وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی ئاشكرایكرد: بەرهەمهێنانی بەنزین بەگشتی كەمبووەتەوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت: تەنیا هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی بەنزین بازرگانەكانن كەزۆربەیان نزیك لە خاوەنی پاڵاوگەكان و دەسەڵاتدارانن. بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ڕایگەیاند: لەشەوی ڕابردووەوە نرخی هەرسێ جۆرەکەی بەنزین موحەسەن و سۆپەر و نۆرماڵ ٥٠ دینار بەرزبوەتەوە، ئەوەشی ئاشكراكرد: ئاستی خواست لەسەر بەنزین تاوەکو ئێستا جێگیرە، بەڵام بەرهەمهێنان کەمبووەتەوە و بەگشتی لەدهۆک و هەولێر چەند ڕۆژێکە گرانبووە و ئێستا سلێمانیشی گرتووەتەوە. هاوكات، كەریم عەلی، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكی تایبەتدا بە شارپرێسی ووت: بەنزین لەهەرێمی كوردستان بازرگانیە، بۆیە لەگەڵ دروستبوونی بچوكترین هۆكار بۆ بازرگانەكان، كەزۆربەیان نزیكن لەخاوەن پاڵاوگەكان و دەسەڵاتدارانەوە، هەلەكە دەقۆزرێتەوە و نرخی بەنزین گران دەكرێت. جەختیش دەكاتەوە: بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین و دابەشكردنی نەوت بەنرخی گران، پێشێلكردنی تەواوی ڕێساو یاساكان و تەواوی ئەو ڕێكەوتنانەیە كەلەگەڵ حكومەتی عێراقی كراوە، بەو پێیەی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەناوی بەكارهێنانی ناوخۆییەوە وەردەگیرێت، دەبێت سەرجەم جۆرەكانی سوتەمەنی بەنرخی پاڵپشتیكراو بدرێتە هاوڵاتیان.
لە سلێمانى نرخى بەنزین گران بوو، هەر لیترێک 50 دیناری چووەتەسەر و، بەهەمانشێوە پێشتریش لە هەولێر نرخى بەنزین بەرزبووەوە. بەوتەى خاوەن بەنزینخانەیەک لە بەرەبەیانى ئەمڕۆوە لە سلێمانی، بەنزینى نۆرماڵ نرخەکەى لە 900 دینارەوە بووەتە 950 دینار و بەنزینى موحەسەن لە 1100دینارەوە بووەتە 1150 دینار و بەنزینى سوپەریش بەهەمان شێوە 50 دینار گران بووە، بەڵام نرخێکى جێگیرى نییە و لە بەنزینخانەیەک بۆ بەنزینخانەیەکى دیکە جیاوازە. ئەوە لەکاتێکدایە لەپاش هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان نرخى بەنزین لەهەولێر گران بوو، سلێمانى بووە دووەم پارێزگاى هەرێمى کوردستان کە نرخى بەنزین تیایدا گران بووە. لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بەنزین پاڵپشتیکراوی حکومی بە 750 دینار بۆ هەر لیترێک لە ژمارەیەک بەنزینخانە دابەشدەکرێت، بەڵام دوای هەناردەکردنی نەوت بڕەکەی لەو دوو پارێزگایەش کەمبووەتەوە. بەگوێرەى رێککەوتنى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدڕاڵ رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتى بەرهەمهێندراو بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکاردەهێندرێت، بەرپرسانى هەرێمى کوردستانیش پێشتر جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە ئەو بڕەنەوتە پێداویستیی بەرهەمەنەوتییەکانى هەرێمى کوردستان دابین دەکات. پێشتر حەمدى شنگالى جێگرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى سۆمۆ رایگەیاند، ئێستا ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى خاو لە هەرێمى کوردستان گەیشتووەتە 215هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە، 165هەزارى هەناردەدەکرێت و 50هەزار بەرمیل بۆ پێداویستى ناوخۆ بەکاردەهێندرێت.
