هاوڵاتی روئیا پیرایی لەچاوپێکەوتنێکی گۆڤاری تایم: هەمووکەس دەزانێ داواکاری بۆ ئازادی ژنان ئازادی هەموو کۆمەڵگەیە، دەشڵیت: ئەم قوربانیانەی بە گیانی ئازیزەکانمان داومانە دەبێت ژیانێکی نوێ لەدایک بێت ونابێت بە فیڕۆ بڕوات  ئەکتەر ودەرهێنەری دیاری ئەمریکی ئەنجلینا جولی چاوپێکەوتنێکێ تایبەت لەگەڵ ڕوئیا پیرایی لە گۆڤاری تایم کە گۆڤارێکی هەفتانەی ئەمریکیە بەڕێگەی ئۆنلاین ئەنجام دا، روئیا پیرایی چالاکوانی دیاری ئێران  بەهۆی لەدەستدانی دایکی كە لەناو خۆپیشاندانەکانی ئێران شەهید  کرا، بە بڕینی قژی و وەستان لەپاڵ گۆڕەکەی دایکی بوەتە سیمبولێکی تری خۆپیشاندانەکانی ئێران. ڕوئیا لەوەڵامی پرسیارێکی ئەنجلینا جولی کە لێی دەپرسێت، جیاوازی ئەم خۆپیشاندانانە چیە لەگەڵ ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی پێشوو، دەڵێت: ئەم خۆپیشاندانە ژن و پیاو لەهەموو نەتەوەکانی ئێران ناڕەزایی دەرئەبڕن و داوای ئازادی و بنبڕکردنی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی وڵاتەکەیان ئەکەن،ئەم خۆپێشاندانە داوای ئازادی ژن دەکات، هەموو کەسیش دەزانێت  ئازادی ژن واتە ئازادی هەموو کۆمەڵگە. لەماوەی چاوپێکەوتنەکەدا كە لە رێگەی ئۆنلاینەوە ئەنجامدراوە، ڕوئیا پیرایی باس لە ژیانکردن لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران دەکات ودەڵێت: هیچ کەس لە ئیران ژیانێکی ئاسایی ناژیت، بەهۆی یاساکانی دەوڵەت وفشارەکانی لەسەر کۆمەڵگە، بەڵام من هەمیشە بەهۆی خێزانەکەمەوە هەستم بە ئارامی وئازادی کردووە، دایکم یەکێک بوو لەوانەی حەزی بە ژیانبوو وباوەڕی بە ئازادی هەبوو. ئەنجلینا جولی: ئێستا چۆن لەگەڵ ئەو شۆکە دەژیت ومامەڵە دەکەیت؟ روئیا پیرایی: بۆمن زۆر قورسە کە بەردەوام بم چونکە ئازیزترین کەسم لەدەستداوە، هەست دەکەم کە منیشیان کوشتوە، دایکم نزیکترین کەسم بوو پێش ئەوەی لەناو خۆپیشاندانەکاندا تیرۆری بکەن، بەڵام من پێویستە بەردەوام بم، پێویستمە ببمە دەنگی بێدەنگکراوی دایکم و هەموو ئەوانەی کە کوژران لەلایەن ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە؛ هەر لەبەرئەوەشە کە دوای بەخاکسپاردنی دایکی ئێران بەجێدەهێڵێت. ڕوئیا لەبارەی کوشتنی دایکیەوە بۆ ئەنجلینا باس لە وتەکانی ئەو شایەتحاڵە دەکات کە لەکاتی تیرۆرکردنی دایکی لەوی بووە و دەڵێت، ئەو بکوژانەی دایکمیان  تیرۆرکردووە لەنزیکەوە تەقەیان لێکردووە و کاتیکی کەمی بردووە و دەست بەجێ گیانی لەدەست داوە، دایکم بە ١٦٧ گولە پێکراوە وشەهید کراوە.   ئەنجلینا لەبارەی ئازایەتی وبەرخودانی رویاوە پاڵپشتی خۆی بۆ ڕویا پیرایی دوپات ئەکاتەوە و باس لەوە دەکات کە ئەو بوەتە نمونەی سروش بۆ هەموو جیهان. ڕوئیا پیرایی لەبارەی درێژەکێشانی خۆپیشاندانەکانی ئێران وبەردەوامی ناڕەزایەتیەکانەوە وتی، ئەمە ڕێگەیەکی دوورودرێژە، بەڵام بەدڵنیای ناگەڕێنەوە ناو تاریکی،چونکە هەستمان بەوەکردووە کە رژێمی ئیسلامی ئێران چاک ناکرێتەوە، دەشڵێت ئەو یەکگرتویەی خۆپیشاندەرانی ئێران کلیلی سەرکەوتنی ئەم شۆڕشەیە، دەشڵێت ئێستا هەموو کەس ئێمە دەبینێت و وڵاتانی دوونیاش پاڵپشتمانن.   