هاوڵاتی پەرلەمانتارێکى پارتى دیموکراتى گەلان (هەدەپە) رایدەگەیەنێت ئامانج لە دژایەتیکردنى ناوى کوردستان و مافەکانى کورد لە باکورى کوردستان لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیاوە راکێشانى دەنگى نەتەوەپەرستەکانە، جەختیشدەکاتەوە ئەگەر سەربکەون دانانەوەى قەیومەکان لەلایەن ئەکەپەوە قبوڵ ناکەن و رەتیدەکەنەوە. کۆتایی ئەم مانگە هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى تورکیا بەرێوەدەچێت و پارتە سیاسییەکان سەرقاڵى بانگەشەى هەڵبژاردنن لە سەرتاسەرى ئەو وڵاتە بەمەبەستى راکێشانى دەنگى هاوڵاتیان. رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا و سەرۆکى گشتى پارتى داد و گەشەپێدانى دەسەڵاتدار لەچەند رۆژى رابردوودا چەند جارێک لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردندا رایگەاند، شوێنێک نییە بەناوى کوردستان لە تورکیا و ئەگەر هەدەپە ئەوەى دەوێت بچێت بۆ باکورى عێراق، ئەوێ کوردستانە. ئەوە لەکاتێکدایە پێش گرتنە دەستى دەسەڵات لەو وڵاتە لەلایەن ئەکەپە و تا چەند سالێک لەمەوبەر، بەرپرسانى ئەکەپە لەسەرووى هەموویانەوە ئەردۆغان جەختیان لەسەر مافەکانى گەلى کورد لە تورکیا دەکردەوە و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ پەکەکە دەستیان بە دانوستان کرد کە تا ساڵى ٢٠١٥ درێژەى کێشاو دواتر شەڕى نێوانیان دەستیپێکردەوە. پارتى دیموکراتى گەلان هەدەپە بۆ ئەمجارە بە گڕوتینێکى زیاترەوە بەشدارى لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا دەکات، دەیەوێت لە رێگەیەوە دژى فشارەکانى دەوڵەت بوەستێتەوە کە لە ساڵى ٢٠١٥ەوە چڕیکردووەتەوە و بەهەزاران ئەندام و بەرپرس و پەرلەمانتارى ئەو حزبەى خستووەتە زیندانەوە و دۆسیەى لەدژیان کردووەتەوە. حەسەن ئۆزگەنوش ئەندامى پەرلەمانى تورکیا لە فراکسیۆنى هەدەپە لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ باس لەوەدەکات، کە مەبەستى ئەردۆغان لە دژایەتیکردنى ناوى کورد و کوردستان، بەدەستهێنانى دەنگى زیاترى نەتەوەپەرستەکانە، تا بتوانێت ژمارەى دەنگەکانى حزبەکەى زیادبکات و باڵادەستى زیاتر بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت. پارتەکەى ئەردۆغان (ئەکەپە) بۆ ئەم هەڵبژاردنە دریژەى بە هاوپەیمانى کۆمار داوە لەگەڵ بزوتنەوەى نەتەوە پەرست (مەهەپە) کە ساڵى رابردوو بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى و سەرۆکایەتى بەشداریان تێدا کرد. حەسەن ئۆزگەنوش وتى «هزرى مەهەپە نکوڵیکردن و ئینکارکردنى کوردە، ئیستاش ئەردۆغان بەهەمان شێوە سیاسەت دەکات و دەیەوێت دەنگى ئەوان بەلاى خۆیدا رابکێشێت، بەڵام ئێمە پێمانوایە ئەو قسانەى ئەردۆغان دەبێتە هۆى کەمبونەوەى دەنگى ئەکەپە بەتایبەت بە ناوچەکانى باکورى کوردستان». جگە لە ناوى کوردستان لە ئێستادا بەرپرسانى ئەکەپە لەسەرووى هەموویانەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختدەکەنەوە کە ئەگەر هەدەپە لەو ناوچانە سەرکەوتن بەرجەست بهێنێتەوە کە دەوڵەت قەیومى بۆ داناون و بەشێوەى پێش‌و مامەڵە بکەنەوە، ئەوا جارێکى تر قەیومیان بۆ دادەنێتەوە. قەیوم بەو کەسانە دەوترێت کە حکومەتی تورکیا لە دەرەوەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی شارەوانیەکان دایاندەنێت ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکە هەڵبژیردراوەکان تۆمەتبار دەکات بە پشتگیری پەکەکە. تورکیا لە 14/8/2016 یاسای قەیومی لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرد. بەپێی یاساکە ئەو سەرۆک شارەوانیانەی پشتگیری‌یان لە پەکەکە کردوە، دەسەڵات بە وەزارەتی ناوخۆ دراوە سەرۆک شارەوانییەکان لەکار دوور بخاتەوە و لە شوێنەکەی ئەو کەسێکی دیکە، کە لەلایەن دەوڵەتەوە دەستنیشانکراوە دادەمەزرێنرێت. لەکۆی ١٠٤ سەرۆک شارەوانی ناوچەکانی باکوری کوردستان، زیاتر لە ٩٠ سەرۆک شارەوانی لە هەدەپە سەنراوەتەوە و سەرۆکەکانیان یان زیندانی کراون یان لەکارەکانیان دورخراونەتەوە بە پاساوی جۆراوجۆر کە دیارترینیان لایەنگریکردنی پەکەکەیە. ئامانجی سەرەکی هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا بەدەستهێنانەوەی ئەو شارەوانییانە و بەدەستهێنانی شارەوانی زیاترە. حەسەن ئۆزگەنوش وتى «٩٦ شارەوانیى ئێمە دەوڵەت قەیومى بەسەردا سەپاندوون، دەمانەوێت ئەو شارەوانییانە بەدەستبهێنینەوە، لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک شارەوانى دیکەى شار‌و شارۆچکەکان، تەنانەت لەناوچە تورکییەکانیش، بە گشتى چاومان لە ١٢٠ بۆ ١٣٠ سەرۆک شارەوانییە کە بەدەستى بهێنین». جەختیشیکردەوە، باسکردنى دانانەوەى قەیوم لەلایەن ئەردۆغانەوە بۆ ترسانى ئەکەپە و گەلى کوردە، دەیەوێت پێیان بڵێت کە ئەگەر دەنگیش بدەنە هەدەپە سودى نییە و ئەوان قەیوم لە ناوچەکانیان دادەنێن «بەڵام با بزانن کە ئەمجارە هەدەپە و گەلى باکور دانانى قەیوم لەشوێنى ئەو کەسانەى هەڵدەبژێردرێن قبوڵ ناکەن». وتیشى «جگە لەوەش لەرووى نێودەوڵەتییەوە پێناچێت جارێکى تر ئەوە قبوڵ بکرێت بەتایبەتى لە ئێستادا کە تورکیا لەرووى نێودەوڵەتییەوە بارودۆخی خراپە و رەخنەى لێدەگیرێت لەسەر پرسی پێشێلکردنى مافى مرۆڤ». ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەدەپە کە گەورەترین پارتی کوردییە لە تورکیا جیاوازە، بەو پێیەی لە دۆخێک‌دا بەڕێوەدەچێت کە بەشی زۆری پەرلەمانتار و سەرکردەکانی لە زینداندان و ئەو شارەوانییانەشی لێسەنراوەتەوە کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا بەدەستی هێنابوو. بەپێی ئامارەکانى هەدەپە، لە ساڵى ٢٠١٦ەوە تا ئێستا ١٠ هەزار ئەندام و لایەنگر و بەرپرس و پەرلەمانتارى ئەو حزبە دۆسیەیان بۆکراونەتەوە و زیندانى کراون، کە لەناویاندا سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى پێشووى ئەو پارتە هەیە کە تائێستا لە زینداندایە. بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ی ئازاری ئەمساڵ، هەدەپە لەگەڵ حەوت پارتی کوردی‌دا هاوپەیمانى بەستووە.ئەو پارتانە لەنەخشە رێگای کارکردنیاندا ئاماژەیان بەوەکردووە، دوای گۆڕینی سیستەمی سیاسی تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی و کەمبونەوەی رۆڵی پەرلەمان، گرنگە لەرێگەی شارەوانیەکانەوە بتوانن پەیامەکانیان بگەیەنن و کارەکانی خۆیان بکەن. بەتایبەتى دوای هەڵبژاردنە سەرۆکایەتی و پەرلەمانییەکەی ساڵی رابردوو، کە سیستەمی سەرۆکایەتی لەو وڵاتە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە و زۆربەی دەسەڵاتەکان لەدەستی سەرۆک کۆمار‌دا کۆکرایەوە. جگە لەو هاوپەیمانێتییە، هەدەپە هاوپەیمانێتییەکى رانەگەیەنراوى هەپە لەگەڵ پارتى گەلى کۆمارى جەهەپە بۆ هاوکاریکردنى یەکتر لەهەندێک ناوچە، تا بتوانن بەرانبەر هاوپەیمانى کۆمار بوەستەوە و لاوازى بکەن. پەرلەمانتارەکەى هەدەپە باسى لەوەکرد، لەگەڵ جەهەپە و هێزە یموکراتی و چەپەکان هەماهەنگى هەیە لەنێوانیاندا تا بتوانن لەهەندێک ناوچە هاریکارى لەنێوانیاندا هەبێت تا لەهەندێک ناوچە بتوانن سەرکەوتن بەدەستبهێنن و شارەوانى زیاتر ببەنەوە. پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە کاندیدەکانی بۆ ٤١ شار و شارۆچکە دیاریکردووە، کەدەکەونە سنورەکانی وان و ماردین و قارس و موش و بەدلیس و جولەمێرگ و ئاگری و شرنا‌خ و ئامەد و چەند ناوچەیەکی دیکە، بەڵام له‌هه‌ندێک له‌شاره گه‌وره‌کان کاندیدیان نییه. هەدەپە بۆ ئەم هەڵبژاردنە چەند کەسێکی کاندیدکردووەتەوە بە ئامانجی کۆکردنەوەی دەنگی زۆر، کە یەکێک لە دیارترینیان ئەحمەد تورک سەرۆکی پێشووی شارەوانی گەورەی ماردینە کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا لەساڵی ٢٠١٤دا ١٨٠ هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام دوو ساڵ دواتر لەلایەن ئەنقەرەوە لەسەرکار لادرا و کەسێکی دیکە وەکو قەیوم لەشوێنی دانرا. بەپێی ئەنجامی راپرسییەکی ناوەندی سامەر کە بنکەکەی لە شاری ئامەدی باکوری کوردستانە و لە ١٦ پارێزگای باکوری کوردستان ئەنجامدراوە ، دەنگەکانی هەدەپە لە پێنج ساڵی رابردوودا بەڕێژەی لەسەدا شەش زیادیکردووە و هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ دانانی دوبارەی قەیوم لەسەر ئەو شارەوانیانەی هەدەپە بەدەستیان دەهێنێت کاریگەری دروستنەکردووە. هەدەپە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی رابردووی تورکیا توانی بەربەستی لەسەدا ١٠ بۆچونە پەرلەمان ببڕێت، سەرەڕای ئەو فشارانەی روبەڕووی ببووەوە، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش دەیەوێت دەنگەکانی زیاد بکات بەتایبەت لەشارەکانی باکوری کوردستان.
شاناز حه‌سه‌ن مریه‌م جه‌لیل، ته‌مه‌ن 82 ساڵ، دانیشتوى قه‌ڵادزێ یه، به‌چاوى پڕ فرمێسک و به‌ده‌نگێکى له‌رزیوه‌وه باسی له‌و ساتانە کرد کەچهند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر کاتێک دراوسێیه‌کى دووگیان بووه، به‌سه‌ر منداڵه‌وه ڕۆیشت و گیانى له‌ده‌ستداوە بەڵام منداڵەکەی کە کچ بوو وەکو یادگاری بۆ مەریەمی بێ منداڵ مایەوە. مەریەم دەڵێت پێش ئەوەی ئەو کچە هەڵگرێتەوە خەریک بووە ژیانی لێتێک بچێت، وتی «وه‌ک کاڵایه‌کى بێ سود سه‌یر ده‌کرام، چاوه‌ڕێ بووم، هه‌ر ڕۆژێک بێت، فڕێ بدرێم». مریه‌م دوو پرچه سپیه‌که‌ى به‌سه‌ر شانی‌دا هاتبونه خواره‌وه، به زه‌رده‌خه‌نه‌کانی، هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ى چاوه پڕ فرمێسکه‌کانی ده‌دا دواى ئه‌وه‌ى بیره‌وه‌ریه‌کانى گێڕایه‌وه ده‌ستى کرد به گریان. ئه‌گه‌رچی کچه‌که‌ى هه‌ڵگرته‌وه‌و گه‌وره‌ى کرد، به‌ڵام ئێستاش ئازارى بێ منداڵى له‌دڵیدا وه‌کو برینێکى قووڵ ماوه‌ته‌وه، وتی»ئه‌م کچه‌م شوێنی 10 کوڕه بۆمن، به‌ڵام ئازارى دڵ شکاندن ده‌رمانى نیه«. سەرەتا بۆ مەریەم ئاسان نەبوو کچەکە هەڵگرێتەوە چونکە باوکی کچەکە پیینەداوە «شه‌وان تا به‌یانى گوێم له‌گریانى منداڵه دایک مردووه‌که بوو، بەڵام باوکەکەی نه‌یده‌دا به که‌س، ده‌یگوت خۆم و کچه‌که‌م به‌خێو ده‌که‌م». بەلام هەرچۆنیک بوو توانیان رازی بکەن ئەو مندالە گەورە بکەن. ئەوەش دوای ئەوەی مندالەکە لە باوەشی مریەمدا گریانەکەی وەستاوەتەوەو بێدەنگ بووە. باوکى منداڵه‌که به بارودۆخى ئه‌م ژنه‌ى زانیوه کە منداڵی نابێت کاتێکیش بینیویەتی منداڵه‌که له باوه‌شیدا ژیر بۆته‌وه به مریه‌مى وتووه «به شاهیدى مه‌لا ئه‌و منداڵه بۆخۆت و هیچ کات ناڵێم کچى منه«. مریه‌م خۆى بۆ ڕانه‌گیراو به قوڵپى گریانه‌وه وتی «دوای وه‌رگرتنى ئه‌و منداڵه بومه‌وه به کچى 14 ساڵان». مریه‌م منداڵه‌که‌ى ناونا ژیان و له‌گه‌ڵ مێرده‌که‌ى ژیانێکى نوێیان ده‌ستپێکردووه و وتى «ئێستا کچه‌که‌مان شووى کردووه و دوو منداڵى هه‌یه«. که‌سانێکى وه‌کو مه‌ریه‌م کاتێک منداڵیان نابێت دواى ئه‌وه‌ى چه‌ندین جار سه‌ردانى پزیشک ده‌که‌ن، دواتر منداڵى دایک مردوو یا فڕێدراو هه‌ڵده‌گرنه‌وه‌و گه‌وره‌ى ده‌که‌ن و ده‌یکه‌نه منداڵى خۆیان. له‌ساڵى هه‌شتا و نه‌وه‌ده‌کاندا تەنها ئه‌و منداڵانەی دەبرانە دەبرانە خانه‌ى چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تى که دایک یان باوک، یان هه‌ر دووکیان نەماون، به‌ڵام له‌ئێستادا بەشێک لە منداڵه‌کان دایک و باوکیشیان ماوه‌و لەوی سەرپەرشتی دەکرێن و زۆرجار کەسانی تر هەڵیاندەگرنەوە. لەسەرەتای ئەمساڵەوە چەنین منداڵ لەهەولیرو کەرکوک و گەرمیان لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە فڕێدراون و هەندێکیان گیانیان لەدەستداوە. هەندێ جار ئەو منداڵانەی فڕی دەدرێن پێش ئەوەی گیان لەدەست بدەن کەسانێک دەیانگرنە خۆیان. یان منداڵانێک کە ساواییان بەجێهیشتوەو کەسوکار لەدەستدەدەن دەخرێنە خانەی بێسەرپەرشتانەوە کە لەپارێزگاکانی کوردستاندا هەن و منداڵە بێ سەرپەرشتەکانی تێدا بەخێودەکرێن. «هه‌ر که ده‌ستمدایه ئاوه‌که گوێم له ده‌نگى گریانى منداڵێک بوو». حه‌لاو بابه‌کر 63 ساڵه، خه‌ڵکى سلێمانیه وتی کاتێک بەیانێک زوو هەستاوە بۆ نوێژی بەیانی دەنگی منداڵەکە رایچەڵەکاندوە، «یه‌کسه‌ر هه‌ستام و ڕامکرد به‌ره‌و ده‌نگه‌که«. خانوه‌که‌ى حەلاو ئه‌وکات له‌نێوان مزگه‌وت و شوێنى پاسه‌کانى گه‌ڕه‌کی شەهیدانی سلێمانی بوو، منداڵەکەیان له‌بن ده‌رگاى حه‌وشه‌که‌یاندا دانابوو، بینی کە لەباوەشی شۆفێرێکی پاسدایە، «یه‌کسه‌ر لێم سه‌ندن و توند کردمه باوه‌ش، سوپاسى خوام کرد که‌له‌و به‌یانیه سارده‌دا ڕه‌ق نه‌بۆته‌وه«. حه‌لاو وتی کە بیست ساڵ به خه‌مى بێ منداڵیه‌وه ژیاوه و «ئەگەرچی لەو ماوەیەدا ده‌ژیاین، به‌ڵام تروسکایى له دڵمدا نه‌بوو». ئه‌م ژنه له‌وه ترساوه ڕۆژێک بێت، که‌سێک ڕاستیه‌که به‌کچه‌که‌ى بڵێت و هه‌ر بۆیه لێى نه‌شاردۆته‌وه. وتیشى» له‌و سه‌رده‌مه‌ى ئیمه‌دا منداڵ فڕێدان زۆر بووه، هه‌ریه‌که‌و به هۆکارێک منداڵیان فڕێ ده‌دا، به‌ڵام که لێت بپرسینایه هه‌مووى بۆ هۆکارى هه‌ژارى ده‌گێڕایه‌وه«. ئیستا کچه‌که‌ى که ناوى به‌نازه له زانکۆ ده‌خوێنێت، بەناز بە وت «ڕه‌نگه دایکى خۆشم به‌خێوى کردمایه، وه‌ک دایکه حه‌لاو بۆم باش نه‌بوایه«. هەندێک لەو منداڵانەی فڕێدەدرێن دەبرێنە خانه‌ى نه‌وجه‌وانانى کچان و کوڕان کە له ساڵی 1981دا دروست کراوە، کە یەکێکە له‌به‌شه‌کانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تى. ئەم