ئێران رایگەیاند ژمارەیەک ئەندامی داعش و لایەنگرانیی لە پارێزگایەکی باشوری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەستگیر کردون کە ئامانجیان تێکدانی دۆخی ئەو ناوچەیە بوە. ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم)سەر بە دەسەڵاتی ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ سوپای پاسداران دوو تیمی سەر بە رێکخراوی داعش-ی لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان دەستگیر کردوە. ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەک لە دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) ئاماژەی بەوەکردوە کە بە هاوکاریی فەیلەقی قودس-ی سەر بە سوپای پاسداران و هەواڵگریی سەر بە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە دوو تیمی داعش و ژمارەیەک لە لایەنگرانیان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان دەستگیر کردوە. بە وتەی ئەو سەرچاوانە: ئامانجی داعش لە باشوری رۆژهەڵاتی ئێران تێکدانی دۆخی ئەمنی و بە بارمتەگرتنی هاوڵاتییانی بیانی و بازرگانەکان لە ناوچەی چابەهار بوە. هەر بە پێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوانە کە میدیای سەر بە دەسەڵاتی ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ ئەو دوو تیمەی داعش لە ماوەی نارەڕەزایەتییەکاندا و لە دەرەوەی سنوری وڵاتەکە پلانیان پێدارە بۆ تێکدانی دۆخی ئەمنیی باشوری رۆژهەڵاتی ئێران. بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە لە کاتێکدایە زیاترین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لە دوای رۆژهەڵاتی کوردستان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان دژی دەسەڵاتی ئێران بەڕێوەچو و تا ئێستا زیاتر لە 128 کەس لەو پارێزگایە کە زۆرینەی لە روی ئایینییەوە سوننەن بە بیانوی بەشداریی لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون.
نوێترین لێدوانی مەسرور بارزانی دەربارەی بایکۆتکردنی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن یەکێتیەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە، 19ی01ی2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداری له کۆڕبەندی داڤوس داڤۆس. لەبارەی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران لە لایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بەڕوداوی وت، "پێم سەیرە برادەرانی یەکێتی بایکۆتی کۆبوونەوەکان دەکەن و نایەن، پێویستە ئەگەر قسەیان هەیە بێن لە ئەنجوومەنی وەزیران قسەی خۆیان بکەن." سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی پێیوایە:دوای رووداوی "شەهیدکردنی هاوکار جاف" بابەتەکان گۆڕان و کێشەکان زیاتر بوون جێی ئاماژەیە، دوای بەیاننامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کە لەڕۆژانی ڕابردوو بڵاوکرایەوە، لەبارەی حکومەت و ڕەوشی سیاسی کوردستان و وەڵامدانەوەی لەلایەن یەکێتیەوه، پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی، بەدیاریکراوی نێوان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گرژی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە.
هاوڵاتی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دوێنێ باسی مێژووی ٧٣ ساڵ لەمەوبەری تورکیای کرد، بەڵام دۆخێکی وەهای خوڵقاندووە کە هاوڵاتیان نازانن ٧٣ کاتژمێر لەمەوبەر چییان خواردووە و وتی، " مانگی ئایار بۆ کۆتاییهێنان بە ئەردۆغان مانگێکی گونجاوە." دەمیرتاش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی مەدیا سکوپی تورکیا ئاماژەی بە قسەکانی دوێنێ ئەردۆغان کرد کە لە کاتی ئاشکراکردنی رۆژی هەڵبژاردنەکان قسەی کە بڕیارە ١٤ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت. دەمیرتاش وتی، " کاتێک ئەردۆغان باسی ٧٣ ساڵ لەمەوبەر دەکات ( لە ١٤ی ئایاری ١٩٥٠دا، پارتی دیموکرات بەسەر جەهەپەدا سەرکەوتن و بۆ یەکەم جار جەهەپە لە هەڵبژاردنەکاندا شکستی هێنا) زۆر باشە دیارە کە لە سیاسەت و گەل دوور کەوتووەتەوە." باسی ئەوەشی کرد کە لە کاتێکدا کەهاوڵاتیان، رووبەرووی هەژاری، تراژیدیای ئابوری بوونەتەوە و نازانن ٧٣ کاتژمێر لەمەوبەر چییان خواردووە، ئەردۆغان هەڵدەستێت باسی ٧٣ ساڵ لەمەوبەر دەکات. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) وتی، " باسکردنی ٧٣ ساڵ لەمەوبەر ستراتیژیەکی هەڵەیە بۆ هەڵبژاردن، بەم شێوەیە ناتوانرێت سۆزی هاوڵاتیان رابکشێت. لەبارەی ١٤ی ئایاریش، لە راستیدا مانگی ئایار بۆ کۆتاییهێنان بە ئەردۆغان مانگێکی گونجاوە. مانگی ئایاری ئەمساڵ وەک مانگێکی جوان دەچێتە مێژووە. لە ئیستاداوە ' بژی ١ی ئایار'، بەردەوام دەبین." دوێنێ لە کۆبونەوەیی گشتی پارتەکەیدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، ١٤ی ئایاری وەک هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی وڵاتەکەی دیاری کرد.
هاوڵاتی رووبەڕووبوونەوەی چەكدارییەكی گوندی (ئەلبو زوید) لەپارێزگای موسەننای باشوری عێراق كەزیاتر لە 10 كاتژمێری خایاندو تیایدا چەند بازرگانێكی ماددەی هۆشبەر رووبەڕووی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بوونەوەو دووئەندامی ئەو هێزانەیان كوشت و 17 ئەندامی دیكەشیان برینداركردو خۆشیان هەڵهاتن، جارێكی تر پرسی ماددەی هۆشبەرو بازرگانیكردن بەو ماددەیەی لەعێراقدا هێنایەوە بەرباس و حكومەتی عێراقی ناچاركرد هەنگاوی بەپەلە بگرێتەبەرو بڕیارو رێنمایی نوێ دەربكات. بەپێی زانیارییە ئەمنییەكان كەسانی دەستڕۆیشتوو و حزب لەپشت دیاردەی بازرگانیكردنن بەماددەی هۆشبەرەوەن و دەرچوون و هەڵاتنی ئەو تاوانبارانەش هەر لەلایەن ئەو كەس و حزبانەوە بووە كەخەریكی ئەو بازرگانیەن. لەدوای ساڵی 2003ەوە پرسی ماددەی هۆشبەر لەعێراقدا بووەتە پرسێكی جددی و سەرەڕای هەموو هەوڵە حكومییەكان بۆ رێگەگرتن لەهاتنە ناوەوەی ئەو ماددەیە بەهەموو جۆرەكانیەوە بۆ عێراق، كەچی رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەی بەكارهێنەران و بازرگانان بەو ماددەیەوە زیاتر دەبێت و كۆمەڵگای