هاوڵاتى وهزارهتى ڕۆشنبیریى حکومهتى ههرێم بڕیاریدا بهڕاگرتنو قهدهغهکردنى سهرجهم ئهو ڕیکلامانهى که گۆرانیو ئاوازى فۆلکلۆرو هونهرمهندانى کوردى تێدا بهکارهێنراوه. لهنوسراوێکى وهزارهتى ڕۆشنبیریدا که واژۆى حهمهى حهمهسهعید وهزیرى رۆشنبیریىو لاوانى لهسهره، ئهوه خراوهتهروو، وهزارهتى ڕۆشنبیریى خاوهندارێتى سهرجهم ئاوازه فۆلکلۆرییهکان دهکات که خاوهنهکانیان دیارنین. دهقى بریارى وهزیرى رۆشنبیرى و لاوانى حکومهتى ههرێم:
هاوڵاتى بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، "لە چالاکییەکی گەورەدا" بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە کە خەڵکی تورکیایە و دانیشتووی هەولێرە. ئەمڕۆ یەكشەممە، 23 ئایاری 2021 لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە بەردەوامی هەوڵەکانمان بۆ بنبڕکردن و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دوای بەدواداچوون و بوونی زانیاریی ورد لەلایەن ئەفسەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، ئەمڕۆ رێکەوتی 23-05-2021 لە شاری هەولێر لە چالاکییەکی گەورەدا توانرا بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیربکرێت بەناوی (ع. ج. ع) کە خەڵکی تورکیایە و دانیشتووی شاری هەولێرە". هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە دەست بەسەر 184 قاڵب ماددەی هۆشبەر لە جۆری هێرۆین گیراوە، کە بڕەکەی دەکاتە 92 کیلۆگرام. تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 25 لە یاسای ماددە هۆشبەرەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و رەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کرا.
هاوڵاتى جێگرى سهرۆكى حكومهتى ههرێم رایگەیاند: "پاش تەواوبوونی کارەکانی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دەست بە پرۆژەی دیکەی ستراتیجی لە نێو شاری سلێمانی دەکەین". ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ی ئایارى 2021، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا راگەیاند: "نامانەوێت پەلە بکەین لە کارەکانی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی، بەڵکو دەمانەوێت کارەکان بە پێى کوالێتی جێبەجێبکرێن و تا ئێستاش کارەکان بە پێی ستاندارد جێبەجێکراون ". وتیشی:" لە ئێستادا چەند گرفتێک لە بودجەی 2021ی عێراق هەیە و لە چەند رۆژی داهاتوودا چارەسەر دەکرێن و لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی بەغدا دەکەین، لەبەر ئەوەی دەبێت پەیوەندی ئێمە و بەغدا بە شێوەیەکی بەردەوامبێت و لە سەرجەم پرسەکاندا رۆڵمان هەبێت". ئهوهشى خستهڕوو: " رەزامەندیمانداوە بە وەزارەتی شارەوانی لەسەر سەرفکردنی بودجەی پێویست بۆ پرۆژەی سەوزکردنەوەی سەرجەم باخچە و بلوارەکانی شەقامە سەرەکییەکانی شاری سلێمانی ".
