کۆبوونەوەی وەفدی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هەسەدە لەگەڵ حکومەتی سوریا کۆتایی هات و وەزیری بەرگریی سوریا رایگەیاند: لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ لەسەر ئاگربەستی دەستبەجێ رێککەوتووین. مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا دەڵێت، لە دیمەشق لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەتەوە و بڕیار لەسەر ئاگربەستێکی سەرتاسەری دراوە.    وەزیری بەرگریی سووریا ئاماژە بەوە دەدات، راگرتنی شەڕ هەموو پێگە سەربازییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەگرێتەوە.  مرهف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری لە حکومەتی سوریا، رایگەیاند کە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ ئاگربەستێکی گشتگیر و دەستبەجێ لە باکور و باکوری رۆژهەڵاتی سوریا. ئەبو قەسرە لە لێدوانێکدا کە لە دیمەشقی پایتەختەوە بڵاوی کردەوە، وتی: "کەمێک لەمەوبەر لە دیمەشقی پایتەخت چاوم بە بەڕێز مەزڵووم کۆبانێ کەوت و رێککەوتین لەسەر راگرتنی تەواوەتیی تەقە لە سەرجەم میحوەر و خاڵە سەربازییەکانی باکور و باکوری رۆژهەڵاتی سوریا." وەزیری بەرگری جەختیشی کردەوە کە "جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە دەستبەجێ دەست پێدەکات." ئەم راگەیاندنە لە کاتێکدایە کە وەفدێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی مەزڵووم کۆبانێ، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار، لە دیمەشقن. بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، مەزڵووم عەبدی چووە دیمەشق و میدیاکانی نزیک لە هەسەدە ڕایانگەیاندووە، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی ڕاگوزەری سووریا کۆبووەتەوە. تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەیان، وەستاندنی یەکجارەکی شەڕ بوو لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب.  شەوی ڕابردوو (دووشەممە، 06ـی تشرینی یەکەمی 2025)، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی نوێی سووریا هێرشیان کردە سەر هێزە ئەمنییەکانی هەردوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود) و شەڕەکە تا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 07ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەردەوام بوو.  وەزارەتی بەرگرییی سووریا هەسەدەی تۆمەتبار کرد، بەڵام هەسەدە بە ڕاگەیێندراوێک وێڕای رەتکردنەوەی تۆمەتەکان، ئاڵۆزییەکانی خستە ئەستۆی هێزەکانی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی ڕاگوزەری سوور

بەوتەی ساڵح موسلیم، لە شەڕ و ڕووبەڕووبونەوەکانی دوێنێی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دوو کەس شەهیدن و 60 کەسیش بریندارن. ساڵح موسلیم، ئەندامی ئەنجومەنی هاوسەرۆکی پەیەدە ڕاگەیاند، لەو هێرشەی دوێنێی هێزەکانی حکومەتی سووریا بۆسەر دوو گەڕەکە کوردییەکەی حەلەب، دوو کەس شەهید بوون و 60 کەسیش بریندارن. ساڵح موسلیم دەشڵێت: ئەمڕۆ شاندێک بە سەرۆکایەتی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر و ڕۆهلات عەفرین، فەرماندەی گشتی یەپەژە لە دیمەشقن و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆدەبنەوە. کۆبوونەوەکە تایبەتە بە میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاداری ئەمساڵ.  لەماوەی دوو ڕۆژدا شەڕ و ڕووبەڕووبونەوەی گەورە لەنێوان ئاسایشی ناوخۆیی و خەڵکی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود و هێزەکانی نزیک لە دیمەشق ڕوویداوە. لەلایەن هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا بە چەکی قوورس هێرش کرایە سەر هەردوو گەڕەکەکە. لەلایەکى دیکەوە پەیوەست بەگرژیەکانى شەوى رابردوو، شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیشتنە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە.   شاندەکە، بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدییە و هەریەکە لە ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر و رۆژهەڵات عەفرین، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) یاوەری دەکەن.   بەگوێرەی زانیارییەکان، شاندە کوردییەکە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە کۆبوونەوەدان.   لە کۆبوونەوەکانی شاندی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و سەرۆکی سووریا، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و ئەدمیراڵ کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ئامادەن.

