وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەک شەممە لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا. هاوکات وەفدێكی هەرێمی كوردستانیش لە بەغدادە بۆ وەڵامدانەوەی تێبینیەكان لەسەر لیستەكە. بەوتەی سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم، بە شێوازی پەیرۆڵ ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی رەوانەی بەغداد كردووە، هەموو داواكاریەكانی بەغداشی جێبەجێكردووە، هەم تەرازووی پێداچوونەوە و داهاتی ناوخۆ و لیستی مووچەشی رادەستی بەغداد كردووە. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە "ئێستا لیستی مووچەی هەرێمی كوردستان هیچ گرفتێكی نییە و هەر پاساوێك بهێنرێتەوە بۆ دواخستنی ناردنی مووچەیە". 2025-05-13، وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان خرایە سەر ھەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. ھەر ئەو رۆژە لیستی مووچە بڵاوکرایەوە. وتەی ئەو سەرچاوەیە لەكاتێكدایە، بەوتەی بەشێك لە میدیا عێراقیەكان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە پێش جەژن مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆران دابەش بكرێت، بە مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیشەوە. هاوکات جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، لە بەغدا دەست بە دابەشکردنی مووچە کراوە و تاوەکو رۆژی دووشەممەش بەردەوام دەبێت، دوای ئەوە دەست بە وردبینی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکرێ و ئەگەر ھیچ بیانوویەکیان نەبێت، لە سێ بۆ چوار رۆژدا وردبینی تەواو دەبێت. بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، "بە ئەگەرێکی زۆر، پێش جەژن مووچە دابەش دەکرێت، ئەگەر بەغدا بیانوو نەهێنێتەوە".
سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا رایگەیاند، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمار و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رۆژی شەممە لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کۆبوونەتەوە و هەردوو لا جەختیان لە "گرنگیی جێبەجێکردنی" رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردووەتەوەوە. راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، شەرع و شەیبانی لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا باسیان لە لابردنی سزاکانی سەر دیمەشق، وەبەرهێنان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پەیوەندییەکانی سووریا و ئیسرائیل و لەنێوبردنی چەکی کیمایی سووریا کردووە. سەرۆکایەتیی کۆماریی سووریا دەڵێت: "لە تەوەرێکی تایبەتدا، هەردوو لا جەختیان لە پێویستیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی گشتگیر لەگەڵ هەسەدە کردەوە کە گەڕانەوەی سەروەریی حکومەتی سووریا بەسەر تەواوی خاکی سووریدا گەرەنتی دەکات، هەروەها باسیان لە میکانزمی تێکەڵکردنی ئەو هێزانە لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت کرد، بە جۆرێک کە خزمەت بە یەکڕیزی و سەروەریی نیشتمانی بکات." هەسەدە و دیمەشق لە 10ـی ئاداری ئەم ساڵ، رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ ئەوەی لە بەرامبەر داننان بە مافەکانی کورد، دامەزراوەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بخرێنە سەر حکومەتی نوێی سووریا، کە لە دوای رووخاندنی حکومەتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی پار، لە لایەن گرووپە چەکدارە ئیسلامییەکانەوە، دیارترینیان دەستەی تەحریری شام بە سەرکردایەتیی شەرع، پێکهێنراوە. قامشلۆ و دیمەشق تاوەکو ئێستا لەسەر چارەنووسی هەسەدە رێککنەکەوتوون کە رێکخراوترین هێزی سووریا و رۆژئاوای کوردستانە، خاوەنی زیاتر لە 100 هەزار شەڕڤانە و هاوبەشی سەرەکیی ئەمریکایە لە شەڕی دژی سەرهەڵدانەوەی داعش. خاڵی ناکۆک ئەوەیە کە هەسەدە داوا دەکات وەک هێزێک بەم تایبەتمەندی و پێکهاتەیەی ئێستا هەیەتی، بکرێتە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری، بەڵام دەسەڵاتدارانی سووریا داوا دەکەن هێزەکە هەڵبوەشێنرێتەوە و شەڕڤانان تاک بە تاک ببنە ئەندامی وەزارەتەکە. تۆم باراک، راوێژکاری دێرینی ترەمپ، هاوکات باڵیۆزی ئەمریکایە لە ئەنقەرە، رۆژی هەینی وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا دەستبەکار بوو. نێوەڕاستی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ لە ریازی سعودیە رایگەیاندبوو، واشنتن سزاکانی سەر سووریا لادەبات. رۆژی هەینی، واشنتن بۆ ئەو مەبەستە، یەکەمین هەنگاوی نا و سزاکانی لەسەر سووریا کەمکردنەوە. سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا لە راگەیێندراوی رۆژی یەکشەممەیدا ئاماژە بەوە دەکات، شەرع بۆ باراکی پشتڕاست کردووەتەوە کە "سزاکان هێشتا بارێکی گرانن لەسەر گەلی سووریا و هەوڵەکانی بووژانەوەی ئابوورییان پەکخستووە." لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "نێرردەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی دەستی بە رێکاری کەمکردنەوەی سزاکان کردووە، بۆ ئەوەی بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جێبەجێ بکات و تا هەڵگرتنەوەی تەواوی سزاکان، پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت." دۆناڵد ترەمپ لە 13ـی ئایار "راگرتنی" سزاکانی ئەمریکای راگەیاند کە ئامانجیان سەرکردەکانی پێشووی سووریا بوو و مێژووی دەستپێکیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1979. بۆ هەڵگرتنی هەمیشەیی، بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی ئەوە دەکەن کە ئایا دەبێت داوا لە حکومەتی نوێی سووریا بکەن مەرجە ئەمنییەکان جێبەجێ بکات یان نا. سەرۆکەکانی ئەمریکا بەدرێژایی چەندین ساڵی رابردوو سزایان بەسەر بنەماڵەی ئەسەددا سەپاند. ئەو سزایانە دەکرێت خێرا لە رێگەی فەرمانی جێبەجێکارییەوە لاببردرێن، بەڵام کۆنگرێس هەندێک لە تووندترین رێوشوێنەکانی سەپاندووە و دەبێت خۆی بە شێوەیەکی هەمیشەیی لایانبدات. رۆژی شەممە، دیپلۆماتە ئەمریکییەکە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا، کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی سووریا بە "مێژوویی" ناوبرد و رایگەیاند: "جەختم کردەوە کە هەڵگرتنەوەی سزاکانی دژی سووریا سەلامەتیی ئامانجی سەرەکیمان دەپارێزێت، کە ئەویش بەزاندنی بەردەوامی داعشە، هەروەها دەرفەتی داهاتوویەکی باشتر بە خەڵکی سووریا دەدات." باراک هەروەها نووسیویەتی: "ستایشی سەرۆک شەرعم کرد لە بەرامبەر هەنگاونانی واتادار بەرەو جێبەجیکردنی خاڵەکانی سەرۆک ترەمپ لە بارەی تیرۆرستانی بیانی، بەرەنگاربوونەوەی داعش، پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و کەمپ و ناوەندەکانی دەستبەسەردا گرتن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا،" کە ئەمانە ئەو مەرجانە بوون کە سەرۆکی ئەمریکا لە بەرامبەر لابردنی سزاکاندا داوایکردوون. سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا باس لەوە دەکات، شەرع و باراک باسیان لە "هاوئاهەنگیی ئەمنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە هەرێمییەکان، لەنێویاندا بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پاراستنی سنوور و بەهێزکردنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە" کردووە. هەروەها "هەردوو لا تاوتوێی بابەتی چەکی کیمیاییان کرد و هاوڕابوون کە دەبێت بە هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەمووی لەنێوببردرێت."
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، شاندێکی تەکنیکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دەچێتە بەغداد بۆ رادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی پێنج. ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، سبەینێ یەکشەممە 25-05-2025 شاندەکە لیستی مووچە دەباتە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتڕاستکردنەوەی لیستەکە و دواتر شاندەکە لیستەکە دەباتە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ وردبینی. دەشڵێت، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەیەوێت بە زووترین کات وردبینی لە لیستی مووچە تەواو ببێت بۆ ئەوەی پێش جەژنی قوربان کە دەکەوێتە 06-06-2025 مووچەی مانگی پێنج دابەش بکەن. دوێنێش هەمان سەرچاوە وتى، لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق بەڵێنیان پێدراوە رۆژی سێشەممە 27-05-2025 پارە بۆ مووجەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت. هاوکات جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، لە بەغدا دەست بە دابەشکردنی مووچە کراوە و تاوەکو رۆژی دووشەممەش بەردەوام دەبێت، دوای ئەوە دەست بە وردبینی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکرێ و ئەگەر ھیچ بیانوویەکیان نەبێت، لە سێ بۆ چوار رۆژدا وردبینی تەواو دەبێت. بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، "بە ئەگەرێکی زۆر، پێش جەژن مووچە دابەش دەکرێت، ئەگەر بەغدا بیانوو نەهێنێتەوە". 2025-05-13، وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان خرایە سەر ھەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. ھەر ئەو رۆژە لیستی مووچە بڵاوکرایەوە. لەلایەکى دیکەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم راگەیاند، ئەم مانگە داوا لە سەرجەم یەکە ژمێریاریەکان کراوە لە کاتی تۆمارکردنی ناوی مووچەخۆران ئاماژە بە ژمارەی وەزیفی فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست بدەن بۆ لێبڕینی لەسەدا یەک، لە مووچەی بنەڕەتی. ئەو دەڵێت، بۆ ئەم مانگە بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بە راسپاردەی وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لێبڕینەکە دەکرێت. رۆژی 17-12-2024 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا کۆدی بایۆمەتری بکاتە ژمارەی وەزیفی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەم کۆدە لە سیستمەکەدا تۆمار دەکرێت.