هاوڵاتى وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، " لە نۆ مانگی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاستی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ لە 1.5٪ بۆ رێژەی 8٪ بەرزبووەتەوە، ئەمەش مژدەیەکی دڵخۆشکەرە، ئومێد دەکەم تا کۆتایی کابینە رێژەکە ببێتە دوو هێندە". ئەمڕۆ یەكشەممە، 23 ئایاری 2021 بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە پارێزگای سلێمانی لە وتارێکدا وتی: "تەنها لە ماوەی ساڵێک و نۆ مانگی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاستی وەبەرهێنانی لە کەرتی کشتوکاڵ لە 1.5٪ بۆ رێژەی 8٪ بەرزبووەتەوە، ئەمەش مژدەیەکی دڵخۆشکەرە، ئومێد دەکەم تا کۆتایی کابینە رێژەکە ببێتە دوو هێندە". وەزیری کشتوکاڵ وتیشی: "لە سەرەتای دەستبەکاربوونمان پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران، لە پێشینەی پلانەکانمان دابووە، بە هەوڵی هەموو لایەک توانیمان بگەینە قۆناغی کرداری، لە سێ پارێزگای هەرێم سێ کارگەی گەورەو سایلۆی تایبەت دابمەزرێت، کە ساڵانە 500 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەربگیرێتەوە و بە پیشەسازی بکرێت". وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشدا: "مایەی خۆشحاڵییە یەکەم بەردی بناغەی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە هەولێری پایتەخت دانرا، ئێستا 70٪ی کارەکانی تەواو بووە و کۆمپانیای جێبەجێکار لەماوەی شەش مانگدا کارێکی ناوازەی ئەنجامداوە، ئەمڕۆش لە شاری سلێمانی دەستپێدەکەین و لەماوەیەکی کەمدا بەرهەمی پڕۆژەکە دەبینین و لە چەند هەفتەی داهاتووشدا لە پارێزگای دهۆک بەردی بناغەی پڕۆژەکە لە دادەنرێت". ئەوەشی خستەڕوو: "گرنگی ئەو پڕۆژەیە لەوەدایە ساڵانە جوتیارانمان بە دیار رادەستکردنی گەنم بە سایلۆکان و دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان گیرۆدەن، ساڵانە لەلایەن لیژنەیەک لە حکومەتی عێراق رێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دیاریدەکات، بەداخەوە ئەمساڵ تائێستا ئەو لیژنەیە بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان کۆنەبووەتەوە، جێگەی داخە ئەو جیاکارییە لە تەنها لە وەرگرتنی گەنم جوتیارانی هەرێمی کوردستان هەیە، هیچ جۆرە پاساوێکیش بۆ ئەمە نییە، لە کاتێکدا جوتیارانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەتوانن بە ئازادانە هەموو بەرهەمەکەیان رادەستی سایلۆکان بکەن، بۆیە دروستکردنی ئەم پڕۆژانە هەلێکی باشە بۆ بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران و وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان لەکاتی خۆیدا". بێگەرد تاڵەبانی، وتی: "لێرەوە مژدە بە جوتیاران دەدەین، وەزارەتی کشتوکاڵ دوو هەنگاوی گەورەی ناوە، یەکەم دامەزراندنی سێ کارگەی بنەتۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەم پڕۆژەیە، ئەمەش رۆڵی گرنگی دەبێ لە رێگری کردنی چوونە دەرەوەی سەرمایەی ناوخۆ بۆ بازاڕی دەرەکی، کە ساڵانە بە 80 هەزار تۆن مەزەندە دەکرێت، بەڵام لە ئەمساڵ بەدواوە بەپێی پێویست و تایبەتیمەندی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بنەتۆ بەرهەم دەهێنین، هەروەها لەژێر چاودێری وەزارەت باشترین جۆری بنەتۆ دەخرێتەوە بازاڕەکان و پێداویستی جوتیارانی پێ پڕدەکرێتەوە. هەنگاوی دووەممان دامەزراندنی لیژنەی نیشمانی تۆمارکردن و پەسندکردنی بنەتۆیە لە هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش هەنگاوێکی نوێ و ستراتیژی و گرنگە، بە ئاراستەی توێژینەوە و دیاریکردنی باشترین بنەتۆ کە کارئاسانی زۆر دەکات بۆ جوتیاران و کۆمپانیاکان، بۆ ئەمەش تاقیگەی تایبەتمەند دادەمەزرێت".
