ئیمان زەندی لەسەر داوای کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیای لەھەڵەبجە کراوەتەوە، ھەروەھا ھیچ یاسایەک بۆ بەرکەوتوان دەرنەکراوە لەپەرلەمانی کوردستان و ھەرکاتێک مەبەستیان بێت موچەیان دەبڕدرێت و نانێردرێنە دەرەوە. لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی كۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە بە ھاوڵاتی راگەیاند: "ھۆکاری چارەسەرنەکردنی بەرکەوتوان دەگەڕێتەوە بۆ نەبونی پلان، لەساڵانی ڕابردوو ٦٩ بەرکەوتە ڕەوانەکران بۆ ئێران لەو ٦٩ بەرکەوتەیە ٤٨یان چاندنی گلێنەی چاویان بۆکرا دواتر وەزارەتی کاروباری شەھیدان ئەو پڕۆسەی گرتە ئەستۆ، ھەروەھا بەھەوڵێکی کۆمەڵەکامان ٣٥ بەرکەوتە لەو بەرکەوتوانەی کە پێویستیان بەناردنە دەرەوە ھەبوو لەلایەن نوسینگەی سەرۆکی ھەرێمەوە بەشی تەندروستی ڕەوانە کران و لەو ژمارەش ھەژدە کەسیان نەشتەرگەریان بۆکرا، ئەوەی کراوە بەھەوڵی ڕێکخراوەیی و شەخسی کراوە نەوەکو بەپلان و حکومەت کاری لەسەر کردبێت. وتیشی: ''بەداخەوە تائێستا یاسایەک نیە لەپەرلەمانی کوردستان کە بەرکەوتوانی کیمیاباران بناسێنێت لەھەمانکاتدا ئەو ماف و ئیمتیازاتانەی کە پێویستە بۆ بەرکەوتوان بەیاسا ڕێکبخرێت و حکومەت پابەندبکرێت و ئەو یاسا جێبەجێبکات ھەروەھا بەرکەوتوانیش ئاسودەبن و گلەیی نەکەن، چونکە دۆخیان زۆر خراپەو کەسیش خۆی ناکات بەخاوەنیان وەزارەتی کاروباری شەھیدان و تەندروستی ھەردولایان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە چاودێرن، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پلانی دەستبەکاربونی وەزارەتەکان ئەو بودجەیەی کە دیاریکردبوو ئاماژەی بەبەرکەوتوان نەکردوەو کەمتەرخەمبون. ناوبراو ئەوەش دەڵێت: "کردنەوەی نەخۆشخانەی بەرکەوتوان لەسەر داواکاری کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیاباران بووە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی بەرکەوتو، وە لەبەر ئەوەی ئەو نەخۆشخانەیە لەکات و ساتی خۆی تەواو نەبوو کە دیاری کرابوو سکاڵامان تۆمارکرد لەدادگای ھەڵەبجە بەڵام بەداخەوە وەکو کۆمەڵە ناومان لەڕێکەوتن و گرێبەستی کۆمپانیاو تەندروستی نەبوو بەوھۆیەوە داداگا سکاڵاکەی وەرنەگرت و ڕەتیکردەوە، وە ئەو پزیشکانەی لەنەخۆشخانەکە کە بڕیاربوو دەستبەکاربن نێردرانە دەرەوە بۆ ڕاھێنان، بەڵام ھیچیان لەھەڵەبجە نەماون ھەروەھا بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ھەڵەبجەش ھەندێک کەسی لەگەڵ ئەو وەفدە نارد بۆ گەشت کە پێویست نەبوو بڕۆن کەسیان لەھەڵەبجە نەماون. دەشڵێت: "بەداخەوە دەستی گەندەڵی چوەتە نێو بەرکەوتوان، لە ٢٢/٣/٢٠٠٩ یەکەم تیمی پزیشکی ئێران بانگێشتکران بۆ کوردستان بودجەکەش لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دابینکرا لەڕێگای مامۆستا غازی، بەمە ٧١٥ کەسیان بینی لەھەموو کوردستان لەو ژمارە ٢٥٤ بەرکەوتەیان ناساند کە ٩٠ کەسیان دۆخیان زۆر مەترسیداربوو وە ١٦٤ کەسیشیان مامناوەندبوو ئەو لیستە بەمۆرو واژوی پزیشکەکانی ئێران تۆمارکراوە، بەڵام دواتر بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شەھیدانی سلێمانی چەندینجار ئەو تیمەی ھێنایە سلێمانی ئەو لیستەی وەکو بەرکەوتە نەبوو کردنیان بەبەرکەوتە، زۆر داوامانکرد بەڵام بێسود بوو بەوجۆرە ناشایستە تێکەڵبوو بە لیستەکان و داواشمانکردوە کە پێداچونەوە بکرێ، تاوانی کیمیابارانکردن چەندە تاوانبوو خەمساردی لایەنەکانیش ھیچی لەوتاوانە کەمتر نیە، چونکە ئەو بەرکەوتوانە یاسایان نیە ھەرکاتێک بکرێت ئەو بڕە پارەیە دەبڕن وە ھەر نەخۆشێکیش نەبرێتە دەرەوە ھیچ کەس ڕوبەڕوی یاسانابێتەوە، ھەروەھا ھەندێک کەس ھەیە خەباتی ھەیە لەملاولا موچەی نیە کراوە بە بەرکەوتەو موچەی بەرکەوتەی دەدرێتێ یاخود ئەوانەی دەنێردران بۆ ئێران نەخۆش ھەبوو دۆخی زۆرباش بوو زوزو دەبرانە دەرەور ئەوەی خراپ بوو نەدەبرا لەمەندوبەکانمان دەپرسی بۆ بەوجۆرەیەیە! دەیانوت تەلەفونی فڵانە کەسمان بۆ ھاتوە کە بکرێتە لیستەکەوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە 14ی1ی 2023، لە ئۆپەراسیۆنێکی تیمەکانی فەرماندەیی جەندرمەی پارێزگای کیلیس، لە دیوی باکووری کوردستان کەسێكی سووری کەپێشتر لە شاری ئەستەڵبوڵ دەژیاو تەمەنی 22ساڵه دەستگیرکرا کە هەوڵیدا بوو ڕابکات بەڕێگەی قاچاخ. دەستگیرکراوەکە، . ناوی "ع. هـ"ـە و لەڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی2022 تەقەی له خوشکەکەی بەناوی (خەدیجە) کردوه لە گەڕەکی چیفتلیغی لەئەستەمبوڵ کەمناڵێکی له باوەش دابووه لەشەقامی ئۆردو ڕۆیشتوە . پاش ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنێکی فەرماندەیی جەندرمەی کیلیس دەستگیرکرا، رەوانەی دادگا کرا و بە بڕیاری دادگا خرایە زیندانەوە. خەدیجە خاوەنی سێ مناڵە ، گولـلەیەک بەر سەری کەوت و بە سەختی برینداربوو. دوای ئەوەی گەیەندرایە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. تەقەکەرەکە لە شوێنی رووداوەکە ڕایکردبوو.
