بە بەشداریی هەزارن کەس خۆپیشاندان دژی سوپای پاسدارن لە فەڕەنسا بەڕێوەچو و داواکرا ئەو سوپایە بخرێتە لیستی تیرۆری وڵاتانی ئەوروپا. رۆژی دوشەممە بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکوانان و دانیشتوانی کورد و ئێرانی لە ئەوروپا، خۆپیشاندان دژی سوپای پاسدارانی ئێران لە بەردەم پەرلەمانی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆڕگ لە فەڕەنسا بەڕێوچو و سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا لە خۆپیشاندانەکەدا رایگەیاند دەبێت بەرپرسانی سێدارە و سەرکوت لە ئێران سزا بدرێن. خۆپیشاندەران بە رێپێوان چونە بەردەم پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگ و دوای سزادانی سوپای پاسداران و ئەو بەرپرسانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کرد کە دەستیان لە سەرکوت و سێدارەی خەڵک و خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەدا هەبوە. رۆبێتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە وتارێکدا بۆ خۆپیشاندەران رایگەیاند؛ دەبێت بەرپرسانی سەرکوت و سێدارە بکەونە بەردەم بەرپرسیارەتییەوە و ئەوروپا لەو پێناوەدا هەمو هەوڵێک دەدات. پۆلیسی فەڕەنسا رایگەیاندوە؛ژمارەی بەشداربوانی ئەو خۆپیشاندان و رێپێوانە گەیشتوەتە زیاتر لە 12 هەزار کەس و بە یەکێکە لە گەورەترین خۆپیشاندانەکانی مێژوی شاری ستراسبۆرگ ئەژمار دەکرێت و لە زۆربەی شارەکانی دیکەی ئەوروپاوە چالاکوانانی کورد و ئێرانی و ئەوروپی بەشدارییان تێدا کردوە. بڕیارە سبەینێ سێشەممە پەرلەمانی ئەوروپا پرسی بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران لە دانیشتنی خۆیدا تاوتوێ بکات و خۆپیشاندەرانیش جەخت لەوە دەکەنەوە ئەو پەرلەمانە سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا و بە توندترین شێوە سزا بدرێت.
هاوڵاتی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا رایگەیاند، بۆ ساڵی تازە سەرنج دەخەنەسەر فراوان کردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەری کوردستان کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی ئەنجامدا و لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: جەخت دەکاتەوە لەسەر گرنگیی کاری دیپلۆماسی بەجۆرێک بگونجێت لەگەڵ خواستەکانی گەلان و پڕۆژەی ئیدارەی خۆسەری وەک پڕۆژەیەکی سیاسی و بەردەوامی پێدانی، لەو چوارچێوەیەشدا کاردەکەن بۆ ئەوەی داننان بە ئیدارەی خۆسەری لەئاستی نێودەوڵەتی زیاتر بکرێت. ئەوەشی خستوەتەڕوو، کۆتایی هێنان بە بوونی هێزەکانی تورکیا، برەودان بە پەیوەندی لەگەڵ هێزە دیموکراسییەکان، کارکردن لەگەڵ حکوومەت و لایەنە دیموکراسیخوازەکانی وڵاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەپێشینەی کاری ئەمساڵیان دەبێت. دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەری دەڵێت، چڕکردنەوەی هەڵەکان دژی داعش، دروست کردنی دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگایی کردنی چەکدارانی داعش و زیادکردنی هەوڵەکان بە ئاڕاستەی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە، بەشێکی دیکەن لە ناوەڕۆکی کارەکانیان بۆ ساڵی 2023.