لە کاتێکدا تا دێت گرژییەکانی نێوان هەسەدە و ‌حکومەتی کاتیی سووریا زیاتر تەشەنە دەسێنن، ڕۆژنامەی تورکیا نزیک لە ئاک پارتی بڵاویکردەوە بەشێوەیەکى فەرمى بانگهێشتى وەزیرى دەرەوەى سوریا کراوە بۆ ئەنقەرەو بڕیارە سبەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی تورکیا کۆ ببنەوەـ بەپێى ڕاپۆرتى ڕۆژنامەکە ئەگەر هەسەدە تیکەڵی سوپای سووریا نەبێت، ئەوا هەردوو سوپای تورکیا و سووریا پێکەوە ڕووبەڕووی هەسەدە دەبنەوە. ڕۆژنامەی تورکیا بڵاوی کردووەتەوە بڕیارە سبەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هاوتا سوورییەکەی، ئەسعەد ‌حەسەن شەیبانی کۆببنەوە و یەکێکیش لە تەوەری گفتوگۆکانیان پرۆسەی تێکەڵبوونی هەسەدە دەبێت لەگەڵ سوپای نوێی سووریا. ڕۆژنامەکە لە زاری گەورە بەرپرسانی تورکیاوە سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی تورکیا مانەوەی هەسەدە وەک هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی سووریا و ئاسایشی نیشتمانیی خۆی دەزانێت، ئەگەر هەسەدە تێکەڵی سوپای نوێی سووریا نەبێت ئەوا تورکیا پشتیوانی لە سووریا دەکات و سوپای تورکیا و سووریا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش بۆ سەر هەسەدە ئەنجام دەدەن. ئەم بانگێشتەى وەزیرى دەرەوەى سوریا لەکاتێکدایە شەوی دووشەممە 06ـی ئۆکتۆبەری 2025، نزیک کاژێر 04:00ـی ئێوارە، هێزەکانی ئاسایشی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا، رێگە سەرەکییەکانی هەردوو گەڕەکی کوردنیشینی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود)یان بە بەرزکردنەوەی خۆڵ بەربەست کرد و داخست.   دوای داخستنی رێگەکانی ئەو دوو گەڕەکە، کوردانی ناوچەکە رژانە شەقامەکان، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع سەرەتا بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خەڵکیاندا، بەڵام دواتر ئاڵۆزییەکان فراوان بوون و بە تەقە خەڵکیان ناچار کرد بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.   بەگوێرەی نەخۆشخانەی گەڕەکی شێخ مەقسوود بۆ رووداو، لە رووداوەکانی دوێنێدا کەسێکی سڤیل کوژراوە و 50 کەسیش بریندار بوون.   بۆ هۆکاری دەستپێشخەری شەڕەکەی شەوی رابردوو، وەزارەتی بەرگرییی حکومەتی کاتیی سووریا هەسەدەی تۆمەتبار کرد، بەڵام هەسەدە بە راگەیێندراوێک وێڕای رەتکردنەوەی تۆمەتەکان، ئاڵۆزییەکانی خستە ئەستۆی هێزەکانی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا. هاوکات ئەمڕۆ شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیشتنە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە.   شاندەکە، بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدییە و هەریەکە لە ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر و رۆژهەڵات عەفرین، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) یاوەری دەکەن.

  شاندێکی باڵای هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی گەیشتە دیمەشق. ئەم سەردانە ئامانج لێی بەشداریکردنە لە کۆبوونەوەیەکی گرنگی سێقۆڵی، کە تێیدا نوێنەرانی کورد و حکومەتی سووریا و لایەنی ئەمریکی ئامادەن، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی باکووری و رۆژهەڵاتی سووریا. میدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستان دەڵێن شاندی کوردی بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، پێکهاتووە لە رۆیهات عەفرین و ئیلهام ئەحمەد. ئەم سێ کەسایەتییە باڵایە نوێنەرایەتی پێکهاتەی بەڕێوەبەریی خۆسەر و هەسەدە دەکەن بۆ تاوتوێکردنی چارەنووسی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان لەگەڵ دیمەشق و واشنتن.   لە کۆبوونەوەکەدا، ئەدمیرال کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) و تۆم باراک، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەشدارن. کە رۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە پڕۆسەی گفتوگۆکان.   لایەنی حکومەتی سووریا بە نوێنەرایەتیی ئەسعەد شەیبانی و ئەحمەد شەرەع ئامادەن، چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان سەبارەت بە پرسی پەیوەندیی نێوان هەسەدە و دیمەشق بێت. ئەم هەنگاوە دوای کۆبوونەوەیەک دێت کە لە ٦ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی مەزلوم عەبدی، ئیلهام ئەحمەد، ڕۆهلات عەفرین، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، غەسان ئەلیوسف و سەرۆکی پارتی سوریای داهاتوو، عەبدولحەمید ئەلمەهباش، لەگەڵ نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا، تۆم باراک و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM)، عەدمیرال براد کوپەر کە سەرۆکایەتی شاندێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد..