میدیاکانى ڕؤژئاواى کوردستان بڵاویانکردەوە، لەدواین سەردانى پارێزەراندا بۆ ئیمرالى، ئۆجەلان ڕایگەیاندووە پێوەری هیوا هەنگاوێکە دەبێت دەوڵەت بیگرێتەبەر، ئەمە بابەتێکە کاریگەری لەسەر هەزاران کەس دادەنێت. گرنگە نییە چۆن هەڵسەنگاندنی بۆ بکەیت، دەبێت لا ببرێت. دەبێت بە شێوەیەکی یاسایی ئەنجام بدرێت." نووسینگەی یاسایی سەدە پەیوەست بە دیدارەکەی ١٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ کە لە ئیمراڵی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و زیندانیانی دیکە ئەنجامیدا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و بەم شێوەیەیە: "لە ١٣ـی تشرینی یەکەمەی ٢٠٢٥دا لە گرتووخانەی دوورگەی ئیمراڵی وەک پارێزەر لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و موەکیلەکانی دیکەماندا دیدارمان ئەنجام دا. لە دیدارەکەدا دەربارەی هەلومەرجی موەکیلەکانمان و دۆخی یاساییان گفتوگۆمان کرد و زانیاریمان گۆڕییەوە. بەم بۆنەیەوە هەڵسەنگاندن و بۆچوونی لەسەر بونیاتنانی ئاشتی بۆ ڕای گشتی بڵاوبکەینەوە. لە دیدارەکەدا دۆخی یاسایی بەڕێز ئۆجالان، لە چوارچێوەی 'مافی هیوا'ـی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بووە مژارێکی گرنگی قسەکانمان. وەک دەزانرێت کۆمیتەی وەزیران ئەنجوومەنی ئەورووپا دوای کۆتا دانیشتنی ١٥-١٧ـی ئەیلوول جارێکی دیکە داوای لە تورکیا کرد مافی هیوا بە گوێرە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بە شیوەیەکی یاسایی چارەسەر بکات. لەسەر ئەم بنەمایە بەڕێز ئۆجالان دەستنیشانی کرد پێوەری هیوا 'مافی هیوا' زۆر گرنگ و بنەڕەتییە. بەڕێز ئۆجالان لەوبارەیەوە ئەمەی گوت: " پێوەری هیوا هەنگاوێکە دەبێت دەوڵەت بیگرێتەبەر. ئەمە بابەتێکە کاریگەری لەسەر هەزاران کەس دادەنێت. گرنگە نییە چۆن هەڵسەنگاندنی بۆ بکەیت، دەبێت لا ببرێت. دەبێت بە شێوەیەکی یاسایی ئەنجام بدرێت. سیاسەت و دادپەروەیش پێویستی بەمەیە."، بەم شێوەیە پێویستی یاسایی خستەڕوو. لە چوارچێوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ٢٧ـی شوباتدا ڕایگەیاند دەبێت هەموو باوەڕ و مەزهەبەکان بتوانن بە شێوەیەکی ئازاد گوزارشت لە خۆیان بکەن، هەروەها هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە گوزارشت لە نەتەوەی خۆی بکات و بە شێوەیەکی ئازاد بژی. ئاماژەی بەوەشدا دەبێت کورد بە شێوەیەکی یەکگرتوو لە نێو یاسادا جێگەی بکرێتەوە و گوتی، 'ئەمە جەوهەری ئاشتییە'. جەختی لەوەشکردەوە تا ئێستا کورد لە یاسادا بە نەبوون هەژمار کراوە، لە دەرەوەی یاسا جێهێڵراون، بەڵام دەبێت ئیدی یاسای ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک بنیات بنرێت. کاتێک دوورخستنەوەی لە یاسا و ڕاگرتنی فیکری و زیهنی هەڵسەنگاند، ئەمەی گوت، 'ژیان کاتێک ئازادبێت، مانادارە. پێشتریش ئەمەم گووتووە. ئەی ژیان یان بە ئازادانە ئەژیم، یان هیچ بە گرنگت نازانم. ئەمە درووشمی منە. سەرنجەکانی بەڕێز ئۆجالان دەزانرێت کە دەیگوت، لە بناغەی پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان نایەکسانی ژن و پیاو هەیە. ئاماژەی بەوەشدا چارەسەری ئەم نایەکسانییە لەڕێگەی پراکتیزەکردنی ژیانی ئازادی ژن و فکری سۆسیالیستییەوە دەبێت. هەروەها ڕاشیگەیاند لە نزیکەوە چاودێری خەباتەکانی ژنۆلۆژی دەکات، زۆر بە بەهای دەیبینێت و سڵاوی تایبەتی خۆی بۆ هەموو ژنە زیندانییەکان نارد. بانگهێشتی ئەو کەسانەی کرد کە دەیانەوێت لێی تێبگەن، بۆ قووڵکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەشداری پرۆسەکە بکەن. هەروەها جەختی لەوەشکردەوە کە کار بۆ ئازادی لە ڕووی بەرەپێشبردنەوە و جێبەجێکردنی پرۆسەکەوە گرنگە."
بەپێى ڕاپۆرتى ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دەسەڵاتدارانى ئێران لەدووڕۆژى ڕابردوودا سزاى لەسێدارەدانى پێنج بەندکراوى کوردى لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان و کەرەج جێبەجێ کراوە، ئەو کەسانە پێشتر بەتۆمەتى جیاواز دادگایی کراون و سزاى لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە. دوو بەندکراەیان بەناوەکانی بیژەن قەهاری، خەڵکی شاباد و ئارەش مێهری خەڵکی کرماشانەو بەندکراوێکی دیکەشیان بەناوی شەهرام چنانی خەڵکی کرماشان ئاشکرا کرابووە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو بەندکراوەیان پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. سێ لەو بەندکراوانەش پێشتر بە تۆمەتی «دزیی چەکدارانە» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا بوو، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەزیندانى کەرەج جێبەجێ کراوە. میدیاکانی سەر بەئێران لەسەر ئەو بابەتەنووسیویانە، دەستبەسەرکرانی ئەو سێ تۆمەتبارە پاش چەندین حاڵەتی دزیی چەکدارانە لە مانگی چوارى ساڵی ڕابردوو لە گەڕەکەکانی جیاوازی تاران و چەند شاری دیکەدا ڕوویداوە. لەم ڕاپۆرتانەدا بۆ پاکانەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەم سێ کەسە هاتووە کە کردەوەکانی ئەم سێ بەندکراوە تۆمەتبارە بووەتە هۆکاری « پێکهێنانی ترس و شڵەژان و نائەمنی بۆ هاووڵاتییان..
حەمدى شنگالى، جێگرى بەڕێوەبەرى سۆمۆ، بۆ بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق، لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ئاشکرایکرد، ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان رۆژانە زیاد دەکات و ئێستا ئاستى بەرهەمهێنان گەیشتووەتە 215هەزار بەرمیلى رۆژانە و 165هەزارى لە رێگەى بۆرییەوە هەناردەدەکرێت. ناوبراو وتیشى، هەوڵدەدەن ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت زیادبکەن بۆ 400هەزار بەرمیلى رۆژانە. د.حەمدى شنگالى - جێگرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى سۆمۆ بۆ بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق بەکەناڵ8 رایگەیاند، رێککەوتنى هەولێر و بەغداد بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت تاوەکو 31ى کانوونى یەکەمى ئەمساڵە، ئەمەش بەو واتایە نایەت کە لەدواى ئەو بەروارە هەناردەکردنى نەوت رادەوەستێت، بەڵکو دیاریکردنى ئەو ماوەیە بە ئامانجى جێبەجێکردنى پابەندییەکانە. حەمدى شنگالى گوتیشى، لەپاش ئەو وادەیە بە واژۆى لایەنەکان رێککەوتنەکە نوێدەکرێتەوە بەڵام ئەمە کاریگەرى لەسەر هەناردەکردنەوەى نەوت نابێت و هیچ پێشهاتێکى نەخوازراو نەیەتە پێشەوە هەناردەى نەوت ناوەستێت. جێگرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى سۆمۆ راشیگەیاند، هەرچەندە لەکاتى گفتوگۆکان بەغدا هەوڵیدا وەک لایەنێک بێتە ناو گرێبەستەنەوتییەکانى هەرێمى کوردستان، بەڵام هەرێمى کوردستان رەزامەند نەبووە و ئەو گرێبەستانە تەنیا لە نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان وەک خۆى ماوەتەوە. گوتیشى، ئەو کۆمپانیا راوێژکارییەى کەدێت بەدواداچوون بۆ شێوازى ئەنجامدانى گرێبەستەکان و تێچووى بەرهەمهێنانى نەوت دەکات، تەنیا لەرووى یاساییەوە بڕیار لەبارەى گرێبەستەکان دەدات و گرێبەستەکان ناخرێتە بەردەم کۆمپانیاکە و وەک پێشتر بەنهێنى دەمێنێتەوە. حەمدى شنگالى جەختیکردەوە، کۆمپانیا راویژکارییەکە دیارییکراوە و ناوى ود مەکەنزییە و پێویستە لەوماوەى کە دیاریکراوە و 60 رۆژە راپۆرتى خۆى سەبارەت بە تێچووى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان لەسەرجەم کێڵگە نەوتییەکان پێشکەش بکات. جێگرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى سۆمۆ راشیگەیاند، نەوتى هەرێمى کوردستان خواستى زۆرى لەسەرە بەتایبەت لە بازاڕەکانى ئەوروپا چونکە نزیکە و تێچووى گواستنەوەى زۆر نییە.
ماڵپەڕی ئاڤا میدیا لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایانگەیاند: بە بڕیاری مەسرور بارزانی ٢٠٪ی داهاتی مەرزی کێلێ بۆ پرۆژەکانی پشدەر خەرج دەکرێت، لە هەمان کاتدا ماڵپەڕی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایانگەیاند: بەپشتیوانی قوباد تاڵەبانی پشدەر لە ٢٠٪ داهاتی کێلێ سوودمەند دەبێت. هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، "دوای ئەوەی لە مانگی چواری ئەمساڵەوە بە فەرمی داوامان کرد کە بەشێکی داهاتی مەرزی کێلێ بۆ پرۆژە تەواونەکراوەکانی قەزای پشدەر بگەڕێندرێتەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دا بە خەرجکردنی بڕی 20%ی داهاتی مەرزی کێلێ بۆ پرۆژە وەستاوەکانی قەزای پشدەر" ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو پرۆژانەی کە بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینەوە لە قەزای پشدەر وەستابوون، لەنێوان 30 تاوەکو 40 پرۆژە دەبوون. مەرزی کێلێ، دەروازەیەکی سنوورییە لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەروازەیەکی ستراتیژیی گرنگی بازرگانی دادەنرێت، دەکەوێتە نێوان قەڵادزێ و سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان (PUK Media) بڵاویكردەوە، یەکەم کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدانی لیستی ٢٢٢ی یەکێتی بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، رۆژی شەممە لە سلێمانی دەستپێدەکات. کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند: بە دروشمی "هێزی تۆین لە بەغداد" و بەئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکەمین کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدانی لیستی (٢٢٢)ی یەکێتی بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا بافڵ تاڵەبانی وتارێک پێشکەش دەکات.
بورهان ڕەشید، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی داکۆکیکار لە لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی، کە لەهەمان کاتدا سەرۆکی لیستی بەرەی گەلە سلێمانی، لە پەڕەی تایبەتی خۆی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە، تیایدا باس لەوە دەکات کە ئەمڕۆ سەردانی مامۆستا عەطا محمد، بەڕێوەبەری نوسینگەی قوباد تاڵەبانی کردووە لە سلێمانی. ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەیەندراوەکەیەتی: ئەمڕۆ ٢٠٢٥/١٠/١٦، سەردانی بەڕێز مامۆستا عطا محمد بەڕێوەبەری نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانم کرد لەسلێمانی، دوای پیشوازی کردن گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتانەی خوارەوە کرا: ١. دەربارەی پێویستی ئازادکردنی ئەو پێشمەرگە و سیکیوریتیانەی لە ڕووداوی لالەزاردا دەستگیرکراون، بەریزیان بەڵێنی کارئاسانی دا بۆ ئازادکردنیان. ٢. دەربارەی ئەو پارەیەی بۆ یانەی نەورۆز تەرخان کرابوو کە شەوی ڕووداوەکە دیارنەما، بەڕێزیان بەڵێنی بەدواداچوونی بابەتەکەی دا. ٣. هەروەها بەڕێزیان بەڵێنی دا بەتەرخانکردنی پارچە زەوی بۆ گەراجی یانەی وەرزشی نەورپز. ٤. دەربارەی نەگەڕانەوەی موڵک و ماڵی کاک حەمە چاوشین، بەڕێزیان بەڵێنی کارئاسانی دا کەلەزووترین کاتدا بگەڕێتەوە بۆ بنەماڵەکەیان. ٥. دەربارەی هەندێ کامێراو کەلوپەلی زووم تی ڤی بەڕێزیان بەڵێنی بەدواداچوونی دا. ٦. لای خۆمانەوە، تەئکیدمان لەوە کردەوە کە ڕووداوی لالەزار بڕوام نیە بەدادگا چارەسەر بکرێت، بەڵکو کێشەیەکی سیاسییە، بەتەئکید پێویستی بە چارەسەری ڕەگ و ڕیشەیی هەیە بەمەبەستی ئاشتەواییەکی سەقامگیر. پارێزەر/ بورهان ڕەشید گوڵە، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی داکۆکیکار لە لاهور جەنگی و هاوڕێکانی، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە سلێمانی.
وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، هەر فەرمانبەرێک مووچەی مانگانەی سەروو ملیۆنێک و ٥٠٠هەزار دیناربێت، بەشەخۆراکی مانگانەی دەبڕدرێت. ئەسیر غەریری، وەزیری بازرگانی عێراق ڕایگەیاند: لە قۆناغەکانی داهاتوو گۆڕانکاریی گەورە بەسەر میکانیزمی دابەشکردنی بەشەخۆراکی هاوڵاتییاندا دەهێنین، دادپەروەرانە نییە فەرمانبەرێک مووچەکەی سەروو ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار دیناربێت بخرێتە ئاستی کەسێکەوە کە هیچ سەرچاوەیەکی جێگیریی دارایی نییە. دەشڵێت: سیستمی بەشەخۆراکی مانگانە لە ساڵی ١٩٩٠ـەوە دامەزراوە، ئەو سەردەمە سەرچاوەکانی بژێویی خەڵک سنوورداربوون، بەڵام ئەمڕۆ بارودۆخەکە تەواو جیاوازە، کەسانێک هەن مووچەکانیان نزیکە لە دوو ملیۆن دینار و بەشەخۆراکی مانگانەش وەردەگرن، ئەمەش دادپەروەرانە نییە.
کونسوڵی ئەڵمانیا لەهەرێمى کوردستان ڕایدەگەیەنێت وڵاتەکەى پێویستی بە دەستی کاری کارامە هەیەو لەم ڕوانگەیەوە، پلانیان هەیە بۆ هاوکاریکردنی گەنجانی کورد، بۆ ئەم مەبەستە، ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) و پرۆگرامی گەشەپێدانی کۆچ، بە هاوکاریی هەرێمی کوردستان کار دەکەن بۆ ئەوەی هاوکاریی گەنجان بکەن تا بە ڕێگەیەکی یاسایی بگەنە ئەڵمانیا. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی ئۆکتۆبەری 2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ستایشی پەیوەندییە مێژوویی و پتەوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیای کرد و جەختی لەسەر گرنگیی هاوکاریی و پشتیوانییەکانی ئەو وڵاتە لە کاتە سەختەکاندا کردەوە. هاوکات، واژۆکردنی یاداشتێکی لێکگەیشتنی نوێی لەگەڵ ڕێکخراوی GIZـی ئەڵمانی ڕاگەیاند. وەزیری ناوخۆ گوتی: "ئێمە ڕابردوویەکی دوور و درێژ و پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئەڵمانیا هەیە و جێگەی خۆیەتی هەمیشە سوپاسی پاڵپشتی و هەماهەنگیی وڵاتی ئەڵمانیا و کونسوڵخانەکەیان لە کوردستان بکەین، کە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە ڕۆژانی سەختدا." هەروەها ئاماژەی بە هاوکارییە سەربازی و مرۆییەکانی ئەڵمانیا کرد لە شەڕی دژی داعش، کە بە هاوکارییەکی "ڕاستەوخۆ و کاریگەر" وەسفی کرد بۆ پاراستنی کوردستان، پێشمەرگە و مرۆڤایەتی لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان. ڕێبەر ئەحمەد باسی لە پەیوەندیی پتەو و پێشکەوتووی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە ئەڵمانییەکانی وەک GIZ و THW کرد، کە لە بوارەکانی پەرەپێدانی توانای مرۆیی، هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران، و پشتیوانیکردنی کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕێکخراوانە لە ڕێگەی "ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان" (JCC)ـەوە چەندان پڕۆژەی گرنگیان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جێبەجێ کردووە، وەک پڕۆگرامەکانی "قودرە" و "کاش فۆر وۆرک" (پارە بەرامبەر کار)، کە جێگەی دەستخۆشییە. خاڵی هەرە گرنگی کۆنفرانسەکە، ڕاگەیاندنی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکگەیشتنی نوێ بوو. وەزیری ناوخۆ گوتی: "ئەمڕۆ جارێکی دیکە لێکگەیشتنێکی دیکە واژۆ کرا، کە بۆ یەکەمجارە ڕێکخراوی GIZ یاداشتێکی لەم شێوەیە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ واژۆ دەکات،" ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ قووڵکردنەوەی زیاتری پەیوەندییەکان. لای خۆیەوە کونسوڵی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا جەختی لەسەر پتەویی پەیوەندییە ئابووری، ئەمنیی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی کار دەکات بۆ کردنەوەی ڕێگەی یاسایی بۆ ئەو گەنجە کارامانەی دەیانەوێت بچنە ئەڵمانیا، هاوکات هاوکاریی ئەو کەسانەش دەکەن کە بە ئارەزووی خۆیان دەگەڕێنەوە. کونسوڵی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا "ئەڵمانیا پێویستی بە دەستی کاری کارامە هەیە" و لەم ڕوانگەیەوە، پلانیان هەیە بۆ هاوکاریکردنی گەنجانی کورد. گوتیشی: "بۆ ئەم مەبەستە، ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) و پرۆگرامی گەشەپێدانی کۆچ، بە هاوکاریی هەرێمی کوردستان کار دەکەن بۆ ئەوەی هاوکاریی گەنجان بکەن تا بە ڕێگەیەکی یاسایی بگەنە ئەڵمانیا." لە لایەکی دیکەوە، کونسوڵی ئەڵمانیا تیشکی خستە سەر پرۆگرامی پشتیوانیکردنی ئەو کەسانەی کە بە خواستی خۆیان لە ئەڵمانیاوە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و گوتی: "ئێمە هاوکاریی ئەو کەسانە دەکەین بە ئارەزووی خۆیان دەگەڕێنەوە. لێرە، لە ڕێگەی ئاژانسی پەرەپێدانی ئەڵمانیا (GIZ)، یارمەتییان دەدەین بۆ ئەوەی دووبارە ئاوێتەی کۆمەڵگە ببنەوە و هەلی کاریان بۆ دابین بکەین." بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆگرامە، ناوبراو ئاشکرای کرد، ناوەندیی تایبەتیان لە شارەکانی هەڵەبجە، ئیدارەی ڕاپەڕین و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کردووەتەوە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، تەقینەویەک لە نێوان شاری دێرەزوور و مەیادین ڕوویداوە و بە هۆیەوە سێ کەس کوژراون و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون. ئەمڕۆ پێنج شەممە 16ی تشرینی یەکەمی 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، بۆمبێکی چێنراو بە پاسێکی سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی سووریادا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە سێ ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی نەوت کوژارون و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون. بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگە، تەقینەوەکە لە ڕێگەی نێوان هەردوو شاری دێرەزوور و مەیادین، نزیک گوندی سەعلۆ لە دەشتاییەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور ڕوویداوە، تا ئێستا ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا نەکراوە کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە، بەڵام گومان دەکرێت شانەیەکی نووستوی سەر بە داعش ئەو تاوانەیان ئەنجام دابێت. هەروەها باسی لەوەکردووە، دەستبەجێ هێز ئەمنییەکان و تیمەکانی فریاگوزاریی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بە هۆی سەختی برینەکانیانەوە، پێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراوان زیاد بکات.
مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی لە بانگەشەی حیزبەکەی لە هەولێر رایگەیاند، "دەچینە بەغدا بۆ ئەوەی شەڕ لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەین." پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی هەولێر 30 بەربژێری هەیە چاوی لەوەیە زۆرترین کورسی هەولێر بەدەستبێنێت، مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی حیزبەکەی لە هەولێر رایگەیاند: "نوێنەرانمان لە بەغدا بەرگری لە مافی هەموو پێکهاتەکان دەکەن.'' جێگری سەرۆکی پارتی دەڵێت: ئێمە بۆ مانگێک خزمەتی بەربژێرانمان دەکەین، بۆ ئەوەی ئەوان بۆ چوار ساڵ خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەن، سەرخستنی لیستی پارتی بۆ ئەوەیە خەونی گەلەکەمان ببێتە راستی.'' مەسرور بارزانی باسی لە گرنگی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کرد و رایگەیاند: "لە کوردستان پارتی رکابەری نەماوە، ئەوەی ماوە لە بەغدا ململانێی پارتی دەکەن، بۆیە پێویستە بچینە بەغدا و لەوێ شەڕ لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵک بکەین.'' مەسرور بارزانی دەڵێ :"بەغدا بووەتە شوێنێک بۆ هەموو ئەو لایەنانەی کە چاویان بە سەرکەوتنی کوردستان هەڵنایەت، یان ئەو لایەنانەی نەیانتوانیوە لە کوردستان رکابەری پارتی بکەن، بەغدایان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی لەوێ دژایەتیی هەرێمی کوردستان بکەن، رێگری لە پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆیە پێویستە بچینە بەغدا بۆ ئەوەی لەوێ بەربەست و رێگرییەکان هەڵبگرین، جارێکی دیکە هەموو شتەکان بخەینەوە سەر رێگەی راست، پەیوەندیمان لەگەڵ لایەنەکان بەهێزتر بن، دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و هەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکرێت." مەسرور بارزانی جەختی کردەوە :" نوێنەرانی پارتی دەبێ بەرگری لە هەموو پێکهاتەکان بکەن لە عێراق، بەرگری لە خەڵکی ستەملێکراو بکەن، نوێنەرانی ئێمە ئەوانەن بەدوای چەسپاندنی دادپەروەرین .'' جێگری سەرۆکی پارتی لەبارەی بانگەشەی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، :"بەشێوەیەکی شارستانییانە بانگەشە دەکەین، داواتان لێدەکەم لە ئاستی پارتیدا بانگەشە بکەن.'' مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند، ئەم سەرکەوتنانە کەس خێری پێ نەکردووین و منەتی کەسی تێدا نییە، ئەمە بەرهەمی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکانە، بەرهەمی ڕەنجی خەباتی ئێوەی خۆشەویستە، دەستکەوتی و جووتیار و مامۆستا و فەرمانبەران و قوتابیان و دایکا وباوک و خۆڕاگریی ئەم نەتەوەیەیە. بۆیە کەس منەتمان بەسەر نەکات، ئەوەی کردوومانە بەدەست و بازووی خۆمان بەسەتمان هێناوە. گوتیشی: من پەیامێکم بۆ ئەندامان و لایەنگرانی پارتی هەیە، پێش هەموو شتک سوپاستان دەکەم، ئەگەر ئێوە نەبوونایە ئێمە هیچ لەو دەستکەوتانەمان بەدەست نەدەهێنا، خوامان لەگەڵ بووە، دواتر هێزو بازووی ئێوە بووە هێزی بە ئێمە بەخشیوە و توانیوومانە سەرکەوتن دوای سەرکەوتن تۆمار بکەین. جێگری سەرۆکی پارتی دەشڵێت: بڕۆنە سەر سندووقی دەنگدان، جارێکی دیکە سەرکەوتن بۆ پارتی تۆمار بکەن، گوتیشی: دڵنیابن ئەگەر ئێمە دەنگ نەدەین خەڵکێکی دیکە لە جیاتی ئێوە دەچێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان، دەنگ دەدات، خەڵکێکی دیکە لە جیاتی ئێوە بڕیار دەدات، خۆشتان دەزانن ئەگەر پارتی زۆرترین دەنگەکان بەدەست نەهێنیت، ئەوە دەنگانەی بۆ لایەنەکانی دیکە دەچن، ناکەونە خزمەتی کوردستان، بۆیە دەبێت زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنین تاوەکوو خزمەتی زیاتر بکەین.
کاروان ستوونی گوتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند بەرەبەیانی ئەمرۆ 16/10/2025 لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان و دوای ئەنجامدانی سونەتی عومرە, عومرەکارێکی کورد بەناوی (مەلیحە ئەحمەد عەلی خان)، لە سنووری عەرعەری سعودیە کۆچی دوایی کرد. کاروان ستونی هەروەها گوتی، ئەم عومرەکارە خەڵکی کەلارە و تەمەنی هەشتا و هەشت ساڵ بووە و هیچ نەخۆشییەکی نەبوە و ئافرەتێکی دیندار و قسەخۆش بوە، بەداخەوە ئەمرۆ لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان لە دیوی سعودیە لە مەرزی عەرعەر کۆچی دوایی کردوە و دوای تەواوکردنی مامەڵەکان هەر ئەمرۆ بڕیارە تەرمەکەی لە شاری کەلار بەخاک بسپێردرێت
هێزەکانی کۆماندۆی سەر بەهەسەدە، بەهاوکارى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى، لەدوو ئۆپەراسیۆنی وردی ئەمنیدا توانیویانە دووشانەى گروپى داعش دەستگیربکەن و ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیشیان دەستبەسەرداگرتووە. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) لە میانی ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا کە بە بەشداریی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە، شانەیەکی داعشیان لە گوندی ئەلبەریحە لە ناوچەی ئەلبوسەیرە لە لادێی دێرەزۆری ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر کردە ئامانج و تیرۆریستێکیان دەستگیرکردوەکە سەلمێندرا دەستی هەبووە لە ئەنجامدانی هێرشەکان دژی هێزەکانمان و خەڵکی مەدەنی ناوچەکە. هەر لەو ئۆپرسیۆنەدا هێزەکانی بەشدار توانیویانە دەست بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنی لەو تیرۆریستە دەستگیرکراوەدا بگرن. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە ئۆپەراسیۆنی دووەمیش لە گوندی ئەلسەبا لە ناوچەی ئەلبوسەیرە لە لادێی دێرەزۆر لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر ئەنجامدرا، کە هێزەکانمان شانەیەکی تیرۆریستی داعشیان هەڵوەشاندەوە و دوو ئەندامیان دەستگیرکردووە. دەشڵێن: ئەو دوو ئەندامە دەستگیرکراوە چەندین هێرشی تیرۆریستییان ئەنجامدابوو کە هێزەکانمان و کارمەندانی ئەمنی و خەڵکی مەدەنی ناوچەکەیان کردبووە ئامانج. هێزەکانمان هەوڵە بەردەوامەکانیان و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دووپات دەکەنەوە بۆ بنبڕکردنی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیەوە و وشککردنەوەی سەرچاوەى دارایی و ماددی و ڕێگریکردن لە هەر چالاکیەکی تیرۆریستی کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری هاوڵاتیانى ناوچەکە بکات.
حکومەتی هەرێم سێ ملیار دینار بۆ سلێمانی تەرخان دەکات و یەکەم هۆڵی نەشتەرگەریی تایبەت بە شێرپەنجە لە سەر ئاستی عێراقدا لەو شارە دەکرێتەوە، تووشبوانی شێرپەنجە بە خۆرایی نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت. لە هەنگاوێکی گرنگدا بۆ پێشخستنی کەرتی تەندروستی و خزمەتکردنی هاووڵاتییان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی سێ ملیار دینار بۆ دابینکردنی ئامێر و پێداویستی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی خەرج دەکات. هاوکات، یەکەمین هۆڵی نەشتەرگەریی تایبەت بە شێرپەنجە لەسەر ئاستی عێراق لە سلێمانی دەکرێتەوە، کە لەمەودوا بە خۆڕایی نەشتەرگەری بۆ تووشبووان ئەنجام دەدرێت. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، بە ئاڤای ڕاگەیاند، لە نەخۆشخانەی جەمالی حاجی عەلی، کە لەسەر ئەرکی خێرخوازان دروستکراوە، بەشێکی تایبەت بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ تووشبووانی شێرپەنجە هەیە. بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە ماوەی ڕابردوودا نەتوانراوە ئەو بەشە بخرێتە کار، بەڵام "لە ئێستاوە لەو نەخۆشخانەیە بە خۆڕایی نەشتەرگەری بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە دەکرێت و ئیتر پێویستیان بە نەخۆشخانە تایبەتەکان نابێت بۆ نەشتەرگەری."
