بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار دابەزی و لە هەولێر 100 دۆلار 151 هەزار دیناری تێپەڕاند. بانکی ناوەندی هۆکارەکەی بۆ دۆخی ناوچەکە دەگەڕێنێتەوە و گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش دەڵێت، سیستمی ئەسیکۆدا و مەترسیی سزادانی عێراق کاریگەرییان هەبووە. ئەمڕۆ دووشەممە، 26-01-2026، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزینی زیاتری تۆمارکرد؛ لە بازاڕەکانی دراو لە هەولێر بەهای 100 دۆلار 151 هەزار دیناری تێپەڕاند و لە سلێمانیش نزیک بووەتەوە لە 152 هەزار دینار. سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هیچ مەترسییەک لەسەر یەدەگی دۆلاری وڵات نییە و گۆڕانکاریی نرخی دینار پەیوەندیی بە دۆخی هەنووکەیی ناوچەکەوە هەیە. هەروەها جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، کۆمەڵێک هۆکار بوونەتە هۆی دابەزینی بەهای دینار، دیارترینیان: سیستمی ئەسیکۆدا، جێبەجێکردنی گومرگی پێشوەختە و ناجێگریی دۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکە. جەبار گۆران دەڵێت: "هەڕەشە لەلایەن ئەمریکاوە هەیە کە دەبێت لە حکومەتی نوێدا ئەجێندا سیاسی و ئابوورییەکان جێبەجێ بکرێن، ئەگەرنا مەترسیی سزادانی عێراق دێتە ئاراوە". یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان کە پسپۆڕان ئاماژەی پێدەدەن، رێکاری "گومرگی پێشوەختە"ـیە کە لە سەرەتای کانوونی یەکەمی 2025ـەوە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە. بەگوێرەی ئەو سیستمە، بازرگانان دەبێت لەڕێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە پێشوەختە پارەی گومرگ بدەن نەک لە دەروازە سنوورییەکان بە کاش، ئەمەش بەگوتەی جەبار گۆران "بارگرانیی زۆری دروستکردووە و خواستی لەسەر دۆلار زیاد کردووە".
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا، وردەکاریی میکانیزمی کۆکردنەوە و گەیاندنی کۆمەکە مرۆییەکانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان خستە ڕوو. وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە، پڕۆسەی گەیاندنی هاوکارییەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و سەلامەت لە ڕووی لۆجستی و ئیدارییەوە دەستی پێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی 22ـی کانوونی دووەمی 2026ـەوە، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ڕاسپێردران بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەم هەڵمەتە نیشتمانییە. بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، ئێستا هەڵمەتێکی گەورە لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەستی پێکردووە و هاونیشتمانیان بڕێکی زۆر لە پێداویستی و شتومەکی جۆراوجۆریان پێشکەش کردووە. وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، وەک لایەنی پسپۆڕ سەرپەرشتی تەواوی پڕۆسەی کۆکردنەوە، پۆلێنکردن و گواستنەوەی هاوکارییەکان دەکەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و زانستی بگەنە دەستی لێقەوماوان. وەزارەتی ناوخۆ داوایەکی گرنگی ئاراستەی خێرخوازان و لایەنەکان کرد کە بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکانیان، بەڵام تەنیا لە ڕێگەی ئەو میکانیزمە فەرمییەی کە دیاری کراوە، وەزارەت هۆشداریی دا کە هیچ کەس و لایەنێک بە شێوەیەکی سەربەخۆ کەلوپەل و کۆمەک نەباتە سنوورەکان، چونکە گەیاندنی هاوکاری بۆ ناو خاکی سووریا پێویستی بە ئامادەکاریی لۆجستی و ڕەزامەندیی پێشوەختەی ئیداری هەیە، کە ئەوەش تەنها لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کۆچ و کۆچبەرانەوە ڕێکدەخرێت. ئەم هەڵمەتە مرۆییە فراوانەی هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان، لە کاتێکدایە کە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا بەهۆی گەمارۆ و ئاڵۆزییە سەربازییەکانەوە لە دۆخێکی مرۆیی زۆر سەختدان، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە، هەوڵ دەدات هەموو هاوکارییە میللی و حکومییەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو کۆبکاتەوە تاوەکو زۆرترین سوود بە ئاوارە و لێقەوماوان بگەیەنێت و ڕێگری بکات لە هەر جۆرە پشێوییەک لە کاتی گواستنەوەی کۆمەکەکان لە خاڵە سنوورییەکاندا.
لە پرچ بڕینەکە خراپتر! ئەبو محەممەد سنەیی دووبارە دەرکەوتەوە و ئەمجارە بوختان بۆ ژنە شەرڤان دەکات! بەرای تۆ ئەم جۆرە کەسانە چ جۆرە سزایەک دادپەروەرانەیە بۆیان؟ بیدەنە دەست تۆ چی لێدەکەیت؟ پێشتریش ئەبو محەممەد سنەیی دژی هەموو کورد و موسڵمانێک قسە دەکات و دەڵێت: بە سەربەرزییەوە دژی ئەوانەم کوردایەتی دەکەن ئەگەر باوک یان براشم بێت. کلیک بکە بۆ بینینى قسەکانى.. http://facebook.com/reel/2019061831971848/?s=single_unit
لە گەڕەکی شۆڕشی شاری هەولێر، سێ ئەندامی خێزانێک لە ڕووداوێکی تەقەکردندا کوژران و هێزە ئەمنییەکان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران. ڕووداوەکە لە گەڕەکی شۆڕش و لە نزیک شەقامی سوورچیان ڕوویداوە، کە تێیدا سێ ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستداوە. - بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، پۆلیس تاوەکو هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکە دەستنیشان نەکردووە، تاوەکو ئێستاش تۆمەتبارەکان دەستگیر نەکراون و هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی بەدواداچوونن بۆ دۆزینەوەیان. تەرمی هەر 3 قوربانییەکە ڕەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کراون بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی یاسایی و پۆلیسیش گەمارۆی ناوچەکەی داوە تاوەکو تەواوی بەڵگەکان لە شوێنی ڕووداوەکە کۆبکاتەوە.
مەزڵوم عەبدی: بەخۆشحاڵییەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پێگەیشت و پشتیوانیی و پشتگیریی خۆی بۆ بەرخۆدانی رۆژاڤا دووپاتکردەوە. هەروەها مایەی شانازییە، کە دەبینین گەلەکەمان لە سلێمانی بە خۆپیشاندانی بەرفراوان رژانە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی پشتیوانی بەردەوامی خۆیان بۆ ئێمە. لەلایەکى دیکەوە هەر ئەمڕۆ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە یازدەهەمین ساڵیادی تێکشاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە کۆبانێ، پەیامێکی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و داوای کرد، پێویستە جیهان پابەندی بەڵێنەکانی بێت بەرانبەر قوربانیدانی کۆبانێ. ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، لە کاتێکدا یاد و شکۆی سەرکەوتنی کۆبانێ بەرز ڕادەگیرێت، ئێستا خەڵکی ئەو شارە لەژێر گەمارۆیەکی خنکێنەردان و ڕووبەڕووی هێرشی سەربازیی زۆر قورس دەبنەوە. فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی لەوە کردەوە، کۆبانێ لە پێناو پاراستنی مرۆڤایەتی و جیهان لە هەڕەشەکانی تیرۆر، قوربانییەکی بێوێنەی داوە، بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وڵاتانی جیهان بەرپرسیارێتی و سۆزداریی خۆیان بەرانبەر بەو قوربانیدانە نیشان بدەن و پابەندی بەڵێنەکانیان بن بۆ پاراستنی شارەکە لەو هێرش و گەمارۆیانەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە.
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک ئیلهام ئەحمەد، ڕایگەیاند کە ئەو ئاگربەستەی هەتەشە ڕایگەیاندووە، جێبەجێ ناکرێت. هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک ئیلهام ئەحمەد، نووسینێکی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس بڵاوکردەوە. ئیلهام ئەحمەد لە نووسینەکەدا دەڵێت: "ئەو ئاگربەستەی لەلایەن حکومەتی شامەوە ڕاگەیەندراوە، لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ ناکرێت. ئەوەی لە کۆبانێ ڕوودەدات کۆمەڵکوژییە و هێرشەکان بۆ سەر هەرێمەکانی جزیرەش بەردەوامن." ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەش دا کە بۆشایی نێوان لێدوانە فەرمییەکان و دۆخی خوێناوی فراوانتر دەبێت و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا: "هەر پرۆسەیەکی سیاسی کە بە پاراستنی مەدەنییەکان دەست پێ نەکات، وەک خەیاڵێکی سیاسی دەمێنێتەوە. بێدەنگی لە بەرامبەر ئەم تاوانانە شکستێکی ئەخلاقییە." ئیلهام ئەحمەد وتی، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی ئەم ڕووداوانەی لە ئەستۆیە. قسەکانی ئيلهام ئەحمەد لە کاتێکدايە، بەگوێرەی زانيارييەکانی ميدياکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ سوپای عەرەبیی سووريا ئاگربەستی پێشێلکردووە و هێرشی کردووەتەوە سەر گوندی خەراب عەشک و پێنج کەس کوژراوە و پێنج کەسی ديکەش برينداربوون کە يەکێکيان منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵانە.
ببینە ئەم منداڵانەی تیرۆریستانی داعـــ..،،ــش چۆن پەروەردە کراون، باسی ئەوە دەکەن ئەگەر داعـ..،،ــش بگەڕێتەوە چی دەکەن. ڤیدیۆکە کەمپی هۆلە، ئەو کەمپەی هەسەدە هەفتەی رابردوو بەناچاری چۆڵی کرد و نزیکەی 30 هەزار خێزان و منداڵی تیرۆریستانی داعــ..،،ــشی تێدایە. ڤیدیۆکە ئەرشیفە، بەڵام لە ئێستادا مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعــ..،،ـــش هەیە. Credits: Vice News. کلیک بکە بۆ بینینى دیمەنەکە https://www.facebook.com/reel/2311434669364697/?s=single_unit
لەزیندانەوە لاهور شێخ جەنگی پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: هیوادارم لە چوارچێوەی دەستووردا نوری مالیکی هەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی. دەقى پەیامەکەى لاهور شێخ جەنگی: پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی نوری مالیکی دەکەم بەبۆنەی کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق هیوادارم لە چوارچێوەی دەستووردا، هەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان
وەزارەتی دارایی عێراق نوسراوێکی بە واژۆی تەیف سامی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا داوا لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتەکانی حکومەتی فیدڕاڵ دەکات لیستی مووچەی مانگی یەک بنێرن. وەزارەتی دارایی عێراق نوسراوێکی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم وەزارەتەکانی دیکەی فیدڕاڵ کرد و تیایدا بە کۆمەڵێک مەرج و ڕێنمایی تازەوە، داوا دەکات لیستی مووچەی مانگی یەکی ساڵی 2026 بۆ ڕەوانە بکرێت. بەگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق کە ئەمڕۆ بە واژۆی تەیف سامی، وەزیری دارایی بڵاوکراوەتەوە، ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم وەزارەت و دەستە سەربەخۆکانی دیکەی عێراق کراوە، ئاماژە بەوەکراوە، لە چوارچێوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات، داوا لە هەموو وەزارەتەکان دەکەن لیست و خشتەی مووچەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی، گرێبەست و گرێبەستی ڕۆژانە کە خەرجی ڕاستەقینەیان هەبووە لە ساڵی ڕابردوودا، دوای وردبینی فەرمانگەی یاسایی و ژمێریی وەزارەت و دەستە سەربەخۆکان بە CD، بۆ وەزارەتی دارایی بنێرن. وەزارەتەکە دەشڵێت: ئامانج لەم نوسراوە بۆ ئەوەیە هەر کات لیستەکە گەیشت، مووچەی مانگی یەکی ساڵی 2026ـی فەرمانبەران خەرج بکرێت، چونکە لیستی پێشووی وەزارەتەکان ئەم وردەکارییانەی تێدانەبووە. هەر لە چوارچێوەی ڕێنماییەکاندا، دەبێت لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست بەپەلە ئامادە بکرێت، گۆڕانکاریی لە شایستەی دارایی فەرمانبەران و بەتایبەت بڕگەی خزمەتی زانکۆیی دەکرێت، بەجۆرێک ئەم پارەیە تەنیا بۆ ئەوانە خەرج دەکرێت کە بە کرداری وانە دەڵێنەوە، لەگەڵ چەندین ڕێکاری دیکە لە وەزارەتەکانی نەوت، کارەبا و سەرچاوەکانی ئاو بە ئامانجی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهات. 13ـی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزاری عێراق بۆ کاروباری ئابووری نوسراوێکی بە پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەرکرد، تیایدا ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهاتی پەسەندکرد، لەوانەش ئیتر 80% داهاتی کۆمپانیا حکومییەکان و وەزارەتەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێتەوە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرایکرد، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق لە کاتژمێر دووی بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە هێرشی چڕیان بۆ سەر دوو شارەدێ لە باشووری کۆبانێ دەستپێکردووە و داواش لە وڵاتانی نێوەندگیر دەکات سنوورێک بۆ پەلامارەکانی سوپای عەرەبیی سووریا دابنێن. هێرشی چەتەکان بۆسەر گوندەکانی سنووری کۆبانێ بەردەوامە، لە ئەنجامی هێرەشەکاندا چوار مەدەنی بریندابوون کە یەکێکیان منداڵە، شەڕڤانان وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە و ژمارەیەکی زۆر لە تانک و ئۆتۆمبیلی سەربازییان تێکشاندووە. چەتەکانی دەوڵەتی تورک، داعش و هەتەشە وێڕای ئاگربەست لە دوێنێوە لە هێرش و بۆردوومانی چڕی گوندەکانی سنووری شاری کۆبانێدان کە گەمارۆدراوە. هەڵهاتنی چەتەکان و تێکشکاندنی چەندین ئۆتۆمبیلی سەربازیی لە گوندی چەلەبەی سەر بە خراب عشک هێرشی چەتەکان بە شەش تانک، چەندین زرێپۆش و ژمارەیەکی زۆر لە چەتە لە بەرەبەیانەوە درێژەی هەیە. وەڵامدانەوەی کەمەرشكێنی شەڕڤانان لە دژی هێرشەکان بەردەوامە و زیانێکی زۆری بە چەتەکان گەیاندووە، کە تەنها لە سنووری گوندی خراب عشك ٧ ئۆتۆمبیلی سەربازیی، ٢ تانک، ژمارەیەکی زۆر لە پانزەر و ئۆتۆمبیلێ دۆشکە لەسەریان تێکشکاندووە. هەروەها لە ئەنجامی وەڵامی کەمەرشكێنی شەڕڤانانەوە، چەتەکان جار بە دوای جار هەڵدێن. لە گوندی زێرکێی کۆبانێیش ٥ ئۆتۆمبیلی چەتەکان تێکشکێندران. ئەمەش لە کاتێکدایە شەڕ و پێکدادان لە گوندەکانی قاسییە و چەلەبە بە سەختی بەردەوامە. بۆردوومانی گوندی زەرکتکێ؛ ٤ مەدەنی بوونەتە قوربانی لە ئەنجامی هێرشی چەتەکان بۆسەر گوندی زەرکتکێی کۆبانێ، تا ئێستا چوار گوندنشین برینداربوون، کە یەکێکیان منداڵە.
سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی تێکشکاندنی داعش لە کۆبانێ پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەوە "سەرکەوتنی هەموو گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی" بوو. لە پەیامەکەدا هاتووە: "لە یازدەهەمین ساڵیادی تێکشکاندنی تیرۆریستان لە کۆبانێدا، سڵاو بۆ شەڕڤان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەنێرین کە بە پشتیوانیی هاوپەیمانان لە بەرگرییەکی قارەمانانەدا رێگەیان نەدا کۆبانێ بکەوێتە دەست تیرۆریستانی داعش." سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو بەرگرییە "سەرکەوتنێکی گەورەی لە مێژووی گەلی کورد تۆمار کرد." دەشڵێت، "ئەو سەرکەوتنە سەرکەوتنی هەموو گەلی کوردستان بوو، سەرکەوتنی مرۆڤایەتی بوو بەسەر تیرۆر و تاریکیدا." دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی: لە یازدەهەمین ساڵیادی تێكشكاندنی تیرۆریستان لە كۆبانێدا، سڵاو بۆ شەڕڤان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەنێرین كە بە پشتیوانیی هاوپەیمانان لە بەرگرییەكی قارەمانانەدا رێگەیان نەدا كۆبانێ بكەوێتە دەست تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنێكی گەورەیان لە مێژووی گەلی كورد تۆمار كرد. ئەو سەركەوتنە سەركەوتنی هەموو گەلی كوردستان بوو، سەركەوتنی مرۆڤایەتی بوو بەسەر تیرۆر و تاریكیدا.
کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ دوو شەممە 26- 01- 2026 کەش / ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێـت بەگشتی . خێراى با / لەسەرخۆ دەبێت ( 5– 10 ) کم/ک. ئاراستەی با / باکوری خۆرهەڵات دەبێت مەوداى بینین / (9 – 10 ) دەبێت. پلەکانی گەرما / بەرزترین کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنی . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ ئەمڕۆ : هەولێر : 15 پلەی سیلیزی پیرمام : 12 پلەی سیلیزی سۆران : 7 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 3 پلەی سیلیزی سلێمانی : 13 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ : 15 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 13 پلەی سیلیزی دهۆک : 15 پلەی سیلیزی زاخۆ : 14 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 13 پلەی سیلیزی سبەی سێ شەممە 27- 01- 2026 کەش/ ئاسمان لەنێوان پەڵە هەورو نیمچە هەور دەبێت . خێراى با / لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت ( 10– 15 ) کم/ک. ئاراستەی با / باکوری خۆرئاوا دەبێت مەوداى بینین / (9 – 10 ) دەبێت. پلەکانی گەرما/ بەرزترین و نزمترین کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی: هەولێر : 16 پلەی سیلیزی پیرمام : 13 پلەی سیلیزی سۆران : 8 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 3 پلەی سیلیزی سلێمانی : 14 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 16 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 13 پلەی سیلیزی دهۆک : 15 پلەی سیلیزی زاخۆ: 15 پلەی سیلیزی ئاکرێ: 14 پلەی سیلیزی
ئەمڕۆ دووشەممە، بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دابەزینێکی پێوانەی تۆمار کرد، شارەزایانی بواری ئابووری هۆکارەکەی بۆ هەڕەشەکانی ئەمریکا لەسەر بەشداری پێنەکردنی گرووپە چەکدارەکان لە حکومەتی نوێی عێراق دەگەڕێننەوە. چەند ڕۆژێکە، بەهۆی ناسەقامگیری بازاڕ، لەدوای هەڕەشەکانی ئەمریکا لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق، بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەردەوامە لە دابەزین. کەیفی خۆشناو، وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر بە ئاڤای ڕاگەیاند: لەگەڵ کرانەوەی بازاڕدا 100 دۆلاری ئەمریکی بە 151 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرا، ئێستا بە 151 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت و پێشبینی دەکرێت دینار زیاتر بەهای خۆی لەدەست بدات. سەبارەت بە جیاوازی بەهای دۆلاری سپی و شین و ڕێژەکەی لە بازاڕدا، کەیفی خۆشناو دەڵێت: زۆرینەی ئەو دۆلارە سپیەی هەبوو بۆ تورکیا گواستراوەتەوە، بۆیە ئێستا ڕێژەیەکی کەم لە بازاڕدا هەیە، ئێستا جیاوازی بەهای دۆلاری سپی و شین هەندێکجار هەزار دینار، یان 750 دینار، یان 600 دینارە، جیاوازی هەیە، بە تێپەڕینی کات ئەم جیاوازیە نامێنێت. شارەزایانی بواری ئابووری هۆکاری دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بە دینار، هەروەها هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق و هەوڵەکانی بۆ ڕێگریکردن لە بەشداریکردنیان لە حکومەتی داهاتووی عێراق دەگەڕێننەوە.
کۆمپانیای دانە غاز و نەوتی هیلال، لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە هاوپەیمانی پترۆلیۆم، ڕێککەوتنی فرۆشتنی غازی درێژخایەنیان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ دابینکردنی 142 ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتی ڕۆژانە بۆیان. کۆمپانیای دانەغاز و نەوتی هیلال، لە ڕاگەێینراوێکدا ئاماژەیان بەوە کرد:" چەند ڕێکەوتنێکیان واژۆ کردووە، بەپێی ئەم ڕێککەوتنانە ڕۆژانە 142 ملیۆن پێ سێجا غاز بە کۆمپانیاکانی چیمەنتۆ و پۆڵا دەفرۆشرێت، بۆ ماوەی 10 ساڵ و دابینکردنی غازەکە لەگەڵ دەستپێکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی چەمچەماڵ لە نیوەی دووەمی ساڵی 2027 دەست پێدەکات، لەگەڵ پلانی دروستکردنی هێڵی بۆری نوێ کە لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەکرێت بۆ کێڵگەگە". لە ڕاگەێینراوەکە هاتووە:" ئەم ڕێککەوتنانە لەگەڵ کۆمپانیاکانی ماس چیمەنتۆ، بازیان چیمەنتۆ، دێڵتا چیمەنتۆ، گاسن چیمەنتۆ، چیمەنتۆی سلێمانی، کە هەموویان لە ناوچەی پیشەسازی بازیان لە پارێزگای سلێمانین، هەروەها کۆمپانیای ڤان ستێل لە پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستان واژۆ کراون". هاوکات بەشدارانی پترۆلیۆم بەهۆی توانای زۆری کێڵگەی چەمچەماڵ کێڵگەکە ئامادە دەکەن بۆ دەستپێکردنی زیاتری بەرهەمهێنانی غاز، هاوبەشەکان بڕیاریانداوە 160 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەبەرهێنان بکەن بۆ لێدانی سێ بیری دیکە، بە ئامانجی دابینکردنی غازی زیاتر. کۆمپانیای دانەغاز، لە ساڵی 2005 دامەزراوە و یەکەم و گەورەترین کۆمپانیای تایبەتی کەرتی غازی سروشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە ئێستادا لە بوارەکانی گەڕان و بەرهەمهێنان و گواستنەوەی غاز لە هەریەک لە ئیمارات، میسر و هەرێمی کوردستان کار دەکات.
جیهان قەرزارییەتی و دەبێت ئێستا بەهانایەوە بچن ئامادەکردنی هاوڵاتی لە پایزی 2014 جیهان خەریکبوو هیوای لەدەست دەدا. داعش لە لوتکەی خۆیدا بوو؛ بەهیچ نەدەوەستێنران، بێبەزەیی بوون و وەک هەورە بروسکە شارەکانی سوریایان داگیردەکرد. موسڵ کەوتبوو، ڕەققە بووە پایتەختی خەلافەتەکەی و شار بە شاری سوریا و عێراق دەکەوتە دەست گروپە چەکدارەکانی داعش. زۆرێک پێیان وابوو گرتنی تەواوی سوریا لەلایەن گروپە تیرۆریستییەکانەوە تەنها لەسەر کات وەستاوە. شرۆڤەکاران باسی بەحەتمیبوونی گرتنی سوریایان دەکرد لەلایەن داعشەوە و ترس هەموو سەردێڕی میدیاکانی تەنیبوو. ئا لەو کاتەدا بەرخۆدانی کۆبانێ دروستبوو. شارێکی کوردی کە لە هەموو لایەکەوە دەورەدرابوو. هەمووان کۆبانێیان بە لەدەستدراو لەقەڵەم دەدا. تانکەکانی داعش بەلیشاو دەهاتن، ئاڵا رەشەکەیان لەسەر شوێنە بەرزەکان هەڵدەکرا و تەواوی کامێراکان چاویان لەسەر کەوتنی کۆبانێ بوو. تەنانەت بەشێک لە شەڕڤانان دەیانوت بەرگریی سوودی نییە، بەڵام کۆبانێ خۆی بەدەستەوە نەدا. ئا لەو کاتەدا 80%ـی شارەکە بەدەست چەکدارانی داعشەوە بوو. بەڵام بە بڕیارێکی سەرۆک بارزانی هەموو شتێک گۆڕا. لە 22ـی 10ـی 2014 لەسەر داوای سەرۆک بارزانی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری ناردنی پێشمەرگەی بۆ کۆبانێ دا و دوای شەش رۆژ یەکەم کاروانی پێشمەرگە بەرەو شارەکە بەڕێکەوت. تەنها بە چەکی سووک و ئیرادەیەکی پۆڵاین، شەڕڤانان و پێشمەرگە شارەکەیان کردە قەڵای بەرخۆدان، شەقام بە شەقام و خانوو بە خانوو بەرگەیان گرت. ئەوەی داعش چاوەڕیی دەکرد بە چەند رۆژێک داگیری بکات، بووە شەرمەزاری چەندین مانگی گروپەکە. کۆبانێ بووە مەیدانی یەکەم گەورەترین شەڕ کە داعش نەتوانێت تێیدا براوە بێت. ئا لێرەوە ئەفسانەی نەکەوتن و پتەویی داعش تێکشکینرا. لە کۆبانێوە شکانی داعش وەک پوولی دۆمینە دەستیپێکرد. تەنها بە نزیکەی دوو مانگ شارەکە لە چەکدارانی داعش پاککرایەوە. ئێستا هەمان شار ئابڵوقەیەکی تووندی لەسەرە، ئەمجارە داعش نییە کە گەمارۆی شارەکەی داوە، بەڵکو پاشماوەکانی گروپەکە و بەکرێگیراوانی تورکیان بەناوی سوپای عەرەبیی سوریا، کە ئابڵووقەیەکی تووندیان خستووەتە سەر شارەکە و لە هەموو لایەکەوە دەورە دراوە. شارەکە لە دۆخێکی سەختدایە. ئاو، سووتەمەنی و خۆراک بۆ خەڵکی سڤیل بڕاوە. کارەبا نییە و نەخۆشخانەکانی پێداویستی پزیشکییان تێدا نەماوە، چەکدارەکانی دیمەشقیش ناهێڵن هیچ شتێک بڕوات بۆ شارەکە. ئەو شارەی هەموو جیهان قەرزاربارییەتی ئێستا لەژێر بەزەیی چەکدارە دڕندەکانی سوپای سوریایە. هەموو ئەوانەی خۆیان بە هاوپەیمانی کورد دەزانی پشتیان تێکرد و بێدەنگن، هەروەک ساڵح موسلیم دەڵێت، ئەمە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتییە و ئەمریکا، ئیسرائیل، تورکیا، بەریتانیا، فەرەنسا و وڵاتە عەرەبییەکان تێیدا بەشدارن. بۆیە تەنها کورد دەتوانێت بەرگریی لە خۆی بکات، لەبەرئەمەشە سەرۆک بارزانی رۆژی هەیینی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئەگەر لە توانامدا بوایە وەک ساڵی 2014 پێشمەرگەم دەناردە کۆبانێ. سەرۆک بارزانی لە ئیتاڵیاوە بە بیر هەموو جیهانی هێنایەوە کە ئەوە کۆبانێ بوو ئێوەی لە دەستی تیرۆر رزگارکرد و گوتی: کۆبانێ شارێکی کوردییە و نابێت دەستی لێ بدرێت، من هەرچەند بتوانم بۆ ئەو شارەی دەکەم و ئەوەی لە دەسەڵاتمدا بێت ئەنجامی دەدەم. ئەو شارەی کە تەنها زمانی بەرخۆدان دەزانێت و ئاشنا نییە بە دۆڕان، ئێستا بە بەرچاوی وڵاتانەوە دەخنکێنرێت. ئەمە چیرۆکی کۆبانێ بوو کە تەواوی جیهان لە ئاستیدا لاڵ بووە.
