هاوڵاتی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی كۆنگرێس، پڕۆژەیاسایەكی پەسەندكرد، كە تێیدا هەموو چالاكییەكانی درۆنی ئێرانی لە ناوچەكە قەدەغە دەكات و تێیدا باسی هێرشەكەی سەر هەولێر دەكات. لە ڕاگەیەنداوێكدا لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەكردووە" ئەمریكا هەموو هەوڵێك دەدات بۆڕاگرتنی درۆنەكانی ئێران و بەرنامەی دروستكردنی ... كڕین و فرۆشتن و گواستنەوەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ ئێران قەدەغە دەكرێت و هەر لایەنێك پابەند نەبێت ڕوبەڕوی سزا دەبێتەوە." هەروەها لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە" ئەمریكا بەڵگەی پێویستی لەبەردەستە كە ئێران بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشی كردووەتەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان و ماڵی سەرۆك وەزیرانی عێراق". شەوی چوارشەممەی رابردوو درۆنێكی بۆمبڕێژكراو لەسەر رێگا‌ی سەرەكی (هەولێر- پیرمام) تەقیەوە، كە بەهۆیەوە سێ كەس برینداربوون و ژمارەیەك ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەركەوت. میدیاكانی ئێران ئەوەیان بڵاوكردەوە كە لەو هێرشەی هەولێردا بەرپرسێكی موسادی ئیسرائیل و هاوەڵاكانیان كردووەتە ئامانج، بەڵام ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رەتیكردەوە.
هاوڵاتی لەم رۆژانەدا مەرج و گوشارەکانی تورکیا بەڤیتۆکردنی داوای سوید‌و فینلاند بۆ ئەندامبوونیان لەناتۆدا بووەتە بابەتێکی گەرمی ناوەندە سیاسی و میدیایی و لایەنە جۆراوجۆرەکان لەڕوسیاوە تاوەکو ئەمریکا. ڤیتۆکەی تورکیا راستەوخۆ پەیوەندیی بەکوردەوە هەیە، بەڵام ئامینە كاكە باوە پەرلەمانتار ستۆپی بەداواکاریەکەی ئەردۆغان هێناو سەرۆک وەزیرانی سویدیش رایگەیاند:» بەپەیوەندیەکاندا دەچنەوە لەگەڵ توركیا». تورکیا هەموو مەرجەکانی و ڤیتۆکەی بۆ ئەوەیە سوید‌و ئەوروپاو ناتۆ‌و ئەمریکا زیاتر پاڵپشتیی بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە. رێگریش لەوە بکات، کە سوید پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت. هەروەها گەمارۆی چەک و هەندێک لە سزاکانی سەر تورکیا لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە هەڵبگیرێن، کە ئەو سزانەش پەیوەندییان بەشەڕی تورکیا لە دژی کورد لە باکوور‌و رۆژئاوا و باشووری کوردستاندا هەیە. لەم نێوانەدا بەپێی میدیاکانی تورکیا‌و سوید، تورکیا داوای رادەستکردنی ٣٣ کەسی لە سوید و فینلاند کردووەو ئەو کەسانەی بە «تیرۆریست» ناساندووەو لەوەش زیاتر رۆیشتووە وڵاتانی سوید‌و فینلاندی بەلانەی تیرۆر پێناسە کردووە. لێپرسینەوەی ناوخۆیی پەکەکە لەقۆناغی سەرەتای شەڕی چەکداریدا پەکەکە ٤٤ ساڵ لەوەوپێش وەک گروپێکی گەنج بەپێی هەلومەرج و کەشی شۆڕشگێڕیی باوی جیهانی و تیۆرییە شۆڕشگێڕییەکان دامەزرا. بە کردەوەو بە دروستکردنی تۆڕی رێکخستن کاریان بۆ سەرخستنی شۆڕشەکەیان کرد. کاتێک تورکیا کودەتای ١٢ی سێپتەمبەری ١٩٨٠ی ئەنجامداو هەموو دەرەتانەکانی خەباتی سیاسی و مەدەنی نەماو ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پەکەکە کوژران و دەستگیرکران، پەکەکە لەساڵی ١٩٨٤ شەڕی چەکداریی لە دژی تورکیای ئەندامی ناتۆ هەڵگیرساند. هاوکات پەکەکە لە ئەوروپا تۆڕێکی فراوانی لە رێکخستن دروستکردو گەنجانی پڕ لە وزە رێکخستنەکانی پەکەکەیان بەڕێوەدەبرد. وەک زۆربەی هێزە شۆڕشگێڕەکان و وەک ئەوەش، کە بە درێژایی مێژوو روویداوە پەکەکە لە لێپرسینەوەی ناوخۆیدا بەرامبەر ئەو کەسانەدا، کە لە رێکخستنەکاندا بۆ کارکردن بەدوژمنەوە گلابوون توند‌و یەلاکەرەوە بووە. وەک نەریتێکی لەمێژینەی هێزە شۆڕشگێڕەکان ئەو کەسانەی لە دۆخی خەباتی نهێنیدا خیانەتیان بکردایە سزای شۆڕشگێڕی دەدران و پەکەکەش پەیڕەویی لەو یاسایە کردووە. وەک بەشێک لە سەرچاوەکان دەڵێن، پەکەکە لەسوید ٢ کەس و لە ئەڵمانیاش ٢ کەسی لە ناو رێکخستنەکانی خۆیدا لەسەر تۆمەتباربوونیان بە خیانەت سزا داوە. سزادانی کەسانێک، کە لەخیانەتەوە گلاون مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و لەسەردەمی راپەڕینی سپارتاکۆسەوە تاوەکو ئێستا هێزە شۆڕشگێڕەکان پشت بە لێدانی گورزی گورچکبڕ لە دوژمن و دەستوپێوەندەکانیان بەستووە. هیچ هێزێکی چەکداری زرگاریی نیشتمانی و دژ بە داگیرکەری و دیکتاتۆری نییە، کە پەیڕەویی لەو شێواز‌و میتۆدە نەکردبێت. بە دیوەکەی تریشدا ئیستاش لە یاسای هەموو وڵاتەکاندا خیانەت بە تاوانی گەورە پێناسە دەکرێت و قورسترین سزاکانی بۆ دانراوە. خەباتی نهێنی و چەکداری، پاراستنی رێکخستن و ئەندامان و نهێنییەکانی حزب، جموجوڵەکان و کاروباری دارایی بۆ هێزێک لەقۆناغی نهێنیدا کارێکی قورسە و بەهۆی تایبەتمەندیی ئەو دۆخەوە ئەگەری ئەوەش هەیە هەڵە رووبدات. هێزێک لەقۆناغی نهێنیدا ناتوانێت وەک دەوڵەتێک مامەڵە بکات و لەدامەزراوەی دادگا‌و بە ئامادەبوونی پارێزەرو هێزی ئەمنی و پۆلیس لێکۆڵینەوە لەکەسێکی تۆمەتبار بە خیانەت بکات و لە شوێنێکدا وەک زیندان بۆ ماوەی چەندین ساڵ رای بگرێت. سەرباری ئەوەش سیستمی داد لەوڵاتەکاندا هەڵە دەکەن و روویداوە، کەسانێک لەسەر تۆمەتێک زیندانی‌کراون، کە هیچ پەیوەندییان بەو تۆمەتەوە نەبووەو ساڵەهای ساڵی تەمەنیان لە زینداندا بەسەربردووە. بەزمانێکی سادەش خیانەت ئەوەیە، کە کەسێک لەناو هێزەکەی خۆیدا کار بۆ دوژمنەکەی بکات. مرۆڤ و سیستمە مرۆییەکان بەدەر نین لەهەڵە، بەڵام گرنگ ئیرادەیە بۆ چاککردن و تێپەڕاندنی هەڵە بۆ ئەوەش پەکەکە چەندیجار داوایکردووە لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەسەر ئەوەی روویداوە پێبکبهێنرێت بۆ ئەوەی راستییەکان روون بێتەوە. پەکەکە و سەرکردایەتیی پەکەکە لە چەندین چاوپێکەوتن و بابەتەدا لە پرۆسەکانی ئاشتیدا بەڕوونی داوایانکردوە، لیژنەی لێکۆڵنەوە لە ڕووداوەکان و بۆ روونبوونەوەی راستییەکان دروست بکرێت... پەکەکەو لایەنە سیاسیەکانی پێش خۆی پەکەکە لەسەرەتای دامەزراندییەوە لەلایەن نەوەی پێشووی سیاسیی کورد وەک گروپێکی گەنج و «بێ ئەزموون» و «توندڕەو» سەیر دەکران و چاوەڕێ بوون پەکەکە گوێڕایەڵیان بێت و ئامۆژگارییەکانیان بۆ هەندێک پەیوەندیی سیاسی و هەندێک لەوڵاتان قبوڵ بکات، کێشمەکێشی نێوان ئەو دوو نەوە سیاسییە جیاوازەی کورد لەو سەردەمەدا گەیشتە قۆناغێک، کە پەکەکە نەوەی پێش خۆی بە نەوەیەکی ناچالاکی سیاسی و ناشۆڕشگێڕ دەزانی، چونکە حساب بۆ بەرژەوەندیی شەخسی و بنەماڵە و هەندێک هێزو وڵات دەکەن و خۆیان بۆ شۆڕش و ئازادی یەکلایی نەکردووەتەوە. لایەنی بەرامبەریش پەکەکەی بەسەرئێشە و هێزێک دەزانی، کە پێچەوانەی ئاو مەلە دەکات و پێداگرییان لەوە دەکرد، کە دەبێت پەکەکە دەستبەرداری خەباتی چەکداری و شێوازی کاری رێکخستنی خۆی بێت. هەرچۆنێک بێت بە تێپەڕبوونی کات پەکەکە گەشەی کرد‌و بەشێکی زۆر لە هێزەکانی تر لەگۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا رۆڵێکی بەرچاویان نەما. ململانێی نێوان ئەو دوو نەوەیە گەیشتە ئاستێک، کە بەشێک لە ئەندامانی لایەنەکانی تر چالاکییەکان و لێپرسینەوەکانی پەکەکەیان بە «تیرۆر» پێناسە دەکردو هەوڵی دابڕاندن و تەریکخستنی پەکەکەیان دەدا. تەنانەت لەوەشدا سودیان لە پەیوەندییە کۆنەکانیان لەوڵاتانی ئەوروپی وەرگرت. تورکیا پشتیوانیی ناتۆی بۆ شەڕ لەدژی پەکەکە بەدەستهێنا لەسەردەمی جەنگی سارد‌و شەڕەکانی زرگاریی نیشتمانیی لە ئەفریقا تاوەکو ئەمریکای لاتین و باڵکان دەیان هێزو لایەنی شۆڕشگێڕیی دژ بەداگیرکەری و دیکتاتۆری لەهەوڵی رزگارکردنی وڵاتەکانیان، یان دامەزراندنی سیستمێکی تری سیاسی بوون. ئەو دۆخە دونیای بەسەر دوو بەرەی سۆڤیەت و ئەمریکادا دابەشکردبوو. بەرەی سۆڤیەت یارمەتیی گروپە شۆڕشگێڕەکان و راپەڕیوانی دژ بەدەوڵەتەکان دەداو ئەمریکاش بە ناوی پاراستنی دۆخی باو یارمەتیی دەوڵەتە دیکتاتۆرەکانی وەک پینۆشە، شای ئێران، ئەتاتۆرک و کەنعان ئەڤرەن لەتورکیا، سەدام و سوهارتۆ لە ئەندەنوسیا، باتیستا دیکتاتۆری کوبا، سوموزا دیکتاتۆری نیکاراگوا و داگیرکەران دەدا. تورکیاش وەک ئەندامی ناتۆ لەبەرەی ئەمریکادا بوو و کاتێک پەکەکە شەڕی چەکداریی راگەیاند، کەنعان ئەڤرەن لە کۆبوونەوەی ناتۆدا پەکەکەی وەک هێزێکی سەر بەسۆڤیەت، کە دەیەوێت کۆماری تورکیای ئەندامی ناتۆ بەو جیۆپۆلتیکە گرنگەیەوە بڕوخێنێت و سیستمێکی سەر بەسۆڤیەتی تیادا دابمەزرێنێت بە ئەندامانی ناتۆ ناساند و ناتۆ پشتیوانیی لەشەڕەکانی تورکیا لەدژی پەکەکە کرد. تورکیا سوودمەند بوو لەپرۆژەی دژە تیرۆری پنتاگۆن بۆ لەناوبردنی گروپە چەکدارەکان، پنتاگۆن لە نیکاراگواو ئەمریکای لاتین و ئەفریقا کۆمەڵێک گروپی بۆ پاراستنی رژێمەکان و شەڕ لەدژی گروپە شۆڕشگێڕەکان دروستکردبوو، کە بە کورتی پێیان دەوترێت گلادیۆ و لەهەر وڵاتێک ناوێکیان هەبوو. ئەوە لەکاتێکدابوو، پەکەکە کەمترین پەیوەندیی بەسۆڤیەتەوە هەبوو. پەکەکە رەئاڵ سۆسیالیزمی سۆڤیەتی رەخنەکردبوو. ئەوەش وایکردبوو، سۆڤیەت گرنگی بە پەکەکە نەدات. لەو سەردەمەدا تەنها حزبی کۆمۆنیستی ئەلبانیا دووجار لەگەڵ پەکەکە کۆبوونەوەی ئەنجامدابوو. هەروەها پەکەکە لەجیاتی دەوڵەتەکان پەیوەندیی لەگەڵ هێزە شۆڕشگێڕەکان بۆ خۆی کردبووە بنەمای کارەکانی و بۆ ئەوەش پەیوەندیی لەگەڵ هێزە شۆڕشگێڕیەکانی جۆرج حەبەش و نایف حەواتمەی فەلەستینی لەلوبنان هەبوو. تورکیا لەو سەردەمەوە تاوەکو ئێستا بە چەک و پارەو پلانی ناتۆ لە دژی پەکەکە شەڕ دەکات. تورکیا دۆسیەی پەکەکەی بەڕادەیەک لە ناتۆدا گەورەو مەترسیدار پیشانداوە، کە هەموو کارەکانی خۆی لە ناتۆدا بەستووەتەوە بەشەڕ لەدژی پەکەکە و لەناوبردنی پەکەکە. سزادانی پەکەکە لەسویدو ئەڵمانیا و تیرۆرکردنی پاڵمەو دانانی پەکەکە لە «لیستی تیرۆر» ئۆلاف پاڵمە لەساڵی ١٩٦٩دا لەحزبی سۆسیال دیموکرات بووە سەرۆک وەزیرانی سوید‌و تاوەکو ساڵی ١٩٧٦ لەو پۆستەدا بوو. دواتریش لەساڵانی ١٩٨٢ تاوەکو کاتی تیرۆرکردنەکەی لە ٢٨ی شوباتی ١٩٨٦دا بووەوە بە سەرۆک وەزیرانی سوید. پاڵمە کەسایەتییەکی ئازادیخواز بوو. لەماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا سەردانی ئەمریکای نەکرد. لە دژی شەڕی ڤێتنام، سیستمی رەزگەپەرستیی ئەفریقای باشوور (ئاپارتاید) و سەرکوتکارییەکانی سۆڤیەت لەئەوروپای رۆژهەڵات بوو. پشتیوانیی لەهێزە شۆڕشگێڕەکان لەسەرتاسەری جیهان دەکرد. بۆ نمونە پێچەوانەی سیاسەتەکانی ئەمریکا پشتیوانیی دەوڵەتی کوباو هێزە شۆڕشگێڕەکانی نیکاراگوا بوو. لەساڵی ١٩٨٠ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان کرا بەنوێنەری ناوبژیوان بۆ کۆتایهاتن بە شەڕی ئێران و عێراق. هاوکات دۆستی گەلی کورد بوو و پلانی هەبوو کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی لە رێگەی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد رێکبخات. ئەوانەش وایکردبوو پاڵمە دوژمنی زۆر بێت، بەڵام کێ پاڵمەی تیرۆرکرد؟ کێ بەرپرسیاریی تیرۆرەکەی هەڵگرت؟ ئەوانە هیچی دیار نەبوون. کێ لەکوردو پەکەکە بێ پشت و پەناترە بۆ ئەوەی ئەو تۆمەتەیان بەسەردا ساغ بکرێتەوە، چونکە هیچ هێزو کەسێک ئامادە نییە بەرگرییان لێبکات. دوای ماوەیەکی کەم بەخێرایی تورکیا‌و ئەڵمانیا و ساپۆ (پۆلیسی ئاسایشی سوید) پەکەکەیان وەک تاوانباری تیرۆری پاڵمە ناساند. سەرباری ئەوەی لیسبێت پاڵمە هاوسەرەکەی پاڵمە وتبووی ئەو کەسەی پاڵمەی تیرۆر کردووە سەروچاوی سکاندیناڤیی هەبوو نەک دەموچاوێکی رۆژهەڵاتییانە، بەڵام کەس گوێی لێنەگرت. هەموو میدیا گەورەکانی سوید‌و ئەڵمانیا و تورکیا پێکەوە دەستیانکرد بەبڵاوکردنەوەی هەواڵ و راپۆرت لە دژی پەکەکەو تاوانبارکردنی پەکەکە بەکوشتنی پاڵمە. گەرچی پەکەکە لەو کاتەدا راگەیاندراوی بڵاوکردەوە و رایگەیاندبوو، هیچ پەیوەندیی بە تیرۆرکردنی پاڵمەوە نییە، بەڵام ناتۆ‌و تورکیا و ئەڵمانیاو ساپۆی سوید گوێیان لەوە نەگرت و پێداگریان لەسەر تاوانبارکردنی پەکەکە کرد. پۆلیسی سوید لەو کاتەدا رایگەیاند، پسپۆڕی کێشانەوەی وێنەی تاوانبارەکەیان نییە، بۆیە دەڕۆن بۆ ئەڵمانیا و بەهاوکاریی ئەوان وێنەی دەموچاوی تاوانبارەکە دەکێشنەوە. ئەو کارەیان کرد و لەئەنجامدا وێنەی دەموچای کەسێکی وەک کوردیان کێشایەوە و لەهەموو میدیاکانیاندا بڵاویانکردەوە. کورد وەک نەتەوەیەکی تیرۆریست وێنا کرا... لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لەدۆسیەی کوشتنی پاڵمە ٦٠٠ ملیۆن کرۆنی سویدی تێچووە. لێکۆڵینەوە لەگەڵ ١٠ هەزار کەس کراوە و ١٣٠ کەسیان دانیان بەکوشتنی پاڵمەدا ناوە. هانس هولمێر بەڕێوەبەری پۆلیس و لێکۆڵینەوەی ئەوکاتە لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا راگەیاند، سەدا ٩٥ لەوە دڵنیان، کە کورد لەپشت تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرەوەیە. لەو چوارچێوەیەدا لێکۆڵینەوە لە ٥٨ کوردی دانیشتوی سوید کرا. لەدوای لێدوانەکەی هولمێر چەندین دوکان و کارگەو شوێنی کاری کوردان داخران. کوردەکان تەریکخراون و وەک گروپێکی تاوانکار سەیر کران. کوردەکان خرانە ژێر چاودێرییەوە و دۆخێکی قورسیان بۆ دروستکرا. تەنانەت لەو سەردەمەدا نزیکەی ٧٠ کەسی کوردی سەر بەلایەنە نەیارەکانی پەکەکە لە سوید راگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و پەکەکەیان بەتیرۆرکردنی پاڵمە تۆمەتبارکرد! خالیس ئیکینجی سۆی لەساڵی ١٩٨٠ەوە لەسوید دەژی و یەکێک لەکوردە قوربانییەکانی دۆسیەی کوشتنی پاڵمە دەڵێت، هەموو هەفتەیەک دەبوو بڕۆن بۆ بنکەی پۆلیس و بەڵگەی خۆ سەلماندن واژۆ بکەن. پۆلیس بۆ ماوەی ١٠ ساڵ گوێی لە هەموو پەیوەندییە تەلەفونیەکانمان دەگرت. پۆلیس ناوە ناوە و لەپڕ دەیدا بەسەر ماڵەکانمان و شوێنی کارەکانماندا و دەستیان بەپشکنین و لێکۆڵینەوە دەکرد. کەلەبچەی ئیلکترۆنیان خستە قاچمان و بۆمان نەبوو لەگەڕەکەکەی خۆمان دوور بکەوینەوە. ئەگەر بەهەڵە سنوری گەڕەکەمان لێ تێکبچووبایە پۆلیس خێرا هەڵیدەکوتایە سەرمان و گوشاری زیاتریان لەسەر دروست دەکردین... بەڵام دوای ٣٤ ساڵ لەکوشتنی پالمە سەرۆکی داواکاری گشتیی سوید کریستەر پێتەرشۆن لە رۆژی ١٠ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٠دا رایگه‌یاند، ستیگ ئێنگسترۆم، كه پێشتر چه‌ندین جار وتە‌ی لێوه‌رگیراوه و به «سکاندیامانەن» ناسراوه، بكوژی راسته‌قینه‌ی ئولۆف پاڵمه‌یه. لەبەرئەوەی ستیگ ئینگسترۆم لەساڵی ٢٠٠٠دا گیانی لەدەستداوە، دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەکوشتنی پاڵمە دادەخرێت!. نووسه‌ری كورد شۆڕش ره‌شی كتێبێكی به ناوی «پالمه، په‌كه‌كه و گلادیۆ» نووسیوه و ده‌ڵێت: «كوشتنی پاڵمه هه‌م له‌كوردستان، هه‌م له‌سوید، هه‌م له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی زیانی به‌كورد گه‌یاند. زیانی هه‌ره‌به‌رچاو له‌ڕووی سیاسییەوە بوو و كوردانی دانیشتوی سوید کرانە ئامانج». کوشتنی پاڵمە کرا بە بەهێزترین بەڵگەو ئارگۆمێنت بۆ ئەوەی پەکەکە بخرێتە لیستی تیرۆرەوەو تائێستاش پەکەکە لەو لیستەدایە، بۆیە ئەوانەی استەوخۆ بوونەتە قوربانیی ئەو تاوانەو پەکەکەو کەجەکە و دۆستانی کورد لەسوید داوا دەکەن، حکومەتی سوید داوای لێبوردن لەگەلی کورد بکات و سوید، پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت. بەوە دۆخی تورکیا ئاڵۆز بووە و لەماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا و بەتایبەتی لەم دوو ساڵی رابردوودا سوید بەپشتیوانی تیرۆر تاوانبار دەکات!. داوای سوید‌و فینلاند بۆ بوونە ئەندامی ناتۆ‌و ڤیتۆی تورکیا دوای سێ مانگ لە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراین، وڵاتانی سوید‌و فینلاند بۆ ئەوەی خۆیان لەئەگەری هێرشی رووسیا بپارێزن و وەک ئۆکراینیان بەسەر نەیت داوایانکرد ببنە ئەندامی ناتۆ. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ناتۆ هەر وڵاتێک ببێتە ئەندامی ناتۆ دەبێت بەڕەزامەندیی هەموو وڵاتانی ئەندام بێت و هەموو وڵاتانیش مافی ڤیتۆیان هەیە، چونکە نابێت لە ناو ناتۆدا لەنێوان ئەنداماندا ناکۆکی هەبێت! تورکیاش راستەوخۆ داواکەی سوید‌و فینلاندی ڤیتۆ کرد‌و ژمارەیەک داواکاری و مەرجی بۆ سوید‌و فینلاند دانا، کە لەبنەڕەتدا هەموویان پەیوەندییان بەکوردەوە هەیە. بەپێی رۆژنامەی حوڕیەتی تورکیا وەزارەتی دادی تورکیا داوای لەوەزارەتی دادی فینلاند کردووە شەش ئەندامی پەکەکە و ٦ ئەندامی گروپەکەی گولەن و داواشی لەسوید کردووە، ١١ ئەندامی پەکەکە و ١٠ ئەندامی گولەن رادەستی ئەنقەرە بکەنەوە. لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە باسی سەرەکی بووە باسی کورد و سوید‌و مەرجەکانی تورکیا و ژمارەیەک دۆسیە بوونە بابەتی رای گشتی. جگە لەوە تورکیا داوا دەکات گەمارۆی چەکی لەلایەن سویدەوە لەسەر هەڵبگیرێت، کە لەساڵی ٢٠١٩ و لەدوای هێرشەکەی بۆ سەر کورد لەعەفرین بەسەریدا سەپێنراوە. داواشیکردووە، سوید موشەک و درۆن بۆ یەپەگە نەنێرێت. سویدش ئەوەی رەتکردووەتەوە چەکی بۆ ئەو هێزانە ناردبێت و سوید هیچ جۆرە چەکێکی بە هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان نەداوە و تەنها بەشێوەیەکی سنووردار هاوکاریی مرۆیی رۆژئاوای کوردستان دەکات. تورکیا داواش دەکات لەشەڕی دژ بە «تیرۆر»، کە مەبەستی شەڕە لەدژی پەکەکە و هێرشەکانیەتی بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان، سوید و فینلاند هەماهەنگیی لەگەڵ بکەن. ئەوانەش دەریدەخەن هەموو داواکانی تورکیا لەسوید و فینلاندا بۆ دژایەتیکردنی کوردە. ئان لیند وەزیری دەرەوەی سوید لە بەرامبەر ئەو داوایانە و تۆمەتەکانی تورکیا وتی، سیاسەتی سوید بەرامبەر بە پەکەکە نەگۆڕاوە و هەر پەکەکە بەهێزێکی «تیرۆریستی» دەزانن. لیند راست دەکات و هێشتا پەکەکە لە لیستی تیرۆری سویددایە و ناوەکەی دەرنەهێنراوە. لیند لەوەش زیاتر دەڕوات و دەڵێت، سوید لە دوای تورکیا یەکەم وڵات بووە، کە لەسەردەمی پاڵمەدا پەکەکەی خستووەتە «لیستی تیرۆر». لیند دەیەوێت بە تورکیا بڵێت، گەرچی کوشتنی پاڵمە لەسەر پەکەکە نەماوە، بەڵام پەکەکە لەسەردەمی ئەودا لەو لیستەدایە و ئێمە هەر پابەند دەبین بە مانەوەی ناوی پەکەکە لەو لیستەدا. ئەگەر بێت‌و سوید داوای لێبوردن لەکورد بکات، کۆمەڵێک پابەندبوونی یاسایی و سیاسیی بۆ دروست دەبێت. هەر چۆن ئەگەر تورکیا دان بەکۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکاندا بنێت، کۆمەڵێک پێبەندنی و کۆت و بەندی بۆ دروست دەبێت و هاوکات دانانە بەو تاوانەدا، بۆیە رەنگە بەشێک لەڕێچکەی سیاسەت لە سوید چاو لەو سیاسەتەی تورکیا بکەن و ئامادە نەبن داوای لێبوردن لە کورد بکەن. ئەگەری ئەوەش هەیە سوید هەوڵبدات خۆی لەو پابەندییە لابداو گوشارەکانیان لەسەر پەکەکە بەردەوام بێت و ناوی پەکەکە لەلیستەکەیاندا بهێڵنەوە. بەوەش تورکیا رازی بکەن و پەکەکەو کوردیش بەو لیستەوە قەتیس بکەن. سوید لەدۆسیەی جولیان ئاسانژ دامەزرێنەری ویکیلیکس دا هاوکاریی ئەمریکای کرد. پێشتریش بەناڕەوا پەکەکەی بە بکوژی پاڵمە ناساند، بۆیە سیستمی سیاسیی سوید ئەو بەهەشتە دیموکراتییە بێخەوشەش نییەو هەموو کات ئەگەری مامەڵەو سەودای بەهەندێک کەیسی هەستیارەوە لێدەکرێت. سوید بەدروستکردنی مینی دژە نەفەرو دینامیت و موشەک هاوکاریی زۆرێک لەدەوڵەتە دیکتاتۆرییەکانی کردووە، کە ئەو دەوڵەتانە لە بری دیموکراسی لایەنی شەڕانگێزییان لەسوید وەرگرتووە. سوید بۆ ئەوانەش گرێبەست و سەفەقاتی زۆر گەورەی ئەنجامداوە و یەکێکە لەهەناردەکارە گەورەکانی چەک بۆ سەرتاسەری جیهان، کە لەئەنجامدا چەک بۆ کوشتنی مرۆڤ بەکاردەهێنرێت. جگە لەوانەش سوید لەساڵی ٢٠٢٠دا رەسوڵ ئۆزدەمیری رادەستی تورکیا کرد. بەچەند پەنابەری تری کوردیشیان راگەیاندووە، دۆسیەکانیان وەرنەگیراوە و رادەستی تورکیا دەکرێنەوە. لەبەر نیگەرانیەکان ١٧ رۆشنبیری سویدی لە نامەیەکی هاوبەشدا، کە هاوکات لە پێنج رۆژنامەی سویددا بڵاوکرایەوە داوایانکرد، دەوڵەتی سوید هیچ رۆژنامەنووس و رۆشنبیر‌و نووسەرێک رادەستی تورکیا نەکات. تورکیا داوای کێ لەسوید دەکات بەپێی میدیاکان، تورکیا داوایکردووە، ئامینە کاکە باوە پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئێستای سوید، ئەڤین ئینجیر پەرلەمانتاری ئێستای پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر لیستی سۆسیال دیموکراتەکانی سوید، ئەڤین چەتین پەرلەمانتاری پیشووی سوید‌و محەمەد سیراج بیلگین نووسەر و رۆژنامەنووسی کورد، کە پێنج ساڵ لەوەو پێش لە سوید کۆچی دوایی کردووە رادەست بە تورکیا بکرێنەوە. جگە لەوانەش دەوترێت تورکیا داوای رادەستکردنی پێنج کەسی سویدی کردووە، کە یەکێکیان پیتر هولتکویست وەزیری بەرگریی ئێستای سویدە. تورکیا پێیوایە لەبەرئەوەی موشەک و درۆنی سویدی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕ لەدژی داعش بەدەست یەپەگە گەیشتووە و یەپەگەش ئەوانەی لەشەڕی دژ بەداعشدا بەکارهێناوە، ئەوا وەزیری بەرگریی سوید پاڵپشتیی لە تیرۆر کردووە، بۆیە دەبێت رادەست بەتورکیا بکرێت!. دوو ساڵ لەوەو پێش لەڕاپۆرتی رێکخراوی سیتای سەر بەدەوڵەتی تورکیادا ناوی هەموو ئەو کەسانە وەک پشتیوانیانی تیرۆر هاتووە، بۆیە ئەو ناوانە لەئێستادا زۆر باسیان لێدەکرێت، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە تورکیا لەمێژ بووبێت بەدوای ئەو کەسانەوە بێت و لەئەگەری ئەوەدا سوید رادەستیان نەکات وەک تیرۆرکردنی ساکینە جانسزو هاوڕێکانی ئەمانیش تیرۆر بکات
هاوڵاتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان ئاشكرای دەكات شەپۆلێكی برسێتی زۆربەی ناوچەكانی جیهان دەگرێتەوە و پشێوی كۆمەڵایەتی و ئابووری دروست دەبێت. ئەنتۆنیۆگۆتێریس، سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند:" جەنگی ئۆكرانیا كاریگەری بۆ سەر ملیارێك و 600 ملیۆن كەس دروستكردووە". گۆتێریس لەمیانی پێشكەشكردنی راپۆرتی دووەمی كاریگەرییەكانی جەنگی ئۆكرانیا راشیگەیاند، لێكەوتەكانی جەنگی ئۆكرانیا خێراتر دەردەكەون، مەترسیدارن. هاوكات سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان ئەوەشی دووپاتكردەوە كە جەنگ هەڕەشە لەگشت خەڵكی جیهان دەكات، راشیگەیاند:" بەهۆی كاریگەرییەكانی جەنگی ئۆكرانیا شەپۆلێكی برسییەتی، بێ پەناگەیی زۆربەی ناوچەكانی جیهان دەگرێتەوە، بەهۆیەوە پشێوی كۆمەڵایەتی و ئابووری دروست دەبێت. جەنگی ئۆكرانیا لە 24 شوبات 2022وە دەستیپێكردووە و كاریگەری بۆ سەر بازاڕەكان و ئابووری جیهان دروستكرد.
هاوڵاتی ئامینە كاكە باوە، لەپەرلەمانی سویدەوە بەرانبەر ئەردۆغان وەستایەوە كە ئەو داواكاریانەی هەیانە لەحكومەتی سوید، سوید رەتیبكاتەوەو بەو مەرجە دەنگی بەلێسەندنەوەی متمانە لەوەزیری داد‌و ناوخۆ نەداو لەپەرلەمانیشەوە رایگەیاند:» ئەرتەشی توركیا 25 ساڵە هێرش دەكاتەسەر كوردەكان و خەڵكی بێ‌تاوان دەكوژێت». دوێنێ سێشەممە 7ی حوزەیرانی 2022، لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی سوید تایبەت بە لێسەندنەوەی متمانە لەوەزیری داد دەنگی ئامینە كاكە باوە یەكلاكەرەوە بوو. ئامینە كاكە باوە، لەپەرلەمانی سوید وتی:» لەماوەی بیست و پێنج ساڵی رابردوودا ئەرتەشی توركیا بە بەردەوامی سنوورەكانی عێراقی بەزاندووە و هێرشی كردووەتە سەر كوردەكانی عێراق». هەروەها وتیشی:» ئەرتەشی توركیا بە بەردەوامی بۆردومان و تۆپبارانی گوندەكانی كوردانی كردووەو سەدان كوردی بێ‌تاوانیان كوشتووە، ١٤٠ گوندیان وێران كردووە و هەزاران كەسیش ئاوارە بوون. خەڵكی ئەو دەڤەرە لەترس و دڵەڕاوكێدا دەژین، زەوی كشتوكاڵ، دارستان، باخ و بەروبوومی ئەو خەڵكە وێران بوون و لەناوچوون». هاوكات ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئەوەی توركیا لەكوردستانی عێراق دەیكات هیچ جیاوازیەكی نیە لەگەڵ ئەوەی لەعەفرین روودەدات» واتە بەكارهێنانی توندوتیژی دژی خەڵكی سڤیل و بنپێكردنی مافەكانی مروڤ». كاكە باوە وتیشی:» پرسیاری من لەوەزیری دەرەوەی سوید مارگوت ڤالستروم ئەوەیە: ئایا سوید سەبارەت بەو بابەتە چ هەنگاوێكی هەڵێناوەتەوە كە لەڕێگەی نەتەوەیەكگرتوەكان و یەكێتی ئەوروپاوە توركیا ناچار بەپاشەكشە لەكوردستانی عێراق بكات؟ مارگوت ڤالستروم وەزیری دەروەی سوید لەوەڵامدا وتی:» ئێمە بەردەوام ئەم مژارەمان لێرەدا لەمینبەری پەرلەمانەوە خستووەتە بەرباس و من شتێكی باشترم نیە لەوەی ئامینە باسی كرد بۆ ئاماژەدان بەڕەوشی ناوچەكە، بێگومان ئێمە لەڕێگەی پەیوەندی تایبەتی خۆمان و لەڕێگەی یەكێتی ئەوروپاوە كە ٢٨ وڵات لەخۆدەگرێ و پێكەوە بەهێزترو كاریگەرتر دەبین، فشار دەخەینە سەر توركیا سەبارەت بەم بابەتەو ئەو هەڵوێستانەی ئێمە هەمانە». وەزیری دەرەوەی سوید وتیشی:» ئێمە بەردەوام چالاك دەبین لەباسكردنی مافەكانی مروڤ و توندوتیژیەكان و ئەوانە كێشەی بەرچاون لەتوركیادا و بەردەوام بەرفراوان دەبنەوە. ئەوە كێشەیەكی گەورەیە لە توركیادا ئەگەر باسی پرسی كورد بەگشتی نەكرێ». هاوكات وەزیری دەرەوەی سوید ئەوەی دووپاتكردەوە كە خوازیارن كە پرسی كورد بكەوێتە رۆژەڤەوەو دانوساندنەكان دەستپێبكەنەوە و دانیشتنەكان بۆ باسكردنی ئاشتی بێت لەداهاتوودا. لەبەرانبەردا ئامینە كاكە باوە باسی لەوەكرد كە سێشەمەی رابردوو لەپەرلەمان دوو میوانیان لەكوردستانەوە هەبووە كە»شیروان شیروانی و تارا حوسێن» رۆژنامەوان و چالاكی سیاسی و مافەكانی مرۆڤن و داوایان لەپەرلەمان و دەوڵەتی سوید ئەوە بووە كە پێش بەم بۆردومان و هێرشانەی توركیا بگرن، هەر لەکاتی ئەو قسانەیان هەواڵ بڵاوبووەوە كە چوار كەس لە بۆردومانەكانی توركیادا كوژراون كە كوردی سڤیلن». ئامینە پرسیاری ئەوەی كرد كە ئایا دەوڵەتی سوید‌و وەزیری دەرەوە واتە بەڕێزتان، ئەمە دەخەنە بەرباس لەگەڵ توركیادا كۆتایی بەم وەزعە بێنێت، چونكە ئەو شوێنانەی بۆردومانیان دەكات پ ك ك-ی لێ نیە و تەنیا خەڵكی سڤیل لەوێدا دەژین؟ لەوەڵامدا، مارگوت ڤاڵستروم وتی:» ئاواتەخوازم بمتوانیایە بڵێم كە دەستبەجێ كۆتایی بەو بۆردومانانە بێنن، ئەوە ویستی شەخسی خۆمە، بێگومان ئێمە دەبێ هەموو رێگا‌و رێبازە سیاسییەكان بگرینەبەرو فشار بخەینەسەر توركیا كە بەپێی پرنسیپەكانی مافی مروڤ بجوڵێتەوەو رێبازێكی ئاشتیانە بگرێتەبەرو ئێمە یارمەتیدەری قوربانیانی بۆردومانەكان بین و كەڵك لەهەموو ئامرازەكانمان وەربگرین». ئامینە كاكە باوە دەنگی بۆ لێسەندنەوەی متمانە لەوەزیری داد‌و ناوخۆ نەداو بەو هۆیەوە حكومەتی سوید بەسەرپەرشتی سۆشیالیستەكان بەردەوام دەبێت كە لیبراڵەكان(راستڕەوەكان) داوایان كرد كە متمانەی لێوەربگیرێتەوە. ئەو وتانەی ئامینە كاكە باوە حكومەتی سوید ناچار دەكات ئەو داواكاریانەی توركیا هەیەتی بۆ تەسلیمكردنی دەیان داواكراو سوید رەتیبكاتەوە كە یەكێكیان ئامینە كاكە باوە، پەرلەمانتاری سویدە.
هاوڵاتی ئامینە كاكە باوە لەناو پەرلەمانی سوید رایگەیاند:" چۆن ئەردۆغان لەوسەری دنیاوە دێت سوید بەڕێوە دەبات و كورد بە كیمیایی دەكوژێت"، حكومەتی سوید ڕازی بوو بە داواكارییەكانی ئامینەكاكە باوە بۆ بەردەوامیدان بە پشتگیریكردن لە دۆزی كورد بە تایبەت لە ڕۆژئاڤای كوردستان و ئەویش دەنگی بە هەڵوەشاندنەوەی حكومەت نەدا. مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو، بە مەرجی پشتیوانی كرد لە دۆزی كورد بە تایبەت ڕۆژئاڤای كوردستان ئامینەكاكە باوە، وەك تاكە دەنگی یەكلایی كەرەوە دەنگی بە كابینەی سۆسیال دیموكراتەكانی سوید دا و توانیان حكومەت دروستبكەن، لە بەرامبەردا لیبراڵەكان بوون بە ئۆپۆزسیۆن. ئامینەكاكە باوە لەناو پەرلەمانی سویددا دەنگی یەكلاكەرەوەیە لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و حكومەتدا، بەو پێیەی سۆسیال دیموكراتەكان كە پێكهێنەری حكومەت خاوەنی 274 دەنگن و ئۆپۆزسیۆنیش خاوەنی 274 دەنگە. دوای ساڵێك لە پێكهێنانی حكومەتی سوید لەلایەن سۆسیال دیموكراتەكانەوە، پرسی بە ئەندامبوونی سوید لە ڕێكخراوی ناتۆدا هاتە ئاراوە، دەوڵەتی تورك كە ئەندامی ناتۆیە، لە بەرامبەر ڕازی بوونیدابۆ بەئەندام بوونی سوید، چەند داوایەكی خستە بەردەم حكومەتی سوید گرنگترینیان بە تیرۆرست ناساندنی "یەپەگە و یەپەژە" و بڕینی هاوكارییەكان بۆ ڕۆژئاڤا و فرۆشتنی چەك بە توركیا. ئامینەكاكە باوە لەسەر ئەو پرسە هەڵوێستی وەرگرت و هەڕەشەی ئەوەی كرد لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی سویددا دەنگدەدات بە متمانە وەرگرتنەوە لە وەزیری داد كە پرۆژەكە لەلایەن لیبراڵەكانەوە پێشكەشكرابوو. حكومەتی سوید لە بەرامبەر هەڵنەوەشاندنەوەیدا ناچاربوو مل بۆ داواكارییەكانی ئامینەكاكە باوە بدات، بۆیە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی سویددا ئامینەكاكە باوە دەنگی نەدا بە وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیری داد. لە وتارێكدا ئامینەكاكە باوە كە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا پێشكەشی كرد رایگەیاند:" چۆن ئەردۆغان لەوسەری دنیاوە دێت سوید بەڕێوە دەبات و كورد بە كیمیایی دەكوژێت". ئامینە كاكە باوە، لە گوندی تورجانی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە، لە ساڵی 1992ەوە لەسوید دەژی، 17 ساڵە لەناو پارتی چەپی سوێدیەو ماوەی دوو خولە ئەندامی پەرلەمانی سویدە.
هاوڵاتی لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا ناڕەزایەتیی زۆر بەرامبەر توركیا سەریهەڵدا و پەرلەمانتارانی ئەوروپا لە ڕاپۆرتی تایبەت بە دۆخی توركیادا، چەندین ناڕەزایەتییان بەرامبەر سیاسەتەكانی ئەردۆغان و داگیركارییەكانی لە باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان نیشاندا. بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 7ی حوزەیرانی 2022، راپۆرتێك لەبارەی پێشێلكاری و داگیركارییەكانی ئەردۆغان بخرێتە دەنگدانەوە و هەڵوێستێكی توند بدەنە حكومەتی توركیا. لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپادا كە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە دەستیپێكردووە، ڕاپۆرتێكی تایبەت لەبارەی دۆخی توركیا خوێندرایەوە، لەبارەی بارودۆخی ئازادیی ڕادەربڕین و دیموكراسیی و هێرشەكانی توركیا بۆ سەر كوردستان. ناچۆ سانچێز ئامۆر، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا ڕاپۆرتەكەی خوێندەوە و ڕایگەیاند:" ڕۆڵی جیۆپۆلەتیكی توركیا هەرچییەك بێت یەكێتیی ئەوروپا بێدەنگ نابێت بەرامبەر پێشێلكردنی ئازادییە بنچینەییەكان". وتیشی: توركیا جیۆپۆلەتیكەكەی بەرامبەر ڕۆژئاوا قۆستووەتەوە و سیاسەتی هێرشكردن بەڕێوەدەبات، لە ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكاندا دەردەكەوێت كە بنەماكانی دیموكراسیی لە چ كارەساتێكدان. هەروەها باسی پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە)ی كرد كە خاوەنی شەش ملیۆن دەنگە و زیاتر لە سەد شارەوانییە، كە لە چەند مانگی ڕابردوو بڕیاری نایاساییبوون بەسەر سێیەم گەورەترین پارتی وڵاتەكەدا سەپێندراوە، وتیشی:" دەبێت مامەڵەكردن لەگەڵ هەموو ئەو كەسانەی یاسا پێشێل دەكەن وەك یەك بێت، توركیا لە پێگەی داگیركەردایە لە ڕۆژئاوا و باشووری كوردستان". هاوكات دیمیتریۆس پاپادیمۆلیس، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند:" ئەگەر ئێمە دەمانەوێت لە توركیا دیموكراسیی بەدی بێت، ئەوا پێویسمان بە هەڵوێستێكی بەهێز هەیە بەرامبەر ئەردۆغان".
هاوڵاتی پەرلەمانتارێكی سوید كە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە دەنگی یەكلاكەرەوەیە بۆ هەڵوەشانندەوەی حكومەتی سوید كە دەیانەوێت هاوكاری حكومەتەكەی ئەردۆغان بكەن لەپێناو بوون بە ئەندامبوونیان لە ناتۆدا. ئێستا سۆسیال دیموكراتی سوید كە حكومەتیان بەدەستەوەیە دەیەوێت دژی كورد هاوكاری دەوڵەتی توركیا بكات لەپێناو بوون بە ئەندامبوونی وڵاتەكەیان لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی(ناتۆ)، لەوبارەیەوە ئامینە كاكە باوە هۆشداری داوەتە حكومەتی سویدی. ئەمڕۆ 7ی حوزەیرانی 2022، پەرلەمانی سوێد بۆ دەنگدان لەسەر لێسەندنەوەی متمانە لە مۆرگان جۆهانسۆن، وەزیری داد و ناوخۆی سوێد كۆدەبێتەوە. ماگدالینا ئاندێرسۆن، سەرۆكی حكومەتی سوید رایگەیاند: "متمانە لە وەزیری داد بسەندرێتەوە منیش دەستلەكاردەكێشمەوە". ئەوانەی دەیانەوێت متمانە لە وەزیری داد و ناوخۆی سوید بسەننەوە خاوەنی 173 كورسی پەرلەمانن و پێویستیان بە دەنگی ئامینە كاكە باوە و پەرلەمانتارێكی دیكەیە كەناوی(ریچهۆڤ رۆگل) بۆ ئەوەی متمانە لە جۆهانسۆن بسەندرێتەوە. ئامینەی كاكە باوە نوێنەری ناوچەی ستۆكهۆڵمی پایتەختی سویدە، ئێستا وەك نوێنەرێكی بێلایەن كاردەكات، پێشتر نوێنەری حیزبی چەپی سویدی بووەو ئەمڕۆ دەنگی یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ سەندنەوەی متمانە لە وەزیری داد‌و ناوخۆی سوید. بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكە كە لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە بڵاوكراوەتەوە، كاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ لەسەر داوای 47 پەرلەمانتار، دەنگدان بۆ سەندنەوەی متمانە لە مۆرگان جۆهانسۆن، وەزیری داد و ناوخۆی سوێد بەڕێوەدەچێت. ئامینە كاكە باوە كێیە؟ ـ سیاسەتمەدارێكی كوردی سویدیە و لە ساڵی (٢٠٠٨)دا بووەتە ئەندام پەرلەمانی سوید. ـ لە ساڵی (١٩٧٠) لە گوندی (تورجان)ی سەر بە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە. ـ لە تەمەنی (١٣) ساڵیدا پەیوەندی دەكات بە كۆمەڵەی كوردستانی ئێرانەوە و دەبێتە پێشمەرگە. ـ لە ساڵی (١٩٩٢) كە تەمەنی دەگاتە (١٩) ساڵ كۆمەڵە بەجێدەهێڵێت و دەچێتە سوید و ساڵانی دواتر دەبێتە پەرلەمانتار. ـ بەكالۆریۆسی لە بواری ڕاوێژی كۆمەڵایەتی و بڕوانامەی ماستەری لە زانكۆی ستۆلهۆڵم وەرگرتوە. ئامینە كاكە باوە لەگەڵ وەزیری دادی سوید
هاوڵاتى سه‌رۆک کۆمارى تورکیا په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌له‌فونى له‌گه‌ڵ سکرتێرى گشتیى ناتۆ ئه‌نجام ده‌دات و باسى پارتى کرێکارانى کوردستانى بۆ ده‌کات. به‌پێى ئاژانسى ئه‌نادۆڵى تورکی، که‌زمانحاڵى حزبه‌که‌ى ئه‌ردۆغانه ئه‌وه‌ى ئاشکرا کردووه که ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆک کۆمارى تورکیا په‌یوه‌ندیه‌کى ته‌له‌فۆنى له‌گه‌ڵ یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێرى گشتیى ناتۆ ئه‌نجامداوه و داواکاریى سوید و فینلاندیان بۆ ئه‌ندامبون له ناتۆ، تاوتوێ کردوه، ئه‌ردۆغان جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه، که "پێویسته هه‌ردو وڵات (سوید و فینلاند) به رونى ئه‌وه بخه‌نه‌ڕو که وازیان له پاڵپشتیکردنى تیرۆر هێناوه، ئاماده‌ن هاوسۆزیى هاوپه‌یمانى نیشان بده‌ن". هه‌روه‌ها ئه‌ردۆغان به سکرتێرى گشتى ناتۆى راگه‌یاندووه که نیگه‌رانییه ئه‌منییه‌کانى تورکیا سه‌باره‌ت به داواکارییه‌کانى سوید و فینلاند بۆ ئه‌ندامێتى له‌سه‌ر بنه‌ماى دادپه‌روه‌رانه و ره‌وا دامه‌زراوه". هاوکات ئه‌ردۆغان جارێکى دیکه ئه‌وه‌ى دووپاتکردووه‌ته‌وه که ره‌زامه‌ندى وڵاته‌که‌ى بۆ بون به ئه‌ندامى سوید و فینلاند له ناتۆ په‌یوه‌سته به به‌وه‌ى ئه‌و وڵاتانه تا چ ئاستێک رێز له هه‌ستیارییه‌کانى تورکیا ده‌گرن، به‌تایبه‌ت له بابه‌تى راده‌ستکردنه‌وه‌ى که‌سانى داواکراو به تورکیا، به‌پێچه‌وانه‌وه ناهێڵن بێنه‌ناو ناتۆوه. رۆژى 18ى ئایارى 2022 سوید و فینلاند داواکارییان بۆ ئه‌ندامبونیان له ناتۆ به فه‌رمى به‌رزکرده‌وه‌و داواکارییه‌که له‌لایه‌ن زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى رێکخراوه‌که به گه‌رمى پێشوازى لێ‌کرا، به‌تایبه‌ت جۆبایدن، سه‌رۆکى ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا، به‌ڵام ئه‌ردۆغان له دژى بڕیارى به ئه‌ندامبونى ئه‌و دو وڵاته وه‌ستایه‌وه و بیانووى ئه‌وه‌ى هێنایه‌وه که ئه‌و دوو وڵاته ئه‌ندامانى پارتى کرێکارانى کوردستانى تێدایه‌و ده‌بێت راده‌ستى تورکیا بکرێنه‌وه. پێشتر، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سوید ئه‌وه‌ى خستبووه روو که تورکیا لیستێکى 30 که‌سى ئاماده کردووه و له‌رێگه‌ى باڵوێزى تورکیا پێیان گه‌یشتووه‌و یه‌کێک له‌وانه ئامینه کاکه‌باوه، په‌رله‌مانتارى سویده، ئه‌مه‌ش کاردانه‌وه‌ى توندى سویدییه‌کانى لێکه‌وته‌وه. له‌لایه‌کى دیکه‌وه به‌رپرسانى فینلاند ئه‌وه‌یان دووپاتکرده‌وه که رێز له‌مافى مرۆڤ ده‌گرن و ناچنه ژێر بارى داواکارییه‌کى تورکیاوه که پێشێلکردنى مافى هاوڵاتییه‌کانى بێت.
هاوڵاتى سه‌رۆکى ئۆکرانیا هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ى له‌لایه‌ن روسیاوه داگیرکراوه ئاشکرا ده‌کات و ده‌شڵێت:"سه‌رکه‌وتن بۆ ئێمه‌یه". ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکى سه‌رۆکى ئۆکرانیا له وتارێکى ڤیدیۆییدا له په‌رله‌مانى لوکسه‌مبۆرگ ئاشکرایکرد، تا ئێستا روسیا ته‌نها 20٪ى خاکى ئۆکرانیاى داگیرکردووه. هه‌روه‌ها رایگه‌یاند"پێویسته به‌رده‌وامبین له به‌رگریکردن له خۆمان له دژى سوپاى روسیا و سه‌رجه‌م ئه‌و پلانه جه‌نگیانه‌ى رووسیا بۆ ده‌ستدرێژیکردنه سه‌ر خاکى ئۆکرانیا." جه‌نگى روسیا به‌رانبه‌ر ئۆکرانیا له 24ى شوباتى ئه‌مساڵدا ده‌ستى پێکردووه‌و تا ئێستا ماوه‌ى سه‌د رۆژى ته‌واوه به‌رده‌وامه‌و هێڵه‌کانى شه‌ڕ به درێژایى هه‌زار کیلۆمه‌تر درێژبوونه‌ته‌وه.
سازدانی: کاوه ڕه‌ش.به‌ریتانیا کچه کوردێک له به‌ریتانیا یه‌کێکه له کاندیدان بۆ شاجوانى ئه‌و وڵاته‌و ده‌ڵێت:"به‌ته‌نها جوانی ڕووکه‌ش و ڕوخسار‌و له‌ش ولار مه‌رج نیه، به‌ڵکو کاره خۆبه‌خشیه‌کان و خێرخوازى و ژینگه دۆستى پێوه‌رن بۆ به‌شداریکردن. ڕۆزا کوردۆ ته‌مه‌ن 25 ساڵ کانیدید کراوه بۆ به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنی شاجوانی که ده‌رگای زیاتر ده‌کاته‌وه بۆ تێکه‌ڵاو بوون له‌گه‌ڵ که‌سانی سیاسیی و هونه‌ری و چالاکوانانان. رۆزا له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى وتى:" یه‌کێکم له‌کاندیده‌کانی پێشبڕکێی شاجوانی و هیواده‌خوازم تاجی شاجوانی ئینگلته‌را بۆ ساڵی 2022 له‌سه‌ر بکه‌م". رۆزا ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد که کاتێک پێم وترا دیداره‌که بۆ ڕۆژنامه‌ی "هاوڵاتی"یه، زۆرخۆشحاڵ بووم، وتیشى:"باوکم هه‌میشه خوێنه‌رێکی به‌رده‌وامی رۆژنامه‌و سایتى هاوڵاتی"یه. ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد که هه‌ربه‌م دوایانه‌ش له‌گه‌ڵ دایک و باوکى بانگهێشتکراون بۆ چاوپێکه‌تنێک له‌ڕۆژنامه‌ی میرۆری به‌ریتانی، له‌سه‌ر کاری خۆبه‌خشی له‌لایه‌ن ئه‌ندام په‌رله‌مانی به‌ریتانی (باڕۆنیس نیکۆڵسۆن) که‌ئافرتێکه زۆر دۆستی کورده‌و زیاتر له30ساڵه له‌نزیکه‌وه کارله‌سه‌ر ڕه‌وشی عێراق و کوردستان ده‌کات، وتیشى:" ده‌مه‌وێ سوپاسی پشتگیری دایک و باوک و خاڵم بکه‌م، که‌ئه‌وان هه‌میشه هانده‌رو ڕێخۆشکه‌رم بوون، تابگه‌م به‌خه‌ونه‌کانم". وه‌ک ڕۆزا خۆی ده‌ڵێت، یه‌کێک له‌مه‌رجه‌کانی ئه‌وانه‌ی ده‌پاڵوێرێن بۆ پێشبڕکێ شاجوانی ئینگلته‌را، بریتیه له‌وه‌ی ئه‌و کاندیده ده‌بێ که‌سێکی چالاکی بواره‌کانی مرۆڤ دۆستی و ژینگه‌پارێزی و کارى خۆبه‌خشى بێت، وتی:" له‌و پێشبڕکێیه‌دا، به‌ته‌نها جوانی ڕووکه‌ش و ڕوخسار‌و له‌ش و لار مه‌رج نیه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریبیت، به‌ڵکو کار‌و کرده‌وه خۆبه‌خشیه‌کانى وه‌ک ژینگه دۆستى و کارى خۆبه‌خشى پێوه‌رن بۆ به‌شداریکرد ". ڕۆزا کوردۆ، جگه‌له‌وه‌ی که‌خوێندکاری ساڵی چواره‌می زانکۆی وێستمینسته‌ره، له‌شاری له‌نده‌ن له‌به‌شی (biomedical sciences) هاوکات کاری په‌رستاریش ده‌کات، له‌یه‌کێک به‌ناوبانگترین سه‌نته‌ره‌کانی پزیشکی (NHS) له‌ناوچه‌ی هارلی شاری له‌نده‌ن. ئه‌و کچه کورده، ده‌شڵێت که هه‌رله‌ته‌مه‌نی 16ساڵیه‌وه، خولیای بواره‌کانی نوسین و هونه‌ری تابلۆ کێشانى هه‌بووه‌و به‌شداری چه‌ندین پێشانگای تایبه‌ت و به‌ناوبانگی نمایش‌کردنی تابلۆکانى کردووه له‌به‌ریتانیا. هه‌روه‌ها له‌بواری نوسین و کتێب‌دا، ده‌یه‌وێ زیاتر بره‌و به‌تواناکانى بدات و ئێستا کتبێکی نوێى ئاماده‌یه‌و چاپ و بڵاوی ده‌کاته‌وه به‌ناوی(journey of a thousand Kurds) کۆچی هه‌زاره‌ها کورد، وتیشى:" یه‌که‌مجار به زمانى ئینگلیزى بڵاویده‌که‌مه‌وه‌و دواتریش بۆ خوێنه‌ری کوردزمانیش وه‌ری ده‌گێڕین". ڕۆزا ساڵی 2018 له‌سه‌ر بانگهێشتی ڕۆژنامه‌ی میرۆری به‌ریتانی به‌شداری کۆنفراسێکی تایبه‌تی په‌رله‌مانی به‌ریتانیاى کردووه ده‌رباره‌ی ڕه‌وشی کوردستانی عێڕاق. ئه‌و کچه کورده له‌ڕێی نوسین و چاوپێکه‌وتنه‌کانیدا له‌ڕۆژنامه‌کان ده‌خوازێ نه‌هامه‌تی و کۆمه‌ڵکوژیه‌کانی سه‌رکورد له‌مێژوودا به‌دونیای ده‌ره‌وه بناسێنی، له‌دیدارێکی ئه‌م دوایانه‌ی ڕۆژنامه‌ی میرۆری به‌ریتانی ده‌ڵێت:" به‌شێکی زۆری ئه‌وکێشانه‌ی ئێستا له‌باشوری کوردستان هه‌ن، ڕه‌گ و ڕیشه‌یان ده‌گه‌رێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ڕژێمی سه‌دام حوسه‌ین و ڕژێمه‌کانی پێشوتر که‌ده‌ستیان هه‌بووه له‌کۆمه‌ڵکوژیی و ئه‌نفال و کیمیاباران و ئاواره‌بونی کورد بۆ ده‌ره‌وه". بۆیه ده‌ڵێت:" وه‌ک کوردێکی په‌ناهه‌نده‌و مرۆڤدۆست، زۆر نیگه‌رانم له‌دواین بڕیاری حوکمه‌تی به‌ریتانیا بۆ ڕه‌وانه‌کردنی په‌ناخوازان بۆ ئه‌فریقاو به‌کارێکی قێزه‌ونی ده‌زانم دژ به‌ژیانی په‌ناخوازان، چونکه ئێمه‌ش به‌و ڕۆژگاره سه‌ختانه‌ی ئاواره‌یی و په‌ناهه‌نده‌ی تێپه‌ڕیووین". ڕۆزا ڕوونی ده‌کاته‌وه، که‌چۆن کاتێک له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی گه‌یشتوونه‌ته به‌ریتانیا، ته‌نانه‌ت نه‌یانتوانیوه به‌ئینگلیزی بدوێن و په‌یوه‌ندی بکه‌ن، به‌ڵام پاش هه‌وڵ و تێکۆشان، ئێستا له‌خێزانه‌که‌یاندا که‌سانی پارێزه‌رو کارمه‌ندی ته‌ندروستی و پیاوی بازرگان بوونیان هه‌یه. "هه‌موو ئه‌وانه‌ی فێری بووین و پێی گه‌یشتوین له‌ئه‌نجامی باوه‌ش بۆکردنه‌وه‌و پێشوازی لێکردنی ئه‌م ووڵاته بووه بۆکه‌سانی وه‌ک ئێمه، هه‌موومان که‌لتوورو حوکمه‌تی به‌ریتانیامان خۆش ده‌وێت به‌وه‌ی پێی به‌خشیون و کار ده‌که‌ین بۆئه‌وه‌ی پاداشتی کۆمه‌ڵگای به‌ریتانیا بده‌ینه‌وه، کۆچبه‌رانی وه‌ک ئێمه ده‌توانن ببن به‌به‌شێک له‌به‌ڕێوه‌بردن و هاوکاری کردنی ووڵات له‌هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا"، رۆزا واى وت. ڕۆزاو خێزانه‌که‌ی، هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی به‌ریتانیان و ماوه‌ی 18 ساڵه له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی، له‌شاری (پلیمۆس) ژیاون و دواتر ڕۆزا بۆ کار‌و خوێندن ناچار بووه بچێته له‌نده‌ن. ڕۆزا ده‌ڵێت ئامانجی سه‌ره‌کی بۆ پێشبڕکێی شاجوانی ئه‌وه‌یه که"بتوانم له‌و ڕێگایه‌وه پڕۆژه‌یه‌کی خێرخوازیی دروست بکه‌م و سوودم بۆ کۆمه‌ڵگا هه‌بێت، تابتوانم داهاتویه‌کی گه‌ش بنیادبنێم". هه‌موو که‌سێک ده‌توانێت به‌شداری ده‌نگدان بکات له‌ڕێگای ئه‌پێکه‌وه به‌ناوی miss England ده‌نگ بدات، داوا ده‌که‌م پشتیوانیم بکه‌ن. ڕۆزا کوردۆ، ئه‌و کاته‌ی ته‌مه‌نی ته‌نها پێنج ساڵان ده‌بێت، هاوشانی دایکی، ڕێگای پڕمه‌ترسی و مان و نه‌مانی هه‌نده‌ران ده‌گرنه‌به‌ر به‌دوای ژیانێکی باشتر‌و پارێزراودا ده‌گه‌ڕان و به‌ڕێگای زه‌مینی و ده‌ریادا، دوای گه‌شتێکی پڕنه‌هامه‌تیی و ترسناک، خۆیان گه‌یاندۆته به‌ریتانیا. "ئێمه هه‌موو به‌و ناخۆشیانه‌دا تێپه‌ڕیوین، بۆیه ئه‌وه به‌شێکه له‌ژیانی ڕابردووی ئێمه. بۆیه من ئێستا هه‌ست ده‌که‌م که‌من کێم. من ئه‌و که‌سه‌م که‌ئێستا له‌به‌ر ئه‌و شتانه‌ی به‌سه‌رماندا هاتووه ده‌بێ بڕوا‌و متمانه‌ی زیاترمان به‌خۆ بێت و هه‌وڵی چونه‌پێشه‌وه بده‌ین بۆ خزمه‌تکردنی کۆمه‌ڵگاو مرۆڤایه‌تی"، رۆزا وا ده‌ڵێت.
هاوڵاتى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا هۆشداریى ده‌داته ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له ئه‌نجامدانى هه‌ر هێرشێک بۆ سه‌ر باکوورى سووریا و رۆژئاڤاى کوردستان که به‌ه‌دست هێزه‌کانى سوریاى دیموکراته‌وه‌یه. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ئه‌ردۆغان، سه‌رۆککۆمارى تورکیا هه‌ڕه‌شه‌ى کۆنتڕۆڵکردنى شارۆچکه‌ى ته‌ل ره‌فعه‌ت و شارى منبجى کرد، بلینکن داواى له تورکیا کرد پابه‌ند بێت به‌و رێککه‌وتنى ئاگربه‌سته‌ی، که له ساڵى 2019 واژۆکراوه. ئەنتۆنی بلینکن، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا رایگه‌یاند: "هه‌ر هێرشێکى نوێى تورکیا بۆ سه‌ر باکوورى سووریا، شتێکه ئێمه دژایه‌تیى ده‌که‌ین". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند که" ئه‌و نیگه‌رانییه‌ى هه‌مانه ئه‌وه‌یه که هه‌ر هێرشێکى نوێ ده‌بێته هۆى تێکدانى سه‌قامگیریى هه‌رێمی، ده‌رفه‌ت بۆ لایه‌نه شه‌ڕانگێزه‌کان ده‌ره‌خسێنێت بۆ ئه‌وه‌ى سه‌قامگیرى بۆ مه‌رامه‌کانى خۆیان بقۆزنه‌وه." "ئێمه به‌رده‌وامین له شه‌ڕى دژى داعش به‌شێوه‌یه‌کى کاریگه‌ر له رێگه‌ى هاوبه‌شه‌کانمانه‌وه له نێو سووریادا و نامانه‌وێت هیچ شتێک مه‌ترسى بخاته سه‌ر هه‌وڵه‌کانى هێشتنه‌وه‌ى داعش له‌و سندووقه‌ى که خستوومانه‌ته نێوی"، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا وا ده‌ڵێت.
هاوڵاتى ئێف بى ئاى ئه‌مریکا رایگه‌یاند، ڤلادیمیر پوتن به‌هۆى سه‌ختى نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌که‌ی، له‌لایه‌ن پزیشکه‌کانه‌وه ته‌نها سێ ساڵى بۆ داندراوه که له ژیاندا ده‌مێنێته‌وه و بینایشى له‌ده‌ست ده‌دات. ده‌یلى مه‌یلى به‌ریتانى له زارى سیخوڕێکى ئێف بى ئاى ئه‌مریکییه‌وه بڵاویکرده‌وه که ڤلادیمیر پوتن سه‌رۆکى روسیا، له دوو بۆ سێ ساڵ زیاتر ناژى و شێرپه‌نجه‌که‌ى سه‌خته‌و زۆر ئه‌زێتى ده‌دات و بینایى چاوه‌کانى ورده ورده له‌ده‌ست ده‌دات. هه‌واڵى تێکچوونى ته‌ندروستى پوتن چه‌ند جارێک بڵاوکراوه‌ته‌وه‌و به‌تایبه‌ت پاش ده‌رکه‌وتنى له‌گه‌ڵ ئه‌لێکسانده‌ر لوکاشینکۆ سه‌رۆکى بیلاروسیا که به‌شێوه‌یه‌کى نائاسایى قاچه‌کانى به‌یه‌کدا ئاڵاندبوو. پوتن، سه‌رۆکى روسیا له 24ى شوباتى ئه‌مساڵ جه‌نگى به‌رانبه‌ر ئۆکرانیاى دراوسێى راگه‌یاند و تا ئێستا 30 هه‌زار سه‌ربازى کوژراوه‌و زیاتر له بیست هه‌زارى دیکه برینداربوون به پێى ئامارى فه‌رمى وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئۆکرانیا. هه‌ریه‌ک له ئه‌مریکاو که‌نه‌داو به‌ریتانیاو وڵاتانى ئه‌وروپا گه‌مارۆى ئابووریان خستۆته سه‌ر رووسیاو به‌و هۆیه‌وه روبڵى رووسى به‌هاکه‌ى به‌رانبه‌ر به دراوى ئه‌مریکى که‌مبووه‌ته‌وه‌و پوتن فشارى زۆرى له‌سه‌ره له‌لایه‌ن وڵاتانه‌وه، به‌ڵام سووره له‌سه‌ر داگیرکردنى ئۆکرانیا.
هاوڵاتى روسیا چالاکییه سه‌ربازییه‌کانى له ئۆکرانیا چڕتر ده‌کاته‌وه و ده‌یه‌وێت له پایزدا جه‌نگى سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر ئۆکرانیا رابگه‌یه‌نێت، سه‌رۆکی ئۆکرانیاش رایگەیاند:" بە دڵنیاییەوە لەم جەنگەی بەسەرماندا سەپێنراوە سەردەکەوين". میدیاکانى روسیا بڵاویانکرده‌وه که به‌رپرسانى روسیا گفتوگۆى هێرشکردنه سه‌ر پایته‌ختى ئۆكرانیا( کێڤ) ده‌که‌ن و هێرشه‌کان فراوانتر ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێت له پایزى ئه‌مساڵدا جه‌نگى سه‌رکه‌وتن رابگه‌یه‌نن. پێتر، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ وته‌بێژى وه‌زاره‌تى به‌رگریى روسیا، رایگه‌یاندووه که سوپاى وڵاته‌که‌ى له رێگه‌ى مووشه‌کى زۆر هه‌ستیاره‌وه ناوه‌نده‌کانى فه‌رمانده‌یى سوپاى ئۆکرانیایان کردووه‌ته ئامانج. لاى خۆیه‌وه، ڤۆڵۆدمیر زلێنیسکی، سه‌رۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند:" بە دڵنیاییەوە ئۆکرانیا لەم جەنگەی کە بەسەریدا سەپێنراوە سەردەکەوێت و ئەو بابەتەش لەسەر پرسەکانی کات، توانای سەربازی ئۆکرانیا، دانوستانەکان لەگەڵ ڕوسیا و هاوکارییەکانی رۆژئاوا بۆ کیێڤ یەکلایی دەکەنەوە". زیاتر له سێ مانگه هێرشه‌کانى روسیا بۆ سه‌ر ئۆکرانیا به‌رده‌وامه و له سه‌ره‌تاى جه‌نگدا روسیا رایگه‌یاند، له‌ماوه‌ى ٤٨ کاتژمێردا کیێڤى پایته‌ختى ئۆکرانیا کۆنترۆڵ ده‌که‌ن، به‌ڵام هاوکارییه سه‌ربازییه‌کانى ئه‌مریکاو وڵاتانى ئه‌وروپاو که‌نه‌دا توانا سه‌ربازییه‌کانى ئۆکرانیایان بۆ رووبه‌رووبونه‌وه‌ى سوپاکه‌ى پوتن به‌هێز کردووه.
هاوڵاتى مایکڵ ڕۆبن، لێکۆڵه‌رى ئه‌مریکیى له دوایین ڕاپۆرتیدا نوسویه‌تى:" حکومه‌ته‌که‌ى بایدن ده‌یان فرۆکه‌ى جه‌نگى نوێ له جۆرى ئێف 16 به تورکیا ده‌فرۆشێت، فڕۆکه جه‌نگییه‌کان له بۆردومانى گوند و ناوچه کوردییه‌کانى باکوورى سووریا و عێراق به‌کارده‌هێنێت". مایکڵ ڕۆبن نوێتریین وتارى له ماڵپه‌ڕى واشنتۆن ئێکزامینه‌ر بڵاوکردووه‌ته‌وه و تێیدا ڕه‌خنه له ئیداره‌که‌ى بایدن ده‌گرێت، که دوو هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر پێشنیازى پاڵپشتى نوێکردنه‌وه و فرۆشتنى که‌ره‌سته‌ى سه‌ربازیى به تورکیا په‌سه‌ندکرد. هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکردووه که ئه‌مریکا ده‌یه‌وێت ئه‌و که‌لوپه‌له سه‌ربازییانه‌ى فرۆشتوویه‌تى به تورکیا نۆژه‌ن بکاته‌وه و هاوکات ده‌یان فرۆکه‌ى جه‌نگى نوێى له جۆرى ئێف 16 به تورکیا بفرۆشێت. به‌بڕواى مایکڵ ڕۆبن، که پێشتر به‌رپرس بووه له پنتاگۆن، “ئه‌مه سیاسه‌تێکى ساده و ئاشکرایه ئه‌مریکا ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ تورکیادا ئارامبکاته‌وه، ئه‌وه‌ش به ئامانجى به‌ده‌ستهێنانى هاوده‌نگیى و هاوکاریى تورکیا له پرسه‌کانى دیکه‌دا، وه‌ک فراوانکردنى ناتۆ". ڕۆبن ئه‌و هه‌نگاوه به‌لاواز وه‌سف ده‌کات و ده‌ڵێت:" جێى به‌زه‌ییه کۆشکى سپى و وه‌زاره‌ته‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌وروپا مل ده‌ده‌ن بۆ داواکانى ئه‌ردۆغان و مه‌رایى بۆ ده‌که‌ن، له‌کاتێکدا کورد و قوبرس و ئه‌رمه‌نییه‌کان باجه‌که‌ى ده‌ده‌ن". هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: بایدن، ئه‌نتۆنى بلینکن وه‌زیرى ده‌ره‌وه و جه‌یک سولیڤان ڕاوێژکارى ئاسایشى نیشتمانی، ڕه‌نگه فڕۆکه‌ى ئێف 16، وه‌ک ئامرازێک ببین بۆ ناچارکردنى تورکیا تا له پرسه‌کانى دیکه‌دا هاوکاربێت، به‌ڵام به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنى خواسته نه‌گریسه‌کانى تورکیا له‌به‌کارهێنانى ئه‌و فرۆکانه، به‌ته‌واوى بڕیارێکى نابه‌رپرسیارانه‌یه. رۆبن ده‌شڵێت:" تورکیا له‌برى ئه‌وه‌ى به‌شدارى بکات له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر یان رێگریکردن له ده‌ستدرێژییه‌کانى ڕووسیا، فڕۆکه جه‌نگییه‌کانى خۆى بۆ بۆردومانى گوند و ناوچه کوردییه‌کانى باکوورى سووریا و عێراق به‌کارده‌هێنێت، له کاتێکدا به‌رپرسانى تورکیا ده‌ڵێن فڕۆکه‌کانى ئێف 16 بۆردومانى تیرۆریستان ده‌که‌ن، به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک ناخه‌نه ڕوو، چونکه هیچ به‌ڵگه‌یه‌کیان نییه". مایکڵ ڕۆبن باس له هاوکاریى ده‌وڵه‌تى تورک بۆ داعش ده‌کات و ده‌ڵێت:" له‌کاتێکدا ده‌وڵه‌تى تورک چه‌کدارانى داعشى پڕ چه‌ک ده‌کرد و هاوکارى پێشکه‌ش ده‌کردن، کورده‌کانى سووریا کاریگه‌رترین هێزبوون له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى تیرۆرستی، ئه‌وانبوون که گه‌مارۆى سه‌ر کۆبانێیان تێکشکاند و سه‌رکردایه‌تى هه‌ڵمه‌تێکیان کرد که ده‌وڵه‌تى ئیسلامى تێیدا پایته‌خته‌که‌ى (ڕه‌ققه) و خه‌لافه‌ته‌که‌ى له سوریا و عێراق له‌ده‌ستدا". هاوکات خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتى سوریاى به ئارامترین و سه‌قامگیرترین ناوچه له‌سوریادا پێناسه‌کردووه. رۆبن ده‌ڵێت:" له ڕابردوودا ڕه‌خنه‌م له پارتى کرێکارانى کوردستان گرتووه، تا ئێستاش له‌گه‌ڵ به‌شێکى بۆچوونه‌کانیاندا ناکۆکم، به‌ڵام ته‌ماشاکردنى په‌که‌که به چاوى سه‌رده‌مى هه‌شتاکانى سه‌ده‌ى ڕابردوو و پشتگوێخستنى 40 ساڵ له په‌ره‌سه‌ندنى فیکریى و سیاسیى ئه‌و پارته، ته‌واو بیرکردنه‌وه‌یه‌کى لاوازه".
عەمار عەزیز نزیكەی مانگێكە ژمارەیەك چالاكوانی ئێزدی داوای كشانەوەی هێزەكانی ناو قەزای شەنگال و دەوروبەری دەكەن، بەرپرسێكی خۆسەری شەنگالیش دەڵێت:» ئامادەین بكشێینەوە، بەڵام دەبێت هەموو هێزەكانی دیكەش بكشێنەوە». سەعید شەمۆ، چالاكوان و ئەندامی گروپی گەنجانی سەربەخۆ لەناحیەی سنونێ لەلێدوانێكدا هاوڵاتى وت: «ماوەی 21 رۆژە گروپی گەنجانی سەربەخۆ كەپێكهاتوون لە 50 چالاكوان، لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە لەناوەندی ناحیەی سنونێ گردبوونەوە ئەنجامدەدەین، دروشمی ئێمە ئەوەیە كە ناوەستین تا داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكرێن». هەروەها وتیشی :»بەداخەوە ناوچەكەمان بووەتە شوێنی شەڕو ئاڵوزی لەنێوان گروپە چەكدارەكان، ئەمە لەكاتێكدایە هێشتا سەرووی 70% ی خەڵكی شنگال ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان «. شەمۆ دەشڵێت:» جگە لەپۆلیسی ناوخۆ نامانەوێت هیچ هێزێكی تر پاراستنی ناوچەكانمان بكات، دووەم گەڕانەوەو دابینكردنی ئاشتی و بەرقەراری ئەمنی لەتەواوی قەزاكەو پێدانی بەڵێنی كونكرێتی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە كە چیتر شەڕ روونەداتەوە». خودێدا چوكی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ بەوەكالەت لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى سەرەڕای ئەوەی پشتگیری خۆی بۆ داواكارییەكانی خۆپیشاندەران دەربڕی، وتیشی:» بەداخەوە تائێستا هیچ لایەنێك بەڵێنی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی ئەوانی نەداوە «. خودێدا ئەلیاس، بەرپرسی ئەنجومەنی خۆسەری دیمۆكرات لەناحیەی سنونێ سەر بەقەزای شەنگال لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: «ئێمە هەموو كاتێك وتوومانە لەبەرەی خەڵكین و هەر لەبەرەی خەڵكدا دەمێنینەوە، پێش ماوەیەك خەڵكی كۆمەڵگای دووگرێ داوایان لەئێمە كرد هێزەكانی خۆمان بكشێنینەوە، بەبێ دوودڵی داواكاری ئەوانمان جێبەجێ كرد «. «بەمەرجێك رازی دەبین و هێزەكانی خۆمان دەكشێنینەوە كەهەموو هێزو گروپەكانی تریش بەهەمانشێوەی ئێمە هێزەكانی خۆیان بكشێننەوە» ، خودێدا ئەلیاس وای وت. بەرپرسی ئەنجومەنی خۆسەری دیمۆكرات لەناحیەی سنونێ سەر بەقەزای شەنگال، ئەوەشی دووپاتكردەوە كە «قبوڵی ناكەن هێزەكانی تر لەناوەندی شەنگال و ناحیەكان و كۆمەڵگاو گوندەكان بن و ئێمە بەتەنها هێزی خۆمان بكشێنینەوە».