لە دوای ئەوەی بەشێک لە هاوڵاتیانی باشوور بە نوێنەرایەتی کوردان و دۆستانی دۆزەکەمان، سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانمان کرد و دیدار و کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسان و شەڕڤانان و خوشک و براکانمان ئەنجامدا. وەک شایەتحاڵێک بە پێویستی دەزانین هەموو لایەک لەوە ئاگادار بکەینەوە، کە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا، لەبەردەم گەلەکۆمە و مەترسی کۆمەڵکوژی و قڕکردنێکی گەورەداییە و پێویستە هەمووان ئەم مەترسییە بە هەند وەربگرین. لەگەڵ ئەوەشدا گەل و شەڕڤانان بە باوەڕەوە لەسەر پێن و بەرگرییەکی بێوێنە دەکەن، ئەم هێز و ئیرادەیەش لە یەکگرتنی سەرتاسەری کوردەوە لەسەر ئاستی جیهان، سەرچاوەی گرتووە. هەوڵ و چالاکییە جۆراو جۆرەکانی کۆی هاوڵاتیان دیوێکی تری خەباتی شەڕڤانانەیە. سەبارەت بە پەیامی خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوا، سڵاوێکی گەرم و پێزانینێکی زۆرییان بۆ پشتیوانی و هەڵوێستی ئازایانەی خەڵکی کوردستان و ڕەوەندی کوردی هەبوو، بێگومان چاوەڕوانی زیاتریان هەیە. لەم سۆنگەیەوە داواکارین: یەکەم: پارتە سیاسیەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە، لە ئاستی هەرێم و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەموو هەوڵەکانتان لە ئاستی سیاسی و دبلۆماسی بخەنەگەڕ، بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و دەستبەرکردنی مافەکانی گەلەکەمان لەچوارچێوەی دەستوردا. دووەم: وێڕای سوپاسی دامەزراوەکانی هەرێم، پێویست دەکات لە سنوری سمێلکاوە کارئاسانی زیاتر بکرێت، بۆ گەیاندنی هەموو جۆرە هاوکارییەک و هاتوچۆی هاوڵاتیان، بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە ٢٤ی ساڵی ٢٠١٤ی ، پەرلەمانی کوردستان. سێیەم: بەردەوامیدان بە خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە کوردستان و ڕەوەندی کوردی لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا هەن، هەروەها فراوانکردنی چالاکییە میدیایی و سیاسی و دبلۆماسییەکانی تر. چوارەم: داوا لە بەڕێزان مامۆستایانی ئایینی دەکەین بەردەوامبن لە پشتیوانی چالاکییەکان و پێدانی زانیاری و ڕوونکردنەوەی ڕاستینەی پەیامی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بە هاووڵاتیان، بۆ ئەوەی چیتر دوژمنان و بریکارەکانیان، نەتوانن دەقەکانی قورئان و فەرموودە بەکاربهێنن، بۆ مەبەستی قڕکردن و لاوازکردنی گەلەکەمان و پەرتەوازەکردن و داگیرکردنی نیشتیمانەکەمان. لە کۆتاییدا، سەرکەوتن بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەمانە ئەنجوومەنی سەرتاسەریی هاوڵاتیانی باشوور ٢٢ی ١ی ٢٠٢٦
سبەى و دوو سبەى، نزیکەى 200 کۆچبەرى هەرێمى کوردستان لە لیبیاوە دەهێنرێتەوە بۆ هەولێر. ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەى باڵیۆزخانەى عێراق لە لیبیا ڕایگەیاند، سبەى یەکەم کاروانى کۆچبەرەکان لە لیبیاوە دەگەڕێنرێنەوە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هەولێر کە ژمارەیان 100 کۆچبەرە. گوتیشى "بە فەرمانى سەرۆکوەزیران، یەکەم گەشتى گەڕانەوەى کۆچبەرەکان بە فڕۆکەى (سى- 130) سەر بە وەزارەتى بەرگریی عێراق دەکرێت، ڕۆژى دواتریش ئەو کۆچبەرانەى دیکە کەماونەتەوە دەگەڕێنرێنەوە". بەکر عەلى، سەرۆکى کۆمەڵەى پەنابەرە گەڕاوەکان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، سبەى کاتژمێر چوارى بەیانى فڕۆکەى کۆچبەرەکان لە لیبیا بەڕێدەکەوێت و چاوەڕوان دەکرێت کاتژمێر شەش بگاتە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی هەولێر. گوتیشى، بەگەڕانەوەى ئەو 200 کۆچبەرە، نزیکەى 250 کۆچبەرى دیکەى کورد لەو وڵاتە ماون بگەڕێنرێنەوە. نزیکەى 500 کۆچبەرى کورد کە بەنیازبوون لە لیبیاوە بگەنە ئەورووپا، لەو وڵاتە لەلایەن قاچاخچییەوە دەستگیرکراون و کار بۆ هێنانەوەیان دەکرێت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خوشک و براکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامی دەدەن. جەختی لەوەش کردەوە، هەرگیز ناهێڵن هاووڵاتییانی ڕۆژئاوای کوردستان بە تەنیا بمێننەوە، هاوکات بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی و هاوکاریکردنیان. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا گوتی: لە داڤۆس چەندین تەوەر هەبوو قسەی لەسەر بکەین، تەوەری یەکەم بریتی بووە لە؛ پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و کۆمپانیاکانی جیهان باشتر بکەین و دەرگای زیاتر بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەینەوە. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکانماندا لە داڤۆس؛ باسمان لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان کرد، سەرنجمان لەسەر ئەوە بوو پشتیوانی نێودەوڵەتی پەیدا بکەین بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ و پێکدادان بێت، هەروەها ئەو هێرشە ناڕەوانەی کە دەکرێتە سەر کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕابگیرێت، لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان ئەو بابەتەمان بە جیددی باس کرد هیوادارم ئەنجامی هەبێت و سەقامگیریی لە ناوچەکە بەرقەرار بێت. هاوکات باسی لەوە کرد، ئێمە توانیمان لە کۆبوونەوەکاندا لە داڤۆس، ئەو دۆخەی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە بیخەینە ڕوو، لە لایەکی دیکەوە هەوڵی جیددی بدەین بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت و شەڕ بەرەو کۆتایی بڕوات، هیوادارم ئەو ترسە لە ناو خەڵک نەمێنێت و ئاشتی بەرقەرار بێت، هەر چەندە ئێمە بۆ بابەتی ئابووری هاتین بۆ داڤۆس، بەڵام دۆخی ڕۆژئاوا و ڕاگرتنی شەڕ لەو ناوچەیە بووە بە بابەتی سەرەکی گوفتوگۆ و دیدارەکانمان لە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک لە هەولێر لە نێوان مەزڵووم عەبدی و تۆم بەڕاک کراوە، ئەوەی من زانیوومە، هەردوولا تەقریبەن گەیشتن بەو ڕێککەوتنەی بۆ ئەوەی ئاگربەست لە ڕۆژئاوا بەردەوام بێت، هەروەها دەرفەتێک بدرێت بۆ ئەوەی بگەن بە تێگەیشتنێکی دوولایەنە تا ئاشتی و سەقامگیری بەرپا بێت، هیوادارم شەڕ دووبارە بەرپا نەبێتەوە. مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند: هیچ کەسێک لەگەڵ شەڕ و ئاڵۆزی نییە، لەگەڵ کێ لە داڤۆس دیدار و کۆبوونەوەمان هەبوو، باسیان لەوە کرد کە دەبێت بە خێرایی کۆتایی بە شەڕ بێت، ئەوەی ئێستا گرنگە دەبێت ئاگربەست بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ئەو فشارە دەروونییە لەسەر خەڵکی کوردستان نەمێنێت. لە بارەی ئابوورییەوە، مەسرور بارزانی، دەڵێت: بووژانەوەی ئابووری لە هەر وڵاتێک هەبێت، سەقامگیری سیاسی و ئەمنی زیاتر بەرقەرار دەبێت، بۆیە ویستم بازرگانانی ئێمە و سەرمایەدارانمان، بەشدار بن لە داڕشتنی سیاسەتی ئابووری، هەروەها بەشدار بن لەو چالاکییانەی کە ئێمە لە ئاستی نێوەدەوڵەتییدا دەیکەین، بۆیە سێیەمین ساڵە ئێمە ماڵی کوردستان لە داڤۆس دەکەینەوە، ئەم جارە زیاتر لە 20 بازرگان و وەبەرهێنەری کوردستان بەشدار بوون، ئەوانیش دیداریان لەگەل کۆمپانیا جیهانییەکان هەبووە، هیوادارم ئەمەش ببێتە ئەنجامێکی باشتر بۆ کرانەوەی کوردستان بە ڕووی