تەرمی ئەو شەڕڤانانەی لە بەرخۆدانی دژ بە هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورک، هەتەشە و داعش شەهید ببوون، لە گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان لە شاری قامیشلۆ بەخاک سپێردران. گیانبەخشانی بەرخۆدانی دژ بە هێرشی چەتەکانی دیمەشق، هەریەک لە فەرماندەی یەپەژە سیدار عەفرین (لەیلا حەمۆ)، شەڕڤانانی یەپەژە ڤیان جودی (سارا حەسەن)، ستێرک ڕۆژهات (نەسرین خەلیل)، ڕەوشەن زانا عەفرین (ڕەوشەن ئیبراهیم)، شەڕڤانانی قەسەدە دڵشێر قامیشلۆ (ئیبراهیم محەمەد)، کارکەر قامیشلۆ (حەسەن مەلا حەسەن)، ڕۆژهات قامیشلۆ (میتان حوسێن)، چیاگەر ئارمانج (یەزەن محەمەد)، دیار قامیشلۆ (جوان سوهبی)، شێرەوان شێراوا (حەسەن عەلی) و ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ محەمەد کامیل میۆ، لەلایەن هەزاران کەس لە دانیشتووانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە لە گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان لە شاری قامیشلۆ بەخاک سپێردران. گەلی کورد تەرمی شەهیدان ڕۆژهات قامیشلۆ، دڵشێر قامیشلۆ، ستێرک ڕۆژهات، شێرەوان شێراوا، دیار قامیشلۆ و سیدار عەفرینیان لە بەردەم بینای ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان وەرگرت و بەرەو گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان بردیان. بۆ شەهیدەکانی تریش مەراسیمێکی غیابی ڕێکخرا. کاروانی تەرمەکان کاتێک گەیشتە گۆڕستانەکە، بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا"، "بژی بەرخۆدانی یەپەژە و یەپەگە"، "بژی یەکێتیی گەلی کورد" و "شەهید نامرن"، هەروەها بە هەلهەلەی دایکان و هەڵدانی برینج بەسەر تەرمەکاندا، پێشوازی لێکرا و مەراسیمەکە دەستی پێکرد. مەراسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگی دەستی پێکرد. پاشان ئەندامی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان، شێرۆ شەرۆ قسەی کرد و یادی تەواوی شەهیدانی ئازادی کردەوە و گوتی: "ئێمە سەری ڕێز بۆ مەزنیی ئەم شەهیدانە دادەنەوێنین. ئێمە لە ڕۆژانێکی مێژووییدا دەژین. مێژوو پاڵەوانێتیی ئەم شۆڕشگێڕانە دەنووسێتەوە کە لەپێناو ئازادی و شکۆمەندیی گەلەکەیان شەهید بوون." یەکێک لە فەرماندەکانی یەپەژە و ئەندامی فەرماندەیی گشتیی قەسەدە، ڕۆهلات عەفرینیش لە مەراسیمەکەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند کە "پلانێک لە دژی وڵات و دەستکەوتەکانی هەیە، ئەم پلانە قڕکردنی گەلی ئێمەیە." ڕۆهلات عەفرین لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئێمە لاواز نین. ١٣ ساڵە تێدەکۆشین. لە سەرەتای دامەزراندنی یەپەژەوە بەڵێنمان دابوو کە گەلی خۆمان بەجێ نەهێڵین و پشتیوانی گەلی خۆمان بین. بەڵێنمان داوە باج و قوربانی هەرچییەک بێت، ئێمە ئەم خاکە دەپارێزین." ڕۆهلات عەفرین لە بەردەوامیی قسەکانیدا باسی لە کەسایەتیی فەرماندە سیدار عەفرین کرد و گوتی: "لە دوا قسەیدا گوتبووی ئێمە ئەم گەلە بەجێ ناهێڵین. مردن یەک جارە، ئێمە بە شکۆمەندییەوە پێشوازی لە مردن دەکەین." فەرماندە ڕۆهلات عەفرین جارێکی تر بەڵێنی پاراستنی گەلی دا و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "پێویستە گەلی کورد خۆی ڕێکبخات و یەکگرتوویی خۆی بەهێز بکات. ئێمە دەستبەرداری ئەم خاکە نابین. ئەم خاکە ئاوەدان کراوەتەوە تاوەکو هی گەلەکەی بمێنێتەوە. لێرە شوێنی داگیرکەران نابێتەوە." دوای وتارەکان، بەڵگەنامەی شەهیدان خوێندریەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کران. پاشان شەڕڤانان تەرمی هاوڕێ شەهیدەکانیان خستە سەر شانیان و بە وتنەوەی دروشمەوە بەخاکیان سپاردن.
وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمی كوردستان فەرمانی بە كۆمپانیاكانی پەخش كرد، پەخشی كەناڵە بیانی و عەرەبییەكان لە ڕایەڵەكانیان ڕابگرن. بەتایبەت ئەو كەناڵانەی كە "لە باری ئێستای كوردستاندا بوونەتە هۆكاری پشێوی و تێكدانی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و بێڕێزیكردن بەرانبەر بە نەتەوەی كورد". لەو چوارچێوەیەدا و یەكەم هەنگاو، پەخشى هەردوو كەناڵی جەزیرەی قەتەری و عەرەبیەی سعودی كە ڕۆڵێكی خراپ لە شەڕ و پێشهاتەكانی سووریا دژی كورد دەبینن، لە هەرێمی كوردستان ڕاگیرا. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، بۆ ئەم بڕیارەی پشتی بە "خاڵەكانی (1، 3، 9) لە بڕگەی 3ـی ماددەی 3ـی ڕێنماییی ژمارە 1ـی ساڵی 2014 (تایبەت بە ڕێكخستنی فریكوێنسی سپەیس لە هەرێمی كوردستان) بەستووە. بەڕێوەبەرایەتییەكە ئاماژە بەوەش دەكات كە "پەخشكردنی ئەو كەناڵانە، پێچەوانەی ماددەی ئاماژەپێكراوی سەرەوەیە، هەروەها پێچەوانەی ماددەی دووە لە هەمان ڕێنمایی، كە تایبەتە بە مۆڵەتدان و دابینكردنی فریكوێنسی، بۆیە پێویستە تەنیا بۆ پەخشی كەناڵە ناوخۆییەكان بێت".
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رایگەیاندوە، بە گوێرەی زانیارییەکانیان لە کۆبونەوەکەی دوێنیی دیمەشقدا، کەشێکی ئەرێنی دروستبووە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 18 ی ئەم مانگە، جەختیش دەکاتەوە ئەو زانیاریانە راست نین کە دەڵێن هێزی ئاسایشی سەر بە دیمەشق دێنە ناو شارەکانەوە. ئەمرۆ چوارشەممە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، زانیاری تایبەتیان بەدەستگەیشتوە، سەبارەت بە بەڕێوەچونی کۆبونەوەکەی دوێنێ دیمەشق لە نێوان هەسەدە و دەسەڵاتدارانی سوریا، کە تێیدا شاندێکی ئیدارەی خۆسەر بە سەرۆکایەتی مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە ئامادەی بوون. بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، کۆبونەوەکە بە کەشێکی تەواو ئەرێنی کۆتایی هاتووە و هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی روون لەسەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی لە 18ی ئەم مانگەدا ئیمزا کرابوون، بە جۆرێک کە لە قۆناغی داهاتوودا هەنگاوی کرداری لەسەر زەوی بنرێت. سەبارەت بە رەوشی ئەمنی و بڵاوبونەوەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکومەت بۆ ناو شارەکان دەکەن، روانگەی سوریا رەتیکردوەتەوە و جەختیکردوەتەوە ئەو دەنگۆیانە دورن لە راستیەوە و بە گوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆی سوریادا یەکبخرێن، بە مەرجێک رەچاوی پێکهاتەی ئێستا و ئەندامێتی ئەندامانی ناوخۆیی خۆیان بکرێت و هەر ئەوانیش قەوارەی بەرپرسیار بن لە پاراستنی ناو شارەکان. ئەمە لە کاتێکدایە، بەردەوام گروپە چەکدارەکانی سوریا ناو بەنا و هێرش دەکەنە سەر ناوچە کوردییەکان و کۆبونەوەکەی دوێنێ دیمەشقیش، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ رێکخستنی بابەتە ئەمنی و کارگێڕییەکان و ئامادەکردنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئیمزاکراوەکان، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
