هاوڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئیدانەی توندوتیژییەکانی عێراق دەکات و داواش لەلایەنەکان دەکات، بەبێ دواخستن، دەست بە گفتوگۆ بکەن. ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە بەیاننامەیەکدا لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی عێراقەوە رایگەیاند: ئەندامانی ئەنجومەن، ئیدانەی توندوتیژییەکانی رۆژانی 29 و 30 ی مانگی رابردویان کرد و نیگەرانیشیان تایبەت بە کوژران و برینداربونی ژمارەک هاوڵاتیی عێراقی، دەربڕی. داواشیان لە لایەنە عێراقییەکان کرد، دورکەونەوە لە بەکارهێنانی توندوتیژیی و لەپێناو چارەسەری کێشەکانی وڵاتەکەیان، دان بەخۆیاندا بگرن و بەپەلە دەست بە گفتوگۆ بکەن ، وهەموو هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی. جەختیشی کردوەتەوە لەوەی، پێویستە لایەنە عێراقییەکان جیاوازیەکانیان بخەنە لاوەو، رێز لە سەروەریی وڵاتەکەیان بگرن و مافی خۆپیشاندانیش بپارێزن بۆ هەموان.
هاوڵاتی لهڕاگهیهندراوێکدا ناوهندی پاراستنی گهل (نهپهگه) ڕایدهگهیهنێت لە کاتێکدا شەڕی نێوان ئێمە و ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپەی قڕکەر لەسەر هێڵی نێوان گردی هەکاری و گردی ئامێدی و سێگرێ گەیشتووەتە خاڵێکی زۆر گرینگ، لە بەرەبەیانی ٢٧ی ئاب لە نێوان ئەم دوو هێڵەدا، لە پارکێکەوە بەرەو ناوچەکانی بەرخۆدان، هێزێکی ئەمنی پارتی دەستی کردووە بە دروستکردنی ڕێگا، ئاماژهبهوهشدهکات بە دروستکردنی ڕێگایەک لەو شوێنە و بە هێنانی تانک و زرێپۆش لەو ڕێگایەوە، دەوڵەتی تورک لە هەوڵی ئەوەدایە خۆی لەو بنبەستەی کە لە “وەرخەڵێ” و “ئەشکەوتی برینداران” تێکەوتووە خۆی رزگار بکات. نهپهگه جهختیش لهوهدهکاتهوه دروستکردنی ئەم ڕێگایە بۆ دەوڵەتی تورک و ڕژێمی ئاکەپە – مەهەپە بە مانای پشتیوانی و دەستێوەردانێکی ئاشکرا لە شەڕدا دێت. ڕاگهیهندراوێک لهناوهندی پاراستنی گهلهوه: وەک دەزانرێت دەوڵەتی تورک لە ١٤ی نیسانی 2022 هێرشێکی لەشکرکێشی هەمەلایەنەی بۆ سەر ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین و م٤تینا لە باشووری کوردستان دەستپێکرد. لە ١٤ی نیسانەوە هێزەکانمان لە دژی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورک شەڕ دەکەن و بەرخودانێکی مێژوویی و گەورە دەنوێنن. دەوڵەتی تورک ناتوانێت بە ئامانجەکەی بگات، لەسەر لێواری داڕمانە. ئەوە زانراوە کە دەوڵەتی چەوسێنەری تورک پلانی دانابوو لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ئەو ناوچانە داگیر بکات و بەم ئامانجە هێرشی کرد. بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەتی تورک پشتیوانییەکی زۆری وەرگرتووە و هەموو چەکێک لە دژی بزووتنەوەکەمان بەکاردەهێنێت کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان قەدەغەیە، بەڵام ماوەی چوار مانگ و نیوە نەیتوانیوە ئەو داگیرکارییە بە ئەنجام بگەیەنێت. دەوڵەتی تورک لەم هێرشەدا بە بنبەست گەیشتووە و خەریکە شکست دەهێنێت. شەڕی ئێمە لەگەڵ دەوڵەتی تورک بێوچان بەردەوامە. شەڕ لەگەڵ بارودۆخی ئێستا لە ئاستێکی زۆر گرنگ و هەستیاردایە. یەکێک لەو ناوچانەی کە لە ٢٥ی ئایارەوە شەڕ تیادا چڕبووەتەوە، هێڵی نێوان گردی هەکاری و گردی ئامێدییە. ئێمە بڕیارمانداوە لێرەدا بەدڵنیاییەوە دەوڵەتی تورکیا بشکێنین. دەوڵەتی تورک تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو ناوچانە داگیر بکات و پێویستە بکشێتەوە ؛ ئەگەر نەکشێتەوە، لەناو دەچێت. گەلەکەمان و جەماوەر زۆر باش دەزانن کە ئێمە ئەم شەڕە بە شەڕێکی تاکتیکی نازانین. وەک شەڕێکی گرنگ و ستراتیژی بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی هەموو خەڵکی کوردستان بە تایبەت گەلی باشوری کوردستان و ئایندەی دیموکراتیکی خەڵکی ناوچەکە دەیبینین. ئەم شەڕە بەرخۆدانێکی دیموکراسی و نەتەوەیی زۆر گرنگە بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی و ئایندەی ئازادی گەلی کوردستان. هەروەكو چۆن تا ئێستا هەموو قوربانیدان و فیداکارییەکمان کردووە، لەمەوبەدواش ئێمە بەبڕیارین ئەوەی پێویست بێت بیكەین. گرنگ نییە باجەکەی چی دەبێت. لە کاتێکدا شەڕی نێوان ئێمە و ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپەی قڕکەر لەسەر هێڵی نێوان گردی هەکاری و گردی ئامێدی و سێگرێ گەیشتووەتە خاڵێکی زۆر گرینگ، لە بەرەبەیانی ٢٧ی ئاب لە نێوان ئەم دوو هێڵەدا، لە پارکێکەوە بەرەو ناوچەکانی بەرخۆدان، هێزێکی ئەمنی پەدەکە دەستی کردووە بە دروستکردنی ڕێگا. ئێمە زۆر باش دەزانین کە بە دروستکردنی ڕێگایەک لەو شوێنە و بە هێنانی تانک و زرێپۆش لەو ڕێگایەوە، دەوڵەتی تورک لە هەوڵی ئەوەدایە خۆی لەو بنبەستەی کە لە “وەرخەڵێ” و “ئەشکەوتی برینداران” تێکەوتووە خۆی رزگار بکات. دروستکردنی ئەم ڕێگایە بۆ دەوڵەتی تورک و ڕژێمی ئاکەپە – مەهەپە بە مانای پشتیوانی و دەستێوەردانێکی ئاشکرا لە شەڕدا دێت. ڕوونە کە دروستکردنی ئەم ڕێگایە لە لایەن پەدەکەوە بۆ ناوەندی بەرەی جەنگ بە مانای بەشداریی دەستبەجێی شەڕ دەبێت. لەم کاتەدا ڕوودانی شەڕێک لە نێوان کورددا گەورەترین زیان بە بەرژەوەندیی نەتەوەیی گەلی کورد دەگەیەنێت و بە واتای دژایەتی تەواوی گەلی کوردستان دێت. بۆیە لەم کاتەدا نابێت پەدەکە کارێکی وا بکات. لێرەدا بانگەوازی ئێمە بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەدەکە ئەوەیە کە “ئەم ڕێگایە دروست مەکەن کە خزمەت بە دوژمنانی گەلی کورد دەکات”! هەروەها داوا لە هەموو هێزەکانی کوردستان دەکەین کە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان بەجێ بێنن بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە دروست کردنی ئەم ڕێگایە کە جگە لە خزمەتکردنی ڕژێمی ئاکەپە – مەهەپە هیچ مانایەکی دیکەی نییە. هەر بۆیە داوا لە ڕای گشتیی دیموکراتیک، خەڵکی کوردستان، رۆشنبیران، هێز و لایەنە سیاسییەکان و هەموو کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر دەکەین کە لە پێناو پاشگەزکردنی پەدەکە لەو جۆرە گێرەشێوینییەی کە دەتوانێت شەڕی نێوان کوردی لێبکەوێتەوە هەوڵەکانی خۆیان چڕ بکەنەوە و هەڵوێستێکی یەکگرتوو نیشان بدەن.
