شاناز حه‌سه‌ن مه‌لیحه نورى ته‌مه‌ن 54 ساڵ ڕۆژى سێشه‌ممه وه‌ک هه‌ر کاتێکى دیکه‌ى ئاسایی به‌ره‌و نۆرینگه‌که‌ى دکتۆر که‌مال ئه‌حمه‌د سه‌عید له‌شه‌قامى ئۆرزدى سلێمانى به‌ڕێکه‌وت، بۆ ئه‌وه‌ى کچه‌که‌ى ببینێت که 15 ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر نه‌شته‌رگه‌ریی بۆ کردووه، بێ‌ئاگا له‌وه‌ى ئه‌و پزیشکه رۆژێک پێشتر ته‌قه‌ى لێکراو له‌ناو نۆرینگه‌که‌یدا بریندار کرا. کاتێک مه‌لیحه گه‌یشته به‌رده‌م نۆرینگه‌که‌ى بینى داخراوه، وتی «له‌و کاته‌دا یه‌کسه‌ر دڵم بۆ ئه‌وه‌چوو شتێک روویدابێت، به کچه‌که‌م وت تۆ بڵێى که‌سى نزیکى نەمردبێت، تا چومه خواره‌وه‌و له‌که‌سێکم پرسى، وتیان ته‌قه‌ى لێکراوه‌و برینداره«. پێدانى هه‌واڵى برینداربوونى ئه‌و پزیشکه مهلیحهى تاساند، «به‌داخه‌وه پزیشکێکى ئاوا دڵسۆز به‌هۆى هه‌ر هۆکارێکهوە بێت، ته‌قه‌ى لێده‌کرێت». مەلیحە بەنیگەرانی لەبەردەم دەرگای نۆرینگە داخراوەکەیدا کز کز دانیشتبوو، هەندێک جار لە پەنجەرەکەوە سەیری ژورەوەی دەکردو لەو خوێنە ڕژاوەی دکتۆر که‌مال ئه‌حمه‌د سه‌عیدی دەڕوانی کە زەوی هۆڵ و راڕەوی نۆرینگەکەی نەخشاندبوو. ئێستا ئه‌و ژنه ڕۆژ ده‌ژمێرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پزیشکه چاکبێته‌وه‌و بچێته‌وه نۆرینگه‌که‌ى، تا بتوانێت سه‌ردانى بکاته‌وه، چونکه به‌وته‌ى خۆى زۆر سودیان لهچارهسهرهکانى وه‌رگرتووه «زۆر پزیشکێکى له‌سه‌رخۆ بوو، شایانى ڕێزلێنان بوو، نه‌ک ته‌قه‌لێکردن». ئێواره‌ى دووشه‌ممه‌ی رابردوو دکتۆر که‌مال ئه‌حمه‌د سه‌عید پسپۆڕى نه‌شته‌رگه‌ری گشتیى له‌کاتێکدا سه‌رقاڵى بینینى نه‌خۆش بوو لهنۆڕینگهکهى له‌شه‌قامى ئۆرزدى سلێمانى له‌ناو ژوره‌که‌ى خۆیدا به‌چه‌کى بێده‌نگ بریندارکرا و دواتر گه‌یه‌نرایه نه‌خۆشخانه‌و نه‌شته‌رگه‌ریی بۆ ئه‌نجامدرا. تەقەکەرەکە سەرەتا وەکو نەخۆشێک چۆتە ژوورەوە، بەپێی قسەی شایەتحاڵەکان، تەقەکەرەکە وەکو ئەو خەڵکە لەسەرەدا وەستاوەو تا نۆرەی هاتووەو دواتر چۆتە ژوورەوەو بەدەمانچەی بێدەنگ سێ فیشەکی ناوە بەپزیشکەکەوە. یاد نه‌قشبه‌ندى وته‌بێژى ته‌ندروستى سلێمانى وتى «به په‌له له‌لایه‌ن تیمێکى نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه، نه‌شته‌رگه‌رى بۆ کرا، دواى ئه‌وه برایه چاودێرى وردى نه‌خۆشخانه‌ى فێرکارى». دواى ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌ریی، پزیشکه‌که گوازرایه‌وه نه‌خۆشخانه‌ى فاروقى ئه‌هلى. له‌ئێستادا له‌و نه‌خۆشخانه‌یه له‌لایه‌ن تیمێکى پزیشکى سێ کهسییهوهو به‌سه‌رپه‌رشتى دکتۆر قه‌له‌نده‌ر چاودێرى ته‌ندروستى ده‌کرێت. تیمه پزیشکییه‌که ئاماده‌نه‌بوون هیچ زانیارییه‌ک له‌باره‌ى ته‌ندروستى ئه‌و پزیشکه‌وه بده‌نه هاوڵاتی، به‌ڵام به‌وته‌ى به‌رپرسانى ته‌ندروستى سلێمانى دواى ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌ریی بۆى ته‌ندروستى ئه‌و پزیشکه جێگیره. وته‌بێژى ته‌ندروستى سلێمانى وتى «به‌خۆشحاڵیه‌وه هیچ کام لهفیشهکهکان زیانى واى پێنه‌گه‌یاندووه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خوێنى زۆرى لێ رۆیشتووه، توشى له‌هۆشچوون بووه، ده‌بێت بزانین ئایا زه‌ره‌ر بهمێشکى گه‌یشتووه یان نا دوایى ده‌رده‌که‌وێت و تائێستا له‌ژێر چاودێرى پزیشکیدایه«. به‌پێی ئاماره‌کانى ڕێکخراوه‌کانى تایبه‌ت بهپزیشکان، له‌ماوه‌ى ئه‌مساڵدا ئه‌مه سێیه‌م حاڵه‌تى هێرشکردنه سه‌ر پزیشکه له‌هه‌رێمى کوردستان. خاڵس قادر وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى وتى «یاساى پاراستنى پزیشکان له‌عێراق ده‌رچووه به‌ڵام به باشى نه‌چووه‌ته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى پارێزراو بن». وتیشى «هه‌موو یاسایه‌ک بۆ ئه‌وه‌ى جێبه‌جێ بکرێت پێویسته له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیارى له‌سه‌ر بدرێت و به‌رزبکرێته‌وه بۆ په‌رله‌مان، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌م جاره ئه‌و یاسایه له‌په‌رله‌مان بڕیارى له‌سه‌ر ده‌درێت و کارى پێده‌کرێت بۆ پاراستنى ژیانى پزیشکان». ته‌قه‌کردن له‌و پزیشکه ناسراوهى سلێمانى کاردانه‌وه‌ى لێکه‌وته‌وه‌و ڕێکخراوه‌کانى تایبه‌ت بهپزیشکان و مامۆستایان و خوێندکارانى زانکۆ له به‌شه پزیشکییه‌کان خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداو داواى ده‌ستگیرکردنى تۆمه‌تباره‌که‌یان کرد. ته‌ها مه‌حوى نه‌قیبى سه‌ندیکاى پزیشکان له‌سلێمانى وتى «ئه‌مه یه‌که‌مجاره لهنۆرینگهکاندا به‌و شێوه‌یه ژیانى پزیشک و نه‌خۆشه‌کانیش بخرێته مه‌ترسیه‌وه، ئه‌مه ترس و دڵه‌ڕاوکى دروستده‌کات له‌ناو پزیشکه‌کاندا که پێویستیان به ئه‌مان و هێمنییه بۆ چاره‌سه‌رى نه‌خۆش له‌و شوێنه‌ى کارى تێدا ده‌کات». وه‌ک کاردانه‌وه‌یه‌ک به‌رانبه‌ر ئه‌و رووداوه، ڕۆژى سێشه‌ممه پزیشکه‌کانى سلێمانى نۆرینگه‌کانیان داخست. نۆرینگه‌که‌ى دکتۆر که‌مال له شه‌قامى ئۆرزدى سلێمانى له‌ناو بینایه‌کدایه، که زۆر نۆرینگه‌ى تر‌ى تیدایه، به‌ڵام به‌هۆى کۆنى بیناکه‌وه کامێراى چاودێرى تێدا نییه و ته‌نیا ئه‌و کامێرایانه نه‌بێت که له‌ده‌ره‌وه‌ى بیناکه‌دان. نۆرینگه‌که‌ى به‌داخراوى ده‌بینراو ئاسه‌وارى خوێن له‌به‌رده‌م ئه‌و کورسیانه‌ى که نه‌خۆش له‌پشت ده‌رگاکه‌وه چاوه‌ڕوان ده‌کات ده‌بینرێت. شاهۆ کەکارمهندی سه‌نته‌رێکی شیرى منداڵانەو لەبه‌رامبه‌ر نۆرینگه‌که‌ى دکتۆر که‌مالدا رۆژانە دەوام دەکات، وتى «له‌ڕۆژى رووداوه‌که هیچ شتێکى نا ئاسایى نه‌بوو که هه‌ستى پێبکه‌ین، چونکه ده‌مانچه‌که‌ش بێده‌نگ بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌مان بینى که هێنایانه خواره‌وه خوێنى لێده‌ڕۆیشت». وتیشى»به‌پێی قسه‌ى خه‌ڵک وتراوه که ئه‌و که‌سه لاى سکرتێره‌که وه‌ره‌قه‌ى بڕیوه و چاوه‌ڕێی کردووه تا سه‌ره‌ى گه‌یشتووه و چووه‌ته ژوره‌وه«. لەکاردانەوەی ئەو کارەدا ئەنجومەنی باڵای سەندیکای پزیشکان لقی سلێمانی بڕیاریدا، بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر سەرجەم نۆرینگە تایبەتەکانیان دابخرێت ئەوەش وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر تەقەکردن لەپزیشکێکی شارەکەو و بریندارکردنی بەخەستی. کاتێک پەیامنێری هاوڵاتی سەردانی ئەو باڵەخانەیەی کرد کە نۆرینگەکەی دکتۆر کەمالی لێیە، بینی سەرجەم نۆرینگەکان داخراون. ناڕەزایەتی پزیشکان تەنها سلێمانی نەگرتەوە، بەڵکو لەچەندین شاری تردا پزیشکان دەستیاندایە ناڕەزایەتی و مانگرتن لەبەرامبەر تەقەکردن لە دکتۆر کەمال. دکتۆر که‌مال ته‌مه‌نى 56 ساڵه‌و له‌شه‌قامی ئۆرزدی سلێمانى نۆرینگه‌ى هه‌یه. دکتۆر که‌مال له‌ساڵی 1962 له دایکبووه‌و له‌ساڵی 1986 بڕوانامه‌ى پزیشکی گشتیى له‌زانکۆى به‌غدا به‌ده‌ستهێناوه. دکتۆر که‌مال پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتیه‌و وانه‌بێژه له‌کۆلێژى پزیشکی زانکۆى سلێمانى. وه‌کو پزیشکى نه‌شته‌رگه‌ری گشتى له‌نه‌خۆشخانه‌ى فێرکاری سلێمانى کاری کردوه، جێگری سه‌رۆکى به‌شی نه‌خۆشیه‌کانى ژنان و منداڵبوون بووه له‌ساڵی 2001 سه‌رۆکى به‌شی توێکاری و زانستى کۆرپه‌له‌زانی بووه له‌ساڵى 2003. ئه‌ندامى چه‌ند رێکخراوێکى پزیشکیه له‌کوردستان و عێراق و ئه‌مه‌ریکا.
ئارا ئیبراهیم بیروڕای جیاواز لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەریهەڵداوە سەبارەت بە بڕیاری داخستنی تەڤگەری ئازادی کوردستان لەلایەن قوباد تاڵەبانی جیگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. تەڤگەری ئازادی کە حزبێکی دامەزراوە لە هەریمی کوردستان، بە پاساوی نەبوونی مۆڵەتی یاسایی لە لایەن قوباد تاڵەبانیەوە بڕیاری داخستنی دراو هیزەکانی ئاسایشیش بریارەکەیان جێبەجێ کرد، بەڵام ئەم بریارە لەناو هەندێک لە سەرکردایەتی یەکێتی پاڵپشتی ناکرێت. ئارێز عه‌بدوڵا، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى بۆ هاوڵاتی وتی «داوا له حکومه‌ت ده‌که‌ین یان مۆڵه‌تیان پێ بدات یا هۆکارى مۆڵه‌ت پێنهدانهکهیان پێ بڵێت و بۆ خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستانى رونبکاته‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌روا مۆڵه‌ت ناده‌ن به ته‌ڤگه‌رى ئازادى ئه‌وه ناهه‌قیه، ده‌بێت ته‌ڤگه‌ریش رێز له یاسا و رێساکانى هه‌رێمى کورستان بگرێت و به‌خۆیاندا بچنه‌وه«. هه‌فته‌ى رابردوو باره‌گاکانى ته‌ڤگه‌رى ئازادى بۆ کۆمه‌ڵگاى کوردستان نزیک له پارتى کرێکارانى کوردستان (په‌که‌که) له پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه داخران، ئەو حزبە لە حکومەتی عیراق مۆلەتی وەرگرت کە بەشداریی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات و کاندیدێکیان بۆ پەرلەمان سەرکەوت، بەڵام لە هەریمی کوردستان مۆڵەتیان پێ‌نادرێت. چه‌ند ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى و کادرى پێشکه‌وتووى ئه‌و حزبه لاپه‌ره‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى خۆیان نیگه‌رانییان به‌رانبه‌ر به بڕیارى داخستنى باره‌گاکانى ته‌ڤگه‌رى ئازادى ده‌ربرى وا پیشاندرا که به‌شێک له سه‌رکردایه‌تیان له‌گه‌ڵ داخستنى باره‌گاکانى ته‌ڤگه‌ردا نه‌بن، به‌پێى به‌دواداچونى هاوڵاتی سه‌رجه‌م ئه‌و که‌سانه له‌لایه‌ن تورکیاوه تۆمه‌تبار کراون به هاوکارى کردنى ئه‌و حزبه. ئاریز عەبدوڵا ئاماژە بەوەدەکات کە «لابه‌لا» پێیوتراوه نەچیت بۆ تورکیا تەنانەت به ترانزێتیش. ئەوەش لەکاتیکدایە بڕیارەکەی قوباد تاڵەبانی وەکو جیگری سەرۆکی حکومەت لەسەر یەکێتی کراوەتە ماڵ و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا روبەڕووی رەخنەی زۆر بوونەتەوە. ئارێز عه‌بدوڵا وتی «مه‌سه‌له‌که په‌یوه‌ندى به حکومه‌ت و یاساوه هه‌یه نه‌ک بهیهکێتیهوه بێت، پێشتر یه‌کێتى به‌وه تۆمه‌تبار کرا که یاساى حزبه سیاسیه‌کان جێبه‌جێ ناکات که ته‌ڤگه‌ر مۆڵه‌تى پێنه‌درابوو باره‌گاو کار‌و چالاکیان هه‌بوو». هەروەها وتی «ناکرێت یه‌کێتى و پارتى و لایه‌نه‌کانى تریش بچنه ژێر فشارى سیاسه‌تى تورکیاوه، چونکه ئه‌گه‌ر شتێک و داواکاریه‌کیان بۆ جێبه‌جێ بکرێت داواکارى تر‌ى به‌دوادا دێت و لێى ناوه‌ستن، سنورى داخوازى تورکیا سنورى سرینه‌وه‌ى کورده له‌سه‌ر خاکى کوردستان».
