بەرپرسێکی باڵای کورد لە عێراق کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی (ئەلمۆنیتەر)ی ڕاگەیاندووە: "تووشی شۆک بووین لە بێباکیی سوودانی، کە داوای ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆر کرد، بێنە بەرچاوەکانت دۆخمان چۆن دەبوو، ئەگەر ئەو بە ئامانجەکەی خۆی بگەیشتایە." مشتومڕەکانی نێوان محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان تووندتر بوونەوە، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو بەغدا لیژنەیەکی وەزاریی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە مووشەکییەی 26ی تشرینی دووەم کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەهۆیەوە کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بڕا. سوودانی فەرمانی بە کۆمپانیای دانەگاز کردووە، کە لە کۆرمۆر کار دەکات، تاوەکو لیژنەی لێکۆڵینەوە کارەکانی تەواو دەکات بەرهەمهێنانی گازی سروشتی ڕابگرێت. بە گوتەی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ ئەلمۆنیتەر کردووە، ئەم هەنگاوە کوردستان لە تاریکیدا دەهێڵێتەوە، ژێرخان پەکدەخات و دەبێتە هۆی سەختی و ناڕەحەتی بۆ هاووڵاتییان. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە سوودانی هیچ پاساوێکی بۆ ئەمە نەخستووەتە ڕوو. سوودانی 72 کاتژمێری بۆ لیژنەکە دانابوو بۆ ئەوەی ئەنجامەکانیان بڵاو بکەنەوە، بەڵام وادەکە بەسەرچووە بەبێ ئەوەی هیچ هەواڵێک دەربارەی ئەنجامەکان هەبێت. سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەیەکی درێژە لەگەڵ بەغدا لە ململانێدایە لەسەر پشکی داهاتی نەوت و بودجەی فیدراڵی، لەگەڵ ئەمەشدا بە تووندی ڕەتیکردەوە کە بەرهەمهێنانی گاز بۆ نزیکەی شەش ملیۆن دانیشتووی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردبێتەوە. هەروەها ئێستا بەراورد بە پێشوو، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا لە هەموو کاتێک ئاڵۆزترە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی خستووەتە سەر ئەو گفتوگۆ سیاسییە گەرمانەی ئێستا لە بەغدا هەن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. ئەلمۆنیتەر ئاماژەی بە سەرکەوتنە گەورەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق داوە، کە وەک بەهێزترین پارتی سیاسیی پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگی مسۆگەر کردووە، بەمەش لە ئاستی هەموو حزبەکانی عێراق، هێزێکی گەورەی دانووستاندنی پێدەبەخشێت لە دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق. هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت و پێکهاتووە لە پارتە تاکەکەسییەکان و بە (چوارچێوەی هەماهەنگی) ناسراوە، زۆرترین ژمارەی کورسییەکانی بەدەستهێنا کە 46 کورسییە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بە تەنیا 27 کورسی بەدەستهێناوە. سەرەڕای خواستی سوودانی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی حکوومەت بۆ خولی دووەم، کەم کەس باوەڕیان وایە بتوانێت پارێزگاری لەم پێگەیەی بکات، بەتایبەتی بەبێ پشتیوانیی کورد. کۆرمۆر، کە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە گازییەکانی هەرێمی کوردستان، سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم دابین دەکات. ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی 2025، دانە گازی ئیماراتی، کە شانبەشانی نەوتی هیلال (Crescent Petroleum) کێڵگەکە بەڕێوەدەبەن، ڕایگەیاند، مووشەکێک بەر کۆگای گازی کێڵگەکە کەوتووە، کە بووەتە هۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی و پچڕانێکی فراوانی کارەبای نیشتمانی هەرێمی کوردستان. هیچ گرووپێک دەستبەجێ بەرپرسیارییەتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرت، هەرچەندە کۆدەنگییەکی بەرفراوان هەیە کە هێرشەکە لەلایەن یەکێک لە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدرابێت، کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت پلانی هێرشی هاوشێوەیان بۆ سەر دامەزراوە وزەییەکانی هەرێم داڕشتبێت و لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە پارەدار بکرێن. هێرشەکەی سەر کۆرمۆر بە گەورەترین دەستدرێژی دادەنرێت لە دوای زنجیرەیەک هێرشی درۆنی لە مانگی تەممووزدا بۆ سەر پێنج کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان بە بڕی 220 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و دابەزینی بەرهەمهێنانی گشتی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 70%. بەرپرسە باڵاکەی کورد بە ئەلمۆنیتەری گوتووە: "تووشی شۆک بووین لە بێباکیی سوودانی، بێنە بەرچاوەکانت و بیر لەوە بکەرەوە ئاخۆ دۆخمان چۆن دەبوو ئەگەر ئەو ئامانجەی بهاتایەتەدی." پێگە هەواڵییەکە ئاماژەشی دا کە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سوودانی وەڵامی داواکاریی ئەلمۆنیتەری بۆ لێدوان نەداوەتەوە. ئیدارەی ئەمەریکا لە ڕێگەی (مارک ساڤایا)، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق، ڕوونیکردووەتەوە کە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتێکی نوێ ناکات کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی بریکارەکانی ئێراندا بێت. ساڤایا، کە نزیکە لە دۆناڵد ترەمپ و بە ڕەچەڵەک عێراقییە، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس هێرشی کردە سەر ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر و گوتی: "پێویستە حکوومەتی عێراق بەرپرسانی ئەم پەلامارە دەستنیشان بکات و ڕووبەڕووی دادگایان بکاتەوە. با ئەوە ڕوون بێت: لە عێراقێکی خاوەن سەروەریی تەواودا هیچ شوێنێک بۆ گرووپی چەکداریی لەو شێوەیە نییە."
