ئاژانسی هەوالی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە هەشت سەرچاوەی ئاگاداری بابەتەکە بڵاویکردەوتەوە کە بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا فشار دەخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی ڕێگە بدات هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە و ئەگەر ئەوە نەکات، ڕووبەڕووی سزاکان دەبێتەوە. دەستپێکردنەوەی خێرای هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان یارمەتیدەر دەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەگەری دابەزینی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە کە واشنتن بەڵێنی داوە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار"ی ترامپ دژی تاران هەناردەکردنەکەی بگەیەنێتە سفر. حکومەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە دەیەوێت ئێران لە ئابووری جیهانی داببڕێت و داهاتی هەناردەکردنی نەوتی لێ ببڕێت، ئەمەش بە مەبەستی رێگریکردنی لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە. وەزیری نەوتی عێراق رۆژی دووشەممە بەشێوەیەکی لەناکاو ڕایگەیاند هەفتەی داهاتوو هەناردەکردن لە کوردستانەوە دەستپێدەکاتەوە. ئەوەش کۆتایی هاتنی ناکۆکییەکی نزیک لە دوو ساڵە کە ڕۆیشتنی زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان کەمدەکاتەوە. ئاژانسی ڕۆیتەرز قسەی لەگەڵ هەشت سەرچاوە لە بەغدا و واشنتن و هەولێری پایتەختی کوردستانی عێراق کردووە و ڕایانگەیاندووە زیادبوونی فشارەکانی بەڕێوبەریەتی نوێی ئەمەریکا بزوێنەرێکی سەرەکییە لە پشت ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی دووشەممەی وەزیری نەوتی عێراق. سەرجەم سەرچاوەکان بەهۆی هەستیاری بابەتەکەوە ئامادەنەبوون ناویان ئاشکرا بکرێت. ئێران عێراقی دراوسێ و هاوپەیمانی خۆی بە گرنگ دەزانێت بۆ هێشتنەوەی ئابوورییەکەی لە میانەی سزاکانی ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا. بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن بەغدا کە هەم هاوپەیمانی ئەمەریکایە و هەمیش ئێران، وریایە لەوەی ببێتە ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر تاران لە رێگەی واشنتنەوە. ترامپ داوای کردووە محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییە ئابووری و سەربازییەکانی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت. هەفتەی ڕابردوو ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە بانکی ناوەندی عێراق لەسەر داوای خەزێنەی ئەمەریکا ڕێگری لە پێنج بانکی ئەهلی دیکە کردووە لە دەستگەیشتن بە دۆلار بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە کونترۆلی دەستڕاگەیشتنی تاران بە دولار بکەن. شەش سەرچاوە وتییان دوای ئەوەی لە ساڵی 2023 دا هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە ڕێی تورکیاوە ڕاگیرا، هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ ئێران لە ڕێی بارهەڵگرەکانەوە زیادی کردووە. ئەمەریکا داوا لە بەغداد دەکات ڕێگری لەوە بکات. لە مانگی حەوتدا ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە ڕۆژانە نزیکەی 200,000 بەرمیل بە نرخی کەم بە قاچاخ لە کوردستانەوە بۆ ئێران گواستراونەتەوە، ژمارەیەکی کەمتریش ڕەوانەی تورکیا کراون لە ڕێی بارهەڵگرەوە. بەرپرسێکی نەوتی عێراقی نزیک لە بابەتی هەناردەکردنی نەوتەوە لە ڕێی بارهەڵگرەکانەوە بۆ ئێران، وتی " واشنتن فشار دەخاتە سەر عێراق تاوەکو دڵنیاببێتەوە لەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی تورکیاوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکرێن و بە هەرزانی نەفرۆشرێت بە ئێران." دوو بەرپرسی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە ئەمەریکا داوای لە حکومەتی عێراق کردووە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە. بەرپرسێکی کۆشکی سپی کاتێک لەو بارەیەوە پرسیاری لێکرا وتی " ئەوە نەک تەنها گرنگە بۆ ئاسایشی هاوبەشە کوردەکانمان کە ڕێگەیان بدرێت نەوتەکەی خۆیان هەناردە بکەن، بەڵکو یارمەتیدەریش دەبێت لە هێشتنەوەی نرخی نەوت بە هەرزانی." لە شەڕی دژ بە داعشدا هاریکارییەکی نزیک هەبووە لە نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و ئەمەریکادا.

هاوپەیمانان لەکوردستانەوە چەک و تەقەمەنیان ڕەوانەى رۆژئاوا کرد ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانى مرۆڤ، ڕایگەیاند، هاوپەیمانان لەهەرێمى کوردستانەوە چەند بارهەڵگرێک چەک و تەقەمەنى و پشتیوانى سەربازیان ڕەوانەى هەردوو بنکەى حەسەکەو قەسرەک کردووە. بەپێى زانیاریەکانى ڕوانگەى سورى ژمارەى بارهەڵگرەکان ٣٦ دانەبوون پڕ لەسندووقى داخراوبوون، لە تانکی سووتەمەنی، کە لە سنووری ئەلوەلیدەوە لە هەرێمی کوردستانەوە داخڵ بوون،  ناردنى ئەو چەک و تەقەمەنیانەش لەچوارچێوەى بەهێزکردنى تواناى سەربازى هێزەکانى  ئەمریکادایە لەڕۆژئاوا. دوورۆژ لەمەوبەر فرۆکەیەکى سەربازى هاوپەیمانان، کە چەک و تەقەمەنى هەڵگرتبوو، لەبنکەى سەربازى کێڵگەى نەوتى عومەر کە گەورەترین بنکەى سەربازى سوریایە نیشتوەتەوە. هاوکات لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستانەوە 42 بارهەڵگریان گەیاندووەتە بنکە سەربازییەکانیان لە حەسەکە، کە تانک و زرێپۆست و چەک و تەقەمەنیان پێبوە. لەباکوور و رۆژهەڵاتى سووریا 11 بنکەى سەرەکى و چەند بنکەیەکى لاوەکیى ئەمریکا جێگیرکراون. هاوپەیمانان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا بە 72 فڕۆکە، 233 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، چەک و کەرەستەی سەربازییان گواستووەتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان. لە پاش کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتى ڕژێمی پێشووى سووریا لە مانگى کانوونى یەکەمى ساڵی ڕابردوو، ئەمریکا و هاوپەیمانان، بەردەوام کەرەستە و کەلوپەلى سەربازیى زیاتر  لەڕێگاى ئاسمانى و زەمینیەوە ڕەوانەى بنکە سەربازییەکانیان دەکەن. 