ئارا ئیبراهیم گۆڕانکاریه‌کانى ئهمدواییانهى پارتى دیموکراتى کوردستان به ده‌ستنیشانکردنى نێچیرڤان بارزانى بۆ پۆستى سه‌رۆکى هه‌رێم و مه‌سرور بارزانى بۆ پۆستى سه‌رۆکى حکومه‌ت، هه‌ژموونى پارتى به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردن له کوردستان زیاتر تۆخکردوه، سه‌ڕه‌راى ئه‌وه‌ى ئه‌و له ده‌سه‌ڵاتى یاسادانانیشدا زۆرینه‌یه‌و 45 کورسی په‌رله‌مانی هه‌یه‌و زۆرینه‌ى کورسیه کۆتاکانیش که 11 کورسیه له ئه‌وه‌وه نزیکن. دواى یه‌کگرتنه‌وه‌ى هه‌ردوو ئیداره‌ى سلێمانى و هه‌ولێر له ساڵى 2005، پارتى دیموکراتى کوردستان ئه‌گه‌رچی زۆرترین پۆسته سیادیه‌کانى حکومه‌تى به‌ده‌سته‌وه بووه، به‌ڵام له سلێمانیدا ده‌سه‌ڵاتی نه‌بووه، ئه‌وه‌ش به‌هۆى مانه‌وه‌ى سێبه‌ری دابه‌شکردنى پشکه‌کان به‌رێژه‌ى په‌نجا به په‌نجا له نێوان یه‌کێتى و پارتیدا که لەدواى یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان که له ساڵى 1992 ئه‌و دوو حزبه له‌سه‌ری رێکه‌وتن. دواى به‌شداریکردنى هێزه‌کانى ئۆپۆزسیۆن له کابینه‌ى هه‌شته‌مى حکومه‌تى هه‌رێم به سه‌رۆکایه‌تى نێچیرڤان بارزانى له ساڵى 2013، سێبه‌ری دوو ئیداره‌یی نهڕهوییهو هه‌ریه‌که له پارتى و یه‌کێتى له سنوری ده‌سه‌ڵاتى خۆیاندا بڕیاریان به‌ده‌ست بووه، له پرسه هه‌ستیاره‌کاندا بڕیاری ئه‌و دوو حزبه کاریگه‌ری له بڕیاره‌کانى حکومه‌ت زیاتر بوه له ناوچه‌ى ژێر ده‌سه‌لاتى خۆیاندا. له بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى پارتى بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق و کوردستان، پارتى بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى ده‌کرد که «ئیرهابی فیکری» به‌رامبه‌ر ده‌کرێت له سلێمانى. مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى له بانگه‌شه‌ى حزبه‌که‌ى بۆ هه‌ڵبژاردنی 30ى ئه‌یلولی په‌رله‌مانى کوردستان له شاری سلێمانى وتى «مه‌حاڵه جارێکى دیکه ته‌عه‌دا کردن له پارتى له سلێمانى قبووڵبکرێت». له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا پارتى دیموکرانى کوردستان بڕیاریدا نێچیرڤان بارزانى بکاته کاندیدی پۆستى سه‌رۆکى هه‌رێم و مه‌سرور بارزانیش بۆ پۆستى سه‌رۆکى حکومه‌ت، ئه‌مه‌ش وه‌ک پێشهاتێکى نوێی سیاسی دێته ئه‌ژمارکردن به‌تایبه‌تى له سنووری سلێمانى، که حزبه خاوه‌ن جهماوەرهکانى ئه‌و ده‌ڤه‌ره به‌ردوام پارتیان به‌وه تۆمه‌تبار کردوه سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌کانى له ده‌ستى خۆیدا «قۆرخ» کردوه. رۆژنامه‌ى هاوڵاتی له‌سه‌ر ئه‌م پرسه رای سهرنووسەرهکانى پێشووى رۆژنامه‌که بڵاوده‌کاته‌وه. ئاسۆس هه‌ردى: ئه‌وه‌ى پارتى ده‌یه‌وێت دهستهمۆبوونه، سلێمانیش شارێکى زیندووه و ته‌سلیم نابێت نه‌ک هه‌ر خه‌ڵکى سلێمانى و خه‌ڵکى کوردستان به گشتى له هه‌رکه‌سێک بێته سه‌رۆکى حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست چاوه‌رێى ئه‌وه ده‌که‌ن که ریفۆرمى سیاسى بکات که شه‌ڕ له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵى و ناعه‌داله‌تى بکات ئه‌و هه‌موو داهاته زۆره‌ى که ده‌ست ئه‌م هدسهڵاته ده‌که‌وێت له خزمه‌ت گه‌شه‌پێدانى ئه‌و وڵاته خه‌رج بکرێت، پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه ئایا به‌م تهشکیلهیهى داهاتوو حکومه‌ت وه‌کو باس کراوه ده‌توانێت ئه‌مه بکات، بۆ خۆم گومانى گه‌وره‌م هه‌یه ئه‌وانه‌ى تائێستا له‌ده‌سه‌ڵاتى سیاسی‌دا بوون به‌تایبه‌ت پارتى و یه‌کێتى به‌شى زۆر به‌ر پارتى ده‌که‌وێت که ده‌سه‌ڵاتى زیاترى هه‌بووه، خۆیان به‌رپرسیارن له‌و وه‌زعه‌ى که دروست بووه له‌قازانجى خۆیانه، ئومێدى وام نییه به هه‌ر تهشکیلهیهکهوه بێت ئه‌و خه‌ونانه جێبه‌جێ بکات و بیهێنێته دى که خه‌ڵکى کوردستان و خه‌ڵکى سلێمانى خه‌وى پێوه ده‌بینن. پێموایه خه‌ڵک نائومێده له‌سه‌ره‌تاى دروستبونى ئۆپۆزسیۆندا ئومێدى هه‌بوو که هێزێک یان چه‌ند هێزێک هه‌ن که سازش ناکه‌ن له‌پێناوى به‌ده‌ستهێنانى وه‌زاره‌تێک و به‌رێوه‌به‌رێکى گشتیدا له‌پێناو مهبادیئهکانیان سازش ناکه‌ن و داکۆکى له‌خه‌ڵک ده‌که‌ن ئه‌گه‌رچى پارتى هێزیان ئه‌وه‌نده نه‌بوو که بتوانن ئه‌و داوایانه بسه‌پێنن و ئه‌و شه‌ڕه ببەنه‌وه. به‌ڵام له‌هه‌ڵبژاردنى پێشوو باشترین ته‌فسیره‌و خه‌ڵک نا‌ئومێد بووه له‌هه‌موو هێزه‌کان، نا‌ئومێد بووه له‌و هێزانه‌ى که ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه که ویستى ئه‌وه‌یان هه‌بێت که چاکسازى بکه‌ن، نا‌ئومێد بوون له‌هێزه‌کانى ئۆپۆزسیۆن که تاسه‌ر به‌رگرى له داخوازییه‌کانیان بکه‌ن، ئۆپۆزسیۆنیش ئه‌وه‌ى بینیمان مهوقیفهکانى له‌رزۆکانه و ئازایانه نییه، ئه‌وانیش خه‌و به‌وه ده‌بینن به‌شێک له کێکهکهى ده‌سه‌ڵاتیان ده‌ست بکه‌وێت، هه‌موو ئه‌م وه‌زعه نائومێدى دروست کردووه له هه‌رێمى کوردستاندا که له‌خوار له‌سه‌دا په‌نجاى هاوڵاتیان به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستانیان کردووه. سلێمانى شارێکى زیندووه به‌ئاسانى ته‌سلیم نابێت ئه‌وه‌ى پارتى ده‌یه‌وێت خه‌ڵکى ته‌سلیم بوو ده‌سته‌مۆیه له‌سلێمانى ئه‌وه‌ى ده‌ست ناکه‌وێت، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى پارتى ئازادییه‌کان له چ کاره‌ساتێکدا ده‌ژین که‌س ناتوانێت قسه‌یه‌ک بکات، ئه‌مه مهنتقى هێزێکه و ته‌سلیم بوون به‌سه‌ر هه‌موو کوردستاندا بسه‌پێنێت و غه‌یرى ئه‌وه هیچ شتێکى دیکه نییه. سروشتى ده‌سه‌ڵات بهنهوعێکه پارتى ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر پارێزگاى سلێمانیدا نییه، له‌به‌رئه‌وه ته‌سه‌ور ناکه‌م ئه‌مه بچێته سه‌ر که رازى نه‌بوون و ته‌سلیم نه‌بوون و نارهزاییهتیهکان به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام ده‌شێت یه‌کێک له ئه‌گه‌ره‌کان ئه‌وه‌یه کاردانه‌وه‌ى توندتر‌و به‌رابه‌ر له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌بێت، ئه‌مەش په‌یوه‌ندى به‌وه هه‌یه که پارتى 45 کورسى و زۆرترین ده‌نگى هێناوه‌و ره‌نگه پێى وابێت که له‌به‌رئه‌وه‌ى جیاوازى زۆرى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانى تردا هه‌یه له ژماره‌ى کورسیه‌کاندا حه‌قى خۆمه هه‌موو شتێک بکه‌م، له‌حاڵێکدا حوکمى دیموکراسى و زۆرینه پاراستنى ماف و پاراستنى که‌مینه‌کانه. له‌ناوخۆى پارتیدا بنه‌ماڵه حوکمڕانه، هێنانه پێشه‌وه‌ى مه‌سرور بارزانى باڵاترین ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێ کردن په‌یوه‌ندى به‌و هاوکێشه‌ى سیاسى و هاوسه‌نگیه‌ى له‌ناو خودى پارتیدا هه‌یه، مه‌سرور بارزانى که وه‌ک که‌سێکى ئه‌منى ده‌بێته سه‌رۆکى حکومه‌ت خه‌ڵکێکى زۆر ره‌نگه ترسیان له‌وه هه‌بێت که تهعامولى له‌گەڵ روداوه رۆژانه‌کانى وڵاته‌که‌شدا تهعامولێکى ئه‌منى بێت وه‌ک له‌وه‌ى تهعمولى سیاسى و مه‌ده‌نیانه بێت. که‌مال ره‌ئوف: پارتى به‌م ریتمهى ئێستاى ناتوانێت پێگه‌ى به‌هێز بکات له سلێمانیدا ئه‌و بێمتمانهییهى که ئێستا له نێوان لایه‌نه سیاسیه‌کاندا هه‌یه ده‌رئه‌نجامى ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ى حکومرانى پارتى و یه‌کێتى، که به‌ڵێنێکى زۆر دراوه به خه‌ڵک که به‌ڵێنه‌کان جێبه‌جێ نه‌کراوه یا لانى که‌م به‌ڵێنه ئه‌ساسیه‌کان که په‌یوه‌ندى به سه‌روه‌رى یاسا و ئازادى راده‌ربڕین و شه‌فافیه‌ت و ئه‌مانه بووه کهبههرهمهند بوون له‌ده‌سه‌ڵاتێک که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته یه‌کگرتوو بێت و هێزى به‌رگرى خۆى هه‌بێت ئه‌مانه هیچى جێبه‌جێ نه‌کراون ئه‌وانه‌ى ستراتیژى نه‌گه‌رانه‌وه‌ى مادده‌ى 140ى ده‌ستورى عێراق که تایبه‌ته به که‌رکوک و ناوچه کێشه له‌سه‌ره‌کان ئه‌مانه جێبه‌جێ نه‌کراون بۆیه خه‌ڵک ئاسایى بۆته‌وه کێ ده‌بێته سه‌رۆکى حکومه‌ت و کێ ده‌چێته حکومه‌ته‌وه، چونکه خه‌ڵک پێى وایه قه‌وان لێ ده‌درێته‌وه‌و له ئه‌نجامدا جێبه‌جێ ناکرێت. ئه‌وه‌ى که جۆرێک گرنگى هه‌یه‌و جیاوازى هه‌یه له‌دواى 17 ساڵ حکومرانى، له‌جێگه‌ى نێچیرڤان بارزانى بۆ سه‌رۆکى حکومه‌ت، مه‌سرور بارزانى ببێت به سه‌رۆکى حکومه‌ت، ئایا به‌رنامه‌که‌ى جیاوازه بۆ حکومڕانى و روئیاى جیاوازه له نێچیرڤان بارزانى، سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ى که جیاوازه دواى چه‌ند ساڵ له ململانێ و شه‌ڕ که ده‌بێت پۆستى سه‌رۆکى هه‌رێم له‌ناو خه‌ڵکدا هه‌ڵبژێردرێت و سیستم سه‌رۆکایه‌تى بێت و ده‌سه‌ڵاتى ره‌هاى هه‌بێت ئه‌مه نه‌ما، له‌به‌رئه‌وه‌ى کاندیده‌که‌یان گۆڕى له کاک مه‌سعود بۆ نێچیرڤان بارزانى ئه‌مه گۆڕا، که‌واته شتێک له سیستمى حکومرانى ئه‌م وڵاته گۆرانکارى به‌سه‌ردا هاتووه، جا گۆڕانکارییه‌کان مه‌رج نییه باش بێت. جیاوازى زۆر له‌نێوان نێچیرڤان بارزانى و مه‌سرور بازرانیدا هه‌یه، نێچیرڤان بارزانى پیاوێکى نه‌رمتر و مه‌ده‌نى تر بوو له سیاسه‌تکردندا تهفههومى زیاترى هه‌بووه و تێکه‌ڵبونى زیاترى هه‌بووه له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوس و که‌سانى تر، به‌ڵام نێچیرڤان بارزانى له سه‌رده‌مى حکومڕانیدا گه‌لێک شکستى خواردووه له‌وه‌ى که نه‌یتوانیوه هێزى پێشمه‌رگه یهکبخاتهوهو شاره‌کان به‌ته‌واوى رێکبخاته‌وه‌و رازى بووه به‌و دوو ئیداریی و به‌و شکڵهى که هه‌بووه و به‌رده‌وام بووه، پارتى به‌م ریتمهى ئێستاى ناتوانێت پێگه‌ى به‌هێز بکات له سلێمانیدا، ئه‌گه‌ر دیقه‌ت بده‌ن پارتى ده‌نگه‌کانى له سه‌د هه‌زار که‌س که هاوشانى هێزێکى وه‌کو کۆمه‌ڵى ئیسلامیه له سنورى پارێزگاى سلێمانیدا هه‌بوه‌و حکومرانیهکهى له‌ق بووه له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌ده‌سه‌ڵاتدا به‌ده‌نگى ناوچه‌ى دهۆک و هه‌ولێر حکومڕانى سلێمانى کردووه بۆیه نه‌یتوانیوه ئه‌م حکومڕانیه له‌ژێر ده‌ستى یه‌کێتى ده‌ریبکات و رێکیبخات به‌و شێوه‌یه‌ى سیستمێکى حکومڕانى ته‌ندروست هه‌بێت. پارتى ده‌ستبه‌ردارى سلێمانى بووه‌و ده‌یه‌وێت له‌سلێمانى شه‌ریکێکى باشى هه‌بێت، به‌دواى شه‌ریکێکى باش‌دا ده‌گه‌ڕێت، قۆناغێک به‌دواى ئه‌وه‌دا ده‌گه‌را که بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان شه‌ریکێکى باشى بێت نه‌یتوانى، ئه‌وه‌ى که له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا کردویه‌تى تا ئێستا به‌رده‌وامه ئه‌مه سیاسه‌تى نه شه‌ڕه نه ئاشتى، پارتى دیموکراتى کوردستان نه له‌گه‌ڵ یه‌کێتى ئاشتى و ته‌بایه و شه‌ریکى تهواویهتى نه دوژمن و نهیارێتى تا شه‌ڕى ته‌واوه‌تى له‌گه‌ڵ بکات، له‌به‌رئه‌وه‌ى پارتى هه‌میشه پێویستى به شه‌ریکێک بووه له پارێزگاى سلێمانى، له‌به‌رئه‌وه‌ى پێگه‌ى پارتى بێهێز بووه له سلێمانیدا. بۆ قۆناغى مه‌سرور بارزانى هه‌مان قۆناغه و هیچ شتێک نه‌گۆڕاوه، ده‌بێت پارتى کۆمه‌ڵێک شت بکات که ئه‌م پێگه‌یه‌ى له سلێمانى گۆرانکارى به‌سه‌ردا بێت، ئه‌مه‌ش به‌به‌ڵێن و قسه نابێت، چونکه به‌ڵێن زۆر وتراوه‌و قسه‌ى له‌سه‌ر کراوه، به‌ڵام که‌م جێبه‌جێ کراوه. پارتى دیموکراتى کوردستان ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ئه‌م شه‌راکه‌ته ته‌سویق بکات و پێگه‌ى فراوانتر بکات که له بادینان هه‌یه‌تى ده‌بێت مامه‌ڵه‌ى جیاواز بێت له‌گه‌ڵ خه‌ڵکى سلێمانى، له‌به‌رئه‌وه‌ى سلێمانى هێزى سیاسى دیکه‌ى تیایه‌و وه‌کو خه‌ڵکى بادینان نییه، هه‌م جۆرێک داواکارى ناوچه‌ى خۆیان هه‌یه ناکرێت سه‌رۆکى هه‌رێم و حکومه‌ت به ساڵى جارێک نه‌یه‌ته سلێمانى وه‌کو میوان بێته سلێمانى، ناکرێت هه‌موو وه‌زاره‌ته‌کان له‌هه‌ولێر بێت، هاوڵاتیه‌کى سلێمانى ئه‌گه‌ر پێویستى به شتێک بێت مه‌رکه‌زیه‌تى ئه‌مه‌نه به‌هێز بێت ئه‌م هه‌موو رێگه‌یه ببڕێت بۆ ئه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌که‌ى واژۆ بکرێت، ناکرێت هیچ بانکێک و پرۆژه‌یه‌کى ئه‌م حکومه‌ته له‌سلێمانیدا نه‌بێت و ته‌همیش بکرێت. ئه‌گه‌ر پارتى دیموکراتى کوردستان ده‌یه‌وێت پێگه‌ى له سلێمانى به‌هێز بێت ده‌بێت گۆڕانکارى بکات ته‌عامول کردنى پارتى کار رایکردن نه‌بێت، رۆژێک په‌لامارى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بدات و وه‌زیره‌کانى ده‌ربکات و رۆژێک بیکات به گژ یه‌کێتیدا رۆژێک بیکاته دوژمن، رۆژێک یه‌کێتى بکاته دوژمن و رۆژێک بیکاته شه‌ریک. پارتى پێگه‌ى به‌قه‌ده‌ر بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان نییه له‌سلێمانیدا ناتوانێت به ته‌همیش کردنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بیه‌وێت ئه‌م وڵاته به‌ڕێوه‌ببات، پارتى پێگه‌ى به‌قه‌ده‌ر یه‌کێتى نییه‌و ناتوانێت بهقوهتى مه‌نتیقه نفوسى له بادینان کۆنترۆڵى مه‌نتیقه نفوسى سلێمانى بکات که مهنتیقهیهکى فراوانه و لایه‌نى سیاسى دیکه‌ى تێدایه. پارتى ئه‌گەر ئیمتیاز‌و ده‌سه‌ڵات و حکومرانى و جهبهلوتهى که هه‌یه‌تى لێى بسه‌نیته‌وه به‌قه‌ده‌ر کۆمه‌ڵی ئیسلامیشى نابێت له پارێزگاى سلێمانیدا. ئه‌وه‌ى که گرنگه ئێستا پارتى هه‌نگاوى بۆ ده‌نێت ئه‌وه‌یه که ده‌ستبه‌ردارى سیستمى سه‌رۆکایه‌تى