هاوڵاتی نەتەوەیەکگرتوەکان هۆشداریی دەداتە ئێران بۆ سەپاندنی سزای سێدارە دژی خۆپیشاندەران نەتەوەیەکگرتوەکان لە بەیاننامەیەکدا داوای لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد ئەو هەزاران کەسی بەهۆی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکانەوە دەستگیرکراون بە زوترین کات ئازاد بکات. نوسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە بەیاننامەیەکدا داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی کرد و هۆشداریی دا لەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران خۆپیشاندەران لەسێدارە بدات. جێرمی لارنس، وتەبێژی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان رۆژی سێشەممە داوای لە دەسەڵاتی ئێران کرد کە دەستبەرداری ئەو تۆمەتانە بێت کە دەیانخاتە پاڵ خۆپیشاندەران و بەو هۆیەشەوە سزای توندیان بەسەردا دەسەپێنێت. لارنس هۆشدارایی داوە لەوەی کە دەسەڵاتی ئێران تەنها دەتوانێت لە بەرامبەر تاوانی قورس بە پێوەر و یاسا نێودەوڵەتییەکان سزای سیدارە بەسەر تاوانباراندا بسەپێنێت و خۆپیشاندەران و کەسانی ناڕەزایی بە هیچ جۆرێک بە تاوانکار ئەژمار ناکرێن. ئەو وتوشیەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە جیاتی کراونە و خوڵقاندنی کەشێک بۆ دەربڕینی ئاشتیانەی ناڕەزایەتییەکان بوەتە هۆکارێک بۆ سەرهەڵدانی توندوتیژیی و کوژرانی خۆپیشاندەران. بە پێی دوایین ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زیاتر لە 15 هەزار کەس لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکراون و تا ئێستا دوای سزادانی سێ هەزار کەسیان کراوە و سزای سێدارەش بەسەر 20 کەسدا سەپێنراوە و سێ گەنجی کورد مەترسی سێدارەدانیان لەسەرە.
هاوڵاتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گرێبەست و راسپاردنی 12 راوێژکاری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەڵوەشاندەوە. بەپێی نووسراوێک کە رۆژی 14-11-2022 لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەرچووە، لەسەر بڕیاری محەممەد شیاع سوودانی، گرێبەستی کارەکانی ئەم ناوانەی خوارەوە وەک راوێژکار لە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی کۆتاییهاتووە کە بریتین لە: 1- حەسەن سەوادی ئەبوو تەبیخ 2- سەفا سەباح ناسر 3- عەبدولحەلیم جەواد کازم 4- مونقیز محەممەد مەحموود 5- حەیدەر فازڵ مستەفا 6- تاڵیب جەبار مەتەر 7- هەیسەم مەجید محەممەد عەلی 8- عەبدولحوسێن هەنین عەباس ( لەسەر داواکاریی خۆی) 9- عەلی بەدر حوسێن 10- رەشید ئەحمەد رەشید 11- د. هەیسەم رەمەزان عەبد عەلی 12- محەممەد عەبدولسادە قەبتان ئەمەشلەکاتێکدایە لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە، 01-11-2022ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی بڕیاردرا سەرجەم ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێندرێنەوە کە لەسەردەمی حکومەتی کاربەڕێکەری مستەفا کازمی دەرکرابوون.
هاوڵاتی هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بەسەر 70 تۆن سوتەمەنیی تایبەت بە موشەکدا گرت کە بڕیاربو بۆ یەمەن بگوازرێتەوە. رۆژی سێشەممە هێزە دەریاییەکانی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویان کردەوە؛ دەستیان بەسەر بڕێک سوتەمەنیی موشەکدا گرتوە کە سوتەمەنیی 10 موشەکی بالیستی دابین دەکات. لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سوتەمەنییەکە لە کەنداوی عۆمان دەستی بەسەردا گیراوە کە بڕیاربوە بۆ یەمەن بگوازرێتەوە. هێزەکانی ئەمریکا رونیان کردوەتەوە بۆ ماوەیەی یەک هەفتە چاودێریی ئەو سوتەمەنییەیان کردوە و دواتر کە دڵنیابونەتەوە بڕیارە بەرەو یەمەن رەوانە بکرێت، دەستیان بەسەردا گرتوە. بە وتەی یەکێک لە فەرماندەکانی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیە، سوتەمەنییەکە لە لایەن ئێرانەوە رەوانەی چەکدارانی حوسی لە یەمەن کراوە بە مەبەستی بەکارهێنانی لە موشەکە بالیستییەکانی ئەو چەکدارانە. ئەمەش لە کاتێکدایە ئێران بە بەردەوامی لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو تۆمەتبار دەکرێت بە ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ حوسییەکان لە یەمەن
هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستیی رێژەی پشکەکانی پزیشکی نەشتەرگەری بۆ 50% لە تێچووی نەشتەرگەری کەمدەکاتەوە و میلاک بۆ نەخۆشخانەکان دادەنێ بەجۆرێک هەر پزیشکێکی نەشتەرگەری و سڕکەر تەنیا لە یەک نەخۆشخانە یاخود نێوەندی پزیشکی دەتوانێت کاربکات، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند نابێت هیچ بڕە پارەیەک لە دەرەوەی ژمێریاری نەخۆشخانە لە نەخۆش وەربگیرێت هەروەها نرخ، رێژە و شایستە داراییەکان لە نەخۆشخانە و نێوەندەکانی کەرتی تایبەت سەبارەت بە تێچووی پاکێجی نەشتەرگەریی گشتی دیاریکرد کە بەمشێوەیە دەبێت : ١- شایستەی پزیشکی نەشتەرگەری زیاتر نەبێت لە 50%ـی تێچووی گشتی نەشتەرگەرییەکە. ٢- شایستەی پزیشکی سڕکار لەکاتی سڕکردنی گشتی نابێت کەمتر بێت لە 10% و بۆ سڕکردنی هەرێمی کەمتر نەبێت لە 5%ـی تێچووی گشتیی نەشتەرگەرییەکە. ٣- رێژەی ماوە لە تێچووی گشتی لە بەرژەوەندی نەخۆش خەرجدەکرێت، بەجۆرێک بۆ تێچووەکانی نەخۆشخانە، مانەوە، خواردن، دەرمان و پێداویستییەکانی خزمەتگوزاری هۆڵی نەشتەرگەری و بیهۆشکاری بەکاردێت، هەروەها نابێت هیج خەرجییەکی دیکە لە نەخۆش وەربگیرێت. وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕونیشیکردەوە، خۆیان لیستی نرخ و شایستەکان دیاریدەکەن، بەگوێرەی پێویستی و کات نرخەکان نوێ دەکەنەوە.
