سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە رووداوی راگەیاند، وەزیری دارایی بۆ ناردنی مووچەی مانگی یەک، داوای تەرازووی پێداچوونەوەی سێ مانگی کۆتایی پار دەکات. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داواکارییەکانی تەیف سامی بە بیانوو بۆ دواخستنی مووچە دەزانێت. بە گوێرەی زانیارییەکان کە رووداو لە سەرچاوەیەکی باڵاوە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەستی کەوتووە، تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی، ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگەکانی 10، 11 و 12ـی پاری کردووەتە مەرج بۆ ناردنی مووچەی مانگی 1ـی ئەم ساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. هەر لەو بارەیە ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش بە رووداوی راگەیاند، پێشتر ئەوان تەرازووی پێداچوونەوەی ئەو سێ مانگەیان ناردووە بەغدا، ''بەڵام داوکارییەکانی تەیف سامی بیانوون و تەنیا دەیەوێ پڕۆسەی ناردنی مووچە دوابخرێت. ئەگەرنا پێشتر تەرازووی پێداچوونەوەی هەر سێ مانگیان وەرگرتووە و رەزامەندییان لەسەر داوە.'' بە گوێرەی زانیارییەکان هەرچەندە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گۆڕینی تەرازووی پێداوچوونەوەی مووچەی مانگی 12ـی بەو شێوەیەی کە تەیف سامی داوای دەکات بە نایاسایی زانیوە، بەڵام لەبەر ئەوەی وەزیری دارایی عێراق بیانووی زیاتر نەگرێ، بەو شێوەیەی ویستوویەتی، گۆڕانکارییان تێدا کردووە. لەبارەی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان رووداو لە سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی زانیاری وەرگرتووە، کە چاوەڕێ دەکرێ یەکشەممە یان دووشەممەی داهاتوو داهاتەکە ئامادە بکرێ، کە وەک مەرجێکی سەرەکییە بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆران.
هەسەدە دەڵێت، دوو کچە شەڕڤانەکە بەناوەکانی ئاکرێ زاگرۆس و دیالا کۆرۆ لە 18ـی ئەم مانگە لە رەققە شەهیدبوون. یەکێکی دیکە لەشەڕڤانەکان بەناوی کیڤارا کۆبانێ هەر لە 18ـی مانگ شەهیدبووە لە دێرەزوور و شەڕڤانەکەی دیکە بەناوی کێنداڵ کۆرتەک لە 25ـی مانگ لە شەڕی کۆبانێ شەهید بووە. شەهید بوونیان وەک پەیمانێکی نوێ لەسەر ڕێگای ئێمە دەمێنێتەوە، کە بەردەوامی خەبات و ئیرادەی ئێمە بۆ خۆڕاگری تا کۆتایی دووپات دەکاتەوە. خوێنی پاکیان بۆ هەمیشە دەبێتە ئەمانەتێک لەسەر شانمان، ڕێگای ئەو سەرکەوتنە ڕووناک دەکاتەوە کە ئەوان پێشبینیان دەکرد. قوربانیدانی ئەوان میراتی ئێمەیە، کە ئێمە بە دڵسۆزانە بەرزی دەگرین و بەم بەڵێنەشەوە بەرەو پێشەوە دەڕۆین تا ئەم خاکە خەونی ئازادی و کەرامەتی خۆی بەدەست دەهێنێت. هەڤاڵانی شەهید بریتین لە: 1- سیاجین/ دیالە کۆرۆ، 2- ئاکری زاگرۆس/ زەینەب عەتۆ، 3- کەڤرا کۆبانی/ دیار مەحمود، 4- کەنداڵ کورتەک/ محەمەد ئەحمەد.
موستەفا قەرەسوو ڕایگەیاند، هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ تێکدان و ڕێگریکردنە لە پڕۆسەی ئاشتیی، ئەم هێرشە بۆ سەر هەموو گەلی کورد و دەستکەوتەکانییەتی و نایانەوێت کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ستاتۆیەکی هەبێت، پرۆژەیەکی وەها هەیە و تورکیاش بەشێکە لەمە دەشڵێت: گەل یەکێتی خۆی هێناوەتەدی، بەرپرسیارێتیی هەموو هێزە سیاسییەکان ئەوەیە، کە ئەو یەکێتییە نەتەوەییە لە ڕووی سیاسییەوە جێبەجێ بکەن. ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە موستەفا قەرەسوو، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفزیۆنی (مەدیا خەبەر)ـدا قسەی کرد و سەبارەت بە دۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان و پڕۆسەی ئاشتیی و چەندین بابەتی دیکەی گرنگ هەڵسەنگاندی کرد، ڕۆژنیوز بەشێک لە چاوپێکەوتنەکەی بڵاو دەکاتەوە. بەشێک لە هەڵسەنگاندنەکانی موستەفا قەرەسوو بەم شێوەیەیە: هێشتا هەلومەرجی کارکردنی ئازاد بۆ ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان نەڕەخساوە، هەروەها لە چوارچێوەی ‘مافی هیوا’ـدا هیچ هەنگاوێک بۆ ئازادی جەستەیی ئەو نەنراوە، هەروەها بوون و نەبوونی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان نادیارە، ئەم دۆخە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ موستەفا قەرەسوو: یانزە مانگ بەسەر بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ‘ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک’ لە ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥ تێپەڕیوە، ماوەیەکی کەم نییە، هەروەها پێش ئەوە شتی تر هەبوو، پێش ئەوە، باخچەلی بانگەوازی کرد، پاشان ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند کە دەتوانێت پڕۆسەی شەڕی ٥٠ ساڵە و ١٠٠ ساڵە بگوازێتەوە بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی، بەڕاستی هەنگاوی ڕادیکاڵی لەم بابەتەدا ناوە، ئێمەش بەگوێرەی بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بڕیاری گرنگمان دا، هەنگاوی گرنگمان ناوە. پەکەکە هەموو کار و چالاکییەکی لەژێر ناوی خۆیدا کۆتایی پێهێنا، تێکۆشانی چەکداریمان لەدژی تورکیا ڕاگرت، هەوڵماندا کێشەکان لەگەڵ تورکیا بە ڕێگەی ماقووڵ چارەسەر بکەین، گەلی ئێمەش پشتیوانی ئەم بانگەوازەیان کرد، هەروەها وەڵامی ئەرێنیمان دایەوە بۆ سەرکەوتنی ئەم بانگەوازە، چ لە ڕووی دروستکردنی ڕای گشتی کوردەوە و چ بە هەڵوێست و ڕوانگەی خۆمان، پاشان چەکەکان سووتێنران و هەڤاڵان لە باکوور کشانەوە، ئەوانیش ڕاگەیاندراویان هەبوو، بەم جۆرە، تا ئاستێکی بەرز بەرپرسیارێتیی خۆمان جێبەجێ کرد. لە شوێنەکانی تری جیهاندا هەنگاوی لەو شێوەیە ئاسان نەبوو، هیچ ڕێکخستنێک هەنگاوی لەو شێوەیەی نەناوە، بەڵام ڕێبەرێتی ئیرادەی نیشاندا، بارودۆخی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕەچاوکرد، چونکە دەوڵەت باخچەلیش بەم شێوەیە بانگەوازی کردبوو و هەنگاوێکی لەو شێوەیە نرا، ١١ مانگە، لەوەش زیاترە، ڕێبەر ئاپۆ بە سەبرەوە ئەم پڕۆسەیە بەڕێوەدەبات، پێشەنگایەتی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکات، ئەگەر بە وردی لێکۆڵینەوە بکرێت لە هەر وشەیەک، هەر ڕستەیەکی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥، ئەوە دەبینرێت کە ڕێبەرێتی بانگەوازەکەی بۆ ئەوەیە کە پرسی کورد، هەموو کێشەکانی تورکیا، چارەسەر بکرێت و تورکیا دیموکراتیک ببێت، بەرنامەیەکی خستەڕوو، هەڵوێستێکی ماقووڵی نیشان دا. بەڵام دەوڵەتی تورک هەڵوێستی چی بوو؟ هەندێک کۆبوونەوە ئەنجامدرا، بۆ ئەوەی پەیامەکانمان بگات بە ڕێبەرێتی، پەیامەکانی ڕێبەریش بگاتە ئێمە، گۆشەگیری تا ئاستێک هەڵگیرا، پارێزەران جارێک چوونە ئیمراڵی، بنەماڵە چوون، بەتایبەت شاندەکان چوون؛ بەڵام ئەم هاتوچۆیە ئەنجامێ ئەوتۆی لێ نەکەوتەوە. لە کۆتاییدا کۆمیسیۆنەکە پێکهێنرا، ئێمە ساڵانێکە ئەمەمان دەوێت، ڕێبەرێتی ساڵانێکە دەیەوێت پەرلەمان دەستوەردان بکات، جەهەپە کە پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنە، ویستی پەرلەمان دەستوەردان بکات، لەم چوارچێوەیەدا کۆمیسیۆنێک پێکهێنرا، پەرلەمان بەم شێوەیە دەستوەردانی کرد، بۆیە گرنگ بوو، ئەرێنی بوو. پەرلەمان بانگەشەی ئەوە دەکات کە نوێنەرایەتی ئیرادەی کۆمەڵگای تورکیا دەکات و بە ناوی کۆمەڵگا بڕیار دەدات و یاسا دادەڕێژێت و دەستور دەنووسێتەوە، دەستێوەردانی کۆمیسیۆنی پەرلەمان لە پرسی کورددا گرنگ بوو، بەڵام هیچ ئەنجامێک لەوەش نەهاتە ئاراوە، ڕێبازی ئەو کۆمیسیۆنە ئەوە نەبوو کە ڕای گشتی پێکبهێنێت و پێشنیارەکان بخاتەڕوو. لە کۆتاییدا دیدارێکیان لەگەڵ ڕێبەرێتی ئەنجامدا، کۆنووسەکانی ئەو کۆبوونەوەیە بە تەواوی بڵاو نەکرانەوە، سەرەتا ٤ لاپەڕە بڵاوکرایەوە، پاشان ١٦ لاپەڕە، چەند بەشێکیان بڵاوکردەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە یەک پارچەیە، ناوەڕۆکەکەیان شێواندووە و بەو شێوەیە خستیانە بەردەم ڕای گشتی، بەڵام ئەرکی کۆمیسیۆن ئەوە بوو کە لە ئەنجامی کۆبوونەوەکاندا هەندێک پێشنیار بخاتەڕوو بۆ چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەکردن، بەڵام کات دەکوژن، ماوەی کارکردنی تا کۆتایی مانگی شوبات درێژ کرایەوە، بەحیساب ئەم کۆمیسیۆنە ناوی کۆمیسیۆنی دیموکراسی و خوشک-برایەتی و یەکێتیی نەتەوەییە، بەڵام لە ئاست ناوەکەی و چاوەڕوانییەکاندا نەبوو، ئەمە گرنگە. گەر هێشتا لە کۆمەڵگادا نیگەرانی لەبارەی پڕۆسەکە هەیە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مامەڵەی حکومەت و کۆمیسیۆن کە بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ نەگەیاندووە، مامەڵەی کۆمیسیۆن و حکومەت و دەوڵەت بەجۆرێکە، وەکبڵێی مامەڵە لەگەڵ پرسێکی جددییدا ناکەن، هەندێ لێدوان دەدەن و قسە دەکەن، کەچی هەنگاونانێن، گرنگترین شت، هێشتا ڕەوشی ڕێبەر ئاپۆ نەگۆڕاوە، تا ئێستاش لە ئیمراڵی لە گۆشەگیریدایە، جگە لە کۆبوونەوەی ناوبەناو لەگەڵ شاندەکە، هیچ دەرفەتێک بۆ ڕێبەر ئاپۆ نەبووە کە بۆچوونی خۆی بۆ ڕای گشتی بڵاو بکاتەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی جیاوازدا کۆببێتەوە. لەبەرئەوەی ڕێبەرێتی ڕای گشتیی دیموکراتیک، کۆمەڵگەی کوردی، هەمووان بۆ ئەم پڕۆسەیە ئامادە دەکات، دەبوو ڕۆڵێکی زۆر گرنگی پێ بدەن لە ئامادەکاری بۆ ئەم پڕۆسەیە، بەڵام دەرفەتی پێ نەدرا، ئەمە مانای چییە؟ بەو مانایەیە کە هەڵوێستێکی درووست بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک نیشان نەدراوە. ئێستا، هێرش دەکرێتە سەر ڕۆژئاوا، هێرش بۆ سەر شێخ مەقسوود دەستی پێ کرد، پاشان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئێستاش بۆ سەر هەموو هەرێمە کوردنشینەکان، ئەمەش خۆی لە خۆیدا هەڵوێستێکی ناجدییە بەرانبەر پڕۆسەکە، تێکدان و ڕێگریکردنە لە پڕۆسەکە، بەم واتایە دێت، هەمووان دەڵێن؛ چۆن ئاشتی لە ناوخۆی سووریا بە دوژمنایەتی بەرامبەر کورد بەدی دێت؟ بۆیە ئەو مامەڵەیە لە ڕۆژئاوا نیگەرانی دروست دەکات کە لەمەودوا پڕۆسەکە چۆن دەبێت. ئێمە دەزانین کە ڕێبەر ئاپۆ دوو جار پەیامێکی بۆ ڕۆژئاوا و ئیدارەی ئەوێ ناردووە، ئەو پەیامی “ڕووبکەنە ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک”ـی بۆ ئەوان نارد، واتە ویستی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک لەوێش بێتەدی، وەک چۆن باکوور و لە تورکیادا داوای ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک دەکات، لە سووریاشدا هەمان شتی دەوێت. بەڵام ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک، سەپاندن نییە، بە واتایەکی تر ڕوانگەیەکی یەکگرتوو دەگرێتەخۆ بۆ دیموکراتیکبوون، بەڵام بە هێرشەکە وەڵامی بانگەوازی ڕێبەرێتی درایەوە، بانگەوازەکانی ڕێبەرێتی لەبەرچاو نەگیرا، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و قەسەدە و ئیدارەی ئەوێ بانگەوازی ڕێبەرێتییان لەبەرچاوگرت، ئەگەر ڕێگەیان بە ڕێبەرێتی بدایە، دەیتوانی کێشەکان بەشێوەیەکی ماقووڵ و دوور لە شەڕ چارەسەر بکات. ڕێبەرێتی هۆشداریدا، مەکەونە نێو شەڕەوە و با شەڕ نەگاتە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەڵام دەوڵەتی تورک ئەم هەڵوێستانەی ڕێبەرێتی لەبەرچاو نەگرت، ئەمەش گرنگە، دەوڵەت دەزانێت هەڵوێستی ڕێبەرێتی چییە، ڕێبەرێتی چ جۆرە چارەسەرێکی دەوێت بۆ سووریا، چ جۆرە ئینتیگراسیۆنێکی دیموکراتیکی دەوێت، واتە ڕێوشوێنێکی ماقووڵ بۆ چارەسەر، بەڵام لە ڕێگەی گفتوگۆوە، لە ڕێگەی دیالۆگەوەم سەرەڕای ئەمەش ئەمە لەبەرچاو نەگیرا، بەپێچەوانەوە هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا بە هاندان و دەستوەردانی دەوڵەتی تورک دەستی پێ کرد. هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا بەدیوێکدا هێرشە بۆ سەر پڕۆسەکە، شێواندنی پڕۆسەکەیە، چۆن ڕوودەدات؟ ئێوە پڕۆسەیەک ئەنجام دەدەن، لەگەڵ ئیمراڵی پڕۆسەیەک ئەنجام دەدەن، بێگومان ئێمەش لەنێو ئەم کارەداین، وەک تەڤگەر ئێمەش لەنێو ئەم پڕۆسەیەداین، کار و چالاکییەکانمان لەژێر ناوی پەکەکەدا کۆتایی پێ هێنا، تێکۆشانی چەکداریمان ڕاگرت، ئەوەندە هەنگاومان ناوە، گەریلاکانمان لە ناوخۆی تورکیا کشاندەوە، بەڵام دەوڵەتی تورک هەڵوێستێکی ئەرێنی لەم ڕووەوە نیشان نەدا. لە لایەکی تریشەوە هەم هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوا و هەم هێرشی سەر ڕۆژئاوای گۆڕی بۆ هێرشێکی ڕاستەوخۆ دژی ئێمە، لە هەموو هێرشێکدا ئێمەیان خستە ڕۆژەڤەوە، کاتێک هەموو هێرشێک هەڵدەسەنگێنن، ئێمە دەخەنە ڕۆژەڤەوە و دەمانکەنە ئامانج. پڕۆسەیەک هەیە، ئێمەش لەنێو پڕۆسەکەداین، ئەمەش هەم تێکدانی هەوڵەکانی ڕێبەرێتییە و هەم تێکدانی هەوڵەکانمانە بۆ ئاسانکاری، بۆیە ئێمەش بیر لەوە دەکەینەوە؛ لەمەودوا پڕۆسەکە چۆن بەرەوپێش دەچێت؟ ئایا بەم شێوەیە بەرەوپێش دەچێت؟ ڕێبەرێتی و ئێمە بە سەبرەوە ئەمەمان گەیاندە ئەم ئاستە، بەڵام ئەگەر مامەڵەیەکی جیاواز نیشان نەدرێت، واتە ئەگەر هەڵوێستەکانی ئێستا نەگۆڕێن، ئەم پڕۆسەیە چۆن بەرەوپێش دەچێت؟ زەحمەتە، دەکرێت بڵێین ئێستا بنبەستێک هەیە، هەمووان هەمان هەڵسەنگاندن و بیر و بۆچوونیان هەیە، دوای هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا کێ دەتوانێ بڵێت پڕۆسەکە بە ئاسانی بەرەوپێش دەچێت؟ گەلی کوردستان و تەواوی جیهان سەرنجیان لەسەر ڕۆژئاوایە، ئەو هێرشە دڕندانەیە کە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب بە هاوکاری دەوڵەتی تورک و داعش و هەتەشە دەستی پێکرد، لە سەرانسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا بڵاوبووەتەوە، چی دەڵێن لەسەر ئەم هێرشانە؟ موستەفا قەرەسوو: سەرەتا بە ڕێز و سوپاسەوە زیاد حەلەب و دەنیز چیا بیردەهێنمەوە کە لە شێخ مەقسوود شەهید بوون، هەروەها یازدەهەمین ساڵیادی بەرخۆدانی ڕۆژئاوایە، بە ڕێز و سوپاسەوە هەڤاڵ گەلهات و ئارین میرکان کە لەوێ شەهید بوون، بیردەهێنمەوە، بێگومان ئەم شەهادەتە ڕێبازی ئێمە نیشان دەدات، تیشک دەخاتە سەر پێویستی تێکۆشان و ڕێبازمان، بێ ئاوڕدانەوە لە هەڵوێستی شەهیدان، بێ هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستی شەهیدان، ناتوانین هەنگاوێک بنێین، ناتوانین سیاسەتدا بکەین، ئەوان هێڵی ئێمە، هێڵی تێکۆشانمان پێناسە دەکەن، چونکە ئەوان لە پێناو دۆزێکدا شەهید بوون، بۆ ئەو ئامانجە شەهید بوون، بۆیە هەرچی پێویست بێت بۆ سەرخستنی ئەو دۆزە دەیکەین. ڕووداوی شێخ مەقسوود هێرشێکی ئاسایی نییە بۆ سەر شارێک، لە ڕاستیدا پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی هەیە، لە ٤ـی کانوونی دووەم بۆ کۆبوونەوەیەک چوونە دیمەشق، خەریک بوو ڕێککەوتن بکرێت، ڕوانگەی ڕێبەرێتیش لەسەر ڕۆژئاوا هەبوو، ڕێککەوتنێک کرابوو، لێدوانێک دەدرا، وەزیری دەرەوەی سووریا دەستوەردان دەکات، دەڵێت ‘با لێدوان نەدەین، دەتوانین دواتر کۆببینەوە’.
