وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم، لەئەمشەوەو کێشەى ئاوى خواردنەوەو کارەباى سنورى قەزاى چەمچەماڵ چارەسەرکراوەو ئاسایی بۆتەوە. وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەندراوێکیدا دەڵێت: ئەمڕۆ 2025/12/11  بۆ دووەم رۆژ دوای   كاركردنێكی قورس  لە لایەن هۆبەی چاكسازیی هێڵەكان  و ئامێرەكانی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی كارەبای سلێمانی كێشەی هێڵی 33 كەی ڤی (چەمچەماڵ- شۆڕش)  چارەسەركرا. وەزارەتی كارەبا ئەوەش دەخاتەڕوو ئەوەی چارەسەركرا بریتیبوو لە   گۆڕینی  دوو سێت فنجان و  دوو جەمپەر لەگەڵ  دوو سێت بازباڕ،  بەمەش هەردوو لاینی هێڵەكە  گەڕایەوە دۆخی ئاسایی  خۆی و كارەبا بۆ تەواوی قەزای  چەمچەماڵ گەڕایەوە. سەرۆکی لیژنەی فریاگوزاریی قەزای چەمچەماڵ دەڵێت، دوای 36 کاژێر لە بڕانی، سبەی ئاو دەگاتەوە قەزاکە. ئاماژە بەوەش دەکات، لە دوو رۆژی داهاتوودا پاککردنەوەی گەڕەک و کۆڵانەکانی چەمچەماڵ لە پاشماوەی لافاو، تەواو دەبێ. ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-12-2025، عەتا محەممەد، سەرۆکی لیژنەی فریاگوزاری و گەشەپێدانی مرۆیی قەزای چەمچەماڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە زیانەکانی لافاو رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی جێگری سەرۆکوەزیران، دوو لیژنە بە مەبەستی فریاگوزاری و دەستنیشانکردنی لایەنی کەمتەرخەم لەکاتی روودانی لافاوەکە، هەروەها گەشەپێدانی قەزای چەمچەماڵ لە درێژخایەندا، پێکهێنراون. بەگوتەی عەتا محەممەد، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی چەمچەماڵ، سەرەتا دەست بە پاککردنەوەی پاشماوەی لافاوەکە دەکرێ، ''بۆیە ئەمڕۆ لیژنەیەکی تایبەت لەگەڵ سەرۆکایەتیی شارەوانی، بە 110 ئامێر و 250 کرێکار لە چەمچەماڵ، شۆڕش، تەکیە، ئاغجەلەر و گۆپتەپە دەستیان بە کار کردووە و تاوەکو پاککردنەوەی تەواوی ماڵەکان، گەڕەک و کۆڵانەکان، لە کارکردن بەردەوام دەبن.''  وەک سەرۆکی لیژنەی فریاگوزاری و گەشەپێدانی مرۆیی قەزای چەمچەماڵ دەڵێت، بەیانی یان دووبەیانی، پاککردنەوەی ماڵ، گەڕەک و کۆڵانەکان تەواو دەبێ و دواتر دەست بە پاککردنەوەی شوێنە گشتییەکان و شەقامەکان دەکرێ. جیا لە لایەنە حکومییەکان، ژمارەیەک رێکخراوی مەدەنی و خێرخوازی پاڵپشتیی خۆیان بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە و گەیاندنی هاوکاری دەربڕیوە. عەتا محەممەد ئاماژەی دا، ''هەر دوو یان سێ رێکخراو نێردراونەتە زۆنێکەوە، بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو کەرەستە و پێداویستییانەی هێناویانە، دادپەروەرانە بەسەر ماڵەکاندا دابەش بکرێن کە پێکهاتوون لە راخەر، کەلوپەلی نێوماڵ، سۆپا، نەوت، جلوبەرگ، دۆشەک، بەتانی و سەرین.'' سەرۆکی لیژنەی فریاگوزاری و گەشەپێدانی مرۆیی چەمچەماڵ ئەوەشی خستەڕوو، دوێنێ ژمارەیەک رێکخراو پارەیان بەسەر زیانلێکەوتوواندا دابەش کردووە، ''بەڵام لەبەر ئەوەی هەستمان کرد پڕۆسەکە کێشەی تێدایە، داوامان کرد پێداچوونەوە بە پلانەکانیاندا بکەن و بەگوێرەی لیستی زیانلێکەوتووان کە لە گەڕەکەکان تۆمار کراون، کار بکەن.''

