بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له مامۆستایانی زانكۆ، نووسه‌ران، رۆژنامه‌نووسان، ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندان و وه‌رزشوانان كۆبووه‌وه و تێیدا هیوای خواست: هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ببێته هۆی ئه‌وه‌ی عێراق بكه‌وێته سه‌ر ڕێی ڕاست و گوتی: هێشتا فه‌رهه‌نگی حكوومه‌تی مه‌ركه‌زی زاڵه به‌سه‌ر بیركردنه‌وه له به‌غدا. رۆژی دووشه‌ممه 20ی تشرینی یەکەمی 2025 له شاری هه‌ولێر، سه‌رۆك مەسعود بارزانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له مامۆستایانی زانكۆ، نووسه‌ران ، رۆژنامه‌نووسان، ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندان و وه‌رزشوانانی كوردستان كۆبووه‌وه. بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆك بارزانی گوتاریكی پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرد و خۆشحاڵیی خۆی به‌و كۆبوونه‌وه‌یه ده‌ربڕی و باسی له ڕه‌وشی ئێستا و بابه‌تی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد. له‌وباره‌یه‌وه سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند: هه‌ڵبژاردن پڕۆسه‌یه‌كی دیموكراسییه و گه‌ل ده‌بێ خۆی بڕیار له چاره‌نووسی خۆی بدات و به ئازادانه نوێنه‌رانی خۆی هه‌ڵبژێرێت. سه‌رۆك بارزانی دووپاتی كرده‌وه به نیسبه‌تی ئێمه، هه‌ڵبژاردن مه‌سه‌له‌یه‌كی مه‌بده‌ئییه و بڕوامان پێیه‌تی، له كاتی راپه‌ڕین له مانگی ئاداری ساڵی 1991 له كۆیه من ئه‌و كات داوام كرد كه هه‌ڵبژاردن بكرێت، بۆیه به نیسبه‌ت ئێمه شتێكی مه‌بده‌ئییه. هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ئازاد له 1992 له كوردستان ئه‌نجام درا و بووه بناغه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان دابمه‌زرێن، له عێراقیش بۆ یه‌كه‌م جار له مێژووی ئه‌و وڵاته‌دا له ساڵی 2005 یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ئازاد كرا دوای ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌ر ده‌ستوورێك بۆ ئه‌م وڵاته رێككه‌وتین. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رۆك بارزانی سه‌رباری خستنه‌ڕووی تێبینییه‌كانی له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن له عێراق دوای ساڵی 2010، رایگه‌یاند: له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی به‌شداری له هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ین. سه‌رۆك بارزانی هیوای خواست ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی عێراق بكه‌وێته سه‌ر ڕێی راست و كار به ده‌ستوور بكرێت. له‌باره‌ی خه‌بات و قوربانیدان و ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند: له ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێم كه‌س منه‌تی به ئێمه نه‌كردووه و كه‌سیش ناتوانێت منه‌ت له‌سه‌ر ئێمه بكات، ئه‌مه به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدانه، به‌رهه‌می فرمێسكی دایكی شه‌هیدانه، به‌رهه‌می ڕه‌نجی ئه‌م میلله‌ته‌یه. هه‌ر له وتاره‌كه‌یدا، سه‌رۆك بارزانی باسی له قۆناغی عێراقی نوێی دوای 2003 كرد و رایگه‌یاند: له دوای 2003 ئێمه به ئیراده‌یه‌كی به‌هێز و نیه‌تێكی زۆر زۆر پاك چووینه به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی عێراقێكی تازه دروست بكرێت و هه‌موو هه‌وڵێكمان دا تا گه‌یشتینه 2005 و ئه‌و ده‌ستووره‌ی كه ئێستا هه‌یه. سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند: ئه‌و ده‌ستووره ئه‌وه نییه هه‌موو تموحی ئێمه‌ی تێدا بێت، به‌ڵام ده‌ستوورێكه به‌شی ئه‌وه شتی ئیجابی تێدایه كه ئێمه پێی ڕازی بین و پشتیوانیی لێبكه‌ین، ئێستاش ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ستووره جێبه‌جێ بكرێت، ده‌ستوورێكی باشه. سه‌رۆك بارزانی دووپاتی كرده‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌ستووره جێبه‌جێ كرابا، نه له شوێنه‌كانی تری عێراق و نه له په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، زۆرێك له‌و كێشانه ڕوویان نه‌ده‌دا. هاوكات سه‌رۆك بارزانی ڕایگه‌یاند: به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی ئێمه بینیمان، هێشتا فه‌رهه‌نگی حكوومه‌تی مه‌ركه‌زی زاڵه به‌سه‌ر بیركردنه‌وه له به‌غدا. جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه‌متر له ده‌ستوور قبووڵ ناكه‌ین. سه‌باره‌ت به بابه‌تی نه‌وت و رێككه‌وتنی ئێستای سێقۆڵی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدراڵ و كۆمپانیاكانی نه‌وت، سه‌رۆك بارزانی هیوای خواست ئه‌م رێككه‌وتنه سه‌ربگرێت و ببێته بنه‌مایه‌ك بۆ یاسای نه‌وت و گاز و ئه‌م كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكرێت. هه‌روه‌ها له‌باره‌ی مافه ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، سه‌رۆك بارزانی دووپاتی كرده‌وه ئه‌و مافانه ئه‌مانه‌تێكن خوێنیان بۆ دراوه و هه‌زاران ڕۆڵه‌ی ئازیز خوێنیان بۆ ڕشتووه. هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی بڕینی بودجه و مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان رایگه‌یاند: لای من و له لای هه‌موو كوردێكی دڵسۆز و ئه‌وه‌ی كه‌مێك ویژدانیشی هه‌بێت، ئازاری نانبڕینی خه‌ڵكی كوردستان كه‌متر نه‌بووه له ئه‌نفال و كیمیاباران. سه‌رۆك بارزانی له به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا ڕووی له ئاماده‌بووان كرد و پێی ڕاگه‌یاندن، چۆن پێشمه‌رگه تیرۆریستانی داعشی تێك‌شكاند، ئێوه‌ش به پێنووس و هزر و بیری خۆتان، به هه‌وڵ و ماندووبوونی خۆتان ده‌بێ شه‌ڕی ئه‌و فه‌رهه‌نگه نامۆیه بكه‌ن كه خه‌ریكه له كوردستان بڵاوده‌بێته‌وه كه تاكی كورد بڕوای به‌خۆی نه‌مێنێت و گه‌نجی كورد سۆز و ئینتیمای بۆ نیشتمانه‌كه‌ی نه‌مێنێت. سه‌رۆك بارزانی هه‌روه‌ها ئاماژە‌ی به‌وه دا، هه‌وڵ ده‌درێت نه‌هێشتنی بیری نه‌ته‌وه‌یی و نائومێدی له‌ناو میلله‌تی ئێمه‌دا بڵاو بكه‌نه‌وه، ئه‌و فه‌رهه‌نگه ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی كه ئێمه هه‌مانه و شانازیی پێوه ده‌كه‌ین كه پێكه‌وه‌ژیانه، خه‌ریكه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ش نه‌هێڵن، بۆیه ده‌بێ هه‌مووان ڕووبه‌ڕووی ئه‌م پیلانه ببنه‌وه و نه‌هێڵن سه‌ربگرێت. هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی باسی له پێشكه‌وتنه‌كانی كوردستان كرد له بواره‌كانی په‌روه‌رده، خوێندنی باڵا، ئاوه‌دانی، كاره‌با، ڕێگه‌وبان و دروستكردنی به‌نداو و پۆنده‌كان. باسیشی له گرنگی و بابه‌خی پاراستنی ژینگه و ژینگه‌پارێزی كرد و داوای كرد هه‌موو لایه‌ك هاوكار بن له زیاتر به‌ره‌وپێشبردنی ژینگه‌پارێزی و پاراستنی سروشتی كوردستان . سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به گرنگیی دروستكردنی به‌نداوه‌كان كرد و ڕایگه‌یاند، دروستكردنی ئه‌مانه كاریگه‌ریی زۆریان هه‌یه له پاراستنی ئاو و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ئاو له داهاتوودا و ده‌بێ كارێك بكه‌ین خه‌ڵكی كوردستان تووشی كێشه‌ی بێ ئاوی نه‌بێت و ده‌بێ سیاسه‌تێكی ڕاست و دروستی به‌ڕێوه‌بردنی ئاو هه‌بێت. له‌باره‌ی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، سه‌رۆك بارزانی داوای كرد كه هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه به ئارامی و هێمنی و دوور له توندوتیژی به‌ڕێوه بچێت و نابێ رێگه بدرێت هیچ شتێكی خراپ ڕوو بدات، هه‌ر كه‌سێكیش ئازاده بانگه‌شه‌ی خۆی بكات و ده‌نگ به كێ ده‌دات. راشیگه‌یاند: سیاسه‌تی پارتی و سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه كه بیر له‌وه بكاته‌وه ژێرخانێكی ته‌واو له هه‌موو بواره‌كاندا بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو بنیات بنێت و ده‌بێ كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكرێت كه له خزمه‌تی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه بۆ ئه‌وه‌ی ئایینده‌یه‌كی خۆش و گه‌ش و ته‌ندروست بۆ میلله‌ته‌كه‌مان ده‌سته‌به‌ر بكرێت. له‌باره‌ی ڕه‌وشی ناوخۆی كوردستان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت، سه‌رۆك بارزانی ڕایگه‌یاند: له دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن داوامان له هه‌موو لایه‌نه‌كان كرد حكوومه‌تی بنكه‌فراوان پێك بهێنرێت، به‌ڵام هه‌ندێكیان نه‌هاتن و هەندێكیان گوتیان ده‌بینه ئۆپۆزسیۆن، ئه‌مه مایه‌وه له نێوان پارتی و یه‌كێتی. سه‌رۆك بارزانی ڕایگه‌یاند، له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی كاری حكوومه‌ت ڕێككه‌وتنی زۆر باش كراوه و به‌رنامه‌یه‌كی زۆر ڕێكوپێكه، پێویسته ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌به‌رچاو بگیرێت و هه‌ر لایه‌نه به پێی ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردنی خۆی پۆست وه‌ربگیرێت و هیوای خواست كه له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش ڕێككه‌وتن بكرێت و بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێك بهێنرێت.
