هاوڵاتی ئەڵمانیا ڕیزبەندی پلە یەك لەسەر ئاستی جیهان دەبەخشێتە دەستپێشخەرییە مرۆییەکانی ئاسیاسێڵ؛ گەورە کۆمپانیای پەیوەندییەکان لە عێراق بۆ پشتگیریکردنی لە "بەیەکترشادکردنەوەی ئاوارەکان"  کاریەر کۆمیونیتی Carrier Community، کە پلاتفۆرمێکی جیهانی تایبەتە بە کەناڵەکانی میدیا و براندەکانی بازرگانی و تۆڕەکانی دابینکاری خزمەتگوزاری پەیوەندییەکان و هاوبەشەکانی بواری سیستمی ژینگەیی (ئیکۆ سیستەم)، بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە هەڵسا بە میوانداریکردنی شەشەمین ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی CC-GLOBAL ی ساڵانە، بە ئامادەبوونی زیاتر لە 320 میوان لە میانی بۆنەیەکی تایبەتدا لە ئاڵتی مۆنزی (Alte Münze) بە شێوەیەکی ڤێرچواڵ لە ڕێی CC-Webinar ـەوە، ڕاستەوخۆ لەگەڵ 43 کۆمپانیای براوەدا لەسەرتاسەری جیهانەوە کە ئاهەنگیان بۆ دەستکەوتەکانیان دەگێڕا. یانەی کاریەر کۆمیونیتی "Carrie Community" کە ناودارترین یانەی جیهانی تایبەتە بە کۆمپانیاکانی مۆبایل و بارەگاکەی لە بەرلینە، هەڵسا بە رێزلێنانی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ لە عێراق لە نێوان کۆمپانیا و دامەزراوە گەورە ڕکابەرەکانیدا، لە میانی دابەشکردنی خەڵاتدا بەسەر باشترین کۆمپانیاکانی پەیوەندی مۆبایل لە جیهاندا و وەکو یەکەمین کۆمپانیا دەستنیشانیکرد لەسەر ئاستی جیهان لە پای ئەو ڕۆڵە پێشەنگەی گێراویەتی لە دەستپێشخەرییە مرۆڤدۆستانەکانیدا لە ڕێی خەڵاتێكی گەورەوە: "بە یەکتر شادکردنەوەی ئاوارەکان" (Connecting the Unconnected) لە ئەنجامی پڕۆژە مرۆڤدۆستانەکەی لە کەمپەکانی ئاوارەکان کە ناونیشانی "سەنتەرەکانی هیوا"ی لەخۆگرتبوو، ئەمەش وەکو دانپێدانانێك بە هەوڵە نایابەکانی لە بواری بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان "CSR" و هەوڵە مرۆڤدۆستانەکانی تری لە کاتی قەیرانەکاندا.  ئاسیاسێڵ ئەم خەڵاتەی لە ئەنجامی کارەکانی لە کەمپەکانی ئاوارەکان پێ بەخشراوە، لە درێژەی بەرنامە بەردەوامەکانی لە بواری "CSR"دا لە عێراق. دەستەی داوەرانی خەڵاتەکانی "Carrier Community" کە کۆمەڵێک داوەری دەستەبژێر "نوخبە"ن، بەوە ناسراون کە ڕژدترین و ووردترین دەستەی داوەرین لە کۆمەڵگەی تێلیکۆمدا لە جیهان و خەڵات و ڕیزبەندییەکانیان دوای پرۆسەیەکی گەڕان و لێكۆڵینەوە چڕوپڕ دەبەخشنە براوەکان، بەمەش ئەم دانپێدانانەیان بە ئاسیاسێڵ بەهایەکی بەرز و گرنگییەکی زیاتر بەدەستدەهێنێت لە ئەنجامی پڕۆژە مرۆڤدۆستانەکانی وەکو کۆمپانیایەکی پەیوەندی پێشەنگ. کاریەر کۆمیونیتی "Carrier Community" پلاتفۆرمێکی جیهانیی تایبەتە بە کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری پەیوەندی، پەیامەکەی ڕێزلێنانی دەستکەوتە داهێنەرانەکانی کۆمپانیاکانی تێلیکۆمە و تیشکخستنەسەریانە لەسەر ئاستی هەرێمایەتیی و جیهانیی لە ڕێگەی خەڵاتکردنیانەوە بە خەڵاتگەلێك کە بەشێوەیەکی سەربەخۆ هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت، و لەلایەن پانڵێكەوە بڕیاریان لێدەدرێت کە لە شیکارزانان و شارەزایانی بواری تێلیکۆم پێکهاتوون. ئەم پلاتفۆرمە ئەڵمانییە سەنگینە نمونەی شەفافیەت و بابەتییبوونە، و ئامانجی هێنانە کایەی کۆمەڵگەیەکە کە بەشێوەیەکی باش پێكەوە بەسترابنەوە، چ لە رووی تێلیکۆم "پەیوەندییەکان"ـەوە بێت یان بەشێوەیەکی گشتی. هەر بۆیە زۆر سەرسام بوون بە دەستپێشخەرییە مرۆڤدۆستانەکانی ئاسیاسێڵ و هەوڵە گەورەکانی لە فەراهەمکردنی ئامرازەکان لە ڕێی سەنتەرەکانی هیوا "Centers of Hope" ـەوە بۆ پێکەوە بەستنەوەی ئاوارەکان لەگەڵ جیهان، چ لە ڕێی شادکردنەوەیان بێت لەگەڵ ئازیزانیان، یان لە ڕێی دەستگەیشتنیان بێت بە خوێندن یان دەستگەیشتنیان بە یارمەتی پزیشکی. دەستپێشخەرییەکەی ئاسیاسێڵ: (ناوەندەکانی هیوا) لە کەمپەکانی ئاوارەکان شێوازێکی