  ئەمڕۆ ٤٥ـەمین ڕۆژە گەل لە بەنداوی تشرین بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی قەسەدە و دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بەردەوام لە ئێشکگرییدان و تا دێت بەرخۆدانییەکە بەرفراوانتر دەبێتەوە. ڕۆژی ٨ـی مانگی ڕابردوو، لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە و دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، ڕوویان لە بەنداوی تشرین کرد، ئەمڕۆش ئەو بەرخۆدانییە لە ٤٥ـەمین ڕۆژییدا بەردەوامە. گەل بە جۆش و خرۆشەوە لەسەر بەنداوی تشرین بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە بە گۆڤەندەوە هێز و ئیرادەی خۆیان بە داگیرکەران نیشان دەدەن. لەگەڵ بەرخۆدانی گەلدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆردوومانی بەردەوامی هاوڵاتییانی مەدەنی لەسەر بەنداوی تشرین دەکەن و بە پێی ئامارەکانی دەستەی تەندرووستی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ٤٤ ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ٢٥ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و ٢٢١ هاوڵاتی دیکەش برینداربوون.

  سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بانگەشەی ئەوەدەکات حەماس لەبرى شێری بیباسی دیلەکەی ئیسرائیل تەرمى ژنێکی کەرتی غەززەی گەڕاندەوەتەوە، ئەو سوێندیشی خوارد کە بزووتنەوەکە "باجی پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە دەدات" لە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕکردن. ئەمڕۆ هەینى بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە وتارێکی ڤیدیۆیی کە لەلایەن دەسەڵاتی پەخشی ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت "حەماس تەرمی ژنێکی لە کەرتی غەززە گەڕاندەوە نەک تەرمی شێری بیباسی دیلەکەی ئیسرائیل". ئەو وتیشى: ئیسرائیل وا لە حەماس دەکات باجی ڕادەستنەکردنی تەرمی شێری بیباسی دیل وەک ڕێککەوتن لەسەر کراوە بدات. بە ئیرادە کاردەکەین بۆ ئەوەی شێری لەگەڵ هەموو دیلەکانمان و زیندوو و مردووەکانمان بهێنینەوە ماڵەوە. بەرەبەیانی هەینی، سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی کرد کە یەکێک لەو تەرمیانەی ڕۆژی پێنجشەممە لە لایەنە فەلەستینییەوە وەریگرتووە، هی ژنە زیندانییەکی ئیسرائیلی نەبووە. سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "لەکاتی پزیشکی دادوەریدا دەرکەوتووە یەکێک لەو تەرمانەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕادەستی شێری بیباس کراوە، هی هیچ دەستبەسەرکراوێکی دیکەش نییە". ڕۆژی پێنجشەممە، 20ـی شوباتی 2025، حەماس تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلی ڕادەستی خاچی سوور کرد. بە گوێرەی پێگەی سی ئێن ئێن، حەماس تەرمی شیری بیباس، تەمەن 32 ساڵ لەگەڵ هەردوو منداڵەکەی ئەرییلی 4 ساڵان و کیفیری 9 مانگە، ڕادەست کردەوە. دەگوترێت تەرمی چوارەم هی عۆدید لیفشیتزە، کە کاتی دەستگیرکرانی تەمەنی 83 ساڵ بوو و لەگەڵ ژنەکەیدا یوشیفید لیفشیتز، وەک شیری و منداڵەکانی، لە کیبۆتسی نیر عۆز، لە باشووری ئیسرائیل، لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بەدیل گیران. چەکدارانی حەماس، چوار دارەبازەی ڕەشیان لە سەر سەکۆیەکی دارین لە شاری خان یوونس دانابوو، پێش ئەوەی ڕادەستی بەرپرسانی خاچی سووریان بکەن. دەسەڵلاتدارانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند "تەرمەکان، پێشتر ڕادەستی خاچی سوور کراون پاشان دراونەتە سوپای ئیسرائیل لە غەززە." دواتر، تەرمەکان لە پەیمانگای ئەبوکەبیری پزیشکیی داد، لە تەلئەڤیف پشکنینی تایبەتیان بۆ دەکرێت.

