هاوڵاتی دوای دووجار خوێندنەوە بۆ پڕۆژە یاسایی قەدەغەکردنی فرۆشتنی جگەرە بە کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارە لە لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەنگی لەسەر بدرێت. لەم بارەیەوە، وەسیم کەیلان، یاریدەدەری بەڕێوەبەری پرۆگرامی کۆنتڕۆڵکردنی تووتن لە وەزارەتی تەندرووستی عێراق لەبارەی پەسەند کردنی یاسایەک کە تایبەتە بە قەدەغەکردنی فرۆشتنی جگەرە بە کەسانی تەمەن خوار ١٨ ساڵ بە ڕوژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، لە چەند هەفتەی داهاتوودا یاسای"پاراستن لە زیانەکانی تووتن" لە عێراق پەسەند دەکرێت. ئەوەشی خستۆتەڕوو، یاساکە باج دەخاتە سەر بەرهەمەکانی تووتن بۆ بەرزکردنەوەی نرخیان و ئەمەش خواست لەسەر کڕینیان کەم دەکاتەوە و بەهۆی گرانی نرخیانەوە. یاریدەدەری بەڕێوەبەری پرۆگرامی کۆنتڕۆڵکردنی تووتن لە وەزارەتی تەندرووستی عێراق، ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەمە پڕۆژەیەکی نوێیە کە دەسەلاتی زیاتر دەبەخشێت بە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوە و هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە.
هاوڵاتی ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی ڕایگەیاند، وەک حاڵەتەکەی کۆتایی مانگی تەمووز بارستە ھەوایەک لە سیبیریاوە دەگاتە ناوچەکانی ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە کۆتایی ئەم ھەفتەوە واتا دوو سبەی و کاریگەری ئەبێت لەسەر کەشوھەوای سنوری پارێزگای سلێمانی و دەڤەری راپەرین و بەگشتی ناوچەی شاخاوییە سنورییەکانی ڕۆژھەڵات و تاوەکو ناوەراستی ھەفتەی داھاتوو بەردەوامەبێت. دەشڵیت، بەهۆیەوە بای باکوری ڕۆژھەڵات چالاک ئەبێت بەخێرایی لەنێوان 15 بۆ 45 کم زیاتر لە کاتژمێرێکدا و پلەی گەرمی لەناوچەی کاریگەر بەو بایە نزمدەبنەوە و شەوان ھەست بە سەرما دەکرێت لەناوچە شاخاوییەکاندا. ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئاسمانی ناوچەی کاریگەر بەو بایە ڕوون و پاکژ ئەبێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە لەناوچەکانی گەرمیان و شاری ھەولێر و ھەڵەبجە و دھۆک و کەرکووک لە ھەمان ماوەدا پلەی گەرمی زیاتر بەرز ئەبێتەوە و ئەو با و ھەوا فێنکە ناگاتە ئەو ناوچانە.
هاوڵاتی پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تیمێکی تەکنیکی حکومەتی هەرێم چوونەتە بەغداو لیستی موچەی مانگی هەشت و نۆی فەرمانبەرانیان لەگەڵ خۆیان بردووە و دواین گۆڕانکاری بایۆمەتریان لەگەل خۆیان بردووە، هەروەها پرسیار لە بارەی ئەو کورتهێنانە دەکەن کە لە بابەتی موچەدا هەیە و نزیکەی 250 ملیار دینارە کە بۆچی نەنێردراوە، تا ئەو بڕە بنێرن و موچەی مانگی هەشتی پێبدەین. وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕاشیدەگەیەنێت، کورتهێنان لە موچەی موچەخۆراندا هەیە دەبوایە شاندێکی باڵای حکومەت سەردانی بەغدای بکردایە تا چارەسەری کێشەکان بکەن، بەڵام بەهۆی سەفەری دوو وەزیری عێراق سەردانەکە دواکەوت.
هاوڵاتی زانیاری ورد لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل و هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بەم شێوەیەی خوارەوەیە: ١. ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب؛ ڕۆژی ٢١ی ئەیلول کاتژمێر ٠٤:٠٠ هێزەکانی پاراستنی گەل بە چەکی نیمچە ئۆتۆماتیکی سەربازانی داگیرکەریان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامیدی کردە ئامانج و کەسێکیان لێکوشتن. لە ٢٢ی ئەیلول کاتژمێر ٠٣:٥٥خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لەسەر گردی ئامیدی داگیرکەرانیان کردە ئامانج کاتێک هەوڵیان دا بە چەکی قورسەوە خۆیان جێگیر بکەن و ئەم ئۆپەراسیۆنەش بووە هۆی کوژرانی سەربازێکی داگیرکەر. ڕۆژی 22ی ئەیلول کاتژمێر ١٢:٠٠ی شەو، هێزەکانی پاراستنی گەل بە چەکی قورس سەربازانی داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی کردە ئامانج و جموجۆڵەکانیان ڕاگرتن. لە ٢٣ی ئەیلول کاتژمێر ٠٧:٤٠خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی بە چەکی قورس ڕێگرییان لە جموجۆڵی هەلیکۆپتەرێکی داگیرکەران کرد. لەم ئۆپەراسیۆنەدا هێزەکانی پاراستنی گەل زیانیان بە هێلیکۆپتەرەکە گەیاند و ناچاریان کرد دوور بکەوێتەوە. ٢. ناوچەی مەتینا؛ ڕۆژی 23ی ئەیلول کاتژمێر ١١:٠٠ هێزەکانی پاراستنی گەل لە مەیدانی بەرخۆدان لە شیلازێ بە قەناس سەربازانی داگیرکەریان کردە ئامانج و سەربازێکیان کوشت. ٣. ناوچەی خاکورکە؛ لە ٢١ی ئەیلول کاتژمێر ٠٨:٢٧ هێزەکانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد بە چەکی قورس حەشارگەیەکی داگیرکەرانیان لە گردی شەهید هێمن کردە ئامانج. ٤. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بە چەکی قەدەغەکراو؛ لە ٢٣ی ئەیلولدا، داگیرکەران دوو جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو تونێلەکانی بەرخۆدانیان لە گردی جودی لە ڕۆژئاوای زاب بۆردوومانکرد. ٥. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا؛ ڕۆژی ٢١، ٢٢، ٢٣ی ئەیلول، ناوچەی گردی ڕۆژ لە قەندیل جارێک بۆردوومانکرا، ناوچەی کندکولە، لولان، گردی مەسکین، گردی مەسکین و گردی سەنینە لە خاکۆرکە ٩ جار بۆردوومانکران، هەروەها کرێن-ئەفتالی، جەمرۆبوتکی، زەنکێل، زیڤکی، گردی کۆن، دەشتەکانی کاڤیا، دێرشی لە کاری ٨ جار بۆردوومانکران، ناوچەکانی سێری مەتینا و بیشیلیش لە مەتینا ٣ جار بۆردوومانکران، ناوچەکانی گردی جودی و گردی بەهار، ڕۆژئاوای زاب، ٤ جار لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردوومانکران، کە کۆی گشتی دەکاتە ٢٥ هێرشی ئاسمانی. ڕۆژانی ٢١ و ٢٢ و ٢٣ی ئەیلول ناوچەکانی گردی شەکیف و شەهید شەریف و لولان لە خاکورکە ١٢ جار بۆردوومانکران، ناوچەی سری مەتینا لە مەتینا ٥ جار و ناوچەی گردی ئامیدیش دووجار بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر بۆردوومانکران، کە کۆی گشتی دەکاتە ١٩ هێرشی ئاسمانی. ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل
هاوڵاتی حەیدەر شاكر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، سیستمی سزای ئۆتۆمبێل لە نێوان هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی یەكخراوە سزای هاتووچۆ لە نێوان عێراق و هەرێم بەردەوامە. دەشڵێت، سەرجەم سەرپێچییەکانی شۆفێران تۆماردەكرێن و دواتر ئاڵوگۆڕ دەكرێن لەنێوانیاندا. ئەوەشی خستۆتەڕو، لەلایەن مەفرەزەكانی بەڕێوەبەرایەتییەوە سزا بەسەر سەرپێچیكاراندا دەسەپێنرێت بەشێوەیەكی شیاو و یاسایی، جا چ لە بەغدا بێت یان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. جێگەی ئاماژەیە، لە ١٧ی تەمووزی ئەمساڵدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ ئاڵوگۆڕی پرۆژەی سزای بۆ سەرپێچییەكانی هاتووچۆی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، هاوكات ئاماژەی بە جێبەجێكردنی سیستەمی كامێرای جێگیر لەسەر ڕێگا سەرەكییەكانی بەرەو كەربەلا، ئەنبار، دیالە و بابل كرد. لەم بارەیەوە، محەمەد عەلی حەسون، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەكان و ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گشتیی عێراق ڕایگەیاند، هاوكاریی و هەماهەنگی هاوبەشی ئاست بەرز لە نێوان حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی زانیاریی لە ڕێگەی دیسك و ئاڵوگۆڕی ئەلیكترۆنی سەبارەت بە چاودێریكردن سەرپێچی هاتووچۆ لە بەغدا و هەرێمی كوردستان هەیە.
هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕابگەیەنێت. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، کە لە سەرچاوەیەکی کۆمیسیۆن دەستیکەوتووە، کۆمیسیۆن بڕیار دەدات سبەینێ 25 ئەیلول کە هاوکات ساڵیادی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانە وەک ڕۆژی دەستپێکردنی بانگەشە دیاری بکات. هاوکات هەر بەپێی زانیارییەکان، وادەی بانگەشە تا 16 ی تشرینی یەکەم واتە ساڵیادی ئەو ڕووداوانەی بە 16 ئۆکتۆبەر ناسراون بەردەوام دەبێت.
هاوڵاتی وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆدەبنەوە و بڕیار لە وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دەدات. جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: ئەمڕۆ سێشەممە لە شاری بەغدا ئەنجومەنی كۆمیسیاران كۆدەبنەوە لەبارەی ئامادەكارییەكانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دیاریكردنی وادەی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن. جومانە غەلای ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا وادەی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری دەكەین. بپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، ئەمشەو لەدوای کاتژمێر 12 بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی ئابووریی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، کورتهێنان لە مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و هەرێمیش چاوەڕێی بەغدایە ئەو پارەیەی لە مانگەکانی ڕابردوودا لێی بڕیبوو بۆی بنێرێت بۆ ئەوەی کێشەی کورتهێنانی مووچەی پێ چارەسەر بکات. ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئەو 572 ملیار دینارە، کە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان خەرجی کردووە، مووچەی مانگەکانی ڕابردووە، بەتایبەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکە. دەشڵێت، ئەو بڕە پارەیە بەهۆی بوونی کەموکوڕی لە لیستەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان ڕاگیرابوو، چاوەڕێ دەکرێت بەغدا پڕە پارەیەکی دیکە خەرج بکات، تاوەکو مووچەی مانگی هەشتی پێبدات. سۆران عومەر ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات ئەو پارانەی کە بەغدا بڕیویەتی لە مانگی سێ تاوەکو حەوتی ئەم ساڵ لە بەغدا وەربگریتەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ 572 ملیار دینارە مووچەی مانگی هەشتی پێبدات.
ژیر طارق فاتح وشەی دیموکراسی لە هەردوو زاراوەی یۆنانی کۆن "دیمۆس" کە بە واتای (گەل) دێت و "کراتۆس" کە بە واتەی (دەسەڵات)دێت، وەرگیراوە، کە پێکەوە دەکاتە دەسەڵاتی گەل. ئەم چەمکە لە سەرەتای دروستبوونییەوە پەرەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. سەرەتاییترین فۆڕمی دیموکراسی لە ئەسینای پایتەختی یۆنان لە دەوروبەری سەدەی پێنجەمی پێش زاییندا سەریهەڵدا، کە هاوڵاتیان ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە دەنگدان و یەکلاییکردنەوەی پرسە سیاسییەکانی وڵاتدا دەکرد. ئەم فۆڕمە لە دیموکراسی پێی دەوترا دیموکراسی ڕاستەوخۆ و ڕێگەی بە پیاوە ئازادەکان دەدا دەنگ لەسەر یاسادانان و جێبەجێکردنی بڕیارەکان بدەن، هەرچی ژنان و کۆیلە و هاوڵاتیانی بێگانە بوون، بۆیان نەبوو بەشداربن تێیدا. بە تێپەڕبوونی کات، سیستەمی دیموکراسی گۆڕانکاری بەسەردا هات، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی دیموکراسی نوێنەرایەتی لە سەدەی ١٨دا. ئەم گۆڕانکارییە ڕێگەی بە هاوڵاتیان دا، نوێنەران هەڵبژێرن بۆ ئەوەی لەبری خۆیان بڕیار بدەن، کە دواتر بوو بە مۆدێلێک لە ئاستی جیهانیدا بڵاوبووەوە و خۆی لەگەڵ چوارچێوە کولتوورییە جیاوازەکاندا گونجاند. ئەمڕۆ دەنگدان چەندین شێوەی هەیە، لەوانە؛ نوێنەرایەتی ڕێژەیی و دەنگدانی هەڵبژاردنی پلەبەندی، کە هەریەکەیان شێوازی جیاواز پێشکەش دەکەن بۆ ڕەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵک. لە ئێستادا دەنگدان مافێکی بنەڕەتییە و بەردی بناغەی حوکمڕانی دیموکراسییە. دەسەڵات دەدات بە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر حکومەتەکەیان هەبێت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکەن. لە هەلومەرجی هەنووکەی کوردستاندا گرنگی دەنگدان پێویستیەکی حاشاهەڵنەگرە، چونکە بارودۆخی هەرێمی کوردستان بە تەحەددایەکی مێژوویی و گرنگی سیاسییدا دەڕوات و سەرجەمی پێکهاتەی دەسەڵات پێویستی بە گۆڕنکاریی ڕیشەیی هەیە. لە کاتێکدا لە کوردستان ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەکرێت، پێویستە هەمووان ئەو ڕاستییە بزانن کە کردەی دەنگدان و بەشداریکردن واتە خواستی بەکۆمەڵ بۆ سەربەخۆیی و سەقامگیری و بەرجەستەکردنی ئیرادەی گۆڕانکاریی. هەر دەنگدانێک بەڵگەی پابەندبوونی خەڵکە بۆ داڕشتنی داهاتووی خۆیان و بەهێزکردنی بنەما دیموکراسیەکان. بە تایبەت بۆ ئەم بارودۆخەی هاوڵاتیانی کوردستان، دەنگدان دەرفەتێکی چارەنووسسازە بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی ڕاستەقینە و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی پێکهاتەکانی حوکمڕانی کە بە باشترین شێوە خواست و داواکانی خەڵک و هاوڵاتیان بەرجەستە بکەن. جگە لەوانەش ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن لە کوردستاندا وادەکات پەرەپێدانی ناسنامەی نەتەوەیی و یەکڕیزی دەستەبەر ببێت، چونکە هەرێمی کوردستان بە فرەچەشنی و ئاڵۆزی پێکهاتەکانییەوە تایبەتمەندە. کورد بە بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، مافی چارەی خۆنووسینی خۆی دووپات دەکاتەوە و بەشداری دەکات لە دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی جیاوازدا کە شەفافیەت و لێپرسینەوە و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە پێشینەی کارەکانیدا بێت. لە کۆتاییدا، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان، ناکرێت گرنگیی دەنگدان لە کوردستاندا تەنیا لە ئاستی بانگەشەدا زیادەڕەوی تێدا بکرێت. چونکە هەڵبژاردن تەنها مومارەسەی ئەرکێکی مەدەنی و دیموکراسی نییە؛ بەڵکو میکانیزمێکی ژیانییە بۆ دڵنیابوون لەوەی دەنگی خەڵک لە هۆڵەکانی دەسەڵاتدا دەنگ دەداتەوە. بەشداریکردن و بە جێگەیاندنی ئەم ماف و ئەرکە دیموکراسییە، بناغەی حوکمڕانی پتەوتر دەکات و ڕێگا بۆ ئایندەیەکی گەش و دواڕۆژێکی شایستە بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان خۆش دەکات.
هاوڵاتی پەیامنێری سکای نیوز لە لوبنان، بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی سەربازی لوبنان، هەواڵی کردنەئامانجی عەلی کرکی لە هەڵمەتێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیروت بڵاوکردەوە و دەشڵێت، گیانی لە دەستداوە، بەڵام بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز تا ئێستا چارەنووسی نادیاره. سوپای ئیسرائیل لەوبارەیەوە دەڵێت، ئێوارەی ڕۆژی دووشەمە چەند موشەکێکێکیان ڕەوانەی چەند شوێنێک کردووە بۆ کوشتنی گەورە بەرپرسی حیزبوڵا، ئامانجی هێرشەکە لە بەیروت عەلی کرکی فەرماندەی میحوەری باشوورە و کەسی سێیەمی سەرکردایەتی حزبەکە بووە.
هاوڵاتی پارێزگارى سلێمانى رایگەیاند، بڕیارە نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى پارێزگاى سلێمانى بکات و لەگەڵ بهرپرسانى يهكه كارگێڕييهكان کۆببێتەوە و پرسى بانگەشەى هەڵبژاردن تاوتوێبکەن. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى، وتی، بەرنامە هەیە هاوشێوەى کۆبوونەوەکانى لە هەولێر و دهۆک، سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى سلێمانى بکات و لەگەڵ بهرپرسانى يهكه كارگێڕييهكان کۆببێتەوە. نێچیرڤان بارزانى، لە رۆژانى ١٥ تا ٢٢ ئەیلول لەگەڵ یەکە ئیدارییەکانى سنوورى پارێزگاکانى هەولێر و دهۆک و ئیدارەى زاخۆ کۆبووەتەوە هەروەها سەرۆکی هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەکاندا داكۆكى له گرنگيى سهرخستنى ههڵبژاردن و بهڕێوهچوونى شارستانييانهى بانگهشهى ههڵبژاردن كردوه.
هاوڵاتی بەهۆى ژێرئاوکەوتنى بەلەمەکەیانەوە لە دەریای ئیجە، سێ کۆچبەر خنکان و لانیکەم ٢٥ کۆچبەریش بێسەروشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە. ڕۆژنامەنوس، توانا عومەر کە ئاگاداری پرسی کۆچبەرانە بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە لە کەناری دورگەی سامۆسی یۆنان بەلەمێکی کۆچبەران نوقوم بوو و تەرمی سێ کۆچبەر دۆزراونەتەوە و لانیکەم ٢٥ کۆچبەریش بێسەروشوێنن. باس لەوەش کرد، پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاندوە، تائێستا پێنج کۆچبەرێکیان رزگار کردووە. وتیشی، ئۆپەراسیۆنی گەڕان و رزگارکردن لەلایەن چوار کەشتی پاسەوانی کەناراوەکان و هەلیکۆپتەرێکەوە دەستی پێکردووە و بەردەوامە. جێی ئاماژەیە، بەپێی ڕاپۆرتێکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە ماوەی ساڵانی نێوان ٢٠١٥ تا شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، ٥٩١ کەس لە ڕێگەی گەیشتن بۆ ئەورووپا بوونەتە قوربانی، لەوانە ٣٤٣ کەسیان گیانیان لەدەستداوە، ٢٤٨ـیشیان بێسەروشوێنن.
هاوڵاتی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند لە تەواوی هەرێمی کوردستان 14 حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون. ئەمڕۆ دووشەممە، سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، لە تەواوی هەرێمی کوردستان 14 حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون، بەشێوەیەک 6 حاڵەت لە هەولێر و 3 حاڵەت لە سلێمانی، 5 حاڵەتیش لە پارێزگای دهۆک. دەشڵێت، لە شاری هەولێر شەش تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون و هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان نەبووە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە سلێمانیش سێ حاڵەتی توشبوون تۆمارکراون بەبێ هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان. باس لە ئامرەکانی پارێزگای دهۆکیش کردوو وتی: لە پارێزگای دهۆک پێنج حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون و یەکێک لە تووشبووەکان گیانیلەدەستداوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، دەرچووە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم لە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر گردبوونەوە بە هۆی تەواونەبوونی ڕێکاری دامەزراندنیان. دەرچووە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند، بەپێی داتا و ئەو نووسراوانەی کە کراوە ئێمە پێویستییەکی زۆر گرنگی ناو زانکۆ و پەیمانگاکانین، ئەمە (٣٦) ەمین جارە گردبوونەوە دەکەین، گەر دانەمەزرێین ئەوا ناچارین هەڵوێستی دیکە بگرینە بەر. ئەوەشیان خستۆتەڕوو، بە هۆی دانەمەزراندنمانەوە ئاستی ناو ناوەندەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان لە دابەزینی بەردەوامدایە، تا کەی ئاوڕ لەو کەسانە نادەنەوە کە ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە پێدەگەیەنن. دەشڵێن، ١٢ هەزار و ٢٨٦ کەس بایۆمەتری پێ کراوە، بەڵام حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی زۆر سست ڕێکارەکانی دامەزراندنی دەرچووە سێ یەکەمەکان جێبەجێ دەکات.