هاوڵاتى گروپی چەکداری عەسائیبی ئەهلو حەق رایگەیاند، " وەڵامدانەوە و هێرشی سەربازی بۆ سەر هێزەکانی تورکیا کارێکی داواکراو و لەپێشنەی هێزەکانمانە ". ئەمڕۆ یەكشەممە، 23 ئایاری 2021 مەحمود روبەیعی وتەبێژی مەکتەبی سیاسی عەسائیب ئەهلو حەق بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، "هێزەکانمان توانی بەرپەرچدانەوەی تەواوی کارە دوژمنکاریەکانی وڵاتی تورکیایان هەیه و دەبێت حکومەتی فیدڕاڵی پەرە بە سستمی بەرگری ئاسمانی عێراق بدات". راشیگەیاند، "وەڵامدانەوە و هێرشی سەربازی بۆ سەر هێزەکانی تورکیا کارێکی داواکراو و لەپێشنەی هێزەکانمانە، چونکە داگیرکاری تورکیا لە ناو و درەوەی هەرێمی کوردستان فراوانتر بووه". ئەمە لەکاتێکدایە، لە ٢٣ی نیسانی ئەمساڵەوە، سوپای تورکیا بە بیانوی هەبوونی بنکە و بارەگای پارتی کارێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەستی بە ئۆپراسیۆنی چنگی بروسکە و چنگی هەورە تریشقە کردووە، بەوەش زیان بە ناوچە سنورییەکانی هەرێم گەیشتووە و چەند گوندێکی ناچار بە چۆڵکردن کردووە كەتا ئێستا زیاتر لە 45 كیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاكی هەرێمەوە.
هاوڵاتى ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، "رێگەنادەین دەستور بەزۆرینە و کەمینە تێپەڕێندرێت". ئەمڕۆ یەكشەممە، 23 ئایاری 2021 بەگوێرەی راگەیەنراوی نوسینگەی هاوسەرۆکانی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی، پێشوازیکرد لە جەیمس سۆرنتۆن، کونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، لەدیدارەکەدا رایگەیاند، رێگەنادەین دەستور بەزۆرینە و کەمینە تێبپەڕێندرێت. بافڵ تاڵەبانی وتیشی، " خۆبەزلزانی و دورکەوتنەمان لە بەغدا نەک داواکانمان جێبەجێ ناکرێن، بەڵکو گەلەکەشمان زەرەرمەندی یەکەم دەبێت و ھەرێمەکەشمان بچوک دەکەینەوە، ئەم دوربینییەشمان لەپێناو داھاتوویەکی گەشترە بۆ کوردستانەکەمان." سەبارەت بەپرسی دەستور بافڵ تاڵەبانی بڕیار و سەرنجی یەکێتی خستەڕو وتی، لەگەڵ دەستورێکی گەل پەسەندین و رێگەنادەین ئەم بابەتە نیشتمانی و نەتەوەییە بەزۆرینە و کەمینە تێبپەڕێندرێت، بەڵکو کار بۆ نوسینەوەی دەستورێک دەکەین کە لەخزمەت کۆمەڵانی خەڵک و پێشخستنی ھەرێمەکەمان بێت نەوەک لەخزمەت حزب و تاکەکەسێکدا.
هاوڵاتى سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، رەزامەندیان نیشانداوە لەسەر تەرخانكردنی بڕە پارەی پێویست بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری پاركەكانی شاری سلێمانی. ئەمڕۆ یەكشەممە، 23 ئایاری 2021 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مەراسیمێكدا بەردی بناغەی پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیاران لە پارێزگای سلێمانی دانا.ئەمڕۆ یەكشەممە، 23 ئایاری 2021 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مەراسیمێكدا بەردی بناغەی پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیارانی لە پارێزگای سلێمانی دانا. سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمەراسیمەكە ئاماژەی بەوەدا: " دروستكردنی ئەم پڕۆژەیە، جارێكی تر ئەوەمان بیردێنێتەوه، كە بەڵێنەكانی حكومەتی هەرێم یەك لەدوای یەك جێبەجێ دەكرێن، هیوادارم ئەم پڕۆژەیە دڵنەوایی بدات بە هەموو جوتیارانی كوردستان و بەتایبەت خەڵكی خۆشەویستی شاری سلێمانی و پارێزگای سلێمانی، كە چیتر خەمی ئەوەیان نەبێت بەرهەمەكانی خۆیان چی لێبكەن. ئەم پڕۆژەیە دەتوانێت نەك تەنیا بەرهەمەكانی ئەوان وەربگرێتەوە و بیكات بە خۆراك و لە خزمەتی خەڵكی كوردستان بەكاریان بهێنێت، بەڵكو ئەمە ئەو گەرەنتییەش دەدات بە خەڵكی كوردستان كە ئاسایشی خۆراك لە كوردستان دابین دەكرێت." مەسرور بارزانی، وتیشی: " من داواكاریم بە رێگەی وەزارەتی شارەوانی پێگەیشتووە لەسەر دابینكردنی بودجەیەك بۆ بەڕێوەبردن و چاكسازی ئەو سەوزاییەی لە پاركی هەواری شار و شەقامی شێخ مەحمود و شەقامی تاسڵوجە - سلێمانی هەیە، بڕەكەی زیاتر 5 ملیار و 700 ملیۆن دینارە، من دەمەوێت لێرە بە خەڵكی خۆشەویستی شاری سلێمانی رابگەیەنم، كە ئێمە ئەم بڕە بودجەیە تەرخان دەكەین، بۆ ئەوەی ئەوەش بكەوێتە خزمەتی خەڵكی خۆشەویستی شاری سلێمانی."
هاوڵاتى سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند رۆژە یاسای گێڕانەوەی داهاتەکانی گەندەڵیی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات لە پەیامێکی تەلەفزیۆنیی ڕاستەوخۆدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 23/5/2021 بڵاویکردەوە، بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند پرۆژە یاسای گێڕانەوەی داهاتەکانی گەندەڵیی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات. لە پەیامەکەیدا بەرهەم ساڵح وتی، ئامانجی یاساکە بەتواناکردنی حکومەتی عێراقە بۆ گێڕانەوەی ئەو پارانەی بەهۆی گەندەڵییەوە براون و لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران. هیواشی خواست پەرلەمان پرۆژە یاساکە دەوڵەمەندتر بکات و دەنگی پێبدات، تاوەکو بتوانرێت گەندەڵکاران جڵەوبکرێن، کە چەندین ساڵە بوونەتە هۆی ئەوەی هاوڵاتییان نەتوانن سود لە داهات و سامانی وڵات وەربگرن. بەرهەم ساڵح ئاشکرایکرد کە پرۆژە یاساکە ڕێوشوێنی دەستپێشخەرانەی ڕێگریکار لە خۆ دەگرێت بۆ ڕێگریکردن لە ڕودانی گەندەڵی و هاوکات هەنگاوی جێبەجێکارانەشی تێدایە بۆ گێڕانەوەی ئەو پارانەی بە گەندەڵیی دەست کەس و لایەنەکان کەوتون، تاوەکو لەگەڵ هەوڵەکانی سیستمی یاسایی و دەزگا پەیوەندیدارەکاندا ببێتە هەنگاوێک بۆ لەناوبردنی ئەم پەتا مەترسیدارە، وە بشبێتە پاڵپشتێک بۆ دامەزراوە دارایی و چاودێرییەکان و کاریگەرکردنی کەرەستەکانیان لە پێناو دانانی سنورێک بۆ ئەم پەتایە کە هەڕەشە لە ئێستا و داهاتوی وڵات دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بانگهێشتەی کە پێشتر پێشکەشی نەتەوە یەکگرتوەکانی کردوە ئێستا جارێکی دیکە ئاڕاستەی دەکەن و هاوپەیمانێتیەکی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی دابمەزرێنێت هاوشێوەی ئەو هاوپەیمانێتیەی بۆ روبەڕوبونەوەی داعش دامەزراوە. دیارترین ئەو خاڵە گرنگانەی لە یاساکەدا ھاتوون: •رێوشوێنەكانی ئەم یاسایە هەموو ئەو بەرپرسانەی دەوڵەتی عێراق دەگرێتەوە كە لە ساڵی 2004 تاوەكو ئێستا، پۆستە باڵاكانیان لە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرەو ژورتر گرتووەتەدەست، بەتایبەتی ئەو بەرپرسانەی ئەگەری تێوەگلانیان لە گەندەڵی لەوانی دیكە زیاترە، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارە داراییەكان لە لیستێكی متمانەپێكراودا ناوی ھەموو ئەو بەرپرسانە ئامادە بکەن کە لە ماوەی 17 ساڵی رابردوودا لە پۆستە باڵاکاندا بەرپرسیارێتیان وەرگرتووە. •ئامانجی سەرەکی ئەم یاسایە گێڕانەوەی پارە بە قاچاخ و بە گەندەڵی و تاڵانبراوەكانی ناوەوە و دەرەوەی عێراقە: ئەو پارە و سامان و داهات و موڵك و ماڵانەی بەهۆی تاوانەكانی گەندەڵییەوە بەدەستهاتوون، ھەروەھا ئەو قازانجەش كە لێیەوە بەدەستهاتووە، یان ئەو موڵك و ماڵانەی بەو داهاتانە كڕادراون یان مامەڵە و ئاڵوگۆڕیان پێكراوە یان بەمەبەستی سپیکردنەوە تێكەڵ بە