هاوڵاتی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بێ بەرامبەر نەخۆشەکانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکانی چارەسەر دەکات، و ئەو نەخۆشانەی کە لە نەخۆشخانە حکومییەکان چارەسەرییان نییە، پارەی نەشتەرگەرییان لە دەرەوەی نەخۆشخانە حکومیەکان بۆ خەرج دەکات. دکتۆر بێستون سەیفەدین، بەڕێوەبەری سەنتەری ئاوات بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە بە تیشک لە هەولێر بە ماڵپەری فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە ''ڕۆژانە ١٤٠ بۆ ١٦٠ نەخۆش بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە سەردانی سەنتەرەکەمان دەکەن و لە دوو شیفتی یەکەم و دووەم لە کاتژمێر ٨ بەیانی تا ٥ ئێوارە، چارەسەری نەخۆشەکانی شێرپەنجە (نەشتەرگەری و چارەسەری کیمیایی و تیشک) بێ بەرامبەرە. وتیشی تەنها لە شیفتی سێیەم بە شێوەی تایبەتییە، بەڵام تێچووەکەی زۆر کەمترە لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان. لە %٧٥ تا %٨٠ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە هەردوو شیفتی یەکەم و دووەم دەکرێن و بێ بەرامبەرە.'' دکتۆر بێستون سەیفەدین راشیگەیاند:''ئەو نەخۆشانەی شێرپەنجە کە لە نەخۆشخانە حکومییەکان چارەسەرییان نییە، بە ڕەزامەندیی لیژنەیەکی پسپۆر، لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت و خەرجییەکەشی بە ڕەزامەندیی وەزارەتی تەندروستی و لە ڕێگەی سندووقێکەوە، لە لایەن حکومەتەوە بۆ نەخۆشەکە خەرج دەکرێتەوە.'' بەڕێوەبەری سەنتەری ئاوات سەبارەت بە بەربڵاوترین نەخۆشییەکانی شێرپەنجە دەڵێت:''لە هەرێمی کوردستان شێرپەنجەی مەمک و سییەکان و سەر و مل و پرۆستات و کێشەی ئافرەتان بەربڵاوترین نەخۆشییەکانی شێرپەنجەن.'' بەرواری چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە لەنێوان نەخۆشخانە حکوومییەکان و نەخۆشخانە ئەهلییەکان بە وتەی د.بێستون سەیفەدین هەموو جۆرە چارەسەرییەکی نەخۆشیی شێرپەنجە لە سەنتەری ئاوات لە کاتژمێر ٨ ی بەیانی تا ٥ ی ئیوارە بێ بەرامبەرە، تەنها لە شیفتی تایبەتی سەنتەری ئاوات لە دوای کاتژمێر ٦ تا ٩ ی شەو نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمک بە ٤٠ تا ٦٠ هەزار دینار نەشتەرگەری بۆ دەکرێت، و ئەم نەخۆشییە بە کۆی ١٥ دانیشتن (جەلسە) بە ٦٠٠ تا ٩٠٠ هەزار دینار چارەسەر دەکرێت. نەخۆشیی شێرپەنجەی سەر و مل بە کۆی ٣٣ دانیشتن (جەلسە) بە یەک ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دینار چارەسەر دەکرێت. بەڵام لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانی عێراق، نەشتەرگەری شێرپەنجەی مەمک دوو ملیۆن تا چوار ملیۆن دیناری تێ دەچێت، و چارەسەریی کیمیاییش بۆ هەر دانیشتنێک (جەلسە) ٧٠٠ تا هەزار دۆلار، و تیشکەکەشی لە ٣هەزار دۆلار کەمتر نییە. چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجەی سەر و مل لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان نەشتەرگەریەکەی ١٠ تا ١٢ هەزار دۆلاری تێدەچێت. و تیشکەکەی ٦ تا ٧ هەزار دۆلارە و کیمیایەکەشی بۆ هەر جەلسەیەک هەزار دۆلارە. بەڕێوەبەری سەنتەرەکە دەڵێت:''٣٠% نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی مەمک پێویستییان بە دەرمانی بیۆلۆژی هێرسپتن (Herceptin) هەیە و نەخۆشەکە پێویستە بۆ ماوەی ساڵێک ئەم دەرمانە وەربگرێت و هەر دانیشتنێک (جەلسە)یەکی لەسەر حکومەت ١٢٠٠ دۆلاری دەوەستێت و بێ بەرامبەر بە هاوڵاتییان دەدرێت. نەخۆشەکانی شێرپەنجە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەندکتۆر بێستون سەیفەدین حەسەن، بەڕێوەبەری سەنتەری ئاوات بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە رایگەیاند:''لە موسڵ نەخۆشییەکی یەکجار زۆری شێرپەنجە سەردانی سەنتەرەکەمان دەکەن. وتیشی  لە %٣٠ نەخۆشەکانی شیفتی یەکەم و دووەمی سەنتەرەکە کە چارەسەرییەکە بێ بەرامبەرە لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە دێن. بەڵام لە شیفتی تایبەتی نیوەیان خەڵکی ناوچەکانی دیکەی عێراقن.   ئامارەکانی  نەخۆشی شێرپەنجە ڕێژەی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لە چاو دانیشتواندا زیادی نەکردووە، و شێوازی دیاریکردنی نەخۆشییەکەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشتر زیاتر لە %٤٠٠ فەرقی کردووە. لە ساڵی ٢٠١٥ تەنها لە هەولێر ١٣٠٠ نەخۆشی شێرپەنجە دیاریکراوە. بەڵام ساڵی رابردوو ٢٨٠٠ نەخۆشی شێرپەنجە لە هەولێر تۆمار کراون. بە شێوەیەکی گشتی لە ساڵی ٢٠١٠ تا ئێستا ٢٣ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە لە هەوڵێر تۆمار کراون.

هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە کە ئێران دەستی لە کاروباری عێراق وەردابێت ،ڕاشیگەیاند ھیچ نامە و پەیامێکیان بۆ موقتەدا سەدر نەناردوە. ناسر کەنعانی ، وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ، تاران داوا لەلایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکات لە  دیالۆگەوە ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن و لە ململانێ دور بکەونەوە. وتیشی، پێشھاتەکانی عێراق بۆ ئێران زۆر گرنگە و پێیان وایە عێراق وڵاتێکی گرنگە لەناوچەکەدا، ھەروەھا دوپاتیکردەوە کە ئێران ھیچ نیازێکی نیە دەست لەکاروباری ناوخۆی عێراق وەربدات. ناسر کەنعانی  سەبارەت بە دانوستانەکانی رێککەوتنی ئەتۆمیش رایگەیاند، گەیشتن بە رێککەوتن پەیوەستە بە ئیرادەی ئەمریکاوە و ئێران لە دانوستانەکاندا دوو مەرجی ھەیە کە ئەوانیش ھەڵگرتنی سزاکان و دورخستنەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمە لە ھەڵسوکەوتی سیاسی.

یۆرۆ نزمترین نرخی لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردودا تۆمار کرد ئەمڕۆ دووشەمە نرخی یۆرۆ نزمترین ئاستی بە خۆیەوە بینی، لە بازاڕەکانی جیهان بە ٠.٩٩ دۆلار مامەڵەی پێوە کراو ٠.٧٠٪ی نرخەکەی لەدەستدا. میدیاکان هۆکاری دابەزینی یۆرۆ بۆ پچڕانی هەناردەکاری گازی روسیا لەڕێگەی بۆری نۆردستریمەوە دەگەڕێننەوە، بەتایبەت کە کاتێکی دیاری کراو دانەنراوە بۆ دوبارە خستنەوە کاری ئەو بۆریەو ناردنی ‌گاز بۆ ئەوروپا .ئەمەش بۆتە هۆی دابەزینێکی بەرچاو لە نرخی یۆرۆدا. جێی ئاماژەیە دراوی یۆرۆ لە ساڵی ڕابردووەوە نرخەکەی لە دابەزیندایە .

هاوڵاتی کۆبوونەوەی کازمی و لایەنە سیاسییەکان لە بارەی بارودۆخی عێراق لە بەغدا دەستیپێکرد. ئەمڕۆ دووشەممە ٥-٩-٢٠٢٢، بە دەسپێشخەری مستەفا کازمی،سەرۆک وەزیرانی عێراق گەڕی دووەمی گفتوگۆی نیشتمانی لە بەغدا  بە بەشداری زۆربەی لایەنە سیاسییەکان و سەرۆکایەتییەکانی عێراق دەستپێکرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی سیاسیی عێراق.  بە پێی وتەی بەرپرسێکی باڵای هاوپەیمانیی نەسر، چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لایەنە سیاسییەکانی دیکە  باوەڕێکیان لا دروست بووە کە، گفتوگۆی نیشتمانی بەبێ بەشداری رەوتی سەدر بەرهەمی نابێت.

