هاوڵاتى بەبۆنەی بیست و نۆھەمین ساڵڕۆژی ئەنجامدانی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پەرلەمان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان خواستی گەلێكی ستەملێكراو بوو بۆ دیموكراسییەت و بەدەستهێنانی مافە سیاسی و مەدەنی و فەرهەنگییە زەوتكراوەكانی. دەقی پەیامەكە: پەیامی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەبۆنەی ساڵیادی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەبۆنەی (29) بیست و نۆھەمین ساڵڕۆژی ئەنجامدانی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی سەرجەم كوردستانییانی ئازیز‌و خۆشەویست دەكەین. هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەھەلومەرجێكی سەخت و دژواری سیاسی، ئابووری، ناسەقامگیر و تەژی لەئاڵنگاریی ناوخۆیی و ئیقلیمی، بڕیارێكی بوێرانەی بەرەی كوردستانی و سەركردایەتیی سیاسی بوو، لەپێناو بەدیھێنانی ئامانجە مێژووییەكانی گەلەكەماندا. هەڵبژاردنی پەرلەمان و متمانەدان بەكابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەرچەرخانێكی گەورەو بەرجەستەكردنی ئیرادەو خواستی گەلەكەمان بوو بۆ خۆبەڕێوەبەری، هاوكات خواستی گەلێكی ستەملێكراو بوو بۆ دیموكراسییەت و بەدەستهێنانی مافە سیاسی و مەدەنی و فەرهەنگییە زەوتكراوەكانی. لەئێستاشدا پەرلەمانی كوردستان، وەك دامەزراوەیەكی دەستووریی هەرێم، لەسنووری دەستڕۆییەكانی خۆیدا بەبێ جیاوازی ئاین، نەتەوەو ئینتیمای سیاسی، هەوڵدەدات بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییە باڵاكان و نوێنەرایەتیكردنی هاووڵاتییان لەبەدیهێنانی ماف و داخوازییە ڕەواكانیان و بەجێھێنانی ئەركە یاسایی و دەستوورییەكانی. لەم یادە پیرۆزەدا سەری ڕێز‌و نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی كوردستان دادەنەوێنین، كەدەستكەوتەكانی دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەرھەمی خوێنی گەشی شەھیدانە، دروود بۆ ڕۆحی پاك و بەرزەفڕیان. سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
هاوڵاتى نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، رایگەیاند:" هەرێمی کوردستان چیتر نابێ بەسەر دوو ناوچەی زەرد و سەوز یان بەسەر هەر رەنگێکی دیکەدا دابەش بێت. هەر بەڕاستی کاتی ئاشتبوونەوە و یەکگرتن هاتووە بۆ ئەوەی سەقامگیری سیاسی بێتە ئاراوە". جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ئایاری 2021 لە وتارەکەیدا لە پانێڵی "هەرێمی کوردستانی عێراق : دەستوور و یەکڕیزی" کە لە زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو، باسی گرنگی یەکڕیزیی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و ئەوەی بە "کلیلی بەردەستی لایەنەکان بۆ دەربازبوون لە مەترسییەکان" ناوبرد. نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق ده‌ڵێت ، فرەزمانی و جیاوازییەکان لە هەرێمی کوردستان کرد کە بە سەرچاوەی بەهێزیی و بووژانەوەی بەرچاوی هەرێمی کوردستان. راشیگەیاند، "کوردستانێکی بەهێز مانای توانابوونیەتی کە بتوانێت بە باشترین شێوە بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت. بە پێچەوانەوەشەوە، پەرتەوازەیی دەبێتە هۆی لاوازی". پلاسخارت وتی: "هەرێمی کوردستان چیتر نابێ بەسەر دوو ناوچەی زەرد و سەوز یان بەسەر هەر رەنگێکی دیکەدا دابەش بێت. هەر بەڕاستی کاتی ئاشتبوونەوە و یەکگرتن هاتووە بۆ ئەوەی سەقامگیریی سیاسیی بێتە ئاراوە". دەقی وتاری جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق میوانانی بەڕێز، ئامادەبووانی خۆشەویست، دەمەوێت بە سوپاسکردنی زانکۆی کوردستان دەستپێبکەم بۆ بانگهێشتکردنم بۆ ئەم چالاکییەی ئەمڕۆ. شانازییەکی گەورەیە و خۆشحاڵم کە من لێرە ئامادەم. من ئەمڕۆ دەمەوێت گەر رێگەم بدەن زۆر بە راشکاوی قسە بکەم. مەبەست لە سەرنجەکانم هەم تەحەددی کردنە و هەمیش بۆ هاندانی بیرکردنەوەیە بۆ ئەوەی بتوانین راستگۆیانە و بنیاتنەرانە هەوڵ بدەین لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەندێک لە گیروگرفتەکان و کێشەکانی سیستەم. بە واتایەکی دیکە، رەنگە هەندێکتان ئەم رایانەی منتان لە رادەبەدەر بە راشکاو بزانن بەڵام وەک کورد دەڵێت "دۆست ئەو کەسەیە بتگریەنێت."دەبا رووبەڕووی ببینەوە. لە هەندێک لە گفتوگۆیەکانم لە هەرێمی کوردستاندا دیدە دەربڕاوەکان، پێمان خۆش بێت یان ناخۆش، دلێرانەن. لە هەمان کاتیش‌دا، ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کە من پێی سەرسامم. هەروەها نابێت ئاڵوگۆڕی بیروڕا تەنها بۆ مەبەستی کۆبوونەوە بێت و بەس، بەڵکو پێویستە لەپێناو باسکردنی کرۆکی بابەتەکان بێت بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر. ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست، خەباتی نەپساوە بۆ کۆنترۆڵکردنی چارەنووسی یەکێک پێویستە بۆ هەر کەسێک. بە سەیرکردنی مێژوو و جوگرافیای ئەم ناوچەیەش، بەڕای من باشترە بڵێین کە ئەم دۆخە بە تایبەتی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستانیش راستە. سەیرکردنی رابردوو بەسە لەم رووەوە و هەروەها ئێستا و ئایندەش پڕە لە نادڵنیایی و مەترسی. ئەوەی کە ئێمە دەیزانین ئەوەیە کە ئەم قەوارە ئۆتۆنۆمییه‌ى ئێستا کات و قوربانییەکی زۆری ویستووە. بەڵام وەک هەر شوێنێکی دیکەی ئەم جیهانە، ماف و ئازادییەکان هەروا بە ئاسانی بەدی نەهاتوون. نەخێر، هەرگیز. ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە هەرگیز وا مه‌زانن ئەم جۆرە ئوتۆنۆمییه هەر بە مسۆگەری هەتاهەتایی دەمێنێتەوە. هەر بۆیە یەکڕیزی بۆ مانەوەی ئەم قەوارەیە لەوپەڕی پێویستیدایە. لەڕاستیدا، من هەر وەک لە هەفتەی رابردوودا بە ئەنجوومەنی ئاسایشیشم وت کە هێزی سیستەمی فیدراڵی لە بەهێزیی ئەو گرێبەستانەوە سەرچاوە دەگرێت کە لەنێوان پێکهاتەکاندا هەیە کە ئەمانیش هێزی خۆیان لە ئاشتەوایی و یەکڕیزی نێوان کۆمەڵگەکانەوە وەردەگرن. سەبارەت بە عێراقیش، وڵاتەکە بە قەد ئەو پەیوەندییەی کە پێکهاتە جیاوازەکانی بەیەکەوە گرێ دەدا بەهێزە. بە زۆریش ئەم خەڵکە جیاوازانە پێویستیان بە ئاشتەوایی نێوان کۆمەڵگاکان هەیە. ئێستا هەرێمی کوردستان بە دڵنیاییەوە و بە شێوەیەکی بۆماوەیی و بەرفراوان پڕە لە جیاوازی و فرەئایینی و فرەزمانی، ئەمەش بەڕوونی لە سەردانەکەی ئەمدواییەی پاپا فرانسیسدا رەنگی دایەوە. یەکێک بۆى هه‌یه بڵێت بەهێزیی و بووژانەوەی بەرچاوی هەرێمی کوردستان لە هەبوونی ئەم جیاوازییانەوە سەرچاوەی گرتووە. یەکێک هەتتا دەتوانێت بڵێت "یەکییەتی دژەکان" یەکێک بوو لەو هۆکارە بناخەییەی کە بووە هۆی دروستبوونی هەرێمی كوردستان و بە دڵنیاییشەوە هەر ئەم بنەمایەشە کە دەتوانێت ئایندەی مسۆگەر بکات. بەڵێ وەک زۆربەی وڵاتان، لە عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا ناکۆکی سیاسی هەیە و زۆربەی دیموکراسییە بەهێزەکانی ئەمڕۆش، دوێنێ بە هەمان دۆخی شەڕ و خوێنڕشتن و نەهامەتیدا تێپەڕیون. هیچ پێویست بە وتن ناکات کە کوردستانێکی بەهێز مانای توانابوونیەتی کە بتوانێت بە باشترین شێوە بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت. بە پێچەوانەوەشەوە، پەرتەوازەیی دەبێتە هۆی لاوازی. بێگومان، هەرێمە کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو دەبێتە مایەی بەهێزبوونی عێراقی فیدڕالیش، نەک هەر لەسەر ئاستی ناوخۆیی بگرە جیهانیش. هەروەها گومانیش لەوەدا نییە کە بەهێزبوونی ناوخۆیی دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دەرەوەش. ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست، من وەک سیاسەتمەدارێکی پێشووى ئەوروپایى ، دەتوانم لە ئەزموونی خۆمەوە پێتان بڵێم کە فه‌راهه‌مكردنی دیموکراسی، بە تایبەتیش ئەوەی کە ئاستی زۆر جیاوازی فەرمانڕەوایی هەیە، کارێکی سەختە. ئەمە زۆر راستە کە دیموکراسی درێژخایەن لە کۆمەڵگەکاندا لە چاوتروکانێکى موعجیزە ئاسا بەدی نایەت بەڵکو سازشکردن پێویستی بە ئارامگرتنی لە رادەبەدەر و بڕیاری شێلگیرانە هەیە. بێ‌ئارامی ئاساییە و من بە تەواوی ئاگادارم لێی. رەنگە هەتتا بۆ پاڵنانی شتەکان بە ئاراستەی بەرژەوەندیی هاوبەشی زیاتر ویستراویش بێت. بەڵام بە شێوەیەکی مسۆگەرییانە پێویستە پرۆسەی دیموکراتی کاتی بدرێتێ بۆ ئەوەی بتوانێت گەشە بکات. ئەمە رەنگە رووبدات. پێویستە کارلێکی تەندروستانەی ئۆپۆزیسیۆن و حکومەت و پێکهاتەی پارتە سیاسییەکان لەسەر هەموو ئاستەکانی ناوخۆیی و هەرێمی و نیشتمانی رێگەپێدراو بێت. لە میانەی هەموو ئەمانەدا، دوا ئامانجی سەرکردایەتی پێویستە بریتی بێت لە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتییەکانی. چەقەکە پێویستە لەسەر ئەو چارەسەرانە بێت کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن، به‌ڵام ئەو چارەسەرانەی کە لەسەر بنەمای زۆرینەدا داده‌مه‌زرێن ئەوە ناتوانن بە دوورمەودایی بمێننەوە. هەر وەک وتم یەکڕیزی ئەگەر بۆ یەکجاریش بەدەست بێت بەڵام هێشتاش نابێت بە مسۆگەر دابنرێت و بۆیە پێویستە بەردەوام کاری بۆ بکرێت. ئەم "کاری ئیدامەدان" ە خۆگەیاندن و هانابردنی بەردەوام بۆ ناو خەڵکی سادە و گفتوگۆ و کاری تۆکمە دەگەڕێتەوە کە ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە پێکهاتەکان و کۆمەڵگەکان لە هەموو کاتێک گوێیان لێ گیراوە. کاتێک کە یەکڕیزی تووشی هەڕەشەی لێکترازان دەبێت ئەوە ئەرکی سەرکردایەتییە