شەنای فاتیح زیاتر لە 10 ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزراندنی لەزۆربەی كەرتەكان راگرتووەو ئەمەش گرفتی بۆ بەشێكی زۆری سێكتەرو فەرمانگەكانی حكومەت دروستكردووە، بەتایبەتی لەكەرتی پەروەردەدا دانەمەزراندنی مامۆستا گرفت و بۆشایی لەناو خوێندنگاو قوتابخانەكاندا لێكەوتووەتەوە، بەپێی ئامارێك 126 هەزار مامۆستا لەكەرتی پەروەردەدا هەیەو لەم ژمارەیەش زیاتر لە 20 هەزاریان مامۆستای وانەبێژن. بەپێی ئامارێكی وەزارەتی پەروەردە لەهەرێمی كوردستاندا نزیكەی حەوت هەزار قوتابخانەو ملیۆنێك و 815 هەزار خوێندكارو قوتابی هەیە. بەهۆی دانەمەزراندنەوە بەشێكی زۆری مامۆستایانی پەروەردە لەهەرێمی كوردستاندا مامۆستایانی وانەبێژەو حكومەتیش لەكاتی خۆیدا شایستە داراییەكانیان بۆ خەرج ناكات و تائێستا مامۆستایانی وانەبێژ شایستە داراییەكانی مانگی حوزەیرانیان وەرنەگرتووە. جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان دەڵێت: كێشەی كەمی و نەبوونی مامۆستای میلاك لەهەموو ناوچەكانی كوردستاندا هەیە بەتایبەت پەروەردەی دەرەوەی شارەكان. عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی راگەیاند:»ساڵانە ئێمە داوا دەكەین كەهیچ نەبێت ساڵانە بەرامبەر ژمارەی مامۆستایانی خانەنشین مامۆستا دابمەزرێت»، وتیشی: «لەئێستادا پەروەردەكانی دەرەوەی شارەكان زۆربەیان وانەبێژن و خزمەتێكی زۆری كەرتی پەروەردە دەكەن». عەتا ئەحمەد باسی لەوەشكرد:» كێشەی نەبوونی مامۆستای میلاك لەهەموو ناوچەكانی كوردستاندا هەیە بەتایبەت پەروەردەی دەرەوەی شارەكان، چونكە ئەو میلاكانەی خزمەتیان تەواوبووە هاتوونەتەوە ناوشارو جێگایان چۆڵ بووە كە پێشتر مامۆستایان لەجێگا دادەمەزراو بەڵام لەئێستادا دامەزراندن نییە». روونیشیكردەوە: « ئەوەی مامۆستایانی وانەبێژی نیگەران كردووە ئەوەیە لەهەر كاتێكدا ئەگەری دوورخستنەوەیان هەیەو هەر مامۆستایەكی میلاك بخرێتە شوێنیان مامۆستای وانەبێژ دووردەخرێتەوەو قوتابخانە هەیە تەنانەت بەڕێوەبەرەكەشی وانەبێژە». «مامۆستایانی هەرێمی کوردستان بەوەزارەتی خوێندنی باڵاشەوە نزیكەی 135 هەزار مامۆستایە، لەم ژمارەیە زیاتر لە 20 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەیەو دامەزراندنیشیان هەنگاوێكی گرنگ و پێویستە چونكە لەئێستادا 20٪ی وەزارەتی پەروەردە وانەبێژ دەیبات بەڕێوەو زۆربەی پەروەردەكانی دەرەوەی شارەكان 50% بۆ 60% وانەبێژەو مامۆستایانی وانەبێژ بەپارەیەكی كەم خزمەتێكی زۆر دەكەن و مافیان خوراوەو ئەگەر ئەوانیش نەبن كەرتی پەروەردە دەڕووخێت بەتایبەت پەروەردەكانی دەرەوەی شار»، عەتا ئەحمەد وای وت. جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» وەزارەتی پەروەردە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات كەپێویستی بەچەند مامۆستا هەیە بۆ دامەرزاندن، بەڵام دەسەڵاتی نییەو دامەزراندنی مامۆستا بەهەمیشەیی یان گرێبەست تەنها لەدەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرندایە. مامۆستایانی وانەبێژ داوای دامەزراندن دەكەن هێرۆ عەبدولواحید، تەمەن 33 ساڵ مامۆستای وانەبێژە لەقوتابخانەی سنكێ لەبەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارباژێڕو خۆیشی نیشتەجێی شاری سلێمانییە، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت:»ماوەی 10 ساڵە مامۆستای وانەبێژەو رۆژانە لەسلێمانییەوە بۆ گوندی سنكێ هاتوچۆ دەكات و نزیكەی 50 خولەكیان پێدەچێت تا دەگەنە گوندەكەو كرێی هاتوچۆشیان مانگانە پێش گرانبوونی نرخی بەنزین 125 هەزار دینار بوو، بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین كرێی هاتوچۆی ئێمەش بۆ 142 هەزار دینار بەرزبووەوە». ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:»لەو قوتابخانەیەی ئەو لەكۆی 13 مامۆستا بەبەڕێوبەرەكەشەوە تەنها سێ مامۆستا میلاكن و ئەوانی دیكەی سەرجەمیان وانەبێژن»، وتیشی: «داواكاریمان لەلایەنی پەیوەندیدار ئەوەیە كەدابمەزرێین بەشێوەی هەمیشەیی نەك گرێبەست». ئەحمەد فازیل، تەمەن 28 ساڵ مامۆستای وانەبێژە لەقوتابخانەی گۆپتەپەی سەر بەبەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی كۆیەو خۆیشی نیشتەجێی شاری كۆیەیە، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی راگەیاند: «ماوەی چوار ساڵە مامۆستای وانەبێژم، سەرەتا لەناحیەی سەكتان مامۆستا بووم كە رۆژانە بە 40 خولەك بەڕێگاوە بووین و ئەمساڵ قوتابخانەكەم گواستووەتەوە گوندێكی سەر بەناحیەی دێگەڵە كە رۆژانە نزیكەی 20 خولەكمان پێدەچێت تادەگەین و مانگانەش بڕی 70هەزار دینار دەدەین بەكرێی هاتوچۆ». وتیشی: «مامۆستای وانەبێژ لەپەروەردەی كۆیە ژمارەیان زۆرەو گوندەكانی دەوروبەری كۆیە بەگشتی 95%یان مامۆستای وانەبێژن و سنووری پەروەردەی كۆیە نزیكەی 700 مامۆستای وانەبێژی تێدایە، ئێمە داوا دەكەین بكرێین بەهەمیشەیی، ئەگەر حكومەت پێی وایە ناتوانێت بەهەمیشەیی دامانبمەزرێنێت، بەگرێبەست دامەزراندانمان بۆ بكات، بۆ ئەوەی موچەكانمان باشتر بێت و ئێمەش بتوانین زیاتر گرنگی بەپیشەكەمان و پرۆسەی پەروەردە بدەین، خاوەن بڕوانامەی بەكالۆریۆس ببێتە 550 هەزار دینارو مامۆستایانی خاوەن بڕوانامەی دبلۆمیش 500 هەزار دینار وەربگرن». مامۆستایانی وانەبێژ سەرەڕای پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی كەرتی پەروەردە لەبەرامبەر شایستە داراییەكی كەمدا كاردەكەن، سەرباری ئەوەش حكومەتی هەرێم لەكاتی خۆیدا شایستەی داراییان پێنادات، دەرماڵەی هاتوچۆو خێزانداری و بڕوانامەشیان بۆ خەرجناكرێت. سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی مامۆستایان دەڵێت:» ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كەمامۆستا دابمەزرێت بەشێوەی هەمیشەیی نەك بەشێوەی وانەبێژی وانە بڵێتەوە». عیسا حسێن، سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی راگەیاند: «زیاتر لە 20 هەزار مامۆستای وانەبێژ لەكوردستاندا هەیەو پاش دابەشكردنی فۆرمی وانەبێژیش ژمارەكە زۆرتر دەبێت و ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە مامۆستایان دابمەزرێن بەشێوەی هەمیشەیی نەك گرێبەست، وەزارەتی پەروەردەش ئەم داواكارییەیان هەبووەو تائێستاش حكومەتی هەرێم وەڵامی ئەم داواكارییەی نەداوینەتەوە». وتیشی:« ساڵانە لەهەرێمی كوردستاندا نزیكەی دوو هەزار مامۆستا خانەنشین دەبن، داوامانكردووە لەجێی هەر مامۆستایەكی خانەنشین مامۆستایەك دابمەزرێنن كەخۆی لەجێی هەر مامۆستایەكی خانەنشین دەتوانرێت دوو مامۆستا دابمەزرێن، ئێمە داوای دامەزراندنی مامۆستایەكیشمان كردووە بەڵام ئەوەش نەكراوە.» عیسا حسێن باسی لەوەشكرد:» مامۆستایانی وانەبێژ، رۆڵ و كاریگەری گەورەیان هەیە و بەنەبوونیان پرۆسەی پەروەردە پەكیدەكەوێت، سەرباری كەمی كرێكەیان بەتایبەت ئەوانەی لەگوندە دوورە دەستەكاندا دەوام دەكەن، كێشەی نەبوونی مامۆستاش زیاتر لەپەروەردەكانی دەرەوەی شارەكاندا هەیەو لەئێستاشدا هەرێمی كوردستان پێویستی بەهەموو مامۆستایانی وانەبێژانەو بگرە پێویستی بەزیاتریش هەیە». روونیشیكردەوە:»یەكێكی دیكە لەو كێشانەی كە رووبەڕووی كەرتی پەروەردە دەبێتەوە مۆڵەتی ئەو مامۆستایانەیە كەمۆڵەتی دایكایەتی وەردەگرن و ساڵێك لەپڕۆسەی خوێندن دادەبڕێن و بۆ ئەوەش دەبێت مامۆستایەكی دیكە شوێنەكەیان پڕبكاتەوە لەكاتێكدا دامەزراندن نییە دووبارە شوێنیان بەمامۆستایانی وانەبێژ پڕدەكرێتەوە». مامۆستایانی وانەبێژ پێشتر بەپێی وانە پارەیان وەردەگرت و بۆ هەر وانەیەك چوار هەزار دینار دەدرایە مامۆستایانی وانەبێژ، بەڵام لەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردووەوە پارەكەیان مانگانە بەشێوەی مووچە پێدەدرێت و مامۆستایانی خاوەن بڕوانامەی بەكالۆریۆس مانگانە بڕی 400 هەزار دینارو مامۆستایانی خاوەن بڕوانامەی دبلۆمیش بڕی 350 هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام ئەم بڕە پارەیە لەكاتی پشووی هاویندا كەمدەكرێتەوەو مامۆستایانی خاوەن بڕوانامەی بەكالۆریۆس بڕی 200 هەزار دینارو مامۆستایانی خاوەن بڕوانامەی دبلۆمیش بڕی 150هەزار دینار وەردەگرن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كەساڵانی مامۆستایەتیان بەشێوەی وانەبێژی وەكو خزمەت بۆ ئەژمار ناكرێت.
هاوڵاتی بهپێی ههواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتهرز ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، داوایان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە هاوکاریان بێت لە چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانەی لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندایە سەبارەت بە پرسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان. رۆژی پێنجشەممە، 1ی ئەیلوول، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، کە چەند نامەیەکی ئەو کۆمپانیایانەیان دەستکەوتووە، تێیدا داوا لە حکومەتی ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا بەردەوام بێت و ئەنقەرە ناچار نەبێت نەوتی زیاتر لە ئێران و رووسیا وەربگرێت. هەروەها لە نامەکاندا، ئەو کۆمپانیایانە ئەوەشیان بۆ ئەمریکییەکان خستووەتەڕوو ئەگەر هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی لەدەستبدات ئەوا ترسی داڕمانی ئابوورییەکەی هەیە. هەروەها رۆیتەرز ئاشکرای کردووە ئەو کۆمپانیایانە پشتگیریی نامەکەی مانگی رابردووی ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکیشیان کردووە، کە نامەیەکیان بۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ناردووە سەبارەت بەوەی پێویستە واشنتن رۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بەتایبەت لەسەر پرسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان. هەروەها لە نامەی ئەندامانی کۆنگرێسدا بۆ بلینکن، داوایان لێکردووە هەوڵبدات هەولێر و بەغدا لەسەر ئاستی باڵا کۆببنەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و هەروەها گوشار بکەن کە عێراق لەژێر هەژموونی ئێران دەرچێت. لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ، یەکێک لەو کۆمپانیایانە بەناوی (HKN Energy) کە ئەمریکییە و بنکەی سەرەکی کۆمپانیاکە لە شاری داڵاسە، نامەیەکیان بۆ باڵیۆزەکانی ئەمریکا لە عێراق و تورکیا ناردووە، تاوەکو واشنتن هەوڵبدات پرسی کێشەی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکات، بەتایبەتی لەسەر پرسی بۆریی نەوتی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، کە لە ساڵی 2014وە بەغدا ئەو پرسەی بردووەتە دادگەیەکی نێودەوڵەتی. بەگوێرەی وەزارەتی نەوتی عێراق، مانگی تەممووزی رابردوو، دوا دانیشتنی ئەو کەیسە لە یەکێک لە دادگەکانی پاریس بەڕێوەچووە و بڕیارە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە چەند مانگی داهاتوودا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو پرسە بدات. لە 16ی ئابی رابردوو، نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەبارەی ئەو کێشانەوە رایگەیاند، ئەو کێشانە لەنێوان هەولێر و بەغدایە، بەڵام واشنتن هانی گفتوگۆی هەردوولا دەدات. مانگی تەممووزی رابردووش، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کۆمپانیای یاسایی ئەمریکی (ڤێنسن ئاند ئێلکنس) کە نوێنەرایەتیی وەزارەتی نەوتی عێراقی دەکات، بانگهێشت کرد بەمەبەستی روونکردنەوە لەسەر کێشەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و ئاژانسی رۆیتەرزیش ئاشکرای کردووە چاوەڕێ دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا چەند دانیشتنێکی دیکە لەنێوان بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و ئەو کۆمپانیایەدا لە بەغدا و واشنتن بەڕێوەبچن. لە مانگی شوباتی رابردووەوە، پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر پرسی نەوت جارێکی دیکە خراپبووەوە دوای ئەوەی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق بڕیاری دا یاسای نەوت و گازی کوردستان، "نادەستوورییە". لە دوای ئەو بڕیارەش، حکومەتی عێراق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە تاوەکو کۆنتڕۆڵی داهاتی نەوتی کوردستان بکات. ئێستا هەرێمی کوردستان رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێنێت و شارەزایانی ئابووریش هۆشداریانداوە لە ئەگەری نەهاتنی وەبەرهێنەری زیاتر، رەنگە هەرێمی کوردستان نەتوانێت ئەو ئاستە لە ئایندەدا تێپەڕێنێت و رۆیتەرز ئاشکرایکردووە کە ئەگەر دۆخەکە هێورنەبووەوە، رەنگە کۆمپانیاکان لە کوردستان بکشێنەوە.
هاوڵاتى/ نیگار عومەر لەسنوری ئیدارەی گەرمیان 70 قوتابخانەو خوێندنگا پێویستی بەنۆژەنكردنەوە هەیەو هەندێك لە قوتابخانەكانیش مەترسی رووخانیان لەسەرە، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیانیش دەڵێت» داوای نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكانمان كردووە بەڵام تائێستا هیچ بڕە پارەیەكمان بەدەست نەگەشتووە». لەسنوری گەرمیان نزیكە 270 بینای خوێندنگە هەیەو 403 دەوامی تێدا دەكرێت كەهەندێك لەقوتابخانەكان جگە لەدوو دەوامی، سێ دەوامی تێدا دەكرێت. تەیب مەلا فەرج، بەڕێوەبەری ئامادەیی بێداری لەسنوری ساڵح ئاغا، بەهاوڵاتی راگەیاند:»نزیكەی 70 گوندی ناحیەی قۆرەتوو لەسەر ئەم قوتابخانەیە ساڵانە نزیكە 200 خوێندكارمان هەیە لەساڵی 1967ەوە دروستكراوە، بیناكە زۆر كۆنەو هەموو پۆلەكانی وێرانبووە مەترسییەكی زۆری لەسەرە كەڕۆژێك داڕوخێت بەسەر خوێندكارەكاندا». وتیشی:» بینای خوێندنگاكەمان هەمووی درزی بردووە كاتێك كە باران دەبارێت دڵۆپە دەكات و قوتابخانەكە هیچ مەرجێكی خوێندنی تێدا نیە، ئەوە سەرباری گرفتەكانی تری وەك نەبوونی وەك كۆمپیتەرو داتاشۆ، هەموو ئەم داواكاریانەمان چەندین جار گەیاندووەتە پەروەدەی گەرمیان و وەزیری پەروەدەش هیچ وەڵامێكی نەبووە تائێستا». هاوكات نەشوان ئەحمەد بەڕێوەبەری خوێندگای شەهیدانی زەنگ ئاباتی بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت:» لەساڵی 1958ەوە بینای قوتابخانەكە دروستكراوە، هەموو ژوورەكانی درزی بردووەو گەچ و لەبخی بیناكە لەكاتی باران باریندا دەكەوێت بەسەر قوتابیەكانداو ئاوی باراناو دێتە ژوورەوە بۆ نێو پۆلەكانی خوێندن لەسەرەوەش دڵۆپەدەكات، وتیشی:» قوتابخانەكە دەرگاو پەنجەرەی نیەو كارەباشی تێدا نیەو هەموو كاتێك دڵەڕاوكێمانە لەكاتی باران و بومەلەرزە بكەوێتە سەرماندا». ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» لەڕۆژی باران باریندا دەوامی تێدا ناكەین، چەندین خوێندكاریش لەبەر سەلامەتی خۆیان گواستویانەتەوە بۆ قوتابخانەی دوورتر». سەبارەت بەخراپی بینای خوێندنگاكان، دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان بەهاوڵاتی وت،»لەسنوری گەرمیان كەمی گرفتی بینامان هەیەو ئەو بینایانەی كەئێستا هەن بەشی پێویستی خوێندكاری گەرمیان ناكات، 70 قوتابخانەمان پێویستیان بەنۆژەنكردنەوە هەیەو نۆ قوتابخانەشمان هەیە مەترسی رووخانیان لەسەرە». وتیشی:» دەرخستەی نۆژەنكردنەوەو دروستكردنی ئەو قوتابخانانەی كە مەترسی رووخانیان لەسەرە ناردوومانە بۆ وەزارەتی پەروەردەو رەزامەندی وەرگیراوە بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەو قوتابخانانە بەڵام تائێستا هیچ بڕە پارەیەك بەدەستمان نەگەیشتووە». ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» لەهەندێك لەقوتابخانەكاندا سێ دەوامی تێدا دەكرێت و زۆربەشی دوو دەوامی تێدا دەكرێت و زۆربەی بینای قوتابخانەكانیش خراپن و هەموو ئەمانەش كاریگەری لەسەر پرسەی پەروەردو فێركردن دروستكردووە «. هاوكات لەیلا ئەحمەد، توێژەری كۆمەڵایەتی لەڕێكخراوی وادی ئەڵمانی كە كار بۆ منداڵان و خوێندكاران دەكەن بەهاوڵاتی راگەیاند:» ئێمە ئاگاداری دۆخی خوێندنگاكانین و خوێندنگاكانی سنوری گەرمیان بەشێكیان مەترسی رووخانیان لەسەرە یان زۆرێك لەخوێندنگەكان بەهۆی زۆری كۆنیەوە پێویستی بەنۆژەنكردنەوە هەیە». وتیشی: زۆرجار دەبینین خوێندكارەكان تووشی دڵەڕاوكێ و شپرزەی و قەلەقی دەبن و دەڵێن كاتێك دێین بۆ دەوام جگە لەخەمی خوێندن و تاقیكردنەوە، ئێمە دڵمان لای ئەوەیە كەئایا بەسەلامەتی دەگەڕێینەوە ماڵەوە یان نا، كە بەڕاستی لەڕووی دەرونییەوە خوێندكاری ئەم قوتابخانانە نائارام و نائاسودەن و خوێندن لەشوێنی وادا چۆن دەكرێت، پێویستە پەروەردە خەمێكی لێبخوات».
