جارێکی دیکە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار دابەزی، وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی پێشبینی دەکات بەهای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر داببەزێت و ئەمڕۆ 100 دۆلار بەرامبەر بە 146هەزار و 600  دینارە.    جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی، بە ئاڤا میدیای وت: "ئێستا بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 146 هەزار و 600 دینارە، ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە."   وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی دەشڵێت: "پێشبینی دەکەم جارێکی دیکە بەهای 100 دۆلار ببێت بە 149 هەزار دینار، دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بە ئەستەم دەیبینم."   بەگوێرەی زانیارییەکانی جەبار گۆران،  خواست لەسەر کڕینی دۆلار زیادبووە، بەتایبەت لەلایەن بازرگانەکانەوە، هەروەها  سیستمی ئەسیکۆدا کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار هەیە، ئەمە سەرەڕای دۆخی سیاسیی و ئابووری و تەکنیکییەکان.

دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و 11 کەسی دیکە لە ئەندامانی بەرەی گەل بۆ وردبینی گوازرایەوە بۆ دادگای تەمیزی هەولێر، بەڵام جارێ هەر 12 کەسەکە لە سلێمانی دەمێننەوە. بورهان رەشید، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی لەوبارەیەوە وتى: دادگاییکردنەکە بەپێی ماددەی 56 بوو, لەسەر داوای ئەوان و دادگای پێداچوونەوە، دادگا بڕیاریدا دۆسیەکە بۆ وردبینی بگوازرێتەوە بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەولێر. بەوتەى ئەو پارێزەرە، دوای وردبینی, دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بڕیار لەبارەی دۆسیەکەی لاهور شێخ جەنگی دەدات، ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشتنەکەی ئەمڕۆی بە گشتی بە باشی بەڕێوەچوو.  ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی و 11 دەستگیرکراوی دیکەی لالەزار هێندرانە بەردەم دادگای سلێمانی كە لاهور شێخ جەنگی ، پۆڵاد شێخ جەنگی ، رێبوار حامید حاجی خالید، بورهان رەشید وتیشى“ئەو 12 کەسە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و رێبوار حاجی غالیـشیان تێدایە” . “تەنیا کەیسی 56 کە تایبەتە بە ئیتفاقی جینایی و لەسەر سکاڵای بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لەسەریان تۆمارکراوە، دەنێردرێتە دادگای تەمیزی هەولێر و کەیسی 406 جارێ هەر لەدادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشە”، بورهان رەشید وای وت. ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئەو کاتەی دادگای تەمیزی هەولێر وەڵام دەداتەوە، ئەو 12 کەسە هەر لە سلێمانی دەمێننەوە.

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر)، "شەهیدبوونی زیاد حەلەب، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی لە شاری حەلەب" راگەیاند، کە لە کاتی بەرگریکردن لەو دوو گەڕەکەدا گیانی سپاردووە. بەپێی راگەیێندراوی ئاسایش، زیاد حەلەب لە 10ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کاتی "بەرگرییە مێژووییەکەی" گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دژی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا و گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی،" گەیشتووەتە پلەی شەهادەت." ئاسایش سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی و گەلی کورد دەکات و بەڵێنی درێژەپێدانی رێگەکەی دەدات. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە 6ـی کانوونی دووەمی 2026ـەوە، "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا بە پاڵپشتیی راستەوخۆی دەوڵەتی تورکیا، هێرشێکی بەرفراوانیان بە هەموو جۆرە چەکێک کردووەتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە." ئاسایش دەڵێت، هێزەکانیان و خەڵکی گەڕەکەکە بەرگرییەکی سەختیان کردووە و گورزی کەمەرشکێنیان لە هێرشکاران وەشاندووە، کە تێیدا چەندین تانک و ئۆتۆمبێلی زریپۆشیان تێکشکاندوون. زیاد حەلەب وەک فەرماندەی گشتی، "لە یەکەم ساتەوە لە ناو سەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕدا بووە و سەرپەرشتیی بەرگریی کۆڵان بە کۆڵانی کردووە." ئاسایش ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو فەرماندەیە لەگەڵ هاوسەنگەرەکانی "رێگەی شەهادەتیان هەڵبژارد نەک خۆبەدەستەوەدان."   بەگوێرەی ئاسایشی خۆسەر، زیاد قەدوور، ناسراو بە (زیاد حەلەب)، لە ساڵی 1988 لە عەفرین لەدایکبووە و لە ناو خێزانێکی نیشتمانپەروەردا گەورە بووە. لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011، پەیوەندی بە ریزی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG)ـەوە کردووە بۆ بەرگریکردن لە شاری حەلەب. ئاسایش هەروەها دەڵێت، لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2015، رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی رژێمی بەعس و گرووپە چەکدارە جیاوازەکان بۆ سەر حەلەب. خاوەنی ئەزموونێکی زۆر بووە لە "شەڕی ناو شار و گەڕەکەکاندا،" ئەمەش وای لێکرد ببێتە فەرماندەیەکی جێگەی متمانە و خۆشەویستی خەڵکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە. پێش گیان لەدەستدانی، زیاد حەلەب لە پەیامێکدا گوتبووی: "ئێمە کوڕی ئەم خاکەین؛ لێرە لەدایکبووین و لێرەش دەمێنینەوە. هیچ کات نەبووینەتە کێشە بۆ کەس، بەڵام ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر، دەستەوەستان نابین. سوێند دەخۆین بەرگری لە گەلی خۆمان بکەین و تاوەکو دوایین هەناسە شەڕ دەکەین. بڕیاری شەهادەتمان داوە و هیچ بژارەیەکی دیکەمان نییە."

هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان ڕایانگەیاند، هێرشەکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و بانگەوازیان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و تورکیا کرد بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن. هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان سەبارەت بە هێرشەکانی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا لە دژی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب لە ناوەندی خۆیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان بەست. هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) چیدەم کلیچگون ئوچار، کەسکین بایندەر، سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کلیچ کۆچیگیت، سەزای تەمەلی، وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگول دۆغان و پەرلەمانتارانی دەم پارتی ئامادە بوون. 'تولای حاتەم ئۆغوللاری ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ گرووپی پەرلەمانتارەکانیان لەسەر پێشهاتەکانی ئەم دواییە و هێرشەکان لەسەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب کۆبوونەوە و گوتی: "حکومەتی دیمەشق بە شێوەیەکی ئاشکرا، بەپێی ڕێککەوتن مامەڵە ناکات. بە ئاڵای داعشەوە هێرش دەکەنە سەر گەڕەکە کوردنشینەکان. ئەوانەی ئەم کارە دەکەن گرووپێک دڕندەن. لە هیچ باوەڕی و فکرێکدا قبوڵ ناکرێت". 'وتیشی: "بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەین بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات و ئەم هێرشانە دەستبەجێ ڕابگرن. هێرشەکانی هەتەشە و چەتەکان لە دژی مرۆڤایەتیین. ئامانجیان بێ‌کورد کردنی حەلەبە. وەک دەم پارتی بۆ سووریا سیستەمێکی یەکسان و ئازادەمان دەوێت کە مافەکانی کورد دەستەبەر بکات. ئەگەر کورد لە سووریا لە سەلامەتییدا نەبێت، ئەوا ئارامی بەدی نایەت. تا هەموو گەلان و باوەڕییەکان ئازاد نەبن، ئاشتی لە سووریا بەدی نایەت". 'تونجەر باقرخان سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست و گوتی: "بە ئامانجگرتنی منداڵان و ژنان بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت. ڕژێم هەموو ڕێککەوتنەکان پێشێل دەکات. لێرەدا دەڵێین دەست لە بێڕێزیکردن لە بەرانبەر ژنانی کورد هەڵبگرن. بانگەواز لەو کەسانە دەکەین کە شەڕ بە گوڕ دەکەن، ڕێگە بۆ دیالۆگ خۆش بکەن. قسەکانی هاکان فیدان شەڕ و قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە. دەپرسین؛ دیپلۆماسیت یان سەرباز؟ ئەم قسانە کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەکە هەیە". 'ە کۆتایی قسەکانییدا تونجەر باقرخان گوتی: "ئەگەر لە حەلەب شەڕ و قەیرانەکان قووڵببنەوە لێرەدا چارەسەریی بەدی نایەت. چونکە کودەتایە لەدژی پرۆسەکە. چارەسەرەکە ڕوونە. دەبێت قەسەدە و تورکیا لەسەر مێزێک دابنیشن و پرسەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن. کەس ناتوانێت کورد لە حەلەب کۆچبەر بکات. کورد سەد ساڵە لە حەلەبدایە و هەمیشە لە حەلەب دەبێت".