  هۆشیار زێباری، ئاشکرایدەکات: پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیكە و دەتوانم بڵێم 90%ـی كارەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەم تەواوبووە. هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، کە هاوکات سەرۆكی شاندی دانووستانكاری ئەو حیزبە بۆ پێكهێنانی حكومەت لە لێدوانێکى ڕؤژنامەوانیدا ڕایدەگەیەنێت: پارتی ھەموو ئەو لایەنە سیاسیانەی کورسی پەرلەمانیان بەدەستھێناوە وەک براوەی ھەڵبژاردن مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، ئەوە لەبەرچاو ناگرێت لایەنێک کورسی زیاترە یان کورسی کەمترە. ئەو ده‌شڵێت، "گەیشتوینەتە قۆناغێكی زۆر پێشكەوتو بۆ دروستكردنی حكومەت، واتا ئیحتمالە ئێمە چاوەڕوانین ئەم چەند رۆژە كۆببینەوە لەسەر ئاستی هەردو شاندی دانوستاندن". لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، زۆرترین كۆبوونەوەکانیان نزیكبوونەوەیان وەک پارتى لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، وتیشى: دەتوانم بڵێم 90%ـی كارەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتمان تێپەڕاندووە و لەسەر نۆ تەوەر ڕێككەوتووین. هۆشیار زێبارى جەختى لەسەر ئەوەکردەوە کە تاوەکو ئێستا پارتى دەرگای گفتوگۆیان بەڕووی هیچ لایەنێك دانەخستووە كە نیازی بەشداریكردن لە حكومەتیان هەبێت، وتیشى: بەڵام بەپێی ئەزموونی ڕابردوومان نزیكبوونەوە و هاوڕاییمان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان زیاترە". پارتی و یەکێتی وەک براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن، بۆ ئەم مەبەستەش دووجار لە ئاستی باڵا بە دووقۆڵی كۆبوونەتەوە و شاندی تەكنیكی هەردوو حیزبیش چەندین جار كۆبوونەتەوە، جگە لە ئەنجامدانی ژمارەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە براوەكانی دیكەی هەڵبژاردن.

هاوڵاتى پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان-پژاک، ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی لە سەرجەم گەلانی ستەملێکراو بەتایبەت گەلی کورد پیرۆز کرد و بانگەوازی لە گەلی کورد دەکات، بۆ پاراستنی زمانی کوردی تێکۆشانیان بەرز بکەنەوە و هەموو ماڵ و شوێنێک بۆ پاراستن و فێربوونی زمانی کوردی بکەنە قوتابخانە. بەبۆنەى ڕۆژی جیهانی زمانی دایک ٢١ـی شووباتەوە پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان-پژاک، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. لەبەشێکى ئەو بەیاننامەدا پژاک دەڵێت: سیاسەتی هەر چوار حکومەتی ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا بەرامبەر بە کورد و قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی دایکی، لەسەر بنەمای پارادایمی شۆڤێنیستییە کە لە هەوڵی ئەودایە یەک زمان، یەک نەتەوە، یەک کەلتوور، یەک مێژوو و یەک ئاڵا بسەپێنێت. دەقى ڕاگەیەندراوەکە. “٢١ـی شووبات وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی ناسێندراوە. گەلی کورد لە دونیای ئەمڕۆدا بە پاراستنی زمانی زگماکی خۆی کەلتووری خۆی پاراستووە، بەڵام هێشتا ڕووبەڕووی جینۆسایدی کەلتووری بووەتەوە. شەڕی پاراستنی زمانی کوردی بۆ کورد تەنیا ڕێگایەکە بۆ پاراستنی هەبوون و پووچەڵکردنەوەی جینۆسایدی کەلتوورییە. سیاسەتی هەر چوار حکومەتی ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا بەرامبەر بە کورد و قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی دایکی، لەسەر بنەمای پارادایمی شۆڤێنیستییە کە لە هەوڵی ئەودایە یەک زمان، یەک نەتەوە، یەک کەلتوور، یەک مێژوو و یەک ئاڵا بسەپێنێت. زیاتر لە سەدەیەکە ئەم ستراتیژە گڵاو و شۆڤێنییە و ڕەگەزپەرەستانەیە بەرانبەر گەلی کورد بەکار دەهێنن. گومانی تێدا نییە کە ئەمڕۆ گەلی کورد بۆ پاراستنی زمانی کوردی و پەروەردەکردنی لە تێکۆشانێکی بێوێنە و فیداییانەدایە. زمانی کوردی، هەبوونێکی کەلتوورییە، کە لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت تەواوی میراتی مێژوویی بپارێزرێت، بوترێت و بە جیهان بناسێنرێت. دروستبوونی جیهانێکی دیموکراتیک بەبێ مافی خوێندن بە زمانی دایکی مەحاڵە. بۆیە قەدەغەکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایکی لەسەر بنەمای سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن دەبێتە هۆی لەناوچوونی یاسای ناوچەیی و جیهانی. پەرەدان و بڵاوکردنەوەی زمانی کوردی و شێوەزارەکانی بە پەنابردن بۆ سیاسەت و ستراتیژێک کە پرەنسیپ و پێوەرەکانی فرەچەشنی کەلتووری لەخۆ بگرن، دەکرێت. بە دڵنیاییەوە بە پەروەردە هەر تاکێک دەتوانێت زانست و شارەزایی تەواوتر بەدەست بهێنێت و ئەمەش بە پەروەردە بە زمانی دایکییەوە دەکرێت. زمانی کوردی یەکێکە لە ڕەهەندە بنەڕەتییەکانی بوون و مانەوەی گەلی کوردە، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بە هەموو شێوەیەک نکۆڵی لێدەکرێت و لەلایەن حکومەتە هەژموونگەرە جیهانییەکانەوە هیچ ڕێگریەکی لێ نەکراوە. بە قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی دایکی، مافی ژیانی ئازادی گەلەکەمانیان پێشێل کردووە. بۆیە تێکۆشانی پەروەردە بە زمانی دایک تێکۆشانی ئازادیی مانادارتر و جوانتر دەکات. ئەمڕۆ گەلی کورد بە تێکۆشان و فیداکاریی بێوچانی خۆیەوە لە قۆناغی جینۆسایدی فیزیکی ڕزگاری بووە و کاتی ئەوە هاتووە کە بە ئازادیی یەکجارەکی کۆتایی بە سیاسەتی جینۆسایدی کەلتووری دوژمنان بهێنێت. بە دڵنیاییەوە سەپاندنی “زمانی فەرمی” لەلایەن دەسەڵاتە فاشیستەکانەوە، گەلانی بندەستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە دەرفەتی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد بێبەش کردووە. کۆمەڵگای ئازاد ئەو کۆمەڵگایەیە کە بتوانێت لە ڕێگەی هونەر و ئەدەبیاتەوە ناسنامەی کەلتووری خۆی پێشبخات و جوانی پێ ببەخشێت. بۆیە سەپاندنی زمانی فەرمی دەوڵەتانی دەسەڵاتدار بەسەر نەتەوە بندەستەکاندا نموونەیەکی ڕوونی جینۆسایدی کەلتوورییە. لەم جیهانە دەستکردەی خۆیاندا، هەموو دەوڵەمەندییە کەلتوورییەکانی کۆمەڵگاکان لەناو دەبەن و ماف بە زمانی دایکی گەلێک نادات. بۆیە ئەم مافە تەنیا بە تێکۆشانی بەردەوامەوە بەدی دێت. مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک) سەرەڕای پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی لە هەموو گەلانی بندەست بەتایبەت گەلی کورد، بانگەوازی لە هەموو گەلەکەمان دەکات کە بۆ پاراستنی زمانی کوردی تێکۆشانیان بەرز بکەنەوە و هەموو ماڵ و شوێنێک بۆ پاراستن و فێربوونی زمانی کوردی بکەنە قوتابخانە. ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ ڕزگاری لە چەوسانەوەی نەتەوەیی و کەلتووری. هەروەها قسەکردن بە زمانی دایک ئەرکێکی بنەڕەتییە بۆ هەر تاکێک لە پاراستنی زمانی کوردیدا و لەو چوارچێوەیەدا مافە کەلتوورییەکانمان بپارێزرێن و گەشەی پێ بدەین. پاراستنی زمانی کوردی یەکێکە لە ئازادییەکانی گەلەکەمان. بژی کۆمەڵگای ئازاد.”

یاریگاى نێودەوڵەتیی نەورۆز بەرەو قۆناغێکى دیکە هەنگاو دەنێت و لە مانگى رەمەزان لە شەواندا یاریی تێدا دەکرێت، تاوەکو پێش رەمەزان سیستمى رووناکى یاریگاکە تەواو دەکرێت. هێرش کەمال، جێگری سەرۆکی یانەی نەورۆز راگەیاند، “موژدەى بۆ هاندەرانى وەرزشى کوردستان پێیە، ئەو کۆمپانیایەی یاریگاکەى دروستکردووە لەگەڵى رێککەوتووین سیستمى رووناکى دابنێ و هەفتەى داهاتوو دەست بە دانانى بلاجیکتۆرەکان دەکات.” هێرش کەمال وتیشی، کۆمپانیاکە سیستمی بلاجکتۆر لەماوەی 10 رۆژ تەواو دەکات و ئێستاش تیمى ئەندازیارى کارەبا لە یاریگاکە سەرقاڵى کارن. لە بارەى کارى تیمەکەوە باهیر محەمەد، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری یاریگای نەورۆز کرد، ئەو وتی: ئەم مژدەیە بەهاندەرانی وەرزشی سلێمانی و کوردستان بدەن، لە مانگی رەمەزاندا یانەی نەورۆز دەتوانێت یاریەکانی لە شەودا لەنێو یاریگا نێودەوڵەتیەکەی بکات. باهیر محەمەد دەشڵێت، ئەو سیستمە رووناکیەی بۆ یاریگای نەورۆز دادەندرێت، یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا و یەکێتیی تۆپی پێی عێراق پەسەندی کردووە. ئاماژەئ بەوەش کرد یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆز یەکەم یاریگایە لە عێراق سیستمى لەوشێوەیە دابنێت، چونکە ئەمە هەمان ئەو سیستمەیە، لە یاریگا نێودەوڵەتیەکانی جیهان دادەنرێ، بلاجیکتۆرەکان لە یەکێک لە پێشکەوتووترین کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا کڕدراون. یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆز توانای لەخۆگرتنی 15 هەزار هاندەر هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هاووڵاتییەکەی زۆر لەکاتی یارییەکاندا ئامادە دەبن ژمارەکە دەگاتە 20 هەزار هاندەر، بۆیە بە ناچاری ئیدارەی یانەکە شاشەیەکی گەورەیان لە دەرەوەی یاریگەکە داناوە بۆ ئەوەی هاندەران لە دەرەوەش سەیری یاریەکانی یانەکەیان بکەن چاوەڕێ دەکرێت لە کاتی یاریەکانی یانەی نەورۆز لە شەودا لە یاریگا نێوەدەوڵەتیەکەی، هاندەرێکی زیاتر ئامادە ببن. ئیدارەى یانەکە خەمی ئەوەیانە چۆن شوێن و جێگەى هەموو هاندەران بکەنەوە، بەتایبەتى لە دواین یاری یانەی نەورۆز، کە بەرامبەر یانەی زەوڕا لە یاریگا نێودەوڵەتیەکەی کردیان، دوای تەواوبوونی یاریەکە هاندەران داوایان لە سەرۆکی یانەکە کرد یاریگاکەیان بۆ گەورە بکات.

  وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند بەلەمێک کە کۆچبەرانی هەڵگرتبوو لە دەریای ئیجە لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە نوقم بووە و شەش کەس تیایدا گیانیان لەدەستداوە کە سێ منداڵیان تێدا بووە و 27 کەسی دیکەشیان ڕزگار کراون. تا ئێستا ناسنامەی قوربانیانی ئەم ڕووداوە دیاری نەکراوە، بەڵام هاووڵاتیانی وڵاتانی جۆراوجۆر لەوانە ئێران، ئەفغانستان، پاکستان و سوریا لە ڕێگەی ئەم ڕێڕەو ئاوییە مەترسیدارەوە بە شێوەیەکی نایاسایی گەشت دەکەن بۆ یۆنان بۆ ئەوەی بگەنە ئەوروپا. عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی تەرمی شەش کۆچبەری "نایاسایی" لە ئاوەکە ڕاکێشراون. ئاماژەی بەوەشکرد، لە نێو ئەو 27 کەسەی ڕزگارکراون، کەسێکیان بە تۆمەتی بە قاچاخبردنی ئەو پەنابەرانە دەستگیرکراوە. مانگی ڕابردوو بەلەمێک کە کۆچبەرانی هەڵگرتبوو لە دەریای ئیجەدا نوقم بوو و بەهۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا. ڕووداوەکە لە کەناراوەکانی شاری ئیزمیر ڕوویداوە کە تەنها 15کیلۆمەتر لە دوورگەی سامۆسی یۆنانییەوە دوورە. دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕایانگەیاند تەرمی قوربانییەکان بۆ نەخۆشخانە ناوخۆییەکان گواستراوەتەوە بۆ دستنیشاانکردنی ناسنامەیان. ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە بەلەمەکان کە بە شێوەیەکی نایاسایی کۆچبەران لە تورکیاوە بۆ دوورگەکانی یۆنان دەگوازنەوە لە دەریای ئیجەدا نوقم دەبن. بەپێی ئامارەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا، ساڵی ڕابردوو نزیکەی 45 کۆچبەر لە دەریای ئیجە خنکاون و دەسەڵاتداران 484 کەسیان بە تۆمەتی قاچاخبردنی پەنابەران دەستگیرکردووە. هەروەها ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی 2024دا بە گشتی 55 هەزار و 467 کۆچبەر کە هەوڵیان دەدا بە شێوەیەکی نایاسایی بچنە ئەوروپا لە ئاوەکانی تورکیا ڕاگیراون. لە ئێستادا تورکیا نزیکەی چوار ملیۆن و 400 هەزار کۆچبەر و پەنابەر دەکات کە زیاتر لە سێ ملیۆنیان هاووڵاتی سوریان.

ماجید تەخت ڕەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی دووپاتی کردەوە کە تاران ئامادەیە "پەیوەندی دۆستانە" لەگەڵ ئیدارەی سوریا دابمەزرێنێت. لە بەیاننامەیەکدا کەمیدیاکانی ئێران ئەمڕۆ پێنج شەممە، بڵاویانکردوەتەوە ڕەوانچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاندووە کە "هیچ ناکۆکییەک لەناو ئێراندا سەبارەت بە پرسی سوریا نییە"، ئاماژەی بەوەشکرد، تاران "لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی سوریا دەکات". ئەو بەرپرسە ئێرانییە هیوای خۆی دەربڕی کە "ئاسایش لە سووریا زاڵ بێت، و وڵاتانی دیکە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سووریا نەکەن"، جەختی لەوە کردەوە کە ئێران "گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانی دەدات، و زۆر شتی هاوبەشی لەگەڵ ئەواندا هەیە". جێگری وەزیرى دەرەوەى ئێران، ئاماژەى بەوەشکردووە که "کاتێک حکوومەتی نوێی سووریا پێکدێت، ئێران ڕێز له بڕیاری گەلی سوریا دەگرێت و ئامادەیه پەیوەندی دۆستانه لەگه ڵ سووریا دروست بکات له سەر بنەمایەوه ". چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، محەمەد ڕەزا ڕەئوف شێبانی، نوێنەری تایبەتی ئێران بۆ کاروباری سوریا، ئاشکرای کرد کە تاران لە پەیوەندی ناڕاستەوخۆدایە لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا و پەیامی سەبارەت بە دۆخی ئەو وڵاتە پێگەیشتووە. ئێران بە ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد لە مانگی 12 ی ساڵی ڕابردوو دڵخۆش نەبوو، زیانی گەورەشی بەركەوت. عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران چەند ڕۆژێك دوای ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد ڕایگەیاند ئەمەریكا لەڕێگەی پلانەكانیەوە لە سوریا هەوڵدەدات ئاژاوە بنێتەوە. پێشبینیشی كرد "گروپێكی شەرەفمەند" لە سوریا دەربكەن و دۆخێكی نوێ بهێننەكایەوە. رۆژی 30ـی کانوونی دووەمی 2025، ژمارەیەک بەرپرس و سەرۆکی گروپە چەکدارەکانی سوریا لە دیمەشق لەژێر ناوی کۆنگرەی سەرکەوتن کۆبونەوە و بڕیاریاندا ئەحمەد شەرع وەک سەرۆکی کاتی سوریا بۆ قۆناغی راگوزەر دەستنیشان بکەن و پەرلەمان و سوپا هەڵبوەشێننەوە و کارکردن بە دەستوری سوریا راگرن تا ئەوکاتەی دەستوری نوێ بۆ وڵاتەکە دەنوسرێتەوە.