هاوڵاتی/ کاوە ڕەش دوا قۆناغی كۆتای بۆ پێشبڕكێی سەركرایەتی كردنی پارتی پارێزگاران و پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، ڕۆژی دووشەمە ٥ی سێپتەمبەر كۆتای دێت وبەدەنگی ئەندامانی ئەو پارتە كە كەمتر لەسەدا یەكی دانیشتوانی بەریتانیا پێك دێنن، براوەی هەردوو پۆستەكە لەنێوان خانمە لیز تروس، یان مستەر ڕیشی سوناک، وەک سەرۆك وەزیرانی داهاتووی بەریتانیا، ڕادەگەیەنرێت. كێن ئەوانەی سەرۆكی پارتەكەو سەرۆكوەزیرانی داهاتوو هەڵدەبژێرێن؟ ئەندامانی پارتی پارێزگاران تاڕۆژی هەینی ڕابردوو ٢ی سێپتەمبەریان لەبەدەم دابوو، بۆ دەنگدان و دیاری كردنی براوەی هەڵبژاردن ئەو کاندیدەی کەدەنگیان پێداوە، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبێتە سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پارتەکە، وەبەزۆرینەی دەنگ لەئەنجومەنی کۆمۆنس پشتگیری ئەندامانی پارلەمانی پارتەكەی بەدەست دەخات. بۆ متامانەپێكردنیان هەریەكە لە سوناک و خاتوو ترۆس، زۆربەی كەتانی ئەم هاوینیان بەبەشداریکردن لەكۆڕو كۆبونەوە لەناوخۆی بەریتانیا، لەگەڵ ئەندامانی كۆنسەرڤاتیڤەكان بەسەر بردووە، تێیدا لەو شوێنانە کەئەندامەكانیان پرسیاریان لێ دەكردن، دەربارەی سیاسەتەکانیان لەكاتی گرتنە دەستی دەسەڵات. دەنگدان چۆن کاردەکات؟ دەنگدانی ئەندامانی پارێزگاران لەڕۆژی هەینی ٢ی سێپتەمبەر داخرا. بۆ هەرئەندامێك كەبتوانێت شایستەی دەنگدان بێت، دەبوو لانی كەم لە ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ یان پێش ئەو ڕۆژە، پەیوەندی بەو پارتەوە کردبێت تۆماركرابێت. ئەندامەكان دەیانتوانی لەڕێگەی پۆستەوە یان بەشێوەی ئۆنلاین دەنگ بدەن. هێشتا ڕوون نییە ئەو پارتە چەند ئەندامی هەیە،وەمەرجیش نییە لایەنە سیاسییەکان ژمارەی ورد بدەن دەربارەی ئەندامانیان. بەڵام لەدوایین هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٩ بۆ سەرکردایەتی پارتەكەو سەرۆكوەزیرانی نوێ، نزیکەی ١٦٠ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبووە. کەی سەرۆک وەزیرانی نوێ ئاشكرا دەكرێت؟ براوەی پێشبڕکێی سەرکردایەتی پارتەكەو سەرۆكوەزیران، ڕاستەوخۆ دوای کاتژمێر 12.30 لەڕۆژی دووشەممە 5ی ئەیلول لەلایەن، سێر گراهام برادی، سەرۆکی لیژنەی 1922ی پەرلەمانتاران ئاشکرا دەکرێت. وە بڕیارە ڕۆژی دواتر بۆریس جۆنسن، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی بەشاژن ڕابگەیەنێت و دوای ماوەیەکی کەم لەلایەن دەسەڵاتی شاهانەی شاژنەوە، جێگرەوەی ئەو دەستنیشان بكرێت. بە شێوەیەکی ئاسایی سەرۆک وەزیرانی نوێ، بانگهێشت دەکرێت بۆ کۆشکی باکینگهام لەلەندەن، بۆئەوەی لەلایەن شاژنەوە متمانەی پێ ببەخشرێ، بەڵام لەبەر ڕەوشی تەندروستی لەبەر ئەوەی شاژن لەپشوویەکدایە، ئەو نەریتە جێبەجێ ناكرێت ئەمجارەیان، لەبری ئەوە لەكۆشكی بالمۆرال دەمێنێتەوە و هەریەكە, لەبۆریس جۆنسۆن و سەرۆک وەزیرانی نوێ، گەشت دەکەن بۆ سکۆتلەندا بۆ ئەوەی لەوێ چاویان بەشاژن بکەوێت. ئایا هەڵبژاردنی گشتی دەكرێت؟ لەبەریتانیا كاتێك سەرۆک وەزیران دەست لەکار دەکێشێتەوە، ڕاستەوخۆ هەڵبژاردنی گشتی ڕوونادات، بۆ نموونە کاتێک دەیڤید كامیرۆن لەساڵی ٢٠١٦ دەستیی لەكار كێشاێەوەو تێریزا مەی شوێنی گرتەوە، ئەو بڕیاریدا هەڵبژاردن ئەنجام نەدات. لەم كاتەشدا ئەگەر سەرۆکوەزیرانی نوێ داخوازی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە داوا نەكات، ئەوا دەبێت دواین وادەی هەڵبژاردنی گشتی بەریتانیا لەمانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٥ ئەنجام بدرێت. چۆن ئەو دوو بەربژێرە گەیشتنە کۆتایی هەڵبژێردران؟ پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگاران كە ژمارەیان ٣٥٧ كەسە دوای زنجیرەیەک دەنگدانیان، ئەو دوو بەربژێرەیان دیاری كردوە. ئەو کاندیدەی لەدەنگداندا کەمترین ژمارەی دەنگی هەبوو لەهەر خولێکی دەنگداندا, كراوەتە دەرەی پێشبڕكێكە، تاوەکو تەنها دوو کەس مانەوە لەكۆتایی كەئەوانیش, هەریەكە لەوەزیری خەزێنەی پێشوو, ریشی سوناک و لیز ترۆس، وەزیری دەرەوە بووە. ئەو شەش پاڵێوراوەی کە کرانە دەرەوە بریتی بوون لە: وەزیری بازرگانی، پێنی مۆردۆن، دەنگی پێنجەم وەزیری پێشووی داد، کەمی بادێنۆچ،دەنگی چوارەم تۆم توگێندهات، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە، دەنگی سێیەم داواکاری گشتی، سوێلا براڤەرمان، دەنگی دووەم نەدیم زەهاوی، وەزیری خەزێنەی ئێستا، دەنگدانی یەکەم جێرمی هانت، وەزیری پێشووی تەندروستی،دەنگدانی یەكەم. ڕیشی سوناك كێیە؟ ڕیشی سوناک لەساڵی ١٩٨٠ لەشاری ساوسهامپتۆن لەدایک و باوکێكی بەڕەچەڵەک هیند لەدایك بووە، کەلەشەستەکانی سەدەی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقاوە کۆچیان کردووە بۆ بەریتانیا.سوناک لەکۆلێژی وینچێستەر خوێندوویەتی. دواتر لە کۆلێژی لینکۆڵن لەئۆکسفۆرد فەلسەفە و سیاسەت و ئابووریی خوێندەوە و پاشانیش لەزانکۆی ستانفۆرد لەکالیفۆرنیا وەک زانای فولبرایت بڕوانامەی MBA بەدەستهێناوە. لەساڵی ٢٠١٥وە ئەندام پارلەمانی پارتی كۆنسەرڤاتیڤە و چەندین پۆستی جیاوازی لەسەردەمی هەردوو كابینەی تییرزا مەی تا حوكمەتی بۆریس جۆنسن هەبوو. سوناك و خێزانەكەی بەیەكێك لەدەوڵەمەندو ملیاردەرەكانی بەریتانیا هەژماردەكرێن. لیز ترۆس كێیە؟ ماری ئەلیزابێس تروس لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٥و سیاسەتمەدارێکی بەریتانییە و لەساڵی ٢٠٢١ەوە وەک وەزیری دەرەوە دەست بەكار بووە. پێشتریش وەزیری حوكمەت بووە بۆ کاروباری دەرەوە و کۆمۆنوێڵس، لەساڵی ٢٠١٩ەوە وەک وەزیری ژنان و یەكسانی کاری کردووە، ئەندامی پارتی پارێزگارانە، لەساڵی ٢٠١٠ئەندامی پەرلەمانە، بۆ باشووری ڕۆژئاوای نۆرفۆلک، لەهەمان كاتدا لەچەندین پۆستی جیاوازدا لەکابینەكانی سەرۆکوەزیران دەیڤید کامیرۆن و تێریزا مەی و بۆریس جۆنسۆن، کاری کردووە. تروس ئێستا یەكێكە لەو دوو بەربژێرەی، كەچانسی زیاتری هەیە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی پارتی پارێزگاران و سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا لەڕۆژی دووشەمەدا.   

هاوڵاتی بەرپرسی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگه‌یاند چاوەڕێ دەکرێت هەڵبژاردن بکەوێتە ساڵی ئایندە و تەنها لەسەر ئەوە ماوە لایەنەکان لەسەری بگەنە ڕێککەوتن، ئاماژه‌شی بۆ ئه‌وه‌کرد که‌ پارتی هەمیشە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەیە. نیازی حەمە عەزیز بەرپرسی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ، به‌ میدیای حزبه‌که‌ی ڕاگه‌یاندووه‌: ''پارتی هەمیشە هەڵوێستی وا بووە هەر هەڵبژاردنێک هاتبێتە پێش بڕوای بە خۆی بووە و ئامادە بووە و ئێستاش لە هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ پەرلەمانی کوردستان پارتی دڵگەرمە هەڵبژاردن بکرێت، بۆیە کە ناکرێت پارتی هۆکار نییە، چونکە سەرۆک بارزانییش باسی لەوە کرد سبەی هەڵبژاردن بکرێت، پارتی ئامادەیە''. وتیشی: ''ئێستا کارەکە لەسەر ئاستی بەرزی لایەنەکان ماوە بۆ هەڵبژاردن و کاری هیچ دەزگایەکی هەڵبژاردن نەماوە و ئەوان کاری خۆیان کردووە و ئێمەش کاری خۆمان کردووە و ئێستا لەڕووی سیاسییەوە ماوە، چونکە کاری ئێمە تەکنیکییە و بڕیاری سیاسیی پێویستە کە هەڵبژاردن بکرێت، یاخود نا''. گوتیشی: هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یوئێن بەردەوامە و پارتی هیچ دوودڵ نییە و ئێستاش بڕیارە کۆبوونەوەی دیکەی لووتکە بکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا، بۆیە کۆبوونەوەکە دەکرێت . حەمە عەزیز ڕوونیشی کردەوە: چەند هۆکارێک هەن کە هەڵبژاردن نەکراوە؛ کۆمسیۆن ماوەی بەسەر چووە و یاسایەکە تێبینیی لەسەرە و هەندێک لایەن دەیانەوێت دەستکاری بکرێت و ئێمە وەکوو پارتی لە کۆبوونەوەی لایەنەکان ڕای خۆی داوە، بۆیە هەرکاتێک لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن وادەکە دیاری دەکرێت، بەڵام ئەمساڵ ماوەی کەم ماوە و دەکەوێتە ساڵی داهاتوو، ڕەنگە بەهاری داهاتوو هەڵبژاردن بکرێت، چونکە کۆمسیۆن بە لایەنی کەمی شەش مانگی پێویستە.

