هاوڵاتى سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی بۆ بوونی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچە گەڕاندەوە و رایگەیاند، "جەخت لە گرنگی جێبەجێکردنی هەماهەنگی ئەمنی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دەکەینەوە". ئەمڕۆ شەممە 01-05-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لەبارەی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند، "وەک چەندینجار دووپاتمان کردووەتەوە، داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە و هێشتاش هەڕەشە و مەترسییەکی راستەقینەیە لە چەندین ناوچەی عێراق، بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم". لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان دروستبووە بە "مەترسییەكی زۆر گەورە" لەسەر هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق باسدەکات، لەو پێناوەشدا داوای دروستکردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکات و ئامادەیی هەرێمی كوردستان بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك لەو پێناوەدا دەردەبڕێت. لە لەكاتژمێر12:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 1-5-2021 لە سنووری پردێ و لەنزیک گوندی قایەباشی، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوە دروستبوو. بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە شەهید بوون و دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندارن. دوو بریندارەکە براونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە هەولێر کە گولـلە بەر قاچ و شانیان کەوتووە. فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، دۆخی تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە. دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:  بە داخێکی زۆرەوە شەوی ڕابردوو، لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە سنووری پردێ ، چەند پێشمەرگەیەك شەهید و برینداربوون. پرسە و سەرەخۆشی خۆم بە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەكان ڕادەگەیەنم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم . هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازم .  وەک چەندین جار دووپاتمان کردووەتەوە ، داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە و هێشتاش هەڕەشە و مەترسییەکی ڕاستەقینەیە لە چەندین ناوچەی عێراق ، بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ، کە سوود لەو بۆشاییە ئەمنیە وەردەگرێت کە لەو سنوورانەدا هەیە . بۆیە جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دەکەینەوە.  هەروەها بەردەوامبوونی ڕاهێنان و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و مانەوەیان لە عێراق بۆ ڕووبەڕبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بە گرنگ و پێویست دەزانین بۆ شکستپێهێنانی یەکجارەکی داعش و نەمانی هەڕەشە و مەترسییەکان بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی.  مەسرور بارزانی  سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2021/5/1    

هاوڵاتى وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردوی داعش راگەیەندراوێکی بڵاویکردەوە و رایگەیاند، پێشتر چەندین جار هۆشداریان دابو، لەبارەی مەترسییەکانی تیرۆریستان لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیان تێدایە، بەداخەوە، هۆکاری ئەو هەلقۆستنەوەی تیرۆریستان، بونی ئەو بۆشاییە ئەمنییە، کە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە. دەقی راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە لەئەنجامی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی، تیرۆریستانی داعش پەلاماری سەنگەرێکی لیوای 10ی پیادە  یان دا لەبەرزاییەکانی (زورگەزراو) لەسنوری میحوەری پێنج. پەلامارەکە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، بەرپەرچ  درایەوەو تیرۆریستان راونران. لێرەوە رایدەگەینین، هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەمیشە سازو ئامادەیە، ئەو کردەوە دڕندانەیەی تیرۆریستان خەڵکی کوردستان و سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی هەرێم و ناوچەکە ناشێوێنیت. پێشتر چەندین جار هۆشداریمان دابوو، لەبارەی مەترسییەکانی تیرۆریستان لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیان تێدایە. بەداخەوە، هۆکاری ئەو هەلقۆستنەوەی تیرۆریستان، بوونی ئەو بۆشاییە ئەمنی یە، کە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، بۆ ئەمەش جەختدەکەینەوە کە ئەو ناوچانە پێویستیان بەهێزی هاوبەش و هاوکاری و هەماهەنگی گشتگیرو هەمەلایەن هەیە لەگەڵ سوپای عیراقدا. بەتیرۆریستان رادەگەینین، هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەڵامی توندی  دەبێت بۆ ئەو هێرشە چەپەڵانەیان و دڵنیایش دەدەین بەخەڵکی کوردستان، کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە پارێزراو دەبێت. پرسەو سەرەخۆشی لەخانەوادەی شەهیدانی سەنگەری بەرگری نیشتمان دەکەین و سەلامەتی و شیفای خێراش بۆ برینداران. وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ۱ی ئایاری ۲۰۲۱

هاوڵاتى  هاوپەیمانی نەسر-ی حەیدەر عەبادی و رەوتی حیکمەی نیشتیمانی سەربە عەممار حەکیم، رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانیەتییەک دروست بکەن بەناوی (هێزی دەوڵەت). ئەمڕۆ1ی ئایاری 2021. دواین وادەیە لەبەردەم هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی  پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق کەبڕیارە 10ی تشرینی یەکەم2021 ئەنجام بدرێت و لەوچوارچێوەیەشدا هاوپەیمانی نەسر و رەوتی حیکمە هاوپەیمانیەتییەکیان راگەیاندوە بەناوی (هێزی دەوڵەت). پێشتر، راوێژکاری کاروباری هەڵبژاردنەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "هەموو رێکارە پێویستیەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە تەواو بووە"، دەشڵێت، "هەڵبژاردن لە یەک رۆژدا و لەسەرتاسەری وڵاتدا ئەنجامدەدرێت و لە هیچ شوێنێک دواناخرێت".  عەبدولحسێن هەنداوی راوێژکاری کاروباری هەڵبژاردنەکانی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی وڵاتی راگەیاند، "هەموو پێویستیەکی  تایبەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە روی یاسایی و لۆجستیەوە تەواو بووە". راشیگەیاند، "کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان جەختیکردووەوەتەوە ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا".