بازرگانی و ئابووریی جیهانی. لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، بازرگان و سەرمایەدارانمان، بیانەوێت و ئارەزووی ئەوەیان هەبێت لە چ کەرتێک کار بکەن، ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتییان دەکەین. لە بارەی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: سەرۆک بارزانی هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە هەوڵێکی جیددی داوە بۆ راگرتنی شەڕ، بۆیە لە هەولێر میوانداریی مەزڵووم عەبدی و تۆم بەڕاکی کرد، بۆ ئەوەی هەردوولایان بگەن بە ئەنجامێک تا ڕێگری لە شەڕەکە بکرێت، دواتر لە چەندین گفتوگۆی تەلەفۆنیدا، سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەحمەد شەرع قسەی کردووە و داوای لێکردووە کە کۆتایی بە شەڕ بێت، ئەوانیش بەڵێنیان داوە کە کەسیان لەگەڵ شەڕ نەبن و دەیانەوێت شەڕ بەرەو کۆتایی بچێت، بەڵام دەبێت ڕێککەوتنێک بکرێت لە لایەن هەردوولاوە کە جێگەی ڕێز و قبووڵکردن بێت. دەشڵێت: سەرۆک بارزانی ئێستاش لە سەردانەکەیدا بۆ ئیتاڵیا، سەرنجی لەسەر ئەوە بووە کە پەیامەکانی بە هەموو جیهان بگەیەنێت کە دەبێت ئەو شەڕەی ڕۆژئاوای کوردستان کۆتایی پێ بێت. ئینشائەڵڵا بەرەو کۆتایی دەڕوات، دیدارەکانی ئەمڕۆش لە هەولێر لەنێوان مەزڵووم عەبدی و تۆم بەڕاک بۆ ئەوە بووە دەرفەتێکی زیاتر هەبێت تا ئاگربەست بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی ئاشتی و سەقامگیری ببێتە شوێنگرەوەی شەڕ و پێکدادان. لەبارەی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتی: پارتی هەر لە یەکەم رۆژەوە ئامادەبووە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بەڵام لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردن، پارتی لەسەر ڕای خۆی بەردەوامە، دەشبێت ڕێز لە ڕای خەڵکی کوردستان بگیرێت. لە کۆتاییدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، دوا چەندین ساڵ کە هەوڵی جیددیمان تا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بتوانێت بچێت بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، دەزگاکە دوێنێ توانییان یەکەم کاروانی هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان ببەن، بەردەوامیشن لە هاوکاریکردنی هاووڵاتییان لە ڕۆژئاوا، ئەوەی پێمان بکرێت ئەنجامی دەدەین و ناهێڵین خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە تەنیا بمێننەوە.
بە راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە درێژایی وەرزی سەرما، سووتەمەنی دەنێردرێتە رۆژئاوای کوردستان. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا گوتی، "لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە، بڕی پێویستی سووتەمەنی دەنێردرێتە رۆژئاوای کوردستان." لەبارەی ئەوەی تا کەی سووتەمەنییەکە دەنێردرێت، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستووەتە ڕوو "ئەم پرۆسەیە بەردەوامدەبێت تا تەواوبوونی وەرزی سەرما." ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممەش، 21ـی کانوونی دووەم، بە فەرمانی سەرۆک بارزانی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، مەزنترین کاروانی هاوکاری مرۆییان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان. هاوکارییەکە 67 بارهەڵگر لەخۆ گرتبوو کە لە 22 بابەتی تایبەتی خزمەتگوزاری رۆژانە بۆ هاووڵاتییان پێکدێت، ئەمە جگە لە پێشکەشکردنی پێداویستییەکانی خواردەمەنی و ئامرازی گەرمکردنەوە. هەروەها زیاتر لە 150 کارمەندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کراون بە مەبەستی