بارزانی رایدەگەیەنێت: تەنیا رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، پابەندبوونی هەموو لایەکە بە بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان لە چوارچێوەی دەستووردا. بەپێى راگەیەندراوێکى بارەگاى بارزانى، ڕۆژی یەكشەممە لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندی سەرۆك هۆز و شیوخ و كەسایەتی و ڕیشسپییە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا كرد. لەو كۆبوونەوەیەدا بارزانی لە وتەیەكدا وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی كێشەكانی نێوان گەلی كوردستان و حكوومەتەكانی عێراق جەختی لەوە كردەوە كە جێیی شانازییە ناكۆكیی نێوان گەلی كوردستان و حكوومەتەكانی عێراق هیچ كاتێك نەبووەتە هۆی ناكۆكیی نێوان گەلانی عێراق. بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە عێراقی دوای 2003 لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان و لە چوارچێوەی دەستووردا دامەزراوە و تەنیا ڕێگەی چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق پابەندبوونی هەموو لایەكە بەو بنەمایانە. بارزانی پاڵپشتیی و هاوسۆزیی خۆی بۆ داواكاری و کێشەکانی خەڵكی پارێزگای نەینەوا ڕاگەیاند و ئەوەشی دووپات كردەوە كە پێویستە ڕێگە بدرێت دانیشتوانی نەینەوا خاوەنی بڕیار و چارەنووسی خۆیان بن. لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی گەلی كوردستان و هەڵوێستی بارزانیان كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانە و لە شەڕی تیرۆریستاندا میوانداریی سەدان هەزار ئاوارەی عێراقیان لە پارێزگای نەینەوا و پارێزگاكانی تری عێراق كردووە. بەشداربووانی كۆبوونەوەكە وێڕای ئاماژەدان بە سەقامگیری و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان داوایان كرد كە هەماهەنگی و هاوكاری و پێكەوەیی لەنێوان پارێزگاكەیان و هەرێمی كوردستاندا هەبێت.
وەفدی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و حكومەتی دیمەشق كۆبوونەوە، ئەمەش یەکەمین دیداری نێوانیانە لە دیمەشقی پایتەختی سوریا کۆتایی پێهات. وەفدی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا "رۆژئاوای كوردستان" لە دیمەشق لەگەڵ وەفدێكی دەسەڵاتدارانی حكومەتی نوێی سوریا كۆبوونەوە، ئەوەش لەچوارچێوەی هەوڵەكانە بۆ جێبەجێكردنی زیاتری خاڵەكانی ئەو رێككەوتنەی 10 ی ئاداری ئەمساڵ لەنێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا واژۆكرا. سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپرسانی دیمەشق پێشوازییان لە شاندێکی ئیدارەی خۆسەر بە سەرۆکایەتیی فەوزە یوسف، سیاسەتمەداری کورد، و هەروەها عەبدولحەمید ئەلمەهباش، ئەحمەد یوسف، سەنحەریب بەرسووم، سۆزدار حاجی، مریەم ئیبراهیم، و یاسر سلێمان لە نێویاندا کردووە. کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا نزیکەی سێ کاتژمێری خایاند، ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەی لەم جۆرە بوو لە دوای ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکە لە نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات. ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەی نێوان هەردوولادا بەرپرسێکی ئەمریکی دانیشتووی دیمەشق و لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کاردەکات. لایەنی حکومی بە نوێنەرایەتی یاریدەدەری وەزیری ناوخۆی سوریا کە بەرپرسە لە ڕێککەوتنی حەلەب لە نێوان کورد و سەرۆکایەتی سوریا، هەروەها بەرپرسی ئەمنی شاری عەفرینی کوردنشینی سوریا، کە دانیشتووانی ئاوارەکانی لەلایەن ئیدارەی خۆسەرەوە داوای گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان دەکرێت، لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەی تەل ئەبیاد و ڕاس ئەلعەین، کە بە زمانی کوردی بە "سەرێ کانی" ناسراوە. هەروەها بەرپرسانی دیکە لەگەڵ شاندی ئیدارەی خۆسەر پرسی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کۆتایی بۆ خوێندکارانی قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە ناوچەکانی کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا ئامادەن وەک بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا تاوتوێ کرد. ئەوە ڕوون بووەتەوە کە بڕیارە لە دوای جەژنی قوربان لیژنەکان پێکبهێنرێن و دەست بە کارەکانیان بکەن، بەگوێرەی ئەوەی سەرچاوەیەکی نزیک لە شاندی ئیدارەی خۆسەر بە ماڵپەڕی ئەلعەرەبیەى ڕاگەیاندووە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەندامانی شاندەکە ئەمڕۆ یان سبەی دەگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونیان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئەم كۆبوونەوەیە لە دیمەشق، تەواوكاریییە بۆ سێ كۆبوونەوەی پێشتر كە بۆ هەماهەنگی بووە لەنێوانیان و لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەچووە، یەكەم دیدار لە 19 ی ئادار دەستیپێكرد واتە نۆ رۆژ دوای رێككەوتنی ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە، دیداری دووەمیش لە 12 ی نیسان بەڕێوەچوو، سێیەم كۆبوونەوەش هەفتەی رابردوو لە كەمپی هۆل بەڕێوەچوو. كۆبوونەوەكان بۆ ئەوەن خاڵەكانی رێككەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع جێبەجێ بكرێت.
