‌وه‌ى ئاسه‌وارى ئه‌و شه‌ڕى ناوخۆییه‌ى که له نه‌وه‌ده‌کاندا ڕوویدا هه‌تا ئێستا ماوه، ڕاسته چه‌ند هه‌وڵێک هه‌بوون به‌تایبه‌تى له‌دواى ساڵى 2003 له‌کابینه‌کانى حکومه‌تدا بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وه نه‌مێنێت، به‌ڵام له‌به‌ر زۆر هۆکار ئێمه نه‌مانتوانیوه له‌سه‌دا سه‌د ئه‌وه جێبه‌جێ بکه‌ین، ئه‌وه‌ش به‌شێکى له‌ده‌ست خۆماندا نییه، وه‌کو کورد به‌گشتى، تۆ که له شوێنێکدا ده‌سه‌ڵاتت نه‌بوو نابێت چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ش بکه‌یت ده‌نگێکى زۆر بهێنێت، پارتى ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌بێت له‌سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه له‌یه‌کێتى زیاتر بهێنێت، ئه‌وه له‌ئێستادا وه‌همه، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه بۆ یه‌کێتیش له‌سنورى پارتى ئه‌وه ڕاسته. هاوڵاتی: تاکه‌ى ئه‌م ڕه‌وشه به‌م شێوه‌یه درێژه‌ده‌کێشێت؟ ئارى هه‌رسین: له‌به‌رئه‌وه‌ى شته‌که له‌ده‌ستى خۆتدا نییه به‌م شێوه‌یه ده‌مێنێته‌وه، نه ئێمه وه‌کو پارتى نه‌ک یه‌کێتیش وه‌زعه‌که‌ى بۆ یه‌کلایی ناکرێته‌وه نه به‌شه‌ڕ نه به ئاشتى، بۆ هه‌موو کێشه‌یه‌کى سیاسی دوو ڕێگه هه‌یه بۆ چاره‌سه‌رکردنى، یه‌کیان به‌شه‌ڕ یه‌کیان به ئاشتى، به‌ڵام ئێمه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌ده‌ست خۆمان نییه به‌هیچیان چاره‌سه‌ر نابێت، یانى خوانه‌کرده ئێستا شه‌ڕى براکوژى دروستبێت سێ چوار ساڵ ئێمه‌ى پێوه مه‌شغوڵ ده‌بین و دواتریش ره‌نگه لایه‌نێکى نێوده‌وڵه‌تى به‌زۆر بمانهێنێت و له‌سه‌ر مێزێک دامان بنیشێنێت بۆ ئه‌وه‌ى ئاشت بینه‌وه، ئه‌مه‌ش بژارده‌ى شه‌ڕه‌که. به‌ئاشتیش کاک مه‌لا به‌ختیار نه‌یوت ئێمه یه‌ک کورسی بهێنین و 10 کورسی بهێنین فه‌رقى نییه، ئه‌وه‌ش رێگه ئاشتییهکهیه، له‌به‌رئه‌وه شته‌که هه‌ر ئه‌وه نییه له‌ده‌ست خۆتدا بێت، خه‌ڵکى تریش بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌دات، له‌وانه‌یه وڵاتانى دراوسێ هه‌بێت، هه‌تا وڵاتانى ده‌ره‌وه وه‌کو ئه‌مریکا، مه‌سڵه‌حه‌تیان له‌وه‌دایه ئێمه یهکنهگرینهوه و ببین به‌یه‌ک حکومه‌ت. هاوڵاتی: ده‌نگه‌کانى پارتى له‌سنورى زۆرنى سه‌وز به‌رده‌وام باس له‌وه‌ده‌کرێت کهههڵکشان و داکشان به‌خۆوه ده‌بینێت، ئێوه وه‌کو پارتى تێبینیتان له‌سه‌ر ده‌نگه‌کانت له‌و سنوره چییه؟ ئارى هه‌رسین: من بیرکاریم خوێندووه، بۆیه شتێک له زانستى ئامار ده‌زانم، خه‌ڵک هه‌ندێ حسابات هه‌یه نایکات، بۆ نمونه له‌هه‌ڵبژاردنى 2013 که من خۆم کاندید بووم، زیاتر له‌هه‌شتا هه‌زار ده‌نگمان له‌سلێمانى هێنا، به‌ڵام سه‌یرى ڕێژه‌ى به‌شداربووان بکه، ئێستا ڕێژه‌ى به‌شداربووان له‌هه‌ڵبژاردن بووه به‌نیوه، ده‌نگه‌کانى ئێمه‌ش بووه به‌نیوه، له‌راستیدا ئه‌وه‌نده له مه‌وزوعه‌که نه‌گۆڕاوه وه‌کو خۆیه‌تى، به‌س خه‌ڵک سه‌یرى ره‌قه‌م ده‌کات، چونکه هه‌موو ره‌قه‌مێک له‌مه‌سه‌له‌ى هه‌ڵبژاردندا ناوه‌ڕۆکێکى هه‌یه، بۆیه هه‌رچۆنێک سه‌یرى بکه‌ین ره‌نگه ئێمه وه‌کو پارتى شتێکی که‌ممان کردبێت، به‌ڵام زیادمان نه‌کردووه. هاوڵاتی: که‌واته ئه‌گه‌ر گریمان له‌سنورى زۆنى سه‌وز پارتى ئه‌گه‌ر یه‌که‌میش بێت، لهزۆرنى زه‌ردیش یه‌کێتى ئه‌گه‌ر یه‌که‌میش بێت هیچ له هاوکێشه‌ى هێز له‌و ناوچانه ناگۆڕێت؟ ئارى هه‌رسین: نه‌خێر نایگۆڕێت، هۆکاره‌که‌شى ئه‌وه‌یه ئێمه‌و یه‌کێتى وه‌کو دوو حزبى سیاسی هه‌ردوکمان خاوه‌نى دوو شتین که ناکرێت ته‌نها به‌پێوه‌رى دیموکراسی ڕووت مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێت، که‌یه‌کێکیان پاره‌یه و ئه‌وه‌ى دیکه‌ش هێزه واته چه‌ک، ره‌نگه ئێستا پرسیارى ئه‌وه بکرێت چۆن ده‌بێت حزب هێزى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌بێت، به‌ڵام هۆکاره‌که‌ى زۆر ساده‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئێمه سیقه‌مان به‌یه‌کترى نیه، ئه‌گه‌ر سیقه‌مان هه‌بوایه ده‌بوایه ئه‌و هێزه چهکدارهمان کۆبکردایهتهوهو ڕێکمان بخستایه له‌چوارچێوه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا، چونکه ئه‌وه لایه‌نى په‌یوه‌ندیداره نه‌ک لق و ناوچه‌کان، یان مه‌ڵبه‌ند و کۆمیته‌کان، کهسیقهت به‌یه‌کترى نه‌بوو ده‌بێت هه‌میشه تفه‌نگه‌که‌ت له‌سه‌رپێ بێت، ده‌بێت به‌ده‌ست خۆته‌وه بێت. هاوڵاتی: له‌دواى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه زیاتر له‌جاران پرسی دوو ئیداره‌یی ده‌وروژێنرێت، ئه‌مه ئه‌گه‌رێکى وارده؟ ئارى هه‌رسین: من دوو ساڵ لهمهوپێش له‌سه‌ر دوو ئیداره‌یی قسه‌م کرد‌و وتم دوو برا ئه‌گه‌ر لەماڵێکدا پێکه‌وه نهحهوێنهوه ببنه دراوسێ باشتره، به راى من ئه‌وه‌ى قازانج له‌دوو ئیداره‌یی ده‌کات خه‌ڵکى کوردستانه، من ده‌زانم سه‌رکردایه‌تى حزبى من وه‌کو من بیرناکاته‌وه، ده‌زانم زۆر رۆشنبیرى هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆک وه‌کو من بیرناکه‌نه‌وه، به‌لام ئه‌وه‌ى له‌وه‌دا قازانج ده‌کات میلله‌ته، مونافهسهیهکى شه‌ریفانه له‌ناو دوو زۆندا دروستده‌بێت، ئه‌مه ململانێیه‌کى په‌نجا ساڵه‌یه له‌نێوان زۆرنى سه‌وز و زه‌ردا، هه‌ر ئه‌مڕۆ نییه، له 1964ه‌وه خه‌ڵکى کوردستانى عێراق به‌ده‌ست ئه‌م دوو بهرهکییهوه ده‌ناڵێنێت، با کۆتایی پێبهێنین، ئه‌مه ده‌کرێت میلله‌تێک ئاوا لێبکه‌ین، ئێستاش سه‌یاره‌یه‌کى ره‌قه‌م هه‌ولێر لهبازگهکانى سلێمانى وه‌کو بێگانه‌یه‌ک تهعامولى له‌گه‌ڵ ده‌کرێت، له‌م دیویش سه‌یاره‌یه‌کى ڕه‌قه‌م سلێمانى به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت، ئه‌مه چییه، ئه‌گه‌ر تۆ وه‌زعت ئاوابێت باشتر نییه دراوسێ بیت. هاوڵاتی: وه‌ک به‌رپرس و په‌رله‌مانتارێکى پارتى له‌ئێستادا تاچه‌ند خواستى دوو ئیداره‌یی له‌لای به‌رپرسانى پارتى و یه‌کێتى هه‌یه؟ ئارى هه‌رسین: به راى من هه‌یه، به‌ڵام نه‌ک هه‌مووى، به‌شێک له پارتى و به‌شێک له‌یه‌کێتى حه‌زى به‌وه‌یه، به‌ڵام ڕوویان نایات باسی بکه‌ن، چونکه بۆ نمونه من که ده‌ڵێم حه‌زم لێیه، حه‌زم له‌یه‌کپارچه‌یی کوردستانه، به‌لام پێموایه ئه‌وه له مهسڵهحهتى خه‌ڵکى کوردستانه ئێستا، نه‌ک ئه‌وه‌ى من وام پێخۆش بێت، من ئاره‌زووى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ ده‌که‌م، ئیتر چۆن پێم خۆش بێت دوو ئیداره‌یی دروستبێت، دێمه‌وه سه‌ر پرسیاره‌که‌ى تۆ به‌ڵێ خه‌ڵک هه‌یه له‌ناو پارتى و یه‌کێتیشدا زۆرى حه‌ز پێیه، به‌ڵام ڕووى نایه بیڵێ. هاوڵاتی: ئه‌و که‌سانه له‌ئاستى بڕیاربه‌ده‌ستدان، یان له‌ئاستى کادرى وهسهتیدان؟ ئارى هه‌رسین: به‌ڵێ له‌ئاستى بڕیاربهدهستیشدا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌یه ڕووى نایه‌ت بیڵێت. هاوڵاتی: به‌ڵام له‌ئێستادا که به‌ره‌و پێکهێنانى حکومه‌ت ده‌ڕۆین و پارتى و یه‌کێتیش ناکۆکن له‌سه‌ر زۆر پرس ئه‌مه واریده ڕووبدات؟ ئارى هه‌رسین: بۆ وارید نییه، میلله‌تێک به هه‌ڵبژاردن یان ده‌رچوونى کاندیدێک بۆ سه‌رۆک کۆمارى عێراق وڵاتێک که‌ده‌وڵه‌تى تۆ نییه، پایه‌کانى له‌ق بێت و ببێت به دوو ئیداره‌یی یاخوا هه‌ر ببێت، ئه‌وه ڕه‌ئی منه، به‌ڕه‌ئی من سه‌رۆک کۆمارى مۆزه‌مبیق و سه‌رۆک کۆمارى عێراق بۆ کورد هیچ فهرقێکى نییه، ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ له مۆزه‌مبیق یان سۆماڵ یان میسر سه‌رۆک کۆمار بگۆڕدرێت چى له‌ژیانى خه‌ڵک له‌کوردستان ده‌گۆڕدرێت. هاوڵاتی: به‌ڵام خۆ ئێوه‌ش وه‌کو پارتى هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى ئه‌و پۆستهتانداو کاندیدیشتان هه‌بوو؟ ئارى هه‌رسین: من ئه‌وه زیاتر لهمهسهلهیهکى ته‌کتیکى ده‌بینم، چونکه له‌هه‌موو مهنتیقێکى دنیا ده‌چێته ده‌ره‌وه ئه‌گه‌ر ئێمه وه‌ک پارتى که موبادهرهچى ریفراندۆم بوین و ئێستاش شانازى پێوه‌ده‌که‌ین، ئێستا بچین شه‌ڕ له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆک کۆمار بکه‌ین له‌به‌غدا، بۆیه پێموایه ئه‌وه زیاتر ته‌کتیک بوو، چونکه هیچ تهحلیلێکى مه‌نتیقى بۆ ئه‌وه نادۆزمه‌وه. هاوڵاتی: به‌رپرسانى پارتى ده‌ڵێن ئه‌مجاره به‌پێی ژماره‌ى کورسی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌کێتى ده‌که‌ن له‌پێکهێنانى حکومه‌تدا، ئایا ئه‌مه‌ش هه‌ر ته‌کتیکه یان ستراتیژى پارتییه؟ ئارى هه‌رسین: ئه‌گه‌ر ئێمه وتمان به‌پێی ژماره‌ى کورسی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌کێتى ده‌که‌ین، ده‌بێت خۆمان ئاماده کردبێت بۆ ئیمزاکردنى وه‌ره‌قه‌ى دوو ئیداره‌یی به‌ته‌واوه‌تى، ئێمه و یه‌کێتى ده‌بێت به‌یه‌که‌وه حوکم بکه‌ین، هیچ ڕێگه‌یه‌کى تر نییه، بۆ نمونه ئێمه که ده‌ڵێین به‌پێی کورسییه‌کان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌کێتى ده‌که‌ین مه‌به‌ستمان چییه له‌مه، یانى سه‌رۆک وه‌زیران و وه‌زیرى ناوخۆ‌و پێشمه‌رگه و دارایی و سامانه سروشتییه‌کان و پلاندانان هی خۆمان بن و یه‌کێتیش یه‌ک وه‌زاره‌تى پێبدرێت، شتى وا ده‌بێت؟ هیچ کام له‌و وه‌زیرانه‌ى لاى ئێمه ده‌بن یه‌ک ملیمه‌تر له‌ودیو دێگه‌ڵه‌وه ده‌ستیان ناڕوات، بۆیه من ته‌سه‌ور ده‌که‌م ئێمه له‌گه‌ڵ یه‌کێتى ڕێکده‌که‌وین و پێکه‌وه حکومه‌ت پێکده‌هێنین و رۆڵى یه‌کێتیش دیار ده‌بێت، واقیعه‌که وات پێده‌ڵێت نه‌ک من حه‌زم له‌چییه. هاوڵاتی: ئه‌ى سه‌باره‌ت به لایه‌نه‌کانى دیکه به‌تایبه‌تى گۆڕان، ئایا ئه‌وانیش به‌شدارده‌بن و حکومه‌تى ئه‌مجاره‌ش بنکه‌فراوان ده‌بێت یان نا؟ ئارى هه‌رسین: ده‌رگاى دانوستان بۆ هه‌موو حزبه‌کان ده‌کرێته‌وه به‌بێ جیاوازى، به‌ڵام ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حه‌زى گۆڕان که ئایا ده‌یه‌وێت به‌شداربێت یان نا. هاوڵاتی: پارتى حه‌زده‌کات گۆڕان به‌شداربێت؟ ئارى هه‌رسین: پارتى حه‌زده‌کات کابینه‌ى ئه‌مجاره سه‌قامگیر بێت، ئه‌و کارنامه‌یه‌ى که ده‌یبێت کارنامه‌ى خزمه‌تگوزاریی خه‌ڵکى کوردستان بێت، هه‌ر که‌س له‌و چوارچێوه‌یه‌دا خۆى ده‌بینێت به‌خێر بێت. ئه‌وه‌ش هه‌مووى به‌ستراوه‌ته‌وه به مێزى دانوستان و گفتوگۆوه. هاوڵاتی: وه‌کو پێشبینى خۆت کابینه‌ى نۆیه‌م بنکه‌فراوان ده‌بێت یان هه‌ر پارتى و یه‌کێتى پێکه‌وه پێکیده‌هێنن؟ ئارى هه‌رسین: ته‌سه‌ور ده‌که‌م پارتى و یه‌کێتى و لایه‌نى تریشى تێدا بێت، پێویستیش ناکات هه‌موو لایه‌نه‌کانى تێدا بێت، ئه‌مه به‌س له‌وڵاتى ئێمه هه‌یه که‌هه‌موو لایه‌نه‌کانى تێدایه، که‌هه‌مووى به‌شداربوو تۆ هیچ ئۆپۆزسیۆنێکت نابێت ئه‌وه‌ش خراپه، چیى تێدایه با کۆمه‌ڵ و گۆڕان و یه‌کگرتوو و نه‌وه‌ى نوێ ئۆپۆزسیۆن بن، خۆ دنیا خراپ نابێت. هاوڵاتی: به‌ڵام به‌شێک له‌و لایه‌نانه باس له‌وه‌ده‌که‌ن ڕه‌نگه هه‌ر بایکۆتى پڕۆسه‌ى سیاسی بکه‌ن؟ ئارى هه‌رسین: با بیکه‌ن به‌یانیان بچن بۆ موزاههرهو ئێوارانیش بێنه‌وه ماڵه‌وه و دوو رکات نوێژ بکه‌ن و نانێک بخۆن و بنون. هاوڵاتی: به‌ڵام ئه‌وان ده‌ڵێن بایکۆتکردنى پڕۆسه‌ى سیاسی نیشانه‌ى پرسیار له‌سه‌ر حکومه‌ت و پڕۆسه‌ى سیاسی دروستده‌کات؟ ئارى هه‌رسین: ئه‌مان به‌شدارى نه‌که‌ن هیچ ڕوونادات، دوو ڕۆژ دواى دروستبوونى کابینه‌که له‌ئه‌مریکاوه تا ئێران پیرۆزبایی له‌ئێمه ده‌که‌ن، دوه‌لى عه‌ره‌بی و تورکیا و ئێرانیش و هیچ نیشانه‌یه‌کى پرسیار له‌سه‌ر پڕۆسه‌ى سیاسی دروستنابێت، هه‌روه‌ک چۆن قسه‌که‌ى مه‌لا به‌ختیار که وتى یه‌ک کورسی بێنین یان 10 وه‌کو یه‌ک وایه و هیچ کاریگهریهکیشى له‌سه‌ر پڕۆسه‌ى سیاسی دروستنهکردو هیچ وڵاتێک نههاتهسهر خه‌ت بڵێت ئه‌وه چۆن ده‌بێت.
