عومه‌ر فه‌تاح یه‌کێک له‌و دوو که‌سه‌ى که ته‌قه‌یان به‌سه‌ر خۆپیشانده‌رانی دانیشتوانی ناحیه‌ى عه‌ربه‌تدا کرد لەسەرەتای ئەم مانگەدا پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانیه‌و دوای نۆ رۆژ له‌ده‌ستگیرکردنیان به بڕیاری دادوه‌ر به‌که‌فاله‌ت ئازادکراون تا رۆژی دادگایی‌کردنیان. رۆژی سێ شه‌ممه 4ی ئه‌م مانگه، له‌کاتی به‌ڕێوه‌چوونی خۆپیشاندانه‌که‌ی دانیشتوانی ناحیه‌ی عه‌ربه‌تدا که‌سێک له‌ناو ئۆتۆمبێله‌که‌یه‌وه ته‌قه به‌سه‌ر خۆپیشانده‌ران و هێزه ئه‌منیه‌کاندا ده‌کات و دوابه‌دوای ته‌قه‌که له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی عه‌ربه‌ته‌وه په‌یوه‌ندی ده‌کرێت به‌بازگه‌ی عه‌ربه‌ت سلێمانیه‌وه‌و له‌وێ ده‌ستگیرده‌کرێن. دابان محه‌مه‌د عارف به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی عه‌ربه‌ت به هاوڵاتى وت «ئێمه وه‌ک ئیداره‌ی ناحیه هه‌ر له‌ساتی روداوه‌که‌وه سکاڵامان له‌سه‌ر ئه‌و دووکه‌سه تۆمارکرد، دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌ى نۆ رۆژ ده‌ستبه‌سه‌رکران، به بڕیاری دادوه‌ر هه‌ریه‌که‌یان به بڕی 500 هه‌زار دینار ئازادکراون تارۆژیی دادگاییکردنه‌که‌یان و یه‌کێک له‌و دووکه‌سه‌ش پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی بووه«. ژماره‌یه‌ک له‌هاوڵاتیان و چالاکانی مه‌ده‌نی ناحیه‌ی عه‌ربه‌تی نزیک سلێمانی به‌مه‌به‌ستی داواکردنی نه‌وت و کاره‌باو خزمه‌تگوزاری خۆپیشاندانێکیان ئه‌نجامداو بۆ ماوه‌ی نزیکه‌ی دوو کاتژمێر رێگای سه‌ره‌کی سلێمانی هه‌ڵه‌بجه‌یان داخست. نه‌به‌ز محه‌مه‌د یه‌کێک له‌ڕێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌که پێشتر به هاوڵاتى راگه‌یاندبوو ده‌یان کێشه له‌سنوری ناحیه‌که‌ماندا هه‌یه، بۆ گه‌یاندنی ئه‌و کێشانه به‌لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار هاتینه سه‌ر شه‌قام، چونکه ماوه‌ی سێ ساڵه نه‌وت دابه‌شنه‌کراوه، جۆزه‌ی (16) ئه‌مپێریمان هه‌یه ده‌بوو (18 بۆ 20) سه‌عات کاره‌بای نیشتیمانیمان هه‌بێ به‌س ئێستا ته‌نها (12) کاتژمێر که‌متریشه، جگه له‌وانه ئێستا کێشه‌ی غازیشی هاتووه‌ته سه‌ر. ئه‌و رێکخه‌ره‌ی خۆپیشاندانه‌که‌ی ناحیه‌ی عه‌ربه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد ئه‌وان ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌کیان داوه‌ته به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان، وتیشی «ئه‌گه‌ر ئه‌و داواکاریانه جێبه‌جێنه‌کرێت، دێینه‌وه سه‌ر جاده‌و فشار‌و رێگای مه‌ده‌نی توندتر ده‌گرینه‌به‌ر». به‌رێوه‌به‌رى ناحیه سه‌باره‌ت به‌داواکاریه‌کانی خۆپیشانده‌ران وتی «ئێمه‌ش چاوه‌راوانی جێبه‌جێکردنی به‌ڵێنه‌کانین له‌سه‌روی خۆمانه‌وه، بڕیاره له‌رێگه‌ى حکومه‌تی عێراقه‌وه 30 ملیۆن لیتر نه‌وت بگاته سلێمانی و ناحیه‌که‌ی ئێمه‌ی وه‌ک یه‌که‌م شوێن به‌شی خۆی پێده‌درێت».
ھاوڵاتی سوپای عێراق بەمدواییانە تۆڕێکی تاوانکاریی هەڵوەشاندەوە لەئەنبار کەدەستی هەبوو لەکڕینی چەک و تەقەمەنی دزراودا بۆ دواتر فرۆشتنەوەیان لەبازاڕی رەشدا. سوپا نۆ ئەندامی گروپەکەی دەستگیرکردووه لەناوچەی قائیم لە 30ی کانونی دووەم. هەندێک لەو چەکانەی بە نایاسایی بەدەستهاتوون بەقاچاخ دەبرێنە سوریا لەلایەن میلیشیاکانی سەر بەهێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه‌و بەچەند گروپێکی چەکداری دیکە دەفرۆشرێنەوە. فەرماندەیەکی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرەو بادیە کەداوایکرد ناوی نه‌هێنرێت رایگەیاند ئەندامانی تۆڕەکە دانیان پێداناوە کەچەکەکانیان لەمیلیشیاکانی سەر بەئێران کڕیوەو لەحەشارگەکانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دزراون لەو شارانه‌ی لەلایەن هێزەکانی عیراقەوە رزگارکران. بەشێکی زۆری چەکی سوک و مامناوەندی روسین، بۆمب و تەقەمەنی و هاوەنیش بەئەندامانی تۆڕەکە گیران لەناوچەی قائیم لەڕۆژئاوای ئەنبار. ئەفسەرەکە وتی «ئەندامانی تۆڕەکە وتوویانە گوایە رۆڵی ئەوان سنوورداربووە بۆ فرۆشتنی چەکەکان، دوای ئەوەی لەو گروپانەیان کڕیوە کە سەر بەمیلیشیاکانی هەواداری ئێرانن وەک کەتائیب حزبوڵا‌و بزووتنەوەی نوجەباو عەسائیب ئەهل حەق و سەید شوهەدا». باسی لەوەشکرد لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە بۆ دۆزینەوەی ئەوەی کێ چەکەکانی بەتۆڕەکە فرۆشتووە تادەستگیربکرێت و بهێنرێتە بەردەم دادگا. ھەروەھا وتی «ئەندامانی میلیشیاکان سەقامگیرییان ناوێت، لەبەرئەوەی سەقامگیری لەعێراق مانای ئەوەی ئه‌وان چیتر بەهانەیان نابێت چەکیان لەدەستدابێت یان لەناو میلیشیاکاندا چالاکبن و خزمەتی بەرژەوەندی وڵاتانی دیکە بکەن.» بازرگانیکردن بەو چەکانەوە زیادیکردووە که تاڵانیکراون لەو ناوچانه‌ی لەداعش رزگارکراون دوای ئەوەی ئەمریکا سزای سه‌پاند به‌سەر ئێران‌دا، لەکاتێکدا سزاکان بوونەهۆی کەمبوونەوەی پشتیوانی ئێران بۆ ئه‌و میلیشیایانه‌ی لەعێراق چالاکن. ئەو سزایانە فشاری بۆ هێنان دەستبکەن بەکاری تاوانکارانە بۆ دابینکردنی داراییان. لیوا نو‌عمان عەبدول زه‌وبه‌عی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، رایگەیاند لە سێ هەفتەی رابردوودا سوپای عێراق دەستیگرتووە بەسەر چەندین چەک و تەقەمەنیدا کە لەدوای داعش جێمابوون لەموسڵ و تەلەعفەرو بەعاج و ناوچەکانی دیکە لەدەشتەکانی نەینەوا. زه‌وبه‌عی وتی «دەستمانگرتووە بەسەر زیاتر لەهەزارو (500) کیلۆ تەقەمەنی و تفاقی جۆراوجۆردا لەگەڵ دەیان ئارپیجی.» سوپا ده‌ستیشیگرتووه به‌سه‌ر سەدان چەکی سوک و بچوکدا لەگەڵ دوو سەکۆی موشەک هاویشتن. زه‌وبه‌عی راشیگەیاند گه‌ر ئەو چەکانە به‌شاراوه‌یی بمانایه‌ته‌وه، دەکرا ئەندامانی داعش و گروپە تیرۆریستەکانی دیکە دەستیان هەیە لەبازرگانیی چەکدا بیاندزن و بۆ خۆیان بەکاریانبهێنن بۆ هه‌ڕه‌شه‌کردن لەسەقامگیریی وڵات. وتیشی «هێزەکانی عێراق بەردەوامن لەئەنجامدانی گەڕان بۆ هەڵدانەوەی حەشارگەکانی چەک و لەناوبردنیان لەو شوێنەی دەدۆزرێنەوە یان دوورخستنه‌وه‌یان بۆ شوێنێکی دیکە بۆ ئەوەی به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌مین فڕێبدرێن تا دڵنیایی هەبێت له‌وه‌ی مەترسییان نییە». ئەحمەد حەمدانی شارەزایه‌کی بواری سیاسه‌ت وتی «چەند میلیشیایەک کەئێران پشتیوانیانە بەشدارن لەدابینکردنی چەکدا بۆ بازاڕی رەش و ئەوانەش لەو حەشارگە ژێرزەمینیانە دەرهێنراون کەدوای داعش جێمابوون». وتیشی «کڕیارەکان زۆربەی جار ئه‌و تاقمە تاوانکارانه‌ن کەدەستیان هەیە لەکوشتن و دزیکردن بەزەبری چەک جگە لەخێڵەکانی ناوچە دوورەدەستەکان کەکێشەیان هەیە لەگەڵ خێڵی دیکە». ئەحمەد حەمدانی هه‌روه‌ها وتی «لەعێراق دەبێت ئەگەری ئه‌وەمان لەبیرنەچێت کەچەکدارانی داعش دەتوانن جاریکی دیکە بیانکڕنەوە.» ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد که لەهەمان کاتدا هێزەکانی عێراق هەنگاوی باشیان ناوە بۆ له‌ناوبردنی ئەو تۆڕانەی دەستیان هەیە لەفرۆشتنی چەکدا بە نایاسایی
هاوڵاتى، رێناس بەرزان 75 خوێندکاری پزیشکی لە ھەردوو قۆناغی یەکەم و دووەمی پزیشکی گشتی زانکۆی گەرمیان دەخوێنن کە ئەو بەشە دوو ساڵە کراوەتەوە. ھاوکات گەورەترین تاقیگەی زانستی کوردستان لە زانکۆی گەرمیان دەکرێتەوە. د.فەرھاد قادر سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بە هاوڵاتى وت «دوای ئەوەی ساڵی پار بەشی پزیشکی لە زانکۆی گەرمیان کرایەوە، خوێندن لەو بەشە بە باشترین شێوە بەرێوە دەچێت و بەهیچ شێوەیە کێشەی کەمی مامۆستایان نیە. کۆلیژەکە لەم دوو ساڵەی خوێندندا 75خوێندکاری هەیە». لەگەڵ ئەوەشدا تاقیگەیەکی زانستی کراوەتەوە کە بەتاقیگەیەکی «پیشکەوتوو» ناودەبرێت، لە لایەک وەزیری خوێندنی باڵاوە. تاقیگەکە تایبەتە بە بەشەکانی زانستیەکان بەتایبەتی بەشەکانی بایلۆجی و کیما و ئەندازیاری و پزیشکی. رووبەری تاقیگەکە 11 هەزار مه‌تر دوجایە و گەورەترین کۆمەڵگەی تاقیگەکانە لەسەر ئاستی زانکۆکانی کوردستان. تاقیگەکە پێکهاتوە لە 38هۆڵی تاقیگە لەگەڵ 90ژووری تایبەت بە تاقیگەکان بەبری 8ملیار دیناری عیراقی. لەگەڵ ئەوەشدا دکتۆر فەرهاد قادر سەرۆکی زانکۆی گەرمیان ئاماژەی بەتایبەتمەندی ئەم تاقیگەیە کردوە کە بریتیەلە کارکردنی زیاتر لەسەر بیناکەو ژوور وهۆڵ و ئەو پێداویستیانەی کە بۆ تاقیگەیە بەڵام سەبارەت بە ئامێرەکانی تاقیگەکە وتی «تاوەکو ئێستا ئامێری بۆ دابین نەکراوە « دکتۆر فەرهاد قادر وتی «تاقگیەکە دەبێتە ناوەندێکی راوێژکاری بۆ تۆێژینەوەی زانکۆ وە دەرەوەی زانکۆش سودی لێ ئەبینێت». لەزانکۆی گەرمیان، تاقیگەیەکی زانستی کرایەوە، کە پێکهاتوە لە ٣٨ تاقیگەو ٩٠ ژوری تایبەت بە ئۆفیس و لەسەر ڕوبەری زیاتر لە ١١ هەزار مەتر چوارگۆشە بە بودجەی زیاتر لە ٧ ملیۆن دۆلار دروستکراوە، بەیەکێک لە گەورەترین تاقیگە زانستییەکانی ناوچەکە دادەنرێت. ھەفتەی رابردوو دکتۆر ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان تاقیگە زانستیەکەی لە زانکۆی گەرمیان کردەوە. دکتۆر ئارام محەمەد وتی «ئەم تاقیگەیە یەکێک دەبێت لە گەورەترین و گرنگترین تاقیگە زانستییەکان لەنێو دامەزراوەکانمان و بە کەوتنە سەرکاری خزمەتێکی بەرچاو بەزانکۆ و پێشخستنی ئاستی زانکۆکە دەکات، هەوڵی تەواو بۆ دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستییەکانی دەدەین و لەم ڕوەوە لە هەوڵەکان بەردەوام دەبین». دکتۆر فەرهاد قادرکە تازە بووە بە سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، وتی «سەردانی وەزیری خوێندنی باڵابۆ پیرۆزبایی و پالپشتی ئێمە بوە و لەنزیکەوە باسی کێشەوگرفتەکانی زانکۆمان کرد وجگە لەوە تاوتوێی کردنەوەی ئەو تاقیگەمان کرد.»
عومه‌ر فه‌تاح ئۆتۆمبیلێکی جۆری میکزه‌مینی ئێواره‌ی دوینێ بارێکی قاچاخى شۆفڵی تێدابووه‌و له‌لایه‌ن پۆلیسى گومرگه‌وه له‌ناو بازاڕی خورماڵ ده‌ستی به‌سه‌رداگیراو شۆفێره‌که‌شی ده‌ستگیرکراوه، ویسویەتی له‌مه‌رزێکی سنوره‌که‌وه ئه‌و باره قاچاخه ببه‌ن به‌ره‌و کۆماری ئیسلامی ئێران. عوسمان ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی خورماڵ به هاوڵاتى وت «سه‌یاره‌ک بارێکی قاچاخی پێبوه‌و هێزه‌کانی گومرگ پێیان زانیوه‌و له‌ناو بازاڕ گرتویانه«. وتیشی «پێش گرتنه‌که‌شی ته‌نها دوو فیشه‌ک به‌ئاسماندا ته‌قێنراوه‌و هیچ که‌سێک بریندار نه‌بووه، مه‌به‌ستی ته‌قه‌که‌ش بۆ ئه‌وه بووه ئه‌و که‌سە له‌ده‌ست یاسا رانه‌کات و ده‌ستگیربکرێت». سه‌رچاوه‌یه‌کی تری ئاگادار له‌و رووداوه بە ھاوڵاتی راگەیاند ئێواره‌ی دوێنێ سێشه‌ممه ئۆتۆمبێلێک که له‌سنوری سه‌یدسادقه‌وه به‌ره‌و ناحیه‌ى خورماڵ رۆیشتووە، بارێکی قاچاخی شۆفڵی تیابووه، ویستویانه له‌مه‌رزی ده‌ره‌ی مه‌ڕه‌وه لەناوچەی ھەورامان که مه‌رزێکی لاوه‌کییه ئه‌و که‌لوپه‌لانه ببه‌ن به‌ره‌و ئێران. سه‌رچاوه‌که داوای‌کرد ناوی نەھێنرێت لەبەرئەوەی پۆستەکەی رێگەپێدراو نیە بۆ لێدوانی فەرمیی، به وت «مه‌فره‌زه‌یەکی پۆلیسی گومرگ که‌وتوونه‌ته شوێنی قاچاخچیەکان، چه‌ند فیشه‌کێکی به‌ئاسماندا تەقاندوە، دواتر شۆفێره‌که‌یان ده‌ستگیر کردووەو که‌لوپه‌له قاچاخه‌کانیشیان گرتووە». به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یە پێشتر چه‌ند جارێکی دیکه له‌مه‌رزه لاوه‌کیه‌کانی ئه‌و سنووره‌وه که‌لوپه‌ل و ئامێرى جۆراوجۆر به‌شێوه‌ی قاچاخ براونه‌تە کۆماری ئیسلامی ئێران. سه‌باره‌ت به‌و رووداوه عوسمان ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی خورماڵ له‌لێدوانێکی تایبه‌تدا به هاوڵاتى وت «سه‌یاره‌ک بووه بارێکی قاچاخی پێبووه‌و هێزه‌کانی گومرگ پێیان زانیوه‌و له‌ناو بازاڕ گرتوویانه، پێش گرتنه‌که‌شی ته‌نها دوو فیشه‌ک به‌ئاسماندا ته‌قێنراوه‌و هیچ که‌سێک بریندار نه‌بووه، مه‌به‌ستی ته‌قه‌که‌ش بۆ ئه‌وه‌بووه ئه‌و که‌سە له‌ده‌ست یاسا رانه‌کات و ده‌ستگیربکرێت».
عومه‌ر فه‌تاح لیژنه‌یه‌کی په‌رله‌مانی کوردستان بڕیارە ئەمڕۆ بچێته سه‌یدسادق و به‌دواداچوون بکات بۆ داواکاریه‌کانی خۆپیشانده‌ران و ھەروەھا سەردانی ماڵی ئەو گەنجە بکات کەمانگی رابردوو لەکاتی خۆپیشاندانەکانی شارۆچکەکەدا دەستگیرکراو پێڵاو خرایە دەمیەوە لەناو بارەگای ئاسایش. زانا عه‌لی یه‌کێک له‌ڕێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌که‌ی سه‌یدسادق و ئه‌و چالاکوانه‌ی لێى دراوه به هاوڵاتى وت «له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی لیژنه‌که‌وه ئاگادارکراومه‌ته‌وه که‌سه‌ردانم ده‌که‌ن و به‌دواداچوون بۆ دۆسیه‌که‌م ده‌کرێت، منیش ئه‌وه‌ی روویداوه ده‌یخه‌مه‌ڕوو بۆ ئه‌وان». هێشتا هیچ یه‌کێک له‌به‌ڵێنەکانی بەرپرسان جێبه‌جێنه‌کراوە کە دابوویان بەخۆپیشاندەرانی سەیدسادق کەمانگی رابردوو رژانە سەرشەقام و بەدوای ئەوانیشدا دانیشتوانی ناحیه‌ی عه‌ربه‌تی ھاوسنور لەگەڵ سەیدسادق خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. دیارترین داواکانی خۆپیشاندان، داواکردنی به‌شه سوته‌مه‌نی و زیادکردنی کاته‌کانی کاره‌بای نیشتیمانی بوو، تێیدا ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌کیاندایه حکومه‌ت بۆ جێبه‌جێکردنی. سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانی کوردستان لیژنه‌یه‌کی سێ که‌سی پێکهێناوه، بڕیاره ئه‌مرۆ یه‌کشه‌مه سه‌ردانی قه‌زاکه بکه‌ن و چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یه‌ک ئه‌نجامبده‌ن. شاخه‌وان ره‌ئوف به‌گ سه‌رۆکی لیژنه‌ى ناوخۆ‌و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان و سه‌رۆکی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان پێکیهێناوه، به هاوڵاتى وت «دوابه‌دوای خۆپیشاندانه‌کان سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان لیژنه‌یه‌کی سێ که‌سی دروستکردووه‌و ده‌چینه سه‌یدسادق و له‌گه‌ڵ قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه ئیدارییه‌کان کۆده‌بینه‌وه«. رۆژی دووشه‌ممه 27ی مانگی یه‌کی رابردوو، ژماره‌یه‌ک له‌چین و تووێژه جیاوازه‌کانی سه‌یدسادق خۆپیشاندانێکیان ئه‌نجامداو داوایانکرد له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌کدا به‌شه سوته‌مه‌نی ئه‌مساڵیان پێبدرێت و کاته‌کانی کاره‌بای نیشتیمانییان بۆ زیادبکرێت و ده‌ستبکرێته‌وه به‌جێبه‌جێکردنی پرۆژه خزمه‌تگوزاریه وه‌ستاوه‌کان، به‌ڵام به‌وته‌ی رێکخه‌رانی ئه‌و خۆپیشاندانه هێشتا هیچ یه‌کێک له‌و به‌ڵێنانه جێبه‌جێنه‌کراون. شاخەوان رەئوف ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو جگه له‌فه‌رمانگه ئیداریه‌کان چاویان به‌چالاکانی مه‌ده‌نی و نوێنه‌رى رێکخراوه‌کانیش ده‌که‌وێت و له‌کۆبوونه‌وه‌کانیاندا له‌نزیکه‌وه به‌دواداچوون بۆ کێشه‌و داوکاری و که‌موکوڕییه‌کانی ئه‌و قه‌زایه ده‌که‌ن. له‌کاتی خۆپیشاندانه‌که‌دا یه‌کێک له‌چالاکانی مه‌ده‌نی و به‌شداربووانی خۆپیشاندانه‌که ئاشکرایکرد له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌کانه‌وه لێی دراوه‌و سوکایه‌تی زۆری پێکراوه‌و پێڵاو خراوەته ده‌میه‌وه. زانا عه‌لی یه‌کێک له‌ڕێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌که‌ی سه‌یدسادق سه‌باره‌ت به‌جێبه‌جێکردنی داواکاریه‌کانی ئه‌وان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌کرده‌وه که تائێستا که زیاتر له دوو هه‌فته تێپه‌ڕ بووه، هیچ یه‌کێک له‌و به‌ڵێنانه که‌دراوه پێیان جێبه‌جێ نه‌کراوه. وتیشى «نه‌وت یه‌ک جار هاتووه، ئێستا به‌هه‌وڵی خێرخوازان که‌مپینمان رێکخستووه‌و نه‌وت به‌سه‌ر ماڵه هه‌ژاره‌کاندا دابه‌شده‌که‌ین، وه‌زعی کاره‌باش خراپتر بووه باش نه‌بووه«. شاخه‌وان ره‌ئوف به‌گ سه‌رۆکی لیژنه‌ی ناوخۆ‌و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌کان وتى «ده‌چینه ماڵى ئه‌و چالاکوانه‌و به‌دواداچوون بۆ ئه‌وحاڵه‌ته‌ش ده‌که‌ین و له‌کۆی ئه‌و پێشیلکاریانه ده‌کۆڵینه‌وه که‌ئه‌و رۆژه روویداوه«. هه‌روه‌ها وتى «دوای کۆبوونه‌وه‌کان ئه‌نجامی سه‌ردانه‌که‌مان به راپۆرتێک به‌رزده‌که‌ینه‌وه بۆ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان، ئه‌وکات ئه‌وان بڕیاری کۆتایی ده‌ده‌ن که چی بکرێ و قسه‌ى پێویست له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان بکه‌ن». سه‌ره‌تای ساڵی 2014 ژماره‌یه‌ک له‌دانیشتوانی سه‌یدسادق خۆپیشاندانێکیان ئه‌نجامداو گه‌نجێکی دانیشتوی قه‌زاکه به‌ناوی بڕیار حه‌سه‌ن شه‌هید کراو زیاتر له (100) که‌سی دیکه‌ش برینداربوون، که‌سوکاری ئه‌وگه‌نجه هه‌رچه‌نده سکاڵایان تۆمارکردووه، به‌ڵام دوای شه‌ش ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ئه‌و رووداوە هیچ که‌سێک له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه سزا نه‌دراوه. قه‌زای سه‌یدسادق سه‌ر به‌پارێزگای سلێمانییه‌و ژماره‌ی دانیشتوانه‌که‌ی بەناحیەو گوندەکانیەوە نزیکه‌ی (120) هه‌زار که‌س ده‌بێت‌و بۆ جێبه‌جێکردنی داواکارییه‌کانی قه‌زاکه چه‌ند جارێک دانیشتوانه‌که‌ی خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداوه، به‌ڵام به‌وته‌ی خۆیان تائێستا زۆرێک له‌داواکارییه‌کانیان جێبه‌جێ نه‌کراوه.
شاناز حه‌سه‌ن وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاشکرای ده‌کات، تائێستا سێ حاڵه‌تى جیاکراوه (گومان‌لێکراو) بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا له‌هه‌رێم هه‌بووه‌و یه‌کێکیان بازرگانێکى کورد بووه‌و دووانه‌که‌ى تر هاووڵاتی بیانى بوون و ئێستاش له‌ژێر چاودێریدان. محه‌مه‌د قادر، وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌رێمى کوردستان، بە هاوڵاتى وت «تائێستا سێ حاڵه‌تى جیاکراوه‌مان هه‌بووه‌و یه‌کێکیان بازرگانێکى کورد بووه‌و دواى دوو هه‌فته ده‌رکه‌وت نیشانه‌کانى تێدانه‌بووه‌و دووانه‌که‌ى تر بیانى بوون و ھێشتا له‌ژێر چاودێریدان». وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان له‌ناو نه‌خۆشخانه‌ى پێشمه‌رگه له‌هه‌ولێر، شوێنێکى تایبه‌تیان دابینکردووه به‌ناوى (کۆره‌مپین)، ئەوەش له‌سه‌ر رێنمایى ته‌ندروستى جیهانى. کۆره‌مپین واته ئه‌و شوێنه ته‌نیا که‌سانێکیان تێدا ده‌مێنێته‌وه که‌گومانیان لێده‌کرێت ھەڵگری ڤایرۆسبن و تادوو هه‌فته له‌ژێر چاودێریدا ده‌مێننه‌وه. محه‌مه‌د قادر باسی له‌وه‌کرد پێشتر (16) هاووڵاتی چینى له‌کۆمپانیایه‌کى بیانى له‌هه‌رێمدا کاریان ده‌کرد، گومانیان لێده‌کرا، چونکه چوبوونه‌وه بۆ وڵاته‌که‌ى خۆیان و هاتبوونه‌وه، به‌ڵام تا دوو هه‌فته له‌ژێر چاودێریدا بوون و هیچ نیشانه‌یه‌کى ڤایرۆسه‌که‌یان هه‌ڵنه‌گرتبوو. دکتۆر محه‌مه‌د وتیشى «رێکاره‌کانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ رێگه‌ناده‌ن هیچ بیانییه‌ک له‌و وڵاتانه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆناى تێدا بڵاوبۆته‌وه بێته هه‌رێمه‌وه، ئه‌و رێکارانه کارى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى زۆر ئاسان کردووه‌و هه‌نگاوێکى باشه بۆ خۆپاراستن». ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد تائێستا له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، نۆ حاڵه‌ت تۆمارکراوه‌و دوێنێ له‌میسر یه‌ک حاڵه‌ت تۆمارکراوه‌و تائێستا له‌عێراق و کوردستان هیچ حاڵه‌تێک تۆمار نه‌کراوه. به‌هۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوه تائێستا (67) هه‌زارو (880) که‌س له‌جیهاندا تووشبوون که‌زۆربه‌یان له‌چینن، هه‌زارو (526) تووشبووش گیانیان له‌ده‌ستداوه. به‌پێی لێکۆڵینه‌وه زانستییه‌کان سه‌رچاوه‌ی ڤایرۆسه‌که چه‌ند جۆرێکی شه‌مشه‌مه کوێره‌و ماره، ڤایرۆسه‌که له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌دا نیشانه‌کانى به‌ته‌واوى ده‌رده‌که‌وێت که تایه‌کى زۆر دیارترین نیشانه‌کانیه‌تى. وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم وه‌ک هه‌نگاوێک بۆ رێگریکردن له‌هاتنه ناوه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌که له 30ی کانوونی دووه‌مه‌وه بۆ ماوه‌یه‌کی کاتیی، گه‌شتی هاووڵاتی چین-ی بۆ هه‌رێم قه‌ده‌غه کردووه. ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەجیهاندا گەیشتووەتە زیاتر لە (67) هەزار کەس و نزیکەی هەشت هەزارو (578) کەس لەنەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە. بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەلایەن زانکۆی جۆنهۆپکینز بڵاوکراونەتەوە، ئێستا ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە (67) هەزارو (97) تووشبوو و نزیکەی هەزارو (527) تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
راپۆرتی: نیویۆرک تایمز وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا بێلا ژانگ ئاوێکی دڵۆپێنراو (مغەزی) بەلقی دارێکی درێژەوە هەڵواسی و لەدەرەوەی نەخۆشخانەکە خۆی بەسەر بەردێکی نەمامدا نووشتاندەوە. دایکی و براکەشی بەماندوێتییەوە لەتەنیشتییەوە دانیشتن و شانیان لەماندوێتیدا داکەوتبوو، لەگەڵ ئەوەی هەردووکیان ئاوی دڵۆپێنراویان بۆ داندرابوو. لەم رۆژانەی دواییدا، خاتوو ژانگی تەمەن (٢٥) ساڵ، کە بۆنفرۆشێکی قژ رەنگکراوی شینە، بەبێچارەییەوە شایەتحاڵی یەک بەیەکی کەسوکاری بوو کە بەڤایرۆسی کۆرۆنا نەخۆشکەوتبوون، ڤایرۆسێک کە بەناو شارەکەیدا، وهان، بڵاوبووبووەوە. یەکەمجار داپیرەی ڤایرۆسەکەی گرت، پاشان تەشەنەی سەند بۆ باپیرەی و دایکی، خۆی و برا بچووکەکەی دوای ئەوان تووشبوون. ئەم خێزانە داوای یارمەتییان کرد، بەڵام نەخۆشخانەکانی شارەکە، کە رووبەڕووی کەمی قەڕەوێڵە بووبوونەوە، لەخۆیانیان نەگرتن. لە ١ی شوباتدا، باپیرە ژانگ لەماڵەوە گیانی لەدەستدا. «پێمان دەڵێن چاوەڕێ بکەن»، دایکی خاتوو ژانگ، یانگ لینگ بەتووڕەییەوە وای وت. خەریکبوو ئاوە دڵۆپێنراوەکەی لەدەستی دەکردەوە لەگەڵ ئەوەی قۆڵی لەبێزاریدا رادەوەشاند. «بەڵام تا کەی چاوەڕێ بین؟ تائێستا یەکێکمان لەدەستداوە». شاری وهان، کە ڤایرۆسە نوێیەکەی کۆرۆنا سەریهەڵدا تێیدا، توانای کۆنتڕۆڵکردنی پەتاکەی نییە. حکومەت گەشتی قەدەغە کردووە بەڵام ئەمە دۆخەکەی خراپتر کردووە بەهۆی سنوردارکردنی سەرچاوەکانەوە. زیاتر لە (٤٠) هەزار کەس لەشارەکەدا نەخۆشکەوتوون و زیاد لە (٩٠٠) کەسیش مردوون. بەهۆی ئەوەی رووبەڕووی تووڕەیی رای گشتی بوونەتەوە و بەداماوی دەیانەوێت تەشەنەسەندنەکە رابگرن بەهۆی کەمی ستاف و قەرەباڵغییەوە، نەخۆشخانەکان چەندین نەخۆشیان بەڕێکردووە وەک خانەوادەی ژانگ، کە ناچاریان دەکەن بچنە ماڵەوەو خۆیان هەڵبستن بەجیاکردنەوەی خۆیان (گلدانەوەی تەندروستی) کە بەم جۆرەش مەترسی دروستدەکەن بۆ ئەندامانی تری خێزانەکانیان. زیاتر لە (٤٠) هەزار کەس لەشارەکەدا نەخۆشکەوتوون و زیاد لە (٩٠٠) کەسیش مردوون. بەهۆی ئەوەی رووبەڕووی تووڕەیی رای گشتی بوونەتەوە و بەداماوی دەیانەوێت تەشەنەسەندنەکە رابگرن، دەسەڵاتدارانی چین لەچەند رۆژی رابردوودا ئەو کەسانەیان کۆکردووەتەوە کەنیشانەی مامناوەندیان تێدا بەدیدەکرێت و لەناوەدنی گلدانەوەی تەندروستی دایانناون. حکومەت یاریگا وەرزشییەکان و هۆڵەکانی پێشانگاو شانۆ دەکات بەم ناوەندانەوەو راشیگەیاندووە کە بەکۆی گشتی ئەم ناوەندانە (10) هەزار نەخۆش لەخۆدەگرن. قەڕەوێڵەکان لەنزیک یەکەوە داندراون و ریزەکانیش تەنگن، ئەمەش نیگەرانی دروستکردووە کەئاخۆ ئەمە بەبێمەبەست نابێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکانی تر لەناو نەخۆشەکاندا. خاتوو ژانگ، کە لەپێنجشەممەی رابردوودا بۆ یەکێک لەم ناوەندانە داغڵکرا لەگەڵ دایکی، پێیوایە تاکە بژاردەیانە تا باوکیشی تووش نەکەن. ناوەندی گلدانەوەکە ساردبوو، گەرماوەکان کەم بوون، کاتی تایبەتیش زۆر کەم بوو. بەڵام قەڕەوێڵەکان بەدۆشەکی کارەبایی گەرمکرابوون و تیمەکانی تەندروستی لەڕۆژێکدا سێ جار پلەی گەرمییان دەپشکنی و ژەمە خواردن و دەرمانی بێبەرامبەریان دەدانێ. «لانیکەم ئێستا کەسێک گرنگیمان پێدەدا»، خاتوو ژانگ لەپەیوەندییەکی تەلەفونیدا وای وت. بۆ خانەوادەی ژانگ، نیشانەکانی سەرەتای کێشەکە لەسەرەتای هەفتەی ساڵی نوێی چینی دەستیپێکرد کاتێک داپیرەی (٧٠) ساڵەی، کە تەندروستییەکی باشی هەبوو، لەرزوتای لێ پەیدابوو، هەروەها دەستیکرد بەکۆکە کردن. تائەوکاتە، ڤایرۆسە نوێیەکە چەند هەفتەیەک دەبوو لەناو شارەکە بڵاوبووبووەوە، هەرچەندە بەرپرسان بەگرنگییەوە لێیان نەدەڕوانی. تەنانەت دوای ئەوەی حکومەت دانی بەوەدانا کەدەکرێت لەناو مرۆڤدا بگوازرێتەوە، خانەوادەکە پێیانوانەبوو کە لەمەترسیدابن چونکە زۆربەی کاتەکانیان لەماڵەوە بەسەردەبرد. داپیرەیان برد بۆ نۆرینگەیەکی پزیشکی و پزیشکەکە دەرمانی هەڵامەتی بۆ نووسی و ناردیەوە ماڵەوە. بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە، حکومەت گەشتی بۆ دەرەوەو ناوەوەی شارەکە سنوردارکرد، گواستنەوە گشتییەکانی داخست، هەروەها زۆربەی ئۆتومبیلە تایبەتییەکانی قەدەغەکرد لەسەر رێگاکان. وەک زۆربەی دراوسێکانی، خاتوو ژانگ لەسەرەتادا نیگەران نەبوو. وێنەی گاڵتەئامێزی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پۆست دەکرد سەبارەت بەداخستنی گەشتەکان و بە رێکخستنی میوەی وشکە کاتی بەسەردەبرد. کۆکەکەی داپیرەی بەردەوام بوو کە لەلای ئەوان مابووەوە لەکاتی پشووی سەری ساڵدا. تاکەی کەم نەدەبووەوە. پاشان باپیرەی خاتوو ژانگ، کە شێرپەنجەی سییەکان لاوازی کردبوو، لەپڕێکدا دۆخی خراپ بوو. باپیرەی ئامێرێکی ئۆکسجینی بەکاردەهێنا بۆ هەناسەدان بۆ ماوەی (٣٠) خولەک لە بەیانیانداو دووبارە لەشەوانیشدا. ئا لەوکاتەکدا ئیتر نەیدەتوانی هەناسەش بدات و پێویست بوو ئامێرەکەی بەدەمەوە ببەسرێت هەر کاژمێرێک جارێک. دواتر تووشی تایەکی تووند بوو. خاتوو ژانگ وتی کە بۆ ماوەی چوار رۆژ ئەوەندە نائاسوودە بوو کەنەیدەتوانی بخەوێت. بەهۆی ئەوەی کڵۆڵ بوون بۆ دەستی یارمەتی، خاتوو ژانگ و خێزانەکەی تەلەفونیان بۆ هەموو ئەو کەسانە کرد کە بەمێشکیاندا هات. بەڵام نەخۆشخانەکان هەموویان پڕ بوون. وەڵامدەرەوانی باری لەناکاو (ئیمێرجنسی) پێیان راگەیاندبوون کە پێویستە لەپێشدا قەرەوێڵەیەک لە نەخۆشخانەیەک دابین بکەن بۆ خۆیان، ئینجا ئەمبولانس دەنێردرێت. خاتوو ژانگ تێکشکابوو کە دەیبینی باپیرەی لەمردن نزیک دەبێتەوە، باپیرەیەک کە لەبەخوێکردن و گەورەکردنیدا بەشداربوو. لەو شەوەدا هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی، کە پڕبوو لەوێنەی گەشتی خۆی و خواردن، بووە لێشاوێک لەهاواری بەپەلەی یارمەتی. لەدوایین هەوڵیدا، پەیوەندی بەهێڵێکی گەرمی سەرۆک شارەوانییەوە کرد، بەڵام وەڵامدەرەوەکە هیچ وەڵامێکی پێنەبوو، پرسیاری لێکرد کەپلانیان چییە. «تۆ پرسیار لە من، هاوڵاتییەکی سادە، دەکەیت کەچۆن ئەمە چارەسەر بکەم؟، ژانگ وەڵامی دایەوەو تەلەفونەکەی داخستەوە. ئەو نیوەڕۆیە، باپیرەی لە ئاپارتمانی خانەوادەکەیاندا مرد. کرێکارانی گۆڕستانێکی نزیک هاتن بۆ گواستنەوەی تەرمەکەی. ئەوان وتیان کە لەبەرئەوەی تووشی ڤایرۆسەکە بووە، کەسوکاری رێ‌یان پێ‌نادرێت هاودەمی تەرمەکە بکەن و دەبێت دەستبەجێ تەرمەکە بسووتێنرێت. بەڵام ئەوان کاتییان نەبوو بۆ ماتەمینی. تا ئەوکاتە داپیرەی خاتوو ژانگ دۆخی بەرەو خراپتر دەڕۆشت. گەیاندیانە نەخۆشخانە کەپزیشکێک پێی وتن سییەکانی لەپشکنینی تەنووریدا سپی دەرکەوتووە - ئەمەش نیشانەی نەخۆشی هەوکردنی تووندی سییەکانە. دواتر پشکنینی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەرێنی بوو. پێویست بوو لەیەکێک لەو نەخۆشخانانە داغڵ بکرێت کەدیاریکرابوون بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا. لەوێ رەنگە پزیشکەکان بتوانن چاودێری نیشانە سەرەکییەکانی بکەن و بەدژە ڤایرۆس و دەرمانی دژە ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی چارەسەری بکەن و ئۆکسجینی پێویستی بۆ دابین بکەن. بەڵام هەر هیچ قەڕەوێڵەیەک بەردەست نەبوو. دواتر پزیشکەکان بەخاتوو ژانگ و دایکیان وت کەئەوانیش تووش بوون. (ئالن)یش، برا بچووکەکەی، پشکنینی ئەرێنی بوو بۆ ڤایرۆسەکە. هەموویان پێیانوترا کە بگەڕێنەوە ماڵەوە. باوکی کە تەمەنی (٥٠) ساڵە، تاکە ئەندامی خێزانەکە بوو کەتووشی ڤایرۆسەکە نەبووبوو. ئەو لەژووری دانیشتن دەخەوت بۆ ئەوەی دوور بێت لەژوورە نووستنەکان. بەهەمیشەیی دەمامکیان دەبەست تەنانەت کاتێکیش کەدەخەوتن و بەسەرە چاودێری داپیرەیان دەکرد کە بەزەحمەت هەناسەی دەداو نەیدەتوانی لەسەر جێگە هەڵبستێت. خاتوو ژانگ دڵنیابوو لەوەی کەتووشبوونی باوکیشی دەکەوێتەوە سەر کات. ئەوان هیچ پاکژکەرەوە (میکرۆب کوژ)، ئامێری هەناسەپێدەر، یان دەمامکی ئەستووریان نەبوو کە بیانپارێزێت لە ڤایرۆسەکە. «هەموو رۆژێک پێکەوە نان بخۆیت، ئاو بخۆیتەوە، دانیشی، هەروەها سەیری هەواڵەکان بکەیت، گرنگ نییە چەنێک بەخەستی هەوڵبدەیت، بەدڵنیاییەوە ئەو هەر دەیگرێت»، ژانگ وای وت. ژیانی رۆژانەی ژانگ بووە رۆتینات لەناوەڕاستی شەودا کاتیک ریزەکانی سەرەگرتن کەمتر بوون، ژانگ داپیرەی دەبرد بۆ نەخۆشخانە بۆ بینینی پزیشکێک و وەرگرتنی دەرمان. لەکاتی رۆژدا، لەگەڵ دایکی دەگەڕایەوە بۆ نەخۆشخانەو لە ریزەکەدا دەوەستا. «ئەمە چ حکومەتێکە؟› خاتوو یانگ، کە لەتەنیشتی کچەکەیدا بوو، بەشێوەزارێکی ناوخۆیی قیژاندی و دەنگەکەی بەدرێژایی حەوشەی نەخۆشخانەکە دانگیدایەوە. «هەواڵەکان هەمیشە باسی ئەوە دەکەن هەموو شتەکان باشن، ئەوان تەنانەت گرنگی نادەن بەخەڵکی ئاسایی». تەنها کاردانەوەی خاوی حکومەت نەبوو لەبەرامبەر پەتاکە کە بێزارکەربێت. ئەوەش بێزارکەربوو کە خەڵکی لەشکۆی سەرەتایی خۆی بێبەشدەکرا. دوای ئەوەی باپیرە ژانگ مرد، خاتوو یانگ وتی کە بەشێوەیەک تەرمەکەی برا وەک ئەوەی «بەرازێکی مردوو یان سەگێکی مردوو» بێت. ئەوان ئێستاش نازانن پاشماوەی تەرمەکەی لەکوێیەو کاتیان نییە تا بیر لەسازکردنی پرسە بکەنەوە. «تەنانەت ناتوانم ئەو کەسانەش رزگار بکەم کەزیندوون»، یانگ وای وت. «ئێستا ئەوەی کە دەتوانین بیکەین پاڕانەوەیە لەخوداکان، پاڕانەوە لەهەر کەسێکی تر سوودی نییە».
هاوڵاتى لەوکاتەوەی لە هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتیە سەرەکیەکان قەدەغەکراوە، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی «داعش» توانای لەدەستداوە بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەی. رێکخراوەکە لە ئێستادا رووبەڕووی چەند بەربەستێکی بەرچاو بۆتەوە له هەوڵدانیدا بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی لەسەر ئینتەرنێت. هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتیە سەرەکیەکان لەنێویاندا فەیسبوک، تویتەر، واتسئەپ، تەلەگرام که‌ناڵ و پەیجەکانی گروپەکەیان داخستووە و ناچاریانکردووە چەند تۆڕێکی نادیار بەکاربهێنێت بۆ برەودان بە چالاکی و ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەی. ئەمە زیاتر ده‌رکه‌وت کاتێک ئەکاونتێکی پەیوەندیدار بە ئاژانسی هەواڵی ناشری داعشه‌وه هێرشەکەی 29 تشرینی دووەمی سه‌ر پردێکی لەندەن (له‌نده‌ن بریدج)ی لەئەستۆگرت لەڕێی بەرنامەیەکی پەیامگۆڕینەوەی رووسییەوە بەناوی تامتام. دەستبەجێ دوای چەند رۆژێک لە هێرشەکە، بە هەزاران ئەکاونت و که‌ناڵی تەرخانکراو بۆ بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی داعش لەسەر تامتام دەرکەوتن. شیکاروانان دەڵێن داعش شکستی هێنا لە هەوڵەکانی بۆ قۆرخکردنی مەیدانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ برەودان بە ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەی. بەڵام بەگوێرەی چاودێرانی نێودەوڵەتی لە 3 کانونی یەکەم، تامتام سەدان ئەکاونتی پەیوەندیدار بە داعشی سڕییەوە و بەشێوەیەکی کاریگەر گروپەکەی لە مینبەرەکە دەرکرد. لەکارخستنی تۆڕی ئینتەرنێتی داعش رەعد کەعبی مامۆستای توێژینه‌وه رۆژنامەوانیەکان لە زانکۆی بەغدا، وتی «هەوڵەکانی داعش بۆ بەکارهێنانی مینبەرە کەمناسراو یان ناجەماوەرییەکان سەلمێنەری ئەوەیە کە چیتر ئازاد نیە بۆ بڵاوکردنەوەی هەرشتێک کە بیەوێت بەشێوەیەکی بەرفراوان لەسەر تۆڕە جەماوەرییەکان». وادیارە داعش هەوڵدەدات بەدوای دەرچەی دیجیتاڵی جێگرەوەدا بگەڕێت، چونکە گرنگترین شت بۆ گروپەکە ناردنی پەیامەکانێتی بۆ جیهانی دیجیتاڵی لە هەر رێگەیەکەوە بێت. زۆرێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئالگۆریزمی وایان چێکردووە کە رێدەگرن لەو بابەت و ڤیدیۆیانەی بره‌و به داعش ده‌ده‌ن. ئالگۆریزم بریتیە لەو لە 2017، تەلەگرام رایگەیاند زیاد لە 8 هەزار و 500 که‌ناڵی قەدەغەکردووە کە پروپاگەندەی تووندڕەوییان بڵاودەکردەوە. داعش گواستییه‌وه بۆ تەلەگرام دوای ئەوەی لە تویتەر و فەیسبوک دەرکرایە دەرەوە. هه‌روه‌ها هەوڵەکانی داعش بۆ بەکارهێنانی ئینستاگرام، کە لەلایەن فەیسبوکەوە خاوەندارێتی دەکرێت و سناپچات و تیکۆک، کە لەلایەن کۆمپانیای چینی بایتدانسەوە خاوەندارێتی دەکرێن، لەلایەن بەکارهێنەران و کارمەندانی کۆمپانیاکان و فیلته‌ره‌کانی هزری دەستکردەوە چاودێریدەکرێن. لە تشرینی دووەم، کارمەندێکی تیک تۆک بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت «مینبەرەکە نزیکەی 10 ئەکاونتی داعشی سڕیوەتەوە له‌سه‌ر بڵاوکردنەوەی چەند ڤیدیۆیەک کە جەستەی مرۆڤیان نیشاندەدا بەنێو شەقامەکاندا رادەکێشران لەگەڵ چەکدارانی داعش بە چەکەوە». تیک تۆک، کە رێ بە بەکارهێنەرانی دەدات ڤیدۆی 15 چرکەیی دروستبکەن و بڵاوبکەنەوە، بەتایبەتی لەنێو لاوان‌دا باوە. پێشئەوەی داعش هێرشەکەی پردی لەندەن لە ئەستۆ بگرێت لەسەر تامتام، یۆرۆپۆل، دەزگای جێبەجێکردنی یاسای یەکێتی ئەوروپا، رایگەیاند بەشێوەیەکی کاریگەر تۆڕی سەر ئینتەرنێتی داعشی لەکارخستووە و نزیکەی 26 هەزار ماڵپەڕ و ئەکاونتی ئینتەرنێتی داخستووە. ئەمریکا ماوەیەکە کاردەکات بۆ لەکارخستنی هەوڵەکانی داعش بۆ پروپاگەندەی سەر ئینتەرنێت هەڵمەتەکە ئەوکاونتەکانی سەر تەلەگرامی داعشی له‌خۆگرت، وەک ئاژانسی هەواڵی ناشر، کە بابەته‌کانی ئەعماقی بڵاودەکردەوە، که باڵی پروپاگەندەی داعشه. سوپای ئەمریکاش ماوەیەکە کاردەکات بۆ لەکارخستنی هەوڵەکانی داعش بۆ پروپاگەندەی سەر ئینتەرنێت بە ئۆپەراسیۆنێکی هاککردن کە دەگەڕێتەوە بۆ 2016. پێشتر بەڵگەنامە تەواو نهێنیەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە 21 کانونی دووەم بڵاوکرانەوە و رایانگەیاند که فەرماندەیی ئینتەرنێتی ئەمریکا «بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە بەسەر داعشدا زاڵبووە لە بواری زانیاری» و هەوڵەکانی سەر ئینتەرنێتی سنووردارکردووە بۆ تووندڕەوکردن و راکێشانی خەڵک. کەعبی وتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بابەتی تووندڕەوانە لەسەر ئینتەرنێت «سەرکەوتوو بووە» و وتیشی سەرکەوتنەکە «رێ لە تیرۆریستان دەگرێت دەرفەتی ئەوەیان هەبێت کاریگەری بخەنەسەر جەماوەر، مێشکیان ژەهراوی بکەن یان بیانتۆقێنن». رێگرتن لە پروپاگەندەی داعش پسپۆڕی عێراقی له بواری هەواڵگریدا، فازل ئەبوڕەغیف وتی لە عێراق، وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و دەزگای هەواڵگری نیشتمانی توانیویانە رێگربن لە چالاکیە ئینتەرنێتیەکانی داعش و لەڕێی هەوڵێکی هاوبەشی چەند مانگییەوە قەدەغەیان بکەن. ئەم هەوڵە بووە هۆی دەستگیرکردنی چەند تۆڕ و کەسێک کە تێوەگلابوون لە دروستکردن و بەڕێوەبردنی «چەندین پەیج و ئەکاونت کە پشتیوانیی چالاکی و ئایدۆلۆژیای داعشیان دەکرد لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان». نزیکەی دوو هەزار کەس لە تەواوی عێراقدا دەستگیرکراون و وتیشی 22 هەزار مینبەری ئینتەرنێتی چالاکی گروپەکە داخراون. ئەبوڕەغیف وتی «بە دەستگیرکردنی پشتیوانانی داعش لە تەواوی جیهاندا و داخستنی پروپاگەندەی سەر ئینتەرنێتیان سەختە بۆ داعش لەمڕۆدا ئەو مینبەرانە بەکاربهێنێت بۆ خزمەتکردن بە کارنامەکەی». وتیشی «هەوڵی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی هەن که رێده‌گرن لەمە.» بەڵام هۆشداریی دا لەوەی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای تووندڕەو «هێشتا هەڕەشەیە، سەرەڕای هەنگاوەکان بۆ رێگرتن لەوەی ئەمە بکەن... بۆ ئەوەی ئەمە کەمبکرێتەوە دەبێت چاودێری ئەلیکترۆنی چڕبکرێتەوە». سەرنج لەسەر چالاکیەکانی داعش ئیبراهیم سەراجی بەڕێوبەری رێکخراوی بەرگری لە مافەکانی رۆژنامه‌وانان، وتی «داعش گەیشتۆتە کۆتایی خۆی دوای ئەوەی زۆرینەی سەرکردایەتی باڵای لەدەستدا، لەگەڵ سەرچاوەکانی پشتیوانی دارایی و تواناکانی شه‌ڕکردنی». وتیشی «هەوڵە بەردەوامەکانی گروپەکە بۆ دۆزینەوەی پێگەیەکی سەلامەت و بێ چاودێری لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان تووشی شکست بوون و ناتوانن سەرکەوتوو بن بەهۆی ستراتیژە جیهانییەکانه‌وه بۆ بەرگرتن بەو بابەتانەی لەسەر ئینتەرنێت پشتیوانی له تیرۆریزم دەکەن.» سەراجی وتی سەرنجەکە بەردەوام لەسەر جوڵە و چالاکیەکانی داعشە و راستیەکەی ئەوەی پەنادەبەن بۆ مینبەری دیکه، مانای ئه‌وه نییه دەتوانن لەوە رزگاربن کە ئاشکرا بکرێن و بەدوویان بکەون. جەختیکردەوە لە پێویستیی جێبەجێکردنی «یاسای نێودەوڵەتیی تووند» کە رێگر بن لەوەی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکاربهێنرێن بۆ بڵاوکردنەوە و برەودان به تووندڕەوی.
عومه‌ر فه‌تاح وه‌رزی چاندنی په‌تاته‌یه‌و له‌شاره‌زوور دەستیپێکردوە، ده‌یان جوتیاری سنوره‌که سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ن به‌ڕێگه‌یه‌کی نوێ چه‌ند جۆرێکی په‌تاته به‌رهه‌مبهێنن و ده‌یانه‌وێت ئیدی کوردستان پێویستی به‌به‌رهه‌می هاورده‌ى ده‌ره‌وه نه‌بێت، به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی کشتوکاڵیش ئاماژه به‌وه‌ده‌که‌ن چه‌ند ساڵێکه له‌وه‌رزی پێگه‌یشتندا دوو هێنده‌ی پێداویستی ناوخۆ به‌رهه‌می په‌تاته ده‌خرێته بازاڕه‌کانه‌وه. ده‌شتی شاره‌زوور، بەیه‌کێک له‌ده‌شته به‌ناوبانگه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داده‌نرێت و به‌هۆی به‌پیتی خاکه‌که‌ی و زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی به‌توخمه کانزاییه‌کان به‌باشترین شوێن داده‌نرێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی په‌تاته. دارا مه‌سته‌کانی، جوتیارێکی نمونه‌ییه‌و ساڵانه له‌یه‌کێک له‌گونده‌کانی ده‌شتی شاره‌زوور نزیکه‌ى (400) ته‌ن به‌رهه‌می په‌تاته ده‌خاته بازاڕه‌وه، ئاماژه به‌وه‌ده‌کات ئه‌مساڵ جۆرێکی نوێی بنه‌تۆوی په‌تاته‌ی چاندووه‌و به‌ناوی (سامتا) که له‌ئێرانه‌وه هێناویه‌تی و به‌وته‌ی ئه‌و له‌گه‌ڵ ئاووهه‌وای شاره‌زوور گونجاوه‌و ناوه‌که‌ی زۆر زه‌ردو جوانه‌و تامی خۆشتره له‌جۆره‌کانی دیکه. له‌شاره‌زوور زیاتر له‌حه‌وت جۆر تاقیکراوه‌ته‌وه‌و ئه‌م جۆره نوێیه له‌ڕێگه‌ى دڵۆپاندنه‌وه کردویانه سه‌رکه‌وتوو بووه. دارا وتی «ده‌بێت خۆڵه‌که‌ی زۆر نه‌رمبێت، شیبکرێته‌وه‌و نابێت زه‌ویه‌که ره‌ق بێت، چونکه به‌رهه‌مه‌که‌ی باش نابێت، ئه‌مجۆره له‌فه‌ڕه‌نسی و هۆڵه‌ندیه‌که‌ش به‌رهه‌مه‌که‌ی زۆرتره«. ئه‌و جوتیاره نمونه‌ییه باس له‌وه‌ده‌کات ئێستا په‌تاته‌ی جۆری ئه‌ریزۆناش له‌ناو خانووی پلاستیکیدا به‌ڕێژه‌یه‌کی زۆر ده‌کرێت و له‌ماوه‌ى که‌متر له‌سێ مانگ به‌رهه‌مه‌که‌ی پێده‌گات، وتیشی «ئه‌و جۆرانه‌ی به‌رهه‌مدێ زیاتر بۆ خواردنه، ئه‌وه‌ی بۆ جبس و برژاندن و بابه‌ته‌کانی دیکه‌یه زۆر که‌متر ده‌کرێ». په‌تاته به‌هایه‌کی خۆراکیی به‌رزی هه‌یه، به‌یه‌کێک له‌ناسراوترین و به‌رفراوانترین به‌رهه‌مه خۆراکییه کشتوکاڵییه‌کان داده‌نرێت و یه‌کێکه له‌خۆراکه رۆژانه‌ییه‌کان، چاندنه‌که‌ی له‌مانگی شوباته‌وه ده‌ستپێده‌کات و له‌ناوه‌ڕاستی مانگی حوزه‌یران ده‌ستده‌کرێت به‌هه‌ڵکه‌ندنی، هه‌روه‌ها له‌ناوه‌ڕاستی مانگی ئابیشدا په‌تاته ده‌کرێت و مانگی (12) هه‌ڵده‌که‌نرێت و ئه‌و جۆره‌یان پێیده‌وترێت په‌تاته‌ی پایزه. به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌که‌نه‌وه ئێستا کوردستان له رووی به‌رهه‌می په‌تاته‌دا گه‌یشتووه‌ته ئاستی خۆبژێویی، به‌ڵام گرفت له‌شێوازی هه‌ڵگرتن و به‌بازاڕکردنی به‌رهه‌مه‌که‌دایه. سه‌میر ئیسماعیل، به‌ڕێوه‌به‌ری باخداری وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانی ئاو، ئاماژه به‌وه‌ده‌کات له‌کاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌مه‌که‌دا که‌ده‌که‌وێتە کۆتایی وه‌رزی هاوینه‌وه، خواردنی په‌تاته له‌کوردستان له‌نزمترین ئاستدایه، ئه‌و به هاوڵاتی وت «گرفتی سه‌ره‌کیمان ئه‌وه‌یه جووتیاران به‌رهه‌مه‌کانیان له‌بازاڕه‌کان ساغ نابێته‌وه‌و نرخه‌که‌شی زۆر داده‌به‌زێت». ئه‌و وتیشى «زۆرێک له‌جوتیاره‌کانیش کۆگای پێویستیان نیه بۆ هه‌ڵگرتنی به‌رهه‌مه‌که تا ئه‌وکاته‌ی پاره ده‌کات، ته‌نها بازاڕیش که په‌تاتەی کوردستانی بووێت شاره‌کانی ناوه‌ڕاست و باشوری عێراقه«. به‌پێی توێژینه‌وه‌کان که‌شوهه‌واو خاکی کوردستان بۆ چاندنی په‌تاته گونجاوه‌و ده‌تواندرێت له‌وه‌رزی به‌هارو پایزدا بچێنرێت، به‌ڵام به‌رهه‌می پایزه زۆر باش نییه، بۆیه جوتیاران زۆرترین بڕ له‌وه‌رزی به‌هاردا ده‌چێنن. به‌شێکی زۆری جوتیاران نیگه‌رانن له‌وه‌ی له‌کاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌مه‌کانیان ده‌رگای سنوره‌کان ده‌کرێته‌وه‌و له‌ئێران و تورکیاوه به‌رهه‌می وڵاتانی دیکه دێننه هه‌رێم، حه‌سه‌ن عه‌لی ته‌مه‌ن (58) ساڵ جوتیارێکی دیکه‌یه‌و له‌سنوری قه‌زای پێنجوێن ساڵانه ده‌یان دۆنم زه‌وی ده‌کات به‌په‌تاته، ئه‌و ئاماژه به‌وه‌ده‌کات له‌پێنجوێن و ده‌وروبه‌رى زیاتر په‌تاته‌ی هۆڵه‌ندی، فه‌ڕه‌نسی ده‌کرێت، بۆ یه‌ک دۆنم زه‌وییش بڕی یه‌ک ته‌ن بنه‌تۆوی په‌تاته‌ی تێده‌کرێت و به‌پێی ساڵیش (7 – 11) ته‌ن په‌تاته به‌رهه‌می ده‌بێت. جوتیارێک: حکومه‌ت ئاسانکاریمان بۆ ناکات، نه کۆگا دروستده‌کات، نه بازاڕیش بۆ به‌رهه‌مه‌کانمان ده‌دۆزێته‌وه‌و نه له‌سنوره‌کانیش رێگری ده‌کات حه‌سه‌نی جوتیار به هاوڵاتی وت «سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حکومه‌ت هیچ هاوکارییه‌کمان ناکات و بنه‌تۆوو ده‌رمان و ئامێری پێویستمان ناداتێ، چوار مانگیش ماندوده‌بین به‌به‌رهه‌مه‌کانمانه‌وه، به‌ڵام له‌کاتی پێگه‌یشتنیدا له‌سنوره‌کانه‌وه رۆژانه سه‌دان ته‌ن به‌رهه‌م دێننه بازاڕه‌کانه‌وه‌و به‌رهه‌مه‌که‌ی ئێمه له‌بازاڕ هیچ ناکات». ئه‌و جوتیاره‌ی پێنجوێن ئاماژه به‌وه‌ده‌کات که‌ساڵانه زۆربه‌ی جوتیاران به‌هۆی دابه‌زینی نرخه‌وه تووشی زه‌ره‌ر ده‌بن، وتیشى «له‌سه‌رەتاوه تاکۆتایی تێچووی به‌رهه‌مه‌که له‌ئه‌ستۆی جوتیاراندایه، حکومه‌ت ئاسانکاریمان بۆ ناکات، نه کۆگا دروستده‌کات، نه بازاڕیش بۆ به‌رهه‌مه‌کانمان ده‌دۆزێته‌وه‌و نه له‌سنوره‌کانیش رێگری ده‌کات». به‌پێی پێشبینیه‌کانی وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت به‌رهه‌می ئه‌مساڵی په‌تاته بگاته (250) هه‌زار ته‌ن، ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه ساڵانه دانیشتوانی هه‌رێم پێویستیان به (100) هه‌زار تۆن په‌تاته هه‌یه بۆ خواردن و ساڵ به‌ساڵ رووبه‌ری چێنراو به به‌رهه‌می په‌تاته‌ش له‌زیادبووندایه. به‌وته‌ی سه‌میر ئیسماعیل چاندن و به‌رهه‌مهێنانی په‌تاته له‌هه‌رێمی کوردستان قۆناغێکی باشی بڕیوه، ساڵ به‌ساڵیش به‌رهه‌م روو له‌زیادبوونه، وتیشی «بۆ پارێزگاریکردن له‌به‌رهه‌می ناوخۆیی و ساغبوونه‌وه‌ی له‌بازاڕدا له‌مانگی یانزه‌ی ساڵی پاره‌وه هێنانی په‌تاته‌مان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک قه‌ده‌غه‌کردووه‌و ته‌نها ئه‌و جۆرانه دێت که بۆ جبس و فینگه‌رو برژاندن و چه‌ند بابه‌تێکی دیکه‌یه«. ساڵانه بۆ پڕکردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌کانی ناوخۆ‌و بۆ ئه‌وه‌ی جوتیاران تووشی زه‌ره‌ر نه‌بن، له‌مانگی (11) به‌دواوه تاوه‌کو ناوه‌ڕاستی مانگی ئایار هه‌رێمی کوردستان پشت به‌په‌تاته‌ی بیانی ده‌به‌ستێت و بۆ هه‌ر کیلۆیه‌کی هاورده‌کراویش بڕی (350) دینار باجی گومرگی ده‌خرێته‌سه‌ر. هه‌رچه‌نده ساڵانه به‌رهه‌می ناوخۆیی به‌شێک له‌به‌روبوومه‌کان رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی زیاد ده‌بێت، به‌ڵام هێشتا جوتیاران نیگه‌رانن له‌وه‌ی وه‌ک پێویست له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ‌و سه‌رچاوه‌کانی ئاوه‌وه هاوکارییان نه‌کراوه‌و به‌رهه‌مه‌کانیان له‌بازاڕدا به‌نرخی گونجاو نافرۆشرێت، ئه‌مه‌ش واده‌کات ئه‌وان ساردبنه‌وه له‌که‌رتی کشتوکاڵى. به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانی ئاو، له‌سه‌رجه‌م پارێزگاکانی هه‌رێم هەزارو (600) جوتیار ساڵانه به‌ده‌یان هه‌زار دۆنم زه‌وی به په‌تاته ده‌چێنن و له‌ماوه‌ی (10) ساڵی رابردوودا، گرنگی زۆر به‌چاندن و به‌رهه‌مهێنانی په‌تاته ده‌درێت و چه‌ند کۆمپانیایەکی که‌رتی تایبه‌ت له‌هۆڵه‌نداو فه‌ره‌نساو ئێرانه‌وه بنه‌تۆوی تایبه‌تی په‌تاته ده‌هێننه کوردستان. سه‌میر ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌ری باخداری وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانی ئاو ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو ساڵانی پێشتر سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی بۆ گه‌شه‌پێدانی زیاتری به‌رهه‌می په‌تاته، بنه‌تۆویان له‌کۆمپانیاکان کڕیوه‌ته‌وه‌و به‌سه‌ر جووتیاراندا دابه‌شیان کردووه، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه راگیراوه.
هاوڵاتى لەو دەورەی ئۆتۆمبێلەکەی هەڤرین خەڵەف، دەتوانێت چەکدارەکانی سەر بە تورکیا ببینی، کەوەستاون بەسەر لاشەی پیاوێکی کەوتوو، لەناو ئۆتۆمبێلەکەش دەنگی ژنێک بە کزی لەناویدا دەبیسترێت. سوعاد محەمەد، دایکی هەڤرین، دەڵێت « ئەوە دەنگی هەڤرینە، دەتوانم لەنێوان (پێنج) هەزار دەنگدا بیناسمەوە» هەروەها ئەوەشی زیادکرد « کاتێک دەنگیم بیست دڕندەیی جیهانم بینی و هیچ مرۆڤایەتییەک لەم جیهانەدا بەهیچ شێوەیەک نییە.» چەند رۆژێک دوای ئەم قسانەی دایکی هەڤرین بۆ کەناڵی بی بی سی، رۆیشتە پەرلەمانی ئەوروپاو لەوێدا وتی «»دەنگی هەڤرین خەڵەف بوو بەدەنگی جیهان». سوعاد مستەفا دایکی ژنە سیاسەتمەداری تیرۆرکراوی کورد هەڤرین خەڵەف کەیەکێکە لەبەشداربووانی کۆنفڕانسی کورد لەپەرلەمانی ئەوروپا، لە کۆنفڕانسەکەدا بانگەوازێکی ئاڕاستەی ژنان کرد کە لەدژی ئەردۆغان یەکبگرن. کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی کورد لەپەرلەمانی ئەوروپا رۆژانی ( ٥ و ٦)ی شوبات لە ژێر ناوی ‹یەکێتی ئەوروپا، تورکیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کورد› بەڕێوە چوو، بە بەشداری چەندین پەرلەمانتارو بیرمەمندو کەسایەتی جیهانی و کوردی. «دەنگی هەڤرین خەڵەف بوو بەدەنگی جیهان» سەرەتای دانیشتنەکە، سوعاد مستەفا قسەی کرد دایکی سیاسەتمەداری کورد هەڤرین خەلەف وتی «دەنگی هەڤرین خەڵەف بوو بەدەنگی جیهان»، هەڤرین لەتشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لەلایەن میلیشیاکانی سەر بەتورکیاوە بەشێوەیەکی دڕندانە کوژرا. سوعاد مستەفا وتی «لەلایەن گەلی رۆژئاوا‌و لەبەرەکانی خۆڕاگرییەوە سڵاوم بۆ هێناون و تیشکیشی خستە سەر شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان، شۆڕشی ژنانە». سوعاد مستەفا هەروەها وتی « شۆڕشی رۆژئاوا، شۆڕشی ژنانە، بەهێرشکردنەسەر ژنان، مرۆڤایەتی دەکەنە ئامانج.» سوعاد مستەفا ئەو قسانەی لەبەردەم دەیان کەسایەتی سیاسی و دبلۆماسی و ئەکادیمی جیهانیدا کرد کەهەندێکیان براوەی خەڵاتی نۆبڵ بوون و بەشداری کۆنفڕانسەکە بوون. چەندین کەسی بەناوبانگی جیهانیش پشتیوانی کۆنفڕانسەکەیان کرد وەکو: دیسمۆند توگو خاوەنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ کە بە رەچەڵەک خەڵی ئەفریقای باشوورە، شیرین عەبادی پارێزەری مافی مرۆڤی ئێران و براوەی خەڵاتی نۆبڵ، جاگیر بیەنجا باڵیۆزی باڵای ئاشتی لەکۆنسەی ئەوروپاو سەرۆکی وەقفی مافی مرۆڤ-ی بیانجا، نوام چۆمسکی بیرمەندو زمان‌ناسی جیهانی و لەیلا زانا خاوەنی خەڵاتی ساخارۆڤ و ئەندام پەرلەمانی پێشووی هەدەپەو چەندین کەسی بەناوبانگی جیهانی. سوعاد مستەفا دایکی هەڤرین خەڵەف لەدرێژەی قسەکانیدا لەکۆنفرانسەکە وتی «دەنگی هەڤرین خەڵەف بوو بەدەنگی جیهان و مرۆڤایەتی و بۆ ئازادی ژنان بوو بەسیمبۆل و پیرۆزی». هەروەها وتی «ئەم دوژمنە مرۆڤایەتی ناناسێت. ئێستا بەملیۆنان هەڤرین هەن. لەدژی ئەم دیکتاتورە (ئەردۆغان) راپەرین و ئەم راپەڕینە بەگوڕتریش دەبێت. بانگەوازییەک ئاڕاستە هەموو ژنان دەکەم و پێیان دەڵێم: دەست لەناو دەست، ببن بەیەک و لە دژی ئەردۆغان و ئەوانەی هاوکاریی ئەو دەکەن، بڵێن ‹ئێمە هەموومان هەڤرینین، لەدژی تۆ تێکۆشان دەکەین». لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لەکوشتنی هەڤرین لێکۆڵینەوەیەکی بی بی سی عەرەبی بەڵگەی گوماناوی ئاشکرادەکات کەکچە سیاسەتمەداری کورد، هەڤرین خەڵەف کوژراوە لەلایەن دەستەیەکی سوپای سوریای ئازاد بەناوی « ئەحرار شەرقیە» کەتورکیا پشتگیری‌یان دەکات و دەستەی چەکدارانی بەرپرسیار حاشا لەو تاوانە دەکات، بەڵام بەڵگەکان چیرۆکێکی ترمان پێدەڵێن. هەرچەندە هەڤرین خەڵەف تەنها (٣٤) ساڵان بوو کاتێک کەمرد، بەڵام داکۆکی دەکرد لەنێوان هەموو نەتەوەکان لەسوریا و بنکەیەکی بەهێزی کرد دژی چالاکی «بەهاری ئاشتی» تورکی لەبەشی باکوری سوریا کەکوردەکان باڵادەستن تیایدا، ئەو شوێنەی کەکوردەکان پێی دەڵێن رۆژئاوا. هەڤرین تەنها داکۆکی لەمافەکانی کورد نەدەکرد، بەڵکو «داهاتووی سوریا» کەهەڤرین دامەزرێنەری بوو، دەیویست کورد‌و عەرەب و مەسیحیەکان شانبەشانی یەکتری کاربکەن بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئاستەنگی دروستکردنەوەی ناوچەکە. نەوبەهار مستەفا ، هاوڕێ و هاوژینی دەڵێت «بۆ من و هاوڕێکانم خوشکێک، یاوەرێک و سەرکردەیەکمان لەدەستدا»و زۆر ئەستەم دەبێت کەسێک بدۆزینەوە شوێنی هەڤرین بگرێت « ژنێکمان لەدەستدا کەدەیویست دەنگی ژنان و تواناکانیان بەرزبکاتەوە، ئەو هەمیشە کاری بۆ ئاشتی دەکرد. لەنزیکی ٥:٣٠ ی سەرلەبەیانی ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، هەڤرین لەڕێگەی خێرای “M4” بەئۆتۆمبێلەکە کەوتەڕێ لەحەسەکەوە بۆ بنکەی حزبەکەی لە رەققە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر. ئەمەش دوای سێ رۆژ لەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکەو دەستپێکردنی ئەردۆغان بەئەنجامدانی هاوینی ئاشتی لەوێدا. رێگای خێرای “M4” بە رێگەیەکی سەلامەت رەچاودەکرێت، بەڵام لەو بەیانییەدا، شایەتحاڵەکان وتیان کاروانێکی سەربازییان لەسوریا بینیوە کە لەتورکیاوە بەرەو رێگای خێرای « M4» هاتوون. ئەو کاروانەش بەشێک بوو لەسوپای سوریای ئازاد کە لە (٤١) دەستەو زیاتر لە (٧٠) هەزار سەرباز پێکهاتووە. ئەمانیش لەلایەن تورکیاوە دروستکراون. تورکیا چاودێری و راهێنان و چەکداری ئەم دەستانە دەکات، کەدژی هێزە کوردیەکان دەجەنگن لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا لەو کاتەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکە کشانەوەو لەتشرینی یەکەمی ٢٠١٩، تورکیا دەستی بەکرداری سەربازیی کرد. لەو پارچە ڤیدیۆیانەی لەبەرنامەی تێلیگرام بڵاوبووەوە، دەستەکە خۆیان بە (ئەحرار شەرقییە) ناساند‌و بەشوێنکەوتووەکانیان وت کەئەمە «ساتەکانی یەکەم گەشتنی موجاهدینی ئەحراری شەرقییە بۆ حەسەکە و بۆ رێگای خێرای مەنبەج» لەیەکێک لەڤیدیۆکان دەتوانیت خۆر ببینیت کاتێک هەڵدێت لەنێوان کاتژمێر ٦:٣٠ بۆ ٧ی بەیانی. لەناو ڤیدیۆیەکی تردا، دەتوانین بەربەستێکی دیار ببینین، ستوونێکی گەورە بۆ گواستنەوەی پەیوەندیەکان و هەروەها رێگەیەکی خۆڵی دەبینین. بەراوردکردنی شوێنەکانی ئەم بەشانە بەوێنەکانی سەتەلایت، دەتوانین شوێنی زەویناسی ڤیدیۆکە دیاری بکەین. ئەویش خاڵی پشکنینی تەراوزییە، هەمان خاڵی پشکنین کەئەو بەیانییە هەڤرین بۆی دەچوو . پاشان پارچە ڤیدیۆکان خولانەوەیەکی تاریک وەردەگرێت، تیایدا گرتنی سێ چەکدار دەردەکەوێت، دەڵێن ئەوان سەر بە پەکەکە بوون. دواتر یەکێک لەسەربازەکانی ئەحرار شەرقییە داوا لەهاوڕێکەی دەکات وێنەی بگرێت کەتەقە لەپیاوێک دەکات لەسەر زەویەکە راکشاوە، وا دیارە کە بەفیشەک کوژراوە. لەو رۆژەداو لەهەمان خاڵی پشکنینی ئەو ناوچەیە هەرسێ پیاوەکە کوژران. دەستەی ئەحرار شەرقییە نکۆڵی تەواوەتی کرد، کە ئەوان لەو شوێنەدا بووبن، بەڵام لەلێدوانێکی دواتریان بۆ بی بی سی وتیان «ئەو کۆمەڵەیەی لەخاڵی پشکنین بوو لەسەر هێڵێ خێرا لەو رۆژەدا بێ مۆڵەت هەڵسوکەوتیان کردووە... ئەوانەی پێشێلکاری فەرمانی سەرۆکایەتیان کردووە نێردراون بۆ دادگایی کردن.» هەروەها وتیان ئەوان دەستیان کردووە بەتەقەکردن لە ئۆتۆمبێلەکە بەهۆکاری « نەوەستانی». لە لێدوانەکە ئەوەیان زیاد کردووە کە ئەوان هەڤرینیان نەکردۆتە ئامانج بەتایبەتی و نازانن چۆن کوژراوە. بەڵام پارچە ڤیدیۆ تایبەتاکانیان و ئەوانەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەوەو شایەتحاڵەکان کە بەتایبەتی بۆ بی بی سی دووان، هەموویان شایەدیان بۆ ئەوەدا کەهەڤرین لەلایەن ئەو کۆمەڵەیەوە کوژراوە. لەو رۆژەداو لەکۆتا ڤیدیۆدا کەدەستەی ئەحرار شەرقییە بڵاویکردەوە، دەتوانیت جەنگاوەرەکان ببینی کە دەوری ئۆتۆمبێلەکەی هەڤرین دەدەن و لاشەیەکیش لەسەر زەویەکە کەوتووە کەگوایە دەگەڕێتەوە بۆ فەرهاد رەمەزانی شۆفێری. دەنگی ژنێک بەکزی لەناو ئۆتۆمبێلەکەیەوە دەبیستیت. «ئەوە دەنگی هەڤرینە» سوعاد محەمەد، دایکی هەڤرین، کاتێک بی بی سی پارچە ڤیدیۆکانی پیشاندا وتی « ئەوە دەنگی هەڤرینە، دەتوانم لەنێوان (پێنج) هەزار دەنگدا بیناسمەوە» هەروەها ئەوەشی زیادکرد « کاتێک دەنگیم بیست دڕندەیی جیهانم بینی و هیچ مرۆڤایەتییەک لەم جیهانەدا بەهیچ شێوەیەک نییە.» وا دیارە کە هەڤرین خەڵەف لەژیاندا بووەو توانیویەتی ناسنامەی بکوژەکان بناسێتەوە کاتێک ئۆتۆمبێلەکەی وەستێنراوە، هەروەها بەڵگەی تر هەیە کەهەڤرین لەئۆتۆمبێلەکەدا نەمردووە. جوتیارێکی ناوچەکە، کە نەیویست ناوی بهێنرێت، لەو رۆژەدا لە نزیک خاڵی پشکنینەکەوە بووە کاتێک دەستەی چەکدارەکان دەستییان بەسەر هەڤریندا گرتووەو وتی « کاتێک سەربازەکان کشانەوە لەکاتژمێر ٧:٣٠ بەیانی چوومە سەر رووداوەکەو دیمەنێکی زۆر ترسناکم بینی، یەکەم کەسیش کەبینیم کچێک بوو. لاشەکەی لەدوری (پێنج) مەتر لەئۆتۆمبێلەکەوە دوور بوو... هەموو دەموچاوی شێوێنراو بوو. قاچەکانی زۆر بەقورسی بریندار ببوو کەوابزانم شکابوو» . هەروەها وتی «لەبەربەستی تراوزییە نۆ لاشەم دۆزییەوەو خەڵکی ناوچەکە رەتیانکردەوە یارمەتیم بدەن لەهەڵگرتنی لاشەکان و بیخەمە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە، لەوە دەترسان کەئەوانیش بکوژرێن» کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی هەمان رۆژ، لاشەی هەڤرین و سێ کەسی تر رادەستی نەخۆشخانەی مالیکیەی سەربازیی کرا. راپۆرتی پزیشکی ئەوکاتە بڵاویکردەوە کەهەڤرین زیاتر لە (20) فیشەکی پێوە بووەو قاچەکانی شکابوون و بەتوندی دەستدرێژی کراوەتەسەر. پیش کوشتنی دەستدرێژی کراوەتەسەر هەموو ئەو بەڵگانەی لەلایەن بی بی سی کۆکراونەتەوە دەمانباتە ئەو دەرئەنجامەی کەچەکدارانی دەستەی ئەحرار شەرقییە هەڤرینیان لەناو ئۆتۆمبێلەکە راکێشاوەتە دەرەوە کەهێشتا لەژیاندا بووەو پاشان دەستدرێژییان کردۆتە سەر پێش ئەوەی لەدەرەوەی ئۆتۆمبێلەکە بیکوژن. سپێدراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ جەختی لەسەر تورکیا کرد کە لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنەو دادپەروەرانە ئەنجامبدەن بۆ کوشتنەکەی هەڤرین خەڵەف. هەڤرین، یەکێکە لەسەدان ئەو خەڵکانەی کەکوژراون لەکاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەتشرینی یەکەمی ٢٠١٩و بەجێهێشتنی بۆشاییەک بۆ دروستبوونی هێزی سوریای ئازاد کە لەلایەن تورکیا‌و دەستە گروپەکانی وەک ئەحرار شەرقییە هاوکاری دەکرێن و تیایدا بتوانن هەموو کارێک بێ سزا ئەنجام بدەن. ئەحرار شەرقییە لە لێدوانێکیان بۆ بی بی سی وتیان «ئەو کۆمەڵەیەی لەخاڵی پشکنین بوو لەسەر هێڵێ خێرا لەو رۆژەدا بێ مۆڵەت هەڵسوکەوتیان کردووە... ئەوانەی پێشێلکاری فەرمانی سەرۆکایەتیان کردووە نێردراون بۆ دادگایی کردن و ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بەکوشتنی هەڤرین خەڵەفەوە نییە.» رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ بی بی سی دواو وتی «پێویستە لێکۆڵینەوە لەکوشتنی هەڤرین و ئەوانی تر بەدەستی ئەحرار شەرقییە کوژراون بکرێت بەشێوەیەکی رێکوپێک و تاوانبارەکان رادەستی دادگا بکرێن... ئەگەر تورکیا سنورێک بۆ دەستەکانی دانەنێت کە بەوەکالەت لەسوریا دەجەنگن و سنورێک بۆ سزادانیان دانەنێت، ئەوا رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ دەستەکانی تریش کەپێشێلکاری زیاتر ئەنجامبدەن.» حکومەتی تورکیا، کەهاوکاری گروپەکانی سوریای ئازاد دەکات، هیچ وەڵامێکیان نەدایەوە بۆ داواکاریەکەی بی بی سی تاسەرنج بدات لەسەر رووداوەکە.
وتاری: فەهیم تەشتکین لەوێبسایتی ئەلمۆنیتەر وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا لەسەروبەندی قوڵبوونەوەی گرژییەکانی تورکیا-روسیا لەئیدلیب و پێگەیەکی بەهێزتری ئێران لەهەرێمەکەدا، دەوترێت کوردەکان بەبێدەنگی خەریکی لێکدانەوەی بژاردەکانیانن لەحاڵەتی پەرەسەندنی ململانێی ئیدلیبداو ئەگەری شەڕکردنیش هاوشانی هێزەکانی حکومەتی سوریا بەدوور نازانن. مانگی رابردوو تورکیا بەهێمنی دەرکەوت کاتێک سوپای سوریا بەرەو مەرعەت نو‌عمان بەڕێکەوت، لەشکرکێشییەک کەپێچەوانەی چەندین پەیوەندی پشت پەردەی نێوان دیپلۆماتکاران و بەرپرسانی سەربازیی و هەواڵگری روویدا لەمۆسکۆ. زیاد لەمەش، بەرپرسانی تورکی بەفەرماندەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریایان راگەیاندبوو کەدەبێت بەجۆڕێک رێگا خێراکانی ئێم-٤ و ئێم-٥ بکرێنەوە لەگەڵ ئەوەی وردەکاری گفتوگۆکانیان لەگەڵ روسیا بۆ باسکردن لەچەند کۆبوونەوەیەکدا لەشارەکانی غازی عەنتاب و رەیحانلی سەر سنوری تورکیا لە ١٥ی کانونی دووەم. هەرچەندە کاتێک سوپای سوریا هەنگاوی بەرەو قۆناغی داهاتوی ئامانجەکەی نا، کە سەراقبە، لەکۆتایی کانونی دووەم، دەرکەوت کەتورکیا هەوڵی جەنگی زەمینی دەدات بۆ رێگەگرتن لەکەوتنی شارۆچکەکە کەدەکەوێتە خاڵی یەکتربڕینی رێگای خێرایی ئێم-٥ و ئێم-٤. تورکیا بەناردنی هێز دەستیپێکرد بۆ ئیدلیب، هەنگاوێک کە دوای سەردانی تۆد وۆڵتەرز، فەرماندەی فەرماندەیی ئەمریکا لەئەوروپا هات لە ٣٠ی کانونی دووەم بۆ گفتوگۆکردنی دۆخی سوریا، لەگەڵ ئەوەی تۆپبارانی حکومەتی سوریا هەشت تورکی کوشت لەسەربازو مەدەنی لە ٣ی شوبات لەنزیک سەراقب. لەکاتێکدا ئەنقەرە داوای گەڕانەوەی دەکرد بۆ هێڵی ئاگربەست لەپشت ١٢ خاڵە چاودێرییەکەیەوە لەپارێزگای ئیدلیب، هێزەکانی سوریا لەماوەی هەفتەیەکدا کۆنتڕۆڵی (١٠٠) شوێنیان کردەوە بەبێ گوێدان بەهەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ نێو سوریا. بەوپێیەی هێزەکانی تورکیا رێگای رۆژهەڵاتیان بڕی، کەوانێکیان کێشا لە باشورەوە بۆ رۆژئاوا تا بەخێرایی سەراقب بگرنەوە. لەئەنجامی ئەمەدا، حەوت بنکەی سەربازی تورکیا، لەناویشیاندا سێ خاڵی چاودێری تازە دامەزرێنراو گەمارۆدران. تورکیا بەردەوامە لەناردنی چەک و هێز بۆ ئیدلیب بەتێپەڕبوونی سەدەها ئۆتومبیلی بارهەڵگر بەسنورەکەیدا بۆ نێو سوریا. راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن بەرپرسانی هەواڵگری تورکیا کۆبوونەوەیەکی تریان سازکردووە لەگەڵ (٤٠) فەرماندەی ئۆپۆزسیۆن لە رەیحانلی، کە پێیانوتوون دانوستانەکان لەگەڵ روسیا شکستیخواردووەو دەبێت ئۆپۆزسیۆن «خۆی ئامادە بکات بۆ خراپترین» دۆخ. سەرچاوەیەک کەئامادەی کۆبوونەوەکە بووە بە رۆیتەرزی راگەیاندووە ئۆپۆزسیۆن شاری ئیدلیب بە «هێڵی سوور» دەبینێت. هەموو ئەم پەرەسەندنانە لەباکوری رۆژئاوا کاردانەوەی هەیە لەسەر رۆژهەڵاتی رووباری فورات، کە لەوێ کوردانی سوریا بەبێدەنگی ئامادەکاری دەکەن بۆ سینارۆ شیاوەکان. لەسەروبەندی پەرەسەندنەکان لەئیدلیب، سوپای نیشتمانی سوریای پاڵپشت بەتورکیا چەندین هێرشی ئەنجامداوە لەناوچەکانی گرێ سپی و سەرێکانی، بەڵام شکستیهێناوە لە دروستکردنی بەرەنگارییەکی جددی بۆ کوردەکان. لەهەمانکاتدا، کوردەکان بەوردی بیر لەوە دەکەنەوە چۆن سوود لەو لەنگەرە پەرەسەندووە وەربگرن لەحاڵەتی روودانی ناکۆکییەکی فراوانتری روسیا-تورکیا. دەنگی دەهۆڵی شەڕی تورکیا لەسەر ئیدلیب وای لەکوردەکان کردووە رەچاوی بژاردەی هاوکاریکردنی سوپای سوریا بکەن لەلەشکرکێشییەکانی کۆتاییدا بۆ گرتنەوەی ناوچەکانی رۆژئاوای فورات. تیشکی سەرەکی کوردەکان هەرێمی عەفرینە کەتورکیا لەمارسی ٢٠١٨ داگیریکرد وەک بەشێک لەهەوڵەکانی بۆ بەربەست دانان بۆ خۆبەڕێوبەری کورد لەسوریا بەپاساوی ئەوەی لەلایەن نزیکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ەوە سەرکردایەتی دەکرێت. بەپێی چەند سەرچاوەیەکی کوردی کە لەلایەن ئەلمۆنیتەرەوە پەیوەندیان پێوە کراوە، دەکرێت سۆز‌و هەڵسەنگاندنەکانی کوردەکان لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورت بکرێنەوە: •کوردەکان وانەیەکی باش فێربوون لەئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ کە تێیدا تورکیا پێگەی خۆی قایم کرد لە رۆژهەڵاتی فوراتدا. کوردەکان سوورن لەسەر ئەوەی کە متمانەکردنی زۆر بە ئەمریکا هەڵەیەو نابێت روسیا فەرامۆش بکەن، هەروەها رێککەوتن تەنها لەڕێی دانوستانەوە لەگەڵ دیمەشق سەردەگرێت. •بەوپێیەی هێزەکانی ئەمریکا تیشکیان خستووەتەسەر کێڵگە نەوتییەکانی رمێڵان، حەسەکە، هەروەها دێرەزوور لەباکوری رۆژئاوا، بیرۆکەی کردنەوەی بۆشایی زیاتر بۆ روسیا بەبێ ئەوەی زیان بگات بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. تەنانەت گفتوگۆ هەیە لەسەر پێشکەشکردنی بنکەیەکی نوێ بە روسیا کەپێشتر دەستیگرتووە بەسەر چەندین بنکەی سەربازی چۆڵکراوی ئەمریکا ، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ هاندانی مۆسکۆ تا فشار بخاتەسەر دیمەشق لەبەرژەوەندی کوردەکان بجوڵێتەوە. •رەنگە کوردەکان دەروازەیەکی نوێیان بۆ بکرێتەوە تا بەوردی هەنگاو بنێن ئەگەر پەرەسەندنی بەردەوامی ئیدلیب سەربکێشێت بۆ کۆتاییهاتن بەهاوبەشی روسیا-تورکیا. کوردانی سوریا ئەگەری پشتگیریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) یان یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەدوور نازانن بۆ هێزەکانی حکومەتی سوریا ئەگەر پێکدادانەکان لە ئیدلیب گەشەبستێنێت بۆ جەنگ لەنێوان سوپای سوریا و تورکیا. لە رووداوێکی وەهادا، رەنگە بەرەی نوێ بکرێتەوە لە تەل رەفعەت و مەنبج دژی سێگۆشەی داگیرکراوی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتی تورکیا لەنێوان عەزاز، جەرابولس، هەروەها ئەلباب، سەرەڕای ئەگەری هەنگاوی سەربازی بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات کەسوپای تورکیا و سوپای نیشتمانی سوریای لێیە (مەبەست ئەو ناوچانەیە تورکیا لەئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی داگیریکرد). •هەرچەندە هەموو ئەو ئەگەرانە دەکەوێتەوە سەر دانوستانی تەواوی دیمەشق لەگەڵ هەسەدە، بنیادنانی ئەو دیالۆگەی کە روسیا دەستپێشخەری تێداکرد لەنێوان هەردوولادا دوای ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی تورکیا کە بووەهۆی گەڕانەوەی سوپای سوریا بۆ هەندێک ناوچەی دیاریکراوی سنوری تورکیا. ئەگەر مەترسی جەنگ لە ئیدلیب بەرجەستە نەبێت و سوپای سوریا بگاتە عەفرین، رەنگە کوردەکان لەو خاڵەشدا هەر بەشداری بکەن لەکەمپینەکەدا. لە ئێستادا، روسیا بەشێوەیەکی تاکتیکی ئاسانکاری دەکات بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی کوردەکان دژی ئەو گروپە چەکدارانەی سەر بەتورکیا کەکۆنترۆڵی عەفرینیان کردووە. ئەگەر پەرەسەندنەکان لێکەوتەی گرژی گەورەی لێبکەوێتەوە لەگەڵ تورکیا، رەنگە روسیا کۆتایی بەستراتیجییەتی خۆی بهێنت لە رێدانی تورکیا کە بەسەلامەتی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامبدات لەوانە «چاوپۆشین»ی سیستەمە بەرگرییەکانی لەئاست چالاکی فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا، رێگەگرتن لەڕووبەرووبوونەوەی نێوان سوپای تورکیا‌و سوریا، هەروەها گرتنی جڵەوی میلیشیاکانی سەر بەحکومەتی سوریا‌و کەمکردنەوەی مەترسی وەڵامدانەوەیان. کۆتای پێهێنانی ئەم جۆرە میکانیزمانە، کە کاری خۆیان کردووە بەهۆی ناوەندە هاوبەشەکانی هەماهەنگییەوە، رەنگە سەربکێشێت بۆ پەرەسەندن لەو شوێنانەی تر کەسوپای تورکیایی لێیە. بەڵام ئەگەر تورکیا‌و روسیا لەسەر ئاگربەستێکی نوێ رێکبکەون دوای کردنەوەی رێگا خێراکانی ئێم-٤ و ئێم-٥، رەنگە مۆسکۆ بگەرێتەوە بۆ ستراتیجی گرنگیدان بە نیگەرانییەکانی تورکیا لەسەر پرسی کورد. بۆ کوردەکان، ئەمە مانای گەڕانەوە دەبێت بۆ ژووری چاوەڕێکردن. بەڵام گۆڕانکارییە خێراکان لە ئیدلیب ئەگەری سەوزکردنی گڵۆپی روسیای بۆ لەشکرکیشی تورکیا بۆ سەر کۆبانێ لاوازکردووە لەبەرامبەر رێککەوتنیک لەسەر ئیدلیب، ئەمەش سیناریۆیەکە کەکوردەکان دەمێکە بەجددی وەریدەگرن. لەهەمانکاتدا، لایەنێکی تر سەریهەڵداوە لەدەستتێوەردانی ئێران لەسوریادا، کەکوردەکان جارێ ئامادە نین باسی لێوەبکەن. هەتا ئێستا ئێران خۆی سەرکز کردووە لەکاتێکدا ئەمریکاو ئیسرائیل ئامادەیی ئێرانیان بەکارهێناوە وەک پاساویک بۆ لێدان لەئامانجەکانی تاران لەسوریا. بەڵام لەکاتی کوژرانی قاسم سولەیمانییەوە لەسەرەتاکانی کانونی دووەم، ئێران بەڵێنی داوە هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا دەربکات وەک بەشێک لەستراتیجی فراوانی «تۆڵەکردنەوە»، کە دەردەکەوێت ئەم ستراتیجیەی هێنابێتە بەرەکانی پێشەوەی ئیدلیب و رۆژئاوای حەلەب. لەگەڵ حزبوڵا، گروپەکانی سەر بەئێران لەوانە فەیلەقی زەینەبییون، کە پێکهاتووە لەشیعەی پاکستانی، هەروەها فەیلەقی فاتمییون، کە پێکهاتووە لەشیعەی ئەفغانی بەشدارن لەشەڕەکانی ئەم دواییەی هەرێمەکە. سەرەڕای ئەوەش، عەلی ئەکبەر ویلایەتی راوێژکارێکی باڵای عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران بەڵێنی ئەوەی داوە کە «حکومەتی سوریا و هاوپەیمانەکانی لەئیدلیبەوە دەڕۆن بۆ رۆژهەڵاتی فورات بەمەبەستی دەرکردنی ئەمریکییەکان». ستراتیجی ئێران بەنزیکی پەیوەندی هەیە بەکوردەکانەوە. ئەگەر کوردەکان دووربخرێنەوە لەئەمریکاو زیاتر لە دیمەشق نزیک بکرێنەوە، ئەوا ئەوکات جێبەجێکردنی خواستی کوردەکان لەئاستێکی «شیاو»دا شتێک نییە کەئێران دژی بوەستێتەوە. سەرەڕای پرسی کورد لەوڵاتەکەی خۆیدا، ئێران بەوریاییەوە مامەڵەی کردووە لەپەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردانی سوریا لەسەرەتای دەستپێکی قەیرانی سوریاوە. لەکاتێکدا روسیا بنیادنانەوەی پەیوەندییەکان دەبینێت لەنێوان ئەنقەرە و دیمەشق وەک کورتبڕێک بۆ کۆتایهێنان بە بەرەکانی پێشەوەی شەڕو هەنگاونان بەرەو قۆناغی بنیادنانەوە، ئێران بێزارە لەوەی روسیا زۆر تورکیای دەستکراوە کردووە. لەهەمانکاتیشدا مەرجی ئەنقەرە لەسەر کوردەکان بەربەستی دروستکردووە بۆ ستراتیجی دەرچوونی مۆسکۆ. لای خۆیەوە تاران یەکبوونی کوردەکانی لەگەڵ دیمەشق پێ باشە بەجۆرێک کە بەرژەوەندی زیاتر دەستەبەربکات بۆ حکومەتی سوریا. ئەوەی شایەنی باسە، سەرکردایەتی پەکەکە دیمەشق وەک چەقی رێککەوتن دەبینێت، بەلەبەرچاوگرتنی فاکتەرەکانی ئێران هێندەی فاکتەری روسییەکان. هەرچەندە ئەگەر هەسەدە بەردەوامی بدات بەهاوبەشییەکەی لەگەڵ ئەمریکادا رەنگە تووشی مەترسی سیناریۆکەی ئیدلیب ببێتەوەو لە رۆژهەڵاتی فورات لەسەر حسابی کورد هەمان شت رووبداتەوە، ئەمەش هۆشدارییەکەی ویلایەتی دەسەلمێنێت. لەگەڵ هەموو ئەوانەی وتران، هۆکاری سەرەکی پێناسەکردنی سۆزی ئێستای کوردەکان هەستی نادڵنیاییانە، بۆیە هیچ کەس لەبزوتنەوەی کوردی‌دا ئامادە نییە هەڵوێستێکی روونی خۆی بخاتەڕوو.
سازدانی: ئارا ئیبراهیم به‌دران ئوزتورک، هاوسه‌رۆکى کۆنگره‌ى جڤاتى دیموکراتیک (که‌جه‌ده)و ئه‌ندامى په‌رله‌مانى تورکیا له‌فراکسیۆنى هه‌ده‌په ئه‌ردۆغان تۆمەتبار دەکات بەگرتنەبەری رێگاى «شه‌ڕو وێرانکاریی» و پێیوایە پرۆسه‌ى ئاشتى ناوێت. به‌دران ئوزتورک، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، دەڵێت «هه‌ده‌په‌و که‌جه‌ده به‌یه‌که‌وه هه‌وڵى ئه‌وه‌ده‌ده‌ن یه‌کێتیه‌کى نه‌ته‌وه‌یى له‌باکورى کوردستان سازبکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ده‌په ستراتیژییه‌ک بۆ باکورى کوردستان داڕێژێت». هەروەها دەڵیت «ئه‌ردۆغان ته‌سلیمى خواستى خۆى و گروپێک بووه به‌ناوى ئه‌رگه‌نه‌کۆن که‌پێکهاتوون له‌ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى و مه‌هه‌په‌و ئه‌که‌په‌و بوونه‌ته یه‌ک به‌ره‌و به‌رامبه‌ر کورد وه‌ستاونه‌ته‌وه«. هاوڵاتى: دۆخى کورد له‌ئێستادا به‌گشتى چۆنه به‌تایبه‌ت له‌باکورى کوردستان؟ به‌دران ئوزتورک: له‌مێژووى کورددا به‌قه‌د ئێستا دۆخى کورد باش نه‌بووه، چونکه گه‌لى ئێمه خاوه‌نى رێکخستنى خۆیه‌تى، خاوه‌نى هه‌ڵوێست و ده‌نگى به‌رزه، ئه‌مڕۆ له‌هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان گه‌لى ئێمه به‌هێزه، له‌هه‌مووشى گرنگتر ئه‌وه‌یه ئه‌مڕۆ گه‌لى کورد ناسنامه‌ى خۆى ده‌پارێزێت، به‌نموونه که‌ده‌وڵه‌تى تورک هێرشى کرده سه‌ر رۆژئاواى کوردستان له‌باشورى کوردستان و رۆژهه‌ڵاتى کوردستان و رۆژئاوا، به‌تایبه‌ت له‌هه‌ولێرو سلێمانى گه‌لى ئێمه به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تى تورک ده‌نگیان به‌رزکرده‌وه‌و هه‌ڵوێستى خۆیان نواند، ئه‌مه نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه که‌ئیراده‌ى ئه‌م گه‌له گوزارشته له‌یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یی، له‌هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان گه‌لى ئێمه، کوردستان هه‌مووى یه‌که‌و ساڵ ساڵى کوردانه، کورد خاوه‌نى رۆژئاواى کوردستانه، کورد له‌به‌رگرى و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کى مێژووییدان، ئێستا جیهان ده‌زانن کورد کێیه‌و چییه‌و له‌کوێیه، بۆیه ئێستا فرسه‌تێکى باش بۆ هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان هاتووه‌ته پێشه‌وه، راسته به‌دۆخێکى قورس‌دا تێپه‌ڕ ده‌بین، له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست خێرا شته‌کان ده‌گۆڕێن. هاوڵاتى: زۆر جار سه‌رکرده‌کانى هه‌رێم باسى ئه‌وه‌ده‌که‌ن هاوکار ده‌بن بۆ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى ئاشتى، ئایا بۆ کورد قورسه یان ئه‌ردۆغان به‌ربه‌سته؟ به‌دران ئوزتورک: پرۆسه‌ى ئاشتى ساڵى ٢٠١٣ تا ٢٠١٥ که به‌ڕێز ئۆجه‌لان ده‌ستیپێکردو ده‌وڵه‌تى تورکیشی له‌ناودابوو گه‌یشته ئه‌نجامێکى باش، رێککه‌وتنى (دۆڵمه باخچه) کرا که (١٠) خاڵى له‌خۆگرتبوو، دواى رێککه‌وتنه‌که ئه‌ردۆغان و ده‌وڵه‌ت وتیان کێشه‌ى کورد بوونى نییه، ته‌نانه‌ت گه‌یشتنه ئاستى ئه‌وه‌ى بڵێن کوردیش نییه، بۆیه ئه‌م پڕۆسه‌یه له‌لاى ئه‌وانه‌وه راگیرا، له‌ساڵى ١٩٩٣وه ئۆجه‌لان به‌رده‌وام ده‌ستى بۆ گفتوگۆ‌و دانوستان و ئاشتى درێژ کردوه بۆ ئه‌وه‌ى پرسى کورد له رێى گفتوگۆ‌و رێککه‌وتنه‌وه چاره‌سه‌ر ببێت، بۆ ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام پێشنیار‌و ده‌ستپێشخه‌رى کردووه، به‌ڵام ئه‌ردۆغان له‌ده‌سه‌ڵاتدارانى پێش خۆى خراپتر ده‌کات به‌رامبه‌ر کورد، ئه‌گه‌ر پێش ئه‌ردۆغان هه‌وڵێک هه‌بووبێت بۆ چاره‌سه‌رکردنى پرسى کورد، ئه‌وا ئه‌ردۆغان ئه‌وه‌شى نه‌هێشت. هاوڵاتى: ئه‌گه‌رى ئه‌وه هه‌یه جارێکى تر ئه‌و رێککه‌وتنه به‌فشارى ئێوه‌و هه‌وڵى که‌سانى تر پرۆسه‌که ده‌ستپێبکاته‌وه؟ به‌دران ئوزتورک: ئه‌ردۆغان بڕیارى خۆى دابوو، ئه‌ردۆغان ته‌سلیمى خواستى خۆى و گروپێک بووه به‌ناوى ئه‌رگه‌نه‌کۆن که‌پێکهاتوون له‌ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى و مه‌هه‌په‌و ئه‌که‌په‌و ئه‌ردۆغان بوونه‌ته یه‌ک به‌ره‌و به‌رامبه‌ر کورد وه‌ستاونه‌ته‌وه، نه‌ک له‌باکور به‌ڵکو به‌رامبه‌ر هه‌موو کورد، ئه‌وان له ٢٠١٤وه ئاماده‌کارى و پلانسازى خۆیان کردبوو جه‌ندرمه‌شیان ئاماده‌کردبوو بۆ ئه‌وه‌ى ته‌سفیه‌ى کورد‌و جوڵانه‌وه‌ى کوردى له‌باکورى کوردستان بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى ئاشتى رابگرن هه‌ندێک شتیان کرده به‌هانه، هاتن پۆلیسێکیان کوشت وتیان ئه‌وه په‌که‌که کردویه‌تى، دواتر ده‌رکه‌وت په‌که‌که ئه‌و کاره‌ى نه‌کردووه، ئه‌وه‌یان کرد به‌به‌هانه، چونکه پێشتر بڕیارى خۆیان دابوو که‌چى بکه‌ن، بینییان کاتێک کورد له‌هه‌ر به‌شێکدا خه‌ریکى خۆڕێکخستنه‌وه‌و به‌هێزبوونه ئه‌وه‌یان وه‌ک مه‌ترسى له‌سه‌ر خۆیان بینى، بینییان هه‌ده‌په رۆژ به‌ڕۆژ به‌هێزتر ده‌بێت، هه‌وڵى زۆریاندا هه‌ده‌په وه‌ک پارت به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى ٢٠١٥ نه‌کات، به‌ڵکو وه‌ک تاک به‌شدارى بکه‌ن، به‌ڵام هه‌ده‌په به‌شدارى کرد‌و رێژه‌ى له‌سه‌دا (١٠)ى تێپه‌ڕاند، ئه‌مه شتێکى مێژوویى بوو بۆ کورد، ئه‌و به‌نده‌ى بۆ کورد دانرابوو هه‌ده‌په تێیپه‌ڕاند، ئه‌مه جارى یه‌که‌م بوو هه‌ده‌په نه‌یهێشت ئه‌که‌په به‌ته‌نیا حکومه‌ت وه‌ربگرێت، بۆیه ترسى له‌هه‌ده‌په هه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه ئه‌ردۆغان و ئه‌که‌په‌و مه‌هه‌په بڕیارى خۆیان جێبه‌جێ کرد‌و چوونه‌وه سه‌ر رێ و رێبازى پێشتووتر بۆ دژایه‌تى گه‌لى کورد‌و هه‌ده‌په، هاتن گوند‌و شاره‌کانیان سووتاند‌و وێران کرد، خه‌ڵکیان خسته زیندانه‌وه‌و چیان پێکرا کردیان. هاوڵاتى: پێتانوایه گه‌ڕانه‌وه بۆ پرۆسه‌ى ئاشتى به‌گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان ده‌کرێت؟ به‌دران ئوزتورک: له‌دوا دیداریدا که‌پارێزه‌ره‌کان چوون بۆ لاى به‌ڕێز ئۆجه‌لان بۆ ئیمرالى، ئۆجه‌لان ئه‌وه‌ى راگه‌یاندبوو که له ٢٠١٣ چى وتووه ئێستاش هه‌ر ئه‌وه ده‌ڵێته‌وه‌و ئاماده‌یه بۆ ده‌ستکردن به‌گفتوگۆ له‌باره‌ى پرسى کورده‌وه، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت ئاماده نییه، راستییه‌که ئه‌وه‌یه که‌چاره‌سه‌رى هه‌موو پرس و کێشه‌کان له‌ئیمرالى لاى ئۆجه‌لانه، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و هیچ کێشه‌یه‌ک چاره‌سه‌ر نابێت و هیچ رێگایه‌کى دیکه نییه، هه‌ده‌په ده‌توانێت چى بکات، هه‌ده‌په له‌په‌رله‌ماندا ده‌توانێت هه‌وڵبدات بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و دیدارانه له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان ده‌ستپێبکه‌نه‌وه، هه‌ده‌په له‌په‌رله‌مان وتوویه‌تى و گه‌لى کوردیش له‌باکور ده‌ڵێت، نوێنه‌رو قسه‌که‌رى ئێمه ئۆجه‌لانه، ئه‌ردۆغان و ده‌وڵه‌ت گۆشه‌گیرییان خستووه‌ته سه‌ر ئۆجه‌لان، ده‌بێت گۆشه‌گیرى لاچێت له‌سه‌ر ئۆجه‌لان و مه‌رج و داواکارییه‌کانى جێبه‌جێ بکرێت، دواى ئه‌وه رێگا‌و ئامرازه‌کانى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان چییه هه‌نگاوى بۆ ده‌نرێت، ئه‌ردۆغان و ئه‌که‌په له رووى ئه‌خلاقى و سیاسى و دیبلۆماسى و ئابورییه‌وه شکستیان خواردووه‌و له‌ناو ده‌وڵه‌تیشدا هیچ ئه‌رزشێکیان نه‌ماوه. قسه‌که‌رى حکومه‌ت ئه‌مڕۆ ئه‌ردۆغانه که‌هه‌موو رێگایه‌کى شه‌ڕو وێرانکارى گرتووه‌ته‌به‌ر، پرسه‌که ده‌وڵه‌ته ئایا ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت ببێته ده‌وڵه‌تێکى دیموکراسى و ئاماده‌یه دان به‌مافى کورددا بنێت، ئاماده‌یه مافى گه‌لانى دیکه‌ى ناو تورکیا بدات، ئه‌مه پرسه‌که‌یه ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت ئاماده نه‌بێت ئه‌ردۆغان بێت یا هه‌ر که‌سێکى تر وه‌ک ئێستا ده‌بێت. هاوڵاتى: ئایا پارتى گه‌لى کۆمارى (جه‌هه‌په) یه‌کێکه له‌و لایه‌نانه‌ى که‌هه‌ده‌په لێى نزیک بێت؟ به‌دران ئوزتورک: هه‌ده‌په به‌ته‌نیا نییه، به‌ڵکو لایه‌نى سیاسى و رێکخراوو که‌سانى دیکه‌ش هه‌ن، ئه‌ساس و پرنسیپه‌کانى ئێمه وه‌ک هه‌ده‌په دیاره، ئێمه تێکه‌ڵییه‌کى وامان له‌گه‌ڵ جه‌هه‌په نییه، به‌ڵکو ئێمه ده‌ڵێین کێ له‌تورکیادا ئاشتى له‌گه‌ڵ ئێمه ده‌وێت و دیموکراسیخوازو ئازادىخواز بێت، هه‌ده‌په‌ش و لایه‌نه‌کانى دیکه‌ى کوردیش به‌هه‌مان شێوه ده‌بێت، له‌گه‌ڵ هێزى ئازادیخواز‌و دیموکراسىخواز ده‌توانین کۆبینه‌وه‌و دانیشین، ئه‌مه تێکۆشانى ئێمه‌یه. پێنج ساڵه ده‌وڵه‌ت هێرش ده‌کاته‌سه‌ر هه‌ده‌په‌و گه‌لى کورد هیچ ئه‌نجامێکى نه‌بووه، هاوسه‌رۆکانى ئێمه‌و په‌رله‌مانتارو سه‌رۆک شاره‌وانى و ئه‌ندامى ئێمه هه‌موو له‌زیندانه‌کانن، به‌ڵام هیچ کاریگه‌رى و ئه‌نجامێکى نه‌بوو، یه‌ک قسه‌که‌ر هه‌بێت لاى ئێمه عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانه، له راستیدا نه‌ک بۆ ته‌نیا باکورى کوردستان، به‌ڵکو بۆ رۆژئاواى کوردستان و به‌شه‌کانى دیکه‌ى کوردستان و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ته‌نیا ئۆجه‌لان پڕۆژه‌و چاره‌سه‌رى پێیه بۆ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. هاوڵاتى: دۆخى زیندانیه‌کانى کورد له‌ناو زیندانه‌کانى تورکیا چۆنه‌و چیتان کردووه له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ئه‌وه‌ى ژیانیان له‌ناو زیندان پارێزراو بێت؟ به‌دران ئوزتورک: هه‌وڵه دیبلۆماسییه‌کانى ئێمه هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستگیرکردنى هاوڕێیه‌کانمان ده‌ستىپێکردوه له‌سه‌ر ئاستى وڵاتانى ده‌ره‌وه تائێستاش ئه‌و هه‌وڵانه به‌رده‌وامه، ئه‌مڕۆ له‌تورکیا ئه‌وه‌ى حکوم ده‌کات فاشیزمه، ئه‌و فاشیزمه‌ش ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر ژیانى کورد‌و پرسى کورد ژیان بکات، کار‌و هه‌وڵى ئێمه‌ش چییه به‌رخۆدانه ئه‌گه‌ر ئێمه بێده‌نگ بین و هیچ نه‌ڵێین فاشیزم به‌هێزتر ده‌بێت، ده‌بێت له‌تورکیادا دیموکراسى بۆ گه‌لى تورکیش بێته دی، فاشیزم بۆ سه‌ر هه‌موان هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسییه. هاوڵاتى: که‌واته له‌م دۆخه‌دا هه‌په‌ده چى ده‌کات و چۆن به‌رامبه‌ر ئه‌و فاشیزمه ده‌وه‌ستێته‌وه.؟ به‌دران ئوزتورک: هه‌ده‌په‌و که‌جه‌ده به‌یه‌که‌وه هه‌وڵى ئه‌وه‌ده‌ده‌ن یه‌کێتیه‌کى نه‌ته‌وه‌یى له‌باکورى کوردستان سازبکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ده‌په ستراتیژییه‌ک بۆ باکورى کوردستان داڕێژێت، پێویسته رێککه‌وتنێکى نه‌ته‌وه‌یى له‌باکور دروستبکات، له‌ئاستى تورکیاشدا له‌گه‌ڵ هێزێک ده‌بین که‌دیموکراسى و ئاشتى بخوازێت جا کێ ده‌بێت با ببێت، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و چى تورکیایه‌کى ده‌وێت. هاوڵاتى: ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆو عه‌لى باباجان حزب دروستده‌که‌ن ئه‌مه چاره‌نووسى ئه‌که‌په‌و ئه‌ردۆغان به‌ره‌و کوێ ده‌به‌ن؟ به‌دران ئوزتورک: پارچه پارچه‌بوون له‌ناو ئه‌که‌په ماوه‌یه‌کى درێژه ده‌ستیپێکردوه، چوونه ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و که‌سایه‌تیانه‌و دروستکردنى حزب بۆ دیموکراسى باشتره، به‌ڵام ئه‌حمه‌د داودئۆغلۆ که سه‌رۆک وه‌زیران بوو هێرشکرایه سورى ئامەدو وتى ئێمه تۆڵه ده‌که‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رکه‌ون و گه‌لى کورد له‌ناوبه‌رن، به‌ڵام ده‌بێت سه‌یر بکه‌ین بزانین هه‌نگاوو وتاره‌کانى ئه‌و به‌رامبه‌ر به‌کورد چۆنه، ئه‌گه‌ر هه‌نگاوه‌کانى دیموکراسى و ئاشتیانه بوو ئێمه ده‌توانین به‌یه‌که‌وه بین، چونکه گه‌لى ئێمه باوه‌ڕی پێ نه‌ماوه، ئه‌گه‌ر هه‌نگاوى دیموکراسیانه بنێت ئه‌مه بۆ دیموکراسى باشه‌و تێکۆشانی دیموکراسى باش ده‌بێت، ئه‌وکات ده‌نگى ئه‌ردۆغان و ئه‌که‌په ده‌که‌وێت، ئێستا ئه‌که‌په پۆلیس و سه‌ربازو زیندان و دادگا‌و دادوه‌رى خۆى هه‌یه، ئه‌گه‌ر هه‌نگاوى دیموکراسى هه‌بێت له‌تورکیادا ئه‌وکاته ئه‌که‌په ئه‌مانه له‌ده‌ستده‌دات.
شاناز حه‌سه‌ن په‌رله‌مانتارێکی کوردستان، کێشه‌ى نه‌بوون و که‌می غاز له‌هه‌رێمى کوردستاندا ده‌خاته ئه‌ستۆی حزبه‌کانى ناو حکومه‌تی هه‌رێم و پێی وایه ئه‌وان گرفته‌که‌یان دروستکردووه، چونکه هیچ کێشه‌یه‌ک نیه له‌به‌رهه‌مهێنانیدا. پارێزگاری هەولێر دەڵێت کێشەکە «له‌ده‌ست ده‌رچووه« داواش لەحکومەت دەکات چارەسەری بکات. هه‌ر تانکەرێکیش رۆژانه پۆلیسێکى له‌گه‌ڵدا ده‌گه‌ڕێت، هەروەها خه‌ڵکی هەولێریش غاز پاشەکەوت دەکەن لەترسی ئەوەی نەبێتە قڕان. ماوه‌ی (10) رۆژه له‌پارێزگاکانی هه‌رێمی کورستان قه‌یرانی غاز دروستبووه‌و له‌چه‌ند رۆژی رابردووش‌دا حاڵه‌تی ته‌قه‌کردن له‌تانکه‌ره‌کانی غاز له‌سنوری پارێزگای سلێمانی روویداوه، حکومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند کۆمپانیایه‌ک گرێبه‌ستى گواستنه‌وه‌ى غازى شلى له‌کێڵگه‌ى کۆرمۆر قۆرخکردووه، کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌ت دواى ئه‌وه‌ى ده‌ستبه‌کاربووه گرێبه‌سته‌که‌ى له‌و کۆمپانیایه وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌و داویه‌تى به کۆمپانیایه‌کى تر، ئه‌مه‌ش بۆته هۆکاری کێشه‌که. عه‌لى حه‌مه‌ساڵح، سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان، له‌په‌رله‌مانى کوردستان، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «حزبه‌کانى ناو حکومه‌ت ئه‌م به‌زمه‌یان دروستکردووه، دامه‌زراوه‌کانى ناو ده‌وڵه‌ت خۆیانن، چونکه له‌ڕێگه‌ى چه‌ند چه‌کدارێکه‌وه ته‌قه له (26) تانکەر زیاتر کراوه، مه‌عقول نیه تاکه که‌سێک ده‌ستگیر نه‌کرابێت». ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد که‌کۆمه‌ڵێک چه‌کدار له‌سایه‌ى ئه‌م حکومه‌ته‌وه، ته‌قه له‌خه‌ڵک و له‌ئۆتۆمبێله‌کان ده‌که‌ن، خاوه‌ن تانکەره‌کان بۆ (200) هه‌زار ناتوانن بچن ژیانى خۆیان و ماڵ و منداڵیان بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه. سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان باسى له‌وه‌شکرد وه‌ک لیژنه‌ى سامانه سروشتیه‌کان سه‌ردانى کێڵگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى غازیان له‌چه‌مچه‌ماڵ کردووه‌و دڵنیابوون که‌کێشه‌که له‌به‌رهه‌مهێنانى غازدا نیه، ئه‌و وتى «به‌شێوه‌یه‌کى ئاسایى وه‌ک پێشتر غازمان هه‌یه‌و هیچ کێشه‌یه‌ک نیه له‌به‌رهه‌مهێنانیدا». سه‌رۆکى لیژنه هاوبه‌شه‌کانى قایمقامیه‌تى پارێزگاى سلێمانى جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌کاته‌وه که له دوو رۆژى داهاتوودا که‌مى و نه‌بوونی غاز له‌هیچ ناوچه‌یه‌ک نامێنێت و چاره‌سه‌ر ده‌کرێت. گۆران قادر، سه‌رۆکى لیژنه هاوبه‌شه‌کانى قایمقامیه‌تى سلێمانى، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «به‌سه‌رپه‌رشتى لیژنه‌کانى قایمقامیه‌ت و ئاسایشى ئابوری، رۆژانه له‌کاتژمێر چوارى به‌یانییه‌وه، سه‌ردانى کارگه‌کانى دابه‌شکردنى غاز ده‌که‌ین و پاشان سه‌رپه‌رشتى هه‌ڵمه‌تێکى گه‌وره‌مان کرد بۆ دابه‌شکردنى غاز له‌گه‌ڕه‌که‌کانى سلێمانی و به‌رده‌وامین تا غاز به‌ڕێکوپێکى ده‌گاته سه‌رجه‌م گه‌ڕه‌که‌کان و چاودێرى دۆخه‌که ده‌که‌ین». ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد هه‌وڵه‌کانى ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بێت و به‌ره‌و ئه‌وه ده‌ڕۆن ئه‌زمه‌که کۆتایى بێت. ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانیش جه‌ختى له‌وه کرده‌وه کێشه‌ى غاز له‌هه‌رێمى کوردستان بوونى نیه، چونکه به‌رهه‌مهێنانه‌که‌ى له‌ناوخۆى وڵاتدایه. که‌ریم عه‌لى، سه‌رۆکى لیژنه‌ى نه‌وت و سوته‌مه‌نى، له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، بۆ هاوڵاتى وتى «کێشه‌ى غاز بوونى نیه، چونکه کارگه‌ى به‌رهه‌مهێنانه‌که‌ى له‌ناوخۆى وڵاتدایه، کێشه‌که ئه‌منیه‌و لایه‌نه ئه‌منیه‌کان لێى به‌رپرسن و ئه‌وان به‌رپرسیارى یه‌که‌من، که‌ڕێگه‌یاندا به‌هۆى ده‌ستاوده‌ستکردنى دوو کۆمپانیاوه دۆخه‌که واى لێبێت». ئه‌و باسى له‌وه‌کرد له‌سنورى سلێمانى که‌مى غاز چاره‌سه‌رکراوه‌و ئومێدی خواست دۆخه‌که به‌ره‌و باشتر بڕوات و به‌ته‌واوى چاره‌سه‌ر بێت. سه‌باره‌ت به‌هه‌مان گرفت، به‌یار فایه‌ق، وته‌بێژى پارێزگاى هه‌ولێر، به هاوڵاتى وت «ئیشه‌که له‌ده‌ست ده‌رچووه، چونکه رێگرى ده‌کرێت که غاز نه‌گاته هه‌ولێر، بۆیه ئێستا له‌لاى حکومه‌ته‌و حکومه‌ت چاره‌سه‌رى ده‌کات و ده‌یانه‌وێت ئه‌و کێشانه نه‌مێنن». باسى له‌وه‌شکرد له‌ئێستادا هه‌ر تانکەرێک له‌ناو هه‌ولێر رۆژانه پۆلیسێکى له‌گه‌ڵدا ده‌گه‌ڕێت بۆ چاودێرى دۆخه‌که‌و بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت به‌باشترین شێوه غاز بگاته ده‌ست هه‌موو ماڵه‌کان. ناوبراو وتیشى «خه‌ڵکه‌که به‌شێکى ترسێکى لێنیشتووه‌و ده‌یه‌وێت زیاتر غاز خه‌زن بکات، بۆیه به‌شێک لەئه‌زمه‌که هه‌ر ماوه ئه‌گینا ئاسایى رۆژانه غاز له‌ناو پارێزگاى هه‌ولێردا هه‌یه«. پێشتر رۆژانه (13) تانکەر غازى شل ده‌گه‌یشته ناو هه‌ولێر، به‌ڵام له‌ئێستادا له‌ڕێگه‌ى کۆمپانیا نوێکه‌وه رۆژانه (20) تانکەر ده‌گاته ناو هه‌ولێر. وته‌بێژه‌که‌ی پارێزگای هه‌ولێر وتیشى «شه‌وانه ته‌قه له‌دوو سێ تانکەر ده‌کرێت له‌ڕێگه‌ى چه‌مچه‌ماڵ تاده‌گاته هه‌ولێر، به‌ڵام هه‌ر تانکەره‌کان به‌رده‌وامن و غاز دێته هه‌ولێرو ده‌وروبه‌رى». ره‌مک ره‌مه‌زان، قایمقامى چه‌مچه‌ماڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد هه‌ندێک لایه‌ن گرفته‌که بۆ ئه‌وه ده‌گێڕنه‌وه ئه‌و کۆمپانیا نوێیه تواناى به‌ڕێوه‌بردنى نیه، چونکه کێشه له‌دابینکردنى بتڵى غازى شل و دابه‌شکردنى غازه‌که‌ى هه‌یه‌و تائێستا خۆى رێکنه‌خستووه. قایمقامى چه‌مچه‌ماڵ وتیشى «کێشه‌ى ته‌حه‌مولکردنى له‌گه‌ڵ خاوه‌ن تانکەرو که‌سه‌کانى تردا هه‌یه، که پێویسته که‌مێک نه‌رمى بنوێنێت و خۆى بگونجێنێت له‌گه‌ڵیان». ره‌مک ره‌مه‌زان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌کرده‌وه که‌ئه‌رکى پاراستنى ئه‌و تانکەرانه له‌ئه‌ستۆى تاک به‌تاکى کۆمه‌ڵگه‌دایه، تاده‌گاته حکومه‌ت و لایه‌نه ئه‌منیه‌کان، وتیشى «چونکه هه‌یبه‌تێکى بوارى کۆمه‌ڵایه‌تیه‌و ئه‌رک و پاراستنى له‌ئه‌ستۆى پۆلیسى نه‌وت و غازه‌و چه‌ند ساڵى رابردوو ئه‌رکى خۆیان زۆر به‌دڵسۆزى و بێ کێشه به‌ڕێکردووه«. قایمقامى چه‌مچه‌ماڵ وتیشى «له‌کاتى گواستنه‌وه‌دا که له‌ئه‌ستۆى ئێمه‌یه، تائێستا یه‌ک تانکەر تووشى کێشه نه‌بووه‌و هیچ که‌سێک تائێستا سکاڵاى یاسایى تۆمار نه‌کردووه، بۆیه له‌سنورى خۆمان کێشه نه‌بووه«. ناوبراو ئاماژه‌ى بۆئه‌وه‌شکرد راگه‌یاندنه‌کان کێشه‌که‌یان زۆر گه‌وره کردووه، وتى «ئه‌و ژماره تانکەره زۆره‌ى که‌باس ده‌کرێت و ته‌قه‌ى لێکراوه، کوا بۆ نیوه‌یان ناچن سکاڵا بکه‌ن، بۆیه خه‌ڵک ئاگادار ده‌که‌مه‌وه، که کێشه‌که گه‌وره‌نیه‌و له‌ئێستادا به‌ته‌واوى چاره‌سه‌ر کراوه«.
سازدانى: ئارا ئیبراهیم سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى له‌به‌غدا ده‌ڵێت قبوڵى ناکه‌ن عه‌للاوى راسپێردراو بۆ حکومه‌تى نوێى عێراق به‌ناوى که‌سانى سه‌ربه‌خۆ وه‌زیرێکى وه‌کو ته‌ها محێدین مه‌عروف بۆ کورد دابنێت کە لەسەردەمی سەدامدا وەزیر بووە لەسەر پشکی کورد. ڤیان سه‌برى، سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى له‌به‌غدا له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، باسى کۆبوونه‌وه‌که‌ى دوێنێى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ پێنج فراکسیۆنى کوردستانى (پارتى، یه‌کێتى، گۆڕان، کۆمه‌ڵ، یه‌کگرتوو) ده‌کات و ده‌ڵێت جه‌خت له‌یه‌کڕیزى کراوه‌ته‌وه‌و به‌یه‌ک ده‌نگ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوى راسپێردراوى حکومه‌تى نوێ ده‌که‌ن که‌چوار بۆ پێنج وه‌زاره‌ت وه‌ربگرن و مافه‌کانى کورد جێگیر بکرێن. له‌ڕێککه‌وتنى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا جه‌خت له‌سه‌ر هه‌موو بابه‌ته‌کانى بودجه‌و مادده‌ى 140 ى ده‌ستور و شایسته داراییه‌کانى حوتیاران ده‌کرێت هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش دووپاتده‌کاته‌وه که «وه‌زیر پۆستێکى سیاسییه نه‌ک پۆستێکى ئاسایى، که سیاسییه زۆر ئاساییه ئه‌و که‌سانه حزبى بن و هه‌م ته‌کنۆترات و پاک بین، ده‌بێت عه‌للاوى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد بکات له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى دانانى وه‌زیره‌کان. هاوکات، ئه‌وه‌ش روونده‌کاته‌وه که له‌گه‌ڵ حکومه‌تى نوێ رێککه‌وتنى نێوان هه‌رێمى کوردستان و عێراق که‌پێشتر ئه‌نجامدراوه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى بودجه‌و مادده‌ى 140ى ده‌ستور جێبه‌جێ بکرێت و یه‌کێکه له ئه‌وله‌ویاته‌کانیان. ھاوڵاتی: کۆبوونه‌وه‌ى دوێنێ سێشه‌ممه له‌گه‌ڵ سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم وه‌ک فراکسیۆنه کوردستانیەکان تێیدا باسی چی کرا؟ ڤیان سەبری: ئێمه له‌سه‌ر دوو ته‌وه‌ر قسه‌مان کرد‌و زۆر گرنگ بوو، یه‌که‌مین هاوپه‌یمانێتى کوردستانى، ئه‌و گفتوگۆیانه‌ى که‌پێشتر سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ فراکسیۆنه‌کان ئه‌نجامیدابوو بۆ نووسینى ره‌شنووسى هاوپه‌یمانێتى کوردستانى، گرنگیى یه‌کهه‌ڵوێستى و یه‌کده‌نگى به‌رانبه‌ر به‌غدا، بۆچوونى هه‌موو لایه‌نه‌کان وه‌رگیراوه‌و هه‌موو کۆک بووین له‌سه‌ر پاراستنى مافه ده‌ستورییه‌کانى هه‌رێم کەگرنگه له‌به‌غدا. له‌سه‌ر بابه‌تى مامه‌ڵه‌کردن وه‌کو هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ پێشهاتى حکومه‌تى نوێى عێراقى فیدڕاڵ، جه‌ختمان کرده‌وه له‌پاراستنى مافه‌کانى گه‌لى کورد‌و ئه‌وه‌مان کردووه‌ته بنه‌ما، پاراستنى کیانى ده‌ستورى هه‌رێم، بۆ حکومه‌تى نوێ به یه‌ک ده‌نگ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دانوسانى حکومه‌تى نوێى عێراق ده‌که‌ین، سه‌رکردایه‌تیی سیاسى هه‌رێم و لایه‌نى کوردستان ئه‌وانه‌ى ئاماده‌بوون (پارتى، یه‌کێتى، گۆڕان، کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو) به راوێژ له‌گه‌ڵیان به‌شدارده‌بین له‌حکومه‌ته‌که‌ى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوى. ھاوڵاتی: باس له‌وه ده‌کرێت عه‌للاوى راسپێردراو بۆ حکومه‌تى نوێ رازى نییه ئه‌م وه‌زیره کوردانه‌ى له‌حکومه‌ته‌که‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدیدان بیانهێڵێته‌وه‌و داواى کردووه که‌سانى سه‌ربه‌خۆ دابنرێت؟ ڤیان سەبری: ئه‌وه‌ڵه‌ن ئێمه وه‌کو هه‌رێمى کوردستان کیانێکى ده‌ستورین و ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ بکات، دووه‌م به‌ڕێز محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوى بۆ خۆى سه‌ربه‌خۆ نییه تاداوایه‌کى ئاوا ئاراسته‌ى کورد بکات، ئێمه ئەو ته‌جروبه‌یەمان تێپه‌ڕاندووه ژێر به‌ژێر خۆیان شه‌خسییه‌تێک دابنێن به‌که‌یفى خۆیان به‌ناوى سه‌ربه‌خۆوه، وه‌کو ته‌ها محێدین مه‌عروف، ئه‌وه قابیلى قبوڵ نییه، پێویسته عه‌للاوى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد بکات له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى دانانى وه‌زیره‌کان. وه‌زیر پۆستێکى سیاسییه نه‌ک پۆستێکى عادى، که سیاسییه زۆر ئاساییه ئه‌و که‌سانه حزبى بین و هه‌م ته‌کنۆترات و پاک بن. ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ى که له‌به‌غداو خوارووى عێراق کراون ره‌خنه‌گرتن نه‌بووه له‌وه‌زیره‌کانى کورد‌و سوننه له‌کابینه‌که‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدیدا، خۆپیشانده‌ران ره‌خنه‌یان له‌نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى گرتووه‌و نه‌یانوتووه وه‌زیرى کورد‌و سوننه فه‌شه‌لیان هێناوه. ھاوڵاتی: باس له‌وه‌ده‌کرێت عه‌للاوى رازى نییه فوئاد حوسێن و به‌نگین رێکانى که دوو وه‌زیرن له‌کابینه‌که‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى بمێننه‌وه؟ راى ئێوه له‌سه‌رى چیه؟ ڤیان سەبری: دوێنێ له‌کۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ فراکسیۆنه کوردییه‌کان له‌به‌غدا، باسمان کرد که به‌رژه‌وه‌ندى گه‌لى کورد بپارێزرێت و مافه ده‌ستوررییه‌کان بپارێزرێت، کیانى ده‌ستورى هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌و نابێت به‌ناوى سه‌ربه‌خۆوه که‌سانى وه‌کو ته‌ها محێدین مه‌عروف دابنێن، ئێمه قبوڵى ناکه‌ین بۆچوونى لایه‌نه سیاسییه‌کانى هه‌رێم و سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد وه‌رنه‌گیرێت له‌سه‌ر دانانى وه‌زیره‌کان. ھاوڵاتی: ئه‌ى له‌سه‌ر فوئاد حوسێن و به‌نگین رێکانى چ قسه‌یه‌کت هه‌یه، وه‌ڵامم وه‌رنه‌گرت؟ ڤیان سەبری: قابیلی قبوڵ نییه عه‌للاوى که‌سێک دابنێت و بۆچوونى سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد وه‌رنه‌گرێت، هه‌ر نه‌فسى قسه‌م هه‌یه‌و پێویست ناکات له‌وه زیاترى له‌سه‌ر بڵێم. ھاوڵاتی: ئایا کورد چوار یا پێنج وه‌زاره‌ت وه‌رده‌گرێت ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانێتى له‌ناو فراکسیۆنه کوردییه‌کان هه‌بێت؟ ڤیان سەبری: له‌کۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم قسه‌ى له‌سه‌ر کرا، ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانێتى کوردستانى هه‌بێت به‌یه‌که‌وه ئیش بکه‌ین و پێکه‌وه بین پێویسته چوار تا پێنج وه‌زیرمان هه‌بێت که‌ئێستا سێ وه‌زیرمان هه‌یه وه‌ک کورد، بۆ ئێمه گرنگه به‌یه‌کده‌نگى و یه‌کهه‌ڵوێستى کار بکه‌ین. پۆستى وه‌زیره‌کانى کورد گرنگه وه‌ک کیانێکى سیاسى له‌عێراقدا که‌مافه‌کانى هه‌رێمى کوردستان بپارێزرێت. ھاوڵاتی: ئایا جه‌خت له رێککه‌وتنى مه‌بده‌ئى نێوان هه‌رێم و حکومه‌تى کاربه‌ڕێکه‌ر ده‌کرێت؟ ڤیان سەبری: به‌ڵێ جه‌خت له رێککه‌وتنى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ده‌کرێت له‌سه‌ر هه‌موو بابه‌ته‌کانى بودجه‌و مادده‌ى 140ى ده‌ستورو شایسته داراییه‌کانى جووتیاران که‌مافى کوردستان له‌به‌رچاو بگیرێت. ھاوڵاتی: درەنگ نییه بۆ کۆبوونه‌وه‌ى هاوپه‌یمانێتى کوردستانى و یه‌کهه‌ڵوێستى؟ ڤیان سەبری: تائێستا به‌فه‌رمى عه‌للاوى راسپێردراو بۆ حکومه‌تى نوێ له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد کۆنه‌بووه‌ته‌وه، ته‌نها سه‌ردانى فه‌ردى و تاکه‌که‌سى هه‌بووه‌و له‌گروپى (15) سه‌ردانیان کردووه، به‌ڵام به‌شێوه‌ى فه‌رمى گفتوگۆ نه‌کراوه له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عه‌للاوى، ئیحتیماله ئه‌م هه‌فته‌یه شاندێک ره‌وانه‌ى هه‌رێم بکات یا خۆى بێت جارێ روون نییه چۆنه، بۆچونى سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد وه‌رده‌گرێت که له‌سه‌ر بنه‌ماى پێکه‌وه‌یى و یه‌کهه‌ڵوێستى وه‌کو فراکسیۆنه کوردییه‌کان که له‌کۆبوونه‌وه‌که‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم به‌شداربوون کارى له‌گه‌ڵ ده‌کرێت.
ئارا ئیبراهیم کاندیدى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکومه‌تى عێراق محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوى، شه‌وى دووشه‌ممه‌ى رابردوو په‌یامێکى بەپەرلەمانتاران و «فوئاد حوسێن» وەزیری دارایی عێرقدا ناردووه که‌وه‌زیر «له‌سه‌ر بنه‌ماى حزبى دانانێت». به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانى هاوڵاتى، فوئاد حوسێن جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق بۆ کاروبارى ئابوورى و وه‌زیرى دارایى له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوى کاندیدى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومه‌تى عێراق کۆبووه‌ته‌وه‌و داواى لێکردووه له‌سه‌ر بنه‌ماى کورسى کورد‌و پشکى حزبه کوردییه‌کان له‌په‌رله‌مانى عێراق وه‌زاره‌ته‌کان بدرێته کورد. فوئاد حوسێن وتوویەتی کەدۆخى کورد جیاوازه له‌شیعه‌کان که ناڕه‌زایه‌تیان هه‌یه له‌ئێستادا، به‌ڵام عه‌للاوى به راشکاوى ئه‌وه‌ى پێ راگه‌یاندووه که‌وه‌زیره‌کان له‌سه‌ر بنه‌ماى ته‌کنۆترات و سه‌ربه‌خۆ داده‌نێت و که‌سانى دیارى حزبى دانانێت. به‌رهه‌م ساڵح شه‌وى 1ى شوباتى 2020 محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوى راسپارد بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکومه‌تى عێراق و ماوه‌ى مانگێکى له‌به‌رده‌ستدایه بۆ پێکهێنانى حکومه‌ته‌که‌ى و ته‌نها (18) رۆژى له‌به‌رده‌ستدا ماوه بۆ پێکهێنانى کابینه‌که‌ى. په‌رله‌مانتارێکى کورد‌و ئاگادار له‌و پرسه که‌نه‌یویست ناوى بهێندرێت، جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه که «فوئاد حوسێن دواى کۆبوونه‌وه‌که، به‌تووڕه‌یى له‌کۆبوونه‌وه‌که چۆته ده‌ره‌وه‌و نیگه‌ران بووه«. سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له‌په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان پێى راگه‌یاندوون فوئاد حوسێن به‌فه‌رمى بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ کاندیدى راسپێردراو بۆ کابینه‌ى نوێى حکومه‌ت کۆنه‌بووه‌ته‌وه. سه‌لیم شوشکه‌یى، سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به ھاوڵاتی وت «دوێنێ سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان پێى راگه‌یاندین که فوئاد حوسێن به‌فه‌رمى له‌گه‌ڵ عه‌للاوى باسى پێکهێنانى حکومه‌تى داهاتووى عێراقى له‌گه‌ڵدا نه‌کردووه‌و نه‌چۆته ناو دانوستانى فه‌رمییه‌وه«. دوێنێ سێشه‌ممه 11ى شوباتى 2020 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى فراکسیۆنه کوردییه‌کان کۆبوونه‌ته‌وه‌و جه‌خت له‌یه‌کڕیزى کورد کراوه‌ته‌وه له‌به‌غدا به‌پێى راگه‌یاندراوى فه‌رمى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم. له‌باره‌ى ئه‌و وه‌زیره کوردانه‌ى که له‌ناو کابینه‌که‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆکى حکومه‌تى کاربه‌ڕێکه‌ردان ده‌مێننه‌وه یان نا، سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ وتی «به‌تەئکید ئه‌م ده‌موچاوانه‌ى ئێستا له‌ناو حکومه‌ته‌که‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدیدان نامێنن». عه‌للاوى بەپەرلەمانتارە کوردەکانی وتووە، دوو مه‌رجى سه‌ره‌کی هه‌یه، که‌سانێک بن زۆر حزبى دیار نه‌بن و هاوکاری بن له‌کابینه‌که‌دا، وتوشیەتی «خۆ ئه‌وانه‌ى له‌ناو حزبه‌کاندان هه‌موو خه‌ڵکى خراپ نین و خه‌ڵکى باشیشیان تێدایه«. په‌رله‌مانتارێکى کورد له‌به‌غدا ئاشکراى ده‌کات که عه‌للاوى کاندیدى راسپێردراو بۆ کابینه‌ى نوێى حکومه‌تى عێراق هه‌ردوو وه‌زیره‌که‌ى پارتى له‌پۆسته‌کانیان لاده‌دات و خه‌ڵکانى سه‌ربه‌خۆ داده‌نێت. کاوه محه‌مه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى گۆڕان له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به ھاوڵاتی وت «محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوى کاندیدى راسپێردراو بۆ کابینه‌ى نوێى حکومه‌ت پێى راگه‌یاندین که‌خه‌ڵکى سه‌ربه‌خۆ داده‌نێت و شیعه‌کان به‌وه رازى بوون، سوننه و کورد ده‌یانه‌وێت به‌شداربن و پشکیان هه‌بێت». ناوبراو وتیشى «عه‌للاوى هه‌ردوو وه‌زیره‌که‌ى پارتى، فوئاد حوسێن وه‌زیرى دارایى و به‌نگین رێکانى وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردن لاده‌دات له‌پۆسته‌کانیان و خه‌ڵکى سه‌ربه‌خۆ داده‌نێت، ئه‌وه‌شى کردووه به‌مه‌رج بۆ لایه‌نه سیاسییه‌کان». کورد له‌کابینه‌که‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى سێ وه‌زاره‌تى هه‌بووه‌و فوئاد حوسێن جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران بۆ کاروبارى دارایى و وه‌زیرى دارایى، به‌نگین رێکانى وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردن له‌سه‌ر پشکى پارتى و یه‌کێتیش یه‌ک وه‌زاره‌تى هه‌یه که‌بریتییه له‌حاکم فاروق وه‌زیرى داد. سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى له‌به‌غدا ده‌ڵێت قبوڵى ناکه‌ن عه‌للاوى راسپێردراو بۆ حکومه‌تى نوێى عێراق به‌ناوى که‌سانى سه‌ربه‌خۆ وه‌زیرێکى وه‌کو ته‌ها محێدین مه‌عروف بۆ کورد دابنێت. ئەوەش لەکاتێکدایە کە دوێنێ کۆبونه‌وه‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ پێنج فراکسیۆنى کوردستانى(پارتى، یه‌کێتى، گۆڕان، کۆمه‌ڵ، یه‌کگرتوو) بەڕێوەچوو لەسەر ئەو پرسە. ڤیان صه‌برى، سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى له‌به‌غدا بە ھاوڵاتی بۆ هاوڵاتى، باسی لەوەکرد کە کۆبوونەوەکە جه‌ختی له‌یه‌کڕیزى کرادۆتەوە. ڤیان سه‌برى وتی «وه‌زیر پۆستێکى سیاسییه نه‌ک پۆستێکى ئاسایى، که سیاسییه زۆر ئاساییه ئه‌و که‌سانه حزبى بێت و هه‌م ته‌کنۆترات و پاک بێت، ده‌بێت عه‌للاوى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد بکات له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى دانانى وه‌زیره‌کان. هاوکات، ئه‌وه‌شی روونکردەوه که له‌گه‌ڵ حکومه‌تى نوێ رێککه‌وتنى نێوان هه‌رێمى کوردستان و عێراق که پێشتر ئه‌نجامدراوه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى بودجه‌و مادده‌ى 140ى ده‌ستور جێبه‌جێ بکرێت و یه‌کێکه له ئه‌وله‌ویاته‌کانیان. به‌رهه‌م ساڵح شه‌وى 1ى شوباتى 2020 محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوى راسپارد بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکومه‌تى عێراق و ماوه‌ى مانگێکى له‌به‌رده‌ستدایه بۆ پێکهێنانى حکومه‌ته‌که‌ى. ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى گۆڕان جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که عه‌للاوى کۆتایى هه‌فته‌ى ئاینده بڕیاره حکومه‌ته‌که‌ى رابگه‌یه‌نێت و بێته په‌رله‌مان، وتیشى:» ته‌نها (١٨) رۆژ له‌به‌رده‌ست محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوى کاندیدى راسپێردراو بۆ کابینه‌ى نوێى حکومه‌ت ماوه، ئه‌وه‌ى به‌براده‌رانى ئێمه وتووه له‌به‌غدا بڕیاره کۆتایى هه‌فته‌ى ئاینده حکومه‌تى نوێ و به‌رنامه‌ى حکومه‌ته‌که‌ى رابگه‌یه‌نێت». سه‌لیم شوشکه‌یى ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که کورد له‌کابینه‌که‌ى عه‌للاوى چوار وه‌زاره‌تى پێده‌درێت، به‌پێى به‌رکه‌وته‌ى کورسییه‌کان بێت پارتى دوو وه‌زاره‌ت و یه‌کێتى وه‌زاره‌تێک و گروپى (١٥) وه‌زاره‌تێکیان ده‌بێت. فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغدا کە دوو بەشن، بەشداریانن نەکردوە لە کۆبوونەوەکەدا، رابوون مەعروف پەرلەمانتاری فراکسۆنی ئایندە کە ساڵی رابردوو لە نەوەی نوێ جیابوونەوە، لەو باریەوە وتی «ئێمە وەک بنەما، کۆبونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ ھیچ ناوەندێکی حکومی و حیزبی رەتناکەینەوە، بەڵام لە دیدی ئێمەوە پارتی و یەکێتی بەشێکن لە کێشەکانی عێراق نەک چارەسەر. بۆیە گونجاو نیە بچین لەگەڵ پارتی و یەکێتی باسی چارەسەری کێشەکان بکەین لە کاتێکدا ئەو دو حیزبە خۆیان بەشێکن لە ھۆکاری کێشەکان». رابوون مەحروف بە ھاوڵاتی وت «ئێمە بڕوامان بە تێرمی یەکڕیزی و دابەشکاری تائیفی و مەزھەبی نییە لە عێراقدا. لە دیدی ئێمەوە لەم قۆناغەدا پارتی و یەکێتی زوڵم و ستەمیان لە ھاوڵاتیانی ھەرێم زۆرتر کردوە تا دەزگا حوکمڕانیەکانی بەغداد. بۆیە ئێمە بیر لە رزگارکردنی دۆزی رەوای گەلی کوردستان دەکەینەوە لە دەستی پارتی و یەکێتی، نەک بچین لەگەڵ پارتی و یەکێتی فراکسیۆنی یەکگرتو پێکبھێنین و ئەوان بڕیار بدەن و ئێمە سەر بلەقێنین». وتشی «شاندی کوتلە کوردستانیەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لەگەڵ بەڕێز محمد عەلاوی دانیشتون بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەجێندای کابینەی داھاتو لەسەر مافە بنەڕەتیەکانی گەلی کوردستان. بەڵام سەبارەت بە پشکی حیزبەکان، ئێمە وەک فراکسیۆنی ئایندە لەم قۆناغەدا دژی پێک‌ھێنانی حکومەتین لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی حیزبی و بەشداریش لە حکومەتدا ناکەین». گروپى (١٥) پێکهاتوون له‌فراکسیۆنه‌کانى (گۆڕان، کۆمه‌ڵ، یه‌کگرتوو، نه‌وه‌ى نوێ، ئاینده، هاوپه‌یمانى)، کاوه محه‌مه‌د ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه که داواى هیچ وه‌زاره‌تێکیان له عه‌للاوى نه‌کردووه، به‌ڵکو ته‌نها داواى پاراستنى مافه‌کانى گه‌لى کوردیان کردووه به‌تایبه‌ت پرسى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و شایسته‌ى جووتیاران.