شاره‌زایه‌كی بواری كه‌شناسی رایگه‌یاند، سبه‌ی شه‌پۆلێكی باران بارین و هه‌وره بروسكه ناوچه جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌و هۆشداریش ده‌دات له دروستبونی لافاوی خێرا له هه‌ندێك شوێنی پارێزگای دهۆك. ئاراس جه‌بار، شاره‌زای بواری كه‌شناسی، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، سبەی سێشەممە کاریگەری شەپۆلەکەی دەریای ناوەڕاست دەگاتە ناوچەکانمان و لەکاتەکانی نیوەڕۆوە ئاسمانی هەرێم بە زۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور و هەوری تەواو لەگەڵ دەستپێکردنی تاوە باران و هەورە بروسکە لەناوچە جیاجیاکانی سنوری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی راپەرین و لە سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و کەرکوک و هەڵەبجە ئاسمان بە زۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور و لەهەندێ شوێندا هەورە بروسکە چالاک ئەبێت لەگەڵ بارینی نمە باراندا. وتوشیه‌تی، سبه‌ی پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ، 2 پلە نزم دەبنەوە و خێرایی با مامناوەند ئەبێت. ئه‌و شاره‌زایه ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، لە کاتەکانی نێوان سبەی شەو بۆ بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، کاریگەری ئەو ناجێگیرییە لەسەر ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکە زیاتر ئەبێت، بۆیە هۆشداری ئەدەین لە دروستبون و چالاکبونی کەڵەکە هەوری بە بروسکەی بەهێز و هەروەها ناوبەناو تەرزە و بارانێکی بەخوڕ و زۆر ئەبارێت کە ئەمەش ئەبێتە هۆی دروستبونی لافاوی خێرا لە هەندێ شوێنی پارێزگاکەو پێویستە هاوڵاتیان لەو ناوچانەدا ئاگاداربن. ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، لەناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا ئەگەری هەورە بروسکە و بارانێکی کەمی پچڕپچڕ ئەبێت، دواتر لە رۆژی چوارشەممە بەشێوەی ناوخۆیی هەورە بروسکە و تاوە باران لەهەندێ شوێندا چالاک ئەبێتەوە و کاتەکانی ئێوارە کۆتایی پێدێت . ئاراس جه‌بار هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، لەکۆتایی ئه‌م مانگه‌دا بۆ سەرەتای مانگی 11، پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی دیکەی هەورە بروسکە و بارانبارین بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەکەین.
مەسرور بارزانى ڕلیدەگەیەنێت، پارتی بەهێزترین و گەورەترین پارتی سیاسیە لەسەر ئاستی کوردستان،دەمانەوێت بیسەلەمێنین کە لەسەر ئاستی عێراقیش بەهێزترین و گەورەترینە. بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە شاری هەولێر کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت. لە وتارێکدا مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی وتی، هەموومان خۆمان ئامادە دەکەین بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە و بۆ سەرکەوتنێکی دیکەی پارتی. جێگری سەرۆکی پارتی ڕایگەیاند "سەرەڕای ئەو هەموو قەیرانانەی بۆ ئێمە دروست کران، هەموو ئەو پلانانەی لە ناوخۆ و دەرەوە بۆ ئێمە داڕێژران، ئێمە بە پڕۆژە و دەستکەوت وەڵامی ناحەزانمان دایەوە. ئەمانە دەسکەوتی خۆتانن و پێویستە شانازی بەخۆتانەوە بکەن." چەند پەیامێکى دیکەى مەسرور بارزانى بەکورتى.. ٠ لەسەر ئاستی عێراق ڕێگری لە پێشکەوتنەکانی کوردستان کراوە. ٠ نەیانتوانیوە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان بووەستێنن. ٠ بەرگری لە مافی هەموو پێکهاتەکان دەکەین. ٠ هەموو هەوڵێک بۆ بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دراوە. ٠ بەشێکی زۆری ناوچەکانی عێراق بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن. ٠ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەرکە لەسەر بەغدا. ٠ ئاسایش و سەقامگیری لەهەرێمی کوردستان نموونەی نییە. ٠ کوردستان یەکێکە لە سەقامگیرترین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ٠ کوردستان بووەتە پەناگەیەک بۆ هەموو ئەوانەی لە تووندڕەوی ڕادەکەن.