هاوڵاتی ساڵانە لە لە مانگی 10 تاوەکو مانگی شەشی ساڵی دواتر وەرزی گلدانەوەی ئاوە و لە هەرێمی کوردستانیش دەستی پێکردووە و نزیکەی سێ ملیار و 28 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە دوو گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستان گلدراوەتەوە. نامیق مستەفا، جێگری بەڕێوەبەری بەشی هایدرۆلۆژیی بەنداوی دەربەندیخان دەڵێت، "بەراورد بە ساڵانی پێشوو داهاتی ئاومان زۆر کەمیکردووە، لەبەر ئەوەی سێ بەنداو لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی بەنداوەکە دروستکراون." هەربۆیە لە ئێستادا بەنداوی دەربەندیخان 31%ی توانای خۆی ئاوی تێدایە . هاوکات بەپێی ئامارێکی بەنداوی دەربەندیخان،لە سێ مانگی یەکەمی وەرزی گلدانەوەی ئاوی ساڵی 2021دا، لە هەر چرکەیەکدا 17 مەتر سێجا ئاو رژاوەتە نێو بەنداوەکەوە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی 2022دا بۆ 15 مەتر سێجا کەم بووەتەوە. ئەمەشلەکاتێکدایە لە هەمان ماوەی ساڵی 2021دا لە هەر چرکەیەکدا 87 مەتر سێجا ئاو بەردراوەتەوە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی 2022 کەمکراوەتەوە بۆ 81 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا. سەبارەت بە بەنداوی دوکانیش،سەلام نەجم، بەڕێوەبەری بەشی هایدرۆلۆژیی بەنداوی دووکان دەڵێت، "ئێستا بەردەوامین لە دابەزینی ئاستی ئاوەکە، لەبەر ئەوەی داهاتی ئاو کەمترە لە ئاوی رۆیشتوو." ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەپێی ئامارێکی بەنداوی دووکان، لە سێ مانگی یەکەمی وەرزی گلدانەوەی ئاوی ساڵی 2021، لە هەر چرکەیەکدا 23 مەتر سێجا ئاو رژاوەتە نێو بەنداوەکە، بەڵام لەو ماوەیەی ساڵی 2022دا بەرزبووەتەوە بۆ 31 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا. لە هەمان ماوەی ساڵی 2021دا لە هەر چرکەیەکدا 70 مەتر سێجا ئاو بەردراوەتەوە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی 2022دا کەمکراوەتەوە بۆ 58 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا. هەموو ئەم گۆڕانکارییانە وایانکردووە،بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان 30 سانتیمەتر دابەزێت.
هاوڵاتی پۆلیسی ئەفغانستان رایگەیاندوه، رۆژی یهكشهممه مەرساڵ نەبی زادە، ئهندامی پێشوی پهرلهمانی ئەفغانستان و پاسەوانەکەی لە ماڵەکەی خۆیدا لە کابوڵی پایتەخت بە گولە کوژراون، هەروەها براکەی و پاسەوانێکی دوەمیش لە هێرشەکەدا برینداربون. نەبیزادە لە ساڵی 2019 لە پەرلەمانی ئەفغانستان پەرلەمانتار بوو هاوکات یەکێک بو لەو ژماره كهمهی ژنانی یاسادانەری وڵاتهكه كه له دوای ئەوەی تاڵیبان لە مانگی 8ی 2021دا دەسەڵاتی گرتەوە دەست لە کابوڵ مایەوە. بە وتەی مولفی حەمیدوڵا خالید، بەڕێوبەری پۆلیسی ناوخۆ، تەقەکردنەکە لە دەوروبەری کاتژمێر 3ی بەیانی بە کاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە ڕوویداوە. نێردراوی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "بەرزبوونەوەی نائارامی نیگەرانییەکی گەورەیە". هەروەها ئیدانەی هێرشەکەی کردو وتی "توندوتیژی بەشێک نییە لە هیچ چارەسەرێک بۆ هێنانەدی ئاشتییەکی بەردەوام بۆ ئەفغانستان". جێگەیباسە، لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان لە ساڵی 2021، ژنان لە نزیکەی هەمو بوارەکانی گشتی له وڵاتهكهدا دورخراونەتەوە و چالاكییهكانیان سنوردار كراوه.
