ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) دەڵێت، پێویستە لە دەستووری نوێی سووریادا دان بە مافە نەتەوەییەکانی کورد بنرێت، داواش لە دیمەشق دەکات لەگەڵ شاندی هاوبەشی کورد دەست بە دانوستانی جددی بکات. لە شاری قامشلۆ ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد لە راگەیێندراوێکدا، هەڵوێستی خۆی لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی سووریاوە خستەڕوو. ئەنەکەسە لە راگەیێندراوەکەیدا سەرکۆنەی ئەو رووداوە "دڵتەزێنانەی" کرد کە لە ناوچەکانی کەناراوەکان و سوەیدا روویانداوە، هەروەها تەقاندنەوەی کەنیسەی مار ئەلیاسی لە دیمەشق بە تووندی سەرکونە کرد. ئەنەکەسە، دەسەڵاتی راگوزەری سووریای بە بەرپرسیار زانی لە "کەمتەرخەمی لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ رێگریکردن لەو رووداوانە". ئەنجوومەنەکە ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر ئەو "رێچکەی پەراوێزخستن و تاکڕەوییە" دەربڕی، کە باڵی بەسەر ئامادەکارییەکانی کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی، پێکهێنانی حکومەت و ئەنجوومەنی گەلدا کێشاوە. ئەنەکەسە ئاماژەی بە پێکهێنانی شاندی هاوبەشی کوردی کردووە و داوای لە دەسەڵاتی راگوزەر لە دیمەشق کردووە کە "بێتە نێو دیالۆگێکی جدی و بەرپرسیارانە لەگەڵ شاندی هاوبەشی کورد." جەختی لە گرنگیی کاراکردنی رۆڵی ئەو شاندە و پێویستیی بنیاتنانی "مەرجەعیەتێکی یەکگرتووی کوردی" کردووەتەوە. سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد لە سووریا، ئەنەکەسە چەند داواکارییەکی خستووەتەڕوو: دانپێدانانی دەستووری: دەستووری نوێی سووریا دەبێت "دەقی روون و ئاشکرا لەخۆبگرێت کە دان بە مافە نەتەوەییە رەواکانی گەلی کورد دا بنێت، لەنێویاندا ناسنامە و زمانی کوردی." هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتی جیاکاری: داوای هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو سیاسەتە جیاکارییانە دەکات کە لە رابردوودا دژی کورد پەیڕەو کراون. قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان: پێویستە قەرەبووی دادپەروەرانەی ئەو کەسانە بکرێتەوە کە بەهۆی ئەو سیاسەتانەوە زیانیان بەرکەوتووە. ئەنەکەسە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە کورد بە "ئەجێندای دابەشکاری یان جیابوونەوە"وە دەبەستنەوە و دەڵێت، ئەوە درێژکراوەی "هزری پەراوێزخستنی سەردەمی رژێمی پێشوو"ە. لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، ئەنجوومەنەکە باسی لە ئامادەکارییەکانی کردووە بۆ بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی نیشتمانیی خۆی لە کاتێکی گونجاودا.
لەسەر رێگای کۆیە لە هەولێر شەڕەتەقە رویدا و بە هۆیەوە سێ کەس کوژراون کەسێکیش وەک تۆمەتبارى سەرەکى ڕووداوى تەقەکردنەکە دەستگیرکراوەو لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە بەردەوامە. نەقیب کارزان ساڵح، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، لەبارەى ڕووداوەکەوە وتى: "ئاگادارکراوینەتەوە لە کوشتنی سێ کەس و تیمەکانمان لە ڕێگادان و گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر." شایەتحاڵێکى ڕووداوەکە دەڵێت، ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتا لاندکرۆزەری رەش چووە بۆ تێکردنی بەنزین، دوای ئەوەی هەندێک بەنزین رژاوە، شۆفێرەکە گوتویەتی، "پارەی بەنزینە رژاوەکە نادەم" و بووەتە دەمەقاڵێ لەنێوان شۆفێرەکە و کارمەندی بەنزینخانەکە. کارمەندی بەنزیخانەکە بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف دەستڕێژی گولەی لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە کردووە و یەکێکیان دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەیان لە رێگەی گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. جگە لەو دوو کەسە، کەسێکی دیکە کە پەیوەندیی بە رووداوەکەوە نەبووە گولەی بەرکەوتووە و گیانی لەدەستداوە. ئەو دوو کەسەی لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا کوژراون خەڵکی سووریان، کەسی سێیەمیش کرێکار بووە و لە کاتی ڕووداوەکەدا بەو شوێنەدا تێپەڕیووە و هیچ پەیوەندی بە ڕووداوەکەوە نەبووە و لە ئەنجامدا گولەیەکی بەرکەوتووە و گیانی لەدەست داوە. بەرێوەبەرایەتى پۆلیسیش ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو دەڵێت: دوای ئەوەی ئەمشەو چوارشەممە کاتژمێر 8 و 30 خولەک ڕێکەوتی (6-8-2025) لە بەنزیخانەیەک لە شەقامی کۆیە کارمەندی بەنزینخانەکە و شۆفێرێک و سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە دەبێتە دەمەقاڵییان، لەلایەن کارمەندی بەنزینخانەکەوە تەقە دەکرێت و لە ئەنجامدا سێ هاووڵاتی دەکوژرێن، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەەرایەتی پۆلیس تۆمەتباریان دەستگیر کرد و لە ئێستاشدا بە بڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە.