لە پارێزگاکانی جۆلەمێرگ و مێردینی باکوری کوردستان، حکومەتی تورکیا هەموو جۆرە چالاکیەکەی قەدەغە کرد. بە بیانوی جیاواز لە ساڵی ٢٠١٦ەوە، بە بەردەوامی چالاکیە مەدەنیەکان لە پارێزگاکانی باکوری کوردستان قەدەغە دەکرێن. پارێزگاری مێردین رایگەیاند، ئەمڕۆ تاوەکو ٢٨ی مانگ هەموو جۆرە چالاکی، میتینگ، کۆبونەوە و خۆپیشاندانێک قەدەغەکراون. پارێزگاریی مێردین لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە پەکەکە فەرمانی بە لایەنگرانی کردووە کە خۆپیشاندان و چالاکی ئەنجام بدەن، بۆیەش هەموو جۆرە چالاکیەکیان قەدەغە کردووە. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، بە تەنیا ئەو خۆپیشاندان و چالاکیانە رێگەپێدراون کە مۆڵەتیان بۆ وەرگیراوە. لەلایەکی دیکەوە، پارێزگاری جۆلەمێرگیش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، هەموو چالاکییەک لە پارێزگاکە بۆ ماوەی ١٥ رۆژ قەدغەکراون. لە راگەیەندراوەکەی پارێگاری جۆلەمیرگدا هاتووە، لە ناو سنووری جۆلەمێرگدا لە ١٤ی کانونی دووەمەوە تا ٢٨ی کانونی دووەم لە شەقام، گەڕەک، پارک و لە هەموو گۆڕەپانە کراوەکان، بۆ ماوەی ١٥ رۆژ هەموو جۆرە چالاکییەکی گەل وەک گردبوونەوە، کۆبوونەوە، خۆپیشاندان، چالاکی دانیشتن، رێپێوان و چالاکی شەرمەزارکردن هەروەها مانگرتن لە خواردن، دانانی خێمە، کۆنفرانسی رۆژنامەوانی، مەراسیمی یادکردنەوە و شانۆ قەدەغەکراون.
جارێکی دیکە بەهای دراوی ئەلیکترۆنیی بیتکۆین روی لە بەرزبونەوە کرد و بەهاکەی بەرێژەی 5% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی. جیاواز لە دراوە ئەلیکترۆنییەکانی دیکە بەهای بیتکۆین روی لە بەرزبونەوە کرد و بەرزترین ئاستی لەماوەی زیاتر لە دو مانگی رابردودا تۆمارکرد بەهای هەر بیتکۆینێک دەگاتە تا کاتژمێر (16:50) بە کاتی هەرێمی کوردستان گەیشتە زیاتر لە 20 هەزار و 889 دۆلاری ئەمریکی. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە سەرەتای مانگی 11ی ساڵی رابردوەوە بەهای بیتکۆین دابەزینێکی کەموێنەی بەخۆیەوە بینی و بەوهۆیەشەوە پلاتفۆڕمی (ئێف تی ئێکس) مایەپوچبونی خۆی راگەیاند. بەرزبونەوەی بەهای بیتکۆین هاوکاتە لەگەڵ بەرزبونەوەی پێنوێنی پشکی کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیا لە بۆرسەکانی جیهاندا.
هاوڵاتی محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند: وەزارەتەکەیان پەیڕەوی بڕیارێکی نوێ دەکات بۆ ڕێگری دواکەوتنی داشکردنی ماددەخۆراکییەکان، پێویستە ماددەکان کە حەوت جۆره پێکەوه دابەشبکرێن لەیەک کاتدا. حەنون وتیشی : ڕێگەی نوێ دەگرینە بەر بۆدابەشکردنی بەشه خۆراکی مانگانە بۆ ئەوەی پڕۆسەکەدوانەکەوێت یان چەند ماددەیەک ئەو وتیشی بەهەماهەنگی وەزارەتی کۆمەڵایەتی ناوی ناوی سودمەندبوانی کۆمەڵایەتی ئامادەکراوه کەچەند ماددەیەکی خۆراکیان بۆ زیادکراوە بەپێی شوێنی نیشتەجێبون وتەبێژەکەی وەزارەتی بازرگانی ئەوەشی وت: ئامادەکارییان کردوە بۆدابەشکردنی یەکەم بەشەخۆراکی مانگانەی2023 و ماددەخۆراکییەکان و کۆگانیش ئامادەن.
هەسەدە، راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری تورکیای لەبارەی شەهیدبوونی ١١ شەڕڤان رەتکردەوە و بە ناراست بەناوی کرد. هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا، راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری تورکیای رەت کردەوە. لە راگەیەندراوەکەی هەسەدەدا هاتووە، ئەمڕۆ بە هیچ شێوەیەک زیان بەر هێزەکانیان نەکەوتووە و هەواڵی شەهیدبوونی ١١ شەڕڤانیان دوورە لە راستیەوە و بانگەشەی دەوڵەتی تورکیایە. ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، لە هێرشێکیاندا لە رۆژئاوای روباری فورات، ١١ شەڕڤانی هەسەدە شەهید بوون.