هاوڵاتى دوو ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مریكای سه‌ر به‌ هه‌ردوو حزبی كۆماری و دیموكراتەكان، هه‌وڵ دەدەن مافی مانەوە لە ئەمریكا بە ژمارەیەك لە كوردانی رۆژئاوای كوردستان بدرێت. كۆنگرێسمه‌ن جەیسن کرۆ سه‌ر به‌ دیموكراتەكان و مایکڵ واڵتز سه‌ر به‌ كۆمارییەكان كۆنگرێس هەوڵ دەدەن له‌ رێگای پرۆژه‌یاسایه‌كه‌وه‌ سه‌ردان و مانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌س، هێز و لایه‌نه‌ كوردیانه‌ی له‌ شه‌ری دژ به‌ داعشدا هاوكار و یارمه‌تیده‌ری ئه‌مریكا بوون له‌ سووریا، كارئاسانیان بۆ بكرێت تاكو سه‌ردانی ئه‌مریكا بكه‌ن و ئه‌گه‌ر بخوازن بۆ ژیان لەوێ بمێننه‌وه‌. هەردوو كۆنگرێسمانەكە پرۆژه‌یاسایه‌كه‌یان ئاماده‌ كردووە ‌و هه‌وڵ ده‌ده‌ن ده‌نگی پێویستی له‌ كۆنگرێسدا بۆ كۆبكه‌نه‌وه‌. بە گوێره‌ی ئه‌و پرۆژە یاسایه‌، پێویسته‌ شەڕڤانانی هەسەدە هه‌مان ئەو ڤیزایەیان پێبدرێت کە ئەمریکا بە وەرگێڕە عێراقی و ئەفغانییەکانی داوە، كه‌ بە هۆی کارکردنیان لەگەڵ سەربازە ئەمریکییەکان له‌ وڵاته‌كانی خۆیان، مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بووه‌. له‌ به‌یاننامه‌ی هاوبه‌شی ئه‌و دوو ئه‌ندامه‌ی كۆنگرێسدا كه‌ ره‌شنووسه‌كه‌یان ئاماده‌ كردووە،‌ هاتووه‌ "هاوپەیمانە کوردەکانمان مه‌ترسیان خسته‌ سه‌ر ژیانی خۆیان و ئەگەری تۆڵەسه‌ندنه‌وه‌ هاتۆته‌ سه‌ر ژیانیان، چونكه‌ ئه‌وان شەڕی دوژمنەکانی ئێمەیان كرد و بەرژەوەندیییه‌كانی ئێمه‌یان پەرە پێدا، ئەوان شیاوی ستایش و هاوکاریی ئێمەن. کورده‌كانی سووریا، بۆ تێكشكاندنی خه‌لافه‌تی داعش، رۆڵێکی مه‌زنیان لە هاوکاریکردنی ئه‌مریكا گێڕا و وەک هاوبەشێکی سەرەکیی کاریان لەگەڵدا کردووین. کۆنگرێسی ئەمریکا پێویستە رێز لەوانە بگرێت كه‌ شانبه‌شانی ئێمە جەنگاون". ئه‌زموونی (ڤیزای سه‌فه‌ری تایبه‌ت) له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ پاش شەڕی ئه‌مریكا له‌ ڤێتنام له‌ نێوان ساڵانی 1955 بۆ 1975، ژمارەیەک لەو ڤێتنامییانەی هاوكاری ئەمریکایان كردبوو، دوای کشانەوەی ئەمریکا لەو وڵاتە، کوژران. بۆ به‌رگرتن له‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌، لە شەڕی ئه‌مریكا له‌ ئەفغانستان له‌ ساڵی 2001، هه‌روه‌ها شه‌ری ئه‌مریكا له‌ عێراق لە ساڵی 2003، له‌ رێگای به‌رنامه‌ی (ڤیزای سه‌فه‌ری تایبەت)، ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی کە کاریان بۆ سوپا و حکوومەتی ئەمریکا كردبوو هاتنه‌ ئەمریکا و ژیانیان لێره‌ هه‌ڵبژارد. ئەو ڤیزایەی پرۆژە یاساکە داوای دەکات بۆ ئه‌و كوردانه‌ی‌ هاوكاری ئه‌مریكایان كردوه له‌ دژی داعش‌ له‌ سوریا، پێی دەگوترێت (ڤیزای سه‌فه‌ری تایبەت)، وەرگرانی ڤیزاکە بۆیان هه‌یه‌ پاش 6 مانگ کارتی مانه‌وه‌ له‌ ئه‌مریكا وەرگرن، دوای تێپه‌ڕبوونی 5 ساڵ مانەوە لە ئەمریکا، دەتوانن ببنە هاووڵاتی ئەمریکا. ساڵی 2019، دوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، هه‌مان پرۆژه‌یاسا، پێشکه‌شی کۆنگرێس کرابوو، به‌ڵام كارا نه‌كرا. ئێستا جارێکی دیکە کۆنگرێسمانەکان دەیانەوێت پرۆژە یاساکە بخەنەوە بەردەستی کۆنگرێس تاكوو به‌ڵكوو بتوانن كارای بكه‌ن و كورده‌ هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سوریا له‌و ده‌رفه‌ته‌ سوودمه‌ند بن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوا لە حكومەتی فیدرالیی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەكات دەستبكرێت بە دروستكردنی هێزی هاوبەش لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان بۆ رێگەگرتن لە زیاتر بەهێزبوونەوەی داعش لەو ناوچەیەدا. نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، " عێراق و چەندین جار حكومەتی فیدرالی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشمان لە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش و سوود وەرگرتن لە بۆشاییە ئەمنییەكانی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان ئاگاداركردووەتەوە". بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هێرشێکی چەکدارانی داعش بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە سێ پێشمەرگە شەهید و دووی دیکەش بریندار بوون.