زیانی لافاوەکە چی بوو؟ کێ قەرەبوویان دەکاتەوە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی. لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەڵام لە رۆژی سێشەممە شەپۆلەکە هێندە چڕبوو کە بووە هۆی لافاوێکی گەورە، بەتایبەتی لەسەر چەمچەماڵ. بە گوێرەی ئاماری کەشناسی لە 24 کاتژمێردا 120 ملیمەتر باران باریوە. لافاوەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس. یەکەمیان، کچێکی تەمەن 22 ساڵ بوو بەناوی بۆکان بەشارەت کە خاوەن پێدوایستی تایبەت بوو. بەشارەت شەریفی باوکی دەڵێت: هەموو شت لەناکاو بوو، سێ منداڵم بە باوەش رزگار کرد ئیدی ئاگام لە بۆکان نەما، وامزانی لەگەڵ منداڵەکانی دیکەیە، بەڵام وانەبوو. قوربانییەکی دیکە، عومەر سەعید ئەمینە، بەگوتەی هاوڕێکانی چووە بۆ نوێژکردن و لە کاتی نوێژدا گوتییەتی: مردن و ژیان بەدەست خودایە با نوێژەکەمان بکەین. کوڕەکەی بە دڵی پڕەوە دەڵێت، دوای نوێژ بە تەنیشت دیواری مزگەتەکەدا هاتووەتەوە، لەوکاتەدا لافاو دیواری مزگەوتەکەی بەسەردا رووخاندووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا. زیانە مادییەکانیش زۆر بوون بەجۆرێک لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش ئاو چووەتە زیاتر لە 600 ماڵ. سەدان ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوتووە و لافاو بردوونی. دەیان کەسیش، کە منداڵیشیان تێدایە، بە زەحمەتییەکی زۆر لە لافاوەکە رزگار کران. کاریگەرترین دیمەنیش، کە کاردانەوەی زۆری بەدوادا هات، رووخانی دیواری قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی بوو لە ناحیەی تەکیە کە لافاو چووە نێو پۆلەکان و لە ماوەی چەند چرکەیەک ئاو گەیشتە سەریان. دواترمامۆستاکان بە باوەش و زەحمەتییەکی زۆر قوتابیانیان رزگار کرد. کەرکوکیش بەبێ زیان لەم لافاوە دەرنەچوو. شەوی رابردوو لە گەڕەکی شۆراو لافاو چووە نێو چەند ماڵێکەوە و ژنێک لە کاتی هەوڵدان بۆ رزگاربوون لە لافاو دەست بە ستوونێکی کارەباوە دەگرێت و بەهۆی شۆڕتی کارەباوە گیان لەدەستدەدات. کارمەندێکی شارەوانیش بە هەمان شێوە لە کاتی پاککردنەوەی جۆگە و رێڕەوەکان کارەبا دەیگرێت و بریندار دەبێت و لە کەلاریش منداڵێکی تەمەن 12 ساڵ بەناوی هەردی عومەر لە ئاوی پردی گازینۆ خنکا. زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە؟ زیانە مادوییەکان بە تەواوی دەستیشان نەکراون، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان بە زیاتر لە 10 ملیار دینار مەزەندە دەکرێت. رەمک رەمەزانی، قایمقامی قەزاکە گوتی، با راشکاو بم لەگەڵتان ئەگەر لە چەند ملیار دینارێک زیاتر بێت ناتوانین قەرەبوویان بکەینەوە. قوباد تاڵەبانیش کە دوێنی سەردانی زیانلێکەوتوانی کرد، گوتی لێپێچینەوە دەکەین و چاوپۆشی لەکەس ناکەین، هەر کەس کەمتەرخەم بێت سزای دەدەین. بەڵام خەڵکی قەزاکە قسەیەکی دیکەیان هەیە و دەڵێن، پۆندێک لە بانی مەقان دروستکراوە، لەسەر پۆندەکە زیادەڕۆیی کراوە و ئاڕاستەی لافاوەکەی گۆڕیوە بەرەو چەمچەماڵ و شۆرش، هەربۆیە لافاوەکە لەماوەی کەمدا دروستبووە.

مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ عێراق دابەش دەکرێت و هیچ گرفتێکی لەسەر نییە، تەنها ئەوەی دەمێنێتەوە دیارنەبوونی چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 11 و 12 کە دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.  مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا تەنها مووچەی 9 مانگیان لەلایەن بەغداوە بۆ خەرجکراوە، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییە یاساییەکانی خۆی بەرامبەر عێراق جێبەجێ کردووە.  بەهۆی نەناردنی مووچەی مانگەکانی 11 و 12، مووچەی چەند مانگێکی بەشێکی فەرمانبەران و خانەنشینان دوادەکەوێت و بەستنی مووچەیان لێ ئاڵۆز دەبێت. - بۆ نموونە؛- ئەو فەرمانبەرانەی بە هەر هۆکارێک مۆڵەتیان کردووە، مامۆستایەک مۆڵەتی دایکایەتی کردووە، مانگی نۆی ئەمساڵ دەستبەکاربووەتەوە، بەڵام ناوەکەی لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی 11 نێردراوە، ئەمەش بەهۆی دواکەوتنی ناردنی مووچەیە لە بەغدا. - ئێستا مووچەی چوار مانگ وەرناگرێت، نۆ، دە، یانزە و دوانزە، چونکە مووچەی مانگی 11 نانێردرێت، یەکەم مووچە مانگی یەک وەردەگرێت. - نموونەیەکی تر، خانەنشینێک مانگی هەشتی ئەمساڵ خانەنشین بووە، دۆسیەکەی مانگی 11 تەواو بووە، ناوی لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی 12 دەنێردرێت، ئەم خانەنشینەش بەهەمانشێوە هیچ مووچەیەکی ئەمساڵی وەرناگرێت. وەزارەتی دارایی کوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند؛ مووچەی مانگەکانی 11 و 12 یان هاوشێوەی فەرمانبەران دەبێت، ئەگەر بەغدا بینێرێت دابەش دەکرێت ئەگەرنا هیچ. - بۆ مووچەی مانگەکانی پێشتر هەشت و نۆ و 10، ئەوانەی وەریان نەگرتووە، نووسراوێک دەکەین بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت قەرەبوو بکرێنەوە، ئەو مووچانەیان نافەوتێت بەڵام دوادەکەوێت دەبێت.