بەڕێوەبردنی هەڵمەتی دابەشکردنی هاوکارییەکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک بارزانی لە رۆما، لەگەڵ گویدۆ کرۆزیتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " کۆبوونەوەکەمان، کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو. بێگومان، جەنابی وەزیر دۆستێکی زۆر بەڕێز و نزیکی گەلی کوردستانە، باسی رۆژئاوای کوردستان و هەموو بابەتەکانمان کرد. زۆر تێگەیشتوون، بە هەموو لایەک هەوڵ دەدەین کە شەڕ نەبێت و بوەستێت و، خەڵکی کوردستان تووشی ئێش و ئازار و دەستدرێژی نەبێت." سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە "بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرنگتر، کەرامەت و هەبوونی کوردە، هەرچی پێویست بێت بۆ پاراستنی کەرامەتی گەلی کوردستان، ئێمە ئامادەین بیکەین." سەرۆک بارزانی باسی لەوەش کرد "لەگەڵ هەموو لایەک لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێن و هیوامان وایە؛ بەڵام هەموو ئەگەرەکانیش کراوەن و دەبێت خۆمان بۆ بارودۆخێک ئامادە بکەین." سەرۆک بارزانی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند: کۆبوونەوەکەمان زۆر باش بوو، باسی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستانمان کرد. ٠ بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرنگتر، کەرامەت و هەبوونی کورد، هەر شتێک پێویست بێت بۆ پاراستنی گەلی کورد، دەیکەین. ٠ ئیتاڵیا بەڵێنی داوە تەواو هاوکار و پاڵپشتمان بێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە. ٠ هەموو هەوڵێکمان لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە ئەوەیە کە شەڕ تەشەنە نەکات. ٠ سەرکردایەتی سووریا بەڵێنیان پێداوین کە کەرامەتی کورد پارێزراو بێت. ٠ هەموو هەوڵێک دەدەین کوردی ڕۆژئاوا پارێزراو بن. لەلایەکی دیکەوە: وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا ڕایگەیاند: هەموو هەوڵێک دەدەین ئاشتی بەرقەرار بێت لە ناوچەکە. ٠ سەرۆک بارزانی سیمبولێکە لە شەڕی دژ بە داعشدا. ٠ ئێمە لە ئیتاڵیا زۆر دڵگرانین لەوەی لە سووریا ڕوودەدات. ٠ هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆئەوەی لە سووریا دەگوزەرێت بوەستێت. ٠ ئەوەی دژ بە گەلی کورد دەکرێت لە سووریا جێگای قبوڵ نییە. ٠ دۆستایەتی ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان مێژوویی و قووڵە. ٠ نیگەرانین لەو دۆخەی بەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هاتووە، هەموو ڕێگرییەک دەکەین هەمان شت بەسەر باشووری کوردستان بێت. ٠ زۆر نیگەرانین لە ئازاد بوونی زیندانییانی داعش، کار لەسەر ئەوە دەکەین کە مەترسی نەبێت.
ئەندامی کۆمیتەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە ئاڵدار خەلیل ڕایگەیاند، "هێرشمان لەسەرە، سنووری ڕۆژئاوای کوردستان دەپارێزین. ئەمە مژاری مان و نەمانە. جگە لە بەرخۆدان ڕێگەیەکی تر بوونی نییە. پێویستە بەرخۆدانمان فراوان بکەین، بە پاڵپشتیی کوردان سەرکەوتن بۆ ئێمەیە." ئەندامی کۆمیتەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە ئاڵدار خەلیل لەسەر هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵیی هاوار (ANHA) کرد. ئاڵدار خەلیل ڕایگەیاند، هێرشێکی قێزەون لە ئاستی جیهانیدا دەکرێت و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە پشت هێرشەکەوەن و یارییەکی گەورە دژی بوونی ڕۆژئاوا هەیە. خەلیل بیری هێنایەوە کە بەر لەم هێرشە، هێرشکراوەتە سەر ئاساییشی شێخ مەقسوود و لە دیمەشقیش کۆبوونەوە دەکرا و گوتی، "لەناکاو هێرشکرا. دەستبەجێ لە