هێرشی شەوی رابردووی داعش لەو میحوەرەی پێشمەرگەدا هاوكات بووە لەگەڵ چەند هێرشێكی دیكەی داعش دا." سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان دروستبووە بە "مەترسییەكی زۆر گەورە" لەسەر هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق باسدەکات، لەو پێناوەشدا داوای دروستکردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکات و ئامادەیی هەرێمی كوردستان بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك لەو پێناوەدا دەردەبڕێت. دەقی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانە لەسەر هێرشەكەی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە میحوەری رۆژئاوای كەركووك : كاتژمێر 21:30ی شەوی رابردوو، چەكدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە میحوەری رۆژئاوای كەركووكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە نزیك گوندی قایەباشی لە سنووری شارۆچكەی پردێی پارێزگای كەركووك، لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە كە بە قارەمانانە بەرەنگاری داعش بوونەوە، گیانیان لەدەستدا و شەهیدبوون. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەرسێ پێشمەرگەی شەهید دەكەین و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. ئێمە چەندین جار حكومەتی فیدرالیی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشمان لە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش و سوود وەرگرتن لە بۆشاییە ئەمنییەكانی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان ئاگاداركردووەتەوە. هێرشی شەوی رابردووی داعش لەو میحوەرەی پێشمەرگەدا هاوكات بووە لەگەڵ چەند هێرشێكی دیكەی داعش دا. لێرەدا جارێكی دیكە داوا لە پەرلەمان و حكومەتی فیدرالیی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەكەین، بەخێرایی كاربكەن لەسەر دروستكردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دا لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، بۆ ئەوەی چیدیكە ئەو ناوچانە وەك كۆریدۆری جموجۆڵە تیرۆریستییەكان لەلایەن داعشەوە بەكارنەهێندرێت، چونكە ئەوە مەترسییەكی زۆر گەورەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی هەموو ناوچەكە و جیهان. هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك لەپێناو دروستكردنی ئەو هاوبەشی و هاوئاهەنگییە بەشێوەیەكی خێرا. نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان 1ی ئایاری 2021

هاوڵاتى كوێستان محمد، وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بەبۆنەی 1ی ئایار ڕۆژی جیهانی كرێكارانه‌وه‌ ده‌ڵێت، "بەم رەمەزانەو لەدەرفەتی نزیك لەجەژن دەبێت وەك سەرمایەدارو خاوەنكارو كۆمپانیاكان زیاتر نازی كرێكارو خانەوادەی كرێكارەكان بگرن‌ و رایگەیاند"باوەڕیشمان وایە نەك تەنها لەلایەن حكومەت بەڵكو لەلایەن خاوەن كۆمپانیاو كارو سەرجەم هاوڵاتیانی دڵسۆزی ئەم خاكە هەوڵ و ماندووبوون و تێكۆشانی كرێكاران لەبەرچاو بگیرێت و هەموو پێكڕا داكۆكیكاری سەرسەختی مافەكانیان بین". ده‌قی‌ وتەی  (کوێستان محمد) وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بە بۆنەی ١ی ئایار/ ساڵڕۆژی جیهانی كرێكاران هەموو ساڵێك لە ١ی ئایاردا وەك نەریتێكی جیهانی پیرۆزبایی پێشكەشی كرێكاران دەكرێتو ئاهەنگ و بۆنەی تایبەتیان بۆ سازدەكرێت، وەك پێزانینێك بەرامبەر رۆڵی گرنگیان لە نێو كۆمەڵگاو لەبەرچاوگرتنی ماندووبوونی ئەو چینەی هەمیشە هه‌وی‌نی شۆرش بوون و خۆبەختكارو خەمخۆری میللەتن.. لە هەرێمی كوردستانیش لەسەر ئاستی حكومەت و جەماوەر ساڵانە ئەم رۆژە بەرزرادەگیرێت.. هەرچەندە ئەم ساڵیش (لەبەر ئەو بارودۆخە تەندروستییە ناهەموارە) ناتوانین وەك پێویست یادی كرێكارنمان بكەینەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوش وەك نەریتێكی هەمیشەیمان ئەم رۆژە لە سەرجەم كرێكارانی جیهان بە گشتی و كرێكارانی كوردستان بە تایبەتی پیرۆز دەكەین. باوەڕیشمان وایە كە نەك تەنها لەم رۆژە بەڵكو لەسەرجەم رۆژەكانی ساڵ دەبێت بارودۆخ و نازی كرێكاران لەبەرچاو بگیرێت و مافە رەواكانیان بەدی بهێندرێت.. نەك تەنها لەلایەن حكومەت بەڵكو لەلایەن خاوەن كۆمپانیاو كارو سەرجەم هاوڵاتیانی دڵسۆزی ئەم خاكە هەوڵ و ماندووبوون و تێكۆشانی كرێكاران لەبەرچاو بگیرێت و هەموو پێكڕا داكۆكیكاری سەرسەختی مافەكانیان بین.. بەڕێزان .. ئەم بارودۆخەی لە كوردستان پێیدا تێدەپەڕین بارودۆخێكی نائاساییە لە سەرجەم بوارەكانی تەندروستی و دارایی بە تایبەتی و رامیاری ناوەكی و دەرەكی بە گشتی.. بەڵام خۆشبەختانە خەریكە رۆژە زۆر تاڵ و تاریكەكان رۆژ لە دوای رۆژ بەسەر دەچن و بە هێواین لە رۆژانێكی نزیكدا خۆشگوزەرانی و بۆ ئەم گەلە ستەمدیدە بگەڕێتەوە.. تا ئەو كاتیش پێویستە بە هەموولا زیاتر گیانی لیبوردنمان بەرامبەر یەكتر هەبێت و بەهەمووشمان نازی كریكارو هەژارو و نەدارو بێنازانی ئەم كوردستانەمان رابگرین.. 