ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ـی تشرینی یەکەمـی ٢٠٢٥، دوای شەش مانگ لە زیندانیکردنی لەسەر دۆسیەیەکی رۆژنامەنووسی، دادگای دهۆک بڕیاری ئازادکردنی ئومێد بەرۆشکی، رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان دەرکرد. لە رۆژی٣٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥ دوای زیندانیکردنی ئەو رۆژنامەنووسە، سیپان ئامێدی، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لەو بارەیەوە وتبووی، کەیسەکەی بە سیاسی کراوە و بڕیارەکە پێشوەختە دراوە و پێچەوانەی هەموو یاساکان بووە. ئومێد بەرۆشکی کە یەکێکە لە زیندانیانی بادینان کە لە 18/8/2020 بە تۆمەتی مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی دەستگیرکراو و 6 سکاڵای جیاوازی لەسەر بوو، دواتر لە 22/2/2022 ئازاد کرا، بەڵام لە دوای ئازاد کردنی جارێک ڕاگیراوە و چەند جاری تریش بە ماوەی کورت دەستگیرکراوە، دواتر بە کەفالەتی پارە ئازاد کراوە. ئومێد بە رۆشکی لە 23ی یەکی 2024 لە ڕێگەی فەیس بووکەکەی خۆیەوە پۆستێکی بڵاوکردۆتەوە لەسەر یەکێک لە زیندانیانی بادینان بە ناوی مەلا نەزیر، لە پۆستەکەی ئومێد دا هاتووە،" مەلا نەزیر لەلایەن هێزێکی زیندانی زرکاوە ڕفێندراوە، بەڵام ئەو لەو زیندانەدا نەماوە و چارەنووسی نادیارە." لەسەر ئەو پۆستە بەرپرسانی زیندانەکە ئومێد دەدەنە دادگا، دوای دوو جار داگایی کردنیشی  سزای شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

پەرلەمانی تورکیا پێشنیازی درێژکردنەوەی ئەرکی هێزە چەکدارەکانی تورکیای لە عێراق و سووریا بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە پەسەند کرد. پەرلەمانی تورکیا لە دانیشتنی ڕۆژی سێشەممەدا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی یاداشتێکی سەرۆکایەتی، پێشنیازی درێژکردنەوەی ئەرکی هێزە چەکدارەکانی تورکیای لە عێراق و سووریا بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە پەسەند کرد، درێژکردنەوەەکەش لە 30ـی تشرینی یەکەمەوە دەستپێدەکات، تەنیا پارتی گەلی کۆماری و پارتی دیموکراتی گەلان دەنگیان بە پێشنیازەکە نەدا.  لە یاداشتنامەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا واژۆی لەسەر کردبوو، ئاماژە بەوە کراوە "هەڕەشەی تیرۆریستی بەردەوام لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری تورکیا و نەبوونی سەقامگیری بەردەوام، مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی دروست دەکات." هاوکات لە یاداشتەکەدا "پابەندبوونی تورکیا بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و یەکێتی نیشتمانی و سەقامگیریی عێراق" دووپاتکرایەوە. هەروەها لە یاداشتەکەدا هاتووە، "لەگەڵ خواست و پێداویستییەکانی ئیدارەی ئێستای سووریا و پێویستی پەرەپێدانی تواناکانی وڵات لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاڵپشتیکردنی هەوڵە نێودەوڵەتی و نیشتمانییەکان، جەخت لەسەر پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لە دژی هەموو مەترسی و هەڕەشە و کردەوەیەک کرایەوە کە دەتوانێت ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بخاتە مەترسییەوە، هاوکات جەخت لەسەر گرنگی بەهێزکردنی هەوڵەکان کرایەوە بە ئامانجی چەسپاندنی سەقامگیری لە سووریا." بەگوێرەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم هەنگاوە بە ئامانجی نەهێشتنی هێرشە ئەگەرییەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانە لە عێراق و سووریایە بۆ سەر ئەو وڵاتە. تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی پەکەکە ماوەی چارەکە سەدەیەکە دەیان بنکەی سەربازی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق داناوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان 'پەکەکە' لە مانگی ئایاری 2025 هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند، بەڵام هێزەکانی تورکیا بەوە تۆمەتبار کران کە بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی چەکدارانی پەکەکە لە سووریا و عێراق.

