بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، ڕۆژی یەکشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆك مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە عرفان سدیق باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد. لە دیدارەکەدا باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەو سەرکەوتنە مەزنەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەستی هێنا کە زیاتربوو لە یەک ملیۆن دەنگ. هەروەها هیوای خواست کە پڕۆسەی سیاسیی دوای هەڵبژاردن لە عێراق ڕێچکەی خۆی بگرێت لە پێناو پێکهێنانی حکوومەتێکی فیدڕاڵی بە بەشداری هەموو لایەنە سیاسییەکان. لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی باڵیۆزی بەریتانیای کرد، و رایگەیاند، کە سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە بۆ پارتی دروستکران بەڵام بە متمانەی بەهێزی گەلی کوردستان، پارتی توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت. هەروەها سەرۆک بارزانی قۆناغی دوای هەڵبژاردنی بە گرنگ وەسفکرد و ئاماژەی بەوەدا، پێویستە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی لە عێراق و جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور، هەموو لایەنە سیاسییەکان بە جددی کار لەسەر ئەم پرسە بکەن و لێکنزیک ببنەوە و ئەزموون لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرن. هەروەها سەرۆک بارزانی رایگەیاند، پەیوەست بە پارتی و هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی دەستوور دەبێتە بنەمای سەرەکی بۆ گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق و ڤیتۆمان لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە، لای ئێمە خاڵی گرنگ ئەوەیە هەر کەس و لایەنێک بڕوای بە فیدڕاڵی تەواو هەبێت لەسەر بنەمای دەستوور، هەروەها بڕوایان بە جێبەجێکردنی دەستوور و دەرکردنی یاسا بۆ ئەو برگانەی لە دەستووردا هاتوون و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە لەسەر بنەمای دەستوور دەرکراون هەبێت کە تا ئێستا جێبەجێنەکراون، وەکو یاسای ئەنجوومەنی ئیتحادی و یاسای نەوت و گاز. هەر کەس و لایەنێک پابەندبێت بەجێبەجێکردنی دەستوور نزیکترین کەس و لایەن دەبێت لە ئێمە و لە هەرێمی کوردستان. پەیوەست بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی رایگەیاند کە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئێمە هەموو نەرمییەکمان نواند، پێشتریش ڕامانگەیاندبوو، مەرج نییە ئەو هەڵومەرجەی پێش هەڵبژاردن هەبوو دوای هەڵبژاردن بمێنێت. بەڵام گرنگە دەرگاکانی گفتوگۆ کراوەبن تا بتوانین بەیەکەوە کێشەکان چارەسەر بکەین. لەسەر پرسی یەکڕیزی کورد لە بەغدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا، بنەمای یەکڕیزیی کورد لە بەغدا ئەوەیە کە باوەڕێکی هاوبەشمان هەبێت لەسەر پرسە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و لەسەر بابەتی فیدڕاڵییەت و پابەندبوونی بەغدا بە تەواوی بڕگەکانی دەستوور. پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا لەگەل هەرێمی کوردستان و عێراق تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەبوون، هەردوولا هاوڕابوون لە گرنگی بەردەوامی ئەو پەیوەندییانە و بەرەوپێشبردنی لە هەموو بوارەکاندا.
سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوەدەدات، کە بەر لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق؛ چەند لایەنێک داوای هاوپەیـمانێتییان لە پارتەکەیان کردووە، بەڵام ڕەتیانکردووەتەوە. پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق؛ لەچەند بازنەیەکی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لیستی هەبوو، بەڵام هیچ کورسییەکانیان مسۆگەر نەکرد، سەرەڕای بەدەستهێنانی نزیکەی 8 هەزار دەنگ. محەممەدی حاجی محموود، سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان؛ بە ئاڤای گوت، "بەشێکی لایەنەکان لەچەند بازنەیەک داوای هاوپەیمانێتییان لێکردین، بەڵام ئێمە ڕازی نەبووین و ناچینە نێو هاوپەیمانێتییەک کە پارتی و یەکێتی تێدا نەبێت." سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، هەر لەمیانەی قسەکانیدا باسی لە چەند بابەتێکی دیکەی گرنگ کرد: ــ ئەگەر پارتی و یەکێتی بەیەکەوە نەبن، ئێمە ناچینە هیچ هاوپەیمانییەک. ــ ئێمە لەگەڵ ئەوە بووین، هەموو لایەنە کوردستانییەکان لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەک بەشداربن. ــ فشاری زۆرمان لەسەر بوو، کە بوونە هۆکاری ئەوەی دەنگەکانمان کەم بکات. ــ لە کەرکووک و خانەقین کێشەی زۆرمان بۆ دروستکرا و لە خانەقین سەرۆکی لیستەکەیان بە پارە کڕی.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دەست دەکرێت بە هەژمارکردنی کورسیی لایەنە سیاسییەکان، کۆتای ژنان و پێکهاتەکان. هەروەها ئەمڕۆ یان سبەی، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕادەگەیەنن. ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەرجەم وێستگەکانی دەنگدان کە مابوونەوە، هەژمارکراون و ئەنجامەکانیان بە ڕێژەی 100% هاوتای ئەنجامی هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەستی بوون. بە گوتەی جومانە غەلای، ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆمیسیۆن دەست دەکات بە هەژمارکردنی کورسییەکانی هەموو لایەنە سیاسییەکان، لەنێویاندا کورسییەکانی کۆتای ژنان و پێکهاتەکان. وەک ئەوەی غەلای باسی کرد، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ یان سبەی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕابگەیەنرێت؛ دواتر کۆمیسیۆن بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەرگای تانەلێدان دەکاتەوە، کە لە ڕۆژی دوای بڵاوکردنەوەی لە ماڵپەڕی فەرمی کۆمیسیۆنەوە دەست پێدەکات. گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئەوەشی خستەڕوو، نووسینگەکانی پارێزگاکانی هەڵبژاردن دەستیان کردووە بە پێدانی شریتی ئەنجامەکان بە هاوپەیمانێتییەکان، پارتە سیاسییەکان و کاندیدەکان. بە گوتەی غەلای، کۆی گشتی 102 سکاڵا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تۆمار کراون کە 59ـیان سکاڵای دەنگدانی گشتی و 43ـیان، سکاڵای دەنگدانی تایبەت بوون. ئەوەشی خستەڕوو، بەشی سکاڵا و تانەکان لە کۆمیسیۆن دەستیان بە پۆلێنکردنی سکاڵاکان کردووە و زۆربەیان "زەرد"ـن، لەکاتێکدا کەمینەیەکیان "سەوز"ـن. گوتەبێژی کۆمیسیۆن شێوازی پۆلێنکردنی سکاڵاکانی بەم شێوەیە ڕوون کردەوە: سکاڵا زەردەکان: ئەو سکاڵایانەن کە مەرجە سەرەکییەکان یان بابەتییەکانیان تێدا نییە، ئەمەش وادەکات لە سەرەتاوە ڕەتبکرێنەوە. سکاڵا سەوزەکان: ئەو سکاڵایانەن کە ئاماژە بە بوونی سەرپێچی دەکەن لەلایەن فەرمانبەرانی کۆمیسیۆنەوە، یان بانگەشەی هەڵبژاردن لە ڕۆژی دەنگداندا، یان سەرپێچیکردنی ڕێنماییەکان لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی پاراستنی بنکەکان. جەختیشی کردەوە کە ئەم جۆرە سکاڵایانە کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نییە، بەڵام پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد هەیە. ڕۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتی و ڕۆژی یەکشەممەش، 09ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت، 82.42% و لە دەنگدانی گشتیش، نزیکەی 54.35% بوو. ڕۆژی چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجامە بەراییەکانی هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی بڵاوکردەوە. لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەک حزب، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەوپێیەی زیاتر لە یەک ملیۆن و 90 هەزار دەنگی بردووەتەوە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (A haber)ی توركی، ڕایدەگەیەنێت گفتوگۆکان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی سوریا، لەسەر پلانێک بوو بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سوریا و کۆتاییهێنان بەو مەترسیانەی کە بەهۆی داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا دروستیکردووە. هاوکات باس لەوەش دەکات پرسی یەکخستنی هێزەكانی سوریای دیموكرات پرسێکی سەرەکییە بوو کە لەگەڵ ئەمریکییەکان باسمان کردو دەبێت لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشدا بەرەوپێش بچێت، دەشڵێت: گفتوگۆکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە گرنگییەکی بایەخێكی هێجگار گەورەیان هەیە. وەزیری دەرەوەی تورکیا باس لە دانوستانەکان دەکات و وتیشى: ئەم دانوستانانە بۆ ماوەیەک راگیرا، بەتایبەتی دوای دەستوەردانەکانی ئیسرائیل لە باشور و هەندێک پێشهاتی ناوچەکە، ئێستا پرسى سەرەکی ئێمە لەگەڵ ئەمریکییەکان تیشکی دەخەینە سەر، دوورخستنەوەی ئیسرائیلە لە هاوکێشەکەدا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سوریاو، پێدانی دڵنیاییە بەوەی سوریا هەڕەشە نییە بۆ سەر ئیسرائیل. هاکان فیدان پێشى وایە پێویستە هەمووان رێز لە یەکپارچەیی خاکی سوریا و سەروەری سوریا بگرن و ئیدارەی ئەمریکا فشار لە ئیسرائیل بكات لەوبارەیەوە.، پێشبینی دەکەین گفتوگۆکانی نێوان هەسەدەو دیمەشق بگاتە قۆناغێکی پێشکەوتوو. هەروەها دەشڵێت: تورکیا بە وردی چاودێری هەموو ئەم پێشهاتانە دەکات و هۆشداری دەدات لە قۆستنەوەی دۆخی سوریا لە قۆناغی راگوزەرو و دروستکردنی مەترسی، کە دەکرێت لە ناوخۆی وڵاتەوە سەرهەڵبدات یان لەلایەن هەندێک لایەنی دەرەکییەوە پاڵپشتی بکرێن کە بەرژەوەندییان لە ئاژاوەگێڕیدا هەیە. وەزیرى دەرەوەى تورکیا وتیشى : لە ئێستادا دانوستان و گفتوگۆ لە ئارادایە، چ لەگەڵ ئەمریکییەکان و چ ئەوانەی خۆمان بەڕێوەی دەبەین. کاردەکەین بۆ ئەوەی هەموو ئەم هەوڵانە بەرەو دەرئەنجامێکی دیاریکراو و نەخشە بۆ كێشراون بڕۆن.
ئەو جووتیارە کوردەی گرتە ڤیدیۆییەکەی کە تێیدا لەلایەن سەربازێکی عێراقییەوە بە ملپێچەکەی ڕادەکێشرا کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە لەسەر دوو سکاڵا لە دادگای دووبز دادگایی دەکرێت. محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کورد لە سەرگەڕان، کە لە هەمانکاتدا قوربانیی ڕووداوەکەیە، ئەمڕۆ لەسەر سکاڵای هەریەک لە: محەممەد ئەمین بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، "ئەمە پێنجەمین جارە لەسەر ئەو کەیسە بانگێشتی دادگا دەکرێم، بەڵام هیچ کاتێک سکاڵاکارەکان ئامادە نەبوون، بۆیە تا ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە." ڕۆژی 17ی شوباتی 2025، کاتێک محەممەد ئەمین دەیویست زەوییەکەی بکێڵێت، هێزەکانی سوپای عێراق ڕێگرییان لێکرد. کاتێک ئەو بەرگریی لە خۆی کرد و لە تراکتۆرەکەی نەهاتە خوارەوە، سەربازێک بەناوی "کەرار شاکر" بە ملپێچەکەی ڕایکێشا و هەوڵی خنکاندنی دا. ئەم ڕووداوە کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە و لەلایەن هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانەوە سەرکۆنە کرا. محەممەد ئەمین، تەمەن 56 ساڵ، نوێنەری جووتیارانی کوردە لە سەرگەڕان. لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، لە ساڵی 1986 سزای زیندانیی هەتاهەتایی بۆ دەرکراوە و پێنج ئامۆزاشی لەسەردەستی ڕژێمی بەعس شەهیدکراون.
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە، بەغدا پێویستە مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، چونکە حکوومەتی هەرێم هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە. شەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2025، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: بەغدا هیشتا مووچەی مانگی 9 (ئەیلوول)ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە و پێویستە بینێرێت. جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی هەرێم هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە. هاوکات جەختی لەوە کردووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە. عەزیز ئەحمەد، لە بارەی داهاتی نانەوتییەوەش گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا دەنێرێت. شەممە، 08ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوە کردبوو، هیچ کێشەیەکی تەکنیکی لەنێوان هەولێر و بەغدا نەماوە و لیستی مووچە و میزانی پێداچوونەوە ڕەوانە کراون، ئەوەی لە بەغدا بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت سیاسییە، ستەم و زووڵمە . ناوبراو گوتبووی: زیاتر لە حەوت ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشراوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی مانگانە بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا دەکات. لە بارەی چۆنییەتی چارەکردنی کێشەکان، ڕێباز حەملان ئەوەی خستبووەڕوو، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، شاندێکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە بابەتی مووچە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆکی یەکێتی، جەخت لە هەماهەنگی و هاریکاریی بەردەوامی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بۆ پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار کە وەڵامدەرەوەی پەرۆشی خەڵک و پێویستییەکانیان بێت. ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پاراستنی مافە دەستووری و یاساییەکان کرایەوە، بەشێوەیەک ببێتە مایەی سەقامگیریی زیاتر لە وڵاتدا. ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرۆکی یەکێتی دەستخۆشی و پێزانینی بۆ هەوڵەکانی دەسەڵاتی دادوەری لە دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەربڕی و گوتی، "هەوڵەکانی یەکێتی لە چوارچێوەی یەکخستنی لایەنەکان و یەکڕیزی نیشتمانیدا دەبێت و کاردەکەین بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکە خۆشەویستەکەمان."
عەبدولسەلام ئەحمەد، نوێنەری ئیدارەی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا لە لوبنان، دەڵێت: تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سوپای سوریادا پێویستی بە دامەزراندنی سوپایەکی نیشتمانی یەکگرتوو هەیە کە ملكەچی دەسەڵاتێكی سیاسی شەرعی و یاسای خزمەتکردنی یەکگرتوو و باوەڕی بەرگری نیشتمانی بێت. عەبدولسەلام ئەحمەد، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "ریا نۆفستی" روسیا ئاماژەی بەوەکردووە: یەکگرتن تەنها بابەتێکی سەربازی نییە، بەڵکو پێویستی بە ڕێککەوتنێکی سیاسی هەمەلایەنە هەیە کە دووبارە داڕشتنەوەی بەیاننامەی دەستووری و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر سیستەمی حوکمڕانی و پەیوەندی نێوان حکومەتی ناوەندی و ناوچەكان لەخۆبگرێت، لەگەڵ پێکهێنانی دەسەڵاتێکی راگوزەر کە شەرعیەتی نیشتمانی هەبێت، توانای سەرکردایەتیکردنی قۆناغی داهاتوو و سەرپەرشتیکردنی دامەزراندنی دامەزراوەیەکی سەربازیی یەکگرتووی هەبێت. وتوشیەتی: بەبێ ئەم بناغە دەستوری و سیاسییانە، هەر باسێک لە یەکخستنی هێزەکان تەنیا بە تیۆری دەمێنێتەوە، یەکگرتن پێویستی بەوەیە سەرەتا دەوڵەتێک پێکبهێنرێت نەک گروپی چەكداری پەرشوبڵاو.
لە پارێزگاى هەڵەبجە بەهۆی بارانبارینەوە کارەباى شارەکە ناوەناوە دەکوژێتەوە و شۆرت لە زۆرێک لە فیدەرەکانیاندا ڕوویداوە، لە سلێمانیش بە هەمانشێوە ژمارەیەک فیدەر گرفتیان بۆ دروستبوو. کاوان کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە تایبەت بۆ کەناڵ8 ڕایگەیاند، بەهۆی بارانبارینەوە شۆرتی کارەبا لە زۆرێک لە فیدەرەکانیاندا ڕوویداوە و تیمەکانیان سەرقاڵی چارەسەری گرفتەکەن. هاوبەشانى کارەباشى دڵنیاکردەوە، کە لەکەمترین کاتدا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و کێشەکە چارەسەر دەکەن و کارەبا دەگەڕێتەوە دۆخى ئاسایى خۆى. هەر ئەمڕۆ بەهۆی بارانەوە کارەبای 80 فیدەر لە سلێمانى کوژایەوە، سیروان محەممەد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی کارەبای سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، ساڵانە لەگەڵ دەستپێکی وەرزی بارانباریندا کوژانەوەی کارەبا، بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی چاوەڕوانکراوە، چونکە گرفتى ئەو فیدەرانە لە ڕۆژانی ئاساییدا دەرناکەوێت. لەبارەی پرۆژەی ڕووناکی و توانای لە وەرزی سەرمادا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی کارەبای سلێمانی ئەوەی خستەڕوو؛ نازانن پرۆژەی ڕووناکی چۆن دەبێت، بەڵام ئەگەر کوژانەوەی کارەبا ڕوویدا، گرێبەست لەگەڵ مۆلیدە ئەهلییەکاندا کراوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە و پێدانی کارەبا بە هاونیشتمانییان.
ڕۆژنامەنوسێکی تورکیا ڕایگەیاند، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەسەڵاتی بە لیژنەیەکی پەرلەمانی داوە سەردانی زیندانی ئیمڕاڵی بکەن و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجهلان، ڕێبهری زیندانیكراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆببنەوە. (عەبدولقادر سیلڤی) لە ستونێكدا لە رۆژنامەی (حوڕییەت) نوسیویەتی: رەجەب تەیب ئەردۆغان گڵۆپی سەوزی هەڵكردووە بۆ سەردانی كۆمسیۆنەكەی پەرلەمان بۆ دیداری عەبدوڵا ئۆجالان لە دورگەی ئیمرالی. بەوتەی ئەم نوسەرە، لە كۆبوونەوەی ئەمدواییەی ئەردۆغان و باخچەلیدا بەتەواوەتیی پێداچوونەوە كراوە بە نەخشە ریگای "توركیای بێ تیرۆر"، هەردوولا گەیشتونەتە رێككەوتنی تەواوەتیی بۆ بەردەوامیدان بە هەوڵەكان بەوپەڕی تواناوە. پێشتر دەوڵەت باخچەلی پشتیوانی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی كۆمسیۆنەكەی پەرلەمان تایبەت بە چارەسەری پرسی كورد، سەردانی ئۆجالان بكات، بۆ مێژووی ئەوەی سەلماند كە ئۆجالان لە پرۆسەی ئەمجارەدا بەتەواوەتی پابەندی بەڵێنەكانی بووە. سەرباری ئەمە، وەكو نوسەری (عەبدولقادر سیلڤی) لە وتارەكەیدا باسی لێوەكردووە، لە كۆبوونەوەی كۆمیتەی بەرێوەبەری ناوەندیی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە)دا باس لە ناڕەزایەتی بنكەی جەماوەریی پارتەكە كراوە سەبارەت بە سەردانی كۆمسیۆنەكەی پەرلەمان بۆلای ئۆجالان و وەكو "بارێكی سەخت" ناویان هێناوە، ئەردۆغان وتویەتی: پارتەكەمان ناچێتە ژێر باری شتێكەوە كە بەرگەی نەگرێت، بەڵام سەرباری ئەمەش مۆڵەتی داوە سەردانی ئۆجالان بكرێت، ئەمەش بە واتای هەڵكردنی گڵۆپی سەوزی كۆتایی دێت.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى بارەگاى بارزانى، ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لە پێشوازیی چەند گەنجێکی دوزخورماتووکردووەو جەختی لەوە کردەوە، هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە لەژێر هیچ بیانوویەك سووكایەتی بە ئاڵای كوردستان بكات یان ڕێگری لە هەڵكردنی بكات. ڕۆژی شەممە 15ی تشرینی دووەمی 2025 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لەو گەنجە كوردانە كرد كە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 و لە ڕۆژی هەڵبژاردن بەهۆی هەڵگرتنی ئاڵای كوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە ئازار درابوون. لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای سوپاس و دەستخۆشی بۆ بوێری و كوردپەروەرییان جەختی لەوە كردەوە لەپێناو ئاڵای كوردستاندا خوێن و قوربانییەكی زۆر دراوە، ئاڵای كوردستان ئاڵای هەموو كوردێكە و هەر كوردێك مافی دەستووری و یاسایی خۆیەتی كە شانازی بە ئاڵا و پیرۆزییەكانی گەلەكەی بكات. سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، هیچ كەس و لایەنێك بۆی نیە لەژێر هیچ بیانوویەك سووكایەتی بە ئاڵای كوردستان بكات یان ڕێگری لە هەڵكردنی بكات.
وتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموکراتى کوردستان، ڕایدەگەیەنێت لەسەردانەكەی محمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە رۆژی سێ شەمە دەگاتە دهۆك، بە دڵنیایی باسی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەكرێت و بەشێكە لەو گفتوگۆیانەی لەومەودا دەستپێدەكات. لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی ڕووداو، ئەمڕۆ شەممە مەحمود محەمەد، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، وتى: بەداخەوە هەر لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی پارتی هەوڵی خۆیداو سەردانی هەموو لایەنەكانی كرد بۆ ئەوەی كابینەی شەرعی خۆمان پێكبهێنین، لایەنەكان لەخەمی ئەوە نەبوون دامەزراوەكانی حكومەت و كابینەكەی پێكبهێنرێت. وتیشى: ئێمە لەئەنجامەکانى هەڵبژاردن خەڵکى کوردستان متمانەى نوێکردەوە بۆ پارتى و ڕێبازى بارزانى و ئەرکى ئێمەى قورستر دەخاتەسەرشانى ئێمەو سوپاسى هەموو هاوڵاتیان دەکەین، پرۆسەکەش بەبێ هیچ ڕوداوێکى ناخۆش تێپەڕى. ئەو ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە دەبێت دەست بە گفتوگۆبكەینەوە، بەڵام هیچ بەرنامەیەكی دیاریكراومان دانەناوە بۆ كۆبونەوە لەگەڵ لایەنەكان، دەشڵێت: ئەگەر لەگەڵ یەكێتی رێكنەكەوتین ئەوسا قسەی خۆمان دەبێت. لەبەشێکى دیکەى دیدارەکەى لەگەڵ ڕووداو وتەبێژەکەى پارتى ئەوەى خستەڕوو تائێستا قسە لەسەر دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەكراوە و ئومێد دەكەین نەگاتە ئەوە. ئەو وتیشى: بەگوێرەی رێككەوتنێكی نەنوسراو پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كورد دەبێت، عەرەبەكان گلەیی ئەوە دەكەن كورد كەسایەتیەكی لێهاتوویی خۆی پێشكەش ناكات بۆ ئەو پۆستە، ئومێد دەكەین ئەمجارە ئەم گلەییە دووبارە نەبێتەوە. سەبارەت بە پۆستى سەرۆک کۆمار لە کابینەى داهاتوو، مەحموود محەمەد دەڵێت: پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمار بە یەكێتی عورف نییەو بەپێی رێككەوتنێكی پێشتری نێوان جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی كراوە.
بوڵنت ئارنچ، سەرۆكی پێشوتری پەرلەمانی توركیا دەڵێت: سەڵاحەدین دەمیرتاش پێیوتووە، چوار رۆژە هاوسەرەکەم (باشاک دەمیرتاش) چاوەڕێی ئازادکردنم دەكات لە ئەدەرنە، پێموتووە بڕوات. سەرۆكی پێشوتری پەرلەمانی توركیا، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "لیدەر هەبەر"ی توركی باسی سەردانەكەی كردووە بۆ لای سەڵاحەین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشوی هەدەپەو عوسمان كاڤالا، خاوەن كارو چالاکوانی مافی مرۆڤ كردووە لە زیندانی ئەدرنە. ئارنچ دەڵێت: هەردوو دیدارەكەم زیاتر لە کاتژمێرێکیان خایاندووە و زۆر گرنگ بوون بۆ من. لە باسی دەمیرتاش-دا باس لەوەدەكات: لەو کاتەوەی دەمیرتاشی ئەندامی پەرلەمان بووە و ناسیویەتی، جارێک یان دووجار چاوی پێیكەوتووە، لە سەردەمی جێگری سەرۆک وەزیرانیشدا، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بووە. ئارنچ ئاماژە بەوەدەكات: دەمیرتاش نۆ ساڵە زیندانی کراوە، لە ساڵی 2016ەوە، کاڤالا کەسێکی زۆر شارستانییە؛ هەردووکیان مرۆڤی زۆر میهرەبانن، هیچ ڕق و دوژمنایەتییەکیان هەڵنەگرتووە، هیچ کامیان هیچ کینە و ڕق و کینەیەکیان بەرامبەر کەس نییە، بەڕاستی من بەم شتە سەرم سوڕما، ئەگەر من لە هەمان دۆخدا بوومایە، تەنها ئەوەم دەزانی كە کێ ئەمەی لەگەڵ کردم، رەنگە مرۆڤی ئاسایی بیر لەوە بکاتەوە. بوڵنت ئارنچ لە بەشێكی تری قسەكانیدا، بە پێویستی دەزانێت بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستوری سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کە لەسەر داواکاری تاکەکەسی دەردەچن، بە جددی وەربگرین و دەبێت جێبەجێیان بکەین، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە پەیوەندییان بە کێوە هەیە، من ئەم پیاوەم بەدڵە، ئەو پیاوەم بەدڵ نییە، پێم وایە ئەمە تاوانبارەو ئەو کەسە بێتاوانە، ئەم جۆرە شتانە بوونیان نییە. دەشڵێت: نزیکەی مانگێک لەمەوبەر مۆڵەتم وەرگرت بۆ بینیان، پێم وابوو ئازاد دەکرێن، منیش لە ماڵەکانیان سەردانیان دەکەم و قاوەیەكیان لەگەڵ دەخۆمەوە، ئەوە ڕووی نەداوە، بەڵام باوەڕم وایە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئازاد دەكرێن.
لە شەوی ڕابردووەوە شەپۆلێكی بارانبارین هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و لە زۆرینەی ناوچە و شار و شارۆچكەكان باران دەبارێت و تاوەكوو ئێستا بەردەوامە، ئەمە بە یەكەم شەپۆڵی چڕی بارانبارینی ئەمساڵ هەژمار دەكرێت. بەپێی پێشبیننیەکانی کەشوهەوا ئەمڕۆ شەممە و سبەی یەکشەممە شەپۆڵێكی دیکەی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەبارێت. لە درەنگانێکی شەوەوە باران بارین سنوری سلێمانی گرتوەتەوە و بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاراس جەبار، شارەزای کەشوهەوا زیاتر لە 10 ملیم باریوە ئاراس جەبار، شارەزای کەشوهەوا ئاماژەی بە ئەوەش دا كە بەهۆی بارانبارین و گۆڕانکاریی کەشوهەواوە پلەكانی گەرماش شەش بۆ نۆ پلە نزم دەبنەوە و ئەگەری بەفربارینیش لە شاخە بەرزەكانی كوردستان هەیە. شەپۆلەكە جگە لە هەرێمی كوردستان چەند ناوچەیەكی عێراق بەتایبەت پارێزگای بەغدایشی گرتووەتەوە، بەپێی زانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی كەشناسیی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ شێوازی دابارین دەگۆڕێت و شەپۆلێكی دیكەی بارانبارین كە سەرچاوەكەی دەریای ناوەڕاستە ناوچەكە دەگرێتەوە و بارانبارین تا درەنگانی شەوی یەكشەممە بەردەوام دەبێت. بەپێی پێشبینییەکانی كەشناسی، کاریگەری ئەم شەپۆلی بارانبارینە بە پلەی یەکەم لەسەر ناوچەکانی بادینان دەبێت کە ئەگەری ھەیە لە ناوچە جیاوازەکانی دەڤەرەكە 55 بۆ 70 ملم و لە ناوچە شاخاویەکانیشی 75 بۆ 90 ملم باران ببارێت. هاوكات لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر ئەگەری هەیە 30 بۆ 45 ملم باران ببارێت، ناوچە شاخاویەکانیشی 55 بۆ 60 ملم، هەروەها ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و باكووری گەرمیانیش ئەگەری هەیە 38 بۆ 55 ملم باران ببارێت، هاوکات باشوور و ناوەڕاستی ئیدارەی گەرمیان و کەرکووك ئەگەری 25 بۆ 40 ملم باران ھەیە.
دانوستانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەستپێدەکات و سوودانیش سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. ئەمڕۆ هەینی، وەفا محەمەد لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەی سۆمەرییەنیوزی ڕاگەیاند، پارتی پەیوەندییەکی چڕ دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن دەستپێکردووە دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق. ڕوونیشیکردەوە کە پارتی دوای بەدەستهێنانی زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزار دەنگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، پلەی یەکەمی لەناو هەرێمی کوردستان و پلەی دووەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێناوە. ئاماژەی بەوەدا کە “ئەم پەیوەندییانە بە ئامانجی خۆئامادەکردن بۆ پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو ئەنجام دەدرێن”. محەمەد وەفا ئاشکرای کرد کە “سێشەممەی داهاتوو محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران، سەردانی هەردوو شاری دهۆک و هەولێر دەکات، کە بڕیارە لەوێ لە چوارچێوەی ڕاوێژکارییەکان سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت و قۆناغی سیاسی داهاتوو، لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبێتەوە”.
