ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر لەیەکترتێگەیشتنی نوێی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکان كرد. ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بە توندترین شێوە، هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم شەرمەزار کرد، کە زیانێکی زۆری ماددیان بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت گەیاندووە و ئامانجی ئەم هێرشانە، لێدانە لە ژێرخانی ئابووریی و وزەی هەرێمی کوردستان. ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات کە ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت و ڕێکاری یاساییش بەرامبەر ئەو تێکدەرانە بگیرێتە بەر. پاشان ئەنجوومەنی وەزیران ، گفتوگۆی لەبارەی تەوەر و بابەتی کۆبوونەوەکە کرد، کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و ڕێڕەوی دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان . سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران، وردەکاری ئەو لەیەکترتێگەیشتنە هاوبەشەی کە دوێنێ لە بەغدا تایبەت بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی هەرێم هاتووەتە ئاراوە خستەڕوو. دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ، ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لەو لەیەکترتێگەیشتنە کرد و بڕیاری دا بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە، کە بڕیارە لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
گەڵف کیستۆن، کۆمپانیای ئەمریکیی سەرکار لە کێڵگەی نەوتی شێخان رایگەیاند، بەهۆی چەند تەقینەوەیەک لە کێڵگە نەوتییەکانی نزیک کێڵگەی شێخان، وەکو رێکارێکی خۆپارێزی، بە شێوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کێڵگەکە راگرتووە. کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، لە دوو رۆژی رابردوودا ئاگاداری "راپۆرتی تەقینەوەکان بوون لە ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی لە دەوروبەری کێڵگەی شێخان." لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەکو رێکارێکی خۆپارێزی، کۆمپانیای گەڵف کیستۆن بڕیاری دا بە شێوەیەکی کاتی بەرهەمهێنان رابگرێت و رێوشوێنی پێویستی بۆ پاراستنی سەلامەتیی کارمەندەکانی گرتووەتەبەر." کۆمپانیاکە جەخت دەکاتەوە کە هیچ زیانێک بەر کێڵگەکەیان نەکەوتووە و دەڵێت، "لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەین، لە کاتی پێویستدا زانیاریی زیاتر بڵاودەکەینەوە." رۆژانە نزیکەی 45 هەزار بەرمیل نەوت لە شێخان بەرهەم دەهێندرێت. لە ئێوارەی دووشەممەوە 5 کێڵگەی نەوتی لە هەرێمی کوردستان کراونەتە ئامانج کە هەریەکە لە کێڵگە نەوتییەکانی خورمەڵە، سەرسنک، تاوکێ، پێشخابوور و باعەدرێ بوون. بەهۆی هێرشەکانەوە پێشتر کۆمپانیاکانی HKN لە کێڵگەی سەرسنک و DNO لە تاوکێ بەرهەمهێنانی نەوتیان راگرتبوو. بەکۆی گشتی، ئێستا بەهۆی هێرشەکانەوە بەرهەمهێنانی نزیکەی 160 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە هەرێمی کوردستان راگیراوە. گەڵف کیستۆن (GKP) یەکێکە لە کۆمپانیا سەربەخۆ پێشەنگەکانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و بەرهەمهێنانی سەرەکیی لە کێڵگەی نەوتیی شێخانە.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەبارەى پرسى مووچە و هەرناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان و گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کۆدەبێتەوە. بەگوێرەى کارنامەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، کۆبوونەوەکە، تایبەتە بە بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، هەروەها رێڕەوی دانووستان و گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، هاوکات پێشهاتەکانی تایبەت بە مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەکەدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، ئەندامانی شاندی دانووستانکاری هەرێمى کوردستان زانیارى لەبارەى داهات و بابەتەکان و ئەنجامى گفتوگۆکان لەگەڵ بەغداد بۆ ئەنجومەنی وەزیران دەخەنەڕوو. ئەمەش لەکاتێکدایە، هەفتەى پێشوو ئەنجومەنى وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەى ئەنجامنەداـ بەهۆى ئەوەى هیچ ئاسۆو بەرچاوو ڕوننیەک نەبوو بۆ چارسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەولێرو بەغدا.