خانەیە له‌ساڵى 2014دا به‌شى ساوایانى بۆ کراوه‌ته‌وه، منداڵى یەک رۆژە بۆ چوارساڵ له‌خۆده‌گرێت. له ئیستادا ئه‌و خانه‌یه 48 منداڵى تێدایه، که به‌شى ساوایان 16 منداڵى له‌خۆ گرتووه به‌شى کچان له‌ته‌مه‌نى چوار بۆ هه‌ژده ساڵى تێدایه که‌نۆ کچى تێدایه و کوڕانیش 23 کوڕى له‌خۆ گرتووه. سه‌رنج حمه سەعید، به‌ڕێوبه‌رى چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تى، له‌باره‌ى ئه‌و منداڵانه‌ى که له‌م خانهیهدان بە وت»له‌م خانه‌یه‌دا زیاتر ئه‌و منداڵانه‌ى که باوانیان نادیاره بەخیودەکرێن». ماوه‌ى دوو ساڵه به‌شێکى تایبه‌ت کراوه‌ته‌وه وه‌ک پڕۆژه‌یه‌کى ئه‌زمونى به‌ناوى هۆبه‌ى خێزانى 10 منداڵ دراون بەخێزانی تر بەخێوبکرێن، 14 خێزانیش ئاماده‌کراوه بۆ ئه‌وه‌ى له‌م ڕێگه‌یه‌وه منداڵێک وەرگرێت و به‌خێوی بکات. سەرەتا خێزانه‌که ئاماده کرێت له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌که‌وه که توێژه‌رى ده‌رونى و کۆمه‌ڵایه‌تى ڕێنمایى ده‌کات، به‌گوێره‌ى خێزانه‌که منداڵێکى گونجاویان پێ ده‌درێت، به‌ڵام ناتوانرێت بکرێت به‌ناوى خێزانه‌که‌وه، جونکه خێزانه‌که ته‌نیا خێزانى بهخێوکهرن، ئه‌م هۆبه‌یه بۆ ئه‌و منداڵانه‌یه که دایک و باوکیان هه‌یه‌و بەهەر هۆکاریک بێت نایگرنەخۆ. له سه‌ره‌تاى کردنه‌وه‌ى به‌شى ساوایان لە خانەکە 120 منداڵ براونەتە ئەوێ، کە ١٢ مناڵیان هەڵگیراونەتەوە لەلایەن خیزانی ترەوە بەتایبەتی ئەوانەی باوانیان نادیارن. خیزانەکان زیاتر منداڵی کچ لە خۆدەگرن، بۆیە له‌م خانه‌یه‌دا منداڵى کوڕ زیاتره، لێپرسراوى به‌شه‌که‌ش هۆکاره‌که‌ى بۆ ئهوهگێڕایهوه که زۆربه‌ى خێزانه‌کان به هه‌ر شێوازێک بێت، کچه‌که به‌خێوده‌که‌ن و وتی «له‌به‌رئه‌وه‌ى کچه‌که له ده‌ره‌وه توشى کێشه نه‌بێت، کوڕه‌که ده‌هێننه ئه‌م خانه‌یه«. شێرکۆ عارف لێپرسراوى خانه‌ى کوڕان وتیشى به‌شێوازێکى زۆر ڕێک وپێک به‌خێوده‌کرێن و به‌رده‌وام خولى جیاواز جیاوازیان بۆ ده‌که‌ینه‌وه‌و 12 کوڕیان له خوێندنگه‌ن و وه‌ک هه‌ر منداڵێکى ئاسایى دهچنهخوێندن و چوار له‌و منداڵانه‌ش له باخچەی ساوایانن. ئه‌وه‌شى ڕونکرده‌وه که منداڵه‌کان له‌هه‌ر ڕه‌گه‌زو نه‌ته‌وه‌یه‌ک بن لاى ئه‌وان جیاوازى نیه، ئێستا چوار منداڵى عه‌ره‌بیان هه‌یه و پێشتریش سورى و منداڵى ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتى و ئهفغانیهکیان هه‌بووه. ئه‌بوبه‌کر نه‌جم که‌ماوه‌یه‌کى زۆره له‌ناو دادگاى سلێمانیدایه و کار له‌سه‌ر ئه‌و داوایانه ده‌کات، به‌پێى یاساى چاودێرى نه‌وجه‌وانان هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى منداڵیان له‌ڕێگه‌ى دادگاوه ڕێکخستووه‌و وتی «بۆئه‌وه‌ى به شێوه‌یه‌کى زۆر عه‌داله‌ت بڕوات، سیسته‌مى ناو نوسین و نۆره په‌یڕه‌و ده‌که‌ین». ئه‌وه‌ى ڕونکرده‌وه که هه‌ر منداڵێک سه‌ره‌تا ده‌دۆزرێته‌وه له ڕێگه‌ى بنکه‌ى پۆلیسه‌وه دادوه‌ر ئاگادار ده‌کرێته‌وه لهوخانهیه به‌خێو ده‌کرێت،تا خاوه‌نى ده‌دۆزرێته‌وه یان ده‌درێته خێزانى به‌خێوکه‌ر. ئه‌م توێژه‌ره له‌وه‌ش دوا له‌کۆندا داواکارى له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى منداڵ که‌م بووه، بۆیه ڕاسته‌وخۆ ده‌درایه خێزانه‌که‌و به‌ڵام له‌دواى ساڵی 2005ـەوه «خه‌ڵک به‌لێشاو داواى منداڵیان لێده‌که‌ن. له‌ئێستادا 400 خێزان له‌ناو دادگاى سلیمانى ناویان نوسیوه بۆ منداڵ هه‌ڵگرتنه‌وه و وتیشی «که خیزانێک دێت پێى ده‌ڵێین ئه‌وه‌نده ناوت له پێشه‌وه‌یه، بۆیه ناو نانوسن، ئەگینا تائێستا ناونوسینه‌که ده‌گه‌یشته 2000. ئه‌بوبکر وتیشی «خێزانه‌کان منداڵى ساوایان ده‌وێت، چونکه حه‌زده‌که‌ن خۆیان به‌خێوی که‌ن و له‌ژێر په‌روه‌رده‌ى خۆیاندا گه‌وره‌بێت». له‌ساڵى 2007 وه تا 2018، 81 منداڵ له‌ڕێگه‌ى دادگاوه دراونه‌تە خێزان بۆ به‌خێوکردن. دکتۆر ئه‌حمه‌د شافعى، ئه‌ندامى لیژنه‌ى باڵاى فتواى هه‌ریمى کوردستان، له‌باره‌ى فڕێدانى منداڵه‌وه وتى «ئه‌و منداڵانه‌ى فڕێ ئه‌درێن، یان خاوه‌نه‌که‌ی به‌خێوى ناکات، ئه‌وه ئه‌رک و واجبێکى دینی یه له‌سه‌ر حوکمه‌ت و خه‌ڵکه‌که‌ى که نابێت فڕێ درێت و پیویسته ڕیزى لێبگیرێت، مندالەکە به‌هه‌ر شێوازێک له‌دایک بوبێت، وه‌ک منداڵێکى تر پێویسته رێزى لێبگیرێت و به‌خێوبکرێت.» ره‌حمان عەلى توێژه‌رى کۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌وه‌ى ڕونکرده‌وه که به‌پێى یاسایه‌ک که هه‌ر خێزانێک منداڵى نه‌بێت، یان منداڵى هه‌بێت و حه‌زبکات منداڵێک به‌خێوکات، له‌دواى ئه‌وه‌ى لیژنه‌ى چاودێرى خێزان خێزانه‌که هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و به‌پێى مه‌رجه‌کان ده‌توانێت منداڵێک وه‌رگرێت. ره‌حمان عەلى بە وت «ئه‌مه پڕۆژه‌یه‌کى باشه، چونکه ئه‌و منداڵانه به‌هه‌ر هۆکارێک بوبێت، هیچ ده‌سه‌ڵاتى خۆیانى تێدا نیه«. له‌باره‌ى ئه‌و خێزانانه‌ى که منداڵیان نیه، ئه‌م توێژه‌ره به «کارێکی مرۆڤایه‌تی» وه‌سفکرد که بتوانن منداڵێک به‌خێوکه‌ن. وتیشی «چونکه ماڵ و داهاتى که‌سانێک که منداڵیان نیه، دواجار له‌دواى مردنیان ده‌درێ به شوێنێکى نادیار، یان خۆیان شوێنێک دیارى ده‌که‌ن.» «هه‌موو شتێک حیکمه‌تى خۆى تێدایه، ئه‌وه‌ش حیکمه‌ته که‌سێک منداڵى نابێت و منداڵێکى تر هه‌ڵده‌گرێته‌وه که خێزانى نیه«. سه‌رنج حەمه سەعید، به‌ڕێوبه‌رى چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تى سلێمانى، وای وت ئەوەش دوای ئەوەی چەندین کەسی بینیوە باوەشیان کردۆتەوە بۆ منداڵی فڕێدراو. نه‌سرین جه‌زا، ته‌مه‌ن 47 ساڵ یه‌کێکە له‌وانە، ئەو ماوەی دوو ساڵه منداڵێکی وه‌رگرتووه و به‌خێوى ده‌کات، وتی «منداڵەکە بۆته پارچه‌یه‌ک له‌جه‌رگ و دڵم». وتیشی «ساڵانێک به‌رگه‌ى ئازارى بێ منداڵى و له‌چاوه‌ڕوانى منداڵێک‌دا ژیاوم، له چاوه‌ڕوانى منداڵ دا گه‌نجیم به‌ڕێکرد». ئه‌م ژنه خۆزگه‌ى ده‌خواست که ڕۆژێک زووتر بیزانیایه شوێنیکى ئاوا هه‌یه «هه‌ر که‌زانیم شوێنێک هه‌یه یه‌ک کاتژمێرم به فیڕۆ نه‌داو ڕام کرد». باسى له‌و ڕۆژهکرد که له‌ڕێگه‌ى دادگاوه ڕێگه‌یان داون بچن له خانه‌ى نه‌وجه‌وانان منداڵێک وه‌رگرن، که چۆن به‌تاسه‌ى یه‌که‌م بینینى کچه‌که‌یه‌وه بووه و وتی»هه‌ستم وابوو به‌ره‌و ڕووى جه‌رگى خۆم ڕاده‌که‌م». ئه‌م ژنه له‌گه‌ڵ مێرده‌که‌ى بڕیاریان داوه منداڵێک هه‌ڵگرنه‌وه و به‌خێوى که‌ن و وتی»ڕاسته له سه‌ره‌تادا له زۆربه‌ى که‌سى نزیکى خۆمم ده‌شارده‌وه، به‌ڵام دوایى بڕیارم دا که چیتر نه‌یشارمه‌وه«. هۆکارى شاردنهوهکهى بۆ ئه‌وه گێڕایه‌وه که لاى هه‌رکه‌سێک باسى کردووه پێیان وتووه «جا منداڵ هى خۆت نه‌بێت تامى چییه»، بەڵام نەسرین دەڵێت «منداڵ له‌خۆگرتن زۆر گه‌وره‌تره له منداڵ دروستکردن». پێشتر نەسرین که‌سێکى گۆشه‌گیر بووە وتی بەڵام ئێستا هه‌مووکات پێکه‌نین به ڕوخساریه‌وه ده‌بینرێت، «کاتێک خوا بێبه‌شى کردى له شتێک هه‌رگیز بێ هیوا مه‌به، چونکه له ژیاندا شتى جوانترت بۆ ده‌نێرێت».
سەندەی تایمز – هاوڵاتى وەرگێڕان لە ئینگلیزیەوە: یاد قوربانی چەقۆ لەسەر ملی، ئانی حسێن مو‌سا چاوەکانی داخست و خۆی بۆ مردن ئامادەکرد. زەبری چەقۆی جەلادەکەی داعش لەسەر ملی هێنایە سەر ئەژنۆ. گیراوێکی تر لەلایەوە سەربڕدرابوو و فیچقەی خوێن بە جلەکانی ئانیەوەبوو. ئێستا نۆرەی ئەمبوو. بەڵام چەقۆکە ملی ئەمی نەبڕی. ئانی ڕاپێچی زیندانەکەی کرایەوە کە لەلایەن منداڵێکی مێشکشۆراوەی تەمەن ١١ ساڵانەوە پاسەوانی دەکرا. مانگێک دواتر هەمان ڕووداو دووبارەبوەوە و دووبارە چۆکی پێ دادرایەوە و پێدەچوو دەربازبوون لەدەستی مەرگ مەحاڵبێت. بەڵام سەرسوڕهێنەرانە ڕزگاریبوو و هەفتەی پێشوو ئانی تەمەن ٣١ ساڵان بەسەرهاتی دوو جاری خۆی لەگەڵ جەلادێکی داعشدا گێڕایەوە. ئانی یەکێک بوو لە دەیان دیلی داعش کە لە لایەن داعشەوە دەستبەسەرکرابوون و وەک کارتی فشاری مرۆیی بەکاردەهێندران لە دواین مۆڵگەی خۆیاندا لە بیابانەکانی سوریا. داعش ژیانیانی دەختە مەزادەوە تا هێرشەکانی سەریان دوابخەن. هەندێکیان بە هەڕەمەکی هەڵدەبژێردران و سەردەبڕدران و هەندێک جار ڤیدیۆی کوشتنەکانیان لە تۆڕی ئینتەرنێت بڵاودەکرایەوە وەک چەکێکی بزێوی دانوستان. هەندێکی تریشیان لە لایەن هەندێک تیرۆرسی داعشەوە ڕزگاردەکران کە نەیاندەویست لە شەڕەکەدا بکوژرێن، تا لە بەرانبەردا ڕێگایەکی سەلامەتی ڕزگاربوون بدۆزنەوە. دانوستانەکان لەگەڵ داعش ئەم هەینیە ڕاگیرا کاتێک هێزە زۆرینە کوردیەکانی سوریای دیموکرات دواین هێرشیان بۆ لەناوبردنی سەرتاسەریی خەلافەتی داعش ڕاگەیاند. ڕاپۆرتی پێکدادانەکانی ئەم هێرشە لە ناو باغوز باس لەپێکدادانی قورس و شەڕی کۆڵان بەکۆڵان لەخۆدەگرن. ئانی ئێستا لە شارۆچکەکەی خۆیانە لەگەڵ چەند دیلێکی پێشووی داعش نزیکەی ٣٠ میل لە دەرەوەی باغوز. چیرۆکی ئەم و دیلەکانی ئەوێ چیرۆکێکی نەبیستراوی هێرشەکەی باغوزە. ئانی ئەندامی تیرەی (شێتات)ە کە تیرەیەکی بەهێزە و لە دەستپێکی شەڕی داعشەوە پەیوەندیان بە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کردووە و دژایەتی و شەڕی چەکدارییان دژ بە داعش ڕاگەیاندووە. هەرچەنە تیرەی شێتات دیندار و محافزکارن، بەڵام داعش بە توندڕەو و لەدیندەرچوو دەزانن. ئەم خوێنەی کەوتوەتە بەینی داعش و تیرەکەوە وایکردوە ئانی و خزمەکانی ببنە ئامانجی تیرۆرستانی داعش. بەڵام ئانی، لەبەر تێوەگلانی لە کاری قاچاغچیەتی لەناو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی داعشدا شەش جار لە لایەن تیرۆرستانەوە دەستگیرکراوە و چەندین مانگ ئەشکەنجەی چەشتوە. هەر شەش جارەکە لە لایەن داعشەوە ئازادکراوە، جارێکیش لەلایەن خێزانەکەیەوە داواکاری ڕاستەوخۆ نێردراوە بۆ داعش بۆ ڕزگارکردنی و بە فەرمانی ئەبو بەکر بەغدادی ڕزگارکراوە، بەڵام ئامۆزاکەی کە پەیامەکەی گەیاندوەتە خەلیفەکەی داعش لە جێی ئانی دەستگیرکراوە. لە مانگی کانونی دوەمی ئەمساڵدا مو‌سا بۆ جارێکی تر و لە کاتی خۆڵبارینێکی بەهێزدا دەستگیر دەکرێتەوە و لەگەڵ کۆمەڵێک خزمیدا دەنێردرێنە باغوز، «٥٣ نەفەربووین، هەموومانیان خستە کەرەڤانێکەوە و پارچەیەک پلاستیکیان بۆ داناین میزی تێبکەین. هەوا زۆر کەمبوو لە ناو کەرەڤانەکەدا. یەکێک لە پیاوەکان زۆر نەخۆشکەوت بۆ سێ ڕۆژ و شەوەکەی مرد. بۆ بەیانی قەبرێکیان لای کەرەڤانەکەوە بۆ هەڵکەند و ناشتیان. ڕۆژێکی تر پێنجیان لێ هەڵبژاردین و بردیاننە خانویەکەوە و بە فیشەک کوشتیانن.» یەکەم بەیانی لە کەرەڤانەکەدا، ئانی چاوەڕێی مەرگ بوو. تیرۆرستەکان هاتنە کەرەڤانەکەوە و لەگەڵ سێ دیلی تردا بردیاننە خانویەکی نزیک لەوێوە، جلی پرتەقاڵیان لەبەرکردن و کامێرایەکیان داگیرساند. یەکێک لە دیلەکان کە لەتیرەیەکی تربوو دواین وشەکانی وت و تیرۆرستێکی سەرتاپا ڕەشپۆش چەقۆکەی دەرهێنا و سەریبڕی، ئانی دەیزانی دوای ئەو سەرەی ئەمە. ئەو دەڵێت: «چۆکیان پێدادام و چەقۆیان خستە سەر ملم، زانیم دەمرم.» بەڵام هەڵیانساندەوە و ڕاپێچیانکردەوە بۆ کەرەڤانەکە. بەڵام ئەمە دواین ڕووبەڕووبوونەوەی نەبوو لەگەڵ مەرگدا، دەڵێت: «دوو هەفتە لەمەوبەر تیرۆرستان دووبارە هاتنەوە بۆ کەرەڤانەکە و جەلادەکەیان لەگەڵدابو. نۆ کەسیان بە گۆترە هەڵبژارد و ناوی منیان خویندەوە و بردیانینە دەرەوە. پرسیم: ‹بۆ کوێ دەرۆین؟› « جەلادەکە وتی: «بەرەو مەرگی تۆ» ئانی بیری نەدەکردەوە، ئەو دڵنیابوو دەمرێت. لە دەرەوەی کەرەڤانەکە قەبرێکی ناقوڵ هەڵکەندرابوو بۆ یەکێک لەوانەی پێشتر کوژرابوو. تیرۆرستەکان یەکی نەختێک خوێیان دانێ تا بیخەنە سەر زمانیان تا هێزیان هەبێت هەستنە سەرپێ و دوا نزاکانیان بکەن. هەموویان خستنە پاسێکی بچوکەوە و بردیاننە سنورەکانی دەرەوەی باغوز، لەوێ ئانی کەوتە سەر چۆک و جەلادەکەی داعش پاڵی بەسەریەوە نا بۆ سەر زەوی. بە بەرخۆیەوە ئانی دوا نزاکانی کرد. «ڕاکەن،» یەکێک هاواری کرد و دەستەکە لەسەر پشتی نەما. جەلادەکەی داعش لەوێ نەمابوو و ئانی و دیلەکانی تر بەرەو چاڵێکی گەورە لە پێشیانەوە ڕایاندەکرد. لەوبەرەوە چەکدارەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان لێدیاربوون. داعش ئازادی کردبوون. «ڕامکرد و باوەشم بە هەموواندا کرد، ژیانم دووبارە دەستی پێکردەوە. لە ماوەی ١٠ خولەکدا لە مەرگەوە بۆ ژیان گەڕامەوە.» ئەو ئێستا سەیارەکەشی لە داعش دەوێتەوە کە لێیان بردبوو، دەڵێت بۆ ئیش پێویستمە. لە کانوونی یەکەمی ساڵی پارەوە تا ئێستا هێزەکانی سوریای دیموکرات زیاد لە ٤٠ هەزار هاوڵاتی سڤیلیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی داعش ڕزگارکردوە بەڵام پلانی ڕزگارکردنەکەی ئانی نزیکەی سێ هەفتە بەر لە ئێستا دەستی پێ‌کرد. سەرکردەیەکی جەزائیری داعش کە ناوی لە خۆی ناوە (ئەبو عایشە ئەل جەزایری) لە ڕێی تۆڕی پەیوەندیی (وەتس ئاپ)ەوە پەیوەندی بە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کردوە و داوای کردوە شەڕو بۆردمانەکان ڕاگرن تا دەست بە دانوستان بکەن. لەبەرانبەردا داعش ڕازیبووە کە دیلەکان ڕزگاربکات. لە ڤیدیۆیەکدا کە هەفتەی پێشوو بڵاوبوەتەوە، بەرپرسێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە چەند شەڕکەرێکیان دەڵێت، کە پێشتر دیلی داعش بوون، کە شەڕ ڕاگیراوە تا ئەوان ئازادبکرێن. بەڵام ئەم بابەتە هەستیارە و بەرپرسێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕەتی دەکاتەوە کە هیچ دانوستانێک ڕووی دابێت.