بووه به‌شێک له‌وه، له‌به‌رئه‌وه نییه که سیستمى په‌رله‌مانى پێ باشتره، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و کۆدهنگیهى هه‌بوو له‌ناو پارتى بۆ کاک مه‌سعود ئه‌و کۆده‌نگیه کۆنابێته‌وه له‌ناو پارتى بۆ نێچیرڤان بارزانى. پارتى دیموکراتى کوردستان به‌حوکمى ئه‌وه‌ى کێبڕکێى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى نیشتمانى کوردستاندا کردووه له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆک کۆمار ئه‌سڵه‌ن ئه‌گه‌ر یه‌کێتى رازى نه‌کات ده‌بێت چاوه‌رێى ئه‌وه بکات کاندیدى ده‌بێت بۆ سه‌رۆکى هه‌رێم، خۆ مه‌رج نییه کاندیدى یه‌کێتى ده‌ربچێت نێچیرڤان بارزانى ده‌نگى زۆرینه ناهێنێت، نێچیرڤان بارزانى ده‌یه‌وێت به ده‌نگى ره‌ها ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێت، چونکه حه‌زى به‌وه نییه به‌ده‌نگى که‌مینه بیباته‌وه، بۆیه پێش ئه‌وه‌ى خاوه‌ن بڕیار بن جۆرێک رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌کێتى و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌سه‌ر کاندیدکردنى نێچیرڤان بارزانى کراوە، کراوه‌و گڵۆپى سه‌وزیان بۆ داگیرساندووه که بوونى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ ناو هه‌ڵبژاردن له‌نێو 111 په‌رله‌مانتار، پارتى ئه‌گه‌ر به 45 کورسیه‌که‌یه‌وه هاوپه‌یمانه‌کانى 56 کورسیشى هه‌بێت هێشتا ناکاته زۆرینه‌ى ره‌ها، پارتى خۆى رازییه جۆرێک رازییه که باڵانس رابگرێت له‌نێوان ده‌سه‌ڵاته‌کانى سه‌رۆکى هه‌رێم و حکومه‌ت هه‌م بۆ راگرتنى کێشه نێو خۆییه‌کانى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى. بۆیه پێموایه پارتى مسۆگه‌رى کردووه بۆیه پرسى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکى هه‌رێمى هێنایه‌وه نێو په‌رله‌مانى کوردستان. توانا عوسمان: پارتى وه‌لائى ئه‌وێت، ناشکرێت داواى وه‌لائ بکه‌یت به‌بێ ئه‌وه‌ى ماف و خزمه‌تگوزارى و ئازادى بده‌یت سلێمانى چى لهپارتى ده‌وێت؟ که ده‌ڵێین سلێمانى مه‌به‌ستمان شاره‌که نیه وه‌ک میعمار، به‌ڵکو مه‌به‌ستمان خه‌ڵکى سلێمانیه، خه‌ڵکیش جه‌معى مرۆڤه لهجوگرافیایهکى دیاریکراودا.. مرۆڤ پێویستى به‌مافه، پێویستى به‌ئازادى و خزمه‌تگوزاریه. وه‌ختێک خه‌ڵکى شوێنێک هه‌ست بهنادادپهروهى ده‌که‌ن له‌دابه‌شکردنى ماف و خزمه‌تگوزاریدا، هه‌ڵوێست وه‌رئه‌گرێت و توڕه ئه‌بێت. سلێمانى پێویستى بهئهتێنشنه، پێویستى بهلالێکردنهوه هه‌یه، ئه‌م دۆخه‌ش ئه‌م هه‌سته دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى داموده‌زگاکانى هه‌رێم بۆ هه‌ولێر دروست بوو له‌دواى که‌وتنى حزبى به‌عس، تاڵه‌بانى له2004 به‌دواوه قبوڵى کرد که‌کۆى داموده‌زگاکانى حکومه‌ت به‌په‌رله‌مان و وه‌زاره‌ته‌کانه‌وه له‌سلێمانیه‌وه بچێته هه‌ولێر، ئه‌وه‌ش له‌ژێر تایتڵى یه‌کگرتنه‌وه‌ى دوو ئیداره‌یی، ئه‌مه‌ش به‌خۆیه‌وه قونسوڵخانه و کۆمپانیاو سه‌دان به‌رژه‌وه‌ندى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هه‌ولێر کێش کرد و سلێمانى فه‌رامۆشکرد. ئه‌وه له‌کاتێکدا که خه‌سڵه‌ت و ڕوخساره‌کانى دووئیدارهى له‌واقعدا ماوه‌و وه‌ک خۆیه‌تی. خه‌ڵکى سلێمانى ده‌یه‌وێت پارتى دادپه‌روه‌رانه مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بکا، هه‌ڵبه‌ت پارتى وه‌ک ڕه‌مزى ده‌سته‌ڵات. خاڵێکى تر‌ى بابه‌ته‌که په‌یوه‌ندى به‌سروشتى ناوچه‌ی پارتیه‌وه‌یه، پارتى واده‌رده‌که‌وێت که پڕۆژه‌ى بارزانیه‌کان بێت بۆ کورد، سه‌رکرده باڵاکانى پارتى خه‌ڵکى ناوچه‌ى سلێمانى نین، کاربه‌ده‌سته به‌هێزه‌کانى ئه‌م حزبه قوڵایى کۆمه‌ڵایه‌تیان له‌ناوچه‌ى سلێمانیدا نیه، بۆیه خه‌ڵکى ناوچه‌که به‌گشتى هه‌ست بهوهلائى کۆمه‌ڵایه‌تى و ناوچه‌یى ناکه‌ن بۆ حزبه‌که. پارتى چى ده‌وێت له‌سلێمانی؟ ویستى پارتى له‌خه‌ڵکى سلێمانى و ویستى خه‌ڵکى سلێمانى لهپارتى گرێدراوى یه‌کترن.. پارتى وه‌لائى ئه‌وێت، پشتیوانى و ده‌نگى ده‌وێت، به‌ڵام ئه‌م ویسته ده‌بێت پرۆسه بێت، بازنه‌ى به‌خشین و وه‌رگرتن بێت، ناکرێت داواى وه‌لائ بکه‌ى بێ ئه‌وه‌ى ماف و خزمه‌تگوزارى و ئازادى بده‌یت، بێ ئه‌وه‌ى قوڵایى کۆمه‌ڵایه‌تى له‌ناو پڕۆسه‌ى بڕیاردا بۆ ته‌ئمین نه‌که‌یت، بێ ئه‌وه‌ى رۆڵه‌کانى ئه‌وشاره نه‌خه‌یته پۆستى حه‌قیقیه‌وه... من ناڵێم حزبه‌کانى تر ماف و ئازادى و خزمه‌تگوزارى لهپارتى باشتر ده‌ده‌ن، نه‌خێر.. ڕه‌نگه پارتى خزمه‌تگوزار تربێت له‌زۆربه‌ى حزبه‌کان.. به‌ڵام دوورکه‌وتنه‌وه‌ى قیاده‌ى پارتى له‌تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى شارى سلێمانى پرۆسه‌یه‌کى دورودرێژه و بههێمن هه‌ورامى کۆتایى نایه‌ت. عەدنان عوسمان: نەخشەی ئەم چوار ساڵە لەلایەن پارتیەوە دەکێشرێت ئەوەی ئەگوزەرێت هەمان ئەوەیە کە لە 2005ەوە بە موبارەکەی رەحمەتی جەلال تاڵەبانی لە کوردستاندا چەسپێنراوە. لەو ساڵەوەو لە پێناو بون بە سەرۆک کۆماری عێراق، تاڵەبانی دەسەڵاتی هەرێمی تەسلیم بە بنەماڵەی بارزانی کرد. پارتی بە کەڵک وەرگرتن لەو پێگانە بەردەوام هەیمەنەو رێژەی کورسی خۆی زیادکردوە. ئەوەی ئێستاش چنینەوەی ئەوەیە کە خودی سەرکردایەتی یەکێتی چاندیان. گۆڕانێکی گەورە روی نەداوە، تەنها جۆرێکە لە خۆرێکخستنەوەی بنەماڵە بۆ قۆناغی دوای بارزانی باوک، دەنا دەسەڵاتە فعلیەکان هەر وەک خۆی و لە ٢٠٠٥ تا ئێستا وەک خۆی ماوە. زۆر بەزەحمەتی ئەزانم هێزەکانی سلێمانی تازە بتوانن هاوسەنگی هێز بگێڕنەوە، یەکێتی ئەوەندە لە خەمی کڕینی ئەم کادر و ئەو هەڵسوڕاوی گۆڕانە ئەوەندە لە خەمی پێگەی خۆی نیە لە پایتەختدا. نەخشەی ئەم چوار ساڵە لەلایەن پارتیەوە دەکێشرێت، پێشتریش و هەر لە 2005ەوە هەر واهاتوە. بەڵام ئەوە کۆتایی یاریەکە نیە، پێم وابێت سەرەتای قۆناغ و شێوازی تری بەرەنگاریە. هێزەکان، چ ئەوانەی ئێستا گەر ئیرادەیان هەبێت، یا ئەوانەی دروست ئەبن، ئەتوانن کار لەسەر پرسی ریفۆرم و دامەزراوەو لامەرکەزیەت بکەن و قۆناغی ململانێی جەلالی و مەلایی تێپەڕێنن و بە روئیایەکی ترەوە دەست بکەن بە خەباتێکی بەرفراوان. هەلبژاردنەکانی ئەم دواییە حەجمی هەمو حزبەکانی دەرخست و دەرکەوت نارەزایەتی لە سیستەمی حزبی و حوکمڕانی لە هەرێمدا لە نیوە بەرەو سەرەوە هەڵئەکشێت. ئەمەش سەرەتای هیواو ئاسۆی قۆناغێکی نوێیە..سلێمانی و ناوچەکانی تریش ئەتوانن ئەو خەباتە بەرەو دامەزراوەیی و لامەرکەزی و کۆتایی هێنانی قۆرخکاری حزبی تەقلیدی، برەو پێبدەن. کاژاو جەمال: پێموانیه گۆڕینی بارزانی باوک بۆ کوڕ، شتێک بگۆڕێت هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه زیاتر به‌و کوده‌تا ئارام و نێوخویی و خێزانیانه ده‌کات که پێشتر مه‌لیک حسێنی هاشمی له ئه‌رده‌ن و شا سه‌لمان له سعودیه له پێناو کوڕه‌کانیان ئه‌نجامیاندا، ئه‌م ئاڵوگۆره نێوخۆیانه‌ی نێو پارتیش ده‌بێت له‌م چوارچێوه‌یه‌دا چاوی لێبکرێت و سه‌یر بکرێت. چونکه مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی له‌م هه‌نگاوه په‌راوێزخستنی نێچیرڤان بارزانی و هێنانه پێشه‌وه‌ی بارزانی کوڕه. هه‌رچه‌نده بنه‌ماڵه‌ی بارزانی هه‌میشه ده‌یانه‌وێت وا خۆیان نیشان بده‌ن که ئه‌مان جیاوازن له بنه‌ماڵه‌کان و دهسهڵاتمهدارانی ناوچه‌که، به‌ڵام مێژوو و پێکهاته‌ی بنه‌ماڵه‌که ( که خودی حزبه‌که‌شه) ناتوانێت ده‌رئه‌نجامێکی ئارامترو جیاوازتری هه‌بێت له‌وه‌ی که ئێستا ڕوده‌دات. هه‌ڵبه‌ته هیچ چاوه‌ڕوانیه‌ک له حزبه‌کان نییه ( مه‌به‌ست زیاتر له یه‌کیتی و گۆڕانه) که هه‌ڵوێستێکی جدیان له به‌رانبه‌ر ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌دا هه‌بێت، چونکه زۆر ده‌مێکه ئه‌م حزبانه ئه‌م دۆخه‌یان قبوڵکردوه‌و شانیان خستۆته ژێری، پێشموانیه بۆ ئه‌وان گۆڕینی بارزانی باوک بۆ کوڕ، شتێک له هه‌لومه‌رجه‌که ئاڵوگۆڕ بکات بگره بۆ هه‌ندێکیان ڕه‌نگه مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ بارزانی کوڕدا ئاسانتر بێت! بۆیه پێویسته خه‌ڵکی کوردستان هه‌ڵوێستی خۆیان جیا ڕابگرن له‌م حزبانه، که ئه‌ویش بریتیه له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پۆستی ناشه‌رعی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و ڕیگه نه‌دان به هه‌ڵبژاردنی ئه‌و پۆسته له په‌رله‌مانێکی نا شه‌رعی و بانگه‌وازکردن بۆ هه‌ڵبژاردنێکی پێشوه‌خته و خۆ ئاماده‌کردن بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه له ڕێگای به‌ره‌یه‌کی نوێی ئازادیخوازه‌وه. شۆڕش خالید: واده‌رناکه‌وێت پارتى بتوانێت هیچ بۆ سلێمانى بکات، یان بیه‌وێت بیکات ئه‌گه‌ر سه‌یرێکى ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن و ده‌نگى پارتى بکه‌یت له پارێزگاى سلێمانی، تێئه‌گه‌یت له‌وه‌ى سلێمانى بڕواى به رێباز و به‌رنامه‌ى پارتى نییه تاوه‌کو بڵێین چى له پارتى ده‌وێت! له‌دواى ساڵى 1992ه‌وه ده‌یان هه‌ڵبژاردنى جۆراوجۆر کراوه، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان، ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان، سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم و هه‌ڵبژاردنه‌کانى سه‌ندیکاو رێکخراوه‌کان، به‌رده‌وام له سلێمانى پارتى ده‌نگى چواره‌م و پێنجه‌مى هه‌بووه، ده‌نگده‌رى سلێمانى چه‌ندین حزبیان تاقیکردۆته‌وه، رهدفعلى جۆراوجۆریان به‌رامبه‌ر ئه‌و حزبانه هه‌بووه که له‌سلێمانى خاوه‌نى جه‌ماوه‌رێکى زۆربون، به‌ڵام هه‌ر پارتییان تاقینه‌کرده‌وه، ئه‌مه پێمان ئه‌ڵێ سلێمانى پارتى نه‌ویستوه، ته‌نانه‌ت به‌شێوه‌یه‌ک رێبازى بارزانیى و پارتى ره‌تکراوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ى وتارى توندتربێت دژى ئه‌و حزبه و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک رهفزى بکات، ئه‌وه ده‌نگى باش ده‌هێنێت، ئه‌وه‌ش وازحه سروشتى سلێمانى ئازادى بیروڕاو راده‌ربڕینى فراوانى ده‌وێت، ده‌یه‌وێت به‌ئازادى بێته سه‌رشه‌قام و داواى مافه‌کانى بکات، نایه‌وێت تۆ هاى لایڤ بژیت و ئه‌ویش موچه‌ى نه‌بێت، که ئه‌مه لاى پارتى و به‌رنامه‌که‌یدا بونى نییه. بۆیه به‌بینینى من پرسیاره‌که رێک ده‌بێت ئه‌وه بێت پارتى چى بۆ سلێمانى ده‌کات؟ ئایا له بنه‌ڕه‌تدا سلێمانى لاى گرنگه و چۆن؟ ئایا سلێمانى ده‌وێت به‌و سروشته‌ى که هه‌یه‌تی؟ ئه‌مه پرسیارێکه 27 ساڵه وه‌ڵامه‌که‌ى نه‌خێره؟ ئه‌ى ئاینده؟ ئه‌وه پرسیارێکه مه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌که‌ى هه‌ر لاى پارتى بێت. بۆ مه‌سرور بارزانى ئه‌و گۆڕانکارییه له‌به‌ر دوو شت زۆر گرنگه، که ئه‌و چانسه به‌و شێوه‌یه یاوه‌رى نێچیرڤان بارزانى نه‌بووه، یه‌که‌م: دواى ئه‌وه دێت رۆڵى مه‌سعود بارزانى دواى ریفراندۆم به‌ره‌و کۆتاییهاتن ده‌ڕوا، بۆیه وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن ئێستا کاتى راده‌ستکردنى «ئه‌مانه‌ته‌که‌یه»، بۆ ئه‌وه‌ش مه‌سرور بارزانى ئاماده‌ده‌کرێت، هه‌رچه‌نده ئه‌م چانسه بۆ نێچیرڤان بارزانیش هاته پێشه‌وه له دواى 16ى ئۆکتۆبه‌رو پێشوازى نێوده‌وڵه‌تیشى لێ‌کرا، به‌ڵام له‌ناو بنه‌ماڵه‌دا به‌ربه‌ست هه‌بون و به‌مه گه‌یشت که ده‌یبینین. دووه‌م: له‌کاتێکدایه که ئێستا هه‌موو ئاماژه‌کان بۆ ئه‌وه ده‌چن دۆخى ئابوری باش بێت به‌تایبه‌ت نزیکبونه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا و موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ئه‌گه‌رى هه‌یه باشتربێت به‌هۆى به‌غداوه، مه‌سعود بارزانی، مه‌سرورى کوڕى ده‌هێنێته پێشه‌وه و به‌خه‌ڵک ده‌ڵێت «ئه‌مه چاکیدهکات؟» ئه‌مانه هه‌موى ده‌چێته به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى مه‌سرور بارزانییه‌وه. ئه‌و دوو ئامۆزایه، هه‌رچه‌نده نێچیرڤان بارزانى به‌هۆى پۆسته‌که‌یه‌وه کراوه‌یى زیاترى هه‌یه، هه‌روه‌ها لێکتێگه‌یشتنى له‌گه‌ڵ حزبه کوردییه‌کانى تردا زیاتر هه‌یه‌و توانراوه تاڕاده‌یه‌ک هه‌ندێک ئه‌حزاب بتوانن له‌گه‌ڵیدا ئیشبکه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌ى مه‌سرور که وه‌کو که‌سێکى ئه‌منى ره‌ق و وشک ده‌رده‌که‌وێت و ته‌فاهومى که‌متره، به‌ڵام دواجار هه‌ردوکیان ئه‌و به‌رنامه‌یه جێبه‌جێده‌که‌ن که بنه‌ماڵه دایده‌نێت و ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ى چه‌ند ده‌یه‌یه‌که مه‌سعود بارزانى بڕیارده‌رى کۆتاییهتى و ره‌نگه له‌مه‌ودوا ئاڵاکه‌ى بکه‌وێته ده‌ست کوڕه‌که‌ی. واده‌رناکه‌وێت پارتى بتوانێت هیچ بۆ سلێمانى بکات، یان بیه‌وێت بیکات، مه‌گه‌ر مه‌سرور بارزانى بۆ گۆڕینى ئه‌و وێنه‌یه‌ى له‌سه‌ریه‌تى هه‌وڵ بدات. رکابه‌ره‌کانى مه‌سرور بارزانى له سلێمانى که‌م نین، زۆر زیاترن له‌وانه‌ى روبه‌ڕوى نێچیرڤان بارزانیدا ده‌وه‌ستانه‌وه، پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه مه‌سرور بارزانى تاچه‌ند خۆڕاگره به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو فشاره‌ى که له‌به‌رده‌م ده‌رگایه‌تی، به‌تایبه‌ت فشارى شه‌قامى سلێمانى و حزبه رکابه‌ره‌کانی.