کە رێنمایی بدات و بەرژەوەندییە دژەکان یەکبخات. لە هەمان کاتدا، ئەرکی هەر هاووڵاتییەکە کە دان بەو راستییەدا بنێت کە هاوسەنگی را‌گرتن لە نێوان دید و بەرژەوەندییە جیاوازەکاندا پێویستی بە سازش و نه‌رمى نواندنه وەک هەر کۆمەڵگەیەکی فرەڕا. سیاسەت بە "هونەری ئەنجامدانی ئەوەی دەکرێت بكرێت" پێناسە کراوە. پێمان خۆش بێت یان ناخۆش، نه‌رمى نواندن رێگەیەکە بۆ بڕینی جیاوازییەکان. من ئەوەش رەت ناکەمەوە کە نه‌رمى نواندن رەنگە لەپڕ ببێتە هۆی بێهیوایی. بەڵام هەرچۆنێک بێت نه‌رمى نواندن بۆ یەکتر دەبێتە مایەی کردنەوەی دەرگای سەرکەوتنی درێژخایەن. بەو پێیەی کە هەموو سیاسەتێک دواجار هەر ناوخۆییە، بۆیە زۆر پێویستە کە گیانی یەکڕیزی و هاوبەشکاری بە کردەنی لەسەر ئەم ئاستە پیادە بکرێت. سیستەمی هاوسەنگ ئەو سیستەمەیە کە تێیدا دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لە هەموو کات و شوێنێکدا بە تەواوی مسۆگەر کراوە، بێگوێدانە ئەوەی کە چ هێزێکی سیاسی لە دەسەڵاتدایە. لەگەڵ وتنی هەموو ئەمانە، ئێمە پێویستە جیاوازی بکەین لەنێوان یەکگرتوویی لەگەڵ یەکڕایی. ئەوە کە تەنها کۆمەڵێک بتوانێت یەکگرێت و ببێتە یەک ئەوە هەرگیز مانای ئەوە نییە کە ناتوانرێت تاوتوێی تەندروستییانەی ناوخۆیی ئەنجام بدرێت یانیش ناتوانرێت چەندین دەنگی جیاواز ببیسترێن. راجیاوازی هەرگیز هەڕەشە نییە و بگرە بەپێچەوانەشه‌وه سەرچاوەی هێز و دەوڵەمەندییە. ئەوەی کە شانبەشانی ئەمە گرینگە ئەوەیە کە قسە بۆ کردار بگۆڕدرێت. راسته قسە و راگەیاندنی بریقەدار باشە بەڵام دواجار بۆ ئەوەیە کە شتەکان ئەنجام بدرێن. هەر لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە تا دەگاتە وازهێنان لە بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی بۆ هەنگاونان بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و ئەنجامدانی چاکسازی. بەڵێ "دیدی پێشمەرگە بۆ 2025" یەکێکە لە نمونە باش و تۆکمەکان. هەرێمی کوردستان چیتر نابێ بەسەر دوو ناوچەی "زەرد" و "سەوز" یان بەسەر هەر رەنگێکی دیکەدا دابەش بێت. هەر بەڕاستی کاتی ئاشتبوونەوە و یەکگرتن هاتووە بۆ ئەوەی سەقامگیریی سیاسیی بێتە ئاراوە. با بێینە سەر سەروەریی نیشتمانی . بەداخەوه، هەڵکەوتەی ناوازەی جوگرافیی عێراق هەموو کات لە قازانجی دا نییە و لەمەدا هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە. بە واتایەکی دیکە، ئێوە رووبەڕووی چەندین بارودۆخی جیۆپۆلەتیکی دەبنەوە و هەر ئەم راستییەش بەسە بۆ ئەوەی وا لە یەکێک بکات کە دووجار بیر بکاتەوە. ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست، بەهۆی هەڵبژاردنی مانگی تشرینی یەکەمەوە عێراق لە بەردەم گۆڕانکارییەکی چارەنووسسازدایە. هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بە بەشدارییەکی فراوانەوە بە دڵنیاییەوە دەبێتە مایەی دابینکردنی ئایندەیەکی سەقامگیرتر و خۆشگوزەرانتر بۆ وڵات. لەلایەکی دیکەشەوە، ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنەش بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش لەوپەڕی گرینگی‌دان. ئێستا، هەرێمی کوردستان بژاردەیەکی هەیە لەو رووەی کە دەتوانێت یەکگرێت و رێزی خۆی سەبارەت بە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان بەهێز بکات و پێشڤەچوونی بەرچاو لە چاکسازیی ئابوری و ئاسایش‌دا، کە ئاواتی لەمێژینەی خەڵکن، ئەنجام بدات و سەرەڕای جیاوازییە ناوخۆییەکانیش، کە من لەو باوەڕەم کە هه‌تتا لە رابردووش‌دا نەهێشتنیان زۆر ئەستەم بووبێت، دەست بەگفتوگۆ بکات. یانیش رەنگە لە دروستکردنی تەبایی و یەکڕیزیدا شکست بهێنێت و بەمەش هەموو دەسکەوتەکان بخاتە مەترسییەوە. ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست، لەمدواییەدا، بابەتی دەستووری کوردستان هاتەوە بەر باس و خواس و هەموو خەڵکیش لەسەر گرینگی هەبوونی دەستوور هاوڕان. گەر من هەڵە نەبم یەکەم رەشنووس لە ساڵی 2009 پێشکەش کرا. چەندین هەوڵ دران بەڵام لە چەند قۆناخی جیادا بەهۆی نەبوونی کۆدەنگیی و سازانی سیاسییەوە شکستیان هێنا. ڕێگەم بدەن با راشکاوتر بم. سەرکردایەتیی سیاسی و دەستوور بۆ خەڵکه كه پێویسته مافەکانیان و هەروەها چۆنیەتی پاراستنی مافەکانیشیان مسۆگه‌ر بكات و هەروەک چۆن سنووری دەسەڵاتەکانیش دیاریی بكات. راستە دەستوور گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە بەڵام چالاککردنی پرۆسەکانی دیکەش بە دڵنیاییەوە دەبێتە هەلێکی گرینگ بۆ هەموو پێکهاتە و کۆمەڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەیەکەوە دانیشن. رەنگە ببێتە مایەی نەهێشتنی جیاوازی و ناخۆشییەکان و قبوڵکردنی خەڵکی دیکە و هەروەها، گەر پێویست بێت، داوای لێبووردن کردن و رێزگرتن لە مێژووی یەکدی، هەروەک چۆن رەنگە ببێتە مایەی زاڵبوون بەسەر کێبڕکێی سیاسیی و هاوبەشکاری و چەقبەستوویی نێوان پارتە سیاسییەکانیش. هەروەها دەکرێ ببێتە مایەی هەلێکی زۆر باش بۆ دروستکردنی شانازی بەرەوپێش و متمانەش. ئەمە دەرفەتێکیشە بۆ بەڕوونی دەستنیشانکردنی هێز و بەرپرسیاریى دەزگاییش. ناڕوونی یاسایی زیانی هەیە لەسەر ئاستی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان. بە هەر حاڵ، گەر ئێوە دەتانەوێت پرۆسەکە سەرلەنوێ چالاک بکەنەوە ئەوە پێویستە بە رێکی و دروستی ئەنجامی بدەن. بەڵێنی بۆش و جێبەجێنەکراو دەبێتە مایەی بێمتمانەیی زیاتر. هەرگیز رقی هەڵچوو بە كه‌م وه‌رمه‌گرن. شەڕی سیاسی و حیزبحیزبێنێ تاوەکو ئێستاش هەر پەتایە و هەموو کون و کەلەبەرێکی گرتووەتەوە بەشێوەیەک کە جێگەی سەرسووڕمان نییە کە خەڵک متمانەی بەوە نه‌مابێت کە پرۆسەی سیاسی لە خزمەتی ئەواندا بێت یان ببێتە مایەی هیچ گۆڕانکارییەک. دووبارە، گەر ئێوە ئەمە دەکەن ئەوە بە رێکی و دروستی ئەنجامی بدەن. بێگومان دیکۆمێنتی ئەنجام پێویستە لەگەڵ دەستووری فیدرالی گونجاو بێت. ئەمە خۆی لەخۆیدا گرفتێکی دیکەی دروستکردووە چۆنکە دەستوری فیدراڵی بەرچاوڕوونی تەواوی تێدا نییە. لەو کاتەی کە دەستوور گەڵاڵە دەکرا بنەما گشتییەکانی تێدا جێگیرکرا بەڵام جێبەجێکردنیان بە یاسایەکانی دواتر سپێردران. دوای شانزە ساڵ، نەبوونی ئەم تایبەتمەندییە بووەتە سەرچاوەی مشتومڕی بەردەوام لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. هەر بۆیە چارەسەرێکی درێژخایەن لەوپەڕی پێویستیدایە. من دڵنیاشم کە ئێمە هەر هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە کاتی ئەوە هاتووە عێراق رێز لە هەموو پێکهاتەکانی بگرێت. ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست، لە کۆتاییدا رێگەم بدەن با جارێکی دیکە جەخت لەسەر گرینگیی ئەو دەسکەوتانە بکەمەوە کە لە سەدەکانی رابردوودا لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە بەدەست هاتوون. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایە چۆن ئەم دەسکەوتانە درێژە و پەرە پێ بدەین؟ لەکاتێکدا کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئێوەدایە، ئەوەش گرینگە کە پێش هەموو شتێک ئەوە بزانن کە هەر هەمووتان لەم پرسە بەیەکەوەن. یەکڕیزی وێڕای جیاوازییەکان کلیلی بەردەستتانە.
هاوڵاتى بەرپرسێکی باڵای ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی رایگەیاند:" مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق بەمنزیکانە نیازی ئەنجامدانی گۆڕانکاریی وزاریی هەیەو بۆئەو مەبەستەش دەیەوێت پێنج لەوەزیرانی کابینەکەی بگۆڕێت". ڕەحیم عەبدودی ئەندامی دەستەی گشتی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ئایاری 2021 ڕایگەیاند، "مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە هەریەک لەوەزیرەکانی دارایی، تەندروستیی، کشتوکاڵ، پیشەسازیی‌و بازرگانی بگۆڕێت، بەشێوەیەک داواکاری گۆڕینیان ڕەوانەی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران لەدوای جەژنی ڕەمەزان بکات". باسی لەوەشکرد، پێدەچێت گۆڕینی ئەو وەزیرانە بەدووجار ئەنجامبدرێت، بەشێوەیەک سەرەتا وەزیرانی تەندروستی (دەستلەکارکێشاوە)و کشتوکاڵ‌و پیشەسازیی بگۆڕدرێن‌و دواتر گۆڕانکارییەکە هەریەک لەوەزیرانی دارایی‌و بازرگانی بگرێتەوە. عەبودی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گۆڕاکارییە وزارییە لەسەر پێشنیازی کوتلەی سائیرونی سەر بەموقتەدا سەدرو بەپشتیوانی سەرۆک وەزیران دەکرێت. وتوشیەتی:"ئەو جوڵەیە لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن‌و ئامادەکارییە بۆ دەستنیشانکردنی کابینەی داهاتووی حکوومەت". بەرپرسەكه‌ی ڕەوتی حیکمە ڕونیکردۆتەوە، بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان لەئێستاوە لەنێوان خۆیاندا باس لەدیاریکردنی ناوی سێ سەرۆکایەتییەکان‌و کاندیدانی پۆستە وزارییەکان دەکەن.
هاوڵاتى سەنتەری زانکۆی کوردستان- هەولێر بۆ توێژینەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتی، کۆنفرانسێکی تایبەت بە ناونیشانی ''یەکڕیزی و دەستوور'' رێکدەخات. ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنفرانسەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جێنین هێنس پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و سەرۆک و سەرکردەی حیزبەکانی باشووری کوردستان و ژمارەیەک لە توێژەر و ئەکادیمی و 29 کۆنسوڵی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بەشداریی تێدادەکەن.