بەنداوەكانی هەرێم 250 ملیۆن مەترسێجا ئاویان كۆگ اكردووە و كۆی ئاوی كۆگاكراو 700 ملیۆن مەترسێجایە. پێنجشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان، بە كوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەهۆی بەنداوەکانی هەرێمەوە توانراوە 250 ملیۆن مەترسێجا ئاو کۆگا بکرێت، عێراق بەو بڕە ئاوەی لە هەرێم كۆگا كراوە توانیویەتی 700 ملیۆن مەترسێجا ئاو گل بداتەوە.  بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەكان، كەمترین بڕی ئاوی كۆگاكراو لە بەنداوی دهۆك بووە. لای خۆیەوە، وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو لە عێراق راگەیاندووە، بەهۆی بارانبارینی بەردەوامی چەند ڕۆژی ڕابردوو، توانراوە 700 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەكان كۆگا بكرێت، هەروەها دەریاچەكان بە 200 ملیۆن مەترسێجا بووژاونەتەوە. بەپێی زانیارییەکان و ڕاگەیەندراوەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان، لێزمە بارانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو کاریگەرییەکی زۆر ئەرێنی و گەورەی هەبووە لەسەر دۆخی ئاو. ئاستی ئاوی دەریاچە، پۆند و بەنداوەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بوونەتەوە بەراورد بە مانگەکانی پێشوو. هەروەها ئەم بارانە بەخوڕەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، وای کردووە ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەرز ببێتەوە، کە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پڕبوونەوەی بیرەکان و کانیاوەکان لە وەرزی بەهاردا. بە کورتی و بە پووختی، بەهۆی بارانی بە خووڕەوە، دەریاچە و بەنداوەکان "نەفەسێکیان هاتووەتەوە بەر" ئاوی کۆگاکراوی هەرێم بە شێوەیەکی زۆر باش زیادی کردووە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بۆ وەرزی هاوین کێشەی کەمئاوی کەم بێتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پەڵەی. راشیگەیاند، مەترسیی چاندن نەماوە و جووتیاران دەتوانن بەبێ خەم بەرهەمەکانیان بچێنن. رۆژی پێنجشەممە 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ شوێنێکی هەرێمی کوردستان نەماوە کە پەڵەی نەدابێت؛ بەهۆی دوایین شەپۆلی بارانبارینەوە لە هەموو ناوچەکان پەڵەی داوە." بەگوتەی هیوا عەلی، هەندێک ناوچەی دەوروبەری هەولێر، دەشتی هەولێر و بەشێک لە سلێمانی پەڵەیان نەدابوو، بەڵام لە شەپۆلی ئەمدواییە  لەو ناوچانەش پەڵەی داوە. لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. هیوا عەلی گوتی، "جگە لە بابەتی کشتوکاڵ، ئەم بارانە هەموو بەنداو و سەرچاوە ئاوییەکانی بوژاندووەتەوە. هەروەها مەترسیی دواکەوتنی چاندن لە هیچ شوێنێک نەماوە و بەراورد بە ساڵی رابردوو، بارودۆخی دانەوێڵە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان باشتر دەبێت."   بە شێوە زانستییەکەی پەڵە بەو شێوازە دیاریکراوە 'خاکەکە بەهۆی بارانبارینەوە بە قووڵایی 20 بۆ 30 سانتیمەتر تەڕ ببێت.' جووتیارانیش پەڵەدانیان بەو شێوەیە دیاریکردووە کە "ئەوەندە باران باری بێت لەکاتی کێڵانی زەویدا بە قووڵایی ئەو شوێنەی دەمی گاسنی پێدەگات و هەڵدەگێڕدرێتەوە، خاکەکە تەڕ بووبێت." مەرج نییە بارانی بەلێزمەی لەناکاو ببێتە هۆی پەڵەدان، چونکە دەکرێت نەچێتە نێو خاک و تەنیا لەسەر زەوی بمێنێتەوە یان بڕوات. بەگشتیش دەکرێت بارینی بەخوڕی هێواش لەنێوان 12 بۆ 20 کاژێر ببێتە هۆی پەڵەدان، چونکە ئەو کاتە خاک زۆرینەی ئاوی بارانەکە هەڵدەمژێت. ئەم ساڵ بەراورد بە پار لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بڕی باران بارین زیادی کردووە؛   ئەم ساڵ:  پارێزگای هەولێر: 124.51 ملم پارێزگای دهۆک: 188.58 ملم پارێزگای سلێمانی: 191.3 ملم  پارێزگای هەڵەبجە: 220.52 ملم پارێزگای کەرکووک: 114.9 ملم

بورهان رەشید گوڵە، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی: داوامان کردووە دۆسییەکەی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی رەوانەی دادگای تەمیز بکرێت. گوتیشی، لە دادگای تەمیزی هەولێر نووسراوێکی فەرمیمان ئاڕاستەی دەزگای ئاسایشی هەرێم کردووە، لە بەرواری 23ـی 10، بەڵام، دواتر ئاسایش گوتوویەتی، دۆسییەکەمان ونکردووە. ئێمەش دووبارە بۆمان ناردووەتەوە. هەروەها سەرۆکی تیمی پارێزەکان دەڵێت: هەست دەکەین کەیسەکە درێژ دەکرێتەوە و تائێستا دۆسییەکە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە.