هاوڵاتی وەزیری دەرەوی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە میانی سەردانێکیدا بۆ مۆسکۆ پایتەختی رووسیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، سێرگی لاڤرۆڤ کۆبوویەوە و سەبارەت بە سەرلەنوێ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوامن لە تاوتوێکردنی ئەو پێشنیازانەی ئەمریکا ناردوویەتی و گوتی: "لە بەباتی گەرەنتییەکاندا پێویستمان بە دەقێکی بەهێزترە. ئەگەر ئەمریکا راستبینانە هەڵسوکەوت بکات و ئەو دەقەی کە هەیە بەهێزتری بکات، ئەوە رێککەوتن دوور نییە". وەزیری دەرەوی ئێران لە میانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژە بەوە کرد کە پەیامی سەرکردەیەکی ئەورووپای سەبارەت بە دۆخی ئۆکراینا بە لاڤرۆڤ گەیاندووە و گوتی: "پەیامەکە بیرۆکەی سەبارەت بە بەرپاکردنی ئاشتی لە ئۆکراینا و پاڵپشتیکردنی کۆتاییهێنان بە چالاکییە سەربازییەکانی لەخۆگرتووە. لەگەڵ لاڤرۆڤ قسەمان لەسەر ئەمە کرد". حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی پرسەکانی هەماهەنگی لە بوارەکانی بازرگانی، ئابووری، گواستنەوە، بەرگریی و ئاسایش لە نێوان هەردوو وڵاتدا تاوتوێ کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە توانای فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و رووسیا زۆر زیاترە و ئۆمێدی خواست کە لە ماوەیەکی نزیکدا هەماهەنگیی ستراتیژیی درێژ مەودا لە نێوان ئێران و رووسیادا ئەنجامبدرێت. وەزیری دەرەوی ئێران ئەوەشی خستەڕوو کە لەگەڵ لاڤرۆڤ باسیان لە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کردووە و دەربارەی پرسی سووریا گوتی: "سوورین لەسەر ئەوەی سووریا لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی ئاستانادا لەم دۆخەی ئێستای رزگار بکەین". عەبدوڵڵاهیان دەربارەی پێشهاتەکانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە لەگەڵ رووسیا هاوڕابوونە لەسەر بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی عێراق و بەهێزکردنی تواناکان بۆ سەقامگیریی ئەو وڵاتە. وەزیری دەرەوی ئێران،حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ئاماژەی بە وەڵامی ئەمریکا سەبارەت بە رەشنووسی رێککەوتنی ئەتۆمی کرد کە بە نەخشەڕێگای کۆتایی دانوستانە ئەتۆمییەکان دادەنرێت و لەلایەن رێکخەری دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران، یەکێتی ئەورووپاوە پێشکەش کراوە و گوتی "دوایین دەقمان لە ئەمریکاوە سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکان پێگەیشتووە. هاوپیشەکانم بە وردی لە پێشنیازەکانی ئەمریکا دەکۆڵنەوە. لە بەباتی گەرەنتییەکان (هەڵگرتنی سزاکان و گەرەنتی ئەوەی کە ئەمریکا جارێکی دیکە لە رێککەوتنەکە ناکشێتەوە) پێویستمان بە دەقێکی بەهێزترە. ئەگەر ئەمریکا راستبینانە هەڵسوکەوت بکات و ئەو دەقەی کە هەیە بەهێزتری بکات، ئەوە رێککەوتن دوور نییە".
هاوڵاتی بهپێی راگهیهندراوێکی فهرمانگهی میدیاو زانیاری حکومهتی ههرێم، ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی ئابی ٢٠٢٢ تاوتوێی جۆرێک لە لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ، و سەرچاوەکانی ئاو، و بانکی ئەلقورتاسی ئیسلامی کرا، بە مەبەستی وەرگرتنی پاڵپشتیی پێدانی قەرزی کشتوکاڵی بۆ ئەو جوتیارانەی کە بیرۆکەی بونیادنانی پڕۆژەی بچووک و مامناوەندیان هەیە لە سێکتەری کشتوکاڵی و پیشەسازیی کشتوکاڵی. لەو بارەیەوە دکتۆرە زیدە محەمەد کەریم، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:''بانکی ئەلقورتاسی ئیسلامی لقێکی بانکی ناوەندی عێراقە و قەرزی کشتوکاڵی و پیشەسازی بەو هاووڵاتییانە دەدات کە پڕۆژەی مامناوەند یا بچووکیان هەیە، ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ سەیری پڕۆپۆزەڵی ئەو کەسە دەکەین کە دەیەوێت قەرزەکە وەربگرێت، ئەگەر لە ڕووی یاسایی و گرێبەست و ئەو زەوییەی پڕۆژەکەی لەسەر ئەنجام دەدات هیچ کێشەیەکی نەبێت و توانای ئەوەی هەبێت پڕۆژەکە تەواو بکات ئەوا ئێمە پشتگیریی وەزارەتی پێ دەدەین و دواتر کارەکانی دیکەی وەرگرتنی قەرزەکە لەگەڵ بانکەکە تەواو دەبێت و هیچ پەیوەندیی بە ئێمەوە نامێنێت.'' سەبارەت بە بڕی قەرزەکە و چۆنییەتی وەرگرتنەوەی قەرزەکە بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو راشیگەیاند:''بڕی قەرزەکە لە نێوان ١٥ بۆ ١٠٠ ملیۆن دینار دەبێت و ماوەی وەرگرتنەوەشی ٥ ساڵ دەبێت و بۆ هەندێک پڕۆژەش ٧ ساڵە.'' د. زیدە محەمەد کەریم ئاماژەشی بەوەدا کە، خاڵێکی دیکە هەیە کە پێویستە ئاماژەی پێ بدرێت ئەویش ئەوەیە ئەو کەسەی داوای قەرزەکە دەکات دەبێت کەفیلێک دابنێت، دوای تەواوکردنی یاداشتەکە لە نێوان ئێمە و بانکی ناوبراو ڕێکارەکانی وەرگرتنی قەرزەکە دەست پێدەکات و هاووڵاتییان دەتوانن مامەڵەکانیان پێشکەش بکەن. بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئەو کەسانەی کە داوای قەرزەکە دەکەن دەبێت ئەوەش بزانن کە ئەو بانکە پارەی کاش ناداتە هاووڵاتییان، بەڵکو سەیری پرۆپۆزەڵی پێشکەشکراو دەکات و پڕۆژەکە پێویستی بە چیی هەبێت لە ئامێر و پێداویستی بۆی دابین دەکات تاکو پڕۆژەکە دەست بەکار دەکات.
هاوڵاتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرێمی فورات ئاماری قوربانیانی هێرشەکانی سوپا و تۆپخانەکانی تورکیای بە تایبەت لەنێو منداڵاندا لە ناوچەی کۆبانی بڵاو کردۆتەوە. ئەحمەد داود، بەرپرسی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەرێمی فورات بە «نورس پرس»ی راگەیاندووە: "زۆربەی قوربانیانی هێرشەکانی تورکیا منداڵ و ژنانن". بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی ئەم ڕێکخراوە لە کۆی ١٠ منداڵی برینداری ئەم هێرشانە یەکیان کوژراوە و بە هەمان شێوە لە یەکێک لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کۆبانی منداڵێک قاچی لە دەست داوە. بە وتەی ئەحمەد داود، دوایین ئاماری قوربانیانی منداڵان لە ساڵی 2021 گەیشتووەتە 10 کەس، لەو ژمارەیەش 5 کەسیان کوژراون و 5 کەسی دیکەشیان بریندار بوون. ناوبراو وتیشی: هێرشهكانی توركیا بۆ سهر خەڵکی مەدەنیی رۆژئاوا تهنها بە رێككهوت نییه، بهڵكوو دووبارهبوونهوهی تاوان و دهستدرێژییهكانی پێشووی توركیا له ناوچهكه.