سه‌روه‌ر خه‌لیل دوای تێپه‌ڕبوونی ساڵێک به‌سه‌ر رووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌ردا، دۆخی ئه‌منی که‌رکوک به‌ناجێگیری ماوه‌ته‌وه، به‌شێک له‌هاوڵاتیان و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاش جه‌خت له‌وه ده‌که‌نه‌وه که‌ئه‌و دۆخه‌ی له‌که‌رکوکدا هه‌یه نیگه‌رانی بۆ هاوڵاتیان دروستکردووه، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی شاره‌که‌ش دۆخی ئه‌منی که‌رکوک به«ماستی مه‌ییو» ده‌شوبهێنێت. ساڵێک تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر رووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌ردا، له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ندێک له‌و هێزانه ناوچه‌که‌یان به‌ڕێوه‌بردوه که خه‌ڵکى که‌رکوک نه‌بوون، ئه‌مه‌ش بۆته هۆى ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی رووداوه ئه‌منییه‌کانى شاره‌که. ئازاد جه‌باری، سه‌رۆکی لیژنه‌ی ئه‌منییه له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک، ئه‌و پێیوایه که‌دۆخی ئه‌منی شاره‌که له‌دوای رووداوه‌کانی شانزده‌ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه ئاڕاسته‌یه‌کی سلبی وه‌رگرتووه، ئه‌و ده‌ڵێت «هه‌ڵکوتانه سه‌ر ماڵان و راوڕووت له‌که‌رکوکدا په‌ره‌ی سه‌ندووه«. ماوه‌ى ساڵێکه دۆسیه‌ی ئه‌منی به‌ده‌ستی هێزی سوات و هێزی دژه‌تیرۆری عێراقیهوهیهو فه‌رمانده‌ی ئه‌و هێزه کراوه‌ته فه‌رمانده‌ی ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی که‌رکوک، که پێش رووداوه‌کانى 16ی ئۆکتۆبه‌ر دۆسیه‌که لیژنه‌ی ئه‌منی سه‌ر بەپارێزگار بوو. ئاوات محه‌مه‌د، ئه‌ندامێکی بێلایه‌نه له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک و له‌نزیکه‌وه چاودێری ره‌وشی سیاسی و ئه‌منی که‌رکوکه، ئه‌و ده‌ڵێت «به‌دڵنیاییه‌وه دۆخی ئه‌منی که‌رکوک به‌ره‌و سلبی رۆیشتووه«. وتیشی «ئێستا کۆمه‌ڵێک هێزی زۆر له‌شاره‌که هه‌ن که نایانناسێت، جگه له‌وه‌ی که پێشمه‌رگه‌و ئاسایش له‌که‌رکوک نه‌ماون، هێزه‌کانى تر هیچ رۆڵێکیان نییه‌و رێگر نه‌بوون له ته‌قینه‌وه‌و دۆخی ئه‌منی ناجێگیره‌و کوشتن و رفاندن هه‌یه«. ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا مه‌ترسی خۆى نیشاندا له‌وه‌ى که رووداوه‌کانی کوشتنی رێکخراو که له‌شاره‌کانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق هه‌یه بگاته که‌رکوک، بۆ ئه‌وه‌ش نموونه‌ی ده‌ستگیرکردنی چالاکوانانی مه‌ده‌نی که‌رکوک ده‌هێنێته‌وه، که دواترینیان ده‌ستگیرکردنی ئه‌دهه‌م جومعه بوو که چالاکوانێکی مه‌ده‌نی و هاوکات سه‌رۆکی بزوتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریی بوو به‌ناوی بزوتنه‌وه‌ی مافی کورد. ئه‌مه له‌کاتێکدایه که له‌دوای رووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه سه‌رۆکی لیژنه‌ی ئه‌منی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا که کورده له‌کۆبوونه‌وه‌کانی لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی پارێزگاکه به‌شداری پێنه‌کراوه‌و له‌جیاتی ئه‌و ئه‌ندامێکی عه‌ره‌بی لیژنه‌که وه‌ک نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌شداری له‌کۆبوونه‌وه‌کان ده‌کات. ئاوات ده‌ڵێت «لیژنه‌ی ئه‌منی ئه‌نجومه‌ن ئێستا هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌و پارێزگار به‌ئاره‌زووی خۆی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ که‌سێک ده‌کات، ئه‌گه‌ر نا سه‌رۆکی لیژنه‌ی ئه‌منی ئه‌نجومه‌ن بۆ هیچ کۆبوونه‌وه‌یه‌ک بانگ ناکرێت». به‌وته‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌ن، کێشه‌ی که‌رکوک کێشه‌یه‌کی سیاسییه به‌ر له‌وه‌ی کێشه‌ی ئه‌منیی بێت، ده‌ڵێت «پێویسته بارودۆخی سیاسی که‌رکوک ئاسایی بکرێته‌وه، ئه‌ویش په‌یوه‌سته به‌گفتوگۆی نێوان به‌غداو کورده‌وه، ئێستاش کورد له‌هه‌موو کات پهرتهوازهتره«. به‌ڵام ئه‌فراسیاو کامیل، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پۆلیسی پارێزگای که‌رکوک، جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که «دۆخی ئه‌منی که‌رکوک هێنده باشه، وه‌کو ماستی مه‌ییو وایه«. ئه‌فراسیاو کامیل به‌هاوڵاتی وت «راسته له‌ڕووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌ر هاووڵاتیانی کورد شاره‌که‌یان جێهێشت، مه‌ترسی ئه‌وه‌یان هه‌بووه که که‌رکوک وه‌کو دووزخورماتووی لێبێت، به‌ڵام ئێمه له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی که‌رکوک خه‌ڵکمان دڵنیاکرده‌وه که ئێمه هه‌مووان ده‌پارێزین، له‌دوای 16ی ئۆکتۆبه‌ریشه‌وه دۆخی ئه‌منی زۆر باشه‌و له‌ژێر کۆنتڕۆڵدایه، هێزه‌کانی دژه‌تیرۆری عێراق سه‌رپه‌رشتی دۆسیه‌ی ئه‌منی که‌رکوک ده‌که‌ن و هه‌ماهه‌نگن له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی پۆلیس». ئه‌و نایشارێته‌وه که رووداوی دزیکردن و هه‌ڵکوتانه‌سه‌ر ماڵان، دڵه‌ڕاوکێی بۆ خه‌ڵک دروستکردووه، وتى «راسته دزی و هه‌ڵکوتانه سه‌رماڵان هه‌بووه، هه‌وڵدان بۆ کوشتن و رفاندنی خه‌ڵک هه‌بووه، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ریشدا رێوشوێن گیراوه‌ته به‌ر، له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابردوودا دوو باندی دزیکردن و هه‌ڵکوتانه سه‌ر ماڵان و باندێکی دزینی ماتۆڕسکیلی سێ تایه هه‌بووه«. له‌به‌رامبه‌ر ته‌قینه‌وه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی شاره‌که‌وه وته‌بێژه‌که‌ی پۆلیس ده‌ڵێت «ته‌قینه‌وه‌ش هه‌بووه که‌چی کاتژمێرێک دواتر ئه‌نجامده‌رانی ته‌قینه‌وه‌کان ده‌ستگیرکراون و دانیان به‌تاوانه‌کانیاندا ناوه‌و کۆمه‌ڵێک که‌ره‌سته‌ی ته‌قینه‌وه‌شیان پێبووه‌و دراونه‌ته دادگا». ئاماره‌کانی پۆلیس ده‌ریده‌خه‌ن له‌ماوه‌ی 8 مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا 80 حاڵه‌تی کوشتن له‌که‌رکوک و ده‌وروبه‌ری تۆمارکرون که ئه‌نجامده‌ری 60 تاوانیان ده‌ستگیرکراون، هاوکات 611 حاڵه‌تی دزی تۆمارکراون و به‌و هۆیه‌شه‌وه زیاتر له 400 که‌س ده‌ستگیرکراون.
ئارا ئیبراهیم ئه‌ندامێکى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئاماژه به‌وه ده‌دات کۆنفرانسى نیشتمانى ئه‌نجامده‌درێت و هه‌موو ئۆرگانه‌کان ده‌گرێته‌وه‌و لێکۆڵینه‌وه لهکهمبونهوهى ده‌نگه‌کانى گۆڕانیش ده‌که‌ن. ئاراس وه‌لى، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى گۆڕان له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت»گۆڕانکارى ده‌کرێت و ماوه‌یه‌کى تر بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان کۆنفرانسى نیشتمانى ده‌به‌ستێت و هه‌موو ئۆرگانه‌کانى گۆڕان رێکده‌خه‌ینه‌وه و دیراسه‌ى ده‌نگه‌کانمان ده‌که‌ین که بۆ که‌مى کردووه«. به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى هاوڵاتی، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له رێکخه‌رى گشتیی و خانه‌ى راپه‌ڕاندن و جڤاتى گشتى و جڤاتى نیشتمانى گۆڕانکارى ئه‌نجامده‌دات تا ئاستى خواره‌وه‌ى رێکخستنه‌کانى که به رایه‌ڵه ناوده‌برێت و زۆربه‌ى باژێروانهکانیش گۆڕانکارى تێدا ده‌کرێت به‌تایبه‌ت ئه‌و ناوچانه‌ى که‌زۆرترین ده‌نگى گۆڕان که‌مى کردووه له هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستاندا. له‌درێژه‌ى ئه‌و گۆڕانکاریانه‌دا چه‌ند ئه‌ندامێکى خانه‌ى راپه‌راندن ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه ده‌ستبه‌ردارى خانه‌ى راپه‌راندن ببن که بریتین له(محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم، جه‌لال جه‌وهه‌ر، جه‌مال محه‌مه‌د) بۆ ئه‌وه‌ى گه‌نجه‌کانى ناو گۆڕان بچنه شوێنه‌کانیان. هاوکات، ئه‌وه‌ش باسکراوه که رێکخه‌رى گشتى ده‌ستله‌کاربکێشێته‌وه‌و که‌سێکى تر بچێته شوێنه‌که‌ى. چه‌ند بۆچونێک له‌ناو گۆڕاندا درووستبووه که پێیانوایه ئه‌م خۆرێکخستهوهیه بۆ دورخستنه‌وه‌ى ده‌نگه ناڕازییه‌کانی ناو بزوتنه‌وه‌که بێت. ئه‌م هه‌نگاوانه‌ى گۆڕان دواى پاشه‌کشه‌ى دێت له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستاندا ده‌یه‌وێت له‌م رێگه‌یه‌وه جارێکى تر خۆى نوێ بکاته‌وه. دانا عه‌بدولکه‌ریم، ئه‌ندامى ژورى حکومه‌ت و په‌رله‌مان له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت «به‌پێى ده‌ستور گۆڕانکارى ده‌که‌ین، هه‌ڵبژاردنه ناوخۆییه‌کان ئه‌نجام ده‌درێت له نزیکترین ده‌رفه‌تدا کۆنفرانسى نیشتمانى ده‌به‌ستین و رێکاره‌کانى خۆڕێکخسته‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌ین». ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد، ژوورى هه‌ڵبژاردنى گۆڕان ئاماده‌کارییه‌کان ده‌کات، به‌ڵام پاش کۆتایى هاتنى ده‌رئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن ناکرێت به دوو بابه‌ته‌وه سه‌رقاڵ بێت. وتیشى «له‌گه‌ڵ ته‌واوبونى بابه‌تى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان و ده‌رئه‌نجامه‌کان کۆتایى، ئه‌وکاته به‌ماوه‌یه‌کى که‌م هه‌رکاتێک ژورى هه‌ڵبژاردن ئاماده‌کارى ته‌واو کرد هه‌ڵبژاردنى ناوخۆیى ده‌ستپێده‌که‌ین». ده‌رباره‌ى ئه‌وانه‌ى زویر بوون له‌گۆڕان یان ره‌خنه له ئه‌داى به‌ڕێوه‌بردنى بزوتنه‌وه‌که ده‌گرن، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ژورى حکومه‌ت و په‌رله‌مان وتى «دوو جۆر زویر هه‌یه که به‌شێکیان داواکارییه‌کانیان له‌سه‌ر حه‌قه و ئه‌مانه ده‌کرێت قسه‌یان له‌گه‌ڵ بکرێت». هه‌روه‌ها وتى «به‌ڵام مهجموعهیهن هه‌یه به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان ده‌خوێننه‌وه، ئه‌گه‌ر داواکاری یا کێشه‌کان ده‌که‌نه ره‌خنه‌و له‌فه‌یسبوک بڵاویده‌که‌نه‌وه و گۆڕان له‌فه‌یسبوکه‌وه هه‌ڵناسێته‌وه، به‌ڕاستى ئه‌مانه زویر نین و پۆپۆلیستین، ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر حسابى گۆڕان ناو‌و ناوبانگى خۆیان گه‌وره بکه‌ن».