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند، کراوەن بۆ ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ هەر پاڵاوگەیەک لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، هاوکات جەخت لە سەرکەوتنی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە. عەلی نزار ئەلشاتری، بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ ئاشکرای کرد، کۆمپانیاکەیان سیاسەتێکی نەرم پەیڕەو دەکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ کڕیارە باوەڕپێکراوەکان، بەتایبەت لە پرسی بەبازاڕکردنی نەوتی خاودا. بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاماژەی بەوەشدا، ئامادەن گرێبەست لەگەڵ خاوەن پاڵاوگەکان لە هەر شوێنێک بن واژۆ بکەن، بەمەرجێک دوو ئامانجی سەرەکییان بۆ بەدی بێت: فرۆشتنی تەواوی ئەو بڕە نەوتەی بۆ هەناردەکردن بەردەستە. بەدەستهێنانی بەرزترین بڕی داهات. سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڕێوبەرەکەی سۆمۆ، رێککەوتنە مێژووییەکەی نێوانیان بۆ بەبازاڕکردنی نەوتی هەرێم بە "سەرکەوتوو" وەسف کرد و رایگەیاند، کارکردن بەو رێککەوتنە تا کۆتایی مانگی ئاداری ئەمساڵ درێژ کراوەتەوە. جەختیشی کردەوە، هەموو لایەنەکان کار بۆ ئەوە دەکەن رێککەوتنەکە نوێ بکرێتەوە و درێژە بە سەرکەوتنەکان بدەن. هاوکات رۆژی یەکشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2026، کۆمپانیای سۆمۆ، ئاماری فەرمیی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاوکردەوە، کە زیاتر لە 107 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە، لەو بڕەش 5 ملیۆن و 997 هەزار و 527 بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە کراوە. هەروەها داهاتەکەشی 6 ملیار و 388 ملیۆن و 429 هەزار و 610 دۆلار بووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی بۆ دۆخی کەشوهەوای ٤٨ کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە بەردەوامی بارانبارین و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما کراوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2026، بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێم بە گشتیی بە هەوری تەواو دەمێنێتەوە. ئەگەری بارینی نمەبارانی پچڕپچڕ لە چەند ناوچەیەک هەیە، بەڵام لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم (ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین، پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، و ئیدارەی گەرمیان) بارانەکە کاریگەرتر دەبێت و بە شێوەی نمەباران و بارانی مامناوەند تا کاتەکانی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هاوکات لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان کەمێک بەفر دەبارێت و لە کاتەکانی شەودا تەمێکی چڕ زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە. پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ 3 تا 3 پلە نزم دەبنەوە و خێرایی با لەنێوان 10- 20کم/ک دەبێت. مەودای بینین بەهۆی تەمەوە لە هەندێک ناوچە بۆ 1-2کم کەم دەبێتەوە. سبەی هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، بۆ سبەی هەینی، کەشناسی پێشبینی دەکات لە کاتەکانی بەیانیدا تەم دروست ببێت و ئاسمان لە نیمچە هەورەوە بگۆڕێت بۆ هەوری تەواو. شەپۆلێکی نوێی بارانبارین سەرەتا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکووری هەرێم دەست پێدەکات و دوای نیوەڕۆ زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە. لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش بەفربارین بەردەوام دەبێت. پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ کەمێک بەرز دەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ 48کاتژمێری داهاتوو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: ئەمڕۆ 12 سبەی 14 سلێمانی: ئەمڕۆ 8 سبەی 10 دهۆک: ١ئەمڕۆ 12 سبەی 13 هەڵەبجە: ئەمڕۆ 8 سبەی 8 کەرکووک: (تۆمار نەکراوە) زاخۆ: ئەمڕۆ 12 سبەی 14 سۆران: ئەمڕۆ 5 سبەی 6 حاجی ئۆمەران:ئەمڕۆ 3 سبەی 3 چەمچەماڵ: ئەمڕۆ 10سبەی 12 ئاکرێ: ١ئەمڕۆ 10سبەی 10 پیرمام: ئەمڕۆ 8 سبەی 9 کەشناسی داوا لە شۆفێران دەکات لە کاتی دروستبوونی تەم و کەمبوونەوەی مەودای بینین، وریایی زیاتر بگرنە بەر.
تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەرانی مەدەنی لە عێراق دابەش نەکراوە، بەڵام دوو پەرلەمانتار دڵنیایی دەدەن رێکارەکان تەواو بوون و "ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات." شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 29-01-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەدواداچوونی وردمان بۆ پرسی دواکەوتنی مووچە کردووە؛ بڕیارە ئەمڕۆ دەست بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بکرێت." هاوکات عودەی عەواد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی عەسائیب ئەهلی حەق رایگەیاند: "رێکارەکانی پارەدارکردنی مووچە ئەمڕۆ تەواو دەبن و لە رێگەی بانکەکانەوە دەست بە خەرجکردنی مووچەی وەزارەت و دەستەکان دەکرێت." پێشتر رۆژانی 18ـی هەموو مانگێک رێکارەکانی دابەشکردنی مووچە دەستیپێدەکرد، بەڵام چەند مانگێکە ئەو وادەیە دوادەکەوێت. شێروان دووبەردانی سێ هۆکاری سەرەکی بۆ دواکەوتنی مووچەی ئەم مانگە بۆ رووداو خستەڕوو. یەکەم: بڕیارە نوێیەکانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی هەندێک خەرجی و دەستکاریکردنی دەرماڵەی بەشێک لە فەرمانبەران (وەکو هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و خزمەتی زانکۆیی)، ئەمەش وایکردووە ئامادەکردنی لیستەکان کاتی زیاتری بوێت. دووەم: کێشەی نەختینە و بوونی گرفت لە دابینکردنی پارەی کاش (دینار). سێیەم: دواکەوتنی گەیشتنی دۆلار؛ دۆلاری فرۆشی نەوتی عێراق مانگانە بە دوو کاروان لە ئەمریکاوە دەگاتە بەغدا. کاروانی یەکەم گەیشتووە، بەڵام کاروانی دووەم بۆ ئەم مانگە دواکەوتووە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر پرۆسەکە هەبووە.
فەرهاد شامی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قەسەدە ڕایگەیاند، گەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان شکستیان هێنا ئەوا یەک هەنگاو پاشەکشە ناکەین و لە ئەگەری هەر هێرشێکی تر بەرەنگار دەبینەوە و پێشڕەوی دەکەین، داوا لە گەلیش دەکات لە گۆڕەپانەکاندا بمێننەوە و هەڵوێستەکانیان ڕێڕەوی ئەم قۆناغە دەگۆڕێت. لە بەشدارییەکی لە گەشتی هەواڵەکانی ڕۆناهی تیڤی، فەرهاد شامی، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە)، دواین پێشهاتەکان دەخاتەڕوو. فەرهاد شامی سەبارەت بە پشتیوانییەکانی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات ڕایگەیاند، هەڵوێستی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا و کوردستان و ئەورووپا ڕێڕەوی ئەم قۆناغە و ئەم سیاسەتانە دەگۆڕێت و ڕێگەمان پێدەدات بە سەلامەتی بەرەو قۆناغی داهاتوو هەنگاو بنێین، داوایان لێ دەکەین کە لە گۆڕەپانەکاندا بمێننەوە و پشتیوانی لە بەرخۆدانمان بکەن. ئاماژەی بە دانووستانەکان کرد و وتی: دانووستانەکانی دیمەشق لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدایە، بەمزووانە ئەنجامەکانی بۆ گەلەکەمان ڕادەگەیەنین، ئەگەر دیپلۆماسی شکستی هێنا، یەک هەنگاو پاشەکشە ناکەین. وتیشی: ئەگەر دوژمن جارێکی تر هێرش بکاتەوە، بەرەنگاریان دەبینەوە و هەنگاوی بەرچاو بۆ پێشەوە دەنێین. فەرهاد شامی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتیشی: ئەم تێکۆشانە بە دەگاتە لوتکەی سەرکەوتن و گەلەکەمان دەبێت باوەڕی بەو شتە هەبێت و بانگەوازیی لە گەلەکەمان دەکەین کە نەبنە یاریپێکەری دەستی دوژمن و میدیاکانی و سیاسەتەکانیان.