هاوڵاتی تیمی پارێزەرانی زیندانیان بادینان داوا دەكەن، زیندانیان بگوازرێنەوە بۆ چاكسازی سلێمانی چونكە لە چاكسازی گەورانی هەولێر سزا لەسەریان بەردەوامە. تیمی پارێزەران لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەیان بەوەداوە، رای گشتی هەرێم و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگادارن كە رۆژنامەنوس و چالاكوانانی بادینان لەسەر بیروڕای ئازاد و پیشەی رۆژنامەوانی سزادراون، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئێستا لەناو چاكسازیی گەورانی هەولێر سزا لەسەر گیراوانی بادینان و مانگرتووەكانی تر بەردەوامە. دهقی ڕاگهیهندراوهکه: "تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان داوای شکاندی مانگرتن و گواستنەوەی زیندانیانی بادینان بۆ چاکسازی سلێمانی دەکەن" بۆ بەرێزان/ لایەنی پەیوەندیدار و ڕای گشتی ڕای گشتی ھەرێم و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاگادارن کە رۆژنامەنوس و چالاوانانی بادینان لەسەر بیرورای ئازاد و پیشەی رۆژنامەوانی سزادراون، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانیە ئێستا لەناو چاکسازی گەورانی ھەولێر سزا لەسەر گیراوانی بادینان و مانگرتوەکانی تر بەردەوامە، بۆیە لەبەر پاراستنی دۆخی تەندروستیان و وەکو پرسێکی مرۆڤایەتی داواکارین زیندانیانی بادینان مانگرتنەکەیان بشکێنن، بۆ پاراستنی مافەکانیان رەوانەی چاکسازی سلێمانی بکرێن، ئەم چەند خالە لەسەر پرسەکە دەخەینە روو: یەکەم: پێویستە رێکارە ئیداریەکان بۆ گواستنەوەی زیندانیانی بادینان بۆ چاکسازی گەورانی سلێمانی بکرێت، کە داواکەیان پێشکەشی بەرێوەبەرایەتی چاکسازی ھەولێر کردووە، ئەمەش مافێکی ئاسایی و یاسایی خۆیانە. دووەم: بە حوکمی ئەوەی ئەو لایەنە سیاسیەی لەپشت سزادانی زیندانیانی بادینان لە ھەولێر بەسەر ھەموو دامەزراوەیەکدا زاڵە، دەیان جار ئەو گیراوانە سزادراون، بێ بەشکراون لە چەندین مافی سەرەتاییان. سێییەم: بە بیانوی جیاواز و نا مەنتقی رێگێری لە پارێزەران و ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان و دامەزراوری دیکە دەکرێت سەرەدانی سزادراوانی بادینان بکەن. ھیوادارین لە لایەنی پەیوەندیدار رێگربن لە سزادانی زیندانیانی بادینان و وەکو پرسێکی یاسایی و بەپێ پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان ١ی ئەیلۆلی ٢٠٢٢
هەژار ئەنوەر رۆژی 6/11ی ئەمساڵ ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دێت، جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش باس لەوە دەكات: پێویستە تەمەنی پەرلەمان درێژبكرێتەوە تاوەكو تووشی بۆشایی یاسایی نەبین، یاساناسێكیش دەڵێت:" درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەبێتە مایەی شكاندنی شكۆی پەرلەمان و نەهێشتنی متمانەی هاووڵاتیان بەم دامەزراوەیە". لوقمان وەردی ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند:" بەدڵنیاییەوە تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان درێژدەكرێتەوە لەبەرئەوەی كۆمسیۆن پێویستی بە شەش مانگ هەیە بۆ ئامادەكارییەكان، بۆیە چاوەڕێی ئەوە دەكەن لەهەفتەی داهاتوو حزب و لایەنە سیاسییەكان رێككەوتن بكەن تاوەكو پەرلەمانی كوردستان بزانێت ماوەی چەند تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە. جگە لەپارتی دیموكراتی كوردستان، فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان پڕۆژەیان لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن پێشكەشی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە. بەڵێن ئیسماعیل جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ هاوڵاتی دواو وتی : "ئێمە وەكو بزووتنەوەی گۆڕان ساڵ و نیوێك بەر لەئێستا پڕۆژەیاسای هەمواری هەڵبژاردنمان پێشكەش بەسەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، لەبەرئەوەی بەپێی یەكێك لەخاڵەكانی رێككەوتنە سیاسییەكانمان ئەوەیە كەدەبێ لەم خولەی پەرلەمان یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە". وتیشی: فراكسیۆنەكانی تر هیچ پڕۆژەیەكیان نەبوو تاچەند مانگێك بەر لەئێستا، دواتر یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ هەندێك لەپەرلەمانتاران و سەربەخۆكان پڕۆژەیەكیان پێشكەشكردووە، بەڵام هەتا ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان پڕۆژەی نەهێناوە تاوەكو گفتوگۆی لەسەربكرێت لەگەڵ پڕۆژە یاساكانی تر، راستە سەرۆكایەتی هەرێم رۆژی یەكی تشرینی یەكەمی ئەمساڵی دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام ئەنجامنادرێت لەبەرئەوەی، تائێستا نەتوانراوە متمانە ببەخشرێتەوە بەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی، تاوەكو ئەوان دەست بەرێكارەكانی ئامادەكاری هەڵبژاردن بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەكە زۆر كەمی ماوە ئەگەر هەموو هێز و لایەنە سیاسیەكان ئامادەییان تێدابێت بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، ئەوە ئەم كۆمسیۆنە ناتوانێت لەم وادەیەو تا سەری ساڵیش هەڵبژاردن ئەنجامبدات، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی كۆمسیۆن پێویستیان بە شەش مانگ هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن". بەڵێن ئیسماعیل رایگەیاند:" لە 6/11 ئەم خولەی پەرلەمان كۆتایی دێت، ئەگەر تەمەنی خۆی درێژ نەكاتەوەو كۆمسیۆنت نەبێ تابتوانێت سەرپەرستی هەڵبژاردن بكات، ئەوە سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان نامێنێت و ئەم حكومەتە دەبێتە حكومەتی كاربەڕێكەرو هەرێمی كوردستان دەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە، بەمەش كێشەو گرفتەكان قوڵتر دەبێتەوەو بەمانای گەڕانەوە بۆ سەردەمی بەرەی كوردستانی، لەبەرئەوەی دامەزراوەكان هەموویان لەكاردەكەون دەبێ سەرلەنوێ ئەم پڕۆژەیە دابڕێژرێتەوە ئەمەش كاتێكی زۆری دەوێت". جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان روونیكردەوە: چارەسەر ئەوەیە تەمەنی ئەم خولە درێژبكرێتەوە كە ئەوان لەگەڵی نەبوون، چونكە پێیانوایە هەڵبژاردن دەبێ لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، بۆیە ساڵ و نیوێك بەر لەئێستا پێش هاتنی ئەم وادەیە پڕۆژەیان پێشكەش كردووە، بەداخەوە بەهۆی ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر هەموارو هەموارنەكردنی یاساكە بەم رۆژەی گەیاندن، بۆیە بەرپرسیارێتی یاسایی لەسەر شانی گۆڕان نییە". ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو:"كە دەبێی دەرچەی یاسایی هەبێ ئەویش درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانە، جا ماوەكەی چەندە ئەوە پەیوەندی بەم ئامادەكارییانەوە هەیە كە حزب و لایەنە سیاسییەكان چەند ئامادەییان تێدایە بۆ رێككەوتن لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن كە هەفتەی داهاتوو جارێكی تر كۆبوونەوەی لایەنەكان ئەنجامدەدرێت لەسەر ئەم پرسە". بۆ وەرگرتنی راوبۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان، هاوڵاتی پەیوەندی بەوتەبێژی فراكسیۆنی پارتیەوە كرد بەڵام ئامادەنەبوو قسە بكات. هاوكات هاوڵاتی لەگەڵ عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری پەیوەندی كرد ئامادەنەبوو لەسەر پرسی درێژكردنەوی پەرلەمان قسە بكات. هەر لەسەر هەمان پرس ئەبوبەكر هەڵەدنی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو بە هاوڵاتی راگەیاند:" لەواعیقدا تەمەنی پەرلەمان درێژدەكرێتەوە و ئێمەش دەنگی پێنادەین"، وتیشی: "یەكەم كەمتەرخم سەرۆكایەتی پەرلەمانەو دواتر حزبە سیاسیەكانن كە پێكهێنەری حكومەتن، چونكە ئەو كێشانەی كۆمسیۆن و كێشەی یاسای هەڵبژاردن ئیرادە هەبوایە بەماوەیەكی كەم دەتوانرا هەردوو كێشەكە چارەسەر بكرێت"، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" ئێمەش پرۆژەمان هەبوو لەگەڵ پەرلەمانتارانی تردا بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن". بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی كێشەی پارتی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكان ئەوەیە كە داوادەكات، سیستەمی هەڵبژاردن یەك بازنەیی بێت، بەڵام حزبەكانی تر داوای فرەبازنەیی دەكەن. كاوە عەبدولقادر سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ بە هاوڵاتی راگەیاند:" بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نین بەڵكو دژی دەوەستنەوەو فشارەكانیان دەستپێدەكەن، چ لەناو پەرلەمان بێت یان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەكگرتووەكان و هەموو ئەو لایەنانەی كاریگەریان هەیە". وتیشی:" ئەم درێژكردنەوەیە نایاسایی و نادەستووریەو بەهیچ شێوەیەك ناكرێت پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، چونكە خەڵك بۆ چوار ساڵ دەنگی داوە بەنوێنەرەكانیان". ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:"ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ پلانی پارتی و یەكێتییە، چونكە ئەم دوو حزبە رێككەوتنی ژێر بەژێریان كردووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن تەنانەت ئەو كۆبوونەوانەشی ئەنجامیانداوە سیناریۆ بووە بۆ چاوبەستنی خەڵك و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی". وتیشی: یەكێك لەبنەماكانی دیموكراسی، هەڵبژاردن و دەنگدان و بەشداریكردنی گەلە لەپرۆسەی سیاسی، بەم تەمەن درێژكردنەوەیە ئەم پرۆسەیە ناشرین دەبێت، بەداخەوە پارتی و یەكێتی دواخستنی هەڵبژاردن و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیان كردووەتە عورف چونكە لەهەموو خولەكان وادەكەن و بەئارەزووی خۆیان، بەمەش كاریگەری زۆر لەسەر سومعەی هەرێمی كوردستان دروست دەبێت، لەڕووی دیموكراسی و مافی مرۆڤەوە". سەبارەت بەیاسایی بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، یاساناس شوان سابیر بە هاوڵاتی راگەیاند:" درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەتێڕوانینی نێودەوڵەتی قبوڵكراونیە، چونكە دەنگدەر بەنیەتی ئەندامیەتی نوێنەر بۆ چوار ساڵ جارێك هەڵدەبژێرێ، بۆیە پێچەوانەی ئیرادەی میللەتە ناكرێ بەهێنانەوەی چەند بیانوویەك ئەم كارە بكرێ، ئەگەر دەقی یاساییش هەبێ چونكە پێچەوانەی خواستنی دەنگدەرە". شوان سابیر دەڵێت: "راستە بڕگەو ماددەی یاسایی هەیە، بەڵام كاتێك درێژ دەكرێتەوە لەدەرەوەی ئیرادەو پێشبینیەكان بێت، ئینجا ئەگەر پێشبینیش كرابێ ئەوە پێویستە هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت، ئەو بیانوەی تەمەنی پەرلەمانی پێ درێژدەكرێتەوە لەكاتێكدایە بەهەموو پێوەرێك ئەم خولە خراپترین پەرلەمان بووە، كەئەمە خۆی كارەساتێكە لەبەرئەوەی ناتوانێ ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بكات، دێت تەمەنی خۆی درێژ دەكاتەوە، لەحاڵەتی ناسروشتی بۆ نموونە جەنگ یان وەك سەردەمی ڤایرۆسی كۆڕۆنا ئەوە ئاساییە بكرێـت، بەڵام سیاسییەن رێكناكەون دێن تەمەنی درێژدەكەنەوە كەئەمە كارێكی رەتكراوەیە" باسی لەوەشكرد:"هیچ یاساییەك لەپەرلەمان دەرناچێت ئەگەر لەسەرەتا بەرژەوەندی حزبەكانی لەبەرچاو نەگیرابێت ئینجا میللەت، چونكە هیچ گرنگ نیە لەلایان، ئەم درێژكردنەوەیە چ سوودێكی بۆ میللەت تێدایە یان چ رێزێك و پاراستن و سەلامەتی هاووڵاتیانی تێدایە جگە لەململانێ حزبیەكان نەبێ، ئەم درێژكردنەوەیە دەبێتە شكاندنی شكۆی پەرلەمان و نەهێشتنی متمانەی هاووڵاتیان بەم دامەزراوەیە". دەشتی سدیق شارەزایی هەڵبژاردن و چاودێری نێودەوڵەتی بۆ هاوڵاتی وتی : "یەكێك لەبنەما هەرە دیارەكانی پرۆسەی دیموكراسی لەهەر شوێنێك یاخود وڵاتێك، پرۆسەی دەستاودەستكردنی دەسەڵاتە یان گۆڕانكاری لەسیستەمی بەڕێوەبردنی حوكمڕانی ناوچەكە ئەویش بەشێوازی هەڵبژاردن كە بەتاكە ئامرازی پاراستنی مافەكانی تاك هەژمار دەكرێ لەكۆمەڵگەی مۆدێرن، بۆیە ئەنجامنەدانی ئەم پرۆسەیە لەوادەی خۆیدا دەبێتە هۆكاری ناشرین بوونی رووی دیموكراسی و رێزنەگرتن لەئیرادەی دەنگدەر". وتیشی: "بۆ ئەوەی نیشانەی پرسیار دروست نەكات لەنێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت، چارەسەری بۆ ئامادەبكرێت، و یەكێك لەم رێگا نامەشروعانە درێژكردنەوەی تەمەنی كابینەی هەڵبژێردراوی پێشووە، چونكە وڵاتان كە بەرەو ئەم كردەیە دەچن ئەوە هۆكارەكەی بوونی كردارێكی ناسروشتی بێت یان لەبارودۆخێكی نائارامی هەبێت، بەڵام لەهەرێمی كوردستان بووەتە هۆكار بۆ خۆدزینەوە لەئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن، بێگومان ئەم جۆرە كردارانە رەنگدانەوەی زۆر دەبێت لەسەر دەنگەر لەمیانەی بەشدارینەكردنی بۆ هەڵبژاردنی نوێنەری خۆی یان نەمانی متمانە بەسیستەمی حوكمڕانی و دەستاودەستكردنی دەسەڵات لەپاڵبوونی كێشەكانی تری ئابووری و یاسایی و ناتەبایی ریزەكانی سیاسی حزبەكان لەهەرێم". دەشتی سدیق ئەوەشی راگەیاند:" نەبوونی پێوەرە سەرەكییەكانی پاكی هەڵبژاردن بەپاڵپشت بەبنەمای نێودەوڵەتی، هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن دوادەخات و هۆكارەكانی دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی دەستوورێكی بەهێز كەتیایدا وێنەی ماوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی كردبێت و بەیاسا رێكخرابێت و نەبوونی داتایەكی تەندروست كەسەرجەم لایەنە سیاسییەكان متمانەیان هەبێت لەدووبارەنەبوونەوەی ناوی دەنگدەران و پاراستنی مافی دەنگەدەرەكان، یان نەبوونی سیستەمێكی سەردەمیانە كە لەم رێگایەوە پرۆسەكە ئەنجامبدرێت و چاودێری بكرێت بەمەبەستی راگەیاندنی ئەنجامەكان و دوانەخستنی و هەبوونی كۆمسیۆنێكی بێلایەن بۆ چاودێری و سەرپەرشتیكردن بەسەربەخۆیی بۆ سەرجەم قۆناغەكان".
هاوڵاتی بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز؛ بە بێ سەرمایەدانانی زیاتر ئەگەری هەیە ئاستی بەرهەم هێنانی نەوت لە کوردستانی عێراق بۆ نیوە داببەزێت چوونکە کێڵگە نەوتییەکان بە خێرایەکی بەرچاو خاڵی دەبن و هەناردەکردنی نەوتیش زۆر کەم دەبێتەوە. بەڵگەنامە حکومییەکان دەریدەخەن کە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستانی عێراق تا ساڵی 2027 بۆ نزیکەی نیوە کەم دەبێتەوە ئەگەر هیچ گەڕانێکی نوێ و وەبەرهێنانی گەورە لەو کەرتەدا نەکرێت. هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە بەرپرسان و پسپۆڕانی وزە ئاماژەیان بەوەکردووە، دابەزینی بەرچاوی داهاتی نەوت، کە هێڵی ژیانە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رەنگە کێشە ئابوورییەکانی هەرێمێک زیاتر بکات کە لە ئێستاوە تووشی کێشەی دارایی بووە لە ژێر رۆشنایی ناسەقامگیری دۆخی عێراقدا. بەپێی بەڵگەنامەکان، ئەگەر وەبەرهێنانەکان بەشێوەیەکی گونجاو بکرێت، دەکرێت لە ماوەی پێنج ساڵدا بەرهەمی هەرێمی کوردستان بگاتە 580 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، واتە رۆژانە 530 هەزار بەرمیل بۆ هەناردەکردن بەردەست دەبێت. بەڵام بەڵگەنامەکان کە پێشتر ئاشکرا نەکراون، دەریدەخەن کە بەبێ وەبەرهێنانی نوێ، هەرێم خاوەنى تەنیا 240000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەبێت بۆ هەناردەکردن لەگەڵ تەواوبوونی بیرە کۆنەکان. حکوومهتی ههرێمی کوردستان هیچ وهڵامێکی ڕۆیتەرزی نهدایهوه بۆ قسەکردن لەسەر ئەو پرسە. دابەزینی ئاسایی یەدەکی بیرە نەوتییەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەدوای لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، دۆخی دارایی حکومەتی هەرێم لەمساڵدا باشتر بووە، بەڵام دابەزینی بەرچاوی بەرهەمهێنان بارگرانی قورسی دارایی بەڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. بەپێی راپۆرتی دیلۆیت، بەرهەمی نەوتی هەرێم بەکردەریی لە نزیکەی 468 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە ساڵی 2019 بۆ 445 هەزار بەرمیل لە ساڵی رابردوو،لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022یشدا بۆ 434 هەزار بەرمیل دابەزیوە. سهرچاوهیهک له حکومهتی کوردستان رایگهیاند "هۆکاری کهمبوونهوهی ئێستای بهرههمهێنانی نهوت، بێتوانایی وهزارهتی سامانه سروشتییهکانە بۆ راکێشانى وهبهرهێنانی زیاده له کاتی خۆیدا بۆ زاڵبوون بهسهر کهمبوونهوهی سروشتی بهرههمهێنانی ههر بیرێک". بهڵگهنامه حکومهتییهکان ئاماژه بهوه دهکهن که کهمبوونهوهی بهرههمهێنان له سێ کێڵگهی گهورهی نهوت که بریتین له تهوکی و خورمهڵه و تهق تهق، هۆکاری سهرهکیی کهمبوونهوهی نهوته. ئەگەری دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز هەیە، بەڵام بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە پرۆژەیەک بۆ فراوانکردنی یەکێک لە گەورەترین کێڵگەکانی عێراق راگیراوە. شارەزایانی وزە و سەرچاوەکانی پیشەسازی دەڵێن ڕاکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر دەتوانێت هەرێم لە خلیسکان بۆ ئیفلاسبوون ڕزگار بکات. رۆبن میڵز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای راوێژکاری وزەی قەمەر دەڵێت "هەندێک فراوانکردن لە بوارەکاندا هەیە، بەڵام خاون، کۆمپانیاکان بەزەحمەت رەزامەندییان بۆ دەردەچێت و چەند ساڵێکە هیچ دۆزینەوەیەکی بەرچاو روونەداوە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەبێ گەشەسەندنی نوێی بەرچاو، مەترسی پاشەکشەیان لەسەرە لە داهاتوویەکی نزیکدا". پاشەکشە یەک لەدوای یەکەکانی کەرتی نەوت سهرچاوهکهى حکومهتی ههرێمی کوردستان ڕایدهگهیهنێت که ههرێم یەدەگی نەوتی سەلمێنراوی کەمتر لە سێ ملیار بەرمیل زیاترە، ئەمەش بەپێی گەشبینترین چاوەڕوانییەکان، بەشێکی کەم لە کۆی یەدەگی سەلمێنراوی عێراق دەکات کە زیاتر لە 140 ملیار بەرمیل نەوتە. کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان لەم دواییانەدا تووشی کۆمەڵێک پاشەکشە بووە. بڕیارێکی مانگی شوباتی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، کە بنەماى یاسایی کەرتی نەوت و غازی ناوچەکەی بە نادەستووری زانی، وایکرد بەشێک لە کۆمپانیا بیانییەکان لەوان کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری نەوتی ئەمریکی شلومبێرگەر، بەیکەر هیوز و هالیبێرتۆن ناوچەکە جێبهێڵن. هەروەها بڕیارێکى چاوەڕوانکراو لە دۆسیەیەکی ناوبژیوانیدا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014 لە نێوان تورکیا و عێراقدا لەسەر بۆری هەناردەکردنی نەوت کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەڕوات، گومانى لای ئەو کۆمپانیا بیانیانە دروستکردووە کە هێشتا لە هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن. عێراق دەڵێت تورکیا ڕێکەوتنێکی پێشێل کردووە و ڕێگەی بە هەرێمی کوردستان داوە بەبێ ڕەزامەندی بەغدا بگاتە ئەو بۆرییە. دوایین دانیشتنی دۆسیەی ناوبژیوانی لە مانگی تەمموزدا لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بەڕێوەچوو، لە چەند مانگی داهاتووشدا بڕیاری کۆتایی دەردەچێت، ئەوەش بەپێی وەزارەتی نەوتی عێراق و سەرچاوە ئاگادارەکانی ئەو بابەتە. وەبەرهێنەرانی نەوتی بیانی بۆ یەکەمجار لە سەردەمی سەدام حوسێن هاتنە کوردستان، کە ناوچەکە بە سەقامگیرتر لە هەموو عێراق دادەنرا.