هاوڵاتى وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، لەچوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی بڕی پێویست و کوالیتی بەرزی ماددەکانی بەشەخۆراک، زیاتر لە شەست هەزار تۆن برنجی پاکستانی گەیشتوەتە دەست بریکارەکانیان و لەچەند رۆژی داهاتودا دابەشدەکرێت. وەزارەتی بازرگانی عێراق لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، زیاتر لە شەست هەزار تۆن برنجی پاکستانی کە بە کوالیتی بەرز گەیشتوەتە وڵات، بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکات و لەئێستادا بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکراوە. پێشتر وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق رایگەیاند، لەمانگی رەمەزاندا دو بەشەخۆراکی مانگانەیان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکردوە کە بریتین لە (زەیت، شەكر، برنج و ئاردی سفر بە بڕی 5 كیلۆ بۆ هەر خێزانێك). بەگوێرەی دواین راپۆرتی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لەئەنجامی بەرزبونەوەی بەهای مادە خۆراکییە بەڕێژەیەکی بەرچاو و هەڵاوسانی نرخەکان بەڕێژەی 5%، رێژەی هەژاری بۆ 27% بەرزبوەتەوە، بۆیە وەزارەتەکەیان بەرنامەیەکی گشتگیری چاکسازی و بەرەنگاربونەوەی ئاستەنگییەکانی هەیە، بەو پێیەی وڵات بەدو قەیرانی دارایی و تەندروستیدا تێدەپەڕێت و بەهای خۆراک بەرزبوەتەوە و هەژاریش زیادیکردوە.
هاوڵاتى ئەمڕۆ چوارشه‌ممه 19ی ئایاری 2021، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە 68 دۆلار و 8 سەنتە. هاوکات لە بۆرسە بازارە جیهانییەکان، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکیش بە 64 دۆلار و 84 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهان به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه به‌جۆرێك له سه‌رو 60 دۆلاره‌وه مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت.
هاوڵاتى ئه‌ندامێکى هاوپه‌یمانى هیوا له‌سه‌ر خۆسوتاندنى گه‌نجه‌که‌ى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان ده‌ڵێت:" راسته ئه‌و میدیاکارانه‌ى که له‌وێ بون، نه‌ده‌بوایه له‌و هه‌وڵى خۆسوتاندنه‌ى گه‌نجه‌که‌ى رۆژهه‌ڵات ته‌ماشاکه‌ر بونایه، به‌ڵام هه‌ر هه‌وڵێک بۆ قۆستنه‌وه‌ى ئه‌م روداوه له‌پێناو سنوردارکردنى ئازادى میدیا‌و کارى راگه‌یاندن ده‌بێ ره‌تبکرێته‌وه". رێبوار که‌ریم مه‌حمود، ئه‌ندامى هاوپه‌یمانى هیوا له‌په‌رله‌مانى عێراق راشیگه‌یاند:" ئێمه ده‌زانین ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێم بۆ هه‌لێک ده‌گه‌ڕێت به‌هۆیه‌وه ئه‌وه‌نده‌یتر ئازادییه‌کان سنوردار بکات، ده‌سه‌ڵاتێک که رۆژانه به‌هۆیه‌وه خه‌ڵک توشى ماڵوێرانى و نه‌هامه‌تى و کێشه‌ى ده‌رونى ده‌بێته‌وه، نابێ و شیاو نیه له‌ژێر کاریگه‌رى ئه‌و روداوه‌ى به‌رده‌م نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان ئازادییه‌کان ئه‌وه‌نده‌یتر سنوردار بکرێن". هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى دووپاتکردووه‌ته‌وه که "ئێوه ته‌ماشاکه‌ن له‌نیوه‌رۆوه ئه‌وانه‌ى سه‌رکوتکارن، خه‌ریکى رشتنى فرمێسکى تیمساحین بۆ ئه‌و گه‌نجه، ببینن چۆن که‌وتونه‌ته پێدانى وانه‌ى ئه‌خلاقى به سه‌رجه‌م میدیاکاران! له‌کاتێکدا روداوه‌که به‌رهه‌مى ئه‌و ناعه‌داله‌تیه‌یه که خۆیان خوڵقاندویانه".
هاوڵاتى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له ڕێگه‌ى فه‌رمانگه‌ى میدیا‌و زانیارى له‌سه‌ر روماڵى خۆسوتاندنى گه‌نجێک هاته‌ده‌نگ و داوا له‌داواکارى گشتى ده‌کات ڕێوشوێنى پێویست بۆ رێگرى له دوباره‌بونه‌وه‌ى بگرێته‌به‌ر. ده‌قى ڕاگه‌یه‌ندراوى حکومه‌تى هه‌رێم: په‌یامى فه‌رمانگه‌ى میدیا و زانیارى حکومه‌تى ھه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر ڕووداوى خۆسوتاندنى ھاووڵاتیه‌ک له‌به‌رده‌م نووسینگه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له ھه‌ولێر به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ په‌نابه‌رێکى خه‌ڵکى شارى بۆکان له به‌رده‌م باره‌گاى نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له شارى ھه‌ولێر ئاگرى له جه‌سته‌ى به‌ردا. له کاتێک دا دڵگرانى خۆمان له‌م ڕووداوه دڵته‌زێنه ده‌رده‌بڕین، به توندى ئیدانه‌ى کرده‌وه‌ى ئه‌و که‌ناڵانه ده‌که‌ین که به‌بێ گوێدانه ڕه‌وشتى کارى ڕۆژنامه‌گه‌رى و یاسا کارپێکراوه‌کانى و ڕێنمایه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، به شێوه‌یه‌کى دڵ ڕه‌قانه ڕووماڵى ئه‌م ڕووداوه‌یان کرد به‌بێ هه‌ست کردن به به‌رپرسیاره‌تى کارى ڕۆژنامه‌وانی. ده‌بێت لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار ڕێگرى بکات له‌و کرده‌وانه و داواکارى گشتى به ئه‌رکى خۆى هه‌ڵسێت بۆ دووباره نه‌بوونه‌وه‌ى ئه‌م جۆره کاره نامرۆڤانانه. فه‌رمانگه‌ى میدیا و زانیاری ١٨ى ئایارى ٢٠٢١"
هاوڵاتى هێزه‌کانى پاراستنى گه‌ل -هه‌په‌گه- کوژرانى سه‌رکرده‌یه‌کى ڕه‌تده‌کاته‌وه‌و ڕایگه‌یاند:"ده‌وڵه‌تى فاشیتى تورک، بۆ شاردنه‌وه‌ى شکسته‌کانى به‌رامبه‌ر گه‌ریلا، که‌وتووه‌ته درۆکردن". ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 18ى ئایارى 2021 ناوه‌ندى ڕاگه‌یاندنى هه‌په‌گه له‌باره‌ى ئه‌و بانگه‌شانه‌ى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆمارى تورکیا له‌سه‌ر گه‌ریلا و فه‌رمانده‌کانى بڵاویان ده‌کاته‌وه، ڕاگه‌یه‌نراوێکى بۆ ڕاى گشتى بڵاو کرده‌وه. له ڕاگه‌یه‌نراوه‌که‌دا هاتووه: “ده‌وڵه‌تى فاشیستى تورک، له به‌رامبه‌ر گه‌ریلاکانى ئازادیى کوردستان، شکستى هێناوه، بۆیه که‌وتووه‌ته درۆکردن، ئه‌و هه‌واڵانه‌ى به‌مدواییه له‌سه‌ر هێزه‌کانمان و فه‌رمانده‌کانمان بڵاو ده‌کاته‌وه، هیچ ڕاستییه‌کیان نییه". دوێنێ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆمارى تورکیا، کوژرانى به‌رپرسى گشتیى په‌که‌که‌ى له‌سوریا ڕاگه‌یاند. ئه‌ردۆغان له وتارێکیدا له‌کۆبونه‌وه‌ى کابینه‌ى سه‌رۆکایه‌تیى کۆمار وتی" سۆفى نوره‌دین، به‌رپرسى گشتیى په‌که‌که له‌سوریا له‌ئه‌نجامى کارى دوور‌و درێژى ده‌زگاى هه‌واڵگرى میت، له‌ئۆپراسیۆنێکدا له‌باکوری عێراق - هه‌رێمى کوردستان کوژراوه".