خۆبەخشان و تیمەکان، بە هەرەوەزی سەرقاڵی پاککردنەوەی کۆگایەکن لە چەمچەماڵ  

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پەیامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی گەیاندە کونسوڵی بەریتانیا و رایگەیاند، ئامادەن بۆ گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت بە مەرجی "هاوبەشیی راستەقینە"، هاوکات پلانی حکومەت بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی گەرمیان و چەمچەماڵ ئاشکرا دەکات. ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازی لە ئەندرۆ بیزڵی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا کرد. دۆسیەی لافاوەکەی ئەم دواییەی ناوچەکانی چەمچەماڵ و گەرمیان و چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، تەوەرێکی سەرەکیی دیدارەکە بوون. لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی بەریتانیا پرسە و هاوخەمی خۆی ئاراستەی خانەوادەی قوربانیان و زیانلێکەوتووانی لافاوەکە کرد. لە بەرامبەردا قوباد تاڵەبانی دڵنیایی دا کە حکومەت دەستەوەستان نابێت و هەموو رێوشوێنێکی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی خێزانە زیانلێکەوتووەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. جێگری سەرۆک وەزیران وتیشی: "هەنگاوی پێویست دەگرینەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر روداوێکی هاوشێوە لە داهاتوودا." لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکان بەرەو پرسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم و عیراق وەرچەرخان. سەبارەت بە کابینەی نوێی هەرێم، قوباد تاڵەبانی بە راشکاوی هەڵوێستی حزبەکەی بۆ کونسوڵی بەریتانیا روونکردەوە و جەختیکردەوە، یەکێتی دەرگای دانەخستووە و ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، بەڵام بە دیدێکی روونەوە کە بریتییە لە "پێکهێنانی حکومەتێک لەسەر بنەمای پرەنسیپی هاوبەشیی راستەقینە کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو کوردستان بکات". سەبارەت بە بەغداش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەم دواییەی وەفدی باڵای یەکێتی بۆ پایتەختی عیراق کرد و رایگەیاند، دید و بەرنامەی یەکێتی بۆ لایەنە عیراقییەکان روونکراوەتەوە. قوباد تاڵەبانی وتی: "جەختمان کردووەتەوە لەسەر پێویستیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز، حکومەتێک کە بتوانێت کێشەکانی عیراق و لەناویشیاندا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە لێکتێگەیشتن و بەپێی دەستوور چارەسەر بکات".

