مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق، لە پەیامێکی تونددا هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکیی دوژمنکارانە وەسف دەکات و ڕایدەگەیەنێت: هەموو ئەوانەی لەپشت ئەم هێرشەوەن شوێنپێیان هەڵدەگرین و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەین. لە بەیاننامەیەکدا کە ئاڕاستەی ڕای گشتیی عێراق و ناوچەکەی کردووە، نێردەکەی دۆناڵد ترەمپ هەڵوێستی ڕوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بەرانبەر هێرشە درۆنییەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ئاشکرا کرد. ساڤایا بە زمانێکی توند داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە،بەپەلە ناسنامەی ئەو کەسانە دەستنیشان بکات کە لە پشت ئەم دەستدرێژییەوەن و ڕادەستی دادگایان بکات. لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: با زۆر ڕوون بێت، لە عێراقێکی خاوەن سەروەریی تەواودا، هیچ شوێنێک بۆ ئەم گرووپە چەکدارانە نییە. نێردەکەی ترەمپ جەختیش دەکاتەوە، بە تەواوی پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق دەکەن و هۆشداری دەدات: هەموو گرووپێکی چەکداری نایاسایی و ئەوانەشی پاڵپشتییان دەکەن، شوێنپێیان هەڵدەگیرێت، ڕووبەڕوویان دەبینەوە و سزای خۆیان وەردەگرن. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، مارک ساڤایا پشتیوانیی ئیدارەی ئەمریکای بۆ کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو و سەقامگیر دووپات کردووەتەو، هاوکات هانی هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات کە هەماهەنگییە ئەمنییەکانیان قوڵتر بکەنەوە و پێکەوە کار بۆ پاراستنی ژێرخانە گرنگەکانی ئابووری و وزەی وڵات بکەن. لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکدا، مارک ساڤایا پابەندبوونی نەگۆڕی ویلایەتە یەکگرتووەکانی دووپات کردووەتەوە بۆ هاوکاریکردنی بەغدا لە پەرەپێدانی تواناکانی بەرگری و بنیاتنانی هێزە نیشتمانییەکان، بە ئامانجی پاراستنی سەرچاوەکانی عێراق و دڵنیابوون لە ئاسایش و خۆشگوزەرانیی سەرجەم هاووڵاتیان.
بارەگای بارزانی لەبارەی هێرشەکەی کۆرمۆرەوە دەڵێت: "زۆر بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکەین کە شەوی رابردوو کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر. ئەم هێرشە دژی ژێرخانی ئابووری و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەموو هاووڵاتیانە." ڕاگەیێندراوێک لە بارەگای بارزانی بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکەین کە شەوی ڕابردوو کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر. ئەم هێرشە دژی ژێرخانی ئابووری و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەموو هاووڵاتیانە. سەرباری ئەوەی کە پێشتریش ئەو جۆرە هێرشە ناڕەوایانەی سەر هەرێم زۆرجار ئیدانە کراون بەڵام تەنیا ئیدانە بووە و لەبەرانبەر ئەنجامدەراندا هیچ ئیجرائاتێک نەکراوە و ئەو هێرشانە دووبارە بوونەتەوە. کاتی ئەوە هاتووە کە لەبەرانبەر ئەم دەستدرێژی و هێرشە ناڕەوایانەدا هەنگاوی جددی و عەمەلی بگیرێتەبەر و کۆتایی پێ بهێندرێت و ئەنجامدەرانیان سزا بدرێن. بارەگای بارزانی 27ی تشرینی دووەمی 2025
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بە تووندی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر سەرکۆنە دەکات. ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-11-2025 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە تەلەفۆن لەسەر هێرشەکەی دوێنێ شەوی کێڵگەی گازی کۆرمۆر قسەیان کرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا، "بە توندترین شێوە، هێرشی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆری سەرکۆنە کرد و پشتیوانیی ئەمریکای بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە." بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوو لا هاوڕا بوون "دەبێت هەوڵ بدرێت لە هەرێمی کوردستانیش رێکار و پێداویستییەکانی خۆپارێزی لە دژی ئەم جۆرە هێرشانە دابین و بەهێز بکرێن و ئەو کەسانەی لە پشت ئەو هێرشە تیرۆریستییانەن ئاشکرا و رادەستی یاسا بکرێن". شەوی چوارشەممە 26ـی 11، نزیک کاژێر 11:30، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، نزیک کاژێر 09:00ـی بەیانی ئەمڕۆ ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترڵکراوە. بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی گاز بۆ ئەو وێستگانە راگیرا کە بە گاز کار دەکەن، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی 80%ی کارەبای هەرێمی کوردستان.
کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا و سامانە سروشتییەکان (بە وەکالەت)ـی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی 1700 – 1800 مێگاوات کەم بووەتەوە. وەزیری کارەبا گوتیشی "داواکاریی سەرەکی ئێمە بە تایبەت لە ئەمەریکا، دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییە و پێویستە بە زووترین کات دابین بکرێت بۆ ئەوەی چیدیکە کێڵگە نەوتی و غازییەکانی هەرێمی کوردستان نەکرێنە ئامانج." کەمال محەممەد ساڵح گوتیشی "ئەگەر لە هێرشەکەدا تەنیا کۆگای کێڵگەی کۆرمۆر کرابێتە ئامانج و هیچ زیانێکی دیکەی نەبووبێت، پێشبینی دەکەم، لە ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو دۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان ئاسایی ببێتەوە."
بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەى هێرشەکەى سەر کێڵگەى کۆرمۆر ڕایگەیاند، هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر جێگای قبوڵ نییە و بە توندترین شێوە ئیدانەی دەکەین.دەشڵێت "ئامانجی هێرشەکە زیانگەیاندنە بە گوزەرانی هاونیشتمانیانمان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و تێکدانی سەقامگیری وڵاتەکەمان". دەقى پەیامەکە.. هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر جێگای قبوڵ نییە و بە توندترین شێوە ئیدانەی دەکەین. ئامانجی هێرشەکە زیانگەیاندنە بە گوزەرانی هاونیشتمانیانمان لە هەرێمی کوردستان و عیراق و تێکدانی سەقامگیری وڵاتەکەمان. وەڵامدانەوەمان بۆ ئەم هێرشە یەکلاکەرەوە و تووند دەبێت و هەموو رێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانیانمان دەگرینەبەر. چەک تەنها دەبێت بەدەست دەوڵەتەوە بێت. ئەو میلیشیایانە کە لە دەرەوەی سەروەری یاسا کاردەکەن یان دەبێت هەڵبوەشێندرێنەوە یان لەناوببرێن. بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لە پەیامێکدا بە توندی هێرشکردنەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆری سەرکۆنە کرد و بە تاوانێکی تیرۆریستی گەورە و بەئامانج گرتنی ژیانی خەڵک و ژێرخانی ئابووریی کوردستان و عێراقی لە قەڵەمدا. جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە بۆسەر ژێرخانی ئابووریی کوردستان، پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و پێویستی بە هەنگاوی کردەیی هەیە. لە پەیامەکەیدا، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند: "ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە بە خێرایی بکەران و ئەوانەی لە پشت ئەم هێرشەوەن بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات و ڕووبەڕووی سزا و لێپرسینەوەی یاساییان بکاتەوە." هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بەردەوامیی ئەم هێرشانە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتەوە چیتر قبوڵکراو نییە و دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی. بۆیە، دەبێت هەنگاوی سەرەکی حکومەتی داهاتووی عێراق، کۆتاییهێنان بەم دۆخە و سزادان و کۆکردنەوەی چەکی ئەو گروپانە بێت.
