هێزەکانى سوریاى دیموکرات ڕایدەگەیەنن پیلانێکی شانە بەکرێگیراوەکانی داعشیان پووچەڵکردەوە و سێ ئەندامی شانەکەیان لە گوندەکانی دێرەزۆری ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر دەستگیرکردوە. هەسەدە بەیاننامەیەکی گشتی بڵاوکردەوە و پووچەڵکردنەوەی پیلانێکی شانە بەکرێگیراوەکانی داعش لە ئەلتەکیحی، لە لادێی دێرەزۆری ڕۆژهەڵاتی ڕاگەیاند. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ وتیشی: "بەهۆی هەوڵە ئەمنی و سەربازییە بەردەوامەکان، هێزەکانمان، هێزەکانی سوریای دیموکرات، توانیان شانەیەکی تیرۆریستی کە پێکهاتبوون لە سێ ئەندامی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، لە شارۆچکەی ئەلتەکیهی لە ڕۆژهەڵاتی لادێی دێرەزۆر دەستگیربکەن". دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. پیلانی تیرۆریستی داعش پوچەڵکرایەوە، سێ ئەندام لە لادێکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور دەستگیرکران بەهۆی هەوڵە ئەمنی و سەربازییە بەردەوامەکان، هێزەکانمان، هێزەکانی سوریای دیموکرات، توانیان شانەیەکی تیرۆریستی کە لە سێ ئەندامی داعش پێکهاتبوون لە شارۆچکەی ئەلتەکیهی لە لادێی دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور دەستگیر بکەن. ئەو ئۆپەراسیۆنە دوابەدوای چاودێری وردی جموجۆڵی ئەندامانی شانەکە بوو، کە خۆیان ئامادە دەکرد بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی بە ئامانجگرتنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە. هێزەکانمان گەمارۆیەکی توندی ئەمنییان بەدەوری شوێنەکەیاندا سەپاند و بەبێ هیچ زیانێکی گیانی دەستگیریان کرد. لە میانی ئۆپراسیۆنەکەدا دەست بەسەر چەک و بەڵگەنامەیەکدا گیرا کە سەلماندنی پەیوەندیی ئەو ئەندامە دەستگیرکراوانە بە داعش و پشتڕاستکردنەوەی تێوەگلانیان لە پلاندانان بۆ هێرشە تیرۆریستییەکان کە مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی هەیە. ئێمە هێزەکانی سوریای دیموکرات، پابەندبوونی نەگۆڕی خۆمان بۆ بەدواداچوونی پاشماوەکانی داعش و شانە نووستووەکانی و پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانیان بۆ ناسەقامگیری ئاسایش و سەقامگیری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دووپاتدەکەینەوە. جەخت لەوە دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانی و مرۆیی خۆمان بۆ پاراستنی گەلەکەمان و پاراستنی دەستکەوتەکانیان. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕۆژی هەینی ڕێککەوتنی 3ـی 10ـی 2025 وەک یەکەم ڕۆژ بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد. كۆمیسۆنی سەربەخۆی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەستەی کۆمسیاران لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی عێراق پەسەند دەکات. دەستەی کۆمسیاران ڕۆژی 3ی ئۆکتۆبەر وەک وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری دەکات. بڕیارە رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025) هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت. زیاتر لە 7900 کاندید ناوی خۆیان بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردن تۆمارکردووە. کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان زۆربەی رێکارەکانی هەڵبژاردنی دەستپێکردووە. تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران تەواوکراوە. ژمارە دراوەتە قەوارە و هاوپەیمانی و کاندیدەکان. پڕۆسەی وردبینیکرنی ناوی کاندیدەکان دەستیپێکردووە. دەنگدانی ئەزموونی ئەنجامدراوە. رێکار و رێوشوێنەکانی دیکە بەردەوامە. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامارەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق ٢٠٢٥ بڵاوکردەوە . بەپێی ئامارەکان 21.404.291 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی مافی دەنگدانیان هەیە. لەو ژمارەیە 20.063.773 ملیۆن دەنگدەرانی گشتییە و 1.313.980 دەنگدەرانی تایبەته. هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2003ـەوە، سیستمی یەك بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاكان لە چوار هەڵبژاردنی سەرەتادا پەیڕەوكرا، لە دوایین هەڵبژاردنی ساڵی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنحومەنی نوێنەرانی، بەپێی سیستمی فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاری كرا. كۆی گشتی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق، 329 كورسییە، كە 320 كورسی گشتییە. لەو ژمارەیەش 83 كورسی بۆ ژنانە. 9 كورسی بۆ كۆتای پێكهاتەكانە، مەسیحی 5 كورسی، كوردی فەیلی و سابیئە مەندائی و ئێزیدی و شەبەك، هەریەكە و یەك كورسییان هەیە. لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، پارێزگای سلێمانی 18 كورسی هەیە 5 كورسی بۆ كۆتای ژنان. هەولێر 16 كورسی، 1 كورسی بۆ مەسیحی و 4 كورسی بۆ ژنانە. دهۆك 12 كورسی، 1 كورسی بۆ مەسیحی و 3 كورسی بۆ ژنانە. بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، 21 ملیۆن و 200 هەزار کەس لە سەرتاسەری عێراق تۆماری بایۆمەتری دەنگدانیان نوێ کردوەتەوە و لەکۆی زیاتر لە 29 ملیۆن دەنگدەر کە مافی بەشداریی کردنیان هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا، کەسانی لە دایکبووی ساڵی 2007 کە ئەمساڵ مافی دەنگدانیان هەیە ژمارەیان گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 50 هەزار کەس، رێژەی 40%ـی ئەو کەسانەش تۆمارەکانیان نوێ کردوەتەوە و بڕیارە مانگی ئەیلول کارتی دەنگدانەکانیان تەواو بێت و رادەستیان بکرێتەوە. جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران، کۆمسیۆن بەکارهێنانی پەنجەمۆری دەنگدانی هەڵوەشاندوەتەوە. رۆژی (16ـی تەمموزی 2025) کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بەکارهێنانى پەنجەمۆرى دەنگدانى هەڵوەشاندەوە، ئەوەش بۆ پاراستنى تایبەتمەندى دەنگدەران لەکاتى دەنگداندا، بەپێی نوسراوێکى کۆمسیۆن کە دەست "سبەى" کەوتووە، ئەنجومەنى کۆمسیاران بڕیاریداوە لەسەر هەڵوەشاندنەوەى بەکارهێنانى پەنجەمۆرى دەنگدان. جومانە غەلاى وتەبێژى کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە "سبەى" راگەیاند: بەپێی یاساى هەڵبژاردن کۆمسیۆن بەفەرمى وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن دیارى دەکات، ئەوەش بەپێی خشتەى هەڵبژاردن و دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن لەلایەن کاندید و لایەنەکانەوە پێویستى بە مۆڵەتى فەرمى کۆمسیۆنە و هێشتا بەفەرمى هیچ بڕیارێک لەو بارەیەوە نەدراوە. حەسەن هادى ئەندامى تیمى راگەیاندنى کۆمسیۆن بە ئاژانسى فەرمى عێراقى راگەیاند: بەپێی خشتەى هەڵبژاردن، چاوەڕواندەکرێت بانگەشەى هەڵبژاردن لە 10ـى تشرینی یەکەم دەستپێبکات و تا هەشتى تشرینى دووەم و 24 کاتژمێر پێش دەنگدانى تایبەت بخایەنێت. وتیشى: "سزاى پێشێلکاریی بانگەشەى هەڵبژاردن، سەرەتا بە ئاگادارکردنەوە دەستپێدەکات تا سەپاندنى ملیۆنێک بۆ 25 ملیۆن دینار پێبژاردن و دورخستنەوەى کاندیدەکە، ئەوەش بەپێی جۆرى پێشێلکارییەکە".
ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە موستەفا کاراسوو ئاماژەی بەوەدا بابەتی کۆبوونەوە و دەرفەتی ئازادیی کارکردنی ڕێبەر ئاپۆ پێوانەی نزیکایەتییە لە پرۆسەکە و گوتی: "یاسایەک کە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ڕەتکاتەوە، هیچ نییە جگە لە بێمانایەتی." ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) موستەفا قەرەسوو لە مەدیا خەبەر تیڤی قسەیکرد، قەرەسوو لە شەشەمین ساڵیادی شەهیدبوونیدا یادی یەک لە کادرانی دامەزرێنەری پەکەکە ڕەزا ئاڵتوونی کردەوە، هەروەها لە ٣٣هەمین ساڵیادی تیرۆرکردنیدا یادی موسا عەنتەری کردەوە. قەرەسوو لە بەرنامەکەدا هەڵسەنگاندنی بۆ گۆشەگیری بەردەوامی سەر ڕێبەر ئاپۆ، هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد'، قۆناغی ئێستای پرۆسەکە، ئەو سزایانەی بەهۆی گوتنەوەی درووشمی کوردییەوە بەسەر یانەی ئامەد سپۆردا سەپێندرا و ڕۆژەڤە هەنووکەییەکانی دیکەی کرد. 'پێشەکەی بە ڕێز و شکۆوە لە شەشەمین ساڵیادی شەهیدبوونیدا یادی هەڤاڵ ڕەزا ئاڵتوون دەکەمەوە. هەڤاڵێتی تێکۆشانمان لەگەڵ هەڤاڵ ڕەزا زۆر نزیک بوو، لە چەندین بوار و گۆڕەپاندا پێکەوە کارمان کرد. هەڤاڵ ڕەزا یەکێک بوو لە هەڤاڵانی دەستپێکی گرووپی ئاپۆیی لە ئەنقەرە. لە توزلوچایرەوە چەندین هەڤاڵمان بەشداری گرووپی ئاپۆیی بوون، دیارە کاریگەی هەڤاڵ ڕەزا لەمەدا زۆرە. سەرەتا عەلی دۆغان شەهیدبوو، دواتر هەریەک لە هەڤاڵان شاهین کلاڤوز، دۆغان کلچکایە شەهیدبوون. لەو هەڤاڵانە بوون کە بە کاریگەری هەڤاڵ ڕەزا بەشداری تێکۆشان بوون. لە ڕاستییدا ئەوان بەشداری هەڤاڵ ڕەزا ببوون؛ دەتوانین بەم شێوەیە باسیکەین. هەڤاڵ ڕەزا لە پەیوەندیداناندا کاریگەریییەکی زۆری هەبوو، خاوەنی ئەو تایبەتمەندییەکی دەگمەن بوو کە مرۆڤی لەدەوری خۆی کۆدەکردەوە. ئەمەش وای دەکرد هەڤاڵ ڕەزا ببێتە کادرێکی پێشەنگ. سەرەتا لە توزلوچایر بەشداری کارکردن بوو، دواتر وردە وردە پێکەوە چوینە دیلۆک. من و شەهید کلچکایە لە ١٩٧٦ چوینە دیلۆک. پێوایە هەڤاڵ ڕەزا لە ئەیلوولی هەمان ساڵدا هاتە دیلۆک. لە دیلۆک لە بوارەکانی تێکۆشاندا هەڤاڵ ڕەزا کاریگەرییەکی مەزنی هەبوو. هەڤاڵێکی بەڕێکخستن و کاریگەر بوو، ڕاستە لە قوتابخانەی سەرەتای پەروەردەی وەرگرتبوو، بەڵام لە توزلوچایر بەشداری نێو تێکۆشانی سیاسی ببوو. هەرخۆی توزلوچایر جێگەی زۆرترین کار و تێکۆشانی سیاسی بوو، پێی دەگوترا مۆسکۆی بچوک. خوێندنی سەرەتای خوێندبوو، بەڵام وەک دەزانرێت هەر لەسەرەتاوە سۆسیالیست بوو و دواتر لە ڕووی ئایدۆلۆژی و تیۆرییەوە پەرەی بەخۆیدا. هێندە ئایدۆلۆژی و تیۆریی بوو هەموان دەیانگوت زانکۆی خوێندووە. لە هەموو بوارێکی تێکۆشاندا سەرکەوتووبوو و لە هەموو جێگەیەک ئەرکێکی بەسەرکەوتووانە دەبردەسەر. بەهۆی ئەوەی ڕێکخستنی و کاریگەربوو گرووپی کۆدەکردەوە. کاریگەری لەسەر کادر و خەڵکەکە هەبوو هەموانی بەڕێکخستن دەکرد. بەم شێوەیە هاوکارییەکی مەزنی تێکۆشانی کرد. بەم تایبەتمەندیانەیەوە ڕەنگی دا بە تێکۆشان و بەهێزی کرد، شێوازێکی جیاوازی ڕێباز و کەسایەتی کەمال پیربوو. نەک بە تەنها خۆی، بەڵکو بنەماڵەکەشی بەشدارببوون و هاوکارییەکی مەزنیان کرد. برایەک و دوو برازای شەهیدن. هەرخۆی هەڤاڵێک بوو کە دەووروبەرەکەی بەشدار دەکرد، لە ڕاستییدا توزلوچایر ئەو بەشدار بە تێکۆشانی کرد. یاد و یادەوەری زۆرمان پێکەوە هەیە، بەم بۆنەیەوە لە ساڵیادی شەهیدبوونیدا بەڕێز و خۆشەویستی و پێزانییەوە یادی دەکەمەوە، بە دڵیناییەوە یاد و یادوەری بۆ هەمیشە بەنرخ دەبێت و لە تێکۆشانی ئازادییدا هەمیشە خاوەنداری لێ دەکەین و بە دڵنیاییەوە خەون و ئاواتەکانی بەدی دەهێنین. بە هەڵسەنگاندنی ساڵیادی شەهیدبوونی هەڤاڵ ڕەزادا، هەموو ئەو هاوڕێیانە بە ڕێز و پێزانینەوە یاد دەکەمەوە کە لە ٢٤ـی ئەیلوولی ١٩٩٦دا لە زیندانی ئامەد بە کوتەک سەریان پانکرایەوە و شەهیدبوون. ئەوان بوونە سیمبوڵی بەرخۆدانمان لە زیندان. لە زیندانی ئامەد هێرشێکی ئاوا دڕندانە لە دژی هەڵوێستی ئەو هەڤاڵانە گیرایەبەر. بۆیە گرنگە یادیان بکرێتەوە و یادەوەرییان بەهاکانی ئازادی تێکۆشانمانە. لەگەڵ یادکردنەوەیاندا پێویستە گەلەکەمان ئەوەیان زانیبێت، ئەو هەڤاڵانە بە ئەشکەنجە دڕندانەیانەیشەوە لە هەڵوێستی خۆیان پاشگەز نەبوونەوە. بە کورتییەکەی تەڤگەری ئازادی، تەڤگەری ئاپۆیی، تەڤگەری پەکەکە بەم شێوەیە بووە و گەیشتووە بە ئێستا، تەڤگەرێکی ئاوا باوەڕبەخۆبوو. بەم بۆنەیەوە یادکردنەوەی شەهیدانمان گرنگە بەلامانەوە. بەم نزیکایەتییە ئاساییە لە ڕێبەرێتی، پرۆسەکە بەرەوپێشەوە ناچێت دیداری پارێزەران لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ شتێکی ئاساییە، نابێت وەک قۆناغێک یان بڕیارێکی سیاسی ببینرێت. ڕاستە دوای ساڵانێکی زۆر لەم کاتەدا ئەنجام درا لەم ڕووەوە گرنگە، بەڵام هیچ درووست نییە دیداری ڕێبەر ئاپۆ بەو شێوەیە لێکبدرێتەوە. دەوڵەت باخچەلی پەیوەست بە ڕێبەرێتی گوتی، 'با ڕێکخستن هەڵەوەشێنێتەوە و لە پەرلەماندا قسەکات.'، ڕێبەرێتی فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی دەرکرد، داوایکرد تێکۆشانی چەکداری بوەستێندرێت؛ ئێمەیش بڕیارەکەیمان جێبەجێ کرد. بۆچی قسەکەی باخچەلی جێبەجێ نەکرا، بێگومان دەبێت ئەنجام بدرێت. وەک چۆن ئێمە هەموو شتێکمان کرد لە پێناو پرۆسەکەدا، دەبێت بەهەمان شێوەیە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەیش هەموو پێویستییەکان جێبەجێ بکات، مافی هیوای ڕێبەر ئاپۆ پێکبهێندرێت و ببێتە خاوەن دەرفەتی ئازادی کارکردن. بەڵام تا ئێستا ئەمە نەکراوە. کاتێک بمانەوێت ئەمە بە پرۆسە ناوببەین، گەر باخچەلی بەم دەربڕینەی بناغەی دەستپێکردنی پرۆسەیەکی لەم شێوەیەیی دانا... چونکە باخچەلی لێدوانێکی لەو شێوەیەیی دا؛ ڕێبەرێتیش وەڵامی دایەوە و بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ کرد. دەڵێت پرسێکی دەیان ساڵە چارەسەردەکەین کە پرسی کوردە، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ کە دڵی ئەو تێکۆشانەیە، بە ئێستایشەوە لە گۆشەگیریدایە. دەبێت بەمەش بگوترێت گۆشەگیری. بەڵێ، دیداری هەیە، پارێزەر و شاند دەچنە ئیمراڵی، بەڵام بەم شێوە دیدارانە پێشکەوتن لە پرۆسەکەدا درووست نابێت. بووە ساڵێک، بەڵام بە ئێستایشەوە ڕێبەر ئاپۆ نەبووەتە خاوەن دەرفەتی ئازادی کارکردن و ناتوانێت لەگەڵ لایەنە جیاوازەکاندا کۆببێتەوە. ئەمە بە نزیکایەتییەکی نادرووست لە پرۆسەکە دەیبینین. ڕێبەر ئاپۆ کەسێکی ئاسایی نییە، نەدەبوو وەک کەسێکی ئاسایی سەیربکرێت. مەبەستمە بڵێم، بەم نزیکایەتییە ئاساییانە لە ڕێبەر ئاپۆ، ناتوانرێت پەرە بە پرۆسەکە بدرێت. گەر دەوڵەت خواستی سەرکەووتنی پرۆسەیەکەی هەیە، ئەو کاتە دەبێت شێوازی خۆی بەرانبەر بە ڕێبەر ئاپۆ بگۆڕێت. ڕێبەرێتی دەڵێت، 'دۆخی من دەبێت بە درووستی لێکبدرێتەوە'. ڕێبەر ئاپۆیش بەم نزیکایەتییانەی بەرانبەری دەنوێنرێت ڕازی نییە. ئەم جۆرە نواندنەوەیە جێگەی باوەڕ نییە. ڕێبەر ئاپۆ نزیکایەتی جێ باوەڕ و دڵنیاکەرەوە نیشان دەدات، بەڵام نزیکایەتی دەسەڵاتداری ئاکەپە بەم شێوەیە نییە، بەراستی جێگەی قبوڵکردنی کەس و گەل و دۆستەکانمان نییە. بەهۆی نواندنەوەی ئەم جۆرە نزیکایەتیانەی دەسەڵاتداری، هەندێک لایەن گومان لە پرۆسەکە دەکەن و نیگەرانن. پاشان دێن و ئێژن، 'دەربارەی پرۆسەکە ڕاپرسیمان کردووە؛ چەنێک پشتگیری هەیە و نیە...'، شتگەلی لەم شێوەیە دەرەبڕن. گەر ئێوە نزیکایەتییەکی وا نیشان نەدەن کە ئەم پرۆسەیە چەندە گرنگە، بێگومان کەموکوڕی هەیە لە تێگەیشتن لە پرۆسەکە. بۆیە بە دڵێناییەوە دەبێت دەسەڵاتداری نزیکایەتی خۆی لە پرۆسەکە بگۆڕێت. پێویستە پەرە بە چالاکییەکان بدرێت بۆ ئازادی ڕێبەرێتی وەک ئاشکرایە، بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەرێتی و هاتنەدیی ئازادیی ڕێبەرێتی، هەڵمەتی 'ئازادی بۆ ڕێبەرێتی' بەڕێوەدەبرێت. ١٠ـی تشرینی یەکەم دەستی پێکرابوو، لە ساڵیادی هەڵمەتەکەداین. بێگومان لەم ساڵیادەدا گەلەکەمان لە هەموو شوێنێک پشتگیری لەم هەڵمەتە دەکات، بۆ بەهێزکردنی هەڵمەتەکە چالاکی بەڕێوەدەبات. هەرخۆی ئەم هەڵمەتە؛ هەنگاوی ئازادی بۆ ڕێبەرێتی، سەرەتا دۆستانمان لە ئەورووپا دەستیان پێکردبوو و ئەنجامی گرنگیشیان بەدەستهێنابوو، کاریگەرییەکی بەهێزی دروستکردبوو. لە ١٠ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا لە ئەورووپا لە زۆرێک لە گۆڕەپانەکان چالاکی ڕێکدەخرێن، کە پشتگیری لە هەنگاوی ئازادی بۆ ڕێبەرێتی دەکەن. پێویستە بەشدارییەکی بەهێز لەم چالاکییانەدا هەبێت. کەموکوڕییەکی تریش ئەوەیە کە بەشداریکردن لە چالاکی لەم شێوەیە لاوازە، یاخود چالاکیی زۆر بۆ ئازادیی ڕێبەرێتی ئەنجام نادرێن. بەڵێ چالاکی دەکرێن، درێژە بە تێکۆشان دەدرێت، هەوڵ بۆ ئازادیی ڕێبەرێتی دەدرێت. بەڵام پێویستە زیاتر ببێت. زیاتر نیشانبدرێت، تاوەکو لە مژاری ئازادیی ڕێبەر ئاپۆدا پێشکەوتن ڕووبدات. وابکەین کە لەم مژارەدا هەنگاو بنرێن. چونکە ئازادیی ڕێبەرێتی مژاری تێکۆشانە، پرسێکی تێکۆشانە. دۆخێک نییە کە لە خۆیەوە ڕووبدات. لە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورددا هەموو هەنگاو و پێشکەوتنێک بە تێکۆشان بووە. لە مژاری ئازادیی ڕێبەرێتیشدا ئەوەی پێشکەوتن دێنێتە کایەوە، تێکۆشانە. هەربۆیە لە ساڵیادی ١٠ـی تشرینی یەکەمدا بانگەواز بۆ گەلەکەمان دەکەم، کە خاوەندارێتی لەم هەنگاوە بکەن، ئەو چالاکییانە ئەنجامبدەن، کە هەنگاوەکە بەهێزدەکات. پێویستە ئامانجی پرۆسەکە و بەرنامەکەی ڕوون ببێت، دۆخی نادیار لاببرێت سەبارەت بە قۆناغی هەنووکەیی دەتوانین هەندێک شت بە ڕوون و ئاشکرایی بڵێین. سەرۆکانی پەرلەمان کاتێک لە کۆمیسیۆن قسەیان کرد، باسیان لەوە کرد، کە پێویستە ناوی ئەم پرۆسەیە بهێنرێت، ناوی لێ بنرێت. واتا ئەگەر ببێتە پرۆسەیەک، پێویستە ئامانج و بەرنامەکەی ڕوون بێت، ڕای گشتی لەوە ئاگەداربێت کە چی دەکرێت، هەموو جۆرە دۆخێکی نادیاری ئەم پرۆسەیە لاببرێت. بەڵێ، هێشتا کۆمیسیۆن هەیە، دەسەڵات دەڵێت، 'ئێمە خاوەندارێتی لە پرۆسەکە دەکەین، ئێمە پرۆسەکە بە خوشک و برایەتی دەگەیەنینە ئەنجام' بەڵام بەڕاستی شتێکی بەرچاو، هەنگاوێکی ئاشکرا بوونی نییە. یاخود هەنگاوێک، کە کاریگەری لەسەر پرۆسەکە هەبێت، پرۆسەکە بەرەو پێش ببات نەنراوە. ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوی نا، پەکەکە کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەک لەژێر ناوی خۆی هێنا، تێکۆشانی چەکداری ڕاگیرا. پێویستە بچێتە ڕۆژەڤەوە، قسەی لەسەر بکرێت. پێویستە مافەکەی بدرێت، سڵاوبکرێت. لەبەرامبەریدا دەسەڵات چ هەنگاوێکی نا؟ ئەنجامدانی چەند دیدارێک، بە مانای هەنگاوێکی جددی نایەت. بەڵێ، ئێمە بە ئەرێنی دەیبینین، وەکو گۆڕانکارییەک دەیبینین؛ بە بچووکی نایبینین بەڵام لە بەرامبەر ئەو هەنگاوانەی، کە تەڤگەری ئازادی ناونی، لە بەرامبەر ئەو کارەی کە ئێمە بە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ کردوومانە، ئەوەی دەوڵەت کردوویەتی، شتی زۆر گرنگ نییە. ناڵێین گرنگ نییە، بەڵام لە مژاری دیموکراتیکبوون و چارەسەریی پرسی کورددا، لە مژاری خاوەندارێتی لە ڕای گشتی لە پرۆسەکەدا، ئاشکرایە کە شتی پێویست نەکراون. هەر بەو هۆیەوە ساڵێکە پرۆسەکە هەیە؛ شەڕ ڕاگیر، کۆمەڵگەش چاوەڕوانی هەیە. بەڵێ، پێشکەوتنێک ڕووی نەدا، بەڵام چاوەڕوانییەکە هێشتا بەردەوامە. هێشتاش چاوەڕوانییەک هەیە؛ ئاخۆ چی ڕوودەدات، چۆن دەبێت، قسەوباسێک لەم بارەیەوە هەیە. ئەم دۆخە هەیە. واتا وەکو ساڵێک یان دوو ساڵ لەمەوبەر دۆخێکی شەڕ، ئەو ژینگە سیاسییە، ئەو گرژییە بوونی نییە. نەرمبوونێک لە ژینگەی سیاسیدا هەیە. واتا، لانیکەم لەنێوان تەڤگەری ئازادیی کورد و دەوڵەتدا لە ڕووی شەڕەوە نەرمبوونێک هەیە. هێرشەکانی سەر جەهەپە، پرۆسەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە بێگومان سەبارەت بە کێشەی تریش لە تورکیا، بارودۆخگەلێک هەن، کە دەبنە هۆی نیگەرانیی جددی. سەپاندنی قەیومەکان لە شارەوانییەکانی جەهەپە، دەستگیرکردنەکان، ئەو شتانەن کە پرۆسەکە دەخەنە ژێر پرسیارەوە. ئێمە دەمانەوێت پرۆسەکە بەرەو پێش ببەین. لەو بابەتەشدا مکوڕین. ڕێبەر ئاپۆش مکوڕە. بەڵام کاتێک شتی لەم شێوەیە بەسەر جەهەپەدا دەهێنن، بەو هۆیەوە لایەنی جیاواز لێپرسینەوە دەکەن. کاتێک دەوترێت، 'دوای ساڵێک بارودۆخ چۆنە؟' پێویستە ئەمەش بوترێت. دوای تێپەڕینی ساڵێک پێویستە ئەمە بوترێت: ئێمە هەنگاوی گرنگمان نا. کاریگەریشی هەبوو، دەیبێت. بێگومان دەیبێت. تێڕوانینەکانی ڕێبەر ئاپۆ لەناو ڕای گشتیدا بڵاوبوونەوە. لەبەرئەوە کۆمەڵگە بینی کە ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە لە بابەتی دیموکراتیکبوون، چارەسەریی پرسی کورددا خاوەن تێڕوانین و پڕۆژەی زۆر گرنگن. خاوەندارێتییەکی گرنگ ڕوویدا، بەهای پێ درا. ئەمە گرنگە. قسەکانی باخچەلی بە نیوەچڵی مایەوە، هەنگاوێکیش نەنرا تاوەکو ئاستێک کاریگەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کرد. هێشتا ئەم پرۆسەیە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، لە هەموو شوێنێک بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. کاریگەرییەکی لەم شێوەیەی هەیە. هێشتا چاوەڕوانییەکی لەم شێوەیە هەیە، ئاخۆ 'لە کۆتایی ئەم پرۆسەیەدا چی ڕوودەدات' و لە ئاستێکی گرنگدا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. بەڵام لەم پرۆسە یەک ساڵییەدا ناتوانرێت بوترێت پێشکەوتنی زۆر گرنگ ڕوویداوە. لەم بارەیەوە کێشەی جددی هەن. یانی، ئەو هەنگاوانەی لە ماوەی ساڵێکدا دەبوایە بنرێن، نەنران. ساڵێک کەم نییە. بۆ چارەسەرکردنی پرسی لەم شێوەیە کات زۆر گرنگ و بەهادارە. هەروەها هەندێک لایەن هەڵسەنگاندن دەکەن، دەڵێن، 'ئەگەر لە کاتی خۆیدا چارەسەر نەکرێت، ئەوا ئاژاوەگێڕی ڕوودەدات، دۆخی نەرێنی ڕوودەدات، پرۆسەکە ژەهراوی دەبێت'، ئەمانە ڕاستن. جارێکی تر ئەمە دەڵێم. لەم پرۆسەیەدا پێویستبوو قسەکانی باخچەلی بهاتنایەتە دی. بەڵام نەهاتنە دی. ئەمە بە مانای چی دێت؟ ئەو قسانەی کە سەرەتا وتران، جێبەجێ نەکران. هێشتا قسەکانی سەرەتای بە نیوەچڵی ماونەتەوە. دوای ساڵێک، ئێمە دەمانویست پێشکەوتنی گرنگتر ڕوویاندابوایە. ئێمە ئەوەمان دەویست. لە ماوەی ساڵێکدا، ئێمە بەرپرسیارێتییەکانی خۆمان لە ئاستێکی گرنگدا بەجێهێنا ئێمە لەو بارەیەوە بانگەوازمان کرد، بەڵام حکومەت و دەوڵەت هەنگاوێکی نەنا. بەو هۆیەوە، ئەمە بووە هۆکاری پرسیار و نیگەرانیی 'ئاخۆ دەوڵەت بەڕاستی دەیەوێت ئەم پرسە چارەسەر بکات'. بەڵام ئێمە بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە هێشتا هەوڵدەدەین. مامەڵەی ئێمە بەم شێوەیەیە. ئێمە کۆتاییمان بە هەموو کار و چالاکییەک لەژێر ناوی پەکەکە هێنا. بەڵێ کۆتاییمان پێهێنا. لەبەرئەوەی وەکو ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی پێدا، دەبوایە کۆتایی پێ بهێنرێت. لە لایەکی ترەوە، ئێمە لە بەرامبەر تورکیا، دەستمان لە تێکۆشانی چەکداری هەڵگرت. ئەمەش لە قسەدا نەمایەوە. باوەڕمان پێهێنا و ئەنجامماندا. بە باوەڕی ئێمە دیموکراتیکبوونی تورکیا، سیاسەتی دیموکراتیک، ڕاسترین ڕێگەیە، تێکۆشانی سیاسی ڕاسترین زەمینەیە، بەو باوەڕییەوە ئەوەمان کرد. ئەگەر لەم ڕووەوە قسەی لەسەر بکرێت، ئێمە لە ماوەی ساڵێکدا بەرپرسیارێتییەکانی خۆمان لە ئاستێکی گرنگدا بەجێهێنا. دەمەوێت ئەمە بە تایبەت ئاماژە پێ بدەم. پێویستە پەرلەمان لەمەودوا یاساکانی دیموکراتیکبوون ئامادە بکات پەرلەمان دامەزراوەیەکی گرنگە. دەتوانێت پرسێکی گەورەی لەم شێوەیە، پرسی سەدساڵە چارەسەر بکات. بە بەشداربوونی پەرلەمان ئەم پرسە چارەسەر دەبێت. هەربۆیە ڕێبەرێتی لە ساڵی ٢٠١٢، ساڵی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ـش بەردەوام دەیگوت، 'با پەرلەمان بکەوێتە کار، کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان دابمەزرێت، خەریکی ئەم مژارە بێت، پێشنیار بکات بۆ چارەسەری، پڕۆژە دیاریبکات'. چارەسەری پرسەکە لەلایەن پەرلەمانەوە بەتایبەتی داخوازیی ڕێبەر ئاپۆ بوو. لەبەرئەوەی ئەو ئۆرگانانەی کە نوێنەرایەتی گەلی تورکیا دەکەن، بە هەڵبژاردن دیاری دەکرێن.
وەزارەتى دارایی ئەمڕۆ خشتەی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانى بڵاوکردەوەو لەسیەینێوە دەستپێدەکات. ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ( ٢ ی تشرینی یەکەم دەست بەدابەشکردنی مووچەی دەکرێت و ڕۆژی یەک شەممە ( ٥ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ ) کۆتایی بەدابەشکردنی مووچە دێت. ڕاگەیەندراوەکە.. خشتەی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ( ٢ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ ) دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕۆژی یەک شەممە ( ٥ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ ) کۆتایی بەدابەشکردنی مووچە دێت. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری
ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، یەکەمین نەوتگوێزەرەوە ئامادەکراوە بۆ گواستنەوەی 700 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان، دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە چوارچێوەی رێککەوتنی نوێی نێوان هەولێر و بەغداد. لەداوی رێککەوتنی سێقۆڵی نێوان حکومەتی عیراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت، لە 27ـی ئەیلوولى 2025 نەوتى هەرێمى کوردستان هەناردەکرایەوە، کە لە کۆتایی مانگى ئادارى 2023ـەوە راگیرابوو. بەگوێرەی راپۆرتەکە، بڕیارە سبەی پێنجشەممە پرۆسەی بارکردنی نەوتەکە دەستپێبکات و بۆ ئەو مەبەستەش نەوتگوێزەرەوەی "ڤالێسینا" (Vallesina) لە بەندەری جەیهانی تورکیا لەنگەری گرتووە. دوو سەرچاوە بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، کەشتیی ڤالێسینا دەبێتە یەکەم نەوتگوێزەرەوە کە نەوتی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێتە دەستی کڕیاران لە دوای رێککەوتنەکەی 27ـی ئەیلول. ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشکردووە، تاوەکو دوێنێ سێشەممە، رۆژانە 150 بۆ 160 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە گەیشتووەتە بەندەری جەیهان و پێشبینی دەکرێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەو بڕە بۆ 230 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزببێتەوە. هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای رێککەوتنێکی سێقۆڵیی نێوان هەولێر، بەغداد و کۆمپانیا نەوتییەکان دەستیپێکردەوە. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، رۆژانە 180 بۆ 190 هەزار بەرمیل نەوت بەرەو بەندەری جەیهان رەوانە دەکرێت و لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت. بەگوێرەى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا، رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە هەناردە دەکرێ. رۆژی یەکشەممە، عامر خەلیل، بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى نەوتى باکوور بە رووداوى راگەیاند: "ئێستا تەنیا نەوتى هەرێمى کوردستان هەناردە دەکرێ و ئەگەر هەیە لە داهاتوودا نەوتى کەرکووک هەناردە بکرێ، ئەگەر پێویست بکات و ئەوەش بەندە بە سیاسەتەکانى وەزارەتى نەوتەوە."
نوری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، ڕایگەیاند، هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری و ئاسایش و گروپەکانی دیکە ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بەردەوام بوون لە بەهێزکردنی بوونی خۆیان لە دەوروبەری ئەو دوو گەڕەکە، ئەمەش پێشێلکردنی ڕێککەوتنی مانگی نیسانە. ئەو بەرپرسە ئهوهشى وتوه، "ئەم کۆکردنەوە سەربازییو ئەمنییانە، پێشێلکردنی ڕێککەوتننامهكهى مانگی نیسانى ئهمساڵى كورده لەگەڵ حکومەتهكهى شهرع کە جهختیكردهوه لهڕێگریکردن لەپێکدادانی ڕاستەوخۆ نێوان هێزهكانى كوردو هێزهكانى سهر بهئهحمهد شهرع". بهوتهى نورى شێخۆ، "هێزەكانى سهر بهشهرع خاڵێکی نوێی سەربازییان لەپارکی ئەشرەفیە دامەزراندوەو گهمارۆیان بهسهر ههردوو گهڕهكه كوردیهكهدا سهپاندوه، ئەمەش ئاماژەیەكى مهترسیداره بۆ پێكدادانى سهربازیىو هێرشكردن بۆسهر گەڕەکەکانى ئهشرهفیهو شێخ مهقسود". مهترسیهكى گهورهشى لهبارهى گروپه چهكدارهكانى سوریاوه ئاشكراكردوهو دهڵێت، "چەند گروپى چهكدارى بێ دیسپلینى سهر بهحكومهتهكهى شهرع، لەناو جەرگەی گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە بونیان ههیهو خەریکی نانهوهى ناکۆکیو ئاژاوهن، تائێستا پێكدادان ڕوینهداوهو بازگە هاوبەشەکان لەدەروازەکانی چونە ژورەوەی ئەو دوو گەڕەکە کاردەکەن، بهڵام مهترسیهكى گهوره ههیه".
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و تاوتوێی بارودۆخى دارایی هەرێمى کوردستان و خەرجیی و داهاتە نانەوتییەکان و بەشى گەنجینەى فیدڕاڵى لەو داهاتانە دەکات. بەگوێرەی کارنامەى کۆبوونەوەی ئەنجوومەنى وەزیران ، کۆبوونەوەکە لە کاتژمێر 10ی پێشنیوەڕۆ لەهۆڵى سەعد عەبدوڵا دەکرێت و سێ تەوەر تاوتوێ دەکرێت. لە بڕگەى یەکەمدا، بارودۆخى دارایی نوێى هەرێمى کوردستان و خەرجییەکان لەدواى جێبەجێکردنى رێککەوتنى سێقۆڵى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان تاوتوێدەکرێت و هەروەها بابەتى پۆلێنکردنى داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنى بەشى گەنجینەى فیدڕاڵى و خستنەڕووى رەشنووسى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. لە برگەی دووەم و سێیەمی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەی هەڵوەشانەوەی چەند بڕیارێکی پێشووتری ئەنجوومەنەکە و رێبەری سەلامەتی دەکرێت کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەرکراوە. ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەى لێکتێگەیشتنى هەولێرو بەغداد، کە لە 17ـى تەمموز پەسەندکرا، تا یەکلاکردنەوەى پرسى داهاتى نانەوتى ، هەرێمى کوردستان مانگانە 120 ملیار دینار بەکاش دەداتە بەغداد. حکومەتى هەرێمى کوردستان، بۆ مانگەکانى ئایارو حوزەیران و تەمموز، بڕى 360 ملیار دینارى وەک داهاتى نانەوتى ئەو سێ مانگە بەکاش رەوانەى بەغداد کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری نەوتی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و پرسی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و زیادکردنی هەناردەی نەوت لە داهاتوودا لەڕێگەی هێڵی بۆری عێراق - تورکیاوە ئامانجێکی سەردانەکەیە. باڵیۆزخانەی عێراق لە تورکیا بڵاوی کردەوە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتووەتە ئەنقەرە و لەلایەن ماجد ئەلجماوی، باڵیۆزی عێراق لەو وڵاتە پێشوازیی لێکراوە، لە کۆبوونەوەیەکیشدا گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان بەغدا و ئەنقەرە لەبوارەکانی وزە، وەبەرهێنان و پڕۆژەی ستراتیژیی تاوتوێ کراوە، گفتوگۆش لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە کراوە. دوای دوو ساڵ و شەش مانگ و دوو ڕۆژ لە وەستانی، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025 جارێكی دیكە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستیپێكردەوە. وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هاوکار دەبێت بۆ ئارامی بازاری وزەی جیهانیی، جگەلەوەش ئەم هەنگاوە پشتیوانیی بەرنامەی عێراق دەبێت بۆ زیادکردنی هەناردە و باشترکردنی توانای وەبەرهێنانی نەوت. لای خۆیەوە باڵیۆزی عێراق لە تورکیا باسی لەوەکردووە، هەوڵە هاوبەشەکانی عێراق و تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەشێوەیەکی ڕێک و پێک جێگەی پێزانینە و بەغداش لەهەر هەوڵێک لەگەڵ ئەنقەرە درێغی ناکات کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و ئارامی و خۆشگوزەرانی ناوچەکە بکات.
ئەحمەد لەتیف، بەڕێوەبەرى راگەیاندن و هۆشیاریی هێزەکانى 70 راگەیاند، ئەمڕۆ شاندێکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى گشتى خانەنشینى عێراق لە بەغداد کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەى مووچە و ئیمتیازات و خانەنشینیى هێزەکانى پێشمەرگە کردووە. ئاماژەى بەوەشکرد، شاندەکە ناگەڕێتەوە تاوەکو دەگەن بە دەرئەنجامێک و مەبەستییانە یاسای خانەنشینى بەجۆرێک بێت کە لە بەرژەوەندى خانەنشینانى هەرێمى کوردستاندا بێت و خانەنشینى هێزەکانى پێشمەرگەش بەگوێرەى یاسای ژمارە 38ـی ساڵی 2007ـ بکرێت. لە دوێنێوە شاندێک کە پێکهاتووە لە نوێنەرى ئەنجوومەنى وەزیران، وەزارەتى دارایی و هێزەکانى حەفتا و هەشتا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى مووچە و ئیمتیازات و خانەنشینى هێزەکانى پێشمەرگە سەردانى بەغدادیان کردووە. لە ساڵى 2024-2025 حەوت هەزار پێشمەرگە خانەنشین بوون، وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کردووە، کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ پرسی خانەنشینانی پێشمەرگەی هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقدا چارەسەر بکرێت. تاوەکو ئێستا خانەنشینانی پێشمەرگە لەسەر بنەمای یاسای ژمارە 38ـی ساڵی 2007ی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان وەردەگرن. لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پێشمەرگە داوایکردووە کە خانەنشینی پێشمەرگە لەبری یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، بەگوێرەی یاسای راژە و خانەنشینی ساڵی 2007 بێت. هۆکاری ئەم داواکارییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەرماڵەی ژن و منداڵ و مەترسی لە یاسای 2007دا ماوەتەوە، بەڵام لە یاسای عێراقیدا نییە. بەگوێرەى بەدواداچوونەکان، نزیکەی 20 هەزار پلەداری خانەنشینی پێشمەرگە، لە پلەکانی (ڕائید و موقەدەم و عەقید و عەمید و لیوا و فەریق ڕوکن و فەریق)، مووچەکانیان کەمدەبێتەوە. ئەم کەمبوونەوەیە بەهۆی ئەوەیە کە لە یاساکەی عێراقدا دەرماڵەی مەترسی و هاوسەرگیری و منداڵ بوونی نییە. بەمەش مووچەی پلەدارەکان لەنێوان 500 هەزار دینار تاوەکو نزیکەی دوو ملیۆن دینار کەمدەبێتەوە. لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمى کوردستان بڕیاردراوە ڕاپۆرتێکی ورد ئامادە بکرێت. پاشان گفتوگۆکانیان لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتمانی عێراق دەستپێدەکەنەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک. یاسای ژمارە (38)ی ساڵی 2007ی هەرێمی کوردستان: ئەم یاسایە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە و دەرماڵەی ژن (70 هەزار دینار)، منداڵ (15 هەزار دینار)، و دەرماڵەی ترسناکی بۆ پلە سەربازییەکانی پێشمەرگە کە خانەنشین کراون تاوەکو دوو ملیۆن دینار هەژمار دەکات. یاسای ژمارە (9)ی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لە 2014: ئەم یاسایە هیچ دەرماڵەیەک بۆ سەرباز بوون، یان دەرماڵەی ژن و منداڵ و مەترسی بۆ پلە سەربازییەکان لەخۆ ناگرێت.
وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند: ڕۆژی سێشەممە بڕی 956 ملیار و 928 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی. دەقى راگەیەندراوەکە.. ڕۆژی سێ شەممە ( ٢٠٢٥/٩/٣٠) بڕی ( ٩٥٦،٩٢٨،٠٠٠،٠٠٠ ) نۆ سەدو پەنجاو شەش ملیارو نۆ سەدو بیست و هەشت ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری هاوکات سەرچاوەیەک ئەوەى خستەڕوو وەزارەتی دارایی هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ گەیشتنی پارەکە خشتەی دابەشکردنی مووچە بڵاوبکاتەوە. هەرچەندە هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستانی دا و حکومەتی هەرێم 120 ملیار دیناری رادەست کرد، بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ ئەمڕۆ بڕیاری ناردنی مووچەی دا.
بارەگاى بارزانى ڕایدەگەیەنێت سەرۆک بارزانى لەکۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ شاندێكی كەنیسەی ئەرتۆدۆكسی ڕووسیا دەڵێت: خەڵكی كوردستان لە دڵ و بە قەناعەتەوە بڕوایان بە تەبایی و پێكەوەژیان هەیە و ئەو بووەتە فەرهەنگێكی بەهێز كە ڕیشەی لە مێژوودا هەیە و بۆ نەوەكانی ئایندەش دەمێنێتەوە. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. ڕۆژی سێشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆك مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە شاندێكی كەنیسەی ئەرتۆدۆكسی ڕووسیا بە سەرۆكایەتیی مەتڕان ئەنتۆنی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەنیسەی ئەرتۆدۆكسی ڕووسیا كرد. لە دیدارەكەدا ماكسیم ڕۆبین كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، شاندی كەنیسەی ئەرتۆدۆكسی ڕووسیا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەردانیان بۆ كوردستان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان و ئەو ئاشتی و تەباییەی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستاندا هەیە. ئەوەشیان دووپاتكردەوە كە بە بایەخێكی زۆرەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكەن كە لە ناوچەیەكدا هەڵكەوتووە. سەرچاوەی مرۆڤایەتییە و بڕوای قووڵی بە پێكەوەژیان هەیە. شاندی میوان خوازیاری ئەوەش بوون پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەموو ناوەندە ئایینیەكانی كوردستان بەردەوام بێت و بەرەو پێشەوە بچێت. هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و جەختی لە پەیوەندی و دۆستایەتیی دێرینی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ڕووسیا كردەوە، سەرۆك بارزانی باسی لە چەند نموونەیەكی مێژوویی وەفا و پێكەوەیی پێكهاتەكانی كوردستان كرد بەرانبەر یەكتر لەكاتە سەختەكاندا و ئاماژەشی بەوەدا، خەڵكی كوردستان لە دڵ و بە قەناعەتەوە بڕوایان بە تەبایی و پێكەوەژیان هەیە و ئەو بووەتە فەرهەنگێكی بەهێز كە ڕیشەی لە مێژوودا هەیە و بۆ نەوەكانی ئایندەش دەمێنێتەوە.
بڕیارە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئاستی باڵا کۆببنەوە. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت دەبێت. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت: "چەند رۆژی داهاتوو هەواڵی خۆشمان دەبێت." ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەک لە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند، ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵا کۆدەبنەوە و لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت گفتوگۆ دەکەن. بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی و جێگرانیان بەشدار دەبن. دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا راگەیاند، "چەند رۆژی داهاتوو خەبەری خۆشمان [لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی] دەبێت." دەرباز کۆسرەت گوتی: "لێکتێگەیشتنی باش هەیە، ئومێد دەکەین لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا لەسەر ئەو خاڵانە رێکبکەوین کە هێشتا ماون." لەبارەی کاراکردنی پەرلەمانیش گوتی: "نازانم پەرلەمان ئەم مانگە کۆدەبێتەوە یان نا، بەڵام ئومێدەوارین زوو کۆببێتەوە." بەشێک لەقسەکانى دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنگرە رۆژنامەوانیدا: ـ وەك یەكێتی سورین لەسەر ئەوەی بەزووترین كات كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێكبهێنرێت و لە چەند رۆژی داهاتوودا خەبەری خۆشمان دەبێت. ـ لەگەڵ پارتی دوورنین لەیەكەوە، هەندێك بۆچونی جیاواز هەیە، دەتوانین بەچەند كۆبونەوەیەك ئەو بۆچونانە لێكنزیبكەینەوە و بگەیەنە رێككەوتنی كۆتایەى ـ وەك یەكێتی بەگرنگی دەزانین پێش هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كابینەیەكی بەهێزمان هەبێت و ناوچەكە بە گۆڕانكاری گەورەدا تێپەڕدەبێت و نازانین دۆخی دوای هەڵبژاردن چۆن دەبێت. ـ پێویستە كورد یەكڕیزو یەك دەنگ بێت لە بەغداد تابتوانین هەموومان مافە دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان بەدەستبهێنین. ـ ئەوەی بەربەستە، ئێمە وەك یەكێتی داوای شەراكەتی راستەقینەمان كردووە لەم قۆناغەدا، داوای پەنجا بە پەنجامان نەكردووە. ـ وەرقەیەكی كاری دیدگای هاوبەشمان ئامادەكردووە، بۆ جێبەجێكردنی ئەم دیدیدگایە پێویستە كۆمەڵێك پۆست بە هاوبەشی بەڕێوەببرێت.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ پارە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ گەیشتنی پارەکە خشتەی دابەشکردنی مووچە بڵاوبکاتەوە. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "بەئەگەری زۆرەوە ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی دارایی دەچن بۆ بەغدا و سبەی لیستی مووچەی مانگی نۆی مووچەخۆران دەدەن بە وەزارەتی دارایی عێراق." ئەو سەرچاوەیە وتیشی، "ئەگەر ئەمڕۆ پارەکە بگات، ڕاستەوخۆ خشتەی دابەشکردنی مووچە ڕادەگەیێنرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت دەکرێت." دوای ڕێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جیهان و ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا، خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوت و مانگەکانی دواتر هیچ گرفت و بەربەستێکی لەبەردەمدا نەماوە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆش لەماوەیەکی کەمدا خەرج بکرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرچاوەکان لە بەغداد و وەزارەتی دارایی عێراقەوە رایانگەیاند، تەمویلکردنی مووچەی مانگی تەمموزی هەرێمی کوردستان تا رۆژی سێشەممە دوادەکەوێت، هۆکارەکەشی بۆ سەرقاڵبوونیان بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و کێشەی نەختینە لە بانکەکاندا دەگەڕێننەوە. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، دوو هۆکاری سەرەکی لەپشت دواکەوتنی ناردنی پارەکەوە هەن: سەرقاڵبوونی وەزارەتی دارایی عێراق: وەزارەتەکە سەرقاڵی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی خۆیەتی، کە لە 21ی مانگەوە دەستیپێکردووە. کەمبوونەوەی پارەی کاش (نەختینە) لە بانکەکاندا، پرۆسەی تەمویلکردنی دوخستووە. سەرچاوەکان پشتڕاستیانکردووەتەوە، کە "تاوەکو رۆژی سێشەممە تەمویلی مووچەی مانگی تەمموزی هەرێمی کوردستان دەکرێت."
هاوسەرۆکی دەم پارتى:پێویستە کۆمیسیۆن لەگەڵ ئۆجالان کۆببێتەوە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی دەم، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ خەڵکی ئیزمیر، چەند داواکارییەکی گرنگی بۆ چارەسەری پرسی کورد خستەڕوو، کە ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و دەرکردنی یاسای تایبەت و رێگەخۆشکردن بۆ بەشداریی سیاسیی پەکەکە لەخۆدەگرێت. هاوسەرۆکی پارتی دەم رایگەیاند، یەکەم و بەپەلەترین داواکارییان ئەوەیە، لیژنەی هاودەنگیی نیشتمانی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆببێتەوە و بۆچوونەکانی وەربگرێت، چونکە "ئۆجەلان لایەنی سەرەکیی پرۆسەکەیە". هاتیمئۆغوڵڵاری پێشنیازی ئەوەشی کرد، کە دەکرێت هاتنی ئۆجەلان بۆ پەرلەمان بڕەخسێندرێت. سەبارەت بە رۆڵی پەکەکە، هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی: "پێویستە لیژنەکە یاسایەکی تایبەت بەو ئەندام و بەرپرسانەی پەکەکە دەربکات، کە چەک دادەنێن، بەجۆرێک دەرگا بەڕوویاندا بکاتەوە، بگەڕێنەوە بۆ تورکیا و بەشداری لە کاری سیاسییدا بکەن". هاتیمئۆغوڵڵاری داوای ئازادکردنی دەستبەجێی زیندانیانی سیاسی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە گۆڕانکاری لە یاسای سزاداندا بکرێت. گوتیشی: "داوای ئازادکردنی هەزاران زیندانیی سیاسی دەکەین کە بە ناحەق سزادراون"، جەختیشی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ کردەوە. هاوسەرۆکی پارتی دەم باسی لە بەهێزکردنی دەسەڵاتە خۆجێییەکان کرد و رایگەیاند: "بەبێ دیموکراسیی ناوچەیی، دیموکراسیی ناوەندی نایەتەدی". لەو چوارچێوەیەشدا داوای کرد، "گرنگترین هەنگاو هەڵوەشاندنەوەی یاسای تایبەت بە دانانی قەیوومە، کە بەها بۆ ئیرادەی دەنگدەران دانانێت".
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، تۆمەتبار 'جمهور ڕۆستەم محەمەد' کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو له ڕووداوی کوشتنی دوو هاوڵاتى له شارۆچکەی کفری، خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر کردووە. دووشەممە 22ی ئەیلوول، لە سنووری گوندی ئۆمەربل لە قەزای کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ئەکبەر حاجی رۆستەم، کەسایەتیی دیاری ناوچەکە بە گولـلە کوژرا. بەرەبەیانى ٢٤ى ئەم مانگە، باوک و کوڕێکی عەرەب لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژران. تۆمەتی کوشتنەکە دراوەتە پاڵ عەمید جمهور ڕۆستەم، برای ئەکبەری حاجی ڕۆستەم. دوای ڕووداوەکە بەچەند کاتژمێرێک، لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ جمهور حاجی ڕۆستەم دەرچوو. ناوبراو کە پلەی عەمیدی پێشمەرگەیە و پێشتر فەرماندەی لیوای 3ـی پێشمەرگە بووە، گومان دەکرێت دوای ڕووداوەکە بۆ هەولێر هەڵهاتبێت. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. ڕاگەیەنراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە بۆ ڕای گشتی و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان: ڕای دەگەیەنین کە تۆمەتبار ( جمهور ڕۆستەم محمد) لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٤ خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر کرد. کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو له روداوی کوشتنی دوو هاوولاتى له شارۆچکەی کفری لە رێکەوتی ٢٤/٩/٢٠٢٥ لە ئێستادا ناوبراو بە بڕیاری بەڕێز داوەری لێکۆلینەوە ڕاگیراوە
 
                         
  
                         
                     
                                 
                                .jpg) 
                                 
                                 
                                 
                                 
                                 
                                 
                                 
                                 
                                 
                                 
                                 
                                 
                                 
                         
                         
                         
                        