عێراقی شێواندووەو عێراق بووەتە یەكێك لەو وڵاتانەی كە بەشێوەیەكی بەربڵاوی ئەو ماددەیەی تیادا بەكاردەهێنرێت، بەجۆرێك تەنانەت بووەتە رێڕەوێكیش بۆ تێپەڕاندنی ئەو ماددەیە بۆ ئوردون و سوریاو وڵاتانی دیكەی كەنداوو وڵاتانی ئەوروپا. بەپێی لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رۆژانە بەكارهێنەران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر دەستگیردەكرێن و رووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە، بەڵام ئەمە رێگای تەواوەتی نەگرتووە لەو گرفتەو ژمارەی بەكارهێنەران تادێت زیاتر دەبێت. بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆ لەساڵی 2022 زیاتر لە 14 هەزار كەس بەتۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەو ماددەیەوە دەستگیركراون كە 500 كەسیان ژن و گەنجانی خوار تەمەن 18 ساڵن، ئەمە لەكاتێكدا لەساڵی 2019 زیاتر لە 11 هەزار كەس دەستگیركراون، هاوكات ساڵانە دەیان تۆن لەو ماددەیە لەناودەبرێن. جوگرافیای بڵاوبوونەوەی ئەم ماددەیەش لەناوچە هەژارو كەمدەراتەكانی بەغداو باشووری عێراقدایەو لەناو هەردوو رەگەزدا بڵاوە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستیش لەساڵی رابووردوودا چوار هەزارو 500 كەس كە تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 30 ساڵیدایە لەسەنتەرەكانی چارەسەركردنی توشبووانی ماددەی هۆشبەر چارەسەریان وەرگرتووە. هەژاری و بێكاریش هۆكاری سەرەكی بڵاووبوونەوەی ماددەی هۆشبەرن لەعێراقدا، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كاروكاروبای كۆمەڵایەتیش چوار ملیۆن بێكار لەعێراقدا بوونیان هەیە، وەزارەتی پلاندانانیش جەخت لەوەدەكاتەوە لەسەدا 14ی گەنجانی عێراق بێكارن و هیچ سەرچاوەیەكی داراییان نییە. لەساڵانی پێشووتردا عێراق یەكێك بووە لەو وڵاتانەی كە لەڕووی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەماددەی هۆشبەرەوە زۆر پاكبووەو یاسایەكی زۆر توندی بۆ ئەو پرسە هەبووە، بەڵام بەهۆی لاوازی دەسەڵاتی ئێستاو كرانەوەی سنوورەكان و لێنەپرسینەوەوە ئێستا عێراق لەو پرسەدا دۆسیەیەكی خراپی هەیەو بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەو ماددەیە لەپەرەسەندندایە. بەبڕوای شارەزایانی یاسا ئەم یاسایەی كەئێستا هەیە بۆ ئەو پرسەو لەساڵی 2017 دەرچووە هۆكاری زیادبوونی ئەو دیاردەیەیەو چەندین كەموكورتی و كەلێنی تیادایەو واپێویست دەكات هەمواربكرێتەوە، بۆ نموونە بەپێی یاسای ماددەی هۆشبەری ساڵی 1966 ئەوەی ئەو ماددەیە بەكاربهێنێت 15 ساڵ زیندانی دەكرا ئەمە لەكاتێكدا لەو زەمەنەدا بەكارهێنانی ئەو ماددەیە ئاوا بڵاونەبوو، بەڵام بەپێی ئەم یاسایەی هەیە (ساڵی 2017) سزای بەكارهێنەر ساڵێك بۆ دوو ساڵە، یاخود سزایەكی داراییە تادەگات بە 10 ملیۆن دینار. ئەم سزایەش بارتەقای تاوانەكە نییە كەدووەم تاوانە لەجیهاندا، بەپێچەوانەی یاسای پێشوو كە بەكارهێنەرو بازرگانیكردن بەو ماددەیە تاوان بوو نەك كەتنێكی بچووك و قورسترین سزای هەبوو، هەربۆیە ئێستا پرۆژە یاسایەكی دیكە لەپەرلەماندا هەیە كە خۆی لەسزای توندو دابینكردنی نەخۆشخانەو بڕینی سەرچاوەكانی هێنانی ئەو ماددەیە بۆ عێراق و توندوتۆڵكردنی سنوورەكان و بازرگانی ناوخۆیدا دەبینێتەوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنج شەممە 19ی1ی 2023، لە راگەیەندراوێکدا، پۆلیسی سلێمانی بڵاوی کردەوە، چەند تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردوە. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ئاشکرایکردوە، لەسەر سکاڵای هاوڵاتییەک کە بڕێک پارە و ماتۆڕسکیلێکی لێدزراوە، 2 تۆمەتبار لەلایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە دەستگیرکران. پۆلیس ئەوەشی ڕونکردۆتەوە، لەسەر سکاڵای هاوڵاتییەکی تر و لە چالاکییەکی جیاوازدا توانرا 3 تۆمەتبار دەستگیربکرێن کە دزییان لە دوکانێکی سکرابی ئۆتۆمبێل کردبوو. ناسنامەی تۆمەتبارەکان بریتییە لە، (س، ه، ر لەدایكبووی 2005 و أ، أ،ج لەدایكبوی 2022، ی، ج، أ لەدایكبوی 2004، د، س،ب لەدایكبووی 2006، م، م، ع لەدایكبووی 1992 بوون.)
هاوڵاتی دوای ئەوەی شەوی رابوردوو خێزانێکی پارێزگای دهۆک بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەرەو تورکیا بەرێدکەون، لەنزیک شاری نەسیبین کەسێک تەقەیان لێ دەکات بەوهویەوە حەجی عەبدوڵلا مامیسی لەگەڵ هاوسەر و کچێکی گیانی خۆیان لەدەستداوە هاوکات دایکی مەلائەحمەد جەلالەدین گیانی خۆی لەدەستداوە رەمەزان رێکانی، کەسێکی نزیک لە بنەماڵەکەیان بە هاوڵاتی ی وت"ئەوانەی گیانی خۆیان لەدەستداون لەعەشیرەتی رێکانی نە، شەوی رابوردوو بەمەبەستی چارەسەر روویشتنە تورکیا کەمێک پێش ئێستا، پارێزگاری مێردین رایگەیاند: دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی نسێبین چوار هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بەهۆی دەستڕێژی گولـلەوە کوژران، لەسەر روداوەکە هێزە ئەمنییەکان چوار تۆمەتباریان دەستگیرکردوە. پۆلیس بەردەوامە لەگەڕان و لێکۆڵینەوە بۆ دەستگرکردنی تۆمەتباران.
هاوڵاتی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، چوار گەریلایان لە چیای گابار شەهید بوون. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هیزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) باڵی سەربازی پەکەکە، لە راگەیەنراوێکد ئاشکرا کرد کە چوار گەریلایان بە ناوەکانی، ئەفرین، هۆگر، سەڕڤان و رێناس لە شەڕ و پێکدادانێکی چیای گاباری سەر بە پارێزگای شڕنەخی باکوری کوردستان، شەهید بوون. هەپەگە دەڵێت، گەریلاکان کە خەڵکی، جۆلەمێرگ، ئامەد، ئێلح و کۆنیان، لە شەڕ و پێکدادانێکی نێوان هێزەکانیان و سوپای تورکیادا لە چیای گارە لە ٩ی ئەم مانگەدا شەهید بوون. ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) دووی ئەم مانگە ئاماری شەڕ و پێکدادانەکانی ساڵی ٢٠٢٢ی ئاشکرا کردبوو. بەگوێرەی ئامارەکە ساڵی رابردوو، دوو هەزار و ٩٤٢ سەربازی تورکیا کوژراون و ٣٠١ گەریلای شەهید بوون کە ٥٥ کەسیان بەهۆی چەکی کیمیاییەوە بووە.