شەماڵ عەبدولوەفا سەركردەی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان، لە ڕوونكردنەوەیەكیدا کە لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاویکردەوە دەڵێت - پێش کەمتر لە دوو مانگ، دوای ڕاوێژ لەگەل باڵی کوردسات، من و کاک مستەفای سید قادر دانیشتنێکمان لەگەل کاک چیا رێک خست و چوینە لای تا بیرێک لە دوا دەرچە بکەینەوە بۆ ئەم بارەی نالەبارەی بزوتنەوەکە. وەک ناتوانین رێک بکەوین، ناتوانین پێکەوە کار بکەین، کوڕەکانی رەوانشاد بیرۆکەکەیان پێ باش بوو وەک پرنسیبێکی سەرەتایی. دەقى تەواوى نوسینەکەى شەماڵ عەبدولوەفا.. - پێش کەمتر لە دوو مانگ، دوای ڕاوێژ لەگەل باڵی کوردسات، من و کاک مستەفای سید قادر دانیشتنێکمان لەگەل کاک چیا رێک خست و چوینە لای تا بیرێک لە دوا دەرچە بکەینەوە بۆ ئەم بارەی نالەبارەی بزوتنەوەکە. چوونمان وەک رێکمان خستبوو، بەپێشوازیەکی گەرمەوە دانیشتنەکەمان دەست پێ کرد. کاک نماش بەتەلەفون بەشداری دانیشتنەکەمانی کرد. کاک مستەفا دەستی کرد بە قسە کردن بۆ ئەو بابەتەی بۆیی چوبوین. دواتر من درێژەم بە بابەتەکەی کاک مستەفا دا. کرۆکی بابەتەکەش ئەمە بوو: وەک ناتوانین رێک بکەوین، ناتوانین پێکەوە کار بکەین، ناتوانین لەژێر یەک چەترو لەیەک ماڵدا هەڵبکەین!! با بەهێمنی و لەسەر خۆو، بەئەدەب و ئاکارێکی بەرزەوە، لەیەک جیا ببینەوە و دور بکەوینەوە لە پەلاماری یەکتری، سوکایەتی بەیەکترکردن، یەکتر شکاندن. بزوتنەوەکە هەڵبوەشێنینەوە. چی سەروەت و سامانی هەیە، دابەشی بکەین. دواتر، کێ و چی لایەک سەرپشک دەبێت و چی دەکات؟ سەروەت و سامانەکەی دەبەخشێ یان نا؟ کوڕەکانی رەوانشاد بیرۆکەکەیان پێ باش بوو وەک پرنسیبێکی سەرەتایی، و وتیان پرس بە برادەرەکانمان دەکەین لەسەر شێواز و فۆرمی کارەکە، وەڵامتان دەدەینەوە. چیا تەحەفوزێکی ھەبوو لەسەر ممتەلەکاتی ناو گردەکەو وتی؛ ئەو بابەتە لای من بڕاوەیە کە دان وسانی لەسەر بکەین بەلکو رێک بکەوین لەسەر سەروەت و سامانی دەرەوەی گردەکە. تائێستا چاوەرێی وەڵامین. بۆ ئەم ڕونکردنەوەیەم، سێ کەس شاھیدن: کاک مستەفا، کاکە نما، و کاکە چیا.

زیکری زێباری بەرپرسی هەموو ڕێکخستنەکانی بەرەی گەل لە بادینان و کەسایەتی متمانەپێکراوی لاهور شێخ جەنگی گەڕایەوە ناو یەکێتی و ئەمڕۆش لە دەباشان بافڵ تاڵەبانی پێشوازی لێکرد. زیکری زێباری، زێباری بەرپرسی هەموو ڕێکخستنەکانی بەرەی گەل بەماڵپەڕی فەرمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی وتووە "ئێمە دژایەتی یەکێتی ناکەین. لاوازبوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لاوازبوونی پێگەی كوردستانە".   ناوبراو وتوشیەتی "من ئامادەم بۆ هەر كارێك لەناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان". زیکری زێباری ئاشکراشیکرد "داوای هیچ پۆستێكم نەکردووە لەناو یەكێتی".  "هیچ حزبێكی ئۆپۆزسیۆن بۆ خەڵك كارناکات هەریەكەو بۆ بەرژەوەندی خۆیان کاردەکەن". بەرپرسی هەموو ڕێکخستنەکانی بەرەی گەل وای وت

هەسەدە رایدەگەیەنێت، بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هێزەکانیان سەرکردەیەکی مەترسیداری داعشیان لە شاری تەبقە دەستگیر کردوە، کە سەرپەرشتی وەرگرتن و گەیاندنی چەک و کەرەستەی سەربازی و دابەشکردنیان بوە بەسەر شانەکانی داعشدا. ئەمڕۆ سێشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردوەتەوە تێیدا هاتووە؛  تیمە سەربازییەکانیان  بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکی ورد و تۆکمەی ئەمنییان لە شاری تەبقە ئەنجامداوە، بە مەبەستی دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی مەترسیدار لە تیرۆرستانی داعش. ئاماژەی بەوەکردوە، ئۆپەراسیۆنەکە دوای چاودێریکردنی جموجۆڵ و چالاکییەکانی تیرۆرستەکە بووە، کە ناوی ئەحمەد عەبدولقادر ئەلموسایان و خەڵکی شاری تەبقەیە و هەڵیانکوتاوەتە سەر حەشارگەکەی و توانیویانە دەستگیری بکەن. هەسەدە دەشڵێت؛ تیرۆریستەکە سەرکردەیەکی مەترسیدار بووە و  سەرپەرشتی وەرگرتن و گەیاندنی چەک و کەرەستەی سەربازی و دابەشکردنی کردوە  بەسەر شانە تیرۆریستییەکاندا،  هەروەها کارێکی دیکەی چاودێریکردنی خاڵە سەربازییەکانی هێزەکانیان بووە. لەگەڵ دەستگیرکردنی تیرۆرستەکەدا، ئەوەشیانخستوەتەڕوو هێزەکانیان دەستیان بەسەر بڕێک چەک و نارنجۆکییشدا گرتووە و جەختیش دەکەنەوە بەردەوام دەبن لە ئۆپراسیۆنەکانیان دژی پاشماوەکانی داعش و پوچەڵکردنەوەی هەموو ئەو هەوڵانەی دەدرێت بۆ تێکدانی ئاسایش و کردنە ئامانجی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ناوچەکە.

هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە تەڕابلوس، ئەحمەد سەحاف، ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2025، گیانلەدەستدانی کۆچبەرێکی عێراقی لە یەکێک لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە لیبیا ڕاگەیاند. سەحاف بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان لە دەزگای بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی لە دەوڵەتی لیبیا لە ڕۆژهەڵاتی پایتەختی تەڕابلوس، لە گیانلەدەستدانی کۆچبەرێکی عێراقی کورد بەناوی هۆگر ئاسۆ خدر، بەهۆی نۆرەی دڵەوە لەناو سەنتەری دەستبەسەرکردنەکەدا گیانی لەدەستداوە. سەحاف ئاماژەی بەوەدا، باڵیۆزخانەی عێراق لە تەڕابلوس لەم کاتە سەختەدا هاوخەمی قووڵی خۆی ئاراستەی خانەوادەی کۆچکردوو دەکات و داوا لە تەواوی خێزانەکان دەکات کە ڕێگە بە منداڵەکانیان نەدەن ڕێگەی کۆچی نایاسایی بگرنەبەر، چونکە ئەوە دەیانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی یاسایی و مەترسیی. سەحاف گوتیشی: باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە تەڕابلوس پێشتر ڕێکارەکانی گەڕاندنەوەی (41) کۆچبەری تەواو کردووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ناو لیبیا، ئاماژەی بەوەدا: باڵیۆزخانەکە کاری بۆ دابینکردنی بلیتەکانی گەشت و گەڕاندنەوەی کۆچبەران بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بۆ عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە لە بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە. سەحاف ڕایگەیاند: باڵیۆزخانەی عێراق ژمارەی تەلەفۆنی تەرخان کردووە بۆ ئەوەی خێزانی کۆچبەران بتوانن لە سەلامەتی کوڕەکانیان دڵنیا ببنەوە.

منداڵێکی سێ مانگە لە لایەن دایک و باوکییەوە بە هۆی هەژاری زۆر و نەتواین لە دابین کردنی خەرجەکانی ژیان، لە شاری کرماشان لەڕۆژهەڵاتى کوردستان بە نرخی ٢٥٠ میلیۆن تمەن بە بنەماڵەیەکی دیکە فرۆشتراوە. بە پێی ڕاپۆرتێکى ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم هەفتەیەدا منداڵێکی سێ مانگە لە شاری کرماشان کە ناسنامەکەی لە لای ئەوان (هەنگاو) پارێزراوە، لە لایەن بنەماڵەکەیەوە بە نرخی ٢٥٠ میلیۆن تمەن فرۆشراوە. ئەم مامەڵە پاش بڵاو کردنەوەی ڕیکلامی فرۆشتنی منداڵ لە ماڵپەڕی ئینتێرنتی کڕین و فرۆشتن «دیوار» جێبەجێ کراوە. بنەماڵەی فرۆشیار کە خەڵکی ناوچەکانی دەورووبەری شاباد بوونە و لە ئێستادا لە کرماشان نیشتەجێن، بە هۆی کێشەی زۆری ئابووری و کەم داهاتی لە سەرپەرشیاری، ناچار بوون منداڵەکەی خۆیان بفرۆشن. بنەماڵەی کڕیاریش دانیشتووی کرماشانن و بە هۆی منداڵ نەبوون لە ساڵەکانی ژیانی هاوسەرگیرییاندا، هەوڵیان بۆ کڕینی ئەم منداڵە داوە. بە وتەی سەرچاوەکان، ئەم مامەڵە بە بێ چاودێری فەرمی ناوەندە دەوڵەتییەکان و پشتگیرییەکان جێبەجێ کراوە و هەتا ئێستا هیچ جۆرە پەیگیریی یا کاردانەوەیەکی خێرا لە لایەن بەرپرسان ڕووی نەداوە. دیاردەی فرۆشتنی منداڵ لە ئێران لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا، لە پێناو هەژاریی بەریندا، تۆماری ئابووریی و نەبوونی سیستەمی پشتگیری کاریگەر بۆ بنەماڵە لاوازەکان، بە شێوەیەکی نیگەرانکەر ڕوو لە زیاد بوونە. ڕاپۆرتەکان لە شارە جیاوازەکان وەک مەشهەد، تاران و ئەهواز دەری دەخەن کە ئەم دیاردە ئیتر پەیوەندیی بە ناوچەیەکی تایبەتەوە نییە و بووەتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی. سەرەڕای هەبوونی ئاگادار کردنەوەیەکی زۆری شارەزایان و تەنانەت دانپێدانانی فەرمی ڕێکخراوی خۆشبژێوی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای فرۆشتنی منداڵ نموونەیەکی ئاشکرای قاچاخی مرۆڤە، دەزگای دادوەریی و ناوەندە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی نە تەنیا کاردانەوەیەکی کاریگەر و مرۆڤییان نیشان نەداوە، بەڵکوو بە سەرکوتی ناوەندە مەدەنییەکان و دەستبەسەر کردنی چالاکانی بواری پشتگیری لە منداڵان، ڕێگایان بۆ خراپتر کردنی ئەم قەیرانە ئاسان کردووەتەوە.