دیمەنی ڤیدیۆیی منداڵێکی دوو ساڵان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە، کە تێیدا دەردەکەوێت مەمەوشکەیەک لە دەمیدایە و ئاڵای کوردستانی لەخۆی ئاڵاندووە و بە گرجوگۆڵی بەشداری لە خۆپیشاندانێکی سلێمانی دەکات بۆ پشتگیری کورد لە سوریا. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک سیمبولی خۆڕاگری کورد باسدەکرێت. منداڵەکە ناوی مورید گۆرانە و تەمەنی دوو ساڵ و سێ مانگە. ڤیدیۆکەی لە دوێنێوە بە فراوانی بڵاوبووەتەوە، کە لەناو خۆپیشاندانێکی فراوانی دەیان هەزار کەسی دەردەکەوێت کە لە سلێمانی بە دروشمی "یەکە یەکە یەکە، گەلی کورد یەکە" ڕێکخرابوو. ئەوەی بووەتە جێگەی سەرنج لای خەڵکی کورد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە ڤیدیۆکەدا مورید دەردەکەوێت کە زۆر بە جۆشوخرۆشەوە لە سوچێکی شوێنی خۆپیشاندانەکە بە تەنیا ملی ڕێگەی گرتووە. دایکی منداڵەکە لەو بارەوە بە کەناڵ هەشتی ڕاگەیاند، "زۆر تایبەت بوو ئەو ڕۆژە، هیچ گوزارشتێکی لێ ناکرێت، چونکە مورید هەرگیز جیانەبووەتەوە لێم. بەڵام ئەو ڕۆژە جۆشوخرۆشێکی نیشتمانی وەهای تێدا بوو، نەیدەهێشت بڕۆم لەگەڵی...کە بەو شێوەیە بینیم دڵم پڕ بوو." کەناڵ هەشت لەبارەی خێزانی منداڵەکە دەڵێت، "مورید گۆران لە بنەماڵەیەک گەورە بووە کە مێژوویەکی درێژیان لە خەبات و قوربانیدا هەیە. ئەم بنەماڵەیە چەندین شەهیدیان لەپێناو کوردستان بەخشیوە و لە ئێستاشدا مام و خاڵەکانی مورید وەک پێشمەرگە لە ئەرکدا بەردەوامن. ئەم پاشخانە خێزانییە وەک سەرچاوەی سەرەکیی دروستبوونی ئەو هەستە نیشتمانییەی مورید لەم تەمەنە بچووکەدا ئەژمار دەکرێت." لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک و ئینستەگرام و تیکتۆک و ئێکس هەزاران بەکارهێنەری کورد دیمەنی 'خۆپیشاندانەکەی' موریدیان داناوە و بووەتە 'ترێندێکی' فراوان. بەردەوامی ئاڵۆزییەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بووەتە هۆی درێژکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی مەدەنی، لە نێوانیاندا منداڵان. بە گوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکان، تەنها لە شاری گەمارۆدراوی کۆبانی بە لایەنی کەمەوە 5 منداڵی ساوا بەهۆی نەبوونی پێداویستییەکانەوە لەم وەزەی سەرمایەدا گیانیان لەدەستداوە.
شەوی رابردوو، وەفدێکی باڵای هەسەدە بەسەرۆکایەتی مەزڵوم عەبدی گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سوریا کۆبوویەوە. سەرچاوەیەکی باڵای ئیدارەی خۆسەر کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: وەفدی دیمەشق و هەسەدە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی ئەو هێزانەی ئیدارەی خۆسەر کە شارە کوردییەکان دەپارێزن، بخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆی سوریا. سەرچاوەکە دەڵێت: بەپێی رێککەوتنەکە هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا تێکەڵ دەکرێن. هەرچەندە سەرچاوەکەی ئیدارەی خۆسەر زانیاری زیاتری نەدرکاند، بەڵام کورد پێیوایە دروستکردنی هێزی سوریا و یەکخستنی ئەو هەموو گروپە لەچوارچێوەی سوپایەکی یەکگرتوودا ئەستەم و قورسە. بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان وا لە دۆخەکە دەڕوانن، هێزە چەکدارەکانی سوریا تێکەڵەن لە هێزی توندڕەو، هێزی سەر بە تورکیا و هێزی سەر بە دیمەشق، هەروەها خێڵە عەرەبییەکانیش پڕ چەککراون و نزیکن لە سعودیەوە. بوونی ئەو هەموو هێزە ئەجێندا جیاوازە وایکردووە، هەسەدە پێکهێنانی سوپای سوریا و تێکەڵکردنی ئەو هەموو هێزە بەئەستەم دابنێت، بۆیە دوورتر لەمەسەلەی تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپا دەڕوانێت.
هونەرمەند ژاڵە سنەیی، دەڵێت: گەڕانەوەمان لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ کوردستان، تەنها بۆ پشتیوانییە لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا، دەشڵێت: دەمانەوێت بچینە ناو گەل و میدیاکان بە سەر بکەینەوە، ورە بە گەلەکەمان بدەیین و بە ڕۆژئاوا بڵێین هەموومان لە گەڵتانیین. لە چوارچێوەی پشتیوانییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، کە لەلایەن گرووپە چەتەکانی جۆلانی و داعش و دەوڵەتی تورکەوە پەلامار دەدرێن، بەشێک لە هونەرمەندان لە وڵاتانی تاراوگەوە گەڕانەوە بۆ باشووری کوردستان و شان بە شانی گەل بەشداری چالاکییەکان دەکەن، لەو چوارچێوەیەشدا هونەرمەند ژاڵە سنەیی کە یەکێکە لەو هونەرمەندانە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت. هونەرمەند ژاڵە سنەیی دەڵێت: گەڕانەوەمان لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ کوردستان، تەنها بۆ پاڵپشتییە، بۆ بەرخودانی ڕۆژئاوای کوردستان، دەمانەوێت بڵێن: کە گەلی کورد ٧٠ ملیۆنە و داگیرکەران ناتوانن بیتوێنەوە. دەشڵێت: دەوڵەتی تورک هەمیشە لە هەوڵدابووە، بۆ ئەوەی نەهێڵێت کورد بگاتە چارەسەری، دەیانەوێت پەیمانی لۆزان دووبارە بکەنەوە، لێرە بەدواوە دەبێت کورد سیاسەتمەردارەکانی ژیرانە هەڵسوکەوت بکەن و لە قازانجی گەلی کوردا مامەڵە بکەن و پێش بەم کوشتارییەی سەر گەلەکەمان بگرن. ژاڵە سنەیی لە بەردەوامی قسەکانیدا دەڵێت: لەم ماوەیەی کە گەڕاوینەوتەوە دەمانەوێت میدیاکان و گەلەکەمان بەسەر بکەینەوە و بەشداری خۆپیشاندانەکان ببین، ورە بە گەلەکەمان بدەین و بە ڕۆژئاوا بڵێین هەموومان لە گەڵتانیین.
تەرمی ئەو شەڕڤانانەی لە بەرخۆدانی دژ بە هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورک، هەتەشە و داعش شەهید ببوون، لە گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان لە شاری قامیشلۆ بەخاک سپێردران. گیانبەخشانی بەرخۆدانی دژ بە هێرشی چەتەکانی دیمەشق، هەریەک لە فەرماندەی یەپەژە سیدار عەفرین (لەیلا حەمۆ)، شەڕڤانانی یەپەژە ڤیان جودی (سارا حەسەن)، ستێرک ڕۆژهات (نەسرین خەلیل)، ڕەوشەن زانا عەفرین (ڕەوشەن ئیبراهیم)، شەڕڤانانی قەسەدە دڵشێر قامیشلۆ (ئیبراهیم محەمەد)، کارکەر قامیشلۆ (حەسەن مەلا حەسەن)، ڕۆژهات قامیشلۆ (میتان حوسێن)، چیاگەر ئارمانج (یەزەن محەمەد)، دیار قامیشلۆ (جوان سوهبی)، شێرەوان شێراوا (حەسەن عەلی) و ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ محەمەد کامیل میۆ، لەلایەن هەزاران کەس لە دانیشتووانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە لە گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان لە شاری قامیشلۆ بەخاک سپێردران. گەلی کورد تەرمی شەهیدان ڕۆژهات قامیشلۆ، دڵشێر قامیشلۆ، ستێرک ڕۆژهات، شێرەوان شێراوا، دیار قامیشلۆ و سیدار عەفرینیان لە بەردەم بینای ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان وەرگرت و بەرەو گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان بردیان. بۆ شەهیدەکانی تریش مەراسیمێکی غیابی ڕێکخرا. کاروانی تەرمەکان کاتێک گەیشتە گۆڕستانەکە، بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا"، "بژی بەرخۆدانی یەپەژە و یەپەگە"، "بژی یەکێتیی گەلی کورد" و "شەهید نامرن"، هەروەها بە هەلهەلەی دایکان و هەڵدانی برینج بەسەر تەرمەکاندا، پێشوازی لێکرا و مەراسیمەکە دەستی پێکرد. مەراسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگی دەستی پێکرد. پاشان ئەندامی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان، شێرۆ شەرۆ قسەی کرد و یادی تەواوی شەهیدانی ئازادی کردەوە و گوتی: "ئێمە سەری ڕێز بۆ مەزنیی ئەم شەهیدانە دادەنەوێنین. ئێمە لە ڕۆژانێکی مێژووییدا دەژین. مێژوو پاڵەوانێتیی ئەم شۆڕشگێڕانە دەنووسێتەوە کە لەپێناو ئازادی و شکۆمەندیی گەلەکەیان شەهید بوون." یەکێک لە فەرماندەکانی یەپەژە و ئەندامی فەرماندەیی گشتیی قەسەدە، ڕۆهلات عەفرینیش لە مەراسیمەکەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند کە "پلانێک لە دژی وڵات و دەستکەوتەکانی هەیە، ئەم پلانە قڕکردنی گەلی ئێمەیە." ڕۆهلات عەفرین لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئێمە لاواز نین. ١٣ ساڵە تێدەکۆشین. لە سەرەتای دامەزراندنی یەپەژەوە بەڵێنمان دابوو کە گەلی خۆمان بەجێ نەهێڵین و پشتیوانی گەلی خۆمان بین. بەڵێنمان داوە باج و قوربانی هەرچییەک بێت، ئێمە ئەم خاکە دەپارێزین." ڕۆهلات عەفرین لە بەردەوامیی قسەکانیدا باسی لە کەسایەتیی فەرماندە سیدار عەفرین کرد و گوتی: "لە دوا قسەیدا گوتبووی ئێمە ئەم گەلە بەجێ ناهێڵین. مردن یەک جارە، ئێمە بە شکۆمەندییەوە پێشوازی لە مردن دەکەین." فەرماندە ڕۆهلات عەفرین جارێکی تر بەڵێنی پاراستنی گەلی دا و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "پێویستە گەلی کورد خۆی ڕێکبخات و یەکگرتوویی خۆی بەهێز بکات. ئێمە دەستبەرداری ئەم خاکە نابین. ئەم خاکە ئاوەدان کراوەتەوە تاوەکو هی گەلەکەی بمێنێتەوە. لێرە شوێنی داگیرکەران نابێتەوە." دوای وتارەکان، بەڵگەنامەی شەهیدان خوێندریەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کران. پاشان شەڕڤانان تەرمی هاوڕێ شەهیدەکانیان خستە سەر شانیان و بە وتنەوەی دروشمەوە بەخاکیان سپاردن.
وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمی كوردستان فەرمانی بە كۆمپانیاكانی پەخش كرد، پەخشی كەناڵە بیانی و عەرەبییەكان لە ڕایەڵەكانیان ڕابگرن. بەتایبەت ئەو كەناڵانەی كە "لە باری ئێستای كوردستاندا بوونەتە هۆكاری پشێوی و تێكدانی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و بێڕێزیكردن بەرانبەر بە نەتەوەی كورد". لەو چوارچێوەیەدا و یەكەم هەنگاو، پەخشى هەردوو كەناڵی جەزیرەی قەتەری و عەرەبیەی سعودی كە ڕۆڵێكی خراپ لە شەڕ و پێشهاتەكانی سووریا دژی كورد دەبینن، لە هەرێمی كوردستان ڕاگیرا. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، بۆ ئەم بڕیارەی پشتی بە "خاڵەكانی (1، 3، 9) لە بڕگەی 3ـی ماددەی 3ـی ڕێنماییی ژمارە 1ـی ساڵی 2014 (تایبەت بە ڕێكخستنی فریكوێنسی سپەیس لە هەرێمی كوردستان) بەستووە. بەڕێوەبەرایەتییەكە ئاماژە بەوەش دەكات كە "پەخشكردنی ئەو كەناڵانە، پێچەوانەی ماددەی ئاماژەپێكراوی سەرەوەیە، هەروەها پێچەوانەی ماددەی دووە لە هەمان ڕێنمایی، كە تایبەتە بە مۆڵەتدان و دابینكردنی فریكوێنسی، بۆیە پێویستە تەنیا بۆ پەخشی كەناڵە ناوخۆییەكان بێت".