ئەو فەرمانبەرانەى لە 31ـى کانوونى یەکەمى 2024 خانەنشین بوون، هێشتا کارە کارگێڕییەکانیان تەواو نەبووە و لە مانگى شوبات مووچە وەرناگرن، بەڵکو مانگى داهاتوو سێ مووچەى ئەمساڵ پێکەوە وەردەگرن. سەرچاوەیەک لەوەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم، ڕایگەیاند: لیستی مووچەی مانگی دوو دوێنی چوارشەممە تەواوکراوە، بەهۆی ئەوەی فەرمانبەرانی سێ تەمەنەکە (60، 61 و 62) ساڵ، مامەڵەی گواستنەوەی مووچەکانیان تەواو نەبووە، بۆیە مووچەی مانگی دووش وەرناگرن لە مووچەی مانگی سێ ئەوانەی تەواو دەبن دەخرێنە نێو لیست و  سێ مووچە بەیەکەوە وەردەگرن". لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 170 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 80 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن، ئەمە وێڕای ئەو 25 هەزارەی کە تازە خانەنشین دەبن. تاوەکو ئێستاش خانەنشینانی سەربازی مووچەیان بە هاوتاکراوی وەرنەگرتووە. سەرچاوەکەی وەزارەتى دارایى دەشڵێت ئەو سێ تەمەنەی لەو ماوەیە خانەشین دەبن ژمارەیان زیاترە لە 25 هەزار کەس، ئەگەر سەرووی 25 ساڵ خزمەتیان هەبێت دەبێت 18 مووچەیان بۆ خەرج بکرێت کە شەشیان مووچەی بنەڕەتی و 12 ـیان مووچەی خانەنشین بوونیانە. هاوتاکردنى مووچەی خانەنشینانى هەرێمى کوردستان لەساڵى 2024ەوە دەستىپێکردووە کە مانگانە زیاتر لە 50 ملیار دینار بۆ پارەى تەرخانکراوى مووچە زیاد دەکات.   دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لە 20ى کانوونى دووەمى 2025 لە نووسراوێکدا، کە ئاراستەى وەزارەتى دارایی فیدراڵى کردووە، روونکردنەوەى داوە لەبارەى جێبەجێکردنى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو بۆ هاونیشتمانییان لە هەرێمى کوردستان. وەزارەتەکە پرسیاری کردبوو، ئایا بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى لە 23ى تشرینى دووەمى 2022 بۆ هەڵوەشاندنەوەى یاسای خانەنشینى هەرێمى کوردستان، وا دەکات شایستەى دارایی ئەو کەسانەى بەر لە رۆژى بڕیارەکەى دادگەکە خانەنشین بوون، جیاوازیی مووچەی هاوتاکراویان بۆ خەرج بکرێت؟   دادگەی باڵاى فیدراڵیی عێراق 23ى تشرینى دووەمى 2022 لەسەر سکاڵاى ژمارەیەک لە خانەنشینان، حکومەتی هەرێمی کوردستانى بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەموارکراوی عێراق پابەند کرد، یاسای خانەنشینى ژمارە 27ی ساڵی 2006ی هەرێمى کوردستانیشی هەڵوەشاندەوە.

جێگری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، دەڵێت: ژمارەی ئەو کۆمپانیا تورکیانەی لە هەولێر کاردەکەن بریتیین لە هەزار و ٦٤ کۆمپانیاو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق و تورکیا بۆ ساڵی ڕابردوو بڕی ١٧ ملیار دۆلار بووە. شاندێکی هاوبەشی ڕێکخراوی تیسیادی تورکی و کارگێڕی بەندەری نێودەوڵەتی مێرسین سەردانی ژووری بازرگانیی هەولێریان کرد. بە مەبەستی خستنەڕووی ئەو هاوکاری و ئاسانکارییانەی بۆ بازرگانانی هەرێم دەیکەن، شاندەکەی تورکیا سەردانی ژووری بازرگانییان کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی بازرگانی، ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و ژمارەیەک بازرگان کۆبوونەوە. کامەران سەڵاح باجگر جێگری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا تیشکی خستەسەر پەیوەندییە بازرگانییە و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێم و تورکیا و جەختی لەوەشکردەوە کە هەموو ئاسانکاری و هاوکارییەک بۆ بازرگانان دەکرێت. ئەو وتی: "قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق و تورکیا بۆ ساڵی ڕابردوو بڕی ١٧ ملیار دۆلار بووە، لەم بڕەش ١٣ ملیار دۆلار هاوردەی کاڵاکانی تورکیا بووە، چوار ملیار دۆلاریش هەناردەی عێراق بووە بۆ تورکیا، سەدا ٢٥ی ئەم قەبارەیە لە هەرێمی کوردستان بووە، هەروەها ژمارەی ئەو کۆمپانیا تورکیانەی لە هەولێر کاردەکەن بریتیین لە هەزار و ٦٤ کۆمپانیا". کامەران سەڵاح باجگر گوتیشی: "داوا لە شاندی میوان دەکەین کە هەرچەندە لە تواناتاندا هەیە، ئاسانکاری و هاوکاری و داشکاندن بۆ کۆمپانیاکانی هەرێم بکەن بۆ ئەوانەی کاڵاکانی خۆیان لە ڕێگای بەندەری مێرسین هاوردەی عێراق و هەرێم دەکەن و بێگومان لە کۆتاییدا سوودی بۆ هەردوو وڵات هەیە و ئێمەش لێرەوە هەموو ئاسانکاری و هاوکارییەک بۆ بازرگانان دەکەین".