هاوڵاتی ناڕەزایەتییە نێودەوڵەتییەكان دژی كۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی چوەتە قۆناغێكی مێژوییەوە و بەریتانیا وەك یەكەم وڵات باڵیۆزی خۆی لە تاران كشاندەوە و ئەمریكا مەرگی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ تاران راگەیاند و لە ئاستی ناوخۆشدا هەڵوەرینی پەل و پۆی دەسەڵات دەستی پێكردوە و سوپای پاسداران لەبەردەم گەورەترین سزای ئەوروپادایە. ئەگەرچی شەقام و گۆرەپانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران ماوەیەكی كەمە خۆپیشاندانی بەرفراوانی بەخۆیەوە نەبینیوە بەڵام ئاستی هەڵوێستە نێودەوڵەتییەكان لە بەرامبەر كۆماری ئیسلامی ئاماژەیە بە كاریگەریی ئەو ناڕەزایەتییانە كە 124 رۆژە بەردەوامە و بەرپرسێكیش حاشا لەوە ناكات ئەگەر دۆخی وڵاتەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت بایكۆتی سیاسیی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دژی تاران دەست پێدەكات. ئێران لە ڕوی سیاسیی و سەربازیی و سەرمایەوە لەبەردەم بایكۆت و سزادایە بە جۆرێك لە دوای خۆپیشاندانەكانەوە هیچ ئاسۆیەكی رون لە كۆماری ئیسلامیدا بەدی نەكراوە و هیچ دەرگایەكیشی بە مەبەستی دەربازبون بەڕویدا نەكراوەتەوە و ئەوەش وای كردوە ئەو كۆمارە لە ناوخۆدا روبەڕوی هەڵوەرین و وقوڵبونەوەی ناكۆكییەكان ببێتەوە. بەرپرسێكی كۆماری ئیسلامی رایگەیاندوە؛ بایكۆتی سیاسیی و دیپلۆماسی هەڕەشە لە دەسەڵاتی وڵاتەكەی دەكات و بەرپرسێكی دیكەش پێشنیار دەكات دەسەڵاتدارانی تاران كارێك نەكەن كە خەڵكی وڵاتەكە هاوشێوەی سەردەمی پاشایەتی خۆشحاڵبن بە رۆیشتن و نەمانی كۆماری ئیسلامی ئێران و بەرپرسەكانیان. بە گشتی ئەوەی بەدی دەكرێت ئەنجامی چوار مانگ ناڕەزایەتی و رژانی خوێنی دەیان كوڕ و كچی گەنجی رۆژهەڵاتی كوردستان و لەسێدارەدانی دەستگیركراوانە كە كۆماری ئیسلامی ئێران چاوەڕێی نەدەكرد تا ئەو ئاستە كۆڵەكەكانی بهەژێنێت و شەمەندەفەرەكی بوەستێنێت. بە پێی دوایین ئامار كە ناوەندی هەرانا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی كردوەتەوە ژمارەی كوژراوانی ناڕەزایەتییەكانی ئێران بۆ 524 كەس بەرز بوەتەوە كە 71 كەسیان تەمەنیان لە 18 سال كەمترە. سوپای پاسداران لە بەردەم گەورەترین سزای ئەوروپا سەرەڕای ئەوەی ئێران خاوەنی ژمارەیەكی زۆر لە پۆلیسی دژە خۆپیشاندان و چالاكیی مەدەنییە بەڵام لە ماوەی ناڕەزایەتییەكاندا زیاترین ئەندامی سوپای پاسداران لە بەرەنگاربونەوەی گەنجان و خۆپیشاندەراندا كوژراون بە جۆرێك لە كۆی ئەو 69 ئەندام و چەكدارە ئەمنییانەی كە كوژراون 51 كەسیان ئەندامی سوپای پاسداران بون. ئەمیر حاجی زادە، فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكانی سوپای پاسداران رون و رەوان دانی بەوەدا ناوە كە بۆ سەركوتی خۆپیشاندەران سودیان لە رێ و رێبازەكانی قاسم سولەیمانی لە سوریا وەرگرتوە. زۆربەی شارەزایانی سیاسی ناوخۆی ئێران و دەرەوە لەو بڕوایادان وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت ئەوروپا دەتوانن بە دو كارتی فشاری سەرەكیی ئاستی سەركوتەكانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لە دژی ناڕەزایەتییەكان و خەڵكی وڵاتەكە كەم بكەنەوە كە ئەویش بایكۆتی دیپلۆماسی و سوپای پاسداران وەك تیرۆریست لەقەڵەم بدەن. نزیكەی دوو مانگە بابەتی ئەوەی كە سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە لە ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوا گەرمە بەڵام تەنها وڵاتی رۆژئاوایی كە ئەو كارەی كردبێت ئەمریكایە كە لە ساڵی 2019 ئەو سوپایەی خستە لیستی تیرۆرە و دوای ئەویش سەرەڕای ئەوەی وڵاتی كەنەدا رایگەیاند بەهۆی سەركوتی ناڕەزایەتییەكانەوە 10 هەزار ئەندامی سوپای پاسدارانی سزا داوە و گەشتی بۆ وڵاتەكەی لێ قەدەغە كردون و دەست بەسەر ئەژمارە بانكییەكان و سامانەكانی بەرپرساندا دەگرێت بەڵام تا ئێستا جگە لە ئەمریكا هیچ وڵاتێكی رۆژئاوایی سوپای پاسدارانی نەخستوەتە لیستی تیرۆری وڵاتەكانیانەوە. پێكهاتە و دەسەڵاتی سوپای پاسداران ناوی تەواوی سوپای پاسداران (سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی)یە كە هێزی ئاسمانی، دەریایی، بۆشای ئاسمان، قودس، بەسیج لەخۆ دەگرێت و هەر یەكەیان ئەركی دیاریكراوی خۆیان هەیە و تەنانەت كاری ئابوریی و بازرگانیی دەكەن و هەندێك سەرچاوەی ئاماری ئێران ئاماژە بەوە دەكەن 40%ئابوریی وڵاتەكە لەژێر كۆنتڕۆڵی ئەو سوپایەدایە كە بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێنرێت و لە بەرامبەردا سوپا رەتی كردوتەوە سەرمایەكەیان گەورە بێت و دەڵێت هەمو سەرچاوە داراییەكانیان 1% ئابوریی وڵاتەكەیە. دەسەڵاتەكانی سوپای پاسدارن بە شێوەی هەرەمییە و عەلی خامنەیی كە رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێرانە هاوكات فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و سوپای پاسدارانە لە لوتكەی ئەو هەرەمەدایە و دوای ئەو فەرماندەی گشتی سوپا و دواتر سەرۆكی ناوەندەكان زۆرترین دەسەڵاتیان هەیە. ئەو سوپایە لە بنەمادا حكومەتێكە لە ناو دەسەڵاتی ئێران و چونكە بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی سوپای پاسداران؛ ئەركی سەرەكیی ئەو هێزە چەكدارییە پارێزگارییە لە بەرژەوەندییەكانی دەسەڵاتی ئیسلامی و كۆماری ئیسلامی لە ناوخۆی ئێران و هەر شوێنێك كە پێویست بكات واتە ئەو سوپایە سنورێكی رون و ئاشكرای بۆ جموجۆڵەكانی نییە و خۆی دەستكراوە كردوە لە هەوڵەكانی. ئەمەش لە كاتێكدایە زۆربەی شارەزایان پێیان وایە ئەو هێزە كە دەبو سەروەریی خاكی ئێران بپارێزێت بەڵام ئەمڕۆ بە دەستوەردانەكانی لە وڵاتانی دیكەدا بوەتە هۆی ئەوەی سەروەریی ئێران و وڵاتان بخاتە مەترسیی گەورەوە چونكە لە عێراق هاوشێوەی خۆی دروست كردوە كە پێی دەوترێت (حەشدی شەعبی) و لە سوریا هاوشێوەیەكی دیكەی بە ناوی (جەیشی وەتەنی) و لە یەمەن بەهەموشێویەك هاوكاریی گروپی (ئەنساروڵڵا)ی سەر بە حوسییە شیعەكان دەكات و جگە لە دروستكردنی ئەم هاوشێوانە، لەكەس شاراوە نییە هاوكاریی هێزە چەكدارەكانی (حیزبوڵڵا)ی لوبنان و چەكدارەكانی فەڵەستین دەكات بۆیە رەنگە سزادانی ئەو سوپایە گەورەترین گورزی مێژویی بێت لە كۆماری ئیسلامی و دەسەڵات لە ئێران. ئاڵنگارییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران ساڵانێكە ژمارەیەك لە كەسوكاری سەركردەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران با ئاشكرا یان نهێنی دەستبەرداری ئەو كۆمارە دەبن بەڵام ئەمساڵ و لە كاتی ناڕەزایەتییەكاندا وازهێنان و دەستبەرداربونی خانەوادە و بنەماڵەكانی رێبەر وەك لوتكەی دەسەڵات و وەزیر و بەرپرسی باڵای گرتەوە. هەر لە بنەماڵەی عەلی خامنەیی، بەدریە خامنەیی، تاقانە خوشكی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران حاشای لە براكەی و كۆماری ئیسلامی ئێران كرد و بەوەش نەوەستایەوە و رایگەیاند 13 ساڵە نە بروای بە براكەی و نە دەسەڵاتەكە نەماوە كە ئەو بڕیارەش پێدەچێت لە ژێر كاریگەریی دەستگیركردنی فەریدە مورادخانی، كچی بەدریە و خوشكەزای خامنەیی بێت كە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی وڵات و بانگەشە لە دژی كۆماری ئیسلامی زیاتر لە مانگێكە لە زینداندایە. سەرەڕای ئەوانەش لەسێدارەدانی عەلیڕەزا ئەكبەری كە فەرماندەی پێشوی سوپای پاسداران و راوێژكاری وەزیری پێشوتری بەرگریی كۆماری ئیسلامی بو بە یەكێكی دیكە لە هەڵوەرینی لق و پۆپەكانی كۆماری ئیسلامی ئەژمار دەكرێت كە پێدەچێت سەری عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئێستای ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی كۆماری ئیسلامی ئێران بخوات. سەرچاوەكانی سوپای قودس سەر بە سوپای پاسداران بڵاویان كردوەتەوە كە عەلی شەمخانی لە پۆستەكەی لادەبرێت و لە بەرامبەردا سەرچاوكانی نزیك لە ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایش ئەو دەنگۆیانەیان رەت كردوەتەوە كە ئەوەش ئاماژەی ململانێكانی بەرپرسان و فەرماندەكانی كۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی خێزان و حوكمڕانیدا نەماوە و بە ئاشكرا لە میدیا و سۆشیال میدیاكانیان جاڕی شەڕی راگەیاندن و تێكشكاندنی یەكتر دەدەن. عەلی شەمخانی كە پێشتر وەزیری بەرگریی ئێران بوە و عەلیڕەزا ئەكبەری راوێژكاری سەرەكیی بوە، بە ئەگەری زۆر بڕیاری دورخستنەوەی دەدرێت چونكە ئەكەبەری بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا لە لایەن دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامییەوە لەسێدارە درا. ئەكبەری كە هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی بو لە لایەن ئێرانەوە دەیان بەڵگەی لەسەر بڵاو كراوەتەوە كە دەستی هەبوە لە ئاشكراكردنی پلانەكانی كۆماری ئیسلام بۆ دەربازبون و خۆدزینەوە لە سزا نێودەوڵەتییەكان و هاوكات زانیاریی لەسەر موحسین فەخریزادە كە بە باوكی ئەتۆمیی ئێران ناودەهێنرا رادەستی وڵاتان كردوە و هەر ئەوەش بوەتە هۆی ئەوەی فەخریزادە لە ساڵی 2020 و لە هێرشێكی ئاڵۆز و ورددا لە ناوخۆی ئێران لە لایەن ئێسرائیلەوە بكوژرێت. تەلەفیزیۆنی فەرمیی ئێران راپۆرتێكی بڵاو كردوەتەوە كە وەزارەتی هەواڵگریی ئێران زیاتر لە دو ساڵ بوە گومانی لە ئەكبەری هەبوە تا توانیویانە بە چاودێرییكردنی ئەو بەرپرسە، بیسەلمێنن كە لە بەرامبەر وەرگرتنی نزیكەی دو ملیۆن دۆلاردا زانیاریی نهێنی بە دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا ناسراو بە ئێم ئای شەش(MI6) فرۆشتوە. لە چوارمانگی ناڕەزایەتییەكاندا زۆرترین ناكۆكیی ناو بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران ئاشكرابوە و لە میدیاكانی جیهانیش بە كەوتنی دۆمینەكانی ئەو كۆمارە وەسف دەكرێن بە زمانێكی دیكە ناڕەزایەتییەكان گەڵای بەختی وەراندون و رۆژانە ناكۆكیی بەرپرسان قوڵتر دەبێتەوە و باڵی ریفۆرمخوازی كۆماری ئیسلامیش پێچەوانەی ناڕەزایەتییەكانی رابردو زۆر بێدەنگن ئەگەرچی بەشێك لەو بێدەنگییە پەیوەستە بەوەی گەورەترین ترسیان لە كۆتایی سیستمی كۆماری ئیسلامی لە ئێران هەیە بەڵام ناكۆكییەكان وای كردوە بواری سەرهەڵدانی زۆر بەو باڵە لە ناوخۆی وڵاتەكە نەدرێت. پێشتر لە میدیا فەرمییەكانی ئێران وا بڵاو كرایەوە كە 227 پەرلەمانتار لە كۆی 290 پەرلەمانتار لە بەیاننامەیەكدا داوایان كردوە ئەوانەی لە ناڕەزایەتییەكاندا دەستگیركراون دەستبەجێ لەسێدارە بدرێن بەڵام رۆژنامەی (شەرق) كە نزیكە لە باڵی ریفۆرمخوان بڵاویكردوەتەوە ئەو ژمارەیە تەنها بانگەشەیەكی میدیایی بوە چونكە بە پێی بەڵگەكان تەنها نزیكەی 100 كەس ئەو بەیاننامەیان واژۆ كردوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە تا ئێستا ئەو زانا ئاینییانەی شیعە كە خاوەنی پێگەن و وەك مەرجەع و لێوەگەڕی شیعە لەقەڵەم دەدرێن هیچ جۆرە دژایەتییەكیان بۆ ناڕەزایەتییەكان و دژی خەڵك یان تەنانەت بۆ پشتیوانیی لە دەسەڵاتی ئێستای كۆماری ئیسلامی دەرنەبڕیو كە ئەوەش بۆ زانا ئاینییەكانی شیعە لە عێراق و بە تایبەت لە بێدەنگیی عەلی سیستانی زیاتر زەق دەبێتەوە. خۆپیشاندانی مێژویی ئەوروپا دژی سوپای پاسداران رۆژی دوشەممە بە بەشداریی ژمارەیەكی بەرچاو لە چالاكوانان و دانیشتوانی كورد و ئێرانی لە ئەوروپا، خۆپیشاندان دژی سوپای پاسدارانی ئێران لە بەردەم پەرلەمانی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆڕگ لە فەڕەنسا بەڕێوچو و سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپا لە خۆپیشاندانەكەدا رایگەیاند دەبێت بەرپرسانی سێدارە و سەركوت لە ئێران سزا بدرێن. خۆپیشاندەران بە رێپێوان چونە بەردەم پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگ و داوای سزادانی سوپای پاسداران و ئەو بەرپرسانەی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان كرد و رۆبێتا مێتسۆلا سەرۆكی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا لە وتارێكدا بۆ خۆپیشاندەران رایگەیاند؛ دەبێت بەرپرسانی سەركوت و سێدارە بكەونە بەردەم بەرپرسیارەتییەوە و ئەوروپا لەو پێناوەدا هەمو هەوڵێك دەدات. مێتسۆلا وتی: خۆپیشاندەران لە شوێنە راست و دروستەكەی مێژودا وەستاونەتەوە و هاوڵاتییانی ئێران مێژوییان دروستكردوە بۆیە ئەوروپا پشتیوانیان لێدەكات. پۆلیسی فەڕەنسا رایگەیاندوە؛ ژمارەی بەشداربوانی ئەو خۆپیشاندان و رێپێوانە زیاتر لە 12 هەزار كەس بوە و ئەوەش یەكێكە لە گەورەترین خۆپیشاندانەكانی مێژوی شاری ستراسبۆرگ كە لە زۆربەی شارەكانی دیكەی ئەوروپاوە چالاكوانانی كورد و ئێرانی و ئەوروپی بەشدارییان تێدا كردوە. بایكۆتی سیاسی و دیپلۆماسی كۆماری ئیسلامی بەڕێویە محەمەد سەدر، ئەندامی ئەنجومەنی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بە رۆژنامەی (ئیعتماد)ی چاپی وڵاتەكەی راگەیاندوە؛ ئەگەر سیاسەتە هەڵەكان لە ناوخۆی ئێران بەردەوامبێت بە ئەگەری زۆر ژمارەیەك لە وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت ئەوروپا باڵیۆزەكانیان لە تاران بكشیێننەوە و باڵیۆزەكانی كۆماری ئیسلامیش لە وڵاتەكانیان دەربكەن. زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت بەریتانیا و ئەمریكا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا دژایەتیی رون و ئاشكرای خۆیان دەربڕیوە دژی سەركوت و سێدارە لە لایەن دەسەلاتی ئێرانەوە، لەندەن رۆژی یەكشەممە (14/1/20223) رایانگەیاند لە كاردانەوەی لەسێدارەدانی عەلیرەزا ئەكبەری جێگری پێشوتری وەزیری بەرگری ئێران كە هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی بوە باڵیۆزەكەیان لە تاران كشاندوەتەوە. وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رونی كردوەتەوە ئەو كشانەوەیە كاتییە و بە مەبەستی راوێژ دەبێت بۆ بڕیاردان لەسەر دەسەڵاتی تاران كە ئەوەش ئاماژەیەكی دیكەیە كە هاوشێوەی ئەوروپا ئامادەكاریی دەكەن بۆ سەپاندنی سزای كاریگەر دژی دەسەڵاتی ئێران. ئێران تەنها چەند كاتژمێرێك دوای داواكاریی ئەمریكا بۆ راگرتنی سزای لە سێدارەدان، ئەكبەری لەسێدارەدا بۆیە ئەو بێباكییە بە دڵنیاییەوە لە لایەن واشنتۆنە بێ وەڵام نابێت بە تایبەت كە ئەو بەرپرسەی پێشوی سوپای پاسداران و كۆماری ئیسلامی هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی بوە و لەندەن بە توندی و بە راشكاوی رایگەیاند؛ وەڵامی توندی بۆ ئەو هەنگاوەی ئێران دەبێت. بەریتانیا و ئەمریكا كە دژی لەسێدارەدانی چوار گەنجی دەستگیركراوی ناڕەزایەتییەكان هەڵوێستیان دەربڕیبو ئاستی كاردانەوەكانیان بە ئاستی لەسێدارەدانی ئەكبەری توندنەبو و ئەوەش دەرخەری ئەو راستییەیە ئەو دوو وڵاتە هاوپەیمانەی رۆژئاوا چیتر سەر زارەكی و تەنها بە لێدوان دژی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی هەڵوێست دەرنابڕن و هەنگاوی كردارییان دەبێت.