رۆژنامەی "جمهوریەت"ی توركی، دەڵێت: داواكەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا، لەبارەی سەردانی لیژنەكەی پەرلەمان بۆ ئیمرالی مشتومڕێکی بەرفراوانی لە ناوەندە سیاسییەكانی ئەنكەرە بەدوای خۆیدا هێناوە. رۆژنامەكە لە راپۆرتێكدا ئاماژە بەوەدەكات: بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەستیان کەوتووە، سەردانەکە لە کارنامەی لیژنەکەدا نییەو لەلایەن ئەندامانی لیژنەكەوە پشتیوانی ناكرێت، ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاران بە ئاشکرا دژی ئەوەن و دەڵێن ئەمە قبوڵ ناکرێت. راشیگەیاندووە، لە نێو ئەندامانی لیژنەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لەبارەی پێشنیازی سەردانی ئیمرالی نتمی (تحفط) یان هەيە، لە کاتێکدا هەندێکی تر  لە پەرلەمانتاران بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، هەندێکی تریشیان دەڵێن، هەنگاوێکی لەو شێوەیە لە دەرەوەی چوارچێوەی کاری لیژنەکەیە. هەندێكی تریش لە ئەندامانی لیژنەكە بەتوندی دژایەتی بیرۆکەی سەردانی ئیمراڵی دەکەن و دەڵێن، ئەمە ناكرێت، نە ئەرکی لیژنەکەیە و نە هەنگاوێکی سیاسی دروستە، ئەو پەرلەمانتارانەی ئەم بۆچوونەیان هەیە، ئاماژە بەوەدەكەن، سەردانێکی لەو شێوەیە گومان لەبارەی شەرعیەتییەکەی دروست دەکات و رەنگدانەوەی لەسەر کاری لیژنەکە دەبێت. بەگوێرەی رۆژنامە توركیەكە، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی داو گەشەپێدان دەرگاکەی بە تەواوی دانەخستووەو رایگەیاندووە، هێشتا هیچ سەردانێک پلانی بۆ دانەنراوە، بابەتەکەشی بۆ هەڵسەنگاندنی لیژنەکە جێهێشتووە، ئەمەش ئەو بڕوایە بەهێزتر دەکات کە پرۆسەکە لە ئاستێکی تەکنیکیدا بەرەوپێش دەچێت نەک سیاسی. دوابەدوای لێدوانەکەی باخچەلی، لە پشت پەردەوە پرسیارێکی دووبارەبووەوە دەكرێت: ئایا باخچەلی ئەم پێشنیازەی وەک بانگهێشتێکی راستگۆیانە پێشکەش کردووە، یان ئەم لێدوانەی بۆ فشارخستنە سەر حکومەت و لیژنەکە داوە؟.

  123 پالێتی کاخەزی دەنگدان گەیشتە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و زۆترینیان نێردراوە بۆ پارێزگای سلێمانی، کۆی کاخەزی گەیشتووی دەنگدان نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار کاخەز دەبێ. نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆمەڵێک کەلوپەل لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراون پێویستیی هەڵبژاردنن، بەڵام گرنگترینیان کاخەزی دەنگدانە، شەوی دووشەممە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان." کاخەزی دەنگدان لیستێکە ناو و لۆگۆی هەموو حیزب و بەربژێرە سیاسییەکانی لەسەرە، دەنگدەر بەبژێر و حیزبی دڵخوازی خۆی تێیدا هەڵدەبژێرێت، کۆمیسیۆن تاوەکو رۆژی دەنگدان ئەو کارتانەی دەنگدان لای خۆی دەپارێزێت، پێش ئەوەی لە رۆژی دەنگداندا بەسەر دەنگدەراندا دابەش بکرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق 123 پالێت کاخەزی دەنگدانی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، هەر پالێتێک هەزاران کاخەزی تێدایە. کاخەزەکان بەگوێرەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەشکراون، کۆی گشتیی کاخەزە نێردراوەکانی دەنگدان بۆ هەرێمی کوردستان  3 ملیۆن و 497 هەزار و 650 کاخەزن.  ژمارەی ئەو کاخەزانەی بۆ پارێزگاکان نێردراون: پارێزگای هەولێر: 1,257,65 پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە: 1,361,600 پارێزگای دهۆک: 878,400 بڕیارە 11ـی تشرینی دووەم هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، موزەفەر عەبدولڕەحمان، بەرپرسی هەماهەنگیی ئەمنیی کۆمیسیۆن لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 5ـی تشرینی دووەم قوتابخانەکان لە وەزارەتی پەروەردە وەردەگرین و هێزە ئەمنییەکان بەسەر قوتابخانەکاندا دابەشدەکرێن بۆ پاراستنی کاخەزەکان و ئاسایشی رۆژی دەنگدان." بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 21.4 ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن دەنگ بدەن کە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە. دەنگدان بۆ هەڵبژاردن بە سیستمی ئەلیکترۆنی و لە رێگەی کارتی بایۆمەترییەوە دەبێت.