هاوڵاتی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت بەپێی ئەو خشتەیەی دانراوە کارەکان و پرۆسەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوکاریی هاوپەیمانان بەردەوامە و ئەنجام دەدرێن و هیچ بەربەستێکی لە بەردەمدا نییە، ئاماژە بەوەشدەکات ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە وەزارەتی پێشمەرگە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە نابێت. بابەکر زێباری لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ میدیاکانی پارتی دەڵێت: هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان بەردەوامە و کاریش بەپێی ئەو خشتەیە دەکرێت کە بۆ چاکسازی و یەکخستنی پێشمەرگە بە هاوکاریی وڵاتانی هاوپەیمان دانراوە و هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە و هاوپەیمانان لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوامن و بەردەوامیش دەبن. زێباری گوتیشی، رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ هاوپەیمانان هەیە بۆ هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و ئەوان لە هاوکارییەکانیان بەردەوامن، بۆیە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەکی باش بەڕێوە دەچێت و هیچ بەربەستێکی لە بەردەمدا نییە. راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێم ڕوونیشی کردەوە، ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە وەزارەتی پێشمەرگە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە نابێت و لە هەموو دونیاش گۆڕانکاری دەکرێت، ئەوەی گرنگە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و هاوکارییەکانی هاوپەیمانان و هەبوونی هەماهەنگییەکی باش لە نێوان هەرێم و هاوپەیماناندا بەردەوامە
ئێران رایگەیاند؛ سەرەڕای خواستی وڵاتەکەیان بەڵام سعودیە ئامادە نییە پەیوەنديیەکان لەگەڵ تاران ئاسایی بکاتەوە . حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە بەیروت-ی پایتەختی لوبنان رایگەیاند؛ تا ئێستا لە بەغدا پێنج کۆبوونەوەیان لەگەڵ سعوودیە ئەنجام داوەو ئامادە پەیوەنديیە دیپڵۆماسییەکانیان ئاسایی بکەنە. ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وتویەتی؛ دانوستانەکانی تاران لەگەڵ ریاز لە بەغدا هەنگاوی ئەرێنی بون بۆ ئاسیی بونەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ریاز بەڵام تا ئێستا سعوودیە ئامادە نییە پەویوەندییەکانیی ئاسایی بکاتەوە. وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە دانوستانەکانی بەغداد سەرەڕای تاوتوێی پەیوەنديیە دوقۆڵییەکانیان لە ئاستی ئەمنییدا تاران و ریاز گفتوگۆیان کردوە. لە ساڵی 2016 دوای ئەوەی سعودیە نمر باقر ئەمین ئەلنمر، زانای شیعەی لە وڵاتەکەی لەسێدارە دا باڵیۆزخانەکەی لە تاران و کۆنسوڵگەرییەکەی لە مەشهەد لە لایەن لایەنگرانی توندڕەوی کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشی کرایە سەر و سوتێنران لە بەرامبەریشدا سعودیە کۆتایی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران هێنا.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ ئاسمان ھەوری تەواو دەبێت و لە دوای نیوەڕۆ لە ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان و کەرکوک باران بارین دەستپێدەکات و سبەی یەکشەممەش لەکاتەکانی بەیانی زوودا لە ناوچەکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی نمە باران دەبێت. کەشناسی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە ئاسمان بە شێوەیەکی گشتی لە ھەرێمی کوردستان ھەوری تەواو دەبێت لە دوای نیوەرۆ بارانبارین دەستپێدەکات لە ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان و کەرکوک لەگەڵ ھەندێ لە ناوچە شاخاوییەکانی سەر بە پارێزگای ھەولێر، لە کاتەکانی شەودا رێژەی دابارین لە پارێزگای سلێمانی زیاتر دەبێت لەگەڵ بارینی کڕێوە و بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییەکانی. وتیشی پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوی رۆژی پێشوو. سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی یەکشەممە کەشناسی ڕایگەیاند ئاسمان ھەوری تەواو دەبێت و ھەندێکجار دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و لەکاتەکانی بەیانی زوودا لە ناوچەکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی نمە باران دەبێت. کەشناسی ھەرێمی کوردستان ئاشکراشیکردووە، پلەکانی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبنەوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 14 سلێمانی : 11 دهۆک : 14 کەرکوک : 16 هەڵەبجە : 12 زاخۆ : 14 سۆران : 10 گەرمیان : 17
هاوڵاتی سهرۆك وهزیرانی بریتانیا رایگهیاند، سهركۆنهی لەسێدارەدانی "بێبەزەییانە و ترسنۆکانە"ی عەلی رەزا ئەکبەری هاوڵاتی بریتانی-ئێرانی دەکات، کە بەیانی ئەمڕۆ بەتۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ بریتانیا" لەسێدارەدرا. ڕیشی سوناک، سهرۆك وهزیرانی بەریتانیا له تویتێكدا له ههژماری تایبهتی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی تویتهر نوسیویهتی، "من بە لەسێدارەدانی عەلی رەزا ئەکبەری هاوڵاتی بریتانی- ئێرانی لە ئێران توشی شۆک بوم". ئاماژهی بهوهشكردوه، "ئەمە کارێکی بێبەزەییانە و ترسنۆکانە بو لەلایەن ڕژێمێکی بەربەرییەوە ئەنجامدرا، کە هیچ رێزێک بۆ مافی مرۆڤ و گەلەکەی نیه، بیرکردنەوەکانم لەگەڵ هاوڕێ و خێزانی عەلی رەزادایە". ئەمەشدوای ئەوەهات بەیانی ئەمڕۆ ئێران عەلیڕەزا ئەکبەری، جێگری وەزیری پێشووتری بەرگریی وڵاتەکەی کە خاوەن وڵاتینامەی بەریتانی و ئێرانی بوو، بە "تاوانی سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا" لە سێدارەدا.