1 بەم رەمەزانە و لە دەرفەتی نزیك لە جەژن دەبێت وەك سەرمایەدارو خاوەنكارو كۆمپانیان بە تایبەتی زیاتر نازی كرێكارو خانەوادەی كرێكارەكان بگرن و زۆر خەرجی و ئەرك قورسی ژیانی ئەم چینەیان هەمیشە لەبەرچاو بێت و، بە نازدان و رێزگرتن دڵی ناسكی كرێكاران و رەزامەندی خودا بەدەست بینن.. لە نێو كرێكارانیش بە تایبەت دەبێت رێزی كرێكارانی ئافرەت و ژنانی كۆڵندەر بگیرێت و كاركردن و ئەركی ماڵ گرتنە ئەستۆیان بە چاوی رێز تەماشا بكرێت .. ئەو ژنانەی بە ئارەقەی نێوچەوانیان و هێزو بازووی بەتینیان لەگەڵ سەختی ژیان دەجەنگێن و خەرێكی پەیداكردنی بژێوی ژیانن بۆ خانەوادەكانیان.. هەرگیز نابێت هیچ خاوەن كارێك ژیانی سەختی ئەو خوشك و دایكانە لەبەرچاو نەگرێت كە هەم رۆڵی كابانی ماڵ و هەم پەیداكەری بژێوی خێزانیانن.. دەست و پەنجەی هەر خاتونێكی كرێكار شایستەی ماچ كردن و رێزگرتنە.. ئێمەش وەك وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كە راستەوخۆتر لە وەزارەتەكانی تر پەیوەندیمان لەگەڵ كرێكاران هەیە.. خزمەتی ئەم چینە كەم نازو ماندوو نەناسە بە ئەركی سەرەكی سەرشانی خۆمان دەزانین و بە شانازییەوە هەموو هەوڵێكمان دەخەینە كار بۆ زیاتر خزمەتكردنیان لە رووی چەندیەتی و جۆریەتییەوە.. لە ماوەی ئەم كابینەش وەك تەواوكاری كارەكانی حكومەت لە كابینەكانی پێشوو هەوڵی جدیمان داوە كە بە ئەندازەی شایستەیی و (گموح) مان خزمەت بكەین نەك بەم توانا لاوازەی لەبەر دەستدایە، بەشێك لەو كارانەی لەم ماوەش لە بواری كرێكاران ئەنجامدراون: 1. ئامادەكردنی رەشنووسی یاسای كار، كە ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە، تا ببێتە زامنی پاراستن و فراوانكردنی مافی كرێكاران، لە چوارچێوەی یاسا بۆ ئەوەی هەمیشە بەردەوامیەتی مافەكان هەبێت، ئەمەش دوای هەماهەنگی تەواو لەگەڵ بەغداو ئاڵوگۆڕكردنی زیانیارییەكان. 2. ئامادەكردنی رەشنووسی هەمواری یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كە ئیستا لە (مجلس شورای)یە، بە جۆرێك لەگەڵ بارودۆخی ئێستاو داهاتووی كوردستان گونجاوتر بێت و مافی زیاتر بۆ كریكاران بە تایبەتی و خانەنشینان بە گشتی دابین بكات. 2 3. چالاككردنی لێژنەكانی بەدواداچوون بۆ دەستەبەركردنی كرێكاران، تاكو بتوانین هەموو كرێكاران دەستەبەر بكرێن و مافەكانیان پارێزراو بێت، لە كاتی روودانی هەركارەساتێك یاخود دوای گەیشتنە تەمەنی خانەنشینی. 4. كاراكردنی لێژنەكانی بەڕێوەبەرایەتی كار بۆ زیاتر بەدواداچوونی مافی كرێكاران و نەهیشتنی ئەو پێشێلكاریانەی بەرامبەر كرێكاران دەكرێن. 5. لە هەوڵی بەردەوام داین بۆ چالاككردنی هۆبەی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی (الصحه‌ والسلامه‌ المهنیه‌)، تاكو ژیانی كرێكاران لە كاتی كاركردندا پارێزراو بێت و دوور بن لە بەركەوتەی ترسناك لە كاتی كاركردن، كە ساڵرۆژی جیهانیان نزیك و هاوتەریبە لەگەڵ ساڵرۆژی جیهانی كرێكاران. 6. هەڵمەتی نیشتیمانیمان بەردەوام بووە بۆ هۆشیاركردنەوەی كرێكاران لە هەردوو بواری دەستەبەركردن و تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی (الصحه‌ والسلامه‌ المهنیه‌)، كە هەردووكیان لە بەرژەوەندی كرێكاراندایە. 7. هیلێ گەرمی وەزارەت (بە ژمارە ٥٥٠٠) ی تایبەت بە كرێكاران و كرێكارانی بیانی بۆ ئەوەی هەمیشە بە ئاسانترین شێوەو دوور لە رۆتین لە پەیوەندی دابین لەگەڵ سەرجەم كرێكاران و لە رێگای ئەم ژمارەوە بتوانن هەر پرسیارو گازاندەو پێشێلكارییەك هەبێت بە زووترین كات و باشترین شێوە بگەێندرێت. 8. ئەمە جگە لە بەردەوامی خزمەتگوزاری لە بنكەكانی مەشق و راهێنانی پیشەیی و خولی بەردەوام لە ئەكادیمیای سویدی بە گوێرەی پێداویستی بازاڕ، بۆ ئامادەكردنی دەستی كرێكاری پێویست لە بازاڕو، دۆزینەوەی هەلی كار بۆ ئەو كەسانی ناویان لە وەزارەت تۆماركردووەو، هەوڵدان بۆ رەخساندنی زۆرترین دەرفەتی كار لە رێگای جەخت كردنەوە لە خاوەن كۆمپانیاكان و پێدانی قەرزی بچووك بۆ رەخساندنی هەل ودەرفەتی زیاتری كاركردن. 