هاوڵاتی به‌پێی لێدوانێکی وه‌زیری کۆچی حکومه‌تی یۆنان لە سەرەتای ئەمساڵەوە رێگریان كردوە زیاتر 150 هەزار كۆچبەری نایاسایی سنورە دەریایی و وشكانییەكانیان ببەزێنن. نوتیس میتاراخی وەزیری كۆچی حكومەتی یۆنان رایگەیاندوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا توانیویانە رێگری بكەن لە چونە ناوەوەی 154 هەزارو 102 كۆچبەری نایاسایی بۆ وڵاتەكەیان و چاودێریكردنی سنورەكانیان یەكێكە لە كارە لەپێشینەكانی حكومەتی یۆنان. حكومەتی یۆنان مانگی رابردوو رایگەیاند، دیواری سنوریی كە بڕیاری لێدراوە لەنێوان یۆنان و توركیا بە درێژایی 40 كلیۆمەتر دروستبكرێت، درێژیانكردۆتەوە بۆ 80 كیلۆمەتر، هەروەها كامێرای چاودێریان داناوە بۆئەوەی كۆنتۆڵی سنورەكەیان بكەن و ئەمەش پێویستی بەوە كردوە كە 250 پاسەوانی تر بۆ سنورەكانیان زیاد بكەن. جێگای ئاماژه‌یه‌ ساڵانه‌ به‌سه‌دان هه‌زار که‌س له‌ڕێگای وشکانی و ده‌ریاییه‌وه‌ له‌ڕێگای یۆنان و وڵاتانی دیکه‌ی سنوری تورکیاوه‌ ده‌ڕۆنه‌ ئه‌وروپا.

هاوڵاتی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا هەپەگە ڕایگەیاند، لە ١٨ چالاکیی تیمەکانی گەریلادا ٢١ سەربازی سوپای تورکیا کوژراون و هێلیکۆپتەرێک و سەنگەرێکی سوپای تورکیاش تێکشکێندراون. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە: گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە ڕۆژانی یەک تا سێی ئەم مانگە، ١٨ چالاکییان دژی سوپای تورکی داگیرکەر لە ناوچەکانی زاپ و خواکوکی باشووری کوردستان ئەنجامداوە. ئەوەشی خستووەتەڕوو: کە لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەدا ٢١ سەربازی تورک کوژراون و هێلیکۆپتەرێکی سکۆرسکیی و سەنگەرێکیش تێکشکێندراون. ڕاشیگەیاندووە: کە سوپای تورک ١٠ جار بە بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکیی و چەکی کیمیایی، ٩٨ جار بە هێلیکۆپتەر و ١٩ جار بە فڕۆکەی جەنگیی و دەیان جاریش بۆ تۆپ و هاوەن، ناوچەکانی بەرخۆدانی بۆردوومان و تۆپباران کردووە.

هاوڵاتی دادگای فیدڕاڵی عێراق بڵاویکرده‌وه‌ سکاڵایەک بۆ تانەدان لەبارەی پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی رەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارکرا. له‌وباره‌یه‌وه‌ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوی کردەوە کە سکاڵایەک بۆ تانەدان لەبارەی پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی رەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە دادگای باڵای فیدراڵیی تۆمارکراوە. راشیگەیاندووە کە یەکەم دانیشتنی تایبەت بە سکاڵاکە لە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ ئەنجام دەدرێت. لە ١٢ی حوەزیرانی ٢٠٢٢ ئەندامانی فراکسیۆنی رەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر داوای سەرکردەی رەوتەکەیان، موقتەدا سەدر دەستلەکارکێشانەوەکەیان پێشکەش کرد و دواتر لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی-یەوە پەسەند کرا.

