وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت هەرێمی کوردستان ئێستا ڕۆژانە 130 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، ، 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکاربردنی رۆژانەیە و رێککەتووین 80 هەزار بەرمیلیان لێوەربگرین. ئەمڕۆ چوارشەممە، حەیان عەبدولغەنیوەزیری نەوتی عێراق سەردانی کۆمپانیای نەوتی باکووری کرد لە کەرکووک و رایگەیاند، وەبەرهێنان لە کەرتی سووتەمەنی کەرکووک زیاتر دەکەین. هەروەها گوتی، هەرێمی کوردستان 130 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت و 50 هەزار لەو بڕە بۆ نێوخۆیە. وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند: ئێستا بەرهەمهێنان لە کێڵگەکان بەردەوامەو ڕۆژانەى نزیکەی 130 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێت 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکاربردنی رۆژانەیە. ئەو وتیشى: رێککەتووین لەگەڵ هەرێمی کوردستان 80 هەزار بەرمیلەکەی دیکە وەری دەگرین و لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی دەکەین. حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بەیاوەرى شاندێکى باڵاى وەزارەتەکەى ئەمڕۆ گەیشتە کەرکووک و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی پارێزگاکە لەلایەن بەرپرسانەوە پێشوازیی لێکرا. بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە مەبەستەکانی سەردانەکەی وەزیری نەوت، کردنەوەی وێستگەی نەوتی شێدارە، کە بۆ جیاکردنەوەی ئەو نەوتەیە تێکەڵ بە ئاو بووە. مەبەستێکی دیکەی سەردانەکەی وەزیر، کۆبوونەوەیەتی لەگەڵ کۆمپانیای BPی بەریتانی، کە ئێستا ئەو کۆمپانیایە خەریکی پەرەپێدانی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووکە. هەروەها حەیان عەبدولغەنی پاڵاوگەی بەرهەم لە گورگەچاڵ و باڵەخانەیەکیش لەنێو کۆمپانیای نەوتی باکوور دەکاتەوە.
شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتنە بەغدا، بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و کاراکردنەوەی لیژنە هاوبەشەکان. بەرپرسێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، راگەیاند: "شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی گەیشتووەتە بەغدا، کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا داوا کرابوو ئەو شاندە بچێت." سەردانەکە دوای ئەوە دێت کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای کردووە کە شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی بەغدا بکات بۆ ئەوەی ئەو لیژنانەی پێشتر پێکهێنرابوون، دەست بە کارەکانیان بکەنەوە. هەرچەندە بابەتی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لە کارنامەی کۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیراندا نەبووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، لەسەر داوای وەزیرە کوردەکان، بابەتەکە وروژێنراوە داواکراوە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی لەبارەیەوە بکرێت. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی دەڵێت: "سەردانەکەی ئەمڕۆی وەزارەتی دارایی تایبەتە بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و کارەکانی لێژنە هاوبەشەکان و دەستپێکردنەوەیان." لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، وەزیری نەوت بەپێی راپۆرتی لیژنەکان لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان گوتوویەتی: "هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی 130 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە و 50 هەزاری بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت و بەغدا 80 هەزاری وەردەگرێت." بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەکە: "بەهۆی هێرشە درۆنییەکان، کێڵگە نەوتییەکان زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە و بەشێک لە کۆمپانیاکانیش ترساون و کار ناکەن، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان."