روئیا پیرایی ، تەمەن ٢٥ ساڵان، چالاکوانی دیاری ئێران كە ئێستا لە دەرەوەی ئێران دەژی و لەدوای شەهیدکردنی دایكی بەدەستی هێزە ئەمنیەکانی ئێران بوو بە سومبولێکی دیاری خۆپیشاندانەکانی ئێران و هەروەها لەناو لیستی ١٠٠ کاریگەرترین ژنانی دونیادا دانرا کە لەلایەن بی بی سی وە بڵاو کرایەوە، روئیا قژی خۆی بڕی وەک ناڕەزایەتیەک و لەسەر گۆڕی " مینوو مەجیدی" دایکی قژی خۆی بەدەستەوەگرت وەک دوپاتکردنەوەی بەردەوامی خۆی بۆ درووشمەکانی کە دایکی لەسەر کوژرابوو. خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ئێران دوای کوژرانی ژینا "مەهسا" ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ لەلایەن لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێڕان بەتاوانی نەپۆشینی حیجابێکی شەرعی دەستی پێکرد و دەیان دروشمی جۆراو جۆر وچالاکی ژنان و وڵاتانی جیهانی لێکەوتەوە، دیارترین چالاکیەکانیش قژ بڕینی ژنان  وسوتاندنی سەرپۆشەکانیان بوو؛ خۆپیشاندانەکان لە دوای ١٦ی ئەیلول دەستیپێکرد و بەپێی دواین ئامارەکانی گروپی چالاکوانانی هرانای ئێران ٤٧٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٨ کەسیش دەستگیرکراون.

بانکی جیهانی ئاشکرای کرد قەرزەکانی ئێران زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە و ئەو وڵاتەش لە ساڵێکدا تەنها 250 ملیۆن دۆلار قەرزی داوەتەوە. بانکی جیهانی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا بڵاوی کردوەتەوە قەرزەکانی ئێران تا کۆتایی ساڵی رابردو 10 ملیار و 349 ملیۆن دۆلار بوە کە بریتی بون لە هەردو جۆرەکانی قەرزی درێژخایەن و کورت خایەن. ئەو بانکە رونی کردوەتەوە تا پێش ساڵی 2020 قەرزەکانی ئێران نزیکەی چوار ملیار دۆلار بوە، بەڵام لە ساڵی 2021 دوای ئەوەی مۆڵەتی پارە قەرزکردن بەو وڵاتە داروە، چوار ملیار دۆلاری لە سندقی نێودەوڵەتیی دراو وەگرتوە. بە پێی راپۆرتی بانکی جیهانی ئێران لە ساڵی 2021 تەنها 254 ملیۆن دۆلار لە قەرزە درێژخایەنەکانی داوەتەوە کە 46 ملیۆن دۆلاری سودی بانکی بوە. ئێران لە ساڵی 2018 دوای توندبونەوەی سزای ئەمریکا لە دژی ئەو وڵاتە داهاتەکەی کە80٪ بۆ 90٪ی پشت بە نەوت دەبەستێت لە 120 ملیارد دۆلارەوە بۆ نزیکەی 13 ملیار دۆلار دابەزیوە .

هاوڵاتی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دووەم کاروانی پارە دزراوەکەی بانکی رافیدەین گەڕێندرایەوە کە 134 ملیار و 455 ملیۆن و 600 هەزار دینارە. نوسینگه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "لەئەنجامی بەدوداچونێکی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەهاوکاری ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لایەنەپەیوەندیدارەکانی بواری دەسپاکی بەردەوامبون لەبرەودان بۆ گێڕانەوەی ئەوپارانەی دزراون بەتایبەتی پارەکانی باج کە بە دزینی سەدە ناوزەد دەکرێت". ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، وەک جەختکردنەوەیەکیش بۆ ئەو بڕیارانەی کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕێکەوتی 27ی مانگی رابردو رایگەیاند بو، بەشی دوەمی پارەکانی باج گێڕدراونەتەوە کە بڕەکەی 134 ملیار و 455 ملیار دینارە، کە بەشێوەیەکی یاسایی خرابونە سەر هەژماری کراوەی لقی سەرەکی بانکی ڕافیدەین، به‌وه‌ش تێکڕای پارە گێڕاوەکان دەگەنە 317 ملیار و 535 ملیۆن و 536 هەزارو 525 دینار. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئۆپەراسیۆنەکانی وەرگرتنەوەی پارە و بەدواداچوون بۆ داواکراوان بەردەوامە لەژێر چاودێری راستەوخۆی سەرۆکی حکومەت، لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەخاتە پێشەنگی ئەولەویەتەکانەوە".

بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلار بەردەوامە لە دابەزین و دۆلار نرخی مێژویی لە بازاڕەکانی ئێران تۆمار کرد و پێشبینی دەکرێت بە بەردەوامبونی ناڕەزایەتییەکا بەهای تمەن زیاتر دابەزێت. میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە نرخی هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی وڵاتەکە گەیشتوەتە 37 هەزار و 500 تمەن و ئەوەش بە بەرزترین نرخی دراوی دۆلار دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە وڵاتەکە ئەژمار دەکرێت. لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نرخی هەر دۆلارێک لە وڵاتەکە 30 هەزار تمەن بوە و دوای زیاتر لە 85 رۆژ ناڕەزایەتیی هەر دۆلارێک لانیکەم حەوت هەزار تمەن بەرز بوەتەوە. شارەزایانی ئابوریی پێشبینیی دەکەن بە بەردەوامبونی ناڕەزایەتییەکان و هەڵوێستی ئەمریکا بۆ دەستبەردابونی چالاک کردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1، بەهای دراوی تمەن بەردەوام بێت لە دابەزینی زیاتر.  

85 رۆژە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە و سەرەڕای هۆشدارییەکانی وڵاتانی جیهان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، دەسەڵاتی ئێران پێداگریی لە سێدارەدانی خۆپیشاندەران دەکات و هاوکات هەڕەشەی ئەوە دەکرێت کە یاساکانی باڵاپۆشی و سەرپۆش دوبارە جێبەجێ دەکرێنەوە. رۆژی شەممە لە سنە و تاران و کەرەج و گیلان و چەند شارێکی دیکە گردبونەوە و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەڕێوچو و هێزە ئەمنییەکان لە تاران و سنە هێرشیان کردە سەر خەڵک و گازی فرمێسکڕێژیان بۆ بڵاوەپێکردنی ناڕەزایەتییەکان بەکارهێنا. ئەنجومەنی باڵای شۆڕی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ لە چەند رۆژی داهاتودا یاسا و رێساکانی تایبەت بە باڵاپۆشی و سەرپۆش بە توندی جێبەجێ دەکرێتەوە و "زۆرینەی خەڵکی وڵاتەکە موسوڵمانن". ئەمڕۆ بۆ پێنجەم رۆژ لەسەر یەک زۆربەی دوکان و بازاڕەکانی شاری سنە وەک دەبڕینی ناڕەزایەتیی نەکرانە و تا ئێستا نزیکەی 800 دوکان و کاسبکاری ئەو شارە بە بیانوی بەشداریی لە مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سزا دراون. هەر ئەمڕۆ لە زۆربەی زانکۆکانی تاران و شارەکانی دیکەی ئێران گردبونەوە و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەردەوامبو و خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە رێپێوانیان کرد و لە چەند شەقامێکی ئەو شارە دروشمیان دژی دەسەڵاتی وڵاتەکە وتەوە. هەر لە زانکۆی تاران بنکە و نوسینگەی هێزەکانی (بەسیج)ی سەر بە سوپای پاسداران سوتێنرا و بە شەویش لە چەند شەقامێکی سەرەکیی وەک سەتتارخان و نارمەک و نازی ئاباد خۆپیشاندان و دروشم وتنەوە دژی دەسەڵاتی ئێران بەڕێوەچو. گەنجێک بە ناوی ماهان سەدرات تەمەن 23 ساڵ ئەمڕۆ شەممە بە تۆمەتی خۆپیشاندان و بەشداریی لە کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا و پارێزەرەکەشی رایگەیاند؛ سزاکەی رەوانەی بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران کراوە. چالاکوانانی مەدەنی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە کە ماهان مەترسیی سێدارەی لەسەرە و رەنگە سزاکەی لە زوترین کاتدا جێبەجێ بکرێت. لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە لانیکەم پێنج گەنجی شاری شنۆ بە بیانویی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دەزگای دادی ئێرانەوە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و دژایەتی خودا خراوەتە پاڵیان بۆ ئەوەی سزای سێدارەیان بەسەردا بسەپێنرێت و لەسێدارە بدرێن. ناوەندەکانی مافەکانی مرۆڤ ئاماژەیان بەوە کردوە لە رۆژی هەینی و شەممە زیاتر لە 30 گەنج و لاوی دیکەی چەند شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کرماشان و پاوە و سنە و سەقز دەستگیرکراون و چارەنوسیان دیار نییە. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەی ئاشکرای کرد بەڵگەکانی کوژرانی 44 منداڵ و لاوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی تۆمار کردوە کە زۆربەیان تەمەنیان لە نێوان 9 بۆ 17 ساڵ بوە و زۆرینەیان بە چەک و گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و دەسەڵاتی ئێران فشاری لە خانەوادە و بنەماڵەکانیان کردوە تەرمەکانیان لە گوندەکان دورەدەستەکان و بە بێ رێوڕەسمی جەماوەریی بەخاک بسپێرن. بە پێی راپۆرتی لێبوردنی نێودەوڵەتی 20%ی ئەو منداڵ و لاوانە کورد بون و 40%ی لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان کوژراون. پەرلەمانتارنی ئەڵمانیا هەوڵی رزگارکردنی ئەو خۆپیشاندەرە دەستگیرکراونە دەدەن کە سزای سێدارە دەیان گرێتەوە. سێ پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئەوروپا رایانگەیاند ئامادەن کەفالەتی سیاسیی سێ دەستگیرکراوی خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بگرنە ئەستۆ کە مەترسیی سێدارەدانیان لەسەر. کارلۆس کاسپەر، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا رایگەیاندوە ئامادەیە کەفالەتی سامان یاسین ، هونەرمەندی شاری کرماشان بکات کە لە لایەن دەزگای دادی ئێران تۆمەتبار کراوە بە دژایەتیی خودا و تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی کە سزای سێدارە دەیگرێتەوە دو پەرلەمانی دیکەش ئامادەییان دەربڕیوە کەفالەتی محەمەد بروغنی و توماج ساڵحی بکەن کە بە پێی ئەو تۆمەتانەی روبەڕویان بوتەوە سزای سێدارە دەیانگرێتەوە. رێکخراوی پزیشکانی جیهان لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی بڕینەوەی سزای سێدارە بۆ پزیشکێکی ئێران کرد و داوایان لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەکرد کۆتایی بە سزای سێدارە بنێت. حەمید قەرەحەسەنلو، پزیشکی رادیۆلۆژی لە ئێران بە تۆمەتی بەشداریی لە چلەی مەرگی حەدیس نەجەفی و کوژرانی ئەندامێکی سوپای پاسداران لەو رێوڕەسمەدا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە، قەرەحەسەنلو زیاتر لە 30 ساڵ ئەزمونی کاری پزیشکیی هەیە و یەکێک بوە لەو کەسانەی هەوڵی دروستکردنی خوێندنگەی لە ناوچە دورەدەست و هەژارەکانی ئێران داوە و هاوکاریی بۆ منداڵان کۆکردوەتەوە. لە وڵاتانی دەرەوە دژی دەسەڵاتی ئێران خۆپیشاندان بەڕێوەچو لە شارەکانی کۆڵن، فرانکۆفۆرد و بەرلین لە وڵاتی ئەڵمانیا خۆپیشاندان و رێپێوان و گردبونەوەی ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران و سزای سێدارە بەڕێوەچو. لە شاری لەندەن لە بەریتانیا  و لە شاری کۆپنهاگ لە دانیمارک  و تۆکیۆ لە ژاپۆن و بوداپێست لە هەنگاریا و تورین و رۆما لە ئیتاڵیا و ئیستانبوڵ لە تورکیا و برۆکسێل لە بەلجیکا و پێرس و سیدنی لە ئۆسترالیا گردبونەوە و ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران بەڕێوەچو.

هاوڵاتی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ سعودیە هێنا و گەڕایەوە بەغدا. لە سەردانەکەدا ‌به‌شداری له ‌لووتكه‌ی عه‌ره‌بی - چینی بۆ هاریكاری و گه‌شه‌سه‌ندن کرد.  سوودانی له ‌لووتكه‌ی عه‌ره‌بی – چینی بۆ هاریكاری و گه‌شه‌سه‌ندن گوتاری عێراقی پێشكێشكردو ڕایگەیاند: "عێراق ‌په‌رۆشه‌ بۆ سه‌قامگیریی سیستمی ئابووریی جیهان. له‌وانه‌، سه‌قامگیریی بازاڕه‌كانی نه‌وت، كرانه‌وه‌ی ئه‌رێنی به ‌رووی هه‌موو دۆستاندا".  وتیشی، لە داهاتوودا هەنگاوەکانی حکومەتەکەی "سەرنجیان لەسەر بەرەوپێشبردنی ئابووری و فەراهەمکردنی خزمەتگوزارییەکان دەبێت،" داواشی لە سەرکردە بەشداربووەکانی لووتکەکە کرد، "کرانەوەی ئابوورییان بە رووی عێراقدا هەبێت کە ژینگەیەکی بەپیتە بۆ وەبەرهێنان و بنەمای مرۆیی و مادی گرنگی بۆ سەرکەوتن تێدایە." هاوکات له‌گه‌ڵ ژمارەیەک سه‌ركرده‌ی به‌شدار له‌و لووتكه‌یه‌ هەبوو و پێکەوە بیروبۆچوونیان ئاڵوگۆڕکرد و جه‌ختیان له‌سه‌ر هاوئاهەنگی هه‌ڵوێسته‌كان كرده‌وە بۆ وەڵامدانەوەی ئاڵنگارییە ئابووری و ئه‌منییەکان‌.

بەگوێرەی راپۆرتێک، ئەمساڵ هێزە ئەمنیەکانی تورکیا زیاتر لە پێنج هەزار کەسیان ئەشکەنجەداوە و ١٥ کەسی مەدەنیش لەنێو تورکیادا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە کوژراون. کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی تورکیا (ئیهادە) راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی پێشێلکاریەکانی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەمساڵ هێزە ئەمنیەکانی تورکیا بە فەرمانی دەسەڵاتداران، هێرشیان کردووتە سەر ٤٨٢ کۆبونەوە و خۆپیشاندانی ئاشتیانە. رێگریشیان لە ٥٤ خۆپیشاندانی مەدەنی کردووە. کۆمەڵەکە باسی لەوە کردووە، بە گشتی پێنج هەزار و ٣٢٣ هاوڵاتی تورکیا لەلایەن هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتەوە ئەشکەنجە دراون و ١٥ هاوڵاتی مەدەنیش کوژراون کە یەکێکیان منداڵە. کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی تورکیا (ئیهادە)، ئاماژەی بە فشاری سەر میدیای ئازاد و ئۆپۆزسیۆن کردووە و دەڵێت، دەوڵەتی تورکیا، ٥٠٧ هەواڵی سڕیوەتەوە، دەستکاری ناوەڕۆکی ٢٧٤ هەواڵی کردووە و هەوڵی سانسورکردنی ٧٧٣ سایتی هەواڵی داوە. لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو پەرلەمانتاری هەدەپە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، ئەمساڵ ٧٣ زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی تورکیادا گیانیان لەدەستداوە کە ٣٤ کەسیان گۆمانی کوشتنیان لێدەکرێت.

خوشکەزای رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی رەخنە لە دەسەڵاتی وڵاتەکە سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت. فەریدە مورادخانی، چالاکی مەدەنی دوای ئەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە خوێنڕێژ و بکوژ ناوبرد دەستبەسەر کرا لە لایەن دادگاوە 15 ساڵ زیندایی بەسەردا سەپێنرا. پارێزەری مورادخانی رایگەیاندوە دوای پێداچونەوە بە دۆسیەکەی بڕیاری زیندانییەکەی لە 15 ساڵەوە بوە بە سێ ساڵ. فەریدە مورادخانی کە خوشکەزای عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان داوای لە وڵاتانی جیهان و نەتەوەیەکگرتوەکان کرد لە ئاست کوشتاری خەڵک و توندوتیژیی لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە بێدەنگ نەبن. پێشتر بەدریە خامنەیی، خوشکی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ بەهۆی توندوتیژیی دەسەڵاتی ئێران بە رێبەرایەتیی وڵاتەکەی بێبەریبونی لە عەلی خامنەیی راگەیاند.  

سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە دەزگای دادی ئێران مەرگی گەنجێکی شاری دێولان لە پارێزگای سنە دوای یەک رۆژ دەستبەسەریی راگەیاندوە. ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردوە شادمان ئەحمەدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رفێنراوە و لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە. هاوکات لانیکەم پێنج گەنجی شاری شنۆ بە بیانویی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دەزگای دادی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە. تا ئێستا نزیکەی 10 گەنجی کورد بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکاندا سزای سێدارایان بەسەردا سەپێنراوە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتیش ئاماژەیان بەوە کردوە لانیکەم شەش هەزار کەس لەو بەشەی کوردستان دەستگیر و دەستبەسەر کراون و مەترسیی لەسەر ژیانیان هەیە. وەزارەت دەرەوەی ئۆسترالیا رۆژی شەممە رایگەیاند وڵاتەکەی لە بەرامبەر سەرکوت و سێدارە، لە ئێران سزا بەسەر پۆلیسی ئەخلاق و 26 بەرپرسی کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاندوە. رۆژی رابردوش، جۆزێپ بۆڕێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە پەیامێکدا بڵاوی کردەوە؛ لە رێگەی وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە داوا لە دەسەڵاتی ئێران کراوە سزای سێدارە و سەرکوتی خۆپیشاندەران رابگیرێت. بە پێی دوایین ئامار لە 84 رۆژی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لانیکەم 478 کەس کوژراون کە 125 کەسیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بون.

هاوڵاتی دوای ئه‌وه‌ی هه‌ردوو لیژنه‌ی كۆنفرانس كه‌ ئه‌ندامه‌كانی له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی پیران و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران پێكهاتوون، ره‌شنووسی كۆتایی پڕۆژه‌ یاسای رێگه‌پێدانی به‌رگریی نیشتمانییان پێشكه‌ش كرد، ره‌شنووسه‌كه‌ له‌ دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سه‌ندكرا کە 858 ملیار دۆلارە. رۆژی پێنجشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2022، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ـی بەرگریی ئەمریکا لەلایەن دیموکرات و کۆمارییەکانەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پەسندکرا ، به‌ ده‌نگی به‌ڵێی 350 ئه‌ندام له‌ به‌رانبه‌ر نه‌خێری 80 ئه‌ندام  كه‌ بڕی 858 ملیار دۆلار له‌خۆده‌گرێت،بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە یاسا و کاری پێبکرێت، دەبێت لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانیشەوە دەنگی لەسەر بدرێت و دواتر لەلایەن بایدنەوە واژۆی لەسەر بکرێت. بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، 487 هەزار دۆلار بۆ چالاکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا تەرخانکراوە کە بڕی 322 ملیۆن و 204 هەزار دۆلار لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش بۆ ‌هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەخۆ دەگرێت.    

هاوڵاتی لە پەراوێزی بەشداریکردنیان لە لوتکەی چین و وڵاتانی عەرەبی، شی جینپینگ، سەرۆکی چین و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ریازی پایتەختی سعودییە کۆبونەوە و رایانگەیاند، دەیانەوێت هەماهەنگی نێوان هەردو وڵات بۆ ئاستی هاریکاری ستراتیژی بەرزبکرێتەوە و لەبواری ئابوری و بوارەکانی دیکەش پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان بەیجین و بەغدا دەدەن. له‌ میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 9ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و شی جی پینگ سه‌رۆكی چین، كۆبوونه‌وه‌ و تاووتوێی هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و سوودوه‌رگرتنی عێراق له‌ پێشكه‌وتنه‌كانی چین و به‌هێزكردنی شه‌راكه‌تی هاوبه‌ش كرا. نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە سەرۆک وەزیران لەکۆبونەوەکەدا جەختیکردەوە لەوەی عێراق دەیەوێت سود لە ئەزمونی چین لە چەندین بواری جیاوازدا وەربگرێت، ئومێدیشی وایە هاوبەشی لەگەڵ چین لە چوارچێوەی دەستپێشخەری "پشتێن و ڕێگا" برەوی زیاتری پێبدرێت بەتایبەت لەبوارەکانی ئاوەدانی و پتەوکردنی ژێرخان لەبوارە جۆر بەجۆرەکاندا. لای خۆیەوە شی جینپینگ، سەرۆکی چین ئاماژەی بەوەداوە، چاوەڕێ لە عێراق دەکرێت بەهۆی پێگە جوگرافی و شارستانیەتییەکەیەوە رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە پڕۆژەکانی گەشەسەندنی بەردەوام، بەجۆرێک بەغدا دەتوانێت ببێت بە پردێک بۆ بەیەکگەیاندنی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، بۆیە ئومێد دەخوازن کە هاوکاری نێوان هەردو وڵات لەسەرجەم بوارەکان بەردەوام بێت، چینیش پشتیوانی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی عێراق دوپاتدەکاتەوە.

هاوڵاتی جێنین هێنیس پلاسخارت،  نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق لە ڕۆژی جیهانیی دژە گەندەڵیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، گەندەڵی بەربڵاو یەكێكە لەو ئاڵنگاریە گەورانەی روبەروی عێراق بوەتەوە، بۆیە کاتی ئەوەیە بەکارهێنانی سەرچاوەکان بۆ  بەرژەوەندیی حزبی و تایبەتی کۆتایی پێبهێنرێت و دابینکردنی لێپرسینەوەش لەتەواوی پرۆسەکەدا لەوپەڕی گرینگیدایە. ئەمڕۆی هەینی، جێنین هێنیس پلاسخارت پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە،گەندەڵیی بەربڵاو و سیستەماتیکی یەکێکە لەو ئاڵنگارییە هەرە گەورانەی رووبەڕووی عێراق بووەتەوە. جێنین هێنیس پلاسخارت لە پەیامەکەیدا  ئاماژەی بەوەشکردوە، "گەندەڵیی بەربڵاو و سیستەماتیکی یەکێکە لەو ئاڵنگارییە هەرە گەورانەی کە روبەڕوی عێراق بوەتەوە. تێچوە ئابورییەکەی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لەڕاددەبەدەرە چونکە دەبێتە مایەی لاوازکردنی پێشکەوتن و بێبەشکردنی هاوڵاتیان لە مافەکانیان و کزکردنی وەبەرهێنانی جیهانی و بە ناڕەوایی بردنی ئەو سەرچاوانەی کە بۆ خەڵک لەڕوی قوتابخانە و نەخۆشخانە و چەندین خزمەتگوزاری تر پێویستن." دەشڵێت، "من زۆر جار بە تایبەتیش لەم دواییەدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی تشرینی یەکەمدا وتم کە گەندەڵی هۆکاری سەرەکیی پەکخستنە و گەر هەر بەم شێوەی ئێستاش درێژەی هەبێت ئەوە دوا جار بە خراپ بەسەر وڵاتدا دەشکێتەوە." باسی لەوەشکردووە، کەیسی هەرە بەناوبانگی گەندەڵی لە عێراق، کە بە "دزی سەدە"ش ناسراوە، بەداخەوە دواهەمین نابێت و هەر بۆیە هیوادارین ببێتە زەنگی ئاگادارکردنەوە. پلاسخارت وتیشی،ڕاستە حکومەت چەندین هەنگاوی هاندەری ناوە بەڵام ئەوەش شاراوە نییە کە رەنگە ئەم هەنگاوانە یان تووشی بەربەست بن یانیش لاواز بکرێن لەلایەن ئەو کەسانەی کە لەم پرۆسەیەدا تووشی زیان دەبن. بەڵام رێگەم بدەن با ئەوە دووپات بکەمەوە کە ئەم جۆرە کەسانە هەرگیز نابێت ئەو بوارەیان پێ بدرێت. لە پەیامەکەیدا دەڵێت ئەمساڵ، لە رۆژی جیهانیی دژەگەندەڵی هەوڵ دەدات کە پەیوەندیی بەهێزی نێوان ئاشتی و دژە گەندەڵی و سەقامگیری و گەشەپێدان بە زەقی بخاتە ڕوو. سەرباسی "یەکخستنی جیهان بۆ دژایەتی گەندەڵی" جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم تاوانە ماف و بەرپرسیاریی هەموو کەسێکە، هەروەها ، هەر بەم گیانە و لەپێناوی نەوەکانی داهاتوودا، با هەموومان بە یەکەوە لە عێراق و شوێنەکانی تریش، چی وەکو تاکە کەس و چی وەک ئەوانەی کاربەدەستن، شەڕی لێپێچینەوە و واڵایی (شەفافیەت) و سەروەری یاسا بکەین بۆ ئەوەی بتوانین سیستەمێک دروست کەین کە پێویستییەکانی کۆمەڵگا دابین بکات لەجیاتی خزمەتکردنی توێژێکی داخراو کە بایەخیان بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان زۆر کەمە. لە کۆتایدا وتیشی،بەکارهێنانی سەرچاوەکان بۆ  بەرژەوەندیی حیزبی و تایبەتی پێویستە کۆتایی پێ بهێنرێت و دابینکردنی لێپێچینەوەش لەتەواوی پرۆسەکەدا لەوپەڕی گرینگیدایە.

هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری کاراکردنەوەی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کوژران و بریندارکردنی خۆپیشاندەرانی دەرکرد. ئەمڕۆ هەینی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی بڕیارێکی بۆ کاراکردنەوەی فەرمانی دیوانی ژمارە (293) دەرکرد، کە تایبەتە بە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کوژران و بریندارکردنی خۆپیشاندەران. هەروەها لەئێستادا لیژنەکە دوبارە کارەکانی خۆی دەستپێکردوەتەوە و کاریش دەکرێت بۆ قەرەبوکردنەوەی خێزانی کوژراوەکان و تێچوی چارەسەری سەرجەم بریندارەکان. ئەمەش لەکاتێکدایە لەم چەند شەوەی رابردو لە پارێزگای زیقار خۆپیشاندانی ناڕەزایی هاوڵاتیان بەڕێوەچو و بەهۆی روبەڕوبونەوەشیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، سێ خۆپیشاندەر کوژران و 21 کەسی دیکەش برینداربون. 

هاوڵاتی کۆمپانیاى هێڵی ئاسمانیی عێراق رەتیکردەوە گۆشتى بەراز لەنێو ژەمە خۆراکى نێو فڕۆکەکانیدا درابێتە گەشتیاران و ئەو وێنانەى کە لەوبارەیەوە بڵاوکراونەتەوە لە هۆتێلێکی ئەڵمانیا بووە.  رۆژی 8ى کانوونى یەکەمى 2022، کۆمپانیاى گشتیى هێڵی ئاسمانیی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا ئەو دەنگۆیانەى رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن، گۆشتى بەراز دراوەتە گەشتیاران لەنێو گەشتە فڕۆکەوانیەکانیدا بۆ وڵاتان و بەپێچەوانەوە بەتایبەت ئەڵمانیا. بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو ژەمە خواردنەى کە لە گەشتەکانى فڕۆکەوانى کۆمپانیاکەدا بە چوون و گەڕانەوەشەوە دەدرێتە گەشتیارانى، بەڕێککەوتن دەبێت لەگەڵ کۆمپانیاکان کە دەبێت هاوتاى ئەو تایبەتمەندییانە بن کە کۆمپانپاکە پشتى پێ دەبەستێت کە تێیدا رەچاوى شەریعەتى ئیسلام دەکرێت. کۆمپانیاى گشتیى هێڵی ئاسمانیی عێراق ئەوەی ڕونکردەوە کە،  یەکێک لە گەشتەکانیان بەهۆى خراپى کەشوهەوا دواکەتووە کە بڕیار بووە رەوەندى عێراقى بگوێزێتەوە، بۆیە نووسینگەکە لەسەر بودجەى خۆى ناچار بووە کە گەشتیاران بباتە هۆتێلێک،ئیدارەى هۆتێلەکە بەبۆنەی نزیکبوونەوەى بۆنەکانى سەرى ساڵى نوێ، ژەمە خۆراک و دیارى پێشکێش بە سەرجەم ئەو کەسانە کردووە کە لە هۆتێلەکە بوون بە گەشتیارە عێراقییەکانیشەوە و ئەو وێنانەى بڵاوکراونەتەوە لەو هۆتێلە بووە و پەیوەندى بە کۆمپانیاکەیانەوە نەبووە". ئەو وێنانەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە کە گوایە ژەمە خۆراک بوون و دراونەتە گەشیاران لۆگۆى کۆمپانیاکەیانى پێوە نییە کە لەسەر سەرجەم ژەمە خۆراکەکاندا هەیە.  

سەرکردەیەکی بزوتنەوەی سەوز سەر بە باڵی ریفۆرمخوازانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ پەتی سێدارە ناتوانێت دەنگە نارازییەکان کپ و سەرکوت بکات. میرحسێن موسەوی یەکێک لە سەرکردە و دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی سەوز لە ئێران بە پەیامێک ناڕەزایەتیی خۆی بۆ لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران و گەنجانی ناڕازیی دەربڕی و رایگەیاند؛ ئەو شێوازە لە بەڕێوبردن و دەسەڵاتداریی ئێستا بۆ کوشتن و وێرانکاریی دەبێتە هۆی لەدەستدانی سامانی نیشتیمانیی وڵاتەکە و لە بەرامبەریشدا خەڵکی ناڕازیی بە یەکڕیزیی دژی دەوەستنەوە و بەرگریی لە خۆیان دەکەن. پەیامەکەی موسەوی لە پێگەی (کەلیمە)ی سەر بە بزوتنەوەی سەوز بڵاو کراوەتەوە کە تێیدا هاتوە" نە چەک و نە سێدارە بزوتنەوەی خەڵک بۆ ئازادی و دیاریکردنی مافی چارەنوسی خۆیان راناگرێت، شۆڕشی ساڵی 1978 لە ئێران بە مەبستی چۆڵکردنی زیندانەکان بو نە وەک بۆ پڕکردنیان و سوتاندنیان. ئەو وتوشیەتی: شۆڕشی رابردوی ئێران بۆ ئەوەبو خەڵک خۆیان بڕیار لە چارەنوسی دەسەڵات و حوکمڕانییەکەیان بدەن و نەوەک شۆرش ببێتە هۆکارێک بۆ دڵنیایی دەسەڵاتی ستەمکارانی کۆمەڵێک کەسی کەم بەسەر خەڵکی وڵاتەکەدا. ئەمە دووەم پەیامی میرحسێن موسەوییە لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و لە پەیامی یەکەمیدا بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەکان رایگەیاند؛ ئەو ئامراز و چەکانەی بەدەست هێزە ئەمنی و سەربازییەکانەویەوە بۆ پارێزگاریی لە خەڵک و خۆپیشاندەرانەوە  نەوەک بۆ پاسەوانیی دەسەڵاتداران و گەمژەکان. میرحسین موسەوی کە دوای شۆڕشی 1979 لە ئێران لە ساڵی  1981تا ساڵی 1989 بۆ ماوەی 8 ساڵ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بوە و دەیان پۆستی هەستیاری و باڵای کۆماری ئیسلامی بەدەستەوە بوە بەهۆی ناڕەزایەتیی لە باڵی محافزکار و دەسەڵاتی ئێران و بە بیانوی سەرکردایەتیی بزوتنەوەی سەوز و دژایەتی دەسەڵات لە وڵاتەکە بۆ ماوەی 11 ساڵە خۆی هاوژینەکەی لە ماڵەکەیان دەستبەسەرن.