جەمیل بایک و هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە و موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە رایانگەیاند، دیالۆگى عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا درێژەى هەیە و ئەوان بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ کردووە. ئەو وتانەى قەرەیلان و جەمیل بایک رۆژى شەممە لە پەیامێکى هاوبەشدا هات کە ئاڕاستەى کۆنگرەی نائاسایی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) یان کرد کە لەهۆڵەندا بەڕێوەدەچێت. لەبەشێکى پەیامەکەیاندا هاتووە: ڕۆژهەڵاتی ناوین پێی ناوەتە ناو سەردەمێکی نوێوە کە کوردستانیش دەگرێتەوە و پێشهاتی خێرا ڕوودەدەن. تابێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هاوسەنگی هێز و پەیوەندی نوێ دێنەئاراوە، گەلی کوردیش هەوڵدەدات وەک کارەکتەرێکی چالاک بەشداری ئەم پرۆسەیە بێت. دەقی پەیامەکە بەم شێوەیە: "ئەندامان، دۆست و هەڤاڵانی هێژا؛ سەرەتا سڵاو لە دیوانی کۆنگرە، هەموو دۆست و هەڤاڵانی بەشداربوو دەکەین و بەو هیوایەیین کۆنگرەی گشتی کەنەکە بۆ وڵات و گەلەکەمان سودمەند بێت. دەمانویست ئێمەیش لە کۆنگرەی گشتیی کەنەکەدا ئامادەبین، بە ئەندامێتی ئەم دامەزراوە سەنگینە سەربڵندین. بەڵام لەبەر ئەوە هۆکارانەی کە ئێوەیش دەیزانن، نەمانتوانی لەگەڵتاندا بین و بەشداربین. دەومانەوێت باوەڕ بەوەبکەن کە هەرچەندە دووریشبین و نەتوانین لە کۆنگرەکەدا بەشداربین ئەوا ئەرکەکانمان بە گوێرەی ئامانجەکانی کەنەکە جێبەجێ دەکەین. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) کە ماوەی ٢٦ ساڵە بەبێ وەستان درێژە بە خەباتەکانی دەدات، لە دامەزراندنی خۆیەوە ئەم یەکێتییە نەتەوەییەیی کوردانی کردووەتە رۆژەڤی سەرەکی خۆی و لەپێناو ئەم ئامانجەشدا چەندین کۆنفرانس و کۆبوونەوەی ئەنجام داوە، کار و خەباتی بەڕێوەبردووە. بووە بە نوێنەری دیبلۆماسی گەلی کورد لە دەرەوەی وڵات. بە پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان کوردان، پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان پارت، ڕێکخستن، دامەزراوە و دەزگا مەدەنییەکان و کەسایەتییە سیاسیەکانی کوردەوە؛ ئافراندنی ئایدیا و ستراتیژێکی هاوبەش بووە بە ئامانجی بنەڕەتی کەنەکە کە ئێمەیش ئەندامێکین تێیدا. گەر لەمڕۆدا لە پەیوەندییەکانی نێوان کورداندا دیالۆگ و یەکگرتنی هاوبەش لە ئارادایە، ئەوا کەنەکە بۆئەوە بووە بە بناغە و پلاتفۆڕمی سەرەکی. هەڤاڵانی هێژا؛ ڕۆژهەڵاتی ناوین پێی ناوەتە ناو سەردەمێکی نوێوە کە کوردستانیش دەگرێتەوە و پێشهاتی خێرا ڕوودەدەن. تابێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هاوسەنگی هێز و پەیوەندی نوێ دێنەئاراوە، گەلی کوردیش هەوڵدەدات وەک کارەکتەرێکی چالاک بەشداری ئەم پرۆسەیە بێت. بۆئەمەش بێگومان شتی گرنگ و بنەڕەتی ئەوەیە کورد پەرە بە ستراتیژی هاوبەش بدات. ستراتیژی هاوبەش ئەو پێویستییە دەسەپێنێت کە پارت، ڕێکخستن، دامەزراوە و کەسانی کورد لە هەرچوارپارچەی وڵات و لە دەرەوەی وڵاتیشدا گفتوگۆی هاوبەش بکەن. لەم قۆناغەدا کەنەکە کارێکی گرنگ بە بێ کەموکوڕی پێکدەهێنێت و گەیشتووە بەو ئاستەی بتوانێت باشترین تێکۆشان بکات. بە تەواوی لەوباوەڕەداین کۆنگرەیش بۆ ئەم ئامانجە بڕیاری بەهێز بدات و پلانڕێژی کردبێت. وەک ئاشکرایە، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی بەناوی تەڤگەرمانەوە لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا لە دیالۆگدایە. ئەم