دوای ئەوەی خەڵكی گوندی لاجان گوندەكەیان چۆڵكرد و لە دەرەوەی گوندەكە مانەوە، لە ئێستادا گەڕاونەتەوە بۆ گوندەكەیان، داواى ئەوەش دەکەن تەواوی هێزە ئەمنییەكان لەنزیک گوندەکەیان بکشێنەوە و سەرجەم دەستگیركراوەكانیان ئازادبكرێت، دوای چەند رۆژێک ئاڵۆزی لە گوندی لاجان لە سنووری پارێزگای هەولێر، پارێزگاری هەولێر دەڵێت: "دۆخەکە تەواو ئاسایی بووەتەوە". لە بەردەوامیی ئاڵۆزییەکانی گوندی لاجاندا، دوێنێ بەشێک لە دانیشتووانی گوندەکە ماڵەکانیان چۆڵکرد و بەهۆیەوە ئاڵۆزییەکان زیاتر بوون. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دۆخی لاجان ئاسایی بووەتەوە و خەڵک هەمووی گەڕاوەتەوە ماڵی خۆی". پارێزگاری هەولێر گوتی، "هیچ پشێوییەک نەماوە، ئێستا خەڵک لە گوندی لاجان و دەوروبەری سەرقاڵی بەڕێکردنی ژیانی ئاسایی خۆیانن". ئومێد خۆشناو شەوی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لیژنەیەک پێکهێنراوە سەرجەم ئەو چەکانەی لە گوندی لاجاندان "جەرد" دەکرێن و چەک لە خەڵک وەرناگرنەوە. هاوکات خورشید هەرکی، خورشید هەرکی، کەسایەتیی دیاری هەرکی ڕایدەگەیەنێت کێشەی گوندی لاجان چارەسەرکراوە و خەڵک گەڕاونەتەوە. نیوەڕۆی رۆژی 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەشێک لە دانیشتووانی گوندی لاجان گوندەکەیان چۆڵکرد، خورشید هەرکی گوتی، "دەنگۆیەکی وا لەنێو خەڵکدا دروستکرابوو، کە خەڵک دەگیرێن و چەکدەکرێن و دەنگۆی دروستبوونی ئاژاوە وایکرد خەڵک گوندی لاجان چۆڵبکەن." لە گرژییەکانی چەند رۆژی رابردووی گوندی لاجاندا، کەسێک گیانی لەدەستدا کە بە گوتەی کەسوکارەکەی "شۆفێری بارهەڵگر بووە و بە گوـلەی وێڵ شەهید بووە".
پارێزگاری هەولێر بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە دەنگۆکان و دڵنیاییدان بە هاووڵاتییان گەیشتە گوندی لاجان و لە پەیامێکی تونددا پەردەی لەسەر پیلانێکی دەرەکی و میدیایی هەڵمای. ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: دروستکردنی ئاژاوە لە گوندی لاجان، هەوڵێکی نەزۆکی نەیارانە بۆ لەبیربردنەوەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر و کەمکردنەوەی شانازیی سەرکەوتنەکانی پارتی، بەڵام عەشیرەتی هەرکی و هێزە ئەمنییەکان بە یەکەوە ئەو پیلانە لەبار دەبەن. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە میانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناو گوندی لاجان، داوای لە دانیشتووانی گوندەکە کرد کە بەبێ ترس بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ناوبراو هەموو ئەو پروپاگەندانەی ڕەتکردەوە کە باس لە ئازاردانی خەڵک دەکەن و ڕوونی کردەوە کە هاتنی هێزە ئەمنییەکان تەنها بۆ پاراستنی سەروماڵی خەڵکی لاجان و ڕێگریکردنە لەو دەستە دەرەکییانەی دەیانەوێت ئارامیی ناوچەکە تێک بدەن، نەک بۆ لێدان لە خەڵکی کاسبکار و نیشتمانپەروەر. لە بەشێکی گرنگی لێدوانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر هێرشی توندی کردە سەر بەشێک لە دەزگا میدیاییەکان و ئاشکرای کرد کە ئامانجی ئەو میدیایانە لە گەورەکردنی کێشەی لاجان و پێچواندنی بە دۆخی (لالەزار)، تەنیا بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو شەرمەزارییە گەورەیە بووە کە لە هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر تووشیان بووە. خۆشناو جەختی کردەوە، ئەم سیناریۆیانە ناتوانن سەرکەوتنە گەورەکەی پارتی لە هەڵبژاردنەکان لەکەدار بکەن و خەڵکی کوردستان ڕاستییەکان لەبیر ناکەن. سەبارەت بە هەڵوێستی عەشیرەتی هەرکی، ئومێد خۆشناو ستایشی ڕۆڵی مێژوویی ئەو عەشیرەتەی کرد و بە پارێزەرانی سەنگەرەکانی پێشەوەی کوردستان وەسفی کردن، ئەو ڕوونی کردەوە، چەند کەسێکی ئاژاوەگێڕ بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی عەشیرەتێکی گەورەی وەک هەرکی ناکەن، بەڵکو خودی هەرکییەکان لە پێشەوەی حکوومەتن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دەستە تێکدەرانە و خۆیان بە خاوەنی ڕاستەقینەی حکوومەت و وڵات دەزانن. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا: ــ ئەو دەزگا ئیعلامیانەی كە دەڵێن لاجان داگیركراوە بە دڵنیایی حەزدەكەن هەموو كوردستان داگیربكرێت، ئەوانە هەر حەزیان لە سێبەری داگیركارانە. ــ دڵنیایی بە خەڵكی كوردستان دەدەین بەسەر ئەو فیتنەگێڕییەدا سەردەكەوین. ــ دەستی ئەوانە دەبڕدرێت كە دەیانەوێت ئاژاوە لە كوردستان دروست بكەن. ــ هیچ كەسێك لە لاجان دەستگیرناكرێت و ئەو دەنگۆیانە ناڕاستن. ــ تەنها لێپرسینەوە لە خەڵكی ئاژاوەگێڕ دەكرێت لە خەڵكی ئاسایی ناكرێت. ــ پیلانەكە لای ئێمە ئاشكرایەو هی ئەمڕۆ نییە. ــ هەندێك لە دەزگا ئیلامییەكان دەیانەوێت كارە شەرمەزراییەكەی كۆرمۆر بزر بكەن. ــ دەیانەوێت بیشوبهێنن بەو رووداوە ناشرینەی لە لالەزار بووەو ئەوەی پێ پەردەشۆش بكەن، ئەوە مەحاڵە لە بیروەری خەڵكی كوردستان ونبێت. ــ ئەئەوانەی دەیانەوێت كۆرمۆر لەبیرببنەوە، بە گروپی تیرۆرست و لە یاسا دەرچوەكان و بەوانەی كە لە هەرێمی كوردسانیشەوە چاوساغیان بۆ دەكەن دەڵیین، كۆمۆر بە سەرتاندا تێناپەڕێت. ــ هیوادارین وەزارەتی رۆشنبیری بێلایەنانە كاری خۆی بكات و یاسا بەسەر دەزگاكانی راگەیاندن جێبەجێبكات، چونكە بەشێكن لە فینەگێڕییەكە.