9. هەمانگی تەواو كردن لەگەڵ سەرجەم رێكخراوە ناوخۆیی و بیانەییەكان بۆ هەر شتێك كە خزمەت بە بواری مەشق و راهێنانی پیشەیی بگەێنێت و كرێكارن بە راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ سوودی لێ ببینن. 3 10. داكۆكی زیاتر لە كۆمپانیاكان و خاوەن كارەكان بۆ زیاتر بەدەمەوەهاتنی كرێكاران بە گشتی و كرێكاری ئافرەت بە تایبەتی. 11. كاركردنی تەواو لەسەر بابەتی كرێكاری بیانی و دەستی ئیشكەر لە دەرەوەی هەرێم، لە هەردوو تەوری: بەدواداچوونی باری ژیان و پاراستنی مافەكانیان لەلایەك، هەروەها لەلایەكی تر سنوورداركردنی هێنانی كرێكاری بیانی بەمەبەستی رەخساندنی دەرفەتی كاری زیاتر بۆ دەستی ئیشكەری ناوخۆ و كرێكاری خۆماڵی. وەك وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتیش لەم رۆژە پەیمان بۆ سەرجەم كرێكارانی كوردستان نوێدەكەینەوە كە لە ماوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتدا هەوڵی جدیمان دەبێت بۆ دابینكردنی زۆرترین مافی كرێكاران و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بە سەرجەم كرێكاران.. هاوكاتیش داوا كارین لە كۆمپانیا و خاوەن كارەكان و كارگە ئەهلییەكان كە وەك ئەركێكی نیشتمانی و مرۆیی بە جوانترین شێوە مافی كرێكاران دەستەبەر بكەن و، چاكترین خزمەتیان پێشكەش بكەن و رەچاوی ئەو بارە ناهەموارەی هەرێمی كوردستان بكەن، هەروەك چۆن داواكارم لەسەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن و سەندیكای كرێكاران و پسپۆڕانی بواری كار هاوكارمان بن لە هەڵمەتی نیشتمانی بۆ پیشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بە كرێكاران و، سەرجەم ئەو لایەنانەو كرێكارانیش ئاگاداردەكەمەوە كە دەرگای وەزارەتمان هەردەم واڵایە بۆ هەر پیشنیارو هاوكارییەك كە ببێتە مایەی زیاتر خزمەتكردن. دووبارە پیرۆزو شەكاوە بێت ١ی ئایار رۆژی جیهانی كرێكاران و بە هیوای هاتنەدی سەرجەم داوكارییە رەواكانیان لە كورستانێكی ئارام و ئاوەدان و لە ژێر چەتری دادوەری و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان. ڕاگەیاندنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی

هاوڵاتى بەرپرسی میحوەری كەركوك رایگەیاند "چەکدارانی داعش سوودیان لە پێنج کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی بینیوە بۆ هێرشکردنە سەر پێشمەرگە و لە ماوەیەکی کەم هێرشەکەی داعشمان تێکشکاندووە". نوری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری كەركووك- پردێ دەربارەی هێرشەکەی بەرە بەیانی ئەمرۆ 1ی ئایاری 2021  بە میدیاكانی رایگەیاند "چەکدارانی داعش سوودیان لە بۆشایی ئەمنی نێوان پیشمەرگە و سوپای عێراق بینیوە کە درێژەییەکی پێنج کیلۆمەترە لەو ناوچەیە''. ئاماژەی بەوەشکرد، '' دوای کاتژمێر 12، داعش هێرشەکەی ئەنجامداوە و لە دوای 40 خولەک، هێرشەکە تێکشکێنراوە و هێزەکانی پێشمەرگە دوای چەکدارە هەڵاتووەکان کەوتوون''. لەبارەی پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکەش، نوری حەمە عەلی ئاماژەی بەوەکرد، ''سەنگەرمان لە ناوچانە هەیە، بەڵام حکومەتی عێراق رێگای نەداوە لەو شوێنانە پێشمەرگە جێگیر ببن، بۆیە بەرپرسیارەتی لە ئەستۆی ئەوانە''. دەربارە زیانە گیانییەکان ئەوەی خستەڕوو، ''لە دوولاوە، لە بەرزاییەکانی زورگە زراو هێرشکراوەتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لیوا 10 و تەنها لە یەک سەنگەر زیانی گیانیمان هەبووە، و لە هێرشەکەدا سێ پێشمەرگە شەهید بوون و دووانی دیکەش بریندارن".  هەریەک لە " نەقیب پشتیوان زراری، هێمن یەحیا، ئیدریس بەهرام" لە لیوای 10ی هێزەکانی پێشمەرگە شەهیدبوون. لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێم لەبارەی ھێرشەکەی ئەمشەوی داعشەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەتوندی بەرپەچی ھێڕشەکەی تیرۆریستانی داعشی داوەتەوە و تێکیشکاندوون". وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لەکاتی راوەدونانیان ژمارەیەکی زۆر لە چەکداری داعش کوژراون و لاشەکانیان جێماون، بەداخەوەش شەھید و بریندار لەڕیزی ھێزی پێشمەرگەدا ھەن". بەرە بەیانی ئەمڕۆ شەممە، چەکدارانی ڕێکخراوی داعش لە بەرزاییەکانی نزیک گوندی پڕکان لە سنووری میحوەری پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە لە پردێ، هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی لیوای 10ی هێزی پێشمەرگە.

هاوڵاتى ‌وه‌زاره‌تى به‌رگریى تورکیا کوژرانى دوو سه‌ربازى له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر ده‌ستى پارتى کرێکارانى کوردستان(په‌که‌که‌) راگه‌یاند. ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 30ى نیسانى 2021، به‌پێى راگه‌یاندراوێکى وه‌زاره‌تى به‌رگریى تورکیا، دوو سه‌ربازیان له‌ میانى ئۆپه‌راسیۆنى "چنگى بروسک" له‌ دژى هێزه‌کانى په‌که‌که‌ له‌ سنووره‌کانى هه‌رێمى کوردستان کوژراون. به‌یاننامه‌که‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌ داوه‌ که‌ یه‌کێک له‌ دوو سه‌ربازه‌که‌، ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو له‌ شه‌ڕێکدا ڕووبه‌ڕووى هێرشى مووشه‌کى په‌که‌که‌ بووه‌ته‌وه‌ و به‌م هۆیه‌وه‌ به‌ سه‌ختى بریندار بووه‌، دواى ئه‌وه‌ى گه‌یه‌ندرابووه‌ نه‌خۆشخانه‌، ئه‌مڕۆ گیانى له‌ده‌ست داوه‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌ که‌ سه‌ربازه‌که‌ى دیکه‌یان له‌ میانى هه‌مان ئۆپه‌راسیۆندا، له‌ کاتى دابه‌زینى له‌ کۆپته‌ر بریندار بووه‌ و دواتر به‌هۆى برینه‌که‌یه‌وه‌ گیانى له‌ده‌ست داوه‌. ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ له‌ ڕۆژى 23ى نیسانه‌وه‌ ده‌ستى پێکردووه‌ و تا ئێستا به‌رده‌وامه‌، سنووره‌کانى مه‌تینا و ئاڤه‌شینى گرتووه‌ته‌وه‌ و کۆماجڤاکێن کوردستان(که‌جه‌که‌) ئه‌وه‌ى دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ که‌ زیاتر له‌ 38 سه‌ربازى تورکیایان له‌ماوه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا کوشتووه‌.  

هاوڵاتى حکومه‌تى هه‌رێم به‌بۆنى رۆژى جیهانى کرێکارانه‌وه‌ بریاریدا 1ى ئایار بکاته‌ پشووى فه‌رمى. فه‌رمانگه‌ى میدیا و زانیارى حکومه‌تى هه‌رێم بڵاویکرده‌وه‌، به‌بۆنه‌ى 1ى ئایار رۆژى جیهانى کرێکارانه‌وه‌ سبه‌ى له‌ ته‌واوى داموده‌زگاکانى حکومه‌ت، جگه‌ له‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ پشووى فه‌رمى ده‌بێت. هه‌موو رۆژێکى ١ى ئایار، به‌ رۆژى جیهانى کرێکاران ناسراوه‌ و له‌ زۆرێک له‌ وڵاتاندا پشووى فه‌رمییه‌ و مه‌راسیمى جیاواز بۆ رێزگرتن له‌ کرێکاران سازده‌کرێت.  

هاوڵاتى ‌ هه‌شت پارت و لایه‌نى عه‌ره‌بى له‌ که‌رکوک، له‌ژێر ناونیشانى "هاوپه‌یمانى عه‌ره‌بى له‌ که‌رکوک" هاوپه‌یمانێتیه‌کیان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق پێکهێنا و راکان جبورى پارێزگارى ئێستاى شاره‌که‌ به‌وه‌کاله‌ت سه‌رۆکایه‌تى هاوپه‌یمانێتیه‌که‌ ده‌کات، به‌ڵام لایه‌نه‌ کوردییه‌کان هه‌ریه‌که‌و به‌ جیا به‌شدارى ده‌کات. به‌پێى لیستى هاوپه‌یمانێتیه‌کان که‌ له‌لایه‌ن کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، هه‌ریه‌ک له‌ لایه‌نه‌کانى "پرۆژه‌ى عه‌ره‌بى له‌ عێراق" که‌ خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆکایه‌تى ده‌کات، له‌گه‌ڵ "حزبى چاره‌سه‌ر" که‌ جه‌مال ناسر ده‌لى سه‌رۆکایه‌تى ده‌کات، "به‌ره‌ى عێراقى بۆ دیالۆگى نیشتمانی" که‌ ساڵح محه‌مه‌د موتڵه‌ک، "پارتى عێراقى یه‌کگرتو" که‌ ئوسامه‌ عه‌بدولعه‌زیز، "حزبى راستى نیشتمانی" که‌ ئه‌حمه‌د حه‌مادی، "کۆمه‌ڵه‌ى کۆمارى عێراقی" که‌ محه‌مه‌د هادى عه‌بدولڕه‌حیم، "کۆمه‌ڵى کارى چاکسازی" که‌ سه‌لیم عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د، "حزبى دیالۆگ و گۆڕانکاری" که‌ حامید موتڵه‌گ سه‌رۆکایه‌تى ده‌کات، هاوپه‌یمانێتیه‌کیان له‌ژێر ناونیشانى "هاوپه‌یمانى عه‌ره‌بى له‌ که‌رکوک" پێکهێنا.  "هاوپه‌یمانى عه‌ره‌بى له‌ که‌رکوک" راکان سه‌عید جبورى پارێزگارى که‌رکوک به‌وه‌کاله‌ت سه‌رۆکایه‌تى ده‌کات ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان نه‌یانتوانى بگه‌نه‌ رێککه‌وتن بۆ هاوپه‌یمانێتییه‌کى کوردستانى له‌ که‌رکوک و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان. به‌پێى رێککه‌وتنى پێکهاته‌کانى که‌رکوک، کورسییه‌کانى په‌رله‌مان له‌و پارێزگایه‌ 12 کورسى ده‌بێت و به‌سه‌ر سێ بازنه‌ دابه‌شکراون، بازنه‌ى یه‌که‌م که‌ رۆژهه‌ڵاتى قه‌زاى ناوه‌ندى که‌رکوک ده‌گرێته‌وه‌ پێنج کورسى بۆ دیاریکراوه‌ و زۆرینه‌ى دانیشتوانه‌که‌ى کوردن، بازنه‌ى دووه‌میش ناوه‌ڕاستى قه‌زاى ناوه‌ند ده‌گرێته‌وه‌ که‌ چوار کورسى بۆ دیاریکراوه‌ و دانیشتوانى ئه‌و ناوچانه‌ش کورد و عه‌ره‌ب و تورکمانى تێدایه‌،  هه‌رچى بازنه‌ى سێیه‌میشه‌ حه‌ویجه‌ و ریاز ده‌گرێته‌وه‌ و زۆرینه‌ى دانیشتوانه‌که‌یان عه‌ره‌بن و سێ کورسى بۆ دیاریکراوه‌. بڕیاره‌ 10ى 10ى ئه‌مساڵ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌بچێت.  

هاوڵاتى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان له‌په‌یامێکدا به‌بۆنه‌ى رۆژى جیهانى کرێکارانه‌وه‌ رایگه‌یاند، داکۆکیکارى خه‌باتى رێکخراوه‌یى کرێکاران ده‌بن له‌پێناو دابینکردنى بیمه‌و خانانه‌نشینکردنیان. ئه‌مڕۆ هه‌ینى 30ى نیسانى 2021، رێَواز فایه‌ق سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان، له‌په‌یامێکى پیرۆزباییدا، به‌بۆنه‌ى 1ى ئایارى ڕۆژى جیهانیى کرێکارانه‌وه‌ رایگه‌یاند: "ئه‌م بۆنه‌ جیھانییه‌ به‌ده‌رفه‌تێک ده‌زانین که‌تێیدا ستایشى ڕۆڵ و کاریگه‌ریى ڕاسته‌وخۆى کرێکاران بکه‌ین له‌ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و بنیادنانه‌وه‌ى وڵاتدا، بوژاندنه‌وه‌ و نوێکردنه‌وه‌ى ھیچ سێکته‌رێکى ژیان به‌دى ناکه‌ین که‌شوێن په‌نجه‌ى زێڕینى کرێکارانى پێوه‌ دیار نه‌بێت، ئه‌وه‌ى که‌هاتۆته‌ دى به‌رى ڕه‌نج و ماندوبونى دڵسۆزانه‌ى ئه‌وانه‌". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: "ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانى کوردستان وێڕاى پشتیوانیمان له‌ھه‌مو داخوازییه‌ ڕه‌واکانى کرێکاران، ھاوکات داکۆکیکارى خه‌باتى ڕێکخراوه‌ییان ده‌بین له‌سه‌ندیکا پیشه‌ییه‌کانیاندا، له‌پێناو فه‌راھه‌مکردنى ژیان و گوزه‌رانێکى ئاسوده‌تر بۆیان و دابینکردنى بیمه‌و خانانه‌نشینکردنیان له‌دواى ته‌مه‌نى یاسایى کارکردن". هاوکات ئه‌وه‌شى دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ که‌ "پاڵپشتیى ته‌واوى خۆمان ده‌رده‌بڕین بۆ کرێکاران و ده‌ستى کارى ناوخۆیی، پێویسته‌ له‌سه‌ر حکومه‌ت چاودێریى ڕێژه‌ى ھێنانى ده‌ستى کارى ده‌ره‌کى بکات له‌لایه‌ن کۆمپانیاکانه‌وه‌، به‌جۆرێک کار نه‌کاته‌ سه‌ر بژێوى و کارى کرێکارانى ناوخۆیی، ھه‌روه‌ھا یاساکانى کارو ده‌سته‌به‌رى کۆمه‌ڵایه‌تى به‌ھه‌مو ورده‌کارییه‌کانییه‌وه‌ جێبه‌جێ بکات". رێواز فایه‌ق ئه‌وه‌شى روونکردووه‌ته‌وه‌ که‌ په‌رله‌مانى کوردستان زه‌مینه‌ى ته‌واو ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ ده‌ستپێشخه‌ریى ھه‌ر پێشنیازه‌یاساو ھه‌موارکردنه‌وه‌یه‌کى نوێى یاساى کارو ده‌سته‌به‌رى کۆمه‌ڵایه‌تی، که‌گۆڕانکارى له‌ماف و داخوازییه‌کانى کرێکاران بکات به‌ره‌و ژیانێکى شایسته‌ تر.  