وێرای قەدەغەکردنی کۆیلایەتی لەسەرانسەری جیھان، بەڵام ھێشتا کۆیلایەتی لە گرنگترین ئەو کێشانەیە کە بە ناوی 'کۆیلایەتی ھاوچەرخ' رووبەڕووی مرۆڤایەتی بووەتەوە، بە جۆرێک لەئێستادا، ٤٠ ملیۆن کەس کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵن لە سەرانسەری جیھان کۆیلەن. تا ئێستا ھیچ وڵاتێک دەستەواژەی 'کۆیلایەتی ھاوچەرخ'ی بە شێوەیەکی فەرمی نەخستووەتە چوارچێوەی یاساوە، بۆیە لەئێستادا، کۆیلایەتی بە شێوازێکی نوێ بە گرنگترین ئەو کێشانە ھەژمار دەکرێت کە رووبەڕووی مرۆڤایەتی بووەتەوە. 'کۆیلایەتی ھاوچەرخ' بە شێوەیەکی بەرچاو لە وڵاتە ھەژارەکان، ھەروەھا ئەو ناوچانەی کە شەڕو پێکدادان تیایدا روودەدات بڵاوبووەتەوە و بەدی دەکرێت. 'کۆیلایەتی ھاوچەرخ' بەو کەسانە دەگوترێت کە توانای رووبەڕووبوونەوەی ھۆکارەکانی وەک ھەڕەشە، توندوتیژی، زۆرەملێ، فریودان و دەستدرێژیکردن-یان نییە. 'کۆیلایەتی ھاوچەرخ' زیاتر لە کەرتەکانی وەک؛ پیشەسازی جلوبەرگ، کانزاکاری، کشتوکاڵ و راوە ماسی بەدی دەکرێت. بۆ نموونە، 'کۆیلایەتی ھاوچەرخ' لە بواری راوە ماسیدا لە تایلاند و لە کەرتی کانزاکاری لە کۆریای باکوور و لە بەرھەمھێنانی کاکاو لە کۆتدیڤوار و لە کەرتی کشتوکاڵ لە بەڕازیل بەدی دەکرێت، ئەمە وێرای کارکردن ماڵی دیپلۆماتکاران لە ئوستڕالیا و لە بواری شووشتنی ئۆتۆمبێل لە بەریتانیا بەدی دەکرێت. لە راپۆرتێک‌دا کە بە ھاوبەشی لە لایەن رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی و رێکخراوی بەئازادی رێبکە (Walk Free Foundation) و رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە بارەی کۆیلایەتی بۆ ساڵی ٢٠١٨‌دا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لەئێستادا، ٤٠ ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیھان بەدەست 'کۆیلایەتی ھاوچەرخ'ەوە دەناڵێنن. لە راپۆرتەکەدا ھاتووە کە لەو ژمارەیە لەسەدا ٧١یان ئافرەت و کچن، ئەوانەی دیکە لە رەگەزی نێرینەن، ھەروەھا ژمارەی ئەو کچانەی کە بەزۆرەملێ بە شوودراون گەیشتووەتە ١٥ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار کەس، ژمارەی ئەو کەسانەش کە بەزۆرملێ کاریان پێ دەکرێت گەیشتووەتە ٢٤ ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار کەس. بەپێی راپۆرتەکە لەهەر ھەزار کەس لە سەرانسەری جیھاندا، پێنج-یان قوربانی 'کۆیلایەتی ھاوچەرخ'ن. ــ ناوچەی ئاسیا و زەریای ھێمن ناوچەی ئاسیا و زەریای ھێمن کە وڵاتە ھەژارەکان لە جیھان لەخۆ دەگرێت، 'کۆیلایەتی ھاوچەرخ' زیاتر لەو وڵاتانە بەدی دەکرێت، بەجۆرێک کە ژمارەی 'کۆیلایەتی ھاوچەرخ' لەو وڵاتانە گەیشتووەتە ٢٥ ملیۆن کەس کە ئەمەش لەسەدا ٦٢ی کۆی گشتی ژمارەی کۆیلەکانە لەسەرانسەری جیھان. رێژەی ئەو کەسانەی کە بە زۆر لەو ناوچەیە کاریان پێ دەکرێت گەیشتووەتە لەسەدا ٦٦ی ئەو ژمارەیە و رێژەی ئەو کچانەی بەزۆرملێ بەشوودراون گەیشتووەتە لەسەدا ٣٤، ھەروەھا ھەریەکە لە کۆریای باکوور، ئەفغانستان و پاکستان لە پێشەوەی ئەو وڵاتانە دێن کە 'کۆیلایەتی ھاوچەرخ تیایدا بەدی دەکرێن، بەڵام لە رووی زۆری ژمارەی کۆیلایەتییەوە ھەریەکە لە ھیندستان، چین و پاکستان دێن. ــ ئەفریقا بەپێی ئەوەی مەزەندەکراوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئەفریقا 'کۆیلەی ھاوچەرخ'ن گەیشتووەتە نۆ ملیۆن و دوو ھەزارو ٤٠ کەس کە ئەمەش لەسەدا ٢٣ی کۆی گشتی ژمارەی کۆیلەکانە لە جیھان. رێژەی ئەو کەسانەی کە لەو کیشوەرە بەزۆرەملێ کاریان پێ دەکرێت گەیشتووەتە لەسەدا ٣٧ی ئەو ژمارەیە و رێژەی ئەو کچانەش کە بەزۆرەملێ بەشوودراون گەیشتووەتە لەسەدا ٦٧، ھەرچی ژمارەی ئەو کەسانەیە کە رووبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە گەیشتووەتە ٤٠٠ ھەزار کەس. 'کۆیلایەتی ھاوچەرخ' بە شێوەیەکی بەرچاو لە ھەریەکە لە ئێریتریا، بوروندی و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست بڵاوبووەتەوە. ــ ئەمریکا وەک ئەوەی مەزەندە کراوە ٥٠٠ ھەزار کەس لە ھەردوو کیشوەری ئەمریکا باکوور و باشوور رووبەڕووی 'کۆیلایەتی ھاوچەرخ' بوونەتەوە کە ئەوەش لەسەدا پێنجی کۆی گشتی ژمارەی کۆیلەکان لە جیھان پێکدەھێنێت. رێژەی ئەو کەسانەی بە زۆر لەو دوو کیشوەرە کاریان پێ دەکرێت گەیشتووەتە لەسەدا ٦٦ی ئەو ژمارەیە و رێژەی ئەو کچانەش بەزۆرملێ بەشوودراون گەیشتووەتە لەسەدا ٣٤ کە زۆرترینان لە ھەردوو وڵاتی ڤێنیزوێلا و کۆماری دۆمینیکانە، بەڵام لە رووی زۆری ژمارەی 'کۆیلایەتی ھاوچەرخ' ھەریەکە لە ئەمریکا، بەڕازیل و مەکسیک دێن. ــ ئەورووپا و ئاسیای ناوەڕاست ژمارەی کۆیلایەتی ھاوچەرخ لە ئەورووپا و ئاسیای ناوەڕاست گەیشتووەتە سێ میلۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس کە لەسەدا نۆی کۆی گشتی کۆیلەکانە لە جیھان. لە کاتێکدا رێژەی ئەو کچانەی کە بەزۆرەملێ لەو وڵاتانە بەشوودراون بۆ لەسەدا نۆ ئەو ژمارەیە کەمبوونەتەوە، بەڵام رێژەی ئەو کەسانەی کە بەزۆرەملێ لەو وڵاتانە کاریان پێ دەکرێت بەرزبووتەوە و گەیشتووەتە لەسەدا ٩١، ھەروەھا رێژەی دەستدرێژکردن لەو وڵاتە گەیشتووەتە لەسەدا ١٤. لە رووی رێژەی بڵاوبوونەوەی 'کۆیلایەتی ھاوچەرخ'، ھەریەکە لە بیلاڕووسیا، تورکمانستان و کۆماری مەقدونیا لە پێشەوە دێن. ــ وڵاتانی عەرەبی ژمارەی 'کۆلایەتی ھاوچەرخ' لە وڵاتانی عەرەبی گەیشتووەتە، ٥٢٩ ھەزار کەس کە ئەمەش لەسەدا یەکی کۆی گشتی ژمارەی کۆیلەکانە لە جیھان. 'کۆیلایەتی ھاوچەرخ' لە ١١ وڵاتی عەرەبی بڵاوبوونەتەوە لەوانە، عومان، سووریا، یەمەن و ئیمارات کە بەڕێژەی لەسەدا ٦٧ی و ژمارەیە لەو وڵاتانە بەزۆرەملێ کاریان پێ دەکرێت و رێژەی ئەو کچانەش کە لەو وڵاتانە بەزۆرەملێ بەشوودراون گەیشتووەتە، لەسەدا ٣٣ی ئەو ژمارەیە. لە لایەکی دیکەوە رێژەی 'کۆیلایەتی ھاوچەرخ' تەنھا لە سووریا، عێراق و یەمەن کە دانیشتوانیان بەدەست شەڕو پێکدادانەوە دەناڵێنن گەیشتووەتە، لەسەدا ٧٦. ــ رۆژی جیھانی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤، رەشنووسی پڕۆژە بڕیارێکی پەسەندکرد کە بنبڕکردنی کردە کە دەچنە خانەی کۆیلایەتییەو وەک؛ بازرگانیکردن بە مرۆڤ، دەستدرێژکردن، بەزۆرەملێ کارپێکردنی منداڵان، بەزۆرەملێ بەشوودانی کچان. ھەر بەپێی بڕیارەکە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو رۆژەی بە رۆژی جیھانی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی لە جیھان ناساند. AA
هاوڵاتی بەهۆی باران بارینی بەخوڕ کە ماوەی چەند کاتژمێرێکە شاری هەولێری گرتووەتەوە لافاو دروستبوو و نهۆمی یەکەمی شوقەکانی گەڕەکی شەهیدان کە دەکەوێتە تەنیشت بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ژێرئاو کەوت. بەگوتەی شاهێدحاڵەکان لە شوێنی رووداوەکە، لافاوەکە بەهۆی رووخانی پردێکەوە روویداوە کە لە ناحیەی دارەتوو سەر بە قەزای دەشتی هەولێر بۆ گلدانەوەی ئاو دروستکراوە. شاهێدحاڵەکان دەڵێن رووخانی ئەو پردە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو لە گەڕەکی شەهیدان. دەشڵێن نهۆمی یەکەمی شوقەکانی ئەو گەڕەکە ژێرئاو کەوتوون و هاوکات ئاوەکە پەڕیوەتەوە بۆ بەشێک لە خانووەکانی هەمان گەڕەک.
رەفعەت محەمەد سەرۆک هۆزیکی عەرەب لە فەللوجە رایگەیاند کە هەندیک لە کەسایەتیە سونەکان و سەرۆک هۆزەکانی ئەنبار هێشتا پاڵپشتی داعش دەکەن و چالاکیه‌کانیان له ئه‌نبار و فه‌للوجه له په‌ره‌سه‌ندندایه و هێزە ئەمنیەکانیش نا‌وێرن روبەروویان ببنەوە. ئه‌بو محه‌مه‌د، که‌سایه‌تیه‌کى ناسراوى نیشته‌جێى شارى فه‌للوجه‌یه به هاوڵاتی وت «رێکخراوى داعش و فیکرى داعش له شارى فه‌للوجه و پارێزگاى ئه‌لئه‌نبار کۆتایی نه‌هاتووه و کۆتایشی نایه‌ت چونکه کۆمه‌ڵێک له سه‌رۆک هۆزو که‌سایه‌تى ناڕاسته‌وخۆ پالپشتى داعش ده‌که‌ن». وتیشی «داعش شانه‌ى نوستووی له فه‌للوجه هەیەو چالاکیان هه‌یه و خه‌ڵکى به‌ئاسانى هه‌ستیان پێده‌که‌ن. دانیشتووانى شاره‌که‌و ئه‌ندامانى هێزه ئه‌منیه‌کانیش جورئه‌تی ئه‌وه ناکه‌ن به‌ئاشکرا رووبه‌رووى داعش ببنه‌وه، چونکه ترسیان له‌تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌ى داعش هەیە». ماوه‌ى مانگێکه چالاکیی سه‌ربازیی رێکخراوى داعش له سنورى شار و گونده‌کانى پارێزگاى ئه‌لئه‌نبار له په‌ره‌سه‌ندنێکى به‌رچاودایه و چه‌ندین چالاکى سه‌ربازى له دژى سوپاى عێراق و حه‌شدى نیشتمانى ئه‌نجامدراون و رێژه‌ى قوربانیانیشى له‌به‌رزبوونه‌وه‌دایه لهکوژراوو برینداربوون . لەگەڵ فراوانبوونی چالاکیەکانی داعش لە سنوورەکەدا، هیزە ئەمنیە محەلیەکان دەستەوەستانن لە روبەرووبوونەوەیان، هەروەها حکومەتی عێراقیش هیچ هێزێکی سەربازیی لەناوچەکە جێگیر نەکردوە بۆ رووبەڕووبونەوەیان. سه‌باره‌ت به ڕۆڵى حکومه‌تى عێراق لە به هاناوەچوونى سه‌ربازى بۆ پارێزگاریکردن لە شاره‌کانى ئه‌لئه‌نبار، ئه‌بو محه‌مه‌د وتى «ئێمه ئه‌زموونێکى تاڵمان له گه‌ڵ حکومه‌تى عێراقى هه‌یه چونکه به چاوێکى تایفى و مه‌زهه‌بى سه‌یرى فه‌للوجه و شاره‌کانى پارێزگاى ئه‌نبار ده‌که‌ن». وتیشی «تا ئێستا به سه‌دان گه‌نجمان بێسه‌روشوێن کراون به تۆمه‌تى داعشبوون، ئه‌و گه‌نجانه‌مان هه‌موو هاوڵاتى سڤیل بوون ، له‌م پارێزگایه خه‌ڵکانێک هه‌ن وه‌ک چه‌ند سه‌رۆک هۆزێک به‌هۆى ململانێى عه‌شایه‌رى و خێڵایه‌تى له سه‌ر پۆست و پاره له دژى یه‌کتر ره‌فتار ده‌که‌ن، بۆیه حکومه‌تى عێراق ئه‌وه‌نده بایه‌خ نادات و ده‌ڵێت ئه‌وە کێشه‌ى خۆتانه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و ناکۆکى و ململانێیانه‌یه داعش سوودیان لێ وه‌رده‌گرێت ده‌بینى لهپهرهسهندنێکى به‌رچاودایه« . سه‌باره‌ت به په‌ره‌سه‌ندنی جموجۆڵى داعش له ناوچه‌کانیان، لە چەند رۆژی رابردوودا محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق هوشدارى دا به لایه‌نه حکومى و ئه‌منیه‌کان کە له‌ئه‌نجامى ئه‌و چالاکیانه ژماره‌یه‌کى زۆر له ئه‌فسه‌ر و سه‌رباز و ئه‌ندامانى حه‌شدى نیشتمانى کوژراو‌و برینداربوون و دیارهدى رفاندن و تیرۆریش سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه. حه‌لبوسى وتیشی ‹ئه‌گه‌ر بەربەستێک بۆ ئه‌و چالاکیانه دانه‌نرێت ئه‌وا بارودۆخى پارێزگاى ئه‌نبار رووبه‌رووى مه‌ترسیه‌کى گه‌وره ده‌بێته‌وه دواى ئه‌وه‌ى به سه‌دان چه‌کدارى داعش له به‌شى وڵاتى سوریاوه دزه‌یان کردووەتە نێو خاکى عێراق بۆ شار‌و گونده سنورییه‌کانى پارێزگاى ئه‌لئه‌نبار» . دوای دەستبەکاربوونی عادل عەبدولمەهدی بەسەرۆکی حکومەتی عێراق، فەرمانی دەرکرد بە ناردنی هێز بۆ سنوورکانی نێوان عێراق و سوریا کەشوێنی جموجوڵی چەکدارانی داعشە لەسوریاوە بۆ ناو خاکی عێراق لەهەردوو پارێزگای ئەنبارو نەینەوا. هەفتەی رابردووش موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر هۆشداری دا لەخراپیی بارودۆخی موسڵ و لەپەیامێکدا کە لەتویتەر بڵاویکردەوە، سەدر دۆخی موسڵ بە «مەترسیدار» ناوبرد‌و وتی «شانەکانی تیرۆر لەو شارە چالاک بوون و دەستە گەندەڵەکانیش درێژدەبن».
سه‌روه‌ر محه‌مه‌د لیندا کامه‌ران محەمەد عوسمانی ١٠ ساڵان قه‌مسه‌ڵه رهشوکەى بەردابوویە سەر بلوسە سورەکەی، بە هیلاکیەوە دەستەکانی راگرتبوو بۆ پاکەتیک بنیشت تاکو پێشکەشی کڕیارەکانی بکات. محه‌مه‌د رۆژانه له‌ناو بازاڕی شاری سلێمانی کاری بنێشت فرۆشی ده‌کات، دواى ئه‌وه‌ى وازی له خوێندن هێنا به‌هۆى خراپی دۆخی ئابووری خێزانه‌که‌یه‌وه. ئێستا ته‌واوى ڕۆژه‌که‌ى ئه‌و کاره ده‌کات و چه‌ند هه‌زار دینارێکی که‌می ده‌ستده‌که‌وێت. محه‌مه‌د وتى که ئه‌گه‌ر ڕۆژانه بازاڕی هه‌بێت پێنج هه‌زار دینار قازانج ده‌کات ، به‌ڵام رۆژی واش هه‌یه ده‌ستکه‌وته‌کانی له فرۆشتنى بنێشت دوو هه‌زار دینار تێپه‌ڕ ناکات. به‌ته‌نها محه‌مه‌د تاکه مناڵ نیه که ده‌ستبه‌رداری خوێندن بووبێت و ده‌ستى دابێته کارکردن، به‌ڵکو له‌ناو بازاڕی سلێمانیدا هاوشێوه‌کانی محه‌مه‌د زۆرن. ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه که به‌پێی یاسا منداڵ نابێت هیچ کارێکى پێبکرێت، به‌ڵام ئه‌و دیارده‌یه ساڵانێکى زۆره له هه‌رێمى کوردستان دروستبوه به‌هۆى قه‌یرانه ئابوریه‌کانه‌وه که گوزه‌رانى خه‌ڵکى قورس کردوه هه‌ندێک له خێزانه‌کان ناچارن کار به منداڵه‌کانیان بکه‌ن. یه‌کێکی دیکه له‌و منداڵانه‌ی له‌ناو بازاڕی سلێمانی کار ده‌کات ناوی ئارامه که ته‌مه‌نى 15 ساڵه و له‌شه‌قامى مه‌وله‌وى چوار چووت نه‌على بۆ ئه‌و که‌سانه دانابوو تـــــــــــاپێڵاوهکانیان بۆیاغ بکه‌ن. ئارام جووتێک نه‌على به‌ده‌سته‌وه بوو ده‌چووه دوکان و چێشتخانه‌کان بۆ ئه‌وه‌ى که‌سێک رازى بکات تا پێڵاوه‌کانى بۆیاغ بکات. ئارام به هاوڵاتی وت «کاری بۆیاخچێتی پێڵاو ده‌که‌م ڕۆژانه له‌گه‌ڵ براکه‌م پێکه‌وه دێین بۆ کارکردن، چونکه باری داراییمان زۆر خراپه، ڕۆژانه له‌نێوان 5 بۆ 10 هه‌زار دینار په‌یدا ده‌که‌ین ، ئێواران پاره‌که ده‌ده‌ینه ماڵه‌وه‌مان». له مافه‌کانى منداڵاندا هاتووه که له زۆربه‌ى وڵاتاندا واژووى له سه‌ر کراوه نابێت منداڵ پێش ته‌مه‌نى 15 ساڵان کارى پێبکرێت. هه‌روه‌ها ئه‌و کارانه‌ى که منداڵ ده‌یکات له نێوان ساڵه‌کانى 15-18 ساڵ نابێت کاری قورس بن. هه‌روه‌ها رێکخراوی کاری نێوده‌وڵەتى داواده‌کات منداڵان نابێت له خوار 15 ساڵیه‌وه کاریان پێبکرێت و پێویسته له هه‌فته‌یه‌کدا 40 کاتژمێر زیاتر کارنه‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌مه له کوردستان ڕه‌چاو ناکرێت. سلێمان جه‌رجیس، به‌ڕێوبه‌رى گشتى ڕێکخراوى هۆشیارکرنهوهى کۆمه‌ڵگا به‌هاوڵاتى وت «به‌داخه‌وه له عێراق و هه‌رێمى کوردستان کارکردنى منداڵان بوه‌ته دیارده‌و دیاره هۆکارى ئابوورى و خراپى ژیانى ڕۆژانه‌ى خێزانه‌کانیش هۆکارى سه‌ره‌کییه«. وتیشی «هه‌ندێک جاریش له‌دواى باشبوونى بارى ئابوورى وه‌کو فێربوون یان بووه‌ته نه‌ریت، ئه‌و منداڵانه به‌رده‌وام ده‌بن له کارکردن، زۆرجاریش به‌هۆى ئه‌و دۆخه‌ى منداڵه‌کان کارى تێدا ده‌که‌ن ناچار به‌کارى زۆر و دوور له حه‌زوو تواناى خۆیان ده‌بنه‌وه، هه‌ندێک جاریش له ژێر فشاردا کارى به‌دڕه‌وشتییان به‌رامبه‌ر ده‌کرێت، زۆرێک له‌وانه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ى خراپى له ته‌مه‌نى گه‌وره‌ییدا لێده‌که‌وێته‌وه«. به‌ڕێوبه‌رى گشتى ڕێکخراوى هۆشیارکرنهوهى کۆمه‌ڵگا ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد «کارپێکردنى زۆره ملێ به‌منداڵانى خوار ته‌مه‌نى 18ساڵ ده‌وترێت، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ى منداڵ له سیستمى په‌روه‌رده و خوێندن و قوتابخانه دووربکه‌وێته‌وه، جگه له‌وه‌ش ته‌مه‌نى منداڵى به فیڕۆ بڕوات