بەوتەى سەرچاوەیەكى ئاگادارى وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی نێوان شاندەکانى هەولێر و بەغدا ئەرێنین و شاندەكەی هەرێم تاڕۆژى شەممە لەبەغداد دەبن و بەردەوام دەبن لە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ هاوتاكانیان لەنێو ئەو لیژنانەی كە پێكهێنرابوون بۆ جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی لێكتێگەیشتنی هەولێر و بەغدا. لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە بەیانی ئەمڕۆوە لە بەغدایە و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی دەستپێکردووە. لەبارەی کۆبوونەوەکانەوە سەرچاوەکە وتى: گفتوگۆکان "ئیجابی" بوون و ئومێدێکی باش بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن هەیە. لەلایەکى دیکەوە، شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ باسی لە وردەکاریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە کرد و رایگەیاند: "کۆبوونەوەکەی دوێنێ زۆر باش بوو. بیروڕای هەموولایەک بەو ئاراستەیە بوو کە بە زووترین کات، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، بڕیاری کۆتایی لەسەر ناردنی مووچەی مانگی شەش بدرێت." کەلاری ئاماژەی بەوە کرد بابەتی نەوت کە کێشەی سەرەکیی نێوان هەولێر و بەغدایە، لە کۆبوونەوەکەدا بە ئاراستەیەکی ئەرێنی باسکراوە. بە گوتەی ئەو، "هەموو قسەکانی وەزیری نەوتی عێراق زۆرباش بوون، بەو ئاراستەیە بوون کە ئەو بڕە نەوتەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدێت وەربگیرێت و لە بەرامبەردا بڕیاری ناردنی مووچە بدرێت." حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رۆژی چوارشەممە لە کەرکووک رایگەیاند، لە ماوەی "سبەی و دوو سبەی" هەنگاوەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەنەوە. بە گوتەی شوان کەلاری، بڕیارە رۆژی یەکشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار بدات ئەو بڕە نەوتەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت (نزیکەی 130 هەزار بەرمیل) رادەستی سۆمۆ بکرێت، دوای ئەوەی پشکی بەکاربردنی ناوخۆ (50 هەزار بەرمیل) بۆ هەرێمی کوردستان جیا دەکرێتەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە دەستکەوتوون، کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان، تیشکیان خستووەتە سەر چەند تەوەرێکی سەرەکی، لەوانە: -پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. -داهاتی ناوخۆی هەرێم و میکانیزمی ناردنی بۆ بەغدا. -پرۆژەی "هەژماری من". -دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. بەگوتەی سەرچاوەکە شاندی هەرێمی کوردستان ئەگەری هەیە تا ئێوارەی ڕۆژی شەممە 9ـی ئەم مانگە لە بەغدا بمێننەوە. هۆکاری مانەوەیان بۆ ئامادەکردنی ئەو ڕاپۆرتانەیە کە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا داوای کردبوون. شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتنە بەغدا، بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و کاراکردنەوەی لیژنە هاوبەشەکان. بەرپرسێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، راگەیاند: "شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی گەیشتووەتە بەغدا، کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا داوا کرابوو ئەو شاندە بچێت." سەردانەکە دوای ئەوە دێت کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای کردووە کە شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی بەغدا بکات بۆ ئەوەی ئەو لیژنانەی پێشتر پێکهێنرابوون، دەست بە کارەکانیان بکەنەوە. هەرچەندە بابەتی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لە کارنامەی کۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیراندا نەبووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، لەسەر داوای وەزیرە کوردەکان، بابەتەکە وروژێنراوە داواکراوە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی لەبارەیەوە بکرێت. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی دەڵێت: "سەردانەکەی ئەمڕۆی وەزارەتی دارایی تایبەتە بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و کارەکانی لێژنە هاوبەشەکان و دەستپێکردنەوەیان."
عەلى حسێن، ئەندامى مەکتەبى سیاسى و بەرپرسى مەکتەبى رێکخستى سلێمانى – هەڵەبجەی پارتى دیموکراتى کوردستان رایگەیاند، نەوتی هەرێم رادەستی بەغداد کراوە و هەرێمی کوردستان پابەندە بەو رێککەوتنەی کراوە. لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا لەشارى سلێمانى عەلی حسێن بەڕۆژنامەنوسانى وت: بەگوێرەى رێککەوتنى هەولێر و بەغداد نەوتمان رادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ کردووە و هەردوولا پابەندن، بەتایبەتی هەرێمى کوردستان پابەندە بە رێککەوتنەکە، بەڵام “هەندێک بابەتی تەکنیکی هەن بەتایبەتی بەبابەتی هێرشی درۆنەکان و بەپێی ئەو توانستەی هەیە ئێمە جێبەجێی دەکەین” ئەم وتانەى بەرپرسەکەى پارتى دیموکراتى کوردستان لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ حەیان عەبدولغەنى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسیدا لە کەرکوک رایگەیاند، تائێستا گفتوگۆکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەردەوامە و پەیوەندیی بەردەوامیان لەگەڵ وەزارەتى سامانە سروشتییەکان هەیە لەبارەى هەناردەى نەوتەوە لەڕێی کۆمپانیاى سۆمۆوە. وتیشی، ئێستا هەرێمى کوردستان رۆژانە نزیکەى 130 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە بەرهەم دەهێنێت، 50 هەزار بەرمیل نەوتى بۆ بەکاربردنى ناوخۆ دەبێت و ئەوانیش بڕى 80 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانەیان لێوەردەگرن و لەڕێی بەندەرى جەیهانەوە هەناردەى دەکەن. وەزیرى نەوتى عێراق راشیگەیاند، کاردەکەن بۆ وەبەرهێنانى غاز لە پارێزگاى کەرکوک، بەرهەمهێنانى نەوتیش لە پارێزگاکە 350 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانەیە و هەوڵى زیادکردنى دەدەن.
لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوام بوون لە بەهێزکردنی پێگەى سەربازیى خۆیان لە ڕۆژئاواى کوردستان و بە سێ کاروانی یەک لە دوای یەک کەرەستەى لۆجستیی و چەک و پێداویستى سەربازیى لە هەرێمی کوردستانەوە گەیەندراوەتە سەربازگەی قەسرەک لە لادێکانی حەسەکە. ڕوانگەى سوریی بۆ مافەکانى مرۆڤ، بڵاویکردەوە بەپێی زانیارییەکانى ئەوان کاروانى یەکەم ڕۆژی یەکشەممەبووەو 37 بارهەڵگر کەرەستەی سەربازی و چەک و تۆپخانەیان تێدابووە، جگە لە بارهەڵگری داخراو داپۆشراو. کاروانى دووەم رؤژى سێ شەمە براوتە ڕۆژئاواى کوردستان پێکهاتووە لە 15 بارهەڵگری زرێپۆشی ئەمریکی، کاروانى سێیەمیش ئەمڕۆ گەیشتوە کە 20 بارهەڵگر بوو هەندێکیان تانکەری سووتەمەنییشیان هەڵگرتبوو. ئەم جموجۆڵانەو گواستنەوەى کەلوپەلى سەربازییە لە چوارچێوەی ئەو پاڵپشتییە لۆجستییە بەردەوامانەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێشکەش بە بنکەکانیان دەکەن کە لە ڕۆژئاواى کوردستان. ڕۆژی 24ی تەمموز، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ چاودێری هاتنی کاروانێکی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی ئەمریکای کرد کە 37 بارهەڵگر پێکهاتبوو بۆ ناو خاکی سوریا لە ڕێگەی دەروازەی وەلیدى سنورییەوە و لە هەرێمى کوردستانەوە رەوانەى بنکەى قەسرک لە دەوروبەرى حەسەکە کراوە. کاروانە سەربازییەکە کە لەلایەن هەلیکۆپتەرەکانى هاوپەیمانانەوە پارێزگارى لێدەکرا، لە رێگەى دەروازەى وەلیدى سنورییەوە و لە هەرێمى کوردستانەوە رەوانەى بنکەى قەسرک لە دەوروبەرى حەسەکە کراوە. بەپێی ئامارەکانى روانگەى سورى، بەگشتى لە مانگى تەمموزدا، هاوپەیمانان لە رێگەى 244 بارهەڵگر و حەوت فڕۆکەوە هاوکاریی سەربازیان گەیاندووەتە بنکەکانیان، هەروەها 11 ئۆپراسیۆنى دابەزینیان لە ئاسمانەوە ئەنجامداوە. مانگی تەمموز پەرەسەندنێکی بێ وێنەى بەخۆوە بینى لە چالاکییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ناو خاکی سوریادا، چ لە ڕووی قەبارەی جموجۆڵە سەربازییەکان و چ لە ڕووی پانتایی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان کە شانەکانی داعشیان کردە ئامانج لە سەرانسەری وڵاتدا. ئەم جموجۆڵانە بریتی بوون لە بەهێزکردنی بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەگەڵ زنجیرەیەک هەڵمەتی ئەمنی و هێرشی ئاسمانی، کە هەندێکیان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا و گروپەکانى سوپای نیشتیمانییان کردە ئامانج. ئەمەش ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی بازنەی ئۆپەراسیۆنەکان و چڕبوونەوەی هەوڵەکان بۆ گەڕان بەدواى شانە نوستووەکانى داعش.
مستەفا کاراسو، ئاماژەبەوەدەکات دامەزراندنی کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان گرنگە بەڵام دەبێت یەکەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان بێت، وتییشى بیر لەوە ناکرێتەوە ئەم کۆمیسیۆنە زۆر کارا بێت بەبێ ئەوەی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ گفتوگۆبکات. لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا، مستەفا قەرەسو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی كەجەكە هەڵسەنگاندنی سەبارەت بە پرۆسەکەو کۆمسیۆنەکەى پەرلەمان کرد. کاراسو ڕەخنەی لە کۆمسیۆنی پەرلەمانی پێکهاتوو بۆ تاوتوێکردنی کێشەی کورد گرت و رایگەیاند: ئەگەر ئەم کۆمیسیۆنە تەنیا بۆ چەند مانگێک سنووردار بکرێت، ناتوانێت هیچ ئەنجامێکی راستەقینە بەدەستبهێنێت. کاراسو جەختی کردەوە، ئەگەر لێکۆڵینەوەکانی ئەم کۆمسیۆنە تەنیا لەسەر بابەتی چەکدانان بێت، ئەوا رێبازێکی ناتەواوە لەبەرئەوەی کێشەی کورد پێویستی بە تاوتوێکردنی کێشە بنەڕەتییەکانی سیستەمی رامیاری، مافە مەدەنییەکان، ئازادی و دیموکراسی هەیە و بەبێ ئەم رەهەندە فراوانە، هەموو پرۆسەکە بێمانا دەبێت. مستەفا کاراسو ئۆجالان بە ناوەندی کێشەکە و یەکێک لە کەسە سەرەکییەکان لە پرۆسەی چارەسەریدا دەزانێت و دەڵێت: پێویستە یەکەم هەنگاوی کردەیی کۆمیسیۆن دیدار یان گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان بێت. کاراسو راگەیاندووە، ئاسایشی راستەقینەی تورکیا کاتێک دێتە دی کە کێشەی کورد لە رێگەی هەنگاوە راستەقینەکانی