شەعبان ڕەئوف بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بۆ رێکخستنەوەی کاری تاکسی لەهەرێمی کوردستان کاردانەوەی شۆفێرانی تاکسی لێکەوتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە بەهۆی قیستی درێژخایەنەوە بە لێشاو تاکسی بە فەرمانبەران دەفرۆشران، کاتێکیش کە فەرمانبەران قیستەکانیان دایەوە لێیان قەدەغەکرا. کۆتایی مانگی رابردوو وەزارەتی ناوخۆ چەند بڕیارێکی دەرکرد بۆ رێکخستنەوەی کاری تاکسی، بەمەبەستی سنوردانان بۆ زیادبوونی ژمارەی تاکسییەکان کە ساڵانێکی زۆرە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیانکردووە. بڕیارەکە کاری شۆفێری تاکسی بۆ گشت ئەفسەرو کارمەندانی میلاکی هێزەکانی (ئاسایش ، پۆلیس، زێرەڤانی، بەرگری فریاکەوتن، ڕەگەزنامە، هاتوچۆ، پاسەوانی سنور، پۆلیسی گومرگ)و کارمەندانی میلاکی سەربازی لەوەزارەتی پێشمەرگەو گشت هێزە چەکدارەکان لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق قەدەغە کردووە. هەر بەپێی نوسراوەکە کارمەندانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش کاری شۆفێری تاکسیان لێ قەدەغە کرا. هەر بەپێی نوسراوەکە فەرمانبەرانی شارستانی ئەوانەی کە پلەی وەزیفیان لەپلە حەوت و هەشت بەرەو خوارەوەن دەتوانن کاری شۆفێری تاکسی بکەن، بەمەرجێک ڕەزامەندی فەرمانگەکەیان هەبێت و پێویستە ئەو ڕەزامەندییە نوێ بکرێتەوە. بەوەش زۆرێک لە فەرانبەرانی مەدەنیش ناتوانن کاری تاکسی بکەن. بڕیارەکە هەرزوو کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێک لە شۆفێرانی تاکسی و خاوەنی پێشانگاکانی ئۆتۆمبیل رۆژی دوشەممە لەسلێمانی رژانە سەر شەقام و بڕیارەکانیان رەتکردەوە و بۆماوەیەک ڕێگەی سەرەکی بازنەیی مەلیک مەحمودیان داخست. هێزە ئەمنییەکان بەبەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕێژ هەوڵیاندا بڵاوە بەخۆپیشاندەران بکەن. هاوڕێ عومەر شۆفێری تاکسی کە فەرمانبەرەو رۆژانە بە ئۆتۆمبیلە تاکسییەکەی کاردەکات بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ نیگەرانی کردووە و وتی «بشم کوژن نایفرۆشم و دەست لەم کارەم هەڵناگرم». هاوڕێ نەخۆشی درێژخایەنی هەیە و موچەکەی ٥٤٠ هەزار دینارە و کرێچییە، بەوتەی خۆی موچەکەی بەشی پێداویستییەکانی ژیانی ناکات، بۆیە دەستیداوەتە کاری شۆفێری تاکسی «300 بۆ 350 هەزارکرێ خانوو ئاو‌و کارەبا، هەروەها 150 هەزار بەدەرمان و چارەسەر دەدەم، بە موچە بژێویم بەڕێوەناچێت لەبەرئەوەی جگەلەم شۆفێرییە کە دەتوانم تاڕادەیەک بژێویم باش بکەم هیچ کارێکی ترم پێ ناکرێت». دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و پەنابردنی حکومەت بۆ پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران، ژمارەی ئۆتۆمبیلی تاکسی بەخێرایی رووی لە هەڵکشان کرد، بەشی زۆری ئەو فەرمانبەرانەی بەهۆی سیستمی پاشەکەوتەوە موچەکانیان کەمکرایەوە، دەستیاندایە شۆفێری تاکسی. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی ١٠٠ هەزار ئۆتۆمبیلی تاکسی لە هەرێمی کوردستان هەیە و بەردەوام ژمارەکە لەزیادبوندایە. زۆربوونی ژمارەی تەکسی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە حکومەت لە ساڵانی رابردوودا کارئاسانی بۆ ژمارەیەک کۆمپانیا کرد بەلێشاو تاکسی بهێننە هەرێمی کوردستانەوەو بە شیوەی قیست بیدەنە فەرمانبەران، ئەوەش هۆکار بوو بەشێکی بەرفراوانی فەرمانبەران توانیان تاکسی بکڕن. بە پێچەوانەی ئەو فەرمانبەرانەی کە کاری تاکسی دەکەن، ئەو شۆفێری تاکسیانەی کە تاکە ئەو کارە تاکە سەرچاوەی بژێویانە بڕیارەکەیان پێ باشە و داوای جێبەجێکردنی دەکەن. دیدار نوری قادر شۆفێری تاکسی، بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بەباش دەزانێت «بەڵام ئەگەر کاری پێ بکرێت، وەکو بڕیارەکانی ساڵانی ڕابردوو نەبێت کەحکومەت سەبارەت بەهەندێ پرس داویەتی و وەک موچە و کارەبا و.... تەنها نوسراو بوون». کاری سەرەکی دیدار تەنها شۆفێری تاکسییەو کرێچییە و لەهیچ فەرمانگەیەکی حکومی دانەمەزراوە «لەئێستادا بەژیانێکی سەختدا تێپەڕدەبم و ناتوانم بژێوی ژیانم دابین بکەم ئەمە ژیان نییە، کولەمەرگییە». هەرچەندە هێشتا بڕیارەکە جێبەجێنەکراوە، بەڵام کاریگەرییەکەی بەخێرایی دەرکەوت لەسەر نرخی ئۆتۆمبیلی تاکسی و نرخەکانیان رووی لە دابەزین کرد، ئەوەش نیگەرانی خاوەن پێشانگاکانی ئۆتۆمبیلی لێکەوتەوە. عەتا محەمەد خاوەن پێشانگایەکی تاکسی بە هاوڵاتى وت «ئەم بڕیارەی وەزارتی ناوخۆ زەرەرو زیانێکی زۆری لێداوم چەندین سەیارەی تاکسیم کڕیوە پێشر بەپارەیەکی زۆر لەو ڕۆژەوە ئەم بڕیارە دەرچووە هەر لەسەیارەکیاندا 20 بۆ 30 وەرەقە زەرەرم لێ کردووە». وتیشی «سەردانی پارێزگاریشمان کردوە قسەمان لەگەڵ کردوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە هاوکارمان بێت و پارێزگاریش وتی لە دەستی مندا نیە و پێویستە حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران پێداچونەوە بەم بڕیارەدا بکەن ژیانی خاوەن پێشانگاو فەرمانبەران لەبەرچاوبگرن». «زۆربەی مشتەریەکانمان فەرمانبەرانی ئاسایش و پۆلیس بون ئەگەر ئەم مەوزوعە وابەردەوام بێت مەجبورین پێشانگاکانمان دابخەین، بچینەوە ماڵەوە دانیشین»، عەتا وایوت. خاوەنی چەند پێشانگایەک ئامادە نەبون لێدوان بۆ هاوڵاتى بدەن و وتیان دەزگا ئەمنیەکان هەڕەشەیان لێکردوین کە ئەگەر دژی ئەو یاسایە بن و خۆپیشاندان بکەن پێشانگاکانتان پێ دادەخەین. تا ئێستا وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دەرنەکردووە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ چاوەڕوانی رێنماییەکانن تا بڕیارەکان جێبەجێ بکەن. فەرەیدون عومەر بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چاوەڕوانی گەیشتنی رێنماییەکانن، تا بڕیارەکان لەو بارەیەوە جێبەجێ بکەن. دیار نییە وەزارەتی ناوخۆ بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارانە پشتی بە چ مادەیەکی یاسایی بەستووە، بەشێک لەیاساناسانیش دەڵێن بڕیارەکە سەرپێچی یاسایی تێدایە. حاکم شێخ لەتیف شارەزای یاسایی بە هاوڵاتى وت «وەزیری ناوخۆ لەڕیارەکەیدا پشتی نەبەستوە بەهیچ مادەیەکی یاسایی، تەنها دەڵێت بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە بەگوێرەی یاسای ژمارە ٦ی وەزارەتی ناوخۆ ساڵی 2009، بەڵام ئاماژەی بەهیچ مادەیەک نەداوە کە ئەو دەستەڵاتەی پێ ببەخشێت، لەڕاستیدا هیچ مادەیەکی وای تێدانیە». ڕوونیشیکردووەتەوە، به‌پێی بڕیاری پێشووی دادگای پێداچونەوەی عێراق بەژمارە1163 /الهیئة المسعة/ 2017 لە بەرواری 21/7/2017 دەرچووە کارکردنی تۆمەتبار کە خۆی پۆلیسە لەدوای دەوام لەسەر ئۆتۆمبێلی تاکسی کەموڵکداری بۆخۆی دەگەڕێتەوە تاوان نیەو دژی مادەی 33 لەیاسای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە 1٤ی ساڵی 2008 نیە. حاکم شێخ لەتیف باسی لەوەکرد، بڕیارەکە دەڵێت تەنها لەو حاڵەتە تاوانەو ڕێپێنەدراوە ئەگەر تۆمەتبار لای خاوەن کارێک بەکرێ یان مووچە کار بکات، بەڵام کارکردن بە ئۆتۆمبێلی خۆی دژی یاساکە نیەو نایگرێتەوە (هەمان یاسا لە کوردستان بەرکارە بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان). بڕیاربوو (٥ی شوبات) سەندیکای گواستنەوەی سلێمانی لەگەڵ بەڕیوبەرایەتی هاتوچۆو وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی بڕیارەکەوە کۆبێتەوە، بەڵام کۆبونەوەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا. جەلال ئەبوبەکر سەرۆکی سەندیکای گواستنەوەی سلێمانی بە‌هاوڵاتى ڕاگەیاند «ئێمە لە کۆبونەوەکە جەخت دەکەینەوە لەسەر مافی شۆفێران ئەوانەی فەرمانبەرن ئەوانەش فەرمانبەرنین، لەئەنجامدا هەردووکیان شۆفێرن.» وتیشی «شۆفێری تاکسی واهەیە موچەکەی باشە دەتوانێ بژێوی ماڵ و مناڵی پێ بەڕێوەببات کاری شۆفێری تاکسی نەکات، باشترە موچەخۆری تریش هەیە موچەکەی کەمەو ژیانی پێ ناڕوا هەشە هەر موچەخۆر نیە، بۆیە پێویستە ئەم سێ ئاستەی شۆفێران بەباشی جیابکرێنەوەو مافیان نەخورێ».
هاوڵاتی: شاناز حەسەن، ناسر تاهیر مامۆستا توانا لە دەوامەکەی تاقی بەیانی گەڕایەوەو سواری ئۆتۆمبێلە کەپسە پڕ رۆن و برنج و شەکرەکەی بوو، دەرچوو بۆ کۆڵانەکان، ئەوەندەی نەبرد ئەو پیاوو ژنانە لە دەوری کۆبوونەوە کە چەند کاتژمێرێک پێشتر منداڵەکانیان لای ئەو دەیانخوێند. توانا ته‌مه‌نی ٤٨ساڵە، که ١٤ساڵە مامۆستایه خاوەنی چوار منداڵە، ده‌ستى داوه‌ته فرۆشتنى وشکەو پێداویستیەکانی ماڵان لە خوارد ن و پاککەرەوەو برنج و رۆن و ئەو شتانەی لە مەتبەخی ماڵەکاندا بەکاردەهێنرێن. توانا وتی «کۆڵان به کۆڵان ده‌گه‌ڕێم، بۆ ئه‌وه‌ى دینارێکم ده‌ست بکه‌وێت، متمانەم بە حکومەت نەماوە مووچەکەمان چاک بکات». بڕیارەکەی توانا دوای ئەوەهات حکومەتی هەریمی کوردستان بڕیاریدا سیستمی پاشەکەوتی مووچە پەیڕەو بکات، ئەوەش زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە کە بەپێی سیستمەکە حکومەت رێژەیەک لە مووچەکانیان گلدەداتەوەو پێی وتوون هەرکات لەژێر قەیرانی دارایی دەرچوو، هەروەها پارەی هەبێ دەیانداتەوە. بەڵام ئەمە بۆتە بارێکی قورس بۆ سەر شانی مامۆستا توانا‌و فەرمانبەران و مامۆستایانی تر کە ناتوانن بەو پارەیەی وەریدەگرن بژێوی ژیانیان دابین بکەن. ئەگەرچی پەرلەمانی عێراق مانگی رابردوو موچەی پەسەند کرد‌و تێیدا پشکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دابینکردوە، بەڵام هێشتا مامۆستایانی هاوشێوەی توانا‌و فەرمانبەران دڵنیانین مووچەکانیان بەتەواوەتی وەردەگرن و گومانیان هەیە حکومەتە لەسەر سیستمی گلدانەوەی بەشێک لە پارەکانیان بەردەوام بێت. مامۆستا توانا وتی «هیچ دڵخۆش نیم به لابردنى پاشه‌که‌وتى موچه که باس ده‌کرێت، چونکه حکومه‌ت سیقه‌ى نه‌ماوه‌و مانگێکیش وه‌ریگرم بێ پاشه‌که‌وت، ئینجا سیقه ده‌که‌م بڕیارێکیان دابێت له‌به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵک». دووشەممەی رابردوو بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ئەو بودجەیەی پەسەند کرد کەتێیدا مووچەی فەرمانبەرانی تێدا جیگیرکراوە، بەوەش بوو بەیاساو حکومەت پابەند دەکات کاری پێ‌بکات، بەڵام هێشتا ئەمە نەبۆتە هۆی دڵخۆشیەکی جێگیر بۆ فەرمانبەران. ناسکه حەسەن فه‌رمانبه‌رێکە‌و له دواى سیستمی پاشه‌که‌وتى مـوچه‌وه، ناچار بووه ئیشێکى تر بکات و خێزانه شه‌ش که‌سیه‌که‌ى به‌خێوکات، بەڵام ئەمەش بۆ ئاسکە ئاسان نەبوو لە بازاڕێکدا کە کارکردن تێیدا بۆ ژنان قورسترە لەپیاوان. ناسکە باوکی لەدەستداوە، خۆیشی کچەی گەورەی ماڵەوەیانە، هەربۆیە دەبێت خەرجی دایک و چوار خوشکە بچوکەکەی و نەنکیشی لەئەستۆبگرێت. بەڵام ئەمە ئاسان نیە بۆ ئەو لەکاتێکدا بەشیک لە مووچەکەی پاشەکەوت کراوە. ناسکه وتی «ئەوەی زۆر بەلامەوە جێی داخە، حکومه‌ت موچه‌که‌ى خۆشیم پێنادات، کە ئەوە حەقێکی خۆمانە«. ناسکه له‌دواى ته‌واوبونى ده‌وامه حکومیه‌که‌ی، به‌هیلاکی له‌وێوه ده‌چیته ساڵۆنێک و ڕۆژانه له‌کاتژمێر یه‌که‌وه تا پێنجى ئێواره به‌بێ وه‌ستان به 10هه‌زار دیناری رۆژانە کارده‌کات. ئەو لەلایەک دوکانه‌که‌ی پاک دەکردەوەو له‌لایه‌کى تریشەوە قژى بۆ خانمه‌کان بۆیاخ دەکرد، هەروەها وەڵامی ئەو خانمانەشی دەدایەوە کە لەپشتییەوە بەڕیز وەستابوون و چاوەڕێبوون ئەوانیش قژیان بخەنە بەردەستی تاکو بۆیەی بکات. ناوبەناو وەستاکەشی بانگی دەکردو وەڵامی ئەویشی دەدایەوە، لەکاتی کارکردن‌دا هیلاکیه‌کى زۆر بەناو چاوه‌کانیەوە دیاربوو، ئاخێکی هەڵکێشاو وتی «ئه‌مه ژیان نیه، ده‌رده سه‌رییه«. ناسکە پێى وابوو به‌خێوکردنى خێزانێکى شه‌ش کەسی لەپاڵ سیستمی پاشەکەوتی مووچە «کارێکى قورسه»، بەتایبەتی بۆ کچێک کە هێشتا خەونی ئەوەی هەیە هاوسەرگیری بکات و بچێتە ماڵی خۆی. لەکاتێکدا ئەو دەبێت بەو پارە کەمەی کە وەریدەگرێت خوشکە بچووکەکانی