بە مەبەستی گفتوگۆکردنی لەسەر ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی ١٠ـی ئادار لە نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، شاندێکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لەگەڵ شاندێکی دەسەڵاتی دیمەشق کۆبوویەوە. لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گەشەپێدانی گفتوگۆ و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئاداری نێوان مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی دەسەڵاتی دیمەشق، ئەمڕۆ شاندێكی لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ شاندێکی دەسەڵاتی دیمەشق کۆبوویەوە. شاندەکەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لە ١٢ـی نیسان بوونیادنرابوو لە فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پەیەدە، عەبدولحامد هەمباش هاوسەرۆکی پارتی سووریای دواڕۆژ، سەنحاریب بەرسوم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی سریانی، ئەحمەد یوسف هاوسەرۆکی دەستەی دارایی لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، سۆزدار حاجی، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری (یەپەژە)، مریەم ئیبراهیم هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی و کرێکاران لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی، یاسر سلێمان جێگری هاوسەرۆکایەتی ئەنجوومەنی گەلانی دیموکراتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پێکهاتبوو. نوێنەرایەتی دیمەشق پێکهاتبوون لە محەمەد قەناتری جێگری نووسینگەی ئەمریکا لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا، عەبدولغەنی محەمەد بەڕێوەبەریی ئاسایشی پارێزگای حەلەب، مەسعود بەتاڵ بەرپرسی دۆسییەی عەفرین لە بەڕێوەبەریی ئاسایشی ناوخۆ، زیاد فەواز عایش جێگری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری مەدەنی. بەپێی لێدوانی وتەبێژی شاندەکەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەرردوو لایەن یەکدیان ناسی، هەروەها بەرنامەیەکی کاری هاوبەش بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان و داڕشتنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئاداری ٢٠٢٥ گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. هەردوو لایەن جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە کار بکەن بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی و بەرەوپێشچوونی بەندەکانی ڕێککەوتنامەکە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە-نەڕەچە)دا گوتراوە: "٢١ـەمین ساڵوەگەری قەڵەمبازی مێژوویی ١ـی حوزەیران کە بە پێشەنگایەتی گەریلاکانی ئازادی کوردستان ئەنجام درا، سەرەتا لە ڕێبەری ئازادی هەموو گەلانی بندەست، ژن و گەنجان ڕێبەر ئاپۆ، وە لە بنەماڵەی شەهیدانمان کە بە خاوەنداریکردن لە ڕێ و ئامانجی شەهیدانمان ڕێگەی تێکۆشانیان بەرزکردەوە، لە گەلی وڵاتپارێزمان، لە دۆستانی گەلەکەمان و لە کۆیی هاوڕێیانمان پیرۆز دەکەین. لە کەسێتی هاوڕێیانمان؛ حوسەین ماهیر، ئەرداڵ، نوجان نورحەق، عادل بلکی، چیچەک کچی، ماهیر دێرسیم، کەنداڵ باز، نوودا کارکەر، ڕۆژین گەودا، ڕەشید سەردار، محمەد گۆیی، دیجلە عەفرین، سمکۆ ڕۆژهەڵات، ئاتاکان ماهیر، دەلال ئامەد، گوڵچیا گابار، فازڵ بۆتان و لەیلا سورخوێن دا بە خۆشەویستی، ڕێزداری، پێزانینێکی مەزن و پەیوەست بوونێکی بێ کۆتاوە یاد دەکەینەوە." درێژەی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیە: "لە ١٥ـی شوباتی ١٩٩٩دا، لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا لە دژی گەلەکەمان و تەڤگەری ئازادی کوردستان کە بە دڵنیاییەوە ئایندەیان ئازادە، هێرشی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ئەنجام درا. وێڕای بێ دەرفەتی و هێرشی مەزن، ڕێبەر ئاپۆ بەو پارادایمەیی کە پەرەی پێدا مەزنترین وەڵامی پیلانگێڕانی دایەوە. ڕێبەرێتیمان لەسەر بناغەی پارادایمی نوێ بۆ پێشخستنی چارەسەرییەکی دیموکراتیکانە لە تورکیا هەلێکی مەزنی مێژوویی ئافراند. لەسەر ئەم بناغەیە هێزەکانی گەریلامان لە بڕیاری کشانەوەی ٢ـی ئابی ١٩٩٩ هەتا ١ـی حوزەیرانی ٢٠٠٤ بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە دۆخی ئاگربەستدا مایەوە بۆ چارەسەری دیموکراتیکانەی پرسی کورد بناغەیەکی مەزنی دامەزراند. بەڵام دەوڵەتی تورک هەوڵیدا ئەم قۆناغە بۆ لەناوبردنی تەڤگەرمان بەکاربهێنێت. قەڵەمبازی ١ـی حوزەیران کە لە ساڵی ٢٠٠٤دا پەرەی پێدرا، لە بەرانبەر سەپاندنی ناچەرەسەری و هێرشەکان پەرەی پێدرا، بە ناچاری بووە هەڵمەتێکی میژوویی کە کەوتە