هاوڵاتی سوپای پاسداران داوای چەک کردن و دەرکردنی پارتەکانی رۆژهەڵات لە هەرێم دەکات سوپای پاسدارانی رایگەیاند؛ لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (رەبیع 2) بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان بۆسەر پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم. سەرچاوەیەک لە سوپای پاسداران رۆژی سێشەممە بە ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم)ی راگەیاندوە؛ تا ئەو کاتەی پارتەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی چەکیان لێنەسەندرێتەوە و لە خاکی هەرێمی کوردستان دور نەخرێنەوە هێرشەکانی ئێران دژی ئەو پارتانە بەردەوام دەبێت. سەرچاوەکە رونی کردوەتەوە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (رەبیع 1) و (رەبیع 2) لە لایەن ناوەندی حمەزە-ی سەر بە سوپای پاسداران هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانە کراوەتە سەر پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. هەمان سەرچاوە بۆ ئاژانسی تەسنیم جەختی لەوە کردوەتەوە هێرشەکانی رۆژی دوشەممە(14/11/2022) لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی رەبیعی 2 لە دژی ئەو پارتانە بەڕێوەچوە و تا چەک کردن و دەرکردی ئەو پاراتە نەیارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. سوپای پاسداران پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە هەرێم تۆمەتبار کردوە بە هاندان و بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان و دروستکردنی مەترسیی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران. رۆژی دوشەممەی رابردو سوپای پاسداران بۆ جارێکی دیکە لە ماوەی 45 رۆژدا بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردەوە سەر بنکەو پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە و زڕگوێز و بڕادۆست کە بوە هۆی گیانلەدەستدانی دو پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و برینداربونی هەشت کەسی دیکە
هاوڵاتی هەپەگە ئاماری شەڕی ٧ مانگی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ٢ هەزار و ٥٥٣ چالاکی گەریلاکاندا ٢ هەزار و ٥٤٤ سەربازی تورکیا کوژراون و ١١ هەلیکۆپتەریش خراونەتە خوارەوە و ٢ تانکیش تێکشکێنران. داگیرکەرانیش ٢٨٣٧ جار بە بۆمبی قەدەغەکراو و چەکی کیمیایی هێرشیان کردووە و ١٧٤ گەریلا شەهید بوون. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ئاماری ٧ مانگی شەڕی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی هەڵۆکانی زاگرۆس و شەهید ساواش مەرەش لە جەنگی خابوور دا لە نێوان ١٤ی نیسان و ١٤ی تشرینی دووەم بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "پارتیمان پەکەکە لە ٢٧ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی ١٩٧٨دا دامەزراوە و گەلەکەمانی لەسەر لێواری پاکتاوکردن و سڕینەوەوە هێنایە سەر هێڵی بەرخۆدان و سەرکەوتن، ئەمڕۆ بووەتە هیوای ئازادیی گەلانی چەوساوە، ژنان و گەنجان. تێکۆشانی ئێمە بۆ ئازادی لە کوردستان، کە لەسەر فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دامەزراوە، مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و هێزە لۆکاڵی و ناوچییەکانی پاکتاوکاری و داگیرکەری بە گەورەترین هەڕەشەی بۆ سەر خۆیان دەزانن، ڕووبەڕووی قورسترین و بەربڵاوترین هێرشی مێژوو دەبێتەوە. هێزە دەسەڵاتدارەکان دەیانەوێت لە کەسایەتی گەلی کورد و تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بە تەواوی هیوای ئازادیی گەلان لەناو ببەن، بە هەموو شێوەیەک پشتگیری سیاسی و سەربازیی ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە - مەهەپە دەکەن. دەوڵەتی تورکی فاشیست پشت بە پێشکەوتووترین