دیموکراسییەتەوە چارەسەر بکرێت. هەر رێبازێکی سەرکوتکەر یان نکۆڵیکەر، نەک هەر بێسوودە، بەڵکو دۆخەکە مەترسیدارتر دەکات. ئەندامەکەی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە یادی ئەو کەسانەی کە لە ساڵیادی جینۆسایدی داعش لە دژی ئێزیدییەکان گیانیان لەدەستدا، قەرەسو وتی، “بەڕاستی جینۆسایدی ئێزیدییەکان یەکێک بوو لە جینۆسایدەکانی سەدەی بیستەم، داعش دەیویست گورزی کۆتایی لە گەلێک بدات کە پێشتر بە درێژایی مێژوو نزیک بوو لە سڕینەوەی کۆمەڵکوژییەکان، و بە تەواوی بیانسڕێتەوە بوونی هەبووە؛ کەوتە ژێر جینۆسایدێکی تەواوەوە ئێمە زۆر بە زیندوویی ئەم پرۆسەیەمان ئەزموون کرد. مستەفا کاراسو جەختی لەوە کردەوە کە نزیکبوونەوەی عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد کاتێک باس لە بەرخۆدانی شەنگال دەکرێت، پێویستە هەمووان بزانن و وتی، "کاتێک ڕێبەر ئاپۆ ئەم خەباتەی دەستپێکرد، ئەم بزووتنەوەیە، کاتێک بۆ خەباتی گەلی کورد بۆ ئازادی بەڕێکەوت، هەر لە سەرەتاوە پاڵپشتی ئێزیدییەکانی کرد، هەوڵی زۆری بۆ ڕزگاری ئێزیدییەکان و بۆ ئەوان دا". بۆ پاراستنی ناسنامەکەیان. ئەو سەرکردەیە پێش ئەم فەرمانە ٧٤یە، هێرشی داعش هۆشداری دا ئەگەر گەریلاکانمان، چەکدارەکانمان دەستبەجێ هەنگاویان ناوە کاتێک هێرشێکی لەو شێوەیە ڕوویدا، ئەوە پەیوەندی بەم نزیکبوونەوەیەی ڕێبەرەکەمانەوە هەیە، لەم ڕووەوە بزووتنەوەکەمان چووەتە ناو مێژووەوە. گوتیشی: "ئەو بەتەواوەتی بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر مرۆڤایەتی، بەرامبەر ئێزیدییەکان جێبەجێکردووە، پێویستە هەموو ئێزیدییەکان ئەمە بزانن". کاراسو سەرنجی بۆ بڕیاری "مافی هیوا"ی ECHR سەبارەت بە عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕاکێشا، وتی "چەندین ساڵە ڕوانگەیەکی ڕەتکردنەوە هەیە بۆ مافی هیوا، بیرخستنەوەی ECHR بۆ پرسی مافی هیوا 10 ساڵ لەمەوبەر بوو. ساڵی ڕابردوو هۆشدارییەک بوو. دوای ساڵێک لە بەرنامەی کاردایە کە دووبارە گفتوگۆی لەسەر بکرێتەوە. بەڵام تا ئێستا دەوڵەتی تورکیا تا ئێستا نەیتوانیوە هەر هەنگاوێکیان لەم بارەیەوە ناوە، بێگومان پەیوەندی بە نزیکبوونەوە لە پرسی کورد و نزیکبوونەوە لە ڕێبەر ئاپۆ و نزیکبوونەوە لە پڕۆسەکە هەیە، بەڕاستی هیچ مانایەکی نییە، یاسایی نییە، هەروەها بەگوێرەی ئەو یاسایانە نییە کە واژۆیان کردووە، با ئەوانە بتوانن ڕێکخستنەکەیان هەڵبوەشێننەوە خەباتی چەکداری وازبهێنێت، با مافی هیوا ببێتە شتێکی پراکتیکی.' تەنانەت وتی با بێن لە پەرلەمان قسە بکەن. ئەوان نەیانوێرا لە پەرلەمان قسە بکەن. بە واتایەکی تر، دەڤلێت باخچەلی، پێش هەر کەسێک، دەبێت ئەم بابەتە بخاتە بەرباس و دڵنیابێت لەوەی کە مافی هیوا دەبێتە واقیع. ئەمە تەنها بەڵێنێک نییە کە دەڤلێت باخچەلی داوە. دەوڵەت باخچەلی بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەردۆغان ئەو لێدوانەی دا. بە واتایەکی تر ئەوە دیدگای هاوبەشی ئەو هاوپەیمانییەیە کە حکومەتی ئێستا پێکدەهێنێت. بۆیە ئەم حکومەتە کە ئێستا دەوڵەت بەڕێوە دەبات، دەبێت ئەوەی پێویستە سەبارەت بە مافی هیوا جێبەجێ بکات”. قەرەسو بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی پرۆسەکە ڕایگەیاند: سەرکردایەتی ئێمە و بزووتنەوەکەمان بە ڕاستی لەسەر ئەم پرسە ئیرادەدارن، دەمانەوێت ئەم پرۆسەیە بەرەو خاڵێک ببەین کە ئەنجامەکەی بە دیموکراسیکردنی تورکیە و چارەسەرکردنی پرسی کورد دەبێت، لەم ڕووەوە لە کاتێکدا ئێمە و ڕێبەر ئاپۆ ئەم ڕێبازەمان گرتووە، لە کاتێکدا ئێمە بانگەوازی زۆر گرنگمان کردووە، لە کاتێکدا بزووتنەوەکەمان هەڵوێستی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پرسی کورد نیشانداوە پەکەکە و وەستاندنی خەباتی چەکداری، شکستی مافی هیوا لە پێدانی ئازادی و بارودۆخی کارکردن، بەڕاستی کەموکورتییەکی بەرچاوە ئەگەر ئەمە چارەسەر بکرێت، پرۆسەکە زیاتر بەرەوپێش دەچێت و پێشهاتەکان هێندەی تر ئەرێنی دەبن لە کوردەکان بەڵام لە گەلی تورکیاشدا- مەرجەکانی ئەم پرۆسەیە دەبێت لە پێش هەموو شتێکەوە ئازادی و مەرجی کارکردن بە ڕێبەر ئاپۆ بدرێت، بە واتایەکی تر مافی هیوا بە ڕوونی و ڕاشکاوانە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.”