هاوڵاتى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و کاروبارى ئاینى حکومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى کردنه‌وه‌ى مزگه‌وته‌کان له‌ شه‌وى قه‌در راگه‌یه‌نراوێکى بڵاوکرده‌وه‌ و ئه‌وه‌ ده‌خاته‌روو که‌" شه‌وى قه‌درى پیرۆز له‌کاتژمێر (12:00)ى شه‌و تا ئه‌نجامدانى نوێژى به‌یانى مزگه‌وته‌کان کراوه‌ ده‌بن". وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و کاروبارى ئایینى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان راگه‌یه‌ندراوێکى بڵاوکرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، ئاماژه‌ به‌ به‌یانى ژماره‌(١٧)ى ساڵى ٢٠٢١ى لێژنه‌ى باڵاى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌پێناو پاراستنى ته‌ندروستى و گیانى نوێژخوێنان بۆ شه‌وى قه‌درى پیرۆز بڕیارماندا به‌ ده‌رچوواندنى ئه‌م رێنماییانه‌:  یه‌که‌م: شه‌وى قه‌درى پیرۆز له‌کاتژمێر ١٢ شه‌و تاوه‌کو  ئه‌نجامدانى نوێژى به‌یانى مزگه‌وته‌کان کراوه‌ ده‌بن . دووه‌م: مه‌رجه‌ ھه‌موو که‌سێک له‌ناو مزگه‌وت ماسک ببه‌ستێ.  سێیه‌م: ده‌ست نوێژ له‌ ماڵه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، نوێژ خوێنان به‌رماڵى تایبه‌ت له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌ھێنن و دوورى نێوانیان ره‌چاو بکرێت له‌ مه‌تر و نیوێک تا دوو مه‌تر.  چواره‌م: خواردن و خواردنه‌وه‌ پێشکه‌ش ناکرێت. پێنجه‌م: پاراستنى پاک و خاوێنى ناو مزگه‌وت به‌ گشتی. شه‌شه‌م : له‌کاتى بوونى سه‌رپێچی، ده‌سه‌ڵات ده‌درێته‌ ئه‌وقافه‌کان بۆ جێبه‌جێکردنى رێکاره‌کانى کارگێرى و یاسایى به‌رانبه‌ر سه‌رپێچیکاران. حه‌وته‌م: به‌رێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى ئه‌وقافى پارێزگاکان و ئه‌وقافى قه‌زاکان به‌دواداچوونى به‌رده‌وام بۆ جێبه‌جێکردنى رێنمیاییه‌کان ده‌که‌ن. ھه‌شته‌م: ده‌زگاکانى راگه‌یاندن دواى  (رێپێدانى ئه‌وقافى پارێزگا) ده‌توانن روماڵى شه‌وى قه‌در له‌ مزگه‌وته‌کان بکه‌ن. نۆیه‌م: ئه‌م رێنمایانه‌ له‌ شه‌وى قه‌درى پیرۆز له‌لایه‌ن مامۆستاى ئایینى مزگه‌وت و نوێژخوێنان وه‌ک خۆى جێبه‌جێ ده‌کرێن.  

هاوڵاتى  لیژنه‌ی باڵای روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا و وەزارەتی ناوخۆ ژماره‌یه‌ك بڕیاری نوێی ده‌ركرد. وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، پاش جەژن دەرگای قوتابخانەکان دەکرێتەوە لەدوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی تەندروستی و راددەی کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنا. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، قەدەغەی هاتووچۆ لە تەواوی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان و گشت یەکە کارگێڕییەکان دوایین شەوی مانگی رەمەزان تاوەکو شەوی سێیەم رۆژی جەژن دەبێت.

هاوڵاتى فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا، رایگەیاند بەمزوانە عیراق جێناهێڵن و مانەوەیان لەسەر داوای حكومەتی عیراقە. جنڕاڵ كینیس ماكنزی فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا رایگەیاندوە:" بوونی هێزەكانمان و مانەوەیان لە سەر داوای حكومەتی عیراقە و بۆ شەڕی روبەڕووبونەوەی گروپی تیرۆرستی داعشە بەهاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانی، كە هێشتا ئەو شەڕە كۆتای نەهاتووە". جەختیكردوەتەوە:" چارەنووسی هێزەكانی ئەمریكا لەعیراق پەیوەندی بەگفتوگۆكانی نێوان هەردوو وڵات هەیە،  بەبڕوای من هێزەكانمان بەم نزیكانە  عیراق جێناهێڵن".

هاوڵاتى بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی هاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە كە رێكارە تەندروستیەكان جێبەجێ بكەن و لەرۆژانی جەژن سەردانی یەكتر مەكەن. سەباح هەورامی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاندوە:" رۆژانە بەبەردەوامی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاو دەبێتەوەو ئاماژەی مردن هەیە. ئاماژەی بەوەداوە:" پێویستە هاووڵاتیان رێنماییە تەندروستیەكان وەك خۆی جێبەجێ بكەن، بەتایبەت لەئێستادا كەمانگی رەمەزانە بەریەككەوتن هەیە، ئەگەر بتوانن لەمزگەوتەكان لەبازاڕو شوێنەكانی تر خۆیان بپارێزن بۆ ئەوەی دووربن لەڤایرۆسی كۆرۆنا. ئەوەشی وتووە:" هەروەها پێویستە هاووڵاتیان لەرۆژانی جەژن سەردانی یەكتری نەكەن و لەماڵەكانیاندا بمێننەوە، چونكە وەك نەریتێك كە سەردانی یەكتری دەكەن و ماچ و تەوقەو ئەوانە كاریگەری زۆر خراپی دەبێت لەسەر بڵاووبونەوەی ڤایرۆسەكە و رێگەیەكی ئاسانە بۆ گواستنەوەی.