ئەو شوێنەی هێرشیکراوەتەسەر بەمەبەست بووە و بێجگە بڕینی کارەبا ئامانجێکی دیکەی لەپشت بووە ئامادەکردنى: هاوڵاتى عێراق دەزانێت بکەری هێرشەکە کێیە و دەریناخات لەدوای هێرشەکەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر زۆر پرسیار دروست بوون لەبارەی هێرشەکەوە، بەڵام گرنگترینیان ئەوەیە چۆن پارێزگاری لە کیڵگەکە بکرێت تا هێرشی دیکەی نەکرێتە سەر. بەگوێرەی روانگەی "ئیکۆ عێراق"، دوو بژاردە هەیە بۆ پاراستنی کێڵگەکە. یەکەمیان بڵاوەپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگەیە بەنێو کیڵگە هەستیارەکانی غاز و نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە تەکنەلۆجیا و چەکی پێشکەوتوو پڕچەک بکرێن تاوەکو توانای پاراستنی کیڵگەکەیان هەبێت. دووەمیان ئەوەیە ئەرکی پاراستنی کیڵگە نەوتی و غازییەکان بدرێت بە کۆمپانیا ئەمنییەکان بەشێوەی گرێبەست و پێشتر حکومەتی عێراق ئەزموونی لەگەڵ ئەم کۆمپانیایانەدا هەبووە. روانگەی ئیکۆ دەڵێت، ئەمە بەرمەرجێکە کە حکومەتی عێراق تێچووی دارایی ئەو کۆمپانیا تایبەتانە لەئەستۆ بگرێت. کیڵگەی غازی کۆرمۆر یەکێکە لە کێڵگە گەورەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژانە 750 ملیۆن پێ سێجا غاز بەرهەمدەهێنێت و بەشێوەیەکی سەرەکی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێم بەرهەمدەهێنێت. پێشتر کێڵگەکە 375 ملیۆن پێ سێجا غازی رۆژانەی بەرهەمدەهێنا، بەڵام ئەو کۆگایەی هێرشی کراوەتەسەر ئامانجی سەرەکی بووە و مەبەستی سەرەکی هێرشەکە بە وردی ئەو کۆگایە بووە. ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، ئەو کۆگایە بەشێکە لە پرۆژەی کەی ئێم 250 کە ئەمساڵ لە کیڵگەکە بەگەڕخراوە. سەرچاوەیەک بە رۆیتەرزی گوتووە، دامەزراوە نوێیەکانی پڕۆژەی کەی ئێم 250 بەشێکی لەلایەن ئەمریکاوە پارەی بۆ دابین کراوە و لەلایەن بەڵێندەرێکی ئەمریکییەوە دروستکراوە. ئامانجی هێرشەکە زۆر دیاریکراوە و بەرژەوەندی ئەمریکا بەئامانجگیراوە. بەناراستەوخۆ میلیشیاکانی عێراق کە سەر بە ئێرانن تۆمتبار دەکرێن بە ئەنجامدانی هێرشەکە، بەڵام رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە راپۆرتێکیدا باس لەوە دەکات ئەو لیژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە چووە کێڵگەکە تائێستا نەگەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی کێ لە پشت هێرشەکەوەیە و تەنها دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەی لیژنەکە ئەوەیە کە بە دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و لە دووزخورماتووەوە هێرشەکە ئەنجامدراوە. کیفاح مەحمود، کە یەکێکە لە راوێژکارەکانی سەرۆک بارزانی دەڵێت، حکومەتی عێراق و هەواڵگریی وڵاتەکە بكەران و ئەو گرووپانە دەناسن هێرش دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا بێدەنگن، ئەنجامی هێرشەکە راناگەیەنن و یەک تاوانبار دەستگیر ناكەن.
راگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی: بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، رێككەوتی 1/12/2025، كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان بەڕێوەچوو. تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەكە بریتیبوون لە، پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و تێڕوانین و ستراتیژی یەكێتی بۆ پێكهێنانی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ. جەخت لەوەكرایەوە، مەهامی یەكێتی بۆ پێكهێنانی هەردوو حكومەت خزمەتكردنی هاوڵاتییان و سەرجەم چین و توێژەكانە بەبێ جیاوازی. کۆبوونەوە جەختی کردەوە، کە یەکێتی دەوری خۆی دەگێڕێ و هێزی کۆمەڵانیی خەڵکی کوردستان دەبێت لەگەڵ هاوپەیمان و لایەنە سیاسیەکانی عیراق بۆ بەدیهێنانی عیراقێکی بەهێز و سەربەخۆ، کە بگات بە ئاستی چاوەڕوانی گەلەکەی و بە پرۆژەیەکی سیاسی و ئابووریی نوێ خزمەت بە کۆمەڵانی خەڵکی عیراق بە هەموو نەتەوە و مەزهەب و پێکهاتەکانییەوە بکات بەبێ جیاوازی. هەر لەكۆبوونەوەكەدا، هەڤاڵی تێكۆشەر و خۆشەویست، دوای 49 ساڵ خەبات و قوربانیدان، هەروەها ئامادەبوونی لەهەموو قۆناغەكانی شاخ و شار، هەڤاڵی تێكۆشەر (شاڵاو شەهید عەلی عەسكەری)، بەویستی خۆی داوای لە هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی كرد، دەستبەرداری پۆستی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ببێت. لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، کە لە دەرەوەی ئۆرگان و بەرپرسیارێتی حزبی داكۆكیكارێكی سەرسەختی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەبێت و لەهەر وێستگەیەكی خەباتیشدا لەپێناو یەكێتی ئامادەیی دەبێت. لەبەرامبەردا، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی خەبات و قوربانیدان و تێكۆشانی خۆی و خانەوادە سەربەرزەكەیانی كرد. هەروەك رۆڵی هەڤاڵ شاڵاوی بەرز نرخاند، لەو دەستپێشخەرییەی بۆ دەستبەرداربوون لەپۆستەكەی كردوویەتی و ووتی، "دەگمەنن ئەو سەرکردانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە ئارەزووی خۆی دەستبەرداری پۆست دەبن، ئەوەی باوە بەرپرسانی ناوچەکە هێندە لە پۆستەکانیان دەمێننەوە، کە خەڵک کارە باشەکانیان لەیاد دەکەن، بۆیە ئەوەی هەڤاڵ شاڵاو ئەمڕۆ کردی نموونەی سەرکردەیەکی سەربەرز و بوێر و نیشتیمان پەروەرە". هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش، رۆڵی هەڤاڵ شاڵاویان بەرز نرخاند، لەبەرامبەر خەبات و تێكۆشانی چەندین ساڵەی رابردووی لەنێو ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لە ڕۆژی جیهانیی ئایدزدا، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە دروشمی "زاڵبوون بەسەر تووشبوون، گۆڕانکارییە لە بەرەنگاربوونەوەی ئایدز،" نوێترین زانیاری و ئاماری بڵاوکردەوە. وەزارەتی تەندروستی جەختی لەسەر گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی بۆ تووشبووانی نەخۆشییەکە کردەوە. هەروەها ڕایگەیاند، ئەم ڕۆژە دەرفەتێکی جیهانییە بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی تووشبوون بەم ڤایرۆسە. کەمکردنەوەکەش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی خۆپارێزییەوە دەبێت. بەپێی دوایین ئاماری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئایدز، لە کۆتایی ساڵی 2024 نزیکەی 40.8 ملیۆن کەس لە جیهاندا هەڵگری ڤایرۆسی HIV بوون. لەو ساڵەدا نزیکەی 1.3 ملیۆن تووشبووی نوێ تۆمار کراون و 630,000 کەسیش بەهۆی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە ئایدزەوە گیانیان لەدەست داوە. سەرەڕای ئەمەش، هەوڵەکان بۆ چارەسەر بەردەوامن و نزیکەی 31.6 ملیۆن تووشبوو دەستیان بە دەرمانی دژەڤایرۆس ڕادەگات. لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی 11 مانگی ڕابردووی ساڵی 2025، وەزارەتی تەندروستی نزیکەی 609,306 پشکنینی تاقیگەیی بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجام داوە. پشکنینەکان بەشێکن لە پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیی ئایدز. پشکنینەکان بۆ کەسانی بیانی، پێش بەخشینی خوێن، پێش هاوسەرگیری، کرێکارانی شوێنە گەشتیارییەکان و چەندان گرووپی دیکە دەکرێن. لە ئەنجامی پشکنینەکاندا، 87 حاڵەتی نوێی تووشبوون دەستنیشان کراوە. 64 حاڵەتیان بیانی و هاووڵاتیی دەرەوەی هەرێمن. 23 حاڵەتی دیکەیان هاووڵاتی و دانیشتووی هەرێمی کوردستانن. هەموو تووشبووانی دانیشتووی هەرێم، کە کۆی گشتییان لە هەموو ساڵەکاندا دەگاتە 150 حاڵەت، لەژێر چاودێریی تەندروستیدان. ئەوان بەردەوام چارەسەر و هۆشیاریی پێویستیان پێ دەدرێت. وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکات خۆویستانە پشکنینی ڤایرۆسی ئایدز ئەنجام بدەن، بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی خۆیان. هەروەها داوای دوورکەوتنەوە لەم ڕەفتارە مەترسیدارانە دەکات: - جووتبوونی سێکسی لە دەرەوەی ژیانی هاوسەری - تاتۆکردن لە شوێنی ناباوەڕپێکراو - بەکارهێنانی دەرزی و سرنجی بەکارهاتوو - بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان وەزارەتەکە ئەوەی خستووەتە ڕوو، هۆشیاری و ناسینی نەخۆشیی ئایدز و ئاشنابوون بە ڕێگاکانی گواستنەوەی، بەهێزترین چەکی خۆپارێزییە. خۆشبەختانە، هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە وڵاتانی جیهان، کەمترین ڕێژەی تووشبوونی هەیە. ئەمەش بۆ پابەندبوون بە بەها کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان و پتەویی بەرنامەکانی خۆپارێزی دەگەڕێتەوە. ئایدز نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی درمە. لە ڕێگەی خوێن، سێکسی ناپارێزراو، لە دایکەوە بۆ کۆرپەلە، یان هەر بەرکەوتنێکی ڕاستەوخۆی خوێن و دەردراوەکانی کەسی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە. ڤایرۆسی HIV هێرش دەکاتە سەر سیستەمی بەرگریی لەش و لاوازی دەکات. ئەمە وا دەکات تووشبوو توانای بەرگریی لە نەخۆشییە درمەکانی تر و شێرپەنجەی نەمێنێت.