دوای لافاوەکەی چەمچەماڵ زۆربەی قوتابخانەکان زیانیان بەرکەوت، بەو هۆیەوە تاقیکردنەوەکان لەو سنوورە دواخرا، وەزیری پەروەردەش دووپاتی دەکاتەوە سەرجەم قوتابخانەکان نۆژەن دەکرێتەوە. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی قوتابخانە زیانلێکەوتووەکانی لافاو رایگەیاند، لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی هەموو قوتابخانەکان نۆژەن دەکرێنەوە. وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە کاری نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان دەستپێدەکات و ئەوەی پێویست بێت بۆ قوتابخانەکانی دابین دەکەن.  بەهۆی لافاوەکەی قەزای چەمچەماڵ زیانێکی زۆر بەر بینای بەشێک لە قوتابخانەکانی ئەو سنوورە کەوت، بەتایبەت قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی لە ناحیەی تەکیە، ئالان حەمە سەعید دەستخۆشی لە تەواوی مامۆستایان کرد کە لەم بارودۆخەی لافاوەدا دەوامیان کردووە.  لەبارەی راگەیاندنی پشوو، وەزیری پەروەردە گوتی، دەسەڵات دراوەتە تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ ئەوەی لە کاتی کارەساتی سرووشتیدا، بۆ ماوەی سێ رۆژ پشوو رابگەیێنن.  د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، ماوەی سێ ساڵە وەزارەتی پەروەردە دەسەڵاتی داوە بە پەروەردەکان بۆ ڕاگەیاندنی پشوو لە هەر دۆخی نەخوازراو، سەبارەت بەو لافاوەی چەمچەماڵیش چوار ڕۆژ پێش ڕوودانی لافاوەکە بەهەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکانمان ڕاگەیاندووە کە دۆخێکی لافاوی ترسناک هەیە، دەسەڵاتتان پێدراوە دەتوانن دەسەڵاتەکانتان بەکار بهێنن. وەزیری پەروەردە، دەڵێت، تیمێکی ئەندازەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی هاتووە بۆ ئەوەی بزانین چەند بودجەی پێویستە تاوەکو نۆژەن بکرێتەوە، سەرۆکوەزیران ئێمەی ڕاسپاردووە هەموو دام و دەزگا پەروەردەییەکان بخەینەوە خزمەت، هەموو قوتابخانەکان نۆژەن دەکرێتەوە و پێداویستی و کتێب بۆ قوتابخانەکان دابین دەکەینەوە.

کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی دەستدەکات بەهەڵکۆڵینی 8 بیری نوێ و گەیاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە بۆ 100 هەزار بەرمیل لە کێڵگەی تاوکی و پێشابوور. ئەمرۆ پینجشەممە، کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی رایگەیاند، جارێکی دیکە دوای دوو ساڵ و نیو دەستدەکەنەوە بە لێدانی بیری نوێ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 25٪. دی ئێن ئۆ رایگەیاندووە، بۆ ئەو مەبەستە دوو بورجی هەڵکۆڵینی بیری نوێی گواستووەتەوە بۆ کێڵگەکانی. لەراگەیێندراوێکی کۆمپانیاکەدا هاتووە، لەسەرەتای دەستبەکاربوونیەوە لە کێڵگەی تاوکێ تاوەکو ئێستا 500 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.  کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات، دەستدەکات بە هەڵکۆڵینی 8 بیری نوێ لە ساڵی 2026 دا و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بەڕێژەی 25% و گەیاندنی بەرهەمی رۆژانە بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەی تاوکی. بێژەن مسەوەر رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لەو بارەیەوە دەڵێت " دوای دوو دەیە لە کارکردن لە ئاڵۆزترین کێڵگەی نەوتی، بڕوامان وایە دەتوانین نەوتی زیاتر دەربهێنین لەم کێڵگەکەوە کە گرێبەستی تاوکی و پێشابوور دەگرێتەوە". رەحمانی دەڵێت، "سەرەرای ئەوەی لە دوای داخرانی بۆیی هەناردەکردنی نەوتەوە هیچ بیرە نەوتێکیان لە ساڵی 2023 هەڵنەکۆڵیەوە، بەڵام توانیویان رۆژانە 80 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەرهەم بهێنن."   کۆمپانیای دی ئێن ئۆ یەکەم کۆمپانیای نەوتی بیانی بوو کە لە ساڵی 2004 هاتە هەرێمی کوردستان و بەگوێرەی خۆیان ئەوان دەستیان بە دروستکردنی پیشەسازی نەوت لە هەرێمی کوردستان کردووە.