هێزەکانی سوریای دیموکرات پێشوازییان لە شاندێکی حکومەتی سوریا لە شاری تەبقە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاکردووە، ڕایانگەیاند ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی هێزەکانی حکومەتیان ڕادەستکردوەتەوەو ئەمەش "وەک ئاماژەیەک بۆ نیازپاکی".  لە بەیاننامەیەکدا، هێزەکانی (هەسەدە) ڕایگەیاند، لیژنەیەکی سەربازی هێزەکانیان  پێشوازییان لە شاندێکی حکومەتی سوریا کردوە لە شاری تەبقە کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریادایە.  لە کۆبوونەوەکەدا باس لە "ئەو گرژییانەی لە دەوروبەری گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە حەلەب ڕوودەدەن، و ڕێگاکانی چارەسەرکردنی ئاشتیانەیان بە شێوەیەک کە گەرەنتی ئاسایش و سەقامگیری دانیشتووان بکات و ڕێگری لە هەر جۆرە پەرەسەندنێکی مەیدانی بکات"، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە.  هەسەدە ئاماژەی بەوەدا کە "ژمارەیەک دەستگیرکراوی هێزەکانی حکومەتی دیمەشقیان ڕادەستکردووە، کە لەم ماوەیەی دواییدا لە شوێنی جیاواز دەستگیرکراون، وەک ئاماژەیەک بۆ نیازپاکی". لە میانی کۆبوونەوەکەدا، لیژنەی هەسەدە  "پابەندبوونی بەردەوامی خۆی بە پەسەندکردنی چارەسەری ئاشتیانە و پاراستنی سەقامگیری و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەموو بوارەکاندا" دووپاتکردەوە.  بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکان، شاندەکەی سوریا سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە و بریتین لە محەمەد عەبدولغەنی فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب و سەراقە عاموری بەرپرسی ئاسایشی گشتی ناوچەی عەفرین. ڕۆژێک پێشتر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئەسەییش) لە حەلەب، "بەردەوامی هێرش و ئیستفزازی هێزەکانی حکومەتی کاتی و چەکدارەکانیان" ئیدانەی کرد، بە ئاماژەدان بە هێزەکانی حکومەت. 

بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایانی زانكۆ، نووسه‌ران، رۆژنامه‌نووسان، ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندان و وه‌رزشوانان كۆبووه‌وه و تێیدا هیوای خواست: هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی عێراق بكه‌وێته‌ سه‌ر ڕێی ڕاست و گوتی: هێشتا فه‌رهه‌نگی حكوومه‌تی مه‌ركه‌زی زاڵه‌ به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ له‌ به‌غدا. ‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ 20ی تشرینی یەکەمی 2025 له‌ شاری هه‌ولێر، سه‌رۆك مەسعود بارزانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایانی زانكۆ، نووسه‌ران ، رۆژنامه‌نووسان، ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندان و وه‌رزشوانانی كوردستان كۆبووه‌وه‌.  بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆك بارزانی گوتاریكی پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرد و خۆشحاڵیی خۆی به‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ده‌ربڕی و باسی له‌ ڕه‌وشی ئێستا و بابه‌تی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد. له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند: هه‌ڵبژاردن پڕۆسه‌یه‌كی دیموكراسییه‌‌ و گه‌ل ده‌بێ خۆی بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆی بدات و به‌ ئازادانه‌ نوێنه‌رانی خۆی هه‌ڵبژێرێت. سه‌رۆك بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌ به‌ نیسبه‌تی ئێمه‌، هه‌ڵبژاردن مه‌سه‌له‌یه‌كی مه‌بده‌ئییه‌ و بڕوامان پێیه‌تی، له‌ كاتی راپه‌ڕین له‌ مانگی ئاداری ساڵی 1991 له‌ كۆیه‌ من ئه‌و كات داوام كرد كه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت، بۆیه‌ به‌ نیسبه‌ت ئێمه‌ شتێكی مه‌بده‌ئییه‌. هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ئازاد له‌ 1992 له‌ كوردستان ئه‌نجام درا و بووه‌ بناغه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان دابمه‌زرێن، له‌ عێراقیش بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژووی ئه‌و وڵاته‌دا له‌ ساڵی 2005 یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ئازاد كرا دوای ئه‌وه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستوورێك بۆ ئه‌م وڵاته‌ رێككه‌وتین. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رۆك بارزانی سه‌رباری خستنه‌ڕووی تێبینییه‌كانی له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق دوای‌ ساڵی 2010‌، رایگه‌یاند: له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ین.  سه‌رۆك بارزانی هیوای خواست ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی عێراق بكه‌وێته‌ سه‌ر ڕێی راست و كار به‌ ده‌ستوور بكرێت. له‌باره‌ی خه‌بات و قوربانیدان و ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند: له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێم كه‌س منه‌تی به‌ ئێمه‌ نه‌كردووه‌ و كه‌سیش ناتوانێت منه‌ت له‌سه‌ر ئێمه‌ بكات، ئه‌مه‌ به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدانه‌، به‌رهه‌می فرمێسكی دایكی شه‌هیدانه‌، به‌رهه‌می ڕه‌نجی ئه‌م میلله‌ته‌یه‌.  هه‌ر له‌ وتاره‌كه‌یدا، سه‌رۆك بارزانی باسی له‌ قۆناغی عێراقی نوێی دوای 2003 كرد و رایگه‌یاند: له‌ دوای 2003 ئێمه‌ به‌ ئیراده‌یه‌كی به‌هێز و نیه‌تێكی زۆر زۆر پاك چووینه‌ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی عێراقێكی تازه‌ دروست بكرێت و هه‌موو هه‌وڵێكمان دا تا گه‌یشتینه‌ 2005 و ئه‌و ده‌ستووره‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌.  سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند: ئه‌و ده‌ستووره‌ ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌موو تموحی ئێمه‌ی تێدا بێت، به‌ڵام ده‌ستوورێكه‌ به‌شی ئه‌وه‌ شتی ئیجابی تێدایه‌ كه‌ ئێمه‌ پێی ڕازی بین و پشتیوانیی لێبكه‌ین، ئێستاش ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ستووره‌ جێبه‌جێ بكرێت، ده‌ستوورێكی باشه‌.  سه‌رۆك بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌ستووره‌ جێبه‌جێ كرابا، نه‌ له‌ شوێنه‌كانی تری عێراق و نه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، زۆرێك له‌و كێشانه‌ ڕوویان نه‌ده‌دا.  هاوكات سه‌رۆك بارزانی ڕایگه‌یاند: به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بینیمان، هێشتا فه‌رهه‌نگی حكوومه‌تی مه‌ركه‌زی زاڵه‌ به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ له‌ به‌غدا. جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌متر له‌ ده‌ستوور قبووڵ ناكه‌ین.  سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی نه‌وت و رێككه‌وتنی ئێستای سێقۆڵی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدراڵ و كۆمپانیاكانی نه‌وت، سه‌رۆك بارزانی هیوای خواست ئه‌م رێككه‌وتنه‌ سه‌ربگرێت و ببێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ یاسای نه‌وت و گاز و ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.  هه‌روه‌ها له‌باره‌ی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، سه‌رۆك بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌ ئه‌و مافانه‌ ئه‌مانه‌تێكن خوێنیان بۆ دراوه‌ و هه‌زاران ڕۆڵه‌ی ئازیز خوێنیان بۆ ڕشتووه‌.  هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی بڕینی بودجه‌ و مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان رایگه‌یاند: لای من و له‌ لای هه‌موو كوردێكی دڵسۆز و ئه‌وه‌ی كه‌مێك ویژدانیشی هه‌بێت، ئازاری نانبڕینی خه‌ڵكی كوردستان كه‌متر نه‌بووه‌ له‌ ئه‌نفال و كیمیاباران. سه‌رۆك بارزانی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا ڕووی له‌ ئاماده‌بووان كرد و پێی ڕاگه‌یاندن، چۆن پێشمه‌رگه‌ تیرۆریستانی داعشی تێكشكاند، ئێوه‌ش به‌ پێنووس و هزر و بیری خۆتان، به‌ هه‌وڵ و ماندووبوونی خۆتان ده‌بێ شه‌ڕی ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ نامۆیه‌ بكه‌ن كه‌ خه‌ریكه‌ له‌ كوردستان بڵاوده‌بێته‌وه‌ كه‌ تاكی كورد بڕوای به‌خۆی نه‌مێنێت و گه‌نجی كورد سۆز و ئینتیمای بۆ نیشتمانه‌كه‌ی نه‌مێنێت. سه‌رۆك بارزانی هه‌روه‌ها ئاماژە‌ی به‌وه‌ دا، هه‌وڵ ده‌درێت نه‌هێشتنی بیری نه‌ته‌وه‌یی و نائومێدی له‌ناو میلله‌تی ئێمه‌دا بڵاو بكه‌نه‌وه‌، ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی كه‌ ئێمه‌ هه‌مانه‌ و شانازیی پێوه‌ ده‌كه‌ین كه‌ پێكه‌وه‌ژیانه‌، خه‌ریكه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ش نه‌هێڵن، بۆیه‌ ده‌بێ هه‌مووان ڕووبه‌ڕووی ئه‌م پیلانه‌ ببنه‌وه‌ و نه‌هێڵن سه‌ربگرێت. هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی باسی له‌ پێشكه‌وتنه‌كانی كوردستان كرد له‌ بواره‌كانی په‌روه‌رده‌، خوێندنی باڵا، ئاوه‌دانی، كاره‌با، ڕێگه‌وبان و دروستكردنی به‌نداو و پۆنده‌كان. باسیشی له‌ گرنگی و بابه‌خی پاراستنی ژینگه‌ و ژینگه‌پارێزی كرد و داوای كرد هه‌موو لایه‌ك هاوكار بن له‌ زیاتر به‌ره‌وپێشبردنی ژینگه‌پارێزی و پاراستنی سروشتی كوردستان . سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌ گرنگیی دروستكردنی به‌نداوه‌كان كرد و ڕایگه‌یاند، دروستكردنی ئه‌مانه‌ كاریگه‌ریی زۆریان هه‌یه‌ له‌ پاراستنی ئاو و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ئاو له‌ داهاتوودا و ده‌بێ كارێك بكه‌ین خه‌ڵكی كوردستان تووشی كێشه‌ی بێ ئاوی نه‌بێت و ده‌بێ سیاسه‌تێكی ڕاست و دروستی به‌ڕێوه‌بردنی ئاو هه‌بێت. له‌باره‌ی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، سه‌رۆك بارزانی داوای كرد كه‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ به‌ ئارامی و هێمنی و دوور له‌ توندوتیژی به‌ڕێوه‌ بچێت و نابێ رێگه‌ بدرێت هیچ شتێكی خراپ ڕوو بدات، هه‌ر كه‌سێكیش ئازاده‌ بانگه‌شه‌ی خۆی بكات و ده‌نگ به‌ كێ ده‌دات. راشیگه‌یاند: سیاسه‌تی پارتی و سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ ژێرخانێكی ته‌واو له‌ هه‌موو بواره‌كاندا بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو بنیات بنێت و ده‌بێ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ له‌ خزمه‌تی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئایینده‌یه‌كی خۆش و گه‌ش و ته‌ندروست بۆ میلله‌ته‌كه‌مان ده‌سته‌به‌ر بكرێت. له‌باره‌ی ڕه‌وشی ناوخۆی كوردستان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت، سه‌رۆك بارزانی ڕایگه‌یاند: له‌ دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن داوامان له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان كرد حكوومه‌تی بنكه‌فراوان پێك بهێنرێت، به‌ڵام هه‌ندێكیان نه‌هاتن و هەندێكیان گوتیان ده‌بینه‌ ئۆپۆزسیۆن، ئه‌مه‌ مایه‌وه‌ له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی. سه‌رۆك بارزانی ڕایگه‌یاند، له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی كاری حكوومه‌ت ڕێككه‌وتنی زۆر باش كراوه‌ و به‌رنامه‌یه‌كی زۆر ڕێكوپێكه‌، پێویسته‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌به‌رچاو بگیرێت و هه‌ر لایه‌نه‌ به‌ پێی ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردنی خۆی پۆست وه‌ربگیرێت و هیوای خواست كه‌ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش ڕێككه‌وتن بكرێت و بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێك بهێنرێت.

شاره‌زایه‌كی بواری كه‌شناسی رایگه‌یاند، سبه‌ی شه‌پۆلێكی باران بارین و هه‌وره‌ بروسكه‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌و هۆشداریش ده‌دات له‌ دروستبونی لافاوی خێرا له‌ هه‌ندێك شوێنی پارێزگای دهۆك.  ئاراس جه‌بار، شاره‌زای بواری كه‌شناسی، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، سبەی سێشەممە کاریگەری شەپۆلەکەی دەریای ناوەڕاست دەگاتە ناوچەکانمان و لەکاتەکانی نیوەڕۆوە ئاسمانی هەرێم بە زۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور و هەوری تەواو لەگەڵ دەستپێکردنی تاوە باران و هەورە بروسکە لەناوچە جیاجیاکانی سنوری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی راپەرین و لە سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و کەرکوک و هەڵەبجە ئاسمان بە زۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور و لەهەندێ شوێندا هەورە بروسکە چالاک ئەبێت لەگەڵ بارینی نمە باراندا. وتوشیه‌تی، سبه‌ی پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ، 2 پلە نزم دەبنەوە و خێرایی با مامناوەند ئەبێت. ئه‌و شاره‌زایه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، لە کاتەکانی نێوان سبەی شەو بۆ بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، کاریگەری ئەو ناجێگیرییە لەسەر ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکە زیاتر ئەبێت، بۆیە هۆشداری ئەدەین لە دروستبون و چالاکبونی کەڵەکە هەوری بە بروسکەی بەهێز و هەروەها ناوبەناو تەرزە و بارانێکی بەخوڕ و زۆر ئەبارێت کە ئەمەش ئەبێتە هۆی دروستبونی لافاوی خێرا لە هەندێ شوێنی پارێزگاکەو پێویستە هاوڵاتیان لەو ناوچانەدا ئاگاداربن. ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، لەناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا ئەگەری هەورە بروسکە و بارانێکی کەمی پچڕپچڕ ئەبێت، دواتر لە رۆژی چوارشەممە بەشێوەی ناوخۆیی هەورە بروسکە و تاوە باران لەهەندێ شوێندا  چالاک ئەبێتەوە و کاتەکانی ئێوارە کۆتایی پێدێت . ئاراس جه‌بار هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌، لەکۆتایی ئه‌م مانگه‌دا بۆ سەرەتای مانگی 11، پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی دیکەی هەورە بروسکە و بارانبارین بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەکەین.