پڕۆژەی ڕووناکی: لەسەر ڕاسپاردەی بارزانی کارەبای هەڵەبجە دەکرێتە 24 کاتژمێر پڕۆژەی ڕووناکی ڕایگەیاند لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، کارەبای پارێزگای هەڵەبجە دەکرێتە 24 کاتژمێری. پڕۆژەی ڕووناکی کە پڕۆژەیەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستانە ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی لە پارێزگای هەڵەبجە دەکەوێتە کار. لە ڕاگەیەندراوەکەی پڕۆژەکەدا هاتووە: “لەگەڵ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند “هیوادارم بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هەنگاوێک بێت بۆ خزمەتکردن و بوژانەوەی زیاتری ئەم دەڤەرە”. ئەوەشی خستەڕوو کە پاش چوار مانگ، پڕۆژەی ڕووناکی گەیشتە پارێزگای هەڵەبجە و کۆتایی ئەم مانگە تەواوی پارێزگاکە دەبێتە 24 کاتژمێری.
ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتۆر"ی ئەمریكی دەڵێت: وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بڕِیاریداوە هاوكارییە داراییەكانی بۆ هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە رێژەی زیاتر لە (40%) كەمبكاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ئەمریکا هاوكارییە داراییەكانی بۆ هێزی پێشمەرگە رادەگرێت، پاڵپشتیەكانيشی بۆ بەرگریی عێراق كەمدەكاتەوە، لەبەرامبەردا هاوكاری دەزگای دژە تیرۆر زیادەكات. ئەلمۆنیتۆر، لە راپۆرتێكدا بڕگەكانی رەشنوسی بودجەی خەرجییە سەربازییەکانی ئەمریکای بۆ ساڵی 2026 ئاشکرا کردووە، کە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە بارەی شێوازی پێشکەشکردنی پشتیوانییەکان بۆ عێراق لەخۆدەگرێت. ئەو گۆڕانکارییانە بریتین لە، راگرتنی بودجە بۆ مووچەی هێزی پێشمەرگەو کەمکردنەوەی ئەو هاوکارییانەی کە بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق تەرخان دەکرێن، لە بەرامبەردا پشتیوانییەكانی بۆ دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەشێوەیەكی بەرچاز زیاد دەکات. بەگوێرەی سەرچاوەكە، لە رەشنوسەکەدا هاتووە، پێدانی مووچەی پێشمەرگە رادەگیرێت و بەرپرسیارێتی دابینکردنی بودجەكەیان دەگوازرێتەوە بۆ سەر حکومەتی عێراق، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵانێک بوو مووچەكەیان لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە دابین دەکرا. هاوكات، پشتیوانی دارایی ئەمریکا بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق لە (189.1) ملیۆن دۆلار لە بودجەی 2025 بۆ تەنها (48.2) ملیۆن دۆلار لە بودجەی 2026 کەم دەکرێتەوە. لەبەرامبەردا، حکومەتی ئەمریکا بڕیاری داوە بودجەی خۆی بۆ دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق لە (9.3) ملیۆن دۆلارەوە بۆ (63.6) ملیۆن دۆلار زیاد بکات، کە لە ساڵی داهاتووەوە دەستپێدەکات، ئەم هەنگاوەش بەشێکە لە گۆڕانکارییەکی ستراتیژی لە ئەولەویەتەکانی پشتیوانی ئەمریکا لە ناوخۆی عێراق. راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتۆر دەشڵێت: "واشنتۆن دەستیکردووە بە گواستنەوەی پاڵپشتییە داراییەکانی لە وەزارەتی بەرگری عێراق و هێزی پێشمەرگەوە بۆ دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق، ئەمە جگە لەوەی پاڵپشتییەکانی بۆ هێزەکانی سوریای دیموكرات بەردەوام دەبێت. بەگوێرەی وەسفی ماڵپەرە ئەمریكیەكە، ویلایەتە یەكگرتووەكان وەک هێزێكی هاوسەنگ تەماشای دەزگای بەرەنگاربونەوەی تیرۆری عێراقی دەکات لە بەرامبەر گرو پە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوخۆی عێراق.
وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت هەرێمی کوردستان ئێستا ڕۆژانە 130 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، ، 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکاربردنی رۆژانەیە و رێککەتووین 80 هەزار بەرمیلیان لێوەربگرین. ئەمڕۆ چوارشەممە، حەیان عەبدولغەنیوەزیری نەوتی عێراق سەردانی کۆمپانیای نەوتی باکووری کرد لە کەرکووک و رایگەیاند، وەبەرهێنان لە کەرتی سووتەمەنی کەرکووک زیاتر دەکەین. هەروەها گوتی، هەرێمی کوردستان 130 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت و 50 هەزار لەو بڕە بۆ نێوخۆیە. وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند: ئێستا بەرهەمهێنان لە کێڵگەکان بەردەوامەو ڕۆژانەى نزیکەی 130 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێت 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکاربردنی رۆژانەیە. ئەو وتیشى: رێککەتووین لەگەڵ هەرێمی کوردستان 80 هەزار بەرمیلەکەی دیکە وەری دەگرین و لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی دەکەین. حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بەیاوەرى شاندێکى باڵاى وەزارەتەکەى ئەمڕۆ گەیشتە کەرکووک و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی پارێزگاکە لەلایەن بەرپرسانەوە پێشوازیی لێکرا. بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە مەبەستەکانی سەردانەکەی وەزیری نەوت، کردنەوەی وێستگەی نەوتی شێدارە، کە بۆ جیاکردنەوەی ئەو نەوتەیە تێکەڵ بە ئاو بووە. مەبەستێکی دیکەی سەردانەکەی وەزیر، کۆبوونەوەیەتی لەگەڵ کۆمپانیای BPی بەریتانی، کە ئێستا ئەو کۆمپانیایە خەریکی پەرەپێدانی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووکە. هەروەها حەیان عەبدولغەنی پاڵاوگەی بەرهەم لە گورگەچاڵ و باڵەخانەیەکیش لەنێو کۆمپانیای نەوتی باکوور دەکاتەوە.
شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتنە بەغدا، بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و کاراکردنەوەی لیژنە هاوبەشەکان. بەرپرسێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، راگەیاند: "شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی گەیشتووەتە بەغدا، کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا داوا کرابوو ئەو شاندە بچێت." سەردانەکە دوای ئەوە دێت کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای کردووە کە شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی بەغدا بکات بۆ ئەوەی ئەو لیژنانەی پێشتر پێکهێنرابوون، دەست بە کارەکانیان بکەنەوە. هەرچەندە بابەتی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لە کارنامەی کۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیراندا نەبووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، لەسەر داوای وەزیرە کوردەکان، بابەتەکە وروژێنراوە داواکراوە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی لەبارەیەوە بکرێت. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی دەڵێت: "سەردانەکەی ئەمڕۆی وەزارەتی دارایی تایبەتە بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و کارەکانی لێژنە هاوبەشەکان و دەستپێکردنەوەیان." لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، وەزیری نەوت بەپێی راپۆرتی لیژنەکان لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان گوتوویەتی: "هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی 130 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە و 50 هەزاری بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت و بەغدا 80 هەزاری وەردەگرێت." بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەکە: "بەهۆی هێرشە درۆنییەکان، کێڵگە نەوتییەکان زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە و بەشێک لە کۆمپانیاکانیش ترساون و کار ناکەن، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان."
نەرمین ساڵی 1962 لەشارى سلێمانى لەدایک بووە، لە بەرنامەى بەرنامە نازناوى (ڕەحە چل دەم)ى لێنرابوو. یەکەم بەرهەمی شانۆیی لە ساڵی 1975 دا نمایشکراوه. 30 ساڵ لە شانۆدا ڕۆڵی گێڕاوە، دوایین ڕۆڵی لە ساڵی 1998دا بووە، پاشان بەشداری لە بەرنامەی بەرنامە کردووە، ئەو بەرنامەیە یەکێک بووە لە پڕ بینەرترینەکانی باشووری کوردستان ماوەی چەند ساڵێكە هونەرمەند نەرمین قادر دووچاری نەخۆشیی شێرپەنجە بووە و چارەسەری پزیشكی وەردەگرت. دوو هەفتە لەمەوبەر لۆلان ئازاد، کچی هونەرمەند نەرمین قادر نووسینێکی لە هەژماری فەیسبوکی خۆی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: “دایکم لەگەڵ خانەنشینان هەشت مانگە مووچەی وەرنەگرتووە، دایکم لەگەڵ ئەزیزان و خۆشەویستانی خانەنشینانی بە زۆرەملێکەی ساڵی پار، لە مانگی یانزەی ساڵی پارەوە مووچەی وەرنەگرتووە”. ئێوارەى ئەمڕۆ سێ شەممە نەرمین قادر هونەرمەندو ئەکتەری دیاری بەرنامەی بەرنامە کۆچی دوایی کرد.
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بڕیاریدا ماوەی (1 هەفتە) مۆڵەتی كاركردنی لیژنە هاوبەشەكانی نێوان بەغدادو هەولێر درێژبكاتەوە بۆ ئەوەی كارەكانیان بۆ دیاریكردنی بەرهەمهێنانی نەوت و داهاتی نانەوتیی هەرێم دیاری بكەن. لەدوای ئەم ماوەیەو تەواوبوونی كاری لیژنەكان، سودانی بڕیار لەسەر ناردنی موچەی مانگی شەش و حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات. هەرچەندە سەرەتا پرسی نەوت و داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا نەبوو، بەڵام دواتر بڕیاردا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت. بەپێى وتەى چەند سەرچاوەیەک پێش تەواوبوونی کۆبوونەوەکە بڕیادرا، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرسی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان باس بکرێت. لیژنەکانی نەوت و داهاتی ناوخۆ تاوەکو ئێستا راپۆرتەکانیان تەواونەکردووە بەڵام پێشنیاری خۆیان بۆ سودانی خستووەتەڕوو. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەگەر سودانی رازیبێت بەو بڕە نەوتەی لیژنەکان بۆیان دیاریکردووە لەگەڵ داهاتی ناوخۆ ئەوا بەم نزیکانە پرسی ناردنی مووچەی حوزەیران یەکلادەبێتەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ ٥ی ئاب هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى(٧) تەمویلی وەزارەتی پێشمەرگە کرا و رۆژی پێنج شەممە بەرواری ٧ی ئاب دەست بە دابەشکردنى دەکرێت. وەزارەتی پێشمەرگە دەشلێت نزیکەی 74 هەزار ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لەڕێی هەژماری منەوە هاوکارییەکە وەردەگرن دەقى ڕاگەیەندراوەکە راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ ٥ی ئابی ٢٠٢٥ هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى(٧) تەمویلی وەزارەتی پێشمەرگە کرا و دوای ئەنجامدانی رێکارە دارایى و ژمێریارییەکان لەلایەن بەریوەبەرایەتى گشتى بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریارى سەربازى) لە رۆژی پێنج شەممە بەرواری ٧ی ئاب دەست بە دابەشکردنى دەکرێت. لەم مانگەدا، نزیکەی (٧٤٠٠٠) ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە بە سیستەمی پڕۆژەی هەژماری من هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەوانەی تریش لە رێگەی سیستەمی بانکیەوە هاوکارییەکان وەردەگرن. لێرەوە، بە هەمووانی رادەگەینن کە سەرچاوەی یەکانەی فەرمی بۆ هەموو هەواڵ و زانیارییەکانی پەیوەست بە هێزی پێشمەرگە، تەنها ماڵپەری فەرمی و سۆشیال میدیا و پلاتفۆرمەکانی وەزارەتی پێشمەرگەیە. بۆیە هەر هەواڵ و زانیارییەک لە هەر پێگەیەکی تری میدیایی بڵاوبکرێتەوە متمانەی پێناکرێت و وەزارەتی پێشمەرگە هیچ بەرپرسیاریەتیێک لە زانیارییە هەڵەکان هەڵناگرێت کە لە کەناڵەکانی ترەوە بڵاو دەکرێتەوە.
فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە، ڕایدەگەیەنێت پێویستە هەموو گەلانی سوریا بگەنە ڕێککەوتن، مافی هەموو گروپەکان لە دەستووردا پارێزراو بێت و سوریایەکی لامەرکەزی دامەزرێت تا بتوانێت بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. سوریایەکی بەهێز دەتوانێت وەک وڵاتێکی بەهێز سەرهەڵبدات. لەچاوپێکەوتنێکى رۆژنامەوانیدا، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە باس لەچەند پرسێکى جیاوازدەکات. ئەو دەڵێت: دوای 14 ساڵ شەڕی ناوخۆ، مەحاڵە سوریا بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشووی. ناکرێ وەک سەردەمی بەعس مەرکەزی و تۆتالیتاری بێت. چونکە سیستەمی مەرکەزی هۆکاری بنەڕەتی شەڕی ناوخۆ بوو. کێشەکانی سوریا سیستماتیکی بوون نەک تاکەکەسی. جەختى لەسەر ئەوەکردەوە کە ئێستا بۆ ئەوەی ئێمە لەسەر ئەم بنەمایە کێشەی سوریا چارەسەر بکەین، پێویستە سوریایەکی لامەرکەزی هەبێت. پێویستە هەموو گروپە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکان مافی خۆبەڕێوەبەرییان هەبێت و هەموو پارێزگاکانی سوریاش بتوانن لەڕێگەی حکومەتە خۆجێییەکانەوە خۆیان بەڕێوەببەن. فەرماندەى هەسەدە ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات کە ناوی سوریا لە سەردەمی بەعسەوە کۆماری عەرەبی سوریا بووە. ئەم ناوە ڕەنگدانەوەی واقیعی سوریا نییە. دەبێت وشەی "عەرەب" لاببرێت. سوریا تەنها هی عەرەب نییە. سەر بە هەموو گروپەکانە. دەبێت گۆڕانکاری ڕیشەیی لەم جۆرە لە سوریادا بکرێت. ئەگەر دروست نەکرێن ئەستەمە. مەزڵوم عەبدى وتیشى: ماوەی هەشت مانگی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس دەریخست کە سوریا بە ئاسانی یەک ناگرێتەوە. پێویستە هەموو گەلانی سوریا بگەنە ڕێککەوتن، مافی هەموو گروپەکان لە دەستووردا پارێزراو بێت و سوریایەکی لامەرکەزی دامەزرێت تا بتوانێت بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. سوریایەکی بەهێز دەتوانێت وەک وڵاتێکی بەهێز سەرهەڵبدات. لەبارەى ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتى دیمشق، فەرماندەى هێزەکانى هەسەدە هێما بۆ ئەوەدەکات کە لە ئێستادا دوو هێز لە سوریا هەن، یەکێکیان هێزەکانی حکومەتی دیمەشقە، ئەوی تریان هێزەکانی سوریای دیموکرات. ئەگەر ئەم دوو هێزە پێکەوە کۆببنەوە، دەتوانرێت ڕێککەوتن بکرێت. لەسەر ئاستی دەرەوەش دەوڵەتانی وەک ئەوروپا و ئەمریکا کە سزایان بەسەر سوریادا سەپاندووە، قسەیان هەیە. ئەو پێى وایە ئەو بڕیارانەی ئەمریکا دەیدەن لەلایەن زلهێزەکانی دیکەوە لەبەرچاو دەگیرێن. لە ئێستادا ئیرادەیەکی بەهێزی نێودەوڵەتی هەیە کە کاریگەری لەسەر هەم ئێمە و هەم لەسەر حکومەتی دیمەشق هەیە. دوو هێزی تریش لەسەر زەوی هەن: SDF و HTS. وتیشى: ئەگەر بگەینە ڕێککەوتن، سەردەکەوین. دیسانەوە پەیوەستە بە نیەتەوە. ئەگەر حکومەتی دیمەشق وەک حکومەتی بەعس بیەوێت بۆ کات بوەستێت و هەنگاوی دروست بۆ یەکگرتنی ڕاستەقینە هەڵنەگرێت، ئەوا ئەو هەوڵانە سەرناگرن. بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا، ئەو هەلومەرج و هەلومەرجەی کە وا دەکات ئەم هەوڵانە سەرکەوتوو بن، لەوەش گەورەترن. چونکە سوریا پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ دۆخی سروشتی خۆی و دەبێت سزاکان هەڵبگیرێن. سەبارەت بەمەرجانى یەکگرتنەکەش عەبدى دەڵێت: مەرجەکانی یەکگرتن لەگەڵ دەوڵەتەکان دانراون. من پێم وایە حکومەتی دیمەشق دەیەوێت ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت و ئێمەش سەرکەوتوو دەبین. ئەم پرۆسەیە چانسی سەرکەوتنی زیاتری هەیە. لەبارەی کۆبوونەوەکە دواخراوەکەی پاریسەوە زانیارى نوێى خستەڕوو،وتی: بڕیاربوو کۆبوونەوەکە لە ٢٥ی مانگ بەڕێوەبچێت، ئینگلیزەکان، فەرەنسییەکان، ئەمریکییەکان، ئێمە، حکومەتی سوریاش ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەکە کرابوو و تەواو بوو، بەڵام لە کۆتا خولەکدا دواخرا. ئەو وتیشى: دواتر بارۆت وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پەیوەندی پێوەکردم، ئێمەش قسەمان کرد، باڵیۆزی ئەمریکا باراکیش تەلەفۆنی بۆ کرد، پەشیمانی خۆی دەربڕی و سوپاسی ئێمەی کرد بۆ ئامادەییمان بۆ کۆبوونەوەکە ئێمە بۆ ئەم کۆبوونەوەیە ئامادە بووین. پێم وتن کە حکومەتی سوریا داوای کردووە کە کۆبوونەوەکە دوابخەن، چونکە خەمی پرسی سوەیدایان هەیە. بەڵام ئەوان پێداگریان لەسەر ئەوە کرد کە جارێکی دیکە کۆبوونەوەکە ئەنجام بدات. ئەو پێى وایە حکومەتی ئینتقالی سووریا ئامادە نەبووە بۆ ئەم کۆبوونەوەیە. وتى: هۆکارەکەی نازانم؛ دەبێت خۆیان ڕوونی بکەنەوە. ئەوان ئامادە نەبوون چونکە شایبانی هاتبووە پاریس. بەڵام ئامادە نەبوون بۆ ئەم کۆبوونەوەیە. لەگەڵ ئیسرائیل دانیشتن و ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە نێوان خۆیاندا ئێستا ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەکە بەردەوامن و کۆبوونەوەکەش ئەنجام دەدرێت.
بەپێى ئەو ئامارانەى ڕیکخراوى هەنگاو خستویانەتەڕوو لە ماوەی مانگی ڕابردودا سزای لەسێدارەدانی ٩٦ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە، لەو ژمارەیە 11 کەسیان کورد بوون. بەپێى بەدواچوونەکان و بەراوردى رێکخراوى هەنگاو ئەمساڵ رێژەی لەسێدارەدان لە ئێران بەراورد بە ساڵی رابردوو 74% زیادیکردووە، مانگی شەشى ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی تەنها بەندکراو جێبەجێ کرابوو. بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی شەشى ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ٩٦ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ناسنامەی ۹۰ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی شەش بەندکراوی دیکە بەدواداچوون دەکرێت. لەو مانگەدا، سزای سێدارەی لانی کەم دوو بەندکراوی سیاسیی خەڵکی تاران بەناوەکانی مەهدی حەسەنی و بێهرووز ئێحسانی ئیسلاملوو بەشێوەی نهێنی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی لانی کەم ۳ ژن لە بەندیخانەکانی یەزد، شیراز و مەشهەد جێبەجێ کراوە. عاتفە ئەمینی، بەندکراوی خەڵکی یەزد بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، ناهید جەوکار بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و مەهتاب بەیاتنی بە هەمان تۆمەت لە بەندیخانەکانی یەزد، شیراز و مەشهەد لەسێدارە دراون. شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ۹۶ بەندکراوەی لە ماوەی مانگی شەش لەسێدارە دراون، تەنیا ۴ حاڵەت لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ۲ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە. سزای سێدارەی ۲ بەندکراو لە شارەکانی بۆکان و دامغان لەپێش چاوی خەڵکدا جێبەجێ کراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی جولای لانی کەم سزای سێدارەی ۱۴ بەندکراوی لوڕ لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە ۱۴.۵٪ی کۆی حاڵەتەکان پێکدێنن. هەروەها ۱۳ بەندکراوی تورک، ۱۱ بەندکراوی کورد و ۹ بەندکراوی بەلووچ لەسێدارە دراون.