هاوڵاتی بۆ چوارەم رۆژ لەسەر یەک هاوڵاتیانی قەزای پێنجوێن بەردەوامن لە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان دژی نەبوونی خزمەتگوزاری و خۆپیشاندان دەکەن. خۆپیشاندان و ناڕهزایی هاوڵاتیان له پێنجوێن بهردهوامه و ئەندامێكی دهستهی بەڕێوبردنی خۆپیشاندانەکانیش رایدهگهیهنێت، لە ئێستادا بڕی کارەباکەیان کەمکراوەتەوە و هیچ مۆلیدەیەکیش لە پێنجوێن نیە و هاوڵاتیان تەنها پشت بە کارەبای حکومی دەبەستن بەمەبەستی گەرمکردنەوە، دهشڵێت، "ڕێگە بە هیچ جوڵەیەکی بازرگانی لە مەرزی باشماخەوە نادەین تاوهكو گرفتەکەمان چارەسەر نەکرێت". هاوکات،خۆپیشاندەران ڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخیان داخستوە. ئەمەشلەکاتێکدایە،زانا ڕەحمان، قائیمقامی قەزای پێنجوێن دوێنێ ههینی نامهی دهستلهكاركێشانهوهی بڵاوكردهوه و له لێدوانێكیشدا به دهنگی ئهمریكای راگهیاندووە، "زیاتر لە سێ ڕۆژە بەشێکی زۆری هاوڵاتییانی قەزای پێنجوێن لەسەر شەقامن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، بەڵام کێشەکە چارەسەرنەکراوە". هەروەها، بەختیار عەلی، ئەندامی دەستەی بەڕێوبردنی خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، ،" ئێمە پەیوەندیمان بە قائیمقامی پێنجوێنەوەکردووە. ئێمە داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی قائیمقامان نەکردووە، ئەو خۆی لەبەرامبەر بەدەمەوە نەهاتنی قەزاکە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەستی لەکارکێشاوەتەوە." ئەو سەرپەرشتیارەی خۆپیشاندانەکان ڕاشیگەیاند کە ئەوان ڕێگە بە هیچ جوڵەیەکی بازرگانی لە مەرزی باشماخەوە نادەن "تا گرفتەکەمان چارەسەر نەکرێت." هۆکارێکی تری ناڕەزایی هاوڵاتیانی قەزاکە لەسەر بڕی نەوتە، ئەمساڵ وەکو ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان تەنها یەک بەرمیل نەوت بۆ هاوڵاتیانی پێنجوێن دابین کراوە، بەڵام دانیشتوانی قەزاکە دەڵێن بەهۆی ئەوەی ناوچەکە شاخاوییە و زستانی سەختە، دەبێت بڕێکی زیاتر نەوتیان بۆ دابینبکرێت. لە رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردووەوە هاوڵاتیانی قەزای پێنجوێن دەستیانکردوە بە خۆپیشاندان و داوای کارەبای ٢٤ کاتژمێری و جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان لەو قەزایەدا دەکەن.
سوپای تورکیا لە دوێنێ شەوەوە هێرشی کردە سەر ١٣ گوندی ناوچە جیاوازەکانی رۆژئاوای کوردستان. سوپای تورکیا و چەکدارە توندڕەوەکانی لە کاتژمێرەکانی دوێنێ شەوەوە، هێرشێکی فراوانیان بۆسەر گوندەکانی رۆژئاوای کوردستان دەست پێکرد. بەگوێرەی میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان، گوندەکانی بێنێ و سۆخانەکی شێراوا، گوندەکانی عەین دەقنە، بێلونی، منق، شێخ عیسای و شەعالی هەرێمی شەهبا تۆپباران کراون و نزیکەی ٨٠ گولە تۆپ بەر گوندەکان کەوتوون. هەروەها سوپای تورکیا گوندی مەرەناز، تات مەراش، شەوارخا، مالکیە و ئەلقەمیەی ناوچەی شەرای کانتۆنی عەفرینیش تۆپباران کراون و بە دەیان گولە هاوەن و تۆپ بەر گوندەکان کەوتوون. گوندی زیارەتی رۆژئاوای کۆبانێش بە هاوەن تۆپباران کراوە. تاوەکو ئیستا هیچ زانیاریەک لەبارەی زیانی تۆپبارانەکان بلاونەکراوەتەوە.