هاوڵاتی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت، بەراورد بە ساڵی 2021، ساڵی رابردو ئاماری پێشێلکارییەکان بەرامبەر رۆژنامەنوسان زیادیکردوە. سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان ئەمڕۆ دوشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا بە ڕاپۆرتێک بە ناونیشانی "پارێزەرانی یاسا لە ئەرکەکانیان هەڵدەگەڕینەوە، زەبر و زەنگی هێزە ئەمنییەکان، یاسای رۆژنامەگەری پەکدەخات" ئاماری ساڵی 2022ـی پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنوسانی خستەڕوو. رەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند، "ساڵی 2022 رەفتاری هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر رۆژنامەنووسان لە کاتی رووماڵکردنی رووداوەکاندا، گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، لە زۆربەی ئەو رووداوانەی بەهای هەواڵییان هەیە، ئاستەنگ بۆ رۆژنامەنووسان دروستکراوە، دەستبەسەرکردن بە بێ فەرمانی دادگا، توندوتیژی و شەق وەشاندن، پەلاماردانی راگەیاندن و توندکردنیان لە بنکەکانی هێشتنەوەی پۆلیس و زنیدانی ئاسایش، هەڕەشەکردن و تۆقاندن، جیاکاری و پێنەدانی زانیاری، تەنانەت هەندێک رۆژنامەنووس پێش چوون بۆ رووماڵی خۆپیشاندان، لە بەردەم ماڵەکانیان دەستگیرکراون". وتیشی،"گرێبەستی چەوساندنەوەی میدیاکاران، کەمی و پێنەدانی موچەی چەند مانگەیان بوە بە دیاردە، لە باشترین حاڵەتیشدا موچەکانیان دوادەکەوێت، ئەوە جگەلەوەی جیاکاری زەقیش لە موچەی نێوان خانمانی میدیاکار و هاوکارەکانیان هەیە". بە گوێرەی ئامارەکانی سەنتەری میترۆ پێشێلکارییەکان بەم شێوەیە بوون: "ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان، 431 پێشێلکاری بەرامبەر 301 رۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی کراوە" کە بەمشێوازە دابەشبوون: (رێگری 195، زەوتکردن و شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی 68، هێرش و هەڕەشە و سوکایەتی 46، دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا 64، دەستگیرکردن بە بڕیاری دادگا 4، لێدان و برینداربوون 26، داخستنی نوسینگەی کەناڵ 1، هێرشی مووشەکی 2، هەڵکوتانە سەر ماڵی رۆژنامەنووس 3، هێرشی ئەلیکترۆنی 6، پڕکردنەوەی بەڵێننامە 16 حاڵەت)"
هاوڵاتی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە دوو مانگی داهاتوودا سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکات. ئەمڕۆ دووشەممە 16-01-2023 فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی. هیوادارین ناکۆکییەکان زیانیان بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان نەبێت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەمیشە چەترێک بووە بۆ کۆکردنەوەی هەموو لایەک و ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ئەم ئەرکە". وتیشی، ""ئەرکی یاسایی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردنە، دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت، لە دوو مانگی داهاتوودا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو رۆژە دیاری دەکات." سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سەردانەکەی برێت مەکگۆرکیش وتی،"جارێ نازانین بەنیازی چییە، بەڵام ئەمشەو لە بەغداوە دێت بۆ هەرێمی کوردستان و بەپێی زانیارییەکانی ئێمە لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی یەکێتی کۆدەبێتەوە."
هاوڵاتی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دەستیلەکارکێشایەوە و داوا لە راوێژکاری وڵاتەکەی دەکات، "رێگەی بدات" بە دەستبەرداربوون لە پۆستەکەی. تۆڕی ههواڵی BBC بڵاویكردهوه، كریستین لامبرێكت، وهزیری بهرگری ئهڵمانیا له راگهیهندراوێكدا بڵاویكردوه، "ماوهی مانگێكه میدیاكانی ئهڵمانیا و ئهوروپا بهشێوهیهكی گشتی رهخنهكانیان بۆسهر من و وهزارهتهكهم چڕكردوهتهوه، لهكاتێكدا هیچ دهرفهتێكیان نههێشتهوه بۆئهوهی رونكردهوه له دۆخهكه بدهم، بهڵام له ئێستادا وا باشتره من دهست له پۆستهكهم بكێشمهوه". هەروەها، لە راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیادا هاتووە، کرستینە لامبرێشت، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا "داوای لە ئۆلاف شۆڵز، راوێژکار[ی ئەڵمانیا] کردووە رێگەی بدات بۆ دەستبەرداربوونی لە پۆستەکەی." ئەو وەزیرە روبهڕوی رهخنهیهكی توندی وڵاتانی جیهان بۆوە، بههۆی ئهوهی ئهڵمانیا تا ئێستا نهیتوانیوه هاوكاری پێشكهشك به هێزهكانی ئۆكرانیا بكات. لهلایهكی دیكهشهوه بههۆی ئهوهی نهیتوانیوه ئاستی وهزارهتهكهی و هێزی سهربازی ئهڵمانیا پهرهپێبدات هاوکات وهزیری بهرگری ئهڵمانیا لهسهر دو پرسی دیكهش روبهڕوی رهخنهیهكی زۆربوهوه ئهوانیش گهشتێك به هێلیكۆپهترێكی سهربازی كه بۆ یهكێك منداڵهكانی رێكی خستبو، یهكێكی دیكهشیان ئهو پهیامهی كه له شهوی كریسمسدا بڵاویكردهوه كه تێیدا باسی له بارودۆخی ئۆكرانیا دهكرد، دهنگی یارییه ئاگرینییهكان له دهوروبهری بون و له كییێڤ-یش هاوڵاتیان به بۆردومان ئهو شهوهیان بهڕێكرد.