ئارا ئیبراهیم هه‌رچه‌نده تائێستا ئه‌نجامى کۆتایى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان به فه‌رمى له‌لایه‌ن کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه ئه‌نجامنه‌دراوه، به‌ڵام له‌ئێستادا باس له سێ سیناریۆ ده‌کرێت بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت، که به‌هێزترینیان پارتى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى و گۆڕان حکومه‌ت پێکده‌هێنێت. به‌پێی ئه‌نجامه به‌راییه‌کانى هه‌ڵبژاردن، هه‌ریه‌که لهپارتى دیموکراتى کوردستان و یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان که بهقلهى یه‌که‌م و دووه‌م و سێیه‌م دێن له‌سه‌رووى 75 کورسی په‌رله‌مانیان به‌رده‌که‌وێت و حزبه‌کانی تریش که‌متر له 25 کورسیان به‌ده‌ستهێناوه. نورى حمهعهلى، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى پارتى ئاماژه به‌وه ده‌دات به‌هێزترین سیناریۆى پێکهێنانى حکومه‌ت به‌پێى ئه‌مرى واقع (دیفاکتۆ) پارتى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى و گۆڕان حکومه‌ت پێکده‌هێنێت. نورى حه‌مه عه‌لى، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى پارتى له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت «پارتى زۆر به ئاسانى ده‌توانێت له‌گه‌ڵ مه‌زهه‌به‌کانى تر تورکمان و مه‌سیحى 50+1 په‌رله‌مانى هه‌بێت، ئه‌گه‌ر نه‌وه‌ى نوێ که جارێ له‌سه‌ر پهتهکهن ده‌ڵێن به‌شدارى په‌رله‌مان ناکه‌ین ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌وکاته کورسیه‌کانى پارتى ده‌بێته 48 کورسى به‌ئاسانى ده‌توانین حکومه‌ت پێکبهێنین». وتیشی «خۆزگه‌مان ده‌خواست پارتى ژماره‌ى کورسیه‌کانى به‌ته‌نها بگه‌شتایه‌ته 56 کورسى بۆ ئه‌وه‌ى به‌ته‌نها حکومه‌ت پێکبهێنین، بۆ خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام نه‌ک پارتى هه‌ر لایه‌نێکى تر 50 زائید یه‌کى په‌رله‌مانى هه‌بێت بتوانێت حکومه‌ت پێکبهێنێت خۆ ناکرێت هه‌موو جارێک له‌به‌ر ئه‌مرى واقع کار نه‌که‌ین، خۆزگه ئه‌مرى واقیعمان تێپه‌ڕاندایه«. هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد، له‌به‌رئه‌وه‌ى هێشتا ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن به‌فه‌رمى رانه‌گه‌یه‌ندراوه نازانن قه‌باره‌ى کورسى لایه‌نه‌کان به‌ته‌واوى چه‌نده، به‌ڵام ئه‌وه‌ى که هه‌یه «پارتى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى و گۆڕان حکومه‌ت پێکده‌هێنێت، به‌ڵام ناکرێت ئه‌وه‌ى به‌شدارى حکومه‌ت ده‌کات بۆ ده‌نگ کۆکردنه‌وه پارتى خه‌تابار بکات و له‌نیوه‌ى رێگه حکومه‌ت جێبهێڵێت». به‌پێى به‌دواداچونى هاوڵاتی، سێ سیناریۆ بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت له‌نێو پارتى گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌کرێت که یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه پارتى حکومه‌ت پێکبهێنێت له‌گه‌ڵ یه‌کێتى به‌پێى قه‌باره‌ى کورسیه‌کانى به به‌شداریی له‌گه‌ڵ تورکمان و مه‌سیحیه‌کان. سیناریۆى دووه‌م که به‌هێزترینیانه، پارتى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى و گۆڕان حکومه‌ت پێکبهێنێت و تورکمان و مه‌سیحیه‌کانیش هه‌ر یه‌که‌یان وه‌زاره‌تێکیان پێبدرێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌کۆى 111 کورسى په‌رله‌مان زیاتر له 90 کورسى په‌رله‌مان به‌شداربن له حکومه‌تدا و هه‌ریه‌که له کۆمهڵو یهکرگرتووى ئیسلامى و نه‌وه‌ى نوێ له‌ده‌ره‌وه‌ى حکومه‌ت بن ته‌نها 20 بۆ 21 کورسى په‌رله‌مان ببنه ئۆپۆزسیۆن. هه‌روه‌ها باس له سیناریۆى سێیه‌میش ده‌کرێت که به‌لاوازترین سیناریۆ داده‌نرێت که حکومه‌تى بنکه فه‌راوان وه‌ک کابینه‌ى هه‌شته‌م پێکبهێندرێت، به‌ڵام زۆرینه‌ى پارتى له‌گه‌ڵیدا نییه. نورى حه‌مه عه‌لى، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى پارتى وتى «پارتى حکومه‌تى بنکه فراوان و یه‌کڕیزى نیشتمانى تاقى کرده‌وه، هه‌ر یه‌که‌و به نسبه‌یه‌ک باشى و سلبیاتى خۆى هه‌بووه، به‌ڵام خۆ ناکرێت که حکومه‌ت پێکهات هه‌مووى تێیدا به‌شدار بێت». ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه حکومه‌تى یه‌کڕیزى نیشتمانى شکستى هێناوه‌و ئه‌مجاره حکومه‌تى زۆرینه پێکده‌هێندرێت. فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان له لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت «ئێمه ده‌مانه‌وێت حکومه‌تى راسته‌قینه به شه‌راکه‌تى راسته‌قینه بێت و بڕیاره‌کان به‌هاوبه‌شى بدرێت هه‌موومان به‌رپرس بین له‌و سیاسه‌ته‌ى ئه‌م حکومه‌ته پیاده‌ى ده‌کات». هه‌روه‌ها فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، باسى له‌وه‌شکرد که سێ بژارده له‌به‌رده‌ستدایه، که یه‌که‌میان حکومه‌تى یه‌ک حزبى پێکبهێندرێت که ئه‌مه کاتى نه‌هاتووه و ئه‌مه حکومه‌تى شکستخواردوو ده‌بێت» بژارده‌ى دووه‌م یه‌کڕیزى نیشتمانى پێکبهێنین ئه‌مه‌شیان تاقى کراوه‌ته‌وه‌و هه‌ر شکستى هێناوه، به‌ڵام بژارده‌ى سێیه‌م که حکومه‌تى زۆرینه‌یه و له‌و لایه‌نانه پێک‌بێت که زۆرترین ده‌نگیان هه‌یه دوو حزب تا سێ حزب ده‌رفه‌تێکه هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان باشتر ده‌بێت نه‌ک شه‌ش بۆ حه‌وت حزبدا». ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى ئایا یه‌کێتى ره‌زامه‌ند ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌پێى قه‌باره‌ى کورسیه‌کانى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بکرێت، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى ده‌ڵێت ئه‌وه له‌به‌رچاو ده‌گیرێت که هه‌ر لایه‌نه‌و چه‌ند کورسى به‌ده‌ستهێناوه، به‌ڵام مه‌رجیش نییه به شێوه‌یه‌کى ره‌ها له‌به‌رچاو بگیرێت. له‌باره‌ى سیناریۆى دانانى دوو جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت که یه‌کێکیان بۆ یه‌کێتى و ئه‌وى دیکه بۆ گۆڕان بێت بۆچونیان چیه، فه‌رید وتى «ئه‌مه وه‌کو لێدوانى رۆژنامه‌وانیى بڵاوکراوه‌ته‌وه‌و به‌شێوه‌ى فه‌رمى نییه، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ى فه‌رمى باس بکرێت ئه‌گه‌ر ئه‌م پێشنیاره‌مان پێ باش بوو پشتگیرى ده‌که‌ین له‌کۆبونه‌وه‌ى پێکهێنانى حکومه‌تدا، ئه‌گه‌ر رهتیشیبکهینهوه له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا هه‌ڵوێستمان ده‌بێت». بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان یه‌کێکه له‌و لایه‌نانه‌ى ناوى ده‌هێندرێت بۆ به‌شداریکردنى له حکومه‌تى نوێ که به‌کابینه‌ى نۆیه‌م ناسراوه، ئه‌ندامێکى ژورى حکومه‌ت و په‌رله‌مانى بزوتنه‌وه‌که ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ده‌نگه حهقیقیهکانیان بۆ بگه‌ڕێته‌وه ئه‌وا باشتره به‌شدارى حکومه‌تى هه‌رێم بکه‌ن. دانا عه‌بدولکه‌ریم، ئه‌ندامى ژوورى حکومه‌ت و په‌رله‌مان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت «ئه‌گه‌ر ده‌نگه ساخته‌کانى هه‌ڵبژاردن لاببرێن که زۆر زیاتره له‌و 227 سندوقه‌ى که باس ده‌کرێت گۆڕان ده‌نگه حهقیقیهکانى لانى که‌م نیوه‌ى بۆ بگه‌ڕێته‌وه باشتره به‌شدارى حکومه‌تى هه‌رێم بکات».
یاد قوربانی هەرچەندە هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق لە لایەن زۆرێک لە لێکۆڵەرەوە سیاسی و میدیا جیهانیەکان بە ئاڵۆز و پڕکێشە ناوزەند کرا، لە ئێستادا دەستنیشانکردنی پۆستە سیادیەکانی عێراق لە لایەن میدیا جیهانیەکانیەوە بە هەنگاوێکی ئەرێنی و نیشانەی داهاتوویەکی گەشتر بۆ عێراق دەبینرێت. لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (واڵستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکیدا بە مانشێتی (هەڵبژاردنەکەی عێراق خراپ دیاربوو بەڵام حکومەتە نوێکە لەمە باشتر نابێت) هاتوە کە بە پێچەوانەی پێشبینیەکانیەوە پۆستە سیادیەکانی عێراق بۆ کەسی لێهاتوو و دوور لە تایەفەگەری بوە. سەرکردە نوێکانی عێراق لە چاوی جیهانەوە ڕۆژنامە ئەمریکیەکە بەرهەم ساڵح بە سەرکردەیەکی چالاک و نوێگەر و گۆڕانخواز لەقەڵەمدەدات و دەڵێت وەک سەرکردەیەک بەرهەم ساڵح کاری بۆ پێشخستنی دیموکراسی و دابینکردنی هەلی کار و پێشخستنی ئابوری کردوە. لە بارەی عادل عەبدولمەهدیی ڕاسپێردراوی سەرۆک کۆمار بۆ پێکهێنانی حکومەتیش، ڕۆژنامە ئەمریکیەکە عەبدولمەهدی وەک دەوڵەتمەدارێکی میانڕەو و عەمەلی و هێور ناودەبات کە "ڕەنگە لە لایەن هەموو هاوڵاتیەکی عێراقیەوە خاوەن ڕێزبێت" کە ئەمەش بە دەستکەوتێکی دەگمەن ناوزەند دەکات لە نێو سەرکردە عێراقیەکاندا. دوو کێشە بەرۆکی حکومەتە نوێکەی عێراقی گرتوە ڕۆژنامە ئەمریکیەکە دوو کێشەی خستۆتە ڕوو کە بەرۆکی حکومەتە نوێکەی عێراقی گرتوە، دەڵێت: "گەندەڵی بەربڵاو و پەرلەمانێکی دابەشبوو و کەمی ڕێژەی بەشداربوان وایکرد هەڵبژاردنەکەی مانگی پێنجی عێراق بە ئەرێنی تەماشانەکرێت، بەڵام ئەم دەرئەنجامەی ئێستا دەبێت هیوابەخشبێت بۆ داهاتووی عێراق." دوو کێشە سەرەکیەکەی ڕووبەڕووی حکومەتی نوێش دەبێتەوە ئەم دووانەن: یەکەم کێشە: گەندەڵی، ناکارایی و بەبەردبوونی حکومەتەکانی عێراق ڕۆژنامە ئەمریکیەکە ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئابوری عێراق هێشتا لە بارێکی دژواردایە و حکومەتی عێراقیش نەیتوانیوە هیچ کردارێکی ئەرێنی هەبێت. بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان لە باشوری وڵات ڕەنگە پەنگ بخوات و دەرئەنجامەکەی شۆڕشێکی نوێ یاخود شەڕێکی ناوخۆی نوێبێت لە عێراقدا. حکومەتەکەی عەبادیش هەرچەندە هەوڵیاندا نەیانتوانی ئەم کێشەیە کەمبکەنەوە، هۆکاری ئەمەش لە لایەن واڵ ستریت جۆرناڵەوە بۆ ئەوە گێردراوەتەوە کە سیستەمی سیاسی لە عێراق خۆی بەرژەوەندە لە گەندەڵی و لەبەر ئەمە هەوڵەکانیان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی دژی خۆیانە، "حیزبەکانی عێراق وەزارەتەکان لە نێوان خۆیاندا دابەشدەکەن و دواتر بۆ سپۆنسەر کردن و پاڵپشتی ئەجێندای حیزبەکانی خۆیان بەکاریدێنن و هەر واش سامانی نەوتی وڵات دابەش دەکەن. هەموو حیزبەکان بە ڕاستەوخۆ بەرژەوەندیان لەم ڕێکەوتنانەدا هەیە و لەبەر ئەمە کەس هەوڵی نەهێشتنی گەندەڵی نادات، هەر کەسێکیش ویستی دژە گەندەڵی هەبێت دژایەتی دەکرێت." تەنها چارەسەریش کە لە لایەن واڵ ستریت جۆرناڵەوە خراوەتە ڕوو ئەوە سەرۆک وەزیرانێکی هێندە بەهێز لە عێراقدا بوونی هەبێت کە بتوانێت بێ گوێدانە بەرژەوەندی حیزبەکان کار بۆ ڕیفۆرمی سیاسی بکات. بەڵام عادل عەبدولمەهدیش وەک سەرۆک وەزیرانەکانی پێش خۆی بەرهەمی تەوافوق و ڕێکەوتنی سیاسیە و دەستکراوە نیە لە کارکردن‌دا. دوەم کێشە: ئێران لەمەش وردتر کێشەکە سیاسەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایە بەرانبەر بە ئێران کە فشارێکی ئابوری زۆری خستۆتە سەر تاران. بە پێی ڕاپۆرتەکە واشنتۆن ئەو ڕاستیەی پشتگوێ خستوە کە تا فشاری ئابوری لەسەر ئێران زیاتر بکات ئەو وڵاتە هانا بۆ عێراق دەبات تا ئابوریەکەی بگەشێنێتەوە، ئەمەش بە واتای زیادبونی مامەڵەی دارایی لەگەڵ عێراق کە کاری قاچاغ و ئاڵوگۆڕی نایاسایی دراویش لەخۆ دەگرێت. "لەبەر ئەم هۆکارەیە کە تاران بەغدادێکی بێ هێز و گەندەڵی پێ باشە، حکومەتێکی گۆڕانخوازی بەهێز ئەم چەواشەکاریانەی ئێران قبوڵناکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، پلانێکی باش داڕێژراو بۆ فشارخستنە سەر ئێران دەبێت بەهێزکردنی عێراق لەخۆبگرێت. بەڵام ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئامادەنەبوە عێراق بکات بە بەشێک لە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرانبەر ئێران." بۆ فشارخستنە سەر ئێران ئەمریکا دەبێت ئەم سێ پلانە لە عێراق جێبەجێ بکات جێگیرکردنی پێنج بۆ دە هەزار سەربازی ئەمریکی لە عێراق بۆ دڵنیایی دان بە عێراقیەکان کە هیچ هێزێک بە هێزەکانی سوپای عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبیشەوە ناتوانن توند و تیژی بەکاربێنن بۆ مەرامی سیاسی خۆیان. هاوکاریەکی دارایی بەرچاوی جێگیری حکومەتی عێراق بکات ساڵانە بە بڕی یەک بۆ دوو ملیار دۆلار ساڵانە بۆ ماوەی پێنج ساڵ. ئەم هاوکاریە بەرپرسیارێتی مامەڵەپێکردنی بدرێت بە سەرۆک وەزیران و یارمەتیدەربێت بۆی لە پێناو دژایەتیکردنی گەندەڵی و سستی حکومەت و بتوانێت سودی دارایی شەرعی بۆ هاوڵاتیان دابینبکات. کارکردن لەگەڵ بەغداد بۆ دەستنیشانکردن و جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەک لە میانەی دوو ساڵی داهاتوودا کە کێشە و گرفتە هەنوکەییەکانی هاوڵاتیانی عێراق بکاتە ئامانج. ئەمە گرنگیەکی تایبەتی هەیە و نیشانی گەلی عێراقی دەدات کە حکومەتە نوێکەی وڵاتەکەیان لە کێشە و گرفتەکانیان تێدەگات و هەوڵ دەدات کوالیتی ژیانیان باشتر بکات. ئەمە تەنها ڕێگەیە بۆ قەناعەتپێکردنی دەنگدەرانی عێراق کە حکومەتەکەیان پێویستی بە کاتی زیاترە تا بەردەوامبێت لە پرۆژە و چاکسازی لەم جۆرە و گۆڕانکاری ڕیشەیی بکات بەرەو وەرچەرخانێکی ئابوری و سیاسی لە عێراق. لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە ئەمریکا لە دوای ٢٠٠٣ وە چەندین جار سەرکەوتنی سەربازی گرنگی تۆمارکردوە بەڵام دواتر دەستکەوتەکانیان لەدەستداوە چونکە نەیانتوانیوە کێشەکانی ئاشتی چارەسەربکەن، "دووبارە عێراق لە لێواردایە. بە موعجیزە، پرۆسەی سیاسی ئەم جارە سەرکردایەتیەکی خولقاندوە کە دەتوانن هەوڵبدەن وڵاتەکە بەرەو ئاراستەیەکی ڕاستدا بەرن. ئەمەش پێدەچێت دواین و باشترین هەلبێت بۆ ڕزگارکردنی عێراق و ڕێگری لەوەی ئەمریکا دووبارە لەشکرکێشی سەربازی بکاتەوە سەر ناوچەکە. بەڵام لە ئێستادا، عێراقیەکان بێ ئەمریکا ناتوانن بە تەنها ئەم پلانی ڕیفۆرمی سیاسی و ئابوریە جێ بەجێبکەن.