نەرمین ساڵی 1962 لەشارى سلێمانى لەدایک بووە، لە بەرنامەى بەرنامە نازناوى (ڕەحە چل دەم)ى لێنرابوو. یەکەم بەرهەمی شانۆیی لە ساڵی 1975 دا نمایشکراوه. 30 ساڵ لە شانۆدا ڕۆڵی گێڕاوە، دوایین ڕۆڵی لە ساڵی 1998دا بووە، پاشان بەشداری لە بەرنامەی بەرنامە کردووە، ئەو بەرنامەیە یەکێک بووە لە پڕ بینەرترینەکانی باشووری کوردستان ماوەی چەند ساڵێكە هونەرمەند نەرمین قادر دووچاری نەخۆشیی شێرپەنجە بووە و چارەسەری پزیشكی وەردەگرت. دوو هەفتە لەمەوبەر لۆلان ئازاد، کچی هونەرمەند نەرمین قادر نووسینێکی لە هەژماری فەیسبوکی خۆی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: “دایکم لەگەڵ خانەنشینان هەشت مانگە مووچەی وەرنەگرتووە، دایکم لەگەڵ ئەزیزان و خۆشەویستانی خانەنشینانی بە زۆرەملێکەی ساڵی پار، لە مانگی یانزەی ساڵی پارەوە مووچەی وەرنەگرتووە”. ئێوارەى ئەمڕۆ سێ شەممە نەرمین قادر هونەرمەندو ئەکتەری دیاری بەرنامەی بەرنامە کۆچی دوایی کرد.
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بڕیاریدا ماوەی (1 هەفتە) مۆڵەتی كاركردنی لیژنە هاوبەشەكانی نێوان بەغدادو هەولێر درێژبكاتەوە بۆ ئەوەی كارەكانیان بۆ دیاریكردنی بەرهەمهێنانی نەوت و داهاتی نانەوتیی هەرێم دیاری بكەن. لەدوای ئەم ماوەیەو تەواوبوونی كاری لیژنەكان، سودانی بڕیار لەسەر ناردنی موچەی مانگی شەش و حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات. هەرچەندە سەرەتا پرسی نەوت و داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا نەبوو، بەڵام دواتر بڕیاردا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت. بەپێى وتەى چەند سەرچاوەیەک پێش تەواوبوونی کۆبوونەوەکە بڕیادرا، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرسی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان باس بکرێت. لیژنەکانی نەوت و داهاتی ناوخۆ تاوەکو ئێستا راپۆرتەکانیان تەواونەکردووە بەڵام پێشنیاری خۆیان بۆ سودانی خستووەتەڕوو. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەگەر سودانی رازیبێت بەو بڕە نەوتەی لیژنەکان بۆیان دیاریکردووە لەگەڵ داهاتی ناوخۆ ئەوا بەم نزیکانە پرسی ناردنی مووچەی حوزەیران یەکلادەبێتەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ ٥ی ئاب هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى(٧) تەمویلی وەزارەتی پێشمەرگە کرا و رۆژی پێنج شەممە بەرواری ٧ی ئاب دەست بە دابەشکردنى دەکرێت. وەزارەتی پێشمەرگە دەشلێت نزیکەی 74 هەزار ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لەڕێی هەژماری منەوە هاوکارییەکە وەردەگرن دەقى ڕاگەیەندراوەکە راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ ٥ی ئابی ٢٠٢٥ هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى(٧) تەمویلی وەزارەتی پێشمەرگە کرا و دوای ئەنجامدانی رێکارە دارایى و ژمێریارییەکان لەلایەن بەریوەبەرایەتى گشتى بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریارى سەربازى) لە رۆژی پێنج شەممە بەرواری ٧ی ئاب دەست بە دابەشکردنى دەکرێت. لەم مانگەدا، نزیکەی (٧٤٠٠٠) ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە بە سیستەمی پڕۆژەی هەژماری من هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەوانەی تریش لە رێگەی سیستەمی بانکیەوە هاوکارییەکان وەردەگرن. لێرەوە، بە هەمووانی رادەگەینن کە سەرچاوەی یەکانەی فەرمی بۆ هەموو هەواڵ و زانیارییەکانی پەیوەست بە هێزی پێشمەرگە، تەنها ماڵپەری فەرمی و سۆشیال میدیا و پلاتفۆرمەکانی وەزارەتی پێشمەرگەیە. بۆیە هەر هەواڵ و زانیارییەک لە هەر پێگەیەکی تری میدیایی بڵاوبکرێتەوە متمانەی پێناکرێت و وەزارەتی پێشمەرگە هیچ بەرپرسیاریەتیێک لە زانیارییە هەڵەکان هەڵناگرێت کە لە کەناڵەکانی ترەوە بڵاو دەکرێتەوە.
فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە، ڕایدەگەیەنێت پێویستە هەموو گەلانی سوریا بگەنە ڕێککەوتن، مافی هەموو گروپەکان لە دەستووردا پارێزراو بێت و سوریایەکی لامەرکەزی دامەزرێت تا بتوانێت بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. سوریایەکی بەهێز دەتوانێت وەک وڵاتێکی بەهێز سەرهەڵبدات. لەچاوپێکەوتنێکى رۆژنامەوانیدا، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە باس لەچەند پرسێکى جیاوازدەکات. ئەو دەڵێت: دوای 14 ساڵ شەڕی ناوخۆ، مەحاڵە سوریا بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشووی. ناکرێ وەک سەردەمی بەعس مەرکەزی و تۆتالیتاری بێت. چونکە سیستەمی مەرکەزی هۆکاری بنەڕەتی شەڕی ناوخۆ بوو. کێشەکانی سوریا سیستماتیکی بوون نەک تاکەکەسی. جەختى لەسەر ئەوەکردەوە کە ئێستا بۆ ئەوەی ئێمە لەسەر ئەم بنەمایە کێشەی سوریا چارەسەر بکەین، پێویستە سوریایەکی لامەرکەزی هەبێت. پێویستە هەموو گروپە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکان مافی خۆبەڕێوەبەرییان هەبێت و هەموو پارێزگاکانی سوریاش بتوانن لەڕێگەی حکومەتە خۆجێییەکانەوە خۆیان بەڕێوەببەن. فەرماندەى هەسەدە ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات کە ناوی سوریا لە سەردەمی بەعسەوە کۆماری عەرەبی سوریا بووە. ئەم ناوە ڕەنگدانەوەی واقیعی سوریا نییە. دەبێت وشەی "عەرەب" لاببرێت. سوریا تەنها هی عەرەب نییە. سەر بە هەموو گروپەکانە. دەبێت گۆڕانکاری ڕیشەیی لەم جۆرە لە سوریادا بکرێت. ئەگەر دروست نەکرێن ئەستەمە. مەزڵوم عەبدى وتیشى: ماوەی هەشت مانگی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس دەریخست کە سوریا بە ئاسانی یەک ناگرێتەوە. پێویستە هەموو گەلانی سوریا بگەنە ڕێککەوتن، مافی هەموو گروپەکان لە دەستووردا پارێزراو بێت و سوریایەکی لامەرکەزی دامەزرێت تا بتوانێت بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. سوریایەکی بەهێز دەتوانێت وەک وڵاتێکی بەهێز سەرهەڵبدات. لەبارەى ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتى دیمشق، فەرماندەى هێزەکانى هەسەدە هێما بۆ ئەوەدەکات کە لە ئێستادا دوو هێز لە سوریا هەن، یەکێکیان هێزەکانی حکومەتی دیمەشقە، ئەوی تریان هێزەکانی سوریای دیموکرات. ئەگەر ئەم دوو هێزە پێکەوە کۆببنەوە، دەتوانرێت ڕێککەوتن بکرێت. لەسەر ئاستی دەرەوەش دەوڵەتانی وەک ئەوروپا و ئەمریکا کە سزایان بەسەر سوریادا سەپاندووە، قسەیان هەیە. ئەو پێى وایە ئەو بڕیارانەی ئەمریکا دەیدەن لەلایەن زلهێزەکانی دیکەوە لەبەرچاو دەگیرێن. لە ئێستادا ئیرادەیەکی بەهێزی نێودەوڵەتی هەیە کە کاریگەری لەسەر هەم ئێمە و هەم لەسەر حکومەتی دیمەشق هەیە. دوو هێزی تریش لەسەر زەوی هەن: SDF و HTS. وتیشى: ئەگەر بگەینە ڕێککەوتن، سەردەکەوین. دیسانەوە پەیوەستە بە نیەتەوە. ئەگەر حکومەتی دیمەشق وەک حکومەتی بەعس بیەوێت بۆ کات بوەستێت و هەنگاوی دروست بۆ یەکگرتنی ڕاستەقینە هەڵنەگرێت، ئەوا ئەو هەوڵانە سەرناگرن. بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا، ئەو هەلومەرج و هەلومەرجەی کە وا دەکات ئەم هەوڵانە سەرکەوتوو بن، لەوەش گەورەترن. چونکە سوریا پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ دۆخی سروشتی خۆی و دەبێت سزاکان هەڵبگیرێن. سەبارەت بەمەرجانى یەکگرتنەکەش عەبدى دەڵێت: مەرجەکانی یەکگرتن لەگەڵ دەوڵەتەکان دانراون. من پێم وایە حکومەتی دیمەشق دەیەوێت ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت و ئێمەش سەرکەوتوو دەبین. ئەم پرۆسەیە چانسی سەرکەوتنی زیاتری هەیە. لەبارەی کۆبوونەوەکە دواخراوەکەی پاریسەوە زانیارى نوێى خستەڕوو،وتی: بڕیاربوو کۆبوونەوەکە لە ٢٥ی مانگ بەڕێوەبچێت، ئینگلیزەکان، فەرەنسییەکان، ئەمریکییەکان، ئێمە، حکومەتی سوریاش ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەکە کرابوو و تەواو بوو، بەڵام لە کۆتا خولەکدا دواخرا. ئەو وتیشى: دواتر بارۆت وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پەیوەندی پێوەکردم، ئێمەش قسەمان کرد، باڵیۆزی ئەمریکا باراکیش تەلەفۆنی بۆ کرد، پەشیمانی خۆی دەربڕی و سوپاسی ئێمەی کرد بۆ ئامادەییمان بۆ کۆبوونەوەکە ئێمە بۆ ئەم کۆبوونەوەیە ئامادە بووین. پێم وتن کە حکومەتی سوریا داوای کردووە کە کۆبوونەوەکە دوابخەن، چونکە خەمی پرسی سوەیدایان هەیە. بەڵام ئەوان پێداگریان لەسەر ئەوە کرد کە جارێکی دیکە کۆبوونەوەکە ئەنجام بدات. ئەو پێى وایە حکومەتی ئینتقالی سووریا ئامادە نەبووە بۆ ئەم کۆبوونەوەیە. وتى: هۆکارەکەی نازانم؛ دەبێت خۆیان ڕوونی بکەنەوە. ئەوان ئامادە نەبوون چونکە شایبانی هاتبووە پاریس. بەڵام ئامادە نەبوون بۆ ئەم کۆبوونەوەیە. لەگەڵ ئیسرائیل دانیشتن و ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە نێوان خۆیاندا ئێستا ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەکە بەردەوامن و کۆبوونەوەکەش ئەنجام دەدرێت.
بەپێى ئەو ئامارانەى ڕیکخراوى هەنگاو خستویانەتەڕوو لە ماوەی مانگی ڕابردودا سزای لەسێدارەدانی ٩٦ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە، لەو ژمارەیە 11 کەسیان کورد بوون. بەپێى بەدواچوونەکان و بەراوردى رێکخراوى هەنگاو ئەمساڵ رێژەی لەسێدارەدان لە ئێران بەراورد بە ساڵی رابردوو 74% زیادیکردووە، مانگی شەشى ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی تەنها بەندکراو جێبەجێ کرابوو. بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی شەشى ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ٩٦ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ناسنامەی ۹۰ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی شەش بەندکراوی دیکە بەدواداچوون دەکرێت. لەو مانگەدا، سزای سێدارەی لانی کەم دوو بەندکراوی سیاسیی خەڵکی تاران بەناوەکانی مەهدی حەسەنی و بێهرووز ئێحسانی ئیسلاملوو بەشێوەی نهێنی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی لانی کەم ۳ ژن لە بەندیخانەکانی یەزد، شیراز و مەشهەد جێبەجێ کراوە. عاتفە ئەمینی، بەندکراوی خەڵکی یەزد بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، ناهید جەوکار بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و مەهتاب بەیاتنی بە هەمان تۆمەت لە بەندیخانەکانی یەزد، شیراز و مەشهەد لەسێدارە دراون. شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ۹۶ بەندکراوەی لە ماوەی مانگی شەش لەسێدارە دراون، تەنیا ۴ حاڵەت لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ۲ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە. سزای سێدارەی ۲ بەندکراو لە شارەکانی بۆکان و دامغان لەپێش چاوی خەڵکدا جێبەجێ کراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی جولای لانی کەم سزای سێدارەی ۱۴ بەندکراوی لوڕ لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە ۱۴.۵٪ی کۆی حاڵەتەکان پێکدێنن. هەروەها ۱۳ بەندکراوی تورک، ۱۱ بەندکراوی کورد و ۹ بەندکراوی بەلووچ لەسێدارە دراون.