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی: کەشی پێشبینیکراوی 48 کاتژمێری داهاتوو ئەمڕۆ پێنج شەممە 11-12-2025 کەش / ئاسمان بەگشتی لەنێوان هەوری تەواو و نیمچە هەور دەبێت لەکاتەکانی دوایی نیوەرۆ تاکوو ئێوارە ئەگەری نمە بارانی کەم کەم هەیە لەناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم وە ناوچەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخو و پارێزگای دهۆک وە هەروەها ناوچە شاخاوییەکانی سنووری ئیدارەی سۆران لەگەل برێکی کەم لەبەفر بارین لە ناوچە شاخاوویە بەرزەکاندا.  خێرای با / لەسەرخۆ ( 5 – 15 ) کم/ک.  ئاراستەی با / باشووری خۆرهەڵات. پلەکانی گەرما / بەگشتی نزیک دەبێتەوە ناوچە شاخاویەکان نەبێ کەمێک نزم دەبنەوە بە (1 – 2) پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، وەک لەسەر نەخشەی خوارەوە ئاماژەی پێدراوە. مەودای بینین / لەنێوان ( 7 – 9) کم دەبێت لە کات و شوێنی دابارین لە نێوان (5- 7 ) کم دەبێت سبەی هەینی 12-12-2025 کەش/ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەکاتەکانی بەیانی زوو نمە باران سەرەتا لەناوچە سنووریەکانی رۆژئاوا وە هەروەها ناوچە شاخاویەکانی باکوور دەست پێدەکات پاشان کاریگەری درێژ دەبێتەوە بۆ تەواوی ناوچەکانی هەرێم , وەهەروەها بەفر لەناوچە شاخاویە بەرزەکان دەبارێت زیاتر لەناوچە سنووریەکان , کاریگەر ئەم شەپۆلە دابارینە بەردەوامی دەبێت بۆ رۆژی شەممە بەتایبەتی لەناوچەکانی سنووری رۆژهەڵات (پارێزگای سلێمانی و هەلەبجە).  خێرای با / لەسەرخۆ – مام ناوەند ( 10– 20 ) کم/ک ئاراستەی با / باشووری خۆرهەڵات دەبێت . پلەکانی گەرما / نزم دەبێتەوە بە (1-3 ) پلە دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەودای بینین / ( 4 – 6) کم دەبێت. لەکات  بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 13 پلەی سیلیزی سلێمانی : 10 پلەی سیلیزی دهۆک : 11 پلەی سیلیزی زاخۆ : 12 پلەی سیلیزی کەرکوک : 13 پلەی سیلیزی  هەڵەبجە : 10 پلەی سیلیزی سۆران: 10پلەی سیلیزی ئاکرێ : 11 پلەی سیلیزی ئامێدی: 8پلەی سیلیزی گەرمیان : 15 پلەی سیلیزی

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی ڕاگیراوانی ڕووداوەکانی شارەدێی خەبات و گوندی لاجانیان کرد لە بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆری کوردستان. دوای تۆمار کردنی سکاڵا لەلایەن کەس و کاری ڕاگیراوان لەکەیسی ڕووداوەکانی شارەدێی خەبات و گوندی لاجان کە داوایان کردبوو دەستە بەدوا داچون بکات بۆ کەیسەکانیان. ڕۆژی ١٢/١٠ شاندێکی باڵای دەستە بەسەرۆکایەتی دکتۆرە مونا یاقۆ سەرۆکی دەستە و تاڤگە عمر بەڕێوەبەری گشتی یاساو پاراستنی مافی مرۆڤ سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆریان کرد لە شاری هەولێر بۆ بەدوا داچون و ئاگادار بون لەڕەوشی ڕاگیراوان لەنزیکەوە چاویان بە ڕاگیراوان (ن.ع.م) و (ک.س.ع) و (غ.ص.د)  کەوت و گفتوگۆیان لەگەڵ کردن لەبارەی شوێنی مانەوەو مامەڵەکردنی دەزگا ئەمنییەکان لەگەڵیان لەو بارەوە ڕاگیراوان ئاماژەیان بەوە داوەکە مامەڵەیان باشە و تۆشی هیچ لێدان و ئەشکەنجەیەک نەبوونەتەوە،وڕەوشی تەندروستیان باشە.   وە سەبارەت دانپێدانی (ن.ع.م) تیمی دەستە پرسیاری لێکرد ئایا لەژێر ئەشکەنجە دانپێدانت کردووە، وتی نەخێر ئێمە ڕووبەڕووی هیچ ئەشکەنجەو فشارێک نەبوینەتەوەو بەئازادانە ووتەمان لێ وەرگیراوە. دەستەی مافی مرۆڤ بەردەوام دەبێ لە بەدوا داچون و چاودێری کردنی کەیسەکە چاوەڕێی تەواو بوونی لێکۆڵینەوەکان دەکەین. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان

هەڵمەتى کۆکردنەوەى هەزاران کتێب بۆ کتێبخانەى چەمچەماڵ دەستیپێکردوە،  کاوە شێخ عەبدوڵا ڕۆژنامەنوس دەلێت، ئامادەم پەنجا کتێب لە کتێبخانە بچکۆلەکەی خۆم ببەخشم بە کتێبخانە خووساوەکەی چەمچەماڵ،  . ئەگەر تواناشم هەبوو زیاتر لەو ژمارەیە ببەخشم. وتیشى:   پێمخۆشە وەکو هەڵمەتێکیش دەستبکەین بە کۆکردنەوەی کتێب بۆ کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ. لاى خۆشیەوە محەمەد نوری رۆژنامەنوس و نووسەر: هەر بەبۆنەی پێشنیازەكەی كاوەی شێخ عەبدوڵاوە، منیش پێنج سەد كتێب دەبەخشمە كتێبخانەی چەمچەماڵ. هەڵمەتەکە لەڕێی 'هاوڵاتی'ـیەوە فراوانتر بوو؛ شۆڕش گەرمیانی، نووسەر و چاودێری سیاسی،  ماڵی وەفایی و زمناکۆ ئیسماعیل  پشتگیریی دەکەن. ماڵی وەفایی سەرجەم بەرهەمە چاپکراوەکانی ناوەندەکەمان پێشکەش بە کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ دەکەین زمناکۆ ئیسماعیل دەلێ منیش 300 کتێب دەبەخشم  لەلایەکى دیکەوە، حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی لافاوەکەوە زیانێکی زۆر بەر کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ کەوتووە و بە زووترین کات نۆژەنی دەکەنەوە. وەزیری رۆشنبیری و لاوان لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی لافاوەکەی دوێنێوە، بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، بەشێکی زۆری کتێبەکان تەڕ بوون و کەوتوونەتە ژێر لیتە و هۆڵەکانی خوێندنەوەش زیانیان پێگەیشتووە. ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەوڵی جددی دەدەن و کار بۆ ئەوە دەکەن بە زووترین کات کتێبخانەکە نۆژەن بکرێتەوە و سەرجەم پێداویستییەکانی دابین بکرێنەوە. حەمەی حەمە سەعید هاوخەمیی خۆیشی بۆ کەسوکاری قوربانیانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، تەکیە و سنوری پارێزگای کەرکوک دەربڕی.

وەزارەتی پەروەردە بڵاویکردەوە، پەروەردەی سلێمانی راسپاردووە بە دواخستنی تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی ناوەندەکانی خوێندنی سنووری قەزای چەمچەماڵ بۆ مانگی یەکی ساڵی 2026. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. بەڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتیی مامۆستایان و قوتابیان و خانەوادەکانیان ، وەزارەتمان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ڕاسپاردووە بە دواخستنی تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی ناوەندەکانی خوێندنی سنووری قەزای چەمچەماڵ بۆ مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٦.  سامان سیوەیلی  وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ١٠ ی ١٢ ی ٢٠٢٥

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کەلار منداڵێک کەوتووەتە نێو ئاوی لافاو  وخنکاوە.  چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ئەنجامی بارانبارین، لافاو لە قەزای کەلار دروست بووە؛ بەوهۆیەوە منداڵێک کەوتە نێو ئاو و گیانی لەدەستدا." منداڵەکە لەسەر پردێک بووە و قاچی خلیسکاوە و کەوتوەتە نێو ئاوی لافاوەوە.