بارەگای بارزانی ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە ڕەحیم ڕەشید (مستەر کورد) بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کرد. لەدیدارەکەدا باس لە ڕۆڵ و پێگەی ڕەوەندی کوردستانی و پێویستی تێکۆشانی نەتەوەیی لە دیاسپۆرا کرا، سەرۆك بارزانی ڕۆڵی ڕەوەندی کوردستانی بە گرنگ وەسفکرد لەپێناو پێشخستنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد و پشتیوانی و پاڵپشتی خۆشی بۆ سەرخستنی هەوڵەکانی ڕەوەندی کوردستانی نیشاندا، و ئاماژەی بەوەدا، ئەمە پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانییە بۆ هەموو کوردستانیان. هەر لەو دیدارەدا بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی تیشکی خستە سەر ئەو کار و چاڵاکیانەی کە لەئاستی نێودەوڵەتیدا لە پێناو دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان ئەنجامیانداوە.
ئاسیاسێڵ سیستەمی بەڕێوەبردنی گواستنەوەی داتای کۆمپانیای Enea جێگیر دەکات بۆ بەرەوپێشبردنی ئەزموونی بەشداربووان و باشترکردنی ئاستی کارایی تۆڕەکەی دەوحە، قەتەر، 26ـی تشرینی دووەمی 2025 سیستەمی بەڕێوەبردنی گواستنەوەی داتای کۆمپانیای Enea، ئاستی خێرایی پەیوەندی بەرز دەکاتەوە و ئەزموونی بەشداربووان زیاد دەکات لە ڕێی بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیاوە بۆ ناردنی ناوەڕۆکی ڤیدیۆ بە شێوەیەکی کاراتر، لە هەمانکاتدا شیکاریی ڕاستەوخۆ بە مەبەستی یارمەتیدانی شێوازی پلاندانان بۆ توانای تۆڕ و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان دابین دەکات کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، پێشەنگ لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی پەیوەندییەکان لە عێراق، بە سەرکەوتوویی سیستەمی بەڕێوەبردنی گواستنەوەی داتای کۆمپانیای Eneaـی جێگیر کرد، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی کواڵێتیی ئەزموونی بەشداربووان (QoE) و باشترکردنی ئەدای ناوەڕۆکی ڤیدیۆیی. لەگەڵ گەشەسەندنی خێرای گواستنەوەی داتای ئامێری پەیوەندییەکان، ئاسیاسێڵ، کۆمپانیای Eneaـی هەڵبژارد بۆ ئەوەی کاراییەکی بەرز پێشکەش بە بەشداربووانی بکات و لە هەمانکاتیشدا توانایی پێشکەوتوو لە پۆلێنکردنی گواستنەوەی داتا و زیادکردنی خێراییدا دابین بکات، ئەمەش وا لە ئاسیاسێڵ دەدات کە گواستنەوەی ناوەڕۆکی ڤیدیۆیی زیاتر بە شێوەیەکی کاراتر بخاتە بەردەست بەشداربووانی. حەسەن الشامی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تەکنەلۆژیی ئاسیاسێڵ ڕایگەیاند: "ئامرازەکانی بەڕێوەبردنی گواستنەوەی داتاکانی تۆڕی کۆمپانیای Enea، بە ڕەگەزێکی سەرەکیی دادەنرێن لە بەرەوپێشبردنی ئاستی دەستڕاگەیشتن بە داتاکان بە شێوەیەکی خێرا و متمانەپێکراو. ئەم کارامەییە بێ هاوتایە لە بوارەکەدا توانایەکی زیاترمان پێدەبەخشێت بۆ پێشکەشکردنی کۆمەڵێک پلانی داتایی داهێنەرانە بە بەشداربووانمان لە تاکە کەس و کۆمپانیاکان، لە هەمانکاتیشدا بەڕێوەبردنی گواستنەوەی داتا ڤیدیۆییەکان بە شێوەیەکی زیرەکانە بۆ باشترکردنی ئەزموونی بەشداربووان." ئۆسڤاڵدۆ ئالداو، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تەکنەلۆژیی کۆمپانیای Enea ڕایگەیاند: "بنچینەی چارەسەرەکانی کۆمپانیای Enea سەرنج دەخاتە سەر سێ بنەمای سەرەکی: ئاسایش و بەرەوپێشبردن و بەدەستهێنانی داهات. لە ڕێگای سیستەمی بەڕێوەبردنی گواستنەوەی داتای کۆمپانیای Eneaـەوە، ئاسیاسێڵ دەتوانێت ئەزموونێکی دیجیتاڵی ئاست بەرز پێشکەش بە بەشداربووانی بکات و لە هەمانکاتیشدا دڵنیایی دەدات لە دابینکردنی خێرایی زیاتر و ئاسانکردنی شێوازی ناردنی ڤیدیۆ بە بەرزترین کواڵێتی." ئەم سیستەمە ئامرازی بەهێزی بەدواداچوون و شیکاری پەیوەست بە گواستنەوەی داتاکان بۆ ئاسیاسێڵ دابین دەکات، ئەمەش وادەکات کە بتوانێت پلان بۆ توانای تۆڕەکە دابڕێژێت و پاڵپشتی لە گەشەی گواستنەوەی داتاکان لە داهاتوودا بکات. بۆ زانیاریی زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکەن: https://www.enea.com/solutions/traffic-management/ (کۆتایی) دەربارەی Enea: Enea کۆمپانیایەکی جیهانیی تایبەتمەندە لە بواری سۆفتوێری پەیوەندییە پێشکەوتووەکان و ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا. دیدگای کۆمپانیاکە لە بوونی پەیوەندییەکی سەلامەتتر و کاراترەوە لە سەرانسەری جیهاندا سەرچاوە دەگرێت. لە ڕێگای سەرنج خستنە سەر داهێنان و ئاسایشی، چارەسەرەکانی کۆمپانیاکە بۆ پێکەوە بەستنەوەی پەیوەندییەکان و لە هەمانکاتیشدا بەرەوپێشبردنیان و پاراستنیان لەنێوان تاکەکان و کۆمپانیاکان و ئامێری پەیوەندییەکان لە سەرانسەری جیهاندا بەردەستن. کۆمپانیای Enea خزمەتی زیاتر لە 170 دابینکاری خزمەتگوزاریی پەیوەندییەکان لە زیاتر لە 100 وڵاتی جیهاندا دەکات و ڕۆژانە زیاتر لە 3 ملیار کەس پشت بە تەکنەلۆژیاکانی دەبەستن. بارەگای سەرەکیی کۆمپانیاکە لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سویدە و لە بۆرسەی ناسداکی ستۆکهۆڵمدا ڕیزبەندی کراوە. بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکەن:enea.com پەیوەندی– Enea کلێر مێرفی: [email protected] دەربارەی ئاسیاسێڵ: ئاسیاسێڵ "کۆماندەکاتەوە"، دابینکاری سەرەکی خزمەتگوزاریى پەیوەندییەکانی مۆبایل و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە لە عێراق و ژمارهى بهشدرابووانی نزیکەی 20 مليۆنە. ئاسياسێڵ وەکو یەکەمین کۆمپانیاى خزمەتگوزاریى مۆبایل ناسێنراوە لە عێراق و یەکەمین کۆمپانیاشە تۆڕەکەی هەموو بەشەکانی عێراق دابپۆشێت. ئاسیاسێڵ خزمەتگوزارییەکانی +4G بە کواڵیتییەکی بەرز لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابیندەکات و تۆڕەکەشى زیاتر 06.99٪ ـى دانيشتوانى عێراق دهگرێتهوه، ئهمهش وا دهكات كه تۆڕهكهى ببێته بەربڵاوترین تۆڕى مۆبايل بە فراوانترین ڕووماڵەوە لە نێو کۆمپانیاکانی تری پەیوەندی لە عێراق. ئاسیاسێڵ شانازی بەوەوە دەکات کە لە کانونی دووەمی 2015 ــەوە باشترین دابینکاری خزمەتگوزاری ئینتەرنێتە کە باشترین تۆڕی پەیوەندی بە بەرزترین کواڵیتی لە عێراق دابیندەکات. پەیوەندییەکانی ئاسیاسێڵ، بەشی پەیوەندییە گشتییەکان: [email protected] بۆ زانیای زیاتر: www.asiacell.com
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، تەواكردنی سەرجەم رێكارەكانی پەیوەست بە تانەكانی سەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند، دەشڵێت سەرجەمیان نێردراون بۆ دەستەی دادوەری و پاشانیش دەنێردرێت بۆ دادگای فیدراڵی بەمەبەستی پەسەند كردنیان. رۆژی دووشەممە، 1-12-2025عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند: ناردنی تەواوی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بۆ دادگای فیدراڵی بۆ پەسەندكردنی، دوای ئەوە دەبێت كە دەستەی دادوەری پێداچوونەوە بە تەواوی تانەكاندا دەكات". وتیشی:كۆمسیۆن تەواوی تانەكانی تەواو كردووە و پێشنیازەكانی خۆی لەبارەیانەوە پێشكەش كردووە، ئێستا كارەكە لای دەستەی دادوەرییە. بەوتەی ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن "دەستەی دادوەری پابەند دەبێت بە ماوەی یاسایی كە 10رۆژە، دوای وەرگرتنی كۆتا تانە لە كۆمسیۆن و تەواوكردنی رێكارەكانی تایبەت بەو تانەیە". "دەستەی دادوەری بەردەوامە لە ئەنجامدانی كارەكانی، كۆمەڵێك لەو تانانەی گەیشتوونەتە كۆمسیۆن و پێشنیازەكانی ئەنجومەنی كۆمسیارانیش سەبارەت بە رەتكردنەوەیان پەسەند كراون". عیماد جەمیل وای وت. رۆژی 30-11-2025 ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، یەكلاكردنەوەی 428 تانەی لە كۆی 853 تانە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان راگەیاند. پێنج شەممەی رابردوو كۆمسیۆن دوایین قۆناغی تانەكانی رەوانەی دەستەی دادوەری كرد بۆ بڕیاردان لەسەریان. كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئێوارەی رۆژی دووشەممە (17ـی تشرینی دووەمی 2025) ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی راگەیاند، كە رۆژی سێشەممە (11ـی تشرینی دووەمی 2025) بەرێوەچوو. كۆمسیۆن دواتر سێ رۆژ دەرفەتیدا بە قەوارە و كاندید و لایەنەكان بۆ پێشكەشكردنی تانەكانیان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان. بەپێی رێكارەكان، كۆمسیۆن دوای وەرگرتنیان راسپاردەی هونەری و یاسایی لەبارەی تانەكانەوە بۆ دەستەی دادوەری بەرزدەكاتەوە بەمەبەستی سەیركردنیان. دواتر دەستەی دادوەری كۆمسیۆن لە ئەنجامی تانەكان یەكلایی دەكاتەوە، پاشان ناوی كاندیدە دەرچووەكان رەوانەی دادگای فیدراڵی دەكرێن بۆ پەسەندكردنیان.
عەبدولڕەحیم سەماوی، سەرۆکی سەنتەری "تەمل" بۆ توێژینەوە ئاشکرای دەکات، چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریا دیموكرات و ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆسەر سەردانی تورکیا بکەن، سەردانەکە کۆبونەوەیەك لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان و واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ لەخۆدەگرێت، کە تەواوکەری رێککەوتنی مانگی ئازاری نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع و بڕگەکانی دەبێت. عەبدولڕەحیم سەماوی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "وڵات تیڤی" رایگەیاند: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە مانگی تەمموزی رابردودا رایگەیاند، رێککەوتنێکی هەمەلایەنە لە نێوان کورد و عەرەب و تورکدا دەکرێت و مافی ئەو گەلانە لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە بە گشتی پەسەند دەكرێت و دانیان پێدا بنرێت. سەماوی ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو رێککەوتنەی لەنێوان ئۆجەلان و حکومەتی تورکیا کراوە لەم راگەیاندنەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەنكەرە هەنگاوی ئەرێنی ناوە، لەوانە گۆڕینی گوتاری سیاسی بەرامبەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان. باسی لەوەشكرد: ئامادەکارییەکان لە تورکیا بەردەوامن بۆ ئەوەی بەم نزیکانە یاسایەکی نوێ دەربکەن، زامنی ئازادکردنی ئۆجەلان بكات لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیکردنی حکومەتی تورکیا، جگە لە گەڕانەوەی گەریلاكانی پەکەکە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و چارەسەركردنی بارودۆخیان. جەختیشكرد: یاسا نوێیەکان مافە کولتوری و نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە تورکیا دەستەبەر دەکات، گرتنەبەری ئەو هەنگاوە بنەڕەتی و مێژووییانەش پێویستی بە کات و دان بەخۆگرتن هەیە، حکومەتی تورکیا بە خێرایی هەنگاو دەنێت بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی.
سەرچاوە ئاگادارە عێراقییەکان دەڵێن: لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت کە ئەرکی دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەیان پێسپێردراوە تێوەگلاون لە بۆردومانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی، تا ئێستا نەگەیشتووەتە ئەوەی کێ لەپشت هێرشەکەوە بووە، تەنها گەیشتووەتە ئەوەی بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشەكە ئەنجامدراوە. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، کە قسەیان بۆ رۆژنامەی (العربی الجدید) كردووەو داوایان كردووە ناویان نەهێنرێت، رایانگەیاندووە: راپۆرتی کۆتایی لیژنەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا رادەستی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بکرێت، بۆ بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەو ئەو رێوشوێنانەی دواتر دەگیرێنەبەر. سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، لیژنەكە زانیاری ئەوەشی دەستكەوتووە، هێرشەكە لە دووزخورماتوو لەسەر سنوری هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدراوە، کە چەند گروپێكی چەکدار تیایدا چالاکن، بەڵام تیمە تەکنیکیەکان نەیانتوانیوە رێڕەوی هەڵدانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان یان لایەنی بەرپرسیار لە هەڵدانی دیاری بکەن. لای خۆیەوە یاسر وتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق راگەیاندووە: حكومەت پێداگرە لەسەر ئەوەی بە زووترین کات راستییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات، رەنگە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەنجامە بەراییەکان سەبارەت بە سروشتی هێرشەکە رابگەیەندرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە: دیاركردنی ئەو لایەنەی ئەو كارەی كردووە لەم کاتەدا کارێکی قورسە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە.
دوای ماوەیەک لە وەستانی دانوستانەکان، ئەمڕۆ شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات و پرسی پێکهێنانی حکومەت و یەکڕیزی لە بەغداد تاوتوێ دەکەن. بەگوێرەی زانیارییەکان، شاندەکەی پارتی بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری و ئەندامێتیی پشتیوان سادق و عەلی حسێن، دەچنە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر و لەلایەن شاندێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی پێشوازییان لێ دەکرێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8 ، شاندی پارتی "دەستپێشخەرییەکیان" بۆ یەکێتی پێیە بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ماوەیەکە بەهۆی ناکۆکی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان پرۆسەکە ڕاگیراوە. تەوەرێکی دیکەی سەرەکیی سەردانەکە، گفتوگۆکردنە لەسەر دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەش و کۆدەنگی لەنێوان لایەنەکان بۆ دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق. پارتی دەیەوێت لایەنە کوردییەکان بە یەک دەنگ بچنە بەغداد. ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت کە شاندی پارتی سەردانی یەکگرتوو و کۆمەڵی دادگەرییان کرد بۆ هەمان مەبەست. جێی وەبیرهێنانەوەیە دواین کۆبوونەوەی باڵای هەردوو حیزب لە 30-09-2025 لەنێوان مەسعود بارزانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پیرمام بەڕێوەچوو.
لە دوای سەردانەکەی بۆ باکووری کوردستان دەنگۆی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و رێبەر ئۆجەلان لە میدیاکاندا بڵاوبوویەوە. کۆبوونەوە روویداوە؟ بەگوێرەی زانیاری و گەڕانەکانی هاوڵاتی، هیچ کام لە میدیاکانی پارتی دیموکراتی کورستان و پارتی کرێکارانی کوردستان هەواڵیان لەبارەی کۆبوونەوە یان دیداری سەرۆک بارزانی و رێبەر ئۆجەلان بڵاونەکردووەتەوە. بەشێک لە دەنگۆکان، تائێستا بەردەوامن، بەڵام، هیچ راگەیەنەدراوێکی فەرمی نییە لەوبارەیەوە. دوێنی سەرۆک بارزانی، سەردانی باکووری کوردستانی کرد و بەشداریی کرد لە سیمپۆزسمی مەلای جزیری لە شرناخ و دواتر گۆڕی هەریەک لە [ شەڕەفەدین ئەڵچی، مەم و زین، بەسەرکردەوە.