هاوڵاتی  هێزەکانی سووریای دیموکرات کە بەهۆی هێرشی درۆنەکانی تورکیاوە زیانى زۆریان بەرکەوتووە، ئێستا لە جووڵەکانیاندا کەڵک لە پشتیوانیی ئەمنیی هاوپەیمانان و ڕووسیا دەگرن. بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تورکیا کە بەهۆی دژایەتیی نێودەوڵەتییەوە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوانی زەمینی لە دژی هێزە کوردییەکانی سووریا بێ هیوا بووە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هێرشەکانی لە ڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆ سەر هێزە کوردییەکانی سووریا زیاد کردووە. لەم هێرشانەدا ژمارەیەک لە فەرماندەکانی ئەم هێزە گیانیان لەدەست داوە، لەوان جێنشینی مەزلوم کۆبانی، فەرماندەی کوردی هێزەکانی سووریای دیموکرات. بەرپرسانی باڵای ئەم هێزە دڵنیان لەوەی کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە  لە ئێستادا تورکیا ناتوانێت ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوان لە دژی کوردەکانی سووریا ئەنجام بدات، تەرکیز لەسەر هێرش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکات. فەرماندەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە گۆڤاری سیریا دیرێکت-ی وتووە لە ئێستادا هێزەکانی هەسەدە هەوڵی تەکتیکی و ئەمنییان بۆ خۆپاراستن لە هێرشی درۆنەکانی تورکیا دەست پێکردووە. یەکێک لە هەوڵانەش ئەوەیە کە تا ئەو کاتەی پێویست نەبێت واز لە هاتوچۆی ناپێویست بێنن. بەرپرسێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند، لە ئێستادا هێزەکانی سووریای دیموکرات بەبێ یاوەریی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و هەروەها بەبێ ئاگاداریی هێزەکانی ڕووسیا گەشت ناکەن. جەختیشی کردەوە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات خۆیان لە جووڵەی ناپێویست بەدوور دەگرن. یەکێک له سەرچاوه سەربازییه کوردەکانی سووریا بە ئەم گۆڤارەی وتووه، زۆربەی فەرماندەکانی هەسەدە له بنکە ئەمریکییەکان جێگیر کراون و ئەو بنکانه جێناهێڵن جگه له حاڵەتی بەپەلەدا نەبێت، چوونکه له ئێستادا تەکنەلۆجیا و کەرەستەی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی فڕۆکه بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە بەردەست نییە. مەحموود حەبیب، فەرماندەی لیوای باکووری دیموکرات سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، لە دوای رێککەوتنی نێوان رووسیا و تورکیا و ئەمریکا لە ساڵی 2019وە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆ سەر کورد دەستیپێکردووە، بەڵام لە ساڵی رابردووەوە ژمارەی ئەو هێرشانە زیادی کردووە. لای خۆیەوە ئارام حەنا، وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند کە واژۆ کردنی ڕێککەوتنی سەربازیی نێوان کورد و حکوومەتی ناوەندی یەکێکە لە ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا. هێزەکانی سووریای دیموکرات وێڕای ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی، بەکار هێنانی مۆبایل و کەرەستەی ئەلەکترۆنییان لە نێو هێزەکانی خۆیان قەدەغە کردووە  چوونکە ئەو ئامێرانە وادەکەن تورکیا بە ئاسانی شوێنی ئەو هێزانە بدۆزێتەوە.

هاوڵاتی وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌که‌رتی غه‌زه‌ی فه‌ڵه‌ستین (که‌ له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت) ڕایگه‌یاند ٥ که‌سیان له‌سێداره‌ داوه‌ که‌ (٢) که‌سیان تاوانباربوون به‌ تۆمه‌تی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی فه‌ڵه‌ستین( که‌ ڕێکخراوی فه‌تح به‌ڕێوه‌ی ده‌بات له‌که‌رتی ڕۆژئاوا) سزای له‌سێداره‌دان جێبه‌جێناکرێت. به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌کی ئه‌و وه‌زاره‌تی ناوخۆیه‌ سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنج که‌س که‌ دوانیان به‌تۆمه‌تی سیخوڕیکردن و سێ که‌سی دیکه‌یان به‌ تۆمه‌تی کوشتن تۆمه‌تبارکرابوون له‌سێداره‌دران. به‌پێی یاسای فه‌ڵه‌ستینی ده‌بێت (مه‌حمود عه‌باس)ی سه‌رۆکی فه‌ڵه‌ستین ئیمزای له‌سێداره‌دان بکات، به‌ڵام سه‌رۆکی فه‌ڵه‌ستین له‌غه‌زه‌ ده‌سه‌ڵاتی نییه‌ و حکومه‌تی فه‌ڵه‌ستینیش بڕیاری له‌سێداره‌دان جێبه‌جێناکات. له‌ساڵی ٢٠١٧ه‌وه‌ ئه‌مه‌ یه‌که‌م پرۆسه‌ی له‌سێداره‌دانه‌ که‌ له‌غه‌زه‌ دووباره‌ ده‌ستپێبکاته‌وه‌و پێشتر له‌ساڵی ٢٠٠٧ه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس که‌ ده‌ستیگرتووه‌ به‌سه‌ر که‌رتی غه‌زه‌دا ده‌یان بڕیاری له‌سێداره‌دانی ده‌رکردووه‌و تا ئێستا ٢٧ بڕیاری جێبه‌جێکردووه‌.