دوێنێ شەممە مەکتەبی سیاسی پارتی بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی کۆبوویەوە و بڕیاریدراوە پارتی بەردەوام بێت لەسەر کاندیدەکانی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق. تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت و پۆستی سەرۆککۆمار رێککنەکەوتوون، چونکە یەکێتی پاکێجێکی پێشکەش کردووە کە لای پارتی قبوڵکراو نییە. یەکێتی لە کۆی 22 وەزارەت و پلەی وەزیر، داوای نۆ پۆستی کردووە، بە وەزارەتی ناوخۆشەوە، پارتیش ئەمەی رەتکردووەتەوە. پارتی پێیوایە بەهۆی ئەمەوە دەبێتە کەمینە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا زۆرینەی کورسییەکانی هەیە. لەلایەکى دیکەوە،  شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەڕووداوى ڕاگەیاندووە:  یەکێتی دەبێت لایەک هەڵبژێرێت، یان پۆستە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان  یان پۆستی سەرۆککۆمار.  هەروەها وتیشى: ئێستا تۆپەکە لە مەیدانی یەکێتییە. ناکرێت یەکێتی پۆستی سەرۆککۆماریشی بوێت و داوای پۆستی باڵای زۆریش بکات لە حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەو ئاماژەى بۆ ئەوەشکردوە دانوستان بەمشێوەیە، دەبێت تۆ شتێک وەربگریت و سازش لەسەر شتێکی دیکە بکەیت. وتى: ئەوەی یەکێتی دەیەوێت لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار و پۆستە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لای پارتی قبوڵکراو نییە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، شەپۆلێکی نمەباران ناوچەکانی کوردستان دەگرێتەوە. بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، کەشی ئەمڕۆ یەکشەممە، 11-1-2026، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت ناوچە شاخاوییەکان نیمچە هەور دەبێت، خێراى باش لە نێوان 5 بۆ 10 کم لە کاتژمێرێکدا دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرماش 1 تا 2 پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بەرز دەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی ئەمڕۆ بە پلەی سیلیزی   هەولێر : 12 پلەی سیلیزی  پیرمام : 9 پلەی سیلیزی سۆران : 10 پلەی سیلیزی  حاجی ئۆمەران : 2 پلەی سیلیزی  سلێمانی : 9 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ : 12 پلەی سیلیزی دهۆک 11 پلەی سیلیزی زاخۆ 13 پلەی سیلیزی  ئاکرێ 12 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 10 پلەی سیلیزی  سبەى دوو شەممە ‌ 12-1-2026 سەبارەت بە کەشی سبەی دووشەممە، 12-1-2026، کەشناسیی پێشبینی دەکات، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور بێت، لە ئێوارەدا بۆ نیمچە هەور و لە درەنگانی شەودا شەپۆڵێکی باران بارین بۆ سەر ناوچەکەمان بە نمە بارانی پچڕ پچڕ لە ناوچەی جیا جیاکان دەست پێدەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، پلەکانی گەرما نزم 2 تا 3 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.  بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی سبەی بە پلەی سیلیزی هەولێر : 14 پلەی سیلیزی پیرمام :11 پلەی سیلیزی سۆران : 12 پلەی سیلیزی  حاجی ئۆمەران : 4 پلەی سیلیزی  سلێمانی : 11 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ 14 پلەی سیلیزی  دهۆک :12 پلەی سیلیزی زاخۆ : 14 پلەی سیلیزی ئاکرێ 13 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 13 پلەی سیلیزی ڕاشیگەیاند، لە کاتەکانی بەیانی زوو نزمترین پلەی گەرما لە بەشێک لە ناوچەکەمان لە ژێر سفر پلەی سیلیزی دەبێت لەگەڵ دروست بوونی شەختە لە هەندێ ناوچە .