سازدانی: ئارا ئیبراهیم عه‌بدوڵا مه‌لا نورى هه‌ڵسوڕاوى گۆڕان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، خانه‌ى ڕاپه‌راندن و ڕێکخه‌رى گشتى گۆڕان نایانه‌وێت پاشه‌کشه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستاندا له‌ئه‌ستۆ بگرن. له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ هاوڵاتی، عه‌بدوڵا مه‌لا نورى باس له‌وه‌ده‌کات، کوڕه‌کانى کاک نه‌وشیروان زیاتر له‌هه‌مویان ده‌توانن رۆڵیان هه‌بێت له به‌جوانى هێشتنه‌وه‌ى پرۆژه‌ى گۆڕان وه‌ک دواهه‌مین پڕۆژه‌ى کاک نه‌وشیروان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌نه‌فه‌سى ئه‌و ماوه‌یه‌ى رابردوو کاربکه‌ن ئه‌وا گه‌وره‌ترین گورز لهپڕۆژهى گۆڕان ده‌ده‌ن. باس له‌وه‌شده‌کات، له‌دواى وه‌فاتى نه‌وشیروان مسته‌فاوه پڕۆسه‌ى بڕیار له‌ناو گۆڕاندا تێکچووه‌و خه‌ڵک هه‌یه له‌ده‌ره‌وه‌ى ئۆرگانه‌کانى گۆڕانه‌و بڕیارده‌دات. هاوڵاتی: بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌ماندا به‌پێى ده‌رئه‌نجامه به‌راییه‌کان ده‌نگى که‌مى کردووه؟ بۆچى؟ عه‌بدوڵا مه‌لا نورى: ئه‌مجاره‌ش له 30 ئه‌یلولدا وه‌ک جاره‌کانى تر ساخته‌کاریى کراوه، پارتى و یه‌کێتى ئه‌گه‌ر ساخته‌کاریان لێبکه‌یته‌وه دوو هێزى بچوکن، به‌ڵام ئه‌وه به‌و مانایه نایه‌ت که گۆڕان ده‌نگه‌کانى که‌مى نه‌کردبێت. گۆڕان له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانى پێشتر نزیکه‌ى 500 هه‌زار ده‌نگى هێناوه ئێستا دابه‌زیوه بۆ نزیکه‌ى 200 هه‌زار ده‌نگ، واتا نزیکه‌ى 300 هه‌زار ده‌نگده‌ر یان ئێمه‌یان بایکۆت کردووه یان ده‌نگیان به‌هێزى تر داوه، ئه‌م 300 هه‌زار که‌سه گۆڕانیان سزاداوه، کۆمه‌ڵێک هۆکار له‌پشتى ئه‌وه‌وه هه‌یه. به‌و بێهیواییهى ده‌سه‌ڵات دروستیکردووه به‌شێکیشى په‌یوه‌ندى به‌و بێهیواییه‌وه هه‌یه که‌خودى گۆڕان دروستیکردووه. ده‌سه‌ڵات به‌ساخته‌کارى ئامانجى ئه‌وه‌یه که‌خه‌ڵک بێهیوا بکات و له‌گرنگى هه‌ڵبژاردن که‌مبکاته‌وه. له‌دواى کۆچى دوایى کاک نه‌وشیروان قیاده‌ى گۆڕان سه‌رکه‌وتوو نه‌بون، لاواز بون، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى له ئاستى خواره‌وه پشتیوانییه‌کى گه‌وره کران و ده‌رفه‌تى گه‌وره‌و متمانه‌یان پێدرا، هه‌تا له‌کاتى هه‌ڵبژاردنی ئه‌و تیمه خه‌ڵکانێک قوربانیان به‌خۆیاندا، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌ئاستى ئه‌و چاوه‌ڕوانییانه‌دا نه‌بوون. هاوڵاتی: ئایا ئه‌و شتانه‌ى که رویانداوه گوتاری سیاسى گۆڕانی لاواز نه‌کردوه؟ عه‌بدوڵا مه‌لا نورى: گۆڕان به‌رنامه‌یه‌کى سیاسى روونى هه‌یه، به‌ڵام تهرجومهکاران و ئه‌وانه‌ى ئه‌م په‌یامه‌یان به‌جه‌ماوه‌رى گه‌یاندووه توشى جۆرێک لهسهرلێشێوان هاتوون، به‌که‌موکورتیه‌وه په‌یامه‌که گه‌یاندراوه دژیه‌کى و لادانى تێدابووه‌و به‌شه‌رمه‌وه باسکراوه ئه‌مه بێمتمانه‌یى لاى جه‌ماوه‌رو ده‌نگده‌رى گۆڕان دروستکرد. له‌پرسى خۆپیشانداندا گۆڕان هه‌موو کات ده‌یوت پشتیوانى له‌خۆپیشانده‌ران ده‌که‌ین، به‌ڵام بۆ یه‌کجاریش گۆڕان نه‌یتوانى خۆى داواى خۆپیشاندان بکات و رابه‌رایه‌تى بکات. هاوڵاتی: بۆچى گۆڕان نه‌یتوانیوه خۆپیشاندان بکات و رابه‌رایه‌تى بکات؟ عه‌بدوڵا مه‌لا نورى: ئه‌مه به‌ده‌ر نییه له‌وه‌ى یان قیاده‌ى گۆڕان بڕواى به‌م خه‌باته مه‌ده‌نیه نه‌بووه یان گومانى له‌وه هه‌بووه که‌جه‌ماوه‌ر به‌ده‌نگییه‌وه نه‌یه‌ت یان ترساوه له‌وه‌ى جۆرێک لهپشێوى لێبکه‌وێته‌وه، به‌ڵام هه‌ر هۆکارێک له‌مانه بێت دیسان هه‌ڵه‌که لاى قیاده‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بووه، ئاخر ناکرێت که‌ڵک له‌م که‌ناڵه گرنگه‌ى فشار وه‌رنه‌گرێت که‌هێزى جه‌ماوه‌رییه. ناکرێت جه‌ماوه‌رى کوردستان نان‌بڕاو بکرێت و موچه‌ى ببڕدرێت تۆ نه‌توانى خودى جه‌ماوه‌ر وه‌کو که‌ناڵێکى به‌هێز بۆ خزمه‌تى جه‌ماوه‌ر به‌کاربهێنیته‌وه، ئه‌مه لاوازیه. هاوڵاتی: پێتوایه قه‌باره‌ى ساخته‌کاریى چه‌ند بووه که‌پارتى و یه‌کێتى پێ تۆمه‌تبار ده‌که‌یت؟ عه‌بدوڵا مه‌لا نورى: ناتوانم رێژه‌یه‌کى دیاریکراو ده‌ستنیشان بکه‌م، به‌ڵام ئه‌توانم بڵێم ئه‌گه‌ر یه‌کێتى و پارتى ساخته‌کارییان لێبکه‌یته‌وه دوو هێزی بچوکن و بێکاریگه‌رن و ئه‌و کورسیانه‌یان نابێت که‌ئێستا هێناویانه. هاوڵاتی: له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌پێى په‌یڕه‌و جڤاتى نیشتمانى گۆڕان ده‌سه‌ڵاتى بڕیاردانى هه‌یه، به‌ڵام جڤات بڕیار نادات و رێکخه‌رى گشتى و خانه‌ى راپه‌ڕاندن بڕیار ده‌ده‌ن که له‌وانه‌یه به‌دڵى جه‌ماوه‌رى گۆڕان نه‌بێت؟ عه‌بدوڵا مه‌لا نورى: ئه‌وه‌ى له‌ده‌ستورى گۆڕاندا هاتووه جڤاتى نیشتمانى ئۆرگانى باڵاى بریاردانه، له راستیدا ئینسان به‌ویژدانه‌وه قسه بکات له‌ماوه‌ى رابردودا جڤاتى نیشتمانى بڕیارى چاکى داوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ندێک جار خانه‌ى راپه‌ڕاندن و رێکخه‌رى گشتى وه‌کو پێویست پابه‌ند نه‌بوون به‌و بڕیارانه‌وه. هه‌ندێک جاریش پێویست بووه جڤاتى نیشتمانى کۆببێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى بڕیارێکى هه‌نوکه‌یى بدات، به‌ڵام کۆسپی له‌به‌رده‌مدا دروستکراوه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و بڕیاره نه‌درێت، ناڵێین ئه‌وانه‌ى رێگه‌یان گرتووه نیازى خراپیان هه‌بووه، به‌ڵام له‌ئه‌نجامدا ئه‌وه‌ى بڕیار ده‌دات تۆ نیت ئه‌وه جڤاتى نیشتمانییه. راستیه‌کیش هه‌یه بۆ مێژوو بیڵێین کاک نه‌وشیروان له‌ناو هه‌موو ئۆرگانه‌کانى گۆڕاندا دڵى به‌هه‌موویان خۆش بوو ئیشى له‌سه‌ر به‌هێزکردنى هه‌مویان ده‌کرد، به‌ڵام گرنگترین ئۆرگان جڤاتى نیشتمانى بوو وه‌کو دامه‌زراوه‌یه‌ک که نوێنه‌رایه‌تى کۆى ناوچه‌کانى کوردستان ده‌کات، که نوێنه‌رایه‌تى ده‌نگده‌رى جه‌ماوه‌رى راسته‌قینه‌ى گۆڕان ده‌کات له‌شارو قه‌زاو ناحیه‌کاندا، زۆر گرنگ بوو له‌دواى کاک نه‌وشیروان جڤاتى نیشتمانى بیتوانیایه ئه‌و بۆشاییه پڕ بکاته‌وه ئه‌وه نه‌کرا. ئه‌وه ماناى ئه‌وه نییه کهئهندامانى جڤات خۆیان به‌رپرس نین، خۆشیان زۆرجار دابه‌شبوون که‌وتونه‌ته ژێر کاریگه‌رى خه‌ڵکانى تره‌وه، ره‌نگه هه‌ندێ شت کرابێت بڕوایان پێى نه‌بووه. هاوڵاتی: پێتوایه گۆڕان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا شکستى هێناوه؟ کێ لێپرسینه‌وه لهڕێکخهرى گشتى و خانه‌ى راپه‌ڕاندن ده‌کات؟ عه‌بدوڵا مه‌لا نورى: بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان پاشه‌کشێیه‌کى گه‌وره‌ى کردووه، دواى ئه‌و ئه‌نجامه ده‌بوو لانى که‌م به‌شێک له‌به‌رپرسانى باڵا خۆیان ده‌ستیان لهکاربکێشایهتهوهو وازیان بهێنایه ئه‌مه بێڕێزى نییه، ئه‌مه گه‌وره‌یى نواندنه ئه‌مه ئه‌زمونکردنى مۆدیلێکى جوانه له‌به‌رپرسیارێتى، له‌تونس له‌میسر و ئیتاڵیا‌و ئه‌ڵمانیا زۆرجار کهحزبێک له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى و شاره‌وانیدا توشى شکست بووه که‌سى یه‌که‌مى حزب و سه‌رکردایه‌تى ده‌ستیله‌کارکێشاوه‌ته‌وه، چونکه تۆ به‌رپرسى ئه‌مه عه‌یبه نییه‌و ژیانى سیاسییه، به‌رزو نزمى تێدایه هه‌موو که‌سێک ده‌زانێت به‌رپرسیارێتى یه‌که‌مى ئه‌م پاشهکشێیهى گۆڕان به‌ڕێز رێکخه‌رى گشتى به‌پله‌ى یه‌که‌م به‌رپرسیاره دواى ئه‌وه خانه‌ى راپه‌ڕاندن و جڤاتى نیشتمانى لێى به‌رپرسیاره، ناکرێت یه‌ک که‌س ده‌ستله‌کارنه‌کێشێته‌وه، ناکرێت له 60 بۆ 70 که‌سى سه‌رکردایه‌تى گۆڕان داواى لێبوردن نه‌کات. له‌ڕابردودا هه‌موو جارێک ده‌مانوت حکومه‌ت ده‌بێت فێرى لێپرسینه‌وه بێت، فێرى ئه‌وه بێت له‌کاتى شکستدا ده‌ستله‌کاربکێشێته‌وه، شکست هه‌ر شکسته‌و به‌رپرسیارێتى هه‌ر به‌رپرسیارێتیه، تۆ له‌خۆتدا نه‌توانى ئه‌مه بکه‌یت چۆن داوا ده‌که‌یت له‌شوێنى تردا بکرێت، به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ 10 رۆژه هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان کراوه به‌ڕوون و راشکاوى دیاره پارتى و یه‌کێتى ده‌نگه‌کانى خۆیان زۆر زیاد کردووه، ساخته‌کارییه‌کى زۆر موجریمانهیان کردووه، به‌ڵام به‌ڕوون و ئاشکرا دیاره ده‌نگده‌رى گۆڕان سزاى داویت، ئێ خێره تا ئه‌م ده‌قه‌یه براوه‌و دۆڕاوه‌کانى هه‌ڵبژاردن کۆبونه‌وه‌یان کردووه، یه‌کێتى و پارتى و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو هه‌موو ئه‌مانه کۆبونه‌وه‌یان کردووه‌و قسه‌ى خۆیان کردووه، هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بارودۆخى خۆیان کردووه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌م پاشه‌کشێ گه‌وره‌یه‌ى گۆڕان کۆبونه‌وه‌ى نه‌کردووه. ئه‌وه خانه‌ى راپه‌ڕاندن و رێکخه‌رى گشتى نایانه‌وێت ئه‌م پاشه‌کشێیه بخه‌نه ئه‌ستۆى خۆیان، ئێ جڤاتى نیشتمانى ئێوه نوێنه‌رى گۆڕانن ئێوه خێره فشارێک ناکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى کۆبونه‌وه بکرێت. چۆن جڤاتى نیشتمانى متمانه‌ى بهڕێکخهرى گشتى و خانه‌ى راپه‌راندن داوه ده‌توانێت لێپرسینه‌وه‌شیان له‌گه‌ڵدا بکات و هه‌تا متمانه‌شیان لێوه‌ربگرێته‌وه، به‌ڵام جڤاتى نیشتمانى تا ئه‌م ده‌قه‌یه‌ى قسه ده‌که‌ین کۆنه‌بۆته‌وه دیاریش نییه که‌ى کۆده‌بنه‌وه. هاوڵاتی: به‌ڵام باس له‌وه ده‌کرێت چاوه‌ڕێى ئه‌نجامى کۆتایى هه‌ڵبژاردنن بۆیه کۆنه‌بوونه‌ته‌وه؟ عه‌بدوڵا مه‌لا نورى: ئه‌وه‌ى که‌په‌یوه‌سته به‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه جڤاتى نیشتمانى لیژنه‌یه‌کى باڵاى بۆ پێکهێناوه، ئه‌م لیژنه‌ى باڵایه تا کۆتایى ده‌رچوونى ئه‌نجامه‌کان سه‌رپه‌رشتى هه‌ڵبژاردن بکات، سه‌رپه‌رشتى کردنى که‌مپینى هه‌ڵبژاردن بووه تا دوا ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن و ره‌تکردنه‌وه یا قبوڵکردنى ئه‌نجامه‌کان. ئه‌مه یه‌کێک له‌ئیشه‌کانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه سه‌د ئیشى ترمان هه‌یه‌و کێشه‌ى ناوخۆیى گۆڕان هه‌یه‌و کێشه‌ى به‌ڕێوه‌بردن و پاشه‌کشه‌مان هه‌یه، کێشه‌ى موڵک و ماڵى ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌مان هه‌یه‌و کێشه‌ى میدیا‌و زویربوونى کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکى دڵسۆزى دامه‌زراوه‌ى گۆڕانمان هه‌یه. ئه‌م کۆمه‌ڵه کێشه‌یه با جڤاتى نیشتمانى کۆبونه‌وه‌ى له‌سه‌ر بکات بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ریان، هه‌ڵبژاردنى ناوخۆیى گۆڕان نه‌کراوه‌و ده‌بێت کۆنفرانس بکرێت و ده‌ستور پێشێل کراوه، کاتى ئه‌وه‌یه جڤاتى نیشتمانى کۆبونه‌وه بکات و وه‌ره خۆت ته‌رخان بکه بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه ناوخۆییه‌کان خه‌ڵک بێ هیوا بووه، خه‌ڵک له‌دواى ده‌رچونى ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن گله‌یى و گازنده‌ى هه‌یه، ده‌چێته ماڵه‌وه‌و توڕه‌یه‌و قسه ده‌کات. هاوڵاتی: باس له‌وه ده‌کرێت ده‌ستتێوه‌ردان هه‌یه له‌کاروبارى ناوخۆى گۆڕاندا؟ عه‌بدوڵا مه‌لا نورى: له‌ده‌ره‌وه‌ى ئۆرگانه‌کانى گۆڕان ته‌ده‌خولات هه‌یه، جڤاتى نیشتمانیمان هه‌یه بڕیار ده‌دات، خه‌ڵکمان هه‌یه له‌ماڵه‌وه دانیشتوه بڕیار بۆ جڤاتى نیشتمانى ده‌رده‌کات، بڕیار گه‌ڵاڵه ده‌کات بۆ خانه‌ى راپه‌ڕاندن، گۆڕانن به‌ڵام هیچ پۆستێکیان نییه، ئه‌م پرسیاره رووبه‌ڕوى جڤاتى نیشتمانى ده‌که‌م. یاساى هه‌ڵپه‌ساردنى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم پێشکه‌ش کرا، حه‌ز ده‌که‌م هه‌موو که‌س بزانێت نه جڤاتى نیشتمانى ئاگادارى بووه نه جڤاتى گشتى ئاگاى لێبوه نه ژوورى یاسایى که وه‌کو لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار ئاگادارى بێت که هه‌ر پرۆژه‌یاسایه‌ک فراکسیۆنى گۆڕان ئاماده‌ى بکات به فلته‌رى ئه‌واندا بڕوات، ته‌نانه‌ت به‌شێکى گه‌وره‌ى خانه‌ى راپه‌راندن ئاگادارى نه‌بووه‌و رێکخه‌رى گشتى دواى دره‌نگانێک زانیویه‌تى، ئه‌م یاسایه تێده‌په‌ڕێت له‌کاتێکدا 11 ساڵه گۆڕان خه‌بات بۆ ئه‌وه ده‌کات گۆڕینى سیستمى حوکمڕانى ده‌کات، ئه‌م یاسایه تێده‌په‌ڕێت و له‌ماوه‌ى 48 کاتژمێردا په‌سه‌ند ده‌کرێت ته‌نها دوو سێ که‌س له‌ناو گۆڕاندا به‌رگرى لێده‌که‌ن، ئه‌مه بابه‌تێکى ستراتیژیه ته‌نانه‌ت ژورێکى دیاریکراو ناتوانێت ئه‌م بڕیاره بدات، چۆن کاتى خۆى گۆڕان بڕیاریدا سیستمى سه‌رۆکایه‌تى بکرێته سیستمى په‌رله‌مانى ئه‌مه بڕیارێکه ئه‌بێ جڤاتى نیشتمانى بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه بدات که ئایا ئه‌مه دوابخرێت یا سازش له‌سه‌ر ئه‌م داواکارییه‌مان بکه‌ین، که سازشمان کرد له‌به‌رانبه‌ر چیدا بیکه‌ین، ئه‌ى کێ بیکات. بێجگه له رێکخه‌رى گشتى و جڤاتى نیشتمانى و خانه‌ى راپه‌ڕاندن، ئێمه هاوپه‌یمانمان هه‌یه، کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو هاوپه‌یمانمان بووه‌و رێکه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌م پرسه له‌گه‌ڵ یه‌کێتى له‌سه‌رده‌مى کاک نهوشیروانو لەسەردەمی مام جه‌لالدا هه‌بووه. خێره ئه‌مه که‌س نه‌یزانێت، گۆڕانیش خۆى ناکاته خاوه‌نى ته‌نها دوو سێ که‌س نه‌بێت، له‌دواى ئه‌م پێشێلکارى و کاره‌ساته جڤاتى نیشتمانى و جڤاتى گشتى لێپرسینه‌وه ناکات، کاکه گریمان چاکتان کردووه نابێت یه‌کێک بێت و بڵێت ئه‌مه کێ ئه‌م حه‌ق و ده‌سه‌ڵاته‌ى دا به‌تۆ له‌ژورێکدا دابنیشیت پڕۆژه ئاماده‌بکه‌یت بینێریت بۆ په‌رله‌مان و واژۆى بکه‌یت دواتر گۆڕانه‌کانى خۆشت ئاماده نه‌بن به‌رگرى لێبکه‌ن، فازڵ میرانى سکرتێرى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى بێت و بڵێت ده‌ستیان خۆش بێت پڕۆژه‌که‌یان له‌وه‌ى پارتى باشتر بوو. ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌که چاکیش بێت تۆ مافى ئه‌وه‌ت نییه، ئه‌مه ئیشى جڤاتى نیشتمانیه و خانه‌ى راپه‌راندن و رێکخه‌رى گشتى و فراکسیۆنى گۆڕانیش به‌ته‌نها ناتوانێت وه‌کو چۆن پێویست بوو گۆڕان سه‌رده‌مانێک پڕۆژه پێشکه‌ش بکات بۆ گۆڕینى سیستمه‌که وه‌کو چۆن پێویست بوو ته‌وافوقات بکه‌ین له‌گه‌ڵ خه‌ڵکى تردا. ئێستاش گره‌نتى چییه ئه‌گه‌ر له‌داهاتودا ده‌سه‌ڵات کورسیه‌کانیان زۆر بێت و سیستمه‌که بکاته سه‌رۆکایه‌تى، کێ گره‌نتى ئه‌وه ده‌کات، ئه‌گه‌ر ئه‌مه کرا کێ سزا وه‌رده‌گرێت، ئایا سزادانى یه‌ک دوو که‌س کافییه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى کاره‌ساتێکى گه‌وره به‌سه‌ر ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا دراوه. هاوڵاتی: کوڕه‌کانى کاک نه‌وشیروان هیچ پله‌و پۆستێکیان نییه له‌ناو ئۆرگانه‌کانى گۆڕاندا، به‌ڵام لهڕێکخهرى گشتى‌و خانه‌ى راپه‌ڕاندن زیاتر رۆڵیان هه‌یه؟ ئه‌م رۆڵه کێ پێیداون؟ عه‌بدوڵا مه‌لا نورى: ئه‌و دوو کوڕه رێزیان هه‌یه، نزیکى کاک نه‌وشیروان بووم بۆ ئه‌به‌د شانازى به‌وه‌وه ده‌که‌م کاکارم له‌گه‌ڵدا کردووه، کاک نه‌وشیروان یه‌کێ بووه له‌و که‌سانه‌ى که‌ده‌ستى گرتووم بۆ کارى باش و بۆ هه‌ڵوێستى جوان ئاراسته‌ى کردووم یارمه‌تى داوم بۆ ئه‌وه‌ى پێبگهم و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ماڵى هه‌مومانه‌و ده‌بێت شانازى پێوه بکه‌ین، خۆشحاڵم له‌وانه‌م له 2006وه لهخشتى یه‌که‌مى دروستبونى گۆڕانه‌وه به‌شداربووم تا ئه‌م ده‌قه‌یه دانه‌بڕاوم و به‌هه‌موو تواناى خۆمه‌وه پشتیوانى ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه بووم، سوپاسى سه‌رله‌به‌رى ده‌نگده‌رى گۆڕان ده‌که‌م. کاک نه‌وشیروان زۆر مه‌به‌ستى بوو ئێمه‌ومانان کۆمه‌ڵێک گه‌نج پێبگه‌ن و ببنه هه‌وێنى چاکسازى و گۆڕانکاریى، به‌ڵام له‌ڕاستیدا له‌دواى وه‌فاتى کاک نه‌وشیروان پڕۆسه‌ى بڕیار له‌ناو گۆڕاندا تێکچووه، کوڕه‌کانى کاک نه‌وشیروان حه‌قى خۆیانه بێنه پێشه‌وه به‌شداربن له‌پڕۆسه‌ى بڕیاردا وه‌کو چۆن من به‌شداربووم، وه‌کو چۆن ئه‌وانى تر به فلته‌رى ئه‌ندامى ژورو به‌رپرسى ژوور تا دوایى هاتونه‌ته پێشه‌وه ئه‌وانیش حه‌قى خۆیانه، به‌ڵام ناکرێت له‌ماڵه‌وه دابنیشیت تۆ بێیت ده‌ستتێوه‌ردان بکه‌یت، ناکرێت تۆ له‌ماڵه‌وه دابنیشیت بڵێیت فڵان که‌س ده‌بێت وا بکات و فڵان که‌س نابێت وا بکات، شتى وا ناکرێت و ئه‌مه‌ش روویداوه. به‌داخه‌وه رێگه‌پێدانیان هۆکاره‌که‌ى لاوازى رێکخه‌رى گشتى و خانه‌ى راپه‌ڕاندنه، ئه‌گه‌ر خانه‌ى راپه‌راندن و جڤاتى نیشتمانى و رێکخه‌رى گشتى ئه‌گه‌ر به‌هێز بێت هیچ که‌سێک ناتوانێت ده‌ستتێوه‌ردان له‌کاروبارى ئه‌واندا بکات، بڕیارى وا هه‌بووه خانه‌ى راپه‌ڕاندن داویه‌تى بڕیاره‌که له‌دواى ئه‌وه‌ى چۆته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه له‌ده‌ره‌وه‌ى ئۆرگانى ره‌سمى گۆڕانه‌وه بڕیاره‌که هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه. هاوڵاتی: مه‌ترسى هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى فۆرمى بنه‌ماڵه‌یى گۆڕان بگرێته‌وه؟ عه‌بدوڵا مه‌لا نورى: یه‌کێک له‌خاڵه جیاوازه‌کانى گۆڕان ئه‌وه‌بوو له‌به‌رنامه سیاسییه‌کانى دژ به‌سیستمى بهبنهماڵهیى کردنه، قسه‌کانى کاک نه‌وشیروان به‌ناوبانگه که‌باسى پشتاوپشتى ده‌کرد، له‌ئێستادا هه‌ندێ ئاماژه‌ى وا هه‌یه که‌مه‌ترسى لاى زۆرێک دروستکردووه که ئه‌م حزبه به‌جۆرێک به‌ره‌و فۆرمێکى بنه‌ماڵه‌یى کردن ببرێت، جا ئێمه گوێمان له‌وه‌یه ئه‌مه ره‌تده‌کرێته‌وه، به‌ڵام که تۆ له‌ئه‌رزى واقیعدا هه‌ندێ شتت بینى ئه‌م مه‌ترسیه مه‌ترسیه‌کى ره‌وایه له‌مه‌ش مه‌ترسیدارتر، خه‌ڵکانێک هه‌یه له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى و شه‌خسى باکیان نییه‌و ره‌نگه هه‌وڵى ئه‌وه‌بده‌ن شه‌رعیه‌تى پێبده‌ن زه‌مینه‌ى بۆ سازبکه‌ن و مه‌ترسیه‌کى ره‌وایه. به‌داخه‌وه له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى خۆى باکى له‌وه نییه کهبهرنامهى سیاسى ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه ناسنامه‌که‌ى به‌لاڕێدا ببرێت و پێشێل بکرێت و تێکبدرێت. بۆ میژوو ده‌یڵێم کوڕه‌کانى کاک نه‌وشیروان زیاتر له‌هه‌مومان ده‌توانن رۆڵیان هه‌بێت له به‌جوانى هیشتنه‌وه‌ى پرۆژه‌ى گۆڕان وه‌ک دواهه‌مین پڕۆژه‌ى کاک نه‌وشیروان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به نه‌فه‌سى ئه‌و ماوه‌یه‌ى رابردوو کاربکه‌ن ئه‌وا بێگومان گه‌وره‌ترین گورز له‌پرۆژه‌ى گۆڕان ده‌ده‌ن. نایشارمه‌وه هه‌ندێک که‌س که له‌ده‌ورى کاک نماو کاک چیان ده‌ورى زۆر خراپ ده‌گێڕن. هیواردرام ناچار نه‌بین رۆژێک له رۆژان ناو و کاره نه‌خوازراوه‌کانیان بۆ راى گشتى باس بکه‌ین. هاوڵاتی: به‌ڵام ده‌وترێت کوڕه‌کانى نه‌وشیروان مسته‌فا پاره بۆ گۆڕان په‌یدا ده‌که‌ن، بۆیه به‌و شێوه‌یه ڕۆڵیان هه‌یه؟ عه‌بدوڵا مه‌لا نورى: ده‌بێت جڤاتى نیشتمانى ئاگادى له‌وردو درشتى داهاتى ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه بێت، چۆن وه‌رده‌گیرێت و چۆن خه‌رج ده‌کرێت، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه نابێت به‌هۆى داراییه‌وه بارمته‌ى ژێرده‌ستى هیچ که‌سێک بێت. ده‌بێت بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان سه‌رچاوه‌ى دارایى خۆى بێت، ناکرێت به‌یانى یا دوو به‌یانى خانه‌ى راپه‌راندن و رێکخه‌رى گشتى و جڤاتى نیشتمانى ده‌ڕوات گروپێکى تر دێنه شوێنیان، ئه‌م گروپه‌ى ئێستا ده‌توانن له‌گه‌ڵ فیسارو فڵاندا مامه‌ڵه بکات گروپێکى تر ناتوانێت مامه‌ڵه بکات، که‌واته ئه‌مه دامه‌زراوه‌ت دروست نه‌کردووه ئه‌گه‌ر گۆڕان بزوتنه‌وه‌یه‌کى جیاواز بێت نابێت وه‌کو حزبه‌کانى تر خه‌ڵکانێک له‌ده‌ره‌وه‌ى ئۆرگانه‌کانه‌وه پاره‌ى بۆ بده‌ن و کۆمپانیاى بۆ دروستبکه‌ن، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان وه‌کو چۆن له‌ده‌ستوره‌که‌دا هاتووه‌و یاساى ئه‌حزاب رێگه‌ى پێداوه ده‌بێت خاوه‌نى رێکخستنى تۆکمه‌ى خۆى بێت، خاوه‌نى ئۆرگانى بڕیار بێت خاوه‌نى میدیا و سه‌رچاوه‌ى دارایى خۆى بێت، ناکرێت تۆ به‌هیچ پاساوێک و له‌ژێر هیچ پاساوێکدا نابێت ئه‌مانه تێکبده‌یت هه‌رکاتێک بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه‌ى نه‌بوو وه‌کو ئه‌و لایه‌نانه‌ى تر‌ى لێدێت. هاوڵاتی: ده‌کرێت ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن ره‌تبکه‌نه‌وه به‌تایبه‌ت کههاوپهیمانى و نزیکایه‌تیتان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوودا هه‌یه؟ عه‌بدوڵا مه‌لا نورى: نازانم له‌م ماوه‌یه‌دا چى کراوه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو و ئه‌و هێزانه‌ى تر کهدژى ساخته‌کارین، نازانم تا چه‌ندێک ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه هه‌یه‌و ئه‌و په‌یوه‌ندیانه ببرێته پێشه‌وه، به‌ڵام به راى من ده‌بێت خاڵى کۆتایى بۆ مه‌سه‌له‌ى ساخته‌کارییه‌کان دابنرێت، گۆڕان نابێت به‌هیچ پاساوێک بچێته ژێر بارى ساخته‌کارییه‌کانه‌وه. له‌ڕابردوودا ئه‌گه‌ر گۆڕان هه‌ندێ ساخته‌کارى قبوڵ نه‌کردایه خه‌ڵک ئێستا بایکۆتى هه‌ڵبژاردنى نه‌ده‌کرد، له‌کاتێکدا له12ى ئایاردا ساخته‌کارییه‌کى رێکخراوت لێده‌کرێت ئێواره‌که‌ى دێنهسهرت ته‌قه لهگردهکهو قه‌برى کاک نه‌وشیروان ده‌کرێت، دواى ئه‌وه ده‌نگه‌کانیان دزیویت به‌بێ ئه‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌کى شایسته یه‌کێتى داواى لێبوردنت لێبکات به‌بێ ئه‌وه‌ى ده‌نگه دزراوه‌کانت گه‌ڕابێته‌وه تۆ دێیت پێشوازى لێده‌که‌یت، ئه‌مه سیاسه‌ت نییه له‌کاتێکدا گۆڕان له‌به‌رده‌م بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندایه، کابرا سزاى داویت و ماڵه‌که‌ى تاڵانکردووهو دواتریش ئیهانه‌ت ده‌کات ئه‌مه لێبورده‌یى و ته‌بایى نییه‌و ئه‌مه ته‌سلیم بوونه، دواتر گۆڕان دێت له‌گه‌ڵ پارتیدا داده‌نیشێت. به‌نوسراو به رێکخه‌رى گشتى و خانه‌ى راپه‌ڕاندن وتراوه کهبیستومانه یه‌کێتى و پارتى دێن بۆلاتان، هاتنى ئه‌مانه بۆ ئه‌وه نییه له‌گه‌ڵتاندا رێکبکه‌ون، بۆ ئه‌وه نییه داواى لێبوردن بکه‌ن و هه‌ڵبژاردن دوابخه‌ن، چونکه گۆڕان ئه‌وکاته خوازیارى ئه‌وه‌بوو هه‌ڵبژاردن دوابخرێت، پێمانوتن دێن له‌ڕووى جه‌ماوه‌رییه‌وه عهیبدارتان ده‌که‌ن هه‌ڵوێستتان لاوازتر ده‌که‌ن له‌ناو خه‌ڵکدا کۆمه‌ڵێک وهعدیشتان پێده‌ده‌ن ده‌ڵێن چاکسازیش ده‌که‌ین و ههڵبژاردنیشتان بۆ دواده‌خه‌ین دواتر درۆتان له‌گه‌ڵتا ده‌که‌ن، به‌مه گورزێکى تر له‌گۆڕان ده‌درێت، به‌دڵنیاییه‌وه یه‌کێتى و پارتى هاتنهکانیان پێش هه‌ڵبژاردن توانیان یه‌ک گورزى گه‌وره له‌گۆڕان بده‌ن له‌ڕووى جه‌ماوه‌رییه‌وه، رێکخه‌رى گشتى و خانه‌ى راپه‌راندن به‌پله‌ى یه‌که‌م به‌رپرسیارن. هاوڵاتی: گۆڕان به 12 یا 13 کورسیهوە له‌په‌رله‌مان چى پێده‌کرێت، ده‌بێته ئۆپۆزسیۆن یان به‌شدارى حکومه‌ت ده‌کات؟ عه‌بدوڵا مه‌لا نورى: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانیم ئه‌م ده‌رئه‌نجامانه‌ى هه‌ڵبژاردن قبوڵ بکرێت، گۆڕان بڵێت ساخته‌کاریم به‌رانبه‌ر کراوه‌و له‌ولاشه‌وه ئه‌نجامه‌کان قبوڵ بکه‌یت به راستى شه‌رمه‌زارییه له‌به‌رده‌م ده‌نگده‌رى خۆتدا، هه‌قه خه‌ڵک سزات بدات، هه‌نگاوى یه‌که‌مت ده‌بێت ئه‌وه بێت ئه‌م ساخته‌کارییه راست بکه‌یته‌وه، ئه‌گه‌ر ساختهکاریهکهت راست کرده‌وه دوو کورسیشت هه‌بێت شه‌رم مه‌که‌و بچۆ په‌رله‌مان، ئه‌گه‌ر پێت راستنه‌کرێته‌وه مه‌چۆ په‌رله‌مان، په‌رله‌مانێک به‌ساخته‌کارى دروست بوبێت شه‌قى تێههڵبده، په‌رله‌مانێک به‌ساخته‌کارى دروستبوبێت و زیاتر لهنیوهکهى سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات بێت و په‌رله‌مانتار له‌ته‌نیشتى تۆدا بێت په‌رله‌مانتارى ساخته‌کار بێت هاتبێت ئیدعای نوێنه‌رایه‌تى خه‌ڵک بکات، تۆ بچیت له‌ته‌نیشتى دابنیشیت بڵێیت لهپهرلهمانم ئه‌مه نابێت و ئیشت له‌به‌ر ناڕوات. ئه‌گه‌ر ساختهکاریهکهى پێ راستکرایه‌وه بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان با بچێته په‌رله‌مان، بڵێت خه‌ڵکینه ئێوه سزاى ئێمه‌تان‌دا‌و کورسییه‌کانم که‌مى کردووه، ئه‌وه به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌نده له‌سه‌د من ده‌توانم په‌یامى ئێوه بگه‌یه‌نم، هیچ عه‌یبى تێدانییه به‌سه‌ربه‌رزیه‌وه بچۆ په‌رله‌مان، ئه‌گه‌ر ساختهکارییهکهت راست نه‌کرده‌وه مه‌ڕۆ په‌رله‌مان، هه‌وڵبده جه‌ماوه‌رى خۆت رێکبخه‌ره‌وه، جه‌ماوه‌ر هانبده په‌رله‌مانه‌که هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، له‌دواى ساڵێک یا له‌دواى شه‌ش مانگ داواى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته بکه. ئه‌وانه‌ى کهداواى به‌شداریکردنى حکومه‌ت ده‌که‌ن به‌م دۆخه‌ى ئێستاوه ته‌نها له‌ڕوانگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى شه‌خسى خۆیانه‌وه‌یه ئه‌و داواکارییه‌یان هه‌یه، کاتى خۆى کاک نه‌وشیروان قسه‌یه‌کى هه‌بوو ده‌یوت له‌ناو خۆماندا خه‌ڵک هه‌یه ده‌یه‌وێت گۆڕان بۆ خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردن و وه‌رگرتنى پۆست به‌کاربهێنن، له‌دواى وه‌فاتى کاک نه‌وشیروان ئه‌م گروپه له‌ناو گۆڕان به‌هێزتر بووه، ئه‌وه‌ى له‌م دۆخه‌ى گۆڕاندا که ساخته‌کاریمان به‌رانبه‌ر کراوه له‌م دۆخه‌دا که گۆڕان لهوهزعێکى خراپدایه، له‌م دۆخه‌دا که‌چه‌ند جارێک له‌سه‌ر ده‌ستى پارتى و یه‌کێتى ده‌ستمان سوتێندراوه راستگۆ نه‌بوون له‌گه‌ڵماندا له‌حکومه‌ت و حکومه‌تى خۆجێیدا له‌په‌رله‌ماندا، ئا له‌م کاته‌دا تۆ داواى به‌شدارى له‌حکومه‌تدا بکه‌یت ته‌نها یه‌ک خوێندنه‌وه‌ى هه‌یه ئه‌ویش به‌رژه‌وه‌ندى خۆى ره‌چاو کردووه نه‌ک به‌رژه‌وه‌ندى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و نه‌ک به‌رژه‌وه‌ندى و دیموکراسى ئه‌م میلله‌ته. هاوڵاتی: ماوه‌یه‌ک پێش هه‌ڵبژاردن پرۆژه‌ى (هه‌ستانه‌وه‌ى گۆڕان)تان پێشکه‌شکرد، ئه‌و پڕۆژه‌یه به‌کوێ گه‌یشت؟ عه‌بدوڵا مه‌لا نورى: ئێمه ته‌نها وه‌سیله‌یه‌ک بووین بۆ ئاماده‌کردنى، ئه‌گه‌رنا بریتى بوو له‌کۆکردنه‌وه‌ى راو سه‌رنج و ره‌خنه‌ى هه‌ڵسوڕاوانى گۆڕان وه هه‌روه‌ها ئه‌و رۆشنبیرانه‌ى که له‌خه‌مى پڕۆژه‌ى گۆڕاندان، پرۆژه‌که‌مان پێش هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان پێشکه‌شى به‌ڕێزان رێکخه‌رى گشتى و خانه‌ى راپه‌ڕاندن و جڤاتى نیشتمانى و گشتى کرد، پێمانوتن تکا ده‌که‌ین ئه‌م پرۆژه‌یه پێش هه‌ڵبژاردن په‌سه‌ندبکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى جۆرێک له‌هیوا بۆ ده‌نگده‌رانى گۆڕان بگه‌رێنینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى رێگربین له‌به‌رده‌م پاشه‌کشه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌ده‌نگه‌وه‌هاتن نه‌بوو، وه‌ڵامى جددى نه‌دراینه‌وه، راسته لهقیادهى گۆڕان به‌شێکى گه‌وره‌یان پشتیوانیان بۆ پرۆژه‌که ده‌ربڕى و به‌ڵێنى ئه‌وه‌یاندا پشتیوانى بن و هه‌ندێکیان داواى ئه‌وه‌یان ده‌کرد بخرێته دواى هه‌ڵبژاردن. خه‌ڵکیش هه‌یه که ئه‌ندامى جڤاتى نیشتیمانیه‌و له‌وانه‌ى ده‌وروبه‌رى کوڕه‌کانى کاک نه‌وشیروانه نامه‌ى پر هه‌ڕه‌شه‌و تۆمه‌تى بۆ ناردوین و پێمان ده‌ڵێت ده‌بێت ده‌ستبه‌ردارى پرۆژه‌که‌تان بن. دیاره ئێمه گوێمان به‌هه‌ڕه‌شه‌کان نه‌داوه‌و به‌ڵام به‌داخه‌وه دواى وه‌فاتى کاک نه‌وشیروان دۆخێکى وه‌ها دروستکراوه ئه‌وه‌ى ره‌خنه له‌گۆڕان بگرێت ئیدى ده‌بێ چاوه‌ڕێی کاردانه‌وه‌ى چاوه‌ڕواننه‌کراو بکات بۆ نمونه ئه‌گه‌ر من له ئاستى که‌موکورتییه‌کان بێده‌نگ بم، ئه‌وا هه‌ڵسوڕاوێکى باشم و خۆ ئه‌گه‌ر ره‌خنه بگرم ئه‌وا ده‌بێت چاوه‌ڕێی ئه‌نواعى تۆمه‌ت بکه‌م، (به پێکه‌نینه‌وه) هیوادارم دواى ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌م له‌گه‌ڵ هاوڵاتی دوربێت له‌تۆمه‌ت و هێرشى ئه‌مسالى ئه‌و ئه‌ندامه‌ى جڤات که‌پێشتر نامه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى بۆ ناردبوین. ئێستاش سوورین له‌سه‌ر کارکردن لهپرۆژهکهو هیچ شتێک و هیچ که‌سێک رامانناگرێت، ئه‌وه‌ى دژى ئه‌و پڕۆژه‌یه بێت دژى خه‌ونى کاک نه‌وشیروان و دژى گۆڕانه‌و خزمه‌ت به‌نه‌یارانى گۆڕان ده‌کات.
ئارا ئیبراهیم سه‌رۆکى فراکسۆنى کۆمه‌ڵ ئاماژه به‌وه ده‌دات به‌پێى پرۆژه‌ى بودجه‌ى 2019ى عێراق کورد نزیکه‌ى نۆ تریلۆن دینارى به‌رده‌که‌وێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌وڵى زیاد کردنى بده‌ین بۆ 10 تریلۆن دینار به‌شى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات. وه‌زاره‌تى دارایى حکومه‌تى عێراق پرۆژه یاساى بودجه‌ى ساڵى 2019 ڕه‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران کردووه و پشکى هه‌رێمیش له پرۆژه‌که‌دا نزیکه‌ى 8 تریلۆن و 970 ملیار دیناره. ئه‌حمه‌دى حاجى ڕه‌شید سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به سایتى هاوڵاتى وت" ڕه‌شنوسى پڕۆژه یاساى بودجه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى دارایى عێراقه‌وه ڕه‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران کراوه و وا بڕیاریشه دواى ئه‌وه ڕه‌وانه‌ى په‌رله‌مان بکرێت". هه‌روه‌ها وتیشى" پشکى هه‌ر سێ پارێزگاکه‌ى هه‌رێم (هه‌ولێر دهۆک و سلێمانی) که به له‌سه‌دا 12.67% خه‌مڵینراوه بهبودجهى په‌ره‌پێدانى پارێزگاکان و بودجه‌ى به‌تێکڕا ده‌گاته هه‌شت ترلیۆن و 970 ملیار و 467 ملیۆن و 226 هه‌زار دینار". سه‌رۆکى فراکسۆنى کۆمه‌ڵ جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه که له‌ه‌گڵ سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى دانیشتن و گفتوگۆى کردووه که داوایان کردووه حکومه‌تى عێراق بڕى 10 تریلۆن دینار بداته هه‌رێمى کوردستان" سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى پێیانوتم که هه‌رێمى کوردستان وتویانه 10 تریلۆن دینار به‌شمان ده‌کات". ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، له‌ئێستادا که پشکى 12.67% بۆ هه‌رێمى کوردستان دانراوه به‌پێى ژماره‌ى دانیشتوان نییه، وتیشى" به‌پێى ئامارى ناوه‌ندى عێراق ژماره‌ى دانیشتوانى هه‌رێم له‌سه‌دا 15ى عێراق پێکده‌هێنن، بۆیه ئه‌مه ده‌خه‌ینه به‌رنامه‌ى کارمان له‌کاتى گفتوگۆ له‌سه‌ر پرۆژه‌ى بودجه، ئه‌وکاته پشکى هه‌رێم ده‌گاته 10 تریلۆن دینار". ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه، پێدانى پشکى هه‌رێم له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراقه‌وه له‌به‌رانبه‌ر ناردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌دا ده‌بێت. به‌رهه‌م ساڵح له‌پشکى کورد وه‌ک سه‌رۆک کۆمارى عێراقى له‌په‌رله‌مانى عێراق به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ هه‌ڵبژێردراو چه‌ند رۆژێکیش تێپه‌ر بووه به‌سه‌ر ده‌ستنیشانکردن و راسپاردنى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆک وه‌زیرانى داهاتوى عێراق بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت. ئه‌ندامێکى فراکسۆنى یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى عێراق ئاماژه به‌وه ده‌دات که سه‌رۆک کۆمار ده‌توانێت لهپێگهکهى خۆیه‌وه رۆِڵى هه‌بێت بۆ زیادکردنى پشکى هه‌رێم. مه‌روان نادر، ئه‌ندامى فراکسۆنى یه‌کێتى له په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به سایتى هاوڵاتى وت" سه‌رۆک کۆمار پارێزه‌رى ده‌ستوره، ده‌توانێت لهپێگهکهى خۆیه‌وه رۆڵى خۆى ببینێت، به‌ڵام یه‌کلاکردنه‌وه‌ى له‌ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆک کۆمار‌دا نییه". به‌پێى ماده‌ى 121 ده‌ستورى هه‌میشه‌یى عێراق، سه‌رجه‌م داهاته فیدراڵیه‌کان ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌ک دابه‌شبکرێت به‌سه‌ر هه‌رێم و پارێزاگاکندا که بارگرانیان له‌سه‌ر نه‌هێڵێت. په‌رله‌مانتاره‌که‌ى یه‌کێتى جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه که ئه‌و مادده ده‌ستورییه ده‌توانن له‌کاتى گفتوگۆى پرۆژه‌ى بودجه باس بکه‌ن، وتیشى" دواجار کورد ده‌بێت پێکه‌وه به‌رگرى له پشکى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان بکات، ئه‌وه‌ش هه‌وڵى سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاره کورده‌کانى ده‌وێت و به‌ته‌نها به په‌رله‌مانتارانى فراکسۆنى یه‌کێتى ناکرێت". ساڵى رابردوو له‌پرۆژه بودجه‌ى 2018ى عێراقدا حکومه‌تى عێراق به پاڵپشتى په‌رله‌مانتاره‌کانى شیعه‌و سونه له‌په‌رله‌مانى عێراق تاکلایه‌نانه پشکى هه‌رێمى کوردستانى له 17% وه که‌مکرده‌وه بۆ له‌سه‌دا 12.67، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانى سه‌رکردایه‌تى سیاسى کوردستانى لێکه‌وته‌وه.
هاوڵاتى حزبه به‌شداره‌کانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان چاویان بڕیوه‌ته کاره‌کانى کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن و و به‌شێکیان هه‌ڕه‌شه‌ى بایکۆت ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر کۆمسیۆنه‌که ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن به‌و شێوه‌یه یه‌کلایی نه‌کاته‌وه یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى ئه‌و سکاڵایانه‌وه که تۆماریان کردووه. هه‌ر له‌دواى کۆتایی هاتنى هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌که‌ى 30ى ئه‌یلوله‌وه، حزبه‌کان هه‌ڵوێستى جیاجیایان له‌سه‌ر کۆمسیۆن و "ساخته‌کارییه‌کان" ڕاگه‌یاند و زیاتر له هه‌زار سکاڵایان له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌که‌وه ڕاده‌ستى کۆمسیۆن کرد. کۆمسیۆن که ساڵى 2014 به یاسایه‌ک له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه پێکهێنرا، ئه‌ندامه‌کانى له‌لایه‌ن پێنج حزبه سه‌ره‌کییه‌وه (پارتى، گۆڕان، یه‌کێتى، یه‌کگرتوو، کۆمه‌ڵ) دیاری‌کرا، به‌تایبه‌ت ئه‌نجومه‌نى کۆمسیاران که ده‌سه‌ڵاتى بڕیاردانى هه‌یه له‌سه‌ر کاره‌کانى کۆمسیۆنه‌که له‌ناویاندا ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن. ئه‌نجومه‌نى کۆمسیاران که به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتى کۆمسیۆنه له نۆ ئه‌ندام پێکدێت، که سیانیان پارتى و دوانیان یه‌کێتى و دوانیشیان گۆڕان و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتووش یه‌کى ئه‌ندامێکیان هه‌یه. ناکۆکى و مشتومڕى حزبه‌کان کاره‌کانى کۆمسیۆنى دواخستووه، حزبه‌کان هه‌موو به‌رپرسیارێتییه‌که‌یان خستووه‌ته ئه‌ستۆى ئه‌و دامه‌زراوه‌یه که کاره‌کانى له‌سه‌ره‌تادایه و له‌دواى ریفراندۆمه‌وه ئه‌مه دووه‌م پڕۆسه‌ى ده‌نگدان بوو که سه‌رپه‌رشتى بکات. ئێستا هاوشێوه‌ى حزبه‌کان به‌رپرسانى کۆمسیۆنیش ناکۆکى له‌نێوانیاندایه، ئه‌وه‌ش چوارى ئه‌م مانگه به ئاشکرا ده‌رکه‌وت کاتێک ئسماعیل خورماڵى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى کۆمسیاران له پشکى یه‌کگرتوو له‌کاتى ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامى به‌رایی 85%ى ده‌نگه‌کاندا ئاماده‌نه‌بوو، که هۆکاره‌که‌ى بۆ نیگه‌رانى له پڕۆسه‌که گه‌ڕانده‌وه. ئیسماعیل خورماڵى له لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، ئه‌وان وه‌کو کۆمسیۆن ئه‌رکى خۆیان بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامداوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له رۆژى هه‌ڵبژاردندا ڕویدا په‌یوه‌ندى به حزبه‌کانه‌وه هه‌بوو نه‌ک کۆمسیۆن. جه‌ختیشیکرده‌وه، هه‌موو هه‌وڵى خۆیان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى له رێگاى کاره‌کانیانه‌وه متمانه بۆ پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن بگه‌ڕێننه‌وه. کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن که چه‌ند مانگێکى به‌رده‌وام ئاماده‌کاریی بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان کرد و چه‌ندین بڕیار و رێنمایی له‌و باره‌یه‌وه ده‌رکرد، شه‌وێک پێش هه‌ڵبژاردنیش که‌وته به‌ر ره‌خنه‌ى به‌شێک له حزبه‌کان کاتێک له دوا ساتدا چه‌ند بڕیارێکى نوێی ده‌رکرد. ئیسماعیل خورماڵى ده‌ڵێت ئه‌وان کارى خۆیان ده‌که‌ن و حزبه‌کانیش ئاساییه ڕه‌خنه‌یان لێ‌بگرن، به‌ڵام ئه‌وه کاریگه‌رى ناکاته سه‌ر کاره‌کانیان. له ئێستادا کۆمسیۆن سه‌رقاڵى کارکردنه له‌سه‌ر سکاڵاکان، که به‌پێی ئاماره‌کانى کۆمسیۆن ژماره‌یان زیاتر له هه‌زار سکاڵایه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌رقاڵى بڕیاردانه له‌سه‌ر ئه‌و سه‌دان سندوقه‌ى به‌هۆى "ساخته‌کاریی و پێشلکارییه‌وه" قردێله‌ى سوریان لێدراوه. هه‌رچه‌نده تا ئێستا دیار نییه کۆمسیۆن که‌ى ئه‌نجامى له‌سه‌دا 15ى ده‌نگه‌کان و ئه‌نجامى کۆتایی ڕاده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام پێده‌چێت هه‌ر بڕیارێک له‌و باره‌یه‌وه کاریگه‌رى گه‌وره له‌سه‌ر دۆخى سیاسی هه‌رێم دروستبکات. پارتى دیموکراتى کوردستان که براوه‌ى یه‌که‌مى هه‌ڵبژاردنه‌که‌یه هه‌ر زوو له رێگه‌ى په‌یامێکى مه‌سعود بارزانى یه‌وه هه‌ڵوێستى خۆى له‌باره‌ى ئه‌نجامه به‌راییه‌کانى له‌سه‌دا 85ى ده‌نگه‌کان ڕاگه‌یاند و داواشى له کۆمسیۆن کرد پرسی ساخته‌کارییه‌کان یه‌کلایی بکاته‌وه "بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە تێپەڕینی ساختەکاری و پێشێلکاری نەدرێت و ڕاستییەکان بخرێنەڕوو". هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى له شه‌شى ئه‌م مانگه‌دا له ڕاگه‌یه‌نراوێکدا جه‌ختیکرده‌وه، له پێویستى ته‌واوکردنى رێکاره یاسایی و هونه‌رییه‌کانى په‌یوه‌ست به هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن کۆمیسیۆنه‌وه به‌شێوه‌یه‌کى بێلایه‌نانه و ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد دواى ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامى کۆتایی هه‌ڵوێستى خۆیان ڕاده‌گه‌یه‌نن. جیاواز له پارتى و یه‌کێتى که به‌پێی ئه‌نجامه‌کان براوه‌ى یه‌که‌م و دووه‌مى هه‌ڵبژاردنن، لایه‌نه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و حزبه‌ش چاوه‌ڕوانى هه‌نگاو و بڕیاره‌کانى کۆمسیۆنن، ته‌نانه‌ت به‌شێکیان بڕیاردان له‌سه‌ر به‌شداریکردن له پڕۆسه‌ى سیاسی یان بایکۆتکردنى به‌ستووه‌ته‌وه به بڕیارى ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌وه. جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ پێش ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌کان له‌لایه‌ن کۆمسیۆنه‌وه ڕایگه‌یاند، که بایکۆتى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مان ده‌کات، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا بێت. هه‌روه‌ها بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌رچه‌نده به‌فه‌رمى هه‌ڵوێستى خۆى ڕانه‌گه‌یاندووه، به‌ڵام به‌رپرسه‌کانى ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه که ئه‌گه‌ر هه‌یه بایکۆتى پڕۆسه‌ى سیاسی بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕوانى ده‌ره‌نجامى کۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ن. لاى خۆشیه‌وه، یه‌کگرتووى ئیسلامى ئه‌نجامى به‌رایی هه‌ڵبژاردنى ڕه‌تکردووه‌ته‌وه‌و بڕیاریداوه راپرسی ناوخۆیی بکات بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى هه‌ڵوێستى له‌باره‌ى بایکۆت یان به‌شدارى پڕۆسه‌ى سیاسی. هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه ناوه‌ندى هه‌ڵبژاردنى کۆمه‌ڵى ئیسلامى ڕایگه‌یاندووه، که چاوه‌ڕوانى ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامى کۆتایین له‌لایه‌ن کۆمسیۆنه‌وه و دواتر هه‌ڵوێستى کۆتایی خۆیان ڕاده‌گه‌یه‌نن. شیروان زرار ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى کۆمسیاران بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، جارێ ده‌بێت چاوه‌ڕوان بن بۆ ئه‌وه‌ى کاره‌کانیان ته‌واوبن و بزانن ده‌گه‌نه چ بڕیارێک، جه‌ختیکرده‌وه ناکۆکى و هه‌ڵوێستى حزبه‌کان تا ئێستا هیچ کاریگه‌رییه‌کى له‌سه‌ر کاره‌کانى کۆمسیۆن نه‌بووه. باسى له‌وه‌شکرد، که کاره‌کانیان به‌رده‌وامه بۆ ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌کان، به‌ڵام ناتوانن هیچ واده‌یه‌ک دیارى بکه‌ن له‌و باره‌یه‌وه. تا ئێستا دیار نییه کۆمسیۆن که‌ى کاره‌کانى ته‌واوده‌کات و کۆى ئه‌نجامى به‌رایی و ئه‌نجامى کۆتایی هه‌ڵبژاردنى 30ى ئه‌یلولى په‌رله‌مانى کوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نێت. به‌ڵام کۆمسیۆن له‌یه‌که‌م ئه‌زمونیدا بۆ ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامى به‌رایی 24 کاتژمێر له‌و واده یاساییه دواکه‌وت که بۆ ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامه به‌راییه‌کان دیاریکراوه. جگه له حزبه‌کان، چاودێرانى هه‌ڵبژاردنیش چاویان له‌سه‌ر کاره‌کانى کۆمسیۆنه، که ئایا ده‌توانێت به‌بێ ئه‌وه‌ى کاریگه‌رى حزبه‌کان له‌به‌رچاو بگرێت بڕیاره‌کانى یه‌کلایی بکاته‌وه، یان هه‌ژموونى حزبه‌کان کاریگه‌رى له‌سه‌ر بڕیاره‌کانى ده‌بێت. هۆگر چه‌تۆ رێکخه‌رى تۆڕى شهمس بۆ چاودێرى هه‌ڵبژاردن به هاوڵاتى وت "ئه‌رکێکى قورس له‌سه‌ر شانی کۆمسیۆنه، ده‌توانن بڕیار بده‌ن له‌سه‌ر کۆى پێشێلکارییه‌کان و میسداقییه‌ت بۆ کاره‌کانیان دروست بکه‌ن". باسى له‌وه‌شکرد، ئه‌گه‌رچى ئه‌ندامانى کۆمسیۆن له رێگاى حزبه‌کانیانه‌وه دیاریکراون، به‌ڵام دواجار ئه‌رک و رۆڵیان ئه‌وه‌یه پابه‌ندى ئه‌رک و یاساکان بن و به بێلایه‌نى کارى خۆیان بکه‌ن ئه‌وه‌ش ته‌نها چاره‌سه‌ره. هۆگر چه‌تۆ وتیشى "جگه له‌وه کۆمسیۆن په‌نا بۆ هه‌ر بژارده‌یه‌کى تر ببات وه‌کو چاره‌سه‌ر، کاریگه‌رى له‌سه‌ر میسداقیه‌تى خۆى دروستده‌کات و دامه‌زراوه‌که‌ش ده‌خاته به‌رده‌م مه‌ترسی یه‌وه". ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، به‌روونى ده‌رده‌که‌وێت که ناکۆکى حزبه‌کان کاریگه‌رى له‌سه‌ر کۆمسیۆن هه‌بووه، که به‌شێکیان ده‌یانه‌وێت به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک پڕۆسه‌که تێپه‌ڕێنن، به‌شێکیشیان ده‌ڵێن کار له‌سه‌ر پێشێلکاریی و ساخته‌کارییه‌کان ده‌که‌ن، که به‌هۆى ئه‌وه‌شه‌وه پڕۆسه‌ى ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌کان زۆر دواکه‌وتووه. به‌پێی بڕیارێکى کۆمسیۆن که شه‌وى هه‌ڵبژاردنى 30ى ئه‌یلول ده‌ریکرد، په‌سه‌ندکردنى ئه‌نجامه‌کان پێویستى به ده‌نگى دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى کۆمسیارانه که له نۆ ئه‌ندام پێکهاتووه‌و به‌سه‌ر پێنج حزبه سه‌ره‌کییه‌که‌دا دابه‌ش بوون. به‌م پێیه‌ش به پێی ده‌نگى شه‌ش ئه‌ندام کۆمسیۆن ده‌توانێت بدات. به‌ڵام بڕیارده‌رى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی هه‌رێم ده‌ڵێت، کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌کان ناتوانێت کۆى پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى 30ى ئه‌یلولى په‌رله‌مان ڕه‌تبکاته‌وه، به‌ڵکو ته‌نها ده‌توانێت ئه‌و سندوقانه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه که ساخته‌کارییان تێدا کراوه. به‌پێی یاساى ژماره چوارى ساڵى 2014ى په‌رله‌مانى کوردستان، ئه‌نجامى کۆتایی هه‌ڵبژاردن دواى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن دادگاوه په‌سه‌ند ده‌کرێت، له‌لایه‌ن کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی یه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نرێت.
هاوڵاتى هه‌وڵه‌کان بۆ کاراکردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک به‌رده‌وامه و ناکۆکییه‌کانى پارتى و یه‌کێتیش له‌سه‌ر ئه‌و پرسه قوڵبووه‌ته‌وه، ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا له پشکى یه‌کێتى ده‌ڵێت نابێت ئه‌و پرسه له‌سه‌ر هیچ حزبێک په‌کیبکه‌وێت، ئه‌ندامێکى پارتیش له‌و ئه‌نجومه‌نه یه‌کێتى تۆمه‌تبارده‌کات به‌وه‌ى له‌گه‌ڵ تورکمانی و عەرەبه‌کان له هه‌وڵى ڕێککه‌وتندایه له‌و باره‌یه‌وه. رۆژى چوارى ئه‌م مانگه، ڕێبوار تاڵه‌بانى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک به وه‌کاله‌ت، عیرفان کهرکولى سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی ڕاسپارد بۆ به‌ڕێوه‌بردنى کۆبوونه‌وه‌کانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک، ئه‌وه‌ش به‌یه‌که‌م هه‌نگاوى کرداریی بۆ کاراکردنه‌وه‌ى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه دانرا که زیاتر له ساڵێکه په‌کیکه‌وتووه. ئه‌حمه‌د عه‌سکه‌رى ئه‌ندامى لیستى برایه‌تى له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک (یه‌کێتی) به سایتى هاوڵاتى وت "لیسته‌کانى ناو ئه‌نجومه‌ن به‌رده‌وامن له ئه‌نجامدانى کۆبونه‌وه بۆ کاراکردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌ن، جۆره نزیک بوونه‌وه‌یه‌ک هه‌یه له‌نێوانیاندا، به‌ڵام هێشتا نه‌گه‌یشتوینه‌ته ئه‌نجامى کۆتایی". له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى پارتى و یه‌کێتیشه‌وه، عه‌سکه‌رى باسى له‌وه‌کرد، که تا ئێستا په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان ئه‌و دوو حزبه له‌و باره‌یه‌وه به‌ره‌وپێشچوونى به‌خۆوه نه‌بینوه، جه‌ختیکرده‌وه، نابێت کاراکردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌ن له‌سه‌ر هچ لایه‌نێک په‌کیبکه‌وێت. له‌دواى ڕووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌رى ساڵى ڕابردووه‌وه ئه‌ندامانى پارتى له ئه‌نجومه‌نى پارێزگا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه که‌رکوک و ئه‌نجومه‌نه‌که‌ش هیچ کۆبونه‌وه‌یه‌کى ئه‌نجامنه‌داوه. ئه‌حمه‌د عه‌سکه‌رى وتى "به‌هۆى په‌ککه‌وتنى ئه‌نجومه‌نه‌وه چه‌ندین کار په‌کیان که‌وتووه، ده‌بێت ئه‌نجومه‌ن کارابکرێته‌وه بۆ ڕایکردنى کاروباره‌کان، به‌تایبه‌تى پرسی خه‌رجکردنى بودجه‌ى پارێزگاکه و چاودێریکردنى". حزبه کوردستانییه‌کانى که‌رکوک مانگى ڕابردوو له کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا که له قهرهههجیر له نزیک که‌رکوک ئه‌نجامیاندا ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر کاراکردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا، هه‌روه‌ها پارتی و یەکێتی لە دوایین کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی‌دا، بڕیاریاندا لیژنەی هاوبەش بۆ گفتوگۆ و پێشنیازەکان له‌و باره‌یه‌وه پێکبهێنن. محەممەد کەمال، سەرۆکی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک (پارتى) به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگه‌یاندووه، یەکێتی داوای لە تورکمان و عەرەبەکان کردووە، سەرەتا پارێزگار دابنێن، بەڵام ئەوان رەتیان کردووەتەوە و وتوویانە، کە دەبێت سەرەتا سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا دابندرێت. وتیشى "کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بە بێ ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە نایاساییه، ئەو لایەنانە ناتوانن لە رێی کەسێکی بەتەمەن دانیشتنی ئەنجوومەنەکە بکەن و کەسێک بۆ سەرۆکی ئەنجوومەن دیاری بکەن". به‌وته‌ى محەمەد کەمال، یەکێتی داوای لە لایەنە تورکمانی و عەرەبییەکانی کەرکووک کردووە، بەو پێیەی ٦ کورسییان هەیە و پارێزگاکەیش ١٢ کورسییە، لە سەدا پەنجای پۆستەکانیان بدرێتێ، بەڵام هەردوو پێکهاتەکە ئەو داخوازییەی یەکێتییان رەت کردووەتەوە و پێیان راگەیاندوون، دەبێت لە سەدا ٣٢ بێت. باسى له‌وه‌شکردووه "ئەو دوو پێکهاتەیەی دیکە بە یەکێتییان راگەیاندووە، نابێت هیچ یەک لە پۆستەکانی کۆمپانیای نەوت و غاز و سوپا و پۆلیس و ئەمنییەتی تێدا بێت، ئەوەی دەمێنێتەوە، وەکو تەندروستی و کشتوکاڵ و هەندێ پۆستی بچووکی دیکە، ئینجا لەوەیش دەبێت یەکێتی لە سەدا ٣٢ی بەر بکەوێت". له‌دواى ڕووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌رى ساڵى ڕابردووه‌وه، پارێزگارى که‌رکوک به وه‌کاله‌ت که له‌لایه‌ن به‌غداوه بۆ ئه‌و پۆسته دیاری‌کرا، ده‌سه‌ڵاتى یه‌که‌مى پارێزگاکه‌یه و کاره‌کانى له‌ژێر چاودێرى ئه‌نجومه‌ندا نییه. له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ده‌یان به‌رپرسی کورد له پۆسته‌کانیان دورخراونه‌ته‌وه و که‌سانى دیکه به‌تایبه‌تى له پێکهاته‌ى عه‌ره‌ب له شوێنه‌کانیان دانراون.
ئارا ئیبراهیم دوو په‌رله‌مانتارى گۆڕان و کۆمه‌ڵ له‌به‌غدا جه‌ختله‌وه ده‌که‌نه‌وه که به‌رنامه‌یان هه‌یه هاوپه‌یمانى و ئیئتیلاف پێکبهێنن و ده‌شڵێن:"پێشتر پێکهێنراو راگه‌یه‌ندرا ئه‌وکاته‌ى هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسى و دادپه‌روه‌ریش له‌گه‌ڵماندا بووه". هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵى ئیسلامى که خاوه‌نى دوو کورسى په‌رله‌مانى عێراقه بریارى داوه به‌شدارى حکومه‌تى نیۆى عێراق بکات، به‌ڵام گۆڕان که‌خاوه‌نى پێنج کورسى په‌رله‌مانه هێشتا یه‌کلایى نه‌بۆته‌وه‌و چاوه‌ڕێى جڤاتى نیشیتمانى بزوتنه‌وه‌که‌یه‌تى. به‌هار مه‌حمود، ئه‌ندامى فراکسۆنى گۆڕان له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به سایتى هاوڵاتى وت"پێکهێنانى هاوپه‌یمانى و ئیئتلاف له‌نێوان گۆڕان و کۆمهڵو یه‌کگرتوو ئه‌نجام ده‌درێت، ته‌نانه‌ت پێشتر هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسى و دادپه‌روه‌رى له‌گه‌ڵماندا بوون و راشگه‌یه‌ندرا هاوپه‌یمانێتیه‌که". ناوبراو باسى له‌وه‌شکرد، گفتوگۆ له‌نێوان هه‌رسێ فراکسۆنى گۆڕان و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو ئه‌نجام ده‌درێت"ته‌بعه‌ن که بوینه هاوپه‌یمانى ئه‌وکاته ناوێکى لێ ده‌نرێت، به‌ڵام له‌ناو هاوپه‌یمانێتیه‌که‌دا هه‌ر فراکسۆنه ئازادى و سه‌ربه‌خۆیى خۆى هه‌ر ده‌مێنێت". پاش گه‌رانه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح بۆ نێو یه‌کێتى و وه‌رگتنى پۆستى سه‌رۆک کۆمار، ئێستا باسله‌وه ده‌کرێت که دوو کورسیه‌که‌ى هاوپه‌یمانى له‌به‌غدا چونه‌ته نێو فراکسۆنى یه‌کێتیه‌وه. په‌رله‌مانتارێکى فراکسۆنى کۆمه‌ڵ له‌به‌غدا ده‌ڵێت فکره‌ى هاوپه‌یمانى له‌نێوان هه‌رسێ فراکسۆنى سێ لایه‌نه‌که‌دا بوونى هه‌یه. سه‌لیم شوشکهیى، له‌لێدوانێکدا به سایتى هاوڵاتى وت" فکهرهى هاوپه‌یمانى و ئیئتلاف له‌نێوان هه‌رسێ فراکسۆنهکهدا هه‌یه‌و ده‌توانین ئه‌نجامى بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى رۆڵێکى زیاتر بگیرێن له‌به‌غدا". ده‌رباره‌ى به‌شدارى کردنیان له‌حکومه‌تى نوێى عێراق، شوشکهیى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد حزبه‌که‌ى خاوه‌نى دوو کورسیه‌و به‌پێى ئه‌و خاڵانه‌ى دانراوه ته‌نها یه‌ک خاڵى هه‌یه"به‌ڵێ ده‌مانه‌وێت به‌پێى ئیستحقاقى خۆمان به‌شدارى بکه‌ین، ئیتر پۆسته‌که وه‌کیل وه‌زیره یا شتى تر بێت". به‌پێى ئه‌و ریزبهنیهى بۆ پۆسته‌کانى به‌غداد دانراوه، هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تیه‌که هه‌ریه‌که‌و 15 خاڵ و جێگرانى سه‌رۆکایه‌تییه‌کان 10 خاڵ و وه‌زاره‌ته سیادییه‌کان شه‌ش خاڵ و وه‌زاره‌ته خزمه‌تگوزارییه‌کان چوار خاڵى بۆ دانراوه، راوێژکارو وه‌کیل وهزیریهکانیش به‌پێى کاره‌کانیان دوو خاڵ‌و یه‌ک خاڵى بۆ دیارى کراوه. په‌رله‌مانتاره‌که‌ى کۆمه‌ڵ ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه که یه‌کێتى به‌هۆى وه‌رگرتنى سه‌رۆک کۆمارى عێراقه‌وه 15 خاڵى بردووه‌و پارتیش به وه‌رگرتنى جێگرى دووه‌مى سه‌رۆکى په‌رله‌مان 10 خاڵى بردووه"ئێمه‌ش مافى خۆمانه به‌پێى کوردسییهکانمان به‌رکه‌وته‌ى خۆمان هه‌بێت له حکومه‌تى نوێى عێراقدا". ئه‌ندامه‌که‌ى فراکسۆنى گۆڕان، ده‌ڵێت هێشتا بریاریان نه‌داوه به‌شدارى حکومه‌تى نوێى عێراق بکه‌ن. به‌هار مه‌حمود وتى" تا ئێستا بریارمان نه‌داوه به‌شدارى حکومه‌تى نوێى عێراق ده‌که‌ین یان نا، هه‌ر کات ئه‌و بریاره له‌لایه‌ن جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌وه درا، ئه‌وکات قسه‌ى لێ ده‌که‌ین".