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی جەخت لە پشتیوانیی حکوومەت بۆ گەنجان و پڕۆژە بچووکەکان دەکاتەوە و دەڵێت، گەنجانی کوردستان توانیویانە لە بواری تەکنەلۆژیادا، داهێنان بکەن.  ئەمڕۆ سێ شەممە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، شەشەم گەورەترین پێشانگای تەکنەلۆژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەورەترین پلاتفۆرم و پێشانگە و کۆنفرانسی لە کوردستان و عێراق بۆ تەکنەلۆژیا لە هەولێر کردەوە. مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران  لە پێشانگای هایتێکسدا ڕایگەیاند: دەستخۆشی لە ڕێکخرانی پێشانگەکە دەکەم و کاریکی باشیان کردووە، ئەمە چەند ساڵیکە من بەشدار دەبم و هەر ساڵ دەبینم پێشکەوتنی زیاتر لە پێشانگەدا هەیە، خەڵکێکی شارەزا لەناو کوردستان هەڵکەوتوە، گەنجەکانمان توانیویانە داهینان بکەن و بەشداربن لەم پێشکەوتنە تەکنەلۆژیەی ئێستا لە سەرتاسەری جیهان هەیە. هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی، حکومەت یارمەتیی هەموو ئەو بزنسمان و داهێنەرانە دەدەن کە ئامادەن خۆیان کار بکەن، وتیشى: . جێگەی دڵخۆشییە و ئومێد زۆرم کە کوردستان ئایندەیەکی گەشتری دەبێت. سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی "خەڵکانێکی زۆر شارەزا لەناو خودی کوردستان هەڵکەوتوون و گەنجەکانمان توانیویانە هەم داهێنان بکەن و هەم بەشداربن لەم پێشکەوتنە تەکنەلۆجییەی کە ئێستا لەسەرانسەری جیهاندا هەیە." لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە چۆنییەتی پشتیوانیکردنی ئەو گەنجانەی کە پڕۆژەی بچووکیان هەیە؟ مەسرور بارزانی دووپاتیکردەوە "حکوومەت پشتیوانە و یارمەتی هەموو ئەو بزنسمان و داهێنەرانە دەدات کە ئامادەن خۆیان کار بکەن. حکوومەت بێگومان پشتیوان دەبێت و بەردەوام دەبین لەو پشتیوانییە."

 ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بە هێرشی هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و بەتوندیی هێرشەکە شەرمەزاردەکات، دەڵێت: "ئەوەی لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ڕوودەدات، بەردەوامیدانە بە ڕەفتارە نەژادپەرستییەکان و چەسپاندنی سیاسەتی دابەشکاری کە حکومەتی کاتی پەرەی پێ دەدات. لە نیوەڕۆی دووشەممەوە لە هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی شاری حەلەبی سووریا، ئاڵۆزی لەنێوان هێزەکانی سەر بە هەسەدە و هێزەکانی حکومەتی دیمەشق دروستبوو. هاوسەرۆکی گەڕەکەکان دەڵێت، حەوت رێگەی هاتووچۆ لەو دوو گەڕەکە هەن سەرجەمیان لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە داخران و هاتووچۆیان قەدەخە کرد.  هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئاشکرایە، هیچ وانەیەک لە ڕووداوەکانی کەناراوەکان و سوەیدا وەرنەگیراوە. هەمان زیهنیەت و ڕێباز باڵادەستە، ئەمەش سووریا پەلکێش دەکات بۆ کارەسات و وێرانکاریی. بۆیە بانگەواز لە هەموو سوورییە ئازادیخواز و شکۆمەندەکان دەکەین، پشتیوانی لە گەلەکەمان بکەن لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە. داوا لە هەموو هێزە دیموکراتیکەکانی سووریا و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەین ئەم سیاسەتەی حکومەتی کاتیی سووریا بوەستێنن. ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات، غیابی جددییەتە لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سەراپاگیر بۆ پرسە نیشتیمانییە هەڵپەسێردراوەکان، دەریدەخات هەندێک لایەن هێشتا پەنا بۆ زمانی چەک و شەڕی ناوخۆ دەبەن لەبری دیالۆگی بنیاتنەر و کاری هاوبەش بۆ بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراتیک و فرەپارێز کە هەموو ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە بگرێتەخۆ. ئێمە لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، سەرەڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشانە، بەرپرسیارێتیی ئاکامەکانی ئەم هێرشە دەخەینە ئەستۆی لایەنە هێرشکەرەکان، بانگەواز لە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەین، هەڵوێستی نیشتیمانی و مرۆیی نیشان بدەن، پشتیوانی لە خۆڕاگری و بەرخۆدانی ڕەوای خوشک و براکانیان بکەن دژی ئەم هێرشانە. هەروەها بانگەواز لە هەموو پێکهاتەکانی سووریا دەکەین، یەکبگرن دژی هەموو هەوڵێکی ئاژاوەگێڕیی لەنێوان ڕۆڵەکانی وڵاتدا، ڕێگە نەدرێت بە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان بەسەر سوورییەکاندا. ئێمە جەخت دەکەینەوە، ڕێگەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک، تاکە ڕێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریا، بەئامانجگرتنی هاووڵاتیان و شوێنە مەدەنییەکان تەنها ماڵوێرانی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت".

چەند کاتژمێرێکە  هەر دوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشڕەفیەی کوردنشینی شاری حەڵەب لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی گشتی دیمەشق  پەلاماردراوەو شەڕ هەڵگیرساوە و دوای ماوەیەکی کورت چەتەکانی وەزارەتی بەرگری و چەتەکانی حەمزات و عەمشاتی جاشی تورک بۆ هاوکارى ئەوان چونەتە لاى هێزەکانى ئەحمەد شەرع، ئەو پەلاماردانە ناڕەوایەى ئەو دوو گەڕەکەی شاری حەڵەب .  تا ئێستا شەڕ و پێکدادان ناوبەناو درێژەی هەیە بانگخوازە توندڕەوەکانی سوریاش بانگەوازی ( حی علی الجهاد ) یان دەستپێکردوە و کۆمەڵێ ڕەش و ڕووتی عەشایەرەکانی ئیدلیب و حەما خەریکە بە ڕێدەکەون بەرەو شاری حەڵەب، هەرچەندە تا ئێستا شەڕ نەگەیشتۆتە ناو جادەکان و ئەوەی هەیە بە چەکی دۆشکە و دور مەودا خەریکە ئاگری شەڕەکە گەرمتر دەکەن. هێزەکانی سوپای ڕزگاری عەفرین و هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاڤا زانیاری تەواویان لە بەردەستدا بووە کە چەتەکانی بەرەی نوسرە و بەکرێگیراوەکانی تورک خەریکی هێز کۆکردنەوە و گرتنی هەموو ئەو ڕێگایانەن کە بۆ ئەو دوو گەڕەکە دەچن، بەڵام ئەمشەو دوای کۆبونەوەی خەڵکی دوو گەڕەکەکە و ڕاپەڕینیان بە دار و بەرد دژی هێزەکانی ئاسایشی شاری حەڵەب ، گرژی ئاڵۆزیەکان بوون بە ڕاستی و دۆخەکە تەقیەوە و شەڕە تەقە لە هەر دوو لاوە دروست بوو، تا ئێستاش ناوبەناو درێژەی هەیە . شایانی باسە  ۱٤ ساڵ زیاترە ئەو دوو گەڕەکە بەهۆی ئازایەتی و خۆ قایمکردنی نیشان شکێنە کوڕ و کچەکانی کورد  توانیویانە ئاسایش و ئارامی ئەو دوو گەڕەکە بپارێزن کە ڕێژەی دانیشتوانەکەی دەگاتە ۷٠٠ هەزار کەس و زۆرینەی ڕەها کوردن و بەشێکی عەڕەب و مەسیحیش لە خۆ دەگرێ . هەر چەندە هەوڵێکی زۆر لە ئارادایە کە ئاگری شەڕەکە کپ بکرێتەوە ، بەڵام ئەو چەتە و پیاو کوژانە وادەزانن کە هەر وەکو خەڵکی بێدەسەڵاتی عەلەوی و دروزەکانن و زۆر بە ئاسانی دەتوانن پاکتاویان بکەن . نازانن کە شێرە کوڕان و کچان و ڕق ئەستورەکانی شاری عەفرینن و چاوەڕێی ئەو ڕۆژەن کە تۆڵەی کەسوکاریان بکەنەوە . بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە، پارێزگای حەلەب دەوامی سەرجەم فەرمانگەکانی راگرت و تاقیکردنەوەی قوتابخانە و زانکۆکانیشی دواخست، جگە لەو فەرمانگانەی کە خزمەتگوزاریی بەپەلە پێشکەش دەکەن.

میدیای فەرمیی حکومەتی سووریا رایگەیاند، هێزەکانی حکومەتی سووریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەدوای چەند کاژێرێک لە شەڕوپێکدادانی سەخت لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب، لەسەر ئاگربەستێکی کاتیی لەو ناوچانەی شارەکە رێککەوتن.   بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، تەلەڤزیۆنی فەرمیی سووریا رایگەیاند، بەهۆی شەڕوپێکدادانەکانی شەوی دووشەممەی گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب، لانیکەم ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا کوژراوە و هاوڵاتییەکیش لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا کوژراوە.   بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، لەبارەی شەڕوپێکدادانەکانی شەوی دووشەممە، هێزەکانی حکومەتی سووریا لەرێگەی بەکارهێنانی درۆنەوە، هێرشیان کردووەتە سەر هەردوو گەڕەکی کوردنشینی شاری حەلەب؛ شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە. لای خۆیەوە، عەزام غەریب، پارێزگاری حەلەب دووپاتی کردەوە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری کار بۆ پاراستنی سەلامەتی و ئاسایشی هاوڵاتیان دەکەن و هیچ نیازێکیان نییە بۆ هیچ پەرەسەندێكی سەربازی. پارێزگار حەڵەب لە تۆڕی کۆمەڵایەتی رایگەیاندووە: بڵاوکردنەوەی هێزەکانی حکومەت لە دەوروبەری شارەکە، دوای چەندین پێشێلکاری بەردەوام دێت کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموكراتەوە لە ماوەی رابردوودا ئەنجامدراون و، پاشماوە لە یاسا دەرچووەكان پشتیوانیان دەكەن پەنایان بردبووە ئەوێ. لە بەرامبەردا، هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند: ئەوەی روودەدات ئەنجامی دەستدرێژی گروپە چەكدارەكانی سەربە حكومەتی دیمەشق و هەوڵەكانیان بۆ پێشڕەویكردن بە تانک، جەختیشکردەوە، هێزەکانیان لە حەلەب کشاونەتەوەو هیچ ئامادەبونێكیان نییە لەوێ‌. هەسەدەئاماژەی بەوەشكردووە: هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن تۆمەتی درۆ بڵاودەکەنەوە بەوەی کە هەسەدە خاڵە پشکنینەکانی سەر بە چەکدارانی حکومەتی دیمەشقی لە دەوروبەری گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودی شاری حەلەب کردۆتە ئامانج.

هێزەکانى سوریاى دیموکرات ڕایدەگەیەنن ئەوەی لە حەلەب دەگوزەرێت، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئیستفزازی گروپەکانى  حکومەتی کاتیە. هێزەكانی حكومەتى سوریا جوڵەیان بەرەو ناو شاری حەلەب كردووە و ئێستا شەڕ لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و هە.،سەدە لە گەڕەكە كوردییەكانی وەك ئەشرەفییە و شێخ مەقسود هەیە، بە پێی زانیاریی تۆڕی سكای نیوز ئەندامێكی هێزە ئەمنییەكانی سوریا كوژراوە و سێی دیكەش بریندارن. هەسەدە لەڕاگەیەندراوێکیدا دەڵێت: هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن تۆمەتی درۆ بڵاودەکەنەوە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات خاڵەکانی پشکنینی سەر بە چەکدارانی حکومەتی دیمەشقیان لە دەوروبەری گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە شاری حەلەب کردۆتە ئامانج. ـ هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕەتیدەکەنەوە خاڵە پشکنینەکانی سەر بە هێزەکانی حکومەتی ئینتقالی لە دەوروبەری ئەشرەفیە و شێخ مەقسود بکەنە ئامانج ـ هێزەکانمان لەدوای کشانەوەی ئێمەوە بەپێی لێکتێگەیشتنی یەکی نیسان لە ناوچەکەدا ئامادە نەبوون. ـ ئەوەی لە ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود دەگوزەرێت، دەرئەنجامی هێرشی دووبارەی گروپەکانى حکومەتی دیمەشقە بۆ سەر خەڵکی سڤیل. ـ گروپەکانی حکومەتی دیمەشق گەمارۆی ئەمنی و مرۆیی خنکێنەر بەسەر گەڕەکەکاندا دەسەپێنن و پێداویستی فریاگوزاری و پزیشکی دەبڕن. هەروەها دەڵێن: ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم تۆمەتانە بە تەواوی درۆن. هێزەکانمان لە دوای کشانەوەیانەوە بەپێی ڕێککەوتنی یەکی نیسان لە ناوچەکەدا ئامادە نەبوون. ئەوەی لە گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود دەگوزەرێت، دەرئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی دووبارەی گروپەکانى حکوومەتی دیمەشقە لە دژی خەڵکی مەدەنی. ناوەڕۆکى ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش دەخاتەڕوو کە  ئەوان گەمارۆی ئەمنی و مرۆیی خنکێنەریان سەپاندووە، یارمەتی و پێداویستییە پزیشکییەکانیان بڕیوە، زۆرێک لە دانیشتووانیشیان ڕفاندووە و بەردەوام بوون لە ئیستفزازی ڕۆژانەیان دژی دانیشتووان لە بازگەکان و دەوروبەری گەڕەکەکان. لەم دواییانەدا بەربەستی زەوییان لە دەوری گەڕەکەکان داناوە و گەمارۆیان سەپاندووە. هەسەدە دەشڵێنن: لە هەڵکشانێکی مەترسیداردا، ئەم کوتلانە بە تانک و زرێپۆشەوە هەوڵی پێشڕەوی دەدەن و گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون بە گوللە هاوەن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەنە ئامانج و لە ئەنجامدا زیانی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی و زیانی ماددی بەرفراوان لێدەکەوێتەوە. ئەم کارانە دانیشتووانی ئیستفزازی کردووە، وای لێکردووە شانبەشانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەردوو گەڕەکەکەدا بەرگری لە خۆیان بکەن، کە ئەرکی خۆیان بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری جێبەجێ دەکەن. ئێمە حکومەتی دیمەشق بە تەواوی و ڕاستەوخۆ بە بەرپرسیار دەزانین لە بەردەوامی گەمارۆ خنکێنەر و پێشێلکارییە سیستماتیکییەکان بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی، هەروەها لە پەرەسەندنی مەترسیدار لەم دواییانەدا، کە ئازارەکانی دانیشتوان گەورەتر دەکات و سەقامگیری ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە و بێبایەخکردنی بە ئەنقەست بۆ ژیان و کەرامەتی خەڵک ئاشکرا دەکات. داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان دەکەین کە هەنگاوی بەپەلە و کاریگەر بگرنەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم گەمارۆ ناڕەوا و ڕاگرتنی هێرش و ئیستفزازی سیستماتیکی دژی خەڵکی مەدەنی.

میدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستان بڵاویانکردەوە کەمێک لەمەوبەر شەڕ و پێکدادان و توندوتیژى لە نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و حکومەتی ئینتقالی لە جەرگەی شێخ مەقسوود و ئەشرەفی ڕویداوە. هێزه‌كانی دیمه‌شق ده‌ستیان به‌ هێرش بۆ سه‌ر دو گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی حه‌ڵه‌ب كردو شه‌ڕڤانان به‌رپه‌رچیان ده‌ده‌نه‌وه‌و وه‌زاره‌تی به‌رگریی حكومه‌تی كاتیی سوریا ده‌ڵێت: جوڵه‌كانی سوپاكه‌یان له‌ حه‌ڵه‌ب له‌ چوارچێوه‌ی پلانێكدایه‌ بۆ جێگیركردنی هێزه‌كانیان له‌ هه‌ندێك له‌ به‌ره‌كانی باكور و باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا. هاوکات ڕوانگەى سورى ڕایگەیاند ناڕەزایەتییەکان لە دەوروبەری گەڕەکی شێخ مەقسوود پەرەدەسەنن و هێزەکانی ئاسایشی گشتی گازی فرمێسکڕێژ بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران تەقێنن. بەگوێرەی زانیاری میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە کاتی ناڕەزایەتییەکان دژی گەمارۆی سەپێنراو و داخستنی دەروازەکانی گەڕەک نزیکەی ١٥ کەس بریندار بوون. هاوکات وەک هاوسۆزی لەگەڵ خەڵکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، لە شاری قامیشلۆ خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی بەڕێوەچووە. لە دیمەنێکی بێوێنەدا، دانیشتووانی ناوچەکە تانکەرێکی ئاویان هێنایە گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکان لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گازی فرمێسکڕێژ، هەروەها ئاویان بەسەر ئەو خۆپیشاندەراندا ڕشاند کە بەهۆی ئەو گازە فرمێسکڕێژە قورسەی کە ئاراستەیان کرابوو، کاریگەرییان لەسەر بوو.  دانیشوانی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئێشرەفییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەریان ڕژانە سەر شەقامەکان، هێزەکانی حکومەتی دیمەشق چەکی قورسیان لە دەوروبەری گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە جێگیرکرد. هێزەکانی حکومەتی دیمەشق پێش ئەوەی چەک لە دەوری ئەو دوو گەڕەکە جێگیر بکەن، بە ستوونی زەوی هەموو دەرگا و دەرگاکانی چوونە ژوورەوە و دەرچوونیان گرت، خەڵک لە شەقامەکاندا دەستی کرد بە بەرخۆدان.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە سەكۆی "ئێكس" نوسویەتی: خۆشحاڵ بووم بە پێشوازیکردن لە نێردەی تایبەتی ئەمریکا باڵیۆز تۆم باراک و ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا.  کۆمەڵێک بابەتمان تاوتوێ کرد، کە ئامانجیان پشتیوانی تەواوكاری سیاسییە لە سوریاو پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵات، لەگەڵ دروستکردنی کەشێکی ئارام بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا و زامنكردنی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش لە ناوچەکەدا. سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و باڵیۆز باراک رۆڵێکی راستگۆ و کاریگەریان گێڕاوە بەرامبەر گەلی سوریا لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و گەیشتن بە داهاتوویەکی باشتر بۆ سوریا و هەموو سوریاییەکان، ئێمە لەسەر ئامانجەکەمان جێگیرین کە خۆی لە سوریایەكی یەکگرتوو بۆ هەموو سورییەکان دەبينێتەوە.

بەوتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار ئەگەر سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر مووچەی مانگەکانی داهاتوو نەدات، ئەوا تاوەکوو هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی ڕێکدەکەون، هەرێمی کوردستان مانگانە 120 ملیار دینار دەداتە عێراق. ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2025،  سەرچاوەیەکى ئاگادار لەبەغداوە وتی: تەیف سامی، وەزیری دارایی حکوومەتی عێراق، بۆ ناردنی مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات. سەرچاوەکە دەشڵیت: تاوەکوو ئێستا وەزیری دارایی حکوومەتی عێراق ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی هەشت و نۆی دەست پێ نەکردووە، بۆیە هەرێمی کوردستانیش 120 ملیار داهاتی نانەوتی نەناردووە، بۆ ئەمەش هەر دوو وەزارەتەک چاوەڕێی کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن. هاوکات سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران ئەوەى ڕاگەیاند، پرسی مووچە لە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نییە، بەڵام لە کۆتایی کۆبوونەوەکە، وەک پاشکۆ باسی لێوەدەکرێت، هاوکات بەشێک لە وەزیرە کوردەکان دەیانەوێت سبەی ئەو پرسی مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوول لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق یەکلا بکەنەوە، بە تایبەت کە پرسی داهاتی نەوت چارەسەر کرا. بەپێى زانیاریەکان مەسرور بارزانی، سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نامەیەکی لەبارەی پرسی داهاتی نانەوتی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق ناردووە، کە داوای لێ کردووە بۆ چارەسەرکردنی پرسی داهاتی نانەوتی پشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی دەوڵەت نەبەستێت. هەروەها ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئێمە وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مسۆگەرکردنی مووچەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆران ئامادەین پشکی گەنجینەی حکوومەتی فیدراڵ بۆ مانگەکانی 8 و 9 بدەین. ئاماژەی بەوەشکردبوو، تاوەکوو ئێستا حکوومەتی عێراق بڕیاری پێدانی مووچەکانی ئەو دوو مانگەی نەداوە. گوتیشی: دەنگۆی ئەوە هەبوو کە بۆیە مووچەکان ڕەوانە ناکرێت لەبەر ئەوەیە حکوومەتی هەرێم داهاتی نانەوتی نانێرێت، بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین، هەرکات ڕێکارەکانی مووچەی مانگەکانی 8 و 9 گیرایەبەر، ئێمە ئامادەین داهاتی نانەوتی ڕادەست بکەین.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە گوتارێکی ڤیدیۆیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی حزبەکە، بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێکرد کە تێیدا پەیامی ئاراستەی خەڵکی عێراق و کوردستان کرد. بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمەوە رایگەیاند: "تاوەکو من قەناعەت نەکەم بە حکومەتێکی باشتر و جێکردنەوەی خواستی خەڵک و بەڵێنەکانی هەڵبژاردن لە کارنامەی حکومەتدا، پێکهێنانی حکومەت هەر دوادەکەوێت". سەرۆکی یەکێتی جەختیشی کردەوە: "تاوەکو بەڵێنەکانی هەڵبژاردن جێبەجێ نەکرێت حکومەت پێکناهێنرێت. تاوەکو من باوەڕ نەکەم بە رێککەوتنەکان بۆ حکومەتێکی باشتر، پێکهێنانی حکومەت هەر دوادەکەوێت". لە کۆتاییدا تاڵەبانی وتیشی: "ئێمە وەک لایەنەکانی دیکە بەڵێنەکانی هەڵبژاردن فەرامۆش ناکەین، ئەوەی گوتوومانە دەبێت جێبەجێی بکەین، هەرگیزیش ناچینە حکومەتێک کە نەتوانێت خزمەتی خەڵک بکات". "عێراق دووربخرێتەوە لە دەستوەردانی دەرەکی" بافڵ جەلال تاڵەبانی داوادەکات لەکاتی کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکاندا، لایەن و پێکهاتەکانی عێراق پشت بە خۆیان ببەستن، نەک وڵاتانی دیکە، دەڵێت "نابێت بۆ چارەسەری کێشەکانی عێراق پشت بە وڵاتانی دیکە ببەسترێت، عێراق پیاوی هیچ وڵاتێک نییە، کێشەکانی عێراق بە خودی پێکهاتەکانی خۆی چارەسەر دەبێت، ئەوەی ئەمڕۆ عێراق پێویستیەتی بەرنامەیەکی نیشتمانییە". "دەستوور مێنیۆی چێشتخانە نییە" سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەوەی کە دەبێت هەموو پێکهاتەکانی عێراق پابەندی دەستووری عێراق بن و بە "پیرۆز" ناوی دەستوور دەبات و دەڵێت: "بەشێکی خەباتی ئێمە لە عێراق ڕێزگرتنە لە دەستوور. هەموو کێشەکانمان بە گەڕانەوە بۆ دەستوور چارەسەر دەبێت. دەستووری عێراق مێنیۆی چێشتخانە نییە بەدڵی خۆت هەڵیبژێریت، دەبێت دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت". بافڵ تاڵەبانی: دەبێ ڕێککەوتنەکان کۆنکرێتی بن سەرۆکی یەکێتی باسی ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغداد دەکات، بەتایبەت لەسەر پرسی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان، کە خۆی وەک ئەندازیاری ئەو ڕێککەوتنە دەناسرێت و لەوبارەیەوە دەڵێت: "دەبێت ڕێککەوتنەکان کۆنکرێتی بن. نابێت ڕێککەوتنەکان بە میزاجی ئەم و ئەو تێکبچن". بەشێکى دیکە لە پەیامەکانى بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان: - لە هەڵبژاردنی پێشوودا دەنگی یەكێتی (93%) زیادیكردووە - كێشەی ئێمە لەبەغداد لە موچە گەورەترە  - كە وەزعەكە قورس دەبێت كێ دەچێت بۆ بەغداد؟ كێ هەرگیز خاكی كوردستانی نەفرۆشتووە. -كە ئیشت كرد هەقە موچە وەربگریت - كە خوێندنت تەواو كرد دەبێت كارت هەبێت - ئەبێت ئیشت هەبێت، ئاوت هەبێت، كارەباتان هەبێت، سەیرە تا ئێستا ئەمانە چارەسەر نەكراوە، یەكێتی ئەمانەتان بۆ دابین دەكات

هێزەکانی ئەحمەد شەرع سەرۆکى ئێستای حکومەتی سوریا سەرجەم ئەو ڕێگایانەیان داخستووە کە بەرەو گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە زۆرینەیان کوردن لە شاری حەلەب، ، هێزەکانی هەسەدەش ئامادەکارییەکان بۆ هەموو ئەگەرێک کردوە. هاوكات لەگەڵ دیداری نوێنەری سەرۆكی ئەمریكاو مەزڵوم عەبدی، هێزەكانی سەربە حكومەتی كاتیی سوریا دوو گەڕەكی كوردنشینیان لە حەلەب گەمارۆداوە.  هەموو دەروازەکانی چوونە ژوورەوە و هاتنە دەرەوەی هەردوو گەڕەکی كوردنشینی (شێخ مەقسود)و (ئەشرەفیە) لە شاری حەلەب لەلایەن هێزەکانی حکومەتی کاتیی سوریاوە داخرا.  ئەم جموجوڵەی هێزەكانی سەربە ئەحمەد شەرع هاوكاتە لەگەڵ دیداری تۆم باراكی نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریا دیموكرات كە باسی جێبەجێكردنی بەندەكانی رێككەوتنی 10ی ئازاری شەرع- عەبدی تێدا كراوە، هەروەها دوای چەند رۆژێك دێت لە دانانی بەربەستی گڵین و  هێرشی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان و هەوڵی دزەکردنی چەکدارانی حکومەتی کاتیی بۆ ناوچەكە. جوڵەی هێزەكانی حكومەتی كاتیی لە دەوروبەری ئەو دوو گەڕەكە كوردنشینەی شاری حەلەب لەكاتێكدایە، بەگوێرەی رێككەوتنێك كە 1ی نیسانی رابردوو لەنێوان ئەنجومەنی هەردوو گەڕەکەکەو حکومەتی کاتی ئیمزا كراوە، نابێت رێگری بكرێت لە هاتوچۆی خەڵكی ئەم دوو گەڕەكە بۆ گەڕەك و ناوچەكانی ترو هاتنی خەڵكی ناوچەكانی تر بۆ ئەم گەڕەكانە. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، نوری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفییە لەشاری حەلەب ئاماژەی بەوەکرد،" چەند گروپێكى بێ دیسپلینى سه‌ر به‌حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع، لەناوجەرگەی گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە بونیان هه‌یه‌و هه‌وڵى ئاژاوه‌ نانه‌وه‌ ده‌ده‌ن". ئەوەشیخستەڕوو، ئەم کۆکردنەوە سەربازیی‌و ئەمنییانە، پێشێلکردنی ڕێککەوتننامه‌كه‌ى مانگی نیسانى ئه‌مساڵى كورده‌ لەگەڵ حکومەته‌كه‌ى شه‌رع کە جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ڕێگریکردن لەپێکدادانی ڕاستەوخۆ نێوان هێزه‌كانى كوردو هێزه‌كانى سه‌ر به‌ئه‌حمه‌د شه‌رع. بەوتەی نوری شێخۆ، هێزەكانى سه‌ر به‌شه‌رع خاڵێکی نوێی سەربازییان لەپارکی ئەشرەفیە دامەزراندوەو گه‌مارۆیان به‌سه‌ر هه‌ردوو گه‌ڕه‌كه‌ كوردیه‌كه‌دا سه‌پاندوه‌، ئەمەش ئاماژەیەكى مه‌ترسیداره‌ بۆ پێكدادانى سه‌ربازیى‌و هێرشكردن بۆسه‌ر گەڕەکەکانى ئه‌شره‌فیه‌و شێخ مه‌قسود.

بەرمیلێك نەوتی هەرێمی كوردستان و لە مانگی شەشی ئەمساڵدا بە 26 دۆلار فرۆشراوە، لەگەڵ رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە كۆمپانیای سۆمۆ و فرۆشتنی لە رێگەی عێراقەوە زیاتر لە دوو هێندە نرخەكەی زیادیكردووە و بە 65 دۆلار فرۆشراوە. سەرچاوەیەک لە بەندەری جەیهانەوە ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کەشتییەوە بەرەو بازاڕەکانی ئەورووپا رۆیشت و فرۆشرا.  بەپێی ئەو نرخەی دیاریکراوە بۆ فرۆشتنی نەوتی کوردستان کە 65 دۆلارە، بەهای ئەو نەوتەی ئەمڕۆ فرۆشراوە 65 ملیۆن دۆلارە. رۆژی شەممە 27ی ئەیلوولی 2025، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جەیهان لە ڕێگەی بۆرییەوە دەستی پێكردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە كۆتایی ئازاری 2023ەوە ڕاگیرابوو. ئەو سەرچاوەیە وتى، رۆژانە نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ کێشە دەگاتە بەندەری جەیهان و هیچ گرفتێکی تەکنیکی لە ئارادا نییە، جگە لەوەی یەک جار و چەند سەعاتیک هەناردەی نەوت وەستا، ئەویش بەهۆی پڕبوونی کۆگەکانی نەوتەوە بووە.    ڕۆژى پێنجشەممەى ڕابردوو، 2ی تشرینی یەکەمی 2025، حەیان عەبدولغەنی  راگەیاند، "کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، یەکەمین کەشتیی هەڵگری نەوتی هەرێمی کوردستان فرۆشرا و بەندەری جەیهانی بەجێهێشت، هەروەها وەزیری نەوتی عێراق گوتی، "کەشتییەکە بڕی 650 هەزار بەرمیل نەوتی هەڵگرتبوو."   وەزیری نەوتی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو نەوتەی لەڕێگەی بۆرییەکەوە هەناردە دەکرێت، رۆژانە لە کۆگەکانی بەندەری جەیهان کۆدەکرێتەوە و قۆناخ بە قۆناخ دەفرۆشرێت." رۆژی 25-6-2025 رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "ئەو نەوتەی ئێستا بەرهەمدەهێندرێت رۆژانە (280) هەزار بەرمیلە". وتیشی: "رۆژانە (100) هەزار بەرمیلی لێدەدرێت بە ئەو گرێبەستانەی كراوە دەدرێت بە كۆمپانیاكانی نەوت (180) هەزار بەرمیلی رۆژانەی لێدەمێنێتەوە لەو (180) هەزار بەرمیلەی دەمێنێتەوە، (65) هەزار بەرمیلی بۆ بەركاربردنی ناوخۆییە". " ئەوەی دەمێنێتەوە نزیكەی (115) هەزار بەرمیلی رۆژانەیە ئێمە بە ئاشكرا دەیفرۆشی، نداهاتەكەی نزیكەی (85) ملیۆن دۆلارە مانگانە".