گەورە بکات. لەگەڵ ئەو هەواڵانەش کە باس لەهەڵگرتنی سیستمە ماندوکەرەکەی سەرشانی فەرمانبەران دەکەن بەڵام هیچ کات بەم هەواڵانە ناسکە دڵخۆش ناکەن، بەو پێییەی پیشتریش ئەو جۆرە بەڵێنانە دراون وجێبەجێ نەکراون. ناسکە وتی «موچەکەی خۆم بەتەواوی پێبدەن، مەمنونم، هاوکاری حوکمەتم ناوێت». پاشەکەوتی مووچە کە تەواو تەنگی بە فەرمانبەران هەڵچنیوە دەیان جار مووچەخۆرانی هێنایە سەر شەقام لەساڵانی رابردوودا، بەرپرسانیش درکیان بەوە کردوە کە ئەمساڵ ئەگەر شتێک بە شتێک نەکەن رەنگە دۆخەکە بتەقێتەوە لەکاتێکدا دەنگی ناڕەزایەتی و بایکۆت کردنی قوتابخانەکان لەلایەن مامۆستایانەوە ئەگەرێکی دوور نیە. عه‌تا ئه‌حمه‌د جیگرى سه‌رۆکى یه‌کێتى مامۆستایان وتى «مامۆستا متمانه‌ى به‌هیچ بەڵێنێکی حکومەت نه‌ماوه، هیوادارم بەڵێنەکانیان به‌کردارى جێبه‌جێ بکەن، پێش ئه‌وه‌ى مامۆستا‌و فه‌رمانبه‌ران ناڕه‌زایى ده‌ربڕن». هەروەها وتی ئەگەر دوای بەڵێنەکانی ئەم دواییانە پاشه‌که‌وت هه‌ڵنه‌گیرێت «به‌دڵنیاییه‌وه» ناڕه‌زایى و بایکۆتى ناوه‌نده‌کانى خوێندن ده‌ستپێده‌کاته‌وه. وەک ساڵانی رابردوو کە بەهۆیە چەند مانگێک دەوامی قوتابخانەکان فەوتان. عه‌تا ئه‌حمه‌د پێیوایە ئەگەربێتو پارەی فەرمانبەرانیش لە بەغداوە بۆ ئەو فەرمانبەرانە بنێردرێت کە دەوامی فەرمی دەکەن ئەوا حکومەت بەشێکی دەدات بە بندیوارەکان. وتی «بەهۆی زۆری فەرمانبەری بن دیوار‌و خانه‌نشینی نایاسایی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار(یەکێتی و پارتی) حکومەت ناتوانێت ده‌ستبه‌ردارى پاشەکەوتی مووچە بێت». بندیوار بەو کەسانە دەوترێت کە وەک هەموو فەرمانبەرێک موچە وەردەگرن بەبێ ئەوەی دەوام بکەن. دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکوه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی «ئه‌گه‌ر ئێمه سه‌یرى یاساى ئێستاى بودجه‌ى عێراق بکه‌ین، بودجه‌ى ئەمساڵ باشترە له‌بودجه‌ى ساڵانى رابردوو». ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە چاوەڕوانی پارەیەکی زیاتر دەکەن لەبەغداوە بۆیان بێت. بەڵام عه‌تا ئه‌حمه‌د دڵنیا نیە، چونکە ساڵی رابردوش بەغدا بڕیاری دا مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی تەندروستی بنێرێت بەبێ پاشکەوت و حکومەتی هەرێمیش دەبوو خۆی مووچەی فەرمانبەرانی تر دابین بکات، بەڵام دواتر بڕی ٣١٧ ملیار دیناری مانگانە نیردراو دابەشکرا بەسەر سەرجەم فەرمانبەراندا بەپێی هەمان سیستمی پاشکەوت. عه‌تا ئه‌حمه‌د باسی لەوەکرد کە دوای بڕیارەکەی ساڵی رابردووش بەڵێندراوە مامۆستایان و تەندروستکاران موچه‌ى ته‌واویان بۆ دێت، وتی «به‌ڵام تا 24 کاتژمێر بڕیاره‌که گۆڕا». «هیچ سیقه‌مان به‌بڕیار نه‌ماوه« چونکه ئه‌زمونى ساڵى پارى گێڕایه‌وه، که حکومه‌تى عێراقى بڕیارى لێداو له‌ڕۆژى کۆتاییدا بڕیاره‌که گۆڕا». هادى فه‌ریق لێپرسراوى ڕاگه‌یاندنى سه‌ندیکاى کارمه‌ندانى ته‌ندروستى وتی. هەروەها وتی «تا ئه‌و بودجه‌یه سه‌رف نه‌کرێت و فه‌رمانبه‌ران وه‌رینه‌گرین قه‌ناعه‌تمان نیه‌و دڵمان پێى خۆش نیه«. بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩، به‌غدا مانگانه بڕی 647 ملیار دینار بۆ فەرمانبەران و هێزەکانی پیشمەرگەی هه‌رێم ده‌نێرێت. ئە‌حمه‌د حاجى ره‌شید بڕیاردەری لیژنەی دارایی بە هاوڵاتی وت «به‌غدا پاره‌یه‌کى زۆر بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت و ده‌توانێت به ئاسانى پاشه‌که‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران لاببات». ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه که هه‌رێمى کوردستان نه‌وت و داهاتى خۆى هه‌یه‌و ئه‌وه‌ش ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌کى داهاتى تر بۆ بوژاندنه‌وه‌ى ئابوورى هه‌رێمى کوردستان. حکومه‌تى هه‌رێم چه‌ند جارێک ئه‌وه‌ى راگه‌یاندووه که مانگانه زیاتر له 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه ده‌که‌ن و 130 ملیار دیناریشیان له‌داهاتى ناوخۆ ده‌ستده‌که‌وێت. مانگێک لەمەوبەر کاتێک مامۆستایان سەرگەرمی تاقیکردنەوەی وەرزەی یەکەمی خوێندن بوون هەواڵێک لەسەر زاری بەرپرسانەوە بڵاوبویەوە کە مووچەی سێ مانگ دەدرێت بە فەرمنابەران، ئەمەش لاکاتێکدا بوو هەندێک دەنگۆ هەبوو مامۆستایان بۆ وەرزی دوەمی خوێندن دەرگای قوتابخانە نەکەنەوە، بەڵام وەرزی دوەم دەستیپێکردوو مژدە راگەیەنراوەکە هیستا جێبەجێ نەکراوە. «موچه‌ش چاک بکرێت، به‌شى هیچ ناکات و بژێوییان پڕناکاته‌وە، چونکە ئەوەندە قەرزارین کە ناتوانین بە موچە بیدەینەوە»، چۆمان ئه‌بوبه‌کر مامۆستایەکی سلێمانیە وای وت. ئەو کە دوو مناڵی هەیە هەروکیان قوتابین لەگەڵ دەوامی قوتابخانە کاری تر دەکات وتی «واش فریاى مه‌سره‌ف ناکه‌وم، چونکه داواکارى منداڵ ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاد ده‌کات، ژیان قورس‌تر ده‌بێت». دوای پەسەندکردنی مووچە، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى عێراق له تویتێکدا ئاماژه‌ى به په‌سه‌ندکردنى به‌شه بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستانى عێراق دا و ئاماژه‌ى به‌وه کرد که په‌سه‌ندکردنى بودجه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى عێراقه‌وه «گرنگه« بۆ بوژاندنه‌وه‌ى ئابورى و ئاوه‌دانى عێراق و دابینکردنی پێویستى هاوڵاتیان. سه‌رۆک کۆمار وتی «جێگیرکردنى به‌شه بودجه‌ى هه‌رێم، به تایبه‌تیش موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه کۆتایى هێنانه به نه‌هامه‌تى پاشه‌که‌وتى موچه‌و به‌هیواى گێڕانه‌وه‌ى پاشه‌که‌وتکراوى ڕابردوشیان». «هیچ باوه‌ڕم به‌باشکردنی موچه نیه، که دەڵێن باش دەبێت ناتوانم بڕوا بکەم، چونکه دڵنیام چاکی ناکەن» هاوکار جەمیل-ى ته‌مه‌ن 41ساڵ نۆ ساڵه فه‌رمانبه‌ره وتی. هاوکار له یه‌کێک له فه‌رمانگه حکومیه‌کاندا دەوام دەکات ئه‌م پیاوه به ده‌م ڕێگه‌وه قسه‌ى بۆ هاوڵاتی کرد‌و باسی لەوەکرد کە چۆن به‌زستان و به هاوین ڕۆژانه چوار پاس ده‌کات تا ده‌گاته ده‌وامه‌که‌ى و ده‌گه‌ڕێته‌وه. هاوکار لە مۆڵێکی شاری سلێمانی له چوارى ئێواره‌وه تا 11ى شه‌و کاردەکات ده‌کات. سێ منداڵى هه‌یه، که هه‌ر یه‌که‌یان له ناوه‌ندێکى خوێندندا ده‌خوێنن و مانگانه 140 هه‌زار کرێى هاتوچۆکه‌یانه. هاوکار وتی «ژیانم به کوله‌مه‌رگى دڕوات، حکومه‌ت واش باکى به که‌س نیه و خوا ئه‌زانێت چى ترمان به‌سه‌ر دێنێت».
ھاوڵاتی ڕێککەوتنێک کە زیاتر لە دوو دەیە لەمەوبەر لەنێوان تورکیا و روسیا واژۆکراوە، مەترسی لەسەر چارەنوسی رۆژئاوای کوردستان دروستکردووە، پێش دەستپێکردنی دانوستانی چاوەڕوانکراوی نێوان کورد و دیمەشق بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەر. ڕێککەوتنەکە کە بە رێککەوتنی ئەدەنە ناسراوە، لە تەمموزی ١٩٩٨ لەنێوان ھەردوو حکومەتی تورکیا و سوریا واژۆکرا، بەمەبەستی دورکەوتنەوە لەشەڕ، دوای ئەوەی تورکیا ھێزێکی زۆری لەسەر سنوری سوریا کۆکردەوە و ھەڕەشەی لەشکرکێشی دەکرد. بەپێی ڕێککەوتنەکە، رێگە بە ئەنقەرە دەدرێت بە قوڵایی پێنج کیلۆمەتر بچێتە باکوری سوریا، کە زۆربەی ناوچە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە خۆدەگرێت بەوپێیەی ئەو ناوچانە دەکەونە سەر سنوری نێوان ھەردوو وڵات و ھاوسنورن لەگەڵ تورکیا. ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) بە ھاوڵاتی راگەیاند «ھیچ پێکھاتەیەکی گەلی سوریا کاراکردنەوەی ئەو رێککەوتنە قبوڵناکات، چونکە رێککەوتنەکە خراپە و رێگە بە تورکیا دەدات بچێتە خاکی سوریاوە». رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە و لەکۆبوونەوەی نێوان ھەردوو سەرۆکی روسیا و تورکیادا کاراکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنە تاوتوێکرا، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان تورکیا و سوریا. دوای کۆبوونەوەکە، ئەردۆغان جەختیکردەوە ھێشتا ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ دیمەشق لەکاردایە و جەخت لەسەر پابەندبوون بەو ڕێککەوتنە دەکەنەوە. بەپێی ڕێککەوتنەکە، پەکەکە بە رێکخراوێکی «تیرۆریستی» دادەنرێت، لەبەرامبەردا تورکیا داندەنێت بە شەرعیەتی حکومەتی سوریا. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا بە ئاژانسی فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند، ھەر کاراکردنەوەیەکی ئەو رێککەوتنەکە دەبێت لەڕێگەی رێکخستنەوەی کارەکان تایبەت بە سنور بێت لەنێوان ھەردوو وڵات و تورکیا چیتر پشتیوانی گروپە چەکدارەکان نەکات و ھێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە. سەرەڕای ئەو ھەڵوێستەی سوریا، روسیای ھاوپەیمانی سەرەکی بەشار ئەسەد داوای لەھەردوو حکومەتی ئەنقەرە و دیمەشق کردووە کاربکەن بۆ کاراکردنەوەی ئەو رێککەوتنە. سێرگی لافرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا ھەفتەی رابردوو ئاماژەی بەوەکردبوو، دەکرێت روسیا و تورکیا رێککەوتنی ئەدەنە بەکاربھێنن بۆ دابینکردنی ئارامی لەسەر سنورەکانی نێوانیان و گرنگە ھەردوولا لەو بارەیەوە گفتوگۆ بکەن. ساڵح موسلیم وتی «تائێستا دیار نییە ئەو ڕێککەوتنە کارادەکرێتەوە یاخود نا، بەڵام ئێمە رەتیدەکەینەوە». لەئەگەری کاراکردنەوەیدا مەترسی راستەقینە دەکەوێتە سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و سیستەمی خۆبەڕێوەبەری ئەو ناوچانە، کە لەدوای سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆی سوریاوە لەلایەن کوردانی رۆژئاواوە راگەیەنراوە. کاراکردنەوەی رێککەوتنەکە پاڵپشتی مۆسکۆ، بە ھەوڵێک لێکدەدرێتەوە بۆ شکستپێھێنان بە دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سوریا لەلایەن ئەمریکاوە، لەدوای کشانەوەی ھێزەکانی لەو وڵاتە. تا ئێستاش ئەمریکا ھیچ ھەڵوێستێکی لەو بارەیەوە نیشان نەداوە. پرسی کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەدەنە لەنێوان تورکیا و سوریا لەکاتێکدایە، کوردانی رۆژئاوای کوردستان چاوەڕوانی دەستپێکردنی دانوستانی فەرمین لەگەڵ دیمەشق بۆ رێککەوتن لەسەر چارەنوسی ناوچەکانیان کە نزیکەی لەسەدا ٣٠ خاکی سوریا پێکدەھێنێت. رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە، سیپان حەمۆ فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، پێشبینی کردبوو بەم نزیکانە دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی سوریا دەستپێبکات، دوای ئەوەی سوریا وەڵامی ئیجابی ھەبووە بۆ داواکانیان. کوردانی رۆژئاوای کوردستان نەخشە رێگایەکیان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن رادەستی سوریا کردووە، کە تێیدا جەختیان کردووەتەوە لەسەر پاراستنی مافەکانی کورد و پێکھاتەکانی دیکە، لەناویاندا مافی خوێندن بە زمانی دایک و پاراستنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری. ئامانجی کوردانی رۆژئاوای کوردستان لەئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ سوریا، خۆدورخستنەوەیە لە مەترسییەکانی تورکیا لەدوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانیان. ساڵح موسلیم وتی «ھێشتا دیار نییە دانوستانەکان کەی دەستپێدەکات، چونکە ئەوە پەیوەندی بە ئەنجومەنی سوریای دیموکراتەوە ھەیە نەک پەیەدە». ھەرچەندە دەسەڵاتدارانی سوریا جەخت لە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی خاکی وڵاتەکەیان دەکەنەوە کە لە ئێستادا سێ یەکی لەژێر دەستی شەڕڤانانی ھێزەکانی سوریای دیموکراتدایە، بەڵام بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان جەختدەکەنەوە کە بارودۆخی سوریا ناگەڕێتەوە پێش سەرھەڵدانی ئاڵۆزییەکانی ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١١ و دەیانەوێت لەگەری رێککەوتنیان لەگەڵ ئەسەد سیستەمی خۆبەڕێوەبەری بپارێزن.
ھاوڵاتی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق بۆچوونی جیاجیا و ناڕونیان ھەیە لەسەر وروژاندنی پرسی کردنە دەرەوەی ھێزە بیانییەکان لەخاکی عێراق، ئەگەرچی لەگەڵ مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکادان بۆ پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی وڵاتەکە. لەئێستادا پرسی چونە دەرەوەی ھێزە بیانییەکان لە عێراق بووەتەوە پرسێکی گەرم لەشەقامی عێراقیدا و بەشێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان جموجۆڵیان لەو بارەیەوە دەستپێکردووە. فراکسیۆنی سائیرون کە سەر بە رەوتی سەدری موقتەدا سەدرە و گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانییە، پڕۆژە یاسایەکی لەو بارەیەوە ئامادەکردووە کە تێیدا جەخت لە چونە دەرەوەی ھێزە بیانیەکان لەسەرووی ھەموویانەوە ھێزەکانی ئەمریکا دەکەنەوە. فراکسیۆنەکە لەپرۆژە یاساکەدا داوایکردووە کۆتایی بھێنرێت بە رێککەوتنی ئەمنی نێوان بەغدا و واشنتۆن کە ساڵی ٢٠٠٨ لەنێوانیان واژۆکرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە رەوایەتی دراوە بە مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق. لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ و روخانی رژێمی سەدام حوسەینەوە، ھێزەکانی ئەمریکا لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق بونیان ھەیە کە یەکێک لە کارەکانیان پشتیوانیکردنی ھێزە عێراقییەکانە، لەدوای ساڵی ٢٠١٤ و ھێرشەکانی داعش ھێزی زیاتری بیانی لەعێراق جێگیرکراون. پرۆژە یاساکە لەلایەن ھەندێک لە گروپەکانی حەشدی شەعبی و لایەنەکانی نزیک لە ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەڵام ھێشتا نەخراوەتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە بۆ تاوتوێکردنی. سەباح ساعیدی سەرۆکی ھاوپەیمانی سائیرون لەبەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پێشنیاری ئەوەیان کردووە کۆتایی بھێنرێت بە رێککەوتننامەی سۆفا و ھەڵوەشاندنەوەی بەندی سێیەمی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا، بۆ رێکخستنی پرۆسەی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەلایەک و رێکخستنی ھاریکاری سەربازی لەلایەکی دیکە. تا ئێستا دیار نییە ئەو پرۆژەیە سەردەگرێت یاخود نا، ھەرچەندە لە خولەکانی پێشووی پەرلەمانیشدا چەند پەرلەمانتارێکی شیعە بەردەوام داوای چونە دەرەوەی ھێزەکانی ئەمریکایان دەکرد، بەڵام داواکانیان پشتیوانی بەھێزی نەبوو تا جێگەی خۆی بگرێت. فراکسیۆنە کوردییەکان کە جگە لە پرۆژەی بودجە، لەسەر زۆربەی پرسەکانی دیکەدا بۆچونی جیاوازیان ھەبووە و لەم خولەی پەرلەماندا پەرتەوازەن، لەسەر پرسی کشانەوەی ھێزە بیانییەکان جۆرێک لە بێدەنگیان ھەڵبژاردووە و ھەڵویستی فەرمیان لەسەر دەرنەبریوە. مەیادە نەجار ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە ھاوڵاتی راگەیاند، تا ئێستا نەک فراکسیۆنە کوردییەکان کۆنەبووەنەتەوە بۆ ئەوەی ھەڵویستێکی یەکگرتوو لەو بارەیەوە دەرببڕن. وتیشی «پێمانوایە تا مەترسی بمێنێت، مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەخاکی عێراق پێویستە». مەیادە نەجار باسی لەوەشکرد، وروژاندنی ئەو پرسە لە ئێستادا زیاتر پەیوەندی بە ناتەبایی ماڵی شیعەکانەوە ھەیە و ھێشتا نەبووەتە پرسێکی زۆر بەربڵاو کە ھەڵوێستەی لەسەر بکرێت. ژمارەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە پێنج ھەزار سەرباز دەخەمڵێنرێت، کە لەچەند شوینێکی عێراق و ھەرێمی کوردستان جێگیربوون. وروژاندنی پرسی چونە دەرەوەی ھێزەکانی ئەمریکا ھاوکاتە لەگەڵ پرسی سەرھەڵدانەوەی جموجۆڵی داعش بەتایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان لەرێگەی ئەنجامدانی کاری توندوتیژی و رفاندنی خەڵک و ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکانەوە. بەپێی رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزی ئەمریکی، لەدوای راگەیاندی سەرکەوتن بەسەر رێکخراوی داعشدا لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقەوە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧، داعش ١٢٠٠ ھێرشی ئەنجامداوە. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ٢٧ی ئەم مانگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند «تا داعش لەم وڵاتە ھەبێ کە ئێستا ھەیە و جددیشە، ھێزەکانی ئەمەریکا بۆ یارمەتیدانی ھێزەکانی عێراقی پێویستە لەم وڵاتە بمێننەوە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی عێراق بۆ نەھێشتنی داعش، چونکە خوانەکردە ئەگەر جارێکی دیکە داعش بەو شیوەیەی جاران سەرھەڵبداتەوە، کێشەیەکی گەورە بۆ عێراق دروست دەبێ». وتیشی «نابێ لەبیرمان بچێت، داعش تا دەروازەی بەغدا ھات، ھەروەھا زۆر نزیک بووەوە لە ھەولێر، بۆیە یارمەتیی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بوو لەسەروویانەوە ئەمەریکا کە بووە ھۆی شکستی داعش. مەترسیی داعش کۆتایی نەھاتووە و پێمان وایە ھەتا نەمانی مەترسیی داعش، عێراق پێویستیی بەوە ھەیە کە ھێزەکانی ھاوپەیمانان لەم وڵاتە بمێننەوە». سەرەڕای بوونی سەربازانی ئەمریکی لە عیراق، بەڵام دەسەڵاتدارانی عیراق دەلێن کە ئەو وڵاتە لە ئێستادا بنکەی سەربازی تایبەت بەخۆی نییە و لەسەربازگە عێراقییەکان بونیان ھەیە. عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەم مانگەدا جەختیکردەوە کە ئەمریکا لە ئێستادا ھیچ بنکەیەکی سەربازی تایبەت بە سەربازەکانی نییە، بەڵکو سەربازانی ئەمریکا لەو سەربازگانە جێگیربون کە سەربازگەی عێراقین. حەسەن ئالی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە ھاوڵاتی راگەیاند، ھەرکاتێک مەترسی داعش کەمدەبێتەوە، بەشێک لە ھێزە عێراقییەکان دەستدەکەن بە «موزایەدە و دروشمی دەرکردنی ھێزە بیانییەکان» بەرزدەکەنەوە، کاتێکیش مەترسی سەرھەڵدەداتەوە پەیوەندی خۆیان لەگەڵ وڵاتان پەرەپێدەدەن و رێگەخۆشدەکەن بۆ ئەوەی ھێزەکانیان ببەنە عێراق. وتیشی «وڵاتانی بیانی بەرژەوەندییان لە عێراق ھەیە، بۆیە داوای کردنە دەرەوەیان دورە لە واقیعەوە، ھەرچەندە ھەموو کەسێک لەرووی مەبدەئییەوە پێی خۆشە ھەموو ھێزە بیانییەکان بچنە دەرەوە». جگە لە ھێزەکانی ئەمریکا، ھەریەکە لە تورکیا و ئێران ھێزیان لەسەر خاکی عێراق ھەیە، بەڵام داواکان لە ئێستادا زیاتر بۆ چونە دەرەوەی ھێزەکانی ئەمریکایە لەو وڵاتە کە ھێشتا بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنێت. غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان بۆ ھاوڵاتی باسی لەوەکرد، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان ھێزەکانی تورکیا لەعێراق بچنە دەرەوە، بەڵام ئەگەر باسی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بێت ئەوان لەگەڵیدا نین، چونکە سودیان بە عێراق و ھەرێمی کوردستان گەیاندووە و ئەگەر ئەوان نەبونایە داعش دەستی بەسەر زۆربەی ناوچەکاندا دەگرت. وتیشی «فراکسیۆنە کوردییەکان لەوپرسەدا یەکدەنگ نابن، چونکە بەشێکمان لەگەڵ ئەوەداین ھێزەکانی تورکیا بچنە دەرەوە، بەڵام فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ ئەوەدا نییە». بەبڕوای ئەو پەرلەمانتارە، پێناچێت ئەو ھەوڵەی ئێستا سەربگرێت، چونکە ئەمریکا بە ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق ھێزی جێگیرکردووە، بارودۆخەکەش وادەخوازێت بمێنێتەوە، چونکە داعش سەریھەڵداوەتەوە. جگە لە نەبوونی ھەڵوێستێکی یەکگرتووی فراکسیۆنە کوردییەکان لەو بارەیەوە، ھێشتا فراکسیۆنە شیعییەکانیش یەکدەنگ نین و ناکۆکییان ھەیە لەنێوانیاندا. تا ئێستاش ئەمریکا بەفەرمی ھیچ ھەڵوێستێکی لەبارەی ئەو پرسەوە رانەگەیاندووە. غالب محەمەد وتی «سائیرون دەڵێت با راوێژکارەکان بمێننەوە، فەتح دەڵێت باھەموویان لەعێراق بچنە دەرەوە، ئەم ناکۆکییەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ھەوڵەکە سەرنەگرێت».
هاوڵاتى، كاوە ڕەش- بەریتانیا بەدواداچونی نهێنی ڕۆژنامەوانی میدیاکانی بەریتانیا دوای ئەوەی باوكێكی ئێرانی سكاڵا‌و زەحمەتییەكانی نێو كامپی كاڵاس بەڕۆژنامەی (زەسەن)ی بەریتانی دەگەیەنێت، ڕۆژنامەكە تیمێكی خۆی بەنهێنی دەنێرێتە نێو پەنابەرو قاچاغچیەكان، كە وەها خۆیان نیشان دەدەن كە ئەوانیش پەنابەرن و نیازی پەڕینەوەیان لەفەڕەنساوە بۆ بەریتانیا هەیە. تیمەكە دەڵێن ئەوانەی كاری قاچاغچییەتی بە مرۆڤەوە دەكەن، تەنها ئامانجیان دەستكەوتنی زۆرترین داهاتەو هیچ دەربەستی سەلامەتی گیانی پەنابەرەكان نین. بەپێی گێڕانەوەكانی زەسەنی بەریتانی، زۆربەی قاچاغچیەكانی كاڵاس و دانكیغ پێكدێن لە مافیاكانی كورد‌و ئەفغانی. ئەوان دەڵێن بەشێك لەقاچاغچیەكان چەقۆو چەك و تەقەمەنیان هەڵگرتوە زۆرجار ڕووبەڕوی یەكتر بونەوە لەناو خۆیاندا. نرخی پەڕینەوە بە بەلەمی چوب ڕۆژنامەوانەكان كەوەك پەنابەر چوبونەتە كامپی كاڵاس دەڵێن «ئێمە كەوەك نەفەری پەنابەر مامەڵەمان دەكرد، قاچاغچیەكان ئێمەیان ناردە لای دوو قاچاغچی ئەفغانی، بەناوی مەزهەری و وەتەن، دواتر بردیانین بۆ چادرێكی بچوك لەناو جەنگەڵستانەكە كە كوڕێكی دیكەی لێ بو، بەناوی ئەنام، ئەو وتی; خەمتان نەبی بەبەلەم دەتان گەیەنمە ئەوبەر». ئەنام كە تەمەنی ٢٨ ساڵ بو دەیگوت «لەگەڵ قاچاغچی دیكە پێكەوە ئیش دەكەین كەئەوان لەناو بەریتانیان و هەرگیز ناوی ڕاستەقینەی خۆیان ئاشكرا ناكەن». ئەنام بە نەفەرەكان دەڵێ بۆ پەڕینەوە بە بەلەمی خێرا ٦هەزار پاوەند دەبێ بدەی لێرە كاش وەرناگرین، دەبێت كەسێكت لە لەندەن پارەكە بداتە خاوەنی ڕێستۆرانتێك، كەئێمە ناونیشانەكەت دەدەینێ بۆئەوەی كەگەیشتی پارەكە وەربگرین. بەقسەی قاچاغچیەكە ٦٠ میل (زیاتر لە ٩٥ کیلۆمەتر) لەولای بەندەری كاڵاسەوە بەلەمی چوب كە ماتۆڕێكی لێ بەستراوە دەداتە دەست پەنابەرەكان و پێیان دەڵێ ڕاست بڕۆن، وەك خۆی دەڵێ «ئێمە سی لیتر بەنزین كەزیادیشە دەیاندەینێی و كاری ئێمە تەنها هێنانی بەلەمەكەیە بۆ ناو ئاوەكە، پاڵیان پێوە دەنێن و ڕێگاكەیان نیشاند دەدەین، پێان دەڵێین كەچۆن ڕێك بۆ نزیك شارۆچكەی (فۆلكستۆن) نەك بۆ دۆڤەر) چونكە ئەوێ پۆلیسی لێ نیە» بە وتەی قاچەغچیەكە، هەرزانترین نرخیش بۆ هەر نەفەرێك ٢٥٠٠پاوەند وەردەگرن، كەئەویش ترسناكترین ڕێگایە، پەڕینەوەیە بەخۆشاردنەوە لەناو لۆری. ئەنام ئاماژە بەشێوازێكی دیكەی گەیاندنی پەنابەری نایاسایی دەكات، كە ئەویش لەڕێگای لۆرییە بارهەڵگرەكانی خۆرهەڵاتی ئەورپاوەیە بۆ ناو بەریتانیا. ئەو دەڵێ ٣هەزار پاوەند بۆ هەر نەفەرێك دەدەم بە شوفێرە پۆڵۆنی و ڕۆمانییەكان كاتێك نەفەرێك لەناو لۆرییەكەیان دەشارنەوە بۆ بەریتانیا، منیش لەهەر نەفەرێك ٦بۆ ٧هەزار پاوەند وەردەگرم. خەڵكی پۆڵۆنیاو ڕۆمانیا بەدوو مانگ ٨٠٠ پاوەند پەیدا دەكەن، كاتێك بۆ یەك نەفەر ٣هەزار پاوەندیان دەدەمێ، لەخۆشیان هەڵدەپەڕن و سەما دەكەن، بەقسەی قاچاغچیەكە كە وادەڵێ. دەزگای تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا دەڵێ «سوپاسی ڕۆژنامەی زەسەن دەكەین بۆ ئەو بەدواداچونەیان، لەسەر ئەو تاوانەی كەبەشێوەیەكی نایاسایی و ترسناك، لەسەر هێنانی پەنابەری نایاسایی دەكرێت لەلایەن قاچاغچی و مافیاكانەوە.» هەرەها قسەكەری دەزگای تاوانی نیشتیمانی دەڵێ «ئێمە بەشێوەیەكی وررد بەدواداچون بۆ ئەو تاوانەو زانیارییەكان دەكەین، لەپێناو وەستانی كارە تاوانكاری و مافیاكانی قاچاغچیەكان». بۆچی ئێرانییەكان بەلێشاو دەیانەوێ بگەنە بەریتانیا لەماوەی سێ هەفتەدا، زیاد لەسەد پەنابەر بەڕێگای ترسناك و بەلەمی چوپەوە خۆیان گەیاندۆتە بەریتانیا، كەزۆربەیان خۆیان! بەئێرانی ناساندوە، جگە لەبەشێكی تر كە گوتویانە عێراقین. لەو كاتەوەی وڵاتانی باڵكانی وەك ئەلبانیاو سربیا، كە ساڵی ڕابردوو لەمانگی ئۆگێست بەبێ فیزا دەرگایان بۆ هاووڵاتیانی ئێرانی واڵا كردوە. باوەڕ وایە نزیكەی ٤٠ هەزار هاوڵاتی ئێرانی ڕوویان لەوڵاتانی باڵكان كردوە، لەوێشەوە بۆ سنورەكانی ئەوروپا دێن و دەیانەوێ بپەڕنەوە بۆ بەریتانیا. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵە ناوخۆییەكانی ئێران، گەشتی فڕۆكەی نێوان تاران و بێڵگراد، لەئێرانەوە بەپڕی و تەواوی سەرنشینەوە دەڕوات بەڵام لەوسەرەوە بە بەتاڵی دەگەڕێتەوە.
هاوڵاتى، شەعبان ڕەئوف دیلان جه‌لیل، ته‌مه‌ن 25 ساڵ دانیشتوى گوندى (ره‌مه‌زان)ى سه‌ر به‌خانه‌قین، شەوان چەکە پڕ لە فیشەکەکەی لەباوەش دەگرێت و تا بەیانی ناخەوێت. دیلان ئەگەرچی دوژمندار نیە بەڵام ماوەیەکە لە چەکەکەی دورناکەوێتەوە بۆ ئەوەی ئامادەبیت بۆ ئەو مەترسیەی ماوەی چەند مانگێکە رووی لە گوندەکەیان کردوە. دیلان دانیشتووی گوندێکی قەزای خانەقینە لە پارێزگای دیالە لەگەڵ هاوگوندیەکانی تری‌دا ماوەیەکە خەو لەچاویان تۆراوە نەوەک شەوێک چەکدارانی داعش بدەن بەسەریانداو خۆیان ببن بە یەکێک لەو چیرۆکە خوێناویانەی کە پێشتر دەیانبینی بەسەر خەڵکانێکی تردا دەهاتن کاتێک کەسێک نەبوو بیانپارێزێت لەو هێرشانەی داعش. ترسی دیلان و گوندنشینەکانی تر زیاتر بووە بەتایبەتی دوای ئەوەی سەرەتای ئەم هەفتەیە داعش دزەی کردە ناو گەڕەکێکی خانەقینەوەو چەند پۆلیس و ئاسایشێکیان بریندار کرد‌و هەڵهاتن. دیلان وتى «ئه‌و شه‌وه‌ى که داعش په‌لامارى خانه‌قینى دا تاوه‌کو ئه‌م کاته خۆمان پاسه‌وانى خۆمان ده‌که‌ین و خۆمان ده‌پارێزین». بەڵام ئەو ترسە بۆ دیلان دوو هێنده‌ى ترسى هاوڵاتیانى ناوچه‌که‌یه، بەهۆی ئەوەی دانیشتوانى گونده‌که‌ى ئه‌وان لە پەیڕەوانی ئاینی کاکه‌یین، ئەوەش بەسە بۆ ئەوەی داعش خوێنیان حەڵال بکات، هاوشێوەی ئێزیدیەکانی شەنگال. له‌ماوه‌ى چه‌ند مانگى رابردوودا، هێزه چه‌کداره‌کانى داعش، جموجۆڵه‌کانیان له‌سنورى خانه‌قین ده‌ستپێکردوه‌ته‌وه‌و ناوه ناوه هه‌ڵده‌کوتنه سه‌ر گه‌ڕه‌که‌کانى خانه‌قین و ناوچه‌کانى ده‌وروبه‌رى، به‌رپرسانى ئه‌منى ناوچه‌که‌ش ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌که‌ن، بۆشایی ئه‌منى هۆکارى ئه‌و هێرشانه‌ى چه‌کدارانى داعشه. به‌پێى وته‌ى به‌رپرسانى ناوچه‌که، به‌هۆى ئه‌و هێرشانه‌ى چه‌کدارانى داعش له‌و ماوه‌یه‌دا هێرشه‌کانی ئه‌نجامداوه، نزیکه‌ى 31 گوندى خانه‌قین چۆڵکراوه‌و هه‌روه‌ها سەدان خێزانى کورد، خانه‌قینیان چوڵکردوه‌و 68 پۆلیسى عێراقیش کوژراون. نوێترین هێرشى چه‌کدارانى داعش بۆ سه‌ر خانه‌قین و ده‌وروبه‌رى، له‌شه‌وى 26ى ئه‌م مانگه بوو بۆ سه‌ر گه‌ڕه‌کى به‌ختیارى له خانه‌قین، که به‌هۆیه‌وه ترس و دڵه‌ڕاوکێیه‌کى زۆرى له‌لاى دانیشتوانى خانه‌قین دروستکرد. ئومێد ره‌شید، ته‌مه‌ن 24ساڵ، دانیشتوى قه‌زاى خانه‌قین، باسى چیرۆکى ئه‌و شه‌وه‌ى بۆ هاوڵاتى گێڕایه‌وه کاتێک له‌ده‌وروبه‌رى کاتژمیر 10ی شه‌ودا له ماڵه‌وە بووەو لەپڕ گوێی لێبووە کە چۆن دەنگی فیشەک تێکەڵ بەهاواری خەڵک بووە لەگەڕەکێکی شارەکە. هێرشى چه‌کدارانى داعش بۆ سه‌ر خانه‌قین وا له‌خێزانه‌که‌ى ئومێد ده‌کات که خانه‌قین چۆڵبکه‌ن و باربکه‌ن بۆ که‌لار، وتى «چیتر خانه‌قین شوێنیک نییه بۆ ژیان، هیچ گرەنتیەک نیه که گیانمان پارێزراو بێت». ئومێد خەڵکی ناحیەی جەلەولایە بەڵام کاتێک لە ٢٠١٤ ئەو شارە کەوتە دەست داعش، خێزانەکەی بڕیاری دا نەگەڕێنەوە بۆ جەلەولا لەخانەقین بمێننەوە کە ئەوکات ئارامتر بوو، بەڵام ئەوە بۆ دووەم جارە کە لەترسی داعش ماڵ دەپێچێتەوە. به‌رپرسانى ناوچه‌که ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌که‌ن، بۆشایی ئه‌منى ناوچه‌که بووه‌ته هۆى ئه‌وه‌ى چه‌کدارانى داعش هێرش ئه‌نجامبده‌ن و گرفت له‌ناوچه‌که‌دا دروستبکه‌ن. دەشڵێن به‌هۆى ئه‌و هێرشانه‌وه ژماره‌یه‌کى زۆر له‌خێزانى کورد له‌ناوچه‌که، خانه‌قینیان چۆڵکردووه. مه‌حمود سه‌نگاوى، به‌رپرسى میحوه‌رى پێشمه‌رگه‌یه له‌گه‌رمه‌سێر رایگه‌یاند «به‌هۆى هێرشه‌کانى ئه‌و ماوه‌یه‌ى چه‌کدارانى داعشه‌وه، 31 گوندى خانه‌قین چوڵکراوه هه‌روه‌ها 200 هه‌زار خیزانى کورد خانه‌قینیان چوڵکردوه« وتیشى «ده‌کرێ ساڵى 2018 به‌ساڵێکى پڕ له جوڵه‌ى داعش و خوێناوی‌ترین ساڵ بۆ خانه‌قین و گونده‌کانى ده‌وروبه‌رى ئه‌ژمار بکرێت، چونکه له‌و ساڵه‌دا داعش و گروپه توندڕه‌وه‌کان 46 هێرشیان کردوه‌ته سه‌ر هێزه عیراقیه‌کان به‌و هۆیه‌شه‌وه 68 سه‌ربازو پۆلیس کوژراو‌و برینداربون» به‌پى ئامارى پولیسى خانه‌قین له‌مانگى 11و12ى ساڵى رابردوو له‌گه‌ڵ چوار هەفتەی سەرەتای ئەمساڵدا ١٧ که‌س له‌هێزه عێراقیه کان به ده‌ستى چه‌کدارانى داعش کوژراون، 23ى تریش بریندارکراون. له‌به‌رامبه‌ریشدا یه‌ک چه‌کدارى داعش کوژراوه‌و ته‌رمه‌که‌ى کەوتۆتە دەست هێزه عێراقیه‌کان . جه‌بار یاوه‌ر ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پیشمه‌رگه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم وتی «هۆکارى هێرشکردنى داعش بۆ سه‌ر ناوچه کانى خانه‌قین و دیاله، سه‌ڵاحه‌دین، مه‌خمور نه‌بونى پیشمه‌رگه‌یه له‌و شوێنانه«. وتیشی «نه‌بونى هه‌ماهه‌نگییه له نێوان سوپاى عیراق و پیشمه‌رگه‌دا ئه‌مه‌ش واى کردوه بۆشایى ئه‌منى دروست ببێت و داعش دزه بکات و هێرش بکاته‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه«. له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا له‌هه‌ڵمه‌تێکى هێزه‌کانى پۆلیسى خانه‌قیندا، چه‌کدارێک کوژراو یه‌کێکى دیکه‌ش ده‌ستگیرکراوه، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى خانه‌قینیش رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆى ئه‌و بۆشاییه ئه‌منییه‌ى درووست بووه له‌ناوچه‌که‌دا، داواى هێزى سه‌ربازییان کردووه. دیار شه‌وکه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى خانه‌قین وتى «کێشه‌ى ئه‌منى له قه‌زاکه‌دا هه‌یه‌و ناڵێین نییه، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندى به‌و بۆشاییه ئه‌منیه‌وه هه‌یه و داوامان کردووه فه‌وجێکى سه‌ربازى بنێردرێت». ناوبراو ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه که هه‌واڵگرى عێراق به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ پۆلیسدا داعشێکیان کوشتووه‌و سیانى دیکه‌ش ده‌ستگیرکراون. عه‌مید یه‌حیا ره‌سوڵ، وته‌بێژى هێزه ئه‌منییه‌کانى دیاله رایگه‌یاندوه «له‌هه‌ڵمه‌تێکى هێزه‌کانى پۆلیسى خانه‌قیندا، تیرۆرستێک له‌ناو یه‌کێک له‌باخه‌کانى شاره‌که که چه‌کێکى کڵاشینکۆفى پێبووه، کوژراوه«. رونیشکردوه‌ته‌وه «هه‌ر له‌و هه‌ڵمه‌تى گه‌ڕان و پشکنینانه‌دا تیرۆریستێک به‌ناوى ئه‌بو عه‌بدوڵا که ناسنامه‌یه‌کى ساخته‌و چه‌ند کارتێکى تر‌ى زانیارى پێبووه، دستگیرکراوه«. ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردوه دوو چه‌کداری تر له‌ناوچه‌کانى عباره‌و قه‌ره‌ته‌په ده‌ستگیرکراون له‌سنووری خانه‌قین.ئەوەش ئەو ناوچانەن کە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ پێشمەرگە تێیاندا کشایەوە. «ئه‌م بۆشاییه ئه‌منییه یه‌ک چاره‌سه‌رى هه‌یه ئه‌وه‌ش ئەوەیە هێزەکانی پێشمه‌رگه‌و سوپاى عێراق پێکەوە کاربکەن». شێرکۆ میروه‌یس، ئه‌ندامى فراکسۆنى یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى عێراق وتی. هەروەها وتی «ئەوان وه‌ک دوو هێزى نیزامى ده‌توانن ئارامى بگه‌ڕێننه‌وه بۆ ناوچه‌که بۆ ئه‌وه‌ى گروپى تیرۆریستى داعش و ئه‌و خه‌ڵکانه‌ش ده‌ستگیر بکرێن کە له‌سێبه‌رى هێزه‌کانى عێراقدا به‌رۆژ له‌ناو باره‌گا فه‌رمییه‌کان ده‌وام ده‌که‌ن و به‌شه‌ویش جلى جیاواز له‌به‌رده‌که‌ن و هه‌ڕەشه‌ن بۆ سه‌ر دانیشتوانه‌که‌ى «. بەپێی قسەی بەرپرسان ئەو بۆشاییە ئەمنیە وای کردوە ژیانی هەزاران گوندنیشنی هاوشێوەی دیلان بکەونە مەترسیەوە کە بەردەوام لەدڵەڕاوکێدان. دیلان وتی «له‌شه‌ودا که‌سمان ناخه‌وین، ئێمه زیاتر له‌هه‌ر شوێنێکى تر‌ى خانه‌قین ترسمان له‌سه‌ره له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌م گونده‌ى ئێمه دانیشتوانه‌که‌ى هه‌مووى (کاکه‌ییه) و ترسى ئه‌وه‌مان هه‌یه به‌ده‌ردى ئێزیدییه‌کانى شه‌نگال بڕۆین، ناشتوانین ماڵ و حاڵمان به‌جێبهێڵین». ئەم راپۆرتە لەلایەن سامان مەجید، راهێنەرو بەڕێوەبەری نووسینی رۆژنامەی هاوڵاتى تەحریر کراوە.
هاوڵاتى چەند پرسێکی ئابورى هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەغداى لەیەکتر نزیککردووەتەوە، کە لەنێویاندا یەکخستنى پێناسەى گومرگى و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان هەیە، لەکاتێکدا هێشتا کێشە سیاسییەکانى نێوانیان کە دیارترینیان کێشەى ناوچە جێناکۆکەکانە بە هەڵواسراوى ماوەتەوە. هەرێمی کوردستان لەدوای پێکهێنانی عێراقی نوێی دوای روخانی سەدام حسێن لە ٢٠٠٣ چەندین کێشەی لەگەڵ بەغدا بۆ دروستبووەو بەهەڵواسراوی ماوەتەوە، دیاترینیان پرسی نەوت و بودجەو پیشمەرگەو ناوچە جێناکۆکەکان بوون، بەڵام لەپرسە ئابووریەکان بەرەو بزیکبوونەوە دەچن. رۆژى ١٥ى ئەم مانگە، دواى چەندین ساڵ لەناکۆکى، دواجار هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان لەسەر یەکخستنى پێناسەى گومرگى لەخاڵە سنورییەکان رێککەوتن بەجۆرێک کەبەرژەوەندى هەردولاى تێدا رەچاوکراوەو تێکەڵەیەکە لەو یاسا‌و رێنماییانەى پێشتر هەردوو حکومەتەکە بەجیا جێبەجێیان دەکرد. رێککەوتنەکە لەچەندین خاڵ پێکهاتووە، کەدیارترینیان یەکخستنى پێناسەى گومرگییە لەخاڵە سنورییەکان و وەرگرتنى یەک بڕە پارە لەکاڵاى هاوردەکراو لەهەرێم و بەغدا، بۆ ئەوەى ئەو جیاوازییەى پێشوو نەمێنێت کە لەنێونیاندا بوو. لەساڵانى رابردوودا عێراق یاسایەکى نوێی دەرکرد، بۆ رێکخستنى کاروبارى بازرگانى و گومرگى، بەڵام هەرێمى کوردستان پێوەى پابەندنەبوو، کارى بە رێنماییەکانى وەزارەتى دارایی هەرێم دەکرد، ئەوەش هەمیشە جێگەى ناکۆکى نێوان هەردوو حکومەتەکە بوو. ساماڵ عەبدولڕەحمان بەرێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێمى کوردستان بە هاوڵاتى راگەیاند، ئەو پێناسە گومرگییەى کە رێککەوتنى لەسەر کراوە، نە ئەوەى هەرێمە نە ئەوەى بەغدا، بەڵکو پێناسێکى تێکەڵە و ئەوەى هەرێم کراوەتە بنەما. ماوەى مانگێک دانراوە بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنەکە، ساماڵ عەبدولرەحمان وتی «لەئێستاشدا لیژنەکان لەکاردان بۆ ئەوەى وردەکاریی رێککەوتنەکان لەسەر ئاستە جیاجیاکان جێبەجێ بکەن». لەڕێککەوتنەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، رێژه‌ی پێناسی گومرگی یه‌کخراو به‌پێی ئەو لیستانە دەبێت کە رێککەوتنی لەسەر کراوە بەپێی نووسراوی وه‌زاره‌تی دارایی ژماره 29931 له به‌رواری 21/11/2018 و لە ماوەیەک کە لە شەش مانگ زیاتر نەبێت پێداچوونەوەی پێدادەکرێت، لە بەرواری دەرکردنی ئەو بڕیارەوە. هەرێمى کوردستان و عێراق خاوەنى چەندین دەروازەى نێودەوڵەتین کە رۆژانە جموجۆڵى بازرگانى فراوان بەخۆیانەوە دەبینن، دەروازە پڕ جموجۆڵەکانى نێوان عێراق لەگەڵ تورکیا‌و ئێرانى دراوسێی دەکەونە هەرێمى کوردستانەوە کە لەژێر کۆنتڕۆڵى حکومەتى هەرێمى کوردستاندایەو سەرچاوەیەکى دەستکەوتنى داهاتە لەلایەن هەرێمەوە. بەپێی رێککەوتنەکەى نێوان هەرێم و بەغدا، دامەزراوەى تایبەت بە بەرێوەبردنى دەروازە سنورییەکان لە رووى کارگێڕییەوە دەخرێنە سەر بەغدا، کە داوایەکى بەردەوامى حکومەتى ناوەندى بووە لەهەرێم بۆ ئەوەى دەسەڵاتى خۆى بەسەر سەرجەم دەروازەکاندا بسەپینێت. ساماڵ عەبدورەحمان وتى «ئەو دامەزراوە و فەرمانبەرەکانى لەرووى گارگێڕییەوە دەبەسترێنەوە بەبەغداوە، بەڵام کاروبارى گومرگى و خاڵە سنورییەکان هەر پەیوەستدەبن بە وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم و بەپێی رێنماییەکانى ئەو وەزارەتە کاردەکەن». لەگەڵ رێککەوتن لەبارەى یەکخستنى پێناسەى گومرگى، هەرێم و بەغدا لەسەر هەڵگرتنى ئەو خاڵە سنورییانەش رێککەوتوون کە بەغدا لەدواى پرۆسەى ریفراندۆمەوە لەناوچەکانى کەرکوک و موسڵ لەنێوان پارێزگاکانى هەرێم و عێراقدا داینابوون. ئەو خاڵانە پێکهاتوون لە (فایدە، شێراوە لەباکورى کەرکوک، لەیلان لەرۆژهەڵاتى کەرکوک) کە لەژێر دەسەڵاتى حکومەتى عێراقدان. ئەو خاڵانە بەهۆکارێکى کەمکردنەوەى جوڵەى بازرگانى و پەکخستنى کارە بازرگانییەکان دادەنران، بەوپێیەى بازرگانان دووجار دەبوو گومرگ بدەن، هەرێمى کوردستانیش بەردەوام داواى لابردنى ئەو خاڵانەى دەرکردو بە نایاسایی و نادەستورى ناوى دەبرد. بەرێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێم جەختیکردەوە، بەپێی رێککەوتنە دەبێت حکومەتى عێراق ئەو خاڵە گومرگیانە لاببات، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقیش بڕیارەکەى دەرکردووە، ئەوەش کاریگەرى باشى دەبێت لەسەر بوژاندنەوەى جموجۆڵى بازرگانى. وتیشى «ئەگەر حکومەتى عێراق ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکات، کاریگەرى لەسەر میسداقیەتى دروستدەکات، چونکە لەبڕیارەکاندا بە روونى هاتووە کەدەبێت خاڵەکان لاببرێن». بەهۆى دانانى ئەو خاڵانەوە، بەشێک لەبازرگانان بۆ دەربازبوون لەپێدانى دووجار گومرگ، ناچاربوون روبکەنە ناوچەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق بۆ هارودەکردنى کاڵا، ئەوەش جوڵەى بازرگانى هەرێمى کەمکردبووەوە. رێککەوتنەکە ٣٠ رۆژى دیاریکردووە بۆ ئەوەى وەزارەتى بازرگانى هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغدا لەسەر کاروبارە بازرگانییەکان بگەنە رێککەوتن، بەجۆرێک کۆنتڕۆڵى شمەک و پشکنینەکانى کەلوپەلى هاوردە، یاسا بەرکارەکانى وەبەرهێنانى عێراق لەسەرجەم خاڵە سنورییەکان وەک یەک جێبەجێ بکرێن. نەوزاد ئەدهەم بەرێوەبەرى گشتى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى هەرێم بە هاوڵاتى وت «رێککەوتنەکە لەسەر پێناسەى گومرگى و لابردنى خاڵە گومرگییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا کراوە و ماوەتەوە جێبەجێ بکرێت، لەکاتى جێبەجێکردنیشیدا کاریگەرى لەسەر جوڵەى بازرگانى دروستدەکات». وتیشى «تا ئیستا بەدیاریکراوى ناتوانین رادەى کاریگەرییەکە بزانین، چونکە دەبێت بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە کە تائێستا دیار نییە جێبەجێ دەکرێت یان نا». لە رێککەوتنەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، سەرەڕاى هەڵگرتنى خاڵە گومرگییەکانى نێوان پارێزگاکانى هەرێم و بەغدا، وەزارەتی دارایی عێراق ده‌سته‌ی گشتیی گومرگه‌کان کاری چاودێری خۆی دەکات بەهەماهەنگى لەگەڵ لایه‌نه ئه‌منییه په‌یوه‌ندیداره‌کان و هەندێ جار دەورییەی کاتی له رێگە سه‌ره‌کییه‌کاندا دادەنرێت بۆ به‌دواداچوون و چاودێریکردنی مامه‌ڵه گومرگییه‌کانی کاڵا هاوردەکراوەکان، هەروەها دانانی خاڵ بۆ پەیوەندی ئەلیکترۆنی لەگەڵ ناوەندە گومرگییەکان لەبەرچاودەگیرێت، تائه‌و کاته‌ی پرۆژه‌ی نوێکردنه‌وه‌ی پێناسه گومرگییه‌کانی بەکۆتا دێن. ئەوەش خراوەتەڕوو، لیژنه‌ی کاروباری ئابووری، دەرکردنی رێکاری پێویست بۆ یەکخستنی رێکارەکانی بازرگانیکردن به‌زێڕ و کانزا گرانبه‌هاکان له‌عێراق دەردەکات، بەهەماهەنگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی بازرگانیی عێراق و ده‌سته‌ی گشتیی گومرگه‌کان و ده‌سته‌ی گشتیی باجه‌کانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی دارایی و ده‌زگای ناوه‌ندیی کۆنترۆڵی جۆری سه‌ر به وه‌زاره‌تی پلاندانان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانی هه‌رێمی کوردستان. هەروەها جەختکراوەتەوە، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لەسەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکات بەپێی یاسای کارپێکراوی وەزارەتی گواستنەوە لەرێگەی ئاسانکاریکردن بۆ کاری ئەو بەشانەی پەیوەندیدارن (کۆمپانیای گشتی گواستنه‌وه‌ی وشکانیی، کۆمپانیای گشتی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی گه‌شتیاران و شانده‌کان و کۆمپانیای گشتی گواستنه‌وه‌ی تایبه‌ت)، دوای هەماهەنگى و لێکۆڵینه‌وه له نێوان نوێنه‌رانی حکومه‌تی عێراق و هه‌رێمی کوردستان و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌کان بۆ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ماوه‌ی مانگێکدا، له‌دوای ده‌رکردنی بڕیاره‌که‌وە. ئەمە یەکەم رێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغدایە لەسەر پرسە ئابورییەکان، لەدواى خراپبوونى پەیوەندییەکانیانەوە بەهۆى ریفراندۆمى هەرێمى کوردستانەوە بۆ سەربەخۆیى و جیابونەوە لەعێراق، کە بەهۆیەوە بەغدا گەمارۆى خستە سەر هەرێمى کوردستان و تەواوى پەیوەندییەکانیان پچڕان. پێدەچێت ئەمە سەرەتاى رێککەوتنێکى گشتگیر بێت لەنێوان هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغدا، بەتایبەت کە دواى باشبوونى پەیوەندییەکانیان دێت لەچەندین بواردا بەتایبەتى لەپرسە ئابورییەکاندا و هەرێمى کوردستانیش هیواى هەیە کێشەکانى لەگەڵ حکومەتى نوێی عێراق بەسەرۆکایەتى عادل عەبدولمەهدى چارەسەر بکات. لەدواى دەستبەکاربوونییەوە وەک سەرۆک وەزیران، عادل عەبدولمەهدى کە بەدۆستى کورد دادەنرێت، خواستى خۆى بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان نیشانداوە، بەڵام تائێستا بەشێکى کێشەکان بەتایبەتى کێشە سیاسییەکان بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.
ئارا ئیبراهیم وته‌بێژى پۆلیسى سلێمانى ئاشکراى ده‌کات فه‌رمانى ده‌ستگیرکردن بۆ سێ که‌س ده‌رکراوه به‌هۆى لێدانى پزیشکه‌که‌ى سلێمانیه‌وه که دوێنێ شه‌و له شه‌قامى سالم روویدا. سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د، وته‌بێژى پۆلیسى سلێمانى له‌لێدوانێکدا به سایتى هاوڵاتى وت" له‌سه‌ر روداوه‌که‌ى شه‌وى رابردوو که له پزیشکێک دراوه له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌وه سێ که‌س فه‌رمانى ده‌ستگیرکردنیان بۆ ده‌رچووه". هه‌روه‌ها وتیشى" ئه‌و که‌سانه هه‌ر ره‌نگ و که‌سێکبن ده‌ستگیر ده‌کرێن و دادگا ئیجرائاتى خۆى ده‌کات". دوێنێ شه‌ممه 19ى کانونى دووه‌مى 2019 له شه‌قامى سالم له شه‌ودا هێرش ده‌کرێته سه‌ر دکتۆر به‌ختیار ئه‌مین له‌لایه‌ن چه‌ند که‌سێکه‌وه. له‌باره‌ى چۆنێتى روداوه‌که‌وه، دکتۆر به‌ختیار ئه‌مین، له‌لێدوانێکدا به سایتى هاوڵاتى وت" ئوتوبێلێک وه‌ستابوو له‌شه‌قامى سالم به‌رانبه‌ر مه‌ڵبه‌ندى یه‌کێتى ته‌قه‌یان کرد به‌سه‌رمددا و فیشه‌کێکیان دا له قاچم که‌سێکیان هات و وتى رابکه به‌نیازى کوشتنى تۆن". ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که ده‌موچاوى ئه‌و که‌سانه ده‌ناسێته‌وه، وتیشى" سکاڵام تۆمار کردووه لاى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى". دکتۆر به‌ختیار ئه‌مین پزیشکى پسپۆرى جومگه‌یه له سلێمانى و چه‌ندین ساڵه عیاده‌ى تایبه‌ت به خۆى هه‌یه و له نه‌خۆشخانه‌کانى حکومه‌تدا ده‌وامى نییه. له به‌روارى 3ى 12ى 2018 دکتۆر که‌مال محه‌مه‌د له نۆرینگه‌که‌ى خۆى له شه‌قامى ئۆرزدى له‌لایه‌ن که‌سێکه‌وه ته‌قه‌ى لێکراو به سه‌ختى بریندار کرا، ئه‌وکات سه‌ندیکاى پزیشکان بۆ ماوه‌ى 24 کاتژمێر سه‌رجه‌م نۆرینگه‌کانیان به‌رووى نه‌خۆشدا داخست و داوایان کرد هێرش و په‌لاماردان بۆ سه‌ر پزیشکان رابگیرێت. سه‌ندیکاى پزیشکانى سلێمانى ئیدانه‌ى روداوى ده‌ستدرێژى کردن بۆ سه‌ر پزیشکان ده‌که‌ن و له‌هه‌مانکاتدا ده‌ڵێن چاوه‌رێى لێکۆڵینه‌وه‌ى ده‌زگا ئه‌منییه‌کانن له‌سه‌ر روداوه‌که. ته‌ها مه‌حوى، سه‌رۆکى سه‌ندیکاى پزیشکانى سلێمانى له‌لێدوانێکدا به سایتى هاوڵاتى وت" ئه‌م رووداوه‌ى دکتۆر به‌ختیار جیاوازه له‌وه‌ى له‌مانگى رابدروو که هێرش کرایه سه‌ر دکتۆر که‌مال له‌شه‌قامى ئۆرزدى، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌کاتى ده‌وام و نۆرینگه‌که‌یدا نه‌بووه‌و له شه‌قامێکدا بووه و هه‌موو که‌سێکیش قابیلى هێرش کردنه سه‌رى هه‌یه". ناوبراو ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که ئیدانه‌ى ئه‌م رووداوه ده‌که‌ن و چاوه‌ڕێى لێکۆڵینه‌وه‌کانى پۆلیس‌و دادگا ده‌که‌ن.
هاوڵاتى دۆناڵد تره‌مپ پێشنیازى "ریفۆرمێکى کۆچبه‌ریی" گشتگیرى بۆ دیموکراته‌کان کردووه له به‌رامبه‌ر په‌سه‌ندکردنى خه‌رجیى ئه‌و دیواره‌ى خوازیاره له‌سه‌ر سنوورى نێوان ئه‌مریکا-مه‌کسیک دروستى بکات و بڕى پێنج ملیار و 700 ملیۆن دۆلارى تێده‌چێت. سه‌باره‌ت به دیواره‌که‌ى سه‌ر سنوورى مه‌کسیک که بووه هۆى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یران له نێوان دیموکراته‌کان و دۆناڵد تره‌مپ-دا و سه‌ره‌نجام بووه هۆى داخستنى حکوومه‌تى فیدڕاڵیی، تره‌مپ له کۆشکى سپییه‌وه له په‌خشێکى راسته‌وخۆدا روونکردنه‌وه‌یه‌کى بڵاوکرده‌وه. دوێنێ شه‌ممه 11ى شه‌و به کاتى هه‌رێمى کوردستان دۆناڵد تره‌مپ سه‌ره‌تاى قسه‌کانى به باسکردنى هۆکاره‌کانى ئه‌وه‌ى بۆچى پێویسته له‌سه‌ر سنوورى مه‌کسیک دیوارێک دروست بکرێت، ده‌ستپێکرد و وتی:" سیستمى کۆچ له وڵاته‌که‌مان زۆر به خراپى تێکچووه. پێویسته ئێمه ئه‌مه چاک بکه‌ینه‌وه" و جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه که به هۆى ئه‌وه‌ى به‌شێک له سنووره‌کانى باشوورى ئه‌مریکا ناتواندرێت به باشى بپارێزرێن و ئه‌مه‌ش به‌ره‌وڕوویان ده‌کاته‌وه له‌گه‌ڵ کێشه بنه‌ڕه‌تییه‌کانى وه‌ک قاچاقخچێتییکردن به مادده هۆشبه‌ره‌کان و هاتنه ناوه‌وه‌ى کۆچبه‌رى نایاسایى بۆ ئه‌مریکا. "به‌دڵنیاییه‌وه پێویسته دیواره‌که دروست بکرێت" سه‌رۆکى ئه‌مریکا به پێویستى زانیوه که ئه‌و دیواره ده‌بێت دروست بکرێت و تیشکى خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ى بۆ دیموکراته‌کان که تا ئه‌مڕۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان په‌سه‌ندنه‌کردووه، پلانێکى نوێى ئاماده‌کردووه که چه‌ندین به‌شى جۆراوجۆر له‌خۆده‌گرێت. له چوارچێوه‌ى ئه‌و پلانه‌ى که تره‌مپ پێشنیازى کردووه، مافه یاساییه‌کانى ئه‌و منداڵانه‌ى که له لایه‌ن دایک و باوکیانه‌وه به شێوه‌یه‌کى نایاسایى هێنراونه‌ته ئه‌مریکا و ژماره‌یان نزیکه‌ى ٧٠٠ هه‌زار منداڵه، بۆ ماوه‌ى سێ ساڵ ده‌پارێزرێت و ئه‌و منداڵانه دیپۆرت ناکرێنه‌وه. سه‌رۆکى ئه‌مریکا هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکردووه مافه‌کانى کۆچبه‌ران که له چوارچێوه‌ى دۆخى پارێزبه‌ندیى کاتیى (TPS) له ئه‌مریکا ده‌ژین، بۆ ماوه‌ى سێ ساڵى دیکه درێژ ده‌که‌نه‌وه. دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆکى ئه‌مریکا که هه‌ر له چوارچێوه‌ى هه‌مان پلاندا پێشنیازى کردووه میکانیزمێک به‌بڕى یه‌ک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار دابنێن به‌ئامانجى به‌رگرتن له هاتنه ناوه‌وه‌ى مادده‌ى هۆشبه‌ر له سنووره‌وه و فراوانکردنى ئه‌و هاوکاریه مرۆییانه‌ى پێشکه‌ش به کۆچبه‌ران ده‌کرێت. هاوکات ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کردووه که وه‌ک به‌شێکى هه‌موو ئه‌و قۆناغه پێداگره له‌سه‌ر بنیاتنانى دیواره‌که که پێنج ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلارى تێده‌چێت. ترامپ داواى رێکه‌وتن له دیموکراته‌کان ده‌کات دۆناڵد تره‌مپ رایگه‌یاند "ساڵانێکه دیموکراته‌کان و کۆماریخوازه‌کانیش ئه‌مانه‌یان ده‌ویست، له‌م پلانه‌دا کۆمه‌ڵێک مادده هه‌ن هه‌ردوو پارته‌که ده‌یخوازن، له‌به‌رئه‌وه با رێککه‌وتن بکرێت له‌سه‌ر ئه‌و پلانه و هه‌رچى زووه حکوومه‌ت بکرێته‌وه". دۆناڵد تره‌مپ باسى له‌وه کرد که پرۆژه یاساکه به‌و پلانه نوێیه‌وه ئه‌م هه‌فته‌یه ده‌بێته رۆژه‌ڤى ئه‌نجوومه‌نى پیران و پێویسته هه‌ردوو پارته‌که پشتیوانى له‌و پلانه بکه‌ن. له لایه‌کى دیکه‌وه، به‌رله روونکردنه‌وه فه‌رمییه‌که‌ى تره‌مپ، سه‌رکرده‌کانى پارتى دیموکراته‌کان رایانگه‌یاندبوو که ئه‌و پلانه په‌سه‌ند ناکه‌ن و دژى پشتیوانى دارایین بۆ دیواره‌که. به هۆى ناکۆکى له‌سه‌ر "دیوار" له نێوان تره‌مپ و ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌راندا که دیموکراته‌کان زۆرینه‌ن تیایدا ماوه‌ى ٢٩ رۆژه حکوومه‌تى فیدراڵى ئه‌مریکا داخراوه و زیانى 3 ملیار و 600 ملیۆن دۆلارى له حکومه‌تى ئه‌مریکا داوه و 800 هه‌زار کارمه‌ند موچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه.
واشنتۆن پۆست، هاوڵاتى هەریەک لەتورکیا و کوردانی سوریا هیواکانیان لەسەر ڕوسیا هەڵچنیوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەسوریا دوای بڕیارە کتوپڕەکەی (دۆنالد ترەمپ)ی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێز لەسوریا کەترسی هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێی لەنێوان هەردوو هاوپەیمانە کورد‌و تورکەکانی ئەمریکادا هێنایە کایەوە. بەرپرسە تورکەکان چوارشەممەی پێشوو ڕایانگەیاند کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی وڵاتەکەیان لەپلانیدایە ئەم مانگە سەردانی مۆسکۆ بکات بۆ وتووێژ لەگەڵ ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی ڕوسیا دەربارەی سوریا‌و چەند بابەتێکی دی. لە هەمانکاتداو بەوتەی بەرپرسە کوردەکان، ئەوان داوای درێژکردنی دەستی یارمەتییان لەڕوسیا کردوە بۆ گەیشتنە ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی سوریا بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە سەربازی و سیاسیەی دوای کشانەوەی هێزەکانی سوپای ئەمریکا لەناوچەکانیان دروستدەبێت و هاوکات بۆ ڕزگاربوون لەترسی هێرشی تورکیا. ئەم هانابردنەش بۆ ڕوسیا پێگەی ئەو وڵاتە وەک یاریکەری سەرەکی لەمەیدانی سوریادا قوڵتردەکاتەوە. وەک ئەوەی ڕوسیا بیەوێت گرنگی خۆی لەناوچەکە نمایش بکات، هەفتەی پێشوو سوپای ڕوسیا چەندین مانۆڕی سەربازییان نزیک لەشارۆچکەی مەنبج ئەنجامدا، کەیەکێکە لەپڕ ململانێترین شارۆچکەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا. مانۆڕە سەربازیەکەی ڕوسیا لەدەوری شارۆچکەی ئاریما بەڕێوەچوو کە لەئێستادا لەژێر کۆنترۆڵی ڕژێمی سوریادایەو چەندین کیلۆمەتر دووربوون لەسوپای ئەمریکا. بەڵام (ئارۆن ستاین) بەڕێوەبەری پرۆگرامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە(پەیمانگای لێکۆڵینەوەی سیاساتی نێودەوڵەتی) پێی وایە کەئەم مانۆڕە سەربازیە وەبیرهێنانەوەیەکە بۆ ئەمریکا کە لەکاتێکدا هێزەکانی ئەوان لەکشانەوەدان و سیاسەتی وڵاتەکەیان لەسوریا ناڕوونە «ڕوسیا ئێستا خاوەنی هەموو ئەم خاکەیە.» تائێستا ڕوسیا ئامادەیی تەواوی نیشان نەداوەو بڕیاری نەداوە یارمەتی کوردەکان یاخود تورکەکان بدات. دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا (مەولود چاوش ئۆغلو) ڕایگەیاند کە ئەردۆغان لەنیازیدایە لەم مانگەدا سەردانی مۆسکۆ بکات، بەرپرسانی کرێملین ڕایانگەیاند کەپلانێکی وا لەئارادایەو کاری لەسەر دەکەن بەڵام وادەیەکی دیاریکراو بۆ سەردانەکەی ئەردۆغان دیاری نەکراوە. هەروەها بەوتەی ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە، ڕوسیا ئامادەییەکی دیاری نیشان نەداوە بۆ پاڵپشتیکردنی کوردەکان لەهەوڵەکانیاندا بۆ گەیشتنە ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی سوریادا بۆ جوڵەپێکردنی سوپای سوریا بۆ ئەو پێگانەی ئەمریکا جێیهێشتوە تا ڕێگا لەهێرشی تورکیا بگرن. بەوتەی موسلیم، کوردەکان پرۆپۆزەڵێکیان داوەتە مۆسکۆ کە هێزە کوردیەکان ئامادەن هەموو ئەو ناوچانەی لەشەڕی ناوخۆی سوریاوە لە ٢٠١٢ دا لەبەهاری عەرەبیەوە بەدەستیان هێناوە تاکۆتایی شەڕی داعش بخەنەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا بەمەرجێک کەئەو وڵاتە مافی ئۆتۆنۆمیان پێبدات و ڕێگەیان پێبدات بەردەوامبن لەتاقیکردنەوەی پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەرییان. ئەو دەڵێت: «ئێمە نەخشەڕێگاکەمان داوەتە دەست ڕوسیا‌و چاوەڕێی بڕیاری ئەوانین.» (ئارۆن ستاین) پێی وایە کە لەنێو پەیامە دژیەک و ناتەریبەکانی ئەندامانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا لەسەر میکانیزمی کشانەوەی هێز لەسوریا، زیاتر ڕووندەبێتەوە کە ڕوسیا تەنها هێزە لەناوچەکە کە لەگەڵ هەموو هێزەکاندا پەیوەندی هەیەو دەتوانێت چارەسەرێک فەراهەم بکات. ئەو دەڵێت «ئەمریکا لەسوریا دەکشێتەوەو وڵاتەکانی تر دەچنە جێیان تا ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە، ئەو وڵاتانەش سەرقاڵی وتووێژن، بەڵام وتووێژ لەگەڵ ئەمریکادا نا.» لەلێدوانەکانیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان دوای سەردانکردنی هەولێر، چوارشەممەی پێشوو (مایک پۆمپیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەهێزەکانی سوپای ئەمریکا دوای لەناوبردنی دوایین پێگەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام دەکشێنەوە. ئەم وتانەی پۆمپیۆ پێچەوانەی وتەکانی چەند ڕۆژێکی پێشووتری (جۆن بۆڵتن)، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکابوو کە ڕایگەیاندبوو ئەمریکا هێزەکانی لەسوریا ناکشێنێتەوە تا دڵنیایی لەتورکیا وەرنەگرێت کە دوای کشانەوەی ئەمریکا هێرش ناکەنە سەر کوردەکان لەسوریاو هاوکات ئێران ئەو بۆشاییە سیاسی و سەربازییە پڕناکاتەوە. پۆمپیۆ دەزانێت کەتورکیا ترسی ئەوەی هەیە کەکوردەکان ئەو ناوچانەی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان بەکاربهێنن دوای کشانەوەی هێزەکانی سوپای ئەمریکا بۆ لێدان لەتورکیا، هەر بۆیە وتی: «ئێمە دەزانین کە تورکیا هەست بەمەترسی دەکات لەلایەن تیرۆرستانەوە، ئێمە تەواو پاڵپشتیان دەبین.» (لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا پۆمپیۆ، وەک ئەوەی پەشیمان بێت لەقسەکەی ڕایگەیاند کەکوردانی سوریا تیرۆریست نین و هەوڵی پاراستنی وڵاتەکەیان دەدەن لەدەست تیرۆریستان). بەوتەی بەرپرسانی ئەمریکا، لەپەیوەندیەکی تەلەفونیدا ترەمپ مانگی پێشوو بەئەردۆغانی ڕاگەیاندوە کەئەمریکا شەڕی دژ بەتیرۆر لەناوچەکە ڕادەستی تورکیا دەکات. بەڵام تورکیا گەریلا کوردەکان (یەکینەکانی پاراستنی گەل) بەگروپێکی تیرۆرستی لەقەڵەمدەدات هاوتەریب لەگەڵ داعشدا بەهۆی پەیوەندیانەوە بەگەریلاکانی پەکەکە کە بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی لەتورکیادا دەجەنگن. «ئەوان هەموو وەک یەکن لای ئێمە» چاوش ئۆغلو چوارشەممەی پێشوو لەسەر هێزەکانی یەپەگەو تیرۆریستانی داعش واى وت. هاوکات تورکیا لەوتووێژدایە لەگەڵ ئێران‌دا بۆ چارەسەرکردنی دۆخی سوریا دوای کشانەوەی هێزەکانی سوپای ئەمریکا، چاوش ئۆغڵو وتی: «بەدڵتانبێت یان نا، ئێران ڕۆڵی لەسوریادا هەیەو ئێمەش دەبێت بەشێوەیەکی بنیاتنەر مامەڵە لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا بکەین کە لەئێستادا ڕۆڵی کارایان هەیە.»
دیمەن ئیسماعیل نەرمین مەحمودی تەمەن ٦٠ ساڵ لەسوچی شەقامێکی قەرەباڵغی کەلاردا فەرشێکی تەپوتۆزاوی راخستووە، شاحینەو هیدفۆن و پاوەر بانک وکەرەستە جۆراوجۆرەکانی مۆبایلی لەسەری ریز کردوە. لەو شەقامەدا دەنگی ترپەی پێی پیادەکان نایەڵن دەنگی نووساوی نەرمین دەربکەوێت، لەنێو عەبا رەشەکەیدا کە هەموو گیانی داپۆشیوە، دەستەکانی دەرهێناوەو دەست لەسەر ئەژنۆ بەدیار کەرەستەکانیەوە دانیشتوە. نەرمین بۆ ئەوە لەوێ نیە تاکو ترپەی پێی شەقامێکی قەرەباڵغی پڕ لە پیاو بژمێرێت، بەڵکو بۆ ئەوە لەوێیە تاکو ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە دوای مردنی باوکی نۆ منداڵی دروست بووە. نەرمین مەحمود، دانیشتووی شاری کەلارە ماوەی چوار ساڵە دەستی کردوە بە فرۆشتنی کەرەستەکانی مۆبایل بەوەش بژێوی ژیانی چەند خیزانێکی قەرەباڵغ دابین دەکات کە ئەرکی هەموویان کەوتۆتە سەر شانی، ئەوەش بەشیکە لە چیرۆکی ژیانی ئەو ژنە رەشپۆشەی کە نائارامیەکانی خوارووی عێراقی بەجێهێشت و رووی لە کەلار کرد بۆ ئەوەی شوێنێکی ئارام بدۆزێتەوە کە کارکردنی ژنان تێیدا مەحاڵ نەبێت. ماوەی 25 ساڵە نەرمین هاوسەری لەدەستداوەو دایکی 9 منداڵە، سێ کوڕ‌و شەش کچ. هەروەها بژێوی نەوەکانیشی لەسەر شانی ئەون. نەرمین بە هاوڵاتىوت «لەدوای لەدەست دانی هاوسەرەکەم ئەرکی سەرشانی من قورس‌تر بوو، بۆئەوەی ئەوان گەورەبکەم چەندین کارم ئەنجام داوە، کارگوزاری و شرینی و نۆکاوفرۆشتنم کردوە» سەرەرای بەخێوکردنی منداڵەکانی خۆی ئەرکێکی تر کەوتۆتە سەرشانی، ئەویش ئەوەی کەمنداڵی براکانی بەخێو دەکات بەهۆی لەدەستدانی ژنی براکەیەوە، ئیستا وەکو دایکە بۆ برازاکانی، ئەمە جگە لەوەی براکەی خاوەن پێداویستی تایبەتە. نەرمین وتی «براکەم بەهۆی ئەوەی فیشەکێ لەمێشکی ماوەتەوە توشی کەمئەندامی بوە، توانای کارکردنی نیە، بۆیە بەخێوکردنی ئەوانیشم لەئەستۆدایە.» چیرۆکی کارە سەختەکانی نەرمین لێرەدا تەواونابێت، ئەو جگە لە مناڵەکانی خۆی و براکەی، منداڵی دوو لە کچەکانیشی بەخیودەکات دوای لەدەستدانی مێردەکانیان. نەرمین بەهەناسەیەکی قووڵەوە قسەی بۆهاوڵاتى کرد‌و وتی «دوان لەکچەکانم مێردەکانیان لەدەست داوە، خۆیان و منداڵەکانیان کە 10 منداڵن دەکەوێتە ئەستۆی من و ئێستاش من بەم تەمەنەوە خەریکی کارم، بۆئەوەی ئەوان خوێندنەکانیان تەواوبکەن». کاتێک دەتەویت لە تەواوی چیرۆکی نەرمین و سەختیەکانی تێبگەیت، دەبێت یەک یەک ئەو بارە قورسانە بژمێرێت کە بەسەر شانی ئەم ژنە رەشپۆشە بە تەمەنەوەیە. نەرمین سەرەڕای ئەم نەهامەتیانە کورێکی لە سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقدا کە لە هەشتاکانی رابردوو ررویدا دووچاری رووداویکی سەخت بوو، ئەوەش بووە بارێکی گرانی تر بەسەر شانیەوە. کوڕەکەی بەهۆی دەنگی بەهێزی تۆپێکی دورهاوێژی ئێرانەوە کە لە نزیکیان کەوتۆتە خوارەوە دووچاری ترس و نەخۆشی دەروونی بووە. نەرمین بۆ ساڵانێکی زۆر خزمەتی ئەو کوڕەی کردووە لەگەڵ ئیش و کاردا هەمیشە ئاگاداری بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی فۆرمی بایەعیەکەی لە بەغدا بووە، بۆ وەگرتنی بەشە خۆراکی خۆی و نەوەکانی چۆتە بەغدا، هەربۆیە تاکو دێتەوە کوڕەکەی لەماڵ دەچێتە دەرەوە بەهۆی سەرماو بارانەوە رەق دەبێتەوەو دەمرێت، ئەوەش دوای 32 ساڵ لەخزمەتکردنی. چیرۆکی ئەم ژنە هێشتا تەواو نەبووە، بەهۆی ئاگر کەوتنەوە لەماڵی یەکێک لەکوڕەکانیدا خێزانەکەی و دومنداڵی لەدەست دەدات بەوهۆیەوە ئەو کوڕەشی توشی نەخۆشی دەرونی دەبێت، کچە تاقانەکەی کوڕەکەشی لەبەرهەژاری دەنێرێتە لای یەکێ لەکچەکانی تری کە ئێستا لە عەمارە نیشتەجێیە. نەرمین سەرباری ئەوەی خێزانێکی گەورەی لەئەستۆدایە، کرێچیەو دەلێت پارەی سێ مانگی کرێ خان‌و قەرزارە لەلایەن خەڵکەوە بەپێی توانا هاوکاری دەکرێت. دەشڵێت کە هەندێک خەڵکی بیریان لەوە کردۆتەوە خانوویەک بۆ خۆی و مناڵ و نەوەکانی دروست بکەن، بەڵام ئەوە هێشتا بیرۆکەیە. لەگەڵ ئەوەی نەرمین عەرەبە بەڵام بەکوردییەکی باش قسە دەکات بەو پێیەی چوار ساڵە مامەڵە لەگەڵ خەڵکیدا دەکات. هەندێک لەخزمەکانی خۆشی کە لەگەڵ ئەودا خوارووی عیراقیان بەجێهێشتووە هاوکاری دەکەن و بۆ پیداویستیەکانیان ناچنە شوێنی تر‌و لای ئەو شت دەکڕن کە جگە لە کەرەستەکانی مۆبایل و ردەواڵە دەفرۆشێت. لەلایەن شارەوانی کەلارەوە رێگەی پێدراوە لەو شوێنە شت بفرۆشێت. محەمەد ئەحمەد، تەمەن 22 ساڵ، لای پورە نەرمینی پیداویستەکانی دەکڕێت، بە هاوڵاتىوت «وەکو هاوکاری هەرچی پێداویستیەکم بوێت تا لای پورە نەرمین دەستم بکەوێت، هەرلای ئەو دەیکڕم». نەرمین دەڵێت هیچ مووچەیەکی لەحکومەت نیە کە پێی بژی، بەڵکو ئەوەی بژێوی ژیانی مناڵ و نەوەکانی پێدابین دەکات ئەو فەرشە تەنکەی بەردەستی و کەرەستە بچووکەکانی سەریەتی.
هاوڵاتى پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە دەیەوێت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی کۆتایی ئازاری ئەمساڵدا ١٢٠ سەرۆک شارەوانی بەدەستبهێنێت و ئەو شارەوانیانەش بەدەستبهێنێتەوە کە حکومەتی تورکیا قەیومی لە شوێنیان داناوە و لەو پارتەی سەندووەتەوە. قەیوم بەو کەسانە دەوترێت کە حکومەتی تورکیا لە دەرەوەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی شارەوانیەکان دایاندەنێت ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکە هەڵبژیردراوەکان تۆمەتبار دەکات بە پشتگیری پەکەکە. تورکیا لە 14/8/2016 یاسای قەیومی لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرد. بەپێی یاساکە ئەو سەرۆک شارەوانیانەی پشتگیری‌یان لە پەکەکە کردوە، دەسەڵات بە وەزارەتی ناوخۆ دراوە سەرۆک شارەوانییەکان لەکار دوور بخاتەوە و لە شوێنەکەی ئەو کەسێکی دیکە، کە لەلایەن دەوڵەتەوە دەستنیشانکراوە دادەمەزرێنرێت. لەکۆی ١٠٤ سەرۆک شارەوانی ناوچەکانی باکوری کوردستان، ٩٤ سەرۆک شارەوانی لە هەدەپە سەنراوەتەوە و سەرۆکەکانیان یان زیندانی کراون یان لەکارەکانیان دورخراونەتەوە بە پاساوی جۆراوجۆر کە دیارترینیان لایەنگریکردنی پەکەکەیە. ئامانجی سەرەکی هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا بەدەستهێنانەوەی ئەو شارەوانییانە و بەدەستهێنانی شارەوانی زیاترە. کەمتر لە سێ مانگی دیکە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بەڕێوەدەچێت، لە ئێستاوە پارتەکانی ئەو وڵاتە کەوتونەتە کێبڕکێی بەدەستهێنانی زۆرترین سەرۆک شارەوانی تا بۆ چوار ساڵی دیکە هەژمونی خۆیان بەسەر شارەکاندا بسەپێننەوە. ئەم هەڵبژاردنە بۆ پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە کە گەورەترین پارتی کوردییە لە تورکیا جیاوازە، بەو پێیەی لە دۆخێک‌دا بەڕێوەدەچێت کە بەشی زۆری پەرلەمانتار و سەرکردەکانی لە زینداندان و ئەو شارەوانییەکانەشی لێسەنراوەتەوە کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا بەدەستی هێنابوو. حەسەن ئۆزگەنوش پەرلەمانتاری هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا بە هاوڵاتى وت «ئێمە چەند ئامانجێکمان هەیە لەم هەڵبژاردنەدا، یەکێکیان کە سەرەکیترینیانە ئەوەیە ئەو ٩٤ شارەوانییە بەدەستبهێنێنەوە کە ئەکەپە دەستی بەسەردا گرتووە». وتیشی «ئامانجێکی دیکەمان ئەوەیە ژمارەی شارەوانییەکانمان بگەیەنینە ١٢٠ شارەوانی، هەروەها چاومان لە شارەوانی شارە گەورەکانە لەناویاندا ئەستەنبوڵ کە بتوانین بەدەستی بهێنین». ئەستەنبوڵ کە ژمارەی دەنگدەرانی زیاترە لە ١٠ ملیۆن کەس، ژمارەیەکی زۆر کوردی تێدا دەژی، کە زۆربەیان لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا کۆچیان کرد بەرەو ئەو شارە، بەپێی میدیاکانی تورکیا ژمارەی دەنگدەرانی هەدەپە لەو شارەکە بە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەس دەخەمڵێنرێت. حەسەن ئۆزگەنوش باسی لەوەشکرد، ئامانجێکی دیکەیان لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی شارەوانییەکاندا لاوازکردنی دەسەڵاتی ئەکەپە و ئەردۆغانە، بەتایبەتی لە ناوچە کوردییەکاندا. وتیشی «ئەو رەوشە عەسکەرتارییەتەی ئەکەپە لەو ناوچانە سەپاندویەتی و سەربازی زۆری بڵاوکردووەتەوە دەبێتە هۆی دەنگەکانیان روو لە کەمبونەوە بکات». بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ی ئازاری ئەمساڵ، حەوت پارتی کوردی باکوری کوردستان بڕیاریانداوە لەژێر چەتری هەدەپەدا و بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن. ئەو پارتانە لەنەخشە رێگای کارکردنیاندا کە حەوتی ئەم مانگە راگەیەنرا ئاماژەیان بەوەکردووە، دوای گۆڕینی سیستەمی سیاسی تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی و کەمبونەوەی رۆڵی پەرلەمان، گرنگە لەرێگەی شارەوانیەکانەوە بتوانن پەیامەکانیان بگەیەنن و کارەکانی خۆیان بکەن. دوای هەڵبژاردنە سەرۆکایەتی و پەرلەمانییەکەی ساڵی رابردووی تورکیا، سیستەمی سەرۆکایەتی لەو وڵاتە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە و زۆربەی دەسەڵاتەکان لەدەستی سەرۆک کۆمار کە رەجەب تەیب ئەردۆغانە کۆکرایەوە. پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە رۆژی حەوتی ئەم مانگە لەکاتی راگەیاندنی هاوپەیمانی پارتەکانی باکوری کوردستاندا وتی «هیوا و چاوەڕوانی گەلەکەمان لە ئێمە ئەوەیە. زۆر گرینگە کە ئەم هاوپەیمانەتییە تەنیا لە هەڵبژاردندا نەبێت، بەڵکو ڕێ لە بەردەم یەکێتیی نەتەوەیی پێکهاتەسیاسییەکانی گەلی کورد بکاتەوە». وتیشی «گەلەکەمان داوای یەکێتیی نەتەوەیی لە ئێمە دەکات. لە قازی محەمەد هەتا مەلا مستەفا بارزانی، لە مەزڵووم دۆغان هەتا وەدات ئایدن، ئەمە قەرزێکە لەسەرمان. میراتی هێژای ئەوانە کە بۆ ئێمەیان بەجێهێشتووە. ئەرک و بەرپرسایەتیی ئێمەیە کە خاوەندارەتی لەو میراتە بکەین». هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە دۆخێک‌دا بەڕێوەدەچێت کە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەڵمەتێکی فراوانی دەستگیرکردن و دادگایی‌کردنی پەرلمانتار و ئەندام و بەرپرسانی هەدەپە بەرێوەدەبەن، کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بە دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی ئەو پارتە دەستیپێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە. لەو کاتەوە تا ئێستا بەهەزاران ئەندام و لایەنگری هەدەپە دەستگیرکراون و لەکارەکانیان دوخراونەتەوەو دۆسیەیان لەدژ کراونەتەوە و بەزۆر راپێچی دادگا کراون. لە نوێترین حاڵەتی لەو شێوەیەدا، رۆژی ١٣ی ئەم مانگە، هاوسەرۆکانی پارتیی دیموکراتیی گەلان (هەدەپە)؛ سامەت ئایاس لە ناوچەی زەیتینبوورنوو، حەقی جەنگیز لە ناوچەی ئوسکودار، سەلما کۆرکماز و خەلیل سالک لە ناوچەی چەکمەکۆی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیر کران.کە ئایاس بە بیانووی هەبوونی بڵاوکراوە دەربارەی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا، هەروەها حەقی جەنگیز بە بیانووی پۆستەرەکانی سەر بینای ناوچەی هەدەپە دەستگیر کراون. حوسەین کەچمەس پەرلەمانتاری هەدەپە بۆ هاوڵاتى باسی لەوەکرد، کە چاویان لەوەیە دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا زیاد بکەن، تا بتوانن سەرەڕای وەرگرتنەوەی ئەو شارەوانییانەی قەیومیان لەشوێن دانراوە، شارەوانی دیکە بەدەستبهێنن. وتیشی کە سەرەڕای رێگرییەکانی دەسەڵات دەیانەوێت بەو ئامانجە بگەن. پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە تا ئێستا کاندیدەکانی بۆ ٤١ شار و شارۆچکە ئاشکراکردووە، کەدەکەونە سنورەکانی وان و ماردین و قارس و موش و بەدلیس و جولەمێرگ و ئاگری و شرنا‌خ و ئامەد و چەند ناوچەیەکی دیکە، دوایین وادەش بۆ دیاریکردنی کاندید رۆژی سێی ئازاری ئەمساڵە. هەدەپە بۆ ئەم هەڵبژاردنە چەند کەسێکی کاندیدکردووەتەوە بە ئامانجی کۆکردنەوەی دەنگی زۆر، کە یەکێک لە دیارترینیان ئەحمەد تورک سەرۆکی پێشووی شارەوانی گەورەی ماردینە کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا لەساڵی ٢٠١٤دا ١٨٠ هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام دوو ساڵ دواتر لەلایەن ئەنقەرەوە لەسەرکار لادرا و کەسێکی دیکە وەکو قەیوم لەشوێنی دانرا. کۆتایی ساڵی رابردوو ئەحمەد تورک دوای دیاریکردنەوەی وەکو کاندید لەلایەن هەدەپەوە رایگەیاند «کاتی ئەوە هاتووە بە دەنگ و ئیرادەی خەڵک دوبارە ئەرکەکانمان وەربگرینەوە». بەپێی ئەنجامی راپرسییەکی ناوەندی سامەر کە بنکەکەی لە شاری ئامەدی باکوری کوردستانە، دەنگەکانی هەدەپە لە پێنج ساڵی رابردوودا بەڕێژەی لەسەدا شەش زیادیکردووە و هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ دانانی دوبارەی قەیوم لەسەر ئەو شارەوانیانەی هەدەپە لەدەستیان دەهێنێت کاریگەری دروستنەکردووە. بەپێی راپرسیەکە کە لە ١٦ پارێزگای باکوری کوردستان ئەنجامدراوە، بەراورد بە دواین هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤ی شارەوانییەکان دەنگەکانی هەدەپە بەڕێژەی لەسەدا شەش زیاد دەکات. هەدەپە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی رابردووی تورکیا توانی بەربەستی لەسەدا ١٠ بۆچونە پەرلەمان ببڕێت، سەرەڕای ئەو فشارانەی روبەڕووی ببووەوە، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش دەیەوێت دەنگەکانی زیاد بکات بەتایبەت لەشارەکانی باکوری کوردستان.
هاوڵاتى دانوستانه‌کانى نێوان رۆژئاواى کوردستان و حکومه‌تى سوریا به‌رده‌وامه، به‌ڵام تا ئێستا هیچ رێککه‌وتنێکى لێنه‌که‌وتووه‌ته‌وه، لایه‌نى کوردى چاوه‌ڕوانى وه‌ڵامى ئه‌و نه‌خشه رێگایه‌یه که بۆ رێککه‌وتن خستوویه‌تییه ڕوو. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا بە وریاییەوە دەروانێت لەناوچەیەکی پێشنیارکراوی ئارام لە سنوورەکانی تورکیا. دانوستانه‌کان له‌دواى بڕیارى کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مریکا له سوریا له 19ى مانگى رابردوودا ده‌ستیپێکرد و تا ئێستا چه‌ند کۆبونه‌وه‌یه‌ک به نێوه‌ندگیریی روسیا له مۆسکۆى پایته‌ختى ئه‌و وڵاته به‌ڕێوه‌چوون. ئامانج له دانوستانه‌کان گه‌یشتنه به ڕێککه‌وتن له‌باره‌ى چاره‌نوسى ئه‌و ناوچانه‌ى له‌ده‌ست هێزه‌کانى سوریاى دیموکراتدایه، به‌تایبه‌تى ناوچه کوردنشینه‌کان که له‌دواى سه‌رهه‌ڵدانى شه‌ڕى ناوخۆى سوریاوه کورد خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى تێدا ڕاگه‌یاندووه. خاڵى هاوبه‌شى کوردانى رۆژئاواى کوردستان و رژێمى سوریا له دانوستانه‌کاندا بریتییه له یه‌کێتى خاکى سوریا و پاراستنى سنوره‌کان له‌لایه‌ن سوپاى سوریاوه، ئه‌وه‌ش پێده‌چێت گه‌یشتن به ڕێککه‌وتنى نێوانیان ئاسان بکات. ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتی یەکێتیى دیموکراتی (پەیەدە) به هاوڵاتى وت «دانوستانه‌کان له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى سوریاى دیموکراته‌وه ئه‌نجام ده‌درێن و ئه‌وان له‌گه‌ڵ حکومه‌تى سوریا له‌باره‌ى گه‌یشتن به چاره‌سه‌ر له دانوستاندان». وتیشى «گه‌یشتن به چاره‌سه‌رى سیاسیى پێویسته، ئێمه وه‌کو رۆژئاواى کوردستان چاره‌سه‌رى نامه‌رکه‌زیمان ده‌وێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جه‌خت له یه‌کپارچه‌یی سوریا ده‌که‌ینه‌وه، به‌ڵام ده‌بێت سیستمێکى لامه‌رکه‌زى بێت که مافى کورد و سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانى تێدا پارێزراو بێت». دواى چه‌ند ده‌یه‌یه‌ک له په‌راوێزخستنیان، کوردانى سوریا له‌ساڵانى شه‌ڕى ناوخۆى سوریادا توانییان سیسته‌مى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى دابمه‌زرێنن و کۆنترۆڵى سێ یه‌کى روبه‌رى خاکى سوریا بکه‌ن، له‌کاتى شه‌ڕیشدا له‌دژى داعش توانیان پشتیوانییه‌کى گه‌وره‌ى ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان به‌ده‌ستبهێنن. به‌ڵام بڕیاره له‌ناکاوه‌که‌ى واشنتۆن بۆ کشانه‌وه‌ى سه‌ربازه‌کانى له‌سوریا هانیدان پێداچوونه‌وه به مامه‌ڵه و په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا بکه‌نه‌وه. له دانوستانه‌کاندا ئه‌نجومه‌نى سوریاى دیموکرات نه‌خشه رێگایه‌کیان بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌ر خستووه‌ته‌ڕوو، چاوه‌ڕوانى وه‌ڵامى مۆسکۆ ده‌که‌ن له‌و باره‌یه‌وه، پێش ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ دیمه‌شق له‌و باره‌یه‌وه بگه‌نه رێککه‌وتن. نه‌خشه رێگاکه تایبه‌ته به پاراستنى سنوره‌کان له‌گه‌ڵ تورکیا، دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌یه‌ک بۆ جێکردنه‌وه‌ى سیسته‌مى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى باکورى سوریا له ده‌ستور، گره‌نتى به‌یه‌کسانى دابه‌شکردنى داهاته‌کانى باکورو رۆژهه‌ڵاتى سوریا دەدات. ساڵح موسلیم وتى «تا ئێستا دۆخه‌که وه‌ک خۆى ماوه‌ته‌وه و رێککه‌وتن نه‌کراوه، ئه‌نجومه‌نى سوریاى دیموکرات چاوه‌ڕوانى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى نه‌خشه رێگاکه‌یه‌تى له‌لایه‌ن سوریاوه، تا ده‌ست به قۆناغێکى نوێی دانوستان بکه‌ن. له‌ئه‌گه‌رى رێککه‌وتنى کوردانى رۆژئاوا‌و رژێمى سوریادا، دوو گه‌وره‌ترین ناوچه‌ى سوریا یه‌کده‌گرنه‌وه، که ماوه‌ى هه‌شت ساڵه به‌هۆى شه‌ڕى ناوخۆییه‌وه لێکترازاون، له‌وکاته‌شدا ته‌نها به‌شێکى باکورى خۆرئاواى سوریا ده‌مێنێته‌وه که له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى ئۆپۆزسیۆنى رژێمى به‌شار ئه‌سه‌ددایه که‌له‌لایه‌ن تورکیاوه پشتیوانى ده‌کرێن و رکه‌به‌رى هه‌ریه‌که له یه‌کینه‌کانى پاراستنى گه‌ل و حکومه‌تى دیمه‌شقدایه. چاوه‌ڕوانده‌کرێت له‌دواى گه‌یشتن به ڕێککه‌وتن، سنوره‌کانى باکورى سوریا راده‌ستى سوپاى سوریا بکرێت، به‌ڵام یه‌کینه‌کانى پاراستنى گه‌ل (یه‌په‌گه) له‌ناوچه‌کانیان بمێننه‌وه. تا ئێستا ئه‌مریکا هه‌ڵوێستى خۆى له‌باره‌ى دانوستانه‌کانى کوردانى رۆژئاواى کوردستان و رژێمى سوریاوه ده‌رنه‌بڕیوه، له‌کاتێکدا کوردانى رۆژئاوا هاوپه‌یمانى ئه‌مریکان له‌شه‌ڕى دژى داعشدا و واشنتۆن دژى رژێمى سوریایه. به‌دران چیا کورد یه‌کێک له به‌رپرسه دیاره‌کانى رۆژئاواى کوردستان سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه به ئاژانسى رۆیته‌رزى راگه‌یاندبوو، دانوستانه‌کان په‌یوه‌ندى به پرسى کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مریکاوه نییه له سوریا، بڕیارى کۆتایش رێککه‌وتنه له‌گه‌ڵ دیمه‌شق و به‌و ئاڕاسته‌یه کارده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مریکاش ناڕازیی بێت له‌و باره‌یه‌وه. باسى له‌وه‌شکردبوو، تۆپه‌که له ئێستادا له گۆڕه‌پانى روسیا و دیمه‌شقدایه. تا ئێستا دیار نییه ئه‌و دانوستانانه ڕێککه‌وتنى لێده‌که‌وێته‌وه یان نا، به‌ڵام هه‌فته‌ى رابردوو سوپاى سوریا رایگه‌یاند له چوارچێوه‌ى رێککه‌وتنى نێوانیان له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه، به‌شێک له هێزه‌کانى یه‌په‌گه له منبج کشاونه‌ته‌وه و سوپاى سوریا شوێنى گرتوونه‌ته‌وه. ساڵح موسلیم ده‌ڵێت «گه‌شبینى یان ره‌شبینى له‌باره‌ى دانوستانه‌کانه‌وه په‌یوه‌ندى به حکومه‌تى سوریاوه هه‌یه، که تاچه‌ند دێته پێشه‌وه له دانوستانه‌کاندا». به‌رپرسانى سوریا تا ئێستا چه‌ند جارێک گه‌شبینى خۆیان نیشانداوه به‌به‌ره‌وپێشچوونى دانوستانه‌کان له‌گه‌ڵ کوردانى رۆژئاوا و باس له‌وه‌ده‌که‌ن که دانوستانه‌کان له قۆناغى کۆتاییدایه، به‌ڵام به‌رپرسانى رۆژئاوا ئاماژه به به‌ره‌وپێشچوونى دانوستانه‌کان ناکه‌ن. رۆژى نۆى ئه‌م مانگه، فه‌یسه‌ڵ میقداد جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سوریا رایگه‌یاندبوو، حکومه‌تى وڵاته‌که‌ى له‌په‌یوه‌ندیدایه له‌گه‌ڵ کورده‌کان له‌دواى ده‌ستوه‌ردانه‌کانى تورکیا و جگه له گفتوگۆ هیچ بژارده‌یه‌کى دیکه‌یان له‌به‌رده‌مدا نییه. ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه، دانوستانه‌کان له قۆناغى کۆتاییدایه و گه‌شبینن به‌وه. له‌دواى بڕیارى کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مریکا له سوریا، ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌مریکا له‌سه‌رووى هه‌موویانه‌وه دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکى ئه‌مریکا چه‌ندین جار داواى پاراستنى کوردانى رۆژئاواى کوردستانیان له سوریا کردووه، به‌ڵام ئه‌و به‌ڵێنانه نه‌بوونه هۆى ساردکردنه‌وه‌ى کوردانى رۆژئاواى کوردستان له دانوستانه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د. دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکى ئه‌مریکا له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا هه‌ڕه‌شه‌ى وێرانکردنى ئابورى تورکیاى کرد، ئه‌گه‌ر هێرشبکاته سه‌ر کوردانى رۆژئاواى کوردستان، هه‌روه‌ها داواى له کوردانى رۆژئاوا کردبوو تورکیا توڕه نه‌که‌ن. هه‌روه‌ها له په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆمارى تورکیا، تره‌مپ هه‌مان هۆشدارى دایه‌وه به تورکیا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جه‌ختیکرده‌وه له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه ئابورییه‌کانى نێوانیان. هه‌رچه‌نده تورکیا وه‌ڵامى هه‌ڕه‌شه‌کانى تره‌مپى دایه‌وه، به‌ڵام ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند که کێشه‌یان له‌گه‌ڵ کورد نییه، کێشه‌ى ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپانه‌دایه که به مه‌ترسی بۆ سه‌ر وڵاته‌که‌ى ناویبرد، له ئاماژه‌یه‌کدا بۆ یه‌کینه‌کانى پاراستنى گه‌ل (یه‌په‌گه) که ئه‌نقه‌ره به درێژکراوه‌ى په‌که‌که ناوى ده‌بات. له‌باره‌ى به‌ڵێنه‌کانى ئه‌مریکاوه بۆ پاراستنى کورد له‌دواى کشانه‌وه‌یان له سوریا، ساڵح موسلیم باسى له‌وه‌کرد، هه‌ڵوێست و قسه‌ى به‌رپرسانى ئه‌مریکا له‌و باره‌یه‌وه روون نییه و لێدوانى جیاجیا له‌و باره‌یه‌وه ده‌درێت. له‌ئێستادا ئه‌مریکا و تورکیا باس له دروستکردنى ناوچه‌یه‌کى ئارام ده‌که‌ن له باکورى سوریا، که وه‌ک هه‌نگاوێکى ئه‌مریکا لێکده‌درێته‌وه بۆ رازیکردنى ئه‌نقه‌ره تا له‌دواى کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى له‌خاکى ئه‌و وڵاته هه‌ڕه‌شه نه‌کاته سه‌ر کوردانى سوریا. ئه‌و پرسه له‌دوایین په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنی تره‌مپ و ئه‌ردۆغاندا جه‌ختى لێکرایه‌وه دواى په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌که، ئه‌ردۆغان وتى «له‌سوریا به درێژایى سنورى تورکیا ناوچه‌یه‌کى ئارام له لایه‌ن ئێمه‌وه دروستده‌کرێت، بابه‌تى ئه‌م ناوچه ئارامه وه‌ک ٢٠ میل له لایه‌ن تره‌مپه‌وه گوزارشتى لێوه‌کرا که ئه‌مه ناوچه‌یه‌کى ئارامه به قوڵایى ٣٠ کیلۆمه‌تر». ساڵح موسلیم رایگه‌یاند، تورکیا هه‌میشه خواستى ئه‌وه‌ى هه‌بووه ده‌ستبه‌سه‌ر ناوچه‌کانى رۆژئاواى روبارى فورات و باکورى سوریادا بگرێت، پرسی دروستکردنى ناوچه‌ى ئارامیش تا ئێستا زانیارییه‌کى ئه‌وتۆى له‌سه‌ر نییه. وتیشی: «دروستکردنى ناوچه‌ى ئارام ئه‌گه‌ر به خواستى کوردبێت باشه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به خواستى تورکیا بێت بۆ کورد باش نییه، چونکه ئه‌و وڵاته به‌رده‌وام ده‌یه‌وێت به‌شێکى سوریا داگیربکات». یه‌کێک له‌و کارتانه‌ى به‌ده‌ست کوردانى سوریاوه‌یه له دانوستانه‌کاندا، کۆنتڕۆڵکردنى به‌نداوى روبارى فورات و کێڵگه نه‌وتییه‌کانه، به‌ڵام یه‌کێک له رێگرییه سه‌ره‌کییه‌کانى به‌رده‌م دانوستانه‌کان، داواکارى ئۆتۆنۆمیه له‌لایه‌ن به‌رپرسانى رۆژئاواى کوردستانه‌وه، له‌کاتێکدا به‌شار ئه‌سه‌د ده‌یه‌وێت به‌ته‌واوى کۆنتڕۆڵى سوریا بکات، پێشتریش وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سوریا جه‌ختیکردبووه‌وه دروستکردنى سیسته‌می فیدراڵى قبوڵکراو نییه.
یاد قوربانی لە درێژەی تویتە دەم بە هاوارەکانی ترەمپدا، یەکشەممەی پێشوو سەرۆکی ئەمریکا لەسەر ئەگەری لێدانی کوردەکان لە لایەن تورکیاوە هاتە دەنگ و هەڕەشەی «وێرانکردنی ئابوری تورکیا»ی کرد گەر ئەو وڵاتە هێرش بکاتە سەر کوردەکان، ئەم وتە نوێیەی ترەمپ جیاواز لە وتەکانی پێشووی هات و بووە مایەی توڕەیی و سەرسوڕمانی تورکیا. بەڵام بۆچی ترەمپ لەم کاتەدا هەڕەشەی لێدان لە ئابوری تورکیا دەکات؟ خراپبونی باری ئابوری گەورەترین خەمی تورکەکانە لە ٢٠١٩دا بە پێی دواین ڕاپرسی لەسەر ئابوری تورکیا کە لە ناو تورکیادا لە لایەن کۆمپانیای (ئیپسۆس)ی تایبەتمەند بە بیروڕا و ڕاپرسی ئەنجامدراوە، دەرکەوتوە کە ٥٩%ی هاوڵاتیانی تورکیا بە ڕەشبینی تەماشای باری ئابوری ئێستا دەکەن و بۆ ساڵی ٢٠١٩ ڕەشبینن و چاوەڕێی باشتربوونی باری ئابوریان ناکەن. لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٨‌دا ڕێژەی هەڵئاوسانی دراوی لیرەی تورکی ٢٥.٢%دا زیادبوونی بەخۆوە دی و لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨‌دا بە ڕێژەی هەڵئاوسان بە ٢٠.٣% مەزەندەکرا. لە ئێستادا خەمی سەرەکی هاوڵاتیانی تورکیا لە بابەتی پەکەکەوە بۆ خراپبوونی باری ئابوری گۆڕدراوە. بە پێی ڕاپرسیەکە، ٢٠%ی بەشداربووان بیر لە دۆزینەوەی کاری دوەم دەکەن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان. (یالجین قەرەتەپە)، کە پسپۆڕی ئابوری تورکیایە بە ڕۆژنامەی (شینهوا)ی چینی دەڵێت کە دروستبوونی قەلەقی لای گەلی تورکیا لەسەر باری ئابوورییان نیشانی دەدات کە ئابوری وڵاتەکەیان بەرەو خراپبوون دەچێت. یالجین دەڵێت «گەشەی ئابوری لە تورکیا بۆ ١.٦% دابەزی لە کۆتاییەکانی ساڵی پاردا و من پێم وایە ئابوری وڵاتەکەمان لە ٢٠١٩دا بەرەو خراپترچوون دەچێت، هەر بۆیە تێدەگەم بۆچی زۆرێک لەوانەی لە ڕاپرسیەکەدا بەشداربوون ڕەشبینن.» لە سەرەتای ٢٠١٨‌دا بە پێی ڕاپرسییەکەی (ئیپسۆس)، ٥١%ی بەشداربووانی تورک شەڕی دژ بەپەکەکەیان بەگەورەترین کێشە بینیوە بەڵام لە کۆتایی ساڵدا تەنها ١٣% شەڕی دژ بە پەکەکەیان بە گەورەترین کێشە داناوە. ئەردۆغان نکۆڵی لە خراپبوونی ئابوری تورکیا دەکات ئەم هەینیە لە وتارێکیدا لە کۆبونەوەیەکی ئاکپارتیدا لە ئەنقەرە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند کە گەشەی ئابووری تورکیا بۆ ساڵی ٢٠١٨ نەیارانیان توشی سەرسوڕمان دەکات. ئەو دەڵێت: «پشتیوان بە خوا جارێکی تر دەرسێکی ئەوانە دادەین کە تورکیا وەک وڵاتێکی ڕوخاو و مردوو نیشاندەدەن. سەرەڕای ئەو پلانگێڕیانەی دژمان دەکرێت لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو و قەرزە نێودەوڵەتیەکان و هەڵئاوسانی ئابوری، ڕاپۆرتی گەشەی ئابووریمان هەموان سەرسام دەکات.» تا ئێستا بانکی جیهانی گەشەی ئابوری تورکیای بۆ ساڵی ٢٠١٨ بە ٣.٥% مەزەندەکردوە بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێژەیە بەرەو خراپتر بڕوات ڕاوێژکارەکەی ئەمریکا تورکیای توڕەترکرد جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا،لە سەردانێکیدا بۆ ئیسرائیل کە بڕیاربوو لەوێوە سەردانی تورکیا بکات بۆ دانوستان و دانیشتن لەگەڵ بەرپرسە تورکەکان سەبارەت بە پلانی کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە سوریا، لە وتارێکیدا لە ئیسرائیل بەرپرسانی تورکیای توڕەکرد و ململانێیەکی نوێی خولقاند. ئەو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە یۆرشەلیم ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا دوای دڵنیابوون لە نەمانی داعش و دڵنیابوون کە دۆستە کوردەکانیان سەلامەت دەبن دەکشێنەوە، ئەم وتەیە ئەردۆغانی تەواو توڕە کرد و دوای سەردانکردنی تورکیا، ئەردۆغان ئامادەنەبوو لەگەڵ ڕاوێژکارە ئەمریکیەکە دابنیشێت و بە نوێنەری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای دانەنا. ڕۆژنامەی (دەیلی سەباح)ی تورکی کە بە ئینگلیزی دەردەچێت و لایەنگری حکومەتی تورکیایە لە توڕەییاندا، ستافەکەی ترەمپیان تۆمەتبارکرد بە پلانگێڕی دژی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکیان. ڕۆژنامەکە دەنوسێت: «بۆڵتن کودەتایەکی بێدەنگ دژی ترەمپ ئەنجامدەدات. ئەو هەڵەیەکی گەورەی کرد لە سەپاندنی مەرجی ناواقعی بەسەر تورکیادا لە کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکادا.» ڕاوێژکارە ئەمریکیەکە ترەمپی خستە ئەمری واقعەوە دوابەدوای وتەکانی بۆ پاڵپشتی کوردەکان، توڕەبون و ئامادەنەبوونی ئەردۆغان بۆ کۆبونەوە لەگەڵ بۆڵتن، وایکرد ڕاوێژکارەکە زوو بگەڕێتەوە واشنتۆن. زۆرێک لە ڕاوێژکارانی تری ترەمپ وتە توندەکەی بۆڵتنیان بە ناحەکیمانە لە قەڵەمدا و یەکێک لە ڕاوێژکارەکان بە ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) دەڵێت: «هەموو کارەکەیان تێکدا، پێویستی نەدەکرد ئاوابێت. گەر زیاتر بیریان بکردایەتەوە دکرا دانوستان لەگەڵ تورکیا کرابا.» بەڵام دوای پاڵپشتیکردنە زەقەکەی بۆڵتن بۆ هێزە کوردیەکانی سوریا و توڕەکردن و دانەنیشتن لەگەڵیا لە لایەن ئەردۆغانەوە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەو وڵاتە کەوتە ئەمری واقعەوە و یەکشەممە لە تویتێکدا چۆن ئەردۆغان دەرگای دانوستانی لە بۆڵتن داخست، ئەمیش دەرگای دانوستانی بەڕووی ئەردۆغاندا داخست و هەڕەشەی لێکرد گەر هێرش بکاتە سەر کوردەکان لە ڕووی ئابووریەوە وێرانی دەکات. تویتەکەی ترەمپ لەسەر هەرەسپێهێنانی ئابووری تورکیا، نیگەرانی ئەنقەرەی لێکەوتەوەو رۆژی دواتر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هەریەکە لە ترەمپ و ئۆ‌ردۆگان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، لەو پەیوەندییەدا ترەمپ جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە نابێت تورکیا «مامەڵەی خراپ» لەگەڵ کوردەکاندا بکات. کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند ترەمپ لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەل رەجەب تەیب ئۆردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پێی راگەیاندوە کە مامەلەی خراپ لەگەل کورد‌و ئەو هێزانەدا نەکات کە هاوپەیمانی ئەمریکان لە سوریا. دۆناڵد ترەمپ لە تویتێکەیدا رایگەیاندبوو کە ئەوان لە سوریا دەکشێنەوە بەڵام ناوچەیەکی ئارام بە درێژایی ٢٠ میل لە باکوری سوریا درووستدەکەن، ئەگەربێت و تورکیاش هێرشی بکاتە سەر ئابوریەکەی هەرەس پێدێنن.
لۆڤە محەمەد چەندین تاوان بەرامبەر منداڵانی ساوا لە چەند شارێکی کوردستان لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنجامدران و ئەوەش نیگەرانی و تووڕەیی هاوڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێنا. رووداوەکان سوتان و فرێدان و هەوڵی خنکاندن بوون هەندێکیشان دەستی یاسایان پێنەگەیشتووە. دیارترین ئەو تاوانانە فڕیدانی دوو منداڵی ساوا بوو لە گەرمیان و هەولیر لەماوەی سێ ڕۆژدا کە لەسەرشەقام و نزیک شوێنە گشتیەکان فڕێدران و لە سەرمای سەختی زستاندا ڕەقبوونەوە و گیانیان لەدەستدا.جگە لەوەش باوکێک لەگەرمیان هەوڵی خنکاندنی منداڵە ساواکەیدا. ئەم رووداوانە دوای ئەوە دێت کە دایکێک بەناوی سێوان قادر لە گەڵ سێ منداڵی‌دا لە خانووەکەیدا سوتان‌و مردن کە تا ئێستا دادوەر ئەنجامدەرەکەی ئاشکرا نەکردووە. رووداوەکەی لەکاتی خۆیدا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. منداڵ هەندێ جار لە لایەن خەڵکیەوە بە «پەپوولەی بەهەشت» ناودەبرێن ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ بێ‌تاوانیان، لەکاتێکدا لە رۆژانی رابردوودا دەستی تاوان بە شێوازی جۆراو جۆر پێیان گەیشت. رۆژی ٩ی ئەم مانگە لە ناحیەی زنانەی سەر بەقەزای کفری تەرمی منداڵێکی ساوا لە ڕەگەزی نێر لە ناو چاڵێکدا دۆزرایەوە، دوای سێ ڕۆژ لەو ڕووداوە و لە ١٢-١ لە شاری هەولێر تەرمی منداڵێکی دیکەی ساوا لە گەڕەکی قەڵاتی نوێی رێگەی زێرەڤانی لە تەنیشت فەرمانگەی کارەبای ئەو گەڕەکە و بەرامبەر گۆڕستانەکەی فڕێدراوە. پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند ئێوارەی دووشەممەی رابردوو باوکێکیان لەناحییەی ڕزگاری سەر بەقەزای کەلار دەستگیرکرد کە ویستویەتی منداڵەی سێ ساڵ و نیوەکەی بخنکێنێت. عەلی جەمال قدووری بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد کە منداڵەکە لەبەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار لەکەلارەوە بۆ چارەسەری پێویست ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراوە، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ خراپی باری تەندروستی. پۆلیس لە زاری دراوسێکانی پیاوەکەوە دەگێڕێتەوە کە باوکەکە کە لە ناحیەی رزگاری دەژێت نەخۆشی دەروونی هەیە. ئاماژە بەوەش دەکات کە دوای ئەوەی پیاوەکە هاوسەرگیری کردوە لەگەڵ ئافرەتێک ئەو منداڵەیان بووە بەڵام دواتر جیابوونەتەوەو دایکی بەجێی هێشتوە . پۆلیس دوای ئەو روداوە باوکەکەی بەندکردوە، ئەوەش بەبڕیاری دادوەرو پۆلیس دەڵێت دەستی بەلێکۆڵینەوە کردوە لەسەر چۆنێتی کەوتنەوەی ڕوداوەکە. هەروەها ئەو دوو منداڵەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە هەولێر و کەلار فریدران تا ئێستا ئەنجامدەرانیان دەستگیرنەکراون، بەڵام پۆلیس لێکۆلینەوەی خۆی لە رووداوەکە دەکات. عەلی جەمال قەدووری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە هاوڵاتى وت «تا ئێستا کەس لەسەر فڕێدانی ئەو منداڵە دەستگیرنەکراوەم بەڵام ئێمە لە لێکۆڵینەوەکانمان بەردەوامین و هیچ سەرەداوێکمان دەست نەکەوتووە لەسەر ناسنامەی منداڵەکە کە لە کوێوە هاتووە و چۆن فڕێدراوە». هەرچی منداڵەکەی هەولێریشە لێکۆڵینەوە لەسەری بەردەوامە و کەس دەستگیرنەکراوە و ناسنامەکەی دیار نیە تەنها ئەو زانیاریەی کە هەیە منداڵەکە لە ڕەگەزی نێرە و تەمەنی کەمتر بووە لە ١٥ ڕۆژ کاتێک فڕێدراوە و گیانی لەدەستداوە. بە پێی شایەتحاڵەکانی ناوچەکەش ئەو شەوەی کە منداڵەکە فڕێدراوە سەگێک پاسەوانی کردووە تاوەکو بەیانی و کاتێک خەڵک و پۆلیس چووەتە سەر تەرمەکەی و تەرمەکەیان هەڵگرتوەتەوە و بردوویانە بۆ پزیشکی دادوەری هەولێر بۆ شیکاری لە تەرمەکەی و گەیشتن بە سەرەداوێک و دۆزینەوەی کەسوکاری. زانایانی ئاینی دەڵێن بەپێی ئاینی ئیسلام کە ئاینی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە فڕیدانی منداڵ لە «تاوانە گەورەکانە» دەشڵێن بۆ رێگریکردن لەو حالەتانە دەبێت بگەرێنەوە بۆ بەها ڕوەشتیەکان. ئەحمەد قامیشی کە مامۆستای ئاینیە بە هاوڵاتى وت» ئێمە وەک هەست و بەرپرسیارێتی ئیمانی و لەهەمووان زیاتر ئازارمان پێدەگات، ئێمە زۆر دەمێکە هاوار دەکەین بۆ گێڕانەوەی بەها ڕەوشتی وئیمانییەکان، نیگەرانی و بێزاری خۆمان ڕادەگەیەنین لەو ڕوداوە بێزراوانە لەکوشتن و سوتاندن و فڕێدان». مەلا ئەحمەد قامیشی وتیشی «قەیرانی دارایی و نەخۆشی دەروونی و پەراویزخستنی پەروەردەی ئیمانی هۆکارگەلێکی دیکەی ئەو رووداوانەن». ئەحمەد قامیشی دەسەڵاتدارانی بە «بەرپرسی یەکەم» زانی لەبەرپانەکردنی سەروەری یاسا‌و دادپەروەری، هەروەها داوادەکات میدیا و ڕاگەیاندنەکان، بەرنامەی پەروەردەیی و زانستی زیاتر بۆ کۆمەڵگا بەخش بکەن. یاسا سزای بۆ ئەو کەسانە دادەنیت کە هەڵدەستن بە فرێدان یان کوشتن یان ئازاردانی منداڵ ئەگەرچی هەندێ جار توانبار بۆی دەردەچیت و نادۆزرێتەوە. بە پێی یاسای سزادانی عێراقی ئەگەر دایکەکە بە مەبەست منداڵەکەی فڕێ دابێت و کوشتبێتی ئەوا سزاکەی بەندکرنی هەتاهەتاییە یان زیاترە لە ٢٠ ساڵ، ئەگەر پیلان بۆ داڕێژراو بێت کوشتنەکە ئەوا بە سزای لە سێدارەدان سزا دەدرێت. بەڵام هەندێ جار یاسا سزاکە سوک دەکات بۆ ئەوان کە لە ترسی ئابرووچون منداڵ فڕێدەدەن. بەپێی یاسا ئەگەر منداڵەکە ناشەرعی بێت و ژن و پیاوەکە بۆ خۆپارێزی لە ئابڕووچوون منداڵەکەی فڕێدابێت ئەوا بە پێی ماددەی ٤٠٧ سزادەدرێت کە لە ساڵێک کەمتر نەبێت و لە ١٠ ساڵ زیاتر نەبێت. یادگار جەلال، لێکۆڵەری دادوەری و یاساناس، بە‌هاوڵاتى وت «ئەگەر منداڵەکەی لەناو سکیدا لەباربرد ئەوا سزاکەی کەمترە لە ساڵێک و هەندێک جاریش لە جیای سزای زیندانی دەتوانێت بە پێ بژاردن (غەرامە) ڕزگاری ببێت». هەندێ جار ئەو منداڵانەی فڕی دەدرێن پێش ئەوەی گیان لەدەست بدەن کەسانێک دەیانگرنە خۆیان. یان منداڵانێک کە ساواییان بەجیهیشتوەو کەسوکار لەدەستدەدەن دەخرێنە خانەی بێسەرپەرشتانەوە کە لە پارێزگاکانی کوردستاندا هەن و منداڵە بێ سەرپەرشتەکانی تێدا بەخێودەکرێن. موسلیح عومەر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتى وت «لە خانەکاندا منداڵانی خوار تەمەنی چوار ساڵی وەرناگیرێن و لە ڕێگەی دادگاوە یەکسەر دەدرێت بەو خێزانانەی کە خوازیاری بەخێوکردنی منداڵیان ھەیە یاخود منداڵیان نابێت یاخود لە ڕووی دارایی و کۆمەڵایەتیەوە توانای بەخێوکردنی منداڵیان ھەیە». وتیشی»بۆیە کاتێک منداڵێک فزێ دەدرێت و زیندوو بێت دەیبەخشین، بەڵام ئەگەر مردوو بێت ئەوا دەیبەین بۆ پزیشکی داد بۆ لێکۆڵینەوە و دواتر ئەینێژین». ئەو تاوانەنەی کە منداڵان تییدا قوربانین زیاتر کاردانەوەو توورەبونی خەلکی لێدەکەوێتەوە. لە چەند هەفتەی رابردوودا دایکێک و دوو منداڵ لە مالەکەی خۆیاندا لە چەمچەماڵ سوتان، ئەگەرچی هێشتا دادگا ئەنجامدەرەکەی ئاشکرا نەکردوە بەڵام خەڵکی توورەیی خۆیان دادەبەراند بەرامبەر بە ئەنجامدەرە ئاشکرا نەکراوەکەی. دوا بەدوای ئەمەش کە وێنەی منداڵە فڕیدراوەکان بڵاوکرانەوە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان دیسانەوە تورەیی زۆری خەڵکی لێکەوتەوە. ئەگەرچی کەسانیکی وەکو مەلا ئەحمەد قامیشی بەشێک لە هۆکارەکەی دەخەنە سەر کەنالەکان و دراما تورکیەکان، بەلام مەریوان عەلی یەکێکە لەوانەی لە فەیسبوکی خۆی لەسەر ئەمە قسەی کردوە دەڵێت «منداڵ سووتاندن و فڕێدان و هەموو کارەساتەکانی تریش نیشانەی خراپی پەروەردەو دواکەوتوویی داب و نەریتی کۆمەڵگە دواکەوتووەکەمانە، دەبێ لۆمەی خۆمان بکەین و خۆمان چاک کەین، نەک خەتایەکە لەسەر خۆمان لابەین و بیخەینە سەر دراما تورکیەکان». لەگەڵ ئەوەشدا هەموویان کۆکین لەسەر ئەوەی کە دەبێت رێگە لە هۆکارەکانی بگیرێت و ئەنجامدەرانی بە تاوان قێزەون ناودەبەن. مەلا ئەحمەد قامیشی دەڵێت: «فڕێدانی منداڵ و کوشتنی تاوانێکی گەورەیە لە تاوانە گەورەکان و حەرام کراوە، چونکە سوکایەتیە بە مرۆڤایەتی، تەنانەت کاتێکیش کە لەناو سکی دایکیدایە و لەباردەبرێت وەک ئەوە وایە کەسێکی زیندوو بکوژیت و تاوانێکی کووشتن بکەیت، ئەگەر منداڵەکەش ناشەرعی بێت ئەوا لە تاوانە گەورەکانە و توڕەیی خودا ڕادەکێشیت».