هاوڵاتی بهپێی وتهی براکهی، سێ رۆژە، گۆهدار زێباری،یەکێک لەزیندانیانی بادینان لەناو زیندان سزادراوە، براکەشی داوا دەکات چارەنوسی گۆهدار زێباری بۆ کەسۆکاری ئاشکرا بکەن. زێدان برای گۆهدار زێباری لەبارەی سزادانی براکەی بە (هاوڵاتی) ی وت: "لەرۆژی دووشەممەوه (29ی ئاب)، براکەم لەشوێنەکەی خۆی لە زیندان گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی تر، نازانین هەر لە زیندانی چاکسازی گەوران ماوە یاخود بۆ شوێنێکی تر، لەوانەیە گواسترابێتەوە بۆ ژوورێکی تاکە کەسی، لێرەوە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەینێن سەلامەتی گۆهدار زێباری لە ئەستۆی بەرێوەبهرایەتی چاکسازی گەوراندایە، چونکە هیچ کارێک نایاسایی نەکردوە تەنها پەیوەندی کردوە بە کەسوکاری خۆی ". زێدان برای گۆهدار زێباری ووتیشی"بەداخەوە لەکاتی پەیوەندیکردن بە کەسوکاری خۆیان ،قسەکانیان ڕیکۆرد دەکرێن و ئەمەش بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ یاسا ناگونجێت، براکەم لەگەڵ باوکم یان دایکم هەندێکجار لەقسەکرن بە تەلەفون باسی هەندێک شتی تایبەت بکەن، یان هاورێیەکانی لەگەڵ خێزانی خۆیان قسە دەکەن، چۆن دەکرێت ئەو ڕەنگە پەیوەندییانە ریکۆرد بکرێن". "تا ئێستا دیار نیە کە بۆچی براکەم سزادراوە، ئێمە هیچ شتێک لێی نازانین، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و قونسڵخانەکانی وڵاتان دەکەن چارەنوسی براکەم بۆمان دیاربکەن".
سەرچاوەیەك لەهاتووچۆ: بەڕەزامەندی پارتی و یەكێتی و گۆڕان بڕیاری دانانی كامێرای پۆینت توو پۆینت دراوە
سەركۆ جەمال كۆمپانیای جێبەجێكاری دانانی كامێرای هاتووچۆی پۆینت توو پۆنیت لەسنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین 225 كامێرا دادەنێت و بەپێی رێكەوتنی لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا 403 ئۆتۆمبێلی نوێی 2022 یان پێشكەشی حكومەت كردووە، كامێراكان لەسنوری سلێمانی دادەنرێن بەڵام بەشێك لە ئۆتۆمبێلەكان دراون بەسنوری هەولێر، داهاتی كامێراكانیش بۆ ماوەی 10 ساڵ لەسەدا 80 بۆ كۆمپانیاكەیەو تەنها لەسەدا بیستی بۆ حكومەتە، یەك رۆژ كامێراكە تاقیكراوەتەوە تەنها یەك كامێرایان لەكۆی 225 كامێراكە 700 سەرپێچی تۆماركردووە، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دوای ئەوەی بەكۆی دەنگ دانانی كامێراكانی لەسلێمانی رەتكردەوە، رۆژی 28ی ئاب بەنووسراو داوای لەوەزارەتی ناوخۆ كردووە بڕیاری دانانی كامێراكان هەڵبوەشێنێتەوە، سەرچاوەیەك لەهاتوچۆی سلێمانی دەڵێت جێبەجێكردنی سیستمەكە بەڕەزامەندی هەرسێ حزبی بەشداری حكومەتی هەرێم (پارتی و یەكێتی و گۆڕان) بڕیاری لەسەردراوە، یەكێتی و گۆڕانیش هاوبەشن لەپرۆژەكەدا. سەرچاوەیەك لەكۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەی سیستەمی نوێی كامێرای تیژڕەوی (پۆینت توو پۆینت) كەبڕیارە لەسلێمانی جێبەجێ بكرێت بۆ هاوڵاتی زانیاری ئاشكرادەكات و دەڵێت:" ئەگەر لەسلێمانی جێبەجێ بكرێت لەشارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ دەكرێت، سیستەمەكە هەموو ئۆتۆمبێلێك دەگرێتەوە، شەقامەكە چەند بێت ئۆتۆمبێل دەتوانێت ئەوەندە بڕوات، كامێرای گەڕۆكیشی لێبێت هەمانكار دەكات". بەوتەی ئەو سەرچاوەیە: "هەمان سیستەم لەهەولێرو دهۆكیش جێبەجێ دەكرێت، بەڵام كۆمپانیاكە لەسلێمانییەوە دەستیپێكردووەو تەنها كامێراكانی سلێمانی داناوە، لەشارەكانی دیكەش كۆمپانیای دیكە جێبەجێی دەكات". وتیشی:"ئەوەی لەپارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان دادەنرێت 225 كامێرایەو شەقامی نوێی 100 مەتریش دەگرێتەوە، بەڵام هێشتا سیستەمەكە لەلایەن هاتووچۆی سلێمانییەوە وەرنەگیراوەو دەستی بەكارەكانی نەكردووە". "حكومەت خۆی سەرپێچی و سزا دیاریدەكات نەك كۆمپانیا، ئێمە تەنیا لایەنی جێبەجێكاری پرۆژەكەین، ئەم گرێبەستە بۆ ماوەی 15 ساڵ كراوە، بۆ ماوەی 10 ساڵ 70% ی بۆ كۆمپانیا دەبێت و 20%ی بۆ حكومەت دەبێت و 10%ی بۆ سیانەی پرۆژەكە دەبێت، هەتا ئەوكاتەی پارەی پرۆژەكە دەردەهێنێتەوە، دوای دەرهێنانەوەی پارەكەش پێچەوانە دەبێتەوە 20%بۆ كۆمپانیا و 70% بۆ حكومەت و 10% ی بۆ سیانەی پرۆژەكەیە" سەرچاوەكەی كۆمپانیای جێبەجێكاری كامێرای پۆینت توو پۆینت وای وت. رۆژی 23-8-2022 ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبووەوەو بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بەڕەتكردنەوەی سیستەمی نوێی كامێرای تیژڕەوی لەپارێزگای سلێمانی، ئازاد محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنەكەش داوایكرد پەرلەمانی كوردستان و داواكاری گشتی هەرێم گرێبەستەكە هەڵبوەشێننەوە كە لەنێوان وەزارەتی ناوخۆو كۆمپانیای جێبەجێكار ئەنجامدراوە، وتیشی: "ئێمە بەتەواوەتی سیستەمە نوێیەكەی كامێرای تیژڕەوی رەتدەكەینەوە". رەسوڵ عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: "تەنها لەدەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆو داواكاری گشتیدایە بڕیاری دانانی كامێرای چاودێری هەڵبوەشێنێتەوە، وتیشی پێویستە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داواكە سەرەتا ئاڕاستەی پارێزگاری سلێمانی بكات، ئەگەر جێبەجێی نەكرد ئەوكات دەبێت لەدادگای كارگێڕی سكاڵای لەسەر تۆماربكەین و ئەو دادگایە یەكلایی دەكاتەوە كە داواكە یاساییە یاخود نا". بەرزان محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:"دوای كۆبوونەوەكەی 23ی ئابی ئەنجومەنی پارێزگا رۆژی 28-8-2022 بەنووسراو داوامان لەوەزارەتی ناوخۆ كردووە دانانی كامێراكان هەڵبوەشێنێتەوە، هاوكات داواشمان لەپارێزگاری سلێمانی كردووە بڕیارەكە هەڵبوەشێنێتەوە، جگە لەوەی داوامان لەپەرلەمانی كوردستان كردووە بەهەمانشێوە داوای راگرتنی دانانی ئەو كامێرایانە بكات". عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە هاوڵاتی وت:" زۆر هەوڵمدا پەرلەمانی كوردستان رێگری لەو پرۆژەیە بكات، بەڵام نەیانكرد، ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگاش كردوویەتی فشارێكی باشە، بەڵام بڵێی بەوە لادەبرێت یەكسەر لانابرێت، دەبێت فشارەكان زیاتربن". بەوتەی عەلی حەمەساڵح "ئەو سیستەمە نوێیەی كامێرای چاودێری تیژڕەوی بارگرانییەكی قورسە لەسەرشانی هاووڵاتیان و ناكرێت جێبەجێ بكرێت لەپێناو بەرژەوەندی چەند كەسێك". "بۆ نموونە یەك رۆژ كامێراكە تاقیكراوەتەوە یەك كامێرایان لەكۆی 225 كامێراكە 700 سەرپێچی تۆماركردووە، كە بەهەمووی دەگاتە 70 هەزار سەرپێچی و داهاتی مانگێكی دەگاتە یەك ملیارو 470 ملیۆن دینار، بەهەموو كامێراكانیش داهاتەكەیان دەگاتە 330 ملیار دینار، كە ئەوەش تا 10 ساڵ 70٪ی بۆ كۆمپانیاكەو قازانجێكی خەیاڵی دەكات". عەلی حەمەساڵح وای وت. عەلی حەمەساڵح ئاشكراشیدەكات "پێشتر لەسلێمانی 98 كامێرای چاودێری هەبووە كەئەو هەموو سزایەی سەر شۆفێرانی تۆماركردووە، سیستەمەكەی ئێستا هیچ شۆفێرێك لێی دەرباز نابێت و ژمارەكەش بۆ 225 كامێرا بەرزكراوەتەوە، كە ئەمەش لەپێناو قازانجە نەك سەلامەتی گیانی خەڵك". كۆمپانیای جێبەجێكاری سیستەمە