تەکنیکی ناتۆ دەبەستێت و بە هەموو شێوازەکانی شەڕی پیس هێرش دەکاتە سەر گەریلاکانی ئازادیی گەلەکەمان. سەرەڕای ئەو دەرفەتانەی، کە بۆی ڕەخسێنراون نەیتوانی لە بەرامبەر ئیرادەی ئاپۆیی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دا ئەنجام بەدەست بهێنێت. هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا ماوەی ٧ مانگی تێپەڕاند. لەم ماوەی ئەم ٧ مانگەی شەڕی قورسدا، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە لە باشووری کوردستان دەستی پێکرد، ئەو قارەمانیانەی، کە ئافرێنران، هێڵی بەرخۆدان و شێوازی شەڕی فیدایی جارێکی دیکە بە ڕوونی دەریانخست، کە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان تێکناشکێن. هێزی ستراتیژی ئێمە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕییە، کە بە پێی هەلومەرجی سەردەمی نوێ جێبەجێ دەکرد، شێوازی شەڕی تیمە، کە پشت بەستووە بە بنەمای شەڕی تونێل و گۆڕەپانەکان و ئەوەش بە شێوەیەکی لێزانانە و شارەزایانە جێبەجێ دەکەن، ئەنجامەکانیش دەریدەخەن، کە لەسەر هێڵی سەرکەوتن بەرەو پێش دەڕۆن. داگیرکەران هەزاران جار بۆمب و چەکی کیمیایی قەدەغەکراویان بەکارهێنا سوپای تورکی داگیرکەر، کە بەرامبەر بە ئیرادەی بەهێزی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بێچارە بووە، بە فڕۆکەی جەنگی، هەلیکۆپتەری هێرشبەر، تانک و تۆپی جۆری ئۆبوس و هاوەن هەزاران جار بۆردومانی ناوچەکانی بەرخۆدانی هێزەکانمانیان کرد، لەگەڵ ئەوەشدا نەیتوانی بە ئامانجەکانی بگات. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە ئیرادە و ڕۆحیەتێکی فیدایی بست بە بست خاکی کوردستان دەپارێزن. سوپای تورک، کە ناتوانێت لە بەرامبەر گەریلاکان پێشڕەوی بکات، جارێکی تر ڕووی پیسی خۆی نیشاندا و هەزاران جار بۆمب و چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی لەسەر تونێلەکانی جەنگ بەکارهێنا. سەرەڕای ئەو هێرشانەی سوپای تورکی داگیرکەر، کە بە بەرچاوی جیهانەوە تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات، هێزەکانمان سەختترین هەلومەرجدا بە شێوەیەکی مێژوویی بەرخۆدان دەکەن. گەریلاکانی ئازادیمان، کە خۆیان بە فەلسەفەی ئاپۆیی ڕازاندووەتەوە و بە شێوەیەکی فیدایی شەڕ دەکەن و تێدەکۆشن، وەک هێزی سەرەکیی خۆپاراستنی گەلەکەمان بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە بە ئەرکەکانیان هەڵدەستن و بە هەموو شێوەیەک قوربانی دەدەن و بەرخودانێکی شکۆمەدانە نیشان دەدەن، کە بەرخوددانێک لەم ئاستەدا لە مێژوودا نەبینراوە. گەریلاکانی ئازادیمان گورزی قورس لە سوپای تورکی داگیرکەر دەدەن گەریلاکانی ئازادیمان لەسەر هێڵی فیدایی هەڤاڵانمان سارا تۆڵهەڵدان گۆیی و ڕووکەن زەلال بەرەوپێش دەڕۆن، لە باکورەوە بۆ باشور لە هەموو ناوچە و گۆڕەپانەکاندا درێژە بە بەرخودانی نەپساو و بێ ڕاوەستانی خۆیان دەدەن و گورزی قورس لە سوپای تورکی داگیرکەر دەدەن. هێزەکانمان بە چالاکیی بۆسەدانان، دزەکردنە ناو دوژمن، هێرش، تەقاندنەوە، نیشانەشکێنی، بە چەکی قورس و بە چالاکیی گەریلایی هەماهەنگ و چالاکی شۆڕشگێڕی بە ڕۆحی بەرخۆدان و بوێرییەکی بەرز، لە دژی سوپای داگیرکەری تورکیا چالاکی کاریگەر ئەنجام دەدەن. هێزەکانمان تاکتیکی گەریلاکانی سەردەمی نوێ بەکاردەهێنن و ئاستی کارامەیی خۆیان لە شەڕدا بە ڕوونی دەردەخەن. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە ناوچەکانی بەرخۆداندا گورزی قورس لە داگیرکەران دەدەن و چالاکیەکانیان تۆمار دەکەن و وەک بەڵگە پێشکەشی ڕای گشتیی دەکەن. ڕژێمی فاشیستیی ئاکەپە و مەهەپە ناتوانێت بەرامبەر گەریلاکانی ئازادی کوردستان دا بەرگە بگرێت لە ڕێگەی میدیاکانی خۆی بۆ جەنگی تایبەت هەواڵی درۆ بڵاودەکاتەوە و دەیەوێت تاوانەکانی شەڕ و ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی بشارێتەوە. ئەو سەربازانەی، کە لە ژیر فەرماندەیی خولوسی ئاکاردا تەرمی سەربازەکانی خۆیان لە مەیدانی جەنگ دا بەجێدەهێڵن، بۆ ئەوەی نەکەونە دەست گەریلاکان، لەسەر بەردە بەرز و گابەرد و کەندەڵانەکانەوە هەڵیاندەدەنە خوارەوە، بە فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر هێرشیان دەکەنە سەر و دەیانسوتێن و بەوە هەوڵ دەدات لەناویان ببات. ئەمەش دەریدەخات، کە چەندە لە سەرەتاییترین بەها ئەخلاقی و مرۆییەکان دوورن. زانیاری روون لەبارەی ناسنامە و بەڵگەنامەکانی تەرمی سەربازان کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانماندان زۆرجار بۆ رای گشتی ئاشکرا کران. جارێکیتر ئەوە سەلمێنراوە کە وەزیری شەڕی تایبەت خولوسی ئاکار ئەو سەربازانە بەرەو شەڕی قورس لە کوردستان دەنێرێت، لە هەمان کاتدا ئاکار خاوەنداری لەسەربازە کوژراو و زیندووەکان ناکات، بەوەشەوە ناوەستێت و بڕیار دەدات کە تەرمی کوژراوەکان لەناوببرێن. رژێمی ئاکەپە-مەهەپە کە پڕپڕبووە لە تاوان و کەوتووەتە تەنگەژەوە و لەبەر ئەوەشە فاشیستانەترین گوشار بەکاردەهێنێت و هەوڵ دەدات لە تورکیا کەسانی دژی ئەم شەڕەش بێدەنگ بکات بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوان لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی و مێژوودا دادگایی دەکرێن. لە شەری ئەم حەوت مانگەدا سوپای تورکی داگیرکەر ٢٨٣٧ جار بە بۆمبی قەدەغە و چەکی کیمیایی هێرشی کردووەتەسەر تونێل و سەنگەرەکانی شەڕ لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا و تاوانی شەڕی کردووە. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە گشتی ٢٥٥٣ چالاکییان ئەنجامداوە و گورزی دژواریان لە سوپای تورکی داگیرکەر وەشاندووە. لە ئەنجامی چالاکی بەهێزی گەریلاکان کە تاکتیکی دەوڵەمەندی گەریلا پێکەوە بەکاردەهێنن، ٢٥٤٤ داگیرکەر سزادراون و ٣٦٦ داگیرکەریش برینداربوون. گەریلاکانی ئازادی کوردستان کە لەبەرامبەر هێرشە پاکتاوکارییەکان لەسەر گەلەکەمان بە گیانێکی لەخۆبوردووانە و هەوڵدانێکی گەورەوە شەڕ دەکەن، لەسەر هێڵی شەهیدان سەرفرازییان بۆ خۆیان کردووەتە ئامانج و درێژە بە پارێزگاری لە گەلەکەمان و خاکی پیرۆزی کوردستان دەدەن. لە شەڕی ٧ مانگدا ١٧٤ هەڤاڵمان لە بەرەکانی پێشی پێشەوەی شکۆمەندانە ترین بەرخودانی مێژوو بەشدارییان کردووە، گورزی قورسیان لە داگیرکەران داوە، تا کۆتا هەناسەیان بە گیانبازی شەڕیان کردووە و شەهید بوون. بە پێشەنگایەتی هەڤاڵانمان باگەر، هێرش، بڵند، رێڤان، جوانا، سیپان، باز، نوری، مزگین، رۆهات، شارستان، ماهیر، ئاڤزەم، دۆغان، نالین، گوڤەن، زەمانی، رۆناهی، هەڵبەست، فەدایی، سیابەند، بەرفین، مێردین و لەم دواییەشدا ١٧ هاوڕێ کە بە هێرشی کیمیایی شەهید بوون، ئێمە هەموو ئەو شەهیدانەمان کە داستانی قارەمانێتییان نوسیوەتەوە بە رێز و پێزانین بە بیردەهێنینەوە. بەڵێن دەدەین لە سەر بنەمای هێڵی شەهیدان بەرخودان گەورە بکەین و یادی شەهیدانمان بە سەرکەوتن تاجدار بکەین. ئاماری شەڕی حەوت مانگ ئاماری شەڕی حەوت مانگ لە نێوان ١٤ی نیسان و ١٤ی تشرینی دووەم بەم جۆرەیە: ئەو چالاکیانەی کە هێزەکانمان ئەنجامیانداون: -بەشێوەی بۆسەنانەوە، چونەسەر، سابوتاژ، نیشانشکێنی، چەکی قورس، شەڕ، لێدان، چالاکی رێکخراوی گەریلا، هێزی پاراستنی ئاسمانی و ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕی بە زۆر شێوە و رێباز ٢٥٥٣ چالاکی کراون. لە ئەنجامی چالاکی هێزەکانماندا: -٢٥٤٤ داگیرکەر سزادراون کە ١٢یان کۆنترا، ١٨یان پلەی سەربازی بەرزیان هەبووە. -٣٦٦ داگیرکەر برینداربوون. ئەوەندەی بۆ هێزەکانمان دەستنیشان کراوە، بەتایبەتی لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا؛ -٣٦٩٤ جار بە فڕۆکەی شەڕ بۆردومان کراوە. -٤٨٨٦ جار بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر بۆردومان ئەنجامدراوە. - سەنگەر و تونێلەکانی شەڕی هێزەکانمان ٢٨٣٧ جار بە بۆمبی قەدەغەکراو لە ئاستی نێونەتەوەیی (بۆمبی فۆسفۆڕ، بۆمبی تەرمۆباریک، بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی) و چەکی کیمیایی بۆردومان کراون. ئەو چەک و کەرستانەی دەستیان بەسەردا گیراوە: -١٠ چەکی ئێم پی تی-٥٥ -٤ چەکی ئەی کەی – ٤٧ -٣ چەکی جی-٣ -٣ چەکی بۆمبهاوێژ -٢ چەکی ئێم – ١٦ -٢ چەکی ئێچ کەی -٤١٦ -چەکێکی بی کەی سی - چەکێکی بی-٧ چەکێکی ئێم پی تی- ٦٦ -٤ دەمانچە - ٤ فیشەکی بۆمبهاوێژ - ٨٤٨ فیشەکی ئێم -١٦ و بی کەی سی -١٨ نارنجۆک و ژمارەیەکی زۆر بۆمبی دوکەڵ -٤ هێلەکی هێرشبردن (پۆڵا) -٤ قەڵغانی پۆڵا -٣ رەخت -١٢ مەخزەن -٧ دوربینی شەو/رۆژ -٣ دوربینی تەرماڵ - ٣ ئامێری لەیزەر -٢ ئامێری لەیزەری سەر چەک - کامێرایەکی تەرماڵ - دوربینێکی لەیزر - ٤ سیستمی کامێرای حەراری -٣ کامێرای سەر -سیستمێکی راداری گەڕۆک -٢٤ کیلۆگرام تەقەمەنی - ٤ مین - ئامێرێکی تەقاندنەوەی مین - ئامێرێکی دۆزینەوەی مین - ٧ تەلەفونی دەستی - ٣ ئامێری پەیوەندی بێتەل - پانێڵێکی وزەی خۆر - کۆمپاس یان ئامێری دۆزینەوەی ئاراستە -٤ چەقۆ (قەمە) -٦ جانتای سەربازی -٢ کڵاوی سەربازی -٢ خودی سەربازی -٩ لایتی دەستی - ٢ ئامێری بارگاویکەری وزە یو پی ئێس - بزوێنەرێکی وزە - ٢ شریتی تی ئێن تی، سی فۆر - پارچەکانی سیستمی کامێرای حەراری ئەو ئۆتۆمبێل و کەرستە سەربازیانەی کە لەلایەن هێزەکانمانەوە لەناوبراون؛ -٨هەلیکۆپتەری سکۆرسکی -٣ هەلیکۆپتەری هێرشبەر -٢ تانک -١٧ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش-سەربازی -٤ حەفارە - ٦٥ سیستمی کامێرای حەراری -٥٢ درۆن -٨ رادار - پێنج کامێرای چاودێری تەرمال - ٢ تلیسکۆپ -٣ ئامێری بڕینی تەیوەندی (ژامەر) -٣ هەستەوەری گەڕۆک - ٣ ئامێری گوێگرتن لە پەیوەندی دەنگی -داو و بۆسەیەکی وێنە - کەرەڤانەیەک - ٩٩ سەنگەر -٣٤ خێمەی سەربازی -خواردنگەیەک -سیستمێکی گواستنەوەی گازی کیمیایی -کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی - پێنج چەکی ئەی٤ - ٢ چەکی بی کەی سی -٣٠٠ کیلۆگرام تەقەمەنی - ١٠ داوی تەقاندنەوە - سەنگەرێکی ئەی-٤ - ٢ ئامێری چەکی کیمیایی - ٢ ئامێری هەوا - بۆمبهاوێژێک - چەکێکی ئەی تی- ٤ -قەڵغانێک ئەو ئۆتۆمبێل و کەەرستە سەربازیانەی هێزەکانمان گورزیان لێوەشاندن؛ -٤٧ هەلیکۆپتەری سکۆرسکی -٣٢ هەلیکۆپتەری هێرشبەر -١٩ سەنگەر -١٢ درۆن -٩ حەفارە - ٤ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش -٣ خێمەی سەربازی
هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی هەولێر پێشوازیی لێکرا. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم ڕایگەیاندووە لە دیدارێکدا دوا پێشھاتەکانمان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ کرد و پابەندیمان بە چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە. بەپێی هەواڵی میدیاکانی پارتی لە میانی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، لەئێستادا لەپیرمام سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەکۆبوونەوەدایە. دوای سەردانەکەی سەرککۆمار بۆ پیرمام، بڕیارە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی زانکۆی ئەمریکی سەردانی شاری دهۆک بکات، هاوکات وا بڕیارە سەردانی ژمارەیەک لە خێوەتگەکانی ئاوارەکان بکات. ئەمە لەکاتێکدایە وابڕیارە لە رۆژانی 15 تاوەکو 17ـی ئەم مانگە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت و هەر یەکە لە سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشدارن.