دێرحافریش دژی قەسەدە بێبەختیی دووەم دەستی پێ کرا. لە کاتێکدا شەڕڤانانی قەسەدە لە دێرحافر خۆیان بۆ کشانەوە ئامادەدەکرد، هێرشیان کرد." خەلیل باسی لە ڕۆڵی دەوڵەت تورک لە هێرشەکاندا کرد و گوتی، "دەوڵەتی تورک نایەوێت بۆ ئەم سەدەیە ببنە خاوەن ستاتۆ." گوتیشی کە هەر یەک لە ئەمریکا و تورکیا بۆ بەرژەوەندییە سیسییەکانی خۆیان دەیانەوێت کۆمەڵگەی ناوچەکە بە یەکدا بدەن. ئاڵدار خەلیل سڵاوی نارد بۆ پاڵپشتیکردنی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات لە ڕۆژئاوا و گوتی کە خاوەندارێتیی کوردان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا، ڕۆژانی مێژوویین بۆ کوردستان. ئاڵدار خەلیل بانگەوازی بۆ هەموو کەسێک کرد کە بۆ پاراستن بەرپرسیار بێت و گوتی: "پێویستە هەمووان بە پێی توانای خۆیان بەشداری لە بەرخۆداندا بکەن." گوتیشی، "چالاکییەکانی کوردستانیان لە دەرەوەی وڵات و بەشەکانی تری کوردستان فشاری خستووەتە سەر هێرشکاران. ئێستاش هەوڵی چارەسەر دەدرێت. بەڵام ئەوەی سەرەکییە بریتییە لە پەرەدان بە هێڵی پاراستن." خەلیل لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە بە سەرکەوتنی بەرخۆدان زەمینەیەک بۆ تێکۆشانی سیاسی دەڕەخسێت و گوتی:"ئێمە لە داهاتوودا ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین و زەمینەی سووریایەکی دیموکراتیک دەڕەخسێنین. دووبارە دەڵێین کە سڵاو لە بەرخۆدانی گەلی خۆمان دەکەین. جگە لە بەرخۆدان ڕێگەیەکی تر بوونی نییە. پێویستە بەرخۆدانمان فراوانتر بکەین. بێگومان سەرکەوتن بەشمان دەبێت."
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیاکانى یەکێتى، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، زۆرینەی کارەکانی لیستی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2026 تەواو کراون. بڕیاروایە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا، لیستەکە بە فەرمی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی وردبینی و تەرخانکردنی بودجەی مووچە. یەکە ژمێریارییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی، لە قۆناغی کۆتایی تۆمارکردنی ناوی فەرمانبەران و خانەنشینان دان لە سیستمی پەیڕۆڵ. چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو پڕۆسەی تۆمارکردن بە تەواوی کۆتایی بێت و دوای ئەنجامدانی وردبینی ناوخۆیی، لیستەکە ئامادە دەبێت بۆ ناردن بۆ بەغداد. لەبارەى داهاتە نانەوتییەکان، پاش ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی لیستی مووچەی مانگی 1 تەواو دەکات، یەکەی ژمێریاری حکومەتی هەرێم ئاگادار دەکرێتەوە بۆ ناردنی بڕی 120 ملیار دینار وەک پشکی داهاتی نانەوتی. ئەم بڕە پارەیە بە شێوەی کاش (نەختینە) دەخرێتە سەر هەژماری دارایی حکومەتی فیدڕاڵ، کە ئەمەش ڕێکارێکی کارگێڕی جێگیرە لە نێوان هەردوو وەزارەتدا.
کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ پێنج شەممە 22-1-2026 کەش / ئاسمان نیمچە هەور دەبێ بە گشتی لە شەو درەنگدا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لەگەڵ دەست پێکردنی شەپۆڵێکی بەفر بارین لەسەر ناوچەکەمان ,سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک و بەشەکانی ڕۆژئاوای هەرێم دەست پێدەکات پاشان بۆ ناوچەکانی تر درێژدەبێتەوە . خێراى با / لەسەر خۆ ( 5– 10) کم/ک . ئاراستەی با / باکوورى ڕۆژهەڵات مەوداى بینین / 7 – 8 کم دەبێت پلەکانی گەرما / کەمێک بەرز دەبێتەوە هەولێر : 10 پلەی سیلیزی پیرمام : 7 پلەی سیلیزی سۆران : 4 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : -1 