ئیدارەی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە رووداوەکانی گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە لە  بەیاننامەیەکدا بۆ ڕای گشتی دەڵێت:  گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب کەوتە بەر هێرشێکی سەربازی لە چوارچێوەی پلانێکی تورکیاو بە پاڵپشتی بێدەنگی زلهێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان.   جەختى کردەوە کە  ئەم هێرشە ئەڵقەیەکی نوێيە لە زنجیرە کۆمەڵکوژییەكان كە دژی دانیشتوانی کەنارەکانی سوریاو خەڵکی پارێزگای سوەیدا ئەنجامدراون. ئیدارەی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا پێشى وایە ئەم هێرشە بۆ ماوەی شەش رۆژی لەسەریەک بەردەوام بوو،  لە بنەڕەتدا هێرشێکی نێودەوڵەتی بوو بۆ سەر دوو گەڕەکی نیشتەجێبوون. وتیشى:  هەزاران ئەندامی گروپە چەکدارەکان لەناویاندا ئەندامانی داعش بەشدارییان لە هێرشەکەدا کرد، لەبەرامبەر چەند سەد کارمەندێكی  هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ. ـ شەڕێکی نایەکسان بوو لە هەموو ڕوویەکەوە، دوور بوو لە بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکان و یاسا دانپێدانراوەکانی جەنگ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. ـ هەڤاڵانمان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە بەرخۆدانێکی مێژوویی و قارەمانانە روبەڕوی ئەم دەستدرێژییە بوونەتەوە و بەرگرییان لە خەڵکی سڤیل و گەلەکەمان لە هەردوو گەڕەکەکەدا کرد. 🔹قارەمانەكانمان بەرزترین واتاكانی فیداكاری و قوربانیدانیان نەخشاند. 🔹فەرماندە زیاد و ئازاد دڕەندەترین هێرشەکانیان شکاندو بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە سەرکردایەتی بەرخۆدانیان کرد، تا دەگاتە هەڤاڵانمان هاوار، دلبیرین، ڤیان، فرشین، رۆژبین، و دەنیز، کە بە کردەوەی فیداکارییەکانیان بەرزترین پلەی پابەندبوونیان بە بەهاو دۆزی گەلەکەیان بەرجەستە دەکرد. 🔹قوربانیدانەکانیان بۆ هەمیشە لە ویژدان و هزری گەلەکەماندا بە نەمری بمێنێتەوە. 🔹دەستبەسەرداگرتنی ئەو دوو گەڕەکە لەلایەن گروپە چەکدارەکان سەركەوتن نییە بەڵکو خیانەت و تاوانێکی گەورەیە لەلایەن  دەسەڵاتێکەوە کە بانگەشەی نوێنەرایەتی دەوڵەت دەکات. 🔹ئەمە دەسەڵاتێکە بانگەشەی پابەندبوون بە ئیسلامەوە دەکات، لە هەمان کاتدا جەستەی مردوو دەشوێنێتو سو كایەتی بە پێكهاتەكانی کۆمەڵگا دەكات. 🔹هەر دەسەڵاتێک پشت بە دەوڵەتێکی تر ببەستێت بۆ چەوساندنەوەی گەلەکەی خۆی، شەرعیەتی خۆی لەدەست دەدات. 🔹ئەو کۆمەڵکوژی و پێشێلکاری و سوکایەتیانەی بەرامبەر گەلەکەمان و شەهیدەکانمان دەکرێت بێ سزا ناڕوات و برینەکانیان لە ویژدانماندا زیندوو دەمێننەوە تا لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسان دەکرێت. 🔹داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ و مرۆییەکان دەکەین کە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و چاودێری بارودۆخی مرۆیی و ئەمنی لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بکەن. 🔹داوای جێگیرکردنی هێزێکی نێودەوڵەتی لەو دوو گەڕەکە دەکەین بۆ ڕێگریکردن لە تاوانی زیاتر.  🔹بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی متمانە بە هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت، کە لەلایەن کەسانی خاوەن ئایدۆلۆژیای توندڕەو و سەر بە داعشەوە سەرکردایەتی دەکرێن. 🔹بەو پێیەی ئامانجی سەرەکی ئەم هێرشە کاریگەری گۆڕینی دیمۆگرافییە، ئێمە بانگەوازی خەڵکی خۆراگری خۆمان دەكەین لە دوو گەڕەکەکە کە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، داواش لەو کەسانە دەکەین کە ئاوارە بوون بگەڕێنەوە.

فەرماندەی گشتیی قەسەدە مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، لە ڕێی ئەو ڕێککەوتنانەوە کە لەلایەن نێوەندگیرانی نێونەتەوەییەوە کرا، شەهید، بریندار، خەڵکانی مەدەنی کە ڕێیان لێ گیراوە و شەڕڤانان بە شێوەیەکی سەلامەت بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەگوازرێنەوە. فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند کە بۆ گواستنەوەی خەڵکی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب بە شێوەیەکی سەلامەت، لە ڕێی نێوەندگیرانی نێونەتەوەییەوە ئاگربەست ڕاگەیاندرا. فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) مەزڵوم عەبدی لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند، "بۆئەوەی هێرشەکانی سەر گەلەکەمان لە حەلەب و پێشێلکارییەکان ڕابگیرێن، بە نێوەندگیریی لایەنە نێونەتەوەییەکان ئاگربەستێک ڕاگەیاندرا و بۆئەوەی شەهید، بریندار، خەڵکانی مەدەنی کە ڕێیان لێ گیراوە و شەڕڤانان لە گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود بە شێوەیەکی سەلامەت بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بگوازرێنەوە، گەیشتینە ڕێککەوتن." مەزڵوم عەبدی بانگەوازی لە نێوەندگیران کرد کە پێشێلکارییەکان ڕابگرن و بۆ گەڕاندنەوەی سەلامەتی ئەو کەسانەی کە لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون، بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن. هەروەها ڕایگەیاند کە ڕێزێکی زۆری هەیە بۆ بەرخۆدێر، شەهید، هاوڕێ، بنەماڵەکانیان و خەڵکانی مەدەنی لە گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود کە بەرەنگارییان کرد، سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهیدان کرد و داوای شیفای بۆ برینداران کرد.