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رایگەیاندوە، بە گوێرەی زانیارییەکانیان لە کۆبونەوەکەی دوێنیی دیمەشقدا، کەشێکی ئەرێنی دروستبووە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 18 ی ئەم مانگە، جەختیش دەکاتەوە ئەو زانیاریانە راست نین کە دەڵێن هێزی ئاسایشی سەر بە دیمەشق دێنە ناو شارەکانەوە. ئەمرۆ چوارشەممە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، زانیاری تایبەتیان بەدەستگەیشتوە، سەبارەت بە بەڕێوەچونی کۆبونەوەکەی دوێنێ دیمەشق لە نێوان هەسەدە و دەسەڵاتدارانی سوریا، کە تێیدا شاندێکی ئیدارەی خۆسەر بە سەرۆکایەتی مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە ئامادەی بوون. بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، کۆبونەوەکە بە کەشێکی تەواو ئەرێنی کۆتایی هاتووە و هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی روون لەسەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی لە 18ی ئەم مانگەدا ئیمزا کرابوون، بە جۆرێک کە لە قۆناغی داهاتوودا هەنگاوی کرداری لەسەر زەوی بنرێت. سەبارەت بە رەوشی ئەمنی و بڵاوبونەوەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکومەت بۆ ناو شارەکان دەکەن، روانگەی سوریا رەتیکردوەتەوە و جەختیکردوەتەوە ئەو دەنگۆیانە دورن لە راستیەوە و بە گوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆی سوریادا یەکبخرێن، بە مەرجێک رەچاوی پێکهاتەی ئێستا و ئەندامێتی ئەندامانی ناوخۆیی خۆیان بکرێت و هەر ئەوانیش قەوارەی بەرپرسیار بن لە پاراستنی ناو شارەکان. ئەمە لە کاتێکدایە، بەردەوام گروپە چەکدارەکانی سوریا ناو بەنا و هێرش دەکەنە سەر ناوچە کوردییەکان و کۆبونەوەکەی دوێنێ دیمەشقیش، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ رێکخستنی بابەتە ئەمنی و کارگێڕییەکان و ئامادەکردنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئیمزاکراوەکان، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
ژنە سیاسەتمەداری کورد گوڵتان کشاناک ڕایگەیاند، هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا تەنها لە دژی بوونی گەلی کورد نیی، هاوکات ئامانجە بۆ لەناوبردنی ژیانی هاوبەشی گەلان و گوتی: "ئەم هێرشانە بۆ گەلی کورد بابەتی مان و نەمانە." کشاناک ڕایگەیاند، ئەم هێرشانە ئەو مۆدێلی ژیانە هاوبەشە دیموکراتیک، فرەناسنامە و ئازادیخوازە دەکاتە ئامانج کە لە ڕۆژئاوا هاتووەتە بوون. گوتیشی ئەم مۆدێلە نەک تەنها بۆ کورد، بۆ هەموو گەلانی سووریا هیوا و ئەلتەرناتیڤێک بنیاتدەنێت. 'دیمەشق درێژکراوەی زیهنییەتی داعشە' کشاناک ئاماژەی بەوە کرد کە دووبارە زیهنییەتی داعش هاتووەتەوە گۆڕێی و تاوانەکانی شەڕ ئەنجامدەدات و گوتی: "لە ئێستادا ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی توندڕەو لەژێر ناوی دەسەڵاتی دیمەشق هەڵسوکەوت دەکات. کە هەڵگری زیهنییەتی داعشە." 'دووبارەبوونەوەی کارەساتی شەنگالە' کشاناک ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانە نوێ نین و گوتی: "ئێمە ئەم تاوانانەی جەنگ بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەزانین. ئەمە هاوشێوە و درێژکراوەی هێرشکردنە سەر شەنگالە لە ساڵی ٢٠١٤. لەم زیهنییەتەدا هیچ شێوەیەک دان بە هەبوونی ژندان نانرێت و ژن تەنها دەکرێتە کۆیلە." 'پەرە بە تێکۆشانی هاوبەشی ژنان دەدەین' لە بارەی تێکۆشانی ژنانەوە کشاناک ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ژنان لە ڕێی ڕێکخراوکردنی خۆیانەوە هەڵوێستێکی بەهێزتر بگرنە بەر و گوتی: "پێویستە بانگەواز بۆ جوڵانەوەی ژنان لە جیهان بکرێت و تێکۆشانێکی هاوبەشیان لەگەڵدا ئەنجام بدرێت. ئێمە هەوڵدەدەین ئەمە بکەین، پێویستە بیکەین؛ باشتری دەکەین و پێویستە ئەم هێرشانە ڕابگرین." 'پێویستە گوشار لە تورکیا بکەین بۆ کردنەوەی دەروازەکان' گوڵتان کشاناک کۆتایی قسەکانی بە سەرنج خستنەسەر هێرشکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی و گوتی: "لە ئێستادا لە ڕۆژئاوا کارەساتێکی مرۆیی زۆر گەورە ڕوودەدات. گەمارۆ هەیە، سەرەکیترین پێداویستییەکان دابین ناکرێن. شەپۆڵێکی گەورەی کۆچبەری جارێکی تر ڕوودەدات. بەم زستانە کۆچبەرەکان لە دۆخێکی زۆر زەحمەتدا دەژین. منداڵان لە سەرمادا گیان لەدەستدەدەن. هەربۆیە پێویستە هەموومان دەستبەجێ پشتیوانییەکی گەورەی ڕێکخراو بکەین و پێویستە وەکو داخوازییەکی کۆمەڵایەتی داوا لە تورکیا بکرێت کە دەروازە سنوورییەکان بکاتەوە. پێویستە گەمارۆی ئەوێ بشکێنرێت و تراژیدیای مرۆیی ڕێگری لێ بکرێت."