و مافه‌کانى منداڵ بوونى له ده‌ستبدات، هه‌روه‌ها به‌هۆى کارکردنیه‌وه له بارى جه‌سته‌ى و ئه‌خلاقى و کۆمه‌ڵگه‌یی ئازارى پێبگات و تووشى خه‌سار بێت». به‌پێی ئامارێکی ساڵی 2016ى رێکخراوی یونیسێفی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان له‌عێراق و هه‌رێمی کوردستاندا 575 هه‌زار منداڵ خه‌ریکی کارکردنن و ڕێژه‌که به‌رده‌وام له‌به‌رزبونه‌وه‌دایه. عومه‌ر گوڵپی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى کاروکاروباری کۆمه‌ڵایه‌تى سلێمانى ده‌ڵێت «نابێت منداڵان له خوار ته‌مه‌نى ١٨ ساڵه‌وه کاربکه‌ن، به‌تایبه‌ت له خوار ته‌مه‌نى ١٦ ساڵه‌وه هیچ جۆره کارێک بکه‌ن و پێویسته هه‌موو تواناى منداڵ و کاته‌کانى بۆ په‌روه‌رده‌و فێربوون ته‌رخان بن». عومه‌ر گوڵپی به هاوڵاتی وت «خۆ ئه‌گه‌ر حاڵه‌تێکى ناچاری هه‌بوو به‌هۆى دابونه‌ریت یان کلتور و ڕ‌ۆشنبیرى جیاوازى کۆمه‌ڵگه که هه‌ندێک له خێزانه‌کانى کوردستان تا ئێستاش پێیان وایه پێویسته منداڵ کار بکات بۆ ئه‌وه‌ى له ئاینده‌دا فێرى که‌سابه‌ت و په‌یداکردنى بژێوى خۆى بێت، له حاڵه‌تى له‌و جۆره‌شدا نابێت منداڵ له ده‌ره‌وه‌ى چاودێرى دایک و باوکى کار بکات و پێویسته له ژێر چاودێرى بهخێوکارهکانیدا بێت تا دوور بێت له‌هه‌ر جۆره ژینگه‌یه‌کى خراپ که مه‌ترسى هه‌یه بۆ که‌سایه‌تییه‌که‌ى له ئاینده‌دا». به‌ڕێوه‌به‌ری گشتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى کاروکاروباری کۆمه‌لایه‌تى سلێمانى باس له‌وه‌ده‌کات که هه‌موو کارکردنهکانى منداڵان به‌هۆى هه‌ژارییه‌وه نین، به‌ڵکو به‌شێکى به‌هۆى داب و نه‌ریت و ئاستى ڕۆشنبیرییهوهیه. عومه‌ر گوڵپی وتى «به‌ڵام له هه‌موو حاڵه‌ته‌کاندا پێویسته ده‌زگا په‌یوه‌دیداره‌کان به ئه‌رکى سه‌رشانى خۆیان هه‌ستن و به‌دواداچوونى ته‌واو بکه‌ن بۆ ژیانى ئه‌و منداڵانه و به‌هیچ جۆرێک نابێت به‌هۆى کارکردنه‌وه منداڵان خوێندن بهجێبهێڵن وتیشی «ئه‌رکى دامه‌زراوه‌یى په‌روه‌رده‌یى و کۆمه‌ڵایه‌تى و پۆلیسى نه‌وجه‌وانانه کاربکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى به‌دواداچوونى ته‌واو بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى دڵنیاببه‌وه له‌وه‌ى منداڵان به دۆخێکى خراپ و مه‌ترسیداردا تێپه‌ڕنابن و له‌لایه‌ن خێزانه‌کانیان و کۆمه‌ڵگه‌وه سته‌میان لێناکرێت». به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى کاروکاروباری کۆمه‌ڵایه‌تى سلێمانى بۆ ساڵى ٢٠١٩ به هاوکارى ڕێکخراوى یونسێف دوو تیم پێکدێنێت بۆ به‌دواداچوونى ژیانى منداڵانی ئیشکه‌ر، که بریتین له تیمه‌کانى توێژه‌رى ده‌روونى و کۆمه‌ڵایه‌تی. عومه‌ر گوڵپی ده‌ڵێت حکومه‌ت به‌هۆى قهیرانیى داراییه‌وه ناتوانێت هه‌موو هاوکاریه‌کى ئه‌و مندالانه بکات، به‌ڵکو له‌ئێستادا ته‌نها کار بۆ ئه‌و منداڵانه ده‌کات که خێزانه‌کانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و که‌سی تر نایانگرێته خۆ. به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه مووچه‌ى چاودێرى خێزان بۆ منداڵ و ماڵه هه‌ژاره‌کان زیاتر له سێ ساڵه ڕاگیراوه. عومه‌ر گوڵپی وتى «چه‌ندین جار داوامان کردووه ئه‌و مووچه‌یه به‌رده‌وام بێت و به پێى ڕێنماییه‌ک منداڵ و خێزانه هه‌ژاره‌کان بکاته ئامانج و بیان کاته خاوه‌نى بڕه پاره‌یه‌ک هه‌تا ناچار نه‌بن بچنه ناوبازارو شه‌قامه‌کان بۆ په‌یداکردنى بژێوى ژیانیان، هیوادارین کابینه‌ى داهاتووى حکومه‌ت ئه‌م بابه‌ته یه‌کلا بکاته‌وه«. به‌پێی ئامارێکی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی له دوو ساڵی ڕابردوودا له‌کۆی 48 هه‌زار خوێندکار 10 هه‌زار وازیان له‌خوێندن هێناوه که‌به‌شێکیان سه‌رقاڵی کارکردنن . د.که‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانى پسپۆڕى ده‌روونى باس له هۆکاره‌کانى خراپى کارکردنى منداڵان ده‌کات و ده‌ڵێت «کارکردنى منداڵان له‌و ته‌مه‌نه‌دا کارییگهرییهکى ڕاسته‌وخۆى ده‌بێت له‌سه‌ر خوێندنه‌که‌یان». به بڕواى ئه‌و پسپۆڕه کارکردنى منداڵان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ى کاریگه‌ری خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر خوێندنه‌که‌یان، هەمان کات به‌هۆى ماندوو بوون و هیلاکى و سه‌رما و گه‌رما و قورسی کاره‌که‌یه‌وه و سوکایه‌تی پێکردن له‌لایه‌ن که‌سانی تره‌وه بارى ده‌روونیشیان ئاڵۆز ده‌بێت. د.که‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانى به هاوڵاتی وت «ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ده‌ره‌وه کار ده‌که‌ن ڕووبه‌ڕووی کۆمه‌ڵێک کێشه ده‌بنه‌وه و زۆرجار له‌لایه‌ن گه‌وره‌کانه‌وه ڕووبه‌ڕووی توندوتیژی ده‌بنه‌وه« . وتیشی «ئه‌مانه هه‌مووی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنی له‌سه‌ر باری ده‌روونی دروست ده‌که‌ن ، چه‌ند زیره‌ک و بلیمه‌تیش بن ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌هره و تواناکانیان ده‌مرێت و هه‌ستی خۆ به‌که‌م زانین و ڕه‌شبینی و دروستبووونی گرێ و درک کردن به نادادپه‌روه‌رییان لا دروست ده‌بێت ، ئه‌مانه هه‌مووی کاریگه‌ری ده‌روونی دروست ده‌کات و ده‌بێته هۆی دروستبوونی ڕه‌فتاری شه‌ڕانگێزی و گۆشه‌گیری بۆ منداڵه‌کان». بۆ ڕێگه چاره‌ی ئه‌م بابه‌ته د.که‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانی ده‌ڵێت «گه‌ر بمانه‌وێت نه‌وه‌کانمان نه‌وه‌ی ده‌رون دروست بن ده‌بێت منداڵ منداڵی خۆی بژی تا ده‌گاته ته‌مه‌نی 15 ساڵان ، هه‌روه‌ها پێویسته له‌چوارچێوه‌ی قوتابخانه و خوێندنگاکان‌دا په‌روه‌رده بکرێن بۆ ئه‌وه‌ی که‌سێتیه‌کی ته‌ندروستیان هه‌بێت . ئه‌رکی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌یه و ده‌بێت هه‌وڵی خۆش کردنی ژینگه‌ی قوتابخانه‌کان بدات و بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک ڕا نه‌کات له‌خوێندن «. هه‌روه‌ها وتى «پێویسته له‌سه‌ر خێزانه‌کان منداڵه‌کانیان له‌قوتابخانه دوور نه‌خه‌نه‌وه و ناچار به کارکردنیان نه‌که‌ن له ژێر ههربارو دۆخێک‌دا بێت، ته‌نانه‌ت گه‌ر بێت و ڕۆژانه بڕێکی زۆریش ده‌ستکه‌وتیان هه‌بێت، به‌ڵام له‌لایه‌نی ده‌روونی و ته‌ندروستی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه ورد بینه‌وه له‌داهاتوودا ناتوانرێت به‌چه‌ند هێنده‌ی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی که‌ده‌ستی که‌وتووه قه‌ره‌بوی ژیانی منداڵی خۆی بکاته‌وه«.
هاوڵاتی شیرین ئه‌مین، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند ئاسایش پێنج ئه‌ندامى ته‌ڤگه‌رى له بارهگهکهیان لە کەلار "زیندانى" کردوە، کەسێکیان ویستووێتی خۆی بسووتێنێت. شیرین ئه‌مین بە ماڵپەڕی هاوڵاتی وت "دوێنێ پێنج ئه‌ندامى ته‌ڤگه‌رى ئازادى لە کەلار رێکه‌وتون کە لەناو بارەگاکەدا بمێننەوەو ئاسایشیش لە دەرەوەبیت و نەچنە بارەگاکەیانەوە، بەڵام دواتر ئاسایش بڕیارەکەیان گۆڕیوەو ده‌رگاکه‌یان له‌سه‌ر داخستن و زیندانیان کردن". بەپێی بریاریکی قوباد تاڵەبانی جیگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، کە لە چەند رۆژی رابردوودا دەریکرد، دەبێت هەموو ئەو حزبانەی مۆڵەتیان نیە بارەگاکانیان دابخەن، بەلام تەڤگەری ئازادی دەڵیت ئەوان داوای مۆڵەتیان کردوەو وەڵامیان نادەنەوە، ئەوەش بە مەرامێکی سیاسی ناودەبەن. تەڤگەری ئازادی پارتێکی نزیکە لە پەکەکە هەر بۆیە پێیان وایە بڕیارەکەی قوباد تاڵەبانی لەژێر فشاری تورکیادایە، لەکاتیکدا ئەو وڵاتە گەمارۆی خستۆتە سەر فرۆکەخانەی سلێمانی، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تەڤگەر لە سلێمانی بارەگای هەیە. ماوەی دوو رۆژە یەکێتی لە رێگەی هیزەکانی ئاسایشەوە فشاری خستۆتە سەر تەڤگەری ئازادی کە بارەگاکانیان لە سنووری سلیمانی دابخەن، تا ئیستا پێنج بارەگای ئەو حزبە لە سلێمانی داخراون، بەڵام هێشتا بارەگایان لە کەلار دانەخراوە. شیرین ئەمین ئاماژەی بەوەکرد کە خەڵکێکی زۆر لە کەلار بۆ پشتیوانی لە تەڤگەر لە بەردەم بارەگاکەیان کۆبوونەتەوە بۆ پاڵپشتیان، دواتر لەگەڵ هیزەکانی ئاسایش ریکەوتوون کە خەڵکەکە بگەڕێنەوەو ئەندامانی تەڤگەریش بمێننەوە، وتی "بەڵام دواتر ئاسایش لەو رێکەوتنەوە پاشگەزبوونەوە، دەرگایان بەسەر پینج ئەندامی تەڤگەر داخست". هەروەها وتی "یەکیک لە ئەندامەکانیان لەسەر بارەگاکە ویستوویەتی خۆی بخاتە خوارەوە یان خۆی بسووتێنیت وەکو نارەزایەتی، منیش بە بەڕیوەبەری ئاسایشم وت خوێنى ئه‌ندامانى ته‌ڤگه‌ر له ئه‌ستۆى ئێوەدایە"
سازدانی: لۆڤا محەمەد هەمیشە لە ڕووداوە سروشتی و دەستکردەکاندا هاوڵاتیان تووشی دۆخێکی دەروونی نائارام دەبن و زۆرجاریش ئەو دۆخە بووەتە هۆی تۆقین و دڵەڕاوکێ و جۆرە جیاوازەکانی نەخۆشیە دەروونیەکان، پسپۆڕێکی دەروونیش دەڵێت کاریگەرییەکانی کارەساتە سروشتی و دەستکردەکان زیاتر لەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە خۆیان لە بنەڕەتدا جۆرێک لە جۆرەکان نەخۆشی دەروونیان هەیە. دانیاڵ سەعدی، پسپۆڕی دەروونی لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتی کاریگەرییەکانی بومەلەرزە و کارەساتە سروشتییەکان لەسەر دەروونی تاک و تووش بوون بە حاڵەتە دەروونیەکان و چۆنیەتی کۆنترۆڵکردنی و ئەرکی میدیا و دامەزراوە حکومییەکان لە ئاساییکردنەوەی باری دەروونی هاوڵاتیان دەخاتەڕوو. هاوڵاتی: بومەلەرزە و کارەساتە سروشتییەکان تاچەند کاریگەرییان لەسەر دەروونی تاک هەیە؟ دانیاڵ سەعدی: حاڵەتە سروشتییەکانی وەک بومەلەرزە و لافاو و هەورەبروسکە و هەورە گرمە و ڕەشەبا و تەقینی گڕکانەکان و حاڵەتە دەستکردەکانی وەکو شەڕ و کوشتن و ڕفاندن و دەستدرێژی سێکسی و تەقینەوەکان کە ڕووداوە دەستکردەکان زەبری دەروونیان بەرزترە بەسەر دەروونی تاکدا وەک لە کاریگەری ڕووداوە سروشتییەکان، ڕوداوە سروشتییەکان بە پێی ناوچەکان دەگۆڕێت و لە هەندێک شوێندا کاریگەرییەکانی زیاترە و ئەمەش دەبێتە هۆی برینداربوونی ڕێژەیەکی زیاتری هاوڵاتیان بە بێ جیاوازی تەمەن و ڕەگەز و نەتەوە، ئەگەر کەسەکە خۆی لە بنەڕەتدا خەمۆکی یان قەلەقی یان وەسوەسەی لەگەڵدا بێت، یاخود کەسایەتیەکی پێنەگەیشتووی هەبێت، ئەم کەسانە زیاتر موعەرەزن بۆ دەرکەوتنی ئەم حاڵەتە تیایاندا و زۆر کاریگەری لەسەری جێدەهێڵێت وەک لە کەسانی ئاسایی، هەر بۆیە ئەم کەسانە تووشی تۆقین و دڵ پەلە لێدان و دەم و لێو وشک بوون و گیان لەرزین و تێکچوونی خەو دەبنەوە. هاوڵاتی: چۆن بزانرێت کەسێک تووشی دۆخێکی دەروونی بووە لە حاڵەتە سروشتیەکاندا؟ دانیاڵ سەعدی: خەڵک مافی خۆیەتی بترسێت و هەریەکێکیش بە جۆرێک ئەم ترسەی دەربڕێت، یەکێک بە گریان و یەکێک بە قیژاندن و یەکێکیش بە ڕاکردن، ئەگەر ئەم کاریگەرییە لە دوای ٢٤ کاتژمێرەوە مایەوە و کەسەکە هەر ترس و تۆقین لە دڵیا بوو ئەوا دەبێت ببرێتە لای پزیشکی پسپۆڕ و چارەسەر وەربگرێت، بەڵام ئەگەر ئەو هاوار و گریانەی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا تەواو بوو ئەوا کاردانەوەیەکی نۆرماڵە و هیچ زیانێکی نیە، وە ئەو ترسەش یاخود ئەو کاردانەوانەی کە دەیکات مافی خۆیەتی، چونکە ئەوانە بەشێکن لە هەستی مرۆڤ کاتێک دەریدەبڕێت. هاوڵاتی: چۆن کۆنترۆڵی حاڵەتی دەروونی کەسەکان بکرێت؟ دانیاڵ سەعدی: ئەرکی دەزگاکانی میدیایە کە تاک هۆشیار بکەنەوە لەو حاڵەتە دەروونیانە و بەرنامە و ڕاپۆرتی تایبەت بڵاوبکەنەوە کە کۆمەڵێک ڕێنمایی تێدابێت و ئەو هەواڵانە بڵاوبکەنەوە کە چەقەکەی لە شوێنی دوورە و کە تا دەگاتە لای ئێمە ئەو کاریگەرییە وێرانکەرەی نامێنێت، وە بیناکان لە کوردستاندا بە شێوازێکی توندوتۆڵ‌تر دروست دەکرێن نەک بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و لە کاتی بومەلەرزە و لافاو و ئاگرکەوتنەوە و کارەساتەکانی دیکەدا زیانێکی ئەوتۆی نابێت و بەو شێوازە نابێتە هۆی مردن، وەک لە وڵاتان نیە، ئەوان وەک کوردستان بیناکانیان توندوتۆڵ نیە، هەربۆیە گرنگە ئەمانە بڵاوبکرێتەوە نەک مردن و بریندار بوون و کاولکارییەکان گەورەبکرێت و دەروونی خەڵک زیاتر تێکبدرێت، هاوڵاتی: چۆنیەتی چارەسەرەکان بۆ ئەو کەسانە چیە کە تووشی بارێکی نائاسایی دەروونی دەبن؟ دانیاڵ سەعدی: ئەگەر کەسێک تووشی حاڵەتی دەروونی بوو لە دوای ڕودانی ڕووداوە سروشتییەکان و ٢٤ کاتژمێری خایاند و هێشتا هێور نەبۆیەوە، ئەوا دەبێت ئەو کەسە بە زوترین کات بگەیەندرێتە لای پزیشکی پسپۆڕ تاوەکو نەخۆشییەکە لێی نەبێتە تۆقین و زیاتر بێت لەسەری، چارەسەرییەکانیش سەرەتا بە ڕاوێژ و گفتوگۆ دەبێت، ئەگەر زۆر کاریگەری لەسەری هەبوو ئەوا بە دەرمان چارەسەری دەکەین، نەخۆشمان هەیە کە هەردوو جۆرە چارەسەرەکەی دەوێت واتا پێویستیشی بە گفتوگۆ و دەرمانیش هەیە. هاوڵاتی: هاوڵاتیان تا چەند سەردانی تۆیان کردووە وەک پسپۆڕێکی دەروونی؟ دانیاڵ سەعدی: لە بومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردوو کە ١٢-١١-٢٠١٧ بوو هاوڵاتیان کە تووشی نەخۆشی دەروونی ببوون بەهۆی ئەو بومەلەرزە بەهێز و مەودا درێژەوە لە ٢٤ کاتژمێری سەرەتادا ڕێژەیەکی زۆری نەخۆش وەک خۆڵ سەردانیان دەکردین تاوەکو شەش بۆ حەوت مانگ دوای ڕوودانی بومەلەرزەکە لە گەرمیان و هەڵەبجە و سلێمانیش نەخۆش هەر دەهات، بەڵام لە بومەلەرزەی ئەمجارەدا هەم گوڕەکەی کەم بوو هەمیش مەوداکەی کەم بوو، هاوڵاتیانیش بەشێوەیەک لە شێوەکان ڕاهاتوون لەگەڵ ئەم حاڵەتە سروشتیەدا، بۆیە لەم ٢٤ کاتژمێرەدا تەنها یەک حاڵەت سەردانی کردووم و چارەسەری پێویستم بۆی کردووە. هاوڵاتی: ئەرکی دەزگا میدیاییەکان و دامەزراوە فەرمییەکان چیە بۆ ئاسایی کردنەوەی باری دەروونی هاوڵاتیان؟ دانیاڵ سەعدی: لە دەزگا میدیاییەکاندا پێویستە کە ڕاستییەکان باسبکرێت، نەک ئەوەی کە بەپەلە دابنرێت و بنوسرێت بەردێک کەوتە خوارەوە، یاخود بنوسرێت بەپەلە بەهۆی بومەلەرزەوە کەسێک بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە و چەندین هەواڵی بەپەلەی دیکە، کە سەرجەمیان دەروونی تاک تێکدەدەن و تووشی قەلەقی و خەمۆکی و دڵەڕاوکێیان دەکەن، بەداخەوە کە بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان گێچێک کە چەندە بچوکە دەیکەن بە گایەک، زۆرترین بە پەلە کە دادەنرێت و زۆربەشیان پێویستنین، بۆیە گرنگە کە لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی هاوڵاتیان لە بەرچاوبگیرێت، هەروەها دەبێت دامودەزگا حکومەییەکانیش بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم حاڵەتانە بکەن و کە هاتنە سەر شاشە ڕووداوەکان وەک خۆی باس بکەن، تا دۆخی دەروونی هاوڵاتیان بەرەو هێوربوونەوە بچێت نەوەک بەرەو خراپتر.