فەرماندەی هەپەگە رایگەیاند: بەشێوەیەکی سیمبوڵی چەکەکانمان سووتاند، بۆ ئەوەی پێکدادان روونەدات هێزەکانمان لە باکوری کوردستان کشاندەوە، ئەو ئەرکەمان بەجێهێنا کە لە ئەستۆی پەکەکە بوو، بەڵام تاکوو ئێستا دەوڵەت هەنگاوێکی روونی نەناوە، لەبەرئەوەی لەمەودوا ئێمە هیچ هەنگاوێک نانێین. ئەگەر دەوڵەتی تورک بە ڕاستی باسی خوشک-برایەتیی کورد و تورک دەکات، پێویستە ئەویش هەنگاو بنێت. بە بۆنەی 47ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، لە قەندیل مەراسیمێک رێکخرا، تیایدا ئامەد مەلازگرد فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) باسی لە هەنگاوەکانی پەکەکە کرد لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەی دەستیپێکردووە و لە سەر داواکاریی ئۆجەلان کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەیان بەستووە و دواتر چەکەکانیان بە سیمبوڵی سوتاندووە، بەڵام تورکیا هەنگاوی پێویستی نەناوە. مەلازگرد، ئاماژەی بەوەکرد، پەکەکە کۆبووەوە و کۆنگرەی خۆی بەست، کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەک لەژێر ناوی خۆی هێنا. ماوەی پێنج ساڵ بەدژواری شەڕ لە هەرێمی زاپ بەڕێوەچوو، دەوڵەت هەموو دەرفەتەکانی خۆی بەکارهێنا تاکوو هێزی گەریلا لەو شوێنە کۆتایی پێبهێنێت، بەڵام نەیتوانی. ئۆجەلان ووتی بۆ رێگرییکردن لە ئاژاوەگێڕی، پاشەکشە بکەن لەو هێڵانەی کە ئەگەری پێکدادان تێیاندا هەیە، هێزەکانیشمان لەو ناوچەیە کشاندەوە. ووتیان چەکەکانتان رادەست بکەن، ووتمان چەکەکان رادەست ناکەین، بەڵام بۆئەوەی مانادار ببێت بە شێوەیەکی سیمبولی چەکەکانمان سووتاند. لە کۆتاییدا بۆ ئەوەی پێکدادان روونەدات هێزەکانمان لە باکووریش کشاندەوە. فەرماندەی هەپەگە ئەوەی خستەڕوو، ئەو ئەرکەمان بەجێهێنا لە ئەستۆی پەکەکە بوو. بەڵام تاکوو ئێستا دەوڵەت هەنگاوێکی روونی نەناوە. ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی دەوڵەت دەکەین، چاوەڕێین ئەوانیش هەندێک هەنگاو بنێن. لەبەرئەوەی لەمەودوا ئێمە هیچ هەنگاوێک نانێین. ئەگەر دەوڵەتی تورک بە ڕاستی باسی خوشک-برایەتیی کورد و تورک دەکات، پێویستە هەنگاو بنێت. بەووتەی مەلازگرد چاوەڕاوانی دوو هەنگاوی کردەیین لە دەوڵەتی تورکیا ئەوانیش: "هەنگاوی یەکەم بریتییە لە ئازادیی ئاپۆ، پێویستە ئەمە لە یاسادا چارەسەر بکرێت. هەنگاوی دووەم، پێویستە کورد لەناو دەستووری بنەڕەتیی تورکیادا جێی بکرێتەوە." فەرماندەی هەپەگە ووتیشی: “تاکوو ئێستا ئاپۆ هەنگاوی ناوە، ئێمە چاومان لەسەر دەوڵەتی تورکیایە، ئەو هەنگاوانەی دەینێت گرنگە.”
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیدانەی توندوتیژییەکانی گوندی لاجانی کرد و داوایکرد بە زووترین کات ئەنجامدەرانی ڕووداوەکە بدۆزرێنەوە و ڕادەستی دادگا بکرێن. دەستەی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە 29ـی تشرینی دووەم، دوای گردبوونەوەی ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندی لاجان لەبەردەم کۆمپانیای لاناز بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان، "بەداخەوە توندوتیژی و تەقەی لێکەوتەوە و بووە هۆی کوژرانی گەنجێک و برینداربوونی چەند کەسێکی تر." راگەیەندراوی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ/ كوردستان؛ لەبارەی رووداوەکەی گوندی (لاجان) لە پارێزگای هەولێر: ڕۆژی شەممە ١٢/٢٩ دوای ئەنجامدانی گردبونەوەی ژمارەیەک خەڵکی گوندی لاجان لەسنوری شاری هەولێر لەبەردەم کۆمپانیای (لاناز) ڕێگەیان گرتبوون بۆ پێشکەشکردنی چەند داواکاریەک بەداخەوە توندوتیژی و تەقەی لێکەوتەوە بوە هۆی کوژرانی گەنجێک و بریندار بونی چەند کەسێکی تر لەخەڵکەکەو پاسەوانانی کۆمپانیاکە، هەروەها توندوتیژی بەرامبەر چەند کەناڵێک و ڕۆژنامەنوسێک بەکارهاتووە. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئیدانەی هەر جۆرە توندوتیژیەک دەکات کە ببێتە هۆی بەکارهێنانی چەک و کوشتنی لێ بکەوێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە بەفەرمانی بەڕێز سەرۆکی دەستە لەنزیکەوە تیمێکی تایبەتی دەستەی مافی مرۆڤ بەسەرۆکایەتی خاتو تاڤگە عمر بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاساو پاراستنی مافی مرۆڤ و شاندێکی ناردە شوێنی ڕووداوەکەو لەوێ لەگەڵ چەند کەسێکی مەدەنی گفتوگۆیان کرد لەسەر ڕووداوەکە. دوای گفتوگۆی تیمی دەستە وهەریەک لەپارێزگاری هەولێرو بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بۆمان دەرکەوت کە لێکۆڵینەوە بەردەوامەو بەڵگەکان کۆکراونەتەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە وە ئاماژەیان بەوەداوە هەرکەسێک تەقەی کردبێ ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجام دەدرێ. دەستەی مافی مرۆڤ وێڕای پشتگیری کردن لەداواکاری هاوڵاتیان بۆ دابین کردنی ژیان و مافەکانیان لەهەمان کات پشتیوانی لەگردبونەوەکان دەکات بەڕێکاری یاسایی و مەدەنی دوور لەتوندوتیژی و هەمیشە دژی بەکارهێنانی چەک و توندوتیژین وە دڵنیاتان دەکەین کەبەردەوام دەبین لە چاودێری کردنی ئەم کەیسە و دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان و پێویستە تەقەکەران و تۆمەتباران بەزوویی بدۆزرێنەوە بدرێنە دادگا. داواکارین خوای گەورە قوربانیەکە بەبەهەشتی خۆی شاد بکاو شیفای بریندارەکان بدات. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان
