هاوڵاتى  سه‌رۆكی ئه‌مریكا موچەی یه‌ك كاتژمێر كاركردنی فه‌رمانبه‌رانی فیدڕاڵی بۆ 15 دۆلار زیادكرد.  به‌گوێره‌ی میدیاكانی ئه‌مریكا، ئێواره‌ی دوێنێ چوارشه‌ممه‌ به‌كاتی ئه‌مریكا، جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا واژۆی له‌سه‌ر بڕیارێكی سه‌رۆكایه‌تی كرد و تێیدا فه‌رمانیكردوه‌ فه‌رمانبه‌رانی فیدڕاڵی 15 دۆلار وه‌رگرن له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر كاتژمێرێك كاركردن. له‌پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك، جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئه‌م هه‌نگاوه‌ی به‌سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی ئیداره‌كه‌ی له‌قه‌ڵه‌مداوه‌ و رایگه‌یاندوه‌، هاوكاربن بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م بڕیاره‌.  له‌ئێستادا كه‌مترین كرێی یه‌ك كاژمێری كاركردن له‌دامه‌زراوه‌ فیدڕاڵییه‌كان 10.95 دۆلاره‌ و بڕیاره‌ تا مانگی ئاداری رابردو بگه‌یه‌نرێته‌ 15 دۆلار كه‌ به‌وه‌ش ڕێژه‌ی زیادكراو 37%ی  كرێكه‌یه‌.  بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا فه‌رمانبه‌رانی خواره‌وه‌ی فه‌رمانگه‌ فیدڕاڵییه‌كان له‌پاككه‌ره‌وه‌وه‌ تا سیانه‌كردن ده‌گرێته‌وه‌.

   هاوڵاتى مەلا بەختیار دەڵێت، "ئامارەکان بۆ هەڵبژاردن ترسناکن، کەچی حزبەکان بێباکن!! ". مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەندی یەکێتی لە بڵاوکراوەیەکدا لە ئەژماری خۆی نوسیویەتی،  ئەمڕۆ پێنج شەممە، 29 ی نیسانی 2021  رایگەیاند"هەڵبژاردن، لە لایەکەوە هونەری کۆکردنەوەی دەنگە، لە لایەکی دیکەشەوە، پشت بەستنە بە ئامارو راپرسی. هەرلایەک، گوێ نەداتە ئامار و راپرسی لەسەر بۆچونی جەماوەر، چارەنوسی خۆی یان دەداتە دەستی قەدەر، یاخود دەستەبەری تری هەیە!" دەقی نوسینەکەی مەلا بەختیار کورتیلە رەخنەی سیاسی ژمارە (37) ئامارەکان بۆ هەڵبژاردن... ترسناکن! هەڵبژاردن، لە لایەکەوە هونەری کۆکردنەوەی دەنگە، لە لایەکی دیکەشەوە، پشت بەستنە بە یٔامارو راپرسی. هەرلایەک، گوێ نەداتە یٔامار و راپرسی لەسەر بۆچونی جەماوەر، چارەنوسی خۆی یان دەداتە دەستی قەدەر، یاخود دەستەبەری تری هەیە! لە ساڵی (2005)وە بۆ (2018) لە نێوان دوو هەڵبژاردندا رێژەی دەنگدەران  (%36) دابەزیوە. بۆ ئەمجارەش دەنگدەران بۆ بایۆمەتری، بەم چەشنەی خوارەوەن: 1-هەولێر؛  لە (1000222) دەنگدەر تەنها (741) هەزار تۆماری دەنگدەرانیان نوێ کردۆتەوە. 2-سلێمانی؛ (1000361) دەنگدەر، تەنها (913199) کەس نوێیان کردۆتەوە. 3-دهۆک؛ (827657) دەنگدەر (583216) دەنگدەر نوێیان کردۆتەوە. 4- لە تەواوی عێراقدا (25,139379) دەنگدەر هەیە.. تەنها (1600025) تۆماریان بەسەرکردۆتەوە. ئامارەکان ترسناکن.. کەچی حیزبەکان بێباکن!! تێبینی: ئامارەکان لە رۆژنامەی شکۆی کوردستان ژمارە (12)ی 28/ی نیسانی 2021 لەپەڕە (2) وەرگیراون.  

  هاوڵاتى  بارەگای بارزانی لەدوای كۆبونەوەكەی مەسعود بارزانی و  بەرهەم ساڵح ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و جەخت لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و، چارەسەربونی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەماهەنگیی نێوانیان كرایەوە. بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، سەرۆک بەرهەم و مەسعود بارزانی کاتژمێر 11:00ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆبونەوە و پڕۆسەی سیاسیی عێراق، هەڵبژاردنەكان، پەیوەندییەكان و چارەسەربونی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بارودۆخی سیاسیی هەرێم و پەیوەندیی نێوان لایەنەكانی هەرێم گفتوگۆیان لەسەر کراوە. بارەگای بارزانی راگەیەنراوێکی لەبارەی سەرۆک بەرهەم و مەسعود بارزانی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردوە، "ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراقی فیدڕاڵ كرد، لەو كۆبونەوەیەدا دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكانی گۆڕەپانی عێراق تاوتوێ كرا و بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتو و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا". باس لەوەشکراوە، "هەر لەو دانیشتنەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و، چارەسەربونی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەماهەنگیی نێوانیان، وەك فاكتەرێك بۆ سەقامگیریی و بوژانەوەی سەرجەم بەشەكانی عێراق لە قەڵەم درا". بارەگای بارزانی ئەوەشی خستوەتەڕو، بارودۆخی سیاسیی هەرێم و پەیوەندیی نێوان لایەنەكانی هەرێم تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بو.

هاوڵاتى لە نەخۆشخانەیەکى شارى هەولێر نەشتەرگەرییەکى دەگمەنى شاخوێنبەرى دڵ ئەنجام درا کە بۆ یەکەمجارە ئەو نەشتەرگەرییە لەسەر ئاستى هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت. هێمن عەبدولڕەحمان پزیشکى پسپۆڕی نەشتەرگەریى دڵ و مورولەکانى خوێن، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی نیسانی٢٠٢١ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند: "ئێمە وەک تیمێکى نەشتەرگەرى کە ژمارەیەک پزیشکى پسپۆرمان لەگەڵدایە، لە شارى هەولێر نەشتەرگەرییەکى دەگمەنمان ئەنجام دا کە نەشتەرگەرى بوو بۆ پیاوێکى تەمەن ٧٥ ساڵ کە بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستى هەرێمی کوردستان و عێراق و چوارەم جارە لەسەر ئاستى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئەو نەشتەرگەرییە ئەنجام دەدرێت". باسی لەوەش کرد: "ئەو نەشتەرگەرییە بە بەرزترین تەکنیکى پزیشکى ئەنجام دراوە، لەگەڵ ئەوەى کە نەشتەرگەرییەکەی زۆر ترسناک بوو، ماوەى پێنج کاتژمێری خایاند و لە دواى ٢٤ کاتژمێریش دواى نەشتەرگەرییەکە، کەسەکە ڕەوانەى ماڵەوە کرایەوە".  هێمن عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەش دا: "لەمەودوا لە نەخۆشخانەکانى هەرێمی کوردستان ئەو تەکنیکە بەکار دەهێنرێت بۆ ئەوەى هەم بۆ هاووڵاتییانى کوردستان هەمیش بۆ هاووڵاتییانى عیراق و دەوروبەرى سوودى لێ وەربگرین، چونکە پێشتر بۆ ئەو جۆرە نەشتەرگییانە دەبوا هاووڵاتییانمان ڕوو لە وڵاتانى جیهان بکەن، بەڵام لەمەدوا لە هەرێمى کوردستان ئەو نەشتەرگەرییە ئەنجام دەدەن". هەر لەمبارەوە د. شەوکەت ساڵح پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانى دڵ بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "ئەو نەشتەرگەرییەى ئەنجام دراوە، بریتی بووە لە نەشتەرگەریى تەسککردنەوەى بۆڕی شاخوێنبەر و قەستەرەش لە یەک کاتدا".

 هاوڵاتى هێزە ئەمنییەکانی ئێران دوو مێرمنداڵی کوردیان لە شاری ئورمیە، بە گومانی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار بەڕێیان کردوون. بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، رۆژی چوارشەممە 28ی نیسانی 2021، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دوو مێرمنداڵی ته‌مه‌ن 16 ساڵەیان بە ناوەکانی "ئارمین ئەحمەدی و نیما حەسن پوور" دەستبەسەر کردووە.  ئارمین خەڵکی ناوچەی ئیسلام ئابادی ئورمیەیە و نیما خەڵکی گوندی گونبەدی ناوچەی تەرگەوەڕی ئورومیەیە و بە تۆمەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەستبەسەر کراون. جێی ئاماژه‌یه‌ ئەو دوو مێرمنداڵە پاش دەستبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار بەڕێ کراون و هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نیە.

هاوڵاتى سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، له‌رۆژهه‌ڵات و له‌رۆژئاوا درێژه‌ به‌مانه‌وه‌ی بونی ئه‌مریكا له‌روی سه‌ربازییه‌وه‌ ده‌ده‌ین و به‌هێزی ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش به‌ سه‌رۆكی چین وتراوه‌.  له‌ پێشكه‌شردنی یه‌كه‌م وتاری به‌ كۆنگرێس دوای ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌مریكای وه‌رگرتوه‌، جۆ بایدن رایگه‌یاند، له‌رۆژهه‌ڵات و له‌رۆژئاوا درێژه‌ به‌مانه‌وه‌ی بونی ئه‌مریكا له‌روی سه‌ربازییه‌وه‌ ده‌ده‌ین و به‌هێزی ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌شی له‌دواین په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیدا به‌ شی جیتپینگ سه‌رۆكی چین وتوه‌. سه‌رۆكی ئه‌مریكا رونیكرده‌وه‌، به‌سه‌رۆكی چینی راگه‌یاندوه‌ له‌ هه‌ردوو زه‌ریای هێمن و زه‌ریای هیندی پێگه‌ی خۆیان به‌هێزده‌كه‌ن و ده‌مێننه‌وه‌، له‌ئه‌وروپاش له‌گه‌ڵ ناتۆ كارده‌كه‌ن. راشیگه‌یاند، له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌تی بۆ پرسی ئێران و له‌ئاسیاش بۆ پرسی كۆریای باكور له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانیان پێكه‌وه‌ كارده‌كه‌ن بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسانه‌دا. له‌باره‌ی روسیاشه‌وه‌ رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڤیلادمیر پوتین سه‌رۆكی روسیا هه‌یه‌ و قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردوه‌ و پێیراگه‌یاندوه‌ كه‌ ئه‌مریكا به‌دوای كێشه‌ و ئاژاوه‌دا ناگه‌ڕێت، به‌ڵام جوڵه‌ و ره‌فتاره‌كانی روسیاش ده‌رئه‌نجامی خۆیان ده‌بێت و قبوڵكراو نین. 

  هاوڵاتى بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە کەسێک بە پشتێنەی بۆمبڕێژکراوە ویستوویەتی بچێتە نێو بارەگای ئاسایشی نیشتمانی لە کەرکووک و خۆی بتەقێنێتەوە، بەڵام پێش خۆتەقاندنەوە تەقەی لێكراوە و كوژراوە. رووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-04-2021 لە گەڕەکی قۆریەی سەنتەری شاری کەرکووک روویداوە، خۆکوژەکە پشتێنەی بۆمبڕێژکراوی پێوەبووە و ویستوویەتی بچێتە نێو باڵەخانەی ئاسایشی نیشتمانی و خۆی بتەقێنێتەوە، بەڵام پاسەوانەکانی بەر دەرگە تەقەیان لێکردووە. راگەیاندنی ئاسایشی نیشتمانی لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە تەقینەوەکە ئاماژەی بەوەداوە "هێزە ئەمنییەکان لە کەرکووک تیرۆریستێکیان کوشت کە پشتێنەی بۆمبی بەستبوو و هەوڵیداوە بچێتە نێو بارەگای ئاسایشی نیشتمانییەوە، بەڵام رێگریی لێکراوە و کوژراوە". بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان دوو کارمەندی ئاسایشی نیشتمانی بە سووکی بریندارکراون. هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی رووداوەکەن و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.تاوەکو ئێستا ناسنامەی ئەو کەسە دیارنییە و نازانرێت کێیە.   

هاوڵاتى باڵیۆزی نوێی تورکیا لە بەغدا دەستبەکاربوونی خۆی بە ئەرکە نوێیەکەی راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە، ئامانجیەتی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و بەغدا بەهێز بکات.  عەلی رەزا گونەی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، دەستبەکاربوونی خۆی لە ئەرکە نوێیەکی راگەیاند و ستایشی رۆڵی فاتیح یڵدز، باڵیۆزی پێشووی وڵاتەکەی لە بەغدا کرد و لە تویتەکەیدا نووسیویەتی "ئامانجی سەرەکیم لەم ئەرکە نوێیەدا بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق دەبێت لە هەموو روویەکەوە".  بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، عەلی رەزا گونەی نامەی متمانەبوون پێشکەشی بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بکات، بۆ ئەوەی بەفەرمی دەست بە ئەرکە نوێیەکەی وەک باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا بکات.   رۆژی 3ی نیسانی 2021 بەبڕیاری رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، عەلی رەزا گونەی وەک باڵیۆزی نوێی تورکیا لە بەغدا دەستنیشانکرا. رۆژی 25ی نیسان گەیشتە بەغدا و چەند رۆژێکە لە بەغدا دەستبەکاربووە و شوێنی فاتیح یڵدز-ی گرتووەتەوە.  تورکیا جگە لە باڵیۆزخانەی بەغدا، سێ کۆنسوڵخانەی لە هەولێر و موسڵ و بەسرە هەیە. لەپلانیدایە دوو کۆنسوڵخانەی دیکەش لە کەرکووک و نەجەف بکاتەوە. 

هاوڵاتى نرخى نه‌وتى خاو له‌ بازاره‌کانى جیهاندا بۆ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 29 ى نیسان به‌رزبووه‌ته‌وه‌ نرخى به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى برێنت به‌ 66 دۆلار و 94 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت، دوێنێ چوارشه‌ممه‌ به‌ 66 دۆلار و 18  سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ کرا. هه‌روه‌ها نرخى به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى ئه‌مه‌ریکى(ته‌کساس) به‌ 64 دۆلار و 1 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت، دوێنێ چوارشه‌ممه‌له‌ دوا داخستندا به‌ 63 دۆلار و 27 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ کرا. ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهان به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ به‌جۆرێك چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ سه‌رو 60 دۆلاره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كرێت.

  هاوڵاتى سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆک کۆماری عێراق هەوڵێکی نوێ بۆ یەکخستنی وتاری لایەنەکانی هەرێمی کردستان لە عێراق و ناوچەکە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم تاوتوێ دەکەن. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا رایگەیاند، "لە کۆبونەوەیەکدا سبەی پێنجشەممە، دوا پێشھاتەکان، دۆخی عێراق و یەکڕیزیی ھەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەین". ئێوارەی ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح ، سەرۆک کۆماری عێراق گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن شاندێکی باڵا کە پێکهاتبو لە نێچیرڤان بارزانی، جەعفەر شێخ مستەفا، مستەفا سەید قادر، جێگرانی سەرۆکی هەرێم و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و کەریم شنگالی، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازی لێکرا. بەرهەم ساڵح لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی دیکەی هەرێم کۆدەبێتەوە و نەخشەرێگای بەهێزبونی پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم تاوتوێ دەکات، هاوکات باس لە خۆئامادەکاریەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق دەکرێت. بەرهەم ساڵح  لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر هەوڵێکی نوێ بۆ یەکخستنی وتاری لایەنەکانی هەرێمی کردستان لە عێراق و ناوچەکە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم تاوتوێ دەکات، بەمەبەستی روبەڕوبونەوەی ئاڵنگاریەکانی ناوچەکە، بەتایبەت دوای هێرشە موشەکییەکانی سەر هەولێر لەماوەی رابردودا.    سەردانەکەی بەرهەم ساڵح بۆ هەولێر لەکاتێکدایە دوێنێ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە هەولێری پایتەخت و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم کۆبوەوە، رۆژێک پێشتریش لە بەغدا، زەریف چوە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار و لەگەڵ سەرۆک بەرهەم و پاشان لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی دیکەی عێراق کۆبوەوە.

هاوڵاتى وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەىی هەرێم لە سەر وەستانى پڕۆژەى کەلار-سلێمانی رونکردنەوە دەدات و رایگەیاند " لە کابینەی هەشتدا پێشینەی بەبڕی شەش ملیار و ٩٣٤ ملیۆن و ٢٦٠ هەزار دینار بۆ خەرجکراوە وە لە کابینەی نۆیەمدا، بڕی ٥٥ ملیار و ٤١٩ ملیۆن و ٤٣٢ هەزار دینار بۆ بەڵێندەر خەرجکراوە و رێژەی ئەنجامدراویش لە پڕۆژەکە گەیشتوەتە %53 ". لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتى هەرێم رایگەیاند، پڕۆژەی رێگای (کەلار-سلێمانی) کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن جێبەجێ دەکرێت و لەسەردەمی کابینەی پێشووی حکومەت دەستکراوە بەکارکردن تیایدا، لە کابینەی هەشتدا پێشینەی بەبڕی شەش ملیار و ٩٣٤ ملیۆن و ٢٦٠ هەزار دینار بۆ خەرجکراوە. ئاماژە بەوەشکراوە، لە کابینەی نۆیەمدا، بڕی ٥٥ ملیار و ٤١٩ ملیۆن و ٤٣٢ هەزار دینار بۆ بەڵێندەر خەرجکراوە و رێژەی ئەنجامدراویش لە پڕۆژەکە گەیشتوەتە ٪٥٣. هاوکات وەزارەتى  گوستنەوە جەختیکردوەتەوە کە وەزیری ئاوەدانکردنەوە دڵنیایی داوەتە بەڵێندەر کە بەمنزیکانە تەرخانکراوی ساڵانە بۆ پڕۆژەکە دەستنیشان دەکرێت. لەچەند رۆژى رابردوودا بەھۆی خەرجنەکردنی پارە پڕۆژەى کەلار- سلێمانى راگیراو لەئێستاشدا پرۆژەکە لەقۆناغی دووەمی رێگای کەلار-دەربەندیخان راگیراوە.

هاوڵاتى ماڵپه‌ڕی جوریسلم پۆستی ئیسرائیلی بڵاویكرده‌وه‌، له‌ئێستادا ئێران خاوه‌نی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌ به‌جۆرێك له‌ژماردن نایه‌ت. ماڵپه‌ڕی جورییسلم پۆست كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ماڵپه‌ڕه‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كانی ئیسرائیل، راپۆرتێكی له‌باره‌ی پلانه‌كانی ئیسرائیل و ئه‌مریكا بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی موشه‌ك و فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كانی ئێران بڵاوكردۆته‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردوه‌، زانیارییه‌ هه‌واڵگریی و سه‌ربازییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئێران خاوه‌نی ژماره‌یه‌كی زۆر فرۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌. لوباره‌یه‌وه‌ ژه‌نه‌ڕاڵ كێنیز ماكه‌نزی فه‌رمانده‌ی ناوه‌ندی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رایگه‌یاندوه‌، سه‌ره‌ڕای خه‌رجكردنی ملیاره‌ها دۆلار له‌ته‌كنۆلۆجیای دژه‌ فرۆكه‌ی بێفرۆكه‌وان، به‌ڵام هێشتا مه‌ترسییه‌كان به‌رده‌وامن. ماكێنزی هه‌ڕه‌شه‌كانی ته‌كنۆلۆجیای فڕۆكه‌ی بێفرۆكه‌وانی كردوه‌ به‌ دو به‌ش، یه‌كێكیان ئه‌و فرۆكانه‌ن كه‌ قه‌باره‌یان بچوكتره‌، به‌ڵام بۆمبیان لێده‌به‌سترێت و ده‌بنه‌ مه‌ترسی، ئه‌وی دیكه‌شیان قه‌باره‌كه‌ی گه‌وره‌تره‌ و هاوشێوه‌ی فڕۆكه‌ی ئاساییه‌، بۆ پێكانی ئامانجی گه‌وره‌تر به‌كارده‌هێنرێن.

هاوڵاتى وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین بەردەوام دەبێت و وەزارەتی پەروەردە پرۆگرامی هەردوو وەرزی خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندکاران پوخت دەکاتەوە و تەنها ئەو بابەتانە داخڵ دەبن بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی خوێندن، کە پێش مانگی تەموز ئەنجام دەدرێن بۆ قۆناغی( 1ی بنەرەتی تا 11 )ـی ئامادەیی. دەقی راگەیێندراوەکە :- پاش هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی لە لیژنەی باڵای بەرەنگابونەوەی  ڤایرۆسی کۆرۆنا  کە ئاماژە بە مەترسیداریی تەشەنەسەندن و هەڵکشانی بەردەوامی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات لەهەرێمی کوردستان، خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین بەردەوام دەبێت و وەزارەتی پەروەردە پرۆگرامی هەردوو وەرزی خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندکاران پوخت دەکاتەوە و تەنها ئەو بابەتانە داخڵ دەبن بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی خوێندن کە پێش مانگی تەموز ئەنجام دەدرێن بۆ قۆناغی( ١ ی بنەرەتی تا ١١ )ـی ئامادەیی.  ئێمە وەکو وەزارەت لە هەماهەنگی بەردەوام دەبین لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بەخوێندنی ناوپۆل لەپاش جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز  کە لیژنەی باڵا بریاریداوە لە پێناو بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن چەندین رێککاری دیکە لە کەرتی گشتیی و تایبەت و شوێنە گشتییەکان بگیرێتەبەر ، تا ئەوکاتە پێویستە بەتەواوی پابەندبوون و سوود وەرگرتن لە وانەکان بە شێوازی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین  و کەناڵی تەلەفزیۆنی  پەروەردەیی هەبێت هەموو ئەگەرەکان لەبەرچاوبگیرێت . راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە  ٢٨ ی ٤ ی ٢٠٢١

هاوڵاتى  جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، "سێ رۆژی جەژن قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەریی دەبێت لە هەرێمی کوردستان". وتیشی، " پرۆسەی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا بەهەمان میکانیزم و بڕیاری پێشوو بەردەوام دەبێت، بەڵام لە هەوڵ و خەمی ئەوەداین بڕیار لە کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان بدەین لە ئایندەیەکی نزیکدا".  وتەبێژی حکومەتی هەرێم زیاتر دەربارەی بەردەوامی پرۆسەی خوێندن قسەی کرد و راشیگەیاند، "کە دەبێت گوێ بۆ راپۆرتی تەندروستی بگرین و دۆخەکەش بەو ئاراستەیە دەڕوات کە لە دوای جەژنەوە ناوەندەکانی خوێندن بکەنەوە". ئەوەش لە کاتێکدایە، بەهۆی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا و جێبەجێکردنی رێکارە تەندروستییەکان، دەرگای ناوەندەکانی خوێندن داخراون و قوتابخانەکان بە شێوەی ئۆنلاین دەخوێنن، کە شارەزایان پێیان وایە پرۆسەی خوێندنی ئۆنلاین سەرکەوتوو نەبووە. لەمساڵدا خوێندکاران نزیکەی مانگێک لە ناوەندەکانی خوێندندا دەوامیان کردووە و پسپۆرانی پەروەردە و زانستە کۆمەڵایەتییەکانیش ئەو دۆخە و دوور کەوتنەوەی خوێندکاران لە خوێندن و پەروەردە بە هەڕەشە بۆ داهاتووی نەوەکان و کۆمەڵگا دەبینن.

هاوڵاتى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، له‌ کۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆیدا پێنج پڕۆژه‌ یاساى په‌سه‌ندکرد بڕیاریدا به‌ ره‌وانه‌کردنیان بۆ په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستى ته‌شریعکردنیان. یه‌کێک له‌ پڕۆژه‌یاساکان بریتییه‌ له‌ پڕۆژه‌ یاساى دادگاى تاوانکارى تایبه‌تمه‌ند به‌ تاوانه‌کانى داعش له‌ هه‌رێمى کوردستان.  به‌پێى راگه‌یه‌ندراوێکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28ى نیسانى 2021،  مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، به‌ ئاماده‌بونى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت، کۆبونه‌وه‌ ئه‌نجامدرا. له‌ بڕگه‌ى یه‌که‌مى کۆبونه‌وه‌که‌دا، ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیرى دارایى و ئابورى و دارا ڕه‌شید وه‌زیرى پلاندان ڕاپۆرتێکیان تایبه‌ت به‌ دوا ژماره‌کانى پڕۆژه‌ بودجه‌ى هه‌رێم بۆ ساڵى 2021  خسته‌ڕو. ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیاریدا لیژنه‌یه‌ک پێکبهێنرێت بۆ ئه‌وه‌ى تێبینى و پێشنیاره‌کانى ئه‌نجومه‌ن له‌ ناو پڕۆژه‌ یاساکه‌ جێگیر بکرێن و دواتر ئاماده‌بکرێت بۆ په‌سه‌ندکردنى کۆتایى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و دواتر ڕه‌وانه‌ى په‌رله‌مان بکرێت. له‌ بڕگه‌ى دوه‌مى کارنامه‌ى کۆبونه‌وه‌که‌، جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌رئه‌نجامى کۆبونه‌وه‌ى تایبه‌ت به‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى وشکه‌ساڵى خسته‌ڕو که‌ تیایدا وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان و پارێزگاکان و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆکان پێشنیارو پلان و کارى له‌ پێشینه‌ى خۆیان پێشکه‌ش کردوه‌و وا بڕیاره‌ له‌‌ھه‌‌فته‌‌ى داھاتو، پلانى سه‌رتاسه‌رى بۆ ڕوبه‌‌ڕوبونه‌‌وه‌‌ى وشکه‌‌ساڵى ئاماده‌‌ بێت تا له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران په‌سه‌ندبکرێت و له‌ نزیکترین ده‌رفه‌تدا بکه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێکردن. له‌ بڕگه‌ى کۆتایى کارنامه‌ى کۆبونه‌وه‌که‌دا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێنج پڕۆژه‌ یاساى په‌سه‌ندکرد که‌ بریتى بون له‌: ( پڕۆژه‌ یاساى دادگاى تاوانکارى تایبه‌تمه‌ند به‌ تاوانه‌کانى داعش له‌ هه‌رێمى کوردستان-عێراق)و (پڕۆژه‌ یاساى به‌رکارکردن و هه‌موارى پیاده‌کردنى یاساى وه‌به‌رهێنانى پیشه‌سازى هه‌ردو که‌رتى تایبه‌ت و تێکه‌ڵاو ژماره‌(20)ى ساڵى 1998ى هه‌موارکراو له‌ هه‌رێمى کوردستان-عێراق)و (پڕۆژه‌ یاساى هه‌موارکردنى یاساکانى یه‌کێتى ژوره‌کانى بازرگانى و پیشه‌سازی، یاساى وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازی، یاساى بازرگانی)و بڕیاردرا ئه‌م پڕۆژه‌ یاسایانه‌ ڕه‌وانه‌ى په‌رله‌مان بکرێن بۆ ته‌شریعکردنیان.