بەپێى پێشبینەیەکانى بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی، ئەمڕۆ ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت بەدرێژایی کاتەکاندا لەگەڵ بەفربارین لەناوچە شاخاوییەکان زیاتر لەناوچە سنوورییەکاندا. بۆ سبەینێ هەینى، بەپێى پێشبینیەکان ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ بەفربارین لەزۆربەی ناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا وە نمەباران لەناوچە جیاجیاکاندا , پاشان لەکاتەکانی دوای نیوەرۆ کاریگەری دابارین لاواز دەبێت. کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ پێنج شەممە   20- 02 -  2025   کەش/  ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت بەدرێژایی کاتەکاندا لەگەڵ بەفربارین لەناوچە شاخاوییەکان زیاتر لەناوچە سنوورییەکاندا. پلەکانی گەرما /  بەرێژەیەکی بەرچاو ( 4-6  ) نزم  دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانى دوێنێ . ئاراستەی با / گۆڕاو دەبێت . خێراى با /   لەسەرخۆ- مام ناوەند (10- 20) کم/ک لەناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم ئەگەری کەمێک چالاک بوونی هەیە بۆ سەروی 30 کم/ک مەوداى بینین / لەنێوان (7  – 9 ) کم دەبێت .لەکات و شوێنی دابارین وەهەروەها ناوچە بەرزەکان کەم دەبێتەوە بۆ (4-6) کم سبەى هەینی  21- 02 -  2025   کەش/   ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ بەفربارین لەزۆربەی ناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا وە نمەباران لەناوچە جیاجیاکاندا , پاشان لەکاتەکانی دوای نیوەرۆ کاریگەری دابارین لاواز دەبێت تەنها ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان نەبێ کاریگەری بەلاوازی بەردەوامی دەمینێتەوە بۆ بەیانی رۆژی شەممە .    ئاراستەی با / باکووری رۆژئاوا دەبێت . خێراى با /  لەسەرخۆ- مامناوەند  (10 - 20) کم/ک مەوداى بینین / لەنێوان (8   – 10) کم دەبێت ، لەکاتى و شوێنی دابارین ( 5 – 7 ) کم دەبێت . پلەکانی گەرما / بەگشتی نزم دەبێتەوە بە (2-1 ( پلە وە لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم بەتایبەتی ناوچە سنوورییەکان زیاتر بە ( 4-5  ) پلە دادەبەزێت بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر     : 10 پلەى سیلیزى سلێمانی  : 7 پلەى سیلیزى دهۆک     : 7پلەى سیلیزى کەرکوک  :12  پلەى سیلیزى زاخۆ      :  8پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 6  پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران  : -4  پلەى سیلیزى سۆران   : 5 پلەى سیلیزى گەرمیان  : 12پلەى سیلیزى بەشى پێشبینى  20- 02 -  2025

  بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژێکی پڕ لە ئازار دەبێت بۆ ئیسرائیل، چونکە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە  تەرمی چوار بارمتە وەردەگرنەوە. بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، گەڕی حەوتەم لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەڕێوەدەچێت، ئەم جارە تەرمی بارمتەکان ڕادەست دەکرێن. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەکەی ڕایگەیاندووە: پێنجشەممە ڕۆژێکی زۆر سەخت دەبێت بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل، ڕۆژێکی پڕ لە ئازار دەبێت، ڕۆژێکی ماتەمینی دەبێت. چوار لە بارمتە خۆشەویستەکانمان کە کۆچی دواییان کردووە دەگەڕێنینەوە بۆ خاکەکەمان. لیواکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، ناوی چوارەم بارمتەی ڕاگەیاند کە ڕۆژی پێنجشەممە تەرمەکەی ڕادەست دەکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە.  وتەبێژی لیواکان، ئەبو عوبێدە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سبەی تەرمی ٤ بارمتەی ئیسرائیلی کە ٣ کەسیان لە بنەماڵەی بیباس لە نێویاندا ڕادەست دەکرێن و ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان لە ژیاندا بوون تا ئەو کاتەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە ئەنقەست شوێنەکانی بۆردوومان کردن و بەهۆیەوە هەموویان کوژران. گرووپی حەماس کە لەلایەن ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپاوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناو دەبرێت، تا ئێستاش 73 بارمتەی ئیسرائیلی لە دەستدایە کە پێدەچێت هەندێکیان کوژرابن. سوپای ئیسرائیل پێشتر تەرمی ژمارەیەکی کەم لەو بارمتانەی کە لە لەماوەی شەڕی 16 مانگەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە غەززە کوژراون، دۆزیوەتەوەە و گەڕاندەویەتییەوە بۆ ئیسرائیل. ئەگەر ئاگربەستەکە بەردەوام بێت، بڕیارە هەفتەی دواتریش حەماس تەرمی چوار بارمتەی کوژراوی دیکە ڕادەست بکاتەوە.

ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، دەڵێت کورد بەشێکی دانەبڕاوە لە پەیکەری سوریا و قوربانییەکی زۆری داوە، وەک خۆی باسی کردووە، پرسی بەشداریکردنی هەموو سوریاییەکان لە گفتوگۆی نیشتمانیدا “پرسێکی پێویستە کە دەبێت بکرێت” بۆ دروستکردنی بنکەیەکی هەمەلایەنە. لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط) کە لەژمارەى ئەمرۆ پێنج شەمە بڵاوکراوەتەوە، ئیلهام ئەحمەد، ڕایگەیاند: پرسی بەشداریکردنی سەرجەم سورییەکان لە گفتوگۆی نیشتمانیدا پرسێکی پێویستە کە دەبێت بکرێت بۆ دروستکردنی بنکەیەکی گشتگیر و زەمینەسازی بۆ چارەسەرە سیاسییە بەردەوامەکان دوور لە ململانێ سەربازییەکان و دابەشکارییە جوگرافییەکان. ئیلهام ئەحمەد، كە سەرکردایەتی ئەو وەفدە دەكات كە بڕیارە دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق بکات، دەڵێت: گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە نێوان ئیدارەی سوریا و ئیدارەی خۆسەر، بە پابەندبونی هەموو لایەنەکان بە چارەسەری سیاسی و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵ و موڵک و ماڵی خۆی و ڕێزگرتن لە سەروەری یاسا و مافەکانی مرۆڤ بەدی دێت. بەرپرسی کاروباری دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد لەگەڵ تەواوی هاوبەشە ناوخۆییەکان و هێزە دیموکراسیەکان و هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەکانیان كاردەكەین بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، بە شێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی سوریا بکات لە بونیادنانی داهاتویەکی سەلامەت و دادپەروەر، کە تیایدا هیچ منداڵێک بێ ماڵ و هیچ خێزانێکی بێ نیشتمان بوونی نەبێت. ئەو وتیشى: دەرئەنجامی کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکە (هەسەدو مەسەدو ئیدارەی خۆسەر) دیدێکی ناوخۆیی بۆ ئەو لایەنانە پێکدەهێنێت، بنەمایەکیشە بۆ دەستپێکردنی دانوستانی راستەقینە لەگەڵ حکومەتی سوریا و کارکردن بۆ جێبەجێکردنیان، بەپێی ئەو میکانیزمانەی هەردوولا لەسەری رێکدەکەون. هاوکات سەبارەت بە سەردانەکەی ئەحمەد شەرع بۆ شاری عەفرین، ئیلهام ئەحمەد وتى: هەنگاوێکی بوو بۆ بەهێزکردنی متمانەی ئاوارە و کۆچبەران بۆ  گەڕانەوەیان بە سەلامەتی و شێوازێكی ئارەزومەندانە. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: گەلەکەمان لە عەفرین کە بە زۆر لە ناوچەکەیان ئاوارە بوون، شایەنی گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانە، ئەمە جگە لەو کاریگەریانەی کە سەردانەکە هەڵیگرت بۆ کردنەوەی ڕێگای کردەیی و داڕشتنی پلانێک بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان .

پارێزگاری سلێمانی، ڕاگەیاند  ئەو بانکەی ئەمڕۆ دەکرێتەوە ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ دارایی و بازرگانییە. ئەم شوێنە یەکەم جارە بەم شێوازە و بەم ناوەرۆک و پسپۆڕییە لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە. ئەم وتانەى پارێزگارى سلێمانى، لە کاتێکدا چەند میدیایەکی هەرێمی کوردستان ئەوەیان بڵاو کردووەتەوە گوایە ئەمڕۆ  هەریەک لە بانکە مەرکەزییەکانی ڕافیدەین و ڕەشید بە مەبەستی "تەوتین" یان بەنیشتیمانیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی "سنوری سەوز" لقی فەرمیان لە شاری سلێمانی دەکەنەوە. دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: هەموو بانکەکان و بۆرسەکان وە هەموو بوارەکانی وەبەرهێنان و دارایی و بازرگانی دەتوانن بەش و لق لەم بانکە بکەنەوە، بەپێی ئەو ڕێکارانەی کە بۆ کردنەوەی لق بە پێی یاساکانی فیدڕاڵ و هەرێم دیاری کراون." بەشێک لە "مامۆستایانی ناڕازی" کە لە ڕابردوودا چەند جارێک سەردانی بەغدایان کردووە و داوایان کردووە مووچەکانیان ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی حکومەتی عێراقەوە بدرێت، ڕایانگەیاند، پێشوازی دەکەن لە کردنەوەی لقی ئەو دوو بانکە مەرکەزییەکە وەک هەنگاوێک بۆ "تەوتینی" مووچەکانیان لە ڕێگەی حکومەتی عێراقەوە. پرسی "تەوتین" یان بەنیشتیمانیکردن کە داواکاری بەشێک لە مووچەخۆرانی سنوری یەکێتیە، بەهۆی بەردەوامی دواکەوتنی مووچەوە لە 10 ساڵی ڕابردوودا لە هەرێم سەری هەڵداوە. پرسەکە بۆتە بەشێک لە ململانێی سیاسی نێوان یەکێتی و پارتی، بەو پێیەی یەکێتی لە بانگەشەی ساڵی ڕابردووی هەڵبژاردنی هەرێـمدا وەک پشتگیر و پاڵپشتیکاری ئەم پرسە جەختی دەکردەوە. هەرچی پارتییە دژایەتی خۆی بۆ ئەم بابەتە ڕاگەیاندووە و هەوڵی سەرخستنی پرۆژەی "هەژماری من" دەدات کە لەلایەن کابینەی مەسرور بارزانییەوە پێشکەشکراوە. هەرچەندە هەتا ئێستا ڕوون نییە "هەژماری من" دەچێتە خانەی تەوتینەوە، بەڵام کڕۆکی ناکۆکییەکە لەسەر ئەوەیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەکو ساڵانی ڕابردوو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دابەشبکرێت یان ڕاستەوخۆ بچێتە سەر بەغدا. نەیارانی ڕادەستکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەڵێن هەوڵەکە بۆ لاوازکردن و سڕکردنی حکومەتی هەرێم و قەوارەی هەرێمی کوردستانە. بەڵامی لایەنگرانی پرسەکە دەڵێن پرۆسەی دواکەوتنی مووچە چەندین ساڵە بەردەوامە و بووەتە هۆی ئازاردانی بێئەندازەی مووچەخۆرانی هەرێم. دادگای فیدڕاڵی عێراق ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024 بڕیاری دا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان "تەوتین" بكرێت، بەڵام پرۆسەکە هەتا ئێستا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە. ڕۆژى 18ی مانگی دووی 2025 دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵایەکی سەرۆککۆمار بڕیاریدا تەوتینى مووچەى مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان جێبەجێبکرێت بەو شێوەیەی کە فەرمانبەران دەیانەوێت و "بتوانن بانکەکانیان هەڵبژێرن." دادگاکە هەروەها داوای کرد حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەکە هەماهەنگی بکەن. بڕیارەکە دوای ئەوە هات ڕۆژی 9ی مانگی دووی 2025، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئاشکرایکرد، سەرۆککۆمار لەبارەی مووچەی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی سکاڵایی یاسایی لەسەر محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و تەیف سامی وەزیری دارایی تۆمارکردووە و داوادەکات حکومەتی عێراق پابەند بکرێت بە ناردنی مووچەی مانگانە لە کاتی خۆیدا.