هەسەدە: لە بەردەوامی جینۆسایدی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق، دەیان هاوڵاتی مەدەنیان بەرەو شوێنێکی نادیار رفاندووە، دواتر بەزۆر ڤیدیۆیان پێ تۆمارکراون، کە گوایە شەڕڤانن. سەلامەتی ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانە لە ئەستۆی حکومەتی دیمەشقە. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو ئەم ڕەفتارە تاوانکارییە ئاشکرایە ڕەنگدانەوەی ڕێبازێکی سیستماتیکییە بۆ ساختەکردنی ڕاستییەکان و ڕفاندنی خەڵکی مەدەنی و ئیستغلالکردنیان وەک ئامرازی پڕوپاگەندە بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی ئاوارەبوون و بۆردومانکردن و تۆقاندن.  تەواوى ڕاگەیەندراوەکە... لە چوارچێوەی جینۆسایدی سیستماتیکیدا کە لەلایەن فراکسیۆن و میلیشیاکانی حکومەتی دیمەشقەوە ئەنجامدرا، ئەم میلیشیایانە دەیان گەنجی مەدەنییان ڕفاند، دوای ئەوەی بە زۆر لە خێزانەکانیان جیایانکردەوە، لەکاتێکدا لە گەڕەکی شێخ مەقسود هەڵهاتن. پاشان لە میدیاکان نمایشیان کرد، بە درۆ وەک شەڕکەر لە ڕیزەکانی ئێمەدا پێشکەشیان کرد. ئەم ڕەفتارە تاوانکارییە ئاشکرایە ڕەنگدانەوەی ڕێبازێکی سیستماتیکییە بۆ ساختەکردنی ڕاستییەکان و ڕفاندنی خەڵکی مەدەنی و ئیستغلالکردنیان وەک ئامرازی پڕوپاگەندە بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی ئاوارەبوون و بۆردومانکردن و تۆقاندن. دووبارەکردنەوەی وشە بە وشەی هەمان ئەو تاوانانەیە کە ئەم کوتلانە لە ناوچەی کەنار دەریا و سوەیدە ئەنجامی دەدەن. ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە ڕفێنراوەکان بە تەواوی خەڵکی مەدەنین و حکومەتی دیمەشق و کوتلەکانی بە تەواوی بەرپرسیار دەکەین لە ژیان و سەلامەتی خۆیان. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆی بپارێزێت و لێکۆڵینەوەیەکی خێرا لەم پێشێلکاریانە دەستپێبکات و بە ئاشکرا ئیدانەیان بکات و تاوانباران وەک تاوانباری جەنگ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، حەلەب – ناوەندی ڕاگەیاندن

وەزارەتی دارایی عێراق ئاماری داهات و خەرجییەکانی وڵاتی بۆ 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2025 بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە، قەبارەی داهاتەکان لە بودجەی فیدراڵیدا 103 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە و داهاتی نەوت بە ڕێژەی 90% کۆنترۆڵی بودجەی کردووە. وردەکاریی ژمارەکان و داهات بەگوێرەی ئەو خشتە و داتایانەی وەزارەتی دارایی بۆ 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2025 بڵاویکردۆتەوە: 1-کۆی گشتیی داهات،  103 ترلیۆن و 514 ملیار و 200 ملیۆن و 991 هەزار و 817 دینار بووە. 2-داهاتی نەوت، 93 ترلیۆن و 197 ملیار و 452 ملیۆن و 551 هەزار دینار بووە دەکاتە 90%ی کۆی داهات. 3-داهاتی نانەوتی، تەنیا 10 ترلیۆن و 316 ملیار و 748 ملیۆن و 440 هەزار دینار بووە. خەرجییەکان و مووچە لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، وەزارەتی دارایی تیشکی خستۆتە سەر خەرجییەکان، کە کۆی گشتیی خەرجییەکان گەیشتووەتە 96 ترلیۆن و 378 ملیار و 257 ملیۆن و 473 هەزار دینار. وردەکارییەکەی بەم شێوەیەیە: 1-مووچەی فەرمانبەران 55 ترلیۆن دینار. 2-مووچەی خانەنشینان 15 ترلیۆن و 995 ملیار دینار. 3-مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی 4 ترلیۆن و 734 ملیار دینار. هۆکار و مەترسییەکانی یەک سەرچاوەی دارایی چاودێران هۆشداری دەدەن کە بەردەوامیی عێراق لە پشت بەستن بە نەوت وەک تاکە سەرچاوەی بودجە، وڵات دەخاتە بەردەم مەترسیی قەیرانە جیهانییەکان و هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت. ئەم دۆخە زۆرجار حکوومەت ناچار دەکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان پەنا بۆ قەرز (چ ناوخۆیی یان دەرەکی) ببات، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ لاوازی لە بەڕێوەبردنی دارایی و نەدۆزینەوەی چارەسەری بەدیل بۆ داهات.