هاوڵاتی کۆما جڤاکێن کوردستان رایگەیاند؛تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ پیلانگێڕیەکە بە ئاماجی هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان. کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە )راگەیەندراوێکی لەبارەی تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ بڵاوکردەوە و وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەنجامدانی ئەو هێرشە رایگەیاند: تۆمەتبارکردنی بزوتنەوەکەمان بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە، نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵاتی ئاکپارتی و مەهەپە لە تورکیا پیلانگێڕیەکەی تاریکیان هەیە. کەجەکە ئاشکری کردوە کە ئامانجی بەردەوامیی تۆمەتبارکردنی رۆژئاوای کوردستان بە مەبەستی داگیرکردنی باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا. راگەیەندراوەکەی کەجەکە لە کاتێکدایە، سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا دوای تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ رایگەیاند؛ ئەو کەسەی کە تەقەمەنیەکەی لە شەقامی ئیستقلال داناوە لە کۆبانێ-وە نێردراوە و لە عەفرینەوە هاتوەتە ناوخاکی تورکیا. دوای لێدوانی وەزیری ناوخۆی تورکیا سەبارەت بە تەقینەوەکەی ئیستانبۆڵ هەریەکە لە ناوەندی پاراستنی گەل و مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) و وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رەتیان کردەوە پەیوەندیەکیان بەو تەقینەوەیەوە هەبێت.
هاوڵاتی دوو ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق رایدەگەیێنن، تاوتوێ و پەسندکردنى پڕۆژەیاساى خزمەتى ئاڵا کە بە "سەربازیی ناچاری" ناسراوە، دوادەخرێت، ئەوەش لەکاتێکدایە بەگوێرەى ئەو ئامارانەى گەیشتوونەتە لیژنەکە، سەربازگەکانى عێراق تواناى لەخۆگرتنى 10 هەزار سەربازیان هەیە، لەکاتێکدا ئەگەر یاسەکە پەسند بکرێت، 200 هەزار کەس دەکرێنە سەرباز. سەگڤان سندى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانى عێراق بە کەناڵی (رووداو)ى راگەیاند، "پڕۆژەیاساى خزمەتى ئاڵا بێدەنگى لێکراوە و ئەگەر زۆرە دوابخرێت لەبرى ئەوەى جگە لە فراکسیۆنە شیعەکان بەشێک لە سوننەکانیش لەدژى تێپەڕاندین." گوتیشی: "ئەو پڕۆژەیاسایە کۆتایی پێهات." بەگوێرەى خشتەى کارى پەرلەمانى عێراق، دەبووایە شەشى تشرینى دووەمى 2022، یەکێک لە بڕگەکانى کۆبوونەوەى ئەو رۆژەى پەرلەمان، خوێندنەوەى یەکەمى پڕۆژەیاسای "خزمەتى ئاڵا" بووایە، بەڵام بەهۆى ناکۆکیی نێوان فراکسیۆنە شیعە و سوننەکان، پڕۆژەیاساکە لە خشتەى کار لادراو خوێندنەوەى یەکەمى بۆ نەکرا. یاسر ئەسکەندەر، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاندووە، "پەسندکردنى پڕۆژەیاساى خزمەتى ئاڵا دواخراوە کە پێناچێت لەم خولەى پەرلەماندا پەسند بکرێت، بەهۆى ناڕەزایی بەشێک لە فراکسیۆنەکان لەو یاسایە." هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان پاڵپشتى پەسەندکردنى پڕۆژەیاسای خزمەتى ئاڵا دەکەن، بەڵام کورد و زۆرینەى شیعەکان دژن.
هاوڵاتی یەنس ستۆلتنبێرگ سکرتێری گشتیی ناتۆ، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، وۆپکی هۆیکسترا و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، کاژسا ئۆلۆنگرێن لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان داو سەبارەت بە هەڵوێستی ناتۆ لە بەرامبەر ئەگەری دەستپێکردنی دانوستان لە نێوان ئۆکراینا و رووسیا گوتی: "دەمانەوێت لە گۆڕەپاندا پاڵپشتیی ئۆکراینا بکەین بۆ ئەوەی لەسەر مێزی دانوستان بەهێز بێت. ئەگەر ئەو مەرجانە درووستبێت کە ئۆکراینا قبوڵییەتی ئەوا پاڵپشتی دەکەین". سکرتێری گشتیی ناتۆ، ئاماژەی بەوە کرد کە کشانەوەی هێڵی بەرگریی رووسیا لە خێرسۆن بۆ لای چەپی رووباری دنیپرۆ سەرکەوتنێکی مەیدانییە بۆ ئۆکراینا و ستراتیژیی بەردەوامیدان بەو پاڵپشتییەی کە بە ئۆکراینایان داوە بەهێز کردووە. یەنس ستۆلتنبێرگ، باسی لەوە کرد کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادمیر پوتین کاتێک کە ئۆکراینای داگیر کردووە دوو هەڵەی گەورەی ئەنجامداوە و راشیگەیاند یەکێک لەو هەڵە ستراتیژییانە ئازایی ئۆکراینییەکان و پەیوەستبوونیانە بە وڵاتەکەیان و ئەوەی دیکەش بەهەند وەرنەگتنی پاڵپشتیی ناتۆ و یەکێتی ئەورووپایە بۆ ئۆکراینا. سکرتێری گشتیی ناتۆ، گوتی: "ئەگەر سوپای رووسیا لە هەندێک ناوچە کشابێتەوە ئەوا هێشتا بە سوپایەکی قەرەباڵەغەوە رووبەرێکی زۆر گەورەی ئۆکراینای کۆنتڕۆڵ کردووە". ستۆلتنبێرگ، ئاشکرای کرد کە پوتین دەیەوێت لە وەرزی زستاندا ئۆکراینا بخاتە دۆخێکی سەختەوە و گوتی: "زستان لە پێشماندایە، رووسیا دەیەوێت ئۆکراینا رەق بکاتەوە". ستۆلتنبێرگ، گوتیشی: "زۆربەی جەنگەکان لە سەر مێزی دانوستان کۆتایی پێدێت بەڵام ئەوانەی سەر مێزەکە بە تەواوەتی بە سەرکەوتنەکانی گۆرەپانی جەنگەوە بەستراوەتەوە" و جەختی لەوە کردەوە کە سوپای ئۆکراینا هەرچەند جەنگەکە ببەنەوە ئەوەندە لە دانوستانەکان دەستیان بەهێزتر دەبێت. یەنس ستۆلتنبێرگ، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانان سەبارەت بە ئایا ئۆکراینا دەرفەتێکی باشی دەستکەوتووە بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ رووسیا، گوتی: "ئۆکراینییەکان باجی جەنگەکە دەدەنەوە. لەبەر ئەم هۆکارە ئۆکراینییەکان بڕیار دەدەن کەی و لە چی مەرجێکدا دانوستانەکان دەست پێدەکات". ستۆلتنبێرگ، گوتیشی: " ئەگەر ئەو مەرجانە درووستبێت کە ئۆکراینا قبوڵییەتی ئەوە پاڵپشتی دەکەین. ئەوەی لەسەر ئێمەیە دەستکەوتەکانی ئۆکراینا زیادبکەین".
هاوڵاتی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان رایگەیاند کە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان پێشێلکردنێکی زەقە بۆسەر سەروەری عێراق. وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە فوئاد حوسێن و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە. راشیگەیاندووە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، فوئاد حوسێن هەڵوێستی عێراقی لەبارەی بۆردومانەکانی دوێنێ دووشەممەی ئێران بۆسەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان کە بەهۆیەوە ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە بۆ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان نیشانداوە و گوتوویەتی: "هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، پێشێلکردنێکی زەقە بۆسەر سەروەری عێراق و ئاسایشی هاووڵاتییانی". باسی لەوەشکردووە کە وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی دیالۆگ، وەک رێگایەک بۆ راگرتنی ئەو هێرشانەی کە هیچ پاساوێک هەڵناگرن، هەروەها بەردەوامیدان بەو کارە تاکلایانە، بە مەترسیدار لەقەڵەمداوە. دوێنێ دووشەممە دووبارە هێرشکرایەوە سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران "حدکا" لە کۆیە، ناوچەی زڕگوێز سەربە پارێزگای سلێمانی کە بارەگاکانی کۆمەڵەی لێیە. لە ئاکامی هێرشەکاندا، دوو پێشمەرگەی حدکا و هاووڵاتییەک گیانیان لەدەستداوە و هەشت پێشمەرگەی دیکەیش برینداربوون. لە میانی دوو مانگدا، ئەوە دووەمجاربوو کە بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و بارەگاکانی کۆمەڵە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەکرێنە ئامانج. پێشتر لە 28 ئەیلوولی رابردوودا، بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و بارەگاکانی کۆمەڵە لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کرانە ئامانج بەهۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەست دا کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن یەک رۆژە بوو.
هاوڵاتی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە هاوكات لەگەڵ ئەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێی نایە 60 هەمین ڕۆژەوە، لە زۆربەی لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خەڵک بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی دووکان و بازاڕەکانیان نەکردەوە و مانیان گرت. بەپێی ئەو دیمەنانەی تاوەکو ئێستا بڵاوبوونەتەوە، لە شارەکانی سەقز، سنە، مەریوان، مهاباد، شنۆ، بانه، دیواندەرە، کامێران، جوانڕۆ و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتن دەستیپێکردووە و خەڵک دووکان و بازاڕەکانیان نەکردووەتەوە. بەپێی ئەو راگەیێندراوانەی لەماوەی یەک هەفتەی رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە لایەن چالاکڤانانی مەدەنی، هونەرمەندان و کەسایەتییە ناسراوەکانەوە بڵاوکرابوونەوە، داوا لە خەڵک کرابوو ئەمڕۆ 15-11-2022 لە ساڵیادی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری 2019 کە بە خۆپێشاندانەکانی ئابان ناسراوە، بۆ ماوەی 3 رۆژ مانگرتن و خۆپێشاندانی سەرانسەری لە هەموو ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەبچێت. هاوکات لە رۆژی دووشەممەوە، ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی پیشەیی مامۆستایانی ئێران، کە یەکێکە لە گەورەترین سەندیکا مەدەنییەکان، داوای لە سەرجەم مامۆستایان و قوتابییان کردووە رۆژانی سێشەممە بۆ پێنجشەممە مانبگرن و نەچنە سەر پۆلەکانیان. لە ئێرانیش، لە تاران، مەشهەد، کەرەج، ئیسفەهان و کرمان و چەند شار و ناوچەیەکی دیکە مانگرتن راگەیێندرا. تاوەکو ئێستا لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتن دەستیپێکردووە و ئەگەری هەیە لە نیوەڕۆ و ئێوارەی ئەمڕۆیشەوە خۆپێشاندانی گشتی دەستپێبکات.
هاوڵاتی یەکێتی ئەوروپا سزادانی ژمارەیەک بەرپر و فەرماندە و دامەزراوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی راگەیاند. یەکێتی ئەوروپا ئێوارەی دوشەممە رایگەیاند؛ بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندان و مەرگی ژینا ئەمینی 29 بەرپرس و فەرماندەی سەربازیی ئێران و سێ دامەزراوەی سەر بە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی سزا داوە. لە ناو لیستی سزاکانی ئەوروپا ناوەی فەرماندەکانی سوپای پاسداران و سوپای فەرمیی ئێران و ئەو ئەفسەرانەی پۆلیسی ئەخلاقی تاران هەیە کە دەستیان هەبوە لە دەستگیرکردنی ژینا ئەمینی. ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران و کەیومەرس حەیدەری فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی سوپا و کەناڵی پرێس تیڤی کە بە زمانی ئینگلیزی پەخش دەکات و زمانحاڵی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ژمارەیەک دامەزراوەی بەسیج و سوپای پاسداران لە لایەن ئەوروپاوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە. جۆزێپ بۆڕێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە کاتی راگەیاندنی سزاکاندا، وتی: ئێمە پشتگیریی خەڵک و خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە لە ئێران دەکەین و هاوکات ئانالینا بەیربوک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەو سزایانەی یەکێتی ئەوروپا پەیامێکی راشکاوە بۆ رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران. لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ئێرانی بەهۆی سنوردارکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت سزا داوە . سزاکانی یەکێتی ئەوروپا سێ فەرماندە باڵای پۆلیسی ئەخلاقی لە ئێران گرتوەتەوە .
هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، جێبەجێکردنی بەرنامە حکومییەکەی لانیکەم سێ ساڵی پێویستە و چینی ھەژاریش ناتوانێت چاوەڕوانی بەرنامەیەکی درێژخایەن بکات. محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ھەموو ئاستەنگ و قەیران و کێشە کەڵەکەبووەکانیان لەبەرچاوگرتووە و دەزانن رێگەیەکی سەختیان لەبەردەمدایە، بەڵام بەرنامەیەکی حکومی تۆکمەیان داڕشتووە و بەھەموو توانایەک کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن، وتیشی، جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەی کارەی ھەیانە لانیکەم سێ ساڵی پێویستە. سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، چینی ھەژار و کەمدەرامەت چیتر توانای چاوەڕوانیی جێبەجێکردنی بەڵێنی گەورە و بەرنامەی درێژخایەنیان نییە، لەو روانگەیەشەوە بەرنامەی کارەکەیان داڕشتووە و کاری لەپێشینەشیان جێبەجێکردنی ئەو خاڵ و بڕگانە دەبێت کە پەیوەندی راستەوخۆیان بە ھاوڵاتییانەوە ھەیە، بە تایبەتیش ھەژاران.
هاوڵاتی لهڕاگهیهندراوێکدا وهزارهتی بهرگری حکومەتی بەریتانیا بڵاویکردەوە، لەمساڵدا زیاتر لە ٤٠ ھەزار کۆچبەر کەناڵی ئینگلیزیان بەرەو بەریتانیا تێپەڕاندووە، لەندەن و فەڕەنساش ھەوڵی رێککەوتنێک دەدەن بۆ روبەڕوبوونەوەی کۆچی نایاسایی. وەزارەتی بەرگری بەریتانیا رایگەیاندووە، ئەمساڵ ٤٠ ھەزار و ٨٨٥ کۆچبەری نایاسایی کەناڵی ئینگلیزیان بەرەو بەریتانیا تێپەڕاندووە، کە زۆربەیان خەڵکی ئەلبانیا و ئێران و ئەفغانستانن، ئامارەکەش لە ساڵی رابردوو زۆر بەرزترە، بەوپێیەی لە ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە ٢٨ ھەزار کۆچبەر ئەو کەناڵەیان بەرەو بەریتانیا تێپەڕاندبوو. ھەر بەپێی ئامارەکانی حکومەتی بەریتانیا، لە ساڵی ٢٠١٨ نزیکەی ٣٠٠ کۆچبەر کەناڵی ئینگلیزیان تێپەڕاندووە، لە ساڵی ٢٠١٩ ژمارەکە بۆ زیاتر لە ھەزار و ٨٠٠ کەس بەرزبووەتەوە و لە ساڵی ٢٠٢٠ گەیشتووەتە ٨٤٦٦ کۆچبەر. ھاوکات "ریشی سوناک" سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش رایگەیاندووە، سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانێکی نوێن لەگەڵ "ئیمانوێل ماکرۆن" سەرۆکی فەڕەنسا بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی.