هاوڵاتى – لۆڤا محەمەد هێلین جەزا زۆرجار پرسیاری شەرعی تایبەت بەژنانی هەبووە بەڵام شەرمی کردوە لای مەلایەکی ئاینی پیاو پرسیارەکانی بکات، بۆیە دەستبەرداری دەسکەوتنی وەڵامەکانی دەبوو. هێلین وتی «چەندین پرسیارم لە ناخی خۆمدا حەشارداو ئەوەش بوو بە گرێیەک لەسەر دڵم». هێلین جەزا، ژنێکی گەنجی سلێمانیە و دڵخۆشە بەوەی کەئیتر وەڵامی ئەو پرسیارانەی دەستدەکەوێت کە لەڕابردوودا نەیدەتوانی لە پیاوانی ئاینی بکات بەڵام ئێستا دەتوانێت بە ئازادانە لەکۆمەڵێک ژن کە مۆڵەتی فەرمی زانستی شەرعیان هەیە بپرسێت و وەڵامی پرسیارەکانی ناخی خۆی دەستبکەوێت. دوو هەفتە لەمەوبەر ١١ ژن لەشاری سلێمانی مۆڵەتی زانستی شەرعییان وەرگرت، ئەم ژنانە لەمەودوا دەتوانن مارەبڕینی كوڕان و كچان ئەنجامبدەن و تەفسیری قورئان و زانستەکانی حەدیس و فەقهی ئیسلام بکەن و وەڵامی شەرعی پرسیاری ژنان بدەنەوە. ئەوەش بۆ یەكەمجارە لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی، کە ژنان بتوانن ئیجازەی زانستی شەرعی وەرگرن و بتوانن ژن مارەببڕن، لەکاتێکدا لە وڵاتیکی وەکو سعودیە بەم دواییانە ریگە بە ئافرەت درا ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت. هێلین بە هاوڵاتى وت «ئەو پرسیارانەی کە شەرمم دەکرد لە پیاوێکی ئاینی بپرسم، ئێستا زۆر بە ئازادانە و بێ دودڵی دەتوانم لە ژنانی بپرسم و وەڵامەکانم دەستبکەوێت، ژن باشتر لەژن تێدەگات وەک لە پیاوێک، هەربۆیە هیوادارم ژمارەی ئەو ژنانە زۆر بێت تاوەکو بە ئاسانی بتوانین کە پێیان بگەین، هیوادارم کە ئەم ژنانە لە ڕادیۆ و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەرنامەی تایبەت بە خۆیان هەبێت تاوەکو بتوانین پەیوەندیان پێوە بکەین. ئەم ژنانە دوو جۆر خوێندنیان کردووە، یەکێکیان خوێندنی ئەکادیمی حکومی کە لەپۆلی یەکی سەرەتایی تاوەکو ١٢ی ئامادەییە، دواتریش کۆلیژی زانستە ئیسلامیەکانیان تەواو کردووە لەشاری سلێمانی. سەرجەمی ئەو ژنانە بەکارلۆریۆسیان هەیە. خوێندنی دووەمی ئەو ژنانەش خوێندنی حوجرەیە، کە ٧-٨ ساڵ زانستی فیقهـ و تەفسیر و حەدیس و زمان و نەحو سەرفی عەرەبی و مەنتق و بەلاغەیان خوێندووە. ئەحمەد شافیعی، کە سەرپەرشتی پێدانی مۆڵەتی شەرعی بەو ژنانە داوە بە هاوڵاتى ڕاگەیاند «دوای تاقیکردنەوە و ئەنجامدانی دوو بەحس بە باشمانزانی کە مۆڵەتی زانستی شەرعیان پێبدەین». وتیشی «ژنان پرسی شەرعیان هەیە و شەرم دەکەن کە لە پیاوانی بکەن، بۆیە ئەم ژنانە شارەزان لە بواری فیقهـیدا و دەتوانن وەڵامی باشتری ئەو ژنانە بدەنەوە، هەروەها ئەم ژنانە دەتوانن لە مزگەوت یاخود خوێندنگاکان‌دا وانەی زانستی شەرعی بە ژنان و کچان بدەن وەک مامۆستایەکی ئاینی، ئەم ژنانە دەتوانن پێشنوێژی بکەن و وتاریش بدەن، بەڵام ئەمە کاتێک دەبێت کە مزگەوتەکە تایبەت بێت بەژنان نەک لەمزگەوتی پیاواندا». ئەم کارە زانایانی ئاینی سەر بە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پێی هەستاون، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٤ وەکو حزبێکی ئیسلامی بێچەک خۆی راگەیاند، یەکەم حزبی ئیسلامی بووە کە ئافرەتی بردۆیە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی حزبەکەی. سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دوای مەراسیمی بەخشینی بڕوانامە بەو ژنانە لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكاران ئاماژاەی بەوەکرد، ئەو كارە یەكێكە لە كارە گرنگەكانی زانایانی حزبەكەی و بە «پڕۆژەیەكی نەوعی جیاوازە» ناویبرد. هەروەها وتی کە ئەوە یەكێك بووە لە ئاواتەكانی خۆی کە ببینێت ئافرەتانی شارەزا لەزانستی ئیسلامیەکان دەتوانن وەڵامی پرسیارە شەرعیەکانی ژنان بدەنەوە. بەپێی مۆڵەتە شەرعیەکانیان جگە لەوەی ئەو ژنانە دەتوانن هاوشێوەی پیاوان ئیمامەتی بکەن، ئەو ١١ ژنە دەشتوانن مارەی کچان و کوڕان ببڕن، ئەوەش دوای بە جێگەیاندنی گرێبەستەکەیان لەڕووی یاساییەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە پیش‌تر تەنها پیاوان ژنیان مارە دەبڕی. بەپێی مۆڵەتە شەرعیەکانیان ئەم ژنانەش توانای چاککردنەوەی تەڵاقی پیاوانیان هەیە، ئەحمەد شافیعی وتی «زۆرجار لەنێوان هاوسەراندا دەمەقاڵێ ڕوودەدات و لە زمانی پیاوەکەوە تەڵاق دێتە دەرەوە، بەڵام ئەم ژنانە دەتوانن وەک مامۆستایانی ئاینی پیاوان ئەو تەڵاقە چاکبکەنەوە و هاوسەرەکان ئاشتبکەنەوە». سەبارەت بەناوی ئەو ژنانە لەزانستی شەرعیدا، ئەحمەد شافیعی دەڵێت «بە پیاوان دەوترێت مامۆستایانی ئاینی و مەلا، بەڵام بەو ژنانە دەتوانرێت بوترێت مامۆستای ئافرەت و شارەزا لەبواری فقهی ئیسلامی‌دا.» قەدریە سەید عەلی، یەکێکە لەو ١١ ژنەی کە مۆڵەتی زانستی شەرعی (ئیجازەنامەی زانستی شەرعی) بە هاوڵاتى وت «وەرگرتنی ئەو مۆڵەتە زۆر دڵخۆشی کردم، لەماوەی تەمەنم هەر شتێکم بەدەستهێنابێت بە ئەندازەی بەدەستهێنانی ئەم مۆڵەتە شەرعیە دڵخۆشی نەکردووم». وتیشی «هەموو ئەو زانستانەی کە مامۆستایەکی ئاینی پیاو دەیخوێنێت بۆ ئەوەی ببێت بە وتاربێژ ئەوا ئێمە خوێندومانە، هەربۆیە ئەوەی مامۆستایەکی ئاینی پیاو دەتوانێت بیکات ئەوا ئێمەش وەک ئەو ١١ ژنە دەتوانین بیکەین، جگە لە پێشنوێژی کردن لە مزگەوتی پیاوان، کە ئەگەر مزگەوتی تایبەت بە ژنان هەبێت ئەوا دەتوانین کە پێشنوێژیش بکەین و وتاریش بدەین». وتیشی» بۆچی دادوەری ژن دەتوانێت لە دادگادا کچان و کوڕان مارە بکات، بۆچی ئێمە نەتوانن ئەو کارە بکەین، لە کاتێکدا مۆڵەتەکەمان ڕێگە بەوە دەدات، بۆیە ئامادەین بۆ ئەو کارەو لە هەرکاتێکدا بانگبکرێین دەچین، بۆیە چاوەڕێی ڕاهاتنی کۆمەڵگەین بەوەی کە ئێمە بتوانین مارەیان ببڕین». هەڵاڵە محەمەد، یەکێکی دیکە لەو ژنانە کە ئیجازەی شەرعی وەرگرتوە پیش ئەوەی مۆڵەتی شەرعی وەرگرێت لەلایەن ئافرەتانەوە پرسیاری شەرعیان لێکراوە، بەڵام ئاماژە بەوەدەکات لە دوای وەرگرتنی مۆڵەتەکەوە ئەو پرسیارە شەرعیانەی رووبەڕووی دەکرینەوە زۆرتر بوون. ئەگەرچی هەتاوەکو ئێستا داواکاری مارەبڕینی کچان و کوڕانی بۆ نەهاتووە، بەڵام هەڵاڵە محەمەد، بە هاوڵاتى وت «ئەگەر هەر داوایەک بێت ئەوا ئامادەین و زۆرباش دەتوانین بە ئەنجامی بگەیەنین». وتیشی «بۆ ئەوەی وەڵامی تەواوی ژنان بدەینەوە هەبوونی بەرنامەیەکی تایبەت بە خۆمان لەکەناڵ و ڕادیۆکان گرنگی خۆی هەیە، لەبەرئەوەی ژنان خۆیان دەتوانن وەڵامە شەرعیەکان و غەیرە شەرعی و کۆمەڵایەتیەکانی ژنان بدەنەوە».
هاوڵاتى کوردانى رۆژئاواى کوردستان دواى چه‌ندین ساڵ شه‌ڕى سه‌خت به پاڵپشتى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى له‌دژى داعش، له‌سه‌رکه‌وتنى کۆتایی به‌سه‌ر ئه‌و رێکخراوه‌دا نزیکبوونه‌ته‌وه، به‌ڵام هێشتا دڵنیانین له ماف و چاره‌نوسیان له‌و وڵاته که کۆنتڕۆڵى سێیه‌کى خاکه‌که‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه. ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌یه‌که هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات هێرشه‌کانیان بۆ سه‌ر داعش چڕکردووه‌ته‌وه و ئه‌و رێکخراوه‌یان له دوایین پێگه‌ى بچوکیدا له گوندى باغۆزى سه‌ر سنورى سوریا و عێراق گه‌مارۆداوه. شه‌ڕڤانان پێشڕه‌وى گه‌وره‌یان کردووه، به‌ڵام به‌هۆى بوونى هاوڵاتییه‌کى زۆرى مه‌ده‌نى که داعش وه‌کو قه‌ڵغانى مرۆیی به‌کاریان ده‌هێنێت پێشڕه‌وییه‌کانیان خاوکردووه‌ته‌وه و ده‌یانه‌وێت به‌هێواشى دوایین پێگه‌ى داعش کۆنتڕۆڵبکه‌نه‌وه که له ساڵى 2014ه‌وه ده‌ستى به‌سه‌ردا گرتووه. له‌گه‌ڵ نزیکبوونه‌وه‌ى کۆتایی هاتنى داعش له‌رووى سه‌ربازییه‌وه، سیاسه‌تمه‌دارانى رۆژئاواى کوردستان جه‌ختده‌که‌نه‌وه که ده‌بێت کۆتایی به ئایدۆلۆژیاى توندڕه‌وى داعش بهێنرێت که به‌درێژایی زیاتر له چوار ساڵ به‌سه‌ر خه‌ڵکى ئه‌و ناوچانه‌دا سه‌پاندویه‌تى که به‌ده‌ستییه‌وه بووه. ساڵح موسلیم سیاسه‌تمه‌دارى دیارى رۆژئاواى کوردستان پێیوایه، گره‌نتى سه‌رهه‌ڵنه‌دانه‌وه‌ى داعش ئه‌وه‌یه له‌رووى ئایدۆلۆژییه‌وه به‌ره‌نگارى ئه‌و رێکخراوه ببنه‌وه و کۆتایی پێبهێنرێت، "چونکه ته‌نها له‌رووى سه‌ربازییه‌وه ئه‌وه به‌س نییه و پێویسته به‌ره‌نگارى ئه‌وانه‌ش ببینه‌وه که سودیان له ئایدۆلۆژیاى ئه‌و وڵاته وه‌رگرتووه بۆ ده‌ستکه‌وتى خۆیان". ساڵح موسلیم خۆى به‌دورگرت له پێشبینیکردنى وردى واده‌ى رگهیاندنى کۆتایی هاتنى داعشدا "ناتوانم پێشبینى واده‌یه‌ک بکه‌م بۆ کۆتایی هاتنى داعش له سوریا له‌رووى سه‌ربازییه‌وه، چونکه ئه‌وه پرسێکى سه‌ربازییه و په‌یوه‌ندى به هێزه‌کانى سوریاى دیموکراته‌وه هه‌یه". جگه له به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى ئایدۆلۆژیاى داعش، کورد له سوریا که رۆڵى سه‌ره‌کى هه‌بوو له‌شه‌ڕى دژى داعشدا، ده‌یه‌وێت رۆڵى هه‌بێت له داهاتووى سوریادا و مافه‌کانى پارێزراوبێت، تا جارێکى تر روبه‌ڕووى پێشێلکارى مافه‌کانى نه‌بێته‌وه له‌و وڵاته. ساڵح موسلیم وتى "یه‌کێک له گرهنتییهکانى سه‌رهه‌ڵنه‌دانه‌وه‌ى داعش له سوریا ئه‌وه‌یه پشتیوانیکردنى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات به‌رده‌وام بێت و مافه‌کانى کوردیش له سوریا بچه‌سپێنرێت که تا ئێستا ئه‌وه بوونى نییه". چاوهڕواندهکرێت دواى کۆتایی هاتنى ته‌واوه‌تى داعش له سوریا، پرسی نوسینه‌وه‌ى ده‌ستورى نوێی بۆ سوریا خێراتر بێت، که ماوه‌ى چه‌ند مانگێکه به‌سه‌رپه‌رشتى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان هه‌نگاوه‌کان له‌و باره‌یه‌وه ده‌ستیپێکردووه. لایه‌نه ناکۆکه‌کانى سوریا هه‌ریه‌که‌یان داواکارى جیاجیایان هه‌یه، رژێمى ئه‌سه‌د جه‌خت له ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ندى و کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ى ته‌واوه‌تى خاکى سوریا ده‌کاته‌وه، کوردیش داواى سیسته‌مێکى ناناوه‌ندى ده‌کات تا سیسته‌مى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى پارێزراوبێت. سیسته‌مى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى رۆژئاواى کوردستان ماوه‌ى چه‌ند ساڵێکه دامه‌زراوه، که خاوه‌نى ئیداره و یاسا و سیسته‌مى تایبه‌ت به‌خۆیه‌تى. جاویدان حه‌سه‌ن نوێنه‌رى کانتۆنه‌کانى خۆرئاواى کوردستان له هه‌رێم به هاوڵاتى وت "گره‌نتى پاراستنى ئیداره‌ى رۆژئاوا له‌دواى داعش ئه‌وه‌یه دانبنرێت به مافه‌کانى کورد و له رووى نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه گره‌نتى هه‌بێت و له ده‌ستورى نوێی سوریادا دان به مافه‌کانى گه‌لى کوردا بنرێت". کوردانى سوریا ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌یه‌که جۆرێک له دڵنیاییان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه، دواى ئه‌وه‌ى ئه‌مریکا بڕیاریدا به‌شێک له هێزه‌کانى له‌ناوچه‌کانیان بهێڵێته‌وه، له‌کاتێکدا بڕیاره‌که‌ى پێشووى ئه‌و وڵاته بۆ کشانه‌وه‌ى ته‌واوه‌تى هێزه‌کانى نیگه‌رانى کردبوون. به‌پێی بڕیاره‌که‌ى ئه‌مریکا، 400 سه‌رباز له باکور و رۆژهه‌ڵاتى سوریا ده‌هێڵرێته‌وه له‌دواى کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانیان له‌و وڵاته، که 200 سه‌ربازیان له رۆژئاواى کوردستان جێگیرده‌کرێن. به‌رپرسانى رۆژئاواى کوردستان هیوایان هه‌یه ئه‌و بڕیاره‌ى ئه‌مریکا هانى وڵاتانى دیکه‌ى ئه‌ندام له هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش له‌ناویاندا وڵاتانى ئه‌وروپا بدات هێزه‌کانیان له سوریا بهێڵنه‌وه، تا بۆشایی ئه‌منى دروستنه‌بێت و له مه‌ترسییه‌کانى تورکیا پارێزراوبن. جاویدان حه‌سه‌ن وتى "مانه‌وه‌ى هێز ره‌نگه بتوانیت بیکه‌یته فشار له‌سه‌ر هێزه‌کانى ئه‌م ناوچه‌یه، به‌ڵام چه‌سپاندنى ماف له ده‌ستوردا گره‌نتیی ته‌واوه‌تییه، جگه له‌وه‌ش مانه‌وه‌ى هاوپه‌یمانان بۆخۆى داناننانه به ئیراده‌ى ئه‌و هێزه و کوردا له سوریا". وتیشى "کورد ده‌سه‌ڵاتێکى ناناوه‌ندی ده‌وێت به جۆرێک له جۆره‌کان فیدراڵیه‌تى تێدا بێت، ئه‌وه‌ش ده‌که‌وێته سه‌ر دانوستانه‌کان که ده‌توانین چی به‌ده‌ستبخه‌ین". کوردەکان ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر نه‌خشه رێگایه‌کیان دایه مۆسکۆ کە تێیدا ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه هەموو ئەو ناوچانەی لەشەڕی ناوخۆی سوریاوە لە ٢٠١٢ دا لەبەهاری عەرەبیەوە بەدەستیان هێناوە تاکۆتایی شەڕی داعش بخەنەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا بەمەرجێک کەئەو وڵاتە مافی ئۆتۆنۆمیان پێبدات و ڕێگەیان پێبدات بەردەوامبن لەتاقیکردنەوەی پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەرییان. به‌ڵام داواکارى فیدراڵى له سوریا تا ئێستا له‌لایه‌ن حکومه‌تى دیمه‌شقه‌وه ره‌تده‌کرێته‌وه، به‌رپرسانى ئه‌و وڵاته ئه‌و داوایه به هه‌وڵێک بۆ دابه‌شکردنى خاکى وڵاته‌که‌یان داده‌نێن و جه‌خت له کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ى ته‌واوه‌تى سوریا ده‌که‌نه‌وه. ده‌سه‌ڵاتدارانى سوریا تا ئێستا وه‌ڵامى داواکانى کوردانى رۆژئاوایان نه‌داوه‌ته‌وه بۆ ده‌ستپێکردنى دانوستان له‌سه‌ر گه‌یشتن به چاره‌سه‌ر له‌سه‌ر مافه‌کانى کورد، له‌دواى کۆتایی هاتنى ته‌واوه‌تى داعش له سوریا، له‌کاتێکدا کورد به‌په‌رۆشه بۆ ده‌ستپێکردنى دانوستانه‌کان. جاویدان حه‌سه‌ن ده‌ڵێت وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ى داواکان بۆ دانوستان عه‌قڵیه‌تى دیکتاتۆرى به‌شار ئه‌سه‌د ده‌رده‌خات که ده‌یه‌وێت هه‌موو خاکى سوریا کۆنترۆڵ بکاته‌وه "ئێمه بۆ دانوستان ئاماده‌ین، به‌ڵام سوریا وه‌ڵام ناداته‌وه". ئه‌نجومه‌نى سوریاى دیموکرات که ده‌سه‌ڵاتى مه‌ده‌نى سیسته‌مى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى رۆژئاواى کوردستانه له ئێستادا هه‌وڵه‌کانى چڕکردووه‌ته‌وه بۆ رۆڵبنین له چاره‌سه‌رى سیاسی قه‌یرانى سوریا، به‌جۆرێک که مافه‌کانى کورد و پێکهاته‌کانى دیکه‌ى تێدا پارێزراوبێت. سیهانوک دیبو ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجومه‌نى سوریاى دیموکرات مه‌سه‌ده پێیوایه، ریشه‌کێشکردنى تیرۆر‌و گروپه چه‌کدارییه‌کان و وشککردنى سه‌رچاوه‌ى مادى و فیکرى ئه‌و گروپانه، له‌گه‌ڵ دیاریکردنى بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانى ده‌ستورى سوریا و چهپساندنى سیستمى لامه‌رکه‌زى دیموکرات هاوشێوه‌ى نمونه‌ى ئیداره‌ى رۆژئاوا، چوار هۆکارى سه‌ره‌کین بۆ چاره‌سه‌رى سیاسی له سوریا، ئه‌وه‌ش به‌پێی میدیاکانى نزیک له ئیداره‌ى رۆژئاواى کوردستان. سیهانوک دیبو باسى له‌وه‌شکردووه، به‌م نزیکانه دیدارى سێیه‌مى سورى – سورى ده‌به‌ستن بۆ چاره‌سه‌رى قه‌یرانى سوریا به‌پێ روانگه‌ى مه‌سه‌ده. تا ئێستا به‌سه‌رپه‌رشتى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و وڵاتانى روسیا و تورکیا و ئێران، نۆ کۆبوونه‌وه‌ى جنێڤ و 11 کۆبوونه‌وه‌ى ئاستانه بۆ چاره‌سه‌رى قه‌یرانى سوریا ئه‌نجامدراون، به‌ڵام چاره‌سه‌رى قه‌یرانه‌که‌ى لێنه‌که‌وتووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش بهبڕواى به‌رپرسه‌که‌ى مه‌سه‌ده سه‌لمێنه‌رى ئه‌وه‌یه که ده‌بێت ئه‌و قه‌یرانه به گفتوگۆى سورى-سورى چاره‌سه‌رى بۆ بدۆزرێته‌وه.