بافڵ تاڵەبانی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی یەكێتیدا لە هەڵەبجە ڕایگەیاند: ناهێڵین غازەكە بخۆن هەموو لەناوچەی ئێمەیە، بۆیە كارەبای 24ی كاتژمیریی هەیە. ئەمڕۆ دووشەممە لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەهەڵەبجە وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لە گرنگی و پێگەی تایبەتی هەڵەبجە کردەوە و بەڵێنی دا کە نوێنەرانی یەکێتی لە بەغداد دەبنە پشتیوان و هێزی خەڵکی ئەو شارە. لەبەشێکى وتارەکەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی باسى لە پرۆژەى کارەباى ٢٤ کاتژمێرى کرد، وتى: بەرنامەو پشتیوانى هەموو حزبەکان بوو بۆ ئەو کارەبایە، نەمانهێشت غازەکە ببەنە دەرەوە، بۆیە کارەبا بووە 24 کاتژمێریی. سەرۆکی یەکێتی ئاشکرایکرد کە بیرۆکەی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە خەونێکی دێرینی مام جەلال، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی بووە و گوتی: "پڕۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە ساڵی 1999ەوە لای مام جەلال گەڵاڵە بوو." ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە "هەڵەبجە دەبێت وەکو شوێنەکانی دیکە خزمەت بکرێت" و ڕایگەیاند: "پارەیەکی زۆر لە بەغداد هەیە و دەبێت ئەو پارەیە لێرە، لە هەڵەبجە و هەرێمی کوردستان، خەرج بکرێت.
ئەمڕۆ ساڵڕۆژی ئازادکردنی شاری ڕەققەی سوریایە لەژێر دەستی داعش لەلایەن شەڕڤانانەوە و هەسەدەش ڕایدەگەیەنێت: ڕێگە بە گەڕانەوەی هیچ جۆرە تیرۆرێک نادەن و سازش لەسەر خوێنی شەهیدانی ئازادیی ناکەن لە بەرامبەر دوژمنانی ئازادیی. ئەمڕۆ 20ی تشرینی یەکەم هەشت ساڵ بەسەر ئازادکردنی شاری ڕەققەی سوریایە پایتەختی خەلافەتەکەی داعشە، لەسەر دەستی شەڕڤانان لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە ساڵڕۆژەکەشدا هێزەکانی سوریای دیموکرات- هەسەدە- پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: شەڕڤانانی نێر و مێ و تەواوی پێکهاتەکان پێکەوە پایتەختی خەلافەتێکی مەترسیدار و تاریکپەرستیان لەناوبرد و سەرکەوتنێکی مێژوییان تۆمارکرد. هەسەدە: ڕەققە سەردەمێک پایتەختی تیرۆر بوو، بەڵام ئێستا هێمای ڕزگاریی و پێکەوژیانە و خواست و نەبەزیی گەلانی ناوچەکەیە، سەرکەوتنەکە بە خوێنی شەهیدان نوسراو و پیرۆزکراوە و بەو جۆرە دەمێنێتەوە. هەسەدە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژە‌ی بەوەشداوە، شکۆی مرۆڤ لەسەرو هەموو شتێکەوەیە و ناهێڵن دوژمنانی ئازادیی یاریی بە چارەنوسی گەل بکەن، بە هیچ جۆرێک ڕێگە بە گەڕانەوەی تیرۆر نادەن لەژێر هەر ناو و بەرگێکدا بێت، هیچ کاتیش سازش لەسەر خوێنی شەهیدان و ئامانجەکان ناکەن...
ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکیی کامەران عوسمان ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ تاڵانکردن و بڕینەوە و وێرانکردنی دارستانەکانی بادینان دەست پێکردووە، تەواوی دارەکان بە تراکتۆری مەدەنی، دەگوازرێنەوە بۆ ناو تورکیا. کامەران عوسمان ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکیی ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە، سوپای تورکیا هەڵمەتێکی فراوانی بڕینەوەی دارستان و پارچە پارچەکردنی دارەکانی کوردستانی لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین، لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی دەستپێکردووە. وتیشی: دارەکان بە شۆفڵ و حەفارە دەردەهێندرێن و بە ئامێری بڕەڕی پێشکەوتوو پارچە پارچە دەکرێن. ئاماژە‌ی بەوەشدا، “تەواوی دارەکان بە تراکتۆری مەدەنی، دەگوازرێنەوە بۆ ناو تورکیا و بەشێکی بۆ سووتەمەنی سوودی لێوەردەگیرێت، بەشە زۆرەکەشی بۆ درووست‌کردنی کورسی و قەنەفە و کەلوپەلی لە تەختە دروستکراوی ناو ماڵ لەلایەن کارگەکانی تورکیاوە بەکاردەبرێن و دواتر ئەم کەلوپەلانە دەنێردرێنەوە ناو بازاڕەکانی کوردستان و بە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێنەوە!.” کامەران عوسمان ئەوەشی ڕاگەیاند، “پاراستنی سنوور و ژینگە و دارستانەکانی کوردستان لە بەرنامە و پرۆگرامی چ حزبێکی کوردستانی دایە؟! لەبەر شەڕە پەڕۆی هەڵبژاردن و درووشمی ڕەنگا و ڕەنگ، کام حزب ئاگای لە وێرانکردنی ژینگەی سەوزی کوردستانە؟!”