پەرلەمانتارێکی عێراق لەسەر لیستی پارتی، جەخت لە بەردەوامیی دانوستانەکان بۆ مەبەستی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، لایەنە کوردییەکان لە بەردەم دوو بژاردەی سەرەکیدان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، هاوکات پێداگریی حزبەکەی لەسەر کاندیدکردنی فوئاد حوسێن دووپات کردەوە. شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2026، ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە ڕایگەیاند: دانوستانەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، بۆ مەبەستی یەکلاییکردنەوەی پرسی سەرۆک کۆماری عێراق، پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە. پەرلەمانتارەکەی پارتی ئاماژەی بەوە دا، کە حزبەکەی کاندیدی فەرمیی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پێشکەش کردووە و سوورە لەسەر ئەو کاندیدکردنە، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم پرسەش فراکسیۆنە کوردستانییەکان دوو بژاردەیان لە بەردەمدایە؛  بژاردەی یەکەم؛ پەیڕەوکردنی پرەنسیپی دەنگی "زۆرینەی کوردی". دەلێمی دەڵێت: هەروەک چۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان پشت بە زۆرینەی سوننی دەبەسترێت و بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیران زۆرینەی شیعی بڕیار دەدات، بە هەمان شێوە سروشتییە کە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریش بە بڕیاری زۆرینەی پێکهاتەی کوردی بێت". بژاردەی دووەم:  هاوکێشەی پۆست لە بەرامبەر پشکەکان، لەو بارەیەوە ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتی: "مەرجی دووەم ئەوەیە هەر فراکسیۆنێک پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت، دەبێت لە بەرانبەردا دەستبەرداری سەرجەم شایستە و پشکە حکومییەکانی دیکە ببێت، جا چ بەشداریکردن بێت لە کابینەی حکوومەت یان پۆستەکانی دیکە". دلێمی بە ڕاشکاوی ڕەخنەی لە دۆخی ئێستا گرت و گوتی: "هیچ لۆژیکی نییە و مەعقول نییە فراکسیۆنێک کە خاوەنی 17 کورسیی پەرلەمانییە، پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت و هاوکات دوو وەزارەت، چەندین لیژنە، پێنج بریکار و دەستەیەکی سەربەخۆش ببات". لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، پەرلەمانتارەکەی پارتی باسی لەوە کرد، کە کاندیدی حزبەکەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار د. فوئاد حوسێن)ـە، هەروەها داوای لە چوارچێوەی هەماهەنگی کرد کە هەمان ئەو پێوەرەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران کاری پێدەکەن، بۆ سەرۆکایەتی کۆماریش جێبەجێی بکەن و ڕەچاوی زۆرینەی کوردی بگرن.   پێنجشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕایگەیاندبوو، یەکێتی و پارتی دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان، ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی هەفتەی داهاتوو درێژە بە گفتوگۆکانیان بدەن. بەپێی زانیارییەکان، ئەجێندای کۆبوونەوەی داهاتوو لەسەر سێ تەوەری سەرەکی و ستراتیژی چڕ دەبێتەوە: -پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. -کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان. -یەکلاکردنەوەی پرسی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە داوە، کە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان ئەم سێ دۆسیەیەدا دروست کراوە؛ بە جۆرێک کە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر شێوازی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت، دەبێتە کلیلی چارە و دەرچەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و یەکلاکردنەوەی کێشەکانی تایبەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار لە بەغدا. بە پێی سەرچاوەکە، یەکێک لە خاڵە