ژنە سیاسەتمەداری کورد گوڵتان کشاناک ڕایگەیاند، هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا تەنها لە دژی بوونی گەلی کورد نیی، هاوکات ئامانجە بۆ لەناوبردنی ژیانی هاوبەشی گەلان و گوتی: "ئەم هێرشانە بۆ گەلی کورد بابەتی مان و نەمانە." کشاناک ڕایگەیاند، ئەم هێرشانە ئەو مۆدێلی ژیانە هاوبەشە دیموکراتیک، فرەناسنامە و ئازادیخوازە دەکاتە ئامانج کە لە ڕۆژئاوا هاتووەتە بوون. گوتیشی ئەم مۆدێلە نەک تەنها بۆ کورد، بۆ هەموو گەلانی سووریا هیوا و ئەلتەرناتیڤێک بنیاتدەنێت. 'دیمەشق درێژکراوەی زیهنییەتی داعشە' کشاناک ئاماژەی بەوە کرد کە دووبارە زیهنییەتی داعش هاتووەتەوە گۆڕێی و تاوانەکانی شەڕ ئەنجامدەدات و گوتی: "لە ئێستادا ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی توندڕەو لەژێر ناوی دەسەڵاتی دیمەشق هەڵسوکەوت دەکات. کە هەڵگری زیهنییەتی داعشە." 'دووبارەبوونەوەی کارەساتی شەنگالە' کشاناک ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانە نوێ نین و گوتی: "ئێمە ئەم تاوانانەی جەنگ بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەزانین. ئەمە هاوشێوە و درێژکراوەی هێرشکردنە سەر شەنگالە لە ساڵی ٢٠١٤. لەم زیهنییەتەدا هیچ شێوەیەک دان بە هەبوونی ژندان نانرێت و ژن تەنها دەکرێتە کۆیلە." 'پەرە بە تێکۆشانی هاوبەشی ژنان دەدەین' لە بارەی تێکۆشانی ژنانەوە کشاناک ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ژنان لە ڕێی ڕێکخراوکردنی خۆیانەوە هەڵوێستێکی بەهێزتر بگرنە بەر و گوتی: "پێویستە بانگەواز بۆ جوڵانەوەی ژنان لە جیهان بکرێت و تێکۆشانێکی هاوبەشیان لەگەڵدا ئەنجام بدرێت. ئێمە هەوڵدەدەین ئەمە بکەین، پێویستە بیکەین؛ باشتری دەکەین و پێویستە ئەم هێرشانە ڕابگرین." 'پێویستە گوشار لە تورکیا بکەین بۆ کردنەوەی دەروازەکان' گوڵتان کشاناک کۆتایی قسەکانی بە سەرنج خستنەسەر هێرشکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی و گوتی: "لە ئێستادا لە ڕۆژئاوا کارەساتێکی مرۆیی زۆر گەورە ڕوودەدات. گەمارۆ هەیە، سەرەکیترین پێداویستییەکان دابین ناکرێن. شەپۆڵێکی گەورەی کۆچبەری جارێکی تر ڕوودەدات. بەم زستانە کۆچبەرەکان لە دۆخێکی زۆر زەحمەتدا دەژین. منداڵان لە سەرمادا گیان لەدەستدەدەن. هەربۆیە پێویستە هەموومان دەستبەجێ پشتیوانییەکی گەورەی ڕێکخراو بکەین و پێویستە وەکو داخوازییەکی کۆمەڵایەتی داوا لە تورکیا بکرێت کە دەروازە سنوورییەکان بکاتەوە. پێویستە گەمارۆی ئەوێ بشکێنرێت و تراژیدیای مرۆیی ڕێگری لێ بکرێت."
کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ چوار شەممە 28-1-2026 کەش / لە کاتەکانی نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە کاریگەری شەپۆڵێکی باران بارین روو لە ناوچەکەمان دەکات . سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک دەست پێدەکات پاشان درێژ دەبێتەوە بۆ سەر سەرجەمی ناوچە جیا جیاکان لەگەڵ باران بارین ناوچە سنوورییەکان و لووتکەو قەدپاڵی چیا بەرزەکان بە تایبەت ئەو چیا بەرزانەی 1500 مەتر بەرزترن لە ئاست رووی دەریا بەفر بارینی دەبێت . لە دوای نیوەڕۆ کاریگەری ئەو شەپۆڵە زیاد دەکات باران بارین بە شێوەی بارانی مامناوەند و هەندێ ناوچەی سنووری ئیدارەی زاخۆ و پارێزگای دهۆک و سنووری پارێزگای سلێمانی و چەمچەماڵ و باکووری پارێزگای کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان ناوچە شاخاوییە بەرزەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ڕێژەی باران بارینی بە شێوەی لێزمە بارانی کورت خایەن و هەورە تریشقەشی دەبێت . خێراى با / مامناوەند ( 10– 20) کم/ک هەندێ کات چالاک دەبێت بۆ سەرووی 30 کم لە کاتژمێرێکدا . ئاراستەی با / باکوورى ڕۆژهەڵات مەوداى بینین / 7 – 9 کم دەبێت پلەکانی گەرما / نزم دەبێتەوە بە (2-3) پلەی سیلیزی هەولێر : 14 پلەی سیلیزی پیرمام : 10 پلەی سیلیزی سۆران : 7 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 3 پلەی سیلیزی سلێمانی : 12 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ : 13 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 12 پلەی سیلیزی دهۆک : 11 پلەی سیلیزی زاخۆ : 12 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 12 پلەی سیلیزی سبەى پێنج شەممە 29-1-2026 کاریگەری ئەم شەپۆڵەی روو لە ناوچەکەمان دەکات تا کاتەکانی بەیانی زووی ڕۆژی پێنج شەممە بە نمە بارانی پچڕ پچڕ لەسەر ناوچەکەمان بەردەوام دەبێت لە کاتەکانی نیوەڕۆ ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور .باران بارین و بەفر بارین لەسەر ناوچە سنووریەکان و لووتکەی شاخە بەرزەکان لە هەندێ کاتدا بەردەوامی دەبێت تا دوای نیوەڕۆی ڕۆژی پێنج شەممە . خێراى با / مامناوەند ( 5 – 15 ) کم/ک . پلەی گەرما/ نزمترین پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە بەرزترین پلەی گەرما نزم دەبێتەوە بە (1-2) پلەی سیلیزی بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 11 پلەی سیلیزی پیرمام : 8 پلەی سیلیزی سۆران : 5 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 1 پلەی سیلیزی سلێمانی : 8 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 9 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 9 پلەی سیلیزی دهۆک : 10 پلەی سیلیزی زاخۆ : 11 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 11 پلەی سیلیزی
یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ناسنامەی شەهیدی فەرماندە سیدار عەفرینی ئاشکراکرد دەڵێت، لە رۆژی 18ـی ئەم مانگە کاتێک چەکدارانی دیمەشق هێرشیان بۆ سەر تەبقا ئەنجامدا، سیدار عەفرین تا کۆتا هەناسەی دژیان وەستا. ڕاگەیاندراوەکەی یەپەژە بەمشێوەیەیە: “ڕاستی شەهیدەکانمان زیندووترین دەربڕینی تێکۆشانمانە. شەهیدەکانمان بە ڕۆحێکی بەرز و فیداکارییەوە بۆ پاراستنی گەلەکەیان گیانی خۆیان بەخت دەکەن. ئەم ڕۆحە پیرۆزە کە لە بەرەکانی پێشەوە تێدەکۆشێت، بە بڕیاردارییەکی گەورەوە لە بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێکی دەسەڵاتداریی داکۆکی لە شکۆی گەلەکەی دەکات. کاتێک هێزە چەتەکانی دەسەڵاتداری دیمەشق بە شێوەیەکی بێباکانە هێرشیان کردە سەر تەبقا، فەرماندەمان سیدار عەفرین تا کۆتا هەناسەی دژی هێرشەکانی