هاوڵاتی بهبڕیاری وهزارهتی رۆشنبیری و لاوانی حكومهتی ههرێمی ههرێمی كوردستان، پهخشی 16 كهناڵی ناوخۆی رادهگیرێت. بهگوێرهی نووسراوێكه كه ئهمڕۆ دووشهممه 16ی2ی2023 دهرچووه ، پهخشی 16 كهناڵی ناوخۆیی (لۆكاڵی) له ههرێمی كوردستان بههۆی نوێنهكردنهوهی مۆڵهتهكانیان رادهگیرێت و بڕیارەکە لەکاتی دەرچونی بڕیارەکەوە جێبەجێ دەکرێت. بەبڕیاری وەزارەتی ڕۆشبیری پهخشی ئهو كهناڵاله تا ئهو كاتهی مۆڵهتهكانیان نوێدهكرێنهوه رادهگیرێت. ناوی کەناڵاکان: جوودی یەکگرتووUTV HAWLER گرووپی نیگا ئاسمان منارە لاوان ئاسۆ سپۆرت کازیوە جیهان ئێفێکت ئای مۆڤیس ژیار سروشت بەیبی پاندا
هاوڵاتی لەلێدوانێکدا گوتهبێژی وهزارهتی كارهبای حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، توانای بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە سێ هەزار و 900 مێگاوات و بەهۆی زۆری خواستی کارەبا لەلایەن هاوبەشانەوە لە ئێستادا کاتەکانی بوونی کارەبا بۆ هاووڵاتیان بە تێکڕای دەگاتە 12 کاتژمێر. ئومێد ئهحمهد، گوتهبێژی وهزارهتی كارهبای حكومهتی ههرێمی كوردستان به پێگهی فهرمی حكومهتی ههرێمی كوردستانی راگهیاند، لە ئێستادا لە تەواوی وێستگەکاندا توانای بەرهەمهێنانی كارهبا نزیک بووەتەوە لە سێ ههزار و 900 مێگاوات کارەبا، لە کاتێکدا خواست لەسەر کارەبا بۆ هاوبەشان حهفت ههزار مێگاواتە. بهگوتهی گوتهبێژی وهزارهتی كارهبا، بەهۆی زۆری خواستی کارەبا لەلایەن هاوبەشانەوە لە ئێستادا کاتەکانی بوونی کارەبا بۆ هاووڵاتیان بە تێکڕای دەگاتە 12 کاتژمێر، بەڵام لە ناوچە ساردەکان نزیکەی 10 بۆ 11 کاتژمێرە و بۆ ناوچە گەرمەکانیش 12 بۆ 13 کاتژمێرە، واتە لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیكه جیاوازە. پێگهی حكومهتی ههرێمی كوردستان ئهوهشی خستووهتهڕوو، "حكومهتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی کارەباوە لە هەوڵی بەردەوامدایە پڕۆژەکانی کارەبا بەرەو پێش ببات و بەرهەمهێنان زیاد بکات تاوەکو بەرهەم و خواست وەکو یەکیان لێ بێت".