پلەی سیلیزی سلێمانی : 8 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ : 9 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 8 پلەی سیلیزی دهۆک : 9 پلەی سیلیزی زاخۆ : 9 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 8 پلەی سیلیزی سبەى هەینی 23-1-2026 * کەشی سبەی هەینی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری لەگەڵ شەپۆڵێکی بەفر بارین سەرجەمی ناوچەکەمان دەگرێتەوە . * بەفر بارین لە کاتەکانی شەوی پێنج شەممە دەست پێدەکات لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ سەنتەری شەنگال و چیای شەنگال پاشان درێژ دەبێتەوە بۆ بەشەکانی ناوەراست و ڕۆژهەڵاتی هەرێم . * سەنتەری پارێزگاکان و قەزاو ناحیەکان و تەنانەت بەشێک لە سەنتەری پارێزگای کرکووک و ئیدارەی گەرمیانیش بەفر بارینی دەبێت. * شەپۆڵی بەفر بارین لەسەر ناوچە شاخاوییەکان و سنوورییەکان بەهێز دەبێت . * هەندێ کات لەگەڵ بەفر بارین نمە بارانیش دەبێت لە هەندێ ناوچە. * کەم بوونەوەی مەودای بینین لە کاتی بەفر بارین بۆ کەمتر لە 1کم. * پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە بە چەند پلەیەک. خێراى با / لەسەرخۆ-مامناوەند ( 5 – 15 ) کم/ک .هەندێ کات چالاک دەبێت بە تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی و کرکووک و ئیدارەی گەرمیان . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 3 پلەی سیلیزی پیرمام : -1 پلەی سیلیزی سۆران : -1 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : -4 پلەی سیلیزی سلێمانی : 1 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 2 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 3 پلەی سیلیزی دهۆک : 1 پلەی سیلیزی زاخۆ : 3 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 4 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 2 پلەی سیلیزی
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، لە دانیشتنێکدا تانەی یەکێک لە کاندیدەکانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕەتکردەوە، کە بەهۆی کێشەی بڕوانامە و ڕەگەزنامەوە لە کاندیدبوون دوورخرابووەوە. بەپێی بڕیارێکی دادگاکە کە ژمارە (19/فیدراڵی/2026)ی هەڵگرتووە و لە 19ـی 1ـی 2026 دەرچووە، دادگا سەیری تانەی (حیکمەت محەممەد کەریم)ی کردووە، کە ناسراوە بە مەلا بەختیار، تانەی لە بڕیاری دادگا دابوو بەرامبەر بە دوورخستنەوەی لە لیستی کاندیدانی سەرۆککۆمار لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە. لە بڕیارەکەی دادگادا هاتووە، هۆکاری دوورخستنەوەی ئەو کاندیدە دەگەڕێتەوە بۆ دوو خاڵی سەرەکی: 1- بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە، ڕەگەزنامەی یەکێک لە دایک یان باوکی کاندیدەکەی نەسەلماندووە کە عێراقییە. 2- وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پشتگیری بڕوانامە و یەکسانکردنی بڕوانامەکەی نەکردووە. دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی ماددەی (1/ یەکەم و چوارەم) لە یاسای حوکمەکانی کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار (یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2012)، مەرجە کاندید لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت و خاوەنی بڕوانامەی زانکۆ بێت کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دانپێدانراو بێت. لە کۆتاییدا، دادگا بڕیاریدا تانەی ناوبراو ڕەتبکاتەوە و تێچووی دادبینی لە ئەستۆی خۆی بێت، بڕیارەکەش پلەی کۆتایی هەیە و هەموو دەسەڵاتەکان پابەند دەکات.
دەقی راگەیەندراوەکەی: بە جەستە لە زیندانم، بەڵام بە ئێش و ئازار و خۆڕاگری لەگەڵتانم. خۆڕاگری ئامڕازی سەرکەوتنە بۆیە تکایە خۆڕاگربن و لەمە زیاتر مەکشێنەوە، وە لێرە بەدواوە بەرپەرچیان بدەنەوە ئەگەر نا دڵنیابن موئامەرەکە زۆر گەورەیە لەسەرتان وەکۆتایی بە پرسی کورد دێت لە ڕۆژئاوا. ئەگەر هات و هێرشەکان بەردەوام بوون لەسەرتان، بەخۆڕاگری و ڕووبەڕووبوونەوەیان دەتوانن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بهێننە سەرخەت، ئەگەر نا کەس نایەتە جواب لەسەرتان لە کۆتاییدا دەڵێم، خودا لەگەڵ خۆڕاگراندایە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتویی ئیسلامی کوردستان لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. میدیای یەکگرتوو دەڵێت: بە فەرمی یەکگرتوو دەستی کرد بە هەوڵەکانی بۆ بەرپاکردنی ئاشتی و کۆتایی هێنان بە شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان. شاندی یەکگرتوو بریتین لە هەریەک لە محەممەد هاودیانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكان و لوقمان باسکەدێری، بەرپرسی نووسینگەی یەکگرتوو لە ئەنقەرە و لەلای ڕاستەوە دانیشتوون. شاندی تورکیاش کە لای چەپی هاکان فیدانەوە دانیشتوون، عەلی ڕەزا گونەی، باڵیۆزی پێشووی تورکیای لە بەغداد تێدایە. وەزارەتەکە هیچ شتێکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی فیدان و سەڵاحەدین بەهادین بڵاونەکردووەتەوە. بەڵام میدیای فەرمیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ڕێگەی هەژماری خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک، لەبارەی کۆبوونەوەکە نووسیویەتی "بە فەرمی یەکگرتوو دەستیکردووە بە هەوڵەکانی بۆ بەرپاکردنی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان". سەردانەکەی سەڵاحەدین بەهادین بۆ تورکیا لەکاتێکدایە، ڕۆژئاوای کوردستان لەژێر هێرشێکی چڕی سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارە نزیکەکانی ئەنقەرەیە کە لە ڕۆژی 6ـی ئەم مانگەوە بە پەلاماردانی هێزە کوردییەکان لە گەڕەکەکانی حەلەب دەستیپێکرد و لە ئێستادا کۆبانێیان گەماردۆداوە و هێرشەکانیان بۆ سەر حەلەب سەرەڕای ئاگربەستی چوار ڕۆژە، درێژەی هەیە.
ژووری ئۆپەراسیۆنی بەڕێوەبردنی قەیران و كارەسات، هۆشداریی دەدات لە هاتنی شەپۆلێكی دیكەی بەفربارین، سەرما و سۆڵە كە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لە هەندێک شوێن پێشبینی دابارینی 30 سانتیمەتر بەفر بارین دەکرێت. بەگوێرەی پێشبینییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، شەپۆلێكی بەفربارین لە شەوی پێنجشەممە 22ـی یەكەوە، زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و كاریگەریی شەپۆلەكە تاوەكو بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە بەردەوام دەبێت. ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەكان، ئاگادارییەكی بڵاوكردووەتەوە و داوا لە هاووڵاتیان دەكات، لە شەوی پێنجشەممەوە تاوەكو بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەی داهاتوو، ئاگاداری سەلامەتی خۆیان بن بەو پێیەی شەپۆلێكی دیكەی بەفربارین و سەرماو سۆڵە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و پلەكانی گەرمان بۆ ژێر سفری سەدی دادەبەزن. بەگوێرەی زانیارییەکانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، بەهۆی ئەو شەپۆلەوە، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆیی گەرمیان و پارێزگای كەركووك و بەشێكی پارێزگای هەولێر، بارانی پچڕ پچڕی مامناوەند دەبارێت. ئەوەی پێشبینی دەکرێت: هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان بڕی دابارینی بەفر لە شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەیە: ٠ هەولێر، 2-5 سانتیمەتر ٠ سلێمانی، 10-15 سانتیمەتر ٠ دهۆک، 10-15 سانتیمەتر ٠ کەرکوک، ئەگەری بەفر بارین هەیە ٠ هەڵەبجە، 6-8 سانتیمەتر ٠ گەرمیان، ئەگەری بەفر بارین هەیە ٠ زاخۆ، 10-15 سانتیمەتر ٠ سۆران، 15-25 سانتیمەتر ٠ ڕاپەرین، 20-30 سانتیمەتر