هاوڵاتى به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه پێشوازیکرد له سه‌رۆکى حکومه‌تى عێراق و له‌دیداره‌که‌دا پێویستى پارێزگاریکردن له ئارامى وڵات، پاراستنى ئاسایش، سه‌لامه‌تى هاوڵاتیان و به‌هێزکردنى ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت جه‌ختى له‌سه‌رکرایه‌وه . ئه‌مڕۆ 18ى ئایارى 2021، سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى عێراق له‌راگه‌یه‌نراوێکدا بڵاویکرده‌وه، به‌رهه‌م ساڵح، له کۆشکى سه‌لام له به‌غدا پێشوازیکرد له مسته‌فا کازمی کرد. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش هاتوه، له دیداره‌که‌دا جه‌ختکرایه‌وه له پێویستى پارێزگاریکردن له ئارامى وڵات و پاراستنى ئاسایش و سه‌لامه‌تى هاوڵاتیان و به‌هێزکردنى ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت و ده‌زگا ئه‌منییه‌کان بۆ جێبه‌جێکردنى یاسا و پاراستنى ئاشتى و ئاسایشى کۆمه‌ڵایه‌تى و گرنگى راوه‌دونانى پاشماوه‌ى تیرۆریستان که مه‌رامیانه ئاسایش و سه‌قامگیرى چه‌ند ناوچه‌یه‌ک بشێوێنن. هاوکات، پێویستى دابینکردنى پشتیوانى ته‌واو له هێزه ئه‌منییه‌کان به سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانییه‌وه بۆ ھێنانه‌دى ئاسایش و ئارامی. له به‌شێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌دا ھه‌ردولا گفتوگۆیانکردوه ده‌رباره‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خه‌تى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و جه‌ختکراوه‌ته‌وه له پێویستى ره‌خساندنى که‌شێکى له‌بار و گونجاو و پشتیوانى و دابینکردنى ته‌واوى پێداویستییه‌کان بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌که و گرتنه‌به‌رى باشترین رێوشوێنه‌کان بۆ رێگریکردن له ساخته‌کارى و فرتوفێڵ و هه‌مو ئه‌و هۆکارانه‌ى ده‌بنه ھۆى ئه‌وه‌ى کاریگه‌رى له‌سه‌ر خواستى ده‌نگده‌ران دروست بکات له هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌ره‌ى راسته‌قینه‌ى خه‌ڵک، ھه‌روه‌ھا تاوه‌کو ده‌رهاویشته‌کانى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن ببێته مایه‌یى ھێنانه‌کایه‌وه‌ى خواستى ئازادانه‌ى خه‌ڵک. جه‌ختیکرایه‌وه له هه‌ڵوێستى نه‌گۆێ و پشتیوانى عێراق بۆ دۆزى فه‌ڵه‌ستین و ھێنانه‌دى داواکارى و مافه ره‌واکانی.
هاوڵاتى هاوسه‌رۆکى یه‌کێتی رایگه‌یاند، پشتیوانى له یه‌کخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه و دروستکردنى هێزێکى نیشتیمانى ده‌که‌ن و باوه‌ڕیانوایه "ده‌بێت هێزى نیشتیمانى ده‌بێت دوربێت له ده‌ستێوه‌ردانى حزب". ئه‌مڕۆ سێشه‌مه 18ى ئایارى 2021، بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسه‌رۆکى یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان ئه‌مڕۆ له ده‌باشان پێشوازى له وه‌فدێکى باڵاى هێزه‌کانى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى کرد که پێکهاتبون له کۆڵۆنێڵ چارلى سایکێس، ده‌یڤ ویڵیامس و یان تێن هۆڤ، له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ى یه‌کخستنه‌وه‌ى ھێزى پێشمه‌رگه و پێکھێنانى ھێزێکى سه‌ربازى نیشتمانیى به دیسپلین و مه‌شقپێکراو خراوه‌ته‌ڕوو. بافڵ تاڵه‌بانى له‌باره‌ى چۆنییه‌تى یه‌کخستنه‌وه‌ى ھێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان و رێکخستنه‌وه‌یان له‌چوارچێوه‌ى پرۆژه‌یه‌کى نیشتمانیى نه‌ته‌وه‌یی، ھه‌ڵوێستى یه‌کێتى خستوه‌ته‌ڕو و جه‌ختى له به‌رده‌وامى ھه‌وڵه‌کان کردوه‌ته‌وه به‌و ئاڕاسته‌یه‌ى که بنه‌ماى ھاوسه‌نگى و یه‌کسانى له یه‌کگرتنه‌وه‌ى ھێزى پێشمه‌رگه ره‌چاوبکرێت و ھێزێکى نیشتمانى رێکخراو دروستبکرێت که ره‌نگدانه‌وه‌ى ھه‌مو پێویستییه‌کانى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى ئه‌مڕۆى ھه‌رێم بێت. ھاوسه‌رۆکى یه‌کێتیى راشیگه‌یاندووه که" هێزى نیشتیمانى ده‌بێت دوربێت له ده‌ستێوه‌ردانى حزبى" و ھه‌مو پشتیوانییه‌کى یه‌کێتیشى بۆ سه‌رخستنى ئه‌م پرۆژه نه‌ته‌وه‌ییه ده‌ربڕیوه. هاوکات سوپاسى ھێزه‌کانى ھاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى ده‌که‌ن که ھاوکار و پشتیوانى ھه‌رێم و عێراق بون له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى تیرۆر و به‌رقه‌رارکردنى ئاسایش و سه‌قامگیرى له ناوچه‌که.