گرووپە چەتەکان شەڕی کرد و لە ١٨ـی کانوونی دووەم شەهیدبوو. هەڤاڵ و فەرماندەمان لەیلا حەمۆ، نە ناسناوی “سیدار عەفرین”، ساڵی ١٩٨٠ لە خانەوادەیەکی وڵاتپارێز لە عەفرین لەدایک بووە. بە هۆی ئاشنابوونی خانەوادەکەی بە تەڤگەری ئازادییەوە، هاوڕێ سیداریش بۆ ئەوەی ببێتە شۆڕشگێڕێکی دۆزی ئازادی گەلەکەی دەستی بە لێگەڕینی ژیانی ئازاد کرد لە ساڵی ١٩٩٧، لەناو چەندین کاری شۆڕشگێڕانەی جیاوازدا تێکۆشانی بۆ ئازادی دەستیپێکردووە. لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوادا بە شێوەیەکی کارا بەشداری خەباتی بەڕێکخستنی گەل بوو و له بواری پاراستنیشدا ڕەنجێکی بێوێنەی دا. هەروەها جێگەی خۆی له پێشەوەی هەڵمەت ڕزگارکردنی ڕۆژئاوادا گرت، هەڤاڵ سیدار لە ڕۆژئاوای کوردستان شەڕی داعشی کرد و ئیرادەیەکی بەرزی هەبوو بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی لەم بەڵا جیهانییە. وەک فەرماندەیەکی ژن خۆی لە بەهاکانی ژنێکی ئازاد قوڵ کرد و لەسەر بنەمای پێشەنگایەتی ئەو سەردەمە بەرەو ڕۆڵ و ئەرکێکی بەرز هەستا. هەڤاڵ سیدار لە ڕێگای ئازادیدا بە دڵسۆزی و فیداکاری و سەرکەوتن خزمەتی گەلەکەی کرد. لە سەختترین هەلومەرجدا بە ئەرکی خۆی هەستا و لە پێناو ئازادیی گەل و ژناندا تێکۆشا. ئەو کەسایەتی خۆی لەسەر بنەمای بەهاکانی ڕزگاری ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا پەرەی پێداوە، بووەتە فەرماندەیەکی نموونەیی لەناو ڕیزەکانی یەپەژەدا. لە هەموو ساتەکانی ژیانیدا بە هەڵوێستێکی دڵنزم و بە جۆش و خرۆشێکی گەورەوە بۆ ئازادی تێکۆشا. لە نێو شەڕڤانەکانیدا، وەک فەرماندەیەکی ئەو سەردەمە، لە هەموو ساتەکانی ژیاندا لە تەنیشتی شەڕڤانەکانی بوو، بە بەرپرسیارێتییەکی گەورەوە نزیکی ئەرکەکەی دەبوویەوە. تەنانەت کاتێک شەهید بوو، بە مۆڕاڵی و جۆش و هەیەجانەوە بووە سەرچاوەی باوەڕی و هێز بۆ شەڕڤانەکانی. فەرماندە سیدار لە هەڤاڵایەتییەکەیدا تا کۆتایی دڵسۆز بوو، هەر بۆیەش لە نێو هەڤاڵانیدا جێگایەکی تایبەتی هەبوو. ئەم هەڵوێستە وایکرد هەموو هەڤاڵان لە دەوری کۆببنەوە. هەڤاڵ سیدار هێمای دڵسۆزی و بوێری و بەرخۆدانیی ژنانی کوردە. کاتێک گرووپە چەتەکان هێرشیان کردە سەر تەبقا، فەرماندەمان سیدار عەفرین بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەی لە بەرەکانی پێشەوە شەڕی کرد و بۆ ئەوەی ڕێگریی لە عەقڵییەتی گرووپە چەتەکان بکات گیانی خۆی کرد بە قەڵغان. سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی بەڕێزی فەرماندە سیدار عەفرین و سەرجەم گەلی وڵاتپارێزمان دەکەین. ئامانجی شەهیدەکانمان بنیاتنانی ژیانێکی ئازاد و پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشە. وەک هەڤاڵانی شەهیدان تا کۆتایی بەردەوام دەبین لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی شەهیدانی ئازادیی تا سەرکەوتنێکی هەمیشەیی بەدی بهێنین.” یەپەژە ناسنامەی ئەو شەهیدەی بەمشێوەیە خستووەتەڕوو:
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە بەیاننامەیەکدا ناسنامەی ١٠ شەڕڤانی شەهیدی ئاشکرا کرد. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئێمە شەهیدبوونی ١٠ شەڕڤانی خۆمان بە گەلەکەمان ڕادەگەیەنین، کە بە خوێنی خۆیان لاپەڕەی پڕشکۆیان لە تێکۆشانی گەل و هێزەکانماندا نووسییەوە و بە سووربوونی خۆیان لە گۆڕەپانەکانی جەنگدا، نوێنەرایەتیی مانای پابەندبوونی شۆڕشگێڕییان کرد. ئەم شەڕڤانانە لەسەر ئەرکی خۆیان بۆ پاراستنی گەل و دۆزە ڕەواکەیان شەهید بوون. ئەم شەهیدانە لە هێڵەکانی پێشەوە بوون، دژی مەترسییە گەورەکان وەستانەوە، ئەرکی قورسیان لە ئەستۆ گرت و باوەڕیان بە دۆزەکەیان هەبوو. لە دژی کوشتن وەستانەوە و هەتا شەهیدبوون هەنگاوێک پاشەکشەیان نەکرد. ناسنامەی شەهیدان بەم شێوەیەیە: ناسناو: دەستان قەرەگۆل ناو و پاشناو: خاتوون عومەر ناوی دایک: سەباح ناوی باوک: محەمەد شوێنی لەدایکبوون: عەفرین شوێن و بەرواری شەهیدبوون: ڕێگای سپی - ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *** ناسناو: ڕەوشەن زانا عەفرین ناو و پاشناو: ڕەوشەن ئیبراهیم ناوی دایک: سەمیرە ناوی باوک: محەمەد شوێنی لەدایکبوون: عەفرین شوێن و بەرواری شەهیدبوون: ڕەقە - ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *** ناسناو: ڤیان جوودی ناو و پاشناو: سارا حەسەن ناوی دایک: حەسنا ناوی باوک: حەسەن شوێنی لەدایکبوون: حەلەب شوێن و بەرواری شەهیدبوون: سرین - ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *** ناسناو: ستێرک ڕۆژهەڵات ناو و پاشناو: نەسرین خەلیل ناوی دایک: فکرەت ناوی باوک: یوسف شوێنی لەدایکبوون: عەفرین شوێن و بەرواری شەهیدبوون: دێرەزوور، هەجین - ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *** ناسناو: چیاگەر ئارمانج ناو و پاشناو: یەزەن محەمەد ناوی دایک: نەجاح ناوی باوک: محەمەد شوێنی لەدایکبوون: قامیشلۆ شوێن و بەرواری شەهیدبوون: ڕەقە، کەسرات - ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *** ناسناو: دیار قامیشلۆ ناو و پاشناو: جوان سوبحی ناوی دایک: هندییە ناوی باوک: سوبحی عەلی شوێنی لەدایکبوون: قامیشلۆ شوێن و بەرواری شەهیدبوون: ڕێگای M4 - ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *** ناسناو: دڵشێر قامیشلۆ ناو و پاشناو: ئیبراهیم محەمەد ناوی دایک: شیرین ناوی باوک: باسل شوێنی لەدایکبوون: قامیشلۆ شوێن و بەرواری شەهیدبوون: مەسکەنە - ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *** ناسناو: شێروان شێراوا ناو و پاشناو: حەسەن عەلی ناوی دایک: فەریدە ناوی باوک: عەلی شوێنی لەدایکبوون: عەفرین شوێن و بەرواری شەهیدبوون: ڕەقە - ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *** ناسناو: ڕۆژهەڵات قامیشلۆ ناو و پاشناو: میتان حسێن ناوی دایک: شیرین ناوی باوک: کادار شوێنی لەدایکبوون: قامیشلۆ شوێن و بەرواری شەهیدبوون: ڕەقە - ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *** ناسناو: کارکەر قامیشلۆ ناو و پاشناو: حەسەن مەلا حەسەن ناوی دایک: سەدیقە ناوی باوک: محەمەد شوێنی لەدایکبوون: حەسەکە شوێن و بەرواری شەهیدبوون: عەین عیسا - ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی پاراستنی گەل( هەسەدە) بڵاویکردەوە، چەکدارانی سوپای عەرەبی سووریا بە حەوت درۆنی خۆکوژی هێرشیان کردە سەر گوندەکانی چل ئاغا. هەسەدە باس لەوە دەکاتەوە، ئەم هێرشانە وەک پێشێلکارییەکی نوێ و ئاشکرای ئاگربەست و ڕێککەوتنەکان هەژمار دەکرێن. هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە هێزەکانمان بە هەموو توانایەکەوە بەرگریی دەکەن. لەلای خۆیەوە، پەیامنێری کوردستان24، رایگەیاند: لە گوندەکانی چل ئاغا شەڕی هەسەدە و چەکدارانی سوپای عەرەبی سووریا بۆ ماوهیهكی درێژ بەردەوام بوو و، 40 چەکداری دیمهشق کوژران و 15 كهسی مهدهنیش کوژران و برینداربوون. لە گوندەکانی چل ئاغا، هەسەدە هێرشێکی چەکدارانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریای تێکشکاند. پەیامنێری کوردستان24 لە چل ئاغا و بەتایبەت لە گوندی باقلە ڕایگەیاند، هەسەدە لە گوندی باقلە کە یەک کیلۆمەتر لە گوندی سەفا دوورە شەڕ لەنێوان ئەوان و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمهشق ڕوویداوه.