عەلی حەمە ساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست، لە پەیامێکدا هێرشەکانی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە "تیرۆرستی و تاوانکاری" ناودەبات و ڕایدەگەیەنێت، "ڕەخنەگرتن و دژایەتیمان بۆ گەندەڵی و نادادی حوکمڕانانی هەرێم هەرگیز نابێت دڵخۆشمان بکات بە هێرشی تاوانکاری بۆ سەر هەرێمی کوردستان." عەلی حەمە ساڵح، پێشنیازی کردووە کە پێویستە لە ئەمڕۆوە نووسراوی فەرمی ئاڕاستەی حکومەتی عێراق بکرێت، بە مەبەستی وەرگرتنی ڕەزامەندی بۆ دانانی سیستمی بەرگری لە کێڵگەی کۆرمۆر. بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا ڕۆژانە نزیکەی (1700) مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستانەوە بە شارەکانی دیکەی عێراق دەفرۆشرێت. هەروەها وتیشی، "بڕیارە لە ساڵی ئایندەدا بەرهەمی غازی کۆرمۆر بەڕێژەی 50% زیادبکات و کاریگەری لەسەر زیادبوونی نزیکەی (2000) مێگاوات کارەبای دیکە دەبێت؛ بۆیە دوورنیە بە ئامانجگرتن زیاتر ڕووبدات." لە کۆتاییدا، عەلی حەمە ساڵح، ڕەخنەی لە شێوازی پاراستنی کێڵگە نەوتی و گازییەکان گرت و ڕایگەیاند، "لە ساڵانی ڕابردوودا سەدان ملیۆن دۆلاری داهاتی گشتی بەناوی سکویریتی کێڵگەی نەوت و غاز خەرجکراوە، بەڵام هیچ شتێک نەکراوە، جگە لە دانانی کۆمەڵێک کەس بە چەکی ئاسایی."
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێگەیشت. لە پەیوەندییەکەدا، سوودانی بە تووندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆری کرد. کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەهۆیەوە بەشێکی کێڵگەکە گڕی گرت و هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا ڕاگیرا، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا کەم کرایەوە. سەرۆکوەزیرانی عێراق هێرشەکەی بە "هێرشکردنە سەر هەموو عێراق" ناوبرد و هەروەها بڕیاردرا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش پێکبهێنرێت، کە بە زووترین کات دەست بە کارەکانی دەکات بۆ ئاشکراکردنی ئەنجامدەدران و دەستگیرکردنیان و ڕادەستکردنیان بە دادگا. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و کارەبا، نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو (چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەم)، بە "درۆن" هێرش کراوەتە سەر كێڵگەی غازی کۆرمۆر و بەهۆیەوە، تەواوی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیراوە. جەخت لەوەش کراوەتەوە "تیمەکانی هەردوو تیمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كارەبا لەگەڵ كۆمپانیای دانە غاز لەسەر هێڵن بۆ بەدواداچوونی لێكەوتەكانی ڕووداوەكە و ئاسایكردنەوەی بارودۆخەكە." بەهۆی هێرشەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و ڕاگیرانی پرۆسەی هەناردەکردنی غازی شل بۆ وێستگەکان، بەرهەمهێنانی کارەبا لە چوار هەزار مێگاواتەوە بۆ 1500 مێگاوات کەمبووەتەوە. هاوکات کۆمپانیای 'دانە غاز' لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێرشەکەی سەر کێڵگەی "کۆرمۆر" بە "مووشەک" بووە. ئاماژە بەوەش دراوە، لە ئەنجامی هێرشەکە هیچ کارمەندێکیان بریندار نەبووە. کۆمپانیاکە باسی لەوەش کردووە "بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بەرهەمهێنان ڕاگیراوە، بەردەوامیشین لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا بەرهەم بە بازاڕ بکەین."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە توندی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر سەرکۆنە دەکات و دەڵێت "هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی وڵات." ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و گوتی "به توندى سهركۆنهى ئهو هێرشه تيرۆرستييه دهكهم كه شهوى ڕابردوو كرايه سهر كێڵگهى كۆرمۆر." وەک ئەوەی نێچیرڤان بارزانی جەختی لێ کردووەتەوە "ئهم هێرشه دژى ژێرخانی ئابوورى و خزمهتگوزارييه گشتييهكانی عێراق و هەرێمى كوردستانه و ههڕهشهيهكى ڕاستهوخۆيه لهسهر ئاسايش و سهقامگيريى وڵات." سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردووەتەوە "ئهرك و بهرپرسياريهتيى حكوومهتى فيدراڵى عێراق و دامهزراوه ئهمنییه پهیوهندیدارهکانه و پێويسته به زووترین كات ههوڵی جددی بدهن و ڕێكارى پێویست و کاریگهر بگرنهبهر بۆ لێپێچينهوه و سزادانى ئهنجامدهرانى ئهم تاوانه و ڕێگهگرتن له دووبارهبوونهوهى." ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، لوقمان حەسەن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی چەمچەماڵ بە ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، توانییان دوای چەند کاتژمێرێک لە هەوڵی بەردەوامی تیمەکانیان، ئاگرەکەی کێڵگەی غازی "کۆرمۆر" کۆنترۆڵ بکەن. بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، بەهۆی هێرشەکە، نزیکەی نۆ کاتژمێر ئاگر لە کۆگایەکی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کەوتبووەوە و بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆنترۆڵ کراوە.