هاوڵاتی محەمەد شیمشەک وەزیری پێشووی ئابوری تورکیا رەخنەی لە سیاسەتی ئابوری حکومەتی تورکیا گرت و رایگەیاند، دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، تسونامی ئابوری بەڕێوەیە. رۆژنامەی سوزجوی نزیک لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە زاری وەلی تۆپراک رۆژنامەنووسێکی دیاری تورکیا رایگەیاند، محەمەد شیمشەک وەزیری پیشووی ئابوری تورکیا، بەشداری لە رێورەسمی کردنەوەی وێستگەیەکی غازی سروشتی کردووە و لەگەڵ ئەردۆغان قڕدێلەی دەستبەکاربوونی ویستگەکەیان بڕیوە. بەگوێرەی هەواڵی رۆژنامەکە، محەمەد شیمشەک لە رێورەسمەکەدا رەخنەی لە سیاسەتی ئابوری حکومەتی تورکیا گرتووە و رایگەیاندووە، تسونامیەکی گەورەی ئابوری چاوەڕێی تورکیا دەکات. زۆربەی وڵاتانی جیهان، پارەکانیان دەکشێننەوە و وەبەرهێنان کەم دەکەنەوە، بەڵام تورکیا بە بەردەوامی هەوڵی چاپکردنی پارەکەی دەدات و بەم شێوەیە رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا کەم نابێتەوە. شیمشەک وتوویەتی، بە فشار خستنە سەر زنجیرە مارکێتەکان کە نرخی شتومەک هەرزان بکرێت کە قازانجەکەیان تەنیا ٤٪ بێت، ناتوانرێت دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت و رێژەی هەڵاوسان کەم بکرێتەوە. تورکیا لە ئیستادا لە قەیرانێکی گەورە ئابوریدایە. لیرە بەهایەکی زۆری لەدەستداوە. هەرچەندە حکومەت رایگەیاندووە کە رێژەی هەڵاوسان لە خوار ٨٥٪ەوەیە، بەڵام سەرەتای ئەم مانگە، گروپی لێکۆلینەوەی هەڵاوسانی تورکیا کە لە ژمارەیەک ئابوریناس و ئەکادیمی بواری دارایی پێک دێت، ئامارێکی نوێی لەبارەی رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئاماری گروپەکە، مانگی رابردوو، رێژەی هەڵاوسان ٥.١٨٪ زیادی کردووە. هەروەها لە ماوەی شەش مانگی رابردووشدا رێژەی هەڵاوسان ٣٨.٥٧٪ زیادی کردووە. لە ئێستاشدا رێژەکە گەیشتووەتە ١٣٧.٣٣٪. لەلایەکی دیکەوە، نرخى کارەبا و غازی ماڵان بە رێژەى ١٥٠٪ بۆ ٢٠٠٪ بەرزبووەتەوە، باجی سەر موڵک و خانووبەرە بە رێژەی ٦٦٪ و سزای سەرپێچیەکانی هاتوچۆ، لەنێوان ١٠٪ بۆ ٥٠٪ بەرزبووەتەوە. ژووری کشتوکاڵی تورکیاش هەر لەم مانگەدا رایگەیاندبوو، نرخی سەوزە و میوە لەو وڵاتەدا بەگوێرەی ساڵی ٢٠٢١، بە رێژەی ١٠٠٪ بۆ ٣٠٠٪ زیادیان کردووە. چەند رۆژ لەمەوبەر، دەزگای ئامارەکانی تورکیا، ئاماری بێکاری لەو وڵاتەدا بلاوکردەوە و بەگوێرەی ئامارەکە، لە تورکیا و باکوری کوردستان، سێ ملیۆن و ٥٧٦ هەزار کەس بێکارن. کۆمپانیای میترۆپۆلی تورکیش کە تایبەتە بە ئامار و لێکۆلینەوەکان، ئەم مانگە راپرسیەکی بە بەشداری دوو هەزار و ٧٧ کەس لە ٢٨ پارێزگای تورکیا و باکوری کوردستان لەبارەی رێژەی هەڵاوسان ئەنجام دابوو. بەگوێرەی ئامارەکە: ٤٧.٥٪ی بەشداربووان پێیان وابووە کە رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە زیاترە لە ١٧٠٪ ، هەروەها ١٨.٨٪ی بەشداربووان پێیان وابووە کە رێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە نزیکەی ١٧٠٪. ٢٤.٢٪ی بەشداربووان وتوویانە رێژەی هەڵاوسان ٨٤٪ی تێپەڕ کردووە و ٩.٥٪ی بەشداربووانیش رایانگەیاندووە کە نازانن. هەروەها، کۆمپانیای (پی دەبلیۆ سی) و (ئیپسۆس)ی تورکی، پێکەوە راپرسیەکیان لەبارەی ئابوری تورکیا ئەنجامدابوو. بەگوێرەی راپرسیەکە لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە تاوەکو ئێستا یەکەمجارە، هاوڵاتیانی تورکیا بەم ئەندازەیە بەهۆی دۆخی ئابوریەوە بێهیوان. راپرسیەکە ئاشکرای کردووە کە ٧١٪ی هاوڵاتیان، هیوایان نەماوە کە ئابوری تورکیا باش ببێت و دەڵێن، خراپتر دەبێت.
هاوڵاتی دوای ئەوەی دوێنی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا ڕایگەیاند: پێوستە وەزیر و تیمیە وزارییەکان جێبەجێکاری ئەجێنداو کاروبەرنامەی حکومەت بن، هەرکێشە و ئاڵۆزییەکی سیاسی هەیه لەدەرەوەی حکومەت چارەسەبکرێت نەهێنرێته ناو کاروباری حکومەت، پاشان تیمی وزاری یەکێتی وەڵامیان دایەوە ڕایانگەند: نیگەرانین لە شێوازی بەڕێوەبردن و ئەدای حکومەت. ئەمڕۆ دوشەممە 16ی1ی2023 سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، "وەزیرەكانی یەكێتی بەردەوامن لە كاری خۆیان و لەپێناو ڕای کردنی كاروباری خەڵكی لە وەزارەتەكان، رۆژانە دەوامی ئاسایی خۆیان دەكەن." وتەبێژەکەی قوباد تاڵەبانی وتیشی: وەزیرەکان کارەکان رایی دەکەن، بەڵام بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران ناکەن و هەروەها کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتەکان ناکرێت. هەورامی پشتڕاستی کردەوە کەدوێنی پاش پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت وەزیرەکانی یەکێتی لە گرووپی وەتسئەپی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچوون.
هاوڵاتی وابڕیارە ئەمڕۆ برێت مەکگۆرک، هاوئاهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا، سەردانی هەرێمی کوردستان بکات. لەوبارەیەوە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتنی برێت مەکگۆرکی بۆ هەولێر پشتڕاست کردۆتەوە. وابڕیارە برێت مەگکۆرک، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
فەرمانداری یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ناسنامەی سێ گەریلای شەهیدی بڵاوکردەوە کە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە چیای ئاسۆس لە بۆردومانی سوپای تورکیادا شەهید بوون. ناوەندی ڕاگەیاندی ئەو هیزە ڕایگەیاندووە: لە کاتێکدا کە ناوچە توشی ئاڵۆزی و قەیران بووە و سەرهەڵدان و شۆرش لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیران پەرەری سەندووە و مافی گەلی کورد بۆتە رۆژەڤی هەموو جیهان و تەڤگەری ئێمە هیوا دەداتە هەموو شۆرشگێر و ئازادیخوازەکان، ئەو هێرشانەی کە لە دژی هیزەکانی ئێمەش بەڕێوەدەچن زیاتر بووە. ڕونیکردووەتەوە “لە دەسپێکی شۆرشی ژن، ژیان و ئازادی بەو لاوە، هێرش لە دژی هێزەکانی ئێمە زیاتر بووە و ئەو هێرشانە بە دەستی دەوڵەتی تورکیا و لە رێگای هێرشی هەوایی پێکدێ. ئامادەکاری و فیداکاری هێزەکانی ئێمە بۆتە هۆی نەگەیشتنی دوژمن بە ئامانجەکانی”. ڕونیکردووەتەوە: لەو هێرشانەی دوژمن لە ٢٩ی تشرینی یەکەمەی ٢٠٢٢ لە چیاکانی ئاسۆس ئەنجامیدا، هەڤاڵانمان دلۆڤان و باگەر و هۆگر دەلیل بونە ئامانج و شەهید بون. ئێمە پێشتر ناوی دو هەڤاڵمان راگەیاندبوو و ئێستا ناسنامەی سێ هەڤاڵی شەهیدمان رادەگەیەنیین. یەرەکە ویڕای سەرەخۆشی لە خۆیان و کەسوکاری شەهیدەکان باسی لەرۆڵ و کەسایەتی ئەو شەهیدانە کردووە و بەگرنگیەوە باسی لە کەسایەتی و پێگەی ئەوان لە ژیانی شۆڕشگێڕێتیدا کردووە. یەرەکە دەشلێت: لە گەڵ خەمگینی قوڵی خۆمان بۆ شەهادەتی هەڤاڵانمان، هێزێک کە لەوان دەگرین دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە ئێرادەیەکی گەورەتر تێکۆشان بکەین و لەسەر بنەمای رێبازی رێبەرمان و ئازادی گەلمان کار و خەباتی خۆمان بەردەوام بکەین. ناسنامەی شەهیدەکان: ناو: هادی رەحمانی نازناو: هۆگر دەلیل ناوی دایک و باوک: نازدار، مەحەمەد لەداییک بوی: گوندی سەبەتڵو ساڵی بەشداربوون: ٢٠١٧ رۆژی شەهید بوون: ٢٩ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە چیای ئاسۆس ناو: محەمەد ئاک بابا نازناو: دلۆڤان جیلۆ ناوی دایک و باوک: خانم، مەحمود لەدایک بوی: شاری مەڵاتییە ساڵی بەشدار بوون: ٢٠١٥ رۆژی شەهید بوون: ٢٩ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە چیای ئاسۆس ناو: بێنیامین ئاکسۆ نازناو: باگەڕ بسمل ناوی دایک و باوک: رەدیفە، ئەحمەد لەداییک بوی: شاری بسمل ساڵی بەشداربوون: ٢٠١٣ رۆژی شەهید بوون: ٢٩ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە چیای ئاسۆس
ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 121 رۆژی تێپەڕاند و دەستگیرکردنی گەنجان و چالاکوانان بەردەوامە و یەکێتی ئەوروپاش هۆشداریی دەداتە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە دەبێت سزای سێدارە راگرێت. ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردەوەتەوە تا ئێستا 522 کەس لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون کە چوارکەسیان بە پەتی سێدراە بوە. لە دوای مەرگی ژینا 74 ژن و کچ لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون ناوەندی مافەکانی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران 74 کچ و ژن کوژراون. ناوەندەکە وێنە و ناسنامەی ئەو کوژراوانەی بڵاو کردوەتەوە و زۆرینەی کچان و ژنانی کوژراوی ناڕەزیەتییەکان تەمانی 17 ساڵ بۆ 30 ساڵ بوە. ئەمرۆ چالاکوانێکی ژن بە ناوی زوهرە رەحمانی لە شاری بانە بە دانانی بارمتە و بەشێوەیەکی کاتی ئازاد کرا و لە شاری کامیاران و جوانڕۆ و مەهاباد و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەکی دیکە لە گەنجان و لاوانی ئەو بەشە لە کوردستان دەستگیرکران. لە لایەن دادگایەکی ئێرانەوە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان سزای پێنج ساڵ و هەشت مانگ زیندانیی بەسەر ئەهورا کەرەمی خەڵکی شاری کرماشاندا سەپێنرا. 66 رۆژە کچێکی کورد بێهۆشە هەستی حسێن پەناهی تەمەن 16 ساڵ و خەڵکی شاری دێوڵان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی لێدانی بە داری پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە لە رێکەوتی (10/11/2022) بێهۆش بو و دواتر بە هێلی کۆپتەر گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر لە شاری سنە بەڵام هەستی تا ئێستا و دوای 66 رۆژ بێهۆشە. لە دەستدانی چاو بۆ ئازادیی سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرایان کرد فەریدە سەڵەواتی پور کە بەهۆی گوللـەی ساچمەیی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە بریندارببو هەر دوو چاوی لەدەستداوە. ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردوە کەسێکی خۆبەخش ئامادەیی خۆی دەربڕییوە بۆ بەخشینی چاوێک بۆ فەریدە و پێدەچێت بە بڕیاری پزیشکی پسپۆڕ، نەشتەرگەریی وەرگرتن و چاندنەوەی چاو بۆ گەڕانەوەی بینایی ئەو خانمە ئەنجام بدرێت. تا ئێستا نزیکەی 600 کەس لە ناڕەزایەتییەکاندا بەهۆی بەکارهێنانی گوللـەی ساچمەیی چاوێک یان هەردوو چاویان لەدەستداوە. دوای ئەوەی لە لایەن دادگاوە مەولەوی محەمەد حسێن، پێشنوێژی سوننەکانی گالیکەش لە پارێزگای گوڵستان لە باکوری ئێران بانگهێشت