تایبەت بوو بە ئاسیاسێڵ بۆ باشترکردنی ژیانی ئەو ئاوارانە کە ناچارکراون ماڵوحاڵی خۆیان جێبهێڵن و ڕووبکەنە نادیار؛ ناچارکراون لە هەلومەرجێکی ناهەمواردا بژین لە پێناو دەربازبوون لە توندوتیژی و مامەڵەی نامرۆڤانە. ناوەندەکانی هیوا کراون بە دوو بەشەوە: یەکەمیان تەرخانکراوە بۆ دابینکردنی یارمەتی پزیشکی ئۆنلاین و ئیحالەکردنی کەیسە مەترسیدارەکان بۆ شاری پزیشکی فاروق بۆ وەرگرتنی چارەسەری بێبەرامبەر، دووەمیشیان ئینتەرنێت کافێیەکە کە یارمەتی پەنابەران دەدات لەگەڵ خێزانەکانیان لە پەیوەندیدا بن، درێژە بە خوێندن بدەن، زیاتر ئاگاداری بارودۆخی عێراق بن یان تەنانەت بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش، بەتایبەتی بۆ مناڵەکانیان. بەڕێز عومەر فالح، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و میدیا لە ئاسیاسێڵ لە مبارەیەوە وتی: "کاتێك ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ یارمەتیدانی خوشك و براکانمان لە کەمپەکانی ئاوارەکان، هەستدەکەین هێشتا هیچی وامان نەکردووە و دوایەمین شت بیر لێ بکەینەوە بەدەستهێنانی خەڵاتە. ئێمە وەکو کۆمپانیایەکی خزمەتگوزار، ئەوەی کردوومانە لە باوەڕبوونمان بە بەها و پرەنسیپە سەرەکییەکانی ئاسیاسێڵ کردوومانە. بەڕاستی ئازارمان دەدات کە دەبینین چەندین خێزان ناچارکراون ماڵوحاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، و تا ئێستاش ناتوانن بگەڕێنەوە. ئاسیاسێڵ دەیەوێت ئەم هەلە بقۆزێتەوە بۆ دەربڕینی سوپاس و پێزانینی بۆ کاریەر کۆمیونیتی "Carrier Community" بۆ لەبەرچاوگرتنی دەستپێشخەرییەکەمان، و هیوادارین کە ببێتە مایەی هاندانی کۆمپانیاکانی تر کە چاو لە ئێمە بکەن و یارمەتی ئەوانە بدەن کە پێویستییان پێیەتی. هەروەها بەڵێن بە گەلی عێراق دەدەین کە ئاسیاسێڵ هەمیشە باشترین و پێشکەوتووترین خزمەتگوزارییان پێشکەشدەکات، چ ئەوەی سوود بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت بەشێوەیەکی گشتی، یان بە کەرتی پەیوەندییەکان".   ئەم دەستپێشخەرییە مرۆڤدۆستانانە یەکەم جار نییە لە مێژووی ئاسیاسێڵدا؛ ئەم کۆمپانیا عێراقییە کە چەندین خەڵاتی جیهانیی بردووەتەوە، وەکو کۆمپانیایەکی خزمەتگوزار ناسراوە کە لەسەر بەها مرۆییەکان بنیاتنراوە وتەنها کۆمپانیایەکی گەورە نیە وبەس. ئاسیاسێڵ لە ڕێی مێژوویەکی دوورودرێژی پڕ لەدەستکەوتەوە سەلماندوویەتی کە کۆمپانیای بەرپرسیار ئەو کۆمپانیایەیە کە ئاكشن وەردەگرێت و گۆڕانکاری دێنێتە ئاراوە لە کۆمەڵگەدا بە شێوەیەکی، نەوەك تەنها لە بواری کارەکەی خۆیدا. دەربارەی ئاسیاسێڵ: ئاسیاسێڵ "کۆماندەکاتەوە"، دابینکەری سەرەکی خزمەتگوزاریى پەیوەندییەکانی مۆبایل و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە لە عێراق وله‌ 1ى كانونى دووەمی 2022 ــەوە ژماره‌ى به‌شدرابووانی گەیشتووەتە  16 مليۆن بەشداربوو. ئاسياسێڵ وەکو یەکەم کۆمپانیاى خزمەتگوزاریى مۆبایل ناسێنراوە لە عێراق، وە یەکەم کۆمپانیاشە کە تۆڕەکەی هەموو بەشەکانی عێراق دابپۆشێت وخزمەتگوزاری 4G+ بە کوالیتییەکی بەرز لە سەرتاسەری سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابینبکات. تۆڕى ئاسياسێڵ زیاتر 99% ـى دانيشتوانى عێراق ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ تۆڕه‌كه‌ى ببێته‌ فراوانترين تۆڕى مۆبايل له‌ بەرامبەر دوو كۆمپانيایەکەی تری مۆبايل له‌ عێراقدا. ئاسیاسێڵ شانازی بەوەوە دەکات کە لە کانونی دووەمی 2015 ــەوە بە باشترین دابینکەری خزمەتگوزاری ئینتەرنێت دادەنرێت کە باشترین تۆڕی پەیوەندی بە بەرزترین کوالیتی لە عێراق دابیندەکات. لە سەرەتای ساڵی 2022 ــەوە ئاسیاسێڵ وەکو خێراترین خزمەتگوزاری 4G+ و گشگیرترین ڕووماڵی تۆڕی ئینتەرنێت لەلایەن Ookla®  ـەوە دەستنیشانکرا. ئاسیاسێڵ بۆ پەیوەندییەکان "PJSC"، بەشی پەیوەندییە گشتییەکان: [email protected] بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکە: www.asiacell.com دەربارەی "Carrier Community": یانە یان پلاتفۆرمی "Carrier Community" یانەیەکی تایبەتی جیهانی تێلیکۆم و پیشەسازیی تۆڕبەندیی و براندینگە کە تایبەتە بە کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری تێلیکۆم. ئەم پلاتفۆرمە سەرچاوە و چەقی بەهێزکردنی دەرفەتەکانی بزنسە لە سەرجەم کەرتەکانی پیشەسازیی تێلیکۆمدا، لەوانە، پەیوەندی دەنگیی، ئینتەرنێت، کورتەنامە، مۆبایل، داتا سەنتەر، خزمەتگوزارییەکانی VAS، ئینتەرنێتی شتەکان "IoT"، MVNO، ISP، کێبڵەکانی ژێر دەریا، تێلیهاوز "Telehouse" وچەندانی تر. "Carrier Community" لەم بوارەدا دانی پێدانراوە وەکو ئامرازێکی پەیوەندی کە لە ڕێیەوە ئەندامەکان پێكدەگەن و بیرۆکە و کۆنتاکت شەیردەکەن وکاری بزنسی ڕاستەقینە ئەنجامدەدەن. "Carrier Community" لە سەرەتای دامەزرانیەوە زیاتر لە 8500 ئەندامی تۆمارکردووە – کە تیایدا نوێنەرایەتی زیاتر لە 2300 دابینکاری خزمەتگوزاری دەکات لە زیاتر لە 130 وڵاتدا. ئەندامەکانمان پۆستی "C" لێڤڵ و کەسایەتی گرنگ و بەڕێوەبەران و بەڕێوەبەرانی جێبەجێکارن کە لە ئێستادا لە کۆمپانیا گەورە و مامناوەند و بچوكدا کاردەکەن. بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکە: https://carriercommunity.com/about-us/

هاوڵاتی سەنتەری كەشناسی بەریتانیا ئاشكرای كرد كە ئەمڕۆ پلەی گەرمی بۆیەكەمجار لەبەریتانیا 40 پلەی سیلیزی تێپەڕاند. لەكاتژمێر12:50 لەنزیك فڕۆكەخانەی هیپرۆ ئەمڕۆ  پلەی گەرمی گەیشتۆتە 40.2 لەمێژووی بەریتانیادا. هاوكات حكومەتی بەریتانیا سەرباری كۆبونەوەی فریاگوزاری ناسراو بە(كۆبرا) بۆ بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما، سەرجەم ناوەندەكانی فریاگوزاری خستۆتە حاڵەتی ئامادەباشیوە بۆ بەهاناوە چوونی هاووڵاتیان.  ئەوەش ئاشكرا كراوە كە چەند كەسێك لەكاتی سەردانی كردنی مەلەوانگە لەگۆم و ڕووبارو دەریاچەكان گیانیان لەدەستداوە.

هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە دیبەیتێك لەنێوان پێنج كاندیدی پارتی پارێزگاران ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا وەربگرن. لەئێستادا تەنها پێنج كاندید ماون كەپێكهاتوون لە(ریشی سوناك، پێنی مۆردانت،  كیمی بادنۆك، تۆم توگینهات، لیز ترەس) لە دیبەیتێكدا كە هەرهەموویان بەشدار دەبن، دواتر تەنها دوو كاندیدیان دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی لە 5ی ئەیلولی داهاتوو لەلایەن ئەندامانی پارتی پارێزگاران متمانە وەربگرن. هەریەك لە ریشی سوناك وەزیری دارایی و پێنی مۆردانت وەزیری بازرگانی چانسی مانەوەیان هەیە بۆ خولی كۆتایی ململانێكان بەپێی ئەو راپرسیانەی لەناوخۆی بەریتانیا ئەنجام دراون. بەهۆی شەری روسیا بەرانبەر ئۆكرانیاو گرانبوونی نرخی سوتەمەنی و خۆراك لە جیهاندا، بۆریس جۆنسن رووبەرووی شكست بوویەوەو زیاتر لە 50 وەزیری كاربەدەستی حكومەتی بەریتانیا دەستیان لەكاركێشایەوە. بریارە بۆریس جۆنسن تا مانگی تشرینی یەكەم(10) ئەمساڵ لەپۆستەكەیدا بمێنێتەوەو دواتر رادەستی ئەو كەسەی بكات كە دەبێتە كاندیدی یەكلاكەرەوەی پارتی پارێزگاران.  

هاوڵاتی نرخی نەوتی خاو بازاڕەكانی جیهاندا، گۆڕانكاری بەسەردا هات و بەرێژەی لەسەدا 2% بەرزدەبێتەوە. یەك بەرمیل نەوتی برێنت لە ئێستادا بە 103 دۆلار و 77 سەنت مامەڵەی پێوەی دەكرێت، لە كاتی داخستنی بازاڕدا بە 101 دۆلار و 16 سەنت بوو. هەروەها یەك بەرمیل نەوتی خاوی ئەمەریكی بە 96 دۆلار و 84 سەنت مامەڵەی پێوە دەكرێت، لە كاتی داخستنی بازاڕدا بە 94 دۆلار و 57 سەنت مامەڵەی پێوە دەكرا. هاوكات، بەرمیلێك نەوتی ئۆپێك پڵەس بە 102 دۆلارو 58 سەنت مامەڵەی پێوە دەكرێت، لەكاتی داخستی بازاردا بە 99 دۆلارو 87 سەنت مامەڵەی پێوە دەكرا.

هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی جۆبادین دەداتەوەو رایگەیاند:"تەواوی جیهان باش دەزانن ئەمریكا تەنها كاری كاولكاری و وێرانكارییە ... ئەمریكا دەیەوێت بە پشتبەستن بە سیاسەتێكی كۆن و شكستخواردو تاران بترسێنێت". ئەمڕۆ یەكشەممە 17ی تەموزی 2022ن ناسڕ كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند:"ئەو لێدوان و تۆمەتانەی جۆو بایدن، سەرۆكی ئەمریكا كە بۆ تاران هەڵبەستوە لە میانەی سەردانەكەی بۆ بەشێك لە وڵاتانی كەندا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دورن لە راستییە و هیچ بنەمایەكیان نییە". هەروەها راشیگەیاند:" ئامانجی لێدوانەكانی بایدن تەنها نانەوەی پشێوی و دروستكردنی دڵڕاوكێیە بۆ وڵاتانی ناوچەكەیە، ئەمریكا وەك یەكەمین وڵات لە بەكارهێنانی چەكی ناوەكی و فرۆشتنی چەك و دەستتێوەردان لە كاروباری وڵاتانی دیكەی پێناسی خۆی ئاشكرا بە وڵاتانی جیهان داوە و باشیش دەزانن كە ئەمریكا تەنها كاری كاولكاری و وێرانكارییە". هاوكات، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەشكردوە، "ئەمریكا دەیەوێت بە پشتبەستن بە سیاسەتێكی كۆن و شكستخواردو تاران بترسێنێت و ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە تێكبدات، پشتگیریكردنیشی لە كیانی یەهودی ناڕەوا و نایاساییە، چونكە خۆی لە خۆیدا ئەو كیانە بونێكی نایاسایی هەیە لە ناوچەكەدا". "بەرهەمهێنان و سود وەرگرتن لە وزەی ناوەكی لەلایەن وڵاتەكەمانوە بە تواوەتی رەهایە و لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكانە و هیچ پێشێلكارییەكی تێدا بەدی ناكرێت، چاوەڕوانیش دەكرێت بەشیچوەیەكی گشتگیر وڵاتانی ناوچەكە بەدەم داواكانی وڵاتەكەمان بۆ گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیروڕاكان بەرەو پێشچون بەخۆیانەوە ببین و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیش بەرەو پێش ببرێن"، ناسر كەنعانی وای وت.  

هاوڵاتی یاریزانێكی كوردی باكووری كوردستان بە ناوی ئەمرە دەمر، بە بڕی دوو ملیۆن یۆرۆ و بۆ ماوەی پێنج ساڵ چووە یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، " دەمەوێت لەگەڵ یانەكە چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنم"، ئەمرە دەمر وا دەڵێت. ئەمرە دەمر، لە بنەڕەتدا خەڵكی گوندێكی نزیك شاری ئێلح-ن لە باكووری كوردستان و پێشتر خانەوادەكەی بەهۆی فشارەكانی توركیا كۆچیانكردووە، بۆ شاری مێرسین و لەوێ نیشتەجێوون. ئەمرە تەمەنی 18 ساڵە و بە گرێبەستێكی دوو ملیۆن یۆرۆ و بۆ ماوەی پێنج ساڵ چووە ڕیزەكانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی. هەروەها ئەو یاریزانە بە مەبەستی پشكنینە پزیشكییەكان گەشتە بارەگای یانە ئیسپانییەكە و بڕیارە لە تیپی دووەمی یانەكە یاری بكات. لە لێدوانێكیشدا لە بارەی چوونی بۆ یانەی بارسێلۆنا ئەمرە دەمر ئاماژەی بەوە كردووە، "خەونی منداڵیم بوو درێسی ئەو یانەیە بپۆشم و دەمەوێت لەگەڵیان چامپیۆنزلیگ بە دەستبهێنم".

هاوڵاتی كۆمپانیایەك بواری یاسای نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەدات ئەو كۆمپانیایانەی لە بواری نەوتی هەرێمی كوردستان كار دەكەن، ئەگەر بەغدا پێداگربێت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی نێوان كۆمپانیاكان و حكومەتی هەرێم، دەتوانن لە دادگای نێودەوڵەتی سكاڵا تۆمار بكەن.  ئەمرۆ 16ی تەمموزی 2022و كۆمپانیای گیبسۆن دان لە راگەیەنراوێكدا باسی لەوەكردووە، بە لەبەرچاوگرتنی دەستووری عێراق و یاسای نەوت و غازی هەرێم، دۆسیەی كاركردنی كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان پشت ئەستوورە بە بنەمای یاسایی، بۆیە ئەو كۆمپانیایانە دەتوانن سكاڵا لەسەر حكومەتی عێراق تۆمار بكەن، بەڵام ئەگەر كۆمپانیاكانیش سكاڵا تۆمار بكەن بەغدا رووبەڕووی كێشەی یاسایی گەورە دەبێتەوە و دەبێت ملیاران دۆلار قەرەبوو بداتەوە بە كۆمپانیاكان". " هەرێمی كوردستان لە هەموو دۆخێكدا بەشێكە لە عێراق، لەسەر عێراقیش پێویستە پابەندبێت بە یاسا نێودەوڵەتییەكانەوە، لەئێستاشدا وەزارەتی نەوتی عێراق بوەتە مایەی هەڕەشە بۆ ژینگەی كاركردنی كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان". ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، دوێنێ هەینی 15 ی تەمموزی 2022  ڕایگەیاند: "عێراق نزیكبووەتەوە لەوەی مافە مێژووییە یاساییەكانی خۆی بەدەستبهێنێت بۆ بەڕێوەبردنی تەواوی چالاكییەكانی نەوت. دواجار دانیشتنی دوایی دەستەی دادوەریی سەر بە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی سەبارەت بە كێشەی نێوان عێراق و توركیا بەڕێوەچوو، تایبەت بە رێككەوتنی بۆری نێوان هەردوولا. دەستەكە خستنەڕووی سكاڵاكەی لە لایەن لایەنەكانەوە داخست، دوای ئەوەی گوێی لە گوتە و بەرگرییان گرت، بۆیە چیدیكە هیچ ئەگەرێك نەماوە بۆ درێژكردنەوە یان دواخستن".   هاوكات، وەزیری نەوتی عێراق وتیشی:"پێشبینی دەكەم دەستەی دادوەری سەر بە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە ماوەی چەند مانگێكی كەمی داهاتوودا بڕیاری دوایی و یەكلاكەرەوەی خۆی بدات. ستایشی هەوڵە ناوازەكانی نووسینگەی نێودەوڵەتی راوێژكاریی یاسایی و لیژنەی یاسایی وەزارەت دەكەم بۆ بەرگریكردنیان لە مافەكانی عێراق بۆ بەڕێوەبردنی سامانی نەوتی خۆی، لەگەڵ بەرگریكردنیان بۆ ئەوەی وەزارەتی نەوت دەسەڵاتە دەستوورییەكانی بەدەستبهێنێتەوە. عێراق سوورە لەسەر بەدەستهێنانەوەی مافە رەواكانی لە سامانی نیشتمانییدا، بەپێی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان".     

هاوڵاتی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی عێراق كۆبوییەوەو جۆبایدن رایگەیاند:" واشنتن پابەندە بە پشتیوانیكردن لە عێراقێكی ئارام، یەكگرتو، گەشەسەندو و خاوەن سەروەری، هەمان پابەندیش بۆ هەرێمی كوردستان". لە پەراوێز كۆنگرەی جەددە كە ئەمڕۆ لە سعودیە بەبەشداری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و سەركردەكانی وڵاتانی كەنداو، میسر، ئوردن و عێراق بەڕێوەدەچێت، جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆكی حكومەتی عێراق كۆبوەوە، لە راگەیەنراوی كۆبونەوەكەدا هاتووە، هەردولا جەختیان لە پابەندبونی خۆیان بە هاوبەشی بەهێزی دولایەنە لەنێوان واشنتن و بەغدا كردەوە بەپێی رێككەوتنی ستراتیژی، هەروەها دوپاتیانكردەوە كە پابەندن بە هەماهەنگی هاوبەش لەبواری ئەمنییدا بەجۆرێك گەرەنتی سەرهەڵنەدانەوەی رێكخراوی داعش بكرێت. هەروەها سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆك حكومەتی عێراق جەختیان لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق كردوەتەوە بەجۆرێك رەنگدانەوەی خواستی گەل بێت، رێز لە دیموكراسی و سەربەخۆیی عێراق بگیرێت، لەم بارەیەوە جۆ بایدن رایگەیاند:" واشنتن جەخت لەسەر گرنگی ئەو رۆڵە دەكاتەوە كە ئەمریكا لەئەستۆی گرتوە بۆ بەدیهێنانی عێراقێكی ئارام، یەكگرتو، گەشەسەند و خاوەن سەروەری، بە هەرێمی كوردستانیشەوە". هاوكات لەبارەی برەودان بە سیستمی دیموكراسی لە راگەیەنراوی كۆبونەوەكەدا هاتوە، هەردو سەرۆك جەختیان لە گرنگی برەودان بە سیستمی دیموكراسی لە عێراق و بەهێزكردنی توانای سەربازی هێزە ئەمنییەكانی عێراق كردەوە، جۆ بایدن پێزانینی خۆی نیشاندا بۆ هەوڵەكانی عێراق لەبوارەكانی گەڕانەوەی ئاوارەكان، دادگاییكردنی چەكدارانی داعش و ئامادەییشی نیشاندا بۆ هاوكاری زیاتر لەم دۆسییەدا. " بایدن پێزانینی بۆ هەوڵە دیپۆماسییەكانی مستەفا كازمی دەربری بۆ هەوڵەكانی لە زیادكردنی ئارامی و باشتركردنی پەیوەندی نێوان وڵاتانی ناوچەكە، هەروەها باوەڕیانوایە رێككەوتنی بەستنەوەی كارەبای عێراق بە وڵاتانی كەنداو هاوكاری بەغدا دەبێت بۆ ئەوەی كارەبا بە نرخێكی كەمتر بۆ هاوڵاتیانی دابین بكات"، لەراگەیەندراوەكەدا وا هاتووە. جۆ بایدن جەختی لە پابەندی رۆڵی وڵاتەكەی كردوەتەوە بۆ بونیادنانی ئابوری عێراق و فرەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهاتی، بەجۆرێك ئابوری عێراق بە سیستمی ئابوری جیهان ببەسترێتەوە و بتوانێت پێداویستییەكانی هاوڵاتیانی دابین بكات، هەروەها هەردو سەرۆك جەختیان لە گرنگی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و دوبارە بونیادنانەوەی متمانە لەناو دەزگاكانی عێراق كردەوە، لەگەڵ پشتیوانی لە گەشەسەندنی ئابوری، چارەسەری كێشەی گۆڕانی كەشوهەوا، ئاسایشی ئاو و هاوكاری دولایەنە لەبواری چاكسازی ئابوری. سەرۆكی ئەمریكا پێشوازی لە دەستپێشخەرییەكەی كازمی كردوە بۆ نزیكردنەوەی ئێران و سعودیە لەیەكتری و ئەنجامدانی گفتوگۆی وەفدی هەردوو وڵات لە بەغدا.

هاوڵاتی جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە سعودیە رایگەیاند:" رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ رووسیا یان چین جێناهێڵین. 15ی تەموزی 2022، جۆبادین سەرۆكی ئەمریكا گەیشتە سعودیەو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كۆبویەوە. بایدن راشیگەیاند دەیانەوێت ئاگربەست لە یەمەن بەردەوام بێت، لەبارەی عێراقیشەوە  روونیكردەوە، "ئێستا گەییشتووینەتە رێككەوتن، بۆ ئەوەی تۆڕەكانی كارەبای عێراق لەڕێگەی كوێت و سعودیەوە بە تۆڕەكانی وڵاتانی كەنداوەوە ببەستینەوە و عێراق باشتر ئاوێتەی ناوچەكە بكەین و پشتبەستنی ئەو وڵاتە بە ئێران كەمبكەینەوە".  دەقی وتەكانی جۆ بایدن لە سعودیە:  زنجیرەیەك كۆبوونەوەی باشم هەبوو، زیاتر لە دوو كاتژێر لەگەڵ سەركردایەتیی سعودیە لێرە لە جیدە لەگەڵ شای وڵات بۆ ماوەی زیاتر لە نیو كاتژێر كۆبوومەوە. لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە و تەواوی وەزیرەكان كۆبوومەوە، سوپاس بۆ چەندین مانگ لە دیپلۆماسییەتی لەسەرخۆ لە لایەن ستافەكەوە، ئەمڕۆ توانیمان هەندێك كاری زۆر باش بەدەستبهێنین.  یەكەم، هەروەك ئەوەی كە ئەم بەیانییە بینیتان، سعودیەكان ئاسمانییان بە رووی هەموو فڕۆكە سڤیلییەكان دەكەنەوە و ئەوەش رێككەوتنێكی گەورەیە. ئەوە واتای ئەوەیە كە ئاسمانی سعودیە ئێستا كراوەیە بۆ ئەو فڕۆكانەی دەچن بۆ ئیسرائیل و بۆ ئەوانەی لەوێوە دێن. ئەمە یەكەمین هەنگاوی بەرجەستەیە لەو رێرەوەی كە ئومێدەوارم ببێتە هۆی ئاساییبوونەوەیەكی بەرفراوانتری پەیوەندییەكان."   دووەم: رێككەوتنێكی مێژووییمان كۆتایی پێهێنا بۆ گۆڕینی پێگەی ناوچەیەكی هەستیار و پڕ لە گرژی، ئەوەش لە گەرمەی شەڕەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بۆ ناوچەیەك كە ئارامی و ئاسایشی تێدا بێت. ئاشتیپارێزانی نێودەوڵەتی، لەوانەش سەربازە ئەمریكییەكان دوورگەی تیران لە دەریای سوور جێدەهێڵن كە زیاتر لە 40 ساڵە و لە رێككەوتنی كامپ دەیڤدەوە لەوێن. پێنج سەربازی ئەمریكی لەو دوورگە ستراتیژییە لە ساڵی 2020 مردن و ئەمڕۆش گرنگە كە ئەوانمان لەیاد بێت. سوپاس بۆ ئەم كرانەوەیە، ئەو دوورگەیە بۆ گەشتیاری و بوژاندنەوەی ئابووری دەكرێتەوە.  سێیەم: رێككەوتین كە پێكەوە كاربكەین و ئاگربەستی یەمەن درێژبكەینەوە. هەروەك دەزانن، ماوەی سێ مانگە قۆناخێكی ئارامی لە یەمەندا هەیە كە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا ئارامترین بووە. رێككەوتین بۆئەوەی سوود لە دیپلۆماسی وەربگرین بۆ دەستكەوتنی چارەسەرێكی بەرفراوانتر لە یەمەن. سەركردایەتیی سعودیەش پابەندە بەوەی بەردەوام بن بۆ كارئاسانیكردن بۆئەوەی خواردن و پێداویستی مرۆیی بگاتە دەستی خەڵكی سڤیل. لەم چوارچێوەیەدا باسمان لە پێداویستییە ئەمنییەكانی سعودیە كرد بۆ پارێزگاریكردن لە شانشینەكە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە راستەقینەكانی ئێران و هێزە نزیكیەكانی   چوارەم: هەندێك ئامادەكارییمان تەواو كرد بۆ بەهێزكردنی پێگەی وڵاتەكانمان لە دەیەی داهاتوودا. سعودیە وەبەرهێنان دەكات لەو تەكنەلۆژیایەی ئەمریكا رۆڵی پێشەنگی تێدا دەگێڕێت و تۆڕی فایڤ جی و سیكس جی پەرە پێدەدات و بەدەستدەهێنێت. دواجار، باسمان لە مافەكانی مرۆڤ و پێویستیی ئەنجامدانی چاكسازیی سیاسی كرد.

هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا لەبارەی دۆسیەی دیپۆرتكردنەوەی فریدیریك گیردینك-ی ڕۆژنامەنووسی هۆڵەندییەوە لەلایەن پارتییەوە هاتە دەنگ و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە بەغداد پەیوەندیی بە فوئاد حوسێنەوە دەكات. ئەمڕۆ 14ی تەموزی 2022، ئاژانسی هەواڵی هۆڵەندا لەسەر زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە بڵاویكردووتەوە كە ئەمڕۆ باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق پەیوەندیی بە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقەوە كردووە و قسەیان لەسەر دۆسیەی دیپۆرتكردنەوەی ڕۆژنامەنووسێكی هۆڵەندییەوە كردووە لە هەرێمی كوردستان. هەروەها وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا ڕایگەیاندووە، ئەوان لە پەیوەندیدان لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەنووسە و پێویستە ڕۆژنامەنووسان كارئاسانییان بۆ بكرێت، تا بتوانن كارەكانیان لە هەر شوێنێكی جیهاندا بێت و ڕاپەڕێنن و بۆ ئەو مەبەستەش جەخت لە گرنگی ئازادیی ڕۆژنامەنووسیی دەكەنەوە. فریدیریك گیردینك ژنە ڕۆژنامەنوسی هۆڵەندی لە تویتێكدا ڕایگەیاند:" لە شاری هەولێر دەستگیركرام و بەمەبەستی دەركردنیشیم لە هەرێم لە فڕۆكەخانەی هەولێر هێڵراوەمەتەوە و حكومەتی توركیاش بە هۆكاری دەركردنەكەم دەزانم". دوێنێ فرێدریك گێردینك، كە ڕۆژنامەوانێكی هۆڵەندیە و ساڵانێكە كار لەسەر پرسی كورد و كوردستان دەكات لە كاتیكدا دەیویست لە هەولێرەوە بچێتە ڕۆژئاوای كوردستان لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی پارتی دەستگیركرا و ئەوەش ناڕەزایەتیی بەدوای خۆیدا هێناوە.   

هاوڵاتی جۆبایدن سەرۆكی ئەمریكا رێككەوتنێكی لەگەڵ ئیسرائیل لەدژی ئێران واژوو كرد كە هەردوولا بە هاوبەشی رووبەرووی چالاكییەكانی تاران دەبنەوە. ئەمڕۆ دوای كۆبوونەوە لەگەڵ یائیر لاپیدی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا رێككەوتنێكی ئەمنی بۆ بەهێزكردنی هاوپەیمانییەكەیان دژی ئێران واژۆ كرد و تیایدا ئەمریكا پابەندی خۆی بە پاراستنی ئیسرائیل دووپاتكردوەتەوە لە هەر دەستدرێژییەكی ئێران كە بكرێتە سەری. دوای واژۆكردنی رێككەوتنەكە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا بایدن رایگەیاند:" ئەمریكا پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلەوە لە هەر هێرش و دەستدرێژییەكی ئێران بۆ سەر ئیسیرائیل". سەرۆكی ئەمریكا روونیشیكردەوە یەكێك لە خاڵەكانی رێككەوتنە ئەمنییەكە ئەوەیە،كە هەرگیز رێگە بە ئێران نەدەن دەستی بگات بە چەكی ئەتۆمی. هەروەها سەرۆكی ئەمریكا ئەوەی خستەڕوو، هێشتا دەرفەتی گفتوگۆو رێگای دیبلۆماسی لەبەردەمە بۆ ئەوەی ئێران دەستبەرداری بەرنامەی ناوەكی بێت.

هاوڵاتی ڕۆژنامەنووسێكی هۆڵەندیی دەیویست بچێتە ڕۆژئاوای كوردستان لەلایەن هێزەكانی پارتی دەستگیردەكرێت و دیپۆرتی وڵاتەكەی دەكرێتەوە. فرێدریك گێردینك ڕۆژنامەوانێكی هۆڵەندیە و ساڵانێكە كاری لەسەر پرسی كورد و كوردستان كردووە، چەند خولەكێك پێش ئێستا زانیاری بەپەلەی لەسەر ئەكاونتی تویتەرەكەی بڵاوكردۆتەوە و تیادا نوسیویەتی:" ویستویەتی بچێتە ڕۆژئاوای كوردستان كاتێك لەسنووری ڕۆژئاوا نزیك بووەتەوە، هێزەكانی پارتی ڕێگەیان پێنەداوم تێپەڕم و گەڕاندمیانەوە بۆ هەولێر". ئەو ڕۆژنامەنووسە دەشڵێت:" ئیدارەی هەولێر وەك كەسێكی نەخوازراو لە هەرێم مامەڵەم لەگەڵ دەكەن و ئێستا بۆ دیپۆرت كردنەوە دەمبەنە فڕۆكەخانەی هەولێر".  

هاوڵاتی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پشتیوانی بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین راگەیاند كە ببنە دەوڵەتی سەربەخۆ. ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی حوزەیرانی 2022، جۆبایدن بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە ئیسرائیل و رایگەیاند:" جارێكی دیكە پشتیوانی دەكەین بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان  ئیسرائیل و فەڵەستین لەرێگەی چارەسەری دو دەوڵەت دوپات دەكەینەوە ، بەتایبەت كە لەئێستادا هەموان داوای ئاشتی دەكەن و واشنتنیش نایەوێت هەڵەكانی رابردو دوبارە ببێتەوە".  جۆ بایدن ئەوەشی دووپاتكردەوە كە لەم كاتەدا پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریكا بەهێزتر و قوڵترن لە هەر كاتێكی دیكەی رابردوو. لە یەكەم وێستگەی سەردانەكەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بایدن گەیشتە ئیسرائیل  و لەلایەن یائیر لاپید، سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێكرا. سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری ئیسرائیل رایگەیاند لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا باسیان لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ و رێگری لە هەوڵەكانی ئێران كردوە بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی.  

هاوڵاتی هەشت كاندیدی پارتی پارێزگاران متمانەو پشتگیری 20 پەرلەمانتاری پارتەكەیان بەدەستهێنا بۆ ئەوەی لە كێبڕكێدا پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرن. تەنها دوو كەس نەیانتوانی پشتگیری 20 پەرلەمانتار مسۆگەر بكەن بۆ ئەوەی بگەنە خولی یەكەمی دەنگدان، بەمەش هەشت كەس لە گۆڕەپانەكەن بۆ ئەوەی زۆرترین پشتیوانی حزب بەدەستبهێنن، كە بەڵێنی كەمكردنەوەی باج و زیادكردنی بودجەی بەرگری و دەستپاكی و باشتركردنی دۆخی تەندروستی تاییبەت بە كۆرۆناو باشتركردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان دەدەن. نەدیم زەهاوی بە رەگەز كوردو لیز تروس وەزیری دەرەوە ركابەری توندی ریشی سوناك دەكەن، هەروەها كاندیدەكانی دیكەش بریتین لە( كیمی بادنۆك، سوێلا بریڤەرمان، جێرمی هانت، بێنی مۆردۆنت، تۆم تۆجنهات). بەهۆی شەڕی رووسیا بەرانبەر ئۆكرانیاو ئابووری بەریتانیا ڕووبەڕووی هەڵاوسانی گەورە بوەتەوەو بەریتانییەكان لە ژێر فشاری گەورەدان بەهۆی قەیرانی وزە لە وڵاتەكەیاندا. بۆریس جۆنسن بڕیارە لە تشرینی یەكەم(مانگی 10) دەست لەپۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دەكێشێتەوە. هەركەسێك پۆستی ببێتە بڕاوە لەو كێبڕكێیەدا دەبێتە سەرۆكی پارتی پارێزگاران و پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەكە بەدەست دەهێنێت.  

هاوڵاتی كەناڵێكی فەرمیی توركیا ئاشكرای دەكات كە حكومەتی سوید لیستی ناوی 10 ئەندامی (پە.كە.كە)ی ئامادەكردووە بۆئەوەی بەپێی یاداشتنامە و رێككەوتننامەی نێوانیان، ڕادەستی ئەنقەرەی بكاتەوە و ئامینە كاكە باوە بەدواداچون دەكات. كەناڵی TRT Haberی توركی لەڕاپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە، یاداشتنامەی لەیەكتێگەیشتنی نێوان توركیاو سوید بەردەوامەو لەوچوارچێوەیەدا ستۆكهۆڵم لیستێكی ئامادەكردووە كە لە10 ئەندامی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) پێكهاتووە بۆئەوەی ڕادەستی ئەنقەرەی بكاتەوە. كەناڵەكە ئەوەی بیرهێناوەتەوە كە لەنێوان ساڵی 2019 بۆ 2022 حكومەتی سوید لەكۆی 16 داواكراو، تەنها سێ داواكراوی ڕادەستی حكومەتی توركیا كردۆتەوە، بەڵام لەدوای واژۆكردنی یاداشتی لەیەكتێگەیشتنی نێوان ئەو دوو وڵاتە، پرۆسەكە خێراتركراوە و لەمدواییەدا دەزگا ئەمنییەكانی سوید لیستێكیان ئامادەكردووە كە لە10 ئەندامی پەكەكە پێكهاتووە بۆئەوەی دەستگیریان بكات‌و ڕادەستی ئەنقەرەی بكەنەوە. دەزگاكانی ڕاگەیاندنی سوید ئاشكرایانكرد، لەچوارچێوەی ڕێككەوتنی نێوان سویدو توركیا كە مانگی ڕابردوو واژۆی لەسەركرا، حكومەتی سوید چوار هاوڵاتی توركیا كە ڕەگەزنامەی سویدیان هەبووە، ڕادەستی ئەنقەرە كردۆتەوە"ئەو چوار كەسەی ڕادەستی توركیا كراونەتەوە، كەسانی سیاسی نەبوون، بەڵكو ئەوكەسانە تۆمەتباربوون بەئەنجامدانی چەندین تاوان لەتوركیا پێشئەوەی وڵاتەكەیان بەرەو سوید جێبهێڵن". دوێنی ئامینە كاكە باوە پەرلەمانتاری كورد لەپەرلەمانی سوید ڕایگەیاند، بەدواداچوونی كردووە كە حكومەتی سوید چوار كەسی ڕادەستی توركیا كردوەتەوە، بەڵام دیارنییە هەموویان كوردن یان نا، بەڵام یەكێك لەو چواركەسە توركە. هەروەها ئامینە كاكە باوە بەڵێنی داوە لەوبارەیەوە لەسەر بەدواداچونەكانی بەردەوام بێت. پاش رێككەوتنی سوید و فینلاند لەگەڵ توركیا بۆ ئەندامبوونیان لەهاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی(ناتۆ) حكومەتی سوید رووبەرووی رەخنەی توندی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان و رێكخراوە مەدەنییەكان بووەتەوە كە سازشی زۆری بۆ توركیا كردووە، بەشێكیان دەڵێن:" سوید هیچ كێشەی نەبووە بوون بەئەندامی لەناتۆ وڵاتەكە تووشی شەڕ و ململانێی سیاسی لەگەڵ روسیاو ئەو وڵاتانە دەكات كە لەگەڵ روسیادان".