هاوڵاتى وه‌زاره‌تى ناوخۆى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان فه‌رمانى پله‌به‌رزکردنه‌وه‌ى بۆ 356 ئه‌فسه‌ر ده‌رکرد له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه بۆ سه‌رجه‌مى ئه‌و ئه‌فسه‌رانه هه‌ژمار ده‌کرێت، به‌ڵام هێشتا پله به‌رزکردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌رانى مه‌ده‌نى به‌ته‌واوى راگیراوه. وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێمى کوردستان له‌دواین فه‌رمانیدا که دوێنێ 17ى ئایار به‌واژۆى رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیرى ناوخۆ ده‌رچوه ئاماژه به‌وه‌کراوه، دواى ره‌زامه‌ندى سه‌رۆک وه‌زیران بڕیاردراوه به پله‌به‌رزکردنه‌وه‌ى 356 ئه‌فسه‌ر و کارمه‌ندى وه‌زاره‌تى ناوخۆ.
هاوڵاتى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم و کونسوڵى ئه‌ڵمانیا له‌هه‌رێمى کوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له‌هه‌ولێر کۆبونه‌وه تێیدا قوباد تاڵه‌بانى رایگه‌یاند که" هه‌فته‌ى داهاتوو وه‌فدى دانوستانکارى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غدا ده‌کاته‌وه". ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 18ى ئایارى 2021، نوسینگه‌ى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم بڵاویکرده‌وه، قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، له‌گه‌ڵ کلێمنس سێمتنه‌ر کونسوڵى گشتى ئه‌ڵمانیا کۆبوه‌وه په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و حکومه‌تى فیدراڵ و کۆمه‌ڵێک پرسى تریان تاوتوێ کرد. له کۆبونه‌وه‌که‌دا قوباد تاڵه‌بانى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا له دواى تێپه‌ڕاندنى یاساى بودجه‌ى 2021 په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا له ئاستێکى زۆر باشدایه و ڕایگه‌یاند" هه‌فته‌ى داهاتو شاندى دانوستانکارى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غدا ده‌کاته‌وه بۆ دیاریکردنى میکانیزمه‌کانى جێبه‌جێکردنى یاساى بودجه". هه‌روه‌ها له به‌شێکیترى کۆبونه‌وه‌که‌دا تاوتوێى هه‌ڵبژاردنى گشتى داهاتوى عێراق کراوه و هه‌ردولا هاوڕابون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که ده‌بێت کار بکرێت به ئاراسته‌ى به‌ڕێوه‌چونى هه‌ڵبژاردنێکى پاک و بێگه‌رد. هاوکات هه‌ر له کۆبونه‌وه‌که‌دا تاوتوێى دواین پێشهاته سیاسى و ئه‌منییه‌کانى ناوچه‌که و هه‌رێم کراوه و له‌مباره‌یه‌شه‌وه هه‌ردولا هاوڕابون که ده‌بێت حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى فیدرال و هه‌مو لایه‌نه سیاسییه‌کان به هاوکارى وڵاتانى دۆست و هاوپه‌یمان پێکه‌وه کارى زیاتر بکه‌ن له‌پێناو سه‌قامگیرى زیاترى عێراق به هه‌رێمى کوردستانیشه‌وه.