ڕۆژەڤەوە. تێکۆشانی شۆڕشگێڕی قەڵەمبازی ١ـی حوزەیران ڕاستیگەلێکی زۆری ئاشکرا کرد کە دەخواسترا بشاردرێتەوە. هەروەک چۆن قەڵەمبازی ١٥ـی ئابی ١٩٨٤ ڕێگری لە نکۆڵیکردن لە کورد گرت و پرسەکانی ڕاخستەسەر مێزی چارەسەری، قەڵەمبازی ١ـی حوزەیرانیش لە بە پێویستی کردنی چارەسەری و بەهێزکردنی بناغەکانییدا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا. قەڵەمبازی میژوویی ١ـی حوزەیران جارێکی دیکە سەلماندییەوە چەندە درووست و لە جێگەی خۆییدا بوو. زۆر بەڕوونی نیشانی دا پرسی کورد بە سیاسەتەکانی نکۆڵی، لەناوبردن و قڕکردن چارەسەر ناکرێت. پرۆسەی قەڵەمبازی ١ـی حوزەیران کە ٢١ـی بەسەردا تێپەڕ دەبێت، پێشنبینییە قوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ، ئەو پارادایمەی کە پەرەی پێداوە، ئەو سیاسەتانەیی پێکیهێناون و هەڵوێستە مێژووییەکەی لە ئیمراڵی چەندین جار پشتڕاست کراوەتەوە. کات و پێشکەوتن، مافداری و حەقیقەتی ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆی سەلماندووەتەوە. میژوویی تێکۆشانی ٥٢ ساڵەمان زۆرباش نیشانی داین؛ کاتێک بە درووستی لە ڕێبەر ئاپۆ تێگەیشتین و هێزیی پێکهێانی وی نیشانی دا هەنگاو، سەرکەووتنی مێژوویی و ئامانجی گرنگ بە دەستهێندراون. وەک گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە هێڵی میلیتانی ئاپۆییدا قوڵتربووین، دەڵێیین بەم هۆشمەندییە مێژووییەوە بۆ ئەو بەهایانەیی بە هەوڵدانی بێهاوتایی ڕێبەر ئاپۆ و ڕەنجی مەزنی گەلەکەمان بەدەستهێندراون بە خۆڕا نەچوون، تا ئێستا و لە ئێستاش بەدواوە ئەو بەرپرسیارێتییەیی دەکەوێتە ئەستۆمان جێبەجێ دەکەین. ڕایدەگەیەنین بە بڕیاریین بە مەزنکردنی ڕوحی فیدایی ئاپۆیی و قوڵکردنەوەی میلیتانی ئاپۆیی، بۆ مسۆگەرکردنی ئازادی ڕێبەر و گەلەکەمان، بە فیداییەوە لەسەر ئەو ڕێگەیە تێدەکۆشین کە ڕێبەرمان کێشاوێتی. ئێمە وەک گەریلاکانی ئازادی کوردستان و فیدایی ئاپۆیی، جارێکی دیکە ٢١ـەمین ساڵوەگەری قەڵەمبازی ١ـی حوزەیران لە گەلەکەمان، هاوڕێ و هەڤاڵامان پێرۆز دەکەین کە لە گۆڕەپانەکاندان و لە ٢٢ ساڵەی تێکۆشاندا هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین."
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە دژی پێنەدانی مووچە لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایان تۆمارکرد. دادگەکە دەڵێت، لە نزیکترین کات بڕیار دەدەن. بەگوێرەی راگەیێندراوی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکی حوزەیرانی 2025، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە دادگەکە سکاڵایان تۆمارکردووە. داوای بەردەوامبوونی خەرجکردنی مووچە لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکەن. فەرمانبەران بۆ ئەو داوایەیان پشتیان بەستووە بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی بە ژمارە 224 و یەکخراو بە ژمارە 269ـی فیدراڵی 2023 لە 21-2-2024. فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە سکاڵاکەیاندا، داوا دەکەن دادگە فەرمان سالارییەک دەربکات و وەزارەتی دارایی فیدراڵی پابەند بکات بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی کە تێیدا هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان پابەند دەکات مووچەی سەرجەم کارمەندان بەجێ (تەوتین) بکەن. سکاڵاکە لە دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق بە ژمارە (104/ فیدراڵی/2025) تۆمارکراوە و دادگەی باڵای فیدراڵی دەڵێت، "لە نزیکترین کات بڕیار لەبارەی داواکارییەکە دەدات بۆ دەرکردنی فەرمان سالارییەکە." ئەگەر دادگە بڕیاری سالاریی بدات، ئەوا وەکو هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت، نووسراوەکانی وەزارەتی دارایی عێراق کاریان پێناکرێت و دەبێت راستەوخۆ دەست بە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت. چوارشەممەی هەفتەی رابردوو 28-5-2025 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو کە وەزارەت ناتوانێ لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێ، بەهۆی "تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە." رۆژی 29-5-2025 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بە زمانی عەرەبی وەک وەڵامێک بۆ تەیف سامی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو: "ئەو رێڕەوەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتییەبەر لە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراقە؛ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت پشت بە داهاتە فیدراڵییە کۆکراوەکان ببەستێت نەک خەرجیی کردەیی".