بارەگاى بارزانى ڕایدەگەیەنێت: ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆک بارزانی لە ڤاتیکان لەلایەن قەداسەتی پاپا لویسی چواردەیەم پێشوازیی لێکراوە. لە دیدارەکەدا قەداسەتی پاپا لویسی چواردەیەم بەخێرهاتنێکی گەرمی سەرۆک بارزانی کرد و هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دیداری نێوانیان دەربڕی وەک دەرفەتێک بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی بیروڕا لەسەر بابەتە گرنگەکانی ناوچەکە و جیهان. دەقى ڕاگەیەندراوەکە... سەرۆک بارزانی لەگەڵ قەداسەتی پاپا لویسی چواردەیەم کۆبوویەوە ڕۆژی چوارشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڤاتیکان لەلایەن قەداسەتی پاپا لویسی چواردەیەم پێشوازیی لێکرا. لە دیدارەکەدا قەداسەتی پاپا لویسی چواردەیەم بەخێرهاتنێکی گەرمی سەرۆک بارزانی کرد و هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دیداری نێوانیان دەربڕی وەک دەرفەتێک بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی بیروڕا لەسەر بابەتە گرنگەکانی ناوچەکە و جیهان. هەر لەو دیدارەدا هەردوولا هیوای ئەوەیان خواست کە ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا باڵادەست بێت و کۆتایی بە ئازار و نەهەماتیی گەلان بهێندرێت. لەدوای ئەو کۆبوونەوەیە قەداسەتی پاپا لویسی چواردەیەم و سەرۆک مەسعود بارزانی دیارییان پێشکەشی یەکتر کرد.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی دیکەی بەفر هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. کەشناسیی هەرێم پێشبینی دەکات کەشی ئەمڕۆ چوارشەممە،21-01- 2026 ، ئاسمان ساماڵ بێت لەگەڵ بوونی هەندێ پەڵە هەور لە شەودا و هاوکات دەبێتە شەختە و بەستن، هەروەها پلەکانی گەرما 1 تا 3 پلەی سیلیزی بە بەراورد بە پلەکانی دوێنێ بەرزدەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ. هەولێر 7 پلەی سیلیزی پیرمام 3 پلەی سیلیزی سۆران 2 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران 6- پلەی سیلیزی سلێمانی 4 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ 4 پلەی سیلیزی دهۆک 4 پلەی سیلیزی زاخۆ 5 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 4 پلەی سیلیزی گەرمیان : 7 پلەی سیلیزی کەشناسیی هەرێم لە پێشبینییەکانی بۆ کەشی سبەى پێنجشەممە،22-01- 2026، رایگەیاند، ئاسمان ساماڵ دەبێـت لەگەڵ دروست بوونی شەختە لەکاتەکانی بەیانی، لەئێوارەدا ئاسمان بۆ نیمچە هەورو لە شەودا بۆ هەوری تەواو دەگۆرێت، لەگەڵ دەست پێ کردنی شەپۆلێکی بەفر بارین، کە سەرەتا لە ناوچەکانی باکوورو باشووری رۆژئاوای هەرێم دەبارێت پاشان درێژ دەبێتەوە بۆ سەرجەم ناوچە جیاجیاکانی هەرێم . هەروەها پلەکانی گەرماش کەمێک بەرز دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بە پلەی سیلیزی. هەولێر : 9 پلەی سیلیزی پیرمام: 5 پلەی سیلیزی سۆران: 4 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران: 3- پلەی سیلیزی سلێمانی: 6 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 7 پلەی سیلیزی دهۆک: 6 پلەی سیلیزی زاخۆ: 7 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 6 پلەی سیلیزی گەرمیان : 10 پلەی سیلیزی
مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: سەرۆک بارزانی لە ڤاتیکان لەگەڵ پاپا لیۆی چواردەیەم کۆدەبێتەوە، لە سەردانەکەیدا سەرۆک بارزانی کۆمەڵێک کۆبوونەوەی سیاسیی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیتاڵیاش ئەنجام دەدات. بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی بە جیا لەگەڵ پاپای ڤاتیکان و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 21-01-2026 ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە یاوەریی سەرۆک بارزانیی دەکات بۆ ڤاتیکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەسەر بانگهێشتی قەداسەتی پاپا، ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لە ڤاتیکان دەبێت و لەگەڵ لویسی چواردەیەم، پاپای ڤاتیکان و دواتریش لەگەڵ پيترۆ پارۆلين، سهرۆكوهزيرانى ڤاتيكان کۆدەبێتەوە." کاژێر 10:00ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، سەرۆک بارزانی لە ڤاتیکان دەبێت. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، جگە لەو دوو کۆبوونەوەیە، سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیاش کۆدەبێتەوە. لە سەردانەکەدا شاندێک یاوەریی سەرۆک بارزانی دەکات کە پێکهاتووە لە ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ باڵیۆزی عێراق لە ڤاتیکان و رێزان حەمە ساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا. ئەمە دووەمجارە سەرۆک بارزانی سەردانی ڤاتیکان دەکات. پێشتر لە ساڵی 2014 سەردانی ڤاتیکانی کردبوو و لەگەڵ پاپا فرانسیس کۆببووەوە.