هاوڵاتى وه‌زاره‌تى ڕ‌ۆشنبیرى حکومه‌تى هه‌رێمی کوردستان ڕایگه‌یاند، ڕێکاریى پێویست به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌زگایانه ده‌گیرێته‌به‌ر که ڤیدیۆی خۆسوتاندنی گه‌نجه‌که‌یان بڵاوکرده‌وه، داواش له‌ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی داواکاری گشتی ده‌کات، هه‌موو ڕێکارێکی یاسایى به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌زگا ڕاگه‌یاندن‌و په‌یجانه‌ی سۆشیال میدیا‌و په‌یامنێرو وێنه‌گرانه‌ی که ڕوماڵی ڕوداوه‌که‌یان کردووه، وه‌ربگرێت. ئه‌مرۆ سێشه‌ممه 18ى ئایارى 2021، دوو په‌نابه‌رى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان له‌به‌رده‌م باره‌گاى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان له‌هه‌ولێر گردبونه‌وه‌و گه‌نجێکیان ئاگری له‌جه‌سته‌ی خۆی به‌رداو دواتر بۆ نه‌خۆشخانه گواسترایه‌وه، به‌شێک له‌که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنیش ڕاسته‌وخۆ دیمه‌نه‌کانی خۆسوتاندنی گه‌نجه‌که‌یان په‌خش کرد. ڕاگه‌یاندراوێک له‌وه‌زاره‌تی رۆشنبیری‌و لاوانه‌وه: بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و ڕووداوه دڵته‌زێنه‌ی ئه‌مڕۆ ڕوویدا، که چه‌ند که‌ناڵێکی ڕاگه‌یاندن و سۆشیاڵ میدیا ڕاسته‌وخۆ گواستییانه‌وه، گه‌نجێک له به‌رده‌م باره‌گای نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له‌شاری هه‌ولێر، خۆی سوتاند، لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان کۆبوونه‌وه، دۆخى ئێستای ڕاگه‌یاندن و سۆشیال میدیای له هه‌رێمی کوردستاندا، له ڕووی ئیتیکی رۆژنامه‌وانی و به‌رپرسیارێتی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه، به دۆخێکی ناله‌بار و خراپ وه‌سف کرد و ده‌یانخاته به‌رده‌م به‌رپرسیارێتی یاسایى و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه. وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان، له ڕێى به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی ڕاگه‌یاندن و چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌وه، وێڕاى ڕێنمایى ژماره (١)ی ساڵی ٢٠١٤ به‌تایبه‌تیش بڕگه‌ی سێیه‌م، هه‌روه‌ها ئاگادارینامه‌یه‌کی له ٢/٥/ ٢٠٢١ دا داوه به‌هه‌موو که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن که خۆیان به‌دووربگرن له په‌خشکردنی ئه‌و هه‌واڵ و ریپۆرتاژ و به‌رنامانه‌ی ده‌چنه خانه‌ی بڵاوکردنه‌وه و هاندانی توندوتیژی و کوشتن و خۆکوشتن، که له ڕووی ده‌روونیه‌وه زه‌مینه‌یان بۆ خۆش ده‌که‌ن. له ئه‌گه‌ری پابه‌ند نه‌بوونیان به‌و ڕێنماییانه‌وه، له ڕێى ده‌سته‌ی داواکاری گشتی و له‌به‌ر ڕۆشنایى یاسا و ڕێنماییه به‌رکاره‌کانی هه‌رێمی کورستان، ڕێکاری یاساییان به‌رامبه‌ر وه‌رده‌گیرێت. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆش ڕوویدا، ده‌چێته هه‌مان خانه‌وه، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان جگه له جێبه‌جێ کردنی ئه‌رکی وه‌زاره‌ت به پێى ئه‌و ڕێنماییانه‌ی ئاماژه‌یان پێکراوه، داوا له ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی داواکاری گشتی ده‌کات، هه‌موو ڕێکارێکی یاسایى به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌زگا ڕاگه‌یاندن و په‌یجانه‌ی سۆشیال میدیا و په‌یامنێر و وێنه‌گرانه‌ی که ڕووماڵی ڕووداوه‌که‌یان کردووه، وه‌ربگرێت. وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان ١٨/٥/٢٠٢١
هاوڵاتى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئامارى 24 کاتژمێرى رابردووى بڵاوکرده‌وه که تێیدا 858 تووشبوونى نوێ تۆمار کراوه‌و 965 چاکبونه‌وه هه‌بووه‌و هه‌شت تووشبوو گیانیان له‌ده‌ستداوه. ده‌قى ڕاگه‌یه‌ندراوى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم: ١. پشکنین: (٨٨٠٩ پشکنینى نوێ) • (٢٧٢٦) هه‌ولێر • (٣٠٩٨) سلێمانی • (٢١٦٠) دهۆک • (٦٥) هه‌ڵه‌بجه • (٦٤٧) گه‌رمیان • (١١٣) ڕاپه‌ڕین • ٢. تووشبوو: (٨٥٨ تووشبووى نوێ) • (١٩٢) هه‌ولێر • (٣٢٤) سلێمانی • (٢٦٢) دهۆک • (١٧) هه‌ڵه‌بجه • (٥٣) گه‌رمیان • (١٠) ڕاپه‌ڕین ٣. چاکبوون: (٩٦٥ چاکبوون) • (٢٩١) هه‌ولێر • (٢٢٠) سلێمانی • (٣٨٩) دهۆک • (١٢) هه‌ڵه‌بجه • (٤٩) گه‌رمیان • (٤) ڕاپه‌ڕین • ٤. مردن: (٨ مردن) • (١) هه‌ولێر • (٦) سلێمانی • (١) دهۆک • (٠) هه‌ڵه‌بجه • (٠) گه‌رمیان • (٠) ڕاپه‌ڕین • ئامارى گشتی: که‌ڕه‌نتین هاوڵاتى ٢١٨٧١ (٢١٨٧١ ده‌رچوو) پشکنین ١٧٥٩١٤٤ (٦١٤٥٨٥ هه‌ولێر، ٤١٢٥٤٠ سلێمانی، ٧١٧٥٢٣ دهۆک، ١٤٤٩٦ هه‌ڵه‌بجه) تووشبوون ١٦٢١٨٥ (٥١٣٦٤ هه‌ولێر، ٥٠١٧٤ سلێمانی، ٥٧٠١٣ دهۆک، ٣٦٣٤ هه‌ڵه‌بجه) چاکبوون ١٤٥٧٠٥ (٤٥٤٠٨ هه‌ولێر، ٤٤١٨٠ سلێمانی، ٥٢٨٨٩ دهۆک، ٣٢٢٨ هه‌ڵه‌بجه) له‌ژێر چاره‌سه‌ر ١٢٣٠٤ (٤٨١٢ هه‌ولێر، ٤٠٨٥ سلێمانی، ٣١٤٨ دهۆک، ٢٥٩ هه‌ڵه‌بجه) مردن ٤١٧٦ (١١٤٤ هه‌ولێر، ١٩٠٩ سلێمانی، ٩٧٦ دهۆک، ١٤٧ هه‌ڵه‌بجه) بۆ زانیارى زیاتر سه‌ردانى داشبۆردى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بکه‌ن له‌م لینکه (https://gov.krd/coronavirus/dashboard/). وێڕاى ده‌ستخۆشى بۆ پزیشکان و کارمه‌ندانى ته‌ندروستى و هه‌موو تیمه‌کانى پزیشکى که له ئه‌رکدان، جه‌خت ده‌که‌ینه‌وه هاووڵاتیان پابه‌ندبن به ڕێنماییه‌کانى ته‌ندروستى و دورکه‌وتنه‌وه له شوێنى قه‌ڵه‌بالغ و دانانى ماسک و وه‌رگرتنى ڤاکسین، وه له‌کاتى پێویستدا په‌یوه‌ندى بکه‌ن به هێڵى گه‌رمى ژماره (١٢٢). وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ١٨ى ئایار ٢٠٢١