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی حكومەتی دیمەشقەوە بڵاویكردووەتەوە، حكومەت لەوە دەڕوانێت ئەمڕۆ خولێکی نوێی دانوستانەکانی یەکگرتن لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەنجام بدات. بەوتەی ئەو بەرپرسەی حكومەتی سوریا لە دانوستانەکاندا تیشک دەخرێنە سەر رێگای پراکتیکییەكان بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی ئەم مانگە بە نێوەندگیری ئەمریکا واژۆكرا. وتەكانی ئەو بەرپرسە سورییە لەكاتێكدایە، سەرچاوە ئاگادارەكان باس لەوەدەكەن، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئیلهام ئەحمەد لە ئێستادا گەیشتوونەتە دیمەشق و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سوریا پرسی راگرتنی ئاگربەست و تێكەڵكردنی ئیدارەو هێزەكانی سوریای دیموكرات بە دامەزراوەكانی دەوڵەتی سوریا تاوتوێدەكەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکی بەپەلەدا بڵاویکردەوە، هێزەکانیان توانییان ئەو تۆمەتبارە دەستگیر بکەن کە دوێنێ تاوانی کوشتنی سێ هاوڵاتی (ئەندامانی یەک خێزان)ی لە شاری هەولێر ئەنجامدابوو. لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە: "دوای بەدواداچوونی ورد و چڕی هێزەکانمان، بکەری تاوانە دڵتەزێنەکەی دوێنێی شاری هەولێر کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ کەس، دەستگیرکرا و ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە." بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان کە لە کاتێکی نزیکدا زانیاری زیاتر و وردەکاری چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەکە و ناسنامەی تۆمەتبارەکە بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە.
🔴 سۆران مەڵکەندی، ئەو پیاوەی خەڵکی سلێمانی کە بە خۆبەخش چووەتە رۆژاڤا، باسی دۆخی شەڕ و ئەو گەنجانەی کوردستان دەکات کە بۆ شەڕ لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگن. 🔻 سۆران مەڵکەندی بۆ هاوڵاتی: ♦️ ئێمە رێگەمان پێنادرێت پێشڕەوی بکەین، لە سەرکردایەتی هەسەدەوە ئاگادارکراوینەتەوە پێشڕەوی نەکەین. ♦️ ئێستا کەشوهەوا ساردە و چەکدارانی دیمەشق ناتوانن بە پیادە پێشڕەوی بکەن. ♦️ بەهیچ شێوەیەک ناهێڵین چەکدارانی سوریا پێشڕەوی بکەن. ♦️ ئەو چەکدارانە جێی متمانە نین، ئاگربەست پێشێل دەکەن و لە هەر ساتێکدا هێرش دەکەن. ♦️ نزیکەی دوو هەزار گەنجی باشووری کوردستان لێرەن. ♦️ لێرە بە ویستی خۆتە بچیتە بەرەکانی پێشەوە یان وەک هێزی پشتیوانی بیت. ♦️ ئەوانەی لە باشوور و پارچەکانی دیکەوە هاتوون هیچیان ئامادە نین بگەڕێنەوە و دەیانەوێت گیانی خۆیان بەخت بکەن. ♦️ ئەگەر بڕیار بێت بمرین با لە پێشەوە بمرین نەک لە دواوە چاوەڕێی مردن بکەین. ♦️ بۆیە ئەوانەی هاتوون هیچیان ئامادە نەبوون لەدواوە بمێننەوە. ♦️ زۆربەی ئەوانەی هاتوون شەڕیان بینیوە پێشتر، ئەوانەشی شەڕیان نەدیووە بەغیرەتن. ♦️ ئەمەی دەیبینم لە رۆژاڤا زۆر سەیرە! ئەو کاتەی هێرش دەکرێتە سەرمان شەڕڤانان پێدەکەنن چونکە دەڵێن فرمێسک مۆراڵ و رقمان بەرامبەر دوژمن کەمدەکاتەوە. ♦️ هەست دەکەیت لەگەڵ مرۆڤی باڵادایت کاتێک دێیتە ناو شەڕڤانان، وەک بڵێی مرۆڤی سەر زەوی نین و مرۆڤی ئاسامانن. ♦️ دەمەوێت لەگەڵ ئەو مرۆڤانەی ئاسمان شەهیدبم، ئامادە نیم بگەڕێمەوە و لەگەڵ شەڕڤانان دەبم.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو راگەیاند و ئاماژە بەوە دەکات، کە لە نیوەڕۆی سبەی چوارشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. کەشی پێشبینیکراوی ئەمرۆ سێشەممە 27-01-2026: بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، ئەمرۆ ئاسمان بە گشتی نیمچە هەور دەبێت. خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت و لە نێوان 5 بۆ 10 کم/ک دەبێت، ئاراستەکەشی بەرەو باکووری روژهەڵات دەبێت. مەودای بینین 8 بۆ 10 کم دەبێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ کەمێک بەرز دەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: 18 پیرمام: 13 سۆران: 10 حاجی ئۆمەران: 3 سلێمانی: 15 چەمچەماڵ: 17 هەڵەبجە: 14 دهۆک: 16 زاخۆ: 17 ئاکرێ: 15 کەشی پێشبینیکراوی سبەی چوارشەممە 28-01-2026: بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، سبەی بەیانی ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی نیوەڕۆوە کاریگەری شەپۆلێکی بارانبارین روو لە ناوچەکە دەکات. بارانبارین سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات و پاشان پەرەدەسێنێت بۆ سەرجەم ناوچەکانی دیکە. هاوکات لە ناوچە سنوورییەکان و لووتکەی چیا بەرزەکان (ئەوانەی زیاتر لە 1500 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزن) بەفر دەبارێت. لە دوای نیوەڕۆوە کاریگەری شەپۆلەکە زیاد دەکات و بارانبارین دەبێتە مامناوەند، لە هەندێک ناوچەی سنووری ئیدارەی زاخۆ، پارێزگای دهۆک، سلێمانی، چەمچەماڵ، باکووری کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان، رێژەی بارانبارین بە شێوەی لێزمەبارانی کورتخایەن و هەورەتریشقە دەبێت. ئەم شەپۆلە روژی پێنجشەممە کۆتایی دێت. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی چوارشەممە: هەولێر: 17 پیرمام: 12 سۆران: 9 حاجی ئۆمەران: 3 سلێمانی: 13 چەمچەماڵ: 15 هەڵەبجە: 14 دهۆک: 15 زاخۆ: 14 ئاکرێ: 13
بە فەرمی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دواخرا. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای مۆڵەتی زیاتریان کرد بۆئەوەی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش یان شێوازی چوونە ناو پەرلەمان رێکبکەون. نووسینگەی راگەیاندنی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رۆژی سێشەممە 27-01-2026 رایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمان داواکاریی فەرمی لە هەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی پێگەیشتووە بۆ دواخستنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ. ئامانج لەم دواخستنە، وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "پێدانی کاتی زیاترە بۆ لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی نێوان ئەو دوو حیزبە." لە لایەکی دیکەوە عامر فایز، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم و بەشداربووی کۆبوونەوەی شەوی رابردووی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو وردەکاریی زیاتری ئاشکرا کرد و گوتی، "لە کۆبوونەوەکەی شەوی 26ی کانوونی دووەمدا، نوێنەرانی پارتی داوای کاتی زیاتریان کرد بۆ رێککەوتن، یەکێتییش بەو پێشنیازە رازی بوو." بە گوتەی عامر فایز، بڕیارە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بۆ رۆژی یەکشەممە، 01-02-2026 دوابخرێت. سەبارەت بە لایەنی یاسایی ئەم دواخستنەش، ئاماژەی بەوە کرد کە "دەرچەی یاسایی هەیە، چونکە لە ماوەی ئەم مانگەدا پشوو هەبووە"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ تێپەڕبوونی وادە دەستوورییەکە کە دەبوو لە ماوەی مانگێکدا لە دوای یەکەم دانیشتنی پەرلەمان (28ی کانوونی یەکەمی 2025) سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت. تاوەکو ئێستا 19 بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە رکابەریدا ماونەتەوە، بەڵام ململانێی سەرەکی لەنێوان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان کە لە 13 لایەن پێکهاتووە، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی لایەنە کوردییەکان بە یەک بەربژێرەوە بچنە ناو هۆڵی پەرلەمان. عامر فایز دەڵێت، لای ئەوان پرسەکە زیاتر پەیوەندیی بە نێوخۆی هەرێمی کوردستانەوە هەیە و هیوادارن لەم چەند رۆژەدا لایەنە کوردییەکان بگەنە رێککەوتن.