وێنە: مستەفا چاوڕەش سەرکردە لە یەکێتی و ئازاد حەمە ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا لەگەڵ حەسەن دانایی فەڕ راوێژکاری جێگری سەرۆک کۆماری ئێران لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی هاوڵاتی ئه‌مریکا هۆشدارى داوه‌ته بازرگانانى هه‌رێم له‌مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ هه‌ندێ کۆمپانیاى ئێرانى که سزاکانى ئه‌مریکا گرتوونیه‌ته‌وه، له‌کاتێکدا ئێران هه‌وڵه‌کانى چڕکردووه‌ته‌وه بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ى قه‌باره‌ى بازرگانى له‌گه‌ڵ هه‌رێم. ڕۆژى پێنجى ئه‌م مانگه قۆناغى دووه‌مى سزاکانى ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران که‌وته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه، که زیاتر که‌رتى وزه‌ى ئه‌و وڵاته‌ى گرتووه‌ته‌وه. تا ئێستا سزاکانى ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران کاریگه‌رییه‌کى ئه‌وتۆى له‌سه‌ر بازاڕه‌کانى هه‌رێم به‌تایبه‌تى سنورى پارێزگاى سلێمانى نه‌کردووه که بۆ پڕکردنه‌وه‌ى له‌سه‌دا 70ى پێداویستى ناوخۆیی پشت به ئێران ده‌به‌ستێت. مسته‌فا عه‌بدوڕه‌حمان سه‌رۆکى هاورده و ناردنکارانى هه‌رێمى کوردستان به هاوڵاتی وت «ئه‌مریکییه‌کان هۆشداریانداوه به بازرگانه‌کان که ئاڵوگۆڕى بازرگانى له‌گه‌ڵ کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کانى ئێران نه‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى روبه‌ڕووى زیان نه‌بنه‌وه کاتێک ئه‌و کۆمپانیایانه خرانه لیستى ڕه‌شه‌وه«. وتیشى «ئێستا بازرگانانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئێران زیاتر به دۆلار مامه‌ڵه ده‌که‌ن، وه‌ک له تمه‌ن، چونکه نرخى دۆلار جێگیرتره به‌راورد به تمه‌ن و بازرگانان سڵ ناکه‌نه‌وه له ئه‌نجامدانى کارى بازرگانى له‌گه‌ڵ کارخانه‌کانى ئێران‌دا». هۆشدارى ئه‌مریکا بۆ بازرگانانی هه‌رێم له‌کاتێکدایه، ئێران که سنورێکى به‌رفراوانى له‌هه‌رێمى کوردستان هه‌یه له هه‌وڵى چڕدایه بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ى قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى له‌گه‌ڵ هه‌رێم، وه‌ک هه‌وڵێک بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى کاریگه‌رى ئه‌و سزایانه‌ى له‌لایه‌ن واشنتۆنه‌وه به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا و 20ى ئه‌م مانگه، وه‌فدێکى بازرگانى سلێمانى له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن دانایى فه‌ڕ راوێژکارى ئابورى جێگرى سه‌رۆک کۆمارى ئێران کۆبوونه‌وه و یاداشتێکیان ڕاده‌ست کرد، له‌باره‌ى کێشه‌کانى تایبه‌ت به بازرگانى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته. دواى کۆبوونه‌وه‌که، حه‌سه‌ن دانایى فه‌ڕ به ڕۆژنامه‌نوسانى ڕاگه‌یاند، ئاڵوگۆڕى بازرگانى له خاڵه سنورییه‌کانى نێوان هه‌رێم و ئێران ئاساییه‌و گه‌مارۆکانى ئه‌مریکا کاریگه‌رى له‌سه‌ر جوڵه‌ى بازرگانى دروستنه‌کردووه. جه‌ختیشیکرده‌وه، وڵاته‌که‌ى په‌یوه‌ندییه‌کى تایبه‌تى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى کوردستان هه‌یه و پارێزگارى له ئاڵوگۆڕى بازرگانى ده‌که‌ن. لاى خۆیه‌وه، یاسین مه‌حمود وته‌بێژى یه‌کێتى وه‌به‌رهێنه‌رانى کوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، که یاداشتێکى 37 خاڵیان ڕاده‌ستى حه‌سه‌ن دانایى فه‌ڕ کردووه، له‌باره‌ى کێشه‌کانى تایبه‌ت به بازرگانى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى و ئه‌و کێشانه‌ى دیکه که ئه‌گه‌ر هه‌یه به‌هۆى سزاکانى ئه‌مریکاوه دروستبن. وتیشى هه‌رێم له‌سه‌دا 70 بۆ له‌سه‌دا 80ى کاڵاکانى له‌ئێرانه‌وه هاورده ده‌کات بۆیه ده‌بێت هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته هه‌بێت که کاره‌کان به‌رده‌وام بن و کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێن. ئێران و هه‌رێمى کوردستان خاوه‌نى هه‌شت ده‌روازه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و نافه‌رمیین به‌پێی ئاماره‌کانیش قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوانیان له‌مساڵدا بۆ زیاتر له شه‌ش ملیار دۆلار به‌رزبووه‌ته‌وه. سه‌عدوڵڵا مه‌سعودیان سه‌رکونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران له سلێمانی ڕۆژى دوشه‌ممه له کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، ده‌یانه‌وێت قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى بۆ 10 ملیار دۆلار به‌رزبکه‌نه‌وه. جگه له‌و هه‌وڵانه، بازرگانه ئێرانییه‌کان زیاتر له جاران به گه‌رم و گوڕییه‌وه به‌شداریان له سیانزه‌هه‌مین پێشانگاى نێوده‌وڵه‌تى سلێمانیدا کرد، به‌ڵام به‌شێکیان ئاماژه‌یان به‌وه‌کرد که بازاڕیان نییه. له‌کۆى 180 کۆمپانیاى ناوخۆیی و بیانى به‌شدار له پێشانگاکه، کۆمپانیا ئێرانییه‌کان له پله‌ى یه‌که‌مى کۆمپانیا بیانییه‌کاندا بوون که کاڵا و که‌لوپه‌لى جۆراوجۆریان نمایش کردبوو. یه‌کێک له‌و بازرگانه ئێرانیانه که هه‌ندێ جۆرى شیرینى ئێرانى بۆ فرۆشتن خستبووه‌ڕوو به وت «بازاڕى ئێره بۆ ئێمه بازاڕێکى مردووه، هیچ کڕیارمان نییه‌و به‌رهه‌مه‌کانمان نافرۆشرێن سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى نرخمان دابه‌زاندووه«. وتیشى «به پێچه‌وانه‌وه بازاڕى عێراق بۆ ئێمه زۆر باشه، به‌شداریم له پێشانگایه‌کدا کرد له‌به‌غدا ڕۆژانه به‌به‌هاى چوار ملیۆن دینار کاڵام ده‌فرۆشت، به‌ڵام لێره خه‌رجى هاتنمان بۆ ده‌ربهێنێته‌وه باشه«. له‌باره‌ى کاریگه‌رى سزاکانى ئه‌مریکاوه له‌سه‌ر کاروبارى بازرگانى، ئه‌و بازرگانه ئێرانییه باسى له‌وه‌کرد، که ئه‌وان له‌هه‌ر شوێنێک بێت کارى بازرگانى خۆیان ده‌که‌ن و په‌یوه‌ندییان به‌سیاسه‌ته‌وه نییه. ئه‌و کاڵایانه‌ى ئێران هه‌نارده‌ى بازاڕه‌کانى هه‌رێمى کوردستانى ده‌کات، زیاتر پێکهاتوون له سه‌وزه و میوه و که‌لوپه‌لى خۆراکى ڕۆژانه، که به‌شێکى له رێگه‌ى هه‌رێمه‌وه ڕه‌وانه‌ى ناوچه‌کانى ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق ده‌کرێن. مسته‌فا عه‌بدوڕه‌حمان سه‌رۆکى یه‌کێتى هاورده و ناردنکاران ده‌ڵێت «وه‌فده بازرگانییه‌کانى ئێران زۆر به‌چڕى ده‌یانه‌وێت کارى بازرگانى له‌هه‌رێم بدۆزنه‌وه و ئاره‌زوومه‌ندن، به‌تایبه‌تى له‌م کاته‌دا که گه‌مارۆیان له‌سه‌ره«. وتیشى «نرخى کاڵا ئێرانییه‌کان گونجاوه، به‌ڵام نرخى هه‌ندێ کاڵایان به‌رزبووه‌ته‌وه، چونکه مه‌وادى سه‌ره‌تایی به دۆلار ده‌کڕن». باسى له‌وه‌شکرد، ئێران نزیکتره له‌هه‌رێمى کوردستان به‌تایبه‌تى بۆ هه‌ندێ کاڵا که ماوه‌ى به‌سه‌رچوونیان نزیکه، وه‌کو که‌ره‌سته‌ى خواردهمهنى، بۆیه به‌لاى بازرگانانى هه‌رێمه‌وه شوێنێکى باشه بۆ کارى بازرگانى. مسته‌فا عه‌بدوڕه‌حمان جه‌ختیکرده‌وه، ڕه‌وشى بازرگانى له‌هه‌رێمى کوردستان به‌ره‌و پێشه‌وه هه‌نگاوى ناوه و به‌رده‌وام ده‌بن له‌کاره‌کانیان بۆ ئه‌وه‌ى ڕه‌وشه‌که به‌ره‌و باشتریش ببه‌ن. به‌وته‌ى ئه‌و، هۆکاره‌کانى به‌رزبونه‌وه‌ى قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى بریتین له نه‌مانى شه‌ڕى داعش، نه‌مانى ترسی بازرگانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ده‌ره‌وه که پێشتر به‌هۆى شه‌ڕه‌وه له‌ئارادابوو، دروستبوونه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى له‌نێوان بازرگانانى پارێزگاکان، دڵنیایی بازرگانان له‌کاره‌کانیان. به‌پێی ئاماره‌کانى یه‌کێتى هاورده و ناردنکارانى هه‌رێم، به‌گشتى له‌ساڵانى 2012 و 2013 قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى هه‌رێم له گه‌ڵ تورکیا و ئێران و وڵاتانى دیکه 22 ملیار دۆلار بووه، به‌ڵام له‌ساڵى 2014 به‌هۆى قه‌یرانى دارایی و شه‌ڕى داعشه‌وه دابه‌زی بۆ 15 ملیار دۆلار، به‌ڵام له‌مساڵدا قه‌باره‌که به‌رزبووه‌ته‌وه و نزیک بووه‌ته‌وه له ڕێژه‌ى پێشوو. هه‌رێمى کوردستان دوو جۆر مامه‌ڵه‌ى بازرگانى له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه، جۆرێکیان بە شێوەی ترانزێتە بۆ ئەو شمەک و بەروبومانەی کە لە ڕێگەی بەندەرەکانی ئێرانەوە دێتە ناو هەرێمی کوردستانەوە، جۆرێکی تریان تایبەتە بەو شمەک و بەروبوومە ناوخۆیانەی کە لە ناو ئێران دەکڕێن و راستەوخۆ دەهێنرێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە. سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه ئه‌مریکا قۆناغی دووه‌مى گه‌مارۆکانى خسته سه‌ر ئێران و پێش ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا هۆشداری بداته بازرگانانى هه‌رێم، ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا ڕایگه‌یاند، تا ئێستا بازرگانانی هەرێم بە گشتی ھیچ کێشە و گرفتێکیان نیە بۆ هێنانی بەرهەمە ناوخۆییەکانی ئێران بۆ هەرێم و مەرزەکان. سەبارەت بەو بازرگانانەی تری هەرێم کە تا ئێستا لەبەندەرەکانی ئێرانەوە بەترانزێت کەل و پەلیان هێناوە بۆ هەرێم، ژووری بازرگانی ئاماژه‌ى به‌وه‌کردبوو، ئەو بازرگانانه لە ئێستادا کاردەکەن بە پێی پێوست بۆ گۆڕینی ئاراستەی ڕێگاکانیان بەرەو بەندەرەکانی تر لە ئوم قەسر، مێرسین، عەقەبە یان هەر ڕێڕەوێکی تری گونجاو. تائێستاش کەشتیە ئێرانیەکان بەردەوام کاردەکەن، تەنها کەشتییە بیانیەکان لەکار وەستاون لە بەندەرەکانی ئێران. ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئه‌وه‌شى خستبووه‌ڕوو، ئه‌وه‌ى ئه‌وان چاوه‌ڕوان ده‌که‌ن یەکلابێتەوە لە داهاتوودا، تەنها کێشەی هێنانی سوتەمەنییە بۆ هەرێم، چ ئەوەی ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە دەکڕێت و دەهێنرێتە هەرێم وە چ ئەوەی لە پێش دا دەهێنرێتە بەندەرەکانی ئێران لە ڕێگەی ئەو کەشتیانەی کە لە ئیماراتەوە دێن و لە پاشان بەرهەمەکانیان بەترانزێت دەهێنرێنە هەرێم.
ئارا ئیبراهیم پارتى وه‌ک لایه‌نى براوه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌یه‌وێت هاوشانێکی تورکمان بۆ قوباد تاڵه‌بانى له حکومه‌تدا دروست بکات کە تا ئێستا وەکو تاکە کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی جیگری سەرۆکی حکومەت ناوی دەهێنرێت. دواى سێ هه‌فته له‌سوێند خواردنى ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى کوردستان بۆ خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى کوردستان هێشتا لایه‌نه‌کان رێکنه‌که‌وتوون له‌سه‌ر دابه‌شکردنى پۆسته‌کانى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان و راسپاردنى لیستى براوه‌ى هه‌ڵبژاردن بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم. به‌پێى ئه‌و به‌دواداچونانه‌ى هاوڵاتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌کاندا کردویه‌تى پێکهێنانى حکومه‌ت و هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان له دوو سیناریۆدا کۆده‌بێته‌وه، کە یەکێکیان دانانی تورکمانێکە بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت، لەکاتێکدا بزووتنەوەی گۆڕان بەتەمای ئەو پۆستەیە، بەڵام بەلێنی ئەوە بە گۆڕان دراوە کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی پێ بدرێت. سیناریۆى یه‌که‌م پارتى دوو پاکێجى ئاماده کردووه یه‌کێکیان سه‌رۆکى حکومه‌ت دوو جێگرى هه‌بێت، جێگرى یه‌که‌م بۆ یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان و جێگرى دووه‌م بۆ تورکمان و له‌به‌رانبه‌ردا سه‌رۆکى په‌رله‌مان بۆ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان تا ئه‌و کارانه‌ى یوسف محه‌مه‌د وه‌ک سه‌رۆکى پێشووى په‌رله‌مان بووه له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌میدا سه‌رۆکى نوێ له‌سه‌ر پشکى گۆڕان ته‌واوى بکات. پارتى له پاکێجهکهیدا دیارى کردووه سه‌رۆکى حکومه‌ت بۆ پارتى و جێگرى یه‌که‌م بۆ یه‌کێتى(قوباد تاڵه‌بانى) جێگرى دووه‌م بۆ تورکمانێکى که‌رکوکى، ئامانجى پارتیش له‌م هه‌نگاوه‌دا بۆ ئه‌وه‌یه که تورکیا رازى بکات له‌رووى سیاسییه‌وه که گرنگى به تورکمانه‌کان ده‌دات. هەروەها پارتى دەیەوێت له رێگه‌ى تورکمانه‌کانى که‌رکوکه‌وه پێگه‌ى لە شارەکە به‌هێز بکات به‌رانبه‌ر به نفوزى یه‌کێتی. بەپێی ئەو سیناریۆیە سه‌رۆکى په‌رله‌مان بۆ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان (عه‌لى حه‌مه ساڵح) جێگرى یه‌که‌م بۆ پارتى و جێگرى دووه‌م بۆ یه‌کێتى ده‌بێت. مونا قه‌هوه‌چى، جێگرى سه‌رۆکى حزبى چاکسازى تورکمان و ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان به‌هاوڵاتی وت «وه‌ک تورکمانه‌کان پاکێجمان حازر کردووه بۆ گفتوگۆکردن بۆ به‌شدارى کردن له‌حکومه‌تدا، یان جێگرى دووه‌مى سه‌رۆکى حکومه‌ت یا جێگرى دووه‌مى سه‌رۆکى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تێکى خزمه‌تگوزاریی». ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه که حزبه‌که‌ى رێکه‌وتنى سیاسى له‌گه‌ڵ پارتى ده‌کات ئنجا رێکه‌وتن له‌سه‌ر پێکهێنانى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم. له‌لایه‌کى تره‌وه، سامان گه‌رمیانى ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت» دوێنێ مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى گفتوگۆى کردووه له‌سه‌ر پێکهێنانى حکومه‌ت و رۆژى شه‌ممه‌ى داهاتوو ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى کۆده‌بێته‌وه هه‌ر شتێک هه‌بێت له‌وێدا گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌که‌ین». ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه هێشتا مه‌سه‌له‌ى دوو جێگرى بۆ سه‌رۆکى حکومه‌ت یه‌کلایى نه‌بۆته‌وه‌و وه‌ک یه‌کێتیش مه‌رجى خۆیان بۆ به‌شدارى کردن له حکومه‌ت هه‌یه. هه‌روه‌ها وتیشى»ده‌بێت پێش پێکهێنانى حکومه‌ت یه‌کێتى و پارتى رێکه‌وتنى سیاسى ئه‌نجام بده‌ن، دواتر له‌سه‌ر پێکهێنانى حکومه‌ت بگه‌نه رێکه‌وتن». به‌پێى به‌دواداچونى هاوڵاتی، له سیناریۆى یه‌که‌مدا که لهپاکێجى پارتیدا بوونى هه‌یه، ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان به‌م شێوه‌یه دابه‌شکراوه که سه‌رۆکى په‌رله‌مان بۆ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و (عه‌لى حه‌مه‌ساڵح) جێگرى یه‌که‌م بۆ پارتى و جێگرى دووه‌م بۆ یه‌کێتى. سیناریۆى دووه‌م له پاکێجى دووه‌مى پارتیدا وه‌ک براوه‌ى یه‌که‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان، پێکهاته‌ى سه‌رۆکایه‌تى حکومه‌ت و سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان به‌م شێوه‌یه دابه‌شکراوه. سه‌رۆکى حکومه‌ت بۆ پارتى و جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت بۆ یه‌کێتى(قوباد تاڵه‌بانى)، سه‌رۆکى په‌رله‌مان بۆبزوتنهوهى گۆڕان و جێگرى یه‌که‌م بۆ پارتى و جێگرى دووه‌م بۆ تورکمان. عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن، وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى پارتى له پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتى» هێشتا پرسى دابه‌شکردنى رۆڵ(ئه‌دوار)ى حکومه‌ت و سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان یه‌کلاینه‌بۆته‌وه، و بوونى جێگرى دووه‌مى سه‌رۆکى په‌رله‌مان نه‌بووه‌ته شتێکى جێگرى لاى پارتى، به‌ڵام باسمان کردووه وه‌ک چۆن سه‌رۆکى په‌رله‌مان دوو جێگرى هه‌یه سه‌رۆکى حکومه‌تیش دوو جێگرى هه‌بێت». ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که لیژنه‌ى دانوسانکارى پارتى ته‌نها وتوێژو راگۆرینهوهیان کردووه له‌سه‌ر به‌شدارى کردنى حکومه‌ت له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسیهکانداو نه‌چونه‌ته ناو ورده‌کاریه‌کانه‌وه، به‌ڵام لهئایندهیهکى نزیکدا گفتوگۆکان ده‌ستپێده‌کاته‌وه. وته‌بێژه‌که‌ى پارتى ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه که هێشتا وهفدى دانوسانکارى حزبه‌که‌ى سه‌ردانى تورکمانه‌کانى نه‌کردووه، به‌ڵام ئه‌وانیش ئیستحقاقى خۆیان هه‌یه بۆ به‌شدارى کردن له حکومه‌تداو فراکسیۆنى په‌رله‌مانیان هه‌یه. هاوکات، ریفینگ هرورى، سه‌رۆکى کاتى په‌رله‌مانى کوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد به‌ره‌وپێشچوون له گفتوگۆکاندا بۆ هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان هه‌یه. ریفینگ هرورى، سه‌رۆکى کاتى په‌رله‌مان وتیشى» له‌نێوان پارتى و یه‌کێتى و گۆڕان وه‌ک سێ هێز بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت گفتوگۆکان چونه‌ته پێشه‌وه‌و له هه‌فته‌ى ئاینده‌وه هه‌نگاوه‌کان به‌دیار ده‌که‌ون». ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه هێشتا هیچ کاتێکیان دیارى نه‌کردووه بۆ هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان تا کۆبوونه‌وه ئه‌نجام بده‌ن. به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى هاوڵاتی، یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان هه‌وڵه‌کانى چڕ کردۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ته‌نها قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت بێت و هیچ که‌سێک نه‌کرێت نه‌بێته هاوشانى وه‌ک جێگرى دووه‌مى سه‌رۆکى حکومه‌ت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش له گفتوگۆکانى نێوان پارتى و یه‌کێتى و گۆڕاندا یه‌کلاده‌کرێته‌وه.