کرا ، جەماوەرێکی زۆر لە بەردەم ماڵی ئەو مامۆستا ئاینییە کۆبونەوە و رێگرییان کرد بچێتە بەردەم دادگا. مەولەوی محەمەد حسێن ماوەی ساڵێکە بە بڕیاری نوێنەری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێشنوێژیی و پێشەوایەتیی سوننەکانی پارێزگای گوڵستان دور خراوەتەوە و لە لایەن مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی سوننەکانی شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان پشتیوانیی لێدەکرێت. یەکێتی ئەوروپا ئیدانەی سزای سێدارەی لە ئێران دەکات و داوای لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە کرد جێبەجێکردنی سیدارە بەهەموشێوەک رابگرێت. ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا رۆژی یەکشەممە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، رایگەیاند؛ ئەوروپا لەسێدراەدانی هەر کەسێک بە هەرشێوازێک بو توندی لە ئێران ئیدانە دەکات و لەسێدرادانی هاوڵاتییەکی ئەوروپاش بە توندترین شێوە ئیدانە دەکەن. لە کۆتایی بەیاننامەکەی یەکێتی ئەوروپادا هاتوە: دەبێت دەسەڵاتی ئێران خۆی بەدور بگرێت لە جێبەجێکردنی هەر جۆرە بڕیارێکی دیکەی سێدارە و رێوشوێن و سیاسەتی نوێ بگرێتەبەر لە چوارچێوەی هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی سزای سێدارە لە وڵاتەکەی. لەسێدارەدانی ئەکبەری پێشتر لە لایەن ئەمریکا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا، ئیدانە کرا و بەریتانیا باڵیۆزەکەی لە تاران کشاندەوە بە مەبەستی راوێژ لەسەر بابەتی سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران. عەلیڕەزا ئەکبەری، جێگری وەزیری بەرگریی پێشوتری ئێران و هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا ( (MI6، لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەسێدارە درا و ئەوەش کاردانەوەی نێودەوڵەتیی زۆری لێکەوتەوە.
ئۆکرانیا بۆ تێکشانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە روسیا بەکاری دەهێنێت سود لە چەکێکی ئەڵمانیا وەردەگرێت کە ئەو وڵاتە بۆ مەبەستی روبەڕوبونەوەی فڕۆکە خۆکوژەکان رادەستی کردوە. پێگەی پۆلۆتیکۆ بڵاوی کردوەتەوە؛ ئۆکرانیا بەهۆی خێرایی فڕۆکە خۆکوژەکانی ئێران کە دەگاتە (185) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا روبەڕوی کێشە بوەتەوە بەڵام ئەڵمانیا بە بەخشینی جۆرە زرێپۆش و چەکێکی تایبەت بوەتە فریادڕەسی وڵاتەکە لە دەست هێرشی ئەو فڕۆکانە. ئەڵمانیا 30 زرێپۆشێکی تایبەتی لە جۆری (Flakpanzer Gepard) بەخشیوە بە سوپای ئۆکرانیا و لە ئێستادا چەکی بەکارهاتوی سەر ئەو زرێپۆشە بوەتە بکوژی سەرەکیی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لە لایەن ئێرانەوە دروست کراون و روسیا بە دەستکاریکردنیان ئاستی توانایانی بەرز کردوەتەوە. پۆلۆتیکۆ ئاشکرای کردوە؛ ئەو زرێپۆشە و چەکەی ئەڵمانیا بەراورد بە زۆربەی چەکەکانی دیکەی ئەمریکا و ئەوروپا کە رادەستی ئۆکرانیا کراوە سەرکەوتو بوە بۆ پێکانی فڕۆکە خۆکوژەکانی ئێران. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بەهۆی خێراییان، کردنە ئامانجیان ئاسان نییە بە تایبەت ئەگەر ئەو فڕۆکانە لە جۆری خۆکوژ بن بەڵام زرێپۆشەکەی ئەڵمانیا بەهۆی بونی سیستمی دژە ئاسمانی دەتوانێت لە مەودای سێ مەتر و پێش گەیشتن بە ئامانجەکەیان تێکیان بشکێنێت.