هاوڵاتی دوو چالاكوانی مافی هاوڕه‌گه‌زخوازان بڕیاری له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌چوو، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ یه‌كێك له‌و چالاكوانی هاوڕه‌گه‌زخوازانه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌ كاری له‌شفرۆشی له‌هه‌ولێر. دادگه‌ی شۆڕشی ورمێ سزای له‌سێداره‌دانی بۆ دوو چالاكڤانی "مافی هاوڕه‌گه‌زخوازان" ده‌ركرد، كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ به‌ناوی (زارا سدیقی) تۆمه‌تباربوو به‌ بردنی له‌شفرۆش بۆ هه‌ولێر.  ده‌زگه‌ی هه‌واڵگریی سوپای پاسدارانی ئێران له‌ 18-7-2022، ده‌ستبه‌سه‌ركردنی زارا سدیقی هه‌مه‌دانی و دوو كه‌سی دیكه‌ی راگه‌یاند. سوپای پاسداران تۆمه‌تی سه‌ركردایه‌تیكردنی باندێكی به‌قاچاخبردنی ژنان و كچانی ئێرانی بۆ هه‌ولێر و هه‌روه‌ها بڵاوه‌پێكردنی هاوڕه‌گه‌زخوازیی دایه‌ پاڵ زارا سدیقی. پێشتر رێكخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاندبوو، زارا سدیقی هه‌مه‌دانی له‌ 27-10-2021 له‌سه‌ر سنووری نێوان ئێران و توركیا ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌. رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو رایگه‌یاند، دادگه‌ی شۆڕشی ورمێ به‌ تۆمه‌تی "بڵاوكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ناپاكی"، زارا سدیقی هه‌مه‌دانی و ئیلهام چووبدار، چالاكڤانانی "مافی كۆمه‌ڵگه‌ی په‌لكه‌زێڕینه‌ی" به‌ له‌سێداره‌دان سزادا. به‌پێی ماڵپه‌ڕی ته‌سنیم، دوو كه‌سی دیكه‌ هاوكارییان له‌گه‌ڵ زارا كردووه‌ كه‌ ناویان (ع. ف) و (ك)ـه‌. ئه‌و كه‌سانه‌ نزیكه‌ی هه‌زار ئافره‌تیان له‌ هه‌ولێر "فرۆشتووه‌."  رۆژی 18-7-2022، ماڵپه‌ڕی هه‌واڵیی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران و میدیای فه‌رمی ئێران رایانگه‌یاند: دوای دوو مانگ به‌دواداچوون توانیویانه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌ستگیر بكه‌ن كه‌ به‌قاچاخ خه‌ڵكی مه‌به‌ستی له‌شفرۆشیكردن ناردووه‌ته‌ هه‌ولێر و ناوی (ز. م)ه‌، به‌ڵام به‌ ناوی خوازراوی "سارا" كاری كردووه‌.  زارا سدیقی هه‌مه‌دانی ته‌مه‌نی 31 ساڵه‌ و خه‌ڵكی شاری نه‌غه‌ده‌یه‌؛ ئیلهام چووبداریش 24 ساڵه‌ و خه‌ڵكی شاری ورمێیه‌. ئه‌وان له‌ به‌شی ژنانی گرتووخانه‌ی ورمێ راگیراون و بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌یان پێ راگه‌یه‌ندراوه‌.

هاوڵاتی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 4ی ئه‌یلول، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌شێك له‌كارمه‌ندانی فه‌رمانگه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی كۆبۆوه‌، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ فه‌رمانی دا له‌ماوه‌ی رۆژانی داهاتوو 53 پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان بكه‌وێته‌ گه‌ڕ. به‌پێی زانیارییه‌كانی هاوڵاتی، قوباد تاڵه‌بانی ئه‌وه‌شی به‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان وتووه‌، پێویسته‌ ده‌وامی فه‌رمانگه‌كان جدی ببێته‌وه‌و له‌هیچ كه‌سێك قبوڵناكرێت گه‌نده‌ڵی بكات.  ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو: له‌هیچ به‌ڕێوه‌به‌رێك قبوڵ ناكه‌م وه‌به‌رهێنه‌ران راوبنێن بۆ شاره‌كانیترو هه‌روه‌ها قبوڵی ناكه‌م پاره‌و سه‌رانه‌ له‌ وه‌به‌رهێن وه‌ربگیرێت. له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا قوباد تاڵه‌بانی راشیگه‌یاندوه‌، نابێت ببینه‌ رێگر له‌كاری بازرگانه‌كان و ده‌بێت رۆتین كه‌م بكرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها نابێت كێشه‌ بۆ كه‌رتی تایبه‌ت وه‌به‌رهێنه‌ران دروستبكرێت و پێویسته‌ به‌پێی یاسا مامه‌ڵیان له‌گه‌ڵ بكرێت، نه‌ك به‌پێی مه‌زاج و خزم خزمێنه‌. به‌پێی زانیارییه‌كانی هاوڵاتی، قوباد تاڵه‌بانی له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وتویه‌تی، له‌و 53 پرۆژه‌یه‌ی له‌به‌رده‌ستی مندایه‌ پێویسته‌ 18 پرۆژه‌یان له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ داو 35 پرۆژه‌كه‌ی دیكه‌ش له‌ماوه‌ی یه‌ك مانگدا بكه‌ونه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌و هه‌روه‌ها ئه‌و پرۆژانه‌شی وه‌ستاون بكه‌ونه‌وه‌ كار.  