ئیمان زەندی حكومەتی هەرێم ساڵی رابردوو بودجەی بۆ نەخۆشخانەی بەركەوتوانی چەكی كیمایی هەڵەبجە، تەرخاننەكردووەو لە كۆمپانیاكان قەرزی كردووە، دەستی حزب چووەتە ناو لیستی بەركەوتوانی چەكی كیمیایشەوەو كۆمەڵێك كەس شایستەنین و كراون بەبەركەوتەوو. بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە دەڵێت: حكومەت تێنەگەشتنی لەسروشتی نەخۆشی بەركەوتوانی چەكی كیمیایی هەیە، سێ ساڵە چاوەڕوانی لیژنەیەكین لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە، هێشتا نەگەیشتووە. وتیشی: كۆمپانیای جێبەجێكار هەتاوەكو ئێستا بەتەواوی نەخۆشخانەكەی رادەستی حكومەت نەكردووە، لەبەرامبەردا بەڕێوەبەری كۆمپانیای جێبەجێكار دەڵێت: پێنج ملیۆن دۆلارم زیانم لێكەوتووە ئیتر بۆ دەڵێن رادەستنەكراوە. كەمال جەلال تەمەن ٥٢ ساڵ قوربانیەكی بەركەوتەی چەكی كیمیایی هەڵەبجەیەو دەناڵێنێت بەدەست ئازاری سنگ و چاویەوە كە سنگی بەڕێژەی لەسەدا ٣٦٪ كاردەكات و سێجار چاوی زەرعی قەرەنی بۆ كردووە. ئەو ٣٣ ساڵە كاریگەری چەكی كیمیایی لەسەر دەركەوتووە لەگەڵ دوو خوشكی دیكەی، ئەو موچەكەی ٤٠٠ هەزار دینارە بەڵام حكومەت لەژێر ناوی چاكسازیدا بڕیاریداوە ئەوەش ببڕێت. كەمال جەلال كەدانیشتوی شاری هەڵەبجەیە بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی دواو دەڵێت: «دایكم بەركەوتەبوو شەهیدبوو، پێش شەڕی داعش ساڵی دوو بۆ سێجار دەیانناردین ئەوەی پێویستبوو بۆیان دەكردین، ماوەی چەند ساڵێكە ئەو پڕۆسەیە وەستاوە، نازانین هۆكار چیە، ناشكرێت چاوەڕوانی حكومەت بین چونكە چاوم لەدەستدەدەم، سێ ئامێری هەناسەدانم هەیە كە شانزدە كاتژمێر دەبێت بەكاریبهێنم، یەك ئامێریان بەمۆلیدە كاردەكات ئەویش دەبێت ئەمپێری زۆربێت حكومەت دوو ئەمپێری پێداوین، بەڵام ئەوەی گرنگە ئیشی پێناكات، لە٢٠٠٦ موچەمان لەسەر سەرۆكایەتی هەرێم بوو كارەكانمان ئاسانبوو، بەڵام شەش ساڵە ئەوە نەماوە لەسەر گیرفانی خۆم دەڕۆم، بۆ دوو نەشتەرگەری ٤٠ وەرەقەی تێچووەو مانگانە سەردانی نەخۆشخانەی چارەسەری كیمیایی دەكەین و دەرمان وەردەگرین، بەڵام نەشتەرگەریەكانمان لەدەرەوەی وڵاتە». عیماد فەیرۆز هەورامی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی چارەسەری بەركەوتوانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند: «نەخۆشخانەی بریندارانی چەكی كیمیایی لە ١٦/٣/٢٠٠٨ بەردی بناغەی دانراو بڕیاربوو لەماوەی ساڵێك و سێ مانگ تەواوبكرێت، بەڵام دوای 10 ساڵ تەواوكراو لەساڵی 2019 كرایەوە، بودجەی پرۆژەكە 12 ملیۆن و 100 هەزار دۆلار بوو، كۆمەڵێك كەموكورتی تێدابوو و كۆمپانیای جێبەجێكار هەندێكی چاككردەوە، بەپێی ئەو گرێبەستەی لەنێوان كۆمپانیاو حكومەتدایە بڕی سێ ملیۆن دۆلاریان لەلای حكومەتەو كۆمپانیاش هیچ كارێك لەو نەخۆشخانەیە ناكات». ئاماژەی بەوەشكرد: «بۆ ساڵی ٢٠٢٢ ئەو بودجەیەی نەخۆشخانەكە هەیەتی هیچ پارەیەكی بۆ خەرجنەكراوە كەبڕەكەی ٤٨٠ ملیۆن دینارە، ئەو بودجەیەشمان لەكۆمپانیاكان قەرزكردووەو هێشتا قەرزەكانمان نەداوەتەوە، ئەو بەركەوتانەش كەكراون بەبەركەوتە لەتەندروستیدا نەبووە لەوەزارەتی شەهیدان كراون، ئەویش راپۆرتێكی پزیشکیان لەئێرانەوە هێناوەتەوەو كراون بەبەركەوتەی چەكی كیمیایی، كۆمپانیای جێبەجێكاری نەخۆشخانەكە بەتەواوی نەخۆشخانەكەی تەواونەكردووەو هێشتا كاری ماوەو لەئێستادا سەرقاڵی چاككردن (صیانە)ن ئیستلامی سەرەتایی بۆ كراوەو لەوەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، بەڵام لەئێستادا سەرجەم كارەكانی پەكخستوەو كارناكات، لەنەخۆشخانەكەشمان پزیشكی هەناوی و چاوو پێست لەگەڵ دەروونی دادەنیشن و لەڕۆژێكدا نزیكەی ٥٠ بۆ ٦٠ نەخۆش دەبینن. د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بەوردی باس لەگرفتەكانی بەركەوتوان و نەخۆشخانەی بەركەوتوان بۆ هاوڵاتی دەكات و دەڵێت: «بەركەوتوان نەخۆشیەكەیان درێژخایەنە، حكومەتیش تێنەگەشتنیان لەسروشتی نەخۆشیەكە هەیەو وەكو نەخۆشی ئاسایی لێی دەڕوانن و یەكجار چارەسەر دەنێرن بەڵام لەڕاستیدا بەركەوتوان پێویستیان بەچاودێری چڕی بەردەوامە، هەروەها ناردنە دەرەوەیان لەلایەن وەزارەتی شەهیدان و چەند رێكخراوێك نەبووەتە چارەسەری تەواو بەبەركەوتوان»، ساڵی ٢٠١٩ نەخۆشخانەكەمان لەكۆمپانیای جێبەجێكار وەرنەگرتبوو بەئێستاشەوە چونكە كەمتەرخەمن لەهاتنەپێشەوەو رادەستكردنی ئەو نەخۆشخانەیە كە لەساڵی ٢٠١٠وە دروستكراوە كەدەبوو رادەستی حكومەت بكرێت و تاساڵی ٢٠١٩ هەر رادەستیان نەكرد، بەهاوكاری حكومەتی ئەڵمانیاو فەڕەنساو كۆماری ئیسلامی