کاروانێکی سەربازی ئەمریکی چوونە ناو بنکەی قەسرەک لە لادێکانی باکوری حەسەکە، کە لە هەرێمی کوردستانەوە هاتبوون. روانگەى سورى بۆ مافى مرۆڤ بڵاویکردەوە، کاروانە سەربازییەکە کە لەلایەن هەلیکۆپتەرەکانى هاوپەیمانانەوە پارێزگارى لێدەکرا، لە رێگەى دەروازەى وەلیدى سنورییەوە و لە هەرێمى کوردستانەوە رەوانەى بنکەى قەسرک لە دەوروبەرى حەسەکە کراوە. کاروانێکى هاوکارى سەربازى ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستانەوە رەوانەى رۆژئاواى کوردستان کرا، لە چوارچێوەى فراوانکردنى زیاترى گەیاندنى هاوکاریی سەربازیدا، مانگى رابردوو بەگشتى لەرێگەى 244 بارهەڵگر و حەوت فڕۆکەوە هاوکاریی رەوانەکراوە. کاروانە سەربازییەکە کە لەلایەن هەلیکۆپتەرەکانى هاوپەیمانانەوە پارێزگارى لێدەکرا، لە رێگەى دەروازەى وەلیدى سنورییەوە و لە هەرێمى کوردستانەوە رەوانەى بنکەى قەسرک لە دەوروبەرى حەسەکە کراوە. بەپێی ئامارەکانى روانگەى سورى، بەگشتى لە مانگى تەمموزدا، هاوپەیمانان لە رێگەى 244 بارهەڵگر و حەوت فڕۆکەوە هاوکاریی سەربازیان گەیاندووەتە بنکەکانیان، هەروەها 11 ئۆپراسیۆنى دابەزینیان لە ئاسمانەوە ئەنجامداوە. مانگی تەمموز پەرەسەندنێکی بێ وێنەى بەخۆوە بینى لە چالاکییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ناو خاکی سوریادا، چ لە ڕووی قەبارەی جموجۆڵە سەربازییەکان و چ لە ڕووی پانتایی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان کە شانەکانی داعشیان کردە ئامانج لە سەرانسەری وڵاتدا. ئەم جموجۆڵانە بریتی بوون لە بەهێزکردنی بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەگەڵ زنجیرەیەک هەڵمەتی ئەمنی و هێرشی ئاسمانی، کە هەندێکیان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا و گروپەکانى سوپای نیشتیمانییان کردە ئامانج. ئەمەش ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی بازنەی ئۆپەراسیۆنەکان و چڕبوونەوەی هەوڵەکان بۆ گەڕان بەدواى شانە نوستووەکانى داعش.
