یاد قوربانی "دەستوری عێراق، کە یەکێک بوو لە دروستکراوەکانی مەکگۆرک بوو بە ھۆی دابەشبوونی عێراق بۆ چەندین بەشی نەتەوەیی و تایفی و ئەو وڵاتەی بەرەو شاڕێگای توندوتیژی گێڕایەوە. نەک ھەر ئەمە، بەڵکو وای کرد کوردەکانی عێراق ببن بە خاوەنی پێگەیەکی یاسایی جێگیر." ئەمە ڕاپۆرتە ھەواڵێکی کەناڵی (تەرەتە)ی نێودەوڵەتیی سەر بە حکومەتی تورکیابوو لە ڕۆژی دەستلەکارکێشانەوەی برێت مەکگۆرکدا، ئەو نێردەیەی لە لایەن تورکەکانەوە بە دوژمن لە قەڵەمدرا بە تۆمەتی پاڵپشتیکردنی کوردەکان. وازھێنانی مەکگۆرک لە بەرپرسیارێتیەکەی جێگەی خۆشحاڵی تورکیا بوو، شوێنگرەوەکەشی کە جیمس جیفریە، پێشتر باڵیۆزی ئەمەریکا بووە، جۆرێک لە خۆشحاڵی ئەنقەرەی لێکەوتەوە، بەڵام خۆشحاڵیەکەی زۆری نەخایاند دوای دوای ئەوەی جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی ئەمریکا کە رایگەیاندبوو مەرجی جێھیشتی ئەمەریکا لە سوریا ئەوەی تورکیا ھێرش نەکات سەر کوردەکان. ئەگەرچی بریاربوو دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ بۆلتن کۆببێتەوە، بەڵام بەھۆی مەرجی ئەمریکا بۆ پارێزراوی کورد لە سووریا، ئەردۆغان کۆبوونەوەکەی لەگەلدا ھەڵوەشاندەوە. شوێنگرەوەی مەکگۆرک کێیە؟ چۆن تەماشەی کوردانی ڕۆژئاوا دەکات؟ دوای دەستلەکارکێشانەوەی مەکگۆرک، (جەیمس جێفری) کە وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا تا ئێستا کاری کردوە، دەستنیشانکراوە تا جێگەی مەکگۆرک بگرێتەوە. بەڵام جێفری جیاواز لە مەکگۆرک دەڕوانێتە شەڕڤانە کوردەکانی ڕۆژئاوا. ئەو لە وتارێکدا لە (ئەنجومەنی ئەتڵەسی) لە واشنتۆن مانگی پێشوو دۆستایەتی ئەمریکای لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دیموکرات (کە یەپەگە فەرمانڕەوایی دەکات) بە دۆستایەتیەکی کاتی دەستنیشانکرد.  جێفری وتی "ئامانجی کۆتایی ھێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێت ئەوەبێت کە ببن بە بەشێک لە کۆمەڵگایەکی نوێ لە سوریا."  ڕاشیگەیاند کە ئەمریکا ئامادەنیە پاڵپشتی ھەوڵی سەربەخۆیی ھێزەکانی سوریای دیموکرات یاخود ھیچ ھێزێکی تری کوردی بکات بۆ جیابوونەوە لە حکومەتی سوریا و وتی "ئێمە پەیوەندی ھەتاسەر لەگەڵ ھیچ لایەنێک دروستناکەن لەسەر ئاستی وڵات نەبێت. ئەمە نە سیاسەتی ئەم ئیدارەیەی ئەمریکایە و نە سیاسەتی ئیدارەکانی پێشووە."  جەیمس جێفری لەوتارەکەیدا لە واشنتن، وەڵامی ھەڕەشەکانی تورکیا دەداتەوە لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە رۆژھەڵاتی فورات وتی "ھێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژھەڵاتی فورات کارێکی باش نابێت و ئەنجامێکی خراپی دەبێت". ئەو وتارەی جەیمس جێفری کە لە دامەزراوەی ئەتلانتیک لە واشنتن پێشکەشیکرد پەیامێکی ئاشکرای لەخۆگرتبوو بۆ ئەو وڵاتانەی لەگەڵ ئەمەریکا لە ‌ململانێدان لە گۆڕەپانی سووریادا. جەیمس جێفری لە نێو قسەکانیدا لەبارەی پرسی کورد لە داھاتووی سووریادا ئاشکرایکرد کە پرسی کورد تەنیا بەھێزەکانی سووریای دیموکراتەوە نەبەستراوە بەڵکو ئامانجی ئەمەریکا رژێمێکی حوکمڕانیی دیموکراسییە لە سووریا، کوردیش بەشدار بێت و رۆڵی خۆی ھەبێت. تورکیا و شەڕی کۆنەقین بۆ مەکگۆرک لە ڕاپۆرتێکی دەزگای (ئەلمۆنیتۆر)دا ھاتووە کە تورکیا ھەرگیز ڕقی بەرانبەر بە برێت مەکگۆرک نەشاردوەتەوە. مەولود چاوش ئۆغلوی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بە فەرمی داوای لە واشنتۆن کردوە مەکگۆرک لەسەر کارلابدەن، پێشتریش دادوەرێکی تورک داوای دەستگیرکردنی مەکگۆرکی کردوە بە تۆمەتی "پاڵپشتیکردنی تیرۆر". لە ڕاپۆرتەکەدا ھاتوە کە لە چاوی ئەنقەرەدا، مەکگۆرک ئەندازیاری سەرەکیی ھاوپەیمانیەتی ئەمریکایە لەگەڵ یەپەگەی دوژمنی تورکیا لە شەڕی داعشدا. لە ڕۆژی دەستلەکارکێشانەوەی مەکگۆرکیشدا ھەر ڕقی تورکیا بەرانبەر ئەم دیپلۆماتکارە ئەمریکیە دانەمرکابووەوە و لەو ڕۆژەدا لە بەرنامەیەکی کەناڵی (تەرەتە)ی نێودەوڵەتیدا مەکگۆرک بە (لۆرێنسی عەرەبستان) بەراورد کرا کە لە سەدەی ڕابردوودا. لۆرێنسی عەرەبستان سیخوڕێکی شانشینی بەریتانیابوو و عەرەبەکانی دژی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەکان ھاندا، مەکگۆرکیان بە (لۆرێنسی نوێ) لەقەڵەمدا و پێیان وایە دیپلۆماتکارە ئەمریکیەکە کوردەکان ھاندەدات تا سەربەخۆبن لە دەوڵەتی تورکیا. ھەروەھا ئەوەشیان خستە ڕوو کە مەکگۆرک نەک تەنھا لە ڕۆژئاوا کاری بۆ کوردەکان کردوە بەڵکو لە نوسینەوەی دەستوری عێراقیشدا بوەتە ھۆی بەدەستخستنی ھەرێمێکی جێگیر لە لایەن کوردانەوە.  لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی (ئەلمۆنیتۆر)دا ئەوە خراوەتە ڕوو کە ئیدارەی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا پێش ڕووکردنە کوردانی ڕۆژئاوا وەک دۆستێک بۆ شەڕی داعش ڕوویان کردە تورکیا، بەڵام ئەوان ئامادەنەبوون بەشداربن لە شەڕی داعشدا و ئەمەش کوردەکانی ڕۆژئاوای کردە دۆستی ئەمریکا لە شەڕی داعشدا، گەر تورکیا ئامادەبوایە شەڕی داعش بکات ئەوا ئەمریکا ھانای بۆ کوردەکان نەدەبرد.  مەکگۆرک لایەنداری کوردانی ڕۆژئاوای دەکرد؟ برێت مەکگۆرک ھۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی بە ناڕەزایی دەربارەی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا لەقەڵەمدا. لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (نیو یۆرک تایمز)ی ئەمریکیدا، چەند ئیمەیڵێکی برێت مەکگۆرک خراونەتە ڕوو کە ئاراستەی ستافەکەی خۆی کردووە و دەست ڕۆژنامەکە کەوتوە. لە ئیمەیڵەکەدا، مەکگۆرک ھۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی بۆ ستافەکەی دەخاتە ڕوو و دەڵێت: "ئەم بڕیاڕە نوێیەی سەرۆک ترەمپ سەریسوڕماندم و تەواو پێچەوانەی ئەو سیاسەت و ئەجێندایەبوو کە بۆ ئێمە بەیانکرابوو. ئەم بڕیارە سەری لە وڵاتانی ھاوپەیمانیانی دژی داعش تێکداوە، دۆستە شەڕڤانەکانمانیشی (کوردانی ڕۆژئاوا) ھەراسانکردوە." لە چەند بەڵگەیەکی تریشدا لایەنداریکردی کوردانی ڕۆژئاوا لە ھەڵوێستەکانی برێت مەکگۆرکدا دەبیندرێت، ئاژانسی ئەسۆسیەیتد پرێس لە زاری بەرپرسێکی نادیاری ئەمریکیەوە ئەوەی خستوەتە ڕوو کە برێت مەکگۆرک فشاری کردووە بۆ ئەوەی شەڕڤانە کوردەکان بپارێزرێن لە لایەن ھێزەکانی سەر بە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریاوە. بە وتەی بەرپرسە ئەمریکیەکە کە داوای کردوە ناوی ئاشکرا نەکرێت، مەکگۆرک وتوێتی: "ئەمریکا ئەرکی ئەخلاقیەتی کە ڕێگربێت لەوەی دۆستە شەڕڤانەکانیان لە لایەن تورکیاوە لەناوببرێن." مەکگۆرک لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٨دا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای جێھێشت دوای ئەوەی ساڵانێک لە نێو کۆڕ و کۆبونەوەی کوردانی باشور و ڕۆژئاوادا دەبیندرا. برێت مەکگۆرک، لە ٢١ی کانونی یەکەمدا نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی سەروو خۆی کرد و لە کۆتایی ساڵەوە بە فەرمی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نەما.  ئەو وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش، زۆر جار لەگەڵ سەرکردە کوردەکان دەبینرا و وەک نێوەندگیر لە زۆرێک لە ڕێکەوتن و کۆبونەوەکانی پەیوەست بە کوردەکان بەشداربوو، بە پێی چەندین سەرچاوە مەکگۆرک کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانی وەک دۆستێکی بە ئەمەکی ئەمریکا بینیوە و ھۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەشی بۆ وەلانانی ئەو دۆستایەتیە لە لایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە گێڕاوەتەوە. مەکگۆرک پێش کارکردن وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا چەندین پۆستی دیپلۆماسی لە ناوچەکە ھەبووە و لە ٢٠٠٣وە لە عێراق کاری دیپلۆماسی پێسپێردراوە و ھەر لەبەر ئەم ھۆکارە کەناڵە تورکیەکە باس لە ھەبوونی ڕۆڵی ئەو دەکات لە دانانی دەستوری عێراق و یارمەتیدانی سەقامگیری کوردەکانی باشوری کوردستان. بەڵام لە ساڵانی دواییدا و لەگەڵ دەستپێکی شەڕی داعشدا، مەکگۆرک زیاتر لە میدیاکانەوە دەرکەوت و لەم دواییانەدا لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە میانەی ھاوپەیمانیەتی ئەمریکا و ھێزەکانی یەپەگە لە شەڕی داعشدا دەبنیدرا. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بڕیاربوو رۆژی سێشەممەی رابردوو لەگەڵ جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی ئەمریکا کۆببێتەوە، بەڵام بەھۆی مەرجی ئەمریکا بۆ پارێزراوی کورد لە سووریا، ئەردۆغان کۆبوونەوەکەی ھەڵوەشاندەوە. بۆڵتن لەسەردانەکەیدا بۆ تورکیا تەنیا چاوی بە ئیبراھیم کاڵن، وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کەوتووە، بڕیاربوو لە دوای کۆبوونەوەکە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ھەبێت، بەڵام بۆڵتن بەبێ ئامادەبوون لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە، دەگەڕێتەوە ئەمریکا. دواتر ئەردۆغان لە وتەیەکیدا لە بەردەم  پەرلەمانتارانی پەرلەمانی حزبەکەی رایگەیاند، ''تورکیا ھەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ شەڕی دژ بە داعش لە سووریا، ئەمەش دوای بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ کشاندنەوەی ھێزەکانیان لە سووریا''. وتیشی ''ئێمە ھەموو گرووپە تیرۆریستییەکان لە سووریا لەناودەبەین، ئەگەر گرووپی دیکەی تیرۆریستیش ھەبن، ئەو کاتە تورکیا بە ئەرکی خۆی دەزانێت رووبەڕوویان ببێتەوە لەناویان ببات''، کە مەبەستی لە ھێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان بوو. ھەڵوەشانەوەی کۆبوونەوەکەی بۆڵتن و ئەردۆغان لەکاتێکدایە کە جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بەر لە سەردانەکەی بۆ سووریا رایگەیاند، بە دوو مەرج لە سووریا دەکشێنەوە، یەکێکیان بەردەوامبوونی شەڕی داعشە، ئەوەی دیکەش پاراستنی کوردە.

سەروەر خەلیل چەکدارانی چیای قەرەچوغ لەسنووری مەخموور پێگەی خۆیان قایمدەکەن و بەکاریدێنن بۆ گەیشتن پاریزگا سوننە نشینەکان. زۆرینەی چەکدارەکانیش عەرەبی ناوچەکانی گەیارەو حەمام عەلیل و بەعاجن و ژمارەیەک چەکداری بەڕەگەز کورد و بیانیشیان لەگەڵدایە. قەرەچوغ بریتییە لەزنجیرە گردۆڵکەیەک کە لەمیدیاکاندا بە چیای قەرەچوغ ناودەهێنرێت. لەلای باشووری رۆژئاوای زنجیرە گردۆڵکەکانی کەندێناوە هەیە کەناوچەکە جیای دەکاتەوە لە دەشتی هەولێر. دوای دەرکردنی داعش لە موسڵ پاشماوەی ئەو چەکدارانە خۆیان لەو ناوچەیە قایمکردوە. رەشاد گەڵاڵی بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتییە لەمەخمورو لەنزیکەوە چاودێری دۆخی ئەمنی و سیاسی سنووری مەخمورو ناوچە جێناکۆکەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایە، ئەو لەبارەی جموجۆڵەکانی داعشەوە لەسنووری مەخمور و قەرەچوغەوە دەڵێت «داعش دەتوانێت سوود لەچیای قەرەچوغ ببینێت بۆ گەیشتن بە ناوچەکانی گەیارە و حەمام عەلیل و قەراج لەپارێزگای نەینەواو سەرگەڕان و دوبز و حەویجە و زاب و کەرکوک و قەزای شرگات لەتکریت» ئەو لەبارەی ژمارەی چەکدارەکانەوە دەڵێت «ژمارەیان لەکاتێکەوە بۆ کاتێکی تر جیاوازە، جار هەیە سەد چەکدارەو جاری واش هەیە سێسەد چەکدارە بەڵام بەبەردەوامی لە سەد چەکدار زیاتری لێیە» بەوتەی چاودێرانی ئەمنی داعش ئەو چیایە بەکاردەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ناوچە جیاجیاکانی نەینەواو کەرکوک کە دەستیان پێدەگات لەڕێی مەفرەزەی چەکدارییەوە، لەماوەی رابردووشدا چەندین چالاکی هاوشێوەی لەژمارەیەک ناوچەی جیاوازی سنوورەکە ئەنجامداوەو لەڕێی کوشتن و رفاندنەوە مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان دروستکردووە. رەشاد گەڵاڵی «بەبڕوای من ئەو هێزە هێنراون نەک هێزێک بن بەویستی خۆیان هاتبن لەچیاکە نیشتەجێ بن چونکە هیچ هێزێکی پارتیزانیش ناتوانێت لەنێوان دوو هێزی شەڕکەر جێگیر بێت کە هێزەکانی پارتی و هێزەکانی حکومەتی عێراقین بۆیە ئەمریکاو تورکیا بەپلەی یەکەم بەرپرسیارن، مەبەست لەبوونی ئەو چەکدارانەش ئەوەیە هەر کاتێک پڕۆسەی دیموکراسی لەعێراق لەبەرژەوەندی ئەمریکاو تورکیا و وڵاتانی کەنداوو تەنانەت هەرێمی کوردستانیش نەبێت ئەوە ئەو چەکدارانە بەکاردەهێنرێن» بەوتەی ناوبراو لەئەگەری بەکارهێنانی ئەو گروپە چکدارییە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە سیاسییەکان «ئەوە راستەوخۆ دەتوانێت پارێزگای نەینەوا داببڕێت و کێشە بۆ دەوڵەتی عێراق دروستبکات، تەنانەت لەپارێزگای سەڵاحەدینیش کێشە دروستدەکات». بەوتەی رەشاد گەڵاڵی و بەشێک لەسەرکردە ئەمنییەکانی ناوچەکە زۆرینەی ئەو چەکدارانەی لەچیاکە جێگیرکراون عەرەبی سوننە مەزهەبن و خەڵکی ناوچەکانی گەیارەو حەمام عەلیل و بەعاجن و ژمارەیەک چەکداری بەڕەگەز کورد و بیانیشیان لەگەڵدایە. لەماوەی رابردوودا هێزە ئەمریکییەکان بەهاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئۆپراسیۆنێکیان لەسنوورەکە ئەنجامداو لەئەنجامدا ژمارەیەک پێشمەرگە شەهیدبوون و جگە لەدەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی چەکدارەکانی داعش هیچ چەکدارێک دەستگیر نەکرا. ڕەشاد گەڵاڵی دەڵێت «نە هێزە عێراقییەکان و نە پێشمەرگەش بۆیان نییە بەبێ ئاگاداری پێشوەختەی ئەمریکا کێوماڵی ناوچەکە بکەن و تەنانەت فڕۆکە عێراقییەکانیش ناتوانن بەبێ ئاگاداری ئەمریکا بۆردومانی ئەو ناوچانە بکەن و هەموو دونیا و خەڵکی ناوچەکەش دەزانن کە ئەو ناوچانە بارەگای داعشی لێیە». دەشڵێت ئەمانە هەموو هۆکارن بۆ مانەوەی داعش و هەڕەشەی ئەو گروپە بۆ سەر دانیشتووانی ناوچەکە، ئەگەر ئەمریکا رێگە بدات چەکدارانی خێڵەکانی ناوچەکە کەزیانێکی زۆریان پێگەیشتووە بەدەست ئەو گروپەو خەڵکی زۆریان لێ کوژراوە بۆ خۆیان دەچن ئەو ناوچەیە پاک دەکەنەوە بەڵام ئەوە ویستی ئەمریکایە کەویستی ئەمریکاش بوو ئەوە ئەو هێزە دەمێنێت مانەوەی ئەو هێزەش مانای نەگەڕانەوەی ئاسایش و ئۆقرەییە بۆ  ئەو ناوچانەی دوای نەمانی داعش خەڵک بۆی گەڕاوەتەوە».

هاوڵاتى فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى رایگه‌یاند، دانوستانه‌کانى پێکهێنانى حکومه‌ت چه‌قى به‌ستووه‌ و پارتى ده‌یه‌وێت له‌ ژێر فشارى ده‌ستگیرکردنى ژماره‌یه‌ک کادیرى یه‌کێتیدا، حزبه‌که‌یان ناچار به‌ملدان به‌ داواکارییه‌کانى بکات. چه‌قبه‌ستنى گفتوگۆکان دواکه‌وتنى پێکهێنانى حکومه‌تى لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌، له‌کاتێکدا زیاتر له‌ 100 رۆژه‌ هه‌ڵبژاردن کۆتایی هاتووه‌و هێشتا ئاسۆى پێکهێنانى کابینه‌که‌ نادیاره‌. بڕیاربوو له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا به‌ کۆبوونه‌وه‌ى نێوان پارتى و یه‌کێتى گه‌ڕێکى دیکه‌ى دانوستانى پێکهێنانى حکومه‌ت ده‌ستپێبکاته‌وه‌، به‌ڵام کۆبوونه‌وه‌که‌ بۆ کاتێکى نادیار دواخرا. فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد به‌ سایتى هاوڵاتى وت "له‌کۆتایی ساڵى رابردووه‌وه‌ دانوستانه‌کان چه‌قى به‌ستووه‌ و تا ئێستا ده‌ستى پێنه‌کردووه‌ته‌وه‌، چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ین پڕۆسه‌که‌ ده‌ستپێبکاته‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێت پێش ئه‌وه‌ ئاماده‌کاریی بۆ بکرێت". چه‌قبه‌ستنى دانوستانه‌کانى پارتى و یه‌کێتى هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ کێشه‌کانى نێوان ئه‌و دوو حزبه‌ که‌ به‌هۆى ده‌ستگیرکردنى ژماره‌یه‌ک له‌کادیره‌کانى هه‌ردولاوه‌ له‌لایه‌ن یه‌کتریه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌. له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا ئه‌و دوو حزبه‌ به‌شێک له‌ کادیره‌کانى یه‌کتریان ئازادکرد، به‌ڵام یه‌کێتى ده‌ڵێت هێشتا ژماره‌یه‌ک کادیریان ئازاد نه‌کراون. فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتى "ده‌ستپێنه‌کردنه‌وه‌ى دانوستانه‌کان په‌یوه‌ندى به‌و پرسه‌وه‌ هه‌یه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ چاوه‌ڕواننه‌کراو بوو، چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ نه‌بووین ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ وه‌کو کارتى فشار به‌کاربهێنرێت، ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌که‌ زۆرتر په‌یوه‌ندى به‌ شێوه‌ى ره‌فتارى سیاسییه‌وه‌ هه‌یه‌". وتیشى "ئه‌گه‌ر پارتى له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌کانى به‌و شێوه‌یه‌ ره‌فتاربکات، چۆن ده‌کرێت له‌ ژێر فشاردا مل به‌ هاوپه‌یمانه‌کانى بدات بۆ داواکانى". له‌ماوه‌ى که‌متر له‌ مانگێکدا پارتى و یه‌کێتى چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یه‌کیان ئه‌نجامدا بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت، هه‌روه‌ها پارتى له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیش کۆبووه‌وه‌، به‌ڵام دانوستانه‌کان هێشتا رێککه‌وتنیان لێنه‌که‌وتووه‌ته‌وه‌. ئه‌سه‌سه‌رد باسى له‌وه‌کرد، ئه‌گه‌ر پرسی ده‌ستگیرکردنى کادیره‌کانیان یاساییه‌، ئه‌وان خۆیانى لێ بێده‌نگ ده‌که‌ن، "به‌ڵام مه‌سه‌له‌که‌ یاسایی نییه‌ و په‌یوه‌ندى به‌دۆخى ئێستاوه‌ هه‌یه‌، به‌ دیاریکراوى په‌یوه‌ندى به‌و ته‌گه‌رانه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌به‌رده‌م پێکهێنانى کابینه‌ى نوێی حکومه‌تدان". تا ئێستا دیار نییه‌ دانوستانه‌کانى پێکهێنانى حکومه‌ت که‌ى ده‌ستپێده‌که‌نه‌وه‌، له‌کاتێکدا 100 رۆژ زیاتر به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌که‌ى 30ى ئه‌یلولدا تێپه‌ڕیوه‌ که‌ تێیدا پارتى پله‌ى یه‌که‌م و یه‌کێتى دووه‌م و گۆڕانیش پله‌ى سێ یه‌میان به‌ده‌ستهێنا. به‌رپرسانى پارتى پێشتر چه‌ند جارێک یه‌کێتیان به‌ هۆکارى دواکه‌وتنى پێکهێنانى کابینه‌ى نوێ تۆمه‌تبارکردووه‌ و ده‌ڵێن یه‌کێتى داواى پشکى زیاتر له‌ قه‌باره‌ى خۆى ده‌کات. یه‌کێتى به‌فه‌رمى چه‌ند جارێک رایگه‌یاندووه‌ که‌ داواى "شه‌راکه‌تى راسته‌قینه‌ ده‌کات" له‌ کابینه‌ى نوێدا. له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا فرسەت سۆفی ئەندامى شاندی دانوستانکاری پارتی به‌ میدیاى فه‌رمى حزبه‌که‌ى راگه‌یاندبوو "گفتوگۆکان لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا بەردەوام دەبن، ھەوڵەکانیش بۆ پێکھێنانی حکوومەت جدین". وتیشى "پارتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا لەسەر ھێڵە."

ئارا ئیبراهیم 58 مناڵى داعش له‌زیندانه‌کانى چاکسازى هه‌ولێردان و حکومه‌تى هه‌رێم نوسراوی بۆ بەغدا کردووه‌ تا سزاکانیان له‌گرتوخانه‌کانى موسڵ ته‌واوبکه‌ن ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر داواى که‌سوکاره‌کانیان بووه‌. زیا پترۆس، سه‌رۆکى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ له‌هه‌رێمى کوردستان به‌‌هاوڵاتی وت «کاتێک که‌ ئۆپه‌راسیۆنى موسڵ ده‌ستى پێکرد کۆمه‌ڵێک له‌مناڵانی داعشیان ده‌ستگیرکردبوو له‌خواروى موسڵ بۆ که‌مپى دیبه‌گه‌«. رێکخراوى هیومان رایتس وۆچ، دوێنێ له‌ راپۆرتێکدا حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانی  تۆمه‌تبارکرد به‌وه‌ى که‌منداڵه‌ زیندانیکراوه‌کانی ئه‌شکه‌نجه‌داوه‌ بۆ  ئه‌وه‌ى دان به‌په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ داعشدا بنێن. زیا پترۆس وتى «ئه‌و مداڵانه‌ له‌له‌لان هێزى شه‌عبى نیشتمانى (سوننه‌کان) ئه‌شکه‌نجه‌ درابوون، دواتر ته‌سلیمى هێزه‌کانى ئاسایشى هه‌رێم کرابوون». رێکخراوى مافه‌کانى مرۆڤ له‌ راپۆرته‌که‌یدا که‌ دوێنێ 8ى کانونى دووه‌مى 2019 بڵاویکردووه‌ته‌وه‌، نووسیویه‌تى «حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، تا منداڵه‌ زیندانیکراوه‌کان دان به‌ په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ داعشدا بنێن، ئه‌شکه‌نجه‌یان ده‌دات، له‌منداڵه‌کان ده‌درێت و کاره‌بایان لێده‌ده‌ن››. رێکخراوه‌که‌ چاوپێکه‌وتنى له‌گه‌ڵ چه‌ند منداڵێک ئه‌نجامداوه‌ که‌ ‹›به‌تۆمه‌تى هه‌بوونى په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ داعش له‌هه‌رێمى کوردستان ده‌ستگیرکراون و منداڵه‌ ده‌ستگیرکراوه‌کان ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌ که‌ له‌زیندانه‌کان ئه‌شکه‌نجه‌دراون››. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌ 63 منداڵ له‌زیندانییه‌کى هه‌ولێر به‌تۆمه‌تى هه‌بوونى په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ داعش ده‌ستگیرکراون له‌نێویاندا 43 منداڵ به‌م تۆمه‌ته‌ تاوانبارکراون. رێکخراوه‌که‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ دیندار زێباری، به‌رپرسى لیژنه‌ى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان کردووه‌و زێبارى پێى راگه‌یاندوون، ‹›هێزه‌ ئه‌منییه‌کانى کوردستان رێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ ئه‌شکه‌نجه‌ى زیندانییه‌کان بده‌ن، ئه‌گه‌ر زیندانییه‌کیش ئه‌شکه‌نجه‌درابێت، زیندانییه‌که‌ مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ سکاڵا تۆماربکات». زیا پترۆس، سه‌رۆکى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ له‌هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو پاش ئه‌وه‌ راپۆرتێک بڵاوکرایه‌وه‌ که‌ئه‌مانه‌ توشى ئه‌شکه‌نجه‌ بونه‌ته‌وه‌ به‌شێوه‌ى جۆراوجۆر. وتى «بۆخۆم سه‌ردانى چاکسازى نه‌وجه‌وانان و ژنانم کرد له‌هه‌ولێر، دیاربوو  هیومان رایتس وۆچ ئه‌و وه‌خته‌ له‌گه‌ڵ حه‌وت مناڵ دانیشتبوو ئیفاده‌یان وه‌رگرتبوو، به‌ڵام بۆخۆم له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ 115 که‌س دانیشتم یه‌ک به‌یه‌ک که‌ ژماره‌یان 209 مناڵ بوون، بۆمان ده‌رکه‌وت ئه‌مانه‌ له‌حه‌شدى نیشتمانى سوننه‌کان ئه‌شکه‌نجه‌ درابوون، له‌که‌مپیش توشى ئه‌شکه‌نجه‌ بووبون». ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد به‌دواداچونیان کردووه‌ له‌و 209 مناڵه‌ زۆربه‌یان ده‌رچوون و په‌یوه‌ندیکردنیان به‌داعش له‌سه‌ریان نه‌چه‌سپاوه‌ و راده‌ستى که‌سوکاریان کراونه‌ته‌وه‌و ته‌نها 58 له‌و مناڵانه‌ ئه‌و تۆمه‌ته‌یان له‌سه‌ر چه‌سپاوه‌ له‌چاکسازى ژنان و نه‌وجه‌وانانن و له‌ناو چاکسازییه‌کان ئه‌شکه‌نجه‌دان نییه‌. هه‌روه‌ها وتى «ئه‌شکه‌نجه‌دان له‌قۆناغى لێکۆڵینه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ئاسایش و پۆلیس، به‌ڵام پاش حکومدان ئه‌شکه‌نجه‌دان نیه‌«. ناوبراو ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه‌ له‌سه‌ر داواى که‌سوکارى ئه‌و مناڵانه‌ نوسراویان کردووه‌ بۆ به‌غداو له‌گه‌ڵ کۆمسیۆنى باڵاى مافه‌کانى مرۆڤى به‌غدا گفتوگۆیان کردووه‌ که‌ پێویست ناکات لێره‌ بمێننه‌وه‌ به‌ڵکو بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ بۆ گرتوخانه‌کانى موسڵ و له‌وێ سزاکانیان ته‌واوبکه‌ن، به‌ڵام نازانین »هیومان رایت وۆچ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک ئه‌م راپۆرته‌یان نوسیوه‌، چونکه‌ له‌چاکسازییه‌کاندا ئه‌شکه‌نجه‌دان نییه‌«.

ئارا ئیبراهیم ده‌سته‌ى مافى مرۆڤی هه‌رێمى کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت که‌ده‌ستگیکردنه‌کانى ئه‌ندامانى یه‌کێتى و پارتى له‌ رۆژانى رابردوودا «پێشێلکارى» بووه‌ه‌، هه‌روه‌ها رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌و حاڵه‌تانه‌ ره‌تده‌که‌نه‌وه‌و به‌ «گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دوو ئیداره‌یى و شه‌ڕى ناوخۆ» ناوى ده‌بات. له‌ هه‌فته‌ى رابردوودا دواى ده‌ستگیرکردنى کادرێکى پارتى له‌ گه‌رمیان له‌لایه‌ن یه‌کێتییه‌وه‌، پارتى چه‌ند کادرێکى یه‌کێتیان له‌هه‌ولێر ده‌ستگیرکردو ئه‌مه‌ش گرژى له‌نێوان هه‌ردوولادا دروستکرد. زیا پترۆس، سه‌رۆکى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ له‌هه‌رێمى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌ ‌هاوڵاتی وت «وه‌کو ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک به‌توندى ره‌تده‌که‌ینه‌وه‌ هه‌ر حاڵه‌تێک گرتنى هه‌ر مرۆڤێک تاوانبار بێت یان نا به‌بێ فه‌رمانى دادوه‌ر سه‌رپێچى یاساو سه‌روه‌ر نه‌بونى یاساو پێچه‌وانه‌ى بنه‌ماکانى مافى مرۆڤەو‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته‌یه‌ بۆ زه‌مه‌نى هێزه‌کانى حزبى و رفاندن و شێوازه‌کانى تری ئه‌م حاڵه‌ته‌ ره‌تکراوه‌و قبوڵنه‌کراوه‌«. رۆژى 3ى کانونى دووه‌مى 2019 تاریق نورى به‌رێوه‌به‌رى گشتى ئاسایشى هه‌ولێر رایگه‌یاند» تا کوڕه‌که‌ى ئه‌کبه‌رى حاجى رۆسته‌م چاره‌نووسى دیارینه‌کرێ و ئازادنه‌کرێت، ئه‌و کادیره‌ى یه‌کێتیش ئازاد ناکرێت». سه‌رۆکى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد به‌دواداچونى له‌سه‌ر که‌یسى ده‌ستگیرکراوه‌کانى یه‌کێتى و پارتى کردووه‌و وتى «ره‌خنه‌م گرت قسه‌کانى به‌ڕێوه‌به‌رى  ئاسایشى هه‌ولێر که‌ نه‌ده‌بوو به‌و شێوه‌یه‌ قسه‌ بکات که‌وتبوى (هه‌تا ئه‌و به‌ر نه‌بێت ئازادى ناکه‌ین)، چونکه‌ گرتنى که‌سێک له‌شوێنى که‌سێکى تر که‌ په‌رله‌مانمان هه‌یه‌و ده‌سه‌ڵاتى داوه‌رى و حکومه‌ت چۆن که‌سێک ده‌ستگیرده‌که‌یت هه‌تا ئه‌و به‌ر نه‌بێت ئازادى ناکه‌یت، ئه‌مه‌ پێشێلکردنى زه‌قى مافى مرۆڤ و یاساکانه‌«. رۆژى 3ى کانونى دووه‌مى 2019 تاریق نورى به‌رێوه‌به‌رى گشتى ئاسایشى هه‌ولێر رایگه‌یاند» تا کوڕه‌که‌ى ئه‌کبه‌رى حاجى رۆسته‌م چاره‌نووسى دیارینه‌کرێ و ئازادنه‌کرێت، ئه‌و کادیره‌ى یه‌کێتیش ئازاد ناکرێت». زیا پترۆس جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌« داواى ئازادکردنى ئه‌و کادره‌ى یه‌کێتیان له‌هه‌ولێر کرد ئه‌وه‌ى سلێمانیشمان داواکرد، دیار بوو بۆ شه‌وى یه‌کشه‌ممه‌ى رابردوو گه‌شتبونه‌ چاره‌سه‌ر بۆ ئازادکردنیان، چونکه‌ ئه‌وه‌ى سلێمانى به‌فه‌رمانى داوه‌ر ده‌ستگیرکرابوو، به‌ڵام کادره‌که‌ى یه‌کێتى به‌بێ فه‌رمانى دادوه‌ر بوو». سه‌رۆکى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ داواى له‌پارتى و یه‌کێتى کرد جارێکى دیکه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌و وتى »خه‌ڵکى کوردستان به‌م ده‌ستگیرکردنه‌ى هه‌ردوولا زۆر نیگه‌ران بوون و ئه‌مه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بوو بۆ دوو ئیداره‌یى و شه‌ڕى ناوخۆ». خالید گۆران ئه‌ندامى مه‌ڵبه‌ندى موسڵى یه‌کێتى له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ ماوه‌ى دوو مانگه‌ ده‌ستگیرکراوه‌و ئازاد نه‌کراوه‌،   سه‌رۆکى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ له‌مباریه‌وه‌ وتى «به‌دواداچونمان کردووه‌ کادرێکى پارتى له‌قه‌زاى دوکانیش ده‌ستگیرکراوه‌و ئه‌و کادره‌ى یه‌کێتیش به‌هه‌مان شێوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ به‌دواداچونمان کردووه‌ ئه‌مانه‌ پێشێلکردنى یاسایان کردووه‌و به‌بڕیارى دادوه‌ر ده‌ستگیرکراون و لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت و ئێمه‌ ته‌ده‌خولى یاسا ناکه‌ین». هه‌ر دوێنێ ‌ ئه‌ندامێکی مه‌ڵبه‌ندی موسڵی یه‌کێتی له‌لایه‌ن ئاسایشی پارتییه‌وه‌ ئازادکرا، ئه‌وه‌ش دواى زیاتر له‌دوو مانگ له‌ده‌ستگیرکردنى. غه‌یاس سورچی کارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی موسڵی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگه‌یاند‌، دوێنێ له‌لایه‌ن ئاسایشی پارتییه‌وه‌ خالید ئیسماعیل مه‌عروف ئه‌ندامی مه‌ڵبه‌ندی موسڵی یه‌کێتی ئازادکرا. وتیشی «ئه‌و ئه‌ندامه‌ی یه‌کێتی ماوه‌ی 2 مانگه‌ له‌لایه‌ن ئاسایشی پارتی به‌بێ هیچ هۆیه‌ک ده‌ستگیرکرابوو». غه‌یاس سورچی ئاماژه‌ی به‌وه‌شکردووه‌، ئازادکردنی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی یه‌کێتی له‌دوای رێککه‌وتنی یه‌کێتی و پارتی بوو بۆ ئازادکردنی کادره‌کانیان.

ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەیەدە لەبارەى کاری دیپلۆماتیکى ساڵی ٢٠١٨ لە باکور و رۆژهەڵاتى سوریا وتى، کاری دیپلۆماسیى ساڵی داهاتوو لەسەر بنەمای "چارەسەریى قەیرانى سوریا" و "ئازادیى عەفرین" بەڕێوەدەچێت. ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتی یەکێتیى دیموکراتی (پەیەدە) ئەمڕۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسى هەواڵی فورات لێکدانەوەى بۆ لایەنە لاواز و بەهێزەکانى کاری دیپلۆماسی لە باکور و ڕۆژهەڵاتى سوریا کرد.  موسلیم ڕایگەیاند، لەبەرئەوەى نەیانتوانیوە بە کاری دیپلۆماسی رێگە لە داگیرکردنى عەفرین بگرن، کارە دیپلۆماسییەکانیان بە سەرکەوتو نازانێت، ڕاشیگەیاند کارە دیپلۆماسییەکانى ساڵی نوێ لەسەر بنەمای "چارەسەریى قەیرانى سوریا" و "ئازادیى عەفرین" بەڕێوەدەبەن. "دیپلۆماسیى ئێمە بەشی نەکرد" ساڵح موسلیم وتى "ئێمە ناتوانین بڵێن بۆ عەفرین دیپلۆماسییەکى باش بەڕێوەچووە، لەوەدا ئێمە رەخنە لە خۆمان دەگرین، ئەگەر ئێمە بمانتوانییایە لە رووی دیپلۆماسی و سیاسییەوە کارێکى باشمان بکردایە و پێشبینى و ئامادەکاریمان بەهێز بوایە، رەنگە کاری باشتر ئەنجام بدرایە، سەرباری ئەوەى بۆ عەفرین هەموو دونیامان ئاگادارکردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کارەکان بەشی ئەوەیان نەکرد، کە رێگە لە داگیرکردنى عەفرین بگرن". ئامادەکارییەکان بۆ عەفرین ساڵح موسلیم وتیشی "بە بەراورد بە ساڵانى پێشتر لە رووی دیپلۆماسییەوە ئەزموونى باشترمان بەدەستهێناوە، لە ئەنجامی ئەوەشدا فەرەنسا، ئەمریکا، ئوردون و وڵاتانى هاوشێوەى ئەو وڵاتانە پێداگری لەوە دەکەن، کە ئێمە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى داهاتووی سوریاوە بەشداری گفتوگۆ و دانوستانەکان بین. سەرباری ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٨دا کەموکوڕیمان هەبوو، بەڵام کاری باشیش ئەنجامدراون، بەڵام هێشتا عەفرین بۆ ئێمە برینێکە، کارەکانمان بۆ عەفرین بەردەوامییان هەیە. تاوەکو گەلی عەفرین لە ژێر چادردا لە چاوەڕوانى رزگارکردنى شارەکەیاندا بن، ئەوا کاری ئێمە بۆگەڕانەوەى عەفرینییەکان بەردەوام دەبێت". هەوڵەکانى چارەسەری ساڵح موسلیم ئەوەشی وت "لە ماوەى ئەمساڵدا چاوپێکەوتنمان لەگەڵ فەرەنسا، بەریتانیا و چەندین وڵاتى تر ئەنجامداوە و هاوکاتیش گرنگیمان داوە بە چاوپێکەوتن لەگەڵ رژێم  دا، بەڵام ئەو کارانە نەیانتوانی ئەنجامێکى بەرچاو بەدەست بهێنن، ساڵی ٢٠١٨ ئێمە لەگەڵ رژێم دانیشتین، بەڵام بە ئەنجامێک نەگەیشتین، ئێمە بە هەموو دونیامان نیشاندا کە بۆ دیالۆگ کراوەین و ئەگەر چارەسەرییەک نەیەتە ئاراوە، ئەوە تاوانى ئێمە نییە، پلان و پرۆژەمان هەیە، ئێمە هەموو کات دەڵێین، لایەنگری دیالۆگین". یەکێتیى سوریا ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەیەدە باسی ئەوەشیکرد "بە بەردەوامى ئێمەیان لە دەرەوەى دانوستانەکانى جنێڤ، ئاستانا و سۆچی هێشتەوە، بە تایبەتى دەوڵەتى تورک رێگریى لە بەشداریکردنمان لەو دانیشتنانەدا دەکرد. بە بەردەوامى دەڵێن 'ئێمە سوریا پارچە دەکەین' ئەوە لە کاتێکدایە ئێمە بە پرۆژەى خۆسەریى دیموکراتیک بۆ دونیامان سەلماند، کە ئێمە سوریا پارچە ناکەین". دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە ساڵح موسلیم ئاماژەى بەوەکرد "لەمساڵدا چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ وڵاتانى عەرەبی بەردەوام بوون و باشترین پەیوەندیشمان لەگەڵ میسردا دروستکردووە، باشترین پەیوەندییمان لەگەڵ میسردایە، بەڵام وڵاتانى تری عەرەبی بەسەر دووبەرەدا دابەشبوون، هەندێک پلان و حساباتیان لەگەڵ تورکیا هەیە و هەندێکیى دیکەشیان پلان و حساباتیان لەگەڵ رژێمدا هەیە، بۆیە ئێمە نەمانتوانى پەیوەندیى بەهێز لەگەڵیاندا دروست بکەین". دیالۆگی ناوخۆیى بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەیەدە ئەوەشی خستەڕوو "هەوڵەکانمان بۆ دیالۆگ و پەیوەندی لەگەڵ حیزبەکانى رۆژئاوا  بەردەوامیى هەیە، پەیوەندیشمان باشە و کار لەگەڵ حیزبەکانى رۆژئاوا دەکەین، بەڵام ئەوانەى دەرەوە دژبەرانە دەجوڵێنەوە و شان نادەنەبەر رێککەوتن". ساڵح موسلیم ئەوەشی وت "لەم دواییانەدا هەوڵماندا لە رۆژئاوا پەیوەندیى لەگەڵ هەموان دا دروست بکەین، حزبی رەوا بوونیان هەیە کە سیستمەکەى ئێمەیان قبوڵ کردووە، ١٥ی مانگ لەگەڵیاندا چاوپێکەوتنمان ئەنجامدا و لە ئەنجامدا کۆنووسێکمان ئامادەکرد، ئێمە بڕیارمانداوە کە هەموو مانگێک لەگەڵ یەکتر کۆببینەوە و هەڵوێستێکى هاوبەش بۆ بابەتەکان و پێشهاتەکان بخەینەڕوو،بەڵام حزبەکانى تر لەگەڵ تورکیادان و سیستمەکەى ئێمە قبوڵ ناکەن. بۆ ئەوەى ئێمە بتوانین پەیوەندى لەگەڵ ئەوانیش دروست بکەین بە دواى شێواز و رێگادا دەگەڕێین. ئەو حزبانە تاوەکو ئێستا وەڵامێکى باشیان نەداوینەتەوە، بەڵام ئەگەر ئێمە بتوانین دیالۆگ ئەنجام بدەین کارێکى باش دەبێت. بێگومان هەندێک شتیش بنەما و پێوەری خۆی هەیە، ئەگەر یەکێک هەستێت و بڵێت 'من تۆم قبوڵ نییە' ئەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی مانایەک، یان ئامانجێکى جیاواز لە رێککەوتن". یەکێتیى نەتەوەیى ساڵح موسلیم ئەوەشی وت "یەکێک لە ئامانجە بنەڕەتى و سەرەکییەکانمان 'یەکێتیى نەتەوەییە' لەو پێناوەشدا دیالۆگمان لەگەڵ حزب و هێزە سیاسییەکانى پارچەکانى تر بەردەوامیى هەیە، ئێمە هیوادارین ئەو کێشانە چارەسەر ببن و دۆخەکە باشتر ببێت، ئێمە ئامادەین کە لەو بوارەدا ئەوەى لە دەستمان بێت ئەنجامی بدەین، چونکە بێگومان ئامانجمان بەستنى کۆنگرەى یەکێتیى نەتەوەییە". ئازادیى عەفرین ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى یەکێتیى دیموکراتیک (پەیەدە) لە کۆتایى قسەکانیدا وتیشی "گەورەترین کار و ئەرکمان ئازادیى عەفرین و پێچەوانەکردن و بێکاریگەرکردنى هەڕەشەکانى دەوڵەتى تورکە. گەورەترین هیوامان ئەوەیە گەلی عەفرین بگەڕێنەوە شارەکەی خۆیان، هەموو کارەکانى ئێمەش لەو پێناوەدا دەبن. ئێمە دەمانەوێت لە رووی سیاسی و دیپلۆماتیکەوە ببینە دەنگی بەرخودانى گەلەکەمان، دانیشتنى جنێڤ-مان لە بەردەمدایە، تورکیا بەو هۆیەوە بێزار و تەنگاوە، ئێمە هیودارین لەگەڵ هەندێک کەسی ئازاد و لایەنى سوریا دانیشتن ئەنجام بدەین چارەسەرییەک بۆ سوریایەکى ئارام و خۆش بخوڵقێنین".

شاناز حه‌سه‌ن زیاتر لە ١٢٠ قوتابخانەی سنووری پەروەردەی پارێزگای سلێمانی خوێندنی وانەکانی بیرکاری و زانست بەزمانی ئینگلیزیان رەتکردەوە، بەهۆی ناڕەزایەتی کەسوکاری قوتابیان و بەشێک لەمامۆستایانی ئەو دوو بابەتە، ئەمەش لەکاتێکدایە لەقوتابخانە ئەهلیەکاندا زمان نەبۆتە کێشە. ماوه‌ى دوو ساڵه‌ له‌زۆربه‌ى خوێندنگه‌کاندا سیسته‌مى خوێندنى ئینگلیزى په‌یڕه‌و ده‌کرێت، بۆ  پۆلەکانی یه‌که‌م و دووه‌م کە بڕیاربوو ساڵانی تر سەرجەم قۆناغەکان بگرێتەوە، بەڵام بڕیارەکە هەر لەسەرەتادا لەزۆرینەی قوتابخانەکان شکستی هێنا. بەپێی وتەی بەرپرسانی پەروەردە ئامانج لەو بڕیارە ئەوە بووە کە منداڵی هەژارو کەمدەرامەت کە زۆرینەیان لەقوتابخانە حکومیەکان دەخوێنن و ناتوانن بڕۆنە قوتابخانەی ئەهلی، سوود لەو بڕیارە وەربگرن، بەڵام بەهۆی نەبوونی پێداویستی و مامۆستاى پسپۆر بڕیارەکە هەڵپەسێردراوە. لەکۆی ١٦٠ قوتابخانە کەسیستمەکەیان کردبوون بەئینگلیزی، سیستمەکە لە ١٣٠ قوتابخانەدا هەڵپەسێردران و لەئێستادا تەنها لە ٣٠ قوتابخانەی حکومی سنووری سلێمانی پەیڕەودەکرێت. مه‌ریوان عومه‌ر وته‌بێژى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى وتى «ئه‌م سیستمه‌ بۆ ئه‌و خیزانانه‌یه‌ که‌هه‌ژارن و ناتوانن منداڵه‌کانیان بنێرنه‌ خوێندنگه‌یه‌کى ئه‌هلى، چونکە زۆربەی  خێزانه‌کان خۆیان داوایان کردووه‌ کەقوتابخانه‌کان بکرێنه‌ ئینگلیزى». قوتابخانه‌ى به‌رده‌قاره‌مانی بنه‌ڕه‌تى که‌ لەساڵى رابردوەوە بە فەرمانی په‌روه‌رده‌ى سلیمانى کراوه‌ به‌ئینگلیزى، ئەمساڵ کردیانەوە بەکوردی، ئەوەش بەهۆی نەبوونی مامۆستای پسپۆری وانەکانی بیرکاری و زانست کەزمانی ئینگلیزی بزانێت. ناسکه‌ جه‌لال به‌ڕێوبه‌رى به‌رده‌قاره‌مان بە ‌هاوڵاتی وت «به‌داخه‌وە له‌ئه‌مساڵدا نه‌ماتوانیوه‌ به‌رده‌وام بین و کردمانەوە به‌کوردى، بەهۆی قه‌ره‌باڵغى پۆله‌کان که‌ هه‌موو پۆلێک 40 خوێندکارى تێدایه‌و ئاستى زانستى مامۆستاکانیش له‌سه‌دا سه‌د نیه‌«. هەروەها وتی هۆکارێکی تریش ئەوەیە کە «دایکان و باوکان که‌ده‌یانوت ناتوانین سه‌عى به‌منداڵەکانمان بکه‌ین ئەگەر بەئینگلیزی بێت». قوتابخانەی بەردەقارەمان ٨١٥ قوتابی تیدایە. له‌کاتى هه‌ڵپه‌سێردرانى ئه‌م سیسته‌مه‌ لەقوتابخەنەکەو کردنەوەی بەکوردی واژۆی دایک و باوکه‌کان وەرگیراوە لەکۆی ئەو ژمارە خوێندکارە تەنیا دایک و باوکی 15 خوێندکار رازیبوون منداڵەکانیان بەئینگلیزی بخوێنێت و ئەوانیش گوازراونه‌تەوە بۆ یەکێک لەو ٣٠ قوتابخانەیەی که‌ سیستمه‌کە هێشتا تیایدا به‌رده‌وامه‌. ئەو قوتابخانانەی دوای خوێندنی ئینگلیزی، کاتێک دەکرێنەوە بەکوردی ناڕەزایەتی لەناو قوتابخانەکان و کەسوکاری خوێندکاراندا بەشێوەیەکی گشتی نامێنێت، بەڵام ئەمە بۆ کەسێکی وەکو نه‌سرین بابه‌کر جیاوازە. نه‌سرین یه‌کێکه‌ له‌و دایکانه‌ى نیگەرانە لەهەڵپەساردنی بڕیارەکە، چونکە منداڵەکەی هەر لەسەرەتاوە بەئینگلیزی خوێندویەتی دوای ئەوەی کراوە بەکوردی ئێستا گرفتی بۆ دروستبووە. نەسرین بە ‌هاوڵاتی وت «کوڕه‌که‌م پۆلى یه‌ک و دووى به‌ئینگلیزى وانەکانی بیرکاری و ئینگلیزی خوێندووە، بەڵام ئیستا بۆته‌وه‌ به‌کوردى، یه‌ک شت به‌کوردى نازانێت و هه‌ر دەڵێی وانەی بیرکارى و زانستى نه‌بیستوه‌ تائێستا». کاتێک ساڵی رابردوو ئەو قوتابخانەیەی کە نەسرین منداڵەکەی خۆی تێدا خستەبەر خویندن، ئیتر هەر بەئینگلیزی ئەو دوو وانەیەی دەخوێند، دایکیشی کە لەماڵەوە سەعی پێدەکرد، خۆی فێری ئینگلیزی کرد. نەسرین وتی «به‌داخه‌ه‌و چۆن سیستمێکى ئاوا جیبه‌جێده‌کرێت که‌ته‌نیا دوو ساڵ ده‌توانن به‌ڕێوه‌ی به‌رن و کۆتایى بێت». ئەو قوتابخانانەی سیستمەکەیان هەڵنەوەشاندۆتەوە خۆشحاڵن کەقوتابیەکانیان فێری ئینگلیزی بوون لەوانەکانی زانست و بیرکاریدا، کەسوکاری منداڵەکانیش رازین لەدەرەنجامەکانی. زارا حەسەن 46 ساڵ پیشتر خۆی سه‌ردانى ئەو قوتابخانەیەی کردبوو کە منداڵەکەی لێی دەخوێنێت، بۆ ئه‌وه‌ى بیکه‌نه‌ ئینگلیزى، ئێستا دڵخۆشە بەئاستی منداڵەکەی لەئینگلیزیدا. زارا بە‌ هاوڵاتی وت «ئه‌وه‌ دوو ساڵه‌ کچه‌که‌م به‌ئینگلیزى ده‌خوێنێت، سودێکى زۆرى هه‌یه‌، ئێستا زۆر له‌کوڕه‌که‌م باشتر ئینگلیزى ده‌زانێت، له‌کاتێکدا کوڕه‌که‌م له‌پۆلى پێنجى سه‌ره‌تاییه‌«. وتیشی»ئه‌م مه‌کته‌بانه‌ زۆر باشن بۆ فه‌قیرو هه‌ژاران، هیوادارم حوکمه‌ت هاوکارى ئه‌م قوتابخانانه‌ بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر ئه‌م سیسته‌مه‌ و منداڵە‌کانى ئێمه‌ش وه‌ک منداڵى ده‌وڵه‌مه‌ندان فێرى ئینگلیزى بن و بگه‌ن به‌ئاستێکى باش». دوای هەڵپەساردنی خوێندنی ئینگلیزی لەقوتابخانەکان دوو رێگە دەخرێتە بەردەم کەسوکاری قوتابی، یان ئەوەیە کە لەقوتابخانەکە منداڵەکانیان بهێڵنەوەو بەکوردی بیخوێنن، یان بیبەنە قوتابخانەیەک کەسیستمی ئینگلیزی تییدا بەردەوامە. مه‌ریوان عومه‌ر وته‌بێژى بەڕێوەبەرایەتی گشتی په‌روه‌رده‌ى سلێمانى وتی «ئه‌و سیستمه‌ به‌پێی لیژنه‌یه‌ک کرا که‌ساڵی پار ئه‌و مه‌کته‌بانه‌ خۆیان داوایان ده‌کردو لیژنه‌که‌ سه‌ردانى ده‌کردن، که‌مه‌رجه‌کانیان تیابوایه‌ قبوڵ ده‌کرا، به‌ڵام هه‌ندێک مه‌کته‌ب ئه‌مساڵ نه‌یانتوانى به‌رده‌وام بن، بۆیه‌ تاکاتێکى له‌بار هه‌ڵپه‌سێردراون». عومەر محەمەد به‌ڕێوەبه‌رى په‌روه‌رده‌ى رۆژهه‌ڵاتی سلێمانی هۆکاری هەڵپەساردنی سیستەمەکەی لەزۆرێک لەقوتابخانەکان گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە «ساڵى پار نزیکه‌ى 100 رۆژ ده‌وام کراوە، بۆیه‌ نه‌توانراوه‌ سیستمه‌که‌ وه‌ک خۆى بگه‌یه‌نرێت». لەگەڵ ئەوەی بەشێک لەقوتابخانەکان ئەم کێشانەیان هەبوو، بەڵام هەندێک لەقوتابخانەکان سەریان سوکەو کێشەیان نیە، چونکە لەسەر سیستمە کۆنەکە دەڕۆن، یەکێک لەوانە له‌قوتابخانه‌ى سروشتى بنه‌ڕه‌تییە. نه‌وزاد حەمه‌تاهیر یاریده‌ده‌رى به‌ڕێوەبه‌ری قوتابخانەکە بە‌ هاوڵاتی وت «نه ‌پارو نه‌ ئه‌مساڵ له‌خوێندنگه‌که‌یاندا ئه‌و سیستمه‌مان په‌یڕه‌و نه‌کردووه‌، ئێمه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى مه‌کته‌بێکى کۆنین ده‌مێکه‌ کراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ زۆربه‌ى مامۆستاکانمان ته‌مه‌نیان هه‌یه‌و قورس بووه‌ بۆیان بچنه‌ ده‌وره‌وه‌و فێرى سیسته‌مه‌که‌ بن». بەڵام قوتابخانەی بێکەسی بنه‌ڕه‌تى که‌یه‌کێکه‌ له‌وانەی که‌خوێندنەکەیان کردۆته‌ ئینگلیزى، تائیستا به‌رده‌وامن و کێشه‌و گیروگرفتیان لەگەڵیدا نیە. عه‌لى فه‌قێ شه‌ریف به‌ڕێوەبه‌رى قوتابخانەی بێکەس بە ‌هاوڵاتی وت «ناکرێت بوترێت هیچ کێشه‌یه‌ک نیه‌، چونکه‌ هه‌ر کارێک له‌سه‌ره‌تادا که‌ده‌کرێت کۆسپ و‌ کێشه‌ى ده‌بێت و پێویستى به‌خۆگونجاندن هه‌یه‌، تابه‌رده‌وام بێت». وتیشى»ماده‌م ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌که‌ به‌بڕیارى په‌روه‌رده‌یه‌، بۆیه‌ خۆم و مامۆستاکانیش له‌ئێستا‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دەین، که‌باشتری بکه‌ین بۆ ساڵێکى ترو ئه‌و کێشه‌و گیروگرفته‌ى که‌ئێستا توشمان ده‌بێت بۆ ساڵێکى تر نه‌بێت و پرۆسه‌که‌ سه‌رکه‌وتووتر بێت، کار له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان ده‌که‌ین».

ئاماده‌کردنی: که‌یوان کاوه که‌م تا زۆر شتێکمان بیستووه‌ له‌سه‌ر ڤایرۆسی هه‌وکردنی جگه‌رو هه‌بوونی کوتانێک بۆ ڤایرۆسه‌که‌. ئه‌و زانیارییانه‌ی گوێبیستی ده‌بین سه‌ره‌تایین، هه‌ربۆیه‌ ده‌بێت هه‌وڵی تێگه‌شتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که‌ بده‌ین. هه‌وکردن به‌شێوه‌یه‌کی گشتی بریتییه‌ له‌سووربوونه‌وه‌، ئاوسان، گه‌رم بوون و هه‌ستکردن به‌ئازار له‌شوێنێکدا به‌هۆی زیان گه‌شتن به‌خانه‌کانی‌. هه‌وکردن کاردانه‌وه‌ی جه‌سته‌مانه‌ و هۆکارێکه‌ بۆ به‌رگری له‌دژی ڕووداوو به‌رکه‌وتن به‌شتێک، به‌کتریا، ڤایرۆس و هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌شێوه‌یه‌ک زیان به‌جه‌سته‌ ده‌گه‌یه‌نن. هه‌ندێک کات ئه‌م هه‌وڵدانه‌ بۆ پارێزگاری کردن خۆی له‌خۆیدا زیانی زیاتر ده‌گه‌یه‌نێت. جگه‌ر یه‌کێکه‌ له‌گرنگترین ئه‌ندامه‌کانی جه‌سته‌، کاتێک زیانی پێده‌گات کاره‌ساتی لێده‌که‌وێته‌وه به‌هۆی گرنگی کاره‌کانییه‌وه‌. سه‌ره‌کیترین کاره‌کانی بریتین له‌: ‌‌1- دروستکردن و ده‌ردانی زراو که‌ڕۆڵی دیاری هه‌یه‌ له‌هه‌ڵمژینی چه‌ندین جۆری ڤیتامین و تێکشکانی چه‌وری. 2- کردنه‌ده‌ره‌وه‌ی کۆلیستڕۆڵ، هۆرمۆن، ده‌رمان، و بیلیرۆبین (که‌پاشماوه‌ی خڕۆکه‌ سووره‌کانه‌و مادده‌یه‌کی ژه‌هراوییه‌) له‌جه‌سته‌. 3- خه‌زنکردنی ڤیتامین و مادده‌ی کانزایی و گلایکۆجین تاوه‌کو کاتی پێویست به‌کاربهێنرێن. 4- دروستکردنی پرۆتینی خوێن وه‌کو مادده‌ی مه‌ینی خوێن و ئه‌لبۆمین و هتد. هه‌وکردنی جگه‌ر له‌به‌ر هه‌ر هۆکارێک بێت، به‌هۆی زیانه‌کانییه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆکاری تێکدانی ئه‌و کارانه‌ی بۆ جه‌سته‌مان گرنگن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ تووشی زه‌ردوویی ده‌بین ئه‌گه‌ر کێشه‌یه‌ک له‌جگه‌ردا هه‌بێت به‌هۆی نه‌کردنه‌ده‌ره‌وه‌ی مادده‌ی ژه‌هراوی بیلیرۆبین. ڤایرۆسی هه‌وکردنی جگه‌ر (هێپاتایتس ڤایره‌س) یه‌کێکه‌ له‌هۆکاره‌کانی هه‌وکردنی جگه‌ر. ئه‌م ڤایرۆسه‌ جۆره‌کانی (ئه‌ی، بی، سی، دی، ئی) هه‌یه‌، له‌نێوانیاندا جۆری (بی، سی) زۆر جێگه‌ی مه‌ترسین. جۆری (بی) کوتانی هه‌یه‌ بۆ خۆپاراستن به‌ڵام چاره‌سه‌رێکی بنه‌بڕی نییه‌، جۆری (سی) کوتانی نییه‌ به‌ڵام چاره‌سه‌ری بنه‌بڕی هه‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ نرخێکی گرانی هه‌یه‌. شێوازی گواستنه‌وه‌ی ئه‌م دوو ڤایرۆسه‌ له‌ڕێگه‌ی خوێنه‌وه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی. جۆری (بی) له‌پاڵ خوێندا، له‌دایکه‌وه‌ بۆ مناڵی ناوسکی و هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی به‌رجه‌سته‌بوون بۆ شله‌ی که‌سی تووشبوو له‌کاتی سێکسی نه‌پارێزراو (بێ کۆندۆم) و به‌کارهێنانی ده‌رزی به‌کارهاتووی که‌سانی تووشبوو و ئامێری پاکنه‌کراوه‌ی پزیشکی ددان و چه‌ندین ڕێگه‌ی تر. به‌پێی ڕێکخراوی (سی دی سی) له‌وڵاتی ئه‌مریکا، ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی ساڵانه‌ تووشی ڤایرۆسی هه‌وکردنی جگه‌ر جۆری (بی) ده‌بن که‌می کردووه‌ به‌وه‌ی که‌ له‌ساڵانی هه‌شتاکاندا نزیکی 200،000 که‌س ساڵانه‌ تووشبوون، به‌ڵام به‌هۆی به‌رده‌ستبوونی کوتانه‌که‌وه‌ ژماره‌که‌ که‌مبۆته‌وه‌ بۆ 20،000 که‌س له‌ساڵی 2016. بۆ ده‌ستخستنی ژماره‌ی حاڵه‌ته‌کانی ئه‌م ڤایرۆسه‌ له‌کوردستان، ستافی ‌هاوڵاتی په‌یوه‌ندیمان کرد به‌ د.خاڵس قادر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی. به‌سوپاسه‌وه‌ ئه‌م داتایه‌ی پێشکه‌ش کردین که‌ژماره‌ی هه‌موو تووشبووانی هه‌رێمی کوردستان له‌خۆده‌گرێت: ساڵی 2015، 690 حاڵه‌ت هه‌بووه‌ ساڵی 2016، 650 حاڵه‌ت هه‌بووه‌ ساڵی 2017، 653 حاڵه‌ت هه‌بووه‌ ساڵی 2018، 590 حاڵه‌ت هه‌یه‌. لێره‌وه‌ بایه‌خی کوتانمان بۆ ده‌رده‌که‌وێت دژی ڤایرۆسه‌که‌ که‌چۆن توانراوه‌ له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ حاڵه‌ته‌کان له‌وڵاتێکی وه‌ک ئه‌مریکا به‌و شێوه‌یه‌ که‌مبکرێته‌وه‌. به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ له‌ژماره‌یه‌ک له‌نه‌خۆشخانه‌کانی هه‌رێم به‌رده‌سته. هه‌ڵبه‌ت پێش خۆکوتان پێویسته‌ هه‌رکه‌سێک خۆی بپشکنێت بۆ ڤایرۆسه‌که پاشان ده‌توانێت ژه‌مه‌ کوتانی یه‌که‌م وه‌ربگرێت و کاتی ژه‌مه‌کوتانی دووه‌می بۆ پاش مانگێک بۆ دیاری ده‌کرێت، پاشان ژه‌مه‌کوتانی سێیه‌م و کۆتایی بۆ دوای شه‌ش مانگ بۆ دیاری ده‌کرێت. له‌دوای وه‌رگرتنی هه‌رسێ ژه‌مه‌کوتانه‌که‌ پێویسته‌ پشكنین بکرێت بۆ که‌سه‌که‌ بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌دروستبوونی به‌رگری بۆ ڤایرۆسه‌که‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێت که‌سه‌که‌ پرۆسه‌که‌ دووباره‌ بکاته‌وه‌ له‌حاڵه‌تی شکستهێنانی. پێویسته‌ هه‌موو که‌سێک پشکنین بکات چونکه‌ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌خه‌ڵک هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌که‌ن و نازانن که‌هه‌ڵگرن. سه‌باره‌ت به‌نیشانه‌کانی هه‌وکردنی ڤایرۆسی جگه‌ر د. محەمەد عومه‌ر، وانه‌بێژ له‌زانکۆی سلێمانی و پسپۆڕی هه‌ناوی هه‌رس و جگه‌ر ڕوونیکرده‌وه‌ «نیشانه‌کان ده‌کرێن به‌دوو به‌شه‌وه‌. یه‌که‌میان، نیشانه‌ کتوپڕه‌کان له‌حاڵه‌تی هه‌وكردنی خێرا که‌ڕه‌نگه‌ وه‌کو هه‌موو هه‌وکردنێکی ڤایرۆسی که‌سه‌که‌ تووشی (تاو سه‌رئێشه‌ و دڵ تێکه‌ڵ هاتن و که‌مبوونه‌وه‌ی ئاره‌زووی خواردن و هه‌ندێ جاریش ئازاری سک و ڕشانه‌وه‌.) ببێت و له‌کاتی پشکنیندا له‌وانه‌یه‌ گه‌وره‌بوونی سپڵ و لیمفه‌گرێکانیان هه‌ستی پێبکرێت». وتیشی «ئه‌و که‌سانه‌ی هه‌وکردنه‌که‌ بۆ ماوه‌ی 6 مانگ زیاتر تیایاندا ده‌مێنێته‌وه‌ به‌حاڵه‌تی هه‌وکردنی ڤایرۆسی جگه‌ری درێژخایه‌ن ده‌ناسرێن چونکه‌ له‌که‌سێکی گه‌وره‌دا ئه‌گه‌ری پاکبوونه‌وه‌ی ته‌واوی ڤایرۆسه‌که‌ له‌جه‌سته‌یاندا به‌ڕێژه‌ی 90% بۆ 95%ه‌و ئه‌وه‌ی ده‌مێننه‌وه‌ ده‌بنه‌ هه‌ڵگری درێژخایه‌ن. ئه‌م که‌سانه‌ ڕه‌نگه‌ ته‌نها هه‌ڵگر بن و نیشانه‌یان نه‌بێت، به‌ڵام له‌حاڵه‌تی به‌رده‌وامبوونی هه‌وکردنه‌که‌ تووشی به‌ مۆمبوون (ته‌شه‌موع) و ڕیشالبوونی جگه‌ر ده‌بن که‌ به‌درێژایی چه‌ند ساڵێک ڕووده‌دات، له‌نیشانه‌کانیشی (تێکچوونی باری ته‌ندروستی و که‌مبوونه‌وه‌ی خواردن، کۆبوونه‌وه‌ی ئاو له‌سکدا، گه‌وره‌بوونی سپڵ، هه‌ڵهێنانه‌وه‌ی خوێن له‌ده‌م و خوێن دانان له‌کۆمه‌وه‌، تێکچوونی خه‌وو ده‌رکه‌وتنی هه‌ندێ نیشانه‌ له‌سه‌ر پێست و نینۆک.) ‌له‌به‌ر نه‌بوونی چاره‌سه‌رێکی بنه‌بڕ تاوه‌کو ئێستا، باشترین ڕێگه‌ خۆپاراستنه‌ له‌ڕێگه‌ی کوتان و شێوازی ژیانکردنه‌وه‌. پرۆگرامی کوتانه‌که‌ که‌ له‌لایه‌ن ڕێکخراوی جیهانی (وهۆ) په‌سه‌ندکراوەو له‌جیهاندا جێبه‌جێ ده‌کرێت‌. له‌ساڵی 1996 له‌ عێراق هاتۆته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ته‌نها ئه‌وانه‌ی ئێستا ته‌مه‌نیان نزیکی 22 ساڵ و بچووکتره‌‌ ده‌بێت به‌رگرییان دژی ڤایرۆسه‌که‌ هه‌بێت. به‌م هۆیه‌وه‌ پێویست ده‌کات هه‌موو که‌س کوتانه‌که‌ وه‌ربگرێت به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌که‌رتی ته‌ندروستی کارده‌که‌ن. ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌رکردنی نه‌خۆشییه‌که‌ له‌هه‌رێمی کوردستان د. محەمەد ئاشکرای کرد «به‌پێی ڕێنماییه‌کان، ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ته‌نها هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌که‌ن پێویستیان به‌چاره‌سه‌ر نییه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌و که‌سانه‌ی هه‌وکردنه‌که‌یان چالاکه‌ و ئه‌نزیمه‌کانی جگه‌ریان به‌رزه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌ر وه‌ربگرن». هه‌روه‌ها ڕوونیشیکرده‌وه‌ «له‌سه‌نته‌ری کوردستان – بۆ نه‌خۆشییه‌کانی هه‌رس و جگه‌ر که‌سانی تووشبوو تۆمارکراون و مانگانه‌ چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و که‌سانه‌ دابین ده‌کرێت. به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ جار ده‌رمانه‌کان به‌رده‌ست نابن و پێویسته‌ نه‌خۆش خۆی په‌یدای بکات. ماوه‌ی وه‌رگرتنی ده‌رمانه‌که‌ هێشتاکه‌ دیاری نه‌کراوه‌ له‌جیهاندا، به‌ڵام تێبینی کراوه‌ تاوه‌کو زیاتر به‌کاربهێنرێت ئه‌گه‌ری تووشبوونی به‌مۆمبوونی جگه‌رو شێرپه‌نجه‌ی جگه‌ر که‌مده‌کاته‌وه‌و باشتر کۆنترۆڵی هه‌وکردن و ڤایرۆسه‌که‌ ده‌کرێت». له‌کۆتاییدا د. محەمەد عومه‌ر هیوای ته‌ندروستییه‌کی باشی خواست و ئامۆژگاری دا که‌که‌سانی تووشبوو ئامێرو پێداویستییه‌کانیان جیابکه‌نه‌وه‌ له‌که‌سانی تر له‌فڵچه‌ی ددان و نینۆکبڕو پێداویستییه‌کانی تر، هه‌روه‌ها خێزانه‌کانیان کوتانی دژی ڤایرۆسه‌که‌ وه‌ربگرن. جه‌ختیشی کرده‌وه‌ که‌ئه‌م نه‌خۆشانه‌ ژیانێکی ئاساییان هه‌یه‌ له‌ڕووی مامه‌ڵه‌ی خێزان و منداڵه‌وه‌و کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یان نابێت

‌هاوڵاتی ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەشێک لەکەیسەکانی گەندەڵی یەکلاییکردنەوەیان لە دادگاکان دوادەکەوێت، ئەوەش هۆکارێکی زوو یەکلانەکردنەوەی کەیسەکانە، جگە لەپارێزبەندی دامودەزگاکان کە بە هۆکارێکی دیکەی خێرا یەکلایینەکردنەوەی کەیسەکانی دادەنێت. دەستەی دەسپاکی دەستەیەکی سەربەخۆیەو ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیە لە هەرێمی کوردستان و لەساڵی ٢٠١١ ەوە دامەزراوەو بەپێی یاسایەک کەپەرلەمان دەریکردووە کاردەکات و کارەکانی لەژێر چاودێری پەرلەماندایە. ئەحمەد ئەنوەر لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ ‌هاوڵاتی لەبارەی ئاستی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان دەڵێت «بەئاسانی ناتوانی ئەوە دیاری بکەیت کەگەندەڵی لەچی ئاستێکدایە، چونکە کۆمەڵێک سێکتەر و خزمەتگوزاریت هەیە کەدەوڵەت دەبێت پێشکەشی هاوڵاتیانی بکات، بۆیە لەکاتێکدا تۆ هیچ پڕۆژەیەکی تازەت نییە، باڵەخانەو رێگای تازە ناکەیتەوە ناتوانی ئاستەکە دیاری بکرێت». وتیشی «لەهەموو دنیادا لەکام سێکتەرەی پارەی زیاتر خەرج بکرێت چاوی گومان لەگەندەڵی دەچێتە ئەو شوێنە، ئەوەش بەمانای ئەوە نییە گەندەڵی لەکەرتەکانی دیکەو فەرمانگەکان بوونی نییە». بەپێی ئامارەکانی دەستەی دەسپاکی، لەشەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ژمارەی ئەو کەیسانەی ئیحالە کراون لەهەولێر (٢٣ کەیس لە دادگای تاوان و ٥  لە دادگای کەتن) بووە، لە سلێمانی  نۆ کەیس لە دادگای تاوان ٤ کەیس لەدادگای کەتن، لە دهۆک ٩ کەیس لەدادگای تاوان و ٩ کەیس لەدادگای کەتن. ئەحمەد ئەنوەر باس لەوەدەکات، خودی تاوانەکانی گەندەڵی لەتاریکیدا ئەنجامدەدرێت، «بۆیە زۆر زەحمەتە بزانیت لەچ کەرتێک زیادی کردووەو لەچی کەرتێک کەمیکردووە، بەڵام هەمومان لەسەر ئەوە کۆکین کەگەندەڵی تائێستاش یەکێکە لەهەڕەشە مەترسیدارەکان کە لەهەرێمی کوردستان بوونی هەیە». رونیشیکردەوە «ئەگەر گەندەڵی بەڕێژە لەکەرتێک کەمیکردبێت، یان لەشوێنێکی دیکە زیادی کردبێت ھیچ لەو واقیعە ناگۆڕێت کە تائێستاش گەندەڵی هەڕەشەیەکی گەورەیە». یاسا چوار ئەرکی سەرەکی بۆ دەستەی دەسپاکی دیاریکردووە کە بریتین لە جێگیرکردنی میکانیزمێکی کارا بۆ چەسپاندنی پرەنسیپی سەروەریی یاسا، نەھێشتنی دیاردەی گەندەڵی و پشتیوانی کردن لەبنەمای شەفافیەت و تۆکمەکردنی لەنێو تێکڕای دەزگاکانی هەرێمدا، لەرێی رێکارە یاساییەکانەوە، پیادەکردنی رێکاری پێویستی یاسایی بۆ خۆپاراستن لەگەندەڵی. پشتبەستن بەپێوەری بابەتی بۆ هەڵسەنگاندنی کارو پەرەپێدانی لەڕاژەی گشتیداو لەناوبردنی رۆتین. جێگیرکردن و هەڵسەنگاندنی رەفتاری وەزیفی و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتی لەکاتی بەجێگەیاندنی راژەی گشتی، بەگوێرەی ئەو یاساو رێکارانەی گەندەڵی حەرام دەکات. سەرۆکی دەستەی دەسپاکی ئەوەی خستەڕوو، بەشێک لەکەیسەکانی گەندەڵی یەکلاییکردنەوەیان لە دادگاکان دوادەکەوێت، ئەمساڵ لەکۆی ١٧٠ کەیس کە رەوانەی دادگاکان کراون ١١٧ کەیسیان هێشتا لەپڕۆسەی دادگاییکردن ماوەتەوە، بەشێکی دادگاکان گەڕاندویانەتەوە بۆ پڕۆسەی لێکۆڵینەوە کەمافێکی خۆیانە، ئەوانەی یەکلایی کراونەتەوە ٣٢ کەیسن لەکۆی ١٧٠ کەیس کە لەسەدا ٢٥ بۆ لەسەدا ٣٠ زیاتر نییەو ڕێژەیەکی زۆر نییە کە یەکلاییکراونەتەوە. هۆکارێکی دیکەی یەکلانەکردنەوەی ئەو کەیسانە بەبڕوای ئەحمەد ئەنوەر، خودی کەیسەکانە «چونکە کەیسەکانی گەندەڵی کاتی زۆریان دەوێت و وەکو کەیسەکانی دیکە نییە، چونکە زۆرتر لەفەرمانگەکانی دەوڵەت روودەدات و پێویستی بەبەڵگە و کۆمەڵێک ئیجرائات هەیە». وتیشی «یەکێک لە رێگرییەکان ئەوەیە زۆربەی کەیسەکانی پێویستی بە رەزامەندی سەروو هەیە، چونکە لەڕووی یاساییەوە پارێزبەندیان هەیە، تەنانەت جگە لەو دامودەزگا رەسمیانەی پارێزبەندیان هەیە، بەشێکی دیکە لە دامودەزگاکان مەرجی ئەوەیان هەیە کەسەروی خۆیان رەزامەندبن ئەوکات کارمەندێکیان دەتوانێت بچێتە بەردەم دادگا، تەنانەت بەشێک لەسەندیکاکانیش پارێزبەندیان بۆ ئەندامەکانی خۆیان داناوە، وەکو پزیشکان و پارێزەران و سەندیکاکانی دیکە». جەختیشیکردەوە، لەڕووی کرداریشەوە پڕۆسەکە پێویستی بە توانایەکی زۆرە، «چونکە کەرتی گشتی کەخۆی لەسەرووی ٨٠٠ هەزار کەس دەدات پێویستی بە چاودێری زۆرە، لەکاتێکدا لەهەر سێ پارێزگاکە بەسەنتەری شارەکانیشەوە چەند کادرێکی تەحقیقی کەممان هەیە کە کاری لێکۆڵینەوە دەکەن و لە ١٣ کەس تێناپەڕێت، جگە لەوەش توانای دارایی کەمترە. «تائێستا پرسی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی نەبووەتە پرسی یەکەم و دووەم و سێیەم و تەنانەت چوارەمیش لەکوردستاندا». بەپێی ئامارەکانی دەستەی دەسپاکی، سەرجەم کەیسەکانی ئەمساڵ رەوانەی دادگای تایبەتمەند کراون، کە لەهەولێر ٥٦ کەیس و لەسلێمانی ٣٨ کەیس و لەدهۆک ١٨ کەیسە.  هەر بەپێی ئامارەکان، ئەو کەیسانەی کە یەکلایی کراونەتەوە لەهەرسێ پارێزگا بریتین لە ٣٢ کەیس، کە ١٥ یان تۆمەتەکانیان بەسەردا ساغبووەتەوە و شەشیان ئازادکراون و ١١ شەیان بەر لێبوردنی گشتی کەوتوون. سەرۆکی دەستەی دەسپاکی دەڵێت «ئەو کەیسانەی کارمان لەسەرکردووە و نێردراونەتە بەردەم دادگا وەزیریشیان تێدا بووە، بەڵام مەرج نییە تەنها لەبەرئەوەی ئەو کەسە وەزیرە گەندەڵ بێت، بۆ چونە بەردەم دادگاش وەزیر پێویستی بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران هەیە، تا ئێستاش ئەو حاڵەتەمان نەبینیوە کە داوامان کردبێت و ئەنجومەن رازی نەبوبێت». وتیشی «رەنگە کەیس هەبێت لەفەرمانگەیەکی خوارەوە بوبێت و پارەی زیاتر تێدا بەهەدەر درابێت وەک لەکەیسی وەزیرێک، لەبەرئەوە گەورەیی کەیسەکە پەیوەستە بەو بڕە پارەیەی کە رەنگە بەهەدەردرابێت یاخود گومانی دەستبەسەرداگرتنی هەبێت، بەڵام ئەوەش گرنگە کە پلەی وەزیفی و کارگێڕی ئەو کەسەش گرنگە کەکارەکەی کردبێت». بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ دەستەی دەسپاکی راپۆرتی تایبەت بە کەیسەکانی ئەمساڵ و کارو چالاکییەکانی رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکات و دواتریش بۆ رای گشتی بڵاوبکاتەوە

سازدانی سەروەر خەلیل حه‌مه‌د خورشید، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی پارتی و به‌رپرسی لقی سێی ئه‌و حزبه‌یه‌ له‌که‌رکوک، حزبه‌که‌ی ئه‌و ساڵێک و دوو مانگه‌ له‌که‌رکوک نه‌ماوه‌و له‌هه‌ولێره‌وه‌ چاودێری دۆخی شاره‌که‌ ده‌کات، ئه‌و له‌م دیداره‌ی ‌هاوڵاتی تیشک ده‌خاته‌سه‌ر چه‌ند پرسێکی تایبه‌ت به‌که‌رکوک و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان و هه‌وڵه‌کانی یه‌کێتیش بۆ یه‌کده‌نگی حزبه‌ کوردستانییه‌کان به‌مه‌به‌ستی ئاسایی کردنه‌وه‌ی دۆخی که‌رکوک به‌«خه‌یاڵی خاو» ناوده‌بات ‌هاوڵاتی: هه‌ریه‌ک له‌پارتی و یه‌کێتی یه‌کتر به‌خیانه‌تی 16ی ئۆکۆتبه‌ر تۆمه‌تبار ده‌که‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا کوردانی که‌رکوک پێیانوایه‌ که‌هه‌ردوو حزبه‌که‌ پشتیان تێکردوون و خه‌ڵکی که‌رکوکیان جێهێشت، رای ئێوه‌ چییه‌؟ محه‌مه‌د خورشید: ئه‌و گله‌ییه‌ی خه‌ڵکی که‌رکوک له‌حزبه‌ کوردستانییه‌کانی ده‌که‌ن له‌دوای ئه‌و نه‌هامه‌تییە زۆره‌ی به‌سه‌ریاندا هاتووه‌ گله‌ییه‌کی ره‌وایه‌، به‌ڵام که‌رکوکییه‌کان زۆر باش ده‌زانن کێ به‌رگری کردو کێ به‌ره‌کانی چۆڵکرد، ئێمه‌ ناتوانین به‌خه‌ڵکی که‌رکوک بڵێین که‌ هێزه‌کانی ئێمه‌ش دواتر پاشه‌کشه‌یان نه‌کرد له‌که‌رکوک، به‌ڵام کێ پاشه‌کشه‌و خیانه‌ته‌که‌ی ده‌ستپێکرد؟، کێ پێشتر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێککه‌وتبوو؟، به‌رپرسی میحوه‌ری چواری یه‌کێتی له‌خودی ته‌له‌فزیۆنه‌کانی حزبه‌که‌یه‌وه‌و له‌به‌رنامه‌ی پانۆرامای کوردسات ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌کان دانیشتوون و رێککه‌وتنیان کردووه‌ له‌گه‌ڵیان که‌ مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک وای لێبێت، ئه‌مه‌ شتێک نییه‌ لای خه‌ڵکی که‌رکوک روون نه‌بێت، خه‌ڵکی که‌رکوکیش ده‌زانن که‌ له‌پێناو پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کانی میلله‌تی کورد، رۆژی 20ی ئۆکتۆبه‌ر له‌پردێ و دواتریش له‌ناوچه‌کانی تری وه‌ک مه‌خمورو تلسقۆف و به‌تایبه‌تیش شه‌ڕه‌ گه‌وره‌که‌ی 26ی ئۆکتۆبه‌ر له‌سحێلا، پارتی به‌ته‌نها کردی، ئێمه‌ خوێنمان دا بۆ ئه‌و پاراستنه‌. هاوڵاتی: به‌ڵام ئه‌و میحوه‌رانه‌ی کشانه‌وه‌ هێزی هاوبه‌شی پارتی و یه‌کێتی لێبوو که‌ به‌لیوا هاوبه‌شه‌کانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ناسرابوون، که‌وایه‌ بۆ ته‌نها یه‌کێتی به‌رپرسیار بێت؟ محه‌مه‌د خورشید: ئه‌گه‌ر بچینه‌ ناو ورده‌کاری ئه‌و هێزانه‌ی که‌ له‌سنووره‌که‌ بوون، ئێوه‌ ته‌نها باسی لیوا هاوبه‌شه‌کانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌که‌ن که‌ لیواکانی 1 و 2 و 3و 9 لیوا هاوبه‌شه‌کان بوون، به‌ڵام ئێوه‌ نابێت ئه‌وه‌ فه‌رامۆش بکه‌ن که‌ هێزی پشتیوانی دوو به‌ته‌واوی یه‌کێتی بوو، هێزی به‌رگری و فریاکه‌وتن که‌ سنوورێکی فراوانی ئه‌و ناوچانه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو به‌ته‌واوی یه‌کێتی بوو، بۆ نموونه‌ له‌میحوه‌ری رۆژئاوای که‌رکوک که‌ به‌رپرسه‌که‌ی پارتی بووه‌ ئه‌گه‌ر حیساباتی هێز له‌گه‌ڵ ئێمه‌ بکرێت که‌ چه‌ند هێزی هه‌بووه‌، له‌کۆتاییدا ده‌رده‌که‌وێت به‌هه‌ر چوار لیواکه‌ دوو لیوای لێ دروست نه‌بووه‌ که‌ به‌رگری پێبکرێت، به‌ڵام ده‌بێت خه‌ڵکی کوردستانیش ئه‌وه‌ باش بزانێت که‌ له‌به‌ره‌یه‌ک که‌ 10 هه‌زار هێزی لێ هه‌بووه‌، 6 هه‌زاری یاخود 7 هه‌زاری له‌ماوه‌ی 24 کاتژمێردا پاشه‌کشه‌ بکات، ئایا ئه‌و هێزه‌ که‌مه‌ی ده‌مێنێت ده‌توانێت ئه‌و به‌ره‌یه‌ پڕ بکاته‌وه‌؟، ته‌نانه‌ت که‌رکوکییه‌ به‌شه‌ره‌فه‌ داعش به‌زێنه‌کانیش له‌ناو شار که‌ ئه‌و هه‌موو هێزو تۆپ و تانک و راجیمه‌یه‌یان‌ بینی که‌ پاشه‌کشه‌یان پێکرا، ئایا ئیراده‌ی شه‌ڕ لای خودی خه‌ڵکه‌که‌ ما؟، ئه‌گه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنێکی دروست بۆ ورده‌کاری هێزه‌کان بکات ده‌بینین که‌ له‌حاڵه‌تی کشانه‌وه‌ی 500 پێشمه‌رگه‌ی لیوایه‌ک، 500 پێشمه‌رگه‌که‌ی تریش که‌ ماوه‌ته‌وه‌ جۆرێک له‌شڵه‌ژان و بێ ئیراده‌یی لا دروست ده‌بێت. هاوڵاتی: له‌دوای 16ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ پارتی به‌تەنها له‌که‌رکوک کشایه‌وه‌و له‌موسڵ و ده‌وروبه‌ری مایه‌وه‌، بۆچی ته‌نها که‌رکوکتان جێهێشت له‌کاتێکدا ناوچه‌ کوردستانییه‌کانی پارێزگای نه‌ینه‌واش «داگیرکراو»ن وه‌ک خۆتان باسی ده‌که‌ن؟. محه‌مه‌د خورشید: پێموایه‌ له‌پرسیاره‌که‌ت زۆر وردبین نیت، چونکه‌ پارتی له‌و ناوچانه‌ش هیچ باره‌گایه‌کی نییه‌. هاوڵاتی: به‌ڵام پۆستتان له‌و ناوچانه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ ماوه‌و پۆسته‌کانتان جێنه‌هێشتووه‌، پۆستی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌نموونه‌، جیا له‌وه‌ی ئیداره‌ی پێشووی شه‌نگال که‌ پارتی بوو هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌یانداو دواتر رێگرییان لێکرا. محه‌مه‌د خورشید: سه‌باره‌ت به‌شاری موسڵ، ده‌بێت هه‌موولایه‌ک ئه‌وه‌ بزانن که‌موسڵ له‌پڕۆسه‌یه‌کی هاوبه‌شی نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراق و به‌ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ئازادکرا، ئه‌و ئازادکردنه‌ش پێش خیانه‌ته‌که‌ی 16ی ئۆکتۆبه‌ر بوو، بۆیه‌ بارودۆخی موسڵ جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخی که‌رکوک، هێزی پێشمه‌رگه‌ هێڵی به‌رگری داعشی له‌موسڵ تێکشکاندو دواتر سوپای عێراق موسڵیان ئازادکرد، واتا موسڵ له‌ژێر سه‌رکردایه‌تی پڕۆسه‌ هاوبه‌شه‌کانی عێراق بوو پێش ئه‌وه‌ی خیانه‌تی 16ی ئۆکتۆبه‌ر رووبدات، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ک، له‌لایه‌کی تره‌وه‌ دوای ئه‌و شڵه‌ژانه‌ی له‌هێزه‌کانی هه‌موو لایه‌ک روویدا مه‌ترسییه‌که‌ زۆر گه‌وره‌تر بوو له‌وه‌ی ئێستا خه‌ڵک هه‌ستی پێده‌کات، مه‌ترسییه‌که‌ سڕینه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان بوو، ئێوه‌ ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ مانشێته‌کانی که‌ناڵه‌کانی کوردسات، گه‌لی کوردستان، که‌ی ئێن ئێن و ئێن ئاڕ تیش، ده‌بینن که‌ هێشتا هێز‌ نه‌جوڵا بوو، ئه‌وان ده‌یانوت قوشته‌په‌ کۆنتڕۆڵکرا، هێزی عێراق ده‌یویست له‌سوریاو حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌ بسوڕێته‌وه‌ پشت هێزه‌کانی ئێمه‌، زۆر گله‌یی له‌ئێمه‌ ئه‌که‌ن و شه‌نگال ده‌خه‌نه‌ به‌رامبه‌ر که‌رکوک، به‌ڵام بۆ باسی خانه‌قین و جه‌له‌ولا و ئه‌و کاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ ناکرێت که‌ به‌سه‌ر دوزدا هێنرا؟ هاوڵاتی: ئێوه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری په‌رله‌مانی عێراق بایکۆتی هه‌ڵبژاردنتان کرد له‌که‌رکوک، پێتانوایه‌ ئه‌و بڕیاره‌ له‌جێی خۆی بوو؟ محه‌مه‌د خورشید: ئه‌گه‌ر برایانی تر له‌حزبه‌ کوردستانییه‌کان به‌گشتی و به‌تایبه‌تیش یه‌کێتی له‌که‌رکوک به‌قسه‌ی ئێمه‌یان بکردایه‌ ده‌بوایه‌ کوردستانیان به‌گشتی بایکۆتی هه‌ڵبژاردنیان بکردایه‌ له‌و ناوچانه‌، ئه‌گه‌ر پارتی پێی بکرایه‌، ئه‌گه‌ری هه‌بوو پێشنیاری ئه‌وه‌مان بکردایه‌ که‌ کورد له‌کوردستانی عێراق (باشووری کوردستان) به‌گشتی بایکۆتی هه‌ڵبژاردنی عێراقیمان بکردایه‌، چونکه‌ غه‌درێکی ئێجگار گه‌وره‌ له‌میلله‌تی کورد کراو هه‌وڵدرا کیانی بسڕدرێته‌وه‌ و هێزی به‌رامبه‌ر به‌کارهێنراو له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌ هێرشکرایه‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌، ئێمه‌ بیرمان له‌و بابه‌ته‌ کرده‌وه‌و به‌دروستمان زانی به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ لایه‌نه‌کانی تر نه‌هاتنه‌ پێش. هاوڵاتی: چه‌ند جارێکه‌ پارتی بایکۆتی کۆبوونه‌وه‌ی حزبه‌ کوردستانییه‌کانی که‌رکوک ده‌کات، ئه‌و بایکۆتکردنه‌ درزی زیاتر ناخاته‌ نێو یه‌کڕیزی حزبه‌ کوردستانییه‌کانه‌وه‌؟ محه‌مه‌د خورشید: پارتی په‌یوه‌ندییه‌کی به‌هێزی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م حزبه‌ کوردستانییه‌کانی که‌رکوک هه‌یه‌و زۆر راشکاوانه‌ پێکه‌وه‌ قسه‌و گفتوگۆ ئه‌که‌ین و گرفتێکی ئه‌وتۆ له‌نێوانمان نییه‌، به‌ڵام رای فه‌رمی پارتی ئه‌وه‌یه‌ که‌ تائه‌و بارودۆخه‌ عه‌سکه‌رتاریه‌ته‌ له‌که‌رکوک هه‌بێت پارتی به‌شداری هیچ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی فه‌رمی ناکات. جارانی پێشوو براده‌رانی یه‌کێتی په‌یوه‌ندییان پێوه‌ ده‌کردین بۆ ئه‌وه‌ی رای ئێمه‌ وه‌ربگرن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان پێوه‌ نه‌کردین و کۆبوونه‌وه‌که‌ش له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ ئه‌وه‌بوو که‌ به‌خه‌یاڵی خاوی خۆیان جۆرێک له‌یه‌کده‌نگی له‌نێو حزبه‌ کوردستانییه‌کان دروستبکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پۆستی پارێزگار وه‌ربگرنه‌وه‌، چونکه‌ عه‌قڵی مه‌ڵبه‌ندی که‌رکوکی یه‌کێتی لای ئه‌وه‌ نییه‌ بارودۆخی که‌رکوک ئاسایی ببێته‌وه‌، ئه‌وان پێیانوایه‌ ئه‌گه‌ر پۆستێک بۆ که‌سێکی خۆیان که‌ له‌ناو خۆیان رێکبخه‌ن ئیتر ئه‌مه‌ سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌یه‌ بۆ که‌سێکی خۆیان. هاوڵاتی: به‌ڵام ئێوه‌ به‌هۆی رێگریکردنتان له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رپرسه‌کانتان، به‌ڕێگرکردن له‌کاراکردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاو هه‌ڵبژاردنی ئیداره‌یه‌کی نوێ و ئاساییکردنه‌وه‌ی دۆخی که‌رکوک تۆمه‌تبار ده‌کرێن. محه‌مه‌د خورشید: کاراکردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌پاشقول له‌یه‌کگرتن نابێت، پێرێ جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی که‌رکوکی یه‌کێتی بۆ کاروباری په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌وه‌ وتی که‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ی 24ی مانگ بۆ فشار خستنه‌سه‌ر پارتی بووه‌، ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌م کۆبوونه‌وانه‌ بۆ پاشقول گرتنه‌، بڕواش ناکه‌م ئه‌و به‌ڕێزه‌و ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی تریش له‌پێگه‌یه‌کدا بن که‌ بتوانن پاشقول له‌پارتی بگرن، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌دۆخێکدا که‌ ده‌بێته‌وه‌ که‌ دۆخێکی ئاسایی بێت و ده‌سه‌ڵاتێکی مه‌ده‌نی هه‌بێت، من له‌ڕێی ئێوه‌وه‌ پرسیارێک ئاڕاسته‌ی خوێنه‌رانی رۆژنامه‌که‌تان ده‌که‌م، پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین که‌زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌که‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌یه‌ چی پێده‌کرێت به‌رامبه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی پارێزگاکه‌؟، پێش مانگێک حه‌شدی شه‌عبی پارێزگاریان گرت و دارکارییان کردو پاسه‌وانه‌کانیشیان چه‌ک کرد، با ئێمه‌ خۆمان و خه‌ڵکی کوردستان نه‌خه‌ڵه‌تێنین، گرفتی که‌رکوک گرفتی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی که‌رکوکه‌، گرفتی ته‌عریب و ئه‌و گرفتانه‌یه‌ که‌ له‌سه‌رده‌می حکومه‌تی عه‌بادی به‌زۆر به‌سه‌ر پارێزگاکه‌دا سه‌پێنراون. هاوڵاتی: ئایا دوای سه‌ردانه‌که‌ی مه‌سعود بارزانی بۆ به‌غدا زه‌مینه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی بۆ که‌رکوک ره‌خساوه‌؟ محه‌مه‌د خورشید: سه‌ردانی سه‌رۆک بارزانی بۆ نه‌هێشتنی به‌سته‌ڵه‌ک و دیواری بێ متمانه‌یی بووه‌ که ‌له‌نێون هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا هه‌بوو، په‌یامێک بوو بۆ حکومه‌تی ئیتیحادی و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان که‌ کورد ئه‌وه‌ له‌به‌غدایه‌ ناچاری ده‌که‌ن ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ وه‌ربگرێت، ئه‌گه‌ر به‌غدا ئارام بێت له‌گه‌ڵ کوردو بیر له‌مافه‌کانی کورد بکاته‌وه‌، ئه‌وه‌ کورد میلله‌تێکی شه‌ڕخواز نییه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌رگا داخراوه‌کان به‌سه‌ردانه‌که‌ی جه‌نابی سه‌رۆک کراونه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌موو بابه‌ته‌کان، به‌ڵام مه‌سه‌له‌که‌ ئه‌وه‌ نییه‌ پارتی باره‌گای ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یاخود نا، به‌ڵکو بابه‌ته‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ بارودۆخ ئاسایی ده‌کرێته‌وه‌ یاخود نا، گرنگه‌ به‌لای پارتییه‌وه‌ که‌ ببینێت له‌لایه‌ن حکومه‌تی ئیتیحادییه‌وه‌ بڕیاره‌کان به‌ئاڕاسته‌ی ئاساییکردنه‌وه‌ی دۆخی که‌رکوک ده‌درێن، هه‌ر کاتێک بارودۆخه‌که‌ ئاسایی کرایه‌وه‌ پارتی وه‌کو باره‌گا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ که‌رکوک، به‌ڵام ئایا پارتی له‌که‌رکوک هه‌یه‌، به‌ڵێ پارتی له‌که‌رکوک هه‌یه‌. هاوڵاتی: پارتی داوای پۆستی پارێزگاری که‌رکوک ده‌کات، ئایا ئه‌و داواکارییه‌ جددییه‌ یاخود ته‌نها بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر یه‌کێتییه‌؟ ئه‌گه‌ر جددییه‌ کێ کاندیدتانه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌؟ محه‌مه‌د خورشید: پارتی ئه‌م گفتوگۆیه‌ی به‌ڕاشکاوی له‌گه‌ڵ یه‌کێی کردووه‌، چونکه‌ له‌مانگی نۆی ئه‌مساڵ وه‌فدێکی تایبه‌تی پارتی و یه‌کێتی له‌سه‌ر پرسی که‌رکوک یه‌کتریان بینیوه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ داوامان له‌یه‌کێتی کردووه‌ که‌ئه‌گه‌ر پۆسته‌که‌ بۆ ئه‌وان بێت ستون و داخوازییه‌کانیان بۆ ئه‌و پرسه‌ چییه‌؟، ئه‌گه‌ر پۆسته‌که‌ش بۆ پارتی بێت یاخود بۆ که‌سێکی سه‌ربه‌خۆ داخوازییه‌کانیان چییه‌؟، ئه‌مه‌ تێڕوانینی پارتییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌، پارتی زیاتر بیر له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ له‌م قۆناغه‌ باشترین حاڵه‌ت ئه‌وه‌یه‌ که‌سێکی بێلایه‌ن له‌نه‌ته‌وه‌ی کورد بکه‌ین به‌پارێزگاری که‌رکوک و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان هاوکاری بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌کاره‌کانی سه‌رکه‌وتوو بێت، چونکه‌ به‌ڕاستی له‌دوای خیانه‌تی 16ی ئۆکتۆبه‌ر پارتی رای وایه‌ ئه‌و پۆسته‌ به‌که‌سێکی تر بدرێت له‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی. هاوڵاتی: ئه‌و که‌سه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ نه‌جمه‌ددین که‌ریمه‌؟ محه‌مه‌د خورشید: هه‌رچه‌نده‌ به‌داخه‌وه‌ له‌سه‌رده‌می دکتۆر فوئاد مه‌عسومدا مه‌رسومێک ده‌رچوو که‌ دکتۆر نه‌جمه‌ددین له‌پۆسته‌که‌ی نه‌مێنێت، به‌ڵام تائێستا راکان سه‌عید به‌وه‌کاله‌ت پارێزگاری که‌رکوکه‌، واتا دکتۆر نه‌جمه‌ددین که‌ریم پارێزگاری که‌رکوکه‌، ئه‌گه‌ر رایه‌ک هه‌بێت که‌ دکتۆر نه‌جمه‌ددین نه‌مێنێت، ده‌بێت ئه‌و رایه‌ لای پارتیش قبوڵکراو بێت، ئه‌م گفتوگۆیه‌ش ده‌بێت له‌ناو لیستی برایه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ئه‌نجامبدرێت که‌ ئایا ئه‌و که‌سه‌ دکتۆر نه‌جمه‌ددینه‌ یاخود که‌سێکی ترو دواتر بخرێته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌ن بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ری. هاوڵاتی: ئایا له‌به‌غداوه‌ هیچ کارتان کردووه‌ بۆ لابردنی راکان سه‌عید و رووبه‌ڕوونه‌وه‌ی ئه‌و ته‌عریبه‌ی له‌که‌رکوک ده‌کرێت؟ محه‌مه‌د خورشید: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی خۆمان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامداین و کاری جددی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کراوه‌ که‌ ئه‌و فشارانه‌ی دروستکراون لاببرێن، لای ئێمه‌ راکان سه‌عید پارێزگاری که‌رکوک نییه‌. هاوڵاتی: قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرێت که‌ باره‌گاکانتان له‌که‌رکوک ورده‌ ورده‌ چۆڵ ده‌کرێن، ئایا گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی بۆ که‌رکوک نزیک بووه‌ته‌وه‌؟ محه‌مه‌د خورشید: ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه‌ ئاگادارین باره‌گاکانمان ورده‌ ورده‌ تاڵان ده‌کرێن، ئه‌و هێزانه‌ی که‌ ئاڵۆگۆڕیان پێده‌کرێت هه‌ر یه‌که‌و له‌گه‌ڵ خۆیدا کۆمه‌ڵێک که‌لوپه‌ل ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌کانیان و بۆ باره‌گای تر، ته‌نها هه‌ندێک بینای بچووک نه‌بێت ئه‌گه‌ر نا باره‌گا سه‌ره‌کییه‌کان وه‌کو باره‌گای سه‌رکردایه‌تی و لقی سێ و باره‌گاکانمان له‌قه‌زاو ناحیه‌کان چۆڵنه‌کراون، ته‌نانه‌ت چه‌ند رۆژێکی که‌م پێش ئێستا حه‌شدی شەعبی جارێکی تر چووه‌ته‌ ناو باره‌گای لیژنه‌ی ناوچه‌ی پردێ و داگیرکراوه‌ته‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌گه‌ڕانه‌وه‌شمان ئه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌بڕیاری مه‌رکه‌زییه‌وه‌، هه‌ر کاتێک بارودۆخی که‌رکوک به‌لای ئێمه‌وه‌ گونجاو بێت و ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی له‌وێ بێت پارتی به‌زووترین کات ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. هاوڵاتی: قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرێت که‌ نه‌جمه‌ددین که‌ریم کاندیدی پارتییه‌ بۆ پۆستێکی وه‌زاری له‌حکومه‌تی هه‌رێم، ئه‌مه‌ تاچه‌ند راسته‌؟ محه‌مه‌د خورشید: ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ تائێستا ته‌نها کاک مه‌سرور بارزانی وه‌ک نوێنه‌ری پارتی بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت راسپێردراوه‌، هه‌ر کاتێک له‌ناو په‌رله‌مان رێوشوێنه‌کان ته‌واو بوون، جه‌نابیان بایه‌خ به‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و تیمه‌ حکومییه‌ ده‌دات که‌ له‌گه‌ڵیدا ده‌بن، به‌ڵام پێویسته‌ هه‌مووان ئه‌وه‌ بزانن که‌ پارتی دڵی گه‌وره‌یه‌.

یاد قوربانی هێزە کوردیەکانی ڕۆژئاوا دۆناڵد ترەمپ بە «خیانەتکار» لە قەڵەمدەدەن دوای بڕیاردانی بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەباکوری سوریا، بەڵام کورد ئەمجار بەتەنها دەهۆڵی خیانەت لەزلهێزە جیهانیەکە ناکوتێت، بەڵکو زۆرێک لەوڵاتانی ڕۆژئاواو سیاسەتمەدارانی ناوخۆی ئەمریکاش دژی بڕیارە تاکلایەنەکەی سەرۆکی ئەمریکا وەستاونەتەوە. ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەئێستادا خاوەنی نزیکەی دوو هەزار هێزی چەکدارە لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی سوپای سوریای ئازادا (کەزۆرینەی لەشەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستی گەل پێکهاتوون) لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، واشتنۆن بەبڕیاری دۆناڵد ترەمپ لەماوەی ١٠٠ ڕۆژدا دەیەوێت سوریا جێبێڵێت و ئەمەش بۆشاییەکی سیاسی و سەربازی گەورە جێدێڵێت و ئەگەری بەهێزبوونەوەی داعش و لەشکرکێشی تورکیا دێنێتە ئاراوە. دوای بڕیارەکەی ترەمپ، دەنگی ناڕەزایی لەحزبەکەی خۆیەوە (حزبی کۆماریەکان) لەدژی بەرزبووەوە و داوای ڕوونکردنەوەیان لەسەرۆکەکەیان کرد، ترەمپ لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسی «داعشمان بەزاندووە، بۆیە دەکشێینەوە.» بەڵام دوای ٢٤ کاتژمێر هۆکاری کشانەوەی هێزەکانی بۆ «پاراستنی گیانی سەربازانی ئەمریکاو بەهەدەرچوونی پارەی ئەمریکا» گێڕایەوە. «سەگە هارەکە» لای ترەمپ هەڵناکات بڕیارە تاکلایەنەکانی دۆناڵد ترەمپ و هەڵوێست و وتە دژیەکەکانی هەندێک لەوەزیرەکانی کابینەکەی خۆیشی نائارامکردووە، (جیم ماتیس) وەزیری بەرگری ئەمریکا لەسەر ڕێکنەکەوتنی لەگەڵ میکانیزمی کارکردنی ئیدارەکەی ترەمپ دەستی لەکارکێشایەوە. ئەو کەچەندین دەیە خزمەتی سەربازی هەیەو لەجەنگی عێراقدا ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە، نازناوی «سەگە هارەکە»ی پێ بەخشراوە لەبەر چاونەترسی و شەڕئامازیی. بەڵام «سەگە هارەکە» بەرگەی کابینەکەی ترەمپی نەگرت و لەنامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا کە لەگەڵ بڕیاری کشانەوە لەسوریادا هات، جیم دەڵێت: «هێزی ئێمە وەک نەتەوەیەک ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بەهێزی هاوپەیمانێتی و دۆستایەتیەکانمانەوە. دەبێت ئێمە بێ دوودڵی و ڕاشکاوانە دژی ئەو وڵاتانە بوەستینەوە کە بەرژەوەندیە ستراتیجیەکانیان لەدژی ئێمەو هاوپەیمانەکانمانە». لەوتارێکی ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریکیداو لەشیکاری وتەی دەستلەکارکێشانەوەکەی جیمدا هاتوە «(جیم) دەیەوێت بڵێت کە من باوەڕم بەخیانەتکردن لەدۆستەکانم، وەک هێزەکانی سوریای دیموکرات، نییە بەبەرژەوەندی دوژمنەکانم وەک سوریاو ئێران و دەوڵەتی ئیسلامی. جیم ئەوپەڕی هەوڵیدا تاجیهان لە دەست ترەمپ بپارێزێت بەڵام شکستی هێنا هەربۆیە دەستی لەکارکێشایەوە.» کێی تر جگە لە «سەگە هارەکە» دژی بڕیارەکەی ترەمپە؟ یەکێک لەسیناتۆرەکانی ئەمریکا کەڕاستەوخۆ پاڵپشتی دەستلەکارکێشانەوەکەی وەزیری بەرگری کرد، (لیندزی گراهام)ی سیناتۆری کۆماریەکان بوو، ئەو لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕووی دەمی کردە ترەمپ «جەنابی سەرۆک، ئێمە وەک نەتەوەیەک لەمە باشترین، تکایە بەبڕیارەکەتدا بچۆرەوە بۆ کشانەوەی هێزەکانمان لەسوریا. گەر ئاوابین، لەداهاتووتا هیچ دۆستێکمان نامێنێت». لەتویتێکی تریشیدا هۆشداری دەداتە تورکیاو دەڵێت: «ئێمە تورکیا بەبەرپرسیار دادەنێین لەبەرانبەر هەر هەڵوێستێکدا بۆ لەناوبردنی هاوپەیمانە کوردەکانمان کە بەجەرگانە دژی داعش جەنگان لەگەڵمان. گەر ئەم کارە بکەن، بە ڕای من، ئێمە وەک ئەمریکا هەمان مامەڵەی محەمەد بین سەلمانی سعودیەیان لەگەڵ دەکەین». جگە لە جیم ماتیس، (برێت مەکگۆرک) نوێنەری تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەسوریاو عێراق ڕۆژی شەممە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لەپۆستەکەی ڕاگەیاند. ئەو لەنامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا بۆ (مایک پۆمپیۆ)ی وەزیری دەرەوە ڕایگەیاندوە زۆر بەتوندی دژی بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانیان لەسوریاو دەستبەرداربوونی هاوپەیمانانیانە لەسوریا. ئەو لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەوەڵامی ڕۆژنامەنوسێکدا دەڵێت کە داعش لەسوریا لەناونەچوون و پلانە تیرۆریستیەکانی کە لەئەوروپا ڕوویاندا پلانڕێژیی لەڕەققەی پایتەختی پێشووی داعش لەسوریاوە بۆ کرابوو کشانەوەی سوپا لەسوریا زیان بەئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەگەیەنێت. هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا چیە؟ یەکێک لەو وڵاتانەی لەسەرەتاوە دژ بەبڕیارەکەی ترەمپ وەستایەوە فەڕەنسا بوو کەدەستبەجێ چەند نوێنەرێکی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان بانگهێشتی کۆشکی ئیلیزێ کرد لەپاریس. تائێستا فەڕەنسا ڕایگەیاندوە کەهێزەکانی ناکشێنێتەوەو بەردەوامدەبێت لەجەنگ دژ بەداعش. وەزیری هێزە چەکدارەکانی فەڕەنسا (فلۆرێنس پارلی) لەتویتەر ڕایگەیاند: «داعش زیاد لە ٩٠% پێگەکانیان لەدەستداوە، بەڵام جارێ بنەبڕ نەکراون و ڕەگەکانیان دەرنەهێندراوە. کۆتا پێگەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکە دەبێت بە زەبری هێزی سەربازی لەناوببرێن». بەپێی چەند دەنگۆیەک، نوێنەرانی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا بەڵێنیان بەنوێنەرە کوردەکان داوە لەکۆشکی ئەلیزێ، کەپاریس پاڵپشتیی هێزە کوردیەکان بکات لەئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکادا، هاوکات لایەنە کوردیەکان وێڵن بەدوای لایەنێکدا هێڵی دژەفڕین ڕابگەیەنێت لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەئەگەری لەشکرکێشی سوپای تورکیاو هێزە میلیشیاکانی نزیک لەو وڵاتە. هەر لە درێژەی کاردانەوەکانیدا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا یەکشەممەی رابردوو نیگەرانی توندی خۆی ڕاگەیاند سەبارەت بە بڕیاری هاوتا ئەمەریکیەکەی دۆناڵد ترەمپ، بە کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا. هەروەها رایگەیاند کە هەموو کەس قەرزاری هەسەدەیە. ماکرۆن  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە چاد وتی «هەست بە پەژارەیەکی توند دەکەم لەسەر ئەو بڕیارەی لە سوریا گیراوەتەبەر». هەروەها وتی «ئەگەر هاوپەیمان بین، دەبێت شان بەشانی یەکتر شەڕ بکەین. ئەمە گڕنگترین شتە بۆ سەرۆکی وڵات یان فەرماندەی سوپا». ماکرۆن جەختی لە گرنگی کارەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات کردەوە کە کورد سەرپەرشتی دەکات و ناوچەیەکی بەرفراوانیان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەژێر چنگی داعش دەرهێناوە. وتیشی «داوا لە هەموو کەس دەکەم... ئەوە لەبیر نەکەن کە ئێمە قەرزاری ئەوانین». بەڕیتانیاش هاوشێوەی فەڕەنسا پێی وایە کاتی کشانەوە لەسوریا جارێ نەهاتوە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی هەردوو وڵات تەنها چەند سەد سەربازێکیان لەناوچەکە جێگیرەو پشتیان بەهێزەکانی سوپای ئەمریکا بەستوە لەڕووی لۆجستیەوە. بەپێچەوانەوە ڕوسیا دەستخۆشی لەبڕیارەکەی ئەمریکا دەکات، پێشتریش ڤلادیمیر پوتین ڕایگەیاندبوو کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لەسوریا نایاسایین چونکە لەگەڵ ئەسەددا ڕێکەوتنی لەسەر نەکراوە. ئەو لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لەتەلەفزیۆنە حکومیەکانی ڕوسیا پەخشکرا دەڵێت: «دۆناڵد بڕیارێکی ڕاستی دا، من هاوڕام لەگەڵی».  

سازدانی: ‌هاوڵاتی ساڵح موسلیم ھاوسەرۆکی کۆمیتەی دیپلۆماسیی پارتیی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) ڕادەگەیەنێت، لە ئێستادا ھیچ دانوستانێک لەنێوان ڕۆژئاوای کوردستان و رژێمی سوریا بوونی نییە و خۆیان دەپارێزن، بۆ ئەوەش بڕوایان بەگەلی ڕۆژئاوا ھەیە. بەھۆی بڕیارەکەی ئەمریکاوە کە ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە درا، سیستەمی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو سیستمەی کوردەکان لەدوای سەرھەڵدانی قەیرانی ناوخۆیی سوریاوە بنیاتیانناوە کەوتووەتە دوڕیانەوە، نازانێت چارەنوسی بەرەو کوێ ھەنگاو دەنێت. سەرکردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان سورن لەسەر بەردەوامیدان بە سیستەمەکەیان و بەرگریکردن لەخۆیان و دەڵێن ئەوان پێشتریش پشتیان بەخۆیان بەستووە بۆ پاراستنی خۆیان و کەمتر پشتیان بەلایەنە دەرەکییەکان بەتایبەتی وڵاتانی زلھێز بەستووە. ساڵح موسلیم یەکێک لەو سەرکردانەی ڕۆژئاوای کوردستان کەھەر لەسەرەتای ئەزموونی بنیاتنانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری ناوچە کوردییەکانەوە سەرکردەیەکی دیاری ئەو بەشەی کوردستان بووە لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ ھاوڵاتی لەبارەی بڕیارەکەی ئەمریکاوە دەڵێت «ئەوە بڕیاری ئەمریکا خۆیەتی، ئەوان بڕیاری خۆیان نەک لەبارەی ڕۆژئاوا بەڵکو لەسەر زۆر وڵاتی جیھان ھەیە، پاساوی ئەوان ئەوەیە کەگوایە داعش نەماوە، بەڵام ئەوە راست نییە، چونکە داعش شەڕی دژوار دەکات، بەوتەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات زیاتر لە چوار ھەزار چەکداری داعش لە ریفی دێرەزور ماون کەژمارەیەکی زۆرە». دوای چەند ڕۆژێکی کەم لەبڕیارەکەی ئەمریکا، چەکدارانی داعش لە ناوچەی ھەجینی پارێزگای دێرەزور ھێرشیان کردەسەر ھێزەکانی سوریای دیموکرات، بەڵام شەڕڤانان وەڵامیان دانەوەو ھێرشەکانیان تیکشکاند. یەپەگە پێکھێنەری سەرەکی ھێزەکانی سوریای دیموکراتە کەژمارەیان زیاتر لە ٦٠ ھەزار شەڕڤانە و لەسەدا ٣٠ی روبەری سوریایان بەدەستەوەیە، ئەمریکا پێشتر چەندین جار بەھاوپەیمانی سەرەکی لەشەڕی دژ بە داعشدا ناویبردووە. ساڵح موسلیم کە پێشتر ھاوسەرۆکی پەیەدە بووە کەحوکمڕانی سەرەکی ڕۆژئاوای کوردستانە وتی «داعش تەواو نەبووە، بڕیارەکەی ئەمریکاش لەبارەی سەرکەوتنیان بەسەر ئەو ڕێکخراوەو کۆتایی  پێھێنانیان ناڕاستە». بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ کشانەوەی ھێزەکانی لەسوریا ھاوکات بوو لەگەڵ جموجۆڵی سوپای تورکیاو کۆکردنەوەی ھێزێکی زۆر لەسەر سنوری سوریا بەمەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر باکوری سوریاو ڕۆژھەڵاتی روباری فورات کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ھێزەکانی سوریای دیموکراتدایە، دوای چەند ڕۆژێک لەبڕیارەکەش تورکیا بۆ ماوەیەکی کاتی ئۆپەراسیۆنەکەی دواخست. بەپێی میدیاکانی ئەمریکا، بڕیاری کشانەوەکە لەمیانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپدا دراوە، کەماوەیەکەمی کەم پێش بڕیارەکە ئەنجامیاندا بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی سوریا. ساڵح موسلیم پێیوایە، بڕیارەکەی ئەمریکا و ھەڕەشەکانی تورکیا پەیوەندییان بەیەکەوە ھەیە، ھەرچەندە باسی لەوەکرد کەنازانن چی لەنێوان ترەمپ و ئەردۆغاندا وتراوە لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا. ھەندێک بڕیارەکەی ئەمریکا بەخیانەت بەرانبەر کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دادەنێن، بەڵام بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا ھەڵوێستێکی پێچەوانەیان ھەیە، ئەگەرچی بەپێویستی دەزانن ئەمریکاو وڵاتانی دیکەی ئەندام لەھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوام بن لەکارەکانیان لەسوریاو پشتیوانییان بکەن لەشەڕی بەرەنگاربونەوەی داعشدا. ساڵح موسلیم باس لەوەدەکات ناتوانن ئەو ھەنگاوە بەخیانەت دابنێن، چونکە ھاتنی ھێزەکانی ئەمریکا لەبەرئەوان و بۆ پاراستنی ئەوان نەبووە، جگە لەوەش تەنھا ھاوکارییەک ھەبووە لەنێوانیانداو شتێکی ئیمزاکراو لەنێوانیاندا نەبووە، بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەو مانەوەیان. لەدوای بڕیارەکەی ئەمریکا کوردانی ڕۆژئاوا دۆستێکی سەرەکیان لەدەستدا کەواشنتۆن بوو، کە هەم ھێزەکانی پڕچەک دەکردن هەم وەکو گرەنتییەک وابوو بۆ ئەزمونە تازە گەشەسەندووەکەی کوردانی ڕۆژئاوا. بەڵام وادیارە ھێشتا وڵاتی تر هەبن کە دەیانەوێت بەردەوامی بدەن بەپاراستنی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە فەڕەنساو ئەڵمانیا بەپێچەوانەی ئەمریکاوە جەختیان لەپابەندبوون بەئەرکەکانیان کردووەتەوە بۆ شەڕکردن دژی داعش. تەنانەت دوای چەند ڕۆژێک لەبڕیارەکەی ئەمریکا، وەفدێکی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ سەرۆک کۆماری فەڕەنسا کۆبوونەوەو وەفدەکە داوایان لەپاریس کرد کاربکات بۆ ڕاگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین لەڕۆژئاوای کوردستان، تانەکەوێتە بەر مەترسی تورکیاو سوریا، ھاوشێوەی ئەو ناوچەیەی لەسەرەتای نەوەدەکانی سەردەی ڕابردوودا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەناوچە کوردنشینەکانی عێراق دروستیکرد بۆ پاراستنی کورد لەھێرشەکانی رژێمی سەدام حوسەین، کەدروستبوونی ھەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە. ساڵح موسلیم دەڵێت «ئێمە پشت بەھێزو ڕێکخستنی خۆمان دەبەستین، نەک ھیچ ھێزو کەسێکی دیکە کە لەجیاتی ئێمە شەڕ بکات». وتیشی «ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان لەبەردەم مەترسیدا نییە، تائێستا لەسەر زەوی شتێک نەبووە، کە مەترسی دروستبکات، ھەرچەندە ترسێک هەیە لەتورکیا، کە هەڕەشەی ھێرشکردن دەکات و بڕیاری شەڕکردنی داوە، مەترسییەکە لەو ڕووەوەیە، بەڵام ئێمە باوەڕمان بە ھێزی پاراستن و سیستەمی خۆمان هەیە، گەلی ئێمە گەلێکی بەرگریکارە، قبوڵناکات ھێرشی بکرێتە سەر». دوای بڕیارەکەی ئەمریکا، باس لە ئەگەری ئەنجامدانی دانوستان دەکرێت لەنێوان کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و رژێمی سوریا بەمەبەستی گەیشتن بەچارەسەر بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی شەڕڤاناندایە. بەتایبەت کەچەند مانگێک لەمەوبەر بەرپرسانی ڕۆژئاواو رژێمی سوریا چەند جارێک لەو بارەیەوە کۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتن بەھیچ ڕێککەوتنێک. ساڵح موسلیم باس لەوەدەکات، لەئێستادا ھیچ دانوستانێک لەگەڵ سوریا لەئارادا نییە، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات دەرگای دیالۆگی کردووەتەوە لەگەڵ لایەنەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەر، بەڵام لەسەر زەوی تا ئێستا ھیچ گفتوگۆیەک نەکراوە. وتیشی «ئێمە سیستەمی خۆپاراستنی خۆمان هەیە، داوا لەکەس ناکەین بمانپارێزێت، گەل و سیستەمی خۆمان هەیە و ئامادەین بیپارێزین، نە داوا لەئەمریکا دەکەین نە لەڕژێمی سوریا کە بمانپارێزن، ئێمە باوەڕمان بەگەلی خۆمان هەیە، کەھێزی ئێمەیە، کەس لەجیاتی ئێمە شەڕ ناکات و کەس نامانپارێزێت، ئێمە خۆمان خۆمان دەپارێزین».

کوردستان هیچ بڕه‌ نه‌وتێک راده‌ستى به‌غدا ناکات‌و عێراقیش ته‌نها به‌شێک له‌پشکی هه‌رێم ده‌نێرێت ئارا ئیبراهیم وه‌زاره‌تى دارایى عێراق سێ سیناریۆى بۆ تێپه‌ڕاندنى پرۆژه‌ى بودجه‌ى 2019، ڕاده‌ستى عادل عه‌بولمه‌هدى کردووه‌ و هه‌رێم مه‌یلی زیاتر بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هیچ بڕه‌ نه‌وتێک نه‌دات به‌ به‌غداو به‌شێک له‌بودجه‌ى هه‌رێمیش وه‌رگرێ. بودجه‌ى گشتى عێراق بڕه‌که‌ى 133 ترلیۆن دیناره‌و 28 ترلیۆن دینار کورتهێنانى هه‌یه‌و هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت به‌ 56 دۆلار خه‌مڵێندراوه‌. یه‌کێک له‌ سیناریۆکان ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان هیچ بڕه‌ نه‌وتێک راده‌ستى به‌غدا ناکات و حکومه‌تى عێراق موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و تۆڕى پاراستنى کۆمه‌ڵایه‌تى بۆ هه‌رێم بنێرێت. هاوشێوه‌ى ئه‌و 317 ملیار دیناره‌که‌ى که‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ ساڵی 2018 بۆ هه‌رێمى ده‌نارد. به‌رپرسانی حکومه‌تى هه‌رێم زیاتر مه‌یلیان له‌سه‌ر ئه‌م سیناریۆیه‌یه‌. یه‌کێکی تر له‌و سێ سیناریۆیه‌ى که‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى دارایی عێراقه‌وه‌ راده‌ستى عادل عه‌بدولمه‌هدى کراوه‌، تایبه‌ت به‌وه‌ى پشکى هه‌رێم له‌سه‌دا 12.67 ده‌بێت که‌ ده‌کاته‌ 9 ترلیۆن و 700 ملیار دینار، له‌به‌رانبه‌ردا هه‌رێم پابه‌ند ده‌کرێت به‌ راده‌ستکردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌. هه‌روه‌ها به‌پێی سیناریۆى سێیه‌م پشکى هه‌رێم له‌سه‌دا 12.67 ده‌بێت به‌ که‌مکردنه‌وه‌ى بودجه‌ى سیادی که‌ ده‌کاته‌ بڕى 11 ترلیۆن و 545 ملیار دینارو هه‌رێم پابه‌ند ده‌کرێت به‌ راده‌ستکردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌. ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى له‌په‌رله‌مانى عێراق به ‌هاوڵاتى وت «وه‌ک کورد سێ داواکارییان ئاراسته‌ى وه‌زیرى دارایى کردووه‌و هیچى جێبه‌جێ نه‌کردووه‌ که‌بریتی بوون له‌پشکى هه‌رێم له‌ له‌سه‌دا 12.67 بکرێته‌ له‌سه‌دا 13.9و پشکى پێشمه‌رگه‌ به‌ده‌ر له‌وه‌زاره‌تى به‌رگرى دیارى بکرێت، ئه‌و بڕگانه‌ى له‌ناو بودجه‌ى سیادین و سیادى نین ده‌ربکرێن، وتیشى»بێهیوابووین و تووشى شۆک بووین که‌ پرۆژه‌ى بودجه‌ به‌و شێوه‌یه‌ هاتۆته‌وه‌ په‌رله‌مان». بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى جه‌ختیکرده‌وه‌، هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌ نییه‌ نه‌وت راده‌ستى حکومه‌تى عێراق بکات، «هه‌رێمى کوردستان نه‌وت راده‌ستى به‌غدا ناکات و ته‌نها ده‌یه‌وێت عێراق موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پاراستنى چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تى بۆ بنێرێت که‌ ده‌گاته‌ 450 ملیار دینارى مانگانه‌«. موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى عێراق مانگانه‌ بڕى 5 ترلیۆن و 448 ملیار دینارى بۆ ته‌رخان کراوه‌ که‌ پێشتر ته‌نها 3 ترلیۆن و 700 ملیار دینار بووه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ پشکى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمیش زیادى کردووه‌. سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت حکومه‌تى به‌غدا پابه‌ندکراوه‌ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پاراستنى چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تى بۆ هه‌رێم بنێرێت ئه‌گه‌ر نه‌وتیش راده‌ست نه‌کات. ڤیان سه‌برى، له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «تا ئێستا وه‌ک پارتى و فراکسیۆنه‌ کوردیه‌کان داخوازى زیادکردنى پشکى هه‌رێمین که‌ بکرێته‌ له‌سه‌دا 13.9، به‌ڵام جارێ له‌لیژنه‌ى دارایى گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌کرێت». وتیشى «حکومه‌تى عێراق ئیلزام کراوه‌ که‌ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تى بنێرێت بۆ هه‌رێمى کوردستان، چونکه‌ ئێمه‌ به‌پشکى له‌سه‌دا 12.67 رازى نین». ڤیان سه‌برى باسى له‌وه‌شکرد، عادل عه‌بدولمه‌هدى سیناریۆى یه‌که‌مى په‌سه‌ند کردووه‌و ناردویه‌تى بۆ په‌رله‌مان که‌ پشکى کورد له‌سه‌دا 12.67 ئه‌وه‌ش کورد پێى رازى نییه‌. له‌چه‌ند ڕۆژى رابردوودا په‌رله‌مانى عێراق خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌مى بۆ پڕۆژه‌ى بودجه‌ ئه‌نجامدا و ده‌ستیکرد به‌ئه‌نجامدانى خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پڕۆژه‌ى بودجه‌ که‌ تا ئێستا واده‌ى په‌سه‌ندکردنى نادیاره‌. غالب محه‌مه‌د، ئه‌ندامى لیژنه‌ى نه‌وت و وزه‌ له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ ‌هاوڵاتى وت «پارتى پێى خۆشه‌ نه‌وت ته‌سلیم نه‌کات و موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و تۆڕى پاراستنى چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تیشى بۆ بێت که‌ 115 ملیار دیناره‌ له‌گه‌ڵ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و ئیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ن». وتیشى «ناردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تى په‌یوه‌ندى به‌ رێکه‌وتنى هه‌رێم و به‌غداوه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌نارده‌کردنى نه‌وتى که‌رکوک له ‌رێگه‌ى بۆری هه‌رێمه‌وه‌ بۆ به‌نده‌رى جه‌یهان، بانکى نێوده‌وڵه‌تیش فشار له‌عێراق ده‌کات که‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ک بده‌نه‌ هه‌رێم بۆ موچه‌ و به‌غداش به‌مه‌ رازى ده‌بێت». حکومه‌تى عێراق و هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ره‌تاى مانگى رابردووه‌وه‌ رێکه‌وتن بۆ هه‌نارده‌کردنى نه‌وتى که‌رکوک له‌ڕێگه‌ى بۆری نه‌وتى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ که‌ له‌ئێستادا رۆژانه‌ 50 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌کرێت و داهاته‌که‌ى ڕاده‌ستى کۆمپانیاى سۆمۆى عێراقى ده‌کرێت. غالب محه‌مه‌د وتیشى «پارتى به‌هۆى راده‌ستنه‌کردنى نه‌وته‌وه‌ پاشه‌که‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران لاده‌بات و ده‌رماڵه‌کان که‌مده‌کاته‌وه‌و ته‌سفیه‌ى قه‌رزه‌کانى ده‌کات و پرۆژه‌ى بودجه‌ش نانێرێته‌ په‌رله‌مانى کوردستان».  

دیمەن ئیسماعیل گروپێک لە کچانی گەرمیان دەستدەدەنە کاری فۆتۆگرافەری و وێنەی خێزانی و تایبەتی دەگرن و هەندێکیشیان وەکو دابینکردنی بژیوی ژیان سودیان لێ بینیووە، لەگەڵ ئەوەشدا وەکو ئارەزوویەک ئەو کچانە هەوڵی پەرەپیدانی تواناکانی خۆیان لەبواری فۆتۆگرافەریدا دەدەن. گروپەکە لە قەزای کەلار کە سەنتەری ئیدارەی گەرمیانە دروست بووە، لەم ساڵانەی دواییدا پیشەی فۆتۆگرافەری لەنێو کورانی شارەکەدا پەرەی سەند بەڵام دەرفەت نەبوو کچان بڕۆنە ئەم بوارەوە، هەتاوەکو چەند کچێک لە دەوری بیرۆکەیەک کۆبوونەوەو شەش مانگ لەمەوبەر گروپێکیان راگەیاند کە لە ١٥ کەس پێکدێن. گروپی فۆتۆگرافەری کچان لە 15 ئەندام پێک دێت، بەڵام ئەندامەکانی ستافەکە لەزیادبوندایە ماوەی 6 مانگە دامەزراوە، سەرەتای چالاکیەکان بەکردنەوەی پێشانگایەک دەستیپێکرد. ئاسیا حسێن، تەمەن 20 سال، سەرپەرشتیاری گروپەکەیە بە ‌هاوڵاتی وت «ماوەی ساڵێکە کاری فۆتۆگرافەری دەکەم، وەکو حەزو خولیا فێربوم، تاکە ئامانجیشم ناساندنی کچانە بە فۆتۆگرافەری». ئاسیا لەگەڵ ئەوەی خوێندکارە بەڵام توانیویەتی هاوسەنگی دروست بکات لەنێوان پیشەکەی و خویندکەیدا، وتی «سەرەرای بەردەوامبوونم لەخوێندنەکەم، کاری فۆتۆگرافەری دەکەم، هەر وێنەیەک جوان بێت بەلامەوە دەیچرکێنم و لەپەیجەکەم دایدەنێم». کارەکانی گروپەکە بەشێوەیەکی مەیدانیەو دەچنە شوێنی جۆراوجۆر بۆ وێنەگرتن. گرووپەکە تەنها لە کەلار چالاکی ئەنجامنادات بریارە لەمانگی داهاتودا چالاکیەک لەکفری ئەنجامبدەن. فاتمە جومعە، تەمەن 21 سال، یەکێکە لە ئەندامەکانی گروپەکە بە ‌هاوڵاتی وت  «تاوەکو ئێستا دوو چالاکیمان ئەنجام داوە لەژێر ناونیشانی پایزی تەمەن، مندال لە وێنەدا، مانگی داهاتووش چالاکی سییەم لە کفری ئەنجام دەدەین». وتیشی «کاری فۆتۆگرافی خولیایە، دەشتوانین بیکەین بە سەرچاوەی بژێوی ژیانمان.» ئاسیا حسێن لەگروپەکە وتی «ژمارەیەکی باشی فۆتۆگرافەر لەپارک و بازارو دوکانەکاندا وێنە دەگرن، بەڵام هەمیشە ئاسان نیە بۆ کچێکی گەرمیانی داوا لەکوڕێک بکات وێنەی بگرێت، بۆیە بوونی فۆتۆی کچ نەک باش، بەڵکو پێویستەو نەبوونیشی بۆشایی دروستدەکات». گروپەکە بەشێکە لە گروپیکی تری گەرمیان بە ناوی گرووپی گەشەی میدیا کە لە بواری میدیادا چالاکی ئەنجامدەدات، فۆتۆگرافەرەکان لەلایەن ئەو گروپەوە هاوکاریەکی سنورداری مادی و مەعنەوی دەکرێن لە پێشانگاو چالاکیەکاندا. ئامانج محەمەد، بەرێوەبەری گروپی گەشەی میدیا بە ‌هاوڵاتی وت «لەم کارەدا تەنیا ئامانجمان دەرخستنی تواناو بەهرەکانی کچانە، کەهیچیان کەمترنیە لەکوڕان، دەمانەوێت تواناکانیان بەکامێرای خۆیان دەربخەین». سارا حەکیم، تەمەن 22 ساڵ، ئەندامیکی گرووپەکەیەو خوێندکاری زانکۆیە توانیویەتی وەکو دابینکردنی پیداویستیەکانی بژێوی ژیانی سوودی لێ ببینێ. سارا بە ‌هاوڵاتی وت «کاری فۆتۆگرافی دەکەم بەشێوەی گروپ و تایبەتیش، بە تاک دەڕۆمە ئاهەنگ و بۆنەکان ئەوەش بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانم».

یاد قوربانی ماوەیەکی کورت دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە بیرۆکەیەکی نوێ و سەیریان هەبوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران.  بەپێی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری پۆلیتیکۆی ئەمریکی، چەند بەپرسێکی ئەو ئەنجومەنە پێشنیاریان کردوووە کە دۆناڵد ترەمپ پەیامێکی ڤیدیۆیی لەگەڵ شازادە ڕەزا پەهلەڤی، کوڕی شای ئێرانی پێشوودا بڵاوبکاتەوە کەتیایدا پێکەوە پیرۆزبایی نەورۆز لەگەلی ئێران بکەن، ئەمە لەکاتێکدایە کەکوڕەکەی شای پێشووی ئێران لەواشنتۆن نیشتەجێیە. دوابەدوای ڕووخانی شای ئێرانی دۆستی ئەمریکا لەلایەن گەلی ئێرانەوە لەمیانەی شۆڕشی ئیسلامی ١٩٧٩دا خێزانی شا لەئەمریکا نیشتەجێبوون.  لەو کاتەدا پێشنیارەکە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە بەزۆرینەی دەنگ ڕەتکرایەوەو ترەەمپ بە تەنها پەیامی پیرۆزبایی نارد. ڕەنگە لەو کاتەدا (نەورۆزی ٢٠١٧) دەرکەوتنی ترەمپ لەگەڵ شازادە پەهلەڤیەکەدا بیرۆکەیەکی باش نەبووبێت چونکە خێزانی شا خێزانێکی زۆر خۆشەویست و ویستراو نەبوون لای گەلی ئێران، بەڵام لەئێستاداو دوای ئابڵۆقەی ئابوری قورس و بێ دەرەتانی گەلی ئێران، ئاگری خۆشەویستی بۆ شای ئێران و خێزانەکەی خەریکە دووبارە کڵپە دەکاتەوە و پاڵپشتی پەیدا دەکات.  بەپێی ڕاپۆرتەکەی پۆلیتیکۆ، پسپۆڕانی سیاسەتی ئێران پێیان وایە پاڵپشتی و خۆشەویستی بۆ ڕەزا پەهلەڤیی کوڕی شای پێشوو لەزیادبووندایە، کاتێک لەمیانەی ئەم قەیرانە ئابووریەدا کەهەندێک بۆ کۆتایی ڕژێمی ئیسلامی دادەنێن، پرسیاری ئەوە دەکرێت: کێ ڕابەرایەتی ئێرانی دواڕۆژ دەکات؟  لەم کاتە هەستیارەدا، ئەم هەفتەیە ڕەزا پەهلەڤی دەرکەوت و وتارێکی پێشکەشکرد لەپەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاساتی خۆرهەڵاتی نزیک. ئەو داوای پاڵپشتی و هاوکاری کرد بۆ گەلی ئێران کە هەوڵدەدەن ڕژێمێکی ئیسلامی بەدیموکراسیەتێکی سێکیولار بگۆڕن.  ئەو لەمیانەی وتارەکەیدا وتی: «وڵاتانی دیموکراتی ئەمرٶ، لەپێش هەموویان ئەمریکا، دەتوانن بڕیاربدەن لایەنداری کێ دەکەن.»  نزیکەی ٤٠ ساڵ دەبێت خێزانی پەهلەڤی لەئێران وەدەرنراون، بەڵام ئەوان لەئێستادا خەریکە دەگەڕێنەوە مەیدانی سیاسی. خۆپیشاندەرانی ئێران هەندێکیان وتافی لێبوردن دەکێشن بەرانبەر خێزانە مەلەکیەکە کە بۆ ٥٤ ساڵ حوکمداری ئێران بوون.  ڕژێمی ئێران و هاوپەیمانەکانیان وەک گەندەڵێکی بێ ئاست ناوی کوڕی شای پێشوو دەبەن کەهیچ پاڵپشتیەکی ئەوتۆی نیە لەئێرانداو تۆمەتباری دەکەن کەسعودیە و ئیسرائیل پاڵپشتی دارایی دەکەن، پەهلەڤی ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.  ڕەزا پەهلەڤی، کەئێستا تەمەنی ٥٨ ساڵانە بەکراوەیی داوا ناکات کە کورسی پادشایەتی لەئێران بۆ دابنرێتەوە. ئەو خۆی وەک «سەرکردەیەک و داکۆکیکەرێکی پرینسیپەکانی ئازادی، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکەم» ناودەبات و دەڵێت: «ئامادەم خزمەتی وڵاتەکەم بکەم». بەپێی ڕاپۆرتەکەی پۆلیتیکۆ، بزوتنەوەیەکی نوێ لەئێران درووستبووە کە بەتاسەوە بیری ڕۆژگاری فەرمانڕەوایی شا دەکەن و لەئێستادا دەیانەوێت ڕژێمی ئیسلامی بڕوخێت و لەجێگەی دەوڵەتێکی سێکیولاری دیموکرات بنیاتبنرێت. یەکێک لەو لایەنە تازە دامەزراوانە کە بەشێکە لەم بزوتنەوەیە ناوی «فەرەشگگارد» یاخود «ژیانەوەی ئێران»ە کە ئامانجیان بەوتەی خۆیان «ڕووخاندنی ڕژێمی ئیسلامی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکراتی سێکیولار کەمافی مرۆڤ بۆ ئێرانیەکان زامن بکات.» لەئێستادا ئەم گروپە ڕەزا پەهلەڤی وەک کەسایەتیەکی گرنگ لەم کاتەدا تەماشادەکەن، دەڵێن: «شازادە ڕەزا پەهلەڤی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەپێکەوەگرێدانی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگای ئێرانی. لەجێگرتنەوەی ئەم ڕژێمەی ئێستا بەدەوڵەتێکی دیموکرات و سێکیولار، سەرکردایەتی و هەژموونی ڕەزا پەهلەڤی دەکرێت سوودی لێوەربگیرێت و بەهۆیەوە گۆڕانێکی دەسەڵاتی ئاشتیانە ڕووبدات و وڵات یەکپارچە بمێنێتەوە». ئەمە هەموو لەکاتێکدایە کە لەهەندێک لەخۆپیشاندانەکانی ئێراندا بەئاشکرا دەبیسترێت خۆپیشاندەران ناوی شازادە پەهلەڤی دێنن و دەڵێن: «ئێمە داوای لێبووردن دەکەین، ئێران بێ شا قورسایی نیە»! دوابەدوای وتارەکەی ڕۆژی هەینی، لەوەڵامی ڕۆژنامەنوساندا کە ئایا گەر هەل هەبێت حەز دەکات ببێت بەسەرۆکی ئێرانی نوێ، ڕەزا پەهلەڤی وتی: «ئەو ڕۆژەی هەڵبژاردنی ئازادانە لەئێران ئەنجامدرا، ئەوا من هەست دەکەم ئامانجی ژیانی سیاسیم هاتۆتەدی. هەر بیریشم لەو ئەگەرە نەکردوەتەوە سەرۆکی ئێران بم، سەرنج و هەوڵم بۆ ئازادکردنی ئێرانە بەدەستی گەلی ئێران خۆیان».