هاوڵاتی پێگەی ئەلمۆنیتۆر لە ڕپۆرتێکدا سەبارەت بە سەردانەکەی برێت مەکگۆرگ بۆ عێراق ڕایگەیاند دوای گفتوگۆكانی لەگەڵ برێت مەكگۆرگ, سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی كۆبووەتەوە. لە ڕاپۆرتەکەی مۆنیتەردا هاتووە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەجیا نێردراوی باڵای ئەمریکا و ئێرانی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کێشەی دووقۆڵی پەیوەست بە هەردوو وڵاتەوە پێگەیشت و لەگەڵیان کۆبۆتەوە. دەقی ڕاپۆرتەکەی مۆنیتەر: ڕۆژی دووشەممە ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا برێت مەکگورک و ئیسماعیل قەعانی فەرماندەی هێزی قودسی ئێران هەردووکیان گەیشتنە بەغدا هاوکات گەیشتنیان لە هەمان ڕۆژداو کاتی سەردانەکەیان بووە جێگەی ئاماژە و پرسیار بەتایبەت بەهۆی ئەو کێشەو ناکۆکییانەی لە نێوان ئەمریکا و ئێران هەیە. محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لەنووسینگەی خۆی پێشوازی لە مکگورک کردو بەپێی ڕاگەیاندنەکەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران، کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا. ئەمەش پێش سەردانەکەی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق دێت بۆ واشنتن لەمانگی شوبات بۆ کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای هەماهەنگی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات. سودانی دوای کۆبونەوەکەی لەگەڵ نێردراوەکەی ئەمریکا چاوی بە قاعانی کەوت ، ئەوەش لەكاتێكدایە كە چوارچێوەی هەماهەنگی گیرۆدەی دابەشبونی سیاسی بووەو, سەدریش خۆی بۆ گەڕانەوە ئامادە دەكات, ڕەنگە ئەمە حكومەتی سودانی دووچاری دۆخێكی خراپ بكات و پێگەی لەناوخۆ لاوازبكات. هاوکات سودانی ڕۆژی یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ ڕایگەیاند کە دژی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە . وتیشی: "ئێمە پێمان وایە پێویستمان بە هێزە دەرەکییەکانە" سودانی لەدیدارەکەیدا لەگەڵ مەکگورک تەئکیدی لەسەر سووربوونی حکومەتەکەی کردەوە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەروەها ئەمریکاش لە کۆبوونەوەکەدا، ئامۆس هۆچستین، ڕێکخەری تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە ئامادەبوو. ئامادەبوونی هۆخستین پرسیارەکانی دەربارەی هۆکاری هەبوونی ئەو لە کۆبونەوەکەدا و ئامادە بونی لەگەڵ شاندەکە لەم کاتەدا دروست کرد. ئەلمۆنیتەر لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیویەتی کە ئامادەبوونی هۆچستین پەیوەندی بە هەوڵەکانی ئەمریکاوە هەیە بۆ هاندانی عێراق بۆ ئەوەی پرۆژەی گواستنەوەی گازی کوردی بۆ ئەوروپا بباتە پێشەوە، ئەمەش دوای ئەو قەیرانی وزەیە دێت کە بەهۆی شەڕی ڕووسیا لە ئۆکراینا دروستبووە. هەروەها ساڵی ڕابردوو چەندین جار هێرش کرایە سەر کێڵگە غازییەکانی باکوری عێراق لەلایەن میلیشیا نەناسراوەکانەوە، ئەو هێرشانەش وەک کاردانەوەیەکی ئێران وهاوپەیمانەکانی بۆ هەوڵی وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا خوێنرایەوە ئێران بە فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە مۆسکۆ لە شەڕدا هاوپەیمانی سەربازی لەگەڵ ڕووسیا پێکهێناوە. مکگورک لەکۆبونەوەکەیدا لەگەڵ سودانی پشتیوانی وڵاتەکەی لەپرۆژەکانی حکومەتی عێراق لەکەرتی وزەو گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری و بەرەنگاربونەوەی گۆڕانی کەش وهەوا دووپات کردەوە. هەروەها نێردەی ئەمەریکا سەردانی کوردستانی عێراقی کرد و لەوێ لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە
دوای تێپەڕینی 125 رۆژ بەسەر مەرگی ژینا ئەمینی تا ئێستا دۆسیەی هۆکاری مەرگی لە لایەن ئێرانەوە یەکلایی نەکراوەتە و پارێزەری دۆسیەکەش دەڵێت پزیشکی داد راستییەکان ئاشکرا ناکات. ساڵح نیکبەخت، پارێزەری دۆسیەی مەرگی ژینا ئەمینی رایگەیاند؛ سەرەڕای تێپەڕنی ماوەیەکی زۆر بەڵام تا ئێستا دۆسیەی مەرگی ژینا ئەمینی یەکلایی نەکراوەتەوە. نیکبەخت ناڕەزایەتیی خۆی لە چۆنیەتی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە دەربڕیوە و ئاماژەی بەوە کردوە تا ئێستا راپۆرتی پزیشکیی ئەو نەخۆشخانەیەی کە ژینا ئەمینی تێدابوە رادەستی کەس و کاری ژینا نەکراوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی وردتر لە راستیی روداوەکە بکرێت. پارێزەری دۆسیەی مەرگی ژینا وتویەتی: ناکرێت دۆسیەی هەستیاری لەو شێوەیە دوای ماوەیەکی زۆر یەکلایی نەکرێتەوە، تەنانەت لە شەش شاهێدحاڵ تەنها وتەی سیێ کەسیان وەرگیراوە و سێ کەسی دیکە بە بیانوی ئەوەی نایانەوێت قسە بکەن، لەبەردەم دادگا ئامادە نەبون. داواکاری گشتیی ئێران رایگەیاندوە؛ پزیشکی داد پێشتر راپۆرتێکی لەسەر هۆکارەکانی مەرگی ژینا ئەمینی بڵاو کردوە و کەس و کاریشی ئەو راپۆرتەیان رەت کردەوە و سکاڵایان دژی پزیشکی داد تۆمار کرد . بە وتەی راگەیەنراوی داواکاری گشتیی ئێران دۆسیەکە لە لایەن لیژنەیەکی 15 پزیشکییەوە لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت بۆ ئاشکرابونی راستییەکانی مەرگی ژینا ئەمینی.
ئێران رایگەیان بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەوروپا دژی سوپای پاسداران نەگونجاو و هەڵەیە و کاریگەرییە خراپەکانی روبەڕوی ئەوروپا دەبێتەوە. حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەل جۆزێپ بۆڕێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رەخنەی گرت لە پەسندکردنی رەشنوسی بە تیرۆریست لەقەڵەمدانی سوپای پاسداران لە پەرلەمانی ئەوروپا. ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردوەتەوە کە ئەمیر عەبدوڵاهیان بە بۆرێڵی وتویەتی بڕیارەیەکەی پەرلەمانی ئەوروپا لە ئەنجامی هەست و هەڵچوندا بوە و دورە لە لۆژیک و مەدەنییەتەوە. وەزیری دەرەوەی ئێران وتوشیەتی: هەنگاوەکەی پەرلەمانی ئەوروپا زیان بە جەنگ لە دژی تیرۆر دەدات چونکە سوپای پاسدارانی دژی تیرۆر لە جنگدایە. بە وتەی حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان پەسندکردی رەشنوسی بە تیرۆریست لەقەڵەمدانی سوپای پاسداران لە ئەوروپا هاوشێوەی ئەوەیە فیشەک بە قاچی خۆیانەوە بنێن. پێشتر ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران وەک کاردانەوە بە بڕیاری پەرلەمانی ئەوروپا، رایگەیاند؛ ئەو بابەتە مایەی نگەرانیی نییە و سوپای پاسداران بەردەوام دەبێت لە هەنگاوەکانی.