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە هەزار کۆچبەر بە 18 بەلەم بە نۆکەندی ئینگلیزدا چوونەتە وڵاتەکەیان. ئەمەش ئەم ساڵ زۆرترین بووە لە رۆژێکدا و دووەم زۆرترین بووە لەو کاتەوەی ئاماری گەیشتنی کۆچبەران بەو وڵاتە تۆمار دەکرێن. رۆژی شەممە، 31ـی ئایاری 2025، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەزار کۆچبەر لە فەرەنساوە بە نۆکەندی ئینگلیزدا چوونە وڵاتەکەیان، ئەم ساڵ زۆرترین بووە لە رۆژێکدا کە پێشتر و لە یەکی ئەم مانگەدا 825 کۆچبەر چووبوون. وەزارەتەکە دەشڵێت، هێزی دەریاوانی فەرەنسا و وڵاتەکەیان رێگرییان لە 11 بەلەمی دیکەی کۆچبەران کرد ئەو نۆکەندە ببڕن. کریس فلیپ، وەزیری سێبەری ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا رایگەیاند، "ئەمە رۆژێکی شەرمەزارییە بۆ حکومەتی پارتی کار". گوتیشی، حکومەت شکستیهێناوە لە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان. زۆرینەی وەزیرانی حکومەتی بەریتانیا وەزیری سێبەریان هەیە کە سەر بە ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەن. بە گوێرەی وەزارەتە بەریتانیەکە، ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا 14 هەزار و 600 کۆچبەر چوونەتە وڵاتەکەیان کە 30٪ـی لە هەمان ماوەی پار و زۆرترینە لە هەمان ماوە لە ساڵی 2018ـەوە. گەیشتنی ئەو ژمارە زۆرە کۆچبەرە بە بەریتانیا لەکاتێکدایە حکومەتی وڵاتەکە بە رێککەوتن لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە چەندین رێککەوتنی بۆ رێگری لە گەیشتنی کۆچبەران بە وڵاتەکەی کردووە. رۆژی سێی ئەیلوولی 2022، هەزار و 305 کۆچبەر چوونە بەریتانیا، ئەمەش زۆرترین بووە لە رۆژێکدا لەو کاتەوەی وڵاتەکە ئاماری چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی تۆمار دەکات.
عادل رکابی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سادیقون، لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: كێشەكانی نێوان بەغداد و هەرێم سیاسیە، چونكە یەكێك بیەوێت بگات بە چارەسەر. ئایا كێشە بە كێشیەكی تر كەڵەكە دەكات، یان هەوڵی چارەسەركردنی خودی كێشەكە دەدات؟، دەشڵێت: گرێبەستە نەوتییەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ واشنتۆن واژۆیكرد، كێشەكانی لەگەڵ بەغداد قوڵتر كردەوە. رکابی وتیشی: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پابەندکەرن بۆ بەغداد و هەولێر، بەڵام تا ئێستا هەرێم بڕیارەكەی دادگاكە رەتدەكاتەوە سەبارەت بە تەوتیكردنی مووچە. ئەو پەرلەمانتارە، لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی " العهد" ئاماژەی بەوەشکرد: هەرێم پابەند نەبووە بە یاسای بودجە و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بەهۆی پابەندنەبوونەوە گەیشتن بەم ئەنجامە، تەنانەت پابەندبوون نییە بە رێككەوتنە سیاسیەكانیشەوە، ئەگەر هەرێم تەنها داهاتە نەوتییەكانی رادەست بكردایە زۆرینەی كێشەكانی چارەسەر دەبوون. رۆژنامەى شەرقلئەوسەت بڵاویکردەوە، سەرۆکوزیرانى عێراق بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغداد پەنا بۆ ئەو کەسایەتییە کاریگەرانە دەبات کە لە کوردەوە نزیکن. بەگوێرەى رۆژنامەى شەرقلئەوسەت، سودانى نایەوێت گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بەرەو ئاڵۆزیی بڕوات، بە تایبەت لەم ساتەوەختەى پێش هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى عێراق، بۆیە دەیەوێت ئەو کەسانە بنێرێتە هەولێر کە نزیکن لە بەرپرسانی کورد، بەتایبەت بۆ چارەسەرکردنى کێشەى ئەم دواییە کە وەزیری دارایی بۆ فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانى دروستکردووە. میدیا عێراقییەکانیش باس لەوەدەکەن، هادی عامری بۆ هەمان مەبەست ئەمڕۆ سەردانی هەولێر دەکات و دەیەوێت لەو رێگەیەوە بە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان بڵێ مووچەى مانگی ئایار دەنێردرێت، بەڵام بەشێوەی قەرز کە دواتر لە بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت. رۆژنامەکە ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، هەندێک کەس و لایەنی سیاسی لە بەغداد پێداگریی دەکەن لەسەر سزادان و بڕینى مووچەى هەرێمى کوردستان لە بەرامبەر رادەستنەکردنى داهاتى ناوخۆ وەک پێویست.