پرۆسەیە هێشتا درێژەی هەیە. ئامانجی ئێمەیش لەم پرۆسەیەدا بۆ ئەوەیە لە ڕێگەی دیالۆگەوە بۆ پرسی کورد ڕێگەی چارەسەری بدۆزینەوە. وەک تەڤگەر لەوباوەڕەداین لەم قۆناغەدا لە هەموو شتێک زیاتر بەرپرسیارێتی خۆمان بەجێ گەیاندووە. ئێستا کاتی لایەنەکەی دیکەیە. بەو هیوایەین لایەنی بەرانبەریش ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و بگەین بە دەرنجامێک. بانگەوازی ٢٧ـی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ و پێشکەوتنەکانی دواتر، ڕاستەخۆ کاریگەری لەسەر سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و کوردستاندا کردووە و هەروەها بناغەی یەكێتی لە نێوان کورداندا بەهێز کرد. ئەم بانگەوازییە مێژوویە و سیاسەتەکان کە دواتر پەرەیان پێدرا، گونجاوترین زەمینەی بۆ کوردستان هێنایە ئاراوە تائەوەی لەسەر پلاتفۆڕمی هاوبەش لەسەر بنەمای بەرژوەندییە کورت، مامناوەند و درێژخایەنەکانی گەلەکەمان یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتیک بونیاد بنێن. بەڕاستیش لەبەرئەوەی دەستکەوت و ناسنامەی گەلەکەمان وردە وردە لە دەرەوەی وڵاتەکەمان لە ژیر فشار و هەڕەشەدایە، تێکۆشان بۆ پاراستنیان و بەدەستخستنی مافە نەتەوەیی و دیموکراتیکییەکان هەمیشە بەردەوام بووە و بەردەوامیش دەبێت. هەروەها ئەم تێکۆشانە وابکات ڕێگە بەڕووی هەموو گەلانی دیکەدا بکاتەوە کە لە وڵاتەکەماندا پێکەوە دەژین تائەوەی بگەین مافەکانی خۆمان. هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە، بە تایبەتی ژن و گەنجان، دینمایکی سەرەکی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەن. بەشداری و پشتگریییان دۆزی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک بەهێز دەکات. ئەم بانگەوازییە هەروەها پەرەدان بە پەیوەندی نوێ لەگەڵ هێزە نێونەتەوەییەکان، هێزە هەرێمییەکان، گەلانی هەرێمەکە و کارەکتەری سیاسی دەسەپێنێت. کاتێک کوردان لەگەڵ هێزە نێونەتەوەییەکان و کارەکتەری هەرمێیدا پەرە بە پەیوەندی نوێ دەدەن، دەبێت لە ناخۆی خۆییدا پەیوەندی نزیکتربوونەوە بونیاد بنێن و یەکێتی بەرفراوان و بەهێز بئافرێنن. گەلەکەمان لە هەرچوار بەشی وڵاتەکەمان گەیشتووە بە ئاستێکی زۆر گرنگی ڕێکخستنبوون و هۆشمەندی ئازادی. ئیدی لە دۆخی بێ پێشەنگی، بێ ڕیکخستنی و بێ ئیرادەی سەدساڵی ڕابردوو خۆی ڕزگار کردووە. بەڵام گەر ئەم ماتەوز و ئاڤانتاژەی خۆی بە تێگەشتنێکی هاوبەش و ستراتیژی هاوبەشەو بکات ئەوا دەتوانێت مافەکانی خۆی و ستراتیژیی خۆی بە دەستبخات. کەنەکە یەکێکە لە گرنگترین لایەنەکانی ئەم ئەرک و بەرپرسیارێتییە. ڕۆڵ و ئەرک لە دامەزراندنی کەنەکەدا لەم پرۆسەیەدا زۆر زیاتر بووە. کوردان هێشتا بەتەواوەتی یەکێتی خۆیان بونیاد نەناوە. بابەتی یەکێتی نەتەوەیی ئەرکێکی گرنگی پێشمانە. ڕێبەر ئاپۆ لە کۆتا دیداری خۆییدا جەخت لەسەر ئەم بابەتە دەکات و داوا لە هەموو کەسێک دەکات ئەرکی خۆییان جێبەجێ بکەن. لە کۆنفرانسی لۆزاندا، بڕیار درا کۆنفرانسێکی نەتەوەیی ئەنجام بدرێت. پێویستە کەنەکە لەم ڕووەوە زۆرتر هەوڵبدات و لە چوارچێوەیەکی کاریگەردا بتوانێت کۆنفرانسێکی نەتەوەیی ڕێکبخات. لە ماوەکانی داهاتوودا، وەک ئەندامی تەڤگەر و هاوکات وەک ئەندامی کەنەکە درێژە بە خەباتەکانمان دەدەین بۆ یەکێتی نەتەوەیی کوردان و ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆمان جێبەجێی دەکەین. بەم باوەڕ و بڕیاردارییەوە سڵاو لە کۆنگرەی گشتی دەکەین و هیوای سەرکەوتن بۆ ئیدارەی نوێی هەڵبژێردراو دەخوازین."
چوار گەنجی کورد لە بەریتانیا بەهۆی پاڵپشتی لە داعش و بڵاوکردنەوەی دیمەنی سەربڕین و توندوتیژی، سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنرا. سێ لەو کەسانە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ناوەکانی(تێ. میم ، را.سین ، عەین.ئەلف) لەگەڵ کەسێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی (میم.حا). ئەمانە بەهۆی پڕوپاگهنده بۆ داعش لە گرووپێکی واتسئەپ دەستگیرکران کە دیمەنی سووتاندنی خەلکی و سەربڕینیان بڵاوکردووە. بە گوێرەی راپۆرتی دادگا، دادوەری دۆسیەکە رەخنەی توندی لە یەکێک لەم تۆمەتبارانە گرتووە، لەبەرئەوەی ژیانێکی رۆژئاوایی ژیاوە، کەچی دژی بنەماکانی کۆمەڵگەی رۆژائاوایی جوڵاوەتەوە، بیری توندڕەوی هەڵگرتووە، کەچی سهردانی یانه شهوانهکانی کردووە و هاوڕێی هاوڕەگەزخواز و لەشفرۆشی هەبووە، لەگەڵئەوەشدا به نهێنی، ڤیدیۆی سهربڕین و سووتاندنی سهربازانی بڵاودهکردهوه و پهیامی پشتگیری لە داعشی بۆ ئهندامانی گرووپێک ناردووە. ئهم گرووپه ساڵی 2022 دامهزراوە و دوای ساڵێک گرووپهکه ئاشکرابووە کاتێک تۆمەتبار(عەین.حا) له فڕۆکهخانه دهستگیرکراوە. ئامەن کاتێک ڤیدیۆی سوتانیان بۆ یەکتری ناردووە، لەگەڵێدا نووسیویانە “برژاندنی تیایە، بەتامە.” تۆمەتبارە رۆژهەڵاتییەکە لەبەردەم دادوەر گوتویەتی، ساڵی 2015 هاتوومەتە بەریتانیا بەهۆی ئەوەی مەلا شوان چەکداری ناسراوی داعش، قورئانی فێرکردووم و ناتوانم بگەڕێمەوە کوردستان و ژیانم لە مەترسیدایە. دادوەرەکە پێی دەڵێت: تۆ کەسێکی دووڕووی بەهۆی ئەوەی بە کلتوری رۆژئاوایی دەژیت بەڵام دەتەوێت ئەو کەلتوورە لەناو ببەیت. ئێستا ههر چوار گەنجە کوردەکە لە نێوان چوار بۆ 12 ساڵ سزای زیندانیان بهسهردا سهپێنراوە.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: لە سبەینێوە پڕۆسەی وەرگرتنی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردن دەست پێدەکات، دەشڵێت: پڕۆسەکە ماوەی مانگێك بەردەوام دەبێت. کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردوەتەوە: لە سبەینێ 25ـی ئایارەوە، پڕۆسەی وەرگرتنی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات. ئاماژەی بەوەشکردوە: وەرگرتنی لیستی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردن، بۆ ماوەی مانگێك بەردەوام دەبێت و لە 24ـی حوزەیران کۆتایی پێدێت. تاوەکو ئەمڕۆ لە 66 هاوپەیمانێتى پێشوو، 25 یان ویستیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن پێشانداوە و پێنج هاوپەیمانێتى نوێ پەسند کراون. 11 هاوپەیمانێتى نوێى دیکە لە چاوەڕوانى پەسندکردندان. جومانە غەلاى دەڵێت: "ئەو 11 هاوپەیمانێتییە مامەڵەکانیان پێشکێشکردووە و تەنیا پەسندکردنیان ماوە لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە." هاوکات 16 لیستى سەربەخۆ ویستیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق پێشانداوە کە 11ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ دەکرێت. لە 25ـى ئادارى 2025، کۆمیسیۆن دەرگاى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانى کردەوە و دواى جارێک درێژکردنەوە، تۆماری نوێکردنەوە تاوەکو 23ى ئایار بەردەوام دەبێت کە هەزار و 79 ناوەند بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کراون. بڕیارە 11ـی تشرینی دوەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت.
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی پەیامێکیان ئاڕاستەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد و دەڵێن، مەچنە ژێرباری سەپاندنی زۆرەملێی پرۆژەکانی هەژماری من و ڕووناکی و ڕەتیبکەنەوە. ئەنجومەنەکە لە راگەیەندراوێکدا کە شەوى ڕابردوو بڵاویانکردەوە، ئەم رۆچوونەی دەسەڵات لەناو پێشێلکاری و نادادپەروەریی و قۆرخکارییدا ئاکامی باشی نابێت بۆیان دواجار سەریان لە هەمبانەی چارەنووسی دیکتاتۆرەکانی مێژووەوە دەردەچێت. باسی لەوەشکردووە، یەقینی تەواویان هەیە، پارتی لە ستەم و بێمۆراڵیبوونی حوکمڕانیدا، لووتکەی هەڕەمەکەی بۆ خۆی پاوانکردووە، بەڵام لە دووڕووییدا ناگاتەوە بە یەکێتیدا. ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە راگەیەندراوەیەکدا، دوو بژاردەی خستووەتە بەردەم هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و گوتوویەتی یان ئەوەتا خۆتان رێکبخەنەوە، بە ئیرادەیان بۆ دەسەڵاتی بسەلمێنن، بڕینی قووت، بڕینی دەستی بەدوادادێت، یاخود بە بێدەنگیی و بەدەمەوەنەهاتنی ناڕەزایەتییەکان، دیسان بە دەسەڵات بڵێ، ئەوەی تائێستا کردووتە، کەمە و ستەم و چەوساندنەوە زیاتر و زۆرتر بکەن.