مەسرور بارزانى ڕلیدەگەیەنێت، پارتی بەهێزترین و گەورەترین پارتی سیاسیە لەسەر ئاستی کوردستان،دەمانەوێت بیسەلەمێنین کە لەسەر ئاستی عێراقیش بەهێزترین و گەورەترینە. بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە شاری هەولێر کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.  لە وتارێکدا مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی وتی، هەموومان خۆمان ئامادە دەکەین بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە و بۆ سەرکەوتنێکی دیکەی پارتی. جێگری سەرۆکی پارتی ڕایگەیاند "سەرەڕای ئەو هەموو قەیرانانەی بۆ ئێمە دروست کران، هەموو ئەو پلانانەی لە ناوخۆ و دەرەوە بۆ ئێمە داڕێژران، ئێمە بە پڕۆژە و دەستکەوت وەڵامی ناحەزانمان دایەوە. ئەمانە دەسکەوتی خۆتانن و پێویستە شانازی بەخۆتانەوە بکەن." چەند پەیامێکى دیکەى مەسرور بارزانى بەکورتى.. ٠ لەسەر ئاستی عێراق ڕێگری لە پێشکەوتنەکانی کوردستان کراوە. ٠ نەیانتوانیوە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان بووەستێنن. ٠ بەرگری لە مافی هەموو پێکهاتەکان دەکەین. ٠ هەموو هەوڵێک بۆ بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دراوە. ٠ بەشێکی زۆری ناوچەکانی عێراق بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن. ٠ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەرکە لەسەر بەغدا. ٠ ئاسایش و سەقامگیری لەهەرێمی کوردستان نموونەی نییە. ٠ کوردستان یەکێکە لە سەقامگیرترین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ٠ کوردستان بووەتە پەناگەیەک بۆ هەموو ئەوانەی لە تووندڕەوی ڕادەکەن.

بافڵ تاڵەبانی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی یەكێتیدا لە هەڵەبجە ڕایگەیاند: ناهێڵین غازەكە بخۆن هەموو لەناوچەی ئێمەیە، بۆیە كارەبای 24ی كاتژمیریی هەیە. ئەمڕۆ دووشەممە لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەهەڵەبجە وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لە گرنگی و پێگەی تایبەتی هەڵەبجە کردەوە و بەڵێنی دا کە نوێنەرانی یەکێتی لە بەغداد دەبنە پشتیوان و هێزی خەڵکی ئەو شارە. لەبەشێکى وتارەکەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی باسى لە پرۆژەى کارەباى ٢٤ کاتژمێرى کرد، وتى: بەرنامەو پشتیوانى هەموو حزبەکان بوو بۆ ئەو کارەبایە، نەمانهێشت غازەکە ببەنە دەرەوە، بۆیە کارەبا بووە 24 کاتژمێریی. سەرۆکی یەکێتی ئاشکرایکرد کە بیرۆکەی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە خەونێکی دێرینی مام جەلال، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی بووە و گوتی: "پڕۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە ساڵی 1999ەوە لای مام جەلال گەڵاڵە بوو." ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە "هەڵەبجە دەبێت وەکو شوێنەکانی دیکە خزمەت بکرێت" و ڕایگەیاند: "پارەیەکی زۆر لە بەغداد هەیە و دەبێت ئەو پارەیە لێرە، لە هەڵەبجە و هەرێمی کوردستان، خەرج بکرێت.

ئەمڕۆ ساڵڕۆژی ئازادکردنی شاری ڕەققەی سوریایە لەژێر دەستی داعش لەلایەن شەڕڤانانەوە و هەسەدەش ڕایدەگەیەنێت: ڕێگە بە گەڕانەوەی هیچ جۆرە تیرۆرێک نادەن و سازش لەسەر خوێنی شەهیدانی ئازادیی ناکەن لە بەرامبەر دوژمنانی ئازادیی. ئەمڕۆ 20ی تشرینی یەکەم هەشت ساڵ بەسەر ئازادکردنی شاری ڕەققەی سوریایە پایتەختی خەلافەتەکەی داعشە، لەسەر دەستی شەڕڤانان لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە ساڵڕۆژەکەشدا هێزەکانی سوریای دیموکرات- هەسەدە- پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: شەڕڤانانی نێر و مێ و تەواوی پێکهاتەکان پێکەوە پایتەختی خەلافەتێکی مەترسیدار و تاریکپەرستیان لەناوبرد و سەرکەوتنێکی مێژوییان تۆمارکرد. هەسەدە: ڕەققە سەردەمێک پایتەختی تیرۆر بوو، بەڵام ئێستا هێمای ڕزگاریی و پێکەوژیانە و خواست و نەبەزیی گەلانی ناوچەکەیە، سەرکەوتنەکە بە خوێنی شەهیدان نوسراو و پیرۆزکراوە و بەو جۆرە دەمێنێتەوە. هەسەدە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە، شکۆی مرۆڤ لەسەرو هەموو شتێکەوەیە و ناهێڵن دوژمنانی ئازادیی یاریی بە چارەنوسی گەل بکەن، بە هیچ جۆرێک ڕێگە بە گەڕانەوەی تیرۆر نادەن لەژێر هەر ناو و بەرگێکدا بێت، هیچ کاتیش سازش لەسەر خوێنی شەهیدان و ئامانجەکان ناکەن...