هاوڵاتی ئە فسەرێكی دژە تیرۆر لە كارمەندێكی ئاسایش دەدات هەڤاڵ رەشید لێپرسراوی بازگەكانی ئاسایشی گەرمیان بە ڕادیۆی دەنگی ڕاگەیاندووە:ئەفسەرێکی دژە تیرۆر بەناوی "گۆران بەرزان" لە سلێمانیەوە گەڕاوەتەوە بۆ كەلار و كارمەندێكیان لە بازگەی بانی خێڵان كە لە ئەركدا بووە نەیناسیوتەوە و پرسیاری لێكردووە.  ئەمەش بۆتە هۆی دروستبونی گرژی لە نێوانیاندا و ئەفسەرەكە و پاسەوانەكانی دابەزیون و لە كارمەندەكەی ئاسایشیان داوە.  لێپرسراوی بەشی بازگەكانی ئاسایشی گەرمیان وتیشی: تاوەكو ئێستا سكاڵایان تۆمار نەكردووە و چاوەڕێی فەرمانی بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیانن. بەپێی زانیاریەكان، گۆران بەرزان پێشتر بەرپرسی نوسینگەی گەرمیانی دەزگای زانیاری بووە.

هاوڵاتی چین ملیۆنه‌ها هاووڵاتی خۆی كه‌ره‌نتینه‌ كرده‌وه‌ به‌هۆی دووباره‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆڤید-١٩ . میترۆپۆلیسی چین له‌ئێواره‌ی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ كه‌ره‌نتینه‌یه‌كی فراوانی شاری چێنگدووی ڕاگه‌یاندو 21 ملیۆن هاوڵاتی نیشته‌جێی ئه‌و شاره‌ی كه‌ره‌نتینه‌ كرد. كه‌ره‌نتینه‌ كردنی ئه‌م شاره‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ ته‌نها له‌ هه‌فته‌ی رابردوودا ٧٠٠ كه‌یسی توشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كراوه‌ . پارێزگاری شاره‌كه‌ش ڕایگه‌یاندووه‌: هاوڵاتیان له‌ كاتژمێر ٦ئێواره‌ی ڕۆژی پێنج شه‌مه‌وه‌ پێویسته‌ له‌ ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه‌و هه‌روه‌ها تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كۆمه‌ڵی ڤایرۆسی كۆڤید له‌ ڕۆژانی پێنج شه‌ممه‌وه‌ تا یه‌كشه‌ممه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.  وتیشی: خێزانه‌كان ده‌توانن یه‌ك كه‌س بنێرنه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ بازاڕكردن له‌ ڕۆژێكدا به‌ مه‌رجێك پشكنینی بۆ كرابێت و ئه‌نجامی پشكنینه‌كه‌ی نێگه‌تیڤ بێت، هه‌روه‌ها ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌ یارمه‌تی خێرایان پێویسته‌، وه‌ك چاودێری پزیشكی پێویسته‌ ڕه‌زامه‌ندی له‌ لیژنه‌یه‌كی دیاریكراو به‌ده‌ستبهێنێت له‌نزیك شوێنی نیشته‌جێ بوونه‌كه‌یانه‌وه‌. هه‌روه‌ها هه‌موو ناوچه‌كانی كاركردن ڕاگیراون، جگه‌ له‌ سوپه‌رماركێته‌كان، ده‌رمانخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌كان، ته‌نانه‌ت نانخواردنی ڕێستۆرانته‌كانیش ڕاگیراوه‌، ته‌نها ڕێگه‌ به‌ داواكردنی خواردن ده‌درێت. كه‌ره‌نتینه‌ كردنی شاره‌كه‌ ته‌نها چه‌ند كاتژمێرێك پێش جێبه‌جێ كردنی راگه‌یه‌ندراو ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی دروستكردنی ترسێكی زۆرو قه‌ره‌باڵغیه‌كی زۆر له‌ بازاڕه‌كاندا.