ئێوارەى ئەمڕۆ دووکەس لە کاتی مەلەکردن لە پۆندی پریسى سەربە پارێزگای هەڵەبجە خنکاون، بەمەش ژمارەى ئەوانەى ئەمڕۆ لەئاودا خنکان گەیشتە شەش کەس. ئاکام قوتبەدین، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ڕایگەیاند: بەداخەوە دوو کەس لە کاتی مەلەکردن لە پۆندی پریس لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە خنکاون بە ناوەکانی محەممەد عومەر و رابەر حەمەڕەشید، تائێستا نەتوانراوە تەرمەکانیان دەربهێنرێت. هەر ئەمڕۆ دووشەممە، چوار گەنج لە سنووری بەردەڕەش خنکان، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لەکاتى مەلەکردن لەئاودا خنکاون بەرزبویەوە بۆ شەش کەس. بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 04-08-2025، چوار گەنج لەکاتی مەلەکردندا لە رووباری خازر لە سنووری قەزای بەردەڕەش خنکان. عەقید عاسم حازم، ئەفسەری بەرگریی شارستانیی بەردەڕەش راگەیاند، هەر چوار هاونیشتمانییەکە خەڵکی بەردەڕەشی بچووکن لە قەزاکە. بە گوتەی عەقید عاسم حازم، لەکاتێکدا 7 گەنج بۆ خواردنی نانی بەیانی چووبوونە لێواری رووباری خازر لە گوندی کانیلانی سنووری بەردەڕەش، "سەرەتا یەکێکیان بۆ خۆفێنککردنەوە چووەتە نێو ئاوەوە و بەهۆی شارەزانەبوونی لە مەلەکردندا، خنکاوە. دواتر ژمارەیەک لە گەنجەکان دوابەدوای یەکدیدا بۆ رزگارکردنی کەسانی پێش خۆیان چوونەتە نێو رووبارەکە، بەو هۆیەوە سێ کەسی دیکە خنکاون."
لە کۆبوونەوەی مانگانەی خۆیدا سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور، کۆمەڵێک بڕیار و ڕێوشوێن و ڕێکار گیراونەتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەلامەتی ناوچەکە و پاراستنی دانیشتووانى پارێزگاکە لەو مەترسیانەى دروستبوون. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور کۆبوونەوەی ئاسایی مانگانەی خۆی ئەنجامدا و سەرجەم سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سەربازی لە پارێزگاکە ئامادەبوون. کۆبوونەوەکە بۆ چاودێریکردنی پێشهاتە ئەمنی و مەیدانییەکانی ناوچەکە بووە. کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور، ئەیاد تورکی ئەلخەبیل / ئەبو عەلی فولاد بەڕێوەچووە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە ئامادەبووان باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی پارێزگای دێرەزوور کرد، دیارترینیان دۆخی ئەمنی و پەرەسەندنی مەترسییەکانی داعش بوو. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لەپەرەسەندنی چالاکیی شانە نوستوەکانى داعشیانکردوە کە لە هەندێک ناوچە ئەو گروپانە سودیان لەو بۆشاییە ئەمنییەکان وەرگرتووە کە لەناوچەکەدا هەیە. لە میانی کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بڕیار و ڕێوشوێن و ڕێکاری پراکتیکی گیراونەتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەلامەتی ناوچەکە و پاراستنی دانیشتووان لە مەترسییە پەرەسەندووەکان. بەشداربووان جەختیان لە گرنگی هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان هەموو دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەددایانە کردەوە. ئامادەبووان جەختیان لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان لە ماوەی داهاتوودا بۆ داخستنی بۆشاییە ئەمنییەکان و کارکردن بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لەناو پارێزگاکەدا کردەوە.
دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی تەندروستیی هونەر رەشید ئاغا بڵاوکردەوەو دەڵێت: دوای بەدواداچوون بۆمان دەرکەوت تەندروستیی جێگیرە و هیچ کێشەیەکی نییە. لەماوەی رابردوودا دەنگۆی مردنی هونەر رەشید ئاغا بڵاوکراوەیەوە، بەپێى ڕاگەیەندراوێکیان، ئەمرۆ دووشەممە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەدوا داچونیان بۆ دۆسیەی ناوبراو کردوە. لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە لەسەر فەرمانی سەرۆکی دەستە مونایاقۆ تیمێکی دەستەی ڕاسپێردراوە بۆ بەدوا داچونى کەیسی ناوبراوو تیمەکەش سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێریان کردو لەنزیکەوە لەکەڵ ئیدارەی ئاسایش گفتوگۆیان کردوە. بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاساو پاراستنی مافی مرۆڤ تاڤگە عمر ئاماژەی بەوە کردووە دوای سەردانی کردن و دڵنیابونەوە لەتەندروستی هونەر رەشید ئاغا لە ئێستادا هیچ کێشەیەکی نیەو لەچوارچێوەی ڕیکارە یاساییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و ماوەی یاسایی خۆی بەسەر دەبات و دەستەش بەردەوام دەبێت لەبەدوا داچونەکان لەهەر کاتێکدا پێویست بێت.
بارزانی لەسەر کێشەکانى هەرێم و حکومەتی فیدراڵ ڕایدەگەیەنێت، گەڕانەوە بۆ پڕەنسیپەکانی تەوافق و تەوازن و شەراکەت باشترین چارەسەرە و ئێمە دەمانەوێ دەستور جێبەجێ بکرێت. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆنامەوانى ڕۆژی دووشەممە 4ی ئابی 2025 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە كریستیەن هۆهمەن باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق كردوە. لە دیدارەکەدا بارزانی تایبەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ ئاماژەی بەوەدا، گەڕانەوە بۆ پڕەنسیپەکانی تەوافق و تەوازن و شەراکەت باشترین چارەسەرە و ئێمە دەمانەوێ دەستور جێبەجێ بکرێت. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەوەشى وتووە کە ئێمە شتێکی زیاتر لە چوارچێوەی دەستورمان داوا نەکردووە، بەڵام بە کەمتریش لەوە رازی نابین کە دەستور بە گەل و هەرێمی کوردستان داوە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە لە دیدارەکەدا کە باڵیۆزی ئەڵمانیا بە مەبەستی ماڵئاوایی و کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی سەرۆک بارزانی کردبوو و ئاڵبێرت ڤۆن ویتكێ کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا ئامادەییبوو، بارزانی سوپاسی ڕۆلی ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپای کرد بۆ پشتگیری لە قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان. بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە بارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، بارزانی ئاماژەی بەوەداوە دوای کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، تێگەیشتنی باشتر هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و ئومێدەوارین پێش هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێک بهێنرێت. بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و عێراق و جەختکردنەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەبوون.
ەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری بەرزکردنەوەی پلەی زیاتر لە 12 هەزار پێشمەرگە و پلەداری داوە. ئەم بڕیارە ئەو کارمەندانە دەگرێتەوە کە سەر بە دیوانی وەزارەت و لیواکانی پیادەن و لە چوارچێوەی خشتەی پلەبەرزکردنەوەی نەورۆزی ساڵی 2025دا دێت. بەپێی راگەیێندراوەکە، بڕیارەکە پاڵپشت بە فەرمانی وەزاری و بەپێی ماددەی 14 لە سیستمی ژمارە 6ی ساڵی 2011ی تایبەت بە پەیڕەوی راژە و خانەنشینی پێشمەرگە (یاسای ژمارە 38ی ساڵی 2007) دەرچووە. هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە فەرمانی بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەی گشتی ژمارە (6033) کراوە، کە لە ساڵی 2011 دەرچووە و تایبەتە بە رێنوێنییەکانی پلە بەرزکردنەوە. پلەبەرزکردنەوەی پێشمەرگە و ئەفسەران بەپێی خشتەیەکی ساڵانە ئەنجام دەدرێت و ئەم بڕیارە نوێیە وەکو بەشێک لە ماف و شایستەکانی ئەو پێشمەرگانە دێت کە مەرجەکانی پلەبەرزکردنەوەیان تێدایە.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی هەسەدە دەڵێن: بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی دیمەشق هێرشیان کردووەتە سەر چوار بنکەمان لە گوندی ئیمام، شەڕڤانانى هەسەدە لە 20 خولەکدا رووبەڕووی هێزەکانی حکومەتی سوریا بوونەتەوە. لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردووەتەوە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات جەختى کردەوە دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە هەڵکشانێکی بێپاساوە، هاوکات حکومەتی دیمەشق بەرپرسیارێتیی تەواوەتیی ئەم رەفتارانە دەزانێت. هەر لەو ڕاگەیەندراوەى هێزەکانى هەسەدەدا ئەوەش خراوەتەڕوو هێزەکانمان وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە و بەرگرییان لە پێگەی خۆیان کردووە، شەڕی بۆ ماوە 20 خولەک بەردەوام بووە دەشلێن: دووپاتی دەکەینەوە، بەردەوانی ئەو هێرشانە جەبێتە هۆی درووست بوونی گرژی زیاتر و مەترسیی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە درووست دەکات. هاوکات دووپاتى ئەوەدەکەنەوە کە حکومەتی دیمەشق بەرپرسیاری ئەو هەڵوسکەوتانەیە، لەبەیاننامەکەدا هاتووە: هێزەکانمان ئەمڕۆ لە هەرکاتێک زیاتر ئامادەن بۆ بەکارهێنانی مافی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە بەوپەڕی هێز و ئیرادەوە. هێزەکانمان وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە بەوشێوەیەی پێویست دەكات بۆ بەرگریکردن لە پێگەو شەڕڤانەكانیان، بەوهۆیەوە پێکدادان سەریهەڵدا کە بۆ ماوەی ٢٠ خولەک بەردەوام بوو.
ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاندووە: سوریا لە دوای روخانی رژێمی ئەسەد لە(8)ی کانونی یەکەمی 2024وە، گۆڕانکاری ریشەیی سیاسی و جیۆپۆلەتیکی بەخۆیەوە بینیوە، کە لە بەرەی ئێران و روسیاوە گواستراوەتەوە بۆ بەرەكەی دژی، ئەوەشی بە گۆڕانکارییەكی چۆنایەتیی ناوبردووە. عەبدی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (Yeni Yaşam) ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، پێی وابووە، رژێمی ناوەندگەرایی و تۆتالیتاری لە سوريا چیتر توانای بەردەوامبونی نییە، بەتایبەت دوای جەنگێك كە (١٤) ساڵى بەردامبوو. ئاماژەی بەوەشکردووە: ئێستا سوریا پێویستی بە گۆڕانکاری جەوهەریی ناوخۆیی هەیە، بەرەو سیستەمێکی نا ناوەندی، کە رێگە بە هەموو پێکهاتەکانی دانیشتوان بدات رۆڵی سیاسی و ئیداری خۆیان بگێڕن. رونیشکردەوەتەوە: رێککەوتنی (١٠)ی ئازار لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا، دەرئەنجامی زنجیرەیەک کۆبونەوە بووە کە لە کۆتاییەکانی کانوونی دووەمی (٢٠٢٤) لە دیمەشق دەستی پێکردووە، بەڵام لە سەرەتادا سەرکەوتوو نەبوون. وتوشەیەتی: گفتوگۆکە بەردەوام بوو، بە نێوەندگیری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەمریکا و بەریتانیا، تا رۆژی (10)ی ئادار دووەم کۆبونەوە ئەنجامدرا، کە تێیدا رێککەوتنی ئاگربەستی سەرتاسەری کرا، لە سایەی مەترسی پەرەسەندنە تائیفی و پێکدادانەكان لە ناوچە جیاجیاکانی سوریا. فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا وتوشیەتی: ئامانجی رێککەوتنەکە بەدیهێنانی ئاگربەست و یەکخستنەوەی سوریایە کە بەسەر چوار دەسەڵاتی جیاوازدا دابەشکرابوو، پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان پێكهاتەكانی سوریا بووە هۆی خێراکردنی ئەم رێککەوتنە، بەمەبەستی رێگریکردن لە سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ و، دڵنیابوون لە گەڕانەوەی خەڵکی سڤیل بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.