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پشتگیری وڵاتەکەی بۆ بەهێزی و خۆڕاگری هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە و، بە پایەی سەرەکی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و عێراق ناوی بردوە. رۆژی هەینی، 23ـی ئایار مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن دی سی پێشوازیی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد. بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 24ـی ئایاری 2025، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە گوتی: "وەزیر روبیۆ و سەرۆکوەزیران بارزانی گفتوگۆیان لەبارەی دەرفەتەکانی پەرەپێدانی زیاتری بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەرێمی کوردستانی عێراق کرد. هەروەها دەشڵێت وەزیر [روبیۆ] ستایشی سەرۆکوەزیرانی کرد بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق کە یارمەتیی عێراق دەدات بەرەو سەربەخۆیی وزە هەنگاو بنێت." تامی برووس دەشڵێت، مارکۆ روبیۆ و مەسرور بارزانی "باسیان لە خواستی هاوبەشیان کرد سەبارەت بە پاراستنی مافەکانی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە عێراق و سووریا. وەزیر [روبیۆ] پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی دووپات کردەوە بۆ هەرێمی کوردستانێکی عێراقی بەهێز و خۆڕاگر وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی ئەو پەیوەندییەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ عێراق هەیەتی." وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، مارکۆ روبیۆ ستایشی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکان و پاڵپشتی خۆیشی بۆ هەرێمی کوردستانێکی بەهێز دووپات کردووەتەوە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی مارکۆ ڕوبیۆ ئەمریکا کۆبوویەوە، مەسرور بارزانى دەڵێت کۆبونەوەیەکى زۆرباش بەسود بوو. دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی لەگەڵ مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، دڵخۆشین کە ئەمریکا پشتیوانییەکی زۆرمان دەکات و داوام لە مارکۆ ڕۆبیۆ کردووە سەردانی کوردستان بکات. مەسرور بارزانی راگەیاند: "کردنەوەی کۆنسووڵخانەی نوێی ئەمریکا و هاتنی زیاتری بەرپرسانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان رەنگدانەوەیەکی ئەرێنی دەبێ." هاوکات وتیشی: "ئومێدەوارم لێدوانی بەرپرسانی عێراق لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراق بیری لێ بکرێتەوە." هەینی 23ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە باڵەخانەی وەزارەتەکە (هاری ئێس تروومان) لە واشنتن کۆبوووە. مەسرور بارزانی بە سەردانێکی فەرمیی لە ئەمەریکایە، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە هەبووە، هەروەها لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆشی لەگەڵ ڕوبیۆ، چەندین پرسی گرنگ تاوتوێ کرن.
بڕیارە سبەى سێیەمین کۆنفرانسى بزووتنەوەى گۆڕان لە سلێمانى بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقیش دەڵێت: پشت بە ژمارەى دامەزرێنەران نابەستن و بەگوێرەى زۆرینەى ئامادەبووان بڕیار دەدەن. بەگوێرەى راگەیەندراوێکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، رۆژى 24ـى ئایارى 2025، بۆ ئەنجامدانى کۆنفرانسى بزووتنەوەى گۆڕان دیاریکراوە. کۆمیسیۆن ئاماژەى بەوەشکردووە، خۆیان سەرپەرشتیى کۆنفرانسەکەى بزووتنەوەى گۆڕان دەکەن و لە کۆنفرانسەکەدا پشت بە ژمارەى دامەزرێنەران نابەستن و بەگوێرەى زۆرینەى ئامادەبووانى کۆنگرە بڕیار دەدەن. هاوکات، سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەى گۆڕان- راگەیاند، بە هەموو هێزى خۆیانەوە بەشدارى لە کۆنفرانسەکە دەکەن و دەیانەوێت گۆڕان بخەنەوە سەر رێچکە ئەسڵییەکەى خۆى. گوتیشى، دەیانەوێت گۆڕان ئەو دەستوورە جێبەجێبکات کە بەدەستى نەوشیروان مستەفا نووسراوە و لەگەڵ ئەوەدان دەستوور بکرێتە بنەماى کارەکانیان و رێکخەرى گشتى و خانەى راپەڕاندن لەلایەن جڤاتى نیشتمانیى بزووتنەوەکەوە هەڵببژێردرێت، ناشیانەوێت لەناو کۆنگرە و کۆنفراسدا رێکخەرى گشتى و خانە هەڵبژێرن. شاخەوان رەئوف، هەڵسووڕاوى بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند، ئامادەکاریى تەواویان بۆ کۆنفرانسەکە کردووە و بەشدارى لە کۆنفرانسەکەى سبەى دەکەن. گوتیشى، ئەوان خۆیان خاوەنى گۆڕانن و ئومێد دەکەن پرۆسەکە بەباشى بەڕێوەبچێت. کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان رۆژى 26ـی نیسانى بۆ ئەنجامدانى سێیەمین کۆنفرانسى بزووتنەوەى گۆڕان دیاریکرد کە لە هۆڵى ئاشتى شارى سلێمانى بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆى ئامادەنەبوونى زۆرینەى دامەزرێنەرانى حیزبەکەوە کۆنفرانسەکە رێژەى یاسایى تەواونەکرد و بەکراوەیى بەجێهێڵدرا. بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009 دامەزراوە و ئێستا بەسەر دوو ئاڕاستەدا دابەشبووە، ئاڕاستەیەک لە گردی زەرگەتە رۆژى 5ـی نیسان کۆنفرانسى ئەنجامدا، بەڵام ئاڕاستەکەی دیکەی بزووتنەوەکە کە بنکەی سەرەکییان لە گەڕەکی کوردساتی شاری سلێمانییە، بڕیاربوو رۆژى 10ـی نیسان کۆنفرانس ببەستن، بەڵام دواخرا.
سەرچاوەیەک رایگەیاند، لە سنووری ئێران و تورکیا تەقە لە ژمارەیەک کۆچبەر کراوە و بە هۆیەوە دوو گەنجی کورد کوژران، کە خەڵکی سلێمانین. یەکێک لەو کۆچبەرانەی کە تەقەیان لێکراوە وتى، ژمارەمان 15 کۆچبەر بووە و ویستوومانە لە سنووری ئێرانەوە بچینە تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لە کاتی پەڕینەوە لە سنووری ئێرانەوە بۆ تورکیا، لە لایەن هێزێکی ئەمنیی تورکیاوە تەقەمان لێکراوە و بەو هۆیەوە دوو کەسمان کوژراون کە خەڵکی سلێمانین. ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، دەمانەوێت کەسوکاریان ئاگادار بکرێنەوە لە رووداوەکە و لە ئێستادا تەرمی ئەو دوو گەنجە لە پزیشکی توێکاری وانە.
وەزارەتی نەوتی عێراق پێشوازی لەکارکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتیی و گازییەکان لەڕێگەی پەیوەندی و گرێبەستی ڕاستەوخۆ دەکات، بەڵام دەڵێت مامەڵەکردنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەبێ پرسی ئەوان "نادەستوورییە". ئەمڕۆ هەینى 23ـی ئایارى 2025، وەزارەتى نەوتى عێراق لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند: "هەمیشە هەوڵ دەدەین و پێشوازیکارین لە کارکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانى ئەمریکا بۆ پەرەپێدان بە کێڵگەکانى نەوت و گاز لە رێگەى پەیوەندى و گرێبەستى راستەخۆ، کە دەستوور و بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى بڕیارى لەسەر داوە." وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند گرێبەستەکانیان لەگەڵ کۆمپانیاکانى ئەمریکا لە کەرتەکانى دیکەى نەوت بەردەوامە، وەک هەڵکەندنى بیرە نەوت و خزمەتگوزارى نەوتی و راوێژکارى. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت: هەمیشە هەوڵ دەدەین و پێشوازیکارین لە کارکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانى ئەمریکا بۆ پەرەپێدان بە کێڵگەکانى نەوت و گاز لە رێگەى پەیوەندى و گرێبەستى راستەخۆ، کە دەستوور و بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى بڕیارى لەسەر داوە، گرێبەستەکانیان لەگەڵ کۆمپانیاکانى ئەمریکا لە کەرتەکانى دیکەى نەوت بەردەوامە، وەک هەڵکەندنى بیرە نەوت و خزمەتگوزارى نەوتی و راوێژکارى، وەزارەتى نەوت هیچ رێگری و تێبینییەکى نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە ئەوە نەبێت کە راستەخۆ مامەڵە لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان بەدەر لە حکومەتى فیدراڵى و کەناڵە فەرمییەکانى، کە ئەوە پرسێکە پێچەوانەى دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانە.
لەڕاپۆرتێکدا ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، بڵاویکردوەتەوە کە ئاڵدار خەلیل، سیاسەتمەداری دیاری کورد دەڵێت، پارتە کوردییەکانی سوریا بەمزوانە شاندێک دەنێرن بۆ دیمەشق بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئایندەی سیاسی ناوچەکەیان، لە چوارچێوەی هەوڵەكانیان بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی، سەرەڕای دژایەتی دەسەڵاتدارە ئیسلامییەکان نوێیەكانی سوریا. مانگی رابردوو گروپە کوردە رکابەرەکان لە سوریا، دیدگایەکی هاوبەشیان راگەیاند، كە داوای یەکخستنی ناوچە کوردییەکانیان دەكات وەک یەکەیەکی سیاسی و ئیداری لە چوارچێوەی سوریایەکی فیدراڵیدا، بە ئامانجی پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کورد بەدەستیهێناوە لە کاتی شەڕدا. ئاڵدار خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)، هێزی باڵادەست لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، بە رۆیتەرزی وتووە: بەڵگەنامەی دیدگای کوردی دەبێتە بنەمای دانوستان لەگەڵ دیمەشق و شاندەكە نزیكە لە ئامادەبون بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ دیمەشق. بەڵام رەنگە روبەڕروی هەندێک زەحمەتی ببینەوە، چونکە هەڵوێستیان هێشتا توندە. خەلیل، ئەو هەنگاوانەی كە دیمەشق لە رابردودا گرتویەتیەبەر بە تاکلایەنە وەسف کرد، وتيشى: بەڵام ئێمە بەدوای گفتوگۆ و بەشداریکردندا دەگەڕێین. لەدوای کوشتنی بە کۆمەڵی ئەندامانی کەمینەی عەلەوییەکان لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوو لەلایەن چەکدارە ئیسلامییەکانەوە لە ناوچەی کەنارەکانی رۆژئاوای سوریا، داواكارییەكان بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی لە سوریا پەرەیسەندووە و، بەشێک لە عەلەوییەکانیش داوای حوکمڕانی ناناوەندێتی دەکەن. خەلیل دەشڵێت، رۆڵی ئەو هێزە ئەمنییانەی کورد سەرکردایەتیان دەكات دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەلامەتی ئەم ناوچەیەیە، ئەگەر ئەمە لە رووی دەستوری و یاسایی و سیاسییەوە گەرەنتی نەکرێت، ئەوا گفتوگۆکردن لەسەر پرسی چەک بێهودە دەبێت. پێشبینیش دەکات ئەو هەنگاوەی پەکەکە کاریگەری لەسەر هەڵوێستی تورکیا هەبێت سەبارەت بە سوریا. وتیشی: تورکیا بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان و ئەو گروپانەی كە نزیك لێوەی، كردووەتە بیانوو بۆ هێرش بۆ سەر باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، چیتر تورکیا پاساوێکی نامێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکەمان.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، ناردنی لیستی مووچە دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، واتا ڕۆژی یەکشەممە کە دەکاتە 25ـی مانگ یان ڕۆژی دواتر دووشەممە. ئەمەش لەکاتێکایە دوێنێ پێنج شەممە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، داهاتی ناوخۆی بۆ مانگی چوار خستە سەر هەژماری بانکی لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. کارکردن لەسەر ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی پێنج بەردەوامە، بە ئامانجی ئەوەی پێش جەژن مووچەی فەرمانبەران خەرج بکرێت. ئەو سەرچاوەیەى وەزارەتی دارایی هەرێم پێنجشەممە ئامادەکردنی لیستی مووچە تەواو کراوە، بەڵام هێشتا لیستەکە بۆ بەغدا نەنێرداوە بۆ بەغدا بەهۆی پشووی هەفتانەوە. ئەندامێکی شاندی کوردستان کە مانگانە سەردانی بەغدا دەکەن بۆ پرسی مووچە، ئەگەر تاوەکو یەکشەممە لیستی مووچەمان بەدەست بگات، ئەوا یەکشەممە دەچینە بەغدا و لیستی مووچەش لەگەڵ خۆمان دەبەین. ڕادەستکردنی 50%ـی داهاتی نانەوتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە بەغدا، یەکێکە لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی ئەمساڵ بۆ ناردنی مووچە، بۆ مانگی سێ نزیکەی 50 ملیار ڕادەستی بەغدا کرا. ئیتر هەفتەی داهاتوو لە وەزارەتی دارایی عێراق وردبینیکردن لە لیستی مووچە دەستپێدەکات و چەند ڕۆژێک دەخایەنێت. بەپێی ڕێكکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، دەبێت هەرێمی کوردستان مانگانە 50%ـی داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغدا بکات، دوای هەموو 10ـی مانگێکیش دەبێت تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی پێشتر ئامادەبکات و ڕەوانەی بەغدای بکات. ئەمە ئەرکەکانی حکومەتی کوردستانن لەبارەی مووچە، ئیتر ناردنی پارە دەکەوێتە سەر وەزارەتی دارایی عێراق.
وەزارەتى کارەباى عێراق رایگەیاند، بەهۆى کەمبوونەوەى هەناردەى گازى سروشتى لە ئێرانەوە بۆ عێراق، بەرهەمهێنانى کارەبا سێ هەزار و 500 مێگاوات دابەزیوە، ئاڵنگاریی گەورەش لە مانگى حوزەیرانى داهاتوودا دەبێت، ئەگەر رۆژانە 55 ملیۆن مەتر سێجا گازى سروشتى نەگات، بڕى کەمبوونەوەى کارەبا دەگاتە پێنج هەزار و 500 مێگاوات. وەزارەتى کارەباى عێراق لە راگەیەندراوێکدا لە زارى سەعد فەریح، بەڕێوەبەرى سووتەمەنى لە وەزارەتی کارەبا ئاماژەى بەوەکردووە، لە مانگى ئایاردا هەناردەى گازى سروشتى لە ئێرانەوە بۆ عێراق بەشێوەیەکى بەرچاو کەمیکردووە و لە 45 ملیۆن مەتر سێجاوە دابەزیوە بۆ 20 ملیۆن مەتر سێجا، ئەوەش وایکردووە، بەرهەمهێنانى کارەبا سێ هەزار و 500 مێگاوات کەمبکات. بەگوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتى کارەبا، ئاڵنگاریی گەورە لە مانگى حوزەیرانى داهاتوودا دەبێت، بەو پێیەى پێویستە رۆژانە 55 ملیۆن مەتر سێجا گازى سروشتى لە ئێرانەوە بگاتە عێراق، لە حاڵەتى بەردەوامبوونى دۆخى ئێستاش، بەرهەمێنانى کارەبا پێنج هەزار و 300 مێگاوات کەمدەکات. گوتیشى، چاوەڕێی تەواوبوونى پرۆژەى سەکۆى سەرئاوکەوتوون کە لە ئێستادا لە بەندەرى خۆرزوبێر جێبەجێدەکرێت بۆئەوەی گازى سروشتى لە وڵاتانى کەنداو و وڵاتانى دیکەى عەرەبى و بیانییەوە لێ بهێنرێتە ناو عێراقەوە. بەگوێرەى بڕى گازى هەناردەکراو لە ئێرانەوە، بەرهەمهێنانى کارەبا لەعێراق، دەگۆڕێت و رۆژانە لەنێوان 18 بۆ 20 هەزار مێگاوات کارەبا دابیندەکات، لەکاتێکدا عێراق پێویستى بە 40 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە.