نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە کۆبوونەوە و باسیان لە هەنگاوی دەستبەجێ بۆ گەڕاندنەوەی بۆ سەقامگیری ناوچەکە کردەوە. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سووریا دەڵێت، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندی گشتیی هەسەدە باسیان لە هەنگاوی کرداری بۆ "سووریایەکی یەکگرتوو، ئاشتی، سەرکەوتن و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ هەموو سووریاییەکان" کرد. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سووریا دەشڵێت، هەردوو لا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی "کاتی یەکگرتووی ئێستایە." بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تۆم باراک "سوپاس"ی مەزڵووم عەبدی کردووە بۆ سەرکردایەتی ئەو و هاوئاهەنگی هەسەدە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. ئەمڕۆ تۆماس جەی باراک، باڵیۆزی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا لەگەڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئێستای سوریا و پێویستی هەنگاوی بەپەلە بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیری. هه ڕوه ها هه نگاوی کرده یی به ڕه و یه کگرتن له سوریا یه کگرتوو بۆ ئاینده یه کی ئارام و خۆشگوزه ڕان و گشتگیر و سه قامگیر بۆ هه موو سوورییه کان تاووتوێ کرا. هاوڕابوون کاتی یەکگرتوویی ئێستایە. باڵیۆزەکە هەروەها سوپاسی ژەنەڕاڵ مەزلومی کرد بۆ سەرکردایەتییەکەی و هاوبەشی بەردەوامی هێزەکانی SDF لە بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سوریا.
لەسەر هۆکارى بەشداری نەکردنى لە کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی، سۆران عومەر ڕایدەگەیەنێت بابەتی پەیوەست بە سیاسەت و ئیدارەدانی کۆمەڵەوە هەبووە لەسەر ئۆپۆزسیۆنبوون، کێشەی من کەسی نیە. پەرلەمانتارەکەى کۆمەڵ ئەوەش دەخاتەڕوو بەداخەوە ئاستی جەماوەریی کۆمەڵ پاشەکشەی کردووە،، رەخنەو نیگەرانیەکانیشم بەخودی مامۆستا عەلی باپیرو ئەنجومەنی باڵا وتووە، دڵنیابن هیچ کات ئامادە نیم باسی کێشە ناوخۆییەکانمان لە ڕاگەیاندن بکەم. هەروەها سۆران عومەر باس لەوەدەکات، سەرۆکی کۆمەڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا باش دەزانن لەڕووی مادیەوە چەند ئیغراو ئیمتیازی مادیم لەژێرپێ ناوە، ماوەی ١٢ ساڵیشە بەبێ دابڕان نیوەی موچەکەم داوەتەوە بەکۆمەڵ (جگە لەوەی ٥ مانگ موچەو موڵک و ماڵی گوازراوەو نەگوازراوەم دەستی بەسەردا گیراوە) تەنانەت ئەو شوقەی کە لە بەغدا تێیدا ئەژیم هی کۆمەڵەو مانگی ٣ ملیۆن دینار کرێی شوقەکەیان پێدەدەم. دەقى ڕونکردنەوەکەى.. نەمدەویست ئەمەش بڵێم؛ بەشداری نەکردنم لە کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی هۆکاری بابەتی پەیوەست بە سیاسەت و ئیدارەدانی کۆمەڵەوە هەبووە لەسەر ئۆپۆزسیۆنبوون، کێشەی من کەسی نیە، بەڵکو کێشەم ئەوەیە کەم لایەن هێندەی کۆمەڵ خەڵکی خاوەن باوەڕو بۆ خواسوڵحاو و گیان لەسەر دەستی هەیە بەبێ بەرامبەر ئامادەی گیان بەخشینن بەڵام بەداخەوە ئاستی جەماوەریی کۆمەڵ پاشەکشەی کردووە، رەخنەو نیگەرانیەکانیشم بەخودی مامۆستا عەلی باپیرو ئەنجومەنی باڵا وتووە، دڵنیابن هیچ کات ئامادە نیم باسی کێشە ناوخۆییەکانمان لە ڕاگەیاندن بکەم. لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی کۆمەڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا باش دەزانن لەڕووی مادیەوە چەند ئیغراو ئیمتیازی مادیم لەژێرپێ ناوە، ماوەی ١٢ ساڵیشە بەبێ دابڕان نیوەی موچەکەم داوەتەوە بەکۆمەڵ (جگە لەوەی ٥ مانگ موچەو موڵک و ماڵی گوازراوەو نەگوازراوەم دەستی بەسەردا گیراوە) تەنانەت ئەو شوقەی کە لە بەغدا تێیدا ئەژیم هی کۆمەڵەو مانگی ٣ ملیۆن دینار کرێی شوقەکەیان پێدەدەم. بەتەحەداوە ئەیڵێم هەمیشە من پارەم داوە بە کۆمەڵ بەپارەی پاداشتی کۆتایی خزمەتی خانەنشینیشەوە. ئەسڵەن من کێشەی ئەوەم هەبووە کە نابێ بۆ ئیدارەدانی کۆمەڵ پارە لەهیچ لایەک وەربگرن تاکو ئۆپۆزسیۆنێکی دەنگ دلێربن. بەشوێن پلەو پۆستەوە نەبووم بۆیە هیچ کۆنگرەیەکی کۆمەڵ خۆم کاندید نەکردووە، لەم کۆنگرەش مامۆستا عەلی باپیر داوایکرد بەشداری بکەم و خۆم کاندید بکەم بۆ سەرکردایەتی ڕەدم کردەوە، ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵ داوایکرد بۆ ئەنجومەنی نوێنەران خۆم کاندید بکەمەوە ئەویشم ڕەدکردەوە. شانازیش دەکەم کە ١٢ ساڵە بۆ سێ خول دەچێت پەرلەمانتاربووم و نوێنەرایەتی دەنگدەرانم و کۆمەڵم کردووە بەبێ سڵەمینەوە لە فەرمانی گرتن و هەڵگرتنی پارێزبەندی و قەدەغەی سەفەر. خوا پشتیوان بێت لەئێستەو ئایندە هیچ کات پێچەوانەی ڕابردوی خۆم ناکەم و دین و کەرامەتی خۆم نادەم بە سەروەتی هەموو دونیا، هەمیشە لەگەڵ ستەملێکراوم ئەگەر ستەمکار باوکیشم بێت. هیوادارم کۆمەڵ بگەیەننەوە ئاستی ئەو هیوایەی خەڵکی کۆمەڵ و دەنگدەرەکانی بەو حزبەی هەیە.
ڕۆژى دووشەممەى داهاتوو، پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوە هێرشە درۆنییەکانى سەر هەرێمى کوردستان تاوتوێ دەکات، هاوکات بەدواداچوون بۆ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەى کوت دەکات. لەبەیاننامەیەکدا، ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو دانیشتنێکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە کوت ئەنجام دەدات. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دانیشتنەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هێرشە تیرۆریستییەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تەقینەوە بۆ سەر ژێرخانی هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت. لە ئێوارەی دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە هێرشکراوەتە سەر 5 کێڵگەی نەوت لە هەرێمی کوردستان: خورمەڵە، تاوکێ، سەرسنگ، باعەدرێ و پیشابوور. بەهۆی هێرشەکانەوە بەرهەمهێنانی 200 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە هەرێمی کوردستان راگیراوە. بەگوێرەی بەدواداچوونێک، لەم مانگەدا 18 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر باشووری کوردستان، لەو ژمارەیە 7ـیان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت بوون. هێرشە درۆنییەکان زیانی زۆریان بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی 200 هەزار بەرمیلی نەوتی لە دەستداوە. کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رۆژی چوارشەممە لە رایگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە، زۆربەی ئەندامانیان ناچار بوون بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان رابگرن.
هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) دەڵێت، دەبێت لیژنەکەی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان بە یاسا پێکبهێندرێت، "ئەگەر بە یاسا پێکنەهێندرێت، هەر کاتێک بیانەوێت هەڵیدەوەشێننەوە." ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو حکومەتی تورکیا هەنگاوی یاسایی نەنێت، گرووپێکی دیکەی گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ چەکدانان راناسپێرن. جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە لە هەڤپەیڤینێکدا بە میدیای نزیک لە پارتەکەی ڕاگەیاند، ئەگەر حکومەتی تورکیا دەیەوێت پرۆسەی چارەسەری سەربگرێت، دەبێت گۆڕانکاری لە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بکرێت و زەوینەی ئازادیی کارکردنی بۆ دابینبکرێت. رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، گرووپێکی 30 گەریلایی لە رێوڕەسمێکى سمبولیکیدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی وەک "نیازپاکییەک" چەکەکانیان لەناوبرد و سووتاند. هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکە دەڵێت، ئەگەر گەریلاکانی پەکەکە لەو قۆناخەی ئێستا و بەبێ هیچ گەرەنتییەکی یاسایی بگەڕێنەوە تورکیا، ئەو کاتە "دەچنە زیندان و دادگەیی دەکرێن، تەنانەت رەنگە سزای قورسیش بدرێن، چونکە بەپێی یاساکانی ئەوان، ئەوانەی چەکیان هەڵگرتووە دووژمنن. سزای ئەمەش زۆر قورسە." جەمیل بایک ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو حکومەتی تورکیا هەنگاوی یاسایی نەنێت، "گرووپێکی دیکەی گەریلا بۆ چەکدانان راناسپێرین." بڕیارە لە داهاتوودا لیژنەیەک بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکبهێندرێت. جگە لە ئاکپارتی و مەهەپە، دەم پارتی و لایەنەکانی دیکە داوا دەکەن لیژنەکە بە یاسا پێکبهێنرێت. هاوسەرۆکی کەجەکە لەبارەی ئەو لیژنەیەوە رایگەیاند، "ئێمەش چەند جارێک ئاماژەمان بەوە کردووە کە پێویستە لیژنەکە بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی پێکبهێندرێ. ئەگەر بەشێوەیەکی یاسایی پێکنەهێندرێ، هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن ئەو لیژنەیە هەڵبوەشێننەوە." بایک هەر لەمبارەیەوە گوتی، "وەکو ئەوەی ئێمە تێگەیشتووین، ئەو لیژنەیەی دەیانەوێت دایبمەزرێنن، تەنها بۆ چەکدانانی پەکەکەیە؛ ئەوانەی ساڵانێک لە شاخ بوون چییان کردووە، سزایان چی دەبێت؟ دەیانەوێت ئەمانە دیاری بکەن و بەپێی ئەوە هەندێک هەنگاو بنێن. ئامانجی ئەم لیژنەیە تەنیا چەکدانانە." هاوسەرۆکی کەجەکە جەختی لەوە کردەوە، پرۆسەی چارەسەری تەنیا چەکدانان نییە و چەکدانان بەشێکە لە پرۆسەکە، "بەڵام دەوڵەتی تورکیا دەیەوێ تەنیا لەسەر بنەمای چەکدانان پرۆسەکە بەڕێوەببات. ئەوان پێیان وایە بەم شێوەیە هەموو کێشەکان چارەسەر دەبن. بەڵام وا نییە." جەمیل بایک ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری دامەزراندنی پەکەکە و چەکهەڵگرتنی ئەو پارتە دژی حکومەتی تورکیا "نکۆڵیکردن و قبووڵنەکردنی کورد و ناسنامەی کورد بووە." هاوسەرۆکی کەجەکە گوتی، بۆیە پێویستە پرسی کورد چارەسەر بکرێت و "بۆ ئەمەش، پێویستە دەوڵەتی تورکیا گۆڕانکاری لە یاسا، سیاسەت و هزریدا بکات. تەنیا بە پرسی چەک کێشەکە چارەسەر نابێت." جەمیل بایک رایگەیاند، پێویستە حکومەتی تورکیا هەنگاوی جیدی لەبارەی پرۆسەکەوە بنێت؛ گوتیشی، "ئەگەر دەوڵەتی تورکیا بیەوێت فریومان بدات، بێچەکمان بکات، لاوازمان بکات و ئامانجەکانی خۆی بەرامبەر کورد بەدی بهێنێت، ئەوە روونادات. پێویستە هەموو کەس لەمە تێبگات." کەجەکە، باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە. پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.
ئەوقافی سلێمانی رایگەیاند، دوورخستنەوەی مامۆستا فاتیح شارستێنی لە گوتاردان بەهۆی کێشەیەکی کارگێڕییەوە بووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەگەڕێتەوە مینبەری مزگەوت. عەباس خدر بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی ڕاگەیاند، لەم هەفتەیەدا نووسراوێک بەرزدەکرێتەوە بۆ وەزارەتی ئەوقاف تا مامۆستا فاتیح شارستێنی بگەڕێتەوە بۆ سەر مینبەری مزگەوت، بەڵام مزگەوتەکە تائێستا دیارینەکراوە و لەلایەن وەزارەتەوە دیاریدەکرێت. گوتیشی، بەهۆی ئەوەی مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی میلاکی زۆرە، ناکرێت لەوێ بمێنێتەوە، ئەو ماوەیە لەسەر داوای خاوەنی ئەو مزگەوتە لەوێ پێشنوێژ و گوتارخوێن بووە. فاتیح شارستێنی، یەکێک لە مامۆستا ئاینی و بانگخوازە دیارەکانی هەرێمی کوردستانە، رۆژی پێنجشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە لە رۆژی هەینیەوە لە مزگەوت گوتار پێشکەش ناکات و لە ماڵەکەی خۆیەوە پێشنوێژی و گوتار پێشکەش دەکات. هاوکات، مامۆستا فاتیح بەهۆی گوتارێکی توندی بەرامبەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە گوتاردان دوورخرایەوە.
سەرۆکایەتی کۆماری سوریا ڕۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکدا ئاگربەستێکی دەستبەجێ و هەمەلایەنەی لە سویدا ڕاگەیاند، لە کاتێکدا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەستیان کرد بە بڵاوەپێکردن لە سەرتاسەری شارەکەدا. سەرۆکایەتی سوریا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد پابەندی ئاگربەست بن و دەستبەجێ کۆتایی بە دوژمنایەتییەکان لە هەموو ناوچەکان بهێنن. هەر لەو بەیاننامەیاندا سەرۆکایەتی سوریا دەڵێن هەر توندوتیژییەک لە سوەیدا بکرێت پێشێلکارییە بەرامبەر سەروەری سوریا، هێزەکانی ئاسایش لە چەند ناوچەیەکی سوەیدا بڵاوبوونەتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەست. نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا رایدەگەیێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی سووریا بە پشتیوانیی ئەمریکا لەسەر ئاگربەستێک رێککەوتوون و داواش لە درووز، بەدەوی و سوننەکانی سووریا دەکات چەک دابنێن و "ناسنامەیەکی نوێی سووری" بنیات بنێن. رۆژی شەممە، 19-07-2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رێککەوتنەکەی بە "پێشهاتێکی گەورە" ناوبرد. لە پەیامەکەیدا هاتووە: "بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی [کاتیی] سووریا بە پشتیوانیی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە مارکۆ رۆبیۆ، لەسەر ئاگربەستێک رێککەوتوون کە لەلایەن تورکیا، ئوردن و دراوسێکانیانەوە پێشوازیی لێکراوە." نێردە تایبەتەکەی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانی کە لە ئێکس کردوونی. دەڵێت: "داوا لە درووزەکان، بەدەوییەکان و سوننەکان دەکەین چەکەکانیان دابنێن و پێکەوە لەگەڵ کەمینەکانی دیکەدا، ناسنامەیەکی نوێ و یەکگرتوویی سووری لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا لەگەڵ دراوسێکانیان بنیات بنێن."
هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ١٣ـیەمین ساڵیادی شۆڕشێ ڕۆژئاوای پیرۆز کرد و ڕایگەیاند، شۆڕشی ڕۆژئاوا بۆ تەواوی سووریا درووستترین مۆدێلی چارەسەرییە. دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە بەم شێوەیەیە: “ماوەی ١٣ ساڵ بەسەر شۆڕشی ١٩ـی تەمووزی ڕۆژئاوادا تێپەڕدەبێت، کە پێشکەوتنێکی گرنگی مێژووییە. لە ئێستادا ١٣ـیەمین ساڵیادی شۆڕشی مێژوویی پیرۆز دەکرێت. ئێمەیش ساڵیادی شۆرشی ڕۆژئاوا لە هەموو گەلانی ڕۆژئاوا و باکووری سووریا، لە هەموو گەلانی کوردستان و سووریا، گەلانی عەرەب، ئەرمەنی، درووزی، تورکمان، سریانی، عەلەوی، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان، ژن، گەنج و هەموو هێزە سۆسیالیست، شۆرشگێڕ، دیموکراتیک و ئازادییخوازەکان پیرۆز دەکەین. هەروەها، لە هەموو هاوڕێیانی ئینتەرناسیۆنالیست پیرۆز دەکەین کە ڕۆڵێکی مەزنیان گێڕا لە پێشکەوتن و پاراستنی شۆڕشەکەدا. سڵاو لەم پێشکەوتنە مێژووییە دەکەین کە شۆڕشی هاوبەشی گەلانە، جارێکی دیکە بە ڕێز و خۆشەویستی و پێزانینەوە هەموو شەهیدانی شۆڕش یاد دەکەینەوە. شۆڕشی ڕۆژئاوا بەهای نوێی خستەسەر میژووی مرۆڤایەتییمان، پێش هەمووشتێک کۆمەڵگەیەک کە لەلایەن سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەوە دەچەوسێندرایەوە، بە بێپاراستن لە هێز خرابوو، سەرلەنوێ هەستی بە هێزی ئیرادەی خۆی کرد و ڕێگەی لە پێش دینامیکێتی بنەڕەتی کۆمەڵایەتی کردەوە، کە مافیان لێ وەرگیرابوو، سەرکووت کرابوون، ڕەنجیان خورابوو، وایکرد بە ڕێکخستنبوون و هۆشەمەندبوونییەوە ئیرادەی خۆبەڕێوەبەری بەدەست بهێنێت. جیاوازی زمان، ئاین، مەزهەب و ئیتنیکی لە بوون بە هۆکاری ناکۆکی نێوان گەلان دوورخستەوە و ڕێگەی بۆ ئەوەکردەوە، کە وەک دەوڵەمەندییەکی کۆمەڵایەتی وەربگیرێت، وایکرد گەل، باوەڕیی و کولتوور لە چوارچێوەی تێگەیشتنی دیموکراتیکییدا سەرلەنوێ بە خوشک-برایەتییەوە بژین. زەمینەی خۆشکرد بۆ ئەو ژنانەی کە بۆ دوورترین گۆشەی بەشداری ژیانی کۆمەڵایەتی دوورخرابوونەوە، بە هۆشمەندی و لە پاراستن و بونیاتنانی شۆڕشدا ئاستی پێشەنگایەتی بەدەست بهێنن، هەلومەرجی بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی گەنجی هۆشیار، ڕێکخستنکاری و ڕووناک ئافراندووە. بەکورتی شۆڕشی ڕۆژئاوا بە تێگەیشتنی نەتەوەیی دیموکراتیک و ئازادییخوازی ژن بووە چارەسەرییەکی گرنگ. لە