موڵك و ماڵ و مامەڵەی دیكە كراون. •لە دوای سێ مانگ لە دەرچوونی یاساكە، دەستەی دەستپاكی، لیستی ناوی بەرپرسانی خاوەن پلە و پایە باڵاكان و ئەندامانی خێزانەكانیان، ھەروەھا ئەو كەسانەش كە پەیوەندییەكی بەردەوام و تۆكمەیان لەگەڵدا هەبون دەداتە بانکی ناوەندی عێراق، لیستەكە ساڵانە تازە دەكرێتەوە، بانکی ناوەندی عێراق گشتاندن بۆ لیستەکە دەکات بە مەبەستی پیاچوونەوە و ووردبینیكردنی لە سەرجەم دامەزراوە داراییەكان. •لەسۆنگەی ئەم یاسایەوە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی لەو پارە و سامانە دەکرێت کە بە گەندەڵی بەدەستھاتووە، لەلایەن کەسانی نزیک و ئەندامانی خێزانی بەرپرسەكان یان هاوڕێكانیان یان ھەموو ئەوانەی كە بە جۆرێك لە جۆرەكان پەیوەندی سیاسی یان بازرگانیان لەگەڵدا هەبوون، هەروەها ئەوانەش دەگرێتەوە كە لەو 17 ساڵەدا كەسانی خاوەن هەژموونبوون و كاریگەریان ھەبووە لەسەر بڕیارەکان لە ناو دەزگا و جومگە ھەستیار و گرنگەکانی دەوڵەتی عێراق. •لە دوای دەرچوونی یاساكە، دەبێت بەرپرسان و خاوەن پۆست و پڵە باڵاكان لە ماوەی 60 رۆژدا، دەستنووسێك واژۆ بكەن و تیایدا رەزامەندی خۆیان نیشان بدەن كە دەستەی دەستپاكی و دادگاكانی عێراق، مافی ئەوەیان هەیە داوای زانیاری لەو دەوڵەتانە بكەن كە ئەو بەرپرسانە تیایدا خاوەن هەژماری تایبەتی بانکین، ئەو دەستنووسەش دانپێدانانی ئەو بەرپرسانە دەبێت بەوەی رەزامەندن كە مۆركی نهێنی و تایبەتی لەسەر هەژمارە بانکییەكانیان هەڵبگیرێت و زانیارییەكانیان بخرێنەبەردەست دامودەزگا فەرمییەکانی دەوڵەتی عێراق و ئەو دەوڵەتانەی تیایدا خاوەن هەژماری بانکین، بە پێچەوانەوە دوای تێپەربوونی ئەو 60 رۆژە ئەگەر ئەو دەستنووسە لەلایەن ئەو بەرپرسانەوە پێشكەش نەکرێت، بە دەستلەكاركێشاوە ھەژمار دەكرێن و بەرپرسیارییەتەکەیان كۆتایی پێدێت. •دەستەی دەستپاكی لەسەر بنەمای بەڵگەی تەواو و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری و دیوانی چاودێری دارایی، بۆی هەیە لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق پشكنین و بەدواداچوون بكات، سەبارەت بە مامەڵە داراییەكان و حەواڵەكان و ماڵ و موڵكی ئەو بەرپرسانەی ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە، بەو ئامانجەی سەرچاوەی ئەو سامان و موڵك و ماڵانە ئاشكرا بکرێت، ھەروەھا ئاست و مەودای كاریگەرییەکانی لەسەر بڕیاردان لەناو دەسەڵاتەکانی دەوڵەت و دامودەزگاكانی عێراق و راوەدووی هەموو ئەو گەندەڵكارانەش بکات كە لە دەرئەنجامی پڕۆسەكانی لێكۆڵینەوە و گەڕان و پشكنین تۆمەتی گەندەڵییان بەسەردا ساغ دەبێتەوە. •تیمێكی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بە ھاوبەشی لە نێوان هەریەك لە وەزارەتی دەرەوە، دەزگای هەواڵگری، دەستەی دەستپاكی، بانکی ناوەندی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی پێكدێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتان بە مەبەستی سۆراغكردن و لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ پارە بەتاڵانبراوەكانی عێراق بۆ دەرەوەی وڵات و دۆزینەوەی گەندەڵكاران، هەروەها زانیاری و بەڵگەنامە كۆدەكاتەوە سەبارەت بە ماڵ و موڵك و سامان و پارەی عێراقییەكان لەو وڵاتانە كە پۆستی باڵایان لە رابردوو و ئێستا ھەیە. •وەزارەتی دەرەوە، لە رێگەی باڵوێزخانە و دەزگا پەیوەندیدارەكان پلانێك دادەڕێژێت بە مەبەستی مۆركردنی رێككەوتننامەی دووقۆڵی لەگەڵ دەوڵەتان، بە ئامانجی گێرانەوەی پارە بە تاڵانبراوەكانی عێراق لە دەرەوەی وڵات، ھەروەھا دەسبەسەراگرتن و گێڕانەوەی ھەموو ئەو قازانج و داهاتانەی لێیانەوە بەدەستهاتوون و دەستگیركردنی گەندەڵكاران و رادەستكردنەوەیان بە دەوڵەتی عێراق و راپێچکردنیان بۆ بەردەم دادگا و دادوەری. •یاساکە رێگاخۆش دەکات بۆ مۆركردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییە بەناوبانگەكان بەمەبەستی سۆراغكردنی پارە بەتاڵانبراوەكانی عێراق کە بەگەندەڵی بردراون بۆ دەرەوە، ھەروەھا کۆی ئەو داهاتانەی لێیانەوە بەدەستهاتوون. •دەزگا و دامەزراوە داراییەكان، بانکی ناوەندی عێراق ئاگادار دەكەنەوە سەبارەت بەو لیستانەی ئامادە دەكرێن و تایبەتن بەو مامەڵە داراییانەی كە بەهاكەیان لە 500 هەزار دۆلاری ئەمریكی زیاترە بە مەبەستی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لە سەرچاوەكانیان. •بە سەرپەرشتی بانکی ناوەندی عێراق، دامەزراوە داراییەكانی عێراق پابەند دەكرێن بە لێكۆڵینەوە لە ناسنامەی ئەو کەسانەی مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن بۆ دڵنیابوون لە ناسنامەی ئەو کەسانەی خاوەن هەژماری بانکین و بڕەكەی لە یەك ملیۆن دۆلار زیاترە. •هەڵوەشاندنەوە و کۆتایی ھێنان بەو گرێبەست و مۆڵەتانەی وەبەرهێنان كە لە رێگەی بەرتیلەوە یان بە سود وەرگرتن لە هەژموون و پێگە و بوونی بەرپرسیارێتی یان هەر رێكارێكی دیكەی گەندەڵییەوە ئەنجام دراون. •بە گوێرەی یاساکە و بە مەبەستنی هاندان و پێدانی زانیاری لەسەر گەندەڵكاران، پاداشتێكی دارایی دەدرێت بەو كەسانەی زانیاری لەو بارەوە دەدەن بە دەزگا پەیوەندیدارەكان، بری ئەو پاداشتەش دەگاتە 5% بەهای ئەو پارەی دەدۆزرێتەوە و دەردەکەوێت لە رێگەی گەندەڵییەوە بەدەستهاتووە. •ئەوانەی تۆمەتی گەندەڵیان بەسەردا ساغ دەبێتەوە، سزای راگرتن و بلۆككردنی پارە و دەستبەسەرداگرتن و لێسەندنەوەی سەرجەم ماڵ و موڵكی گوازراوە و نەگوازراوەیان بەسەردا دەسەپێنرێت، هەروەها دەست بەسەر بەڵگەنامە و دیكۆمێنتە یاساییەكانیاندا دەگیرێت. •ئەوانەی تۆمەتی گەندەڵیان بەسەردا ساغ دەبێتەوە، بە مردنیان یان بە تەواوبوونی ماوەی داوا دادوەرییەكەیان بەرپرسیاریەتی تاوانەكەیان لەسەر لاناچێت و ناشبێت لێبووردنیان بۆ دەربكرێت، موڵك و ماڵ و سامانیشیان بە گوێرەی سزاكانی تاوانی گەندەڵی لەلایەن دەوڵەتەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.