هاوڵاتی سوریا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا مەرجێكی قورس بۆ ئەنقەرە دیاری دەكات، توركیاش لەگەڵا ئەوەی دەڵێت بەردەوامی بەپرۆسەی دانوستانەكان دەدەن، بەڵام باس لەوەشدەكات ئۆپراسیۆنی زەمینی بەگوێرەی ئاستی هەڕەشەكان ئەگەرێكی كراوەیە، ئەمریكاو بەریتانیاش دژی پرۆسەی ئاساییبوونەوەی ئەنقەرەو دیمەشقن، هاوكات مەزلۆم كۆبانێ دەڵێت: روسیا هەوڵدەدات كێشەكانی ئێستا لەسوریا چارەسەر بكات بەنزیككردنەوەی توركیاو رژێمی سوریا، بەڵام باوەڕم بەوە نییە كە ئەم جۆرە هەوڵانە سەركەوتوو بن. لەكاتێكدا كەتوركیا سوورە لەسەر هەڵوێستەكەی و دەیەوێت ئەنجامێك بەدەستبهێنێت، بەڵام سوریا مەرجێكی قورسی خستە بەردەمی كەجێبەجێكردنی بۆ ئەنقەرە كارێكی ئاسان نابێت، ئەویش كۆتاییهێنانە بەدەستوەردانی سەربازیی توركیا لەخاكی سوریا. پێشتر رژێمی سوریا بەشێوەیەكی روون و ئاشكرا لەسەر ئاستی باڵادا هەڵوێستی خۆی دەرنەبڕیبوو، بەڵام لەگەڵ سەردانی حسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ دیمەشق لە ١٤ی ئەم مانگەدا، رژێمی سوریا بەبوێرانە مەرجی سەرەكی خۆی بۆ بەردەوامی دانوستانەكانی لەگەڵ ئەنقەرە خستەڕوو كەئەویش پاشەكشێكردنی سوپای توركیایە لەنێو خاكی سوریادا. ئەسەد: پێویستە توركیا كۆتایی بەداگیركەری بهێنێت ئاژانسی هەواڵی سانای سەر بەڕژێمی سوریا، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریاو حسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان وەزیری دەرەوەی ئێرانی ئاشكراكرد، كەبەشێكی تایبەت بووە بەدانوستانەكانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە. ئاژانسەكە رایگەیاندووە، هەرچەندە عەبدوڵلاهیان ئاماژەی بەوەكردووە كە تاران بەئەرێنی لەدانوستانەكانی نێوان ئەنقەرەو دیمەشق دەڕوانێت و پێیوایە لەبەرژەوەندی هەردوولادا دەبێت، بەڵام بەشار ئەسەد لەمیانی كۆبوونەوەكەدا سووربووە لەسەر ئەوەی دیمەشق هیچ هەنگاوێك نانێت بۆ دانوستان لەگەڵ توركیا، ئەگەر دەست لەپاڵپشتیكردنی گروپە توندڕەوەكان هەڵنەگرێت و سەربازانی نەكشێنێتەوە كە ئەو گروپانەی وەك تیرۆریست و سوپای توركیاشی وەك داگیركەر لەقەڵەمداوە. هەمان رۆژ، فەیسەل میقداد وەزیری دەرەوەی سوریاش كەچاوی بە عەبدوڵلاهیان كەوتووە، لەبارەی پرسی دانوستانەكانی توركیاو سوریا قسەی كرد، میقدادیش پێداگری لەسەر كۆتاییهێنان بەئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی توركیاو پشتگیریكردن لەگروپە توندڕەوە جیهادییەكان لەنیو خاكی سوریا كرد. لەلایەكی دیكەوە رۆژنامەی ئەلعەرەبی سعودی، راپۆرتێكی لەبارەی هەوڵەكانی توركیا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی لەگەڵ سوریا بڵاوكردەوەو ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە: بەشدار ئەسەد مەرجی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا هەیەو ئەسەد پێیوایە، پێویستە لەهەنگاوی یەكەمدا، ئەردۆغان پاشەكشێ بەسەربازانی لەئیدلب، عەفرین و ناوچە داگیركراوەكانی دیكە بكات. رۆژنامەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو، كێشەی سەرەكی دیمەشق ئەوەیە كەبەرپرسانی توركیا لێدوانی توندیان لەدژی سەرۆكی سوریا داوەو لەڕێگەی گروپ و كەسانی نزیكی خۆیان، دەیانەوێت خاكی سوریا كۆنتڕۆڵ بكەن و بەردەوامی بەئۆپراسیۆنە سەربازییەكان دەدەن و لەڕێگەی ئەو هەنگاوانە دەیانەوێت فشار دروستبكەن و وەك كارتێك لەدانوستانەكاندا بەكاریبهێنن. ئاژانسی هاواری نزیك لەخۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستانیش لەبارەی پرسەكەوە، چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دكتور عەلا ئەلسەفەری لێكۆڵەرو شرۆڤەكاری پرسی نێودوڵەتی نزیك لەڕژێمی سوریا ئەنجامداوە، ئەلسەفەری پێیوایە، هەوڵەكانی توركیا پەیوەندیان بەهەڵبژاردنەكانی ئەو وڵاتەوە هەیە، بەڵام سوریا گرنگی بەهەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی لەتوركیا نادات و بەلایەوە گرنگ نییە، ئەردۆغان سەربكەوێت یان ئۆپۆزسیۆن و دەڵێت: گرنگ ئەوەیە سوریا خاوەنی بەرنامەیەكی باشە بۆ كۆتاییهێنان بەهەبوونی توركیاو گروپە تیرۆریستییەكان لەنێو خاكەكەیدا. توركیا تاوەكو ئێستاش بیر لەئۆپراسیۆنی زەمینی دەكاتەوە دوابەدوای كۆبوونەوەی عەبدوڵلاهیان و سەرۆك و بەرپرسانی رژێمی سوریا، ئیبراهیم كالن وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا بۆ ژماریەك میدیای جیهانی، لەبارەی پرسی دانوستانەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ سوریا قسەی كرد. كالن سەرەڕای ئەوەی ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ دانوستان لەگەڵ رژێمی سوریا دەربڕی، بەڵام جارێكی دیكەو هەڕەشەی كردەوە. ئیبراهیم كالن وتی: توركیا بەردەوامی بەپرۆسەی دانوستانەكان دەدات كە لەكۆتایی مانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو لەمۆسكۆ دەستیپێكرد، بەڵام ئۆپراسیۆنی زەمینی بەگوێرەی ئاستی هەڕەشەكان ئەگەرێكی كراوەیە. ئیبراهیم كالن وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا لەكۆتایی قسەكانیدا رایگەیاند، هەرچەندە بڕیارە لەناوەڕاستی مانگی شوباتدا، وەزیرانی دەرەوەی هەردوولا كۆببنەوە، بەڵام پێدەچێت بەر لەكۆبوونەوەكە، وەزیرانی بەرگری هەردوو وڵات كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدەن. ئامانجی توركیا لەسوریا لەبارەی هەوڵەكانی توركیا بۆ دانوستان لەگەڵ رژێمی سوریا، مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیاكانی پەكەكە رایگەیاند، لەئێستادا ئامانجی دەوڵەتی توركیا لەناوبردنی مافی كوردە. ویستی رژیم لەناوببات، بەڵام وادیارە ئێستا وازی هێناوەو دەڵێت ئەمە ئامانجی ئێمە نییە. دەڵێت تاكە ئامانجمان نەهێشتنی «تیرۆرە». بێگومان روسیا رۆڵی هەیە لەم كۆبوونەوانەدا. روسیاش بەهۆی شەڕی ئۆكرایناوە لەدۆخێكی خراپدایە. لەبەرئەوەی گەیشتووەتە بنبەست وەك ناوبژیوانێك لەنێوان تورك و سوریادا مامەڵە دەكات، دەیەوێت بەپەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتی تورك كێشەی خۆی لەشەڕی ئوكراینادا چارەسەربكات، بەم شێوەیە روسیا پشتیوانی لەدوژمنایەتی تورك دەكات بەرامبەر بەكورد. مستەفا قەرەسوو وتیشی: پێویستە لە روسیا بپرسین، ئایا تۆ هاوبەشی دوژمنایەتی توركیای بەرامبەر بەكورد؟ ئایا دەبیتە هاوبەشی دەوڵەتی توركیا؟ ئامانجی كورد دابەشكردنی سوریا نییە. كورد هیچ پلانێكی بۆ دابەشكردنی سوریا نییە. كورد دەیەوێت لەگەڵ حكومەتی دیمەشق چارەسەریەك بۆ قەیرانەكە بدۆزێتەوە. پەیوەندیەكانی توركیاو سوریا مەزلۆم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمونیتەری ئەمریكی باسی هەوڵەكانی توركیا بۆ خۆنزیكردنەوە لە سوریا كرد و وتی، « روسیا هەوڵدەدات كێشەكانی ئێستا لەسوریا چارەسەر بكات بەنزیككردنەوەی توركیا و رژێمی سوریا، بەڵام باوەڕم بەوە نییە كە ئەم جۆرە هەوڵانە سەركەوتوو بن. رژێمی سوریا هەرگیز سازش لەسەر داواكارییەكانی خۆی ناكات. سەرەكیترینیان ئەوەیە كە توركیا هەموو سەربازەكانی لەخاكی سوریا بكشێنێتەوە و توركیا دەست لەپشتیوانیكردنی چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوننە هەڵبگرێت. بەهەمان شێوە باوەڕم بەوە نییە كە رژێمی سوریا ملكەچی داواكارییەكانی توركیا بێت بۆ دژایەتیكردنی خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا. نە دەتوانێت و نە بارودۆخیشی رێگەی پێدەدات». هاوكات هوشیار ئوزسوی پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەبارەی كۆبوونەوەكانی سوریاو توركیا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی كرد، بەبۆچوونی ئوزسوی، ئاساییبوونەوەی پەیوەندیەكانی هەردوولا كارێكی ئاسان نابێت، بەهۆی ئەوەی بەریتانیاو ئەمریكا بەئاشكرا رایانگەیاند كە لەدژی پرۆسەكەن، بەو هۆیەوە ئەم پرسە لەدەستی ئەردۆغاندا نییە، لەسوریا شەڕێك هەیە كە ١٠ ساڵە بەردەوامە، ئەم دۆخە توركیا بەرەو روسیا پەلكێش دەكات، وڵاتانی رۆژئاواش ئەم هەنگاوە قبوڵ ناكەن، توركیا ئەندامی ناتۆیەو ئەردۆغان ناتوانێت، بەبێ رەچاوكردنی هەڵوێستی رۆژئاواییەكان بڕیار بدات. هوشیار ئوزسوی لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد كە توركیا سنورێكی ٩٠٠ كیلۆمەتری لەگەڵ كوردانی سوریادا هەیە، نابێت ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ سوریا لەسەر حسابی لەناوبردنی پێگەی كورد بێت، هەر دوژمنایەتیەك لەگەڵ كوردانی سوریا، كێشەی كوردانی توركیا قوڵتر دەكاتەوە.
شەنای فاتح سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنووسان ئاماری پێشێلكارییەكانی بەرامبەر رۆژنامەنووسان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوكردەوەو ژمارەكانیش بەراورد بەساڵی ٢٠٢١ زیادیكردووە. لەشاری سلێمانی و لەمەراسیمێكدا، رۆژی ١٦ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٢، سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنووسان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەڕاپۆرتێكدا بەناونیشانی «پارێزەرانی یاسا لەئەركەكانیان هەڵدەگەڕێنەوە، زەبروزەنگی هێزە ئەمنییەكان، یاسای رۆژنامەگەری پەكدەخات» ئاماری پێشێلكارییەكانی بەرامبەر بەڕۆژنامەنوسان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ خستەڕوو. رەحمان غەریب، سەرۆكی سەنتەری میترۆ رایگەیاند: ساڵی ٢٠٢٢ رەفتاری هێزە ئەمنییەكان بەرامبەر رۆژنامەنووسان لەكاتی رووماڵكردنی رووداوەكاندا، گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، لەزۆربەی ئەو رووداوانەی بەهای هەواڵییان هەیە، ئاستەنگ بۆ رۆژنامەنووسان دروستكراوە، دەستبەسەركردن بەبێ فەرمانی دادگا، توندوتیژی و شەق وەشاندن، پەلاماردانی راگەیاندنكاران و توندكردنیان لەبنكەكانی هێشتنەوەی پۆلیس و زنیدانی ئاسایش، هەڕەشەكردن و تۆقاندن، جیاكاری و پێنەدانی زانیاری، تەنانەت هەندێك رۆژنامەنووس پێش چوون بۆ رووماڵی خۆپیشاندان، لەبەردەم ماڵەكانیان دەستگیركراون». وتیشی:»گرێبەستی چەوساندنەوەی میدیاكاران، كەمی و پێنەدانی موچەی چەند مانگەیان بووە بەدیاردە، لەباشترین حاڵەتیشدا موچەكانیان دوادەكەوێت، ئەوە جگە لەوەی جیاكاری زەقیش لەموچەی نێوان خانمانی میدیاكارو هاوكارەكانیان هەیە». بەپێی راپۆرتی رێكخراوی (پەیامنێرانی بێسنوور) كە ئۆفیسی سەرەكی لەفەڕەنسایە سەبارەت بەخراپی ژینگەی كاری رۆژنامەگەری بۆ ساڵی ٢٠٢٢ لەكۆی ١٨٠ وڵات عێراق لەڕیزبەندی ١٧٢دایە، بەمەش لە ١٠ خراپترین وڵاتی جیهانە لەئاست بەڕێوەچوونی كاری رۆژنامەنووسان و ئازادی كاركردنیان، لەم ئامارەشدا عێراق بەبەراورد بەساڵی ٢٠٢١ نۆ پلە پاشەكشەی كردووە. ئاماری پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان و دەزگا میدیاییەكان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بەم شێوەیەی خوارەوە بووە: ٤٣١ پێشێلكاری بەرامبەر ٣٠١ رۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی كراوە، ١٩٥ حاڵەتی رێگری هەبووەو ٦٨ حاڵەتی زەوتكردن و شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی، ٤٦ حاڵەتی هێرش، هەڕەشەو سوكایەتی، ٦٤ حاڵەتی دەستبەسەركردن بەبێ بڕیاری دادگا، چوار حاڵەتی دەستگیركردن بەبڕیاری دادگا، ٢٦ حاڵەتی لێدان و برینداربوون، حاڵەتێكی داخستنی نوسینگەی كەناڵ، دوو حاڵەتی هێرشی موشەكی، سێ حاڵەتی هەڵكوتانەسەر ماڵی رۆژنامەنووس، شەش حاڵەتی هێرشی ئەلیكترۆنی و ١٦ حاڵەتی پڕكردنەوەی بەڵێننامە. ئەمە لەكاتێكدایە كەئامارەكان بۆ ساڵی ٢٠٢١ بەم شێوەیەی خوارەوە بووە: ٣٥٣ پێشێلكاری بەرامبەر بە ٢٦٠ رۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی كراوە، ١٨٩ حاڵەتی رێگری و جیاكاری،٨١ حاڵەتی هێرش و لێدان و سوكایەتی، ٢٥ حاڵەتی دەستبەسەركردن بەبێ بڕیاری دادگا، ٢٥ حاڵەتی زەوتكردنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی، ١٣ حاڵەتی هەڕەشە، حەوت حاڵەتی شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی و حاڵەتێكی تەقەكردن لەرۆژنامەنووس، چوار حاڵەتی رۆژنامەنووسی حوكمدراو بەدەر لەیاسای كاری رۆژنامەنووسی، دوو حاڵەتی هەڵكوتانەسەرو داخستنی بارەگای كەناڵ و شەش حاڵەتی پڕكردنەوەی بەڵێننامە. بەێی ئاماری فەرمی وەزارەتی رۆسنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان تا كۆتایی مانگی ئابی ٢٠٢١ ژمارەی كەناڵە ئاسمانییەكان ژمارەیان گەیستووەتە ٣١ كەناڵ، كە ١٧كەناڵ لەهەولێرو ١٠ كەناڵیان لەسلێمانی و چوار كەناڵیش لەدهۆك. هەر بەپێی ئەو ئامارە ١٢٦ كەناڵی ناوخۆیی لەهەرێم مۆڵەتی فەرمییان وەرگرتوە كە كە ٨٣ یان لە هەولێرو ٣٤یان لەسلێمانی و نۆیان لەدهۆك. سەبارەت بەژمارەی رادیۆكان لەهەرێمی كوردستان ژمارەیان ١٦٢ رادیۆیە، ٨٧ یان لەهەولێر و ٥٥ یان لەسلێمانی و ٢٠ رادیۆش لەدهۆكە. هاوكات ساڵانە بەهۆی نوێنەكردنەوەی مۆڵەتەكانیان وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان پەخشی چەندین كەناڵی ناوخۆیی رادەگرێت و لەنوێترین بڕیاریشیدا رۆژی ١٦ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٢ پەخشی ١٦ كەناڵی ناوخۆیی (لۆكاڵی) لەهەرێمی كوردستان بەهۆی نوێنەكردنەوەی مۆڵەتەكانیان رادەگرێت تائەو كاتەی مۆڵەتەكانیان نوێدەكەنەوە.
هاوڵاتی ڤۆلۆدیمەر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند، ئۆکراینا "بە بەهێزی" و "بە توندی" بەرگری دەکات، وجارێکی تر فشاری خستەوە سەر جیهان بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە دابینکردنی سوپاکەی بە یارمەتی سەربازی. ڤۆلۆدمیر زلێنسكی، سهرۆكی ئۆكرانیا له پهیامێكی ڤیدیۆیدا كه له كۆڕبهندی ئابووری جیهانی پێشكهشكرا رایگهیاند، وڵاتهكهی بهرهو سهركهوتن ههنگاو دهنێت و نشوستهكانی تێپهڕاندوه و لهپێناو گێڕانهوهی خاكی وڵاتهكهی هێزهكانیان "ئهستهم دهكهنه رێبازی سهركهوتنیان". وتیشی، "پێویسته سیستمی بهرگری ئاسمانی له هێرشهكانی روسیا زیاتر دابینكرێت و بتوانین روبهڕوی هێرشه ئاسمانییهكانی روسیا ببینهوه " جهختی لهوهشكردهوه، "پێویسته بهرپرسانی كرێمڵن رێز له یهكپارچهیی خاكی روسیا بگرن و بههیچ شێوهیهك نیگهرانی تهندروستی و سهلامهتی ژیانی خۆن نیم و سهرهڕای ئهوهی ئێمه جهنگمان دهستپێنهكرد، بهڵام روسیا دڵنیا دهكهینهوه ئێمه بۆیان كۆتایی پێدههێنین". سەرۆکی ئۆکرانیا سەبارەت بە ڕوداوی پێکدادانی هەلیکۆپتەرەکە ی لە هەرێمی کیڤ کە تیایدا وەزیرێکی ئەو وڵاتە گیانی لەدەستدا وتی، هیچ ڕووداوێک لە کاتی جەنگدا نییە . وتیشی: ئەمە ڕووداوێک نییە چونکە بەهۆی شەڕەوەیە و شەڕەکەش ڕەهەندی زۆری هەیە هیچ ڕووداوێک لە کاتی جەنگدا نییە". جێگەیباسە، ئۆکراینا ژمارەیەک سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتی بۆ دابین کراوە کە تازەترینیان لە لایەن هۆڵەنداوە پەسەند کرا لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەی پێشوو.
124 رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت و هێزە ئەمنییەکان بەردەوامبون لە دەستگیرکردن و بێسەروشوێنکردنی گەنجانی کورد و پەرلەمانی ئەوروپا لە بڕیارێکی مێژویدا گەڵاڵەی بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی پەسند کرد و وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیان بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر کارەکانی سوپای پاسداران نابێت. ئەمڕۆ لە شاری سنە سۆما پورمحەمەدی و سەیوان ئیبراهیمی مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی (نۆژین) لە بەردەم "دادگای شۆڕشی سنە" دەستگیر کرا. سەیوان ئیبراهیمی، هاوژینی زارا مەحەمەدی-یە کە بە تۆمەتی دروستکرکردنی رێکخراوی نایاسایی پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا و لە ئێستاشدا زار لە زیندانێکی شاری سنەیە بۆ تەواوکردنی ماوەی زیندانیکردنەکەی. کۆڵبەرنیوز بڵاوی کردوەتەوە؛ باوک و کوڕێک بە ناوەکانی ئەحمەد عەبدوڵڵاپور و شاهۆ عەبدوڵڵاپور لە شاری پیرانشار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرایان کردوە؛ تەنها لە شاری پیرانشار زیاتر لە حەوت کەس دەستگیرکراون و ژمارەی دەستگیرکراونی سنە گەیشتوەتە 4 کەس . هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شەوێکدا شەش گەنجیان دەستگیر کردوە و زیاتر لە 50 رۆژە چارەنوسی دەیان دەستگیراوی ئەو بەشە لە کوردستان نادیارە. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە؛ تەنها شەوی سێشەممە هێزە ئەمنییەکانی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاوڵاتییەکی شاری پیرانشار و دو گەنجیان دەستگیر کردوە کە برا بون و هەر لەو شارە هێزە ئەمنییەکان هونەرمەندێکی کوردیان دەستگیر کردوە. هاوکات هەر ئەو شەوە سێ گەنج لە شاری شنۆ دەستگیرکراون و دیار نییە ئەو هێزە ئەمنییانەی کە دەستگیریان کردون سەر بە چ دامەزراوەیەکی دەسەڵاتی ئێران بون. ئەمڕۆش لە شاری ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام دوو کەسی دیکە دەستگیرکران و بەوەش ژمارەی دەستگیرکراونی 24 کاتژمێری رابردوی رۆژهەڵات گەیشتوەتە زیاتر 16 کەس. سوپای پاسداران دەخرێتە لیستی تیرۆری ئەوروپا چارلی وێیمێرس، نوێنەری سوید لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە بە زۆرینە پەرلەمانی ئەوروپا بڕیاریدا سوپای پاسدارانی ئێران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە. پەرلەمانی ئەوروپا لە دانیشتی ئەمڕۆیدا بە کۆی 598 دەنگی بەڵی و تەنها 9 دەنگی نەخێر و 31 دەنگی بێ لایەنن گەڵالەی بەتیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی پەسند کرد کە دەبێت لە لایەن ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپاوە جێبەجێ بکرێت. هەفتەیەک دوای پەسندکردنی پڕۆژە بڕیارەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەخرێتەوە بواری جێبەجێکردنەوە و سوپای پاسداران بە فەرمی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی لە لایەن ئەوروپاوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران وەک کاردانەوە بە بڕیاری پەرلەمانی ئەوروپا، رایگەیاند؛ ئەو بابەتە مایەی نگەرانیی نییە و سوپای پاسداران بەردەوام دەبێت لە هەنگاوەکانی. تمەن دابەزی و زێڕ بەرزبوەوە ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ داخستنی بازاڕەکان لە ئێران بەهای هەر دۆلارێک لەو وڵاتە گەیشتە 42 هەزار 700 تمەن و یەک یۆرۆ بە 46 هەزار و 570 تمەن مامەڵەی پێوەکرا بەوەش لە هەفتەیەکدا بەهای دۆلار نزیکەی 4% بەرز بوەتەوە. نرخی یەک گرام زێر لە ئێران گەیشتە دو ملیۆن و 13 هەزار تمەن کە بە بەرزترین نرخی مێژویی زێڕ لە وڵاتەکە لەقەڵەم دەدرێت. پیشبینی دەکرێت بە پەسندکردنی چوارەم قۆناغی سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، دابەزینی بەهای تمەن و بەرزبونەوەی نرخی زێڕ لە وڵاتەکە بەردەوام بێت.