پراکتیکی ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا لە زۆر ڕووەوە خۆی سەلماندووە، لەلایەکەوە لە دژی هێرشەکان بۆ لەناوبردنی شۆڕش، هاوشانی گەل و هێزەکانی شۆڕش بەرخۆدانێکی مەزنی ئەنجامداوە و شۆڕشی پاراستووە، لەلایەکی ترەوە بەردەوامی بە پێشکەوتنی سیستەمی دیموکراتیک، ئازادییخواز و کۆمیناڵ داوە. لەم ڕووەوە شۆڕشی ١٩ـی تەمووز قۆناغێکی مێژوویی گرنگی بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە. شۆڕشەکان لە مێژوودا بەهۆی هێرشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە نەیانتوانیوە هێڵی بەرخۆدان و شۆڕشی پێکەوەیی پێشبخەن، بەڵام لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەمە سەرکەوتوو بووە. ١٩ـی تەمووز کە لە ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پراکتیزە دەبێت، لە هەمان کاتدا بۆ تەواوی سووریا درووسترین مۆدێلی چارەسەرییە. باروودۆخی ئاڵۆزییەکانی سووریا، زۆر بەڕوونی ئەم حەقیقەتە نیشان دەدات. چارەسەری کێشەکانی سووریا و پێکهێنانی یەکێتی تەنها بە تێگەیشتنی نەتەوەیی دیموکراتیک، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک و ئازادییخوازیی ژن کە ڕەگەزی شۆڕشی ١٩ـی تەمووزن دێتەئاراوە. سەپاندنە تاکڕەو، مەزهەبی و نەتەوەپەرستەکان جگە لەوەی پێکدادان و کۆمەڵکوژییەکان قووڵتر دەکاتەوە، بۆ یەکڕیزی سووریایش گەورەترین هەڕەشەیە. جارێکی تر شۆڕشی مێژوویی ١٩ـی تەمووز لە هەموو گەلان پیرۆز دەکەین و ئێمە باوەڕمان وایە کە بە ڕێککەوتنی دیموکراتیک، ڕێکخستنبوون و ئەو تێکۆشانەی کە گەلان لەسەر هێڵی شۆڕشی ١٩ـی تەمووز پێشی دەخەن، ئاشتی ژیانی دیموکراتیک و ئەو ئازادییە بەدیدێت کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوا دەکرێت.”
کۆمەڵى دادگەرى کوردستان کۆنگرەى پێنجەمى خۆى لە شارى هەولێرى دەبەستێت، هەموو ئاماژەکانیش بۆ ئەوەیە عەلى باپیر سەرۆکى ئێستا حزبەکە دەبێتەوە بە سەرۆک. ئەمڕۆ شەممە (2025/07/19)، کۆمەڵى دادگەرى لە شارى هەولێر و لە هۆڵى سەعد عەبدوڵا کۆنگرەى پێنجەمى دەبەستێت، کە کۆنگرەکە ئەمڕۆ و سبەی بە ئامادەبوونی لانیکەم 900 ئەندام بەردەوام دەبێت. کۆمەڵ حزبێکی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆنە لە هەرێمی کوردستان و رەنگی سەرەکیی ئاڵا و لۆگۆ حزبەکە پرتەقاڵییە. کۆمەڵى دادگەرى وەک حزبێک، لە 31ـی ئایاری 2001 لە بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان جیابووەوە و وەک حزبێکی ئیسلامیی سەربەخۆ بە ناوی (کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان) دامەزرا. تائێستا چوار کۆنگرەی بەستووە و لە سەرجەم کۆنگرەکان (عەلی باپیر) بە ئەمیری حزبەکە هەڵبژێردراوە. خاوەنی سێ کورسیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە و لە کۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش لە 2021 یەک کورسیی هەیە. لە دوایین کۆنگرەیدا لە 18ـی شوباتی 2021 لە سلێمانی پاشگری ئیسلامی لە حزبەکەی کردووە و گۆڕدرا بۆ (کۆمەڵی دادگەریی کوردستان)، لە هەمان کۆنگرەشدا ناوی کەسی یەکەمی حزبەکە لە ئەمیرەوە کرا بە سەرۆک. هەر لە کۆنگرەی چوارەمی حزبەکە ئاڵاکەیان، کە دروشمی (لآ اِلَهَ اِلّا اللّهُ مُحَمَّدٌ رَسُوُل اللّهِ)ـی لەسەر بوو، گۆڕدرا بۆ ئاڵایەک گوڵەگەنمی لەسەرە. لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا خاوەنی شەش کورسی بوو و بە دوو وەزارەت بەشداریی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد. کێ دەبێتەوە بە سەرۆک؟ هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن، کە عەلى باپیر، سەرۆکى ئێستاى کۆمەڵى دادگەرى دەبێتەوە بە سەرۆکى حزبەکە، لەو بارەوە شوان رابەر ئەندامى سەرکردایەتى کۆمەڵ وتى، تا ئێستا تەنها عەلى باپیر تاکە کاندیدە بۆ سەرۆکى کۆمەڵى دادگەرى. شوان رابەر گوتیشى: هیچ کەسێک خۆى بۆ پۆستەکە کاندید ناکاتەوە، بۆیە بە دڵنیایی عەلى باپیر وەک سەرۆکى حزبەکە وەک سەرۆک هەڵدەبژێرێتەوە. عەلى بایپر کێیە؟ عەلی باپیر، نووسەر و بیرمەندێکی ئیسلامیی کوردستانە و پێش ساڵی 2001 ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بوو. ساڵی 2001 لە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان جیابووەوە و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانی دامەزراند.
بەپێى ڕاپۆرتێکى ماڵپەری "بەغداد ئەلیەوم"ى عێراق، ئەمڕۆ هەینی کە لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویكردەوە: بڕیارە بەغداد رۆژی یەك شەممەی داهاتوو بڕی (952) ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات، بە مەبەستی خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشکردووە: لیستەکانی مانگی ئایار ئامادەن، هەفتەی داهاتووش، وردبینی لە مووچەی مانگی حوزەیران دەکرێت، بۆ ئەوەی ئەویش خەرجبكرێت لە ماوەی یەك هەفتەدا، وەك دوورترین وادە. سەرچاوەکە ئاشکرای کردوە، پێشبینی دەکرێت هەفتەیەک زیاتر نەخایەنێت و دوای دابەشکردنی موچەی مانگی پێنج، بەغداد وردبینی بۆ موچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات. لەلایەکى دیکەوە، سەرچاوەیەک لە نووسینگەی سودانی ڕاگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەغداد مووچەى مانگى پێنج دەنێرێت و کێشەی لەگەڵ “هەژماری من”یش نییە. سەرچاوەکە ئەوەشى وت، لە کۆبوونەوەى دوێنێى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاردراوە، سەرەتای هەفتەى داهاتوو مووچەى مانگى پێنج بنێردرێت و بۆ مووچەى مانگى شەش، چاوەڕێى هەرێمى کوردستان دەکرێت بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمی کوردستان لەرێگەى کۆمپانیاى سۆمۆ و ناردنى 240 ملیار دینار لە داهاتى ناوخۆى مانگەکانى پێنج و شەش بۆ بەغداد. گوتیشى، لەبارەى پرۆژەى هەژمارى منەوە، حکومەتى عێراق هیچ کێشەیەکى نییە و مووچەخۆران دەتوانن لەڕێگەى هەژمارى منەوە مووچەکانیان وەربگرن. دوێنێ، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەى نائاسایى خۆیدا، لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدادی لەبارەی مووچە و نەوتەوە پەسەندکرد و بڕیارى ناردنى مووچەى مانگى پێنجی دا.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە هەموو ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەى بەکارهێنراون یەک جۆرن، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی لایەنی ئەنجامدەر یەک لایەنە. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو درۆنەکان لە دەرەوەی عێراق دروستکراون، بەڵام سەلمێندراوە هەڵدانەکانى لە شوێنێکی دیاریکراو لە ناو خاکی عێراقەوەیە. سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، لەسەر بنەمای ڕاسپاردەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان محەمەد شیاع سودانی، لیژنەیەکى تایبەتیان پێکهێناوەو ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە لەم کارە تێوەگلاون، و ڕەوانەی دەسەڵاتی دادگای دادپەروەری عێراق دەکرێن بۆ ئەوەی بەپێی یاسا بگەن بە سزای خۆیان. دەقى ڕاگەیەندراوەکە لەسەر بنەمای ڕاسپاردەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی، تایبەت بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵا ئەفسەرانی باڵا و پسپۆڕ لەخۆبگرێت بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو ڕووداوانەی کە ژمارەیەک شوێنی ڕاداری سەر بە هێزە چەکدارەکانی عێراقی کردە ئامانج، لەڕێگەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ لە یەک کاتدا، کە سیستەمی بەرگری لە چەند بنکەیەکی سەربازی لە ناوخۆی وڵاتدا کردە ئامانج، دوای هەوڵە ئەمنی و هەواڵگری و تەکنیکییە جڕەکان، لێکۆڵینەوەکان گەیشتنە ئەنجامی گرنگ و یەکلاکەرەوە، دیارترینیان: - دەستنیشانکردنی سەرچاوەی دروستکردنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی لە هێرشەکاندا بەکارهێنراون، دەرکەوت سەری جەنگی بە کێشی جیاواز لەخۆدەگرێت و لە دەرەوەی عێراق دروستکراون. - دەستنیشانکردنی وردی شوێنی هەڵدانی ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە، کە سەلمێندرا لە شوێنێکی دیاریکراو لە ناو خاکی عێراقەوەیە. - دەستنیشانکردنی ئەو لایەنانەی کە بەشداربوون لە ئەنجامدان و هەماهەنگیکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە دوژمنکارانە. - ئەنجامدانی شیکارییەکی تەکنیکی گشتگیر بۆ سیستەمەکانی کۆنترۆڵ و پەیوەندییەکان کە لە کارپێکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا بەکاردەهێنراون، ئەمەش وایکرد دەزگا هەواڵگرییەکان بتوانن زانیاری ورد کۆبکەنەوە کە پشتگیری لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەن. - لیژنەی لێکۆڵینەوە پشتڕاستی کردەوە کە هەموو ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژییانەی لە هێرشەکەدا بەکارهێنراون لە یەک جۆرن، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی لایەنی ئەنجامدەر یەک لایەنە. لەسەر بنەمای ئەوەی پێشکەشکراوە، سەرکردایەتییە ئەمنی و سەربازییەکان ئەوە دووپات دەکەنەوە کە سازش لە هیچ هەڕەشەیەک ناکەن ئاسایش و سەلامەتی هێزە چەکدارەکانمان و تواناکانی دەوڵەتی عێراق بکاتە ئامانج، هەروەها ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە لەم کارە تێوەگلاون، و ڕەوانەی دەسەڵاتی دادگای دادپەروەری عێراق دەکرێن بۆ ئەوەی بەپێی یاسا بگەن بە سزای خۆیان. ئەم هێرشە دوژمنکارانە و ترسنۆکانە، بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری نیشتیمانی دادەنرێت و ڕێگە نادرێت هیچ لایەنێکی ناوخۆیی یا دەرەکی ئاسایش و سەقامگیری عێراق تێکبدات. سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: تا ئێستا زیاتر لە 771 هەزار کەس ناوی خۆیان بۆ کارمەندی سەر سندوق تۆمار کردووە. هەینی 18ـی تەممووزی 2025، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بە پێی نوێترین ئامار، تا ئێستا 771 هەزار و 655 کەس، بۆ هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ناوی خۆیان بۆ کارمەندی سەر سندوقی دەنگدان تۆمار کردووە. کۆمیسیۆن، ڕایگەیاند: زۆرینەی ئەو کەسانەی خۆیان تۆمار کردووە وەک کارمەندی سەر سندوقی دەنگدان، دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن. هاوکات باسی لەوە کرد، زۆرترین کەس لە پارێزگای نەینەوا خۆیان تۆمار کردووە کە ژمارەیان 76 هەزار و 713 کەسە و کەمترین کەسیش لە پارێزگای موسەننایە، ژمارەکەش 15 هەزار و 719 کەسە. 9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.
وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان(ئەپیکۆر) جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، داواکارییەکانی پێشویان نەگۆڕدراون، گرەنتی شایستە داراییەکان لەگەڵ بەدەستگەیشتنى نووسراوی فەرمی، تاکە رێگەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتى کوردستان. مایڵز کاگینز وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان(ئەپیکۆر) رایگەیاند، بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت چاوەڕوانن نووسراوى فەرمیى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدادیان بە دەستبگات. وتەبێژی ئەپیکور ئەوەشی خستوەتەڕوو بە هۆی هێرشەکانەوە بەشێوەیەکی کاتی کارەکانمان لە کیڵگە نەوتییەکاندا وەستاندووە، کۆمپانیاکانیشمان پێداچوونە بە رێکاری سەلامەتی و ئاسایشی کێڵگەکان دەکاتەوە لەکاتێکدا بە شێوەی کاتی کارەکانی بەرهەمهێنانی نەوتمان راگرتووە. دوێنێ پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو لە لێکتێگەیشتنە نوێیەکەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، کە دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم پەسەندی کرد.
سەرچاوەیەک لە نووسینگەی سودانی ڕاگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەغداد مووچەى مانگى پێنج دەنێرێت و کێشەی لەگەڵ “هەژماری من”یش نییە. سەرچاوەکە ئەوەشى وت، لە کۆبوونەوەى دوێنێى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاردراوە، سەرەتای هەفتەى داهاتوو مووچەى مانگى پێنج بنێردرێت و بۆ مووچەى مانگى شەش، چاوەڕێى هەرێمى کوردستان دەکرێت بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمی کوردستان لەرێگەى کۆمپانیاى سۆمۆ و ناردنى 240 ملیار دینار لە داهاتى ناوخۆى مانگەکانى پێنج و شەش بۆ بەغداد. گوتیشى، لەبارەى پرۆژەى هەژمارى منەوە، حکومەتى عێراق هیچ کێشەیەکى نییە و مووچەخۆران دەتوانن لەڕێگەى هەژمارى منەوە مووچەکانیان وەربگرن. دوێنێ، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەى نائاسایى خۆیدا، لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدادی لەبارەی مووچە و نەوتەوە پەسەندکرد و بڕیارى ناردنى مووچەى مانگى پێنجی دا. پێشتر، بەرپرسێکى باڵا لە وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بە زوومى راگەیاند، ئامادەکارییان بۆ دابەشکردنى مووچە کردووە، هەرکات بەغداد پارە بنێرێت راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەن.
ئەمەریکا لەسەر ئاستی حکوومەت و کۆنگرێس، هۆشداری لەبارەی هێرشە درۆنیەکان بۆسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دەدات، دەڵێن؛ ئەگەر سنوورێک بۆ هێرشەکان دانەنرێت، حکوومەتی عێراق ڕووبەڕووی دەرئەنجامی توند دەبێتەوە. لە بەردەوامی کاردانەوەی هێرشە درۆنیەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی کێڵگە نەوتییەکانی، تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی: "بەتوندی سەرکۆنەی هێرشکردنەسەر کێڵگە نەوتییەکان دەکەین، چونکە سەقامگیری عێراق و داهاتووی رووبەڕووی مەترسی دەکەنەوە." بروس دەشڵێت: "هێرشەکان ئەو کۆمپانیا ئەمەریکییانەیا کردووەتە ئامانج کە وەبەرهێنان لە داهاتوو و وزەی عێراق دەکەن، پێویستە حکوومەتی عێراق بە ئەرکی خۆی هەستێت و کۆنترۆڵی تەواوی خاکەکەی بکات." جەختیشی کردەوە، "ئەمەریکا عێراقێکی خاوەن سەروەری و فیدراڵ و سەقامگریی بەلاوە مەبەستە." لەلایەکی دیکەوە، جۆو ویڵسن، کۆنگرێسمانی ئەمەریکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە هەمان پرس نووسیویەتی: هێرش بۆسەر کۆمپانیا ئەمەریکییەکان و کێڵگەکانی نەوت لە هەرێم قبوڵ ناکرێت، پێویستە حکوومەتی عێراق هەنگاوی ڕژد بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە بنێت، بەپێچەوانەوە با خۆی بۆ دەرئەنجامێکی توند ئامادە بکات. لای خۆیەوە عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕاگەیاند، عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش دەزانن سەرچاوەی هێرشەکان کوێیە و بکەرەکان کێن، بەڵام عێراق دەسەڵاتی بەسەر تەواوی خاکەکەیدا ناشکێت. تەڵعەت گووتیشی؛ دروستکردنی لیژنە لە ڕابردوودا بێ ئەنجام بووە و ئەمجارەش بێ ئەنجام دەبێت، چونکە حکوومەتی عێراق توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەندێک لایەنی نییە.
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ئامانجی هێرشە درۆنییەکان ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستانە و پێویستە کۆتایی بەم هێرشە تیرۆریستییانە بێت. پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2025، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە بارەی هێرشە درۆنییەکان وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی: زۆر ڕوونە کە درۆنەکان لە کوێوە ئاراستە دەکرێن، کە هەمیشە شادەماری ئابووری هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج. وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، هێرشە درۆنییەکان بە داخەوە کردەوەی تیرۆریستین، هەر لایەنێک لە پشت ئەو کارەوە بێت شەرمەزار دەبێت. هاوکات داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات، سنوورێک بۆ ئەو هێرشە درۆنییانە دابنێت و ئەو لایەنانەشی لە پشت ئەو هێرشانەن، ئاشکرا بکرێن و بدرێنە دادگا. لەبارەی ڕێگەگرتن لەو هێرشانە و چۆنیەتی پاراستنی شوێنەکان، رێبەر ئەحمەد، ڕایگەیاند: ئێمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و وەستاندنی ئەو هێرشانە، هەماهەنگیی و کاری هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ دەکەین، هەروەها داوامان لە هاوپەیمانانیش کردووە هاوکارمان بن لەو بارەیەوە. لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێرشی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان بۆ سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت کێڵگە نەوتییەکان بەردەوام بوونە. هەرچەندە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێک هێناوە، بەڵام تا ئێستا لە بەرانبەر ئاراستەکردنی درۆنەکان، نە کەس دەستگیرکراوە و نە کەسیش سزا دراوە.