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی 50 ساڵەی دامەزراندن و یۆبیلی زێڕینی یەکێتی لە بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتیی حیزبەکە دەکات و دەڵێت، "كاروانى پێنج دەیە خەبات و تێکۆشانى يهكێتى، شایستەی رێز و پێزانینە". نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی رۆڵی مام جەلال دەڵێت، "لەم یادهدا بە رێزەوە دامەزرێنەری یەکێتی، خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی و هەموو ئهو شەهید و تێکۆشەرانه بەبیر دەهێنینەوە کە لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، قوربانیيان بۆ ئازادى داوه". سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "جەخت لە ئامادهيى و رۆڵی گرنگی یەکێتى لە پرۆسهى سياسيى ههرێمى كوردستان و عێراقدا دهكهينهوه. هیوادارین ئەم یادە ببێتە هاندەرێکی بەهێزى پتهوکردنی یەکڕيزيى نیشتمانی و پێکەوەیی لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتهکانی کوردستاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارييهكان، ههروهها بۆ کارکردنی هاوبەش لهپێناو پاراستنی دەستکەوتەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا و دڵنیابوون لە داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلى كوردستان". دەقی پەیامەکە: بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سڵاو و رێز.. له یادی (50) ساڵەی دامەزراندن و يۆبيلى زێڕينى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، گهرمترين پيرۆزبايى پێشكهش به بەڕێزتان و سەرکردایەتی و تەواوی ئەندامان و جەماوەری یەکێتيی نيشتمانيى كوردستان دەکەم، هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم. لەم یادهدا بە رێزەوە دامەزرێنەری یەکێتی، خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی و هەموو ئهو شەهید و تێکۆشەرانه بەبیر دەهێنینەوە کە لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، قوربانیيان بۆ ئازادى داوه. كاروانى پێنج دەیە خەبات و تێکۆشانى يهكێتى، شایستەی رێز و پێزانینە. جەخت لە ئامادهيى و رۆڵی گرنگی یەکێتى لە پرۆسهى سياسيى ههرێمى كوردستان و عێراقدا دهكهينهوه. هیوادارین ئەم یادە ببێتە هاندەرێکی بەهێزى پتهوکردنی یەکڕيزيى نیشتمانی و پێکەوەیی لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتهکانی کوردستاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارييهكان، ههروهها بۆ کارکردنی هاوبەش لهپێناو پاراستنی دەستکەوتەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا و دڵنیابوون لە داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلى كوردستان. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان 2025/6/1
رۆژنامەى شەرقلئەوسەت بڵاویکردەوە، سەرۆکوزیرانى عێراق بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغداد پەنا بۆ ئەو کەسایەتییە کاریگەرانە دەبات کە لە کوردەوە نزیکن. بەگوێرەى رۆژنامەى شەرقلئەوسەت، سودانى نایەوێت گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بەرەو ئاڵۆزیی بڕوات، بە تایبەت لەم ساتەوەختەى پێش هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى عێراق، بۆیە دەیەوێت ئەو کەسانە بنێرێتە هەولێر کە نزیکن لە بەرپرسانی کورد، بەتایبەت بۆ چارەسەرکردنى کێشەى ئەم دواییە کە وەزیری دارایی بۆ فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانى دروستکردووە. میدیا عێراقییەکانیش باس لەوەدەکەن، هادی عامری بۆ هەمان مەبەست ئەمڕۆ سەردانی هەولێر دەکات و دەیەوێت لەو رێگەیەوە بە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان بڵێ مووچەى مانگی ئایار دەنێردرێت، بەڵام بەشێوەی قەرز کە دواتر لە بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت. رۆژنامەکە ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، هەندێک کەس و لایەنی سیاسی لە بەغداد پێداگریی دەکەن لەسەر سزادان و بڕینى مووچەى هەرێمى کوردستان لە بەرامبەر رادەستنەکردنى داهاتى ناوخۆ وەک پێویست.
ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی یەکەمی پۆلی 12ی ئامادەیی خوێندنی ساڵی 2024-2025 بەڕێوە دەچێت، زیاتر لە 115 هەزار قوتابی لە بەشەکانی وێژەیی، زانستی، پیشەیی بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەبن. ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2025، لە هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان 115هەزار و 787 قوتابی بەسەر دوو هەزار و17 هۆڵی تاقیکردنەوە دابەشکراون و بەشداری تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلە کۆتاکان دەبن. بە گوێرەی خشتەی تاقیکردنەوەکان، کە وەزارەتی پەروەردە بڵاوی کردووەتەوە، هەفتەی دوو ڕۆژ تاقیکردنەوە دەکرێت. هەروەها بەهۆی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، کە دەکەوێتەی حوزەیرانی 2025، تاقیکردنەوەکان ڕادەگیرێن و دوای ڕۆژانی پشووی جەژن، تاقیکردنەوەکان دەست پێ دەکەنەوە. ساڵی ڕابردوو 87 هەزار و 307 قوتابیی زانستی، 33 هەزار و 195 قوتابیی وێژەیی، دوو هەزار و 513 قوتابیی پیشەیی بەشداریی تاقیکردنەوەکانی پۆلە کۆتاکانی ساڵی خوێندنی 2023- 2024یان کرد. ئەمڕۆ یەكشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2025، کاتژمێر 4:30 خولەکی بەرەبەیان، بە ئامادەبوونی مامۆستا نەژاد عەبدوڵلا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی و لیژنەی تاقیکردنەوەکانی پارێزگای سلێمانی ڕایانگەیاند "دەست کراوە بە دابەشکردنی پرسیارەکانی یەکەم ڕۆژی تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی یەکەمی قۆناغی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەكانی." لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لە تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی یەکەمی قۆناغی 12ـی ئامادەیی بەشی زانستی 19779 قوتابی و خوێندکار بەسەر 277 هۆڵی تاقیکردنەوە دابەش کراون و بەشی وێژەیی 5337 قوتابی و خوێندکار بەسەر 81 هۆڵی تاقیکردنەوە دابەش کراون و بەشی پیشەیی 1099 قوتابی و خوێندکار بەسەر 27 هۆڵی تاقیکردنەوە دابەش کراون. هەروەها كۆی گشتیی دەكاتە 62215 قوتابی و خوێندکار کە بەسەر 385 هۆڵی تاقیکردنەوە دابەش کراون لە زۆربەی ناوچەکانی سنووری پارێزگاکە بەشداریی دەکەن؛ كە بە سەرپەرشتی 3081 سەرپەرشتیار و بەرێوەبەر و یاریدەدەر و چاودێر و كارگوزار هەروەها پێداوستییەکان بۆ تاقیکردنەوەکان دابین کراون.
سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووە و گفتوگۆیان لەبارەی پابەندییە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم کردوە. هەریەکە لە د. لەتیف رەشید و محەمەد شیاع سودانی دوپاتیان کردەوە، کە پێویستە چارەسەری ریشەیی بۆ پابەندییە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بدۆزرێتەوە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا. ئەمڕۆ شەممە 31ی ئایاری 2025، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە عەبدول لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق کرد، لە کۆبوونەوەیەکدا کە تیایدا باس لە دیارترین پرسە سیاسی و ئابوورییەکانی ئێستا و پێشکەوتنی جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکومەت کرا. نوسینگەی سەرۆك كۆمار دەڵێ لەبارەی ئەم بابەتانە گفتوگۆ كراوە، دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی لەچوارچێوەی دەستورو یاسا سەبارەت بە پابەندییە داراییەكان لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم بەپێی ئەوەی لە بڕیاری دادگای فیدراڵیدا هاتووە. هەروەها باس لە گرنگی دەركردنی یاسای نەوت و غاز، ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمان کراوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگی یەکخستنی ڕیزە نیشتمانییەکان بۆ بەرزکردنەوەی سەقامگیری ئەمنی و کۆمەڵایەتی لە سەرتاسەری وڵات کرایەوە.
راگەیێندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەی پارت و لایەنە سسیاسییەکانی کوردستان لە پیرمام بڵاوکرایەوە کە 43 لایەن تێیدا بەشدار بوون. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "گفتوگۆ و دانوستاندن بە باشترین چارەسەر دەزانین بۆ ئەم قۆناخە." هاوکات جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە، لەهەمان کاتدا گشت بژاردەکان بە کراوەیى دەبینین لەبەردەممان لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان. دەقی راگەیێندراوەکە: رێکەوتى 31-5-2025 لە مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پیرمام، هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کۆبوونەوەیەکى هاوبەشمان ئەنجامدا بەمەبەسىتى تاوتوێکردنى دۆخى سیاسى کوردستان و عێڕاق و، کێشە و گرفتەکانى نێوان هەرێم و حکومەتى فیدراڵ، بەتایبەتى دوا بریارى نادەستوورى و نایاسایی وەزارەتى دارایى حکومەتى فیدراڵ و ڕاگرتن و نەناردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان، دواى گفتوگۆکردن و ڕاگوڕینەوەى پێویست لەسەر ئەم بابەتە، هەموو لایەنەکان هاوڕابووین لەوەى کە ئەم بڕیارە بڕیارێکى سیاسییە دژ بە ئیرادەى گەلى کوردستان و قەوارەى سیاسى و یاسایى هەرێمى کوردستان. بەپێى دەستوورى هەمیشەیى عێراق و بڕیارى دادگاى فیدراڵى و یاساى فەرمانبەران و مووچەخۆرانى عێراق و ڕێککەوتنەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدراڵ، پێویستە حکومەتى فیدراڵى پابەندبێت بەئەرک و ئیلتیزاماتى خۆى بەرامبەر بە خەڵکى هەرێمى کوردستان و، مافى مووچەخۆرانى هەرێم تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکرێت، هەروەها حکومەتى فیدراڵ دوربکەوێتەوە لە سیاسەتى برسیکردن و فشارخستنە سەر هەرێمى کوردستان، لەبەرئەوەى ئەم سیاسەتە جگە لە قوڵکردنەوەى گرفتەکان، نادیدەگرتنى گۆڕانکارییە زۆر و خێراکانى ناوچەکەشە بۆیە لەبەرژەوەندى هێچلایەکدا نابێت. ئێمە وەکو هێز و لایەنە سیاسییەکانى گشت پێکهاتەکانى کوردستان وێڕاى سوپاس و پێزانینمان بۆ خۆڕاگرى مووچەخۆران و فەرمانبەر و پێشمەرگە و مامۆستایان و گەلى سەربەرزى کوردستان بەگشتى، دووپاتى دەکەینەوە کە هەڵوێست و بڕیار و هەنگاوەکانمان بە ئاراستەى بەرژەوەندى هاوڵاتیان و هەرێمى کوردستان دەبێت و بژاردەى گفتوگۆ و دانوستاندن بە بە باشترین ڕێگە چارە دەزاین بۆ ئەم قۆناغە، لەهەمان کاتدا گشت بژاردەکان بە کراوەیى دەبینین لەبەردەممان لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان. حزب و لایەنە کوردستانییەکان: 1. یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان. 2. بزووتنەوەى گۆڕان. 3. پارتى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان. 4. بزووتنەوەى ئیسلامى کوردستان. 5. حزبى شیوعى کوردستان. 6. بزووتنەوەى پەیوەندى ئیسلامى کوردستان. 7. حزبى زەحمەتکێشانى کوردستان. 8. پارتى ڕەنجدەرانى کوردستان. 9. پارتى پارێزگارانى کوردستان. 10. یەکێتیى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان. 11. بزووتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان. 12. پارتى نەتەوەیى کوردستان 13. بزووتنەوەى ڕزگارى دیموکراتى کوردستان. 14. حزبى پێشکەوتنخوازى دیموکراتى کوردستان. 15. پارتى بنیادى دیموکراتى کوردستان. 16. بزووتنەوەى ئاشتیخوازانى کوردستان. 17. هاوپەیمانى نیشتمانى. 18. حزبى ڕزگارى کوردستان_دەستەى سەرۆکایەتى. 19. پارتى دیموکراتى تورکمان. 20. پارتى نیشتمانى تورکمان. 21. پارتى ڕزگارى نەتەوەیى تورکمان. 22. پارتى یەکگرتووى تورکمان. 23. بزووتنەوەى تورکمانى بێلایەن. 24. پارتى گەشەپێدانى تورکمان. 25. پارتى چاکسازى تورکمان. 26. پارتى گەلى تورکمانى عێراق. 27. بەرەى تورکمانى. 28. بزووتنەوەى دیموکراتى تورکمان. 29. پارتى گەزەنگى تورکمان. 30. پارتى ئیرادەى نیشتمانى تورکمان. 31. پارتى تورکمان ئیللى. 32. لیستى میللەت. 33. لیبراڵى تورکمانى. 34. پارتى یەکێتى دیموکراتى کلدانى. 35. پارتى ئەنجوومەنى نەتەوەیى کلدانى. 36. حزبى دیموکراتى بێت نەهرێن. 37. پارتى ئەنجوومەنى میللى کلدانى سریانى ئاشوورى. 38. ڕەوتى شلاما. 39. پارتى بزووتنەوەى گردبوونەوەى سریانى. 40. کۆمەڵەى ڕۆشنبیرى ئەرمەن. 41. دەستەى کارگێڕى بەڕێوەبردنى طائیفەى ئەرمەن. 42. ڕابیتەى کلدانى جیهانى. 43. پارتى دیموکراتى کوردستان.
شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەرەو دیمەشق بەڕێکەوت و بڕیارە ئەمشەو لەگەڵ بەرپرسانی سووریا کۆببێتەوە. شاندەکە لە حەوت کەس پێکدێت و فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە سەرۆکایەتیی دەکات. لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێکەوتنی ١٠ی ئازار کە لە نێوان سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەسەڵاتدارانی دیمەشق واژۆکرابوو، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێکی ئیدارەی خۆسەر بەرەو دیمەشق بەرەو دیمەشق بەڕێکەوتن و لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەى سوریا بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکا ن و گفتوگۆکردن کۆدەبنەوە. بە گوێرەی زانیارییەکان، شاندەکە پێکهاتووە لە ئەندامانی ئەو لیژنەیەی کە لە 12ی نیسان پێکهێنراوە: فەوزە یوسف، عەبدولحەمید ئەلمەهباش، ئەحمەد یوسف، سەنحەریب بەرسووم، و سوزدار حاجی. وتەبێژی لیژنەکە بریتین لە مەریەم ئیبراهیم و یاسر سلێمان. ئەم سەردانە دوابەدوای سێ کۆبوونەوەی هەماهەنگی دێت کە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەچوو- یەکەمیان لە ١٩ی ئازار، دووەمیان لە ١٢ی نیسان و کۆتایی هەفتەی ڕابردوو- لە کاتێکدا لایەنەکان هەوڵدەدەن گفتوگۆکان بەهێزتر بکەن و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار بەدەستبهێنن. بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق وتووێژ بکەن.
بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەیەکی سنووریی شاری مەریوان، دوو سەربازی پاسەوانی سنووری ئێران کوژران و دوو سەربازی دیکەش بریندار بوون. پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگای سنە، ئەمڕۆ شەممە 31ی ئایاری 2025 پەیامی ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنەی بەبۆنەی گیانلەدەستدانی دوو ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "رووداوەکە ئێوارەی رۆژی هەینی، 30ی ئایاری 2025، لە ناوچەیەکی سنووریی شاری مەریوان بووە." پارێزگاری سنە لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "ئەو سەربازانە لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکی ئاسایی خۆیان و چاودێریکردنی سنوور، لە رووداوێکی تەقینەوەی میندا گیانیان لەدەستداوە." فەرەج رۆستەمی، فەرماندەی پاسەوانی سنووریی پارێزگای سنەش لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "مینێکی بەجێماوی سەردەمی شەڕی ئێران-عێراق لە ناوچەی دەرە ناخیی مەریوان تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە دوو ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی سنوور گیانیان لەدەستدا و ئەفسەرێک و سەربازێکی دیکەش بریندار بوون." بەپێی راگەیێندراوەکە، هەردوو کوژراوەکە و بریندارێکی رووداوەکەی تەقینەوەی مین لە مەریوان، کورد و خەڵکی پارێزگای سنەن. فەرماندەی پاسەوانی سنووریی سنە، ناسنامەی کوژراو و بریندارانی رووداوەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "لە رووداوەکەدا محەممەدڕەزا حورییەتپەسەند، خەڵکی شاری قوروە، سوهەیب عەزیزی، خەڵکی شاری بانە گیانیان لەدەستدا و ئەمانوڵڵا عەبدوڵڵاهی (ئەفسەر بە پلەی موقەدەم)، خەڵکی شاری خومەین لە پارێزگای مەرکەزی و سۆران شەریفی، خەڵکی شاری بانە بریندار بوون."
لەسەر داوای پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ راگرتنی مووچەی مانگی ئایاری هەرێمی کوردستان لە پیرمام لە کۆبوونەوەدان. بەشداربووانی کۆبوونەوەکە : ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبى سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەکە بەشدارن سالار سەرحەد و مەجید حەمەدەمین ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بەشدارن محەمەد حاجی مەحمود سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکرات لە کۆبوونەوەکە بەشدارە دانای ئەحمەد مەجید رێکخەری گشتیی گۆڕان- گەڕەکى کوردسات بەشداریی کۆبوونەوەکەیە کاوە مەحمود سکرتێری حیزبی شیوعى لە کۆبوونەوەکە بەشدارە بێکەس قادر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی زەحمەتکێشان بەشدارە محەمەد بازیانی لە بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی بەشدارە محەمەد سەعدەدین لە پارتی گەشەپێدانى تورکمانى بەشدارە مونا قاوەچی لە پارتی چاکسازیی تورکمان لە کۆبوونەوەکە بەشدارە ئایدن مەعروف لە بەرەی تورکمانی بەشداری کۆبوونەوەکەیە هەریەکە لە لایەنەکانى (بەرەى گەل، کۆمەڵى دادگەرى، یەکگرتووى ئیسلامى، ڕەوتى هەڵوێست، جوڵانەوەى نەوەى نوێ) بەشدارى کۆبوونەوەکەى پیرمام ناکەن و قسەى جیاوازیان هەیە لەسەرى. بەرەی گەل لەڕاگەیەندراوێکدا دەأێن: بەهەموو لایەکی رادەگەیەنین کە ئێمە پەرلەمانی کوردستان وەک ئیرادەی خەڵکی کوردستان بەشوێنی کۆبونەوە و بڕیاردان لەپرسە چارەنووسسازەکان دەزانین. هەر بۆیە سەبارەت بە پرسی موچەو کۆی کێشەکان لەرۆژانی داهاتوو قسەی یەکلاکەرەوەمان دەبێت. کۆمەڵی دادگەری کوردستان، ڕایدەگەیەنن بەشداریی ئەو كۆبوونەوەیە کە پارتی دیموكراتی كوردستان بانگهێشتی كردووین