شاندێکی نووسینگەی ژنان لە کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئیلهام ئەحمەد ئەنجامدا، بارودۆخی مرۆیی کۆچبەران و هەوڵەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەیەکی ئارام تاوتوێ کرا. نووسینگەی ژنان لە کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئیلهام ئەحمەد، ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسی و مرۆییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی کۆچبەران، لەژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی گۆڕەپانی سووریا و دیدارە یەک لە دوای یەکەکانی نێوان شاندەکانی دانوستان و دیمەشق. لەکاتی دیدارەکەدا، هەردوولا بارودۆخە سەختەکەی هەزاران کۆچبەریان خستەڕوو، کە زیاتر لە شەش ساڵە بەهۆی داگیرکردنی شارەکەیانەوە تێیدا دەژین، کە هێشتا ژمارەیەکی زۆریان لە کەمپ و قوتابخانەکاندا لە ناوچە جیاجیاکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشتەجێن. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان و پێشکەشکردنی پشتیوانیی مرۆیی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان کرایەوە. هەروەها، کۆبوونەوەکە ئاماژە‌ی بە ڕێککەوتننامەی ١٠ ـی ئازار کرد، کە تێیدا مافی هەموو کۆچبەران بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان جێگیرکراوە، وەک پایەیەکی سەرەکیی هەر چارەسەرێکی سیاسیی گشتگیر و دادپەروەرانە لە سووریا، بەتایبەتی لەژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە سیاسییە چاوەڕوانکراوانەی کە ڕەنگە ڕێگە بۆ قۆناغێکی کاتیی نوێ خۆش بکەن. لەکاتی قسەکانیدا، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئیلهام ئەحمەد، جەختی لەوە کردەوە کە "مافی گەڕانەوە، مافێکی مرۆیی و یاساییە و سازشی لەسەر ناکرێت"، دووپاتیشیکردەوە کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی پرسی کۆچبەران لە پێشینەی کارەکانیدا دادەنێت و کاردەکات بۆ هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە سیاسی و مافپەروەرەکان بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەیەکی ئارام و شکۆمەندانە بۆ هەموو خەڵکی سەرێکانی و گرێ سپی و سەرجەم ناوچە داگیرکراوەکان. هەروەها ئەندامانی نووسینگەی ژنان لە کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو هەوڵانە دەربڕی کە لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانەوە بۆ پشتیوانیکردن لە دۆسیەی کۆچبەران دەدرێن، جەختیان لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی ژنانی کۆچبەر و پتەوکردنی ڕۆڵیان لە بەرگریکردن لە مافەکانی کۆمەڵگەکەیان و داواکردنی گەڕانەوەی هەموو خەڵکی شارەکەیان کردەوە. لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی و کاری هاوبەش بۆ بەرگریکردن لە مافی گەڕانەوە و کاراکردنی ئەو بڕگانەی کە پەیوەستن بەم پرسەوە لە هەر ڕێککەوتنێکی سیاسیی داهاتوودا کردەوە، ئاماژەیان بەوەشدا کە گەڕانەوەی کۆچبەران بۆ سەرێکانی، هەنگاوێکی سەرەکییە بەرەو بەدیهێنانی دادپەروەری و سەقامگیری و بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراتیکی فرەلایەن کە مافی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکات.
بارەگای بارزانی لەڕاگەیەندراوێکیدا دەڵێت: رۆژی یەکشەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2025، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی هاوپەیمانیی (صقورنا) بە سەرۆکایەتیی بەڕێز سەلیم ئەلجبوری کرد. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو: لەدیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی عێراق و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، خانەوادەی ئەو گەنجانەی کە لە وڵاتی لیبیا گیریانخواردووە دڵنیا دەکەینەوە، پشتیوان بە خوا لە ماوەی هەفتەیەک ئەو گەنجانە دەگەڕێنینەوە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەک شەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، لە سەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە هێنانەوەی ئەو گەنجانەی لە وڵاتی لیبیا گیریان خواردووە، خانەوادە بەڕێزەکانیان دڵنیا دەکەینەوە، کە هەر لە سەرەتای بارودۆخەکەوە تیمێکی تایبەت لە وەزارەتە تایبەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەت هەردوو وەزارەتی ناوخۆ وفەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ڕاسپێردراون بۆ تەواو کردنی سەرجەم ڕێکارەکانی ڕزگارکردنیان لە وڵاتی لیبیا و گەیاندنەوەیان بە سەلامەتی بۆ هەرێمی کوردستان. وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە‌ی بەوەشکردووە، خانەوادەکانیان دڵنیادەکەینەوە کە لە ماوەی هەفتەیەکدا پشتیوان بە خوا ڕێکارە پێویستەکان تەواو دەبن و ئەو گەنجانە دەگەنەوە هەرێمی کوردستان. وەزارەتی ناوخۆ داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات، کارێک نەکەن ببێتە هۆکاری بریندارکردنی هەستی خانەوادەی ئەو هاووڵاتیانە و هەواڵی بێ بنەما و دوور لە ڕاستی بڵاو نەکەنەوە.
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ ڕەوانەی بەغداد دەکرێت تا لە بەرامبەردا مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکرێت. وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە لێدوانەکەیدا بۆ کەناڵ8 ئاماژە‌ی بەوەکرد، لە کۆبوونەوەی ڕابردووی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیار دراوە و وەزارەتی دارایی سەرپشک کراوە کە 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ ئامادە بکات و جیای بکاتەوە، بۆ ئەوەی هەر کاتێک پێویست بوو، بینێرێت بۆ بەغداد.
وەزیری دەرەوەی توركیا جەخت دەکاتەوە، دۆخی ئەمنی سوریا پرسی سەرەکی ئێمەیە و لە ئێستادا خەمی سەرەکی ئەوانە (تورکیا) پێشى وایە هەموو شتێک کە لەوێ روودەدات راستەوخۆ کاریگەری لەسەر یەکپارچەیی خاکەکەمان و ئاسایشی هاووڵاتییانمان هەیە. لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی" Ülke TV" توركی، ئەمڕۆ یەکشەممە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند: گەورەترین مەترسی ئێمە بەردەواميی فراوانخوازیی ئیسرائیلە لە سوریا، لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ ئەمریکییەکان چووینە گفتوگۆوە بۆ ئەوەی ئیسرائیل ناچار بکەین دەستبەرداری ئەمو سیاسەتە مەترسیدارە بێت کە دەیەوێت وڵاتانی دراوسێ بە لاوازی و دابەشبویی بهێڵێتەوە. ناوبراو لەبارەى رێککەوتنی 10ی ئازاری نێوان هێزەکانی سوریای دیموكرات و حکومەتی سوریا، دەڵێت: کشانەوەی دەستبەجێی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ناوچە عەرەبیەكان لەخۆدەگرێت، ئەمە لە پێشینەی کارەکانمانە، ئەگەر هەیە چاوەڕوانی سەرهەڵدانی ململانێی زۆر مەترسیدار بکەین ئەگەر یەپەگە لە ناوچە عەرەبییەکان نەکشێتەوە. وەزیرى دەرەوەى تورکیا هەر لەو چاوپێکەوتنەدا هێما بۆ ئەوەشدەکات کە چاوەڕێن و دەبینین هەندێک گفتوگۆ بەردەوامە، بەڵام هێشتا تەواو نەبوون، پرسی تێکەڵکردنی چەکدارەکانیان لە سوپای سوریا لە گفتوگۆدایە. هەروەها پێشى وایە کە دەبینین یەپەگە هەڵوێستێكی توندڕەوانە پیادە دەكات، ئەمە لە بەرژەوەندی ئەوان نییە، دووپاتى ئەوەشى کردەوە کە ئەگەر رێککەوتنەکە شکستی هێنا، ئێمە لەم بابەتەدا هاوکاری راستەوخۆ لەگەڵ سوریادا دەکەین. لەبارەی پرسی گواستنەوەی دەیرەزوریش بۆ حکومەتی سوریا تا ئێستا رێککەوتن نەكراوە، پلانی ئەوە لە ئارادایە کە بەم نزیکانە کۆبونەوەی سێ قۆڵی ئەنجام بدرێت لە نێوان تورکیا و ئەمریکا و سوریا. وەزیرى دەرەوەى تورکیا واى وت. هاکان فیدان دەشلێت: یەپەگە هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ دەستبەرداربون لەو ئەندامانەی مەترسی لەسەر ئاسایشی تورکیا دروست دەکەن، لە نمونەی چەکدارانی پەکەکە کە لە تورکیا، عێراق، یان ئێرانەوە هاتوون، هیچ گەرەنتییەکیان نەداوە بۆ نەهێشتنی تونێل، سیستەمی موشەکی، یان ئەو ئەندامانەی تورکیا دەکەنە ئامانج.
بەپێى ڕاپۆرتێکى ماڵپەرى ڕوانگەى سوریی بۆ مافەکانى مرۆڤ، هێزەکانى هاوپەیمانان و ئەمریکا کاروانێکی سەربازیی، کە پێکهاتبوو لە ٢٠ بارهەڵگر لە هەرێمی کوردستانەوە گواسترایەوە بۆ بنکەی قەسرەک لە ڕۆژئاواى کوردستان( باکووری پارێزگای حەسەکە)، کاروانەکە کەرەستەی سەربازیی و لۆجیستیی و سووتەمەنیی لەخۆ گرتبوو. گەیشتنی ئەم کاروانە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ بەهێزکردنی هەژموونی خۆی لە سووریا. هاوکات لە دووڕۆژى ڕابردوودا هێزەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی لە ڕێگەی فڕۆکەی بارهەڵگری ئەمریکییەوە، چەکی بەرگریی ئاسمانی و مووشەک و سیستەمی ڕاداری پێشکەوتوو و کەرەستەی لۆجیستی لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە گواستەوە بۆ بنکەی قەسرەک لە باکووری حەسەکە، هەروەها دوو هەلیکۆپتەر و ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی یاوەریی ئەم فڕۆکە بارهەڵگرە بوون. هێزەکانى سوریاى دیموکرات – هەسەدە بەشێکن لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش و ئەمریکا و هاوپەیمانان لەگەڵ گەیاندنى چەک و تەقەمەنى و پێویستى سەربازیدا بە هەسەدە، ئۆپراسیۆنى هاوبەش دژ بە داعش لە رؤژئاواى کوردستان ئەنجام دەدەن. لەباکوور و رۆژهەڵاتى سووریا 11 بنکەى سەرەکى و چەند بنکەیەکى لاوەکیى ئەمریکا و هێزەکانى هاوپەیمانان جێگیرکراون. هاوپەیمانان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا بە ٨٥ فڕۆکە، ٣٢١ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، چەک و کەرەستەی سەربازییان گواستووەتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان.
عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامێکی بۆ کۆنفرانسی دایکانی ئاشتی نارد و وتی: لە هەمووی زیاتر لە دایکمەوە فێری ڕاستی ژیان و ئارامگرتن بووم، بەڵام لەوەش زیاتر هەڵوێستی ڕاستی سەربەرزانەم لە دایکمەوە وەگرت، لەسەر ئەم بنەمایە سڵاو لە هەموو دایکانی ئاشتی دەکەم و بە ناسنامەی ژنی ئازاد و هۆشمەندیتانەوە تێ‌بکۆشن. ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی دوای ١٢ ساڵ بە درووشمی “دایکان پێشەنگی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئاشتییەکی هەمیشەیین” سێیەمین کۆنفرانسی خۆی لە چاند ئامەد ئەنجام دەدات، لەگەڵ دایکانی ئاشتی، تەڤگەر ژنانی ئازاد (تەژەئا)، ڕێکخستنەکانی دەم پارتی و دەبەپەی شار و ناوچەکان، هاوسەرۆکانی شارەوانی، پەرلەمانتارانی دەم پارتی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداری کۆنفرانسەکە بوون. لە هۆڵی کۆنفڕانسەکەدا پۆستەری ڕێبەر ئاپۆ و وێنەی دایکانی ئاشتی کە گیانیان لەدەستداوە هەڵواسراوە، کۆنفرانسەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت. لە کۆنفرانسەکەدا پەیامی ڕێبەر ئاپۆ کە بۆ کۆنفرانسەکە نێردراوە خوێندرایەوە، پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیەیە: ” لە هەمووی زیاتر لە دایکمەوە فێری ڕاستی ژیان و ئارامگرتن بووم، بەڵام لەوەش زیاتر هەڵوێستی ڕاستی سەربەرزانەم لە دایکمەوە وەگرت. سڵاو لە دایکانی ئاشتی دەکەم کە خاوەنی ئەم هەڵوێستە سەربەرز و شکۆمەندن و هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان دەخوازم. هاوشانی ناسنامەی دایکبوون دەبێت بە ناسنامەی ژنی ئازاد و هۆشمەندیتانەوە تێ‌بکۆشن. ژن چۆنی بوێت دەبێت بەو شێوەیە بژیت، بەڵام دەبێت بوێرییان بۆ ژیانێکی ئازاد هەبێت. ڕێزگرتنم لە ژنان لەسەر ڕەگەزی ‘دەبێت ئازادی بە بیرکردنەوە دەست پێ‌بکات’ بنیاتناوە. ئێوە وەک دایکانی ئاشتی کە لە ڕیزی پێشەوە لە گۆڕەپانەکاندا بەرگری لە ئاشتی و بەرخۆدانی ئاشتی دەکەن، هەمیشە لە تێکۆشانی ئازادیی و ئاشتیمانیدا لە گۆڕەپانەکانی پێشەوەدا بەشداریتان کردووە. هەڵبەت وەک دایکان جێگەی ئێوە لە بەرخۆدانەکەماندا قسەی لەسەر ناکرێت، بەڵام من لەوباوەڕەدام کە دەبێت چوارچێوەی ژن‌بوون و دایکبوون بشكێنردێت کە کۆمەڵگەی نەریتی دەیسپەێنێت. دەبێت لەگەڵ ناسنامەی دایکبوون لە هەمانکاتدا بە ناسنامەی ژنی ئازاد و هۆشمەندیتانەوە تێکۆشان بکەن. ئەم جوگرافیایە کە بۆ یەکەمجار کۆمەڵگەی دایکسالاری تێیدا سەریهەڵدا، لە هەمانکاتدا شوێنی یەکەم ناکۆکی و پرسە کۆمەڵایەتییەکانە. بە کۆیلەکردنی ژن و بە کۆیلەکردنی کۆمەڵگە هاوشانی یەکتر دەڕۆن. بەپێچەوانەی تێگەیشتنی باو، کۆیلایەتی بە دەرکەوتنی دەوڵەتەوە دەستی پێنەکردووە، بەڵکو بە کۆیلەکردنی ژنان هاتووەتە گۆڕێ. ئەم ناکۆکی و پرسە کۆمەڵایەتییانەی کە ڕوویانداوە سەرچاوەی ئەو پرسانەن کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین. ڕێگەی دەربازبوون لەم پرسە پێکەوە بنیاتنانی ژیانێکی کۆمیناڵ و دیموکراتیکە. بانگەوازی ئێمە بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی، کە لە ٢٧ـی شووباتدا کردمان، ئەرک و بەپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆی تەڤگەری ژنان و دی‌کانی ئاشتی. دەبێتە دەستپێکی سەردەمێکی نوێ. ڕێکخستنی ژیانێکی سۆسیالیستییانە لەسەر بنەمای کۆمیناڵی دیموکراتیک بە ئاشتی ڕێی تێچووە. لەسەر ئەم بنەمایە سڵاو لە هەموو دایکان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم لە هەوڵەکانیاندا. عەبدوڵا ئۆجالان.”
سەرۆک بارزانی: ئومێدەوارین حکومەتی هەرێم پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێک‌بێت، کاری جیدیش بۆ ئەوەیە
سەرۆک بارزانی، ئومێدەوارە کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێک‌بێت. لە بارەی هەڵبژاردنەوە جەختی لەوە کردەوە، ھەموو کەسێک ئازادە لە دەنگدان، بەڵام گرنگە ڕەچاوی ئەو خزمەتە بکرێ کە پێشکەشی شارەکانی کوردستان کراوە. شەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و بە بەشداریی مامۆستایان و زانایانی ئایینی ئیسلام و پێکھاتە ئاینەکانی دیكه‌ی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بەڕێوە چوو. سەرۆک بارزانی لە میانی گوتارێکدا وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان، ئاماژە‌ی بەوە کرد، فەرھەنگی پێکەوەژیانمان لە باب و باپیرانمانەوە بۆ ماوەتەوە، ئێمە ھەموومان مرۆڤین و بەندەی خواین، بینینی ئێوە بە یەکەوە جوانترین نموونەی ڕەنگینی نیشانی جیھان داوە. هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ئەم فەرھەنگی پێکەوەژیانە زۆر خزمەتی کوردستان و مێژووەکەشی کردووە، تیرۆر کە ھات جیاوازیی نێوان ئایینەکانی نەکرد، بۆیە نابێ جیاوازی لە نێوان خۆماندا بکەین. سەرۆک بارزانی، ئومێدەوارە ئەم فەرھەنگی پێکەوەژیانە بەردەوام بێت و پتر بچەسپێت. گوتیشی: پلانی زۆر دژی ئەم ھەرێمە دروست دەکرێت، بە درێژایی مێژوو ئەمە سیاسەتی دەسەڵاتەکانی عێراق بووە، بۆیە تەنیا بە یەکبوون و پێکەوەییمان بەرانبەر ھەموو ئاڵگنارییەک دەوەستینەوە، ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندی و داھاتووی خەڵکی کوردستان. لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد، دووژمنان بە ھەموو ڕێگەیەک دەیانەوێت کولتووری ڕەسەنی کوردەواری تێک بدەن و بە زۆر ڕێگەی جیاواز دێنە نێو ئاداب و کولتووری ڕەسەنی کوردەوارییەوە، بەڵام پشت بە خوا و یەکبوونی ئێوە، ئەم ھەنگاوە نامۆیانە لەنێو دەبرێن. سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە، سەرۆک بارزانی گوتی: ئومێدەوارین حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە پێک‌بێت، کاری جیدیش بۆ ئەوەیە. لە بارەی گوتاری میانڕەوییەوە، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: "گرنگە زانایانی بەڕێز پتر ڕۆڵی خۆیان ببینن، بۆ ئینتیمای خاک و خۆشەویستی بۆ نیشتمان، ھەروەھا بەرەنگاریی ماددەی ھۆشبەر کە ئافاتی سەردەمە و کار لەسەر تێکدانی شیرازەی گەنجەکانمان دەکرێت، ھەموو ھەنگاوێک بۆ ئەم مەبەستە، بنەما و بڕوا و کاری ھەموو ئایینەکانە." سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی باسی لە هەڵبژاردن کرد و ئاماژە‌ی بەوە دا، ھەموو کەسێک ئازادە لە دەنگدان، بەڵام گرنگە ڕەچاوی ئەو خزمەتە بکرێت کە پێشکەشی شارەکانی کوردستان کراوە، وێڕای ئارامی تەناھی بەبێ جیاوازی، کوردستان ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی لە داھاتوو لەگەڵ ئەوانە بێت کە ئاشنان بە مافەکانی خەڵکی کوردستان و جێبەجێشی دەکەن.
لەمەراسیمى ناساندنى لیستی کۆمەڵی دادگەری و کاندیدەکان لە بازنەکانی (سلێمانی - هەولێر - دهۆک) عەلى باپیر ئەمیرى کۆمەڵ وتارێکى پێشکەشکردو تیایدا چەند پەیامێکى خستەڕوو. لەبەشێکی وتارەکەیدا عەلى باپیر وتى: لەگەڵ هەموو لایەنەکانی موعارەزە قسەمانکرد بۆ هاوپەیمانی، بەتەنیا ماینەوە، هەروەها ئاماژەى بۆ ئەوەکرد هەر کاتێک بزانین پەرلەمان دیزاین دەکرێت، بایکۆتی دەکەین و هەمان هەڵوێستمان دەبێت، لەگەڵ خوا و خەڵکی خۆمان ڕاست دەکەین. سەرۆکی کۆمەڵ وتیشى: داوا دەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەبێ دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەكی دووبارە بكرێتەوە.