نوێیەكەی كامێرای تیژڕەوی، وەك خۆشیان دانی پێدا دەنێن 403 ئۆتۆمبێلی مۆدێل نوێی 2022 ی داوە بەحكومەتی هەرێمی كوردستان كە بەشێكیان نێردراون بۆ هەولێر تا رێگەخۆشكەر بێت لەوێش سیستەمەكە جێبەجێ بكرێت. هاوڵاتی چەند جارێك پەیوەندی بەبەرپرسانی هاتووچۆی سلێمانی و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كرد تا لەسەر ئەو پرسە قسە بكەن، بەڵام كەسیان ئامادەنەبوون قسەی لەسەر بكەن، بەڵام بەوتەی سەرچاوەیەك لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی سلێمانی كە ئاگاداری وردەكاری دانانی كامێراكانی هاتووچۆی "پۆینت توو پۆینت" ە، هێشتا كامێراكان نەخراونەتەكار تەنها یەك رۆژ تاقیكراوەتەوە. وەك سەرچاوەكە وتیشی:"هیچ كەسێك خۆی لەقەرەی باسكردنی ئەو كامێرایانە نادات چونكە جارێ نایانەوێت فشارەكان لەسەریان زیاتر بێت، رەنگە مەسەلە پەیوەندی بەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشەوە هەبێت تا ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت دەستكاری سیستەمەكە بكەن و بڵێن بۆ ئەوەی قورسایی لەسەرشانی هاووڵاتیان دروست نەبێت دەستكاریمان كردووە". ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:"دەیانەوێت سەرەتا سیستەمەكە لەسلێمانی جێبەجێ بكەن، چونكە ئەگەر لەسلێمانی سەریگرت بەڕای ئەوان لەهەولێرو دهۆك بەئاسانی دەچێتە سەرو ئەمەش بڕیاری هەرسێ حزبی بەشداری حكومەتی هەرێمە (پارتی و یەكێتی و گۆڕان)، چونكە لێرە یەكێتی و گۆڕان لەكۆمپانیاكە هاوبەشن و لەهەولێرو دهۆكیش ئەگەر جێبەجێ بكرێت پارتی جێبەجێی دەكات". خالید رەزا كە شارەزایەكی هاتووچۆیەو خۆی لەهۆڵەندا دەژی لەبارەی سیستەمی پۆینت توو پۆینت بە هاوڵاتی راگەیاند:" لەگەڵ زیادبوونی ئۆتۆمۆبیل لەشەستەكانی سەدەی رابردوودا حكومەتی هۆڵەندا تێبینی ئەوەیكرد كە شتێكی باش لەپێوانی خێراییدا هەیە، لەساڵی ١٩٦٦دا یەكەم كامێرای گڵۆپی سووریان لەشاری (هارلم) دانا، سەرەتا سیستمی لولەیی لاستیكی بوو، لەساڵی ١٩٧١دا پەرەیان پێدا كردیان بەكامێرای سندوقی كە لەرێی دانانی تەل لەناو قیری جادەكاندا كە بەكامێراكانەوە پەیوەست بوو كۆنترۆڵی خێرایی دەكرد، ئەم سیستمە هەتا ساڵی ١٩٨٠ بەكارهێنرا، ئینجا مۆدێلی كامیرای رادار بەرهەم هێنرا كە بەهۆی گەورەیی كامیراكەوە لەناو ئۆتۆمۆبیلدا جێگیر دەكرا، بەهۆی پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیاوە گۆڕانكاری لەقەبارەیدا كراو لەساڵی ١٩٨٢وە بۆ یەكەم جار كامێرای راداری فلاشدار لەقەراخ ئۆتۆبانەكاندا جێگیركرا. لەساڵی ١٩٨٨وە كامێرای كۆنترۆڵی جووت سیستمی (سوورو پێوانی خێرایی ) خرایە بواری ئیشكردنەوە، لەساڵی ٢٠١٤ یشەوە سیستمی كامێرای كۆنترۆڵی خێرایی (خاڵ بۆ خاڵ) خرایەگەڕ". سەبارەت بەجێبەجێكردنی سیستەمەكە لەكوردستان ئەو شارەزایەی هاتووچۆ وتی:"قسە لەسەر لایەنی یاسایی ناكەم كە دەبێ لەلایەن پارلەمانی كوردستانەوە بۆی دەربكرێ، بەڵام ئەگەر بەپێی ئەو زانیارییانە بێ كە تائێستا بڵاوكراوەتەوەو قسە لەسەر داهاتەكەو بەشكردنی دەكرێ بەجۆرێك: 70٪ بۆ كۆمپانیاكە بێ و 30٪ بۆ حكومەت، ئەمە گرێبەستێكی ناهاوسەنگە، ئەگەرچی حكومەت پارەی كاشی تیا خەرج ناكات، بەڵام بەشێكی زۆر لەكارەكان خراوەتەسەر داودەزگاكانی حكومەت، لەهۆڵەندا ئەو كۆمپانیایانەی كە كامێراكان دادەنێن و چاكسازی تیادا دەكەن و نۆژەنی دەكەنەوە بەپێی گرێبەستەكە مەرجدارەو بەتەنها پارەی تێچوون و بڕی قازانجی خۆیانی دەخەنەسەر، گرێبەستەكە هاوبەش نییەو داهاتی هەموو جۆرەكانی كۆنترۆڵكردنی رێگاوبانەكان دەچێتەوە خەزێنەی حكومەتەوە، داهاتەكەش مەركەزی نییەو بەپێی سنوری جوگرافی شوێنەكە داهاتەكە دەدرێت بەشارەوانی یان هەرێم یان وەزارەتی تایبەت". سەبارەت بەچۆنیەتی كاركردنی سیستەمەكە خالید رەزا وتی:"لەهۆڵەندا ئەگەر ئۆتۆمۆبیلێك لەزۆر بەشدا تیژڕەوی بكات، خاوەنەكەی تەنها یەك غەرامە دەكرێت غەرامەكەش بۆ ئەو بەشەیانە كەبەرزترین خێرایی تیا كراوە، بۆ نموونە ئەوانەی كە بەسیستمی خاڵ بۆ خاڵدا تێدەپەڕن، ئەگەر لەهەموو بەشەكانیدا سەرپێچیان كردبێ و تیژ لێیان خوڕیبێ، ئەوا تەنها ئەو سەرپێچییەی بۆ ئەژماردەكرێ كەبەرزترین تیژڕەوی تیایدا ئەنجامداوە".
وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، بەڵگەیان ھەیە کە تیمی دۆناڵد ترەمپ بەڵگەنامە نھێنییەکانیانی بە ئەنقەست لە FBI شاردووەتە کاتێک مانگی پێشوو بەدوایدا گەڕاون. لە تۆمارێکی ٥٤ لاپەڕەیدا، داواکارانی گشتی ڕۆژی سێشەممە بەڵگەی خۆیان سەبارەت لێدوانی "ناڕاستی" یاریدەدەرەکانی ترەمپ خستە ڕوو، ڕەتیان کردەوە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەگەڵ جێھێشتنی کۆشکی سپی بەڵگەنامەکانی گەڕاندبێتەوە. ھەروەھا ئاشکرایان کردووە کە پارێزەرانی ترەمپ "بەڕوونی قەدەغەیان کردووە لە کارمەندانی حکومەت لە کردنەوەی یان سەیرکردنی ناوەوەی ھەریەکێک لە سندوقەکان" لەناو ژوورێکی عەمبارکردندا. وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، "حکومەت بەڵگەی دەستکەوتووە کە پێدەچێت تۆمارەکانی حکومەت لە ژووری ھەڵگرتن شاراببنەوە و دەربھێنرێن و ئەگەری زۆرە ھەوڵ درابێت بۆ رێگریکردن لە لێکۆڵینەوەکانی حکومەت". وەزارەتەکە ھەندێک لەو تۆمارانەی بڵاوکردەوە کە لەناو ماڵەکەی ترەمپدا دۆزراونەتەوە و نیشانەکانی پۆلێنکردنیان لەسەرە کە ھەندێکیان ئاماژەن بۆ سەرچاوە مرۆییە نھێنییەکان. بڵاوکردنەوەی ئەو تۆمارانەی وەزارەتی داد پێش دانیشتنێکی دادگا دێت کە ڕۆژی پێنجشەممە لەبەردەم دادوەری ناوچەی ئەمریکا ئایلین کانۆن لە وێست پاڵم بیچ بەڕێوەدەچێت.
هاوڵاتی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران چوونەتە رێڕەوێکی نوێ و کار لەسەر ھاریکاریی درێژمەودا لە رووی ئابووری و دروستکردنی ناوچەی بازرگانی ئازاد لەگەڵ ئێران دەکەن و سەرەڕای سزاکانی وڵاتانی رۆژئاوا ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان زیادیکردووە. ئهم وتانهی وهزیری دهرهوهی ڕوسیا لهکاتێکدا هات که وەزیرانی دەرەوەی روسیا و ئێران لە مۆسکۆ کۆبوونەوە و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان و رەوشی عێراق و سوریا و رێککەوتننامەی ئەتۆمییان تاوتوێکرد. لاڤرۆڤ لەبارەی رێککەوتننامی ئەتۆمیش رایگەیاند، پێویستە پەلەبکرێت لە زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی و لەلابردنی سزاکانی سەر ئێران. ھاوکات حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رووداوەکانی ئۆکراین جێگەی نیگەرانی گەورەیە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وتیشی، ئامادەن ھاوکاری بۆ دوورکەوتنەوە لەکارەساتی ئەتۆمی لە وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا پێشکەش بکەن، چونکە رەوشی دەوروبەری وێستگەکە جێگەی نیگەرانییە. وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، ئومیدیان ھەیە سزاکانی ئەمریکا لەسەریان لاببرێن، راشیگەیاند، لەگەڵ لاڤرۆڤ رەوشی عێراقیان تاوتوێ کردووە و ھاوھەڵوێستن لەبارەی رووداوەکانەوە و رەوشی عێراق جێگەی نیگەرانیە و ھیوادارن رەوشەکە سەقامگیرببێتەوە.