ئیمان زەندی   خۆشكردنی پێستەی ئاژەڵ لەهەرێمی كوردستاندا هێشتا نەبووەتە پیشەسازیەكی فراوان و لەخواروو ناوەڕاستی عێراق هاوردەی هەرێم دەكرێت و لەڕێگەی كارگەیەكەوە رەوانەی توركیا دەكرێت. پێستەی ئاژەڵ لەژیانی ئاژەڵدا بەیەكێك لەو ئۆرگانانە هەژمار دەكرێت كەپارێزگاری لەناوەوەو دەرەوەی لاشەی ئاژەڵەكە دەكات لەمیكرۆبەكان و شانەكانی ناوەوەی بەتەڕی دەهێڵێتەوە، لەدوای كوشتاركردنی ئاژەڵەكە پێستەكەی لەیەكێك لەكارگەكانی كوردستان خۆشدەكرێت، هەندێكی دیكەشی بەهۆی بەركەوتنی دەمەچەقۆو نەخۆشی ئەو پێستانە ژێر خاك دەكرێن. كەمال ئەحمەد سیدۆ، خاوەن و بەڕێوەبەری كارگەی خۆشكردنی پێستە لەدهۆك سەرەتای دامەزراندنی كارگەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1997 و باس لەوە دەكات بیرۆكەی دامەزراندنی كارگەكەی دەگەڕێتەوە بۆ وانەیەك لەپۆلی پێنجی سەرەتایی، ئەو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» كاری ئاژەڵداری و قەسابیم كردووە، لەدوای نەوت پیشەسازی پێستە و خوری و ریخۆڵەیە وەبەرهێنانی گرانە، بەڵام كەموكوڕی هەیە، چونكە پەرە بەم پیشەسازیە نادرێت، ئێمە بووین یەكەم باری پێستەی خۆشكراوی رەشەوڵاخمان ناردووە بۆ توركیا». هێمای بۆ ئەوەشكرد كە لەسەدا 80%ی پێستەی كوردستان فڕێ دەدرێت بەهۆكاری ئەوەی چاودێری باش ناكرێت و پێستەكە بەر دەمەچەقۆ دەكەوێت و دەدڕێنرێت، وتیشی:»پێستەی كوردستان بەراورد بەپێستەی پارێزگاكانی عێراق كوالێتی باشترە، بەڵام بەهۆی كەمتەرخەمی كەڵكی لێوەرناگیرێت و ژێر خاك دەكرێت، بەوهۆیەوە ناچارین پێستەی عێراق بەپارە بكڕین». ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو كە بۆ كڕینی یەك كیلۆ پێستەی رەشەوڵاخ 80 سەنت دەدەن، بۆ پێستەی ئاژەڵی بچووكیش 50 سەنت، پێستەی هاوردەش ریخۆڵەكەی بە سێ دۆلار دەكڕن. «هەموو خوریەكان فڕێ دەدەین، چونكە هیچ كارگەیەك نیە بۆ بەكارهێنانەوەی، لەساڵی 2014 داوامان لەحكومەتی كوردستان كرد زەویەكمان بۆ دابینبكەن رەزامەندی وەزارەتیشمان هەیە پێمان نادەن، رۆژانە دوو تۆن خوری فڕێ دەدەین».، بەڕێوەبەری كارگەی خۆشكردنی پێستە لەدهۆك وا دەڵێت. كەمال سیدۆی لەم گفتوگۆیەی هاوڵاتیدا باسی قۆناغەكانی خۆشكردنی پێستە دەكات كە دوای ئەوەی پێستە ساغەكان كۆدەكەنەوە دوو كاتژمێر لە ئاوو خوێدا دادەنرێت،  دواتر لەخوریەكە جیایدەكەنەوەو مەوادی كیمیایی بۆ زیاد دەكەن تاخوریەكە لێبكەنەوە ئەم هەنگاوەشی بە (نیكڵ) ناوبرد. هەنگاوی دووەمی پێی دەڵێین (كرۆم) كە رۆنی ماسی و سابونی بۆ ئیزافە دەكەن لەگەڵ كرۆم پاشان دەبێت بەماددەیەكی خام و دواتر رەنگكردنیەتی كە رەنگی (رەش، قاوەیی، جۆزی، سور، سەوز) زۆرترین خواست لەسەر رەنگی رەشەو ئەستوری و رەنگی پێستەكە بەخواستی كڕیاران دیاری دەكەن. لەكارگەی دهۆك رۆژانە سێ هەزارو 200 مەڕو هەزار و 200 بزن لەگەڵ 15 تۆن چەرمی گا پێستەكەی خۆش دەكرێت، بۆ خۆشكردنەكەش نزیكەی 102 ماددە بەكاردەهێنرێت، ئەوانەش نۆڕە و زەرنیخە لەگەڵ خوێ، ...هتد، بۆ هەزارو 500 پێستە نزیكەی 30 كیلۆ زەرنیخ لەگەڵ 15 كیلۆ نۆڕە بەكاردێت، لەگەڵ 105 كیلۆ خوێ، بەڵام مانگانەش 66 هەزار پێستە فڕێ دەدەن. ئاماری ساڵانەی هەناردەكردنی بەرهەمی پێستە لەكارگەی دهۆك 960 تۆنە، 240 تۆنیان پێستەی ئاژەڵی بچووكە و 720 تۆنەكەی تر ئاژەڵی گەورەیە،  وتیشی:» یەك پێستە بەدوو دۆلار دەفرۆشرێتەوە، باجی گومرگی بۆ یەك تۆن پێستە 50 هەزار دینارە، بەهای رسوماتیش بۆ 26 تۆن نزیكەی یەك ملیۆن و 400 هەزار دینارە. كارگەی دهۆك پێستەی خاوو نیوخۆشكراو و خۆشكراو هەناردەی وڵاتانی توركیاو ئیتاڵیاو ئیسپانیا لەگەڵ چین و كۆریاو تایوان دەكات، لەكارگەی دهۆك بەرهەمی پێستەی رەشەوڵاخ و گامێشی خۆشكراوی كارگەكە بەكاردەهێنرێتەوە بۆ دروستكردنی قایش، بۆ مانگیك 15 هەزار قایش بەرهەم دەهێنرێت بۆ ساڵەكە 180 هەزار قایش دەكات، ئەم بەرهەمەش بۆ ناوخۆی هەرێمە. بەپێی ئەو داتاو ئامارەی هاوڵاتی لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم دەستی كەوتووە لەساڵی 2021دا 25 هەزار و 378 تۆن پێستەی خاو (خۆشنەكراو)و 394 تۆن پێستەی نیمچە خۆشكراو لەگەڵ 938 تۆن پێستەی خۆشكراو هەناردەی دەرەوەی كوردستان كراوە، هەروەها 306 تۆن پێستەی خۆشكراویش هاوردەی هەرێم كراوە. لەبارەی پەرەسەندنی پیشەسازی پێستەو نەبونی كارگەی پێویست فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامان و ئاژەڵ لەوەزارەتی كشتوكاڵ لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» نایشارینەوە یەكێك لەكێشەكانی پیشەسازی پێستە و خوری لەكوردستان ئەوەیە  كارگەی پێویستی نیە، هیچ بەربەستێك نیە كارگە لەكوردستان بێتە پێشەوە، بەڵام دامەزراندنی كارگە جۆرێك لە ریسكی تێدایە كەخاوەن كارگە تووشی دەبێت و توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەو ریسكانەی نابێت». هەروەها ئەوەشی روونكردەوە كە چاویان لەسەر ئەوەیە قۆناغی دوای خۆشكردنی پێستەی ئاژەڵ بكەوێتە كار لەهەرێمی كوردستاندا. لەبارەی ئەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم چۆن كاری كردووە لەسەر هێڵە گشتیەكانی بواری كشتوكاڵی فیراس وتی:» لەسێ ساڵی دەستبەكاربونی كابینەی نۆیەم خۆبژێویمان تێپەڕاندووەو ئێستا زیادەمان هەیە لەم بەرهەمە، لەكەرتی ئاژەڵداریش داواكارییەكی زۆر هەیە لەسەر دامەزراندنی پڕۆژەكانی سامانی ئاژەڵ و پاڵپشتی كراون لەیاسای گومرگی بۆ مەوادی عەلەف». دەستەی وەبەرهێنەران دامەزراندنی كارگەو ئەم پڕۆژانەیان راگەیاندووەو پشتگیری ماددی و زەوی دەكرێن. هێمن هەینی بەرپرسی راگەیاندنی دەستەی وەبەرهێنان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند:» خواستی پێستە لەكوردستان كەمە، وەكو هەلی وەبەرهێنانی نوێ هەلمان رەخساندووە بۆ دامەزراندنی كارگەی پێست خۆشكردن لەكوردستان، چەند كارگەمان لەشارەكانی كوردستان و پارێزگاكان دابینكردووە بۆ ئەوەی وەبەرهێن كاری لەسەر بكات، بەڵام بازاڕەكە هێشتا ئەوە نیە كارگەی گەورە دروست بكەیت بۆ دروستكردنی جل و چەرم». هەروەها ئەوەشی روونكردەوە كە لەماوەی سێ ساڵی كابینەی نۆیەمدا زۆرترین مۆڵەت دراوە بەكارگە پیشەسازییەكان و وەبەرهێنەر و ژمارەی مۆڵەتەكانیش 59 مۆڵەتە و بەبەهای 20 ملیار دۆلار وەبەرهێنان كراوە، زۆرترین كارگەش لەهەولێر دامەزراوە. «زۆرترین زەوی دابینكرابێت بۆ كارگەی پیشەسازی 200 هەزار مەتر دووجا بووەو بەهاكەی زیاتر لەملیارێك دۆلار بووە، هەروەها وەبەرهێن داوایان بۆ دەستەی وەبەرهێنان بەرزكردوەتەوە كەكارگە لەهەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە لەگەڵ دوو كارگە لەدهۆك دابمەزرێنرێت، بەمەش پێنج پرۆژە پێشكەش كراوەو داوای چوار كارگەی چەرمیش كراوە». هێمن هەینی وادەڵێت. لەكوردستان پێنج كارگەی خۆشكردنی پێستە هەیە كە تەنها یەكێكیان كاردەكات، لەگەڵ سێ كارگەی چەرم. پێستەی ئاژەڵ بەكاردێت بۆ جلوبەرگ، پێڵاو، پێخەف، كورسی، كوشن، باشترینیان چەرمی مانگایە، كە بۆ ئێكسسواراتی ناوماڵ و ئۆتۆمبێل بەكاردێت، پێستەی نێر باشترە لەپێستەی مێیەكەی، چونكە قەبارەی گەورەترە كەپێی دەوترێت چەرمی گا، هەرچی پێستی ئاژەڵی بچووكیشە بۆ ئێكسسواراتی جانتاو پێلاوی خانمان بەكاردێت. بەپێی ئامارێكی فەرمی كە هاوڵاتی دەستی كەوتووە لەلێپرسراوی كەرەنتینەی هەموو پارێزگاكان بۆ ساڵی 2021 و سێ مانگی ئەمساڵ 355 هەزار و 282 سەر ئاژەڵ هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە، بەپێی ئاماری سەرۆكی بەشی تەندروستی ئاژەڵی هەرێم 32 كوشتارگە هەیە لەهەرێمی كوردستان. لەكوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی ئامێری تایبەت بەداماڵینی پێستەی ئاژەڵ هەیە كە پێستەكە تووشی هیچ دڕاویەك ناكات. د.شاڵاو عارف پسپۆڕی ڤێتێرنەری لەكوشتارگەی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»پێستەی ئاژەڵ لەكوشتارگەكانەوە دەگیرێ، سلێمانیش لەهەموو كوشتارگەكانی دیكەی كوردستان زۆرترین بەرهەمی پێستەی هەیە، چونكە ئەم ئاژەڵانە بەئامێری تایبەتی پێستەكانیان دەدەماڵین هیچ زیانێكی بەرناكەوێت». هەروەها وتیشی: «پێستەی ئاژەڵ بەهیچ جۆرێك ناسوتێنین، چونكە چەرمی مانگا هەمیشە فرۆشی هەیە، چەرمی یەك ئاژەڵی گەورە نزیكەی 50 كیلۆیە كەمتر لە 10 هەزار دینار دەكات، پێستی ئاژەڵی بچووكیش پێنج كیلۆیە زیاتر دەكڕدرێتەوە بۆ چەوریەكەی، بەڵام پێستەكەی سودی لێنابینرێیت و فڕێدەدرێت، چونكە نیمچە رەقە». جەبار ئیسماعیل بازرگانی پێستەی ئاژەڵە لەهەولێرو لەساڵی 2000ەوە بازرگانی هەناردەكردنی پێستەی خاو دەكات بۆ دەرەوەی كوردستان، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:» بەپێی رۆژ كەوتووە كەپێستە بفرۆشین، رۆژی وا هەیە 200 پێستە، رۆژی تر 150 پێستە، رۆژانی پشوو كوشتارگە نیە هیچ پێستەیەك ناكڕین و نایفرۆشین». كێشی پێستەكان لەنێوان 10 بۆ 15 كیلۆیەو یەك پێستە بەسێ هەزار دەكڕینەوە لەكوشتارگەكان، بەسێ هەزارو 500 بۆ چوار هەزارو 500 پێستەو ریخۆڵە دەفرۆشینەوە بەكارگەكانی ناوخۆو دەرەوە، لەهەولێر 22 كەس بازرگانی بەپێستەوە دەكەن، چەند قەسابخانە هەبێت لەگەڵ مەیدانی ئاژەڵان ئەوەندە بازرگانی پێستە دەكرێت.

هاوڵاتی دوای هەشت ساڵ لە ژیانی سەختی ئاوارەیی دانیشتوانی كامپی خانكێ‌ لە دهۆك، حكومەت ڕازەمەندی دەڕبری بۆگوڕینی خێوەتەكانیان بە بلۆك، بەڵام لەسەر حسابی خۆیان، ئەمەش بۆ كەمكردنەوەی روداوەكانی ئاگركەوتنەوەیە لەناو كەمپەكاندا. پیر عەلو كەچەل بەرێوەبەری كەمپی خانكێ بە هاوڵاتی ی وت"دوای لێكوڵینەوەیەكی وورد لەسەر روداوەكانی ئاگركەوتنەوە و لەپێناو پاراستنی گیانی ئاوارەكان،ئیدارەی پارێزگای دهۆك بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا خێرخوازی بارزانی و نەتەوەیەكگرتوەكان بڕیاردرا ئاوارەكان دەتوانن خێوەتەكانیان بگۆڕن بۆ بلوك، هەر ئاوارەیەك بیەوێت خێوەتەكەی بگۆرێت پێشتر ئاگادارمان دەكاتەوە تا ئێمە رێنمایەكانی خۆمان بدەینێ و لەسەر حسابی خۆیان دەیگۆڕن". پیر عەلو كەچەل وتیشی:"بەدڵنیایەوە  روداوەكانی ئاگركەوتنەوە زۆر كەمتر دەبنەوە، چونكە پێشتر خێوەت بۆ لەكاتی ئاگركەوتنەوە هەر زوو ئاگرەكە تەشەنەی دەكرد و زیانی زۆر بەر ئاوارەكان دەكەوت". لە هەرێمی كوردستان 26 كامپی ئاوارەیی هەن، كە16كەمپیان دەكەونە پارێزگای دهۆك،664 هەزار ئاوارە هەن  42لەسەدی لەسنوری پارێزگای دهۆك-ن.

  هاوڵاتی سەرکردەیەکی (چوارچێوەی هەماهەنگی) شیعەکان پێشوازی لەبانگهێشتنامەکەی سەرۆکی هەرێم دەکات بۆ کۆبونەوە لەهەولێر و چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسییەکان. لەوبارەیەوە ئەحمەد ئەسەدی و وتەبێژی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پەیامێکدا لە تویتەر دەڵێت، “جەختدەکەینەوە لە کرانەوە بەڕووی لایەنەکاندا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و گەیشتن بە چارەسەرێکی واقعی کە پشت بە دەستوور و یاسا و بەرژەوەندیی گەلی عێراق ببەستێت”. دەشڵێت"پێشوازى لە بانگهێشتەکەى برامان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەکەین بۆ دیالۆگى نیشتمانى". ئەوە لە كاتێكدایە دوێنێ یەکشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “به‌ نيگه‌رانييه‌كى قوڵه‌وه‌ له‌ دۆخى سياسيى عێراق و پێشهاته‌كانى ده‌ڕوانين، داوا له‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌ ناكۆكه‌كان ده‌كه‌ين ئه‌وپه‌ڕى دان به‌ خۆياندا بگرن و بۆ چارسه‌ركردنى كێشه‌كان گفتوگۆى ڕاسته‌وخۆ ده‌ستپێبكه‌ن”. وتیشی" هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌شێك ده‌بێت له‌ چاره‌سه‌ر، بۆيه‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى عێراق بانگهێشت ده‌كه‌ين بێن له‌ هه‌ولێرى پايته‌ختى دووه‌ميان ده‌ست به‌ گفتوگۆيه‌كى كراوه‌ى كۆكه‌ره‌وه‌‌ بكه‌ن و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندييه‌ باڵاكانى وڵات بگه‌نه‌ لێكگه‌يشتن و ڕێككه‌وتن. هيچ كێشه‌يه‌ك نييه‌ به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت”.

هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی وەڵامی موقتەدا سەدر دەداتەوە كە داوای شۆڕشی لە خۆپیشاندەران كردووە و هاوكات داوا لە سەرجەم لایەنەكان بە تایبەتیش لە ڕەوتی سەدر دەكات بە گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكەن. چوارچێوەی هەماهەنگی لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت:" دۆخەكە خەریكە سەردەكێشێت بۆ كودەتا بەسەر شەرعیەتی دەستوور و هەڵبژاردندا". هەروەها ئاماژە بەوەشدەكات، "ئەم دۆخەی ئێستا كودەتا خوێناوییەكان بەبیر دەهێنێتەوە". ئاشكراشیدەكات: داوای گفتۆگۆ لە سەرجەم لایەن و هێزە سیاسییەكان بە تایبەت برایانی رەوتی سەدر دەكەین". چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەنراوەكەیدا باس لەوەشدەكات: " بەداخەوە پەرەسەندنی گرژییەكان گەیشتۆتە ئاستێك بانگەوازی كودەتا بەسەر گەل و دەوڵەت و دامەزراوەكانی دەكرێت و ئەمە كودەتایە بەسەر شەرعییەت و دەستووردا كە زۆرینەی رەهای گەل دەنگی پێداوە". جەختیش لەوەكردەوە: " گەلی عێراق بەمە رازی نابێت، ئەمە داوای یەك هێزو كوتلەی سیاسییە كە نوێنەرایەتی هەموو گەلی عێراق ناكات و ئێمە لەگەڵ گەلی عێراقین، بەرگری لە مافی هاونیشتمانییان و شەرعییەتی دەوڵەت و پرۆسەی سیاسی دەكەین". راشیگەیاند: "هەر كەس و لایەنێك ڕاو پرۆژەی هەیە بۆ هەمواری دەستوور رێگەپێدراوە لە چوارچێوەی دەستووردا پێشكەشی بكات".

هاوڵاتی   توركیا بەشێوەیەكی رانەگەیەنراو و پێش كۆبوونەوەی سێقۆڵی تاران، هێرشەكانی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان چڕكردووەتەوە بەنهێنی دەستی كردووە بەگواستنەوەی چەك و كەرەستەی سەربازیی بۆ ئەو ناوچانەی كە مەبەستییەتی كۆنتڕۆڵی بكات. ئەنقەرە بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە گڵۆپی سەوزی ئێران و روسیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نوێ لەباكوری سوریا بەدەستبهێنێت بەشێوازێكی دیكە هەوڵی بەدیهێنانی مەبەست و ئامانجەكانی لە رۆژئاوای كورستان دەدات بەتایبەت كە شەفاعەتەكەی ئەردۆغان بۆ ئێران دژی پەكەكە و پەژاك سەری نەگرت. ئەردۆغان لەتاران رایگەیاند:» پەكەكە و پەژاك و یەپەگەو پەیەدە دوژمنی هاوبەشی ئێران و توركیان، بۆیە پێویستە هەماهەنگیی زیاتر هەبێت لەنێوان ئەنقەرەو تاران بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو هێزانە، بەڵام سەرۆك كۆمارو رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران دژایەتیی ئاشكرای خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنە نوێیەكەی توركیا راگەیاند. توركیا لەساڵانی رابردوودا بەدروستكردنی هەزارو 400 كیلۆمەتر دیواری كۆنكرێت لەسنورەكانی نێوان باكوری كوردستان لەگەڵ رۆژئاواو رۆژهەڵاتی كوردستان هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجێكی سەرەكەییە بەدەر لەهێرشكردنە سەر پەكەكە ئەویش دابڕینی زیاتری خاكی كوردە.  لەبەرامبەردا ئێران بەهۆی ئەوەی سیاسەت و ئامانجی خۆی هەیە لەناوچەكەدا بەپێی پلانەكانی ئەنقەرە هەڵسوكەوت ناكات، بەڵام دواجار ئەویش بەردی خۆی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسنگ دەدات بەتایبەت كە ئەو دوو وڵاتە دوو ركابەری دێرینن لەناوچەكەو بەشێكی سەرەكیی ململانێكانیشیان لەسەر خاك و خەڵكی كوردە.   داواكاریی سەرەكیی ئەردۆغان لەتاران رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەحەوتەمین كۆبوونەوەی لوتكەی سەركردەكانی گفتوگۆی ئەستانە كە (20/7/202) لە تاران-ی پایتەختی ئێران بەڕێوەچوو، رایگەیاند:» پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژاك) و پارتی یەكیتی دیموكراتی (پەیەدە) و یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و لایەنگران و ئەندامانی گروپی فەتحوڵڵا گویلەن (فەتۆ) كێشەی سەرەكیی توركیاو ئێرانن، بۆیە دەبێت ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە بەهاوبەشیی كار بكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەیان. ئەردۆغان لەكۆنگرە هاوبەشەكەی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران سەرجەم ئەو رێكخراوانەی بەتیرۆریست ناوبردو وتی:» ئەو رێكخراوانە بەهەوڵی توركیا خراونەتە لیستی تیرۆری وڵاتانی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) چونكە لەهەر وڵاتێك بن زیان بەو وڵاتانە دەگەیەنن». سەرۆك كۆماری توركیا جەختی لەوە كردەوە یەكێك لەسەرەكیترین ئامانجەكانی حەوتەمین كۆبوونەوەی لوتكەی سەرۆكەكانی گفتوگۆكانی ئەستانە واتە تاران و ئەنقەرەو روسیا، رووبەڕووبوونەوەی ئەو لایەنانەیە كە ئەو بەتیرۆریست ناوی هێناون. ئەردۆغان هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا لەگەڵ رەئیسی وتی:»  توركیا پلانی هەیە بۆ بەرزكردنەوە ئاستی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران بەتایبەت لەبوارەكانی (سیاسیی، سەربازیی، بازرگانی، كەلتوریی) و پێداگریی لەوەش كرد كە توركیا لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا هەنگاوی گەورەی لە رووی ئابوریی و بەرگرییەوە ناوەو ئەوەش دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبونەوەی ئاستی پەیوەندییە سەربازیی و پیشەسازییەكانی بەرگریی لەگەڵ ئێران. ئەو ئاشكرای كرد بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاستی بازرگانیی نێوان توركیاو ئێران بۆ حەوت ملیارو 500 ملیۆن دۆلار دابەزیوە، بەڵام ئەنقەرەو تاران پلانیان هەیە ئاڵوگۆڕی بازرگانییەكانیان بۆ 30 ملیار دۆلار لەساڵێكدا بەرزبكەنەوە. ئەوەی زۆر مایەی سەرنج بوو لەلێدوانە رۆژنامەوانییەكەی ئەردۆغان لەگەل رەئیسی، ئەوە بوو كە ئەو جەختی لەوە كردەوە توركیا لەبواری پیشەسازیی سەربازیدا پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوەو پێویستە ئەنقەرەو تاران لەبواری سەربازیدا هەماهەنگتربن زیاتر لە رابردوو هاوكاریی یەكتر بكەن.   شكستی ئەردۆغان لەحەوتەمین كۆبوونەوەی سێ كوچكە ئەردۆغان لەوتارەكەیدا لە كۆبوونەوەی لوتكەی سێ وڵاتی روسیا و توركیا و ئێران كە بەسێ كوچكە ناودە‌هێنرێن رایگەیاند:» پێویستە توركیا بەئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی دیكەی سەربازیی بەقوڵایی 30 كیلۆمەتر لەخاكی سوریا مەترسییەكانی سەر ئەنقەرە بڕەوێنێتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەیدا پوتن و رەئیسی هەردووكیان بەسەر زارەكی ئاسایشی توركیایان بەگرنگ و مافی خۆی وەسف كرد هیچ یەك لەو دو وڵاتە بەئاشكرا باسی رەوایەتیی ئۆپەراسیۆنەكەیان نەكرد». لەلایەكی دیكەوە عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران لەكاتی كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان رایگەیاند:» ئەنجامدانی هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لە سوریا و باكوری ئەو وڵاتە زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی تەنانەت توركیا دەگەیەنێت كە وتەكەی خامنەیش دژایەتییەكی ئاشكرای ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی بوو كە ئەردۆغان چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی لە لایەن روسیا و ئێرانەوە دەكرد». رۆژنامەی (عەرەبیە جەدید)ی قەتەر-ی بڵاوی كردووەتەوە؛ ئێران و روسیا بەئاشكرا دژی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا لەناوچەكانی باكوری سوریاو رۆژئاوای كوردستان وەستاونەتەوە، بۆیە توركیا دەیەوێت بەشێوازێكی دیكە و لەرێگەی گروپە چەكدارە سورییەكانی نەیاری رژێم و هاوپەیمانی توركیا، هێرشەكان ئەنجام بدات. هاوكات لەگەڵ ئەو زانیارییەی رۆژنامەكە، میدیای (نۆرس پرێس) لەرۆژئاوای كوردستان لەزاری بەرپرسانی سەربازیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بڵاوی كردووەتەوە سوپای توركیا لەدوای كۆبوونەوەی سێ كوچكە لەتاران پێچەوانەی ئۆپەراسیۆنەكانی پێشووی، بە نهێنی چەكی قورس و زرێپۆش بۆ ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی چەكدارانی توندڕەو لەناوچەكانی باكوری سوریا دەگوازێتەوە. گومان دەكرێت توركیا ئۆپەراسیۆنەكەی بەشێویەكی رانەگەیەنراوو بەدەستی هێزە چەكدارە توندڕەوەكانی سوریا لەدژی كۆبانی و منبج و عەین عیسا لەرۆژئاوای كوردستان دەستپێبكات و هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی رێگای (ئێم 4) بدات بۆ ئەوەی كانتۆنی كۆبانێ و كانتۆنی جزیرە لەیەكتر داببڕێت.   ئێران لەئەدەنە تا سێ كوچكە ئێران كە پێشتریش لەساڵی 1998 بەهەوڵەكانی بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆن و جەنگی توركیا لەدژی سوریا ئەزموونی لەگەڵ ئەنكەرە هەیە خەمی سەرەكیی ئەوەیە كە خاكی سوریا كە بەسەنگەری سەرەكیی جەنگ لەدژی ئیسرائیل ناو دەبات و رەنگە پێگەی كورد لەسوریا بۆ تاران جێی بایەخێكی ئەوتۆ نەبێت چونكە هەنگاوەكانی ئێران بوو كە پەیمانی ئەدەنەی لەساڵی 1998 لێكەوتەوە و بووە هۆی ئەوەی توركیا بەپێی خاڵەكانی ئەو پەیماننامەیە مافی ئەوەی پێبدرێت پێنج كیلۆمەتر بچێتە خاكی رۆژئاوای كوردستان. توركیا لەساڵی 1996 هۆشداریی دەداتە رژێمی سوریا كە ئەگەر پەكەكە بەسەركردایەتیی عەبدوڵا ئۆجەلان لەخاكی رۆژئاوای كوردستان و سوریا دەرنەكرێت ئەوا هێرش دەكاتە سەر ئەو ناوچانە بەبێ گەڕانەوە بۆ رەزامەدنیی دیمەش، دوای نزیكەی دوو ساڵ سوپای توركیا بەتانك و زرێپۆش چووە سنورەكانی رۆژئاوای كوردستان ئەوەش وای كرد ئێران وەفدێكی وەزارەتی دەرەوە لەساڵی 1987 رەوانەی دیمەشق و دواتر ئەنقەرە بكات تا بەنێوەندگیریی رێگە لەسەرهەڵدانی جەنگی دوو وڵاتەكە بگرێت. دواجار 20ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1988 رێككەوتنێك لەنێوان توركیاو سوریا لەشاری ئەدەنە لەباكوری كوردستان واژۆ كرا كە بەپێی رێككەوتنەكە دیمەشق لەسەر داوای ئەنقەرە پەكەكە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی لەقەڵەم دەدات و عەبدوڵا ئۆجەلانیش لەرۆژئاوای كوردستان دەركراو ئەگەر توركیا هەركات لەسنورەكانی سوریاوە هەڕەشەی لەسەر بێت ئەوا سوپای ئەو وڵاتە دەتوانێت بە قوڵایی پێنج كیلۆمەتر بچێتە خاكی سوریا. ئێران لەو سەردەمە هاوشانی وڵاتی میسر رۆڵی بەرچاوی بینی لە رێككەوتنەكەدا و لەساڵی 2019 جارێكی دیكە مۆسكۆو تاران پێشنیاریان بەتوركیا كرد لەجیاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بگەڕێتەوە بۆ خاڵەكانی رێككەوتنی ئەدەنە، بەڵام دواجار توركیا بە بێگوێدان بەپێشنیارو گۆڕانكارییە 10 خاڵییەكەی ئەو رێككەوتنە، هێرشی كردەسەر رۆژئاوای كوردستان و داگیركردنی گرێسپی و سەرێكانیی لێكەوتەوە. توركیا لەساڵی 2017 و لەگەڵ یەكەم كۆبوونەوەی لوتكەی ئەستانە یان سێ كوچكە پێداگریی كردووە كە بەقوڵایی 32 كیلۆمەترو بەدرێژایی زیاتر لە 800 كیلۆمەتر بچێتە خاكی سوریا و رۆژئاوای كوردستان بەڵام لە رێككەوتنی ئەدەنە لەساڵی 1998 و دواتر لە 2019 پێنج كیلۆمەتر دیاریی كراوە بۆ ئەوەی سوپای ئەو وڵاتە بتوانێت ئەو سنورانە ببەزێنێت.   پەكەكەو ئێران ئێران هاوشانی توركیا پەكەكە بە رێكخراوێكی تیرۆریستی لەقەڵەمدا، بەڵام بەبەردەوامیی دەیەوێت وەك دوژمنێكی سەرەكیی ركابەرەكەی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو رێكخراوە بەرامبەر بەخۆی هەستیار نەكاتەوەو رەنگە هەرئەوەش وای لەئێران كردبێت لەدوای 1998 تا نزیكەی ساڵی 2004 نەیویستبێت هەستیارییەكی توند لەگەڵ رێكخراوەكە دروست بكات بەتایبەت كەدەزانێت رێكخستنەكانی پەكەكە لەقوڵایی بەشێكی بەرچاو لەناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بوونیان هەیەو پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) وەك بەشێك لەو هێزە لەقەڵەم دەدات. لەم سۆنگەیەوە بەریەككەوتنی پەكەكەو هێزە سەربازییەكانی ئێران لەئاستێكی بەرفراواندا هاوشێوەی شەڕ لەگەڵ توركیا نەبووە، ئەگەرچی لەماوەی ساڵانی رابردوودا دەیان ئەندام و لایەنگری پەكەكە و پژاك لەلایەن ئێرانەوە دەستگیركراون و ژمارەیەكیشیان لەسێدارە دراون بەڵام پێناچێت تاران پێی ناخۆش بێت هێزێكی لەو شێوەیە گورز لەتوركیای ركابەری بوەشێنێت ئەمەش وا دەكات تاران لەسنورێكی دیاریكراودا خۆی دووربگرێت لەهەستیاریی و بەریەككەوتن لەدژی  پەكەكە.   دیواری كۆنكرێتی توركیا دژی كورد سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی توركیا وتوویەتی :»لە كۆتاییەكانی ساڵی 2021ەوە سەرقاڵی دروستكردنی دیواری كۆنكرێتن لە سنورەكانی نێوان وڵاتەكەی و ئێران». ئەو بەمیدیای فەرمیی توركیای راگەیاندووە» پێویست بوو 144 كیلۆمەتر لەخاڵی سنوریی نێوان باكوری كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان بەدیواری كۆنكرێت بكرێت لەپێناو پاراستنی وڵاتەكە لەهەڕەشەی گروپە چەكدارەكان و زیانی قاچاخچییەكان». سۆیلۆ وتوویەتی:»توركیا هاوشێوەی ئەو دیوارەی لەسنورەكانی وڵاتەكە لەگەڵ ئێران دروستی كردووە لەسنورەكانی جۆرجیاو ئەرمینیا لەگەڵ توركیاش هەمان دیواری كۆنكرێتی دروست دەكات و بەسیستمی ئەلیكترۆنیی و بەوردیی ئەو سنورانە چاودێریی دەكرێن». سنوری نێوان ئێران و توركیا 535 كیلۆمەترە كە زۆرینەی ئەو هێڵە سنورییە دەكەوێتە نێوان باكور و رۆژهەڵاتی كوردستان و بڕیارە 341 بنكەی پاسەوانیی تێدا جێگیر بكرێت و بەپێی پلانەكەی توركیا، سەرجەم ئەو سنورانە تاكۆتایی ساڵی 2023 دەكرێتە دیواری كۆنكرێت. میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی كردوەتەوە لێدانی خەندەق و دیواری كۆنكرێتیی لەلایەن توركیاوە بووەتە هۆی دروستبونی لافاوو تێكدانی تۆپۆگرافیای ناوچەكەو بەهۆیە ژمارەیەكی زۆر لەڕەشەوڵاخ و مەڕو ماڵاتی ناوچەكانی ماكۆ لەڕۆژهەڵاتی كوردستان لەناوچوون و جگە لەو زیانانەش ئەو سەرچاوە ئاوییانەی كە لەباكوری كوردستانەوە بەرەو رۆژهەڵات هاتووە و یان پێچەوانە، رێڕەوەكەیان تێكدراوە. توركیا نزیكەی 916 كیلومەتر سنوری هەیە لەگەڵ سوریا ئەویش زۆربەی دەكەوێتە ناوچەكانی نێوان رۆژئاوای كوردستان و باكوری كوردستان و تائێستا 837 كیلۆمەتر لەو سنورانە لەلایەن توركیا كراوە بەدیواری كۆنكرێت و تەلبەند كراون كەهاوكات بەسیستمی ئەلیكترۆنی و كامێرا چاودێریی ورد دەكرێت.   دیواری كۆنكرێت چەكی توركیا دژی كورد وەزارەتی بەرگریی توركیا بڵاوی كردووەتەوە بودجە وەزارەتەكە لەساڵی 2021 نزیكەی (69) ملیارد لیرەی توركی بووە كە بەنرخی ئەو سەردەمە دەكاتە 135 ملیار دۆلار لەكاتێكدا لەو ساڵەدا تەنها یەك ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەناوچەكانی نێوان باكوری كوردستان و هەرێمی كوردستان لەدژی پەكەكە ئەنجام داوە. وەزارەتی بەرگریی رایگەیاندووە ئەو بڕە لەبودجەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆو سنورەكانی وڵاتەكە تەرخان كراوە و بڕی دوو ملیارد لیرەش لەبواری «پاراستنی ئاشتیی»  لەوڵاتانی لوبنان و بۆسنیاو هێرزەگۆڤین و ئەفغانستان خەرج كراوە. بەچاوخشاندنێكی سەرەكیی دەردەكەوێت وەزارەتی بەرگریی توركیا لەو ساڵەدا زیاترین مەودای سنورەكانی لەگەڵ رۆژهەڵاتی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان كردووە بەدیواری كۆنكرێت كەسەرجەم درێژییەكەی ئەو سنوورانە دەگاتە زیاتر لەهەزار و 450 كیلۆمەتر. توركیا بەبیانوی پاراستنی وڵاتەكەی بە دروستكردنی سنوری كۆنكرێت كورد لەسێ پارچەی كوردستان زیاتر تووشی دابڕان دەكات و ئەوەش بەئامانجی بەدیهێنانی پلانەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لەئێستا زیاتر بەرۆكی رۆژئاوای كوردستان و داوتریش هەرێمی كوردستانی گرتووە.  

هاوڵاتی  ١٠٢ پەرلەمانتار لە پارتە جیاوازەكانی فەرەنسا دەڵێن:" شەڕانگێزییەكانی ئەردۆغان هەڕەشە لە سەقامگیریی خۆهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی ئەوروپا دەكات و داوا دەكەن، ئاسمانی باكوری سوریا بە ڕووی توركیادا دابخرێت". بە سەرۆكایەتیی سیناتۆر لۆرێنس كۆهێن ئەندامی حزبی كۆمۆنیستی فەرەنسا ١٠٢ پەرلەمانتار لە پارتە جیاوازەكانی فەرەنسا بەیاننامەیەكی هاوبەشیان لەسەر هەڕەشە و داگیركاریی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر باكور و خۆرهەڵاتی سوریا بڵاوكردەوە. رایانگەیاند:" دوای هەڵگیرسانی شەڕی ڕوسیا لە دژی ئۆكرانیا، ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا سوود لە بارودۆخی ئاڵۆزی جیهان و بێدەنگی میدیا نێونەتەوەیەكان وەرگرتوە و پلانی داناوە هێرش بكاتە سەر كورد لە باكوری سوریا". پەرلەمانتارانی فەرەنسا ئاماژە بۆ ئەوەشدەكەن:" لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا سەرەڕای خراپی بارودۆخی جەنگ، گەلی كورد، عەرەب، ئاشووری- كلدانی، ئەرمەنی و هەموو گەلانی دیكە پێكەوە دەژین و هەوڵ دەدەن سیستمێكی دیمكرایتك، فمینیست و ژینگەپارێزی دابمەزرێنن، ئەوان بە دیالۆگ بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی هەمیشەیی لە نێوان گەلان دا تێدەكۆشن". پەرلەمانتارانی فەرەنسا هێرشە داگیركارییەكانی ساڵی ٢٠١٩ی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر گرێ سپی و سەرێكانییان بەبیرهێنایەوەو ئاشكرایدەكەن: "چیتر نابێت وڵاتانی ڕۆژئاوا سەیری تاوانی جەنگ و پێشێلكارییەكانی سوپای تورك بكەن". ئەو پەرلەمانتارنەی فەرەنسا تەئكیددەكەنەوە: " كە تێكۆشانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە دژی داعش لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە بە ئەرێنی هەڵسەنگێندرا"، هەروەك و داوایان لە دەوڵەتانی خۆئاوا و بە تایبەتی حكومەتی پاریس كرد: كە"ئەم دۆخە پەیوەندیی بە هەموومانەوە هەیە نەك هەندێك و دەبێت ئێمە ڕێگە بە سوپای ئەردۆغان نەدەین جارێكی تر هێرش بكاتە سەر هاوپەیمانە كوردەكانمان".  باس لەوەشدەكەن:" ئێمە لە بیرمان ناچێت، كە هەزاران چەتەی جیهادیی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریادا دەستگیركراون، قبوڵكردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەكەی ئەردۆغان بۆ داگیركەری لە دژی باكوری سوریا بە واتای ناسەقامگیركردنی ناوچەكە و دروستكردنی مەترسییەكی جدییە لەسەر ئاسایشی ئەوروپا". پەرلەمانتارانی فەرەنسا دەڵێن:" ئێمە وەك پەرلەمانتارانی خاوەن بۆچوونی سیاسیی جیاواز لە فەرەنسا، سیاسەتی شەڕانگێزانەی ئەردۆغان شەرمەزار دەكەین و داوا لە سەرۆك و بەرپرسانی ئەوروپا دەكەین، كە خاوەن هەڵوێست بن". بەمەبەستی قەدەغەكردنی ئاسمانی باكوری سوریا و پاراستنی كوردانی سوریا لەئاستی نێودەوڵەتیدا ئەو ١٠٢ پەرلەمانتارەی فەرەنسا داوایان لەدەوڵەتە ئەندامەكانی یەكێتیی ئەوروپا و فەرەنسا كرد:" لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەركردنی هەمیشەیی لە ناوچەكە بگرنە بەر". داواشیانكرد" قەوارە و كیانی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا لە ئاستی نێونەتەوەیدا دانی پیادا بنرێت و بناسرێت".  

‎كاوە ڕەش   دوای چەندین گەڕ لەهەڵبژاردن و دەنگدانی پارلەمانتارانی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتداری بەریتانیا، ئێستا تەنها دوو كاندید پێشبێڕكێ دەكەن بۆ  گرتنەدەستی  دەسەڵاتی بینای ژمارە١٠ ی سەرۆك وەزیران. هەردوو  كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی بەریتانیاو سەرۆكی پارتی پارێزگاران، بەڵێن دەدەن كەبەردەوام دەبن لەو پلانەی حكومەتی بەریتانیا بۆ ڕەوانەكردنی پەناخوازان بۆ ڕواندا. بەپێی  ڕێكەوتنامەی  واژۆكراوی نێوان ڕوانداو بەریتانیا، لەئێستادا بڕی ١٢٠میلۆن پاوەندی لێ دراوەتە ڕواندە، بۆ حەوانەوەی ئەو پەناخوازانەی بەنایاسایی دەگەنە بەریتانیا. وەزیری خەزێنەی پێشوو، و وەكاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی بەریتانیا، ڕیشی سوناك، ڕایگەیاند: هەموو هەوڵێكی جدی خۆی دەخاتەگەڕ، بۆ جێبەجێ كردنی ئەو پلانەی حوكمەت، كەواژۆكراوە بۆ دیپۆرتكردنی پەناخوازان بۆ ئەفریقا. سوناك ئەماژە بەوەشدەدات، كەهەمووان دەزانن سیستەمی ئێستای پەناهەندەیی دەبێ ڕێكبخرێتەوەو سنورەكان كۆنتڕۆڵبكرێت و ناكرێ خەڵكی بەریتانیا، تەنها تەماشاكاربێت لەهاتنی بەلێشاوی بەلەمی چوپی پڕ لەپەناخوازی نایاسایی ، لەكاتێكدا پاسەوانەكانی سنورپارێز نەتوانن ڕێگری بكەن و تەنها تەماشاكاربن بەهۆی بڕیارەكانی دادگای وڵاتانی ئەورپا.  سوناك دەڵێ، ئێمە دەبێ بزانین كێ پەناخوازی لێوەشاوەیەو پێویستی بەپاراستنی جدی هەیە، بۆ ئەوەی پێشوازی لێ بكەیەن نەك پەناخوازی ئابوری، ئەوانەی بەدوای هەلی كاردا دەگەڕێن و بەوڵاتانی دیكەی سەلامەتی ئەوروپادا دەپەڕنەوە بۆ ئێرە. لەخاڵێكی دیكەی كۆنتڕۆڵكردنی كۆچی نایاسایی ئاماژەوە بەوە دەدات: كەلەگەڵ گەیشتنی كۆچبەران بەبەلەم، ڕووبەڕووی سزای زیندانی كردن بكرێنەوە، و هەرشوێنێكیش دەرفەتی كاری بۆ پەناخوازێكی نایاسایی ڕەخساند، ڕووبەڕووی سزای زیندانی و پێژماردن دەبێتەوە. سوناك دەڵێ، ئەگەر وڵاتانی هەژار و دۆست ئەو كۆچبەرانە وەرنەگرنەوە كەئێمە بەلێوەشاوەیان نازانین، ئەوە هاوكارییە مرۆییەكانیان لێ دەبڕین، كەساڵانە لەبودجەی هاوكاری بیانی پێان دەدرێت و لەڕووی مامەڵەی فیزاو بازرگانی، بێ بەشیان دەكەین. سوناك، پلانێكی 10 خاڵی ئامادەكردوە، بۆ بەرتەسكردنەوەو ڕێگری لەكۆچ نایاسایی و بەوتەی ئەو، هاوتەبایە لەگەڵ چەمكەكانی پەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا (ECHR). لەنوسیكدا لەڕۆژی یەكشەممەی تەلەگرافدا دەڵێ : "ئی سی ئاڕ ناتوانێت ڕێگە لەتوانای ئێمە بگرێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سنورەكانمان و نابێت ڕێگە بدەین دەست وەربداتە سیستەمی كۆچی ئێمەوە، چونكە هەستی گشتی بەریتانیا، پێویستی بە دەرمانێكی تەندروستە، بۆ ناو سیستەمەكە، وە ئەمە ئەو شتەیە كەپلانەكەم دەیكات. هەروەها ڕیشی سوناك، بەڵێن دەدات، كەئەو كۆچبەرانە بوەستێنێت كەبەڕێگای بەلەمە بچووكەكان لەفەرەنساوە دەگەنە بەریتانیاو دەڵێ، ئەولەویەتی دوای پێك هێنانی كابینەی نوێ،  ڕێكخستنی دیدارێكە لەگەڵ، ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا بۆداڕشتنی پلانێكی تۆكمەی كۆنتڕۆڵكردنی سنور. هاوكات لیز تراس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاو كاندیدی ڕكابەری ڕیشی سوناك، بۆ هەردوو پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیاو پارتی پارێزگارانیش دووپاتی دەكاتەوە، پابەند دەبێت بەپلانی ناردنی پەناخوازان بۆ ڕواندا و دەڵێت: دەخوازێت گۆڕانكاری لەبەشێكی پلانەكە بكات، بەزیادكردنی وڵاتانی دیكەش بۆ ناردنی پەناخوازی نایاسایی و پێی وایە، كاتی ئەوە هاتووە كەئەو سیستمە تێك شكاوەی ڕابردووی پەناهەندەیی ڕاست بكرێتەوە.  لیز تروس راشیگەیاند: دەبێ خۆمان بڕیاربدەین چەند پەناخواز وەربگرین و چۆن كۆنتڕۆڵی تەواوی سنورەكانمان بكەین، چونكە ڕایگشتی گەلی بەریتانیا،چیدیكە قبوڵی هاتنی بەلێشاوی پەناخوازان بۆ ووڵاتەكەمان ناكەن بەناو وڵاتانی دیكەی سەلامەتی ئەوروپاوە بۆ خاكی ئێمە.   خانمە لیز دەڵێ، لەئەگەری بونی بەسەرۆكوەزیران، هەوڵی تەواو دەدات بۆ ڕێگری كردنی (دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا) لەدەستوەردانی لەڕێگری كردنی بەردەوامەكانی بەریتانیا بۆ كۆنترۆڵكردنی سیاسەتی كۆچبەران. لەهەمانكاتدا هەوڵی هاتنەدەرەوە لەڕێكەوتنمای دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا دەدەم.  وەزیری دەرەوە  وتییشی توانای هێزی سنورپارێز بەڕێژەی 20٪ زیاد دەكات و ئاستی كارمەندانی هێزی دەریایی سەرسنور، بۆ دوو هێندە بەرزدەكاتەوە لەكەناڵە ئێشكگرەكانی بەریتانیا. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو سەیری هەموو بژاردەو تاكتیكە جیاوازەكانی دەكات، بۆ ڕێگریكردن لەپەڕینەوەی كۆچبەران بەشێوەیەكی نایاسایی. تەنانەت سەرباری گەڕانەوە بۆ تاكتیكی وەزیری ناوخۆ پریتی پاتێل، لەپلانی گەڕاندنەوەی بەلەمەكان  بەرەو فەڕنسا، كەپێشتر توشی ئاڵانگاری یاسای كراوەتەوەو وەزیر بەجێیهێشتوە. ‎لیز، دەڵێ، من لەوە تێدەگەم كەئەركی لەپێشینەی من بۆ خەڵك و  وڵات، ئەوەیە كە دڵنیابینەوە سیستەمی كۆچبەرانمان دادپەروەرانەیە. ‎ ئەو كۆچە نایاساییەی كە ئێمە دەیبینین لەسەر كەناڵەكان ڕوودەدات، هەموو نادادپەروەرانەیەو زۆر مەترسیدارە. ڕاستكردنەوەی ئەو نادادپەرواریەش، یەكێكە لە ئەولەوییەتەكانی من بۆ كابینەی داهاتوو. لەگەڵ ئەوەش من وەك وەزیری دەرەوە، لەكارەكەمەوە ئەزمونم وەرگرتووە، دەزانم كەوڵاتانی زیاتر هەن دەخوازن كار لەگەڵ ئێمە بكەن بۆ توندوتۆڵكردن و ڕێگری لەكۆچی نایاسایی. وەئەگەر من ببمە سەرۆكوەزیران، لەژێر ڕێبەرایەتیی مندا ئەو هەوڵانە بەرەو پێشەوە دەڕۆن. ‎لەلایەكی دیكەوەو بەپێی ئەو دانگدان و ڕاپرسیانەی ڕاگەیاندەكانی بەریتانیا، ئەنجامی دەدەن، تائێستا ‎سوناك، وەك سەرۆك وەزیرانێكی باش پیشاندەدرێت و دەنگەكانی لەسەروی لیز تروسەوەیە. ‎ئەوە لەكاتێكدا، لەڕاپرسییەكی نوێدا نیشانی دەدات كە 43٪ لەو باوەڕەدان، ڕیشی سوناك، دەبێتە سەرۆك وەزیران، بەبەراورد بە 36٪ پشتگیری لەوەزیری دەرەوە دەكەن. ‎ئەندامانی پارتی پارێزگاران تاڕۆژی 2ی ئەیلولیان لەبەردەمە، بۆ ئەوەی لەنێوان ئەو دوو كاندیدە یەكیان هەڵبژێرن. ‎ئەنجامی كۆتای لە ٥ی سێپتەمبەر ڕادەگەیەنرێت، لەگەڵ ئەوە  پێشبینی دەكرێ ڕۆژێك دواتر كاندیدی سەركەوتووی سەرۆكی پارت و سەرۆكوەزیران، جێگەی بۆریس جۆنسن، بگرێتەوە لەبینای ژمارە١٠ی شەقامی داونینگ. ‎تاو ئەو كاتەش بۆریس جۆنسن، لەپۆستی سەرۆك وەزیرانی ووڵاتەكەی بەردەوام دەبێت.  

هاوڵاتی لەنوێترین پەیامیدا، موقتەدا سەدری رابەری ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند:" وەك قۆناغی یەكەم شۆڕشی هەڕەمەكیانەی ئاشتیخواز ناوچەی سەوزی ئازاد كرد، و وتیشی:" ئەمە دەرفەتێكی مەزنە بۆ گۆڕانكاری ریشەیی لە سیستەمی سیاسی و دەستوور و هەڵبژاردن". ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "شۆڕشی هەڕەمەكیانەی ئاشتیخوازانە ناوچەی سەوزی ئازاد كرد، وەك قۆناغی یەكەم و ئەمەش دەرفەتێكی زێڕینە بۆ هەموو ئەوانەی لە عێراقدا بە ئاگری ستەم و تیرۆر و گەندەڵی و داگیركاری و شوێنكەوتەیی چزاون". هەروەها لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا، سەدر هیوای خواستووە "مەرگەساتی لەدەستچوونی دەرفەتی زێڕینی یەكەمی رەوتەكەیان لە 2016دا دووبارە نەبێتەوە"، و وتیشی: "بەڵێ ئەمە دەرفەتێكی دیكەیە بۆ گۆڕانكاری لە ستەم و تاریكی و گەندەڵی و تاكڕەوی و شوێنكەوتنی دەرەكی و پشكپشكێنەی تائیفیی كە لە داگیركردنی عێراقەوە لەسەر سینگی عێراق نیشتووە". سەدر دەشڵێت: "بەڵێ ئەمە دەرفەتێكی مەزنە بۆ گۆڕانكاری ریشەیی لە سیستەمی سیاسی و دەستوور و هەڵبژاردن كە لە بەرژەوەندی دەوڵەتی قووڵدا ساختەكاری تێدا دەكرا". سەدر لەپەیامەكەیدا دوپاتیدەكاتەوە:" هەمووتان بەرپرسن، بەرپرسیارێتیتان لە تاقیكردنەوەدایە، یان عێراقێكی رەگداكوتاو، یان عێراقێكی شوێنكەوتە، كە گەندەڵان و بەدووكەوتووان و ئەوانەی خاوەنی تەماعكاری دنیایین و لە لایەن دەستی خۆرئاوایی و خۆرهەڵاتییەوە جووڵەیان پێدەكرێت". لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا، سەدر داوای لە هەموو لایەك كردووە "پەیوەستی ئەو جووڵانەوەیە بن، كە لایەنگرانی دەستیان پێكردووە و جووڵەكەی بە راپەڕینی حوسێن لە دژی ستەمكاران چوواندووە".

هاوڵاتی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان دەڵێت:" داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق دەكەم دەستبەجێ هەنگاو بنێن بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە". سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان سەبارەت بە خۆپیاندانەكانی عێراق راشیگەیاند: " ئازادیی رادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتییانە لە مافە سەرەكییەكانە كە دەبێت هەموو كاتێك رێزی لێبگیرێت"، و وتیشی " داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم دەستبەجێ هەنگاو بنێن بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكەو دەبێت ئەوان لە هەر جۆرە تووندوتیژییەك خۆیان بە دوور بگرن و رێكاری پێویست بگرنەبەر بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی خۆپێشاندانی ئاشتییانە و دامەزراوە حكومییەكان".   سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان  "داواش لە هەموو پارت و لایەنەكان دەكات جیاوازییەكانیان تێپەڕێنن و لە رێگەی گفتوگۆیەكی ئاشتییانە و گشتگیرەوە حكومەتێكی نیشتمانیی كاریگەر پێكبهێنن كە بتوانێت بێ هیچ دواكەوتنێك، وەڵامی خواستەكان بۆ چاكسازی بداتەوە".

هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا سەبارەت بە دۆخی عێراق، دەڵێت: " بە نیگەرانییەكی قووڵەوە لە دۆخی سیاسیی عێراق و پێشهاتەكانی دەڕوانین، و داوا لە لایەنە سیاسییە ناكۆكەكان دەكەین ئەوپەڕی دان بە خۆیاندا بگرن و بۆ چارسەركردنی كێشەكان گفتوگۆی ڕاستەوخۆ دەست پێ بكەن". ئاشكراشیكرد: "لەم دۆخە هەستیارەدا ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەكە، ئاشتیی كۆمەڵایەتی و ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەخاتە مەترسییەوە". نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە:" لە كاتێكدا ڕێز لە خواستی خۆپیشاندانی ئاشتیانەی جەماوەر دەگرین، جەخت لە پاراستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و ئاسایش و سەر و ماڵی هاووڵاتییان و كارمەندانی دەوڵەت دەكەینەوە. گەلی عێراق شایانی ژیان و ئێستا و داهاتوویەكی باشترە و ئەرك و بەرپرسیاریەتیی هاوبەشی هەموو هێز و لایەنەكانە پێكەوە عێراق لەم دۆخە هەستیار و مەترسیدارە دەرباز بكەن". سەرۆكی هەرێم راشیگەیاند: "هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بەشێك دەبێت لە چارەسەر، بۆیە لایەنە سیاسییە پەیوەندارەكانی عێراق بانگهێشت دەكەین بێن لە هەولێری پایتەختی دووەمیان دەست بە گفتوگۆیەكی كراوەی كۆكەرەوە‌ بكەن و لە سەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات بگەنە لێكگەیشتن و ڕێككەوتن. هیچ كێشەیەك نییە بە گفتوگۆ چارەسەر نەكرێت".

هاوڵاتی  هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كۆبوونەوە و گفتووگۆیان لەبارەی هەوڵی داخستنی هەدەپە، پرسی كۆبانێ، پرسی سیاسەتمەدارانی هەدەپە كرد. ئەمڕۆ شەممە ئانالینا بیربۆك، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ توركیا لە شاری ئەنقەرە لەگەڵ میتحاد سانجار، هاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان- هەدەپە كۆبوەوە. هاوسەرۆكی هەدەپە بە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیای ڕاگەیاند:" هەوڵی داخستنی هەدەپە، بەردەوامی هێرشی داگیركەری و سووربوون لەسەر هەڕەشەكان و ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەكان لەدژی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، راستەوخۆ پەیوەندیان بە كێشەی كوردەوە هەیە". هاوسەرۆكی هەدەپە لە كۆبونەوەكەدا كە نوێنەرانی پارتە سیاسیەكانی ئەنجومەنی فیدڕالی ئەڵمانیاش ئامادەبوون تەئكیدیكردەوە:" بیانوی حكومەتی توركیا بۆ ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنور راست نییە، و وتیشی: "ئەردۆغان و حكومەت پشتگیرییان كەم بووەتەوە، بەم ئۆپەراسیۆنانە هەوڵدەدەن سیاسەتی ناوخۆ بەپێی خۆی دیزاین بكەن". هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە لە قسەكانیدا بۆ  ئانالینا بیربۆك باسی لەوەكرد:"زۆر گرنگە سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەسەر بەهای دیموكراسی بێت و ئامانجی ئاشتی و ئارامی جیهانی بێت".  دوای ئەوەی دوینێ گەیشتە توركیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی ناكۆكی توركیا و یۆنان و هەڕەشە داگیركەریەكانی دەوڵەتی تورك بۆ باكوری سوریا ناكۆكیەكانیان لەبەردەم میدیاكان ئاشكرا بوو، ئانالینا ڕایگەیاند:" توركیا دەبێت ڕێز لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئەوروپا بگرێت لەبارەی مافەكانی مرۆڤ". لە كۆبوونەوەكەی هاوسەرۆكی هەدەپەو وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هەریەكە لە فەلەكناس ئوجا وتەبێژی كۆمسیۆنی پەیوەندیەكانی دەرەوەی هەدەپە و شەڤین جۆشكون، پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری مووش، بەشداربوون.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت:" دابەشكردنی مووچەی مانگی تەممووز دوادەكەوێت". سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم بە كەناڵی رووداوی راگەیاند: " بەهۆی چارەسەرنەكردنی گرفتی دابەشكردنی مووچە لە سنووری سلێمانی و نەگەڕانەوە داهاتی ئەو پارێزگایە، دابەشكردنی مووچەی مانگی تەممووز دوادەكەوێت". وتیشی: " وەزارەتی دارایی بڕیاریداوە ئەو گرفتە چارەسەر بكات و دواتر دەست بە دابەشكردنی مووچە بكات، بەڵام سەرچاوەكە ئاماژەی بە رۆژی دابەشكردنی مووچە نەكرد". ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكرد: "بڕی 200 ملیار دینار نێردراوە بۆ بانكەكانی سلێمانی، بۆئەوەی مووچەی مانگی تەممووز بەبێ دواكەوتن دابەشبكرێت، بەڵام بڕی 30 ملیار دینار لەو پارەیە بۆ مووچەی مانگی حوزەیران خەرجكراوە و داهاتی نێوخۆش هێشتا نەگەڕاوەتەوە".  

هاوڵاتی  حەیدەر عەبادی و هادی عامری و عەمار حەكیم و ئەیاد عەلاوی داوا لە سەدرو هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەكەن بگەڕێنەوە بۆ گفتووگۆ و بەرژوەندی هاوڵاتیان بكەنە لە پێشینە. حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئیئتیلافی نەسر داوا لە سەركردە سیاسیەكان دەكات پەنابەرنەبەر زمانی دیالۆگ و بەرژەوەندی هاوڵاتیان بكەنە لە پێشینە و دەڵێت:" ئامادەین بۆ لێكنزیكردنەوەی برایان بەمەبەستی دورخستنەوەی هاوڵاتیان و دەوڵەت لەهەر ناكۆكیەك". هاوكات هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح داوای لە هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر كرد رێگای هێوركردنەوەی بگرنەبەر و دەستبكەن بە ئامادەكردنی چارەسەری ئاشتیانەی سیاسی. عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی-یش داوای لە هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر كرد گفتوگۆیەكی كراوەو راستەوخۆ بكەن، راشیگەیاند: "ئەو بارودۆخەی ئەمڕۆ عێراقی پێیدا تێپەڕدەبێت داوا لە هەموان دەكات ئەولەویەت بدەن بە زمانی عەقڵ و لۆژیك و دیالۆگ و سازان لەپێناو عێراق و خەڵەكەیدا". هەروەها ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانی رایگەیاند: "ئێمە ئێستا لە قۆناغێكی مەترسیداردا دەژین كە هەموو ئەگەرە خراپەكانی تێپەڕاندووە و ناتوانین تەحەممولی هەڵكشانی زیاتر بكەین و پێویستی بە دانایی و هاوسەنگی و نەهێشتنی ئاژاوە هەیە" و هەروەها داوای هێمنی و دانیشتنێكی بەپەلە لە سەر مێزی گفتووگۆ كرد. هەر سەبارەت بە دۆخی عێراق، كۆمكاری عەرەبی داوا لە هێزی سیاسیەكانی عێراق كرد واز لە تاودانی دۆخەكە بهێنن و دەنگی دانایی بەرزبكەنەوە.  

هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی عێراق دەربارەی ژمارەی بریندارەكانی خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی بەغداد رایگەیاند: " لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی شاری بەغداد 60 خۆپیشاندەر برینداربون و برینی شەشیان سەختە". ئاشكراشیكرد: "نەخۆشخانەكانی بەغداد پێشوازیانكردوە لە 60 برینداری خۆپیشاندەر كە برینەكانیان جیاجیایە." ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: "لەو ژمارەیە 25 بریندار بۆ نەخۆشخانەی كەرامە كە برینی زۆربەیان سوك و مامناوەندەو 27 بریندار بۆ نەخۆشخانەی یەرموك گوازراونەتەوە كە برینی شەشیان سەختەو هەروەها هەشت برینداریش كە برینەكانیان لەڕوی سەختییەوە جیاجیایە، بۆ نەخۆشخانەی شێخ زاید گوازراونەتەوە".

هاوڵاتی ڕێكخراوێكی تایبەت بەمافەكانی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی كوردستان ئاشكرایدەكات: " تەنیا 4 پێشمەرگەی حیزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران دەستگیركراون نەوەك 10 پێشمەرگە."  ڕێكخراوی هەنگاو كە تایبەتە بەكاروباری مافی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕایگەیاند:" لە ڕۆژانی ڕابردوودا چوار پێشمەرگەی حیزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بە ناوەكانی موحسین مەعروفی خەڵكی مەهاباد، پژمان فاتیحی خەڵكی كامێران، هەژیر فەرامەرزی خەڵكی دێولان و وەفا ئازەربار خەڵكی بۆكان لە ناوچەی سۆمای برادۆستی ئورمیە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە بە دیل گیران". حیزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران شەوی یەكشەممە ٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٢٤ی جولای ٢٠٢٢) ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند:" كە چەندین ئەندامی ئەو حیزبە لە ناوچەی سۆمای برادۆستی ئورمیە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون". بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە: "ئەم گرووپە پێشمەرگەیە لە ئەنجامی چالاكییەكی سیاسی و ڕێكخستنی لە ناوچەی سۆمای ئورمیە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر كراون". لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژەیەك بە شوێن و هەروەها ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی كە دەستبەسەر كراون نەدراوە، بەڵام وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لە چەند ڕۆژی پێشتر ڕایگەیاند:" گرووپێكی ١٠ كەسییان لەو ناوچەیە دەستبەسەر كردووە". ڕێكخراوی هەنگاو ئاماژە بەوەدەكات دوای بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵە دەركەوتووە تەنیا دەستبەسەركردنی ٤ پێشمەرگە پشتڕاستدەكاتەوە و بانگەشەی دەستبەسەركردنی ١٠ كەس لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە بە درۆ دەخاتەوە و دوورە لە ڕاستی. ڕێكخراوی هەنگاو بە سەرنجدان بە هەڵسوكەوتی ناوەندە ئەمنییەكان لەگەڵ بەندكراوانی سیاسی كورد بەتایبەت پێشمەرگەی حیزبە كوردستان نیگەرانی خۆی بە نسبەت ئەگەری ئەشكەنجە و خستنە ژێر گوشاری دەروونی بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەو كەسانە دەردەبڕێت و داوا دەكات كە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ سەرنجی زیاتر بخەنە سەر ئەم دۆسیەیە.