ئێران توانیمان بیگەیەنینە ئاستێك كەنەخۆشخانەكە فرە پسپۆڕ بكەین لەگەڵ دەرمان و ئامێری پێویستی بۆ دابین بكەین. ئاماژەی بەوەشكرد: «ساڵی ٢٠٢٢ بودجەی نەخۆشخانەكە تەرخاننەكراو هەندێك ئامێری ئەو نەخۆشخانەیە بەنایاسایی براوەتە دەرەوەو وەكو تەندروستی هەڵەبجە پەیوەندیدارنین بەگرێبەست لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە، تائێستا ئەو گرێبەستەش لەبەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە نیە نووسراومان كردووە بۆ تەندروستی سلێمانی كەپێشووتر لەسەر ئەو ئیدارەیە بووە، ئەوانیش بەنووسراوی فەرمی وەڵامیان داوینەتەوە كەئەو گرێبەستە لای ئەوانیش نیە، هەروەها ماوەی یاسایی تەواوبووە، بەدەر لەوەش چەندەها ساڵ بۆی درێژكراوەتەوە كە نایاساییە، بەداخەوە بەفەرمی نوێنەرایەتی ئەو كۆمپانیایە پێیڕاگەیاندوین كەنایەن بەدەم تەواوكردنی ئەو نەخۆشخانەیەوە». هەریەك لەبەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجەو بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی چارەسەری بەركەوتوانی چەكی كیمیایی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەكەن دوای ئەوەی ئەو دۆسیە گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی نووسراویان ئاڕاستەكردوون كەپێداچوونەوە بەلیستی بەركەوتوان بكرێت، چونكە كۆمەڵێك كەس شایستەنین و كراون بەبەركەوتەو هەندێكی دیكەشیان شایستەن و نەكراون بەبەركەوتە، لیستی نوێی تۆماركراوەكان لەهەڵەبجە نزیكەی دوو هەزارو ٥٠٠ كەسەو مانگانە دەرمان وەردەگرن. بەپێی ئەو ئامارە فەرمیەی رۆژنامەی هاوڵاتی دەستیكەوتووە لەبەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم ژمارەی بەركەوتوان بەچەكی كیمیایی كەموچەی شایستەیان هەیە ٨٢٢ كەسە، لەشاری سلێمانی ٣٥٧ كەسەو هەولێر ٤٥٤ كەس و دهۆكیش ١١ كەس، ئەمە لەكاتێكدایە كە لەسەرەتای تۆماركردنی بەركەوتوان ٩٦٠ كەس بوون و لەو ژمارەش ١٣٨ كەسیان شەهیدبوون و هەشت هەزار كەسیش داواكاریان پێشكەشكردووە وەكو بەركەوتە. كامەران مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە بەرۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند:» نزیكەی 33 وەجبە بەركەوتوانی چەكی كیمیایی نێردراون بۆ ئێران، بەڵام بەهۆی قەیران و كۆرۆنا بەركەوتوان لەڕووی تەندروستی و مادییەوە وەكو پێویست چارەسەرنەكراون، هەتا بێت رێژەیان زیاددەكات، سێ ساڵە چاوەڕوانی لیژنەین لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە وابڕیارە ئەمساڵ لیژنەكە دەستبەكاربێت، هەتاوەكو ئێستا دۆسیەی بەركەوتوانمان نەهێناوەتەوە بۆ هەڵەبجە هەر لەسلێمانیە چونكە میلاكی پێویستمان نەبووە». وتیشی:» موچەی بەركەوتوان لەبەڕێوەبەرایەتیمان دابەشدەكرێت، لەسیستەمی تازەدا موچەی لیستی نوێ لە ٢٥٠ هەزارەوە دەستپێدەكات بۆ ٥٠٠ هەزار لەگەڵ پێناسی تایبەتی هەتاوەكو لەهەموو بەڕێوەبەرایەتیەكی حكومی بێبەرامبەر دەرمان وەربگرن و بنێردرێنە دەرەوە». هاوكات د.ئازاد مستەفا دەڵێت: «پڕۆژەیەكی تایبەتمان پێشكەش بەوەزارەتی تەندروستی كردووە كەبڕیارە دوو لیژنە دروستبكەن بۆ هەولێرو سلێمانی بۆ بەركەوتوان، بەڵام ئەگەر بەئامێری پێویست و پسپۆڕی كلینكی سەركەوتوو ئەو پشكنینانە نەكرێت میكانیزمی حزبایەتی و خزمایەتی جێگەی دەگرێتەوەو دەبێت دادگاكان رۆڵی تایبەتیان هەبێ هەتاوەكو كەیسەكان یەكلایی بكرێتەوە، هەروەها لەهەوڵداین راپۆرتەكانی ئێرانمان دەستبكەوێتەوە، تێكەڵبوونی لیستەكانیش وابەستەیە بەدوو ئیدارەییەوە نەك كلینكی». وتیشی:»خۆشبەختانە ئامێری پێشكەوتووی چاو لەگەڵ زانینی كاری سییەكان كە بە(سپایرۆمێتری) ناسراوە لەتوانایدایە ٧٥٪ یەكلاییت بكاتەوە كە بەركەوتەیە، بەڵام پێویستمان بەپسپۆڕێكی كلینیكی شارەزایە، هیچ سكاڵایەكمان لەسەر ناشایستەكان نەكردووە چونكە موچەیان لەئەنجومەنی وەزیرانە، بەڵام سكاڵامان لەو پسپۆڕانە كردووە كە لەسەر كۆمپانیای جێبەجێكار رۆشتون بۆ فێربوون كەگەڕاونەتەوە لەنەخۆشخانەكە نەماون داوامانكردووە بگەڕێنەوە». لەبەرامبەردا ئارام عەلی، بەڕێوەبەر لەكۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەی نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی سەبارەت بەڕادەستكردنی نەخۆشخانەكە بەرۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند: «پێش ١٦/٣/٢٠١٩ ئەو نەخۆشخانەیە كراوەتەوە بەفەرمی لەلایەن قوباد تاڵەبانی و وەزیری تەندروستی پێشوو بەهەموو بەشەكان و ئامێرو پێداویستیەكانەوە رادەستمانكردووەو كاریشی تێداكراوە، بەڵام تەندروستی