وەرچەرخانەکانی دانوستانەکانی ئەمجارە، تاوتوێکردنی بیرۆکەی دیاریکردنی "کاندیدی هاوبەش"ـە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق. سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی عێراق، وەک یەکەم هەنگاوی دەستووری دوای دەستبەکاربوونی، بە فەرمی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کردەوە و ڕۆژی دووشەمە 5ـی کانوونی دووەمی 2026 وەک دوا وادە بۆ وەرگرتنی سی ڤی کاندیدان دیاریی کرد. ڕۆژی دووشەمە 5ـی کانوونی دووەمی 2026، پەرلەمانی عێراق، لیستی کۆتایی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆماری بڵاو کردەوە، کە 81 کەس بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ناوی خۆیان تۆمار کردووە و لە نێویاندا 4 ئافرەت هەن.  پەرلەمانی عێراق بە پێی دەستوور، لە ماوەی 30 ڕۆژ لە دوای یەکەم دانیشتنی خۆی، دەبێت سەرۆک کۆمارێکی نوێ هەڵبژێرێت. دوای هەڵبژاردنی، سەرۆک کۆمار 15 ڕۆژی لەبەردەست دەبێت بۆ ڕاسپاردنی کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت. پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە پەرلەمان پێویستی بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە. لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا، کاندیدێک بۆ بردنەوە پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئامادەبووان هەیە. ئەگەر هیچ کاندیدێک ئەو ڕێژەیەی بەدەست نەهێنا، دوو کاندیدی یەکەم دەچنە گەڕی دووەم و ئەو کەسەی زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت، دەبێتە سەرۆک کۆمار.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت: هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا دەستێوەردانی سەربازی لە سوریا پشتڕاست دەکاتەوە. هەسەدە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژە بەوەدەكات: لە هەڵکشانێکی مەترسیداردا کە دەستێوەردانی راستەوخۆی تورکیا لە سوریا پشتڕاست دەکاتەوە و هەڕەشەی فراوانکردنی ململانێی ئێستا لە ناوچەکە دەکات. فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئاکینچی تورکی کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ پێگەیەکی سەربازی هێزەکانمانی لە ناوچەی کێڵگەی نەوتی سەورە لە باشوری شاری تەبقە کردە ئامانج و لە ئەنجامدا زیانی ماددی لێکەوتەوە. ئەم هێرشه یەکەم هێرشی لەو جۆرەیە له دوای واژۆکردنی رێککەوتننامەی ئاگربەست له دوای شەڕی بەنداوی تشرین، كە پێشێلکردنی ڕوون و ئاشکرای لێکتێگەیشتنەکانەو پێداگریی لایەنی تورکیا لەسەر رۆڵی سەربازی راستەوخۆ ئاشكرادەكات له سوریا.

هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان کە تائێستاش بەرامبەر سوپای عەرەبی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی دیمەشق، لە گەڕەکی شێخ مەقسوود بەرگری دەکەن، ڕایگەیاند، هەواڵی گواستنەوەی هێزەکانیان بە پاس بۆ ڕۆژهەڵاتی فوڕات "درۆ و چەواشەکارییە"، ئەوانەشی لە ڤیدیۆکان دەرکەوتوون خەڵکی مەدەنین کە بەزۆر کۆچیان پێکراوە.  هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب بڵاویکردەوە، میدیای حکومەتی دیمەشق و سوپای عەرەبی سووریا، وێنەی ژمارەیەک پاسی بڵاوکردووەتەوە کە خەڵکی ئاوارەکراوی گەڕەکی شێخ مەقسوود لە ژێر تۆپباران و کردنە ئامانجی خۆیاندا دەگوازنەوە، بە "درۆ و چەواشەکارییش دەڵێن ئەوە گواستنەوە هێزەکانی ئاسایشن" بەرەو ڕۆژهەڵاتی فوڕات. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب دەشڵێت، ئەم هەواڵە سەرلەبەری "درۆ و ناڕاستە"، ئەوانەی لە ڤیدیۆکان دەرکەوتوون خەڵکی مەدەنین کە بە زۆر لە ناوچەکانیان ئاوارە کراون، بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بێ ماڵ و حاڵ بوون، جگە لەوەش ئەم گرووپانە دوو گەنجی مەدەنییان شوێن بزرکردووە و تائێستا چارەنووسیان نادیارە.

تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا (بە نوێنەرایەتی دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ روبیۆ) لە دیمەشق لەگەڵ سەرۆکی سوریا کۆبووەوە و وردەکاریی هەڵوێستی ئیدارەی نوێی ئەمەریکای ئاشکرا کرد:  دۆناڵد ترەمپ بڕیاریداوە سزاکانی سەر سوریا هەڵبگرێت بۆ ئەوەی "دەرفەتێک بدات" بە حکومەتە نوێیەکە بۆ بوژانەوە و سەقامگیری. تۆم باراك، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت: ئەمڕۆ بەناوی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ وبیۆ وەزیری دەرەوە، لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریاو ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەو ئەندامانی تیمەکەیان لە دیمەشق کۆبوومەوە، بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی حەلەب هەنگاونان لە قۆناغی گواستنەوەی مێژوویی سوریا. باراك لە سەكۆی "ئێكس" نوسیویەتی: سەرۆک ترەمپ پێی وایە ئەم ساتە نمایندەی دەرفەتێکی سەرەکی دەکات بۆ سوریایەکی نوێ، دەوڵەتێكی یەکگرتوو کە هەموو پێكهاتەكانی بە عەرەب، کورد، دروز، مەسیحی، عەلەوی، تورکمان، ئاشوری و ئەوانی دیکەشەوە، بە ڕێز و شكۆوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و بەشدارییەکی ماناداریان پێبدرێت لە دامەزراوەکانی حوکمڕانی و ئاسایشدا، بە داننان بەم دەرفەتە، رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر هەڵگرتنی سزاکان بۆ ئەوەی "دەرفەتێک بدرێت بە سوریا" بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بچێت. حکومەتی ئەمریکا پێشوازی لە گواستنەوەی مێژوویی سوریا دەکات و پشتگیری لە حکومەتی سوریا دەکات بە سەرکردایەتی ئەحمەد شەرع ،  ئەمریکا بەردەوام پشتیوانی لە هەوڵەکانی شکستپێهێنانی داعش و بەرەوپێشبردنی سەقامگیری لە سوریا کردووە، لەوانەش لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنی پێداگری پۆڵاین و هاوبەشیمان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە قوربانیدانەکانیان بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی هەمیشەیی لە دژی تیرۆر زۆر گرنگ بووە. لەم چوارچێوەیەدا، حکومەتی سوریا پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنی یەکگرتن دووپاتکردەوە کە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٥ لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات واژۆکرابوو، کە چوارچێوەیەک بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لە دامەزراوە نیشتمانییەکاندا بە شێوەیەک دابین دەکات کە مافەکانی کورد بپارێزێت و یەکێتی و سەروەری سوریا بەهێز بکات. پێشهاتەکانی ئەم دواییەی حەلەب کە پێدەچێت تەحەدای مەرجەکانی ئەم ڕێککەوتنە بکەن، بە قووڵی نیگەرانکەرن، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین ئەوپەڕی دان بەخۆگرتن پیادە بكەن و دەستبەجێ واز لە شەڕ و پێکدادانەکان بهێنن و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکان بە پێی رێککەوتنەکانی ١٠ی ئازار و ١ی نیسانی ٢٠٢٥، لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات.  توندوتیژی هەڕەشەی تێکدانی ئەو پێشکەوتنانە دەکات کە لە دوای رووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە بەدەست هاتووە و دەرگا بەڕووی دەستێوەردانی دەرەکیدا دەکاتەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی کەس ناکات.  تیمی روبیۆ لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ ئاسانکاری بۆ بەشداریکردنی بونیادنەر لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ پێشخستنی پرۆسەی یەکگرتنی هەمەلایەنە و بەرپرسیارانە- پرۆسەیەک کە ڕێز لە یەکێتی سوریا بگرێت، بنەمای یەک دەوڵەتی خاوەن سەروەری دووپات بکاتەوە و پشتگیری لە ئامانجی یەک سوپای نیشتمانی شەرعی بکات. ئامانجی کۆتایی سوریایەکی خاوەن سەروەری و یەکگرتووە لە ناوخۆدا و لەگەڵ دراوسێکانیدا بە ئاشتی بژی،  کە یەکسانی و دادپەروەری و دەرفەت بۆ هەموو هاوڵاتیانی گەرەنتی بکرێت. داوا لە دراوسێکانی سوریاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین پشتگیری لەم دیدە بکەن و هاوکاری و پشتیوانی پێویست پێشکەش بکەن و یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی ببێتە واقیع.

بارەگای بارزانی رایگەیاند لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، سەرۆک بارزانی و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا، دۆخی حەلەبیان تاوتوێ کرد. ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 9ی کانوونی دووەمی 2026، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و تۆم باراک نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا ئەنجام درا. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى بارەگای بارزانی  لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و سووریا و دواین پەرەسەندن و گرژییەكانی سووریا و شاری حەلەب ئاڵوگۆڕ كراوە.  هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكان نەمێنن و بارودۆخ ئاسایی ببێتەوە و هەنگاوی جددیش بۆ بەدیهاتنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی بنرێت.