هاوڵاتى پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند بەپشتیوانی هاوڵاتیان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و و كەرتی تایبەتی نیشتیمانی و دۆستەكانمان لە سەرتاسەری دنیادا ئێستا پارێزگای سلێمانی لەكەرتی گشتوكاڵی و گەشتوگوزار و كلتوری و بازرگانی و پیشەسازی لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق یەكەمە. ئەمڕۆ یەكشەممە، 23 ئایاری 2021 هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لەوتارێکدا لەکاتی دانانی بەردی بناغەی سایلۆی سلێمانی و پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران رایگەیاند،" بەپشتیوانی هاوڵاتیان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و و كەرتی تایبەتی نیشتیمانی و دۆستەكانمان لە سەرتاسەری دنیادا ئێستا پارێزگای سلێمانی لەكەرتی گشتوكاڵی و گەشتوگوزار و كلتوری و بازرگانی و پیشەسازی لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق یەكەمە.
هاوڵاتى مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگای سلێمانی دادەنێت. پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی سایلۆیەکی مۆدێرن و عەمبارکردن و بەرھەمھێنانی خۆراک و بە بازاڕکردنی گەنم و دانەوێڵە و دروستکردنی بەرهەمە خۆراکییەکان بە تازەترین تەکنەلۆجیا و بە گوێرەی ستانداردە جیهانییەکان. پڕۆژەکە بە بڕی زیاتر لە 122 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت. فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/5/23 کاتژمێر 12:00، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، بەردی بناغەی سایلۆی سلێمانی و پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگای سلێمانی دادەنێت .
هاوڵاتى ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە سلێمانی خۆپێشاندانیان کرد و داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن. دەڵێت، داواکارییەکانیان دەگەیێننە سەرۆکی حکومەت. مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی گردبوونەوە. بەشێکی دیکەش لە مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست لەبەردەم پارێزگای سلێمانی گردبوونەوە و بەشێک لە شەقامەکەیان داخستووە. هەر ئەمڕۆ لە پەروەردەکانی سەیدسادق و قەڵادزێش خۆپێشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ بەڕێوەدەچێت. مامۆستایانی وانەبێژ کە گردبوونەوە دەکەن، دەڵێن، دیار نییە چۆن و بە چ میکانیزمێک مووچە وەردەگرن.
هاوڵاتى وەزارەتی دارایی و ئابوری رایگەیاند، گەنجینەکانیان ئاگادار کردوەتەوە کە لیستی موچە بۆ ئەم مانگە ئامادەبکەن و هاوکات لێبڕینی موچەش هاوشێوەی مانگەکانی پێشوی 21% بۆ فەرمانبەران و 50% بۆ پلە باڵاکان دیاریکراوە. وەزارەتی دارایی و ئابوری لهسهر راسپاردهی سهرۆكایهتی ئهنجومهنی وهزیران ئاگاداری گەنجینەکانی کردوەتەوە کە لیستی موچە بۆ مانگی (ئایار/5)ی ئەمساڵ ئامادەبکەن بەهەمان میکانزمی پێشو، واتا لێبڕینی 21% بۆ فەرمانبەران و 50% بۆ پلە باڵاکان. رۆژی سێشەممە 25ی ئەم مانگە، دەستدەکرێت بە دابەشکردنی موچە و بە هەمان خشتەی موچە کە پێشتر وەزارەتی دارایی بڵاویکردوەتەوە دابەش دەکرێت. ئەوەش لەكاتێكدا پێشتر رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی رایگەیاندبوو، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی سەرپشككردووە لەدابەشكردنی مووچەو دبیاریكردنی رێژەی لێبڕینی مووچە. وتیشی، ئەگەر پارەكەی بەغدا بێت ئەوا مووچە بەبێ لێبڕین دابەشدەكرێت ئەگەر ئەو پارەیەش نەیەت، رێژی لێبڕینەكە زۆر كەم دەكرێتەوە. هەرێمی کوردستان مانگانە بەبێ لێبڕین پێویستی بە 895 ملیار دینارە بۆ دابینکردنی مووچە، بۆیە ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 10 تریلیۆن و 740 ملیار دینارە بۆ پێدانی مووچە.
هاوڵاتى بەرپرسی بەرنامەکانی پەرەپێدانی عێراق سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ خستنەڕووی بەرنامەی ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق ڕێکدەخات. ئەمڕۆ یەكشەممە، 23 ئایاری 2021 زینە عەلی ئەحمەد، نوێنەری بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایگەیاند، “نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرنامەکانی پەرەپێدانی عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا، ڕۆژی دووشەممە کۆنفرانسێک ڕێکدەخات بۆ خستنەڕووی بەرنامەیەک بەبڕی 15 ملیۆن یۆرۆ، بە ئامانجی دانانی سنوورێک بۆ گەندەڵی لە عێراق”. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆنفرانسەکەدا دامەزراوەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەشداریدەکەن، بە پاڵپشتی نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق و ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومەتی عێراق، پەرلەمان، داواکاری گشتی، ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دەستەی دەستپاكی بەڕێوەدەچێت. باسیلەوەکردووە، کە ئامانجی کۆنفرانسەکە ڕوبەروبونەوەی گەندەڵی و دانانی سنوورێکە بۆ گەندەڵی لە وڵاتدا، هەروەها کاریگەرییەکانی لەسەر بەرەوپێشچوونی عێراق و گرنگیی بوونی ئەجێندایەکی چاکسازیی بەهێز بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و چاکسازی لە کەرتەکانی خزمەتگوزاریی گشتیدا.
هاوڵاتى ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە 66 دۆلار و 44 سەنتە و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکیش بە 63 دۆلار و 58 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر نەوت لەئەمریکا و لێدوانی بەرپرسانی ئێران بۆ نزیکبوونەوە لەرێککەوتنی ئەتۆمی، ئەمڕۆ یەکشەممە بەهای نەوت بەڕێژەی 2% بەرزبووەوە. بەگوێرەی شیکەرەوەکانی بازاری وزە لە ئەمریکا بەهۆی زیادبونی خواست و بەنزمی هێشتنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، پێشبینی دەکرێت تاکۆتایی ئەمساڵ نرخی نەوتی برێنت لەنێوان 70 بۆ 80 دۆلاردا جێگیربێت
هاوڵاتى بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند بۆ تەواوكردنی خوێندنی ئەمساڵ داوای هاوكاری لە سەرمایەداران دەکەین کە هاوکاری پرۆسەی پەروەردە بن بە دابینکردنی ئامێری فێنککەرەوە بۆ ئەوەی ئەمساڵ بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ئەو ماوەیەی ماوە پرۆسەی پەروەردە نەوەستێت و بەسەرکەوتوویی کۆتایی پێبێنین. ئەمڕۆ یەكشەممە، 23 ئایاری 2021 لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە:"بەناوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی دەستخۆشی لە کاک نەجمەدین دەکەین کە بۆ پشتیوانی پرۆسەی پەروەردە (100) موبەریدەی دابینکردووە بۆ قوتابخانە و خوێندنگەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان، هیوادارین نموونەی زۆربێت و سەرکەوتوو بێت." پەروەردەی سلێمانی دەشڵێت:" بۆ ئەوەی پرۆسەی پەروەردە تێپەڕێنین داوا لە کۆمپانیاکانی ترو سەرمایەداران دەکەین کە هاوکاری پرۆسەی پەروەردە بن بە دابینکردنی ئامێری فێنککەرەوە بۆ ئەوەی ئەمساڵ بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ئەو ماوەیەی ماوە پرۆسەی پەروەردە نەوەستێت و بەسەرکەوتوویی کۆتایی پێبێنین."