هەڵەبجە هیچ پسپۆڕێكی شارەزای نیە لەو بوارەو فەرمانبەرەكانیشیان ئەزموونیان نیە لەكاتێكدا چەندین دەورەو راهێنانمان پێكردوون، بەڵام هیچ تێناگەن، كۆمپانیا هیچ ئەركێكی لەسەرشان نەماوە بەڵكو چەندینجار قوربانیمان داوە بۆ بەركەوتوان نە حكومەت و نە ئیدارەی سلێمانی بەوجۆرە نەبووە تەنانەت تەندروستی هەڵەبجەش». ئەو دەڵێت: «پێنج ملیۆن دۆلارمان زیان لێكەوتووە بەڵام ئیدارەی سلێمانی هەتاوەكو هەڵەبجە بەحزبییان كردووەو بەچاوێكی تر سەیری دەكەن نەك وەكو پڕۆژەیەكی خزمەتگوازری یاخود خانەوادەی شەهیدان و قوربانیان، هەروەها كۆمپانیاكەی ئێمە دیارەو ناسراوەو بەڵگەمان هەیە كەڕادەستمانكردووەو لەسەدا ٩٩.٩٪ كارمان لەو نەخۆشخانە تەواو بووە جگە كارە ئیدارییەكان، ئەویش خۆیان رایانگرتووە بەئەنقەست، لەساڵی ٢٠١٩ەوە لەسەر فەرمانی پارێزگاری هەڵەبجە كردوومانەتەوە بەئێمەی وت؛ كاك قوباد داوادەكات بكرێتەوە پێش ئەوەی وەزیری نوێ دابنرێت، وتم؛ كێشەم نیە بەڵام ئێوە قەرزداری منن زیاتر لەملیۆن و نیوێك دۆلار، ئەو وتی؛ تۆ وەرە بیكەرەوەو خەمت نەبێ». ناوبراو وتیشی: «پرۆژەكە بەهاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای نۆكان بووە كەبڕیابوو بەساڵێك و نیو بۆ دوو ساڵ تەواوی بكەن، بەڵام لەبەر گرفتی ناوخۆیی خۆیان كە كاك نەوشیروانی رەحمەتی حزبەكەی جیاكردەوە وتیان؛ ئێمە ناتوانین تەواوی بكەین خۆتان تەواوی بكەن چونكە دەبێت بە بەڵگە بەسەرمانەوە، كاك عیماد ئەحمەدو د.بەرهەم ساڵح پێیان وتین؛ لەبەر كێشەی ناوخۆییمان خۆتان تەواوی بكەن وتمان؛ كێشە نیە، بەڵام نەمانزانی دەگاتە ئەو ئاستە هەتا ئێستاش ئەو كێشانە بەردەوامن، لەبەر رێزی شەهیدان و خەڵكی هەڵەبجەو حكومەت هیچ سكاڵایەكمان نەكردووەو لەبەر حكومەتیش وەڵامی فشارەكانی تەندروستی هەڵەبجە نادەینەوە چونكە دۆخی داراییان باش نیە». عادل مەلا ساڵح، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندیەكانی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی دواو وتی: «بەپێی یاسای ژمارە دووی ساڵی ٢٠٢٠ كەیاسای چاكسازییەو چاكسازی لەموچەو دەرماڵەو ئیمتیازاتەكان لەگەڵ خانەنشینان لەهەرێمی كوردستان دەكات و لەلایەن پەرلەمانەوە دەنێردرێت بۆ حكومەت بەمەبەستی جێبەجێكردنی، بەمەش سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و حكومەت هەستان بەئەنجامدانی پەیڕەوێك بۆ ئەم یاساییە كە لەبڕگەو ماددەی یاساكەدا باس لەبەركەوتوانی چەكی كیمیایی كراوە، بەوهۆیەوە هەردوو وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لەگەڵ تەندروستی راسپێردراون بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت لەسلێمانی و هەولێر، خۆشبەختانە هەردوو وەزارەت لیژنەكانیان پێكهێناوەو راسپێردراون كە لەئایندەیەكی نزیكدا دەست بەپشكنین دەكەن بەهەموو پێداویستی و ئامێرەكان كە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دابینكراوە، ئەویش بەدوو قۆناغ پشكنینەكە دەكرێت یەكەم بەركەوتوانی موچەخۆر لەگەڵ لیستی نوێی داواكارییەكان، گەر شایستەبوون موچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە، ئومێدمان زۆرە كە لیستی نوێ سوودمەندبن چونكە هەموو بەشەكانی لیژنەكە دیارە تەنانەت پسپۆڕەكانیش». ئەو دەڵێت: «لیژنەكە پشكنینی هەناسەدان و چاوو پێست لەگەڵ جەستە دەكات، گلەیەیك هەیە كەڕووبەڕووی وەزارەت و حكومەتی دەكرێتەوە گوایە خەڵكانێك ناشایستەن تائیستاش سودمەندن لەو موچەیە، ئەم دوو لیژنەیە ئەو گلەیی و گازندانە بنەبڕ دەكات». تۆماری لیستی نوێی بەركەوتوان خەڵكی قەرەداغ، دوكان، بالیسان، هەڵەبجە، گۆپتەپە، عەسكەرو سێوسێنانە، لەهەڵەبجە ٦٤ كەس مەترسی لەدەستدانی بیناییان هەیەو دەبێت گلێنەی چاویان بۆ زەرع بكرێت، بەوهۆیەوە ئەنجومەنی وەزیران بڕی ٢٦٢ ملیۆن دیناری تەرخانكرد. هەروەها نازم دەباغ، نوێنەری هەرێمی كوردستان لەتاران بۆ هاوڵاتی وتی: «سەرەتا زۆرینەی بەركەوتوانی چەكی كیمیایی لەسەر خەرجی یەكێتی دەهاتنە تاران، بەڵام دواتر دەستی حزبی تێكەوت جۆرێك لەجیابوونەوە روویدا، بەوهۆیەوە جارێكیتر لەڕێگەی كۆمەڵەی بەركەوتوانی كیمیایی هەوڵی چارەسەری بۆ دراو لەسەر خەرجی حكومەت ناردنیان بۆ تاران بەردەوامە، ئەم بەركەوتوانە بەردەوام پێویستیان بەچارەسەرە چونكە هەندێكجار بەهۆی كێشەی بودجەوە ناردنیان دوادەكەوێت، بۆ چوونە لای پزیشك و هاتوچۆ رێنماییان دەكەین، لەئێستاشدا جارجار بەپێی پێویست بەركەوتە رەوانە دەكرێت و پارەشیان خەرج دەكرێت لەڕێگای لیژنەی تایبەتی وەزارەتی شەهیدانەوە سەرپەرشتی دەكرێت».
رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات واشنتۆن مەرجی بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی ئێف 16ی بە تورکیا راگەیاندوە. رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ بڵاوی کردوەتەوە؛ ئەمریکا بە تورکیای راگەیاندوە ئەو وڵاتە نابێت ئاستەنگ بۆ وڵاتانی سوید و فینلەندا دروست بکات بۆ ئەندامبونیان لە وڵاتانی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ). بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ئەمریکا جەختی لەوە کردوەتەوە لە ئەگەری نەمانی ئاستەنگ و دژایەتییەکانی تورکیا بۆ ئەندامێتیی دو وڵاتەی ئەوروپا لە ناتۆ، فڕۆکەی نەوەی نوێی ئێف 16 رادەستی تورکیا دەکرێت. تورکیا لە ساڵی 2021 داوای 40 فرۆکەی جەنگیی جۆری پێشکەوتوی ئێف 16ی لە ئەمریکا کردبو کە تا ئێستا هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی واشنتۆن لەسەر فرۆشتنی ئەو فڕۆکانە بە ئەنقەرە رانەگەیەنراوە. تورکیا بۆ دەربڕینی رەزامەندیی بۆ ئەندامبونی سوید و فینلاند لە ناتۆ داوای لەو دو وڵاتە کردوە ژمارەیەک نەیاری وڵاتەکەی رادەست بکەنەوە و بە پێچەوانەوە ئەنقەرە رزای نابێت ئەو دو وڵاتە ببنە ئەندامی ناتۆ. پێشتر فوئاد ئۆکتای، جێگری سەرک کۆماری تورکیا وتبوی، وڵاتەکەی ناتوانێت گڵۆپی سەوز بۆ ئەندامێتی سوید لە ناتۆ هەڵبکات لە کاتێکدا ستۆکهۆڵم رێگە بە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)و لایەنگرانی دەدات بەبیانوی دیموکراتی لەسەر خاکەکەی چالاکی جۆراوجۆر لە دژی تورکیا ئەنجام بدەن. ئەو وتبوی سوید پابەندی ئەو بەڵێنانە نەبوە کە لە رێکەوتنی سێ قۆڵیدا داویەتی، هەربۆیە بە ئەندامبونی سوید لە ناتۆ جگە لە خەون هیچی دیکە نابێت و ئەنقەڕە چاوەڕوانیی لە سوید و فینلەندا ئەوەیە پابەندی ناوەڕۆکی ئەو بەڵێننامە سێقۆڵییە ببن کە لەگەڵ وڵاتەکەیدا لەسەری رێککەوتون.
هاوڵاتی ئێران عەلیڕەزا ئەکبەری، جێگری وەزیری پێشووتری بەرگریی وڵاتەکەی کە خاوەن وڵاتینامەی بەریتانی و ئێرانی بوو، بە "تاوانی سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا" لە سێدارەدا. عەلی ڕەزا ئەکبەری، جێگری وەزیری پێشوی بەرگریی ئێران كه تۆمەتباربو بە "سیخوڕیکردن بۆ بریتانیا"دوای دەستگیرکردنی بهیانی ئهمڕۆ دوشهممه لەسێدارە درا. عەلیڕەزا ئەکبەری لە ساڵی 2019 دەستگیرکرا و تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا"ـی درایەپاڵ؛ تۆمەتێک کە خۆی رەتیکردووەتەوە، لەسەر ئهو بنهمایهش دوای ئهوهی دۆسیهكهی چوهته دادگا و دانیشتنەکان بە ئامادەبونی پارێزەری تۆمەتبار بەڕێوەچون، بە پشتبەستن بە "بەڵگەنامە ڕەواکان"ی ناو دۆسیەکە، سزای لهسێدارهدانی بۆ دهرچو، ئهوهش بەهۆی تاوانی سیخوڕی بۆ ئینگلتەرا. هاوکات میدیای بەریتانی پێشتر تۆمارێکی دەنگیی ئەکبەرییان بڵاوکردبووەوە کە تێیدا دەڵێت، ئەشکەنجەدراوە و ناچارکراوە لە بەردەم کامێرا دان بە هەندێ تاواندا بنێت کە نەیکردوون ،عەلیڕەزا ئەکبەری لەو تۆمارە دەنگییەدا دەڵێت، چەند ساڵێک لەمەوبەر لە دەرەوە ژیاوە و لە لایەن یەکێک لە دیپلۆماتە باڵاکانی ئێرانەوە کە لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکاندا رۆڵی هەبووە، بانگهێشت کراوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ئێران. دوای ئەوەی گەیشتووەتە ئێران، بە گوتەی خۆی، تۆمەتبارکراوە بەوەی کاتێک پۆستەکەی هەبووە زانیاریی نهێنیی هەستیاری لە عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاساییشی نیشتمانیی ئێران وەرگرتووە و داویەتی بە بەریتانییەکان. هەروەها سێ رۆژ لهمهوبهر مەریەم هاوسهری عەلی رەزا ئەکبەری رایگهیاندبو، كۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەکاریی بۆ لەسێدارەدانی عەلی ڕەزا دەکات، گوێزراوەتەوە بۆ زیندانی تاکەکەسی کە ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ لەسێدارەدانی. ئەمەشلەکاتێکدایە،11ی ئهم مانگهش، جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە تویتێکدا له ههژماری تایبهتی خۆی نوسیوبو، "پێویستە ئێران لەسێدارەدانی عەلی ڕەزا ئەکبەری هاوڵاتیی بریتانی- ئێرانی رابگرێت و دەستبەجێ ئازادی بکات"، بهڵام ئێران داواكهی پهسهندنهكرد و بهیانی ئهمڕۆش له سێدارهیدا. .