هیوا عەبدوڵا كاتێك بیست ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەم جار رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبۆڵ هەڵبژێردرا، ئەو کاتەباسی دیموکراسی دەکرد و دەیوت کە پۆستەكەی «وەکو هێڵی شەمەندەفەر وایە، دێیتەخوارەوە کاتێ گەیشتیە شوێنی مەبەست». ماڵپەری (فۆرین پۆلەسی ئین فۆکەس) کە سەربە پەیمانگای لێکۆڵینەوەی سیاسیی ئەمریکیە، وای دەبینێ ئەو لێدوانە دوای تێپەربوونی دوو دەیە بە کرداری کۆتایی پێهاتووە و چیتر کاری پێناکرێت لەلای سەرۆکی تورکیا، کاتێک توانی بگاتە ئەو شوێنەی دەیویست ئەویش بەزیندانیکردنی نەیارەکانی و بێدەنگردنی ڕاگەیاندنەكان و چاوسورکردنەوە لە دادوەران و کوشتنی زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس. لە ئێستادا تورکیا ئامادەکاری دەکات بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیەکان لە ٣١ی ئازاری ٢٠١٩دا، بەگوێرەی سەرچاوە ئەمریکیەکە «پەڵەیەکی تاریک» لە ترس هەیە لەسەر ئەرۆدغان خۆیی و پارتەكەشی، بەڵام بەشی گەورەی ئەو ترسەش ئەردغان خۆی هۆكاریەتی، جەخت لەوەشکراوەتەوە سەرۆكی توركیا و پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار «قبوڵی شکست» دەکەن بە گوێرەی ماڵپەرە ئەمریکیە. رێگایەیک بۆ کەمکردنەوەی خەرجیەکان (فۆرین پۆلەسی ئین فۆکەس) رایگەیاندووە بابەتی بژێوی و نان کە پارتی دادوگەشەپێدان کردویەتی بە دروشمی هەڵبژاردنی ئەم جارە، روونی دەکاتەوە کە ئابوری ئەو وڵاتە لە بناغەوە کێشەی هەیە، بەدوریش نازانرێت» کێشەکە گەورە و مەترسیدارتریشبێ». کەمبونەوەی بەرهەمی پیشەسازی ناوخۆیی بە رێژەی لەسەدا شەش و فرۆشی بەرهەمی تاک و پێداویستیەكان بەرێژەی سەدا حەوت، نزمبوونەوەی گەشەی ساڵانە بەجۆرێک لە ٧,٤% لەساڵی ٢٠١٧دا بووە بەڵام پێشبینی دەکرێت بۆ ٢% لەساڵی ٢٠١٩دا دابەزێت، لەگەڵ ئەوەشدا قەبارەی هەڵاوسان لە تورکیا گەیشتۆتە لە سەدا 20.3 . لەلایەکی تریشەوە رێژەی بێ‌کاری زیادیکردووە، ژمارەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە زیاتر لە ١١% دانیشتوان بێکارن،بەشی زۆری ئەو رێژەیەش ئەو گەنجانەن کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٤ ساڵی دایە، کە رێژەی لەسەدا ٢٠ی کۆی دانیشتوانی تورکیا پێکدێنن. ئەگەر لە رابردوو بابەتی تیرۆر سەرچاوەی دوودڵی بووبێ بۆ دەنگدەران، ئەوە بەگوێرەی کۆتا راپرسیەكان دەریدەخەن لە ئێستادا بابەتی ئابووری بابەتی ژمارە یەکی دەنگدەرانە بەهۆی بێکاریەوە، دوای ئەوانیش بابەتی پەنابەرانی سوریایە. ماڵپەری (فۆرین پۆلەسی ئین فۆکەس) کە تایبەتە بەتوێژینەوە وای دەبینێت ئەردۆغان بەرنامەی هەڵبژاردنی دارشتوە لەسەر گەشەکردنی ئابوری بەجۆرێک باری دارایی بەشێکی زۆری دانیشتوانی توركیا بەتایبەت ئەوانەی کە لە ژێرهێڵی هەژاریدان باشتر بكات، هەروەها ئابوری چینی ناوەراستی کۆمەلگا بە رێژەیەکی زیاتر گەشەپێبدات، بەشێکی زۆری ئەو ئابوریەش پشت دەبەستێ بە پیشەسازی بیناکاری و پرۆژەی گەورە وەکو سەنتەرەكانی كرین و فرۆشتن و پردەكان و گەورەترین فرۆکەخانە لە جیهاندا. لای سەرۆكی توركیا، ئابوری دەبێ پشت ئەستوربێ بە دروستکردنی پرۆژەی گەورە لەسەر بنەمای (براوە-براوە) بۆ هەمولایەک، لە ساڵانی رابردووش پارتی داد و گەشەپێدان چەندین گرێبەستی (براوە-براوەی) بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی بواری بنیاتنان واژۆكردووە، کە کاریگەری هەبوو لەسەر سەدان دەنگدەر بۆ پارتەکەی ئەردغان لە پەراوێزی کەشێکی سیاسی‌دا توانی رێژەی لەسەدا ٥٠ی دەنگدەران بباتەوە. بەڵام ئەو بارودۆخە گۆڕانی بەسەردا هات لە کۆتایی ساڵی رابردوو کاتێک گەشەی ئابوری توركیا دابەزی بۆ لە سەدا 1.6، پرۆژەکانی بنیاتنان وەستا و ژمارەیەکی زۆری کرێکار نێردرانە ماڵەوە، وەستانی پرۆژەكانی بنیاتنان کاریگەری راستەوخۆی کردە سەر پیشەسازیەکانی پەیوەست بە بیناسازیەوە وەکو چیمەنتۆ و شیش و سیرامیک. باس لەوشکراوە کە «لەگەڵ بەردەوامی دابەزینی بەهای لیرە، خەڵکیش هەست بە جێگیری دۆخی ئابوری ناکەن، هەروەها فرۆشی بەرهەمە پیشەسازیەکانی ئۆتۆمبێل و بەرهەمە ئەلیکترۆنیەکان و کەل وپەلی ماڵەوە لە دابەزیندایە». ماڵپەڕە ئەمریكیەكە باسی لەوەكردووە كە، بۆپاراستن و بەردەوامیدان بە کاری پیشەسازی و ئاستێکی بەرزی ژیانکردنی هاوڵاتیان، ئابوری تورکیا پشتی بەستووە بە وەبەرهێنانی دەرەکی لە وڵاتەكەیدا. ئاماژە بەوەشكراوە كە، بەشێکی گەورەی قەرزەكانی تورکیا بە دراوی بیانی بووە، بە قورسیش دەبینرێت ئەو قەزرانە بتوانێ جارێکی تر ئاستی لیرە بەرزبکاتەوە، بۆیەش ئەنقەرە پەنای بۆ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی برد بۆ ئەوەی رێگای دەربازبونی بۆ روونبکاتەوە، ئەو هانگاوەش کە سندوقی دروا و داویەتی بە تورکیا بریتیە لە کەمکردنەوەی خەرجیەکان نەک بەتەنها بەرنامەیەکی هەڵبژاردنی سەرکەوتوو. جوڵەی بەرگریکارانە لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی نەیارە سیاسیەکانی ئەرۆدغان زیندانی کراون یان سەركوتكراون، ئەوان نەترساون بەڵام بەتەواوی بێدەنگکراون. ئەو ماڵپەرە ئەمریکییە باسی لەوەشکردووە، سەرەڕای ئەوەی ٩ ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی گەلانی چەپرەو زیندانی کرابوون، بەڵام ئەو پارتە ئەوەی بەدەستهێنایەوە کە پێویستی بوو، لە دواین هەڵبژاردندا هەدەپە توانی پارێزگاری لە پێگەکەی بکات وەکو سێیەم گەورە پارتی پەرلەمانی توركیا. مانگرتن لە خواردن لەلایەن چالاکوانانی زیندانیکراوی کورد وەک هاوسۆزیەک بۆ پارتی دیموکراتی گەلان، لە ئەنجامدا بۆ یەکەمجار لە مێژووی تورکیادا پارتە کوردیەکان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن دەكەن. ئەو پارتە (هەدەپە) بریاریداوە کاندیدی بۆ شارە گەورەکانی وەکو ئستەنبۆڵ و ئەنقەرە نەبێت، ئەوەش بۆ هاوکاریکردنی کاندیدەکانی تر لە پارتی گەلی کۆماری علمانی،»بەکورتی، هەرپارتێکی سیاسی تر جگە لە پارتی داد و گەشەپێدان»، وەک ماڵپەرەکە ئاماژەی پێداوە. پارتی داد و گەشەپێدان بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە توانیبوی دەنگی زۆرینەی ناوچەکانی دەوروبەری پارێزگا کوردنیشینەکان بباتەوە، بەڵام کاتێک ئەردۆغان هەڵمەتی سەرکوتکردنی کوردی دەستپێکرد ئەویش بە سەرکوتکردنی پارتی دیموکراتی گەلان، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک لە دەنگدەرانی ئەو ناوچانە حەز بە تێکەڵ بوون بە پارتی چەپ ناکەن، بەڵام هەوڵدەدەن دەنگیان بۆ پارتەکوردیەکانی تر بێت، بەتایبەت كە ئێستا هەمویان لەناو یەک هاوپەیمانی کوردستانیدان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیەکان. ماڵپەرەکە باسی لەوەشکردووە ئەردۆغان قانونێکی تێپەراند کە رێگە بەپارتەکان دەدات هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنەکان ببەستن، بۆ ئەوەی ئەگەر پارتێک نەیتوانی بگاتە ئاستی لەسەدا ١٠ بۆ ئەوەی بگاتە پەرلەمان، لە رێگای ئەو هاوپەیمانیەوە بتوانێت پارێزگاری لە کورسیەکانی بکات کاتێک لەگەڵ پارتێکی گەورەتر هاوپەیمانی دەبەستێ، ئەوەش هەوڵێک بوو بۆ دڵنیابونەوە لەوەی هاوپەیمانەکەی پارتی داد و گەشەپێدان، واتە پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) کە پارتێکی چەپی توندرەوە بگاتە پەرلەمان. هەربەگوێرەی ئەو یاسایەی ئەرۆغان دەریکردبوو، هەریەکە لە پارتی گەلی کۆماری و پارتی باشی لیبراڵی هاوپەیمانیان بەست، و زۆرینەی پارتە کوردییەکانیش لە ژێریەک هاوپەیمانی خۆیان رێکخستۆتەوە، هەربەگوێرەی ماڵپەرەکەش سەرکەوتنی ئەو هاوپەیمانیە بە کورسی رێگەپێدراو نەبوو لە یاساکۆنەکانی پێشوتر. کێشە نێودەوڵەتیەکان سەرچاوە ئەمریکیەکە باسی لەوەش کردوە لەگەڵ کێشە ناوخۆییەکانی تورکیا کە رووبەروی ئەردۆغان بۆتەوە، لە سیاسیەتی دەرەوەشیدا نەیتوانیوە سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنێ. بە گوێرەی راپۆرتەکە «داگیرکاری تورکیا» بۆ سەر باکوری سوریا شکستی هێنا لە پەرتکردنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی، زیاتر لەوەش ئەنقەرە بە «کەوتنە ناو زەلکاو»ەوە وەسف دەکات، وەک ئاماژەیەک بۆ پلانی ئەردۆغان کە بریتی بوو لە دەرکردنی کوردەکان لە باکوری سوریا و گەرانەوەی ئاوارە سورییەکان بۆ ئەو ناوچانە، بەڵام تورکیا کەوتە تەڵەی رووبەرووبونەوەی روسیا و ئەمریکا. ئاماژەی بەوەشکردووە زنجیرەیەکی بەهێزی ململانێی نەتەوەیی لە تورکیادا هەیە، ئەگەری ئەوەش هەیە ئەردۆغان چاوی لە بەرهەمی فشارخستنە سەر کوردەكا بێت لە باشوری رۆژهەڵاتی تورکیا و عیراق و سوریا (پاداشت بدرێتەوە لەلایەن شەقانی نەتەوەپەرستی تورکیاوە)، بەڵام سوپای تورکیا نەیتوانی سەرکەوتن بەدەستبێنێت لە ژمارەیەک چالاکی دەرەوەی سنور، سەرەڕای ئەوانەش تا ئێستا هەڵمەتی دورخستنەوەی بەرپرسانی باڵای سەربازی لە ریزەکانی سوپا بەردەوامە کە بە تۆمەتی هاوسۆزیان بۆ کودەتا شکست خواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦، هەندێ سەرچاوەی باوەرپێکراویش باسیان لەوەکردووە سوپا رازینەبووە بە ئۆپراسیۆنی داگیرکردنی بەشێک بە خاکی سوریا. باسی لەوەشکردووە سەرۆکی تورکیا دەخوازێ سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران بقۆزێتەوە، بۆ ئەوەی وەکو کەسێکی بەهێز و خاوەن جەماوەر و پارتی هەڵبژاردن دەربکەوێت، بەواتایەکی تر بیكاتە خاڵی بەهێزی كەمپەینی هەڵبژردنەكەی بۆ گەشانەوەی ئابوری لاوازی تورکیا بە گوێرەی ماڵپەری (فۆرین پۆلەسی ئین فۆکەس) بابەتی گرینگ لای خەڵکی توركیا لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئادار بابەتەکانی ناوخۆی تورکیایە نەک دۆسیەکانی دەرەوە، ئەوەش ئەردۆغان هان دەدات بێ‌وچان کار بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابورییەکان. «فێڵێکی بۆگەن» ئۆپۆزسیۆنی تورکیا رایگەیاند پارتی داد و گەشەپێدان لیستی ناوی دەنگدەرانی پرکردووە لە ناوی نادیار، لێکۆڵەرەوەکانی پارتی گەلی کۆماری وتیان لەناو یەک ماڵدا لە هەکاری باشوری تورکیا ناوی ١١٠٨ دەنگدەری تۆمارکراو هەبووە. دوای ١٧ ساڵ لە دەسەڵاتدا، بەبەکارهێنانی هەموو رێگاکانی بەردەستی، لەناویشیاندا پرکردنەوەی سندوقەکانی دەنگدان بە «دەنگی نادیار»، بۆ دروستکردنی دەسەڵاتێکی بەهێز بە دەوری خولگەی ئەردۆغاندا، بە گوێرەی پێشبینیەکانیش لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا «زەحمەتە ئەستێرەی بەختی ئەردۆغان وەکو جاران شەکاوە بێت»، بەگوێرەی ماڵپەرەکە بەگوێرەی ماڵپەرە ئەمریکیەکە رەنگە نامەی دەنگدەرانی تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئادار، نامەیەكی»هەڕەشەئامێز»بێت.
ئارا ئیبراهیم سێ په‌رله‌مانتارى کورد له په‌رله‌مانى عێراق جه‌ختده‌که‌نه‌وه، به‌پێى یاساى بودجه ده‌بێت به‌غدا پاره‌ى مانگه‌کانى سێ مانگى یه‌که‌مى ئه‌مساڵ بۆ هه‌رێم بنێرێت، یه‌کێک له په‌رله‌مانتاره‌کان ده‌ڵێت یه‌ک له‌سه‌ر دوانزه‌ی موچه بۆ هه‌رێم خه‌رج کراوه، یان حکومه‌تى هه‌رێم باسى ناکات یا لاى وه‌زاره‌تى داراییه. پشکى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌بودجه‌ى گشتى عێراق 10 تریلۆن و 800 ملیار دیناره، ئه‌گه‌ر رۆژانه 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ى عێراق بکات، به‌ڵام تا ئێستا هه‌رێم هیچ بره نه‌وتێکى راده‌ست نه‌کردووه. به‌پێى یاساى بودجه، ئه‌گه‌ر هه‌رێمى کوردستان نه‌وت راده‌ست نه‌کات، ده‌بێت حکومه‌تى عێراق مانگانه 454 ملیار دینار بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و 68 ملیار دینار بۆ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه بنێرێت. بریارده‌رى لیژنه‌ى دارایى ئه‌وه‌ئاشکرا ده‌کات که فوئاد حوسێن وه‌زیرى دارایى عێراق ئاماده نییه زانیارییه‌کان بۆ په‌رله‌مانتاران ئاشکرا بکات. ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، به‌هاوڵاتى وت "ئه‌و یه‌ک له‌سه‌ر دوانزهیهى بۆ فه‌رمانبه‌رانى عێراق خه‌رج کراوه بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى له‌ماوه‌ى ئه‌م دوو مانگه‌دا، یا بۆ هه‌رێمى کوردستان خه‌رج کراوه‌و حکومه‌تى هه‌رێم باسى ناکات یا لاى وه‌زاره‌تى داراییه، ناکرێت نه‌نێردرابێت، چونکه به‌روونى له‌یاساى بودجه‌دا هاتووه هه‌رێم پابه‌ندى ناردنى نه‌وتیش نه‌بێت ده‌بێت 454 ملیارى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و 68 ملیارى دینارى موچه‌ى پێشمه‌رگه ره‌وانه بکرێت". وتیشى"فوئاد حوسێن پێى وتین مه‌علوماتتان ناده‌مێ چونکه که پێتان ده‌ڵێم ده‌چن بڵاویده‌که‌نه‌وه و ئه‌وه‌ش کێشه بۆ من دروست ده‌کات". ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید روونیکرده‌وه، وه‌ک په‌رله‌مانتاران نه‌ک ته‌نها وه‌زیرى دارایى هه‌موو ئه‌و وه‌زیرانه‌ى دیکه‌ش که ئاماده نین زانیارى بده‌نه په‌رله‌مانتاران "حه‌سیر مهیانیان" ده‌که‌ن. تا ئێستا دیار نییه حکومه‌تى عێراق که‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه ره‌وانه‌ى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات. هه‌فته‌ى رابردوو عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌دا ناردنى بودجه په‌یوه‌ندى به وه‌زاره‌تى داراییه‌وه هه‌یه و هه‌رکات بودجه‌ى فه‌رمانگه‌کان ره‌وانه‌کرا، پشکى هه‌رێمیش ده‌نێردرێت. دانا جه‌زا، ئه‌ندامى فراکسۆنى پارتى له په‌رله‌مانى عێراق لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت "به‌پێى یاساى بودجه‌ى عێراق ده‌بێت حکومه‌تى عێراق موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و ئیستحقاقى پێشمه‌رگه که بره‌که‌ى 522 ملیار دیناره بۆ مانگه‌کانى یه‌ک و دوو سێ بۆ هه‌رێمى کوردستان بنێرێت". رونیشیکردهوه ئه‌مه میکانیزمى خۆى هه‌یه ئایا جیا جیا ده‌ینێرێت یا چۆن ده‌نێردرێت و په‌یوه‌ندى به هه‌ردوو حکومه‌تى عێراق و هه‌رێمه‌وه هه‌یه. جگه له‌و بڕه بودجه‌یه‌ى بۆ هه‌رێم دیاریکراوه له بودجه‌ى عێراقدا، هه‌رێمى کوردستان ده‌یه‌وێت موچه‌ى سێ مانگى ساڵى رابردووى فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن به‌غداوه بنێردرێت تا بتوانێت ئه‌و سێ موچه‌یه دابه‌شبکات به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا، به‌ڵام هێشتا هیچ گره‌نتییه‌ک نییه بۆ ناردنى ئه‌و پاره‌یه. ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق ئاماژه به‌وه ده‌کات له دواى 9ى ئازاره‌وه سه‌ردانى وه‌زاره‌تى دارایى ده‌که‌ن و به‌دواداچون بۆ پاره‌ى دوو مانگى رابردووى هه‌رێم ده‌که‌ن که بزانن چۆن موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه ره‌وانه ده‌کرێت. شیروان میرزا، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت "له‌مانگى یه‌ک و دووى ئه‌مساڵ حکومه‌تى عێراق دووجار 317 ملیار دینارى بۆ هه‌رێمى کوردستان ناردووه، ئه‌مه پاکتاوى ساڵى 2018 بووه". باسى له‌وه‌شکرد، یه‌ک له‌سه‌ر دوانزه‌ى بودجه‌ى 2019 بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى عێراق له دوو مانگى رابردوودا خه‌رج کراوه "به‌ڵام یاساى بودجه له‌ناوه‌راستى ئه‌م مانگه‌دا ده‌که‌وێته بوارى جێبه‌جێ کردنه‌وه". شیروان میرزا که په‌رله‌مانتارى یه‌کێتى یه ئه‌وه‌شى خسته‌روو به‌پێى یاساى بودجه برى 454 ملیار دینارى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم و 68 ملیار دینارى موچه‌ى پێشمه‌رگه جێگیره‌و گۆرانکارى تێدا نه‌کراوه‌و ده‌بێت بۆ هه‌رێمى کوردستان ره‌وانه بکرێت. وتیشى "دواى چونه‌وه‌مان بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ وه‌زیرى دارایى گفتوگۆ ده‌که‌ین تا میکانیزمى ناردنى پاره‌ى هه‌رێم رونبکاته‌وه‌و وئه‌وکات ئێمه‌ش به هاوڵاتیانى راده‌گه‌یه‌نین".
هاوڵاتى رێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند، لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٨‌دا بەرپرسانی عێراقی و هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٥٠٠ مێردمنداڵیان بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش زیندانی کردووە، هەندێک جار تۆمەتەکانی دژیان "لەسەر بنەمای زانیاری نادروست و دانپێنانی بەزۆر لەڕێگەی ئەشکەنجەوە بووە". لە ڕاپۆرتێکى ٥٢ لاپەڕەیدا بە ناونیشانی "هەموکەس دەبێت دانپێدانان بکات: مامەڵەی خراپ لەدژی منداڵانی گومان‌لێکراو بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش"، رێکخراوه‌که ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه، بەرپرسانی عێراقی و هەرێمی کوردستان زۆرجار هەستاون بە دەستگیرکردن و دادگایکردن و سزادانی ئەم مێردمنداڵانە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش و ناچارکردنیان بە دانپێیدانان لەژێر ئەشکەنجەو سەپاندنی سزای زیندانی بەسەریاندا لە دادگایکردنی ناشەفافانەو ناعادیلانەدا. بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان ئەو منداڵانەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بە سەرباز دەکرێن دەبێت وەک قوربانی تەماشابکرێن و چارەسەر بکرێن و ئاشت بکرێنەوە لەگەڵ کۆمەڵگا. جۆو بەیکەر، بەڕێوەبەری داکۆکیکار لە مافەکانی منداڵان لە هیومان ڕایتس وۆچ، ووتی "ئەو مێردمنداڵانەی تۆمەتبارکراون بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش زیندانی دەکرێن و زۆرجار سزا‌و ئەشکەنجە دەدرێن بەبێ ڕەچاوکردنی ئاستی تێوەگلانیان لەگەڵ ئەم گرووپە. ئەم جۆرە سزادانی بە کۆمەڵە عەدالەت نیە و گاریگەری نەرینی و درێژخایەنی لەسەر زۆرێک لەم منداڵانە دەبێت." ئەو مێردمنداڵە عێراقیانەی کە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش دەستگیرکراون دەڵێن لەپاش ئازادکردنیشان دەترسن بگەڕێنەوە ناو خێزان و ناوچەکانیان لەبەرەوەی دەستگیرکردنەکانیان ڕاستەوخۆ وەک داعش ناوزەندیان دەکاو ڕووبەڕووی هێرشی تۆڵەسەندنەوەیان دەکاتەوە. ئەو منداڵانەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە زیندانی‌کراون ووتیان دەترسن لەوەی دووبارە دەتسگیربکرێنەوە ئەگەر بگەڕێنەوە ناوچەکانیان کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی بەغدایە. ئەم پەڵە ڕەشە بە نێوچاویانەوە دەبێتەهۆی لێکترازانی درێژخایەن لە خێزان و کۆمەڵگاکەیان. به‌پێی راپۆرته‌که، بەرپرسانی عێراقی و هەرێمی کوردستان "پرۆسەیەکی پڕلە هەڵەو کەم و کوڕی" بەکاردەهێنن لە سکرینکردن و لێکۆڵینەوە کە زۆرجار دەرەنجامەکەی بە زیندانیکردن و سزادانی مێردمنداڵان کۆتایی دێت بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی ئایا منداڵەکە پەیوەندی بە داعش هەبووە یان ئاستی پەیوەندیەکەی چەند بووە. بۆ نموونە، مێردمنداڵێکی دەستگیرکراو کە تەمەنی ١٧ ساڵ بوو ووتی لە چێشتخانەیەکی موسڵ کاریکردووە کە خواردنیان بۆ ئەندامانی داعش دروستکردوەو ووتی کە لەوبڕوایەدایە بۆیە ناوی لە "لیستی داواکراواندا" هەبووە لەبەرەوەی داعش ناسنامەکەیان بردووە بۆ تۆمارکردنی ناوی بۆ پێدانی پارەی ڕۆژانەکەی. هەندێکی تر دەستگیرکراون لەبەرەوەی ناویان هاوشێوەی ناوی ئەندامی داعش بووە لەناو لیستی داواکراواندا. لە هەندێک حاڵەتدا، دراوسێ کە ناکۆکی لەگەڵ دراوسێکەی هەبووە ڕاپۆرتی لەسەر داوەو تاوانباری کردووە بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش بەبێ خستنەڕووی بەڵگەیەکی ڕوون. بەپێی ئاماری هیومان ڕایتس ۆوچ لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٨‌دا بەرپرسانی عێراقی و هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٥٠٠ مێردمنداڵیان بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش زیندانی کردووە. بەپێی ووتەی بەرپرسانی حکومەتی عێراقی، لانی کەم لە ١٨٥ مێردمنداڵی بیانی بە تۆمەتی تێوەگلان لە کاری تیرۆریستی سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە. لە تشرینی دووەم، هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێکەوتنی لەگەڵ ٢٩ کەس ئەنجامدا کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش دەستگیرکراون کاتیک مێردمنداڵ بوون، هەروەها لەگەڵ خێزانی ٨ مێردمنداڵی تر کەلەلایەن بەرپرسانی عێراقیەوە بە تۆمەتی داعش بوون دەستگیرکراون. ئەمە جگەلەوەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ پاریزەرانی مافەکانی منداڵ و پارێزەرانی ناوخۆیی و شارەزایانی یاسایی کردوە. لەساڵی ٢٠١٧، هیومان ڕایتس ۆوچ سەردانی چەند زیندانێکی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقی کرد کە مێردمنداڵانی دەستگیرکراوی بە تۆمەتی داعش بوون تێدابووە. لەو مێردمنداڵانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەل کراو دانیانان نابوو بەوەی کە پەیوەندیان بە داعشەوە کردووە، زۆرێکیان ووتیان بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان یان بەهۆی فشاری هاورێ و خێزان یان بۆ دەربازبوون لە کێشەی خێزانی یان بۆ ناو و پلەی کۆمەڵایەتی پەیوەندیان بە گرووپەکەوە کردووە. هەندێکیان ووتیان، وەک پاسەوان و چیشتلێنەرو شۆفێر کاریان کردووە. هەندێکی تریان نکۆڵیان کرد لەوەی هیچ پەیوەندیەکیان بە داعشەوە هەبووبێ، بەڵام ووتیان ئەندامێکی خێزانەکانیان یان کەس و کاریان لە ناو داعشدا بووە. هیومان ڕایتس ۆوچ نەیتوانی سەربەخۆیانە ئەم تێوەگلانانە پشتڕاست بکاتەوە. لەگەڵ دەستگیرکردنیان ئەفسەرانی ئەمنی هەستاون بە ئەشکەنجەدانیان تا ناچاریان بکەن بە ئیعتراف کردن. نۆزدە لەو ٢٩ مێردمنداڵ و کوڕانەی کەلەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیرکراون ووتیان بە سۆندەو کێبڵی کارەبایی و دار لێیاندراوەو ئەشکەنجەدراون. ئەمەجگەلەوەی هەندێکیان ووتیان تەزووی کارەبایان لێدراوە.مێردمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ ووتی، ئەفسەری لێکۆڵەرەکەی پێی ووتوە، "دەبێت بڵێی لەگەڵ داعش بووی. تەنانەت ئەگەر لەگەڵیشیان نەبوو بیت، دەبێ بڵێی لەگەڵیان بووی." مێردمنداڵێکی تری تەمەن ١٧ ساڵ کەلەلایەن هێزە ئەمنیەکانی عێراقەوە دەستگیرکرابوو ووتی، بەردەوام لێیدراوەو هەرجارەو بۆ ماوەی ١٠ خولەک هەڵواسراوە لەکاتێکدا دەستی لە پشتیەوە بەستراوە. ئەو ووتی کە ئەفسەرانی لێکۆڵەرەکەی پێیان ووتوە ئەگەر نکۆڵی لە دانپێنانەکەی لەبەردەم دادوەر بکات ئەوا ئەشکەنجەی زیاتری دەدەن. هەندێک لەو مێردمنداڵانەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە زیندانی‌کراون ووتیان بە دادوەریان وتووە کە لەژێر ئەشکەنجەدا ئیعترافیان کردووە، بەڵام دادوەرەکە قسەکەیانی پشتگوێ خستووە. هەرچەندە لە یاسای هەرێمی کوردستان و عێراقدا هاتووە کە دەبێت حکومەت پارێزەر بۆ بەرگریکاران دابین بکات، زۆرێک لە مێردمنداڵەکان ووتیان ئاگادار نەبوون لەوەی کە پارێزەریان هەبووبێ یان و دادگایکردنەکانیان لە ٥ تا ١٠ خولەک زیاتری نەخایاندوە. لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقیدا، هەندێک جار مێردمنداڵەکان لەگەڵ زیندانیە پیاوەکان لە بەندیخانەی زۆر قەرەباڵغ وپیس بەبی پرۆگرامی خوێندن و چارەسەری دەروونی و هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکانیان بەند دەکرێن. ئەو مێردمنداڵانەی لە سەنتەری چاکسازی ژنان و منداڵانی هەولێر زیندانی بوون ووتیان بارودۆخیان باشترەو خواردنیان باشەو لە پیاوانی زیندانیکراو جیاکراونەتەوە. بەڵام، ئەو منداڵانەی بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە داعش لەوێ بەندکراون خوێندنیان بۆ دابین نەکراوەو هەندێک جار بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر ڕیگەیان پێنەدراوە لە ژوورەکانیان بچنە دەرەوەو هەروەها ڕێگەی تەلەفۆنکردنیان لەگەڵ خێزانەکانیان پێنەدراوە بەرلە دادگایکردنیان. هەندێکیان ووتیان کە لەلایەن پاسەوانەکانەوە لێیان دراوە بەهۆی ئەنجامدانی کارێک کە پاسەوانەکان بە ڕەفتاری خراپیان لەقەڵەم داوە. رێکخراوه‌که ده‌ڵێت، دەبێت حکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری لەیاساکانی دژەتیرۆریاندا بکەن و کۆتایی بهێنن بە زیندانیکردن و سزادانی مێردمنداڵان تەنها لەبەرەوەی ئەندامی داعش بوون، لەگەڵ داننان بەوەی کە یاسا نێودەوڵەتیەکان ڕێگری لە بەسەربازکردنی منداڵان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەکات. دەبێت هەموو ئەو مێردمنداڵانە ئازاد بکرێن کە هیچ تاوانێکی تریان ئەنجام نەداوەو دڵنیایی بدەن لە چاکسازی کردنیان و ئاشتکردنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگا. ئەو مێردمنداڵانەی کە تاوان و توندوتیژیان ئەنجامداوە دەبێت بەپێی ستاندەردە نێودەوڵەتیەکان بۆ دادوەری مێردمنداڵان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ. ئەمە بێجگە لەوەی کە دەبێت بەرپرسان کۆتایی بە هەموو شێوازێکی ئەشکەنجەدان بهێنن و لێکۆڵینەوەو سزای ئەو کەسانە بدەن کە بەرپرسیاربوون لە ئەشکەنجەدانی مێردمنداڵان. تا ئێستا حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق هیچ لێدوانێکیان له‌سه‌ر راپۆرته‌که نه‌داوه، به‌ڵام حکومه‌تى هه‌رێم پێشتر ره‌تیکرده‌وه ئه‌و منداڵانه‌ى به‌و تۆمه‌ته ده‌ستگیرکراون ئه‌شکه‌نجه درابن.
ھاوڵاتی بزوتنەوەی گۆڕٍان ماوەی ساڵێک مۆڵەتی "بێدەنگی" بە پارتی داوە، ئەگەر لەو ماوەیه‌دا پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران ھەڵنەگیرێت و چاکسازی نەکرێت، ئەوەش لەمیانەی کۆبوونەوەکانیاندا بۆ پێک‌ھێنانی حکومەتی ھەرێم کە رۆژی ١٨ی مانگی رابردوو بە ئیمزاکردنی رێککەوتنی نێوانیان کۆتایی ھات. چالاک موھەندیس ئەندامیی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هاوڵاتی جەختیکردەوە، ھەندێک چاکسازی ھەیە دەتوانرێت لەماوەی سێ مانگدا ئەنجام بدرێت، ھەندێکی لەماوەی شەش مانگ و ساڵێکدا "ھەندێ چاکسازی ھەیە کە رەنگە چەند ساڵێکی بوێت پرسەکە ئەوەندە قەڵبە". وتیشی "ئێمە شانسێک و مەجالێکمان داوەتە برادەرانی پارتی کە چارەسەری کێشەی موچەی فەرمانبەران بکەن، کە ماوەیەکی تر لەبەغداوە پارە بێت و خۆشمان داھاتمان ھەبێت و بزانین بەشی موچە دەکات ئەگەر نەدرێتە فەرمانبەران ئەوکاتە مەوقیفمان دەبێت و پێیان دەڵێن". چالاک موھەندیس پێیوایە ھەموو حکومەتێک کە دروست دەبێت لەماوەی سەد رۆژدا دەبێت جێگە پەنجەی چاکسازی دیار بێت، "حکومەتی ھەرێمیش نابێت ناشەفاف بێت لەپرسی دارایدا بەتایبەت بۆ چاکردنی موچەی فەرمانبەران. بەپێی میدیاکانی گۆڕان، عومەری سەید عەلی رێکخەری گشتی گۆڕان دوێنێ سێ شەممە لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ھەڵسوڕاوانی گۆڕان لە سلێمانی داواکارییەکی پارتی ئاشکرا کردووە کە نابێت گۆڕان پێیەکی لە حکومەت و پێیەک لە ئۆپۆزسیۆن بێت، "وەفدەکەی گۆڕان وتویانە ئەوەمان قبوڵە، بەڵام لەبری ئەوە شەش مانگ دەوەستین بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لابردنی پاشەکەوت و باشکردنی بژێوی خەڵک و دابینکردنی خزمەتگوزاریی". ئاماژەی بەوەشکردووە "دوای شەش مانگ ئەگەر زانیمان ھیچ ھەنگاوێک نییە بە ئاڕاستەی چاکسازی و باشکردنی بژێوی خەڵک، ئەوا گۆڕان وەک لایەنێکی سیاسی و بەشدار لە حکومەت لەگەڵ پارتی کۆدەبێتەوە، وەک دوو لایەنی سیاسی دادەنیشینەوە و دەڵێین ئەوە شەش مانگ تێپەڕی ھیچ دەستپێشخەرییەک نیە، بۆیە ئاگاداربن و پێویستە ھەنگاو بنرێت، بەڵام شەش مانگی دیکەش دەدەینەوە حکومەت، ئەگەر زانیمان دوای ئەوە ھەر ھیچ بەرەو پێشچونێک نییە ئەوە ئێمە رادەوەستین و ئینجا دێین قسە بۆ خەڵک و میللەتی خۆمان دەکەین و ھەڵوێستی دیکەمان دەبێت، شاندی پارتیش ئەوەی قبوڵ بووە". لە ڕێککەوتنەکەی پارتی و گۆڕاندا، کارنامەیەکی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی حکومەتی ھەرێم بە رەزامەندیی ھەردولا ئیمزا کراوە کە خۆی لە چەندین خاڵی گۆڕانکاری و چاکسازی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا دەبینێتەوە، جگەلەوەش پشکی بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا رێککەوتنی لەبارەوە کراوە کە پێکھاتوون لە جێگری سەرۆکی ھەرێم دەستەی چاکسازی کە بەرپرسەکەی یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت دەبێت، چوار وەزارەت و بریکاری وەزارەتەکانی چوار وەزارەتی دیکە و سێ بەڕێوەبەری گشتی لەوانە ئەمینداری پێشمەرگە و بەڕێوەبەری گشتییەک لە پەرلەمان یەکێکیش لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە. ھەر بەپێی رێککەوتنەکە، لە وەزارەتەکانی دیکە گۆڕان بەپێی ئەو (١٢%)ی ھەیانە له په‌له‌مان، بەڕێوەبەری گشتی و راویژکاریان بەردەکەوێت کە دەبێت لەماوەی سێ مانگدا ئیستیحقاقی خۆیان پێ بدرێت. چالاک موھەندیس جەختی لە قسەکانی رێکخەری گشتی گۆڕان کردەوە دەڵێت سەقفی زەمەنی بۆ لابردنی پاشەکەوت وەک چانسێک دراوەتە پارتی. ئاماژەی بەوەشکرد پارتی داوای ئەوەیان کردووە گۆران نابێت قاچێکی لە ئۆپۆزسیۆن و قاچێکی لە حکومەت بێت "ئێمە پێمان وتن کاتێک کە ئۆپۆزسیۆن بووین بە مەنتق و ئایدۆلۆژیای خۆمان ئۆپۆزسیۆنبوونمان کردووە سەرکەوتوو بووین یا نا ئەوە خەڵک بریار دەدات، قبوڵمانە کە بەشداری حکومەتین بەڵام سەقفی زەمەنی دراوەتە پارتی کە لەماوەکی دیاری کراودا موچەی تەواو بداتە فەرمانبەران و پاشەکەوتی موچە لاببات ئەمە نەرمی نواندن نییە شانس و مەجالێکە بۆ پارتی".
.شاناز حسن ژمارەیەک پەیج و ئەکاوتنی فەیسبوکی ساختە کە ماوەی چەند ساڵێکە دروستبوون و بەناوی کەسانی ترەوە پۆست دەکەن، ناو و ناوبانگی کەسە دیارەکان بەکاردێنن بۆ ئەوەی هەزاران هەوادار لەدەوری خۆیان کۆبکەنەوە، زۆرێک لە پۆستەکانیشیان نوسینی تەنز ئامێزن بەڵام هەندێکیان دەڵێن مەبەستیانە لە رێگەی ئەو تەنزانەوە پەیامێک بگەیەنن. ئەوانەی کە ناوەکانیان بەکاردەهێنرێن کەسانی سیاسی و هونەری و کەسایەتی تا رادەیەک دیاری و گشتین و لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکان دەردەکەون، ئەمەش وای کردوە زوو پەیجە ساختەکان بڵاوببنەوە و هەوادار لە خۆیان کۆبکەنەوە. یەکێک لەوانەی کە چەند پەیجێکی بەناوەوە دروست کراوە، ئاواز دانەر هەڵکەوت زاهیرە، کە دەیان ئاوازی بۆ چەندین گۆرانیبێژی کچ داناوە، ئەمەش وای کردوە کە پەیجەکانی سەرنجراکیش بن. هەوڵکەوت زاهیر هەوڵی داوە خۆی قسە لەگەڵ هەندێکیاندا بکات و پەیجەکانیان پێدابخات، تا رادەیەکیش لەمە سەرکەوتوو بوە بەلام نەیتوانیوە تەواوی ئەو پەیجانە دابخات کە بەناویەوە دروست کراون . هەڵکەوت زاهیر بە هاوڵاتى وت «زۆر پەیج کراونەتەوە بەناوی منەوەو هەفتانەش هەوڵم داوە دوو بۆ سێ پەیج داخەم.بەشیوازی قسەکردن لەگەڵیان و ناساندنی خۆم بە پەیجەڕاستەقینەکەم». هۆکاری ئەوەشی بۆ ئەوە گیڕایەوە کە کەسێکی «چالاکە» و ئیشی زۆری هەیە، وتی»کردنەوەی ئەو جۆرە پەیجانە کارێکی ناشرینە و دیاردەیەکی ناشرینە بۆ کۆمەڵگە». هەڵکەوت زاهیر وتی «هەموو کەسێک بە ماندوو بون و هەوڵی خۆی گەیشتووە بەو ئاستە، بۆیە ناکرێ ناشرین بکرێت و لە ئاستی کەم بکرێتەوە». هەڵکەوت زاهیر لەساڵی 2009وە پەیجی هەیە و سێ سەدهەزار لایکی هەیە. بەڵام ئەو پەیجانەی لەم چەند سالەی دواییدا کراونەتەوە وێنەکانی پەیجەکەی دەبەن و بڵاوی دەکەنەوە نوسینی تەنز ئامیزی دەخەنە سەر، ئەوەش لەکاتیکدا هەڵکەوت زاهیر زۆرینەی وێنەکانی لەگەڵ خانمە گۆرانیبێژە کورد و عەرەبەکاندایە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی نوسینی تەنز ئامیز لەسەر وینەکانی بنووسن و هەندێکیش کۆمێنتی تەنز ئامیزی بۆ بنووسن. یەکێک لەو پەیجە ساختانەی کە بەناوی هەڵکەوت زاهیرەوە دانراوە کوڕێکی تەمەن 30 ساڵانەو ماوەی دووساڵە ئەم پەیجەی کردۆتەوە، وتی «جیاوازی ئەم پەیجە ئەوەیە هەموو کەس دەزانێت ئەمە پەیجی مامۆستا خۆی نیە، تەنیا بە ئامانجی تەنزی ڕەخنەی و وشیار کردنەوەی کۆمەڵکە کردومەتەوە». هاوڵاتى هەر لە ڕێی پەیجەکەیەوە پەیوەندی بەو کورەوە کرد، ئەو وتی «من خراپ نیم، تەنیا وەک ئەوانی تر درۆ نازانم». وتیشی «ڕاستە من پۆستی بێتام یان هەندێک جار پۆستی وڕوژێنەر لەسەر مامۆستا دەکەم، ئەوە سیاسەتە، لەپاڵ ئەوەوە ناوە ناوە پۆستێکی جدی دەکەم، ڕەخنەی توند لە دەسەڵات یان دیارەیەکی سەقەتی کۆمەڵگە دەگرم». ئەوەی گێڕایەوە کە جارێک پۆستێکی کردووە، کەسێک پێی وتووە ئەو پۆستە بسڕەوە توشی کێشە دەبێت بۆیە سڕیوەتیەوە، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک کە نایەویت کەس بەهۆی ئەوەوە توشی کێشە بێت. بەختیار سەعید نوسەر و چاودێری سیاسی کە یەکێکە لەوانەی ناوەکەی بەکار هێنراوە و پۆستەرێکی بە ناوەوە کراوەتەوە، کەم رۆژ هەیە لە پەیجە ساختەکەیەوە پۆستی کۆمیدی و تەنز ئامیز نەکرێت، بەڵام ئەو پێیوایە «دەستی سیاسی» لە پشتی ئەو کارەوەیە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو بوونی هەیە و ڕۆڵ و کاریگەری هەیە کاتێک لە پەیجەکەی خۆی یان لە کەناڵەکان لەسەر دۆخی سیاسی قسە دەکات. بەختیار سەعید بە هاوڵاتىوت «ئەو لایەنانەی کە لەپشت ئەو پەیجەوەن، دەیانەوێت توشی کێشەم بکەن دەیانەوێت لە پەیامە سەرەکیەکەم دورم خەنەوە». وتیشی «کاتێک ڕەسمێک یان نوسینێک دادەنرێت و شتێکی منداڵانەی لەسەر نوسرابێت، ئەوەی من دەناسێت دەزانێت کێم و نرخم چەندە، ئەو شتانە ڕاستن یان نا». هەروەها وتی «ئەوکەسانەی ڕۆژانە بە لانی کەمەوە دوو بۆ سێ کاتژمێری خۆیان تەرخان دەکەن بو ئەو کارانە بە دڵنیاییەوە لەڕووی دەرونییەوە تێکچون و کەسانی ئاسایی نین، ئەگینا لە پێناو هیچ شتێکدا مرۆڤ کەسایەتی کەس بەدرۆ ناشرین ناکات». بەختیار سەعید سکالای تۆمار نەکردوە لەسەر دروستکردنی پەیجیک بەناویەوە ، وتی « دڵی کەسم نەئێشاندووە یان کێشەی شەخسیم لەگەڵ کەس نیە، تا سکاڵای لەسەر تۆمار کەم، سکاڵاش لەسەر سێبەر تۆمار ناکرێت». بە وتەی خۆی تاکو ئێستا زیاتر لە هەشت پەیج و ئەکاونتی داخستووە، کە بەناویەوە کراونەتەوە. ئەو گومانی هەیە ئەو پەیجەی بەناوەوە دانراوە ئیشی تاکە کەس نیە، راستەوخۆ پارتی دیموکراتی کوردستانی تۆمەتبار کرد بەو کارە و وتی «وەکو کەسەکان نازانم کێن، بەڵام پارتی لە پشتە». بەڵام سەلام عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی پارتی ئەو قسانەی بەختیار سەعید رەتدەکاتەوە، وتی «ئەوە بابەتی جەریمە و تاوانە، پارتی ڕەئی لەسەر ئەو شتانە نیە». سەلام عەبدوڵا کە هاوکات سەرنووسەری رۆژنامەی خەباتی زمانحاڵی پارتیە، سەبارەت بە تۆمەتبارکردنیان لەلایەن بەختیار سەعیدەوە، بە هاوڵاتى وت «کەسێک بابەتێکی ئاوای هەیە، پێویستە شکات بکات و بەڵگەی بە دەستەوە بێت، چونکە لە دادگادا گومان ناخوات، کە بەڵگەت نەبێت، تەنیا دەبێتە تۆمەتێک و هیچی تر». وتیشی «کەسانێک کە بەڵگەیان هەبێت، بێگومان دەچنە دادگا، نەک بە ڕەئی خۆی بڕیار بدات». ئەگەرچی زۆرێک لەوانە نیگەرانن لەو پەیجانە بەناویەوە کراونەتەوە، بەلام بۆ کەسیکی وەکو کاروان خەباتی کە هونەرمەندیکی میلیە ئەوە جێگەی خۆشحاڵییە بۆی. کاروان خەباتی بە هاوڵاتى وت «کەم تا زۆر ئەوەندەی من ئاگادارم، بۆ خۆشەویستی من دایان ناوە، بۆیە تا ئێستا هیچ شتێکی نادروستم نەدیوە، من خۆم تەنیا ئەنستاگرام و سناپ چاتم هەیە، بۆیە زۆر سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە پەیج و ئەکاونتیان لە خۆشەویستی منەوە داناوە». دیاردەی پەیج و ئەکاونت دروستکردن بەتایبەت بەناوی کەسانی دیاری کۆمەڵگەوە، تەنها یەخەی پیاوانی نەگرتۆتەوە، بەڵکو کچانیشی گرتۆتەوە و بەناویانەوە پەیج دروستدەکرێت، هەندێک وەکو هەوادار پەیجیان بۆ دروستدەکەن و هەندێکیش لە دژیان بەکاریان دێنن. هەودا ئەحمەد، بێژەرو پیشکەشکار لە کەناڵی ئێن ئاڕتی ٢ یەکێکە لەو کچانەی کە لە تەمەنێکی منداڵیەوە لەناو تیڤیەکاندا کاری کردووە و جەند پەیجیک بەناویەوە کراوەتەوە، بەڵام نەیکردوە بە مەراقی خۆی. هەودا بە هاوڵاتى وت «ڕاستە پەیج زۆر بەناوی منەوە کراونەوە، لەناو ئەم هەموو پەیجەدا هەندێک بۆ خوشەویستی من کراونەوە و دەشێت هەندێکیشیان ڕقیان لێم بێت، ئەم کێشەیە ئەوەندە گەورە نیە، چونکە کۆمەڵگەی من بای ئەوە هۆشیارییان هەیە کە دەزانن هەودا کێیەو چۆنە». ئاڤان عەبدولکەریم یش یەکێکە لەو کچە ڕۆژنامەنوسانەی کە پەیج بەناویەوە کراوەتەوە و لەویوە هەرەشەی لێکراوە کە وێنەکانی بڵاودەکەنەوە، وتی»من کچێکی مناڵ نیم، کاتێک کە هەڕەشەیەکم لێدەکرێت بترسم و لەو کەسە بپاڕێمەوە... ئەو جۆرە کەسانە زۆربەی جار لەحەسودیی بۆشکاندنی کەسەکان ئەوە دەکەن و هیچیان لە دەست نایەت». بەپێی یاسا ناوزڕاندن سزای هەیە، بەڵام ئەمە بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کەمێک قورسە چونکە ئاسان نیە دۆزینەوەی ئەو کەسانەی لە پشتی کۆمپیوتەرەکانیانەوە شت دەنووسن. بڕیار ئیبراهیم، پارێزەر، وتی «بێگومان ناوزڕاندن لەڕێگەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییەوە لەدوای ئیسپات بونی یاسای تایبەتی هەیە کەخۆی لە ٦مانگ تا 3ساڵ زیندانی و یەک ملیۆن بۆ پێنج ملیۆن دینار دەبینێتەوە». وتیشی»کاتێک کەیسێکی ئاوا دێتەدادگا بەتایبەت پەیوەندی بە سۆشیاڵ میدیاوە هەبێت خەبیری ئای تی داخڵ دەکرێت، بەڵام لەبەرئەوەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و بەکارهێنانی زۆر فراوانن ناو و ناسنامەی کەسەکە بە ئەستەم دیاری دەکرێت». ئەوەش لەکاتیکدایە هیچ یاسایەک نیە سەبارەت بە تۆرە کۆمەلایەتیەکان بەلام ئەو یاسایانەی کە تا ئێستا دراون بەسەر کەسی سزادراودا بەپێی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنە کە پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە مۆبایل دەریکرد، ئەوەش دوای ئەوەی خەڵکانێک مۆبایلیان بەکاردەهێنا بۆ هەراسانکردنی کەسانی تر. کامیل عومەر مامۆستای ئیتیک و یاسا لە زانکۆی سلێمانی وتی «ئەوانەی کە دەست دەبەن بۆ ئەم کارانە لەکاتێکدا کەسەکە خۆی ئاگای لێی نیە، دورن لە ڕەفتاری ئینسانییەوە». وتیشی «ئەو کارانە دورن لە کاری میدیایی و لە ئیتیکی هیچ میدیا و ڕۆژنامەنوسێکدا نییە». ئاماژەی بەوەشدا کە کەسانێک پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەرێوەدەبەن نازانرێت کێن و سەرچاوە داراییەکانیان کێن. ئەگەرچی بەلای کەسیکی وەکو هەودا ئەحمەدەوە دروستکردنی ئەو پەیجانە بایەخی نیە، بەلام کامیل عومەر دەلێت «دروستکردنی پەیج بەناوی خەڵکی ترەوە کاریگەری لەسەر ناوبانگی کەسەکە دادەنێت و هەندێک کەس ناتوانێت بەرگەی بگرێت، باری دەرونی تێک دەچێت و پەنا بۆ زۆر شت دەبات».
شەعبان ڕەئوف نزیکبونەوەی بەهار و نەورۆز دوکانی قوماشی جلوبەرگی کوردی عوسمان ئەحمەدی گەرمکردووە، دوای چەند ساڵێک سارد و سڕی بەهۆی خراپی دۆخی دارایی هاوڵاتییانەوە. عوسمان کە لە سلێمانی دوکانی فرۆشتنی قوماشی هەیە کە لە چین و هیندستان و تورکیاوە هاوردەیان دەکات، چاوی لەوەیە ئەمساڵ قەرەبووی بێ بازاڕی چەند ساڵی رابردووی بکاتەوە و قازانجێکی باش بکات. عوسمان وتی «ئەمساڵ بەبەراورد بەسێ چوارساڵی ڕابردوو بازاڕمان باشترە هۆکارەکەشی باشبونی دۆخی ئابوری فەرمانبەران و سەقامگیریی دۆخی سیاسییە». وتیشی «ساڵی 2009 تاوەکو 2012 بازرگانەکان قاتی حازرکراویان لەچینەوە دەهێنا، کە بازاڕی قوماشی ئێمەی زۆرسست کردبوو، بەڵام نەجاحەتی نەهێنا چونکە بەپێی خواستی خەڵک نە دە دوورا، بۆیە بازاڕی ئێمە باشتر بووە». بەبڕوای ئەو دوکاندارە، ئەگەر کارگەی درووست‌کردنی قوماش لە هەرێمی کوردستاندا هەبوایە کارێکی باش بوو، بە نرخێکی کەمتر قوماش دەفرۆشراو جلوبەگری لێ دروستدەکرا. «ئەگەر حكومەت هاوکارمان بێت و دەعمی مادیمان بکات لە هێنانی کارگەی دروستکردنی قوماش بۆ هەرێمی کوردستان زۆرباش دەبێت، لەبەرئەوەی ساڵانە پارەیەکی زۆر دەڕواتە دەرەوە بۆکڕینی قوماش، ئەمەش کاریگەری خراپی دەبێت لەسەرمان». ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی بەهارو نەورۆزدا، بازاڕەکانی تایبەت بەفرۆشتنی قوماش و جلوبەرگی کوردی و دوکانی بەرگدرووەکان پڕدەبن لەو کەسانەی کەدەیانەوێت جلوبەرگی کوردی بکڕن. ژنان و کچان زۆرترینی ئەو کەسانەن کە چەند مانگێک پێش هاتنی بەهار قوماش دەکڕن و بەپێی خواستی خۆیان لەلای بەرگدروەکان بە دورینی دەدەن، تا لەکاتی هاتنی نەورۆزدا لەبەری بکەن. عەتا حاجی ڕەجەب بازرگانی قوماش وتی «ئێمەی بازرگانان و بەرگدورەکان هەموو ئەمەلێکمان مانگی دوو بۆ سێیە، بەڵام هێشتا بازاڕمان زۆرباش نییە». ئاماژەشی بەوەکرد ساڵانە بە ملیۆنەها دۆلار دەچێتە دەرەوە بۆ کڕینی قوماش، «چین و هیندستان سەرچاوەی ژیانی هەموو کوردستانن بۆ قوماش، ئەگەر ئەو کارگانە بهێنینە کوردستان، داهاتێکی باش بۆ کوردستان و حکومەت دەگەڕێتەوە». عەتا حاجی ڕەجەب وتیشی «لەئێستادا ناتوانین ئەو کارگانە بهێنین چونکە پێویستی بە کولفەیەکی زۆر هەیە، هیوادارم لەچەند ساڵی داهاتودا بەهاوکاری حکومەت ئەوکارگانە بهێنینە هەرێمی کوردستان، چونکە داهاتێکی باش دەگەرێتەوە و هەلیکاری زیاتریش بۆ هاوڵاتیان دەڕەخسێت».. ساڵانە لە رۆژانی نەورۆزدا چەندین ئاهەنگ سازدەکریت کە تێیدا هاولاتیان بە جلی ئاڵ و واڵای کوردەیەوە زیاتر لەهەرکاتیکی تر دەردەکەون. لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان چەندین جۆری جلوبەرگ بە کوالێتی جیاجیا خراونەتەڕوو، کڕیاران هەریەکەیان بە پێی خواستی خۆیان دەیانکڕن، کە نرخەکانیان بەپێی کوالیتیان جیاوازە. هەستیار بەختیار کوتاڵ فرۆش بە هاوڵاتى وت «تاڕادەیەک بازاڕمان فەرقی کردووە لەچاو ساڵانی پێشودا، بازاڕی ئێمە بەستراوەتەوە بەمووچەوە، ئەگەر حکومەت مووچە بەفەرمانبەران بدات، ڕاستەوخۆ بازاڕی ئێمە جوڵەی تێدەکەوێت». وتیشی «ساڵانی ڕابردوو هاوڵاتیان خواستیان لەسەر کوالێتی باشی قوماش بوو، بەڵام ئێستا بەپێچەوانەوە کێشەیان نییە، کوالێتی چۆنبێت تەنها کەمێک ڕەونەقی هەبێت، دەڵێن بۆ دووسێ جارە لەبەری دەکەین، بۆ پارەیەکی زۆری پێبدەین لەم قەیرانەدا». «بازاڕی ئێمە بەزۆری لەمانگی دوو بۆ سێدایە کەئێستا نزیک بووینەتەوە لە وەرزی بەهارو نەورۆز، بازاڕیشمان هێشتا بەو ئاستە باشە نییە، کەچاوەڕێمان دەکرد.» هەستیار ئاماژەی بەوەکرد، پێش هاتنی قەیرانی سیاسی و ئابوریی کەمووچە باش بوو لەکاتی خۆیدا دەدرا، هاوڵاتیان لەمانگی 11 وە دەهاتن قوماشیان دەکڕی دەیانبردە لای بەرگدروو بۆ ئەوەی حازربێت بۆیان بۆ گەشت و جەژنی نەورۆز. بەشێک لە هاوڵاتیان هەر لە ئێستاوە قوماشیان کڕیوە و بردویانەتە لای بەرگ دروو بۆ ئەوەی لە نەورۆزدا بتوانن بە جلوبەرگی کوردییەوە ئاهەنگ بگێڕن و جلوبەرگەکانیان بۆ ئەو کاتە ئامادەبێت. سەرکەوت جەبار دانیشتووی سلێمانی وتی «پۆشینی جلوبەرگی کوردی لەوەرزی بەهاردا تاموچێژێکی تایبەتی خۆی هەیە، ماوەی مانگێکە جلم بەدورین داوە بۆ مانگی سێ، لەبەرئەوە بەرگدورەکە پەلەپەلی تیانەکات، جوان بیدورێ». وتیشی «ئەو قوماشانەی کەهاوڵاتیان دەیکڕن بە مەرجی ئەسڵ دەیکڕن، بەڵام بەوشێوەیە دەرناچێت، بۆیە پێویستە حوکمەت چاودێرێکی باش لەسەر دوکاندارو بازرگانەکان دابنێت، چونکە زەرەرمەندی سەرەکی هەر هاوڵاتیانن». زۆرتر لە دوکاندارەکانی فرۆشتنی قوماش، ئێستا بەرگ درووەکان سەرقاڵن و بەشەو و رۆژ خەریکی کارکردنن بۆ دورینی جلوبەرگی هاوڵاتیان. سامان حسێن بەرگدرووی جلی کوردیی بە هاوڵاتى وت «کەمێک بازاڕمان جوڵاوە و باشبوە بەبەراوورد بە پارو پێرار، بەڵام قازنجێکی وای لێناکەین کەبژێویمان باش بکات، لەبەرئەوەی حکومەت پارەی کارەباو ساڵانەی دووکانی زیادکردووە». وتیشی «پێویستە حکومەت پێداچونەوە بەم سێکتەرانەدا بکات، لەبەرژەوەندی هاوڵاتیاندا پلان و ستراتیژ دابنێت نەک لەبەرژەوەندی خۆیدا». لیژنەی باڵای ئامادەكاری مەڕاسیمی نەورۆز بۆ ئەمساڵیش ئامادەكارییەكانیان دەستپێكردووە و هەوڵدەدەن مەراسیمێكی جیاواز لەساڵانی پێشتر بۆ نەورۆز سازبدەن. جگە لەوەی بۆ ئەمساڵ هاوشێوەی ساڵانی پێشتر مەڕاسیمی سەرەكی لە گردی مامە یارە بەڕێوەدەچێت و لەوێ ئاگر دەكرێتەوە، هەروەها كۆمەڵێك چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن.
ھاوڵاتی دوای چوار ساڵ جموجۆڵ لە عێراق دەستیپێکردووە بۆ رێکخستنەوەی کاری حزبەکان و کۆتایی ھێنان بە "فەوزای حزبەکان"، لەکاتێکدا تادێت ژمارەی حزبەکان ڕوو لە زیادبوونن کە بەشێکی زۆریان خاوەنی ھێزی چەکداریشن. لەدوای شەڕی داعش و دامەزراندنی حەشدی شەعبی بە فەتوایەکی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق، بەدەیان حزبی سیاسی دروستبوون بەبێ چاودێری و لەدەرەوەی یاسای حزبەکان، کە ھەریەکەیان خاوەنی ھێزی چەکداری تایبەت بەخۆیەتی. بەشی زۆری ئەو حزبانە لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ١٢ی ئایاری ساڵی رابردوودا بەشداریان کرد و بەشێکی کورسییەکانی پەرلەمانیان بەدەستھێنا، کە بەشێک لەوانەیان چوونە پەرلەمان پێشتر فەرماندەی سەربازی بوون. لەچەند رۆژی رابردوودا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق داوای لە پەرلەمان کرد کاربکات بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای تایبەت بە حزبەکان کە لە ٢٧ی ئابی ٢٠١٥ لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکرا. داواکەی کۆمسیۆن بۆ گۆڕانکاریکردنە لە ١٢ ماددەی یاساکە، کە دیارترینیان بریتییە لە رێکاری تایبەت بە تۆمارکردنی حزبەکان و بەدواداچوون بۆ کاری حزبەکان لە پێناو ئاگاداربوون لە کارەکانیان. رزگار حەمە محێدین جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە ھاوڵاتی راگەیاند، دەیانەوێت گۆڕانکاری لە یاسای حزبەکاندا بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیارەکانیان رادەستی پەرلەمانی عێراق کردووە. وتیشی "دەمانەوێت لەرێگەی گۆڕانکارییەکانەوە، چاودیری حزبەکان و داراییان و بارەگا و شوێنەکانیان و ئەندامەکانیان زیاتر بکەین و کاری حزبەکان زیاتر رێکبخەینەوە". لەبارەی ئەوەی گۆڕانکارییەکان داماڵینی حزبەکان لە چەک و گروپی چەکداری دەگرێتەوە، رزگار حەمە محێدین باسی لەوەکرد، ئەو ھێزانەی کە لە عێراقدا ھەن پەرلەمان خۆی دانی پێدا ناون، وەکو ھێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، ھەر ھەوڵێک لەو بارەیەوە پێویستە پەرلەمان خۆی ھەنگاوی بۆ بنێت. بەشێکی دیکەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە کۆمسیۆن داوایدەکات تایبەتە بە ھەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی مەرجدار بە قەوارە و حزبەکان تا ئەوکاتەی رێوشوێنە یاساییەکان بۆ تۆمارکردنیان لە فەرمانگەی تایبەت بە حزبەکان لە کۆمسیۆن تەواو دەکەن. پێش ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئایاری ٢٠١٨ کۆمسیۆن مۆڵەتی مەرجداری بە ٢٠ حزب بەخشی و بەخشران لە میکانیزمەکانی تایبەت بە تۆمارکردنی حزبەکان، بۆ ئەوەی رێگەیان پێبدرێت بەشداری ھەڵبژاردن بکەن. بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆن، لە ئێستادا زیاتر لە ٢٠٠ حزب لەلایەن فەرمانگەی تایبەت بە حزبە سیاسییەکانەوە مۆڵەتیان پێدراون و ماوەی پێدانی مۆڵەتیش بە حزبەکان بۆ تەواوکردنی رێوشوێنە یاساییەکانیان تا سێی ئازاری ئەمساڵ درێژکراوەتەوە. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لەو ژمارەیە زیاتر لە ھەشتا حزبیان لەسەر بنەمای ئاینی و نیشتیمانی و ناوچەیی و مەزھەبی دامەزرێنراون، بەبێ ئەوەی بەشێکیان بنەما پێویستییەکانی تایبەت بە حزبەکانیان تێدا بێت وەک ئەوەی کە یاسا دیاریکردووە. تا ئێستا دیار نییە پەرلەمان کەی پرسی گۆڕانکارییکردن لە یاسای حزبەکان تاوتوێ دەکات کە ئێستا لەپشووی وەرزیدایە و شەشی مانگی داھاتوو دەستبەکارەکانی دەکاتەوە. بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نەیشاردەوە کە دۆخی حزبەکان لە عێراق بەتایبەتی دوای شەڕی دژی داعش "فەوزا"ی تێکەوتووە و پێویستە رێکبخرێتەوە. وتیشی "تائێستا ئەو پرسە نەھاتووەتە پەرلەمان، ھەرکات خرایە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکانی پەرلەمانەوە تاوتوێی دەکەین، بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە یاسای حزبەکاندا بکرێت". جموجۆڵەکان بۆ گۆڕانکاری لە یاسای کاری حزبەکان ھاوکاتە لەگەڵ ناکۆکی نێوان فراکسیۆن و حزبە سیاسییەکان لەسەر چەندین پرس، لەناویاندا ئەو وەزیرانەی حکومەت کە ھێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە، لەگەڵ پرسی مانەوەی ھێزە بیانییەکان لە عێراق کە مشتومڕی دروستکردووە. سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی عێراق بە ھاوڵاتی راگەیاند، وروژاندنی پرسی گۆڕانکاری لە یاسای حزبەکان پەیوەندی بە ململانێی نێوان فراکسیۆن و لایەنە شیعییەکانەوە ھەیە، بەتایبەت ئەوانەی کە خاوەنی باڵی سەربازین و سەر بەھێزە جیاجیاکانی حەشدی شەعبین. بەپێی یاسای حزبەکان، ھیچ حزبێک بۆی نییە ھێزی تایبەت بەخۆی ھەبێت، بەڵام لە عێراق بەشێکی زۆر لە حزبەکان خاوەنی ھێزی چەکداران، کە بەشێکی زۆر لە ھێزەکان لەلایەن پەرلەمان و حکومەتەوە بەفەرمی ناسێنراون. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشدا، لەرێگەی وروژاندنی ئەو پرسەوە، فراکسیۆنە شیعییە رکەبەرەکان دەیانەوێت فشار لەسەر یەکتری دروستبکەن، بۆ بەدەستھێنانی ئامانجەکانی خۆیان. پێشنیارەکانی کۆمسیۆن ھەروەھا گۆڕانکاریکردن دەگرێتەوە لە رێوشوێنەکانی پەیوەست بە دیاریکردنی چارەنوسی دەستەی دامەزرێنەرانی حزبەکان، لەدوای تەواوکردنی رێوشوێنەکانی پەیوەست بە ئەنجامدانی یەکەم کۆنگرەوە لەلایەن دەستەی گشتی یەوە. بەشێکی تر لە گۆڕانکارییەکان کە کۆمسیۆن داوایکردووە، تایبەتە بەبەرزکردنەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی داوای دامەزراندنی حزب دەکەن بۆ پێنج ھەزار کەس لە پێنج پارێزگای جیاواز کە پێویستە واژۆ بکەن لەو بارەیەوە، لەکاتێکدا یاساکەی ئێستا باسی لە دوو ھەزار کەس لە سێ پارێزگا کردووە. تا ئیستا فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کە نوێنەرایەتی حزبە سیاسییەکان دەکەن ھەڵوێستی روونی خۆیان لەبارەی گۆڕانکاریکردن لە یاسی رێکخستنی کاری حزبەکان دەرنەبڕیوە. جوان ئیسحان سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکرد، ھێشتا بەفەرمی ھیچیان لەو بارەیەوە پێنەگەیشتووە تا ھەڵوێستی خۆیان لەو بارەیەوە روونبکەنەوە. وتیشی "بەڵام زۆربەی کەرتەکان لە عێراق پێویستیان بە رێکخستنەوە ھەیە و ئەگەر پرسێکی لەو جۆرە بێتە پەرلەمان تاوتوێی دەکەین". بەمەبەستی تاوتوێکردنی گۆڕانکارییەکان، رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری لە ھۆڵێ دەستوری پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، کە لیژنەی یاسایی پەرلەمانیش ئامادەبوون تێیدا. کۆمسیۆن پێشنیاری ئەوەشیکردووە کە بە رێژەی لەسەدا ١٠ ھاوکاریی دارایی حزبەکان بکرێت، لەگەڵ لەسەدا ٣٠ بۆ حزبەکانی بەشدار لە ھەڵبژاردن و لەسەدا ٦٠ بۆ حزبە براوەکانی ھەڵبژاردن، بەپێی بەدەستھێنانی رێژەی دەنگەکانیان نەک کورسییەکانیان لە پەرلەمان. بەپێی یاساکەی ئێستا، وەرگرتنی پارە لەلایەن حزب و رێکخراوە سیاسییەکانەوە قەدەغەکراوە لەھەر حزب و رێکخراو و کۆمەڵە یان رێکخراو یان کەسێک یان لایەنێکی بیانی، تەنھا بە رەزامەندی فەرمانگەی حزبەکان نەبێت کە سەر بە کۆمسیۆنە. پێشنیارەکانی کۆمسیۆن ھەروەھا گرەنتی بەشداری ژنان و گەنجانی لەحزبەکان و پرسی رێگریکردن لە رەوایی پێدان بە فکری حزبی بەعس لەخۆ گرتووە، لەلایەن حزبەکانەوە. ئەمە یەکەمجار نییە ھەوڵی ھەموارکردنی یاسای حزبەکان لە عیراق دەدرێت، ساڵی ٢٠١٦ تەیاری دیموکراتی تانەیەکی لەبەردەم دادگای فیدراڵی دژ بە یاساکە تۆمارکرد و بەشێک لە بەندەکانی یاساکەی بە نادەستوری ناوبرد.
هاوڵاتی، دیمەن ئیسماعیل شانیا ئەگەرچی نابینایە بەڵام نەبۆتەهۆی رێگری لەحەزو ئارەزوەکانی، لەخوێندن دا بەهۆی زیرەکی هەمو ساڵێک پلەی یەکەم بەدەستدەهێنێ. شانیا فایەق، تەمەن 14 ساڵ کچێکی دانیشتوی قەزای سەیدسادقە، خوێندکاری پۆلی 9 یە لەقوتابخانەی ئاشکانی بنەرەتی، لەتەمەنێکی مناڵیەوە چاوەکانی لەدەستداوە. شانیا لەتەمەنی 7 مانگیەوە وەرەمێ لەسەر چاوی دروستبوو، دوای بردنی بۆ تاران و سلێمانی و بەغداو تکریت، هەموو دکتۆرەکان یەک وەڵامیان داوەتەوە ئەویش ئەوە بوە کەچاوەکانی نەک لەدەستدەدات، بەڵکو دەمرێت. شانیا لەڕێگەی میمۆری دەنگیەوە دەخوێنێت کە تایبەتە بەنابیناکان، کە میمۆریەکە هەموو ئاستێکی خوێندنی تێدایە، شانیا بە هاوڵاتی وت «بە میمۆری بەرنامەی دەنگی لەکتێبخانەی دەنگی لەوێدا کتێبەکان دەهێنم و گوێی لێدەگرم» جگە لەوەش مۆبایل و فەیسبوک بەشێوازێکی زۆرباش بەکاردێنێت ئەوەش هەر لە رێگەی بەرنامەی دەنگیەوە. هەموو ساڵێک لەسەر ئاستی قوتابخانەکەی پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە ئەمساڵیش تێکرای نمرەکانی 100 بون، ئەو ئێستا بۆتە جێگەی شانازی مامۆستاکانی لەماڵەوەش زۆر بەباشی دەتوانێ کاروباری خۆی بەڕێوەببات بەبێ یارمەتیدانی کەس. حەپسە ساڵح، دایکی شانیا بە رۆژنامەی هاوڵاتی وت «شانیا شوێنەکان شارەزایە پێویستی بەهاوکاری کەس نیە « وتیشی «بەڵام وەکو هاوکاریەک بۆی هەمیشە ماڵەوە کۆکراوەتەوە تاکو لەکاتی رێکردن پێی بەر هیچ شتێک نەکەوێت» لەکاتی رۆشتنیشیدا بۆ قوتابخانە هاوڕێکانی هاوکاری دەکەن، ئاسودە هاوڕێیەکی ئەوە بە هاوڵاتی وت «کاتێک دەڕۆین بۆ خوێندنگە پێکەوەین، هەمیشە ئاگاداری دەبین». ئاسودە ماوەی سێ ساڵە هاوڕێی شانیایە زۆرجار یارمەتی شانیای داوە کاتێک میمۆری و ریکۆردی مۆبایلەکەی تێکچوون. ئاسۆ ئەبوبەکر، مامۆستای شانیا بە هاوڵاتی وت «لەکاتی تاقیکردنەوە پرسیارەکانی بۆ دەخوێنینەوە، ئەویش دواتر وەڵام دەداتەوە، ئێمە لەسەر وەڵامەکانی نمرەی بۆ دادەنێین». ئەوەی شانیا حەزی لێیە ئەوەیە کە لەداهاتوودا کاری وەرگێڕان بکات، لەزمانیەوە بۆ زمانەکانی تر.
ئارا ئیبراهیم بزووتنەوەی گۆڕان جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێم و یاریدههدرێکی سه‌رۆکى حکومه‌ت بۆ چاکسازى، لەگەڵ سێ وەزارەت و چوار بریکارو دەستەیەک وەردەگرێت لەکابینەی نۆیەمی حکومەتدا. به‌پێى رێکه‌وتنى له‌گه‌ڵ پارتى بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نوێ، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان وەزارەتەکانی دارایى و ئابوورى، بازرگانى و پیشه‌سازى، کاروکاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى، ده‌سته‌ى سندوقى داهاته نه‌وتیه‌کان وەردەگریت له‌گه‌ڵ چوار بریکارى هەریەکە لە وه‌زاره‌ته‌کانى ( ناوخۆ، کاره‌با، په‌روه‌رده، شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار و ئه‌میندارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه)، هەروەها له‌گه‌ڵ له‌سه‌دا دوانزه‌ى راوێژکارو به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییەکان. هه‌روه‌ها گۆڕان له‌په‌رله‌مانى کوردستان، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوانى په‌رله‌مانی به‌رکه‌وتووه. ئەو پۆستانەی دوای ڕێکەوتنێکی 18 خاڵیی نیوان گۆڕان و پارتی هات که لە 18ى شوباتدا واژۆکرا، تایبه‌ت به به‌رنامه‌ى حکومه‌ت و پۆسته‌کانیان به پێى ئیستحقاقى هه‌ڵبژاردن. جه‌لال جه‌وهه‌ر، ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌کاتى واژۆکردنى رێکه‌وتنه‌که‌دا به‌میدیاکانى راگه‌یاند که هیوادارن ئه‌م رێکه‌وتنه به‌ته‌واوى جێبه‌جێبکرێت و سه‌رجه‌م ئه‌و لایه‌نانه‌ى ده‌یانه‌وێت به‌شدارى حکومه‌ت بکه‌ن له‌ده‌ورى کابینه‌ى نۆیه‌م کۆببنه‌وه تا پێکه‌وه چاکسازى و سه‌قامگیرى دروستبکه‌ن. ئه‌ندامێکى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان که له‌به‌ر هه‌ستیارى بابه‌ته‌که نه‌یویست ناوى بهێنرێت، ئه‌وه‌ى ئاشکرا کرد که زیاتر له 430 که‌س C.V یان پێشکه‌ش به بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان کردووه بۆ وه‌رگرتنى پۆسته‌کان که به‌رکه‌وته‌ى بزوتنه‌وه‌که‌یه. ئه‌وه‌شى ئاشکرا کرد که له‌لایه‌ن جڤاتى نیشتمانى و گشتییه‌وه که ئه‌ندامێکى خانه‌ى راپه‌ڕاندن سه‌رپه‌رشتى ده‌کات C.V له‌مانگى ئازاردا تاوتوێ ده‌کرێت و که‌سى شیاو‌و شایسته و لێهاتوو دیاریده‌کرێن بۆ پۆسته‌کان. به‌پێى زانیارییه‌کانى ھاوڵاتی که له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کى جیاوازى بزوتنه‌وه‌که‌وه ده‌ستى که‌وتووه، ناوى به‌شێک له کانیده پێشنیارکراوه‌کان تاوتوێ ده‌کرێت به‌تایبه‌ت پۆسته هه‌ستیاره‌کان. مسته‌فا سه‌ید قادر، بۆ جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێم، جه‌لال جه‌وهه‌ر یان شۆڕش حاجى بۆ یاریدههدرى سه‌رۆکى حکومه‌ت بۆ سه‌رۆکى کۆمیته‌ى چاکسازیی که له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێکده‌هێندرێت. هەروەها ئاوات شێخ جه‌ناب ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى و به‌رپرسى دارایى گۆڕان له‌گه‌ڵ سه‌ردار قادر بۆ وه‌زیرى دارایى. دانا عه‌بدولکه‌ریم بۆ وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردن، کوێستان محه‌مه‌د بۆ بریکارى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده یان وه‌زیرى کاروکاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى که گۆران مه‌به‌ستێتى ژنێک بباته نێو ئهنجومەنى وه‌زیرانه‌وه. هاوکات، بایه‌زید حه‌سه‌ن که ماوه‌ى هه‌شت ساڵ ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق بووه له لیژنه‌ى وزه بۆ سه‌رۆکى ده‌سته‌ى سندوقى داهاته نه‌وتى و گازییه‌کان یان بۆ بریکارى وه‌زیرى کاره‌با. به‌پێى به‌دواداچونى ھاوڵاتی، له‌نێو جڤاتى نیشتمانى و جڤاتى گشتى داوایان لێکراوه خۆیان کاندید بکه‌ن بۆ پۆسته‌کانى حکومه‌ت. هه‌ریه‌ک لهوهزارهتهکانى ناوخۆ‌و شاره‌وانى و گه‌شتوگوزارو کاره‌با و په‌روه‌رده بۆ پارتى یهکلایبونهتهوهو پارتى ده‌یه‌وێت گۆڕان بریکارى ئه‌و وه‌زاره‌تانه وه‌ربگرێت که لاى خۆیه‌تى نه‌ک لاى یه‌کێتى. جڤاتى نیشتمانى ئه‌و رۆژه‌ى ده‌نگى دا بهڕێکهوتنهکهى له‌گه‌ڵ پارتیدا که‌متر له‌په‌نجا ئه‌ندامى جڤات ئاماده‌بوونه‌و پێنج ئه‌ندام ئاماده‌نه‌بوون ده‌نگى پێ بده‌ن ئه‌وانه‌ش هه‌ریه‌ک له(مه‌لا فه‌رمان، عه‌بدولره‌زاق شه‌ریف، عه‌بدولره‌حمان موهه‌ندیس، ئه‌حمه‌د عه‌زیز، جه‌بار عه‌لى خورماتوو). له‌لایه‌کى دیکه‌وه، ئه‌ندامێکى جڤاتى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو لاى پارتى مه‌له‌فى نه‌وت و پێشمه‌رگه‌و ده‌زگا ئه‌منیه‌کان و په‌یوه‌ندیه‌کانى ده‌ره‌وه خه‌تى سوره ئه‌وه‌شى به‌شدارى حکومه‌ت ده‌کات ده‌بێت «شوێنکه‌وتووى سیاسه‌تى پارتى بێت». پێشی وابوو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان «ناتوانێت سه‌رکه‌وتوو بێت له‌چاکسازى ئیدارى و داراییدا به‌تایبه‌ت له‌پرسى شه‌فافیه‌ت و به‌گژاچونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵیدا».
سازدانى: ئارا ئیبراهیم ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى دڵنیایى ده‌دات که به‌هۆى ناکۆکییه‌کانیانه‌وه له‌گه‌ڵ پارتى هیچ گرژییه‌ک روونادات و حزبه‌که‌ى سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى رێکه‌وتنى سیاسیان له‌گه‌ڵ پارتى به گفتوگۆى ئارام به‌رێوه‌بچێت. سامان گه‌رمیانى، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى جه‌ختده‌کاته‌وه بێجگه له که‌سایه‌تیه سیاسییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ئه‌مریکییه‌کان نێوه‌ندگیرى ده‌که‌ن و ده‌شڵێت «خۆشمان ده‌مانه‌وێت وه‌زعه‌که ئارام بکه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى گفتوگۆکان ده‌ستپێبکاته‌وه«. گه‌رمیانى پێشیوایه، پارتى په‌شیمان بۆته‌وه له رێککه‌وتنى 5ى شوباتداو یه‌کێتیش به به‌رپرس نازانێت که لایه‌نێک واژۆى رێکه‌وتنى کردووه‌و نه‌هاتۆته پێشه‌وه و سازش له پرسی که‌رکوک ناکه‌ن. هاوڵاتى: یه‌کێتى به‌دیلى چیه پاش ئه‌وه‌ى رێکه‌وتنى 5ى شوبات له‌نێوان پارتى و یه‌کێتى سه‌رى نه‌گرت؟ سامان گه‌رمیانى: ئێمه به‌شداریمان نه‌کردووه له‌کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان و هه‌موو خه‌ڵک ده‌زانێت، یه‌کێتیش به‌رپرس نییه له‌وه‌ى که لایه‌نێک ئه‌و رێکه‌وتنه‌ى واژۆ کردووه‌و نه‌هاتۆته پێشه‌وه. هاوڵاتى: نێوه‌ندگیرى هه‌یه له‌نێوان ئێوه‌و پارتیدا بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌کان بۆ ئه‌وه‌ى دانوستان ده‌ستپێبکه‌نه‌وه؟ سامان گه‌رمیانى: ئاگادارین نێوه‌ندگیرى هه‌یه له‌لایه‌ن ئه‌مریکییه‌کانه‌وه، ئێمه وه‌ک یه‌کێتى هیچ وه‌ڵامێکمان نه‌بووه و ته‌نها وتومانه له 5ى شوباتدا واژۆ له‌سه‌ر رێکه‌وتنێک کراوه حه‌ق نییه که ئیمزات له‌سه‌ر شتێک کرد په‌شیمان ببیته‌وه. هاوڵاتى:ئایا به‌بێ پارتى ده‌توانن پارێزگارى که‌رکوک یه‌کلایی بکه‌نه‌وه؟ سامان گه‌رمیانى: ئێمه ده‌مانه‌وێت وه‌زعه‌که ئارام بێت و به ئارامى گفتوگۆ بکه‌ین تا بتوانین گوێبیست بین و نامانه‌وێت ته‌شه‌نوج دروست بکه‌ین، بۆ ئه‌و مه‌وزوعه چاوه‌رێ ده‌که‌ین بزانین وه‌ڵامه‌کان چى ده‌بن. هاوڵاتى: پارتى ده‌ڵێت که‌رکوک داگیرکراوه تا ئه‌وه چاره‌سه‌رنه‌کرێت پرسى پارێزگار یهکلایناکرێتهوه، ئه‌ى چۆن له پێنجى شوباتدا به‌ڵێنیانداوه به‌ئێوه؟ سامان گه‌رمیانى: ئێمه مه‌وقیفى خۆمان هه‌بووه و روونه و نامانه‌وێت هیچ لایه‌نێک ئیستفزاز بکه‌ین با چاوه‌رێ بین، ده‌مانه‌وێت که رێکه‌وتنى سیاسى کرا به‌و رێکه‌وتنه چاره‌سه‌رى کێشه‌کان ده‌کرێت، به‌بێ رێکه‌وتنى سیاسى سیقه نابێت له‌کاره‌کاندا بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام بین. هاوڵاتى: باس له‌وه ده‌کرێت هه‌ریه‌ک له عه‌لى باپیر ئه‌میرى کۆمه‌ڵ و محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود و چه‌ند که‌سایه‌تییه‌کى دیکه نێوه‌ندگیرى ئێوه‌و پارتى ده‌که‌ن؟ سامان گه‌رمیانى: دیاره خۆت ده‌زانى یه‌کێتى ژماره‌یه‌کى زۆر قورسه‌و ئه‌و که‌سایه‌تیانه هه‌وڵ ده‌ده‌ن گفتوگۆکان به‌رده‌وام بێت ئه‌و وه‌زعه ئارام بکه‌نه‌وه. ئێمه‌ش خۆمان هه‌وڵ ده‌ده‌ین وه‌زعه‌که ئارام ببێته‌وه‌و به هێمنى بڕوا‌و نامانه‌وێت ته‌شه‌نوج رووبدات تا به‌ئارامى له‌یه‌کتر تێبگه‌ین له‌گه‌ڵ پارتیدا و داواکارییه‌کان پێشکه‌ش بکه‌ین، مه‌به‌ستى یه‌کێتى ئه‌وه‌یه که پرۆسه‌ى دیموکراسى له‌کوردستاندا به‌شێوه‌یه‌کى گونجاو به‌رێوه‌به‌رین، نه‌ک به‌شێوه‌یه‌ک که لایه‌نێک خۆى به‌وه بزانێت خاوه‌ن هێزو ده‌نگى زۆره لایه‌نه‌کانى تر ته‌همیش بکات. ته‌همیش کردن زه‌ره‌رى پرۆسه‌ى ئاشته‌وایى هه‌م نێو ماڵى کورد هه‌میش وه‌زعى سیاسى له‌هه‌رێم و ناوچه‌که هه‌م له‌به‌غداش رووبه‌رووى شکست ده‌بێته‌وه، ئێمه تا ئێستاش به‌و شێوازه ئیش ده‌که‌ین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئارام بین و لایه‌نى به‌رامبه‌ریش تێبگات هیچ شتێکان نه‌کردووه غه‌یرى ئه‌وه‌ى وتومانه له 5ى شوباتدا رێکه‌وتنه‌که جێبه‌جێ بکرێت و وهسیقهیهکه له‌نێوانماندا هه‌بێت، رێکه‌وتنه‌که گونجاوه بۆ پرۆسه‌ى سیاسى له‌هه‌رێمى کوردستان و پێکه‌وه کارکردن. هاوڵاتى: که‌رکوک به‌لاى یه‌کێتیه‌وه تا چه‌ند گرنگه که به‌شدارى کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى نه‌کرد؟ سامان گه‌رمیانى: که‌رکوک ئه‌ساسه بۆ ئیتفاقى سیاسى، روونه بۆ هه‌موو لایه‌ک و به‌کورتى ته‌نازولى لێ ناکه‌ین. هاوڵاتى: له‌نێو لایه‌نه‌کاندا باس له عوسمان حاجى مه‌حمود ده‌کرێت وه‌ک که‌سێکى بێلایه‌ن بکرێته پارێزگارى که‌رکوک؟ ئایا یه‌کێتى ئه‌مه‌ى قبوڵه؟ سامان گه‌رمیانى: ئێمه له رێکه‌وتنى سیاسیماندا له رۆژى 5ى شوبات هه‌موو شته‌کان باسکراوه‌و روونه لاى پارتى. کاک عوسمان هاوڕێمه‌و هه‌موو کات به‌براى خۆمى ده‌زانم هه‌موو مێژووى پێشمه‌رگایه‌تیمان پێکه‌وه بووه، به‌ڵام ئه‌مه مه‌وزوعى یه‌کێتى و رێکه‌وتنى سیاسییه. هاوڵاتى: راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ى 18ى شوباتى مه‌کته‌بى سیاسى چۆن ده‌خوێنیته‌وه پاش کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان؟ سامان گه‌رمیانى: راگه‌یه‌ندراوێکى زۆر باش بووه که مه‌کته‌بى سیاسى ده‌ریکردووه‌و هه‌موومان یه‌ک بووین و له‌وه‌تى یه‌کێتى هه‌یه قه‌ت ئه‌وه‌نده یه‌ک نه‌بووین.