سەروەر خەلیل محەمەد سەیهود سەرکردە لە لیستی بونیادی نوری مالکی رایگەیاند لە سەردانەکەی چەند رۆژی رابردووی مەسعود بارزانی بۆ بەغدا باس لەپرسە ناکۆکی لەسەرەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کراوە کە گرنگترینیان پرسی بودجەو ناوچە جێناکۆکان و پرسی نەوت و گازە، بەڵام ئەو بە دووری زانی ئەو پرسانە بە سازان چارەسەر بکرێن. محەمەد سەیهود بە هاوڵاتی وت «ئەو پرسانە پێویستیان بەتەوافوق و رێککەوتن نییەو ونابێت کار بە ئاسانکاری کردن و لێخۆشبوو‌ن و موجامەلە بکرێت، بەڵکو پێویستە دەستوور بوونی هەبێت و کاری پێبکرێت و هەردوو لایەنیش دەست بەدەستوورەوە بگرن». وتیشی «هەرچی ئەو داواکارییانەن کە لەسەرووی دەستوورەوەن ئەوە بەدڵنیاییەوە جێبەجێ ناکرێن». سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا دوای ئەوە دێت کە هەرێمی کوردستان لە 25ی ئەیلولی 2017، ریفراندۆمی بۆ جیابوونەوە لە عیراق ئەنجامدا، ئەوەش وەکو هەوڵێک بۆ یەکلاییی کردنەوەی پرسە هەڵواسراوەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا کە زیاتر لە دەیەیەکە درێژەیان هەیە. بەڵام لە کاردانەوەی ئەوەدا حکومەتی فیدراڵ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئەنجامدا و دەستیگرتەوە بەسەر کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان، وێڕای گرتنەبەری رێوشوێنی تر کە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی و هەوڵدان بۆ گرتنەدەستی مەرزە سنورییەکانی بەدواداهات. لە دوای هەڵبژاردنی ١٢ی ئایار‌و پێکهێنانی حکومەتیکی نوێ بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی، هێزە سیاسیەکانی کوردستان دەیانەوێت لە رێگەی گفتوگۆوە لەگەڵ ئەم کابینەیەدا کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵام ئەمەش بەبێ بەربەست نییە، بەو پێیەی هەندێک لە هێزە سیاسیەکانی عێراق رازی نین بە هەندیک لە داواکانی کورد. محەمەد سەیهود وتی «داواکاریەکانی کورد بۆ پشکی 17%ی بودجە نادەستوورییەو پرسی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانیش لەدوای رووداوەکانی ئەمدواییە یەکلایی بووەتەوە». وتیشی «دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە ناکرێت بگەڕێینەوە چوارگۆشەی یەکەم، کەرکوک شارێکی عێراقییەو ناکرێت بۆ لایەنێکی دیاریکراو بێت بەڵکو پێویستە بۆ هەمووان وەک یەک بێت، ماددەی 140 ی دەستووریش وادەی تێپەڕیوەو ناکرێت جێبەجێ بکرێت». لەوەڵامی ئەوەی ئایا بە بارزانی راگەیەنڕاوە کە لەپرسی کەرکوکدا نابێت بگەڕێنەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، سەیهود دەڵێت «بابەتەکە پەیوەندی بەوەوە نییە بەبارزانی راگەیاندراوە یاخود نا، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە کەرکوک خاڵی ئارامییە لەناوچەکەدا و خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدایە، لەدوای کۆنتڕۆڵکردنی ئەو شارەش لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە ناوچەکەو کەرکوکیش ئارامی بەخۆیەوە بینیوە».
یوسف عومه‌ر ره‌شید روداوه‌کانى هاتوچۆ سه‌ره‌ڕاى کاره‌ساتى مرۆیی، کارهساتو تێچوویه‌کى ئابوریشى هه‌یه‌و به‌پێى راپۆرته جیهانییه‌کان به‌تایبه‌ت رێکخراوى ته‌ندروستى جیهانىو بانکى نێوده‌وڵه‌تى، مردن به روداوه‌کانى هاتوچۆ خه‌ریکه ده‌بێته باوترین جۆرى مردنى مرۆڤ‌و ساڵانه 1.25 ملیۆن که‌س به رووداوه‌کانى هاتوچۆ گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن که بۆ هه‌ر رۆژێک 3472 کهسو له هه‌ر سه‌عاتێکدا 145 که‌س گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى نزیکه‌ى 50 ملیۆن که‌س بریندار‌و ئیفلیج ده‌بن. به‌پێى داتا‌کان تا ساڵى 2020 مردن به رووداوه‌کانى هاتوچۆ ده‌گاته 1.9 ملیۆن که‌س له جیهاندا، به‌پێى ئه‌و داتایه بێت رێژه‌ى مردن به رووداوه‌کانى هاتوچۆ به‌رێژه‌ى 65% به‌رزده‌بێته‌وه به تایبه‌تیش له وڵاتانى تازه‌گه‌شه‌کردوو (پێگه‌یشتوو). له پارێزگایه‌کى وه‌کو سلێمانیش، به‌پێى داتاکانى چوار ساڵى رابردوو، له کۆى 100 که‌سى ناو رووداوه‌کانى هاتوچۆ، 7 که‌سیان مردوون، ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه له‌ماوه‌ى ئه‌و چوار ساڵه‌دا رۆژانه 8 که‌س له رووداوى هاتوچۆدا، مردون یاخود بریندار. ئه‌م وتاره، ئه‌ژمارکردنى تێچووى ئابووریانه‌ى رووداوه‌کانى هاتوچۆیه به‌ته‌نها له پارێزگاى سلێمانى‌و لایه‌نى هۆکارى رووداوهکانو چۆنیه‌تى چاره‌سه‌رو کهمکردنهوهیانو سه‌لامه‌تى هاتوچۆ بۆ هاوڵاتیان له خۆ ناگرێت. له کوردستان، سه‌لامه‌تى هاتوچۆ ، به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیراوه، روداوه سیاسیهکانو سه‌رقاڵى هاوڵاتیان به دابینکردنى ژیانى رۆژانه وایکردوه که‌متر گرنگى به‌سه‌لامه‌تى هاتوچۆو که‌مکردنه‌وه‌ى زیانى روداوه‌کانى هاتوچۆ بدرێت، هیچ کاتیش لایه‌نه سیاسیه‌کان وه‌کو بابه‌تى په‌ره‌پێدانى مرۆیی کاریان له‌سه‌ر ئه‌م ره‌هه‌نده نه‌کردووه، ته‌نانه‌ت له به‌رنامه‌ى سیاسی حزبه‌کانیش بۆ هه‌ڵبژاردن جێگه‌ى بۆنهکراوهتهوه. ئه‌وه‌ى کراوه ته‌نها کارێکى رۆتینى ژماردنى روداوهکانو قوربانیه‌کان بووه. هه‌رچه‌نده له‌م چه‌ند ساڵه‌ى رابردوودا چه‌ند رێکخراوێک له‌بوارى هۆشیارى هاتوچۆ دامه‌زراوه به‌ڵام ئه‌رکه‌که له‌وان گه‌وره‌تره‌و به‌ته‌نیاش ناتوانن چاره‌سه‌رى ئه‌و دۆخه بکه‌ن. ئه‌م وتاره سه‌رنجێکى ئابوریانهیهو تێچوى ئابوریانه‌ى رووداوه‌کانى هاتوچۆ ده‌خاته روو به پشت به‌ستن به کۆمه‌ڵێک داتاى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتى هاتوچۆى پارێزگاى سلێمانى‌و داتاکانى (2014و 2015و 2016و 2017) وه‌رگیراون، نه‌ک خستنه‌ڕووى هۆکاره‌کانى رووداوه‌کانى هاتوچۆو چۆنیه‌تى چاره‌سه‌رکردنى. ساڵ کۆى روداوى هاتوچۆ قوربانیه‌کان (مردوو) بریندار مردوو+ بریندار 2014 1389 140 2396 3925 2015 974 215 2725 3914 2016 1225 206 2808 4239 2017 1220 218 3193 4631 کۆى گشتى 4808 779 11122 16709 له زۆربه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ى خاوه‌نى کۆمپانیاى دڵنیایی ئوتومبیل‌و بیمه‌ى ته‌ندروستین به دوو رێگه تێچووى ئابوریانه‌ى رووداوه‌کانى هاتوچۆ ئه‌ژمار ده‌که‌ن، یه‌که‌م له رێگه‌ى تێچووى چاره‌سه‌رى پزیشکى ئه‌و که‌سه‌ى تووشى روداوه‌که بووه‌و دووه‌میش ئه‌و پارانه‌ى کۆمپانیاکانى دڵنیایی خه‌رجى ده‌که‌ن بۆ خاوه‌ن ئوتومبیله‌کان یاخود چاککردنهى ئوتومبیله‌کان، به‌ڵام له وڵاتانى جیهانى سێیه‌م، که عیراقیش به‌شێکه له‌و وڵاتانه به‌هۆى نه‌بوونى ئه‌و جۆره کۆمپانیایانه ئه‌ژمارێکى ئه‌وتۆ نه‌کراوه بۆ زیانه مادییه‌کان. له رووى مرۆییشه‌وه داتایه‌کى دروست ده‌ست ناکه‌وێت که به هۆى رووداوه‌کانى هاتوچۆوه چه‌ند که‌س کاره‌که‌ى له‌ده‌ستداوه، هه‌ربۆیه له‌سه‌ر بنه‌مایی گریمانیهى خه‌مڵاندن بۆ تێچووى ئابوریانه‌ى رووداوه‌کانى هاتوچۆ ده‌که‌ین. رووداوى هاتوچۆ بریتییه لهبهریهککهوتنى دوو ئوتومبیل، یاخود پیاکێشانى ئوتومبیل به راگر یاخود مرۆڤ یان به‌ربونه‌وه، هه‌ربۆیه له ئه‌ژمارى زیانى ئوتومبیل که کۆى گشتى له‌ماوه‌ى ئه‌و چوار ساڵه‌دا (4080) رووداو بووه واته زیاتر له‌یه‌ک ئوتومبیل به‌شداربووه له رووداوه‌کاندا، هه‌ربۆیه به گریمانه‌ى ئه‌وه‌ى نیوه‌ى ئه‌و روداوانه به‌ریه‌ککه‌وتنى ئوتومبیل بێت ئه‌وا نزیکه‌ى 6000 هه‌زار ئوتومبیل زیانیان به‌رکه‌وتووه ئه‌گه‌ر تێکراى زیانى هه‌ر ئوتومبیلێک به 1000 دۆلار ئه‌ژماربکرێت ئه‌وا له‌ماوه‌ى چوار ساڵدا 6 ملیۆن دۆلار زیانى بۆ ئوتومبیلهکانى هه‌بووه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى که نرخى فرۆشتنى ئوتومبیهلهکانیش که‌م ده‌کات. له‌ماوه‌ى ئه‌و چوار ساڵه‌دا، 779 که‌س به روداوه‌کانى هاتوچۆ گیانیان له‌ده‌ستداوه، واته له‌ماوه‌ى ئه‌و چوار ساڵه‌دا 779 که‌س خاوه‌ن کاربون مردون ئه‌مه‌ش جگه له زیانه رۆحییه‌که زیانێکى گه‌وره بووه له هێزى کار که‌وتووه. تێچووى پرسه، بابه‌تێکى دیکه‌ى تێچووى ئابوریانه‌ى رووداوه‌کانى هاتوچۆیه‌و لێره‌دا له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌وه‌ى هه‌ر پرسه‌یه‌ک به تێکرا 1000 دۆلارى تێبچێت ئه‌وا 779 هه‌زار دۆلار تێچووى پرسه‌ى ئه‌و که‌سانه بووه. به‌شێک له‌و که‌سانه‌ى بهرووداوهکانى هاتوچۆ مردون به‌رپرسى دابینکردنى بژێوى خێزانیش بوون بۆیه ئه‌مه‌ش جۆرێکى دیکه‌ى زیانى ئابوریانه‌یه. به‌پێى ئامارى ئه‌و چوار ساڵه‌ى که وه‌رگیراون 11122 که‌س برینداربوون، که پێده‌چێت به‌شێکیش له‌و ژماره‌یه توشى ئیفلیجىو که‌وتنه سه‌ر جێگابون، تێچووى نه‌خۆشخانه‌و له‌ده‌ستدانى ئه‌ندامى جه‌سته‌و مانه‌وه له نه‌خۆشخانه‌و سه‌ردانى ناوبه‌ناو بۆ لاى پزیشک کۆمه‌ڵێک تێچوون که ده‌که‌ونه سه‌ر بریندارى روداوه‌کانى هاتوچۆ، ئه‌گه‌ر تێچووى هه‌ر که‌سێک به 500 دۆلار دابنرێت زیاتر له 5.6 ملیۆن دۆلاره له‌ماوه‌ى ئه‌و چوار ساڵه‌ى وه‌کو بنه‌ما وه‌رگیراوه بۆ ئه‌ژمارکردنى تێچووى ئابوریانه‌ى رووداوه‌کانى هاتوچۆ. به‌شێوه‌یه‌کى گشتى‌و له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و داتایانه‌ى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى هاتوچۆى سلێمانى، له‌ماوه‌ى چوار ساڵدا ده‌کرێت تێچووى ئابوریانه‌ى رووداوه‌کانى هاتوچۆ له پارێزگاى سلێمانى 12.379.000 دۆلاربووه. هه‌ندێک تێچووى دیکه هه‌یه لێره‌دا هه‌ژمارنه‌کراون، وه‌کو که‌مبونه‌وه‌ى نرخى ئوتومبیله‌کان، تێچووى ئیدارى‌و وه‌زیفى له به‌رێوه‌بردنى کارى ئه‌و روداوانه که جگه‌له به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌کانى هاتوچۆ به‌ڵکو دادگا‌و پۆلیس دوو دیارترین ده‌زگان که تێچووى ئابوریان هه‌بووه بۆ ئه‌و روداوانه. ره‌نگه‌ى ئه‌مه به‌ته‌نها وه‌کو زیانێکى ماددى ته‌ماشا نه‌کرێت، به‌ڵکو ده‌بێت به‌و جۆره پێناسه بکرێت که ئه‌مه‌ى له کوردستاندا له رووداوه‌کانى هاتوچۆدا ده‌بینرێت وه‌کو تاوانێکى ئابوریش ته‌ماشا بکرێت. له‌ده‌ستدانى ده‌رامه‌تى مرۆیی دیارترین خهسڵهتو مه‌ترسیدارترین بابه‌ته له رووداوه‌کانى هاتوچۆداو هاوشێوه‌ى ره‌گه‌زه‌کانى دیکه‌ى به‌شدار نییه له رووداوهکهداو جێگه‌ى پڕناکرێته‌وه له‌کاتێکدا ره‌گه‌زه‌کانى دیکه، ئوتومبیل، رێگاوبان، پرد‌و...هتد سه‌رله‌نوێ دروست ده‌کرێنه‌وه‌و چاک ده‌کرێنه‌وه. به‌پێى ئاماره‌کانى په‌یوه‌ست به رووداوه‌کانى هاتوچۆ، ره‌گه‌زى مرۆیی هۆکارى سه‌ره‌کى روواوهکانى هاتوچۆیه‌و له کۆى هه‌ر رووداوێکدا نزیکه‌ى 80%ى هۆکاره‌که‌ى به‌ر مرۆڤ ده‌که‌وێت. له به‌شێکى زۆرى ئاماره‌کان، به‌تایبه‌ت ئاماره‌کانى رێکخراوى ته‌ندروستى جیهانىو بانکى نێوده‌وڵه‌تى، وڵاتانى جیهانى سێیه‌م یاخود وڵاتانى تازه‌گه‌شه‌کردوو، ئه‌و زۆنه‌ن که زۆرترین رووداوه‌کانى هاتوچۆیان تێدا تۆمار ده‌کرێت، له هه‌مانکاتیشدا، وڵاتانى جیهانى سێیه‌م به‌شێوه‌یه‌کى سه‌ره‌کى خاوه‌نى کۆمپانیاى دڵنیایی ئوتومبیل‌و ته‌نانه‌ت دڵنیایی ته‌ندروستیش نین، که له‌کاتى رووداوێکى هاتوچۆدا چ چاره‌سه‌رى پزیشکى بکه‌وێته ئه‌ستۆى لایه‌نێک، یاخود بژاردنو چاککردنه‌وه‌ى ئوتومبیله‌که‌ى له ئه‌ستۆى کۆمپانیایه‌ک بێت، بۆیه به بونى ئه‌و کۆمپانیایانه پێده‌چوو که تێچووى ئابوورى یاخود زیانه مادییه‌کانى ئه‌و روداوانه کهمتربوایه، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه نه‌بونى ئه‌و کۆمپانیایانه واینه‌کردووه رووداوه‌کانى هاتوچۆ که‌م بن به‌ڵکو ساڵ به ساڵ قوربانیه‌کان زیاد ده‌که‌ن. له ساڵى 2014دا له پارێزگاى سلێمانى 1389 رووداوى هاتوچۆ تۆمارکراوه‌و 140 که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه، به‌ڵام له ساڵى 2017 هه‌رچه‌نده رووداوه‌کان بۆ 1220 رووداو که‌میکردووه به‌ڵام ژماره‌ى ئه‌و که‌سانه‌ى به رووداوه‌کان گیانیان له‌ده‌ستداوه بۆ 218 که‌س زیادیکردووه، واته مردن به‌رێژه‌ى 65% به‌رزبۆته‌وه. تێبینى: داتاکانى ئه‌م وتاره له به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتى هاتوچۆى پارێزگاى سلێمانى وه‌رگیراوه.