کۆمپانیای دانە گاز لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، شەوی رابردوو کۆگەیەک لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە مووشەک بە ئامانج گیراوە. دانە گاز دەڵێت، بەرهەمهێنان وەستاوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە کۆمپانیاکە لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە لەسەر هێڵە بۆ بەدواداچوونی زیاتر. کۆمپانیای دانا گاز (PJSC) بازاڕ ئاگادار دەکاتەوە کە کۆگایەکی عەمبارکردنی شلەمەنی لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە مووشەک بە ئامانج گیراوە. هیچ زیانێکی گیانی بەر کارمەندان نەکەوتووە. پرۆسەی بەرهەمهێنان بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە و ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە راگیراوە. کۆمپانیاکە لە هەماهەنگی بەردەوامدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوچەکە و لە کاتی گونجاودا زانیاری و نوێکاریی زیاتر بە بازاڕ رادەگەیەنێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت: حکومەتی داهاتووی عێراق دەبێت گرنگی بە پرۆسەی گەشەپێدان و هەمەچەشنکردنی ئابووری بدات و زەمینەی گونجاو بڕەخسێنێت بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی لە هەموو کەرتەکان و لە هەموو ناوچەکانی عێراق. لە راگەیەندراوێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئاماژە بەوەدەكات قوباد تاڵەبانی: لە کۆبونەوەم لەگەڵ پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق ئاماژەم بەوەدا کە ئەرکی هەردوو حکومەتی داهاتووی عێراق و هەرێمە کێشەکانی نێوانیان بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکەن و پێکەوە کاربکەن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی ئابووریی عێراق و کوردستان. سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمیش روونمکردەوە کە حکومەتی داهاتوو دەبێت بەپێی پرەنسیپی هاوبەشی راستەقینە پێک بهێنرێت و یەکێتی بەشداری لە حکومەتێکدا ناکات کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو شار و ناوچەکان نەکات.
هاوڵاتی بەگوێرەی چەند زانیارییەک کە دەست هاوڵاتی کەوتووە، دوو هاوسەر لە دادگای سلێمانی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) دەستگیرکراون و ئاسانکارییان بۆ دەزگاکە کردووە لە کوشتنی چالاکوانانی مەدەنی لە شاری سلێمانی. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە دادگای سلێمانی دزەی پێکراوە، ئەم دوو کەسە کە پێشتر لەنێو تەڤگەری ئازادیدا بوون، دەستیان هەبووە لە کوژرانی پێنج چالاکوان لە سنووری سلێمانی. ئەو زانیاریانەی دەستکەوتوون باس لەوە دەکەن، ئەم دوو هاوسەرە پێشتر خۆیان لە تەڤگەری ئازادی نزیک کردووەتەوە و بەشدارییان لە چالاکییەکانی جوڵانەوەکە کردووە، لەم رێیەشەوە توانیویانە شوێنی قوربانییەکان بۆ میتی تورکیا دیاری بکەن، بە دانانی جی پی ئێس لە شوێن و جانتای قوربانییەکان و چاودێریریکردن لەرێی کامێراوە. دوان لەوانەی بوونەتە قوربانی لە گەڕەکی بەختیاری سلێمانی بووە و سێ کەسی دیکەش کە هەرسێکیان ژن بوون لەڕێی درۆنەوە لە دەوروبەری سلێمانی بەئامانجگیراون. زانیارییەکان بەتەواوی پشتڕاستنەکراونەتەوە و تەنها دزیان پێکراوە، تا ئێستاش هیچ دەزگایەکی فەرمیش لەوبارەیەوە راگەیاندراوی نییە.
وەزارەتی کارەبا ڕایدەگەیێنێت کە بەهۆی چاککردنەوە لە تۆڕی کارەبا لەچەند مانگی داهاتوودا دەکرێت بەشێک لە هاوڵاتیان بۆ ماوەیەکی کاتی کارەبایان بپچڕێت. وەک بەشێک لە چالاکییەکانی پڕۆژەی ڕووناکی، کاری چاککردنەوەی پێویست بە بەردەوامی ئەنجام دەدرێت بۆ تۆڕی کارەبا کە سوودی دەبێت لە باشترکردنی خزمەتگوزاری کارەبای نیشتیمانی. لەکاتی ئەنجامدانی کارەکانی سازدانی تۆڕی کارەبا لەلایەن تیمەکانی چاککردنەوە، دەکرێت بۆ ماوەیەکی کاتی کارەبا بپچڕێت. وەزارەتی کارەبا هاووڵاتیان دڵنیادەکاتەوە کە لەکاتی هەر پچڕانێکی کارەبا، هەموو خزمەتگوزاری و ژێرخانە سەرەکییەکان بەردەوام دەبن لەکارکردن و تیمەکان کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەی کارەبا بەزووترین کات. بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەین پشوو درێژبن لەکاتی ئەنجامدانی پڕۆسەی سازدانەوەی تۆڕەکانی کارەبا. کە لەکاتی ڕوودانی هەر پچڕانێکی پلان بۆ داڕێژڕاو، وەزارەتی کارەبا پێشوەختە هاووڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە. بۆیە وەزارەتی کارەبا هانی هاووڵاتیان دەدات کە خۆیان تۆماربکەن لە پڕۆژەی ڕووناکی بۆ ئەوەی کورتەنامەی ئاگادارییان پێبگات.
ڕۆژی چوارشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2025 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان - سوریا كۆبۆوە. لە كۆبوونەوەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشهاتەكانی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا. هەر لەو دیدارەدا جەخت لەسەر یەكڕیزی و تەبایی و سیاسەتی هاوبەشی نێوان لایەنە كوردییەكانی سووریا و پشتبەستن بە شێوازی دیالۆگ و لێكتێگەییشتن لە نێوان لایەنە كوردییەكان و حكوومەتی سووریا كرایەوە.
بەگوێرەی دوایین ئاماری بڵاوکراوە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە، کە ئامارەکە پشتی بە سەرژمێریی دانیشتوانی عێراق لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوودا بەستووە، دهۆک یەکەمە لە هەژاری و بێکاریی و زۆرترین خەرجیی مانگانەدا. هەروەها بە گوێرەی داتاکانی نێو سەرژمێرییەکە، کەمترین ڕێژەی بێکاری لە سلێمانییە و کەمترین ڕێژەی هەژاری لە هەولێرە و کەمترین ڕێژەی خەرجیی خێزان لە سلێمانییە. تێكڕای خەرجی، هەژاری و بێکاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێژەی بێکاری هەرێمی کوردستان؛ 14.79٪ عێراق؛ 13.48٪ ڕیژەی هەژاری هەرێمی کوردستان؛ 8.6٪ عێراق؛ 17.5٪ تێكڕای خەرجیی خێزان هەرێمی کوردستان؛ یەک ملیۆن و 411 هەزار و 494 دینار عێراق؛ یەک ملیۆن و 434 هەزار و 422 دینار تێكڕای خەرجی، هەژاری و بێکاری لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان دهۆک؛ 17.5٪ هەولێر ؛ 14.7٪ سلێمانی؛ 13.6٪ ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان دهۆک؛ 14.8٪ سلێمانی؛ 7.9٪ هەولێر؛ 5.9٪ تێكڕای خەرجیی خێزان لە مانگێکدا بە دینار دهۆک؛ یەک ملیۆن و 913 هەزار و 172 دینار هەولێر؛ یەک ملیۆن و 511 هەزار و 679 دینار سلێمانی؛ یەک ملیۆن و 275 هەزار دینار