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایدەگەیەنێت لە ڕێگای درۆنی بۆمبرێژکراوەوە ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی کرایە سەر کێڵگەکانی نەوتی تاوکێ و پێشخابوور و عین سفنی لە ئیدارەی سەربەخوی زاخۆ. هەر لەو ڕاگەیەندراوەى سامانە سروشتیەکاندا هاتووە، بە زووترین کات بێنە سەر خەت بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی مەدەنی و ئەمنیەتی وزە و ڕێگریکردن لە هێرشی دیکە بۆ سەر کەرتی وزەی کوردستان. لەلایەکى دیکەوە کۆمپانیای DNOی نەرویجی رایگەیاند، بە شێوازی کاتی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە دوو کێڵگەی تاوکێ و پێشابوور راگرتووە، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ تەقینەوە لەو دوو کێڵگەیە روویانداوە. بەپێی راگەیاندنی کۆمپانیاکە، یەکێک لە تەقینەوەکان لە کۆگایەکی نەوتی بچووک روویداوە لە کێڵگەی تاوکێ، تەقینەوەی دیکە لە دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان بووە لە کێڵگەی پێشابوور. هیچ زیانێکی گیانی لە تەقینەوەکاندا نەبووە و کۆمپانیاکەش سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە و دەڵێت، دوای هەڵسەنگاندنەکان بۆ زیانەکان، دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت دەکەنەوە. هاوکات پەیوەست بەو هێرشانە دژەتیرۆری کوردستان بڵاویكردەوە: بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی تەممووزی 2025، لە کاتژمێر 7:14، لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی هاند ئۆیلی ئەمریکی لە باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک و، هیچ زیانێکی گیانی و مادیی لێ نەکەوتەوە. دەقى ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە 16ی تەمووزی 2025 لە ڕێگای درۆنی بۆمبرێژکراوەوە ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی کرایە سەر کێڵگەکانی نەوتی تاوکێ و پێشخابوور و عین سفنی لە ئیدارەی سەربەخوی زاخۆ و قەزای شێخان سەر بە پارێزگای دهوک. هەرچەندە هێرشەکان زیانی گیانیی نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆری بە ژێرخانی کێڵگەکان کەوتووە. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە توندی ئەم هێرشە تیرویستییانە ئیدانە و شەرمەزار دەکات، کە مەبەست لێدانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و دروستکردنی مەترسییە لە سەر سەلامەتیی کارمەندانی مەدەنیی کەرتی وزە. وەزارەتمان بانگەوازی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە بە زووترین کات بێنە سەر خەت بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی مەدەنی و ئەمنیەتی وزە و ڕێگریکردن لە هێرشی دیکە بۆ سەر کەرتی وزەی کوردستان. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی کەرتی وزە و پێگەی ستراتیجیی خۆی لە دابینكردنی سەقامگیریی وزە لە ناوچەکە و جیهان دەدات.
عەبدوڵا ئۆجەلان، رابەڕی زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان، جەختیكردووە لەوەی، نابێت هێزەكانی سوریای دیموكرات چەكەكانیان دابنێن. محمەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵا ئۆجەلان رایگەیاندووە، لە دواین سەردانی ئەم دواییەی بۆلای براكەی لە زیندانی ئیمرالی، باسی رۆژئاوای كوردستان كردووەو رایگەیاندووە: نابێت هەسەدە چەكی خۆی دابنێت و دەبێت پارێزگاری لێبكات، ئۆجەلان باسی لەوە شكردووە، ئەگەر هەسەدە چەكی خۆی دابنێت، ئەوا داعش كورد لە رۆژئاوای كوردستان لەناودەبات. ئۆجەلان، ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەگەر لەنێوان كوردو شامدا چارەسەرێكی دیموكراتی بێتە ئاراوە، كارێكی باشەو دەكرێت نەرمی بنوێنن، بەڵام باوەڕی بە ئەحمەد شەرع نییە، چونكە ئەو سەرێكی داعشەو دیارنییە بە نیازی چییە. لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئۆجەلان وتویەتی: پەیوەندی وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ مەزڵوم عەبدی باشەو هیوادارم ئەو پەیوەندییانە توندوڵتربێت.
یانەی نەورۆز سەبارەت بەیارى کۆتایی جامی عێراق ڕایدەگەیەنێت ئامادەیی خۆمانمان دەربڕی و دەرفەتێکی باش بوو بۆ بووژانەوەی ئابووری ئەم شارە، دوای بڵاوكردنهوهی نووسراوی بهڕێوهبهرایهتی گشتیی وهرزش بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق زانیاریمان به دهست گهیشتووه كه دهسهڵاتدارانی ئەمنی شاری سلێمانی رێگربوون. ڕۆژى دووشەممەى ڕابردوو، لیژنەى پێشبڕکێکان لە یەکێپتى تۆپى پێى عێراق رایگەیاند، یارى کۆتایى جامى عێراق لە نێوان یانەى زاخۆو دهۆک لە یاریگاى نێودەوڵەتى نەورۆز لە سلێمانى بەڕێوەدەچێت. لیژنەکە روونیکردووەتەوە، یارییەکە هەینى داهاتوو 18ى ئەم مانگە کاتژمێر هەشتى شەو لە نێوان هەردوو یانەى دهۆک و زاخۆ دەکرێت. بەڵام ئەمڕۆ بڕیارەکە هەڵوەشێنرایەوە یاریەکە لەیاریگاى نەورۆزەوە گواسترایەوە بۆ یاریگاى شەعبى بەغدا و ڕۆژى هەینى ئەنجامدەدرێت. یانەى نەورؤز ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تیایدا هاتووە، زانیاریمان به دهست گهیشتووه كه دهسهڵاتدارانی ئەمنی شاری سلێمانی ڕێگر بوون له ئهنجامدانی ئهو یارییه له شاری سلێمانی به بیانووی ئهوهی كه ئهمنییهتی یاریگاكه پارێزراو نییه كه ئهمهش جێگای داخه بۆ یانهكهمان و شهقامی وهرزشی به گشتی . دەقى ڕاگەیەندراوەکەى یانەى نەورۆز.. له پاش ئهوهی بڕیاردرا یاری كۆتایی جامی عێراق له نێوان ههردوو یانهی دهۆك و زاخۆ له یاریگای یانهكهماندا ئهنجام بدرێت , ئێمهش به خۆشحاڵی و شانازییهوه لاری نهبوونمان له پێدانی یاریگاكه بۆ ئهو بۆنه گهوره وهرزشییه دهربڕی و كه دهبووه هۆی ژمارهیهكی زۆری هاندهرانی ئهو دوو یانه خۆشهویسته بێنه شاری سلێمانی كه ئهمهش لهم كاته سهخت و دژوار و بێ موچهییهدا داهاتێكی باش دههاته شارهكهمان و خهڵكێكی زۆر سودمهند دهبوون , بهڵام بهداخهوه دوای بڵاو كردنهوهی نوسراوی بهڕێوهبهرایهتی گشتی وهرزش بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و بەپێی هەواڵ و زانیارییەکانی میدیا باوەڕ پێکراوەکانی عێراق، زانیاریمان به دهست گهیشتووه كه دهسهڵاتدارانی ئەمنی شاری سلێمانی ڕێگر بوون له ئهنجامدانی ئهو یارییه له شاری سلێمانی به بیانووی ئهوهی كه ئهمنییهتی یاریگاكه پارێزراو نییه كه ئهمهش جێگای داخه بۆ یانهكهمان و شهقامی وهرزشی به گشتی .
بەپێى ڕاپۆرتێکى ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەلادێکانى دەوروبەرى حەلەب پێکدادان لەنێوان هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە)و هێزە ئەمنییەکانى سوریا دروستبووە، دواى ئەوەى هێزێکى سوریا بەبێ هەماهەنگى و مۆڵەتى هەسەدە هەوڵیانداوە بچنە ناوچەکە. ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تەمموز ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕاپۆرتێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەى خستوەتەڕوو لەناوچەى دیر حافر لە رۆژهەڵاتی پارێزگای حەڵەب لە رۆژئاواى کوردستان گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هێزەکانی هەسەدەو هێزەکانى ئاسایشی گشتی سەر بە حکومەتی سوریا ڕویداوە. بەپێى زانیاریە بڵاوکراوەکانى ڕوانگەى سوریی، پێکدادانێکی پچڕپچڕ لە نێوان هێزەکانی هەسەدەو هێزەکانى سوپای نیشتمانی سوریا ڕوویدا، یەڵام هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوە لەبارەی زیانەمرۆییەکانەوە هیچیان بەدەست نەگەیشتوە. سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بۆ ڕوانگەی سوری ئەوەیان ڕاگەیاندوە، ئەو هەواڵانەىلە بارەی کوژرانی دوو ئەندامی هەسەدەوە باس دەکرێن دوورن لەڕاستیەوە. ڕاپۆرتەکە ئەوە دەخاتەڕوو بە گوێرەی زانیارییەکان پێکدادنەکە کاتێک رویداوە کە هێزەکانی ئاسایشی سوریا بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ هەسەدە و وەرگرتنی رەزامەندی هەوڵیانداوە بچنە ئەو ناوچەیە. تا ئێستا هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوە سەبارەت بە زیانی گیانی ئەو پێکدانانە بڵاونەکراوەتەوە و روانگەی سوری لە زاری چەند سەرجاوەیەکی ئاگادارەوە ئەو ڕاپۆرتانەى رەتکردەوە کە باس لە کوژرانی دوو ئەندامی هەسەدە دەکەن لەو ئاڵۆزیانەدا. روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ هەروەها گرتەیەکی ڤیدیۆیی ڕەتیکردەوە کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەتەوە کە تیایدا دەردەکەوێت گەنجانی دەمامکدار هەڕەشە لە ڕاپەڕینی چەکداری عەرەب لە دژی هێزەکانی هەسەدە دەکەن دەشڵێن ئەو ڤیدیۆیانە کۆنە و تایبەت بە ئێستا نییە. پێکدادانى نێوان هەسەدە و هێزە ئەمنییەکانى سوریا هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامى شەڕ و ئاڵۆزییەکانى سوەیدا کە سێ رۆژە بەردەوامە. شەڕەکە لە رۆژی شەممە لە نێوان چەکدار درووزەکان و چەکدارە بەدەوەییەکان کە سەر بە چەند عەشیرەتێکن سەریهەڵدا. لە بنەڕەتدا شەڕەکە وێنەیەکی مەزهەبی وەرگرتووە، چونکە درووزەکان شیعەن، چەکدارەکانی دیکە سوننەن. هەردوولایان چەکیان پێیە، سوننەکان پشتیوانی حکومەتەکەی شەرعیان هەیە، درووزەکان پشتیوانی سوپای ئیسرائیلیان هەیە. بەرەی سوننە و شیعەی سوەیدا، یەکتر بە ئاسانی قبوڵ ناکەن. هەر شتێک لەلایەن گرووپێکیانەوە بە هەڵوێستی دوژمنکارانە لێکدەدرێتەوە.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بڵاوکردەوە، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان مەترسین بۆسەر بەرژەوەندیی عێراق. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو ئامانج لە هێرشە درۆنییەکان تێکدانی دۆخی عێراق و زیانگەیاندنە بە دامەزراوە گرنگەکانی، سودانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێ و فراوان دەستپێبکەن. سەباح نوعمان، ئاماژەى بەوەکردووە، سروشتى ئەو هێرشە تاوانکارییانە و کاتى ئەنجامدانى، ئاماژەیە بۆ بوونى نیازى "پیس" کە ئامانجى تێکەڵکردنى کارتى دۆسییەکان و زیان گەیاندنە بە عێراق و دامودەزگاکانى. سەباح نوعمان، ئاماژەى بەوەشکردووە، محەمەد شیاع سودانى، فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانى راسپاردووە، لێکۆڵینەوەى خێرا و ورد و فراوان دەستپێبکەن بۆ دەستنیشانکردنى ئەو لایەنەى لە پشتى ئەو هێرشانەوەیە، لەگەڵ گرتنەبەرى رێوشوێنى تووند و پێویست و لێپرسینەوە لەوانەى تێوەگلاون بەبێ ئەوەى لە هیچ کەس سڵ بکەنەوە. گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراقەوە، جەختیکردووەتەوە، حکومەتى عێراق بە سەرجەم دامودەزگاکانییەوە، بەهیچ شێوەیەک رێگە بە بوونى هەڕەشە نادات زیان بە بەرژەوەندییەکانى گەلانى عێراق بگەیەنێت. دەشڵێت "بۆ پاراستنى دامەزراوەکان و پەرەپێدانى سیستمى بەرگرى رێوشوێن دەگرێتەبەر، کە رێگری بکات لە دووبارەبوونەوەى ئەو کردەوانەى کە هەڕەشەن بۆ سەروەرى عێراق و گەلەکەى". لە 24 کاتژمێری رابردوودا سێجار سنوورى پارێزگاكانى هەولێر، سلێمانى و دهۆک كەوتوونەتە بەرهێرشى درۆنى، ئەمەش کاردانەوەى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى بەدواداهات.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان وادەی پێدانی ژمارەی هەڵبژاردنەکانی بۆ هاوپەیمانی و حزبەکان و تاک کاندیدەکانی ڕاگەیاند، هاوکات دووپاتی کردەوە کە 15 ڕۆژ دوا وادەیە بۆ تەواوکردنی وردبینیکردنی سەرجەم داتاکانی کاندیدەکان. جومانە غلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی عێراق، ڕایگەیاند كۆمسیۆن بەردەوامە لە كارەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 11ی تشرینی دووەمی ئایندەو؛ سەرەتای مانگی هەشت پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەزمونیی ئەنجام دەدرێت و كۆمسیۆن ئامێری تایبەت بە پرۆسە ئەزمونییەكە وەردەگرێتەوە، بەوپێیەی پرۆسەی نۆژەنكردنەوەیان هێشتا بەردەوامە. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا وتیشى: لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ رێكخستنی تیروپشكی تایبەت بە هاوپەیمانی و پارت و كاندیدە تاكەكەسییەكان لە رۆژی 5ی ئابی ئایندەدا، كۆمسیۆن هێشتا لەرێگەی هۆبەی كاروباری كاندیدەكانەوە وردبینی دەكات بۆ بەرایی كاندیدەكان دەكات. وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی عێراق، ئەوەشى خستەڕوو ئەو كاندیدە تاكەكەسییانەی كە لەسەر كورسییە گشتییەكان و كورسی پێكهاتەكان كێبركی دەكەن، وردبینی لە تۆمارەكانیان كراوەو رەوانە كراون بۆ دڵنیابوونەوە لە شایستەیی كاندیدبوونیان. ناوبراو زیادیکردو وتى: چەندین دیدار لەگەڵ لیژنەی ئەمنیی كراوە لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆندا بەمەبەستی پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن، هێشتا وردبینیكردنی بەراییەكان بەردەوامەو كۆمسیۆن پێویستی بە 15 رۆژ هەیە بۆ كۆتایهێنان بەم كارە.
هیچ وەزیرێکى پارتى دیموکراتى کوردستان، بەشداری کۆبونەوەکەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقى نەکردوە، بەڵام وەزیرەکانى یەکێتى بەشدارن. پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێ شەممە، ئەنجوومەنی وەزیران دانیشتنی ئاسایی خۆی بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی، دەستپێکرد. وەزیرەكانی پارتی فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوە و بەنگین رێكانی وەزیرى ئاوەدانکردنەوە بەشدارى کۆبوونەوەکەیان نەکردوە، بەڵام وەزیرەکانى یەکێتى ئامادەى کۆبونەوەکەن، ئەمە دووەمجارە وەزیرەکانى پارتى بایکۆت دەکەن، رۆژى شەممەى ڕابردووش فراکسیۆنى پارتى لەئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بەشدارى دانیشتنەکەیان نەکرد. بەپێى زانیاریە بڵاوکراوەکان، موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەكارنامەی كۆبوونەوەكەدا نیە. بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەى ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، لیژنە وزارییەكە راپۆرتی خۆی لەبارەی نەوت و مووچە پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران دەكات. ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێی راپۆرتی لیژنە وزارییەکە دەکات، ئەو لیژنەیەی هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆكایەتیی محەمەد تەمیم وەزیری پلاندانان و ئەندامێتی پێنج وەزیری دیكەی حكومەی عێراق پێكهێنرا.
سهرۆکایهتیی ههرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت حكومهتى فيدراڵى عێراق پێويسته ههموو ڕێكارێكى بهپهله و پێويست بگرێته بهر بۆ ڕێگهگرتن لهو هێرشە درۆنیانەو دۆزينهوهى هێرشبهران و سزادانيان. لەشەوى ڕابردووەوە لەناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان، پێنج درۆن کەوتونەتە خوارەوە، بەڵام هیچیان زیانى گیانى لێنەکەوتوەتەوە، تائیستاش بەفەرمى هیچ کەس و گروپێک سەرچاوەى هەڵدانى ئەو درۆنانەى ئاشکرا نەکردوە. لەڕاگەیەندراوێکیدا، سهرۆکایهتیی ههرێمی کوردستان، دەڵێن به توندى سهركۆنهى ئهو هێرشانه دهكهين كه به درۆن دهكرێنه سهر ژێرخان و ناوچه جیاجياكان له ههرێمى كوردستان. هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو ئهو هێرشانه سهقامگيرى و سهروهريى وڵات و وهبهرهێنانى ناوخۆيى و بيانى دهخهنه مهترسييهوه. ێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێ شەممە، درۆنێک خۆی کێشاوە بە شاخی دەربەندی بازیاندا لەسنورى قەزاى چەمچەماڵ، مەمەد رەشید بەڕێوەبەرى ناحیەى تەکیە لەوبارەیەوە لەلێدوانێکیدا ڕایدەگەیەنێت: کەمێک پێش ئێستا درۆنێک خۆی کێشا بە شاخی دەربەندی بازیاندا و تەقییەوە. هاوکات ئەوەشى خستەڕوو تائێستا زیانەکانى تەقینەوەکە نەزانراوە و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. بەوتەى بەشێک لەهاوڵاتیانى ناوچەکە درۆنەکە لەئاسمانى خولاوەتەوەو بینراوە، دوى چەند خولەکێک خۆى کێشاوە بەشاخەدا، ناحیەی تەکیە سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە سنووری پارێزگای سلێمانی. کاتژمێر دەى شەوى ڕابردوو، لەڕێگەى دوو درۆنى بۆمب ڕیژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی خوورمەڵە، سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایدەگەیەنێت هێرشەکە بە دوو درۆن کراوە، لەلایەن هاوپەیمانانەوە خراونەتە خوارەوە.
سەرۆکى فراكسیۆنەکانی یەکگرتوو و رەوتی هەڵوێست و بزوویتەوەی گۆڕان لەپەرلەمانى کوردستان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، پشتگیری خۆیان لە هەر خۆپیشاندان و رێکارێکی مەدەنی دەربڕى و دەڵێن: بەدەمیەوە دەبین، لەسەر پرسی مووچە هەر ئەرکێک بکەوێتە سەر شانمان درێغی ناکەین. هەر لەو کۆنگرەیەدا کە نیوەڕۆى ئەمڕۆ ئەنجامیاندا ئەوەشیان خستەڕوو، خەریکە شارەکانی هەرێمی کوردستان بە سەربازگە دەکرێن و هەناسە و داوای هاوڵاتییان رێگەی لێدەگیرێت بە فیشەک رووبەڕووی دەبنەوە و کپ دەکرێت، بۆیە داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین ئەرکیان پاراستنی ماڵ و ژیانی خۆپیشاندەرانە، نەک خستنە مەترسی ژیانی هاوڵاتییان. هاوکات ئاماژەیان بەوەشکرد دەسەڵاتدارانی هەرێم گەیشتوونەتە بن بەست و هیچ چارەسەرێکییان پێ نییە، ماوەی دوو مانگ و نیوە دەستی دەستی بە مووچەخۆران دەکەن، بۆیە پێمان وایە تەنها رێگە چارە رێککەوتنی هەرێمە لەگەڵ بەغدا لەبەشێکى دیکەى ئەو کۆنگرەیاندا دەڵێن: دوو ساڵ و حەوت مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی بەسەرچووە کاربەڕێکەر و رۆژ بەڕێکەرە و سزای هاوڵاتییان دەدات، گرێبەستی نایاسایی دەکات، ئەمەش بە تاوان دەزانین دژی هاوڵاتییان و دەنگدەران، چونکە حکومەت نایەوێت پەرلەمانی هەبێت.
رۆژنامەی "زەمان"ی توركی بڵاویكردەوە: بڕیارە سبەینێ، نومان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نامە بۆ لایەنە سیاسییەکان بنێرێت و داوای دیاریكردنی ئەندامیان لێبكات، بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانیی كە ئەرکی دامەزراندنی بناغە یاساییەکانی یەکلاکردنەوەی كێشەی کورد و، تێکەڵکردنی ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەبێت لە کۆمەڵگادا. ئەمجارە پێکهێنانی لیژنەکە لەسەر بنەمای بڕیارێکی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەبێت، نەک بە یاسا، هاوشێوەی لیژنە تایبەتمەندەکانی دیکەی ئێستا، سەرۆکایەتی پەرلەمان چوارچێوەی کارکردنی لیژنەکە دیاری دەکات و، پێشبینی دەکرێت (٣٥) ئەندام لەخۆبگرێت. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) داوای پێکهێنانی ئەو لیژنەیەی کردبوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاش رایگەیاند، پێكهێنانی لیژنەكە لە سێ لایەنی پارتی داد و گەشەپێدان، پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست و پارتی یەکسانی گەل (پەیەدە) و پارتی دیموکرات (دەم پارتی) دەبێت. ئەو پارتانەی فراكسیۆنی پەرلەمانییان هەیە، بە پێنج نوێنەری بەشداری ئەم لیژنەیە دەکەن، ئەو پارتانەشی فراكسیۆنیان نییە، بە یەک نوێنەر بەشداری دەکەن، پێنج پەرلەمانتاریش لە سەربەخۆکان بە تیروپشک دیاری دەکرێن. ئەرکی لیژنەکە، پەرەپێدانی پێشنیازەکان دەبێت لەبارەی تێکەڵکردنی ئەندامانی پەكەكە کە چووەتە قۆناغی چەکداماڵین لەگەڵ کۆمەڵگا و، پێكهێنانی میکانیزمی کۆمەڵایەتی و یاسایی بۆ ئەو کەسانە. پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (هەدەپە)و پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن، داوای لیژنەیەکی سشپۆڕی هەمیشەیی دەکەن کە بەگوێرەی یاسا دامەزرابێت، نەک قەوارەیەکی سنوردار کە ئەرکی تەکنیکی هەبێت. لە بەرامبەردا هاوپەیمانی كۆماری دەسەڵاتدار، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، لیژنەکە تەنها لە قەوارەیەکدا سنوردار بكرێت، بەوپێیەی پەرە بە پێشنیازەكان دەدات. ئەندامانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) پێشنیازیان کردووە، کە دەستپێشخەریی ئێستا بە "ئاشتی و دیموکراسی" ناوببرێت، کە گروپی دەسەڵاتدار بە "تورکیا بێ تیرۆر" ناوی دەبات، بەڵام بەرەی دەسەڵات، دژی هێنانە پێشەوەی وشەی "ئاشتی" بووە بۆ ناوی ئەم قۆناغە، بەهۆی نەبوونی جەنگەوە. لەم هەفتەیەدا شاندێکی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان سەردانی بۆ لای پارتە سیاسییەکان دەستپێدەکاتەوە، ئەوەش دوای داماڵینی چەک لەلایەن پەکەکەوە. شاندەکە کە پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان، مدحەت سانکار و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، رۆژی چوارشەممە کاتژمێر (١٢:٠٠)ی نیوەڕۆ، لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە کۆدەبنەوە. دواتر شاندەکە کاتژمێر(٢:٠٠)ی پاشنیوەڕۆ لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست دەكات لە پەرلەمانی تورکیا .
لەشەوى ڕابردووەوە لەناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان، پێنج درۆن کەوتونەتە خوارەوە، بەڵام هیچیان زیانى گیانى لێنەکەوتوەتەوە، تائیستاش بەفەرمى هیچ کەس و گروپێک سەرچاوەى هەڵدانى ئەو درۆنانەى ئاشکرا نەکردوە. پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێ شەممە، درۆنێک خۆی کێشاوە بە شاخی دەربەندی بازیاندا لەسنورى قەزاى چەمچەماڵ، مەمەد رەشید بەڕێوەبەرى ناحیەى تەکیە لەوبارەیەوە لەلێدوانێکیدا ڕایدەگەیەنێت: کەمێک پێش ئێستا درۆنێک خۆی کێشا بە شاخی دەربەندی بازیاندا و تەقییەوە. هاوکات ئەوەشى خستەڕوو تائێستا زیانەکانى تەقینەوەکە نەزانراوە و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. بەوتەى بەشێک لەهاوڵاتیانى ناوچەکە درۆنەکە لەئاسمانى خولاوەتەوەو بینراوە، دوى چەند خولەکێک خۆى کێشاوە بەشاخەدا، ناحیەی تەکیە سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە سنووری پارێزگای سلێمانی. کاتژمێر دەى شەوى ڕابردوو، لەڕێگەى دوو درۆنى بۆمب ڕیژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی خوورمەڵە، سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایدەگەیەنێت هێرشەکە بە دوو درۆن کراوە، لەلایەن هاوپەیمانانەوە خراونەتە خوارەوە. بەوتەی ئەو سەرچاوە ئەمنییە، "درۆنێکی دیکەش چووەتە ئاسمانی ناوچەکە و دواتر دیار نەماوە، پێدەچێت گەڕێندرابێتەوە شوێنی خۆی". وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی ئەمشەوی سەر کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە پارێزگای هەولێر، دەڵێ: هێرشەکە زیانی گیانی نەبوووە، زیان تەنیا بە بۆرییەکانی ئاوی وێستگەکە کەوتووە." هەروەها وەزارەتەکە ئەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان "شەرمەزار دەکات". هاوكات فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان لەبارەی هێرشە درۆنیەكەی سەر كێڵگەی نەوتی خورمەڵە رایگەیاند، هێرشەكە بەدوو درۆن لە سەرچاوەیەكی نادیارەوە كراوە و هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتووەتەوە، بەڵام زیانی مادی هەبووە. دەشڵێ، هەماهەنگیان لەگەڵ هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە بۆ بەدواداچوون لەبارەی هێرشەكەوە. بەرەبەیانى ئەمڕۆش هێرشكرایەسەر كێڵگەیەكی دیكەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە سنووری پارێزگای دهۆک، كۆمپانیای وەبەرهێنیش رایگەیاند، تەقینەوە لە یەكەیەكی وەبەرهێنان روویداوە و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی نەوت وەستاوە. لە كەمتر لە 12 كاتژمێردا ھێرشكراوەتەوەسەر دوو كێڵگەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك. هێرشەكەی بەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ بووە لە دهۆك، كۆمپانیای ئێچ كەی ئێن ئینێرجی كە وەبەرهێنان لە كێڵگەی نەوتی سەرسەنگی سنووری دهۆك دەكات لە تۆڕی ئێكس هێرشەكەی پشتڕاستكردەوە و نوسیویەتی، تەقینەوەكە كاتژمێر 7ـی بەیانی لە یەكێك لە یەكەكانی بەرهەمهێنانی نەوت روویداوە و تیمی فریاگوزاری سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگری تەقینەوەکەن و هێشتا کۆنترۆڵنەکراوە. دەشڵێ، هەموو ستافی کێڵگەکە سەلامەتن و لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە کاردەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و تاوەکو دڵنیا نەبنەوە بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێناکەنەوە.
وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەیانی ئەمڕۆ لەڕێی درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە هێرشێکی تیرۆرستی كرایەسەر كێڵگەی نەوتی سەرسنگ و هیچ زیانێکى گیانى نەبووە. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر كێڵگەی نەوتی سەرسنگ بڵاوکردەوە، تیایدا هاتووە: ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەتووندی ئیدانە و شەرمەزار دەکات. لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای (HKN)ـی ئەمەریکی کە لەو کێڵگەیە کار دەکات، لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە، بەهۆی هێرشەکە، بەرهەمهێنانی نەوتیان وەستاندووە و جەختی کردووەتەوە، هەموو ستافی کێڵگەکە سەلامەتن و تەنیا زیانی ماددی هەیە. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، هێرشەکە کاتژمێر 7:00 ـی بەیانی بە کاتی کراوە و لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە کار بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەکەن و تاوەکو دڵنیا نەبنەوە بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێناکەنەوە. ئێوارەی دوێنێ دووشەممەش، 14ـی تەممووزی 2025، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانییان نەبوو. نزیکەی کاتژمێر 2:20ـی بەرەبەیانیی هەمان ڕۆژیش (دووشەممە، 14ـی تەممووزی 2025) درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر تێکشکێندرا و خرایە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتەوە. دەقى ڕاگەیەندراوەکە ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە سەر لەبەیانی ئەمڕۆ رۆژی سێشەممە (15)ی تەمووزی 2025 لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشێکی تیرۆرستی كرایە سەر كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک . هێرشەکە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە. ئەم هێرشە دوای ئەو هێرشەی دوێنێ ئێوارەوە دێت کە لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی خۆرمەڵە لە پارێزگای هەولێر. وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەتووندی ئیدانە و شەرمەزار دەکات. وەزارەت سامانە سرووشتییەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان 15ی تەمووزی 2025