هاوڵاتی به‌شێک له حزبه کوردییه‌کانى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان ده‌یانه‌وێت به‌کارکردن له‌گه‌ڵ حزبه ئۆپۆزسیۆنه‌کانى دیکه‌ى ئێران، سود له گه‌مارۆکانى سه‌ر ئێران و گۆشه‌گیرى ئه‌و وڵاته له‌سه‌ر ئاستى جیهان وه‌ربگرن، تا ڕۆڵیان هه‌بێت له‌داهاتووى ئه‌و وڵاته له‌ئه‌گه‌رى هه‌ر گۆڕانکارییه‌کدا، به‌شێکى دیکه‌ى حزبه‌کانیش پێیانوایه ناکرێت دۆخى گه‌مارۆ بۆ ئامانجى سیاسی بقۆزرێته‌وه. کۆمارى ئیسلامى روبه‌ڕووى گه‌مارۆیه‌کى سه‌ختى ئابورى بووه‌ته‌وه له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه، پێنجى ئه‌م مانگه قۆناغى دووه‌مى سزاکانى ئه‌و وڵاته که زیاتر که‌رتى وزه‌ى گرتوه‌ته‌وه به‌سه‌ر ئێران‌دا سه‌پێنرا، ئه‌وه‌ش ڕه‌وشى ئابورى ئه‌و وڵاته‌ى روبه‌ڕووى قه‌یران کردووه‌ته‌وه. هاوکات له‌گه‌ڵ توندبونهوهى گه‌مارۆکاندا، له‌چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا چوار حزبى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان که پێکهاتوون له (حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران، حزبى دیموکراتى کوردستان، کۆمه‌ڵه‌ى شۆڕشگێرى کوردستانى ئێران، کۆمه‌ڵه‌ى زه‌حمه‌تکێشانى کوردستان) یاداشتێکى لێک تێگه‌یشتنیان له‌گه‌ڵ شه‌ش حزبى ئۆپۆزسیۆنى ئێران واژۆکرد، به‌ئامانجى کارکردنى هاوبه‌ش و فشار خستنه سه‌ر ئێران. ئه‌و شه‌ش حزبه که نوێنه‌رایه‌تى به‌شێک له نه‌ته‌وه‌کانى دیکه‌ى ئێران ده‌که‌ن پێکهاتوون له (یه‌کێتى دیموکراتیکى ئازه‌ربایجان – بیرلیک، بزووتنه‌وه‌ى کۆماریخوازه دێموکرات و لاییکهکانى ئێران، حزبى تهزامۆن دێموکراتیکى ئه‌هواز، حزبى خه‌ڵکى به‌لوچستان، ڕێکخراوى یه‌کیه‌تى فیداییانى خه‌ڵکى ئێران، شوراى کاتیى سوسیالیسته چه‌په‌کانى ئێران). ئه‌مه یه‌که‌مجاره ژماره‌یه‌ک حزبى نه‌ته‌وه جیاجیاکانى ئێران یاداشێتکى لێکتێگه‌یشتنى هاوبه‌ش واژۆبکه‌ن و ئامانجه‌کانیان یه‌کبخه‌ن. محه‌مه‌د ساڵح به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌کانى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران (حدکا) به هاوڵاتی ڕاگه‌یاند «ئێران له‌ناوخۆ توشی قه‌یرانى جۆراوجۆر بووه‌ته‌وه، جگه له‌وه‌ش روبه‌ڕووى گه‌مارۆى نێوده‌وڵه‌تى بووه‌ته‌وه، که ده‌کرێت ئۆپۆزسیۆن سود له‌و ده‌رفه‌ته وه‌ربگرێت، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و بۆشاییه پڕبکاته‌وه«. وتیشى «ئامانج له کارکردن له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ى دیکه که نوێنه‌رایه‌تى نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کانى ئێران ده‌که‌ن، ئه‌وه‌یه وه‌کو ئۆپۆزسیۆن کاربکه‌ین له‌دوو ڕه‌هه‌ندى جیاوه، رێبه‌رایه‌تى ناڕه‌زایی خه‌ڵک بکه‌ین و لایه‌نى ده‌ره‌کیش وه‌کو به‌ره‌یه‌کى ئۆپۆزسیۆن مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا بکات و ئۆپۆزسیۆنى ئێران له‌و په‌رته‌وازه‌ییه ڕزگارى بێت». حزبه ئۆپۆزسیۆنه‌کانى ئێران تائێستا سه‌رجه‌میان له‌به‌ره‌یه‌کى هاوبه‌شدا کۆنه‌بوونه‌ته‌وه به په‌رته‌وازه‌یی هه‌وڵیانداوه روبه‌ڕووى ئێران بنه‌وه، ئه‌وه‌ش به هۆکارێکى لاوازى چالاکى و کاره‌کانى ئه‌و حزبانه داده‌نرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌و حزبانه له‌سه‌ر جۆر‌و شێوازى کارکردنیان جیاوازن، به‌شێکیان بڕوایان به به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى چه‌کدارى و به‌شێکى دیکه‌شیان بڕوایان به کارى سیاسی هه‌یه. محه‌مه‌د ساڵح که حزبه‌که‌ى خاوه‌نى هێزى چه‌کدارییه و چه‌ندینجار رووبه‌ڕووى پێکدادان بوونه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ هێزه‌کانى ئێران وتى «ئێمه خه‌باتى خۆمان ته‌نها به‌وه گرێنهداوه که خه‌باتى چه‌کدارى هه‌بێت یاخود نا، له‌کاتى پێویستدا هاوکاریمان له‌گه‌ڵ هێزه‌کانى دیکه‌ى ڕۆژهه‌ڵات کردووه بۆ به‌هێزکردنى ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌رى». ئه‌و 10 حزبه‌ى که یاداشته‌که‌یان واژۆکردووه پابه‌ندبوونى خۆیان نیشانداوه به «پێویستى یهکیهتییهکى به‌ربڵاو بۆ سه‌قامگیرکردنى سیستمێکى دێموکراتیکى کۆمارى و فێدراڵ له ئێران و بایه‌خدان به تۆلێرانس، پلۆرالیزم، جیایى دین له ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌ماى جاڕنامه‌ى مافه‌کانى مرۆڤ و پێکه‌وه‌ژیانى هه‌موو ڕه‌وت و بیره سیاسییه دێموکراتیکه‌کان». هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه‌کردووه، وڵاتى ئێران له‌ئاکامى پێکه‌وه‌ژیانى نه‌ته‌وه‌کانى فارس، تورک، کورد، عه‌ره‌ب، به‌لووچ، تورکمان و باقى پێکهاته زمانییه‌کان و که‌مینه مه‌زهه‌بى و فه‌رهه‌نگییه‌کان پێکهاتووه، بۆ یهکیهتییهکى هه‌میشه‌یى و پێکه‌وه مانه‌وه‌ى خه‌ڵکانى ئێران پێویسته شوناس و مافه نه‌ته‌وه‌یى – دیموکراتیکه‌کانى خه‌ڵک قبوڵ بکرێت و مافى دیاریکردنى چاره‌نووسیان به فه‌رمى بناسرێت. له‌پاڵ کارى هاوبه‌ش له‌نێوان ئه‌و 10 حزبه‌ى نه‌ته‌وه جیاجیاکانى ئێران، پێنج حزبەکەى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان له‌کۆى حه‌وت حزب، دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بهرهیەکى کارى هاوبه‌شیان پێکهێنا، به‌مه‌به‌ستى هه‌ماهه‌نگى کردن و پێکهێنانى مه‌رجه‌عێک بۆ کارى سیاسی، به‌ڵام بۆچونى جیاوازیان هه‌یه له‌باره‌ى چالاکى چه‌کدارییه‌وه له‌م کاته‌دا له دژى ئێران. ئه‌و پینج حزبه بریتین له (کۆمه‌ڵه‌ى شۆڕشگێڕى زه‌حمه‌تکێشانى کوردستان، حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران، حزبى دیموکراتى کوردستان، سازمانى خەباتى کوردستان، کۆمه‌ڵه‌ى زحمه‌تکێشانى کوردستان).) ئه‌و حزبانه بڕوایان به «روخانى کۆمارى ئیسلامى و پێکهێنانى ئێرانێکى دیموکراتی، فیدراڵ و سیکۆلاره که تێدا مافه نهتهوایهتییەکان له‌وانه مافه‌کانى گەلى کورد تێیدا ره‌چاو بکرێت». هێشتا هیچ کام له‌و دوو به‌ره‌یه سه‌رجه‌م حزبه‌کان به‌تایبه‌تى حزبه‌کانى ڕۆژهه‌ڵاتى کۆنه‌کردووه‌ته‌وه، یه‌کێک له‌و حزبانه‌ش که نه‌چووه‌ته ناو هیچ کام له‌و به‌رانه‌وه، رێکخراوى کوردستانى حزبى کۆمۆنیستى ئێرانه، که بۆچونى جیاوازه له‌گه‌ڵ حزبه کوردییه‌کانى دیکه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان و جه‌خت له گۆڕانکارى له‌ڕێگه‌ى ناڕه‌زایی و کارى سیاسیی ده‌کاته‌وه نه‌ک به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى چه‌کدارى. ئه‌و حزبه هه‌روه‌ها پێیوایه، ناکرێت دۆخى ئێستاى ئێران بقۆزرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى کار بکرێت له‌سه‌ر ئامانجێکى سیاسی دیاریکراو. حه‌سه‌ن ڕه‌حمان په‌نا ئه‌ندامى کۆمیته‌ى ناوه‌ندى رێکخراوى کوردستانى حزبى کۆمۆنیستى ئێران به هاوڵاتی وت «هه‌ر حزبه و سیاسه‌تى خۆى هه‌یه و بیرکردنه‌وه‌مان جیاوازه، پێمانوانییه حزبه‌کان بتوانن سود له‌و گه‌مارۆیانه وه‌ربگرن، چونکه خه‌ڵکى ئێران به‌گشتى زیانمهندێکى سه‌ره‌کى گه‌مارۆکانن». وتیشى «خه‌ڵک زۆرتر نیگه‌رانه و ناڕه‌زایی زیاتر بووه، به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى ئێمه له‌سه‌ر ئه‌وه دامه‌زراوه که ئه‌و رژێمه سهرکوتکهرهو ده‌بێت بگۆڕدرێت». حه‌سه‌ن ڕه‌حمان په‌نا باسى له‌وه‌شکرد، که حزبه‌که‌ى ئه‌وان له به‌ره‌ى حزبه‌کانى ڕۆژهه‌ڵاتدا نییه و ڕه‌خنه‌یان لێده‌گرن، «به‌شێکیان پێیانوایه له رێگه‌ى ئه‌مریکاوه ده‌توانن کارێک بکه‌ین، به‌شێکى دیکه پێیانوایه به خه‌باتى چه‌کدارى ده‌توانن ئامانجه‌کانیان به‌دى بهێنن، به‌ڵام ئێمه پێمانوایه ئێستا که پرسی دیکه له ئارادایه کاتى ئه‌وه نییه، پێمان باشه په‌یوه‌ست بین به‌و ناڕه‌زاییه سهرتاسهرییهى که هه‌یه له‌ناو چینى کرێکاران و خوێندکاران و ژنان و توێژه‌کانى دیکه‌دا». تا ئێستا دیار نییه گه‌مارۆکانى ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران تاچه‌ند درێژه‌ده‌کێشێت و کاریگه‌رى له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و وڵاته و ئه‌نجامدانى گۆڕانکارى ده‌بێت له ده‌سه‌ڵاتدا، یان کاریگه‌رییه‌که هه‌ر له‌ئاستى ئابوری‌دا ده‌مێنێته‌وه. ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌مریکا که جه‌خت له توندکردنه‌وه‌ى زیاترى گه‌مارۆکان ده‌که‌نه‌وه تا ئێستا ئاماژه‌یان به‌وه‌نه‌کردووه که ئامانج له‌و گه‌مارۆیانه گۆڕینى ده‌سه‌ڵاتى ئێرانه، به‌ڵکو باسیان له‌وه‌کردووه که ئه‌وان نایانه‌وێت رژێمى ئه‌و وڵاته بگۆڕن، به‌ڵکو ده‌یانه‌وێت ناچاریان بکه‌ن له‌سه‌ر مێزى دانوستان دابنیشن.
هاوڵاتی بێوار خنسی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بواری نەوت و وزە ڕیککەوتنەکەی هەرێم و بەغدا بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە بەھۆکارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دادەنێت و بەپێویستی دەزانێت هەرێم کاربکات بۆ دروستکردنی پیشەسازی نەوت و گاز کە بەوتەی ئەو داهاتەکەی زۆر زیاترە لە هەناردەی نەوت. کۆتایی هەفتەی ڕابردوو بەپێی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا، هەناردەی نەوتی کەرکوک بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکردەوە بەڕێژەی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، ئەوەش پاش ساڵێک لەوەستانی هەناردەی نەوت بەهۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە. بێوار خنسی لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ هاوڵاتی باس لەوەدەکات، ئەو ڕێککەوتنەی نێوان هەولێرو بەغدا بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک لەپێنج کێڵگە، کەکۆی بەرهەمیان ٤٤٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیەو کۆمپانیای بی پی بەریتانی کار لەو کێڵگانە دەکات، ئەگەر ئاسایش بەرقەرار بێت لەماوەی ساڵێکدا دەگاتە یەک ملیۆن بەرمیل، ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی هەناردەی نەوت و داهات. وتیشی «ئەم رێککەوتنە لەڕووی ئابورییەوە شتێکی زۆر باشەو دەبێتە هۆیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و دەبێتە پاڵپشتییەکی باش بۆ ئابوری عێراق و هەرێم، چونکە ئەگەر ١٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەش بنێردرێت، داهاتی ساڵانەی بەپێی نرخی ئێستا ساڵانە زیاتر لە ملیار دۆلار دەکات، کە بەشێکی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت». لە پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکوکدا هەرێمی کوردستان کرێی هەناردەکردنی نەوتەکە بەبۆری نەوتی هەرێم وەردەگرێت، کە مانگانە زیاترە لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار. لەبارەی فشارەکانی ئەمریکاوە بۆ گەیشتن بەو ڕێککەوتنە بەئامانجی هەناردەنەکردنی نەوتی کەرکوک بۆ ئێران کە لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بەشێکە بە تانکەر بۆ ئەو وڵاتە دەنێردرا، لەگەڵ هەوڵدان بۆ بەرزنەبونەوەی نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهان لە رێگەی نەوتی کەرکوکەوە، بێوار خنسی وتی «ئەمریکا پێی خۆش بوو نەوتی کەرکوک لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی بکرێت، ئەمریکا بەهەموو ڕێگەیەک هەوڵدەدات لەهەموو روویەکەوە رێگای بازرگانی و ئابوری لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت، بەتایبەتی لەڕووی دراوی قورس و نەوت و گاز». لەگەڵ ئەوەشدا بێوار خنسی پێیوایە، دەبێت هەرێم هەوڵبدات نەبێتە تەرەف لەو پرسەداو کێشە بۆ ئێران دروستبێت، چونکە زیاتر لە ١٠٠٠ کیلۆمەتر سنوری هاوبەشی هەیە لەگەڵیدا، بەتایبەت کە بڕیاری هەناردەی نەوتیش زیاتر بڕیارێکی عێراق بوو وەک لەوەی بڕیاری هەرێمی کوردستان بێت. لەدوای سەپاندنی قۆناغی دووەمی سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێران‌دا، بە ئامانجی سفرکردنی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە، ترس لە کەمی خستنەڕووی نەوت لەبازاڕەکاندا دروستبووە، کە ببێتە ھۆی بەرزبونەوەی زیاتری نرخی نەوت، ئەمریکاش دەیەوێت نەوتی کەرکوک بەشێک لەو بۆشاییە پڕبکاتەوە. بێوار خنسی پێیوایە، ھیچ وڵاتێک نییە بەسعودیەو ڕوسیا‌و ئەمریکاشەوە کە بتوانێت بۆشایی خستنەڕووی نەوت لەجیهاندا پڕبکاتەوە، کە بەهۆی هەناردەنەکردنی نەوت لەلایەن ئێرانەوە دروستدەبێت، چونکە دوو ملیۆن و سێ ملیۆن بەرمیل نەوت زۆرە. وتیشی «شەپۆلی بەرزبونەوەی نرخی نەوت زیاتر پەیوەستە بەسیاسەتی نێودەوڵەتی و قەبارەی خستنەڕووی نەوت لەجیهانداو سەقامگیریی سیاسی لەوڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی نەوت». ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا لەکاتێکدایە، هەرێمی کوردستان هەناردەی نەوتی بەرزبووەتەوە، کە بەهۆی شەڕی داعش و لەدەستدانی نەوتی کەرکوکەوە ڕووی لە دابەزین کردبوو. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هەرێمی کوردستان لەئێستادا ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە هەناردە دەکات و لەهەوڵیشدایە توانای هەناردەکردنی بۆری نەوتەکەی بەرزبکاتەوە بۆ نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل لەداهاتوودا. بەوتەی بێوار خنسی، هەرکاتێک ئاسایش و سەقامگیری لەهەرێمی کوردستان زیاتر بێت و مەترسی داعش نەمێنێت، بەتایبەت کە ئێستا باس لەجموجۆڵی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە دەکرێت لەشنگالەوە تا خانەقین، ئەگەر ئەمە نەهێڵرێت و هاریکارییەکی باش لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا هەبێت لەسەر دۆسیەی نەوت و پەرلەمان و حکومەت هەوڵبدەن یاسای نەوت و گاز دەربکەن، ئەوا کۆمپانیای زیاتر ڕوودەکاتە هەرێم و دۆخەکە بەرەو باشتر دەچێت. وتیشی «داهاتی هەناردەکردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەنرخی ٦٠ دۆلار بێت دەکاتە ٧٢٠ ملیۆن دۆلار، کە هەندێکی بۆ موچە و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان دەڕوات، ئەگەر ڕەوشەکە بەم شێوەیە بڕوات و پەیوەندییەکی باش لەگەڵ بەغدا دروستبێت، داهات زیاتر دەبێت و کەرتی ئابوری و وەبەرھێنان گەشەدەکات». جگە لە هەناردەی نەوت، هەرێمی کوردستان ماوەی ١٠ ساڵە سەرقاڵی گەشەپێدانی بەرهەمهێنانی گازی سروشتییە پلانی داناوە کە لەساڵی ٢٠١٩ هەناردەی بکات بۆ بازاڕەکانی جیهان. کۆمپانیای داناغاز کاری بەرهەمهێنانی گازی سروشتی دەکات لەهەرێمی کوردستان و سەرەتا بە بەرهەمهێنانی (٨٠) ملیۆن (پێ سێجا) دەستیپێکرد، دواتر گەیاندییە (٣٠٠) و لەم هەفتانەی دواییشـدا گەیشـتووەتـە (٤٠٠) ملیۆن (پێ سێجا)، پلانیشی هەیە لـەمـاوەی چەند ساڵی داهاتووشدا، بۆ زیاتر لە دوو ئەوەندە بەرهەمهێنان زیادبکات. بێوار خنسی جەختدەکاتەوە، پڕۆژەی هەناردەکردنی گازی سروشتی پەیوەستە بە هەماهەنگی نێوان هەرێم و بەغدا و رەوشی ئەمنییەوە. ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر لەجیاتی هەناردەکردنی نەوت و گاز، ئەو وزەیە لەڕێگەی پیشەسازی پترۆکیمیاییەوە بەکاربهێنرێت قازانجی زۆر زیاترە دەبێت حکومەتی هەرێم کاربکات بۆ دروستکردنی پیشەسازی نەوت و گاز، «چونکە ئێستا ئەگەر ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بفرۆشین و ئەگەر بکرێتە پیشەسازی، داهاتەکەی دەبێتە دوو بۆ سێ هێندە و وەک ئەوە وایە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار بەرمیل بفرۆشیت». وتیشی «حکومەتی هەرێم پلانێکی هەبوو کە سێ پاڵاوگەی گەورە بهێنێتە هەرێمی کوردستان و لەگەرمیان و هەولێرو دهۆک دابنرێن، کەئەگەر ئەوە بکرێت دەتوانرێت بۆ نمونە